٠١ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک
ئێمە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک، بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری زانست و مەعریفە لەسەر کوردستان و پرسی بەربڵاوتری کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێدەکۆشین. تیشک لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری کۆڵن لە وڵاتی ئاڵمان دامەزراوە، ڕێکخراوێکی ناحکومی و قازانج نەویستە و پابەندی لێکۆڵینەوەی ورد و زانستییانەی بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانە.
٠٢توێژینەوەی زانستی و ئاکادێمی
ئامانجی ناوەندی تیشک، ئەنجامدان و پەرەپێدانی توێژینەوەی ئاست بەرز لە بابەت لێکۆڵینەوەی کوردی و پرسە پەیوەندیدارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئێمە لە ڕێگەی توێژینەوەکانمانەوە هەوڵ دەدەین بەقووڵی و بەوردی لە نەتەوەی کورد، مێژوو، کولتوور و زمانەکەی بکۆڵینەوە و بابەتەکان بە شێوەیەکی زانستییانە شەنوکەو بکەین. ئێمە لە زانست و زانیاریی ئاکادێمیدا بەشدار دەبین و هەوڵ دەدەین تێڕوانینی بەنرخ بۆ پسپۆڕان و شارەزایانی سیاسەت، لێکۆڵەران و ڕای گشتی پێشکەش بکەین.
٠٣ئەرکی ئێمە
ئاوڕدانەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر گەشەپێدانی دێموکراسی، سەقامگیرکردنی مافی مرۆڤ، پرسی جێندەری، پرسی ژنان، مافی چارەی خۆنووسین، نابەرابەریی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ژینگەیی لە ئێران و کوردستان، بە هەر کام لە زمانەکانی کوردی، ئینگلیسی، ئاڵمانی و فارسی بناغەی کاری ناوەند دەبێت.
ئامانجی ناوەندی تیشک، توێژینەوە و تاوتوێی زانستییانەی لێکۆڵینەوەی کوردی و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە، تێگەیشتنێکی قووڵ و زانستییانەی پرسی کورد، مێژوو، کولتوور، زمانی کوردی و کێشەکانی ئێستا بدات بەدەستەوە.
٠٤کۆمەڵگە ئاکادێمییەکان
ناوەندی تیشک هاوکاریی بەرەوپێشبردنی زانست و چارەسەریی کێشە ئاڵۆز و سەرەکییەکان دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کاری هاوبەش لەگەڵ زانکۆکان و دامەزراوە توێژینەوەیییەکان، هاوکاریی ئاکادێمیی ئەو ڕێکخراوانە بکات کە لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چالاکن. لە ڕێگەی پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان زانستەکان و هاوبەشکردنی سەرچاوەکانەوە، ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاست، چۆنایەتی و کاریگەریی توێژینەوەکان لەم بوارانەدایە.