لە سڕینەوەوە بۆ خەمساردی:لە درێژەی وتاری «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە».
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- هیوا تاسە
- بڵاوکراوەتەوە لە
- بلاگی ژیانەوە
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ئەنستیتۆ
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 18/10/2026
- زمان
- کوردی
تاسە، هیوا (2026). لە سڕینەوەوە بۆ خەمساردی:لە درێژەی وتاری «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە». بلاگی ژیانەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
پێشەکی
کوردستان ئەمڕۆ لە دۆخێکی سیاسیی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت. بەهۆی ڕووداوەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە فەزای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مشتومڕێکی گەرم لەسەر پەیوەندیی نێوان حیزب و جەماوەر دروست بووە. بەگشتی چاوەڕوان دەکرێت لە دۆخی قەیراندا ناکۆکی و جیاوازییەکان کەم ببنەوە، بەڵام ئەو دۆخەی لە دەرئەنجامی شەڕەکەوە دروست بووە، ئاراستەیەکی پێچەوانەی گرتووە. بە بۆچوونی من، وتاری کاک فاتح سەعیدی، «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە»، پرسیارێکی یەکجار گرنگی هێناوەتە ناو مشتومڕەکەوە: ئایا ڕەخنەگرتن لە حیزبەکان، کاتێک ئامانجەکەی تەنیا سڕینەوەیان بێت، هێشتا ڕەخنەی سیاسییە، یاخود خۆی جێی سیاسەتی گرتووەتەوە؟
کاک فاتح بۆ وەڵامدانەوە کەڵکی لە بیرۆکەکەی ئاڵبێرت هیرشمەن وەرگرتووە. بەپێی ئەم بیرۆکەیە، کاتێک ئەندامانی ڕێکخراوەیەک لە کارکردن یان ئاراستەی ڕێکخراوەکە ناڕازی دەبن، سێ جۆر پەرچەکرداریان لێ چاوەڕوان دەکرێت: بەجێهێشتن، واتە ڕێکخراوەکە بەجێ دەهێڵن؛ دەنگهەڵبڕین، واتە دەمێننەوە و هەوڵی چاکسازی دەدەن؛ وە وەفاداری، واتە دەمێننەوە و بەهیوای باشتربوونی دۆخەکە چاوەڕوان دەبن. دواتر خۆی جۆرێکی دیکەی پێ زیاد کردووە، کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە دەوری حیزبەکان دەمێننەوە و سەرقاڵی پەراوێزەکانن. ئەم نووسینە ڕەخنە لە وتارەکەی کاک فاتح نییە. بەپێچەوانەوە، وتارەکەی ئەو وەک خاڵی دەستپێک دادەنێم و هەوڵ دەدەم لە گۆشەیەکی دیکەوە سەیری هەمان بابەت بکەم. دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر گرووپێک کە لە باسەکانی ئێستادا کەمتر دەبینرێت: ئەو کەسانەی بەرامبەر بە دۆخی حیزبەکان خەمساردن. بەبڕوای من ئەم گرووپە گەورەترن، و نەبینرانیان بۆ داهاتووی سیاسەتی کوردی لە ڕۆژهەڵات مەترسیدارترە. بەڵام با سەرەتا لەو جۆرە چوارەمە دەست پێ بکەین کە کاک فاتح خۆی دیاری کردووە.
دەنگە بەرزەکان و خەمساردەکان
کاک فاتح بەجوانی باسی ئەو کەسانەی کردووە کە نە حیزبیان بەمانای ڕاستەقینە بەجێ هێشتووە، نە بەشێوەیەکی بەرهەمدار دەنگ هەڵدەبڕن، و نە وەفادارن. ئەوان لە دەوری حیزبەکان دەسووڕێنەوە و بە ڕەخنەی بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئیعتبار بۆ خۆیان دروست دەکەن. ئەم وێنەیە ڕاستە و پێویستە ببینرێت. هەموومان ئەم دەنگانەمان بینیوە و دەزانین چەندە دەتوانن بەسەر مشتومڕ لە فەزای سیاسیدا زاڵ بن. بەڵام بە بۆچوونی من، ئەم گرووپە لەڕووی چەندایەتییەوە گرووپێکی گەورە نین. ئەوانەی سەرقاڵی پەراوێزەکانن، بەبەراورد لەگەڵ تەواوی ئەو خەڵکەی جاران چاویان لە حیزبەکان بوو و ئێستا بەهر هۆکارێک خەمساردییان پێوە دیارە، گرووپێکی بچووکن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا دەکەن دەنگی بەرز گەورەتر لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی دەربکەوێت. هەر بۆیە ئەگەر تەنیا سەیری ئەو شتە بکەین کە لە فەیسبووک، ئینستاگرام و تێلێگرامدا دەبینرێت، ئەگەری ئەوە هەیە بەشی گەورەتری وێنەکە لەبیر بکەین. کەواتە ئەوانەی نابینرێن کێن؟
لەپشت ئەو دەنگە بەرزانەوە، گرووپێکی زۆر گەورەتر هەیە کە بەرامبەر بە وەزعیەتی حیزبەکان خەمساردن. ئەمانە ڕەخنە ناگرن، پشتگیری ناکەن و بەئاشکراش حیزبەکان بەجێ ناهێڵن. تەنیا دوور کەوتوونەتەوە. ئەم گرووپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیار نین، چونکە ناگەڕێن و ناکەونە ناو مشتومڕەوە. هەر بۆیە کەمتر باسیان لێوە دەکرێت و کەمتر دەبینرێن.
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە خەمساردی تەنیا تایبەت بە کەسانی دەرەوەی حیزب نییە. ئەم گرووپە دەشێت ئەندامی حیزبیش بن. ئەندامێک کە ناوی لە لیستەکاندا ماوە، بەڵام ئیتر بەدڵ لە کارەکاندا بەشدار نییە؛ کۆبوونەوەکان بە ڕۆتین تێدەپەڕێنێت، چاوەڕوانیی هیچ گۆڕانێکی نییە و بۆی گرنگ نییە بڕیارەکان چۆن دەدرێن. ئەم جۆرە ئەندامە لەڕووی فەرمییەوە هێشتا لەناو حیزبدایە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە زۆر لەمێژە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ حیزب و سیاسەت لە کوردستان نەماوە.
لە ئەدەبیاتی دوای هیرشمەندا، کاریل ڕوزبۆڵت (Caryl E. Rusbult) و هاوکارانی ئەم حاڵەتەیان وەک جۆرێکی جیاواز لە پەرچەکردار ناساندووە و ناویان ناوە پشتگوێخستن (neglect): مانەوەیەکی ناچالاک کە بەو ئاراستەیەدا دەڕوات کە پەیوەندییەکە وردە وردە بپچڕێت. جیاوازیی سەرەکیی ئەم حاڵەتە لەگەڵ ئەوانەی سەرقاڵی پەراوێزەکانن ئەوەیە کە پەراوێزنشینەکان چالاکن، بەڵام ئەوانەی پشتگوێخستن یان خەمساردی هەڵدەبژێرن ناچالاکن. پەراوێزنشینەکان دەنگیان هەیە و خەمساردەکان بێدەنگن. بەڵام ئەم خەمساردییە چۆن دروست دەبێت؟
خەمساردی لە ئان و ساتێکدا دروست نابێت. زۆرجار بەرهەمی پرۆسەیەکی درێژە لە گرنگینەدان بە سیاسەتی حیزبی بەگشتی. کەسێک کە چەند جار بینیویەتی ڕەخنەکەی بێوەڵام ماوەتەوە، یان بڕیارەکان بەبێ ئەو دراون، یان هیوایەکی گەورەی بە گۆڕانکاری هەبووە و نەهاتووەتە دی، وردە وردە ئاستی چاوەڕوانییەکانی دادەبەزێنێت. لە سەرەتادا ڕەنگە تووڕە بێت. دواتر ماندوو و دڵسارد دەبێت. لە کۆتاییدا تەنیا خەمسارد دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، پەراوێزنشینەکان و خەمساردەکان دەکرێت دوو قۆناغی جیاوازی یەک ڕێگا بن. ئەو کەسەی ئەمڕۆ بە تووڕەیییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنووسێت، ئەگەر هیچ وەڵامێک وەرنەگرێت و هیچ ڕێگەیەکی بۆ کاریگەری نەبینێت، دەشێت سبەی بێدەنگ بێت. واتە مەترسیی ڕاستەقینە تەنیا لە تووڕەییدا نییە، بەڵکوو لەو شتەدایە کە دوای تووڕەیی دێت. ئەمە ئەو پرسیارەمان دەخاتە بەردەم کە ئایا پەیوەندیی پەراوێزنشینەکان لەگەڵ حیزبەکان بەتەواوی پچڕاوە؟
پێم وایە ئەوانەی سەرقاڵی پەراوێزەکانن، هێشتا شتێک لەناو ئەو حیزبانەدا شک دەبەن. ئەگەر هیچ شتێکیان لەوێ نەمابایە، بۆچی ئەو هەموو کات و وزەیە بۆ باسکردنی حیزبەکان تەرخان دەکەن؟ کەسێکی بەڕاستی خەمسارد نە دەنووسێت و نە دەگەڕێت. تووڕەیی زۆرجار نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکە هێشتا زیندووە، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی نەرێنی بێت. ئەمە دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت. ئەگەر مێکانیزمێک هەبێت، ئەم وزەیە دەتوانێت بگۆڕدرێت بۆ ڕەخنەیەکی بەرهەمدار. ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە دەرەوە هێرش دەکات، ئەگەر بزانێت لە شوێنێکدا قسەکەی دەبیسترێت و دەتوانێت شتێک بگۆڕێت، دەکرێت ببێتە یەکێک لەو دەنگانەی کە ڕەخنەی بەرپرسیارانە دەگرێت. واتە پەراوێزنشینی هەمیشە کۆتاییی ڕێگا نییە؛ دەکرێت قۆناغێکی کاتی بێت، بەمەرجێک ڕێگەیەک بۆ گەڕانەوە هەبێت. لێرەدایە کە جیاوازی هەیە لەگەڵ هەندێک ڕەخنە کە بەتەواوی بونیاد و ئەساسی حیزبەکان ڕەت دەکەنەوە. بێگومان مەبەستی ئەم وتارە ئەو جۆرە ڕەخنەیە نییە.
حیزب و هاتووچۆی ئەندامان لە نێوان جۆرەکانی پەرچەکرداردا
لێرەدا دەگەمە خاڵێک کە چەقی ئەم باسەیە. فەراهەمکردنی بەستێنی گۆڕانی ئەو وزەیە بۆ ڕەخنەی بەرپرسیارانە، بەدەرەجەی یەکەم بەرپرسیاریەتیی حیزبە. مەبەستم ئەوەیە کە حیزب بەڕادەیەکی زۆر دەتوانێت دیاری بکات کە ئەندامان و لایەنگرانی چۆن لەنێوان ئەو جۆرانەی پەرچەکرداردا هاتووچوو بکەن.
بەجێهێشتن، دەنگهەڵبڕین، وەفاداری، پەراوێزنشینی و پشتگوێخستن خانەگەلێکی جێگیر نین کە خەڵک بۆ هەمیشە تێیاندا بمێننەوە. خەڵک لەنێوانیاندا دەجووڵێن، و ئاراستەی ئەم جووڵەیە بەستراوەتەوە بەوەی ڕێکخراوەکە چۆن لەگەڵ ئەم پرسە هەڵسوکەوت دەکات. ئەگەر حیزب کەناڵی ڕوون و ڕاستەقینەی بۆ دەنگهەڵبڕین هەبێت، بەشێک لە پەراوێزنشینەکان دەگەڕێنەوە بۆ دەنگهەڵبڕین. ئەگەر بڕیارەکان بەئاشکرا ڕوون بکرێنەوە و ئەندامان هەست بکەن بەشدارن، بەشێک لە خەمساردەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ وەفاداری یان دەنگهەڵبڕین. بەڵام ئەگەر هەموو دەرگاکان داخراو بن، جووڵەکە تەنیا بە یەک ئاراستەدا دەبێت: لە دەنگهەڵبڕینەوە بۆ پەراوێز، و لە پەراوێزەوە بۆ پشتگوێخستن.
ئەم مێکانیزمانە دەشێت سادە بن: کۆبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ لایەنگران، وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ بە ڕەخنەکان، دانپێدانان بە هەڵەکان، و دروستکردنی شوێنێک کە تێیدا جیاوازیی بۆچوون وەک خیانەت سەیر نەکرێت. یەکێکی دیکە لەم مێکانیزمانە کردنەوەی ڕێگەیە بۆ گەنجان، ژنان و خوێندکاران تا بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بگەنە ئاستەکانی بڕیاردان و ببنە بەشێک لە داڕشتنی سیاسەتی حیزب، نەک تەنیا بەشێوەیەکی نمادین یان بۆ پڕکردنەوەی لیستەکان. ئەم گرووپانە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات پێکدەهێنن، و ئەگەر هەست بکەن جێگەیان لەناو حیزبدا نییە، زیاتر لە هر کەسێکی دیکە ئەگەری ئەوە هەیە بەرەو خەمساردی بچن. هیچ کام لەم مێکانیزمانە پێویستی بە سەرچاوەی زۆر نییە، بەڵام پێویستیان بە ئیرادە هەیە. بەڵام بۆچی ئەم پرسە بۆ ڕۆژهەڵات، بەتایبەت لە ئێستادا، ئەوەندە گرنگە؟
بەشێکی گرنگی وتارەکەی کاک فاتح ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی، کە خاوەنی دەوڵەت، پەروەردە، میدیا و دامودەزگای ئەمنییە، هەوڵ دەدات نیشانی بدات هیچ ڕێکخراوەیەکی کوردی شایەنی متمانە نییە و باشترە هەر تاکێک ڕێگەی خۆی بگرێتە بەر. کۆمەڵگایەک کە لە تاکی ناڕازیی بێڕێکخراوە پێکهاتبێت، مەترسیی کەمتری بۆ سەر دەوڵەت هەیە. ئەگەر ئەم بۆچوونە وەربگرین، ئەوا گرووپی خەمسارد ڕێک ئەو دەرەنجامەیە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی چاوەڕوانی دەکات. ڕەخنەگری تووڕە، هەرچەندە ڕەنگە ئیعتباری حیزبەکان کەم بکاتەوە، هێشتا خەمی پرسی کوردی هەیە و هێشتا لەناو مەیدانی سیاسەتی کوردیدایە. بەڵام کەسێک کە بەتەواوی خەمسارد بووە، نە خەمی حیزبی هەیە و نە لەوانەیە خەمی پرسە بەکۆمەڵەکانیش.
ئەو دەکشێتەوە بۆ ژیانی تاکەکەسی، و بەم شێوەیە، بێئەوەی خۆی بیهەوێت، دەبێتە بەشێک لەو کۆمەڵگا پەرشوبڵاوەی کە دەوڵەت بەئاسانی بەڕێوەی دەبات.
هەر بۆیە پێم وایە ئێستا گەورەترین مەترسی خەمساردییە، و پێویستە ئاوڕی جیددی لێ بڕێتەوە. ئەگەر باسی پەرشوبڵاوبوونی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دەکەین، ئەوا هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئاوڕ لەوانە دەدەینەوە کە تا ڕادەیەک بەردەنگ و تریبوونیان هەیە، دەبێت گرنگی بەوانەش بدەین کە بەجۆرێک خەمساردییان هەڵبژاردووە. لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی دێتە پێشەوە: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە چی دەکرێت؟ ئەگەر ئەم شیکارییە دروست بێت، چەند پرسیار هەن کە نەک تەنیا حیزبەکان، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی خەمی داهاتووی سیاسەتی کوردییان هەیە، پێویستە بەجیددی بیریان لێ بکەنەوە.
یەکەم ئەرک ناسینی خەمساردەکانە: ئەم گرووپە کێن؟ گەنجن، ئەندامی کۆنن، خەڵکی ناوخۆن یان تاراوگە؟ کەی و بۆچی دوور کەوتوونەتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێویستی بە توێژینەوەی مەیدانی هەیە، نەک تەنیا چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. دوای ئەوە، پێویستە ڕێگەی گەڕانەوە بکرێتەوە و بپرسین چ شتێک دەتوانێت کەسێکی خەمسارد بگەڕێنێتەوە بۆ بەشداری. لەوانەیە وەڵامەکە لەناو حیزبەکاندا نەبێت، بەڵکوو لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کۆڕە ڕۆشنبیرییەکان، و تۆڕەکانی ژنان و خوێندکاراندا بێت. لە کۆتاییشدا، پێویستە ئەو وزەیەی پەراوێزنشینەکان هەیانە، پێش ئەوەی بگۆڕدرێت بۆ پشتگوێخستن، بەرەو ئاراستەیەکی بەرهەمدار ببرێت، بۆ ئەوەی تووڕەییەکەیان ببێتە دەنگهەڵبڕینێکی کاریگەر.
وتاری «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە»، دەرگایەکی گرنگی بۆ بیرکردنەوە کردووەتەوە، و سەرنجی خستووەتە سەر مەترسیی سیاسەتێک کە تەنیا لە سڕینەوە پێكدێت. ئەم نووسینە ویستی لە هەمان دەرگاوە بچێتە ژوورەوە، بەڵام سەیری گۆشەیەکی دیکە بکات. پەراوێزنشینەکان بەشێکی ڕاستەقینەی دۆخی ئەمڕۆی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتن. بەڵام لەڕووی چەندایەتییەوە گرووپێکی بچووکن و هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ حیزبەکان نەبڕاوە. گرووپی گەورەتر و مەترسیدارتر ئەو خەمساردانەن کە پشتگوێخستنیان هەڵبژاردووە. ئەمانە دیار نین، و دەشێت تەنانەت ئەندامی حیزبیش بن. هاتووچۆی خەڵک لەنێوان ئەم جۆرانەی پەرچەکرداردا بەڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی حیزبەکان لەگەڵیاندا، و هەر بۆیە بەرپرسیاریەتیی یەکەم لە ئەستۆی حیزبەکانە. ئەگەر ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە کۆمەڵگایەکی پەرشوبڵاو قازانج دەکات، ئەوا گرنگترین ئەرکی سیاسەتی کوردی لە ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە نەهێڵێت خەمساردی ببێتە دۆخی ئاسایی.
بۆ خوێندنەوەی وتاری “کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە“، لەسەر ئەم لینکە کرتە بکە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
