بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

حیزب مرد، بژی حیزب(لەنێوان مانەوە و نەمانی حیزبدا)

The party is dead, long live the party (between the survival and disappearance of the party)
حیزب مرد، بژی حیزب (لەنێوان مانەوە و نەمانی حیزبدا)

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ئارام کەیخوسرەوی
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/10/24
زمان
کوردی


دەنگێک لە سۆشیالمیدیای کوردیدا هەیە، بەردەوام مژدەی ئەوەمان پێ دەدات کە گوایە “سەردەمی حیزبایەتی لە کوردستان بەسەرچووە” و لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردستان دەکەوێتە قۆناخی پاش حیزبایەتییەوە. سێ دەستە پێشوازییەکی بەرچاو لەم بابەتە دەکەن. یەکەم، ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیی کورد، دووەم، ئاڵاهەڵگرانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئینتگراسیۆنخواز، و دەستەی سێیەم کە لەم دوایییانەدا زیاتر هاتوونەتە نێو ئەم مەیدانەوە، بەشێک لەو کەسانەن کە خۆیان لەژێر ناوی سەربەخۆییخواز دەناسێنن.
ئامانجی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی ڕوونە، ئەوان لە ساڵانی پێشووشدا و بەتایبەت پاش دووی جۆزەردانی ١٣٧٦ی هەتاوی کە بەرەی ڕێفۆرمخوازی لە ئێران هاتە سەر کار، لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە خەباتی سیاسیی حیزبە کوردییەکان تەواو بووە و چی دیکە ئیمکانی درێژەدانیان نییە، ئەگەریش ئیمکانێک هەبێت، ئەوە درێژەدانیان دروست نییە. ئارگیۆمێنتی سەرەکیی ئەوان ئەوە بوو هەبوونی حیزبی کوردی دەبێتە هۆی بەئەمنییەتیکردنی کوردستان و پێش بە ئاودانی و بووژانەوەی کۆمەڵگەی کوردی دەگرێت.
دەستەی دووەم ئەو کەسانەن کە لەم ساڵانەدا لەژێر ناوی جۆراوجۆر خۆیان ناساندووە. لە فرەییخوازی، دیموکراسیی ڕادیکاڵ، تێپەڕین لە دیواری ئیتنیکی و دژایەتیی هەرچەشنە نەزمێکی هێرەمی و تا دەگاتە ئینتگراسیۆنخوازان لە خۆ دەگرێت. ئەم دەستەیە بە خوێندنەوەیەکی پۆست‌مۆدێرنیزمی دژی هەرچەشنە نەزمێکی هێرەمی کوردین و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لە دۆخێکی ئانارشیستی و هەرەوەزی دەکەن. چەقی باسی ئەم دەستەیە کۆمەڵگەی مەدەنییە و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەگەرچی خۆشیان لە نێو پێکهاتەیەکی حیزبیدا کار دەکەن، بەڵام نەمانی، بە تەعبیری ئەوان، حیزبی کلاسیک و یەک لەوان حیزبی دیموکرات، دەتوانێت لەو ئامانجە نزیکیان بکاتەوە.
دەستەی سێیەمیش پێیان وایە مێژووی حیزبایەتی لە کوردستان دژی پرسی سەربەخۆییی کوردستان بووە و نەمانی حیزب لە کوردستان دەرگا بۆ سەربەخۆییخوازانی کۆمەڵگا دەکاتەوە و بزاڤی سەربەخۆییخوازی لە نەبوونی حیزبەکاندا بووژانەوەیەکی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت.
وەک دیارە، هەر سێی ئەم دەستەیە گرنگیی تەواو بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنێن، ئەگەرچی جۆری خوێندنەوەیان بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەنگە جیاواز بێت. ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتی بەئەگەری زۆر مەبەستی لە کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییەکی کۆنترۆڵکراو لە کاروباری سیاسیی نێو کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئینتگراسیۆنخوازان زیاتر بابەتی کۆمەڵایەتی و نەمانی دیواری ئیتنیکی و پرسی فەرهەنگی و تێکەڵاوی و خۆتواندنەوە لە نێو کۆمەڵگەی سەردەست بۆیان گرنگە. دەستەی سێیەمیش کۆمەڵگەی مەدەنی تەنیا ئەو دەنگە دەزانێت کە خۆی وەک کوردستانی و دژەئێرانی دەناسێنێت.
پێچەوانەی ئەو گەشبینییەی هەندێک لە سەربەخۆییخوازانی کورد کە پێیان وایە بە نەمانی حیزب ڕێگە بۆ سەربەخۆییخوازی دەکرێتەوە، من پێم وایە نەمانی حیزب لە بەرژەوەندیی ئینتگراسیۆنخوازان و بەرەی ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتیدایە. لاوازی یان نەمانی حیزب، ئەگەر جێگرەوەیەکی بەهێز و ڕێکخراو لە ئارادا نەبێت، دەتوانێت کوردستان بەرەو بزاڤێکی بێسەر بەرێت؛ چونکە کۆمەڵگەی مەدەنی، یان بەگشتی خەڵک، یەکەیەکی یەکگرتوو نین. کۆمەڵگەی مەدەنی چەندە دەتوانێت بەشی سەربەخۆییخوازی تێدا بێت، هەر ئەوەندەش دەتوانێت ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتی و ئینتگراسیۆنخوازی تێدا جێ ببێتەوە، کەوابوو هیچ تەزمینێک لە ئارادا نییە کە نەمانی حیزب بە مانای بەهێزبوونی سەربەخۆییخوازی بێت. بێجگە لەوە، لە نەبوونی جێگرەوەیەکی تۆکمە و ڕێکخراودا، نەمان یان لاوازیی حیزب دەتوانێت لاوازی و بێهێزیی بزاڤی نەتەوەییی کوردستانیشی لێ بکەوێتەوە، چونکە لە دۆخی بێسەریدا دروستکردنی ناوەندێکی دیکە یان هەرجۆرە جێگرەوەیەک کارێکی ئاسان نییە.
بەڵام کاتێک باسی دۆخی بێسەر دەکەین، باسی چ شتێک دەکەین؟
بزاڤی بێسەر بێڕێکخستن و بێئامانج نییە، بەڵام هیچ ناوەندێکی یەکگرتووی بڕیاردانی نییە. هەندێک لە بزاڤە نوێیەکان، بەو شێوەیەی مانوێل کاستێلز باسی دەکات، ئاکامتەوەریش نین؛ لە جیاتی ئەوەی لە دەوری ئامانجێکی سیاسیی دیاریکراو و نەزمێکی جێگرەوەدا کۆ ببنەوە، خودی پرۆسە و ڕەوتی بزووتنەوەکە دەبێتە ئامانج و مانای بزاڤەکە. کاستێلز بەشێک لە بزووتنەوە بێسەرەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی ئاوا دەبینێت. ئەمە جیاوازیی نێوان بزووتنەوە کلاسیکەکان و بزووتنەوە نوێیەکانە. لە بزووتنەوەکانی پێشوودا نەزمێکی سیاسیی جێگرەوە هەبوو، دووردیمەنێکی سیاسی و دیاریکراویان هەبوو کە لە ڕێگەی بەرنامە و پلانی حیزب و ڕێکخراوەکانەوە هەوڵیان دەدا بگەنە ئەو دووردیمەنە. بەڵام لە بزووتنەوەی بێسەردا نەزمێکی سیاسیی جێگرەوە و دیاریکراو نییە، مژار و سووژەی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت؛ فرەیی، فرەچەشنی، کۆدەنگی و گێڕانەوە گەورەکان دەشکێنێت.

لە کوردستان گێڕانەوەیەکی گەورە هەیە لە خەبات و پرسی کوردستان. نەزم و دووردیمەنێکی دیاریکراو هەیە کە خۆی لە چوارچێوەی ستاتۆیەک بۆ نەتەوەی کورد پێناسە دەکات. ئەم ستاتۆیە دەتوانێت دەوڵەت بێت یان دەتوانێت هەرێمێکی خودموختار و فیدراڵ وەک باشووری کوردستان بێت. مێژووی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان لە ژێر کاریگەریی ئەم گێڕانەوەیەدایە. تەنانەت پرسە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک پرسی ژنان و پرسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە نێو ئەم مەیدانە بەرینەدا یان ئەم گێڕانەوە گەورەیەدا تێهەڵکێش کراون. گێڕەوەی سەرەکیی ئەم گێڕانەوەیە حیزب بووە. لە دۆخی پێش ستاتۆیەکدا حیزب ناوەندێک و ئادرەسێکی دیاریکراوە کە دەکرێت لە هەڕەشە، تەنگانە و دەرفەتەکاندا شوێنێک بێت کە ڕووی تێ بکەی. ڕەنگە لە دۆخی پاش ڕزگاریدا لە کوردستان بزاڤی کۆمەڵایەتیی بێسەر و… هتد هەبێت، بەڵام لە دۆخی بێستاتۆیدا هیچ ئاوەزێکی ستراتیژیک، ڕێکخراوی هەشتا ساڵە لە پێناوی شتێکی گریمانەییدا لە داهاتوودا پەک ناکات؛ مەگەر ئەو کەسانەی هیچ باوەڕێکیان بە ستاتۆی کوردی نییە، وەک ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیی کورد کە لە ساڵانی پێشوودا هەوڵیان دەدا گێڕانەوەی گەورەی پرسی کوردستان بشکێنن و بابەتی کورد لە باس و بابەتی گەشەسەندن، نوێنەرایەتیی ئەقوام، مەزاهب، پارێزگاریی کورد و… هتد قەتیس بکەنەوە. بە هەمان شێوە، ئینتگراسیۆنخوازانیش دژی هەرچەشنە ستاتۆیەکی کوردین و باشترین بژاردە بۆیان نەمانی حیزب و هژموونی حیزبە.
بۆ ئەوەی لەم دۆخە گریمانەیییەی پاش حیزبایەتی تێبگەین، دەبێت ئاورێک لە حیزب لە کوردستان بدەینەوە. کاتێک دەڵێین حیزب، باسی چ شتێک دەکەین؟ بەم تێبینییەوە کە لێرە زیاتر مەبەستم حدکایە، ئەو تایبەتمەندییەی کە باسی دەکەم کەم و زۆر لە حیزبەکانی دیکەشدا هەیە، بەڵام حدکا بەرچاوترینیانە.
هەوڵی کورد بۆ دامەزراندنی کیانێکی سیاسی لە سەدەی ڕابردوودا شکستی هێنا، یان بە وتەی ڕەفیق سابیر، ئایدیای ناسیۆنالیستی لە بیر و زەینی ڕۆشنبیری کورددا بە پێچەوانەی نەتەوەکانی دراوسێ نەبوو بە واقع؛ واتە کورد نەبوو بە دەوڵەت. ئەمەش هۆکارێک بوو تا کورد لە نێو سێ ئایدیای ناسیۆنالیستیی عەرەب، تورک و فارسەوە بکەوێتە دۆخی داکۆکیکردن لە خۆی. کورد لە درێژاییی ئەم داکۆکیکردنەدا خۆی لە چوارچێوەی حیزبدا ڕێکخستووە. حیزب لە وڵاتانی دیکەدا دوای دامەزراندنی ناوەندێکی سیاسی یان دەوڵەت دادەمەزرێت، بەڵام لە کوردستاندا ئەم دیاردەیە دەکەوێتە پێش دامەزراندنی دەوڵەتەوە. ئەمەش هۆکارێکە تا بەشێک لەو تایبەتمەندییانەی کە هی دەوڵەتن بکەونە سەرشانی حیزب؛ حیزب دەبێتە نوێنەری دەوڵەتی نەبوو. بۆیە لە کوردستان لەگەڵ دیاردەیەک ڕووبەڕووی دەبین کە پێی دەڵێین حیزب، بەڵام لە حیزب گەورەترە و لە هەمان کاتدا لە دەوڵەت بچووکترە، چون تواناییی دەوڵەتی نییە. حیزب بەم تایبەتمەندییەوە دەبێتە پارێزەری ناسنامە و کییەتیی گەلی کوردستان، خەباتی سیاسی و چەکداری دەکات، قارەمانی چیرۆک و هەقایەتەکانی دەبنە قارەمان و چیرۆکی نەتەوەیەک.
بەشێکی بەرچاو لە ئەدەبیات، وێژە و هونەر بۆ ستایشی قارەمانانی وەتەن کە هەمان پێشمەرگە و کەسایەتییەکانی نێو حیزبن تەرخان دەکرێن و لە یادگەی کۆیی خەڵکی کورددا حیزب نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکیان لە ئەستۆ دایە؛ بە سەرکەوتنیان دڵشاد دەبن و بە شکست و خەمەکانیان خەمبار دەبن. ئەم شێوازە ڕەنگە لە درێژاییی بزاڤی سیاسیی کورددا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیبێت، ڕەنگە هژموونی حیزب کەم بووبێتەوە، بەڵام نکۆڵی لێ ناکرێت کە هێشتاش تا ڕادەیەکی زۆر جڵەوی کاری سیاسی هەر بە دەستی حیزبەکانە.
ئەم پێگەیەی حیزب دەتوانین لە چوارچێوەی چەمکی ئۆتۆریتە یان ئیقتدار بخوێنینەوە؛ واتە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستان و حیزب پەیوەندییەکی ئۆتۆریتەییە. بۆ نموونە، پەیوەندیی نێوان دایک و باوک لەگەڵ منداڵاندا پەیوەندییەکی ئۆتۆریتەییە. واتە کەسێک ڕێزی دایک و باوکی ناگرێت چونکە لێیان دەترسێت، بەڵکو ڕێزی دایک و باوک دەگرێت چونکە پێگەی ئەوان شیاوی ئەو ڕێزەیە. گوێڕایەڵی و قسەبیستنی کەسێک بۆ دایک و باوک لە ترسەوە سەرچاوە ناگرێت، لە پێگەی مەعنەویی ئەوانەوە دێت. لەوێدا کە کەسێک لە ڕووی ترسەوە ڕێزی دایک و باوکی دەگرێت، ئەو پەیوەندییە لە مەیدانی ئۆتۆریتەییەوە دەچێتە دەرێ و پەیوەندییەکە دەبێتە پەیوەندییەکی دەسەڵاتدارانە یان توندوتیژانە. حیزب لە کوردستاندا بەو تایبەتمەندییەی کە لە سەرەوە باسم کرد، لە پێگەی ئۆتۆریتەدا بووە نەک دەسەڵات. مێژووی حیزب، بەربەرەکانێ لەگەڵ دوژمنانی گەل، ئەرکی پارێزگاری لە کوردستان و… هتد، ئەو پێگەیەی حیزبی قاییم و پتەو کردووە و مانەوەی حیزبیش بۆ ماوەی چەندان دەیە بۆ ئەم پێگە و تایبەتمەندییانە دەگەڕێتەوە.

لە ئێستادا کاتێک باسی دۆخی پاش حیزبایەتی دەکرێت، لە ڕاستیدا باسی ئەوە دەکرێت کە چی دیکە ئەو پێگەیە نەماوە و بەرەو لاوازی دەچێت. ئەم پێگەیەی حیزب کۆمەڵێک نەزم و شیرازەی خۆبەخۆ پێکهێنابوو کە لەلای ئاوەزی گشتیی کۆمەڵگەدا قبووڵکراو بوو، لە ئێستادا من پێم وایە ئەم نەزمە بەرەو تێکچوون دەچێت. بەڕۆژڤبوونی ئەم باس و بابەتە لە خۆیدا دەرخەری کێشە یان ڕەوتێکی نوێیە کە لە جڤاکی سیاسیی کوردستان هاتۆتە ئاراوە. هاوکێشەی نێوان حیزبی سیاسی، کۆمەڵگە و ڕۆشنبیر تێکچووە؛ واتە شیرازەی سیاسیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێواوە یان خەریکە دەشێوێت. پێش ئەوەی باسی ئەم تێکچوونە بکرێت، دەبێت نەزم یان ئەم شیرازە سیاسییە شی بکرێتەوە. بۆ شیکردنەوەی ئەم نەزمە، پێویستە باس لە «پەیمانێکی گریمانەیی» لە نێوان سیاسەتمەدار یان حیزب و ڕۆشنبیر یان بەگشتی کۆمەڵگەی کوردستان بکەین. ئەم پەیمانە بەو مانا نییە کە لە ڕێککەوتێکی دیاریکراودا شتێکی وا و پەیمانێکی وا هاتۆتە ئاراوە، واتە باس لە پەیمانێکی مێژوومەند ناکەم، باس لە پەیمانێکی گریمانەیی دەکەم کە پێم وایە دەتوانێت بۆ شیکردنەوەی دۆخەکە یارمەتیدەر بێت. لە درێژاییی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا مەودایەک لە نێوان ئەندێشە و سیاسەتی کردەییدا هەبووە و هەیە. لە لایەک، ڕۆشنبیری کورد لە شیعر، ئەدەبیات و هزری سیاسییدا ئارمان و ئاسۆی نەتەوەی کوردی پاراستووە؛ ئەم ئارمانە زۆرجار سنووری سیاسەتی فەرمیی حیزبەکان و سیاسەتمەدارانی تێپەڕاندووە، و لە هەمان کاتیشدا حیزب و سیاسەتمەداریش لە نێو مەیدانێکدا کایەیان کردووە کە مەیدانێکی بەرفراوان نەبووە و کۆمەڵێک سنوور و تەلبەندی سیاسی، نیزامی، ئەمنی و هەروەها دۆخی ناوچەیی و جیهانی ئەکتی سیاسیی ئەوانی دیاری کردووە. بۆ نموونە، ئایدیای سەربەخۆییی کوردستان و یەکگرتنەوەی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشێکی بەرچاو لە هزرین، ئەدەب و خەیاڵکردی سیاسیی (تخیل سیاسی) ڕۆشنبیری کوردستان بووە، و لە هەمان کاتدا حیزبی سیاسی خەباتی خۆی لە چوارچێوەی خودموختاری یان فیدراڵیزمدا داڕشتووە. بەڵام لە هەمان حاڵدا هەم سیاسەتمەدار و هەم ڕۆشنبیر لە تەنیشت یەک بوون و هارمۆنییەکیان پێکهێنابوو. جەلال مەلەکشا لە هەمان کاتدا کە شیعری “کاوەی کوڕم” دەنووسێت و باسی یەکبوونی نەتەوەیەکی قاژکرا دەکات، بۆ قاسملووش کە باسی خودموختاری و دیموکراسی دەکات دەنووسێت؛ لە حیزبێکدا کە باسی فیدراڵی و خودموختاری دەکات، شیعری “دوودانە دوو نەبێتە چواریش” بەرهەم دێت. ئەمە تەنیا ڕەهەندی ئەدەبی ناگرێتەوە، بەڵکو زۆر کتێب و وتاری فکری و زانستیش لە خۆ دەگرێت و ئەمە وەک بابەتێکی قبووڵکراو و بەدیهی بووە. دیارە ئەمانە نموونەگەلی بچووک بوون، بەڵام لەم ڕێگەیەوە نەزمێکی قبووڵکراو و پەیمانێکی زیمنی دەبینرێت، ئەگەرچی دوو لایەنی پەیمانەکە لە پێگەیەکی یەکساندا نەبوون؛ واتە حیزب یان سیاسەتمەدار کە هاوکات ڕێبەری سیاسیش بووە، هژموونی زیاتری هەبووە.
لەو چوارچێوە گریمانەیییەدا، ڕۆشنبیر دەتوانێت ئاسۆ و ئامانجی باڵای نەتەوەکەی بپارێزێت بێ ئەوەی نکۆڵی لە ئیمکانە کردەیییەکانی سیاسەت بکات. لە بەرامبەردا، حیزبیش دەتوانێت لەو مەیدانە کردەیییەدا کار بکات بێ ئەوەی بیەوێت لۆژیکی خۆی بەسەر هەموو بیاڤە هزری و خەیاڵکردە سیاسییەکانی کۆمەڵگە و ڕۆشنبیراندا بسەپێنێت. بەم شێوەیە، جیاوازیی نێوان ئەم دوو بیاڤە بە واتای دژبەیەکبوونیان نەبوو، بەڵکو هارمۆنییەک بوو کە لە نێوانیاندا پێکهاتبوو و شیرازەیەکی سیاسیی پێک هێنابوو. هەندێک جار زۆر داهێنەرانەش ئەم پرسە شی کراوەتەوە، بۆ نموونە، قاسملوو زۆر بەهۆشیارییەوە دەبێژێت: “من نەوەی خودموختارییم، بەڵام نەوەی داهاتوو بۆ خۆی دیاری دەکات چی دەوێت.” واتە ئەم پەیمانە پەیمانێکی هەتاهەتایی نییە. کاتێک باس لە تێکچوونی شیرازەی سیاسی دەکرێت، لە ڕاستیدا باس لە بەسەرچوونی ئەم پەیمانە دەکرێت. وادیارە دوو لایەن یان لایەنێک چی دیکە بە پێویستی نازانێت خۆی لە نێو ئەم پەیمانەدا ببینێتەوە. گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، چوونەسەرەوەی ئاستی خوێندەواری و سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ (ڕەنگە ئەو نەوەیە قاسملوو کاتی خۆی باسی لێوە کردبوو) دۆخێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە. نەوەیەک هەەیە کە پێچەوانەی نەوەی پێشوو کە زیاتر سووژەیەکی پراکتیکی بوو، تێکەڵاوییەکی زیاتری لەگەڵ تیۆریی سیاسی هەیە، کۆمەڵگە و نەتەوەی سەردەست باشتر دەناسێت و زیاتر لەگەڵی ژیاوە. ئەم نەوەیە لە ئێستادا زیاتر وەک ڕەخنەگری سیاسەتی فەرمی خۆی دەرخستووە و لە هەمان کاتدا چی دیکە ئۆتۆریتەی حیزب یان حیزبەکان بۆی بابەتێکی بەدیهی نییە. دەرکەوتەی ئەم دۆخە ئەوەیە کە لە سۆشیال میدیای کوردیدا کەلێنێک یان بەریەککەوتنێک لە نێوان نەوەی پێشوو و نەوەی ئێستادا دەبینرێت، تەنانەت لە نێوان بەدەنەی حیزب و سەرکردایەتییەکەیدا دەبینرێت.

سیاسەتمەدار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەرنجی ڕەخنەگران بۆ هەستیاریی دۆخەکە ڕادەکێشێت و بەردەوام دۆخی ئاوارتە وەبیری ڕەخنەگران دەهێنێتەوە و بە جۆرێک ئەو ڕوانگەیە بڵاو دەکاتەوە کە مادام لە ژێر زەخت و گوشاری ئەمنیتیدام، کەواتە حەق بە منە. لەو دۆخەدا لە باتی ئەوەی قسەی ڕەخنەگر ببیسترێت، بابەتەکە دەبێتە بابەتێکی ئەخلاقی؛ واتە لە دۆخی ئاوارتەدا و لە دۆخێکدا کە زەخت و گوشار هەیە، ئایا ئەخلاقییە ڕەخنە بگرین یان ئەخلاقی نییە؟ بە لەونێکی دیکەشدا، دیسان دۆخی ئاوارتە دەبێتە کارتی گوشار بۆ سەر ڕەخنەگران، واتە ئەو بۆچوونە بڵاو دەکرێتەوە کە ئەوەی ڕەخنە دەگرێت لە دوورەوە قسە دەکات و لە مەیدانەکەدا نییە و پێی ناکرێت. دیارە دەبێت ڕەخنە وەک خۆی ببینرێت. ڕەخنەگرێکی ئەدەبی کە ڕەخنەیەک لەسەر شاعیرێک یان ڕۆماننووسێک دەنووسێت، بەو مانا نییە کە خۆی شاعیر و نووسەرێکی باشترە، یان ڕەخنەگری سینەما حەتمەن بڕیار نییە خۆی دەرهێنەر و سینەماکارێکی باشتر لەو کەسەی بێت کە ڕەخنەی لێ دەگرێت. بە هەمان شێوە، ڕەخنەگری سیاسەتێک بەو مانا نییە کە خۆی سیاسەتڤانێکی باشترە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆشنبیرانی دەرەوەی سیاسەتی فەرمی هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخەکە بە جۆرێکە کە گوایە گەلی کورد و ڕێکخراوەکانیان لەبەردەم دوو ڕێگای سەربەخۆیی و کۆیلایەتیدان و ڕێکخراوەکان بە نەزانکاری ڕێگەی کۆیلایەتییان هەڵبژاردووە. ئەمە چەشنێک سادەکردنەوەی دۆخێکی ئاڵۆزە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆر ڕووەوە لەگەڵیدا ڕووبەڕووە. ئەم جۆرە لێدوانانە لەگەڵ پێشوازییەکی بەرچاویش لە سۆشیال میدیادا ڕووبەڕوو دەبنەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانە، ئەم دۆخە جیا لە دەرکەوتە میدیاییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی ئەو پەیمانە گریمانەیییەی کە باس کرا. وادیارە چی دیکە ئەو نەزمە ناتوانێت جڤاکی سیاسیی کوردستان ڕێک بخات. لە دۆخێکی وادا، نە گەڕانەوە بۆ نەزمی قبووڵکراوی پێشوو ئیمکانی هەیە و نە لاوازیی حیزبیش خۆبەخۆ دەبێتە هۆی ڕێکخستنێکی نوێ لە دەرەوەی حیزبی مەوجوددا. بۆیە ئەگەر خوازیاری ڕێکخستنەوەی شیرازەی کۆمەڵگەی سیاسین، دەبێت بیر لە پەیمانێکی دیکە بکرێتەوە. قسەیەکی بەناوبانگ هەیە کە “سیاسەت هونەری مومکینە”؛ ئەم نەزمە نوێیە لە ڕاستیدا ململانێ لەسەر مومکینەکانە. سیاسەتمەدار پێی وایە ڕووبەری ئیمکانەکان لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەم قسەیە لە ڕاستیدا ڕێگەیەک بۆ دەربازبوونی سیاسەتمەدار لە هەڵە و شکستەکانیش دەکاتەوە، چونکە هەر جۆرە شکستێک یان لاوازییەک دەتوانێت بەم لۆژیکە پاساو بدرێتەوە؛ وەک چۆن لە ڕۆژاوای کوردستان ڕۆژێک باس لە ڕەوتی سێیەم دەکرا و خۆی بە نەزمێکی ئاڵتەرناتیوتی جیهانی دەزانی، بەڵام دواجار بە ڕاوێژکاری قەناعەت کرا و پاساویش لە لای هەندێک کەس هەمان پانتایی بەرتەسکی ئیمکان بوو. بەڵام ڕۆشنبیران یان بەگشتی بەشێک لە کۆمەڵگە پانتاییەکی بەرفراوانتر بۆ ئیمکانەکان دەبینن، یان لە ڕاستیدا بکەرییەکی زیاتر بۆ ئیرادەی خۆ لەبەرچاو دەگرن.
ئەگەر سیاسەت هونەری ئیمکانەکانە و پاش سەد ساڵ ئێمە ئیمکانێکی باشترمان بۆ هەڵنەکەوتووە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە زیاتر لەوەی بۆ بەرتەسکیی ئیمکانەکان بگەرێتەوە، بۆ هونەرمەندنەبوونی سیاسییەکان دەگەڕێتەوە.
تێکچوونی یەکریزی یان شیرازەی سیاسی لە ڕاستیدا نەبوونی قەناعەت لەسەر ئیمکانەکانە. ساڵانی پێشوو ڕێبەرییەکی کاریزما دەیتوانی قەناعەت بۆ سیاسەت یان ئیمکانی بەردەست دروست بکات، بەڵام لە ئێستادا ئەو پۆتانسیێلە لەبەردەستدا نییە. پەیمانی نوێ کە لە هەناویدا نەزمێکی تازه بونیاد بنێت، دەبێت بتوانێت لەسەر ئیمکانەکانی سیاسەتی کوردی قەناعەت دروست بکات و جارێکی دیکە سنووری مومکیناتی سیاسەت دابڕێژێتەوە و تواناییی دروستکردنی ئیمکانی نوێش لە هەناویدا هەبێت. ڕەنگە بەم جۆرە پێش بە دۆخی بێسەری بگیرێت و شیرازەی سیاسی ڕێک بخاتەوە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

ببوورن، بە زمانێکی ساکار دەبێ بدوێم

لە بەهاری عەرەبییەوە، قەیرانێکی ژئۆپۆلیتیک ڕووی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و لە ماوەی کەمتر لە ١٥ ساڵدا زیاتر لە ١٠ شەڕی ناوخۆیی و ناوچەیی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە؛ و ئەو ١٥ ساڵەی ڕابردوو تەنانەت لە هەرێمی پڕ لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا…

ژیانەوە

زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا

شاعیر، جیهان و دۆخی ئاوارەییی مرۆڤ لە جیهاندا دەخاتە ڕوو. مرۆڤ، زادەی بیرۆکەکانیەتی؛ مرۆڤ، لە ڕێگەی دەسبەسەرکردنی "هەقیقەت"ەوە چنگی لە خاک گیر دەکات و بەم چەشنە دەیهەوێت لە هەرێمێک بگیرسێتەوە و نیگای بەسەر بەرجەوەنی جیهاندا بخشێنێ. شیعر، خشاندنی نیگایە بەسەر جیهاندا بە…

ژیانەوە

لە سڕینەوەوە بۆ خەمساردی:لە درێژەی وتاری «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە».

پێشەکی کوردستان ئەمڕۆ لە دۆخێکی سیاسیی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت. بەهۆی ڕووداوەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە فەزای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مشتومڕێکی گەرم لەسەر پەیوەندیی نێوان حیزب و جەماوەر دروست بووە. بەگشتی چاوەڕوان دەکرێت لە دۆخی قەیراندا ناکۆکی و جیاوازییەکان کەم…