بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

زانکۆی کوردستان لە نێوان کۆنترۆڵی دەسەڵات و بکەرییەتیی خوێندکاراندا

Kurdistan University between power control and student agency
زانکۆی کوردستان لە نێوان کۆنترۆڵی دەسەڵات و بکەرییەتیی خوێندکاراندا

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ڕێباز ڕۆژهەڵات
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/27
زمان
کوردی


ئەم نووسراوەیە شرۆڤەیەکی کورتە لەسەر زانکۆی کوردستان وەکوو یەکێک لەو زانکۆیانەی کە لەسەر خاکی کوردستان بنیات نراوە و بە هۆی سیاسەتی وەرگرتنی خوێندکاری خۆجێیی (دانشجویان بوومی) زۆرینەی خوێندکارانی کوردن.
پێشەکی
زانکۆی کوردستان پاش شۆڕشی ژینا جگە لەوەی شوێنێک بێت کە خوێندکار پەروەردە بکات و وەکوو دامەزراوەیەکی دەسەڵات چاوی لێ بکرێت؛ بوو بە مەکۆیەکی بەرخۆدان و خوێندکارانی کورد لەوێ هەوڵی خۆیان دەدا کە لەو قەفەسە داخراوەدا بکەرییەتیی خۆیان نیشان بدەن. ئەمەش هەوڵێک بوو کە دەیان مامۆستای کوردی لە پشت بوو تا خوێندکار ئەو بوێرییە بە خۆی بدات.
ڕاستە کە زانکۆ دامەزراوەی دەوڵەتی داگیرکەرە و لەوێ ئەو بنەما مەعریفییانە دەبنە وانە کە هەڵبژێردراوی ئەوانن و زۆرینەی مامۆستاکانی دڵخوازی دەوڵەتی سەردەستە. دەبینین کە بە هۆی ئەم بابەت و فاکتۆرانەوە جەماوەری کوردستانی لە زانکۆ دڵسارد بوونەتەوە؛ بەڵام کۆهێن لە تیۆرییەکانی شۆڕشدا دەڵێت لە کاتێکدا بەرهەڵستکاری ڕوو دەدات کە بۆشاییەک لە سیستەمی سەرکوتی دەوڵەتی دیکتاتۆردا هەبێت.

بەشێک لە کێشە و ئاستەنگەکانی زانکۆ
زانکۆ وەکوو ئەوەی باسمان کرد سەرچاوە مەعریفییەکانی و شێوەی بەڕێوەبردنی دڵخوازی دەسەڵاتی داگیرکەرە و گەڵاڵەی بۆ داڕێژراوە. ڕانت، لە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەران و مامۆستایانی زانکۆ کاریگەریی زۆری هەیە. هەروەها ئەو بوارانەی کە لە زانکۆکان دادەمەزرێت یان پەرە دەسێنن زۆر گرنگن.
لە زانکۆی کوردستان بەشی ماستەری باڵا و دکتۆرا لەو بوارانەی کە دەتوانن کێشەخولقێن بن بۆ دەسەڵات، نین یاخود بە سیاسەتی بەڕێوەبەران پەسیڤ کراون. هەروەها بوارەکانی زانستی مرۆیی دانەمەزراون لەوانە: زانستی سیاسی، مرۆڤناسی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و… .
لە بەشی بەڕێوەبەرایەتیدا کوردانی سەر بە دەوڵەت زۆر باش جێگەی خۆیان دەکەنەوە و داگیرکەریش بە هۆی ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی زۆر باش دەزانێت چ کەسانێک بۆ پۆستی بەڕێوەبردن هەڵبژێرێت کە نە زۆر لەبەر چاوی خەڵکی کوردستان وەکوو ئەو شوناسە جاشایەتییە بووبێت و نە ئەوەی کە گوێڕایەڵی فەرمانەکانیشی نەبێت.
سەبارەت بە وەرگرتنی مامۆستایان زۆرینەیان هەڵبژێردراوی خۆیانن و هەوڵ دەدەن ژینگەی زانکۆی کوردستان ئیزۆلە بکەن. بەڵام هەندێک مامۆستایش وەرگیراون کە بە هۆی زانیاریی زۆریانەوە و ئاستی ئاکادیمیای باڵاوە هاتوونەتە نێو زانکۆ و لەوانەش کەسانێک هەڵدەکەون کە بیری نەتەوەییان ببێت. ئەم مامۆستایانە بە ڕەچاوکردنی تەنگوچەڵەمەکانی زانکۆ زیادترین هەوڵی خۆیان بۆ ئاراستەدانی مەعریفیی خوێندکاران بەرەو گوتاری نەتەوەیی دەدەن. هەرچەندە کە تا ئێستا زۆرکەس دامودەزگای ئیتڵاعات لێی زەق بووەتەوە و تەنانەت لە کارەکەی دەرکراوە یان بە زۆر خانەنشین کراوە.
مامۆستای زانکۆ کە فارس و تورکن هەموو لەسەر گوتاری ئێرانشارین و دەیانەوێ خوێندکارانی کورد بەرەو ئەو ئاقارە ببەن. لە زانکۆی کوردستان مامۆستا تورک و فارسەکان یان ئەوانەی کوردی سەر بە دەوڵەتن کاتێک کەسێک دەبینن کە لەسەر گوتاری کوردییە پێی دەڵێن ئایدیۆلۆژیک. ئەم ئایدیۆلۆژیکە ئەوە دەپێکێ کە دۆگمە و بە پێناسەیەکی ناحەزەوە باسی دەکەن. هەرچەندە ئایدیۆلۆژی بۆ مرۆڤێک کە بەڕێوەبەری ئەرکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی خۆیەتی پێویستییە.


بۆشاییەکانی سیستەمی دەسەڵات لە زانکۆدا
یەکێک لەو پێشفاکتۆرانەی چەخماخەی شۆڕشێک هەڵدەگیرسێنێت، بوونی بۆشایی لە سیستەمی سەرکوت و کۆنترۆڵی دەسەڵاتە. ئەمە لە زانکۆی کوردستانیشدا لە کاتی وەرگرتنی مامۆستایان و هەڵبژاردنی بەڕێوەبەراندا ڕوو دەدات. بە واتایەکی تر، دەسەڵات ناتوانێت بە تەواوی کۆنترۆڵی هەموو ئەو پرۆسە و پەیوەندییانە بکات کە لە ناو دامەزراوەی زانکۆدا پێک دێن. هەر لەم بۆشاییانەشدا دەرفەت بۆ دروستبوونی پەیوەندییە نوێیەکان، گەشەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و هەڵقوڵانی گوتاری جیاواز دەڕەخسێت.
بەڵام نابێت ئەم بۆشاییانە بە واتای لاوازی یان نەبوونی دەسەڵات لێک بدرێنەوە؛ بەڵکوو دەبێت وەکوو سنوورەکانی توانای کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لێیان بڕوانین. چونکە زانکۆ تەنها دامەزراوەیەک نییە کە تێیدا زانیاری بە خوێندکار دەگوازرێتەوە، بەڵکوو مەیدانێکیشە بۆ پێکدادانی گوتارە جیاوازەکان و بەرهەمهێنانی واتا و ناسنامە. دەسەڵات هەوڵ دەدات ئەم مەیدانە بە ئاراستەی خۆی ڕێک بخات، بەڵام سروشتی زانکۆ و پەیوەندییەکانی نێو زانکۆ وا دەکات کە هەمیشە هەندێک بۆشایی بۆ کردار و بیرکردنەوەی کوردستانی بمێنێتەوە.
لە زانکۆی کوردستاندا، بوونی هەندێک مامۆستای نەتەوەیی، پەیوەندیی نێوان خوێندکاران و مامۆستایان، و هەروەها ئەو کۆمەڵە خوێندکارانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی زانکۆدا پەیوەندیی خۆیان دروست دەکەن، دەتوانن نموونەی ئەم بۆشاییانە بن.

ئەم بۆشاییانە کاتێک گرنگتر دەبن کە خوێندکاران بتوانن لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا ئەزموونی هاوبەشی خۆیان بکەنە بنەمای تێگەیشتنێکی نوێ لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان.
بکەرییەتیی خوێندکاران
ئەگەر زانکۆ تەنها وەکوو دامەزراوەیەکی دەسەڵات و ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی زانیاریی دڵخوازی دەوڵەت لێک بدەینەوە، ئەوا بەشێکی گرنگی واقیعی زانکۆمان لەبەرچاو نەگرتووە؛ ئەویش بکەرییەتیی خوێندکارانە. خوێندکار تەنها وەرگرێکی زانیاری نییە و نابێت وەکوو تەماشاکەرێکی بێدەنگ لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا لێی بڕوانرێت. بەڵکوو دەتوانێت بە تێگەیشتن لە بارودۆخی خۆی، پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ئەو سنوورانەی لە زانکۆدا بۆی دیاری کراون، ببێتە بکەرێکی چالاک لە بەرهەمهێنانی مەعریفە و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی.
لە زانکۆی کوردستاندا، بەتایبەتی دوای شۆڕشی ژینا، ئەم بکەرییەتییە بە شێوەیەکی دیارتر خۆی نواند. خوێندکاران تەنها وەکوو ئەندامانی دامەزراوەیەکی ئەکادیمی نەماونەتەوە، بەڵکوو هەوڵیان داوە ئەو ناسنامە، زمان و داواکارییانەی کە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییاندا گرنگن، بهێننە ناو فەزای زانکۆوە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە خوێندکار هەوڵ دەدات لە دۆخی بابەتییەتی، واتە ئەوەی تەنها بابەتی سیاسەت و بڕیاری کەسانی تر بێت، بگوازێتەوە بۆ دۆخی بکەرییەتی و خۆی ببێتە بەشدارێکی چالاک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
بەڵام بکەرییەتیی خوێندکاران تەنها لە خۆپیشاندان و کردارە سیاسییەکاندا کورت نابێتەوە. خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە، پرسیارکردن لە بنەما مەعریفییە باوەکان، ناساندنی مێژوو و زمان و کولتووری کوردی، دروستکردنی پەیوەندییە فکرییەکان و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری لەسەر کێشەکانی کۆمەڵگە، هەموویان دەتوانن شێوەیەک لە بکەرییەتیی خوێندکاری بن.
لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە خوێندکارانی کورد خۆیان بە بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفە بزانن، نەک تەنها بە وەرگری ئەو زانیارییانەی کە لە ناو سیستەمی فەرمیی زانکۆدا پێشکەشیان دەکرێت. چونکە ئەگەر خوێندکار نەتوانێت پرسیار لەو زانیارییانە بکات و پەیوەندییان بە واقیعی کۆمەڵگەی خۆیەوە بدات، زانکۆ دەبێتە شوێنی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ئەو گوتارە باڵادەستەی کە دەسەڵات دەیەوێت.
کۆتایی: زانکۆی کوردستان، مەیدانی پێکدادانی گوتارەکان
لە کۆتاییدا، زانکۆی کوردستان نە دەتوانرێت بە تەواوی وەکوو دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و ئازاد لێک بدرێتەوە و نە دروستە تەنها وەکوو ئامرازێکی دەسەڵات و دامەزراوەیەکی بێ‌هیوای سەرکوت لە قەڵەم بدرێت. زانکۆ مەیدانێکە کە تێیدا گوتاری دەسەڵات و گوتارە بەرهەڵستکارەکان بەردەوام لە پێکداداندان. لە لایەکەوە دەسەڵات هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەڕێوەبردن، سیاسەتی پەروەردەیی، وەرگرتنی مامۆستا و دیاریکردنی بوارە ئەکادیمییەکانەوە کۆنترۆڵی فەزای زانکۆ بکات؛ لە لایەکی دیکەوە، خوێندکاران و ئەو مامۆستایانەی کە بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری واقیع دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەم فەزایە لە سنوورە دیاریکراوەکانی دەسەڵات دەربهێنن.
لەبەر ئەوە، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا زانکۆی کوردستان زانکۆیەکی دەوڵەتییە یان نا؛ چونکە ئەمە ڕاستییەکی دامەزراوەییە. پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە خوێندکارانی کورد چۆن دەتوانن لە ناو ئەم دامەزراوەیەدا بکەرییەتیی خۆیان بەدەست بهێنن و ئەو بۆشاییانەی لە سیستەمی دەسەڵاتدا هەن، بکەنە دەرفەتێک بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە و پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

هەڵوێستەیەک لەسەر گرتنی دزەکەی مهاباد و نقورچکێک لە ناهۆشیاریی کۆمەڵایەتی

کۆمەڵگای ئێران ئێستا لە ڕووی قەیرانی ئابووریی، کۆمەڵایەتی ـ خێزانییەوە لە لوتکەی تەقاندنەوەدایە. ئەگەر چاوێک بەسەر لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان وەک زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، خۆکوشتن، کوشتنی یەکتر، چوونە سەری ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی بنەماڵە، دزی و جەردەیی، زۆر بوونی بێبەند و باریدا و ... هتد بخشێنین،…

ژیانەوە

مانۆڕی ترس لە ژێر ناوی ئەمنییەتدا؛ مەهاباد فریوی شانۆگەرییەکان ناخوات

هێنانەدەرەوەی تۆمەتبار و گێڕانی بە شەقامەکانی مەهاباددا لەژێر ناوی «دووبارە نواندنەوەی تاوان»، زیاتر لەوەی ڕێکارێکی دادوەری بێت، شانۆگەرییەکی میدیایی و نمایشی هێزی سەرکوتکەرانە بۆ تێوەگلاندنی شەقام و زەمینەخۆشکردن بۆ سزای لەسێدارەدان. ئەوەی لەم دواییانەدا لە شەقامە پڕ لە بیرەوەری و مێژووییەکانی شاری…

ژیانەوە

لە نێوان ڕێککەوتن و شەڕدا؛ کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، کورد لەبەر هەڵکەوتەی ژیۆپۆلیتیکی خۆی، جارێکی تر بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەرێمی کوردستان و بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەوێ بنکە و بارەگایان هەیە، لەژێر گوشار و بوردومانی قورسی هێرشە درۆنی و هاژەکییەکانی ئێراندان. هاوکات…