پرسی هەڵبژاردن لە دۆخی داگیرکراویدا

سەرنجێکی کورت لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە دۆخی داگیرکراویدا

 

کاردۆ ئەسپەندار

نووسەر و چالاکی سیاسی

پرسی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی دەسەڵاتی داگیرکەر و ئەوی دیکەی باڵادەست و بەدوایدا بابەتی بەشداری، هەمووکات مشتومڕی لەنێو کۆمەڵگای کوردی وەڕێ خستووە و خەڵکی بە لێکدانەوە و ڕوانگەی جیاوازەوە بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ئەم باسە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە شڕۆڤە دەکرێ و لایەنەکان بەڵگاندنی تایبەت بەخۆیان بۆ گرتنەبەری ڕێچکەیەک لەم بەستێنەدا، دێننەوە. ئەگەر وردتر بڕوانین، دەبینین کە نەبوونی خوێندنەوەیەکی جدی و لاوازییەکی هزری و تیۆریک سەبارەت بە پانتایی گشتیی پرسەکە لەگۆڕێیە و ئەمە لەگەڵ هەموو پرسەکانی تری کورد و ئەوانەی کە بەسەریشیدا سەپاون، قوربانیی نەبوونی ڕامانێکی فەلسەفی زانستی بە زەینێکی کوردی و ڕوانگەیەکی کوردستانین، تا بەم پێیە ئاسۆیەکی یەکگرتوویی ئەندێشە و کردەوەی هاوبەش بدرێتە کۆمەڵگای کوردی بۆ مامەڵە لەگەڵ پرسەکان و پێناسەکردنیان لە نیگای خۆیان و ئەوەی کە چ پرسێک و چۆن بابەتی ئەوانە. جەلال حاجیزادە (ڕامان)، یەکێک لەو بیرمەندانەیە کە خاوەنی کەڵکەڵەی کوردی بوو و لە بەستێنی فەلسەفە و ئەندێشەی سیاسی خەریکی خوێندنەوە و توێژینەوەی زانستی و مێژووییی ئامانجدار و پیوەندیدار بە کەڵکەڵەکەی بوو. ئەو هەوڵی دەدا خوێندنەوەیەکی کوردستانی لەبابەت پرسەکانی کوردستان بێنێتە  ئاراوە. هەربۆیەش کارە زانستی و بۆچوونەکانی دەتوانن بنەمایەک و دەستپێکێک بن بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاڤەی پرس و بابەتەکانی کوردستان و لە بابەتی هەڵبژاردنیشدا هەروەتر، بەتایبەت کە بە سەرنجەوە ڕاوەستەیەکی ئاسۆبەخشی لەم پێوەندییەدا کردووە. بەم پێیە لەم نووسراوەیەی بەردەستدا ئاوڕێک لە ڕوانگەی حاجیزادە لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەدرێتەوە و چەند بابەتێکیش لەو پەیوەندییەدا دەورووژێن.

بە باوەڕی جەلال حاجیزادە، کورد قەیرانی مەعریفەتی هەیە و نەیتوانیوە تا ئێستا نەریتێکی فکریی کوردی بۆخۆی دابمەزرێنێت، جیهانی خۆی دروست بکات و لەگەڵ پرسەکانی سەربەخۆیانە مامەڵە بکات، هەروەها بە چاولێکردن لە ژینگەجەهانی کورد، دەردەکەوێ کە ئەو بەدرێژاییی مێژوو بە جۆرێک لە باری فکری و فەرهەنگییەوە، گیرۆدە و پابەستی زێهن و ئەندێشەی ئەوی دیکەی داگیرکەر بووە و ئەم وابەستەگییە هاوکات لەگەڵ دۆخی بندەستیدا تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم بیرمەندە لەپێناو نیزامی مەعریفەتیی کوردیدا، لە نەبوونی یەک گوتار و بۆشایی تێوریی نەتەوەیی کوردی (نیزامی فکریی کوردی) دەدوێت و پەردە لەسەر ئەم کێشە بنەماییەی کورد، کە زەینی کوردی تووشی قەیرانە، لا دەبات. ئەم بۆچوونانەی حاجیزادە پانۆڕامایەکمان لە دۆخی قەیراناویی فکری و وجوودیی کورد بەردەست دەخات و بۆمان دەردەکەوێ کە چەندە ئاستەمە ئەم کوردە لە ڕووبەڕووبوونەوە بە زەینێکی قەیراناوی و دۆخێکی ژێردەستیدا لەگەڵ دنیا، ناسین و دەستنیشان کردنی پرس و بابەتەکانی خۆی و ئەویدیکەدا، بەوریایی هەنگاو بنێت و لە نەبوونی گوتارێکی هاوبەش، بە لۆژیکێکی کوردستانی هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسەکانی بدات. کورد هەروەها لە گەورە پرسەکەی خۆی کە پرسی داگیرکراوی و لەتکراویی خەڵکێک و خاکێکە، ڕزگاری نەبووە و بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەو هەروەها حەقیقەتێکی هاوبەشی کۆیی، پێگەیەکی عەقڵانی و دەزگایەکی فکریی سەربەخۆی دانەمەزراندووە تا لەو سۆنگەوە جیهانی خۆی پێ بخوێنێتەوە و پرسەکانی خۆی پێ شی و شڕۆڤە بکات و خۆی لە پرسەکانی ئەوانی تر دەرباز بکات.

حاجیزادە سەبارەت بە مژاری هەڵبژاردن لە چوارچێوەی حکومەتی داگیرکەردا و ئەوەی کە ئەم پرسە کوێی دەبێتە پرسی ئێمە و چۆن مەوزووعییەت پەیدا دەکا بۆمان، لە نووسراوەیەکدا لەسەر نێوی “قەیرانی ئەخلاقی خۆپاڵاوتن و بەشداری” دەڵێت، «ئەو گەمە سیاسییە کە بە ناو هەڵبژاردن و بەشداری و دەنگدان لە یەک سەدەی هاوچەرخدا بە گشتی لە ئارادایە لە ڕاستیدا خولانەوە و کردەوەیەکی پارادۆکسیکاڵە لە پاڕادایمی ئەوی تردا. بەو پێیە، هەڵبژاردن و دەنگدان و گەمە سیاسییەکانی ئەوانی دیکە پرسی کورد نییە، بەڵکوو پرسی نیزامێکی سیاسیی تایبەت لە بازنەی ئەوی دیکەدایە. خۆپاڵاوتن و بەشداری لە هەڵبژاردنی هاوچەرخ وەکوو پرسێک، بەشێک لە قەیرانی زەینیی هەستی‌ناسانە و فەزیلەتی کوردییە. پرسی کورد ئەوە نییە کە لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیی ئەوانی دیکەدا چ دەستکەوت و پێگەیەکی لە دەسەڵات و سامانی ئەو وڵاتەدا دەبێت، بەڵکوو گشتییەت و کوللییەتی چەمک و حەقیقەت و چیرۆکە گەورەکانی ئەوی دیکە، پرسی سەرەکیی کوردە». بەم پێیە مژاری بنەڕەتیی ئێمە پرسێکی گەورەترە و ململانێیە لەگەڵ حەقیقەت و گەورەچیرۆکەکانی ئەوی دیکە وەک داگیرکەر. لێرەدا نەک هەر بەشداری و ململانێ لەناو پڕۆسەی هەڵبژاردن و چۆنیەتیی پڕۆسەکە، بەڵکوو خودی هەڵبژاردنەکەش کە لە لایەن ئەوی تری داگیرکەرەوە بەڕێوە دەچێت، پرسی ئێمە نییە. لەم پێناوەدا دەبێ کورد حەقیقەتی خۆی بە مەعریفەتێکی هاوبەشی کوردستانی چێ بکات و کوردان بەرژەوەندییەکانیان لە ئاستی کۆمەڵ و بە ڕوانینێکی کوردستانی دەستنیشان بکەن. بە باوەڕی حاجیزادە، بابەتی هەڵبژاردن دەچێتە ناو بەستێنی مۆڕاڵیتە و بەتایبەت ئەخلاقی نەتەوەیی‌یەوە و لەو پێناوەدا دەڵێت، «خۆبەربژێر کردن(ی کوردەکان) بۆ هەر پۆست و پێکهاتەیەکی دامەزراوەی ئەوی دیکە و بەشداری لە هەر پڕۆژە و پڕۆسەیەک لەو چوارچێوەدا ڕەزیلەتێکی ئەخلاقی و قەیرانێکی مەعرەفەتییە. بەو مانایە کە لە چوارچێوەی گەمەی زمانی و پێکهاتە چەمکاوییەکانی ئەوی دیکەی گەورەدا ڕۆڵ دەبینێت و دەبێتە هۆی دواکەوتن و هەڵپەساردنی پرسەکەی (خۆی)».

پرسی هەڵبژاردنی ئەوی تر، پرسی کورد نییە تا تێیدا بەشدار بێ و خۆی لێ بکاتە خاوەن. پێویستە ئەو لە بازنەی وێژمانی زاڵی ئەوی تر و ئیدۆلۆژیی نەتەوەی باڵادەست دەرباز بێت و بە گوتنێکی تر هێژمۆنیی سیستەمی داگیرکەر، لە خۆی داماڵێت تا بتوانێ لەپێناو بەختەوەری و خێروبێری گشتیی خۆی و ژیانێکی شایەن و سەروەر هەنگاو بنێت و چارەنووسی خۆێ بەدەست خۆی و لە چوارچێوەی دنیابینیی خۆیەوە داڕێژێت. لەم پێناوەدا حاجیزادە پێی وایە، “زێهنی کوردی پێویستە لەسەر پێی حەقیقەتی خۆی و ئەندێشەی سەربەخۆییدا لەگەڵ زێهنی ئەوەی تری داگیرکەر هەڵسوکەوت بکات، دەنا جگە لە پتەوترکردنی چیرۆکە گەورەکان و حەقیقەتی داڕێژراوی ئەوەی تر و لە ئاکامدا بەرهەمهێنانەوەی سیستمی سوڵتە-وابەستەیی بابەتێکی تر بەدی ناکرێت. هەر بەو پێوەرەش هەر چەشنە بەشداری کردنێک لە پرسی هەڵبژاردن لە پاڕادایمی زاڵی ئەوەی تردا بیرۆکە و کردەوەیەکی ناعەقڵانی و ڕەزیلانەیە و بەشێکە لە قەیرانی فەزیلەت و ئەخلاقی کوردی”.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەوی دیکەی داگیرکەر، لە نەبوونی دیدێکی کوردستانی و خوێندنەوەی هەموو پرسەکان لە چوارچێوەی گەورە پرسی نیشتمانێکی داگیرکراودا، لە بەشێک لە کۆمەڵگادا بەتایبەت لای ئەو خەڵکانەی خەریکی خۆپالاوتن و بەشدارین، وەک ئەمرێکی ئاسایی ئەزموون دەکرێت و لە مێشکیاندا زیاتر لەوەی کە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆسەی داگیرکاریی کوردستانەوە سەیر بکرێت، تەوەرێکی ڕوتین و ئاسایی‌یە و بە بەشداری یان بیرۆکەی لاوازی بایکۆت (لەبەر ئەوەی پڕۆسەکە نادێموکڕاتیکە)، سوژەی ڕژێمی واتایی ئەوی ترن و لە کردەوەشدا ئاگرخۆشکەری بەزمی شانۆیەکن، لە حاڵێکدا ئەمە بەزمی تڕاژیکی بندەستی و ئاگردانی نیزامی بوون و حەقیقەتی خۆیانە. ئەم پڕۆسەیە بەم پێیەی کە خۆبەژێردەست کردن و هەڵپەساردنی پرسی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، تا بەردەوام بێت وەک ئۆلگۆریتمێکی دۆڕانی کوردە و هۆکارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی کولتووری کۆیلەتی و بە جۆرێک جێگیرکردنەوەی سیستەمی ئەوی تری داگیرکەر و بە پێی تیۆریی بازاڕدۆزیی سیاسیش، تەنیا بانگەشە بۆ پاڕادایمی فکریی ئەوی تر و فرۆشتن و داسەپانی بەرهەم و کاڵای هزریی نەتەوەی باڵادەستە لە بازاڕی سیاسیی داگیرکراویی کوردستاندا.

سەبارەت بەم پرسە لە ئاستی حیزبە کوردییەکانیشدا تەنیا باس لە بایکۆت دەکرێ، ئەویش نە بە مەبەستی کێشەداربوونی هەڵبژاردن لە لایەن حکومەتی ئێرانی وەک داگیرکەر لە کوردستاندا، بەڵکوو بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی نادێموکراتیک و نائازاد ئەویش لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ئەمە جۆرێک ڕاوەستانە لەبەرانبەر هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک سیستەمی هەڵبژاردنی حکومەتی داگیرکەری ئێرانی بە هەموو فۆڕمەکانییەوە. لەم ڕوانگەیەی بایکۆتەدا تەنیا پرسی دێموکراسی گرنگایەتی پێدراوە، بە جۆرێک کە باس لەوە دەکەن کە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە نادێموکڕاتیکە، بەڵام گرنگایەتی بە پرسی داگیرکاری نەدراوە و باس لەوە نەکراوە کە بایکۆت و بەشداری نەکردن لەبەر ئەوە نییە کە داگیرکەر ئەم پڕۆسەیەی بەسەر کوردستاندا سەپاندووە و ئەم هەڵبژاردنەی ئەوی دیکەی کورد، هەر لە بنەڕەتەوە ڕەوایی لەناو نیشتمانێک بە ناو کوردستاندا نییە. بۆیە ئەم “نا”یەی ڕوانگەی بایکۆت، جیاوازی هەیە لەگەل “نا”ی ڕوانگەی  سەربەخۆیی و کوردستان سەروەر.

بابەتێکی تر، مژاری مەشروعییەت یان ڕەوایی حکومەتی ئێرانی لەناو کوردستاندایە. ئەگەر چاو لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەین وەک یەکێک لە بنەماکانی دێموکراسی کە ڕەوایی دەبەخشێت بە دەوڵەتێک بۆ حوکم کردن لەناو وڵاتێک و ئیدارەکردنی کۆمەڵگاکەی، بۆمان دەردەکەوێ کە لە وڵاتی کوردستاندا تەنیا دەوڵەتێکی کوردی کە بە دەنگی خودی کوردستانییەکان لەناو ئازادی و دێمۆکراسیدا هەڵبژێردرابێ، بۆی هەیە کە هەر چەشنە هەڵبژاردنێک لەناو کوردستاندا بەڕێوە ببات نەک حکومەتێکی داگیرکەر. ڕژێمی ئێران چۆن لە کوردستان وەک داگیرکەر هەیە، کەوابێ هەر لە بنەڕەتەوە بوونێکی ناڕەوای هەیە و هیچ پاساوێک، تەنانەت هەڵبژاردنیش ناتوانێ ڕەوایی ببەخشێت پێی. پرسی داگیرکاری، هەموو جۆرە ڕەوایی‌یەکی حکومەتی ئێرانی لە کوردستاندا ڕەت دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر شانۆی بەناو هەڵبژاردنیش وەڕێ بخات و خەڵکیش بە هەر ڕێگەیەک مەجبوور بە دەنگدان بکات.