بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

مانۆڕی ترس لە ژێر ناوی ئەمنییەتدا؛ مەهاباد فریوی شانۆگەرییەکان ناخوات

fear maneuvers in the name of security; Mahabad is not deceived by the plays
مانۆڕی ترس لە ژێر ناوی ئەمنییەتدا؛ مەهاباد فریوی شانۆگەرییەکان ناخوات

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ئەمیر سوڵتانی
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/26
زمان
کوردی

هێنانەدەرەوەی تۆمەتبار و گێڕانی بە شەقامەکانی مەهاباددا لەژێر ناوی «دووبارە نواندنەوەی تاوان»، زیاتر لەوەی ڕێکارێکی دادوەری بێت، شانۆگەرییەکی میدیایی و نمایشی هێزی سەرکوتکەرانە بۆ تێوەگلاندنی شەقام و زەمینەخۆشکردن بۆ سزای لەسێدارەدان.

ئەوەی لەم دواییانەدا لە شەقامە پڕ لە بیرەوەری و مێژووییەکانی شاری مەهاباد، لەژێر ناوی «دووبارە نواندنەوەی دیمەنی تاوان» بینرا، تەنیا ڕێکارێکی سادەی پۆلیسی یان پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەی دادوەری نەبوو، بەڵکو نمایشێکی سەربازی، شانۆگەرییەکی میدیایی و هەوڵێکی نەزۆکی هێزە سەرکوتکەرەکان بوو بۆ چاندنی تۆوی ترس و شەرعییەتدان بە سەرکوتکاری. گێڕانی تۆمەتبارێک بە ناو جەرگەی شاردا، بە دەستبەسراوی و لە نێو ئاپۆڕای هێزە چەکدارەکان و کامێراکاندا، دیمەنێکی سەدەکانی ناوەڕاست بوو کە تەنیا یەک پەیامی پێ بوو: نمایشی هێزی سەرکوت و بێبەهاکردنی شکۆی مرۆڤ و کۆمەڵگە.

ئامانجی شاراوەی پشت نمایشە سەربازییەکان
هەر کەسێک کەمترین شارەزایی لە زانستی تاوانناسی و لێکۆڵینەوەی یاساییدا هەبێت، باش دەزانێت کە دووبارە نواندنەوەی دیمەنی تاوان پێویستی بە ژینگەیەکی هێمن، دوور لە ژاوەژاو، دوور لە قەرەباڵغی و دوور لە چاوی میدیا هەیە، تاکوو لێکۆڵەران بتوانن بە وردی ڕاستییەکان بدۆزنەوە. ئەم کارە دەکرا لە کاتێکی بێدەنگدا و بە نهێنی ئەنجام بدرێت. بەڵام کاتێک دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان ئەم پرۆسەیە دەگوازنەوە بۆ سەر شەقامی گشتی و دەیکەنە فیستیڤاڵی کامێرا و چەک، ئیدی مەبەستەکە لێکۆڵینەوە نییە، بەڵکو «پڕوپاگەندەی سیاسی و شەڕی دەروونی»ـیە.

ڕژێمێک کە خۆی لە بەرانبەر شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئیرادەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستاندا دەبینێتەوە، هەمیشە بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت تاکوو ڕەوایەتییەک بۆ مانەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی لە شەقامەکاندا بدۆزێتەوە. ئەوان دەیانەوێت لە ڕێگەی زەقکردنەوەی تاوانێکی کۆمەڵایەتییەوە، وێنەی خۆیان لە «جەلاد و سەرکوتکەر»ـەوە بگۆڕن بۆ «پارێزەری ئەمنییەت و فریادڕەسی خەڵک». بەڵام خەڵکی هۆشیاری مەهاباد و کوردستان زۆر لەوە وریاترن کە فریوی ئەم جۆرە نمایشە هەرزانانە بخۆن.

کێ بەرپرسیاری سەرەکیی تاوان و قەیرانەکانە؟
پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: کێ ئەم دۆخەی خوڵقاندووە؟ ئایا دەکرێت بکوژی سەرەکیی ئابووری، ژیان و داهاتووی خەڵک، خۆی بکاتە دادوەر و پارێزەری ئەخلاق و ئاسایش؟ هەژاریی تاقەتپڕووکێن، بێکاریی بەربڵاو، هەڵاوسانی بێسنوور، داڕمانی بەها کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، هەموو ئەمانە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە وێرانکەرەکانی دەسەڵاتێکن کە سامانی وڵات بۆ سەرکوت، میلیتاریزم و پڕۆژە ئایدیۆلۆژییەکانی بەهەدەر دەدات. کاتێک دەسەڵات نان و کەرامەتی خەڵک دەدزێت و دەرگای ژیانێکی شەرافەتمەندانە بە ڕووی گەنجاندا دادەخات، خودی ئەو دەسەڵاتە دەبێتە کارگەی بەرهەمهێنانی تاوان و لادانی کۆمەڵایەتی.

ئەو مەئموور و چەکدارانەی کە بە دەموچاوی گرژ و لوولەی تفەنگەوە تۆمەتبارێک بە شەقامدا دەگێڕن، دەستیان بە خوێنی سەدان لاو و ئازادیخوازی ئەم نیشتمانە سوورە. ئەوانەی لە شەقامەکانی مەهاباد، سنە، جوانڕۆ و شارەکانی دیکەی کوردستان سینگی گەنجانی بێچەکیان دایە بەر گوللە، ناتوانن بە نمایشکردنی تاوانبارێک، پەڵەی خوێنی شەهیدان لەسەر نێوچاوانیان بسڕنەوە. دز، بکوژ و تاوانباری ڕاستەقینە، ئەو سیستەمە دیکتاتۆرەیە کە ژیانی لە ملیۆنان مرۆڤ تاڵ کردووە.

مەترسیی تێوەگلاندنی شەقام و ئاساییکردنەوەی سێدارە
یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی ئەم شانۆگەرییەی مەهاباد، هەوڵدان بوو بۆ تێوەگلاندنی هاووڵاتییانی ئاسایی و بازاڕییان لە توندوتیژیی سەر شەقام. کاتێک هێزە ئەمنییەکان کەشێک دەخولقێنن کە تێیدا خەڵکی تووڕە و خەمبار پەلاماری تۆمەتبار بدەن و لێی بدەن، ئەوان بەم کارە دوو ئامانجی گڵاو دەپێکن:

یەکەم: تێکدانی کولتووری مەدەنی و مرۆڤدۆستانەی شاری مەهاباد. هێزە سەرکوتکەرەکان دەیانەوێت خەڵک بکەنە هاوبەشی توندوتیژییەکانی خۆیان و وای نیشان بدەن کە توندوتیژی و یاسای جەنگەڵ لە ناو کۆمەڵگەدا ڕەگی داکوتاوە. ئەمە هەوڵێکە بۆ شکاندنی شکۆی مەدەنیی شارێک کە هەمیشە پێشەنگی خەباتی مەدەنی، فەرهەنگی و سیاسی بووە.
دووەم: ئاساییکردنەوەی سزای لەسێدارەدان و پێشاندانی وەک «داواکاریی گشتی». ڕژێم دەیەوێت لە ڕێگەی وێنەگرتنی تووڕەیی خەڵکەوە، پەت و سێدارە بباتەوە ناو شەقامەکان و بە دنیا بڵێت کە ئەمە خەڵکە داوای خوێن و سێدارە دەکات، نەک دەزگای سەرکوت. لە کاتێکدا سێدارە لە فەرهەنگی ئەم دەسەڵاتەدا تەنیا ئامرازێکە بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان.
مەهاباد نابێتە دیمەنی سیناریۆی جەلادەکان
شاری مەهاباد، شاری قازی و پێشەوا، شاری قەڵەم و شۆڕش و هۆشیاری، هەرگیز نابێتە تەختەی شانۆی هێزە داگیرکەر و سەرکوتکەرەکان. خەم و پەژارەی قووڵمان بۆ لەدەستدانی هاووڵاتییەکی بێتاوان و هاوخەمیمان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکە، نابێت چاوەکانمان لە ئاست پیلانەکانی دوژمن کوێر بکات. داواکاری بۆ دادپەروەری و سزادانی یاسایی تاوانباران شتێکە، و بوون بە بەشێک لە مانۆڕی میدیایی هێزە سەرکوتکەرەکان شتێکی تەواو جیاوازە.

پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆشنبیران، کاسبکاران و لاوانی هۆشیاری مەهاباد بە ئاگاییەکی تەواوەوە ڕووبەڕووی ئەم شەڕە دەروونییە ببنەوە. بایکۆتکردنی ئەم جۆرە نمایشە سەربازییانە، گەڕانەوە بۆ ماڵەکان لە کاتی ئەم شانۆگەرییانەدا و نەبوون بە کەرەستەی کامێراکانی دەسەڵات، بەرزترین ئاستی هۆشیاری و بەرەنگاریی مەدەنییە.

با هەموومان باش بزانین؛ ئەوەی لە شەقامەکانی مەهاباد نمایش دەکرێت، دادپەروەری نییە، بەڵکو ڕەواییبەخشینە بە ماشینێکی کوشتار و سەرکوت کە هەموو ڕۆژێک ژیانی ئێمە دەهاڕێت. مەهاباد بە ئیرادەی گەلەکەی زیندووە و هەرگیز ڕێگە نادات جەلادەکان بە ناوی ئەمنییەتەوە، شکۆ و ئازادییەکەی زەوت بکەن.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

زانکۆی کوردستان لە نێوان کۆنترۆڵی دەسەڵات و بکەرییەتیی خوێندکاراندا

زانکۆی کوردستان: شرۆڤەیەکی کورد ئەم نووسراوەیە شرۆڤەیەکی کورتە لەسەر زانکۆی کوردستان وەکوو یەکێک لەو زانکۆیانەی کە لەسەر خاکی کوردستان بنیات نراوە و بە هۆی سیاسەتی وەرگرتنی خوێندکاری خۆجێیی (دانشجویان بوومی) زۆرینەی خوێندکارانی کوردن.

ژیانەوە

هەڵوێستەیەک لەسەر گرتنی دزەکەی مهاباد و نقورچکێک لە ناهۆشیاریی کۆمەڵایەتی

کۆمەڵگای ئێران ئێستا لە ڕووی قەیرانی ئابووریی، کۆمەڵایەتی ـ خێزانییەوە لە لوتکەی تەقاندنەوەدایە. ئەگەر چاوێک بەسەر لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان وەک زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، خۆکوشتن، کوشتنی یەکتر، چوونە سەری ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی بنەماڵە، دزی و جەردەیی، زۆر بوونی بێبەند و باریدا و ... هتد بخشێنین،…

ژیانەوە

لە نێوان ڕێککەوتن و شەڕدا؛ کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، کورد لەبەر هەڵکەوتەی ژیۆپۆلیتیکی خۆی، جارێکی تر بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەرێمی کوردستان و بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەوێ بنکە و بارەگایان هەیە، لەژێر گوشار و بوردومانی قورسی هێرشە درۆنی و هاژەکییەکانی ئێراندان. هاوکات…