بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

هەڵوێستەیەک لەسەر گرتنی دزەکەی مهاباد و نقورچکێک لە ناهۆشیاریی کۆمەڵایەتی

A position on the arrest of the thief in Mahabad and a slice of social unconsciousness
هەڵوێستەیەک لەسەر گرتنی دزەکەی مهاباد و نقورچکێک لە ناهۆشیاریی کۆمەڵایەتی

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ڕۆژیار ڕۆژهەڵاتی
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/26
زمان
کوردی

کۆمەڵگای ئێران ئێستا لە ڕووی قەیرانی ئابووریی، کۆمەڵایەتی ـ خێزانییەوە لە لوتکەی تەقاندنەوەدایە. ئەگەر چاوێک بەسەر لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان وەک زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، خۆکوشتن، کوشتنی یەکتر، چوونە سەری ڕێژەی هەڵوەشاندنەوەی بنەماڵە، دزی و جەردەیی، زۆر بوونی بێبەند و باریدا و … هتد بخشێنین، هەمووی بۆ ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی ـ کولتووری دەگەڕێتەوە کە پێش هەموو شتێک ڕێچکەی ئەم گرێیە لەبن سەری سوڵتە و دەسەڵاتی سیاسیی حاکمدا خۆی دەبینێتەوە.

حکوومەتێک کە بانگەشەی دامەزراندنی دەسەڵاتەکەی لەسەر ئیسلامی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی چەقبەستووی «من / تەنیا من» و بناغەکەی لەسەر بەناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بانکداریی ئیسلامی بنیات ناوە، کەچی لە کردەوەدا تەواو دژواز و ناتەبا خۆی دەنوێنێت.

فرتوفێڵی دەسەڵاتی سیاسی لە داڕشتنی وڵاتدا بووەتە هۆی ئەوەی کە تاک لە وڵاتیشدا ڕەهەندی زرینگی و زۆرزانی لە دەوڵەت بستێنێتەوە و بۆ وەدەستهێنانی داهات و سەرمایە هەموو جۆرە کارێک بکات. لەم ڕەوتەدا پاڕادایمی فێڵ و جەردەیی لەنێو حکوومەتدا بەرەو کۆمەڵگا سەرەوژێر بووەتەوە.

لە کرۆک و هەناوی کۆماری ئیسلامیدا ڕەهەندی ئایدۆلۆژیای دینی بووە هۆی ئەوەی کە لەژێر چارشێوی ئایینیدا کۆمەڵگا لە چوارچێوەی خۆیدا لە پەنا و پەسیو و قەراغان بکوتێت، بۆ ئەوەی کردە نەرێنییە کۆمەڵایەتی ـ کولتوورییەکان زیادتر بێ و خەڵک پێکدا هەڵپرژێنێت و لێکیان کات. لێرەدا دەسەڵات لەژێر ناوی چەمکی حاکمییەتی سیاسی ـ یاسایی ناوبژیوان بێ و کۆمەڵگە بەرەو هێوربردنەوە ببات و ئەم بەردە لە سینگی خۆی بدات کە وڵاتی ئارام و سەقامگیر هەر لە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە.

ئەگەر چاوێک بەسەر گوزارەی قەیرانەکانی ئاماژەپێدراودا بخشێنین، هەمووی بۆ پێشینەی ناکارامەییی کۆماری ئیسلامی وەک سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیی خۆجێیی دەگەڕێتەوە.

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە بەهۆی قەیرانە ئابووریی ـ کۆمەڵایەتی ـ سیاسی و کولتوورییە نایەکسانییە لەڕادەبەدەرەکانی، پاشخانی چارەسەرنەکراوی پێک هێناوە. ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە سەردێڕی هەواڵەکانی کوردستان بدەینەوە، دەردەکەوێت کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ورمێ ـ و ناوچەی موکریان بەتایبەتی زانیاریی ڕووداوە نەخوازراوەکان لە چ ئاستێکدان.

لە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و هاتنەئارای بزووتنەوەی ژن ـ ژیان ـ ئازادی، کوردستان بەرەو ئاقارێکی دیکە ڕۆیشت. کوردستان وەک ماتریسێک لە عەقڵانییەتێکی سیاسیی هاودەنگ لە حیزبە کوردییەکان هەنگاوی ئەرێنی هەڵدێنایەوە و هاواری بێدادیی نەتەوەیەکی بندست و بەشخوراو بوو.

هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی ژینا لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا نییە و دەکرێت وەک ئەمرێکی واقیع و بیر و باوەڕێکی ئایدۆلۆژیکی لەهەمبەر ئایدۆلۆژیای دینیی تۆخ شەنوکەو بکرێت و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لەسەر کۆمەڵگای سوننەتی/ لە حاڵی گەشەی کوردستاندا لێک بدرێتەوە.

ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز زێڕنگەرێک لە شەقامی سینەمای کۆنی مهاباد لە لایەن کەسێکەوە کوژرا و زێڕەکانی بەتاڵان بردرا کە پیاوچاکیی خاوەن دووکان و قێزەونیی ئەم کارە دڵی هەموو شارۆمەندێکی هەژاند.

ئەگەر بێین لەم ڕووداوە بکۆڵینەوە، دەبێ لە سێ ڕەهەندی ئابووریی ـ کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە لێی ورد بینەوە.

لە ڕووی ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتییەوە وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، دەوڵەت لە کاری نایاسایی هەمیشە ڕەچەشکێن و پێشەنگی کۆمەڵگایە. دەوڵەتێک کە دز بێ، تاکی دز بار دەهێنێت، کۆمەڵگای ناتەبا ساز دەکات، ژنکوشتن و پرسی نامووسی(بە پێوەی پیاوسالارانە) لە دادگا و مەحکەمەکان وەک دۆسیەیەکی ئاسایی دادەنێت، هەموو جۆرە کردەیەکی نامرۆڤانە بەشێوەی ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە، دواتر لە قەوارەی پۆلیس وەک ڕابینهوود، پارێزگای لە ئەمنییەتی شار دەکات. کەسێک کە غیرەت وەبەر خۆی بنێت، چەک هەڵگرێت و لەهەمبەر تەماح خوێنی کەسێک / مرۆڤێک / شارۆمەندێک / کوردێک بڕژێت، ئەمە ناتەباییی کۆمەڵایەتی زیادتر دەکات و دوژمنایەتی و خوێن و خوێنڕشتنەوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

لە ڕووی ئابوورییەوە، خەڵک بەگشتی هەر لە بیری زیادکردنی ماڵ و سامانی خۆیدایە. لەم دیدەوە چلۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری وڵاتدارییەوە بە وڵاتی خۆی ڕانەدەوەستا و دەیهەویست ئایدۆلۆژیی هیلالی شیعی لە عێراق و سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابمەزرێنێت، بەڵام دواتر بەهۆی زێدەڕۆیی کەل و چۆم کرا. لە قەوارەی کۆمەڵگادا هەر کەسە و بە جۆرێک دەیهەوێت خۆی پێ بگەیەنێت و گەشە بکات. ئەگەر پیشەیەکی دروستی هەبێت، هەم خزمەت بە نەتەوە دەکات و هەم داهاتێکی دروست (بە واتا ئایینیەکەی: حەڵاڵ) بۆخۆی و ماڵ و منداڵی پەیدا دەکات.

بەپێی بەدواداچوونەکان ئەم کەسەی ئەم کارەی کردووە، کەسێک بووە کە کەسابەت و ژیانی خۆی هەبووە، و لەبەر نەبوونی نەیکردووە و تەنیا بۆ تەماح و پارەی زۆرتر ئەم کارەی کردووە. ئەگەر کاری ئەمە کەسە (لە قیاسی بچووکدا) و کۆماری ئیسلامی وەک سیستەم (لە قیاسی گەورەدا) پێک بگرین، هەر وەک یەکن. هیی کۆماری ئیسلامی چون زلهێزە، دیار نییە و کەس پێی ناوێرێت، هیی دزی زێڕەکان دیارە و هەموو کەس پێی دەوێرێت و لەعنەتی دەکەن.

لە بواری کولتوورییەوە کۆماری ئیسلامی وەستای کەڵکوەرگرتن لە هەلەکانە و بۆ خومەقبوول نیشاندنی جەماوەری دەزانێت کە خەڵکی عەوام بە کەوچکە ئاوێک ڕەمەلە دەکەون، هەربۆیە لە ڕاگەیاندنە خۆجێیی‌یەکانی مهاباد ماڕشی «گیرانی دزی زێڕان کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر» لێ دەدات و هەستی خەڵک وەجۆش دەهێنێت و کەسە دزەکەی بە نێو خەڵکدا نمایش دەکات تا هەستی ئەوان بورووژێنێت. بە تێڕامانێکی سەرنجڕاکێشانە لەسەر دروشمەکانی نێو جەماوەر و چەپڵەلێدان و بیستنی وشەی «گەواد ـ بێ‌شەڕەف» ئاستی تووڕەییی خەڵک و ماسیگرتن لە ئاوی لیخن بۆ دەسەڵات بە دیاری دەهێنێت. بەڵێ زۆر ڕاستە، دەوڵەت ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شاری وەک یەکەیەکی حاکمییەتی لەئەستۆیە، بەڵام هەر ئەم نیزامە سیاسییە بوو کە لەم بەرگ و جلەدا منداڵی خەڵکیان لە شۆڕشی ژینادا شەڵاڵی خوێن کرد، شۆڕەلاوانی کوردی بریندار و دەربەدەر کرد.

بەداخەوە خەڵکی کوردستان لە بواری هۆشیاریی سیاسی ـ کۆمەڵایەتییەوە زەینی بۆ ڕووداوەکان یاری ناکات و لە بەشێکی دیکەدا کۆمەڵگای مەدەنی لە بواری ئەندێشە و تێڕامانەوە یەکەیەکی یەکگرتوو نییە و ئێستاش عەوامی و خێڵەکی لە هەمبەر پرسەکان هەڵسوکەوت دەکات.

وڵاتی پێشکەوتوو، کۆمەڵی پێشکەوتوو و سەردەمیانە و دەرەوەستی دەوێت، ئەمەش پێویستە کاری جیددیی فێرکاری ـ پەروەردەیی لە ئاستی چالاکیی مەدەنی و میدیایی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی عەقڵ و بیری دروست وەپێش هەست و ئێحساس بکەوێت و لە ڕەهەندی مەنتیقییەوە لەگەڵ پرسەکان بجووڵێینەوە.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

زانکۆی کوردستان لە نێوان کۆنترۆڵی دەسەڵات و بکەرییەتیی خوێندکاراندا

زانکۆی کوردستان: شرۆڤەیەکی کورد ئەم نووسراوەیە شرۆڤەیەکی کورتە لەسەر زانکۆی کوردستان وەکوو یەکێک لەو زانکۆیانەی کە لەسەر خاکی کوردستان بنیات نراوە و بە هۆی سیاسەتی وەرگرتنی خوێندکاری خۆجێیی (دانشجویان بوومی) زۆرینەی خوێندکارانی کوردن.

ژیانەوە

مانۆڕی ترس لە ژێر ناوی ئەمنییەتدا؛ مەهاباد فریوی شانۆگەرییەکان ناخوات

هێنانەدەرەوەی تۆمەتبار و گێڕانی بە شەقامەکانی مەهاباددا لەژێر ناوی «دووبارە نواندنەوەی تاوان»، زیاتر لەوەی ڕێکارێکی دادوەری بێت، شانۆگەرییەکی میدیایی و نمایشی هێزی سەرکوتکەرانە بۆ تێوەگلاندنی شەقام و زەمینەخۆشکردن بۆ سزای لەسێدارەدان. ئەوەی لەم دواییانەدا لە شەقامە پڕ لە بیرەوەری و مێژووییەکانی شاری…

ژیانەوە

لە نێوان ڕێککەوتن و شەڕدا؛ کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، کورد لەبەر هەڵکەوتەی ژیۆپۆلیتیکی خۆی، جارێکی تر بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەرێمی کوردستان و بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەوێ بنکە و بارەگایان هەیە، لەژێر گوشار و بوردومانی قورسی هێرشە درۆنی و هاژەکییەکانی ئێراندان. هاوکات…