گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
ئاوڕدانەوەیەک لە چەمکی «سەروەریی_سیاسی» وەک تەکنۆلۆژیای هێز
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
خۆرهەڵات، ڕێناس (٢٠٢٥):ئاوڕدانەوەیەک لە چەمکی «سەروەریی_سیاسی» وەک تەکنۆلۆژیای هێز . گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٦٣–٥٤. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
کرانەوەی باس
مەودای زەمەنیی نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٥، وەک بەستێنێکی نوێی کۆمەڵایەتی–فکری، زەمینەی بۆ دابڕانێکی دیسکۆرسیڤ لە شوناسی “ئێرانیبوون” دەستەبەر کرد و لە سەردەمی شۆرشی ژن، ژیان ئازادی، لە ساڵی ٢٠٢٢دا و لەناو بەشێکی بەرفراوان لە پانتای فکریی ئێلیتە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ئایدیایە خۆی هەژمۆن کرد. لە ماوەی زەمەنیی یەکەمدا بەرەیەکی نوێ لە توێژی خوێندەواری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا کە ڕاشکاوانە یان ناراستەوخۆ، پێداگرییان لە سەر ئایدیای کوردبوون و کوردستانیبوون، لە دەرەوەی هەستکردن بە ناسنامەی نەتەوەیی ئێرانیبوون، دەکردەوە. لە قۆناخی دووهەمی ئەم دابڕانەدا، دوا بەدوای شۆرشی ژن، ژیان ئازادی، وەک دەرکەوتەی عەینیی سیاسی، ئەم دیسکۆرسە توانیی هەژموونییەکی بەرچاو لەناو ویستە سیاسییەکانی نەک تەنیا دەستەبژاردەی سیاسی–کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لەناو جەماوەریشا بدۆزێتەوە و لەناو ئەدەبیاتی بەرهەمهاتووی ئەم ماوەیە و دوای ئەم هەستانەوە نوێیە، بە پێکهێنانی پردێک لە نێوان شوناسی کوردبوون و جوگرافیای کوردستان، لە ماکۆ–وە تا ئیلام، سەرەڕای گشت جیاوازییە دایالێکتیکی، فرەڕەنگییە ئایدیۆلۆژیکی و ئایینییەکان، لەسەر کوردستانیبوونی خۆی پێداگری بکاتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم دابڕانە فیکرییە، بەشێکی بەرچاو لە ئیلیت–پارتییە سیاسییە کوردەکانیش، بە چاونوقاندن یان ڕەچاوگرتنی باڵانسێکی سیاسی بۆ کەشی ئاڵۆزی سیاسی و شڵەقاوی ئێران، هەوڵیان دا ئەم دابڕانە ناسنامەییە دیزە بە دەرخۆنە بکەن. لە لایەکی دیکەوە ئەگەرچی ئەم دووفاقییە لەناو تێڕوانینی سیاسیی پارتییە کوردییەکاندا وەک دووانەی کوردبوون– ئێرانیبوون ڕەنگدانەوەی زۆر کەمە و تەنیا لە چەند خاڵی هاوبەش، ئەگەر پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبەکان بە بنەما بگرین، ئاماژە بەم دووفاقییە کراوە، وەک؛ فێدراڵیزم، ئێرانیبوونی کورد، پێداگریکردنی چارەی کێشەی سیاسیی کورد لەناو سنوورە جوگرافییەکانی نەتەوە–دەوڵەتی ئێرانی و هەروەها دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی. بەڵام پرسیارەکان، لەمەڕ یوتۆپیای سیاسی ئەو بەشە لە ئیلیتی خوێندەواری کورد هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە کە ئاخۆ پرسی “سەروەریی سیاسی” کورد لە چوارچێوەی نەتەوە–دەوڵەتی ئێرانی، وەک چەمکێکی جوگرافیای سیاسی لە ناوخۆی جوگرافیای مێژووییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان لە ڕۆژهەڵآتی ناوەڕاستدا چۆن چارە دەکرێت؟ ڕەنگە بکرێ کۆی ئەم باسوخواسە لە ڕستەیەکدا کۆ بکرێتەوە کە ئەو ململانێیەی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناڤین، کورد لەگەڵ دەوڵەتەکانی تر ئەنجامی داوە، لە پێناو موڵکایەتیبە سەر عەرد، ناوچە یان هەرێمێک بووبێت بە ناوی کوردستان؛ کە لە دەرەنجامی بەدیهاتنی دەوڵەتی مودێرن و باڵادەستبوونی ئەتنیکەکانی تر، مافی دەسەڵاتداری، یاسادانان، سەپاندنی زمانێکی جیاواز و شێوەژیانێکی تر بەسەر دانیشتووانی ئەم ناوچەیەدا سەپاندووە.
ئەم شێوە دەربڕینە، بە سڕینەوەی هەر چەشنە لایەنێکی ئایدیولۆژیک–ڕیتوریک یان یوتۆپیک لەسەر ئەم خەباتە، هەوڵ ئەدا سەرلەنوێ ئاوڕێک لە چەمکی سەروەریی سیاسی، ململانێی هێز و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵی فەزا بداتەوە و دواتر، بەپێی ئەم سێ خاڵە، باس لە جوگرافیای کوردستان، وەک چەقی چڕبوونەوەی ململانێی سیاسی–سەربازی کورد– داگیرکەران بۆ کۆنترۆلی خاکی کوردستان بکات. دەرکەوتەی سیاسیی ئەم نیگا–لارە، یان ئەم توانجە، دەتوانێ دەرگا بەسەر ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەدا بکاتەوە بۆ نموونە: ڕەخنەیەک لە کورد وەک خۆی، نرخاندنی چەمکی هێز و هەڵسەنگاندنی کایەی سیاسی لەناو هێزە کوردییەکاندا. گرینگیی ئەم سووچە نیگایە، زەقکردنەوەی قەڵشتەکانی نێوان ناسنامە و جوگرافیا، بەرژەوەندیی جیاوازی هێزە کوردییەکان، کورتهێنانی شێوازی تێفکرین لە گەمەی سیاسی و لە ئاکامدا؛ تیشک خستنە سەر ئەو دۆخەیە کە ئێستاکە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێی کەوتووە.
دەرکەوتنی دەوڵەتی مۆدێرن وەک کۆنترۆڵی فەزا و سەروەری سیاسی
دامەزرانی نەتەوە–دەوڵەت و دەوڵەتی نەتەوەیی دەرەنجامی پێڤاژۆیەکی دوورودرێژی گەشەی پەیوەندییەکانی هێز، ئابووریی سیاسی، بیرۆکراسی و سیستەمی یاسا لە بەشێکی ئەم جیهانەدا بووە کە دواتر وەک مۆدێلێک لە بەشەکانی تری جیهانیشدا سەقامگیر بووە کە ئێستاکەش وەک بەســتێنی کردەی سیاسی لە پەیوەندییە جیهانییەکاندا دەورێکی بێوێنە دەگێڕێت. ئەم دوو دەرەنجامە بە ڕوونی سەرنج بە زەقبوونەوە و هەژموونبوونی چەمکی کۆنترۆڵی فەزا و ســەروەری دەکات لەناو بەشێک لە زەوی کە لە دەرەنجامی پرۆسەیەکی دەگمەن و لەناو جوگرافیایەکی تایبەتدا دەستنیشان کراوە؛ بەڵام ئەگەری ئەوەش دەهێڵێتەوە کە ڕێچارەی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی فەزا بێتە دی. نەتەوە–دەوڵەت، ڕوونراوەیەکی ئیداری–سیاسییە کە یاسا پاڵپشتیەتی و لە واتا ئابووری–سیاسییەکەی خۆیدا، بە مانای مافەکانی بەکارهێنان، دەستبەسەرداگرتن، کۆنترۆڵی حەشیمەت بە لایەنی فیزیکی– فکری و هەروەها موڵکایەتیکردنی شوێنێکە؛ نەک ئەوەی کە تەنها پرسێکی بەرتەسکی سیاسی–ستراتێژیک بێت کە تەنها پەیوەندیی بە پارچە زەوییەکەوە هەبێت. هەر بۆیە، پارچە خاکێک لەسەر گۆی زەوی، کە ئێستاکە ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی یاسایی و کۆنترۆڵی سەربازی نەتەوە–دەوڵەتێکدا بێت، دەرەنجامی زنجیرەیەکە لە تەکنۆلۆژیای سیاسی کە بە درێژایی مێژوو، لە ڕەوتی گەشەی جیهانی ڕۆژئاوادا سەری هەڵداوە و دواتر، ئەم تەکنۆلۆژیا سیاسییە باڵی بەسەر بەشەکانی تری جیهانیشدا گرتووە.
ستیوارت ئێڵدن، لە دەسپێکی کتێبەکەی خۆیدا، واتە “لەدایکبوونی وڵات”، ئاماژە بە قسەیەکی ژان ژاک ڕوسۆ دەکات و دەڵێت: “کاتێ یەکەم جار کەسێک بیری لەوە کردەوە کە پەرژینێک بە دەوری پارچە زەوییەکدا بکێشێت، بە خۆڕادیوییەوە ڕای گەیاند کە ئەوە هیی منە و پێشی وابوو خەڵک هێندە گەمژەن کە بڕوای پێ دەکەن، لە ڕاستیدا بەم کارە کۆمەڵگایەکی مەدەنیی راستەقینەی بنیات ناوە” (Rousseau; 1997). کۆمەڵگای مەدەنیش، سەرەڕای جیاوازیی ماناکانی لەناو تێرمەکانی فەلسەفەی سیاسی، لەبەر ئەوەی کە خاوەن هەندێک لە فۆرمەکانی حکوومەت و دەوڵەتە، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڕوونانی دەوڵەتی مۆدێرنەوە هەیە کە دوابەدوای گرێبەستنامەی ڤێستڤالیا لە ساڵی ١٦٤٨، ڕوخساربەندیی جیهانی مۆدێرن وێنا دەکات. لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە ململانێ لەسەر زەوی، بە پێوەرە جیاوازەکانی کۆنترۆڵی فەزا1، بوو بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ کاروباری مرۆڤ و لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٦ی زایینی بەدواوە و لە جەرگەی ململانێی ئایدیۆلوژییە سیاسی و فکرییەکانی نێوان بیرمەندە سێکیولارە ئەورووپییەکان و کلێسا، دوابەدوای دەرکەوتن و گەشەپێدرانی بازاڕەکانی سەرمایە و کارتێکەریی گۆڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە فۆڕمی نەتەوە –دەوڵەت، بە وتەی ئانتۆنی گیدێنز بووو بە “دەفرێک بۆ سنووردارکردنی هێز” و خۆی لەناو گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانی دەرخستووە. ئاماژە کردن بە دەفر، زەرف، نیشاندەری فەزا یان جوگرافیا، پارچەیەک لە خاکە کە هێز لە ناویدا بەرهەم دێت و ئەم هێزە، لەسەر دانیشتووانەکەی بەکار دەهێنرێت (Giddens; 1981-1987).
ئەگەرچی ئەم ڕەهەندە لە تێفکرین، ڕەنگە خاڵە جوگرافییەکان، وەک موڵکایەتی، وەک سامان و زەوی، بمانگەیەنێتە بۆچوونی کەسانێکی وەک ساک کە لە کتێبەکەیدا “Homo Geographicus” شرۆڤە کراوە و هەروەها بۆچوونی جۆن ئاگنیۆ (٢٠٠٥) و کڵاود ڕافستین (١٩٩٨) کە لە کتێبەکەیاندا بە ناوی “بەرەو جوگرافیایەکی دەســەڵات” باسیان کردووە، بەڵام نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە ململانێ لەسەر زەوی دوولایەنەیە؛ لە لایەکەوە ئەم ململانێیە بە مەبەستی بەخاوەنبوون یان خاوەنداریکردن لە زەوییە و لە لایەکی تریشەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و سەپاندنی هێز بەسەر دانیشتووان و پانتای ئاقارەکەی بهڕێوه دەچێت. هەر بۆیە؛ پارچە خاکێک لە سەر گۆی زەوی، هەم پێگەیە و هەمیش تفاقی ململانێیە. لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە فوکۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ جوگرافیزانەکانی گۆڤاری هێرۆد، لێکۆڵینەوەکەیان سەبارەت بە بەکارهێنانی پۆڵێنەکانی فەزا، بەرەو ئاقارێکی دیکە ئاراستە دەکات و پێی وایە پارچەیەک لە زەوی، خاک، یان عەرد، بەر لە هەموو شتێک تێگەیەکی یاسایی–سیاســییە: ڕووبەرێکە لە خاک کە بە هۆی جۆرێکی تایبەت لە هێــزەوە کۆنترۆڵ دەکرێت (Foucault, 954–1988, vol. 3). بێ گومان ئەم شرۆڤە کورتەی فوکۆ، دەرکەوتەی ڕەوتێکی دوورودرێژ و ئاڵۆزکاوی ململانێ هزری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەورووپایە کە خۆی لە ڕوخساربەندی چەمکی سەروەریی لە نووسراوەی کەسانێکی وەک ئالتوسیوز (١٦٣٨– ١٥٦٣)، تیوریزان و مافناس فرانسیس بێیکن (١٦٢٦– ١٥٦١ ) و بۆدان–ەوە نیشان داوە. ئالتوسیوز پێی وایە پۆلیتیکوس، سیاسەتوان یان تیۆریزانی سیاسەت، بەر لە هەموو شتێک دڵەڕاوکێی سەبارەت بە فاکت و سەرچاوەکانی ســەروەرییەوە2هەیە و دواتــر بە پشتبەستن بــە وەرگێڕان و ڕاڤەی ئەریستۆ دەڵێت: «سیاسەت هونەری پەیوەستکردنی (consociandi) مرۆڤەکانه لەپێناو دامەزراندن، پەروردەکردن و پاراستنی ژیانی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا». لێرە بەدواوە ناوی (symbiotiké)ی لێ نراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، مژاری سیاسەت پەیوەستبوونە (consociatio) کە لە هەناوی خۆیدا، هاودژییەکان بە گرێبەستێکی ڕاشکاوانە یان شاراوە، خۆیان بە بەڵێندەر و دەروەست دەزانن بۆ سازدانی هاوپەیوەندییەکی دوولایەنە لەمەڕ هەر شتێک کە بۆ وەگەڕخستنی هارمۆنیای ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان پێویست بێت. بە بڕوای ئالتۆسیوز ئەو کەســەی مافەکانی ســەروەری (majestatis capita) لە سیاســەت بێ بەری بکات، پەیوەســتبوونی جیهانی (universalem consociationem) لەبار دەبات… ســەرۆک، میــر، بەڕێوەبــەر و دەســەڵاتداری وڵاتێــک (Reip gubernator) بەبێ هێزی پێویست، بەبێ کردە و وەگەڕخستنی سەروەری (majestatis)، نابێ بە هیچ (Stiuart;2005, 282).
بە بڕوای ئالتوسێز و بەپێی گەشەسەندنی مێژووی ئەورووپا، شارەکان خۆیان بە جیا خاوەنی (jus territori) واتە مافی سەروەری بەسەر خۆیاندا بوون؛ نیشاندانی ئەمە وەک خاڵێکی یەکلاییکەرەوە و جیاوازییەک لەگەڵ تیۆریسیەنەکانی دیکەی ئەو ســەردەمدا، دەرخەری دۆخی پارچەکراوەی شارەکان (civitatis) بوو کە خۆیان خاوەن ڕێسای جیاواز بوون. وەک یەکخســتنەوەی پەیوەندیی نێوان فەزا و جوگرافیا، ئاماژەکردن بە چەمکی سەروەری یاسا، ڕەنگە بیری (rex imperator in regno suo)؛ واتە پادشــا یان میرەکانمان بخاتەوە کە لە پانتایی دەسەڵاتی خۆیاندا ئیمپراتۆرێک بوون، دۆخێکی وەها لە کوردستانیش، ڕەنگە لە سەردەمی میرنشینەکانەوە هەبووبێت، بەڵام لە ڕەوتی مێژوویدا، ئەم دەرەفەتە بە زۆر هۆکاری جیاوازە، لە کیس چوو.
فرانسیس بێیکەن لە کۆبەرهەمی وتارەکانی کە لە ساڵی ١٦١٢دا بڵاو بووەتەوە، چوار تێز یان بیروبۆچوون سەبارەت بە خاک و جوگرافیا پێشکەش دەکات:
هەرێمەکان تێکترنجاو و پێکەوەبەستراو بن، واتە پەرشوبڵاو نەبن
ناوچەیەک دڵیان بە واتایەکی دیکە پێگەی سەرەکیی دەوڵەت بێت و پارێزگاکان و [ناوچە] زیادکراوەکانیش پاڵپشتیی بکەن
چەک یان فەزیلەتی شــەڕی دەوڵەتە دەبێ وەڵامدەری گەورەیی موڵک و دەسەڵاتەکەی بێت
پارێزگا یان ئەیالەتەکان دەبێ لە وەبەرناندا چالاک بن و بەشێکی بەرچاو لە سوودی بەرهەماکانیان پێشکەش بە دەوڵەت بکەن
ئەم تێزە لەبەر هۆکارێکی ســەرەکی گرنگە، واتە ڕۆنانی حکومەت دەبێتە هۆی هاوسەنگی لە نێوان حەشیمەت و هەرێمدا. هەر لەسەر ئەم پێوەرەیە کە بنەماکانی دەوڵەت وەک یاســا و ڕێســای ئەو خاوەن هێزانە دەردەکەون که دەســەڵاتداریی دەکەن. بۆیە دانان یان هەڵوەشاندنەوەی یاساکان؛ دامەزراندن یان وەلانانی دادوەرەکان؛ کۆنترۆڵی ژیان و مەرگی خەڵک، شەڕ و ئاشتی و هەروەها سیستەمی داد، وەک داسەپاندنی هێز بەسەر دانیشتووانی جوگرافیایەک تێبینی دەکرێت و دەبێتە بنەمای چەمکی سەروەری (Bacon; 1862–72) .
ژان بۆدان (١٥٩٦–١٥٣٠) وەک یەکەم بیرمەندی سیاســیی مۆدێرن و یەکەم تیۆریســیەن و داڕێژەری چەمکی سەروەری، لە کتێبەکەیدا لە ژێر ناوی (Six livres de la république) پرسیارێکی گرینگ لەمەڕ چەمکی سەروەری دەورووژێنێت و دەپرسێت: ‘’هێز تا چ ڕادەیەک بەسەر هەرێم [و زەوی]دا بەکار دەهێنرێت و تا چ ڕادەیەک هەرێم [و عەرد] مژار و دەرفەتی [پێکهاتنی] سەروەرین؟’’ ((Elden; 2013, 261. هەر بۆیە بۆدان لە بەشی هەشتەمی کتێبەکەیدا لەمەڕ چەمکی سەروەری پێی وایە: سەروەریی (la souveraineté) دەســەڵاتی ڕەها و تاهەتاییە (puissance absolue) کە ڕادەستی کۆمارێک کراوە.
بۆدان لە بەشەکانی دیکەی کتێبەکەیدا، جوگرافیا و مەڵبەند لەگەڵ فەزای ژیان، خاکی بەپیت و حەشارگە وەک هۆگریی جوگرافی لەبەرچاو دەگرێت. بەڵام بۆدان ڕاشــکاوانە پێی وایە سەروەری لە سروشــتی خۆیدا دابەش ناکرێت (٢١٣). واتای ئەمەش ئەوەیە کە سەروەری جۆرێک لە مۆنارشی ناچارییە و هەر چەشنە دەستوورێکی تێکەڵاو لە ئاکامدا پووچ و ناژیرانەیە (٢١٤). ئەم تێڕوانینەی بۆدان، دواتر لە ڕوانگەکانی جیۆڤانی بۆتێرۆ (١٥٤٤–١٦١٧)، نووســەری ئیتاڵــی ڕەنگ دەداتەوە. لە بەرهەمەکانیدا، شار وەکوو کۆبوونەوەی خەڵک، یان جڤاکێک نیشان دەدرێت تاکوو بەم شێوەژیانە، باشتر و خۆشبژێوتر بژین. لەم تێڕوانینەدا، گەورەبوونی شار، وەک جوگرافیایەک گرێدراوی فرەیی دانیشتوانی ناو شارەکە و پاراستنی سنوورەکانییەتی.
لە قۆناخەکانی دواتردا، تۆماس هۆبز، بە نووسینی کتێبی لێڤیاتان هەوڵی دا بۆ پێکهێنانی باڵانسێک لە نێوان هێزی سێکیولار و دەسەڵاتی ئایین، بنەماکانی سەروەرییەکی بێسنوور بخوڵقێنێت. وێنەی ڕووبه رگی “لێڤیاتان”، حاکمێکی پیاو، بە شمشێر و گۆچانێکەوە (وەک ئەوەی پیاوانی ئایینی لە دەستیاندابوو) دەنەخشێنێ کە دەڕوانێتە شار و جوگرافیایەک. جەستەی حاکم لە جەستەی خەڵکەوە دروست کراوە و لە ژێرەوەی نووسراوە: (Non est potestas Super Terram quae Comparatur)، واتە هیچ هێزێک لە ســەر زەوی لەگەڵیدا بەراورد ناکرێت. ئەمە وەک دوا قۆناخی بەدیهاتنی چەمکی سەروەرییە کە خۆی دەخزێنێتە ناو بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن و دەبێتە خاوەنی دوو ڕەهەندی پێناسەیی: یەکەم، سەپاندنی هێز لە ڕێگای دامەزراوەکانی خۆیەوە و لەناو ناوچەیەکی جوگرافیی تایبەت، ئەوەی تر؛ دانانی سنوورێکی ڕوون بۆ سەپاندنی هێز و دەسەڵات و یاسا لەهەمبەر ناوچەیەکی دیاریکراوی دیکە کە لەژێر دەسەڵاتی سەروەرێکی دیکەدایە. بەشی یەکەم پێداگری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت–کۆمەڵگا و سەربەخۆیی ڕێژەیی دەوڵەت لە ئاست بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەکات و ڕەهەندی دووهەم، لەناو تیۆریی پەیوەندییە ناونەتەوەییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. ســەرنجدان لەم چەند خاڵە، بە هۆی ئەوەی کە کاکڵی تێگەیشتن لە گرێبەستنامەی وێستفالیا–یە، خاوەن گرینگییەکی تایبەتە.
ئەوەی باس کرا، بە کورتی، شێوازی پەلهاویشتن و گەشەی چەمکی سەروەری، وەک ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان شوێن–فەزا و هێز، لە ڕەوتی فکریی سیاسیی ئەورووپا بوو کە دەکرێت وەک تەکنۆلۆژی سیاسی سەیری بکرێت؛ واتە پەیوەندیی نێوان دانیشتووانی ناوچەیەک ( دواتر نەتەوە) و دەوڵەت لە چوارچێوەی فەزایەکدا بیچم دەگرێت کە جوگرافیا–پارچەیەک لە خاک بەرهەمی دێنێت. بە وتەی فووڵبروک، بیچمگرتنی دەوڵەت لە ڕووی مێژوویییەوە هاوکاتە لەگەڵ حکوومەتێکی ناوەندخواز کە هەرێمێکی جوگرافیی ڕوون و پێناســەکراو بەڕێوە دەبات و کۆنترۆڵی دەکات، پێش جومگەبەندیکردنی بیرۆکەی نەتەوە بووە (Kirby 2005). هۆکارەکەشی ڕوونە، بوون لەناو جوگرافیایەکی تایبەتدا بە واتای ملکەچبوونه بۆ سەروەری. مرۆڤ لەناو هەر جوگرافیایەک بێت، ملکەچی سـەروەرییەکە، تەنانەت بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی مۆدێرن و داهێنانی چەمکی نەتەوە. خاک پانتایییەکە کە سەروەریی تێیدا جێبەجێ دەکرێت: خاک مەودای پانتایی سەروەرییە. هەر بۆیە سەروەری لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافیدا دادەمەزرێت. واتە سیاسەت، دەوڵەت و فەزا لە ناو چەمکی هەرێمدا پێک دەگەن.
شوناس و سەروەری لە بەستێنە سیاسییە جیاوازەکاندا
بە گەڕانەوە بۆ سەر دەسپێکی ئەم نووسراوەیە، لە سەردەمی مۆدێڕندا دەوڵەتێکی دامەزراو لە سەر جوگرافیایەک (The territorial state)، نەک هەر بووەتە هەژموونێکی سیاسی، بەڵکوو هاوکات بووە بە چەمکێکی سیاسییش. لە لایەکی ترەوە، نۆرم و بایەخەکانی ئەم دەوڵەتە، وەک ئاپاراتۆسی خوڵقاندنی شوناس کار دەکات و بە شێوازێکی گەشەپێدراو، بە هۆی تۆڕە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئاپاراتووسەکانی ڕکەبەریدا دەکەوێتە ناو ململانێ (Elden, 2005). ئەمە هەر ئەو چەمکەیە کە وەک “فەزای نوێی ناسنامەیی” باسی لێ دەکرێت و وەک سیمایەکی ژانووسی لە ناسیۆنالیزم، دەتوانێ لایەنی جیاوازی پاراستنی نەزمی کۆن و تێکدانی ئەو نەزمە کۆنەش بێت، شۆڕشگێر یان کۆنسێرواتیڤ بێت، ئایینی یان سێکیولاریش بێت. بەڵام لایەنی گرینگی ئەم فەزا نوێیەی شوناس، گرێدراوی جوگرافیا یان پارچەیەک لە خاکە کە بایەخەکان لەناویدا بەرهەم دێن و بە هۆی ئەوەوە، سەرلەنوێ بەرهەم دێنەوە.
لە سەردەمی پەهلەوییەکاندا، ڕوونرانی ناسنامەی ئێرانی، بە نێونجی “جوگرافیا– ئێران” و وەک مەکۆی ئارییەکان، بە خولقاندنی “ڕابروودیەکی زێڕین” توانیبووی ناسنامەیەکی ئێرانی بۆ گشت دانیشتووانی ناو هەرێمەکەی پێک بێنێت. ئەم ناسنامەیە، بە هۆی سەپاندنی سەروەریی سیاسی و پێکهێنانی یەکەی ئیداری–پەروەردەیی، کەم و زۆر لە دیسکۆرسی سیاسی پارتییە سیاسییەکان، ڕێبەران و ئەندامانی پارتییە کوردیییەکانیشدا ڕەنگی دابووەوە. واتە ناسنامە و چوارچێوەیەک لە خاک، لەژێر ناوی ئێرانیبوون، کەم و زۆر سەقامگیر کرابوو. بەڵام لە دوای شۆرشی ١٩٧٩، بە زۆر هۆکاری سیاسی–کۆمەڵایەتی جیاواز، وەک داهێنانی چەمکی “امت”، و دواتر، هەژموونکردنی شوناسی “شیعە–فارس” بەسەر دانیشتووانەکەی و هەروەها کاردانەوەکانی گلۆکالیزاسیۆن، بە تایبەت دوای ساڵانی ٢٠٠٠، ئەم دیسکۆرسە لە کورتی دا و وەک پەرچەکردارێک لە هەمبەر ناسیونالیزمی داسەپاودا، هێدی هێدی ئەم ئایدیایە کە یەکەی سیاسی و نەتەوەیی پێویستە هاوئاوێتە بن (Gellner 1994, 1) لە زەینی بەشێک لە ئیلیتی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگیر بوو و لە شێوەی جیاوازدا بەرهەم هێنرایەوە.
ئەم ئاڵۆگۆڕە سیاسییە لە کاتێکدا بوو کە بە تایبەت لە سەردەمی بەر لەشۆرشی ١٩٧٩ و تەنانەت هەنووکەش، نە لەناو پەیڕەو و پڕۆگرامی زۆرینەی پارتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نە لە ڕێتۆریکی سیاسیی ڕێبەرانی ئەو پارتییە سیاسییانەدا، کارکردن لە دەرەوەی “فەزای شوناسی پێناسەکراوی ئیرانیبوون” وەک کردەوەی سیاسی هەژموون نەبووە. ئەگەرچی ڕەنگە وەک ئاماژەیەک لەمەڕ قۆستنەوەی ئاسۆ سیاسییەکانی داهاتوو، لە کردەوە و وتەی سیاسی خۆیاندا، ئاماژەیان بە مافی چارەی خۆنووسین کردبێت. ئەو قەڵشتە لە نێوان ئایدیالی سیاسیی ڕێبەرانی سیاسیی کورد، بە زۆرینەی پارتییە سیاسییەکانەوە، دەکرێت وەک دەرکەوتەی تێگەیشتن لە واقیعی سیاسی–جوگرافیای ڕۆژهەڵات، ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی لەناو هێزەکانی ناو ئێران، لەبەرچاو گرتنی سیاسەتی بایۆپۆلەتیک (ژیانی ڕۆژانەی ئەو کوردانەی لە ناوخۆ– لە دەرەوەی سنوربەندییە سیاسییەکاندا دەژین)- سەیر بکرێت. بەڵام هاوکات دەرخەری تێگەیشتن لە ڕاستینەی چەمکی “سەروەریی سیاسی” وەک ڕاستینەیەکی تاڵ، لە نێوان بەرداشی جوگرافیا و هاوکات تەکووزی “ سیاسەتی ناو–دەوڵەتەکان” لەناو بەستێنی “پەیوەندییە ناونەتەوەییەکان”ە.
لە لایەکی ترەوە، ڕووداوە سیاسییەکان لەسەر جوگرافیای سیاسی کوردستان، سیمایەکی تری دژوازیی چەمکی “سەروەریی سیاسی” خستە ڕوو. لە ساڵی ٢٠٠٥ بە دواوە، دوای سەقامگیربوونی فێدرالیزم لە باشوری کوردستان، کورد وەک بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی، شەرعیەتی یاسایی پێ درا و لە سەروەریی سیاسی عێراقدا بەشدار کرا، بەڵام سەروەیی سیاسی عێراق پارچە نەکرا. لە دوای ٢٠١٥، کورد توانیی لە ڕۆژاوای کوردستان و لەژێر ناوی ئیدارەی باکوور–ڕۆژهەڵآتی سوریا، بە نووسینەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی یەکە ئیدارییەکان و وەدەستهێنانی مافی کەڵکوەرگرتن لە نەوت و ئاو، سەروەریی سیاسی خۆی، نەک بەسەر ڕۆژاوادا، بەڵکوو بەسەر جوگرافیا عەرەبییەکانیشدا بسەپێنێت. هاوکات لەگەڵ ئەوە، لە دوای ڕێفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ لە باشووری کوردستان، کوردەکان سەرەڕای هەبوونی شەرعیەتی سیاسی و هێز، زیاتر لە نیوەی جوگرافیای کوردستانیان دۆڕاند و سەروەریی سیاسیان لە کیس دا. هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو باشووری کوردستان بە بیانوی هەبوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان، داگیرکردنی جومگە ئابورییەکانی باشووری کوردستان بە شتومەکی تورکی یان ئێرانیش، بە شێوازێکی تر، دەکرێ وەک لەناوچوونی ئەو سەروەرییە سیاسی–ئابوورییە سەیر بکرێت. دەستێوەردان و فشاری ئێران لەسەر باشووری کوردستان، بە مەبەستی چەککردنی پارتییەکانی ڕۆژهەڵاتیش دەکرێت وەک نموونەیەکی دیکە سەیر بکرێت.
سەبارەت بە پارتییە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ دوا بە دوای ڕاسانی “ژن، ژیان ئازادی”، چەمکی سەرەوەریی سیاسیی بەشێک لە جوگرافیای سیاسی– ئیداری باشووری کوردستان، کاریگەری لەسەر بزووتنەوەیەکی سیاسی لە بەشێکی دیکەی کوردستان دادەنێت و لەژێر سێبەری فشاری سیاسیی ئیران، وەک سەروەرییەکی سیاسی لە ناوچەکەدا، هەر وەک تورکیا، گەمەی سیاسیی ئەو پارتییانە بۆ وەرگرتنی سەروەریی سیاسی، نە تەنیا تووشی کورتهێنان دەبێت بەڵکوو تووشی مەترسی “بوونیان”یشیان دەکات. ئەم دۆخەش، بە شێوازێک کاریگەریی دۆخی “نەمەییو و سەقامنەگرتووی سەروەریی سیاسیی “ باشووری کوردستان لەسەر پارچەیەکی دیکەی وڵات دەنوێنێتەوە. هاوکات نیشانی ئەدات لە نێوان گەمەی سیاسی “سەروەریی”-ە سیاسییەکانی ناوچەکەدا و بە هۆی نەبوونی هێزی سیاسی، جوگرافیا دەتوانێت گۆڕەپانی چالاکیی ئەکتەرە سیاسییەکان بەرتەسک بکاتەوە و هاوکات زۆر جار و بەپێی واقیعی تاڵ، یوتۆپیای سیاسیی نەتەوەیەک، یان ئیلیتێکی سیاسییش وەک “گاڵتەجارێک” بنوێنێتەوە، یان لە ڕەنگی “ململانێ و ڕکەبەرایەتیی ڕەق و ڕووتی سیاسی” یان ڕکەبەرایەتی بۆ وەدەستهێنانی “هەژموونی سیاسی” ڕەنگ بداتەوە. هەر بۆیە دەکرێت ناتەباییی نێوان واقیعی سیاسی و گەشەی خێرا و ڕوو لە گەشەی “کوردبوون” وەک شوناس، لە دەرەنجامە سیاسییەکەیدا شرۆڤە هەڵبگرێت.
دوای بینینی ئەزموونی سیاسی هەر دووپارچەی باشوور و ڕۆژاوا لەمەڕ وەدەستهێنانی “سەروەریی سیاسی” یان بەشداربوون لە “پرۆسەی سیاسی” لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن ئیلیتی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها دەرەنجامی کایەی سیاسی وڵاتانی “سەرەوەر” لەسەر جوگرافیای کوردستان وەک هەرێم یان مەڵبەندێک کە بەسەر یەکەی سیاسیی جیاوازدا دابەش کراون، ڕەنگە ئەم وێنا سیاسییە دەرکەوتبێت کە بەشێک لە هۆکارەکانی دۆخی هەنووکەیی، واقیعی سەپێندراوی تەکووزی جیهانی، وەک سەروەریی سیاسی بێت کە باڵی شوومی بەسەر پارچە خاکێک لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا گرتووە. بەڵام دۆخی بەشەکانی تری کوردستان، پێوەندیی بە تێکەڵاوی و چۆنێتیی گەمەی سیاسیی پارتییە کوردییەکان لەگەڵ یەکتردا، نەبوونی هێز لە لایەن کوردەوە و کایەکردن بە ڕیتوریای سیاسی بە مەبەستی لە شەرعیەت خستنی لایەنی ڕکەبەری خۆیانەوە هەیە. ئەم ڕیتوریا سیاسییە لە یەکەم هەنگاودا وای کردووە، دووانەیەکی هەڵەی چەپ و ڕاست، وەک بەشێک لە شوناسی “کوردبوون” لە بەستێنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردووی نزیکدا بخوڵقێنێت کە کەمترین نزیکایەتی لەگەڵ واقیعی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە و هاوکات “ئەویترەکەی” نەک دەوڵەتی “سەروەر”ە، بەڵکو “ئەویتری کورد”ە وەک هێزێکی ڕکابەر. ئەمە لە کاتێکدایە کە “مافی چارەی خۆنووسین” زۆرتر لەناو پەیرەو و پرۆگرامی پارتییە کوردییە– چەپەکاندا پێداگریی لەسەر کراوە و هەر بۆ نموونە، حیزبی دیموکراتی کوردستانیش کە وەک حیزبێکی چەپ پێناسەی کراوە و بەپێی دەقەکانیش، قاسملۆ؛ لەسەر دیموکراسیی ڕادیکال، وەک بەشێک لە پرۆسەی تێکەڵاوبوون بە پرۆسەی سیاسی و وەدەستهێنانی “سەروەریی سیاسی” کورد، پێداگریی کردووە.
وەک دەرەنجام
تا ڕۆژی ئەمڕۆکە، دەقە سیاسییەکان، زۆربەی توێژینەوە و مشتومڕە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە دیاردەی نەتەوە–دەوڵەت، یان کەوتوونەتە ناو بازنەی ســەلماندنی لەپێشتربوونی یەکێک لەم دوو پێکهاتەیە، یان بەردەوام پرسیار لە بایەخی نۆرماتیڤی نەتەوە– دەوڵەت دەکەن. ئەوە لەناو ئەدەبیاتی سیاسیی کورد، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام کاکڵی ئەم ئارگیۆمێنتانە، وەک بابەتێکی شاراوە، لەژێر ناوی “سەروەریی سیاسی”، وەک “هەلومەرجی لەدایکبوون”ی ئەم بەڵگاندنە، کە کەم و زۆر پەیوەندیی بە جوگرافیا، ئابووری سیاسی، مافەکانی دەستبەسەرداگرتن، موڵکایەتیکردن، پرسی شوناس و لە سەرووی هەموویانەوە پرسی “سەپاندنی هێز” وەک ماتریکسێک هەیە، ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش، پەیوەندیی نێوان خاک و شوناس، بەپێی دۆخی جوگرافیای سیاسی کوردستانەوە، کەمتر لێی کۆڵراوەتەوە یان وەک لایەنی نۆرماتیڤ، سەرنجی لەسەر دراوە و ئەم بەشە لە خاک یان ناوچەیەک، وەک ڕێگەی دەسپێکی دابەشکردن و کۆنترۆڵی سیاسی چالاکی دەکات، نەهاتۆتە ناو ئەم لێکدانەوانە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا، نووسەران و ئێلیتی سیاسیی کورد، وەک ئایدیالێکی سیاسی، حەزیان لەوەیە کوردستان وەک جوگرافیایەکی دانەبڕاو و سەقامگیر لەناو نووسینە سیاسییەکانیاندا وێنا بکەن. سەرەڕای هەبوونی زۆر لایەنی کولتووری و سایکۆلۆژیکی هاوبەشیشەوە، بەڵام ڕیالیتەی سیاسی جیهانی مودێڕن، دژوازییەکانی ئەم جۆرە نیگایە، کە خۆی ئاوێتەی لایەنی دیرۆکی، جوگرافی و سیاسییە، ئەم شێوازە لە بەڵگاندنە تووشی لاوازی دەکات.
ئیلیتی سیاسی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێی خۆش بێت یان نا، چەمکی سەروەریی سیاسی، بەپێی ژێرخانی جوگرافی–یاسایی و سیاسیی خۆیەوە، پانتاییەکی سنووردارکراوی ژێر کۆنترۆڵی کۆمەڵێک مرۆڤە کە لە دەرەنجامی سەپاندنی هێزی سیاسیی وەک دەوڵەت پێناسە دەکرێت. هەر بۆیە دەوڵەت/ نەبوونی دەوڵەت (دۆخی کورد) بەرهەمێکی دیرۆکییە و لە دەرەنجامی زۆر هۆکاری ناوخۆی کۆمەڵگای کوردی و دۆخی داسەپاو بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا و لەژێرکاریگەریی کەشی تەکووزی جیهانییەوە، هاتووەتە ئاراوە. بەڵام نووسراوەی ئیلیتی سیاسی کورد، بە گرتنەبەری ڕێچکەی ریتوڕیای سیاسی، لەبەرچاونەگرتنی دوو چەمکی جوگرافیا–هێز، وەک زنجیرەیەک لە تەکنۆلۆژیا سیاسییەکان، سەیری ئەم پرۆسەیە ناکات. ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو ئەدەبیاتی سیاسیی بەشێک لە ئیلیتی سیاسیدا ڕەنگی داوەتەوە، بە دوور بووە لە ڕاڤەی شێوازەکانی دەرکەوتن و لەدایکبوونی مافەکانی بەکارهێنان، دەستبەسەرداگرتن و موڵکایەتیکردنی شــوێنێک؛ هەر بۆیە شرۆڤەکان یان بە تەنیا وەک پرسێکی بەرتەسکی سیاسی–ستراتیژی کە پەیوەندیی بە چەمکی پارچەزەوییەکی قەتیسکراوەوە هەبێ، ڕەنگی داوەتەوە؛ یان لە چوارچێوەی ڕیتۆریکی سیاسیدا ماوەتەوە. واتە پرسی ستراتیژیکی تەکنۆلۆژیا سیاسییەکان، وەک بەستێنە جیاوازە مێژوییەکان بەتەواوەتی پشتگوێ خراوەە.
خاڵی دووهەم، چەمکی نەتەوە–دەوڵەتە کە پێویستە لە دەرەوەی دروشمی سیاسییەوە ئاوڕی لێ بدرێتەوە؛ ورووژاندن و باسکردن لە سەر ڕوخساربەندی دەوڵەت، وەک بەکارهێنانی هێزێک، کە هەرێمێکی جوگرافیی دیاریکراو و پێناســەکراو بەڕێوە ببات و کۆنترۆڵی بکات، پێش جومگەبەندیکردنی بیرۆکەی نەتەوە، وەک بەشێک لە تەکنۆلۆژیای سیاسی بووە؛ بۆ نموونە، لە ئێرانی سەدەکانی ناوەڕاست، ئەگەرچی تورکەکان، بە زنجیرە حکوومەتە یەک لەدوای یێکەکانی وەک غەزنەوەی، سەلجووقی، خارەزمشاهی و… دەسەڵاتیان هەبووە، بەڵام تەکنۆلۆژیا سیاسییەکانی دواتر، ئەم دەسەڵاتدارییانە و ئەوانەی دواتریشیان هەر وەک حکوومەتێکی ناوەندی “ئێرانی”، هەڵبەت دوای پیکهاتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێراندا، پێناسە کردووە. لە دوای سەردەمی مۆدێڕنە کە گرووپە ئەتنیکییە سەربەخۆخوازەکانی دیکەش، وەک ئەڵمانییەکان و ئیتالییەکان (Raeff, 1983) و دوای هەموویان کوردەکان، لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە مەبەستی ئەوەی کە دەوڵەتێک بتوانێت نوێنەرایەتیی ئەوان بکات لەناو دەڤەرێکی جوگرافیی تایبەتدا، دەوڵەت پێک بێنن. ئەگەرچی ئاڵۆگۆڕەکانی ساڵی ١٩٨٩، لە ئەورووپای ناوەندی و سۆڤییەت، دەروازەی زنجیرە باسوخواسێکی زۆری لەسەر تێگەشتنەکان سەبارەت بە مافی “سەروەریی سیاسی بەسەر پارچەیەک لە خاکدا” کردۆتەوە، بەڵام هاوکات سنوورەکانیش گرنگییەکی زۆرتریشیان وەدەست هێنا (Breuilly 1993). بە لە بەرچاونەگرتنی ئەم خاڵەش، لەناو نووسراوەی ئیلیتی سیاسیی کورد، پارادۆکسێکی لەناو دیسکۆرسی ئیلیتی خوێندەوار– خوڵقاندووە. دیارە دەکرێ چەند خاڵی تریش، وەک دەرەنجامی گەشە و گۆڕانی ڕەوتی شوناسی کوردی بەپێی چەمکی سەروەریی سیاسی و کاریگەریی جوگرافیاوە ئاماژەی پێ بکرێت، بەلام ئەوەی خاوەن گرینگییە، دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ڕوونانی دیسکۆرسێکی سیاسییە کە حیزبەکان بتوانن، بێ ئەوەی بکەونە ناو گێژاوی بەڵگاندنە ئاکادیمییە جیاوازکانەوە، یان گەشەی ناڕێکی پرسی شوناس لە ڕەنگی ریتوریایێکی تەواو سیاسی، ویست و کردەی سیاسی خۆیان بە بەربڵاویێکی بەرفرەترەوە، لەسەر بنەمای مێکانیزمەکانی هێز جومگەبەندی بکەن.
پەراوێزەکان
- Space
- politicus de facto, & capitibus majestatis agit
سەرچاوەکان
Giddens Anthony, “A Contemporary Critique of Historical Materialism”, vol. 1, Power, Property and the State (London: Macmillan, 1981), 5–6, 11; see Anthony Giddens, The Nation-State and Violence, vol. 2 of A Contemporary Critique of Historical Materialism (Berkeley: University of California Press, 1987), 120.
John Breuilly, “Sovereignty and Boundaries: Modern State Formation and National Identity in Germany,” in National Histories and European History, ed. Mary Fulbrook (London: UCL Press, 1993), 94–140.
Rousseau Jean Jacques, “Discourse on the Origin and Foundation of Inequality,” in Jean-Jacques Rousseau, The Discourses and Other Early Political Writings, ed. Victor Gourevitch (Cambridge: Cambridge University Press, 1997).
John Agnew, Hegemony: The New Shape of Global Power (Philadelphia: Temple University Press, 2005), 42.
Robert D. Sack, “Homo Geographicus”: A Framework for Action, Awareness and Moral Concern (Baltimore: Johns Hopkins University Press, 1997), 272n1.
Claude Raffestin, “Repères pour une théorie de la territorialité humaine,” in Réseaux territoriaux, ed. Gabriel Dupuy, Georges Amar, and Bernard Barraque, 263–79 (Caen: Paradigme, 1988), 264.
Foucault Michel, “Questions à Michel Foucault sur la géographie,” in Dits et écrits, 1954–1988, vol. 3, ed. Daniel Defert and François Ewald (Paris: Gallimard, 1994), 32; and Michel Foucault, “Questions on Geography,” trans. Colin Gordon, in Space, Knowledge and Power, ed. Jeremy Crampton and Stuart Elden (Aldershot, UK: Ashgate, 2007), 176
Bacon Francis, “The Works of Francis Bacon”, ed. James Spedding, Robert Leslie Ellis, and Douglas Denon Heath, 7 vols. (London: Longmans, 1862–72), 6:445
J. Torrance Kirby, “Richard Hooker, Reformer and Platonist” (Aldershot, UK: Ashgate, 2005), ix; see W. D. J. Cargill-Thompson, “The Philosopher of the ‘Politic Society’: Richard Hooker as a Political Thinker,” in his Studies in the Reformation: Luther to Hooker, ed. C. W. Dugmore, 131–91 (London: Athlone Press, 1980).
Stuart Elden, “The Birth of Territory”, the university of Chicago press, 2013
Elden, ‘Missing the Point: Globalization, Deterritorialization and the Space of the World’, Transactions of the Institute of British Geographers 30 (2005) pp. 8–19.
Ernest Gellner,1994. “Nations and Nationalism”. Oxford: Blackwell.
Marc Raeff, “The Well-Ordered Police State”: Social and Institutional Change through Law in the Germanies and Russia, 1600–1800 (New Haven, CT: Yale University Press, 1983).