ئێران و ئۆختاپووس و سنوورەکانی هێز

نووسەر: عەبدورەحمان ئەڕاشد

 

و:هێرش پاڵانی

راوەدوونانی بەربڵاوی فەرماندەرانی سپای پاسداران و ڵانەورێز کردنیان لە لایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە لە سووریا و لوبنان، کە تۆڕێکی بەرفراوانی پراکسیەکانی ئێران تێیدا وەک قۆڵەکانی ئۆختاپووس لە پەلهاویشتندان و لەم ماوەی دوایشدا بە تەواوی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوون، پێشبینی دەکرێ کە سیاسەتێکی جیاوازی ئامریکای- ئیسرائیلی لە هەمبەر  ئەو هەڕەشە وسەرەرۆیانەی تارانی لێ بکەوێتەوە.

کەوتنەبەرهێرشی  پەیتا پەیتای ئامانجە ئێرانییەکان لە سووریا و لوبنان، کە دوا ئامانجیان خەمسە لە گەڕەکی ئەلمەزە لە پایتەختی سووریا بوو، ئەو پرسیار دێنێتە گۆڕێ کە ئایا ئێران ناچار دەبێ بوونی خۆی لە سووریا و چالاکییەکانی لەو ناوچانەدا کەم بکاتەوە؟ ئایا نەیارانی تاران لە ڕێگەی ئەم دژە-جەنگەوە، دەتوانن دەست و لاقەکانی تاران ببڕن و هەڵپە زیدەخوازییەکانی سنووردار بکەن؟ وا دیارە ئێران بە پەلە خەریکی بەرفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیەتی بە ئامانجی بوون بە  گەورە هێزێکی ناوچەییی کاریگەر و بە باندۆری سەرزەوی و، دەیهەوێ حسابێکی تایبەت و بەرچاوی لە بڕیارە ناوچەییەکاندا، لە ڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و پترۆلییەوەیە بۆ بکەن.

ئەم کێشەیە، کێشەی پرۆکسییەکانی ئێران، تەمەنی زیاترە لە چل ساڵە. لە بەیرووتەوە بە ڕفاندنی سنووردار دەستی پێ کردووە ، پاشان تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئینجا لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا پراکسیەکان بوون بە بەهێزترین چەکی ئێران لە جەنگێکدا کە تەواوبوونی بۆ نییە. هەرچی هێز و بەکارهێنانی قۆڵەکانی وەک “حیزبووڵڵا”ی لوبنانی، “ئەنساروڵلای”ی یەمەنی حوسی، میلیشیا ئێراقییەکان، “حەماس” و “جیهادی ئیسلامی” بەرفراوانتر بکەن، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ناوچەکە دەخەنە بەردەم کێشەیەکی سەختتر و ئاڵۆزتر.

لێرەدا  پرسەکە ئەوەیە، چۆن دەتوانرێ جەنگی  ئەو گرووپە چەکدارە ناوخۆییانە بکرێ کە نە بڕیار و نە جڵەوەیان بە دەست خۆیانە نییە و لە هەمان کاتیشدا خۆیان لە نێو خەڵکی مەدەنیدا دەشارنەوە؟ ئایا دەکرێ بە پێی هەمان یاسای کایە کۆنەکە ڕازی بن درێژە بە شەڕی میلیشیاکان بدەن بە هیوای شکستیان لە دوارۆژدا؟ وەک وتراوە، هەبوونی هێز بە واتای بەکارهێنانی نییە، هەموو جۆرە هێزێکیش سنووردارە. هەربۆیە گەورە وڵاتە پڕچەکەکان، کە خاوەنی  چەکی وێرانکەر و ترسناکن، تەنیا ئەو کاتانە چەکەکانیان بەکار دەهێنن کە پێداویستییەکانی ململانێ لێیان بخوازێ.

واشنتۆن ئەمڕۆ پێی وایە زیادەڕەوی و زێدەخوازیی ئێرانی لە پەرەپێدان بە جەنگەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی هەرە مەترسیدار. ئێستا تاران لە دوو ئاستی گرینگدا لە بواری بەکارهێنانی تۆڕە ناوچەییەکانیدا، گەشەی بە سیاسەتەکانی داوە،  ئەم پەرەپێدانە نوێیانە چوارچێوە ناسراوەکانیان تێپەڕاندووە و بەرفراوانیی پتریان بە هێز و مەودا داوە. هێرشی “حەماس” لە مانگی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر ئیسرائیل، گەورەتر بوو لە ئۆپەراسیۆنە ناسراوەکانی پێشوو، لە قەبارەشدا  ئیسرائیل بە مەترسییەکی بنگەهی بۆ سەر بوونی کیانی خۆی  چاوی لێ کرد و بە حیسابی هێنا. هێرشی حوسییەکانیش بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیڤانیی نێودەوڵەتی لە دەریای سووردا بێ وێنەیە بوو، بەم شێوەیە دەکرێ بگوترێ سەردەمێکی نوێتر لە ململانێکان دەستی پێ کردوە.

ئێران بە دوای چییەوەیە، باجی داواکراوی چییە؟ ئایا تاران بێجگە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی کە ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی ناوەکی، داواکارییەکی هەیە کە دەیهەوێ بەدەستی بێنێ؟ یان ئایا بە هیندێک نفووز و کاریگەری لە چەند ناوچەیەک ڕازی دەبێ؟ ڕێککەوتنە گشتگیرەکە ئاشکرای کرد کە پڕۆژە ناوەکییەکە لە خۆیدا تەنیا ئامانجی ئێران نەبوو، بەڵکوو دەرکەوت فراوانخوازی و پەلهاویشتنی ئێران لەسەر زەوی هیچ سنوورێکی بۆ نییە.

دەیەکانی ڕابردوو دەریانخستووە کە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە ڕژێمی ئێران و  نییەت و کردوەوەکانی کارێکی ئاسان نییە، بۆیە وا وێدەچێ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو دوایانە، یان ئەو ئۆپەراسیونانەی وەپاڵی دراون، هۆکاری گوشارهێنانە نێودەوڵەتییەکان لە دژی بن. لەم نێوەدا سەرکەوتنەکانی ئێران هەرچەندێک بن، هێزی تاران سنووردارە. ئێران ئەوڕۆکە بە پێچەوانەی پێشوو لەگەڵ فرە هێز و لایەنی دیکە بەرەوڕوویە کە گرفتی گەوەرەی بۆ سازدەکەن.

پەنابردنی پاکستان بۆ بەکارهێنانی هێزە ئاسمانی و مووشەکییەکانی دژی خاکی ئێران، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە کە هێشتا ناروونە، بۆچی و دەرهاویشتەکانی داهاتووی چۆن دەبن؟ پاکستان و ئێران هەردوو وڵات وەک یەک دژی داخوازیی جیاییخوازیی بەلووچەکانن، لە بیرمان نەچێ هەردوو وڵات چەندین ساڵە هاوکاریی یەکدی دەکەن دژی جیاییخوازان.

هەروەها بۆردومان کردنی باکووری ئێراق، هەرێمی کوردەکان، ئێران تێدا بەرەیەکی نوێیتری شەڕی کردووەتەوە. ئەگەرچی تاران تا ئێستاش لەسەر زەوی بەهێزتر خۆی نیشان دەدا. هەروەها ئیسرائیل، ورچی بریندار و تووڕە، لە تۆڕی ئاختاپۆسی پراکسییەکان کە دەوروبەریان گرتووە، وەک مەترسییەکی ڕاستەقینەی وجوودی دەڕوانێ نەک  وەک  کارتی فشار و دانوستاندن کە ئەمە بە خێرایی گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەکان گەشەپێدەدا.

جەنگە بە نوێنەرایەتییەکان شتێکی نوێ نین، بەڵام لە کەیسی ئێراندا تۆڕە بەرفراوان و هاوبەشەکان فرە و فراوانتر کراون، کە لە زۆرێک لە وڵاتان بە شێوەیەکی درێژخایەن و بەربڵاو، دۆخێکی پڕ کێشە و چارهەڵنەگریان دروست کردووە. لە ئەنجامدا ئەمە بووەتە مایەی پەلهاویشتنە جوگرافییە سەرکەوتووەکانی ئێران و دەرفەتی بۆ ڕەخساندووە تا کاریگەریی خۆی بۆ دەریاکانی سوور و  ناوەڕاست و نێوانیان درێژ بکاتەوە و هەژمونی خۆی بە سەر زۆربەی باکووری عەرەبیدا بسەپێنێ. هەرچی تاران خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا  تەنگەتاوتر دەبینێتەوە، بە شێوەیەکی دیکە لە دۆخێکی بەهێزتردا دەرباز دەبێ، بێ ئەوەی زیان و تێچوویەکی بەرچاویشی وەبەر بکەوێ ، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزەدا ڕوودەدات، سەرباری ئەو شەڕ و وێرانکارییە گەورەیە.

ئەمەش هۆکاری پەرەگرتنی بوێریی ئیسرائیل و پەیتا پەیتا بۆردومان و تیرۆرکردنی فەرماندەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە دەیەمی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوومان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەمە دەمانخاتە بەردەم شەڕێکی کراوەی پڕ ئەگەری دیکە. لەوانەشە ببێتە هۆی شەڕێکی گەورەتر لە شەڕی غەزە. ئیسرائیل و ئێران ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەکتر نەبوونەتەوە بەڵام  پەلامارەکانی حووسییەکان لە دەریای سووردا تووڕەییی وڵاتانی دۆستی وەک چینیان بۆ ئێران بەدواوە بوو. حەماسیش کە لە ژێر گوشاری تاقەتپڕووکێندایە و لە حاڵی حازردا تەنیا دەتوانێ بەرگری لە بوونی خۆی بکات، بۆیە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ ئێران نەماوەتەوە جگە لە چالاککردنەوەی ڕۆڵی حیزبوڵڵا و کردنەوەی بەرەیەکی شەڕ لە باکووری ئیسرائیل.

لە گەڵ ئەوەی تا ئێسات ئیسرائیل دەیان ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە و هێرشی کردووەتە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت و فەرماندەکانی حیزبوڵلا و ئەفسەرانی پەیوەندییەکانی حەماسی تیرۆر کردوە، سەرەڕای ئەو جبەخانە سەربازییە گەورەیەی حیزبوڵڵا لەسەری خەوتووە، کەچی تاران خۆی لە وڵامدانەوە بەدوور ڕاگرتووە. ڕوونە کە ئێران سەرەڕای دنەدەرییەکانی ئیسرائیل، نهاش نایەوێ گرنگترین چەکی  خۆی بخاتە مەترسییەوە، ئەو چەکەش “حیزبووڵایە”. لەبەر ئەوەی  پێویستی پێیەتی و نوێنەرایەتیی سوپای ئێران دەکات لە سووریا و هەروەها کۆنتڕۆڵی لوبنانیشی بۆ دەکات.

جەنگی گەرموگوڕی غەزە بە شێوەیەکی بەرچاو حەماس بەرەو لاوازی دەبا.  ئەمەش گرینگیی حیزبوڵڵا لە هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا چەند هێندە دەکاتەوە. بۆیە ئەگەر شەڕێک لەگەڵ لوبنان دەست پێ بکاتەوە، لەوانەیە مەترسیدارترین جەنگ بێ بۆ گیانی حیزبوڵڵا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، واتە لە دوای داگیرکردنی بەیروتەوە لە ساڵی ١٩٨٢. وادیارە ئیسرائیل بە ڕێبەریی ناتانیاهو لە ڕووی دەروونییەوە بۆ ئەم جەنگە بە تەواوی ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی قورس و هەمەلایەنەیە؛ هەڵبەت  بە دوور لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، چونکە بۆ دەستەویەخە بوون لە تەک ئێران، ئیسرائیل پێویستی بە پشتیوانیی ئەمریکا دەبێ.

ئیدارەی جۆ بایدن پێی باشترە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ڕووبەڕووبوونەوەکان سنووردارتر بن تا بەربڵاوتر، لە بەر ئەوەی جەنگی گەورەتر ئەگەری مەترسی بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردن زیاتر دەکا. بەم پێیە دەبێ لەوە تێبگەین کە ئیسرائیل، دوای هێرشەکانی حەوتەمی مانگی ئۆکتۆبەر، بە سیاسەتێکی شەڕانگێزانەترەوە هەڵسوکەوت دەکا. لە بیرمان نەچێ بوونی نزیکەی دوو سەد بارمتەش ڕێگریی نەکرد لە دەستپێکردنی شەڕەکە و وا وێناچێ ئەسرائیل خۆی بە مەجبوور بە ئیمتیازدان ببینێ و، بەنیاز نییە شەڕەکە بوەستێنێت؛ بەڵکوو تەنانەت ئامادەیە میسریش لە ناوچەی فیلادلفیای سنووری بخاتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە. هەروەها ئاشکرایە کە ئیسرائیل وڵامی  ئەو مەرج و داوایانەی سعودییەش ناداتەوە کە وتوویە ناچێتە نێو پرۆسەی دانوستانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیانەوە مەگەر ئیسرائیل جەنگەکەی غەزە ڕاگرێ.