ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

ئێمە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک‌، بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری زانست و مەعریفە لەسەر کوردستان و پرسی بەربڵاوتری کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تێدەکۆشین. تیشک لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری کۆڵن لە وڵاتی ئاڵمان دامەزراوە، ڕێکخراوێکی ناحکومی و قازانج نەویستە و پابەندی لێکۆڵینەوەی ورد و زانستییانەی بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانە.

ئەرک و ئامانجەکانی ئێمە

ئاوڕدانەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر گەشەپێدانی دێموکراسی، سەقامگیرکردنی مافی مرۆڤ، پرسی جێندەری، پرسی ژنان، مافی چارەی خۆنووسین، نابەرابەریی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ژینگەیی لە ئێران و کوردستان، بە هەر کام لە زمانەکانی کوردی، ئینگلیسی، ئاڵمانی و فارسی بناغەی کاری ناوەند دەبێت.

  • ئامانجی ناوەندی تیشک، توێژینەوە و تاوتوێی زانستییانەی لێکۆڵینەوەی کوردی و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانییەوە، تێگەیشتنێکی قووڵ و زانستییانەی پرسی کورد، مێژوو، کولتوور، زمانی کوردی و کێشەکانی ئێستا بدات بەدەستەوە.
  • ئامانجی ناوەندی تیشک، ئەنجامدان و پەرەپێدانی توێژینەوەی ئاستبەرز لە بابەت لێکۆڵینەوەی کوردی و پرسە پەیوەندیدارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئێمە لە ڕێگەی توێژینەوەکانمانەوە هەوڵ دەدەین بەقووڵی و بەوردی لە نەتەوەی کورد، مێژوو، کولتوور و زمانەکەی بکۆڵینەوە و، بابەتەکان بە شێوەیەکی زانستییانە شەنوکەو بکەین. ئێمە لە زانست و زانیاریی ئاکادێمیدا بەشدار دەبین و هەوڵ دەدەین تێڕوانینی بەنرخ بۆ پسپۆڕان و شارەزایانی سیاسەت، لێکۆڵەران و ڕای گشتی پێشکەش بکەین.
  • بەرهەمهێنانی زانیاری و بەهێزکردنی گفتوگۆ بۆ لێک‌تێگەیشتن لە ئاستی نێونەتەوەییدا، گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئێمە دەبێت. ناوەندی تیشک هەوڵ دەدات وەک سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوون، ڕوانگە و زانیاریی پەیوەندیدار بە لێکۆڵینەوەی کوردی و کۆمەڵێک پرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چالاک بێت. ئامانجی ئێمە ئاسانکاریی گفتوگۆی شوێندانەر لەنێوان لێکۆڵەران، توێژەران، چالاکان و پسپۆڕانی سیاسەت لە ڕێگەی کۆنفڕانس، سمینار، کارگرووپ و بڵاوکراوەکانەوە دەبێت.
  • هاوکاری بە مانای بەرەوپێشبردنی زانست و چارەسەریی کێشە ئاڵۆز و سەرەکییەکانە. ناوەندی تیشک هەوڵ دەدات هاوکاریی ئاکادێمی لە ڕێگەی کاری هاوبەش لەگەڵ زانکۆکان، دامەزراوە توێژینەوەیی‌یەکان و، ئەو ڕێکخراوانە بکات کە لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چالاکن. لە ڕێگەی پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان زانستەکان و هاوبەشکردنی سەرچاوەکانەوە، ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاست، کوالێتی(چۆنایەتی) و کاریگەریی توێژینەوەکان لەم بوارانەدایە.
  • بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی بەرچاوی پەنابەرانی کورد، ئەم ناوەندە هەوڵ بۆ لێک‌نزیکردنەوە و بردنەسەری توانایی ئاکادێمیی ئەو پەنابەرانە دەدات و هەروەها خزمەتگوزاریی پشتیوانی، سەرچاوە و بەرنامە پێشکەش دەکات و بۆ تێکەڵبوون و نزیکبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێوخۆیی، ئاڵوگۆڕی کولتووری، لێک‌تێگەیشتن و داکۆکی لە مافەکانیان و بەشداربوون لە لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا ئاسانکارییان بۆ دەکات. ئامانجی ناوەندەکە پەروەردەکردنی ژینگەیەکی لەبار و ئەرێنییە کە هاندەر و پشتیوانی گفتوگۆ، هاوکاری و ڕێزگرتنی بەرانبەر لەنێوان کوردانی تاراوگە(دیاسپۆرا) و کۆمەڵگە خانەخوێیەکان دەبێ.

ناوەندی تیشک لە ڕێگەی ئەم ئامانجانەوە هەوڵ دەدات لە پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەی کوردی وەک دیسیپلینێکی ئاکادێمیی دانپێدانراو بەشدار بێ و، لە هەمان کاتدا پەرە بە تێگەیشتنێکی قووڵتر و وردتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدات.

بەهێزکردنی لێکۆڵینەوەی ئاکادێمیک
تیشک پابەندی پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەی ئاکادێمیک لەسەر کوردستانە. ئێمە بەستێنێکی لەبار بۆ ئاکادێمیسییەنەکان دەخوڵقێنین کە لێکۆڵینەوەکانیان وەکوو یەکەیەکی شیکاری تیشک دەخاتە سەر کوردستان و ئەو دەرفەتەیان پێ دەدات، پرسە هەستیار و گەرموگوڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕوانگەی تایبەت و جیاوازەوە شەنوکەو بکەن.
پردی پەیوەندیی کۆمەڵگە ئاکادیمییەکان
ئێمە پردی پەیوەندیی دوولایەنە لەنێوان توێژەرانی کوردستان و زانکۆ پێشەنگەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبین. ئەم هاوکارییە، پەرە بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی زانستی و ئاکادێمیی مانادار دەدات، هاوکات سنوورە جوغڕافییەکانیش تێدەپەڕێنێ.
هاوکاری لەگەڵ کوردانی تاراوگە
تیشک بە شێوەیەکی چالاکانە هانی هاوکاریی نێوان ئاکادیمیسییەکانی تاراوگە و زانکۆکانی کوردستان دەدات. ئەم پەیوەندییە دەرفەتی ئاڵوگۆڕی بۆچوون، ئەزموون و زانیاری دەڕەخسێنێ. هاوکات ڕوانگەی ئاکادێمی لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستانیش دەوڵەمەندتر دەکات.

گۆڤاری تیشک

لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو

گۆڤاری تیشک

خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە لە چەند مانگی داهاتوودا بە فۆڕمێکی نوێوە گۆڤاری تیشک ڕادەگەیەنین. ئەم گۆڤارە سەرچاوەیەکی بەنرخە بۆ ئاگاداربوون و پێشەنگبوون لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

دامەزراندنی گۆڤاری تیشک پاشخانێکی هزری هەیە و لە ساڵی 1990ەوە لە لایەن ڕووناکبیرانی کوردەوە لە پانتاییی بڵاوکراوەی کوردیدا چالاک بووە.

گۆڤاری تیشک بە ٦٨ ژمارەی چاپکراوەوە وەک پلاتفۆڕمێکی پێشەنگ پابەندی بنەما ئاکادێمی و زانستییەکان بووە. بابەتی تیۆری، شیکاری، باس و چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ، وەرگێڕانی شوێندانەر، ڕانان و شیکردنەوەی کتێبی ڕۆشنگەرانەی پێشکەش کردووە. ئەم گۆڤارە بەقووڵی و بەوردی، بنج و بناوانی پرسە گەرموگوڕەکانی کورد، کوردستان و کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هێناوەتە بەرباس. هاوکات ڕوانگەیەکی زانستییانەی بۆ ئەو پرسانە هێناوەتە گۆڕێ کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە کوردستانەوە هەبووە. ڕووناکی بەخشیوەتە کاری مەعریفی و ئاکادێمی، بابەتە گرینگ و هەستیارەکانی بەجوانی شەنوکەو کردووە و، بۆ لێکدانەوە و شیکاریی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست یارمەتیدەر بووە.

لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو

ناوەندەکەمان لەسەر بنەمای گۆڤاری تیشک دامەزراوە، بە خۆشحاڵییەوە ئەو ڕاپۆرتە بڵاو دەکاتەوە کە ماڵپەڕی پێشوومان زیاتر لە ٢٣٥٠٠٠ هەزار جار سەردانکەری هەبووە، ئەوەش جێی دڵخۆشییە کە زۆربەی سەردانکەرەکان لە کوردستان و ئێرانن. ئەم ژمارە بەرچاوەی سەردانکەران، ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی حەز و مەیلی ئاکادێمیستەکان، توێژەران، خوێندکاران و چالاکانی سیاسییە بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی و پرسە پەیوەندیدارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

گۆڤاری تیشک شانازیی ئەوەی پێ بڕاوە و زیاتر لە ١٢٠٠ وتاری زانستی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە لێکۆڵینەوەی کوردی و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بڵاو کردووەتەوە. ئەم وتارانە کۆمەڵێک بابەتی وەکوو مێژوو، سیاسەت، کولتوور، زمان، ئەدەب، کۆمەڵناسی، ئەنترۆپۆلۆژی و زۆر بابەتی دیکەی لەخۆ گرتووە.

ناوەندی تیشک زیاتر لە ١٠٠ لێکۆڵەری چالاکی هەیە و کاریان توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. تیمی ئاکادێمیی ئێمە – کە زۆربەیان لە کوردستان و ئێرانن– لە کۆمەڵێک پسپۆڕ لە بەشە جۆراوجۆرەکانی وەک مێژوو، زانستی سیاسی، کۆمەڵناسی، ئەنترۆپۆلۆژی، زمانناسی، ئەدەبیات و … هتد پێک هاتووە.

235k+

سەردانکەرانی ماڵپەڕ

1200+

وتاری ئاکادێمی و زانستی

100+

تیمی ئاکادێمی و زانستیی چالاک

بەم زووانە دەکرێتەوە ... !

ئاگادار بن لە مانگەکانی داهاتوودا وەرزی نوێی گۆڤاری تیشک دەست پێ دەکات ...

گۆڤاری تیشک

ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە لە چەند مانگی داهاتوودا وەرزی نوێی گۆڤاری تیشک ڕادەگەیەنین.

خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە لە چەند مانگی داهاتوودا بە فۆڕمێکی نوێوە گۆڤاری تیشک ڕادەگەیەنین. ئەم گۆڤارە سەرچاوەیەکی بەنرخە بۆ ئاگاداربوون و پێشەنگبوون لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

گۆڤاری تیشک کۆمەڵێک وتار، چاوپێکەوتن، شیکاری و لێکدانەوەی لێکۆڵەران، توێژەران و پسپۆڕانی دیار و بەناوبانگ لەم بوارەدا بڵاو دەکاتەوە. کۆمەڵێک وتاری جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە کوردستان کە تەوەری سیاسەت، کولتوور، مێژوو، زمان، ئەدەب، و … هتد لەخۆ دەگرێت.