گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١ 

‘دەوڵەت و سەروەریی’ و ‘نەتەوە و نەتەوەخوازیی’

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025

هاگ، ڕۆد و مارتین هارۆپ (٢٠٢٥): ‘دەوڵەت و سەروەریی’ و ‘نەتەوە و نەتەوەخوازیی’. وەرگێڕان: بیریار ژاوەرۆیی. گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٣٢٧–٣١٦. https://doi.org/10.69939/TISHK0071

DOI 10.69939/TISHK0071

ئەم وتارە وەرگێڕدراوی دوو بەشە لەسەر چەمکەکانی ‘دەوڵەت و سەروەریی’1 و ‘نەتەوەکان و نەتەوەخوازیی’2  وەرگیراو لە پەرتووکی ‘حکوومەت و سیاسەتی بەراوردکاری’3 کە پەرتووکێکی سەرچاوەیە لە زانستی ڕامیاریدا. نووسەرانی ئەو پەرتووکە سەرەتا تیشکیان خستووەتە سەر چەمکە جیاوازەکان لەو زانستەدا. لەو چەمکانە زیاتر لە هەمووی چەمکە هەڵبژێردراوەکانی سەرەوە پێوەندییان بە پرسی کورد و کوردستانەوە هەیە. بۆیە، هەوڵدرا ئەو بەشانە وەرگێڕدرێنەوە سەر زمانی کوردی. جێی ئاماژەیە کە نووسەران لە کاتی باس لەسەر جۆرە جیاوازەکانی نەتەوە وەک نموونەیەک لە ‘نەتەوەی بێ دەوڵەت’ ئاماژە بە کورد دەکەن و هەر لەو پێوەندییەدا لە چاپی هەشتەمی پەرتووکەکەیاندا کە لە ساڵی ٢٠١٠ دا بڵاو بووەتەوە و ئەم وەرگێڕدراوەش لەوە وەرگیراوە، بابەتەکەیان بە نەخشەیەکی کوردستانی گەورە وەکوو نەخشەی “ناوچە کوردنشینەکان” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازاندووەتەوە.

.

دەوڵەت و سەروەریی

دەوڵەت ئێستا بنەمای زاڵی ڕێکخراوی سیاسییە لەسەر ئاستی جیهاندا. هەڵبەت، هەندێ دەگمەنیی سەرنجڕاکێش بوونیان هەیە (Wild, 2007). ئەمانە بریتین لەو خاکانەی کە هێشتا هان لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆلۆنیالدا (بۆ نموونە، جەبەل تاریقی بەریتانیا) یان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوە دەبرێن (بۆ نموونە، بۆسنی) یان ئارەزوومەندانە ملکەچی دەسەڵاتی دەرەکی هاوبەش بوون (بۆ نموونە پورتۆڕیکۆ گرێدراوە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە) یان خودموختاری بەرچاویان پێ دراوە لە ناو دەوڵەتێکی گەورەتردا (بۆ وێنە هۆنگ کۆنگ لە ناو چیندا).

‘دەوڵەت’ کۆمەڵێکی سیاسییە[1] کە لەلایەن جەماوەرێکی سەر خاکێک کە ملکەچی یەک حکوومەتن پێکهێنراوە.

ئەگەر وەها دەگمەنیگەلێکی نائاسایی بنینە لاوە و ڕەچاویان نەکەین، جیهان دابەش کراوە بە سەر دەوڵەتگەلێکی جیاواز کە لە ڕێگەی ناسینی فەرمی و دانوستانی دوولایەنەوە سیستەمی نێونەتەوەیی[2] پێکدێنن (وێنەی ١.١). لەم پەرتووکەدا [مەبەست سەرچاوەکەیە] تیشکی سەرەکی خراوەتە سەر ئەم یەکەیانە و بەو هۆیە ئێمە پاژی ٤ بۆ چەمکەکانی گەشەسەندن و گرنگایەتی دەوڵەت تەرخان دەکەین. لێرەدا ئێمە تیشک دەخەینە سەر خودی چەمکەکە.

دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ١٩٤٩-٢٠٠٩

وێنەی ١.١ دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ١٩٤٩-٢٠٠٩

دەوڵەت ئینستیتوشن/دامەزراوەیەکی بێ وێنەیە کە لە سەرەوەی هەموو ڕێکخراوەکانی تر لە کۆمەڵگادایە. بە تەنیایی نەک هەر داواکاری/ئیدیعای شیاویەتی بەڵکوو مافی بەکارهێنانی زۆر/هێزیش دەکات. هەروەها کە وێبەر ئاماژەی پێکردووە، تایبەتمەندی تایبەتی دەوڵەت ڕێک ئەم تێکەڵکردنەی هێز لەگەڵ دەسەڵاتە: ‘دەوڵەت کۆمەڵێکی مرۆییە کە (سەرکەوتووانە) ئیدیعای بەکارهێنانی ڕەوای هێزی فیزیکی بە شێوەی پاوانخوازانە لە نێو سنوورێکی دیاریکراودا دەکات'(بە وتەی گێرت و میڵز[3]، ١٩٤٨، ل. ٧٨). کاتێ کە پاوانخوازیی دەوڵەت لەسەر هێزی ڕەوا هەڕەشەی لێدەکرێت، بۆ وێنە لە شەڕی ناوخۆییدا، بوونی لە مەترسیدایە. تا ئەو کاتەی ململانێیەکە بەردەوام بێت، دەسەڵاتی ڕەوا بوونی نییە. بۆیە، شۆڕشگێڕی ڕووسی ڤلادیمیر لێنین (١٨٧٠-١٩٢٤)[4] لە پێناسەکردنی ڕەشبینانەی دەوڵەتەکاندا وەک شتێک نە زیاتر لە ‘پێکهاتەگەلێک لە پیاوانی چەکدار’، تەنیا تاڕادەیەک ڕاست بوو. بەپێچەوانەی لێنین، پێکهاتەیەک لە پیاوانی چەکدار دەوڵەتێک پێکناهێنێت: لەبەر ئەوەی کە یاسای چەک هەرگیز یاسا نییە.

دەوڵەت چۆن جیاوازە لە حکوومەت؟ لە بنەڕەتدا، دەوڵەت ئەو کۆمەڵە سیاسییە پێناسە دەکات کە تێیدا حکوومەت بریکاری بەڕێوەبەری و هەڵسووڕانە. دەوڵەت لە ڕێگەی ئیدیعای سەرکەوتووانەی پاوانی هێزی ڕێگەپێدراوەوە فەرمانێک بۆ حوکمڕانی دەردەکات کە پاشان حکوومەت دەیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم جیاوازییە لە نێوان دەوڵەت و حکوومەتدا لە جیاکردنەوەی ڕۆڵە تایبەتەکانی سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکوومەتدا ڕەنگدەداتەوە. بۆ نموونە، پاشا ئەوروپییەکان هێمای دەوڵەتن بەڵام سەرۆکوەزیرەکانیان بەرپرسی حکوومەتن.[5]

لەبەر ئەوەی کە زۆرێک لە پاساوهێنانەوە بیردۆزییەکان بۆ دەوڵەت لەلایەن بیرۆکەی ئەوروپایی ‘سەروەریی’یەوە دابین دەکرێت، ئێمە دەبێت ئەم چەمکە روون بکەینەوە. بەوجۆرەی کە لەلایەن فەیلەسۆفی فەڕەنسی ژان بۆدن (1529-96)[6] پەرەی پێدرا، سەروەریی ئاماژە دەکات بە هێزی ڕاگیرنەکراو و دابەشنەکراو بۆ دانانی یاساکان. هەر بەو شێوەیە، یاسازانی ئینگلیزی ویلیام بلەکستۆن (1723-80)[7] باسی دەکرد کە “لە هەر دەوڵەتێکدا دەسەڵاتێکی باڵا، بەهێز، ڕەها و کۆنتڕۆڵنەکراو هەیە و دەبێ هەبێت، کە تێیدا مافی سەروەریی جێی گرتووە.”

وشەی ‘سەروەر’ لە بنەڕەتدا بە واتای کەسێک بوو کە لە سەرەوە دانیشتبێت. کەواتە، پێکهاتەی سەروەر ئەو دامەزراوەیە کە لەلایەن دەسەڵاتێکی بانترەوە سنووردار نەکراوەتەوە: بەرزترینی بەرزەکان. بەپێی پێناسە، ئەو پێکهاتەیە دەوڵەتە. هەروەها کە بۆدن نووسی، سەروەر دەتوانێت “یاسا دانێت بۆ هەمووان و هەر کەسێک لە ڕەعیەتەکان و هیچێک [هیچ یاسایەک] لەوان وەرنەگرێت.” سەروەریی لە بنەڕەتدا لە ئەوروپادا بۆ پاساوی هەوڵی شاکان بۆ کۆنتڕۆڵی تۆکمە بە سەر شانشینەکاندا کە تێیایاندا دەسەڵات پێشتر هاوبەش کرابوو لەگەڵ ئاریستۆکراسی فیۆدال و کەلیسای کاتۆلیک، پەرەی سەند. لەڕاستیدا، پاشای بەریتانیا هێشتا وەکوو ‘سەروەر’ دەناسرێت. بەم شێوەیە بە پیرۆزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی چەمکی یاسایی سەروەریی بەهێزەوە لە پەرەسەندنی دەوڵەتی ئەوروپاییدا بەشداریی کرد.

‘سەروەریی’ ئاماژە دەکات بە سەرچاوەی کۆتایی دەسەڵات لە کۆمەڵگا. سەروەر بانترین و دوایین بڕیاردەرە لە نێو کۆمەڵێکدا.

بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنی دێمۆکراسیدا، ئەو باوەڕەش گەشەی سەند کە پاڕلەمانە هەڵبژێردراوەکان کە بە نوێنەرایەتی لەلایەن خەڵکەوە کار دەکەن، خاوەنی ڕاستەقینەی سەروەرین. ئامرازی بەدەستهێنانی سەروەریی پەرەی سەند ئەگەرچی گرنگایەتی بیردۆزانەی ‘دەسەڵاتی باڵا’ی بلەکستۆن بە بێ پرسیار و گومان لەسەری مایەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپایی بەناوەندیکراودا (سێنترالیزەکراو) وەکوو بەریتانیا و فەڕەنسا. تا ئەمڕۆش، چەمکی ‘سەروەریی پاڕلەمانی’ وەک زاراوەیەکی گرنگ لە باسە سیاسییەکانی بەریتانیادا ماوەتەوە.

لە دەرەوەی ئەوروپا، چەمکی سەروەریی بە لاوازی مایەوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی فیدڕاڵدا، بۆ وێنە، دەسەڵاتی سیاسی هاوبەش کراوە لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی ویلایەتەکاندا، کە هەموویان بەپێی یاسایەکی بنەڕەتی کار دەکەن کە گوایە لەلایەن ‘ئێمە، خەڵک’ەوە دانراوە و لەلایەن دادگای باڵاوە دەپارێزرێت. لەم هەلومەرجەدا، بیرۆکەی سەروەریی و هەروەهاش، بە شێوەیەکی گرنگ، چەمکی دەوڵەت بۆخۆیشی، شل دەبێتەوە. ئەمریکییەکان لە وشەی ‘دەوڵەت’ زۆرتر بۆ ئاماژە بە 50 ویلایەتی یەکیەتییەکە کەڵک وەردەگرن تاکوو حکوومەتی فێدڕاڵ لە واشنتۆندا. حکوومەتی ناوەندی ئەمریکا کە لە ڕێگەی پشکنین و هاوسەنگییەوە (چێک و باڵانس) سنووردار کراوە، ئەو ‘دەسەڵاتە ڕەها و کۆنتڕۆڵکراوە’ی نییە کە بە ڕای بلەکستۆن زۆر پێویست بوو بۆ دەوڵەت.

باسی هاوچەرخ لە نێوان سەروەریی ‘ناوەکی’ و ‘دەرەکی’دا جیاوازیی دادەنێت. سەروەریی دەرەکی گرنگە لەبەر ئەوەی کە ڕێگە دەدات بە دەوڵەتێک کە داواکاری ئەو مافەی بێت کە نەتەنیا کاروباری ناو سنوورەکانی خۆی ڕێکبخات بەڵکوو وەکوو ئەندامێکی وەرگیراو لە بەندوباوی نێونەتەوەییدا بەشداریی بکات. بەم شێوەیە، پەرەسەندنی سیستەمی نێونەتەوەیی دەسەڵاتی دەوڵەتەکان لە بواری ناوخۆییدا بەهێز دەکات. سەروەریی ناوەکی و دەرەکی بە شێوەی ئاسایی یەکتر بەهێز دەکەن. بەمجۆرە، کۆسۆڤۆ کە لە  ٢٠٠٨ دا سەربەخۆیی لە سێربستانی ڕاگەیاند بەڵام خەباتی کردووە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی دەرەکی تەواو، خۆی لە دۆخێکی نادیاردا دەبینێتەوە.

‘سەروەریی ناوەکی’ ئاماژە دەکات بە دەسەڵاتی یاسادانان لە ناو خاکێکدا. ‘سەروەریی دەرەکی’ ئاماژە دەکات بە دانپێدانانی نێونەتەوەیی به شیاویەتی یاسایی سەروەرەکە لە خاکەکەدا.

پێش هەموو شتێک، سەروەریی پێکهێنراوەیەکی بیردۆزانەیە. مافی فەرمی بۆ دانانی یاسا بەو واتایە نییە کە سەروەرەکە خاوەن هێزی ڕەهایە. هەموو سەروەرەکان دەکەونە بەر کاریگەری ڕووداوەکانی دەرەوە و ناوەوەی سنوورەکانیان. لەبەر ئەم هۆکارە، دەبێ بە گومانەوە لەگەڵ ئەو داواکاریانە مامەڵە بکرێت کە دەڵێن سەروەریی بووەتە ئەفسانەیەک لە جیهانێکدا کە هەمووان پشتیان بە یەکتر بەستووە. سەروەریی هەمیشە ئەفسانە بوو؛ ئەوە سروشت و گرنگییەکەیەتی. مێکزیک، بۆ نموونە، زیاتر پێبەستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە تاکوو پێچەوانەکەی بەڵام هەر دوو وڵاتەکە بە فەرمی وەکوو نەتەوەگەلێکی سەروەر بەرابەر دەمێننەوە. فەڕەنسا (64.1 ملیۆن حەشیمەت) سەربەخۆترە لە بێلژیک/بەلجیکا (10.4 ملیۆن حەشیمەت) بەڵام هەردووکیان قەوارەگەلێکی سەروەرن. کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بە سەر چارەنووسیدا بابەت و پرسی پلەیە بەڵام سەروەرییەکەی لە سروشتی خۆیدا بێ سنوورە. ماکی سەروەریی ڕێک لە ناونیشانێکی یاسایی بێ مەرج و سنووردا شاراوەیە:

“سەربەخۆیی یاسایی، وەکوو هاوسەرگیریی، دۆخێکی ڕەهایە. خەڵک چ هاوسەرگیرییان کردبێت چ نە؛ ئەوان ناتوانن 70 لە سەد هاوسەرگیریکراو بن. سەروەریش هەر وەهایە: وڵاتێک یان ناونیشانی یاسایی سەروەریی هەیە یان نییەتی؛ دۆخێک لەو نێوانەدا بوونی نییە.” (Sorensen, 2004, p. 104)

نەتەوەکان و نەتەوەخوازیی

‘نەتەوە’ چەمکێکی ئاستەمترە لە دەوڵەت. نەتەوەکان کۆمەڵە خەیاڵی یان وێناکراوەکانن و زۆرجار نەتەوەیەک وەک هەر گروپێک سەیر دەکرێت کە داواکارییەکی هەیە بۆ ئەوەی وەها [وەک نەتەوە] ڕەچاو بکرێت (Anderson, 1983). بەوەشەوە، لە دوو ڕووەوە ئێمە دەتوانین کەمێک وردتر بین.[8] سەرەتا، نەتەوەکان خەڵکانێکن کە نیشتمانیان هەیە. وەک ئێلی و سانی (1996, p. 10)[9] دەڵێن، نەتەوەیەک – وەک دەوڵەتێک – پێویستی بە ‘داواکارییەک لەسەر کوتەڵەیەکی/پارچەیەکی تایبەت لە موڵکوماڵ’ هەیە. لێرەدا ڕێخەی وشەی ‘نەتەوە’، کە لە زاراوەیەکی لاتینەوە بە واتای شوێنی لەدایکبوون سەرچاوە دەگرێت، پێوەندیدارە. پێوەندی نێوان نەتەوە و شوێن یەک لەو فاکتۆرانەیە کە نەتەوەیەک لە هۆز یان گروپێکی خزمیی/ئێتنیکی جیا دەکاتەوە. هۆزێک دەتوانێت بە ئاسانی جێگۆڕکێ بە ماڵ بکات[10] بەڵام نەتەوەیەک بەستراوەتەوە بە خاکی دایکییەوە و زۆرتر لە ڕێگەی پەرەپێدان و بچووکبوونەوەوە شێوە دەگۆڕدرێت.

دووەم، کاتێک گروپێک داواکاریی ئەوەی هەیە کە نەتەوەیەکە، ئەوە مافی ‘چارەی خۆنووسین’ی لە نێو نیشتمانی خۆیدا ڕادەگەینێت. ئەوە بە دوای سەروەری بە سەر خاکەکەیدایە، بە کەڵکوەرگرتن یان داهێنانی چاندێکی هاوبەش بۆ پاساودانەوەی داواکارییەکەی. ئەم داواکارییەی خۆ-حوکمڕانی (کە نابێ لەگەڵ حوکمڕانی دێمۆکراتیکدا تێکەڵ بکرێت) بە بیرۆکەی نەتەوە تایبەتمەندییە سیاسییەکەی دەبەخشێت. گروپێک بە گەیشتن یان بەدواداچوونی کۆنتڕۆڵ بەسەر چارەنووسی خۆیدا، چ لە ڕێگەی سەربەخۆیی یان دابەشکردنی دەسەڵات، دەبێ بە نەتەوە. نەتەوەکان یان بوونەتە خاوەن دەوڵەت یان لە چاوەڕوانیدان ببن بە خاوەن دەوڵەت.

‘مافی چارەی خۆنووسین’ هەڵبژاردنی کردەوەکان بە بێ زۆرەملێ دەرەکییە. مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیی مافی خەڵکێکە بۆ بوون بە خاوەن حکوومەتی خۆیان، دێمۆکراتیک بێت یان نا. بنەماکە لە ڕاگەیندراوی کاریگەری ئاتلانتیک (١٩٤١)، دەربڕیننامەیەکی هاوبەش لەلایەن فرانکلین ڕۆزڤێڵت و وینستۆن چێرچیل، دەربڕدرا و بوو بە بناخەی لەکۆلۆنی دەرهێنان. 

هەندێک نموونە دەریدەخەن کە چۆن داخوازییەکان بۆ نەتەوەبوون خاک، چاند/کەلەپوور و ڕامیاریی تێکەڵ دەکەن. وەسفکردنی کەنەدییە فەڕەنسی زمانەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز، لە بەرانبەر کۆمەڵێکی زمانیدا، داواکارییەک بۆ خودموختاری ئەگەر نا سەربەخۆیی پیشان دەدات بۆ ئەم گروپە کە لە ڕووی چاندییەوە جیاواز و لە ڕووی جوگرافیاییەوە چڕەوبووە. هەر بەو شێوەیە، خەبات بۆ دەوڵەتی فەلەستینی لە ساڵی ١٩٤٨ەوە، ناسێنەی نەتەوەیی فەلەستینی بەهێزتر کردووە کە پێشتر نادیارتر بوو.

لەبەر ئەوەی کە چەمکی نەتەوە سیاسییە، پێویست ناکات نەتەوەکان بە زمانێکی هاوبەش یەکبگرن. زمانێکی هاوبەش بە دڵنیاییەوە ئەرکی یەکدەستبوونی چاندیی ئاسان دەکاتەوە، بەوەشەوە وڵاتی سویس، بۆ نموونە، بێ گومان نەتەوەیەکە گەرچی فەڕەنسی، ئەڵمانی و ئیتاڵی لەوێدا بەکاردەهێنرێن. هەر بەو شێوەیە، بە ئینگلیزی قسەکردن بۆ خاوەن مەرج بوونی ئەندامەتی نەتەوەی ئینگلیز بەس نییە؛ ئەگەر وابوایە، نەتەوەی ئینگلیز هەموو جیهانی لەبەردەگرت.[11]

لە پەرەسەندنی تێگەیشتن لە نەتەوە، باس لە سەر ئەوە بووە کە ئاخۆ نەتەوەکان دەبێ وەک مۆدێڕن/نۆژەن یان دێرین/کەون سەیر بکرێن. لەلایەکەوە، نەتەوەکان زۆرتر وەک هەوڵگەلێک لەلایەن خەڵکەوە ڕەچاو دەکرێن بۆ سەلماندنی مافی لە بنەڕەتدا مۆدێڕنی چارەی خۆنووسینی خۆیان. لەلایەکی ترەوە، نەتەوەکان وەکوو بوونەوەرانی سەردەمی دێرینیش سەیر دەکرێن کە هەر لە شلەی سەرەتایی[12] سەردەمانی ڕابردووەوە سەریانهەڵداوە. چ باسگەلێک لە هەر لایەکی ئەم مشتومڕەدا دێتە ئاراوە؟

ڕەنگە بوترێت بەشێک لە جۆری مرۆڤ ‘نەتەوایەتی’یەک پێکدەهێنێت ئەگەر بە هاوسۆزیگەلێکی هاوبەش لە نێوان خۆیاندا یەکبگرن… کە وایان لێدەکات زیاتر بە ئارەزووی خۆیان هاوکاری یەکتر بکەن لە چاو خەڵکانی تر، ئاواتەخواز بن کە لە ژێر دەسەڵاتی یەک حکوومەتدا بن، و ئاواتەخواز بن کە ئەوە دەبێ حکوومەت لەلایەن خۆیانەوە یان بەشێک لە خۆیان بەتایبەتی بێت (Mill, 1861, p. 391). 

بە مۆدێڕن دیتنی نەتەوەکان پێشنیار دەکات کە ئەوانە نەدۆزراونەتەوە بەڵکوو پێکهێنراون. نەتەوەکان داواکاریی دەوڵەتدارییان هەیە و، لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتەکان خۆیان بەرهەمی مۆدێڕنیتەن، نەتەوەکانیش هەروەهان. بەتایبەتی، ناسێنەیەکی نەتەوەیی خزمەتی چەندین کردەی مۆدێڕن دەکات. ئەمە خەڵکێک یەکدەخات کە یەکتر ناناسن بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆیان بە لێکترگرێدراو دەبیننەوە لە ژێر دەسەڵاتی حوکمڕانیگەل و بازاڕگەلی هاوبەشدا. پێشنیار دەکرێت کە نەتەوایەتییەکی هاوبەش پێوەندێکی سۆزداری بۆ جیهانێکی تادێت ئاوەزمەندانەتر دابین دەکات. ئەمە ڕێگە دەدات بە دۆڕاوەکانی گواستنەوە بۆ ئابوورییەکی بازاڕ تاکوو لە پێشکەوتنی وڵاتەکەیان بە گشتی ئاسوودە بن. هەر بەو شێوەیەش، ناسێنەی نەتەوەیی پاساوی ژیرانە بۆ بەشداری لە شەڕدا دابین دەکات، بە هاندانی خەڵک “بۆ مردن لە پێناو کەسانی نامۆدا”(Langman, 2006).

بە دڵنیاییەوە، لە ڕەوتی خەباتەکانی ئەم دواییەدا زۆر نەتەوە پێکهێنراون. لە سەدەکانی نۆزدەیەم و بەتایبەت بیستەمدا، خەڵکانی کۆلۆنییەکان لە ژێر بەیداخێکی ناسیۆنالیستیدا بەرەو سەربەخۆیی ڕۆیشتن. ئەم دەربڕینانە لەسەر ناسێنەی نەتەوەیی زۆر جار بە ڕادەی ئەو سنوورانەی کە لە بنەڕەتدا لەلایەن حوکمڕانانی کۆلۆنیکەرەوە سەپێندرابوون، دەسکرد بوون. ئەوە “بوون و هێزی ڕەژیمە کۆلۆنیالەکان بوو کە پەرەپێدانی ناسێنەیەکی نەتەوەیی وەکوو بناخەی خۆڕاگری ورووژاند” (Calhoun, 1997, p. 108). لە ڕەوتێکدا کە بە شێوەیەکی گونجاو پێی گوتراوە ناسیۆنالیزم لە سەرەوە، ڕێبەرانی بزووتنەوەکانی سەربەخۆیی بزووتنەوە نەتەوەییەکانیان دامەزراند کە بەڕاستی سەلماندیان کە گۆڕهەڵکەنەکانی ئیمپراتۆریەت بوون.

تێگەیشتنی بەرانبەر، کە نەتەوەکان کۆنن نەک مۆدێڕن، لەلایەن ‘ئانتۆنی ئێسمیت’ەوە (٢٠٠٩)[13] هاتووەتە ئاراوە. ئەو ئاماژە دەکات کە چەندین گروپی ئێتنیکی گەورە (‘نەتەوەکان’؟) بەڕاستی ڕەگ و ڕیشەی دوورودرێژیان هەیە؛ نموونەکان بریتین لە یۆنانییەکان، سێربەکان و چینییەکان. بۆ ئێسمیت، نەتەوەکان پێوەند دراون بە نەریتێک – ڕاستەقینە یان ئەفسانەیی –  لەسەر ڕەچەڵەک، مێژوو و چاندی هاوبەش. ئەم هەڵوێستە ڕوانگەی سەرەتاییانەیە لەسەر نەتەوەکان، واتە هەر لە سەرەتاوە هەبوون.

چەندین نووسەری تر پێشنیار دەکەن کە هەستی نەتەوایەتی بەشێکی سروشتییە لە بارودۆخی مرۆڤ، نەک وەڵامێک بۆ بارودۆخە مۆدێڕنەکان. گیرتز (١٩٦٣)[14]، بۆ نموونە، لەسەر ئەو بڕوایە کە مرۆڤەکان بە شێوەی سروشتی پەیوەندییەکی سۆزداری یان واتاویی/مەعنەوی لەگەڵ گروپبەندییەکی گەورەتر لە دراوسێ نزیکەکانیان (ئەوەی کە ئەم بوونێتییە بەرینترە پێویستە نەتەوەیەک بێت یان نا، پرسێکی ترە) پەرە پێ دەدەن. هەر بەو شێوەیە، ڤان دێن بێرخە (19881, p. 27)[15] ناسیۆنالیزم پێوەند دەدات بە تێگەیشتنی سەرەتاییانە لە خزمایەتی. ئەو پێی وایە کە ئێمە بوونەوەرانێکی چاندین کە لە ڕێگەی دانپێدانانی هاوبەش بە ڕەچەڵەکی هاوبەش پێکەوە گرێدراوین. بەڵام ئەم دانپێدانانە ناتوانرێت تەنیا دابهێنرێت بەڵکوو “دەبێ ڕەگ و ڕێشەی لە ڕاستێتیی مێژووییدا هەبێت.” کەواتە نەتەوەکان گروپگەلێکی خزمایەتی پەرەسەندوون کە وەڵامی پێویستیی چاندیمان دەدەنەوە بۆ ئەوەی بزانین کە ئێمە کێین. ئەوان تایبەتمەندیی گشتگیرییان هەیە، نەک بەتایبەتی مۆدێڕن.

وەک زۆر باس و مشتومڕ لە سیاسەتدا، بە ئەگەرەوە توخمگەلێک لە ڕاستی لە هەردوو هەڵوێستەکەدا هەیە. بە گشتی، لەکاتێکدا کە ڕەنگە هەندێ نەتەوەی گەورە وەک گروپە ئێتنیکییەکان خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژ بن، وێدەچێت [نەتەوەکان] زیاتر لە هوروژمی سەدەی بیستەمی بۆ دەوڵەتداریی پێکهاتبێتن. دیاریکردنی ڕێکەوتی سەرچاوەی وردی نەتەوەکان بۆی نییە بەڵام ڕۆڵی سەرەکییان بە دڵنیاییەوە لە سەردەمانی مۆدێڕندایە.

تەنانەت زیاتر لە نەتەوەکان خۆیان، ‘ناسیۆنالیزم/نەتەوەخوازیی’ دۆکترینێک یان کۆمەڵەباوەڕێک لەسەر مدێڕنیتەیە. وەک زۆرێک لە ‘ئیزم/خوازیی’ەکان، ناسیۆنالیزم لە سەدەی نۆزدەیەمدا سەریهەڵدا و لە سەدەی بیستەمدا گەشەی سەند. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو ‘ئیزم’انەی تر، بنەمای ناسیۆنالیزم بە دڵنیاییەوە سەرڕاست و سادەیە. بە سادەیی ئەمە ئەو دۆکترینەیە کە نەتەوەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە – بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان. بەم شێوەیە، ناسیۆنالیزم بیرۆکەیەکی گشتگیر و جیهانییە، گەرچی هەر نەتەوەیەک بێ وێنەیە و ڕەگ و ڕیشەی لە شوێنێکی تایبەتدایە.

پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مافە شارستانی و سیاسییەکان (UNHCR, 1966) کورتە دەربڕینێک لەسەر بنەمای خۆ-حکوومەتی نەتەوەیی پێشکەش دەکات: “هەموو خەڵکێک مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە. بە هۆی ئەو مافەوە ئەوان ئازادانە پێگەی سیاسی خۆیان دیاریی دەکەن و مافە ئابووریی، کۆمەڵایەتی و چاندییەکانیان بەدواداچوون دەکەن.”

ئەم بنەمایە سەلماندی کە زۆر کاریگەر بووە بە درێژایی سەدەی بیستەم. لە سەرەتاوە، لەگەڵ داڕمانی کۆتایی ئیمپراتۆریەتەکانی ئوتریش-مەجارستان و عوسمانی، ناسیۆنالیزم پاساوێکی بۆ دیسان کێشانەوەی نەخشەی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین کرد. پاشان، لە دەیەکانی دوای ساڵی ١٩٤٥، ڕزگارکردنی نەتەوەیی ڕێگەی دا بە کۆلۆنییەکان لە ئافریقا و ئاسیا کە سەربەخۆیی سیاسی لە ئاغا کۆلۆنیکەرەکانیان بەدەست بهێنن. و لە کۆتایی سەدەکەدا، داڕمانی کۆمۆنیزم بووە هۆی دەسپێکردنی بووژانەوەیەک لە دەربڕینی نەتەوەیی لە سەرانسەری یەکیەتی سۆڤییەت و دەوڵەتە گرێدراوەکانیدا. بۆیە هۆیەکی بەهێز هەیە بۆ ڕەچاوکردنی ناسیۆنالیزم وەک هێزی بزوێنەری سەدەی بیستەم.

‘ناسیۆنالیزم’، ئایدۆلۆژیای سەرەکی سەدەی بیستەم، ئەو دۆکترینەیە کە نەتەوەکان خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانن. گیلنەر (1983, p. 1)[16] دەنووسێت کە ناسیۆنالیزم “لە بنەڕەتدا بنەمایەکی سیاسییە، کە پێی وایە یەکە سیاسی و نەتەوەییەکان دەبێ هاوتا بن.” ناسێنەی نەتەوەیی لە باری سیاسییەوە زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی کە وەڵامی پرسیارێک لە دەرەوەی سنووری دێمۆکراسی دەداتەوە: کێن “ئەو خەڵکە” کە بڕیارە خۆیان بەڕێوەببەن؟

بەوەشەوە، تەنانەت ئەوڕۆکەش نەتەوەکان و دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی ناڕێکوپێک بەردەوامن لە بەزاندنی سنووری یەکتر. بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە مەیلە سروشتییەکانمان چیمان ڕەنگە پێ بڵێن، ئێمە هەڵە دەکەین ئەگەر وابزانین کە هەر دەوڵەتێک بریتییە تەنیا لە یەک نەتەوە، یان ئەوەی کە هەر نەتەوەیەک سنووردار کراوەتەوە بە یەک دەوڵەت. خشتەی 1.1 چوار ڕێگای تێکەڵبوونی نەتەوەکان و دەوڵەتەکان بە کردەوە، پیشان دەدات. دوو ڕیزی یەکەم لەم خشتەدا جۆرەکانی دەوڵەت (نەتەوە-دەوڵەت، دەوڵەتی فرەنەتەوە) وەسف دەکەن لەکاتێکدا کە دوو ڕیزی دووەم هەلی زیاتر بۆ گروپە نەتەوەییەکان (نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، دیاسپۆرا) پیشان دەدەن. تێگەیشتن لەم پۆلێنبەندییانە بە واتای تێگەیشتنە لە هەندێک ئاڵۆزیی سیاسی جیهانی هاوچەرخ.

یەکەم و سادەترین پۆلێنی ڕاستەوخۆ لە خشتەی 1.1دا ‘نەتەوە-دەوڵەت’ی نەریتییە. لێرەدا هەر وڵاتێک تەنیا خەڵکی سەر بە نەتەوەکەی لەبەردەگرێت. شۆڕشی ١٧٨٩ی فەڕەنسا ئەو بیرۆکەی هێنایە ئاراوە کە دەوڵەت دەبێ بەرژەوەندی و مافەکانی هاووڵاتییانێ کە بە یەک ناسێنەی نەتەوەیی پێوەنددراون بەیەکترەوە، دەرببڕێت. فەیلەسۆفی بەریتانیایی جان ئێستوارت میل (1806-73)[17] داکۆکیکاری سەرەتایی و کاریگەری نەتەوە-دەوڵەتی هاوتا بوو. ئەو دەیوت کە “لە شوێنێکدا کە هەستی نەتەوایەتی لە هەر هێزێکدا هەبێت، رەوشێکی سەرەتایی هەیە بۆ یەکخستنی هەموو ئەندامانی ئەو نەتەوایەتییە لە ژێر هەر ئەو حکوومەتەدا یان حکوومەتێک بۆ خۆیان بەجیا” (1861, p. 392). لە جیهانی ئەوڕۆکەدا، ئایسلەند نموونەیەک لە نەتەوە-دەوڵەتێکی پەتییە. دانیشتووانەکەی وەها ڕەچەڵەکێکی هاوبەشی بە باشی بەڵگێندراویان لە ناوەوەی دوورگەیەکی چڕەوە هەیە کە پێشینە تۆمارکراوەکانی لەدایکبوون لەم دەوڵەتەدا تاقیگەیەکی تەواو بۆ توێژینەوەی بۆماوەیی/جینەتیکی دابین دەکەن.

گەرچی ئەوڕۆکە کەم وڵات هەیە وەکوو ئایسلەند یەکدەست بن، نەتەوە-دەوڵەت بە ئەگەرەوە هێشتا زاراوەیەکی گونجاوە کاتێک باس لەسەر زۆر وڵات دەکرێ کە تێیایاندا یەک نەتەوایەتی لە باری سیاسی و ژمارەییەوە زاڵە. بۆ نموونە، لە فەڕەنسا، ئاڵمانیا و ئیسرائیل، دەوڵەت سەرچاوەی لە خاکی ناسێنەیەکی نەتەوەیی بەهێزدا هەیە، سەرەڕای بوونی کەمینەگەلێکی بەرچاو: جەزائیرییەکان و مەغریب/مەراکێشییەکان لە فەڕەنسا، تورکەکان لە ئاڵمانیا و فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل (Smooha, 2002). فەڕەنسا، بەتایبەتی، وەک نموونەیەکی کۆنی نەتەوە-دەوڵەت ماوەتەوە: چاوەڕوانی لە حکوومەت دەکرێت کە بەرژەوەندییەکانی نەتەوە وەک گشتێک دەرببڕێت و هەموو هاووڵاتییانی فەڕەنسا بە شێوەی بەرابەر لە ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتیبووندا بەشدار بن.

خشتەی 1.1 [18]  

خشتەی 1.1

پۆلێنی دووەم لە خشتەی 1.1 ‘دەوڵەتی فرەنەتەوە’یە. لێرەدا، زیاتر لە نەتەوەیەک بنەڕەتییە بۆ سیاسەتی وڵاتێک و تواندنەوە لە ناو نەتەوایەتیەکی زاڵدا بژاردەیەکی ریئالیستیک/ڕاستیخوازانە نییە. کۆچی نێونەتەوەیی خەریکە زۆر، ڕەنگە زۆرترین، دەوڵەت بەم ئاڕاستەدا دەبات. بەوەشە، ئێمە نابێت دیاردەی فرەنەتەوەخوازیی بە نوێ بزانین. بۆ نموونە، بەریتانیا لە مێژە دابەش کراوە لە نێوان نەتەوەکانی ئینگلیز، وێڵز، سکۆتلەند و ئایرلەندا؛ کەنەدا لە نێوان ئینگلیزی و فەڕەنسی زمانەکاندا؛ و بێلژیک لە نێوان هۆڵەندی و فەڕەنسی زمانەکاندا. ئەم نموونانە دەریدەخەن کە دەوڵەتە فرەنەتەوەکان دەتوانن ئاشتی ناوخۆیی و سەقامگیریی سیاسی بەدەست بهێنن.

بەوەشە، زۆر نموونەی تر هەیە کە دابەشکاری نەتەوەیی لە ناو وڵاتێکدا بووەتە هۆی ململانێ. بۆ نموونە، دەوڵەتەکانی باڵکان وەک بۆسنی و کرواسی لە نەوەدەکاندا ململانێی توندوتیژاوییان لە نێوان گروپە نەتەوەییە کروات، موسڵمان و سێربەکاندا ئەزموون کرد.

هەندێ نووسین و توێژینەوە تیشکیان خستووەتە سەر دەوڵەتەکان، چ نەتەوە-دەوڵەت یان فرەنەتەوە. مەترسییەک لە وەها ڕێبازێکی دەوڵەت-تەوەردا هەیە: ئەویش ئەوەیە کە چاوپۆشی دەکرێت لەوەی کە چۆن گروپە نەتەوەییەکان سنوورەکانی دەوڵەت دەبەزێنن.[19] دوو ڕیزی خوارتر لە خشتەی 1.1دا ئەم هەلە دەخەنەڕوو.

سێهەم پۆلێنمان، ‘نەتەوەی بێ دەوڵەت’، ئاماژە بە دۆخێک دەکات کە دەوڵەتی خۆماڵی بوونی نییە. بۆ نموونە، کوردەکان بۆ زیاتر لە ٤٠٠٠ ساڵە دانیشتووی ناوچەیەکی شاخاوین لە ئاسیا و ناسێنەی نەتەوەییان بە باشی جێگیر بووە. بەوەشەوە، نیشتمانەکەیان، کوردستان، لە نێوان ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا دابەش بووە، و هیوا و ئاسۆیەکی کەم بۆ دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ هەیە (نەخشەی 1.1). وێدەچێت ئەو ٢٠ ملیۆن کوردە بە ئەگەرەوە وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی جیهان بەردەوام بن.[20]

دوایین پۆلێنمان ‘ڕەوەند/دیاسپۆرا’یە کە ‘ئێسمەن’ (1996, p. 316)[21] بە “گروپێکی ئێتنیکی کەمینە کە بنەچەی کۆچبەریی هەیە و پێوەندیی هەستیارانە یان ماددی لەگەڵ سەرزەوییە سەرەکییەکەی دەپارێزێت،” پێناسەی کردووە. زاراوەکە لە بنەڕەتدا پێوەندیی بە پرژوبڵاوبوونەوەی جوولەکەکان لە سەرزەوییە فەلەستینییەکەیان دوای بەزینیان لەلایەن ڕۆمییەکانەوە لە ساڵی ٧٠ی زایینیدا هەبووە. جوولەکەکان نموونەی کۆن و سەرەتایین و تەنیا کەمینەیەک لە جوولەکەکانی جیهان ئێستا لە نیشتمانە دێرینەکەدا دەژین.

بەڵام زۆر نموونەی تر هەیە. جینۆساید/تووبڕکردنی ئەرمەنییەکان لە ساڵی 1915/16دا ڕزگاربووانی بە چواردەوردا پرژوبڵاو کردەوە– و بەتایبەتی بۆ ڕووسیا، فەڕەنسا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاڕژەنتین و ئێران. لە کۆی ڕەنگە ١٠ ملیۆن جەماوەری ئەرمەنی لە سەرتانسەری جیهاندا، تەنیا نزیکەی ٣ ملیۆن کەس لە خودی ئەرمەنستاندا دەژین.

ڕەوەندەکان (هەندەران/تاراوگەنشینەکان) دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر نیشتمان، نەتەنیا لە ڕێگەی ڕەوتێک لە ناردنەوەی پارە بەڵکوو لە ڕێگەی کاریگەرییان لەسەر ڕێبازی سیاسی (پالیسی)، هەبێت. ٢٠ ملیۆن هێندی نانیشتەجێی هێندستان (NRIەکان)[22] بوونەتە لۆبییەکی بەهێز بۆ چاکسازی ئابووری لە وڵاتی سەرەکیدا. گرنگایەتی وەها ڕایەڵەگەلێکی سەروونەتەوەیی [لەڕاستیدا سەروودەوڵەتی] خەریکە زیاتر دەبێت کە سەرهەڵدانی نەتەوە وێنایی/مەجازییەکان هان دەدات و کردەوەیی بوونی “ناسیۆنالیزم لە ڕێگای دوورەوە” (Anderson, 1998) پیشان دەدات.

نەخشەی 1.1 نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت: کورد

نەخشەی 1.1 نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت: کورد

پەراوێزەکان

[1] وەرگێڕ: هەروەک لە درێژەی ئەم دەقەشدا ئاماژە دەکرێت، ‘دەوڵەت’ پێوەندی بە دامەزراوە یان ئینستیتوشن هەیە لەکاتێکدا نەتەوە/نەیشن و هەروەها کۆمەڵ/کۆمیونیتی پێوەندی بە خەڵکەوە هەیە. خەڵک بە گشتی بەشێک لە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتە. دیارە سیاسی بوون بەشێکە لە کۆمەڵایەتی بوون، بەڵام جەخت لەسەر کۆمیونیتی بوونی دەوڵەت جەختە لەسەر خەڵک واتە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەی و پشتگوێ خستنی لایەنەکانی تری، لەکاتێکدا کە خەڵکەکەش زۆربەی کات خەڵکێکی یەکدەست نین. بۆیە، گەرچی زۆر جار لە پێناسەی دەوڵەتدا ئاماژە بە کۆمەڵ یان کۆمیونیتی سیاسی دەکرێت، بەڵام بەپێی ئەو پێناسە بەتایبەت یاساییانەی کە جەخت دەخەنە سەر دامەزراوە بوونی، باشترە دەوڵەت وەک ‘قەوارە یان چوارچێوەیەکی سیاسی’ ڕەچاو بکرێت تاکوو لەگەڵ پێناسەی کۆمەڵایەتی ‘کۆمیونیتی’ تێکەڵ نەکرێت. بنەمای بەکارهێنانی کۆمیونیتی بۆ دەوڵەت ڕەنگە بەتەنیا خودی دەوڵەتەکە وەک چوارچێوەیەکی سیاسی بێت، نەک بنەمایەکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی کە هەموو تاکێکی ئەو کۆمەڵگا بگرێتەبەر. بێجگە فرەنەتەوەیی، فرەخزمیی، فرەئایینی، فرەچاندی و زۆر فرەیی ڕەسەنی تر لە ناو خودی دەوڵەتەکاندا کە بنەمای پێکهاتنی کۆمیونیتی جۆراوجۆرن، ئەوڕۆکە جۆرە جیاوازەکانی کۆچ تەنانەت ئەگەر بە چەند کەسێکیش بێت کۆمیونیتی بوونی دەوڵەتی لە باری کۆمەڵایەتییەوە بردووەتە ژێر پرسیار.

[2]  بەپێی بیردۆزیی دەوڵەت-نەتەوە و ئەوەی کە پێشتر گریمانە وابووە کە هەر نەتەوەیەک دەوڵەتی خۆی هەبێت کەواتە دەوڵەت و نەتەوە بە هاوتا دەهاتنە ئەژمێر، هەندێ چەمک وەک نەتەوەیی (national)، نێونەتەوەیی (international) و سەروونەتەوەیی (transnational) لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زۆرتر بە واتای پێوەندیدار بە دەوڵەت، نێودەوڵەتی و سەروودەوڵەتی بەکارهێنراون و جێکەوتوون. لە بواری ئاکادمیکدا هەوڵێک لە ئارادایە کە ئەم چەمکانە لێکتر جیا بکرێنەوە و بە واتا ڕاستەقینەکانیان بەکاربهێنرێن.

[3] Gerth and Mills

[4] Vladimir Lenin

[5]وەرگێڕ:  لە وڵاتانێکدا کە سیستەمی پاشایەتییان نییە، سەرۆککۆمار هێمای دەوڵەتە. بەوەشەوە، لە هەندێ وڵاتی خاوەن سیستەمی ناباوی سیاسی و نادێمۆکراتیک وەک ئێران، لەڕاستیدا ڕێبەری ڕەژیمەکە بووەتە هێمای دەوڵەت.

[6] Jean Bodin

[7] William Blackstone

[8]وەرگێڕ:  ئەم دوو خاڵە گرنگن لە پێوەندی لەگەڵ کورددا: یەکەمیان پێمان دەڵێت کە کورد وەک نەتەوە لە پێوەندی لەگەڵ کوردەواری/کوردستاندا واتادار دەبێت. بۆیە ئەگەر ئەو داوکارییە/ئیدیعایەی هەیە پێویستە خاکی خۆی بپارێزێت. بەپێچەوانەوە، کۆچی دڵخوازانەی هەمیشەیی بەکۆمەڵ و زۆر لە نیشتمان، چ بۆ وڵاتانی داگیرکەر و چ بۆ دەرەوە، و هەروەها هاوردن و نیشتەجێکردنی خەڵکی نەتەوەکانی تر بەتایبەت لە نەتەوە سەردەستەکان بە بیانووی جۆراوجۆر لە کوردستان، هەڕەشەیە لەسەر بوونی کورد وەک نەتەوە. دووەمیشیان پێمان دەڵێت کە کورد تەنیا لەسەر خاکی خۆی دەتوانێت داوای مافی چارەی خۆ نووسین بکات. بۆیە داگیرکەران نەتەیا کۆچی ئارەزوومەندانەی کوردیان پێ خۆشە، بەڵکوو کۆچاندوویانن و هەمیشەش پلانی گۆڕینی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کوردستانیان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە لەوانە جۆرە جیاوازەکانی جینۆساید و کۆچاندنی زۆرەملێ هەبووە. بەم شێوەیە بە تەواوی لە هەوڵدا بوون کە پێوەندی نێوان کورد و خاکەکەی بپچڕێنن و ڕێگە نەدەن مافی چارەنووسی خۆی دیاریی بکات. لەو ئاڕاستەشدا دوورەپەرێزییان کردوووە لە بەکارهێنانی وشەی ‘نەتەوە/نەیشن’ بۆ کورد و بۆ دابەزاندنی بۆ ئاستی خوارتر لە وشەگەلێکی تر وەک ‘خزم/ئێتنیک’ کەڵکیان وەرگرتووە.

[9] Eley and Suny

[10]  وەرگێڕ: واتە دەتوانێت کۆچ بکات. کوردگوتەنی ماڵی بە کۆڵیەوەیە.

[11]  وەرگێڕ: لێرەدا نووسەران بۆ پیشاندانی ئەوەی کە زمان تەنیا مەرجی نەتەوەبوون نییە، ئەو نموونانەیان هێناوەتە ئاراوە. بەوەشەوە، وڵاتی سویسیش دەکرێ وەک زۆر وڵاتی تر، بە فرەنەتەوە ڕەچاو بکرێت. دیارە دۆخیکی تایبەتی هەیە و بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەر سێ زمانەکە لەوێدا فەرمین و دەسەڵاتیش بە باشی دابەش کراوە. لەبەر ئەوەی کە لێرەدا ئەو خەڵکانە ڕازی بە دۆخی هەبوون و هەموو مافە سیاسییەکانیان ڕەچاو کراوە، باس لە یەک نەتەوەبوونی سویس دەکرێت، بەتایبەت بەپێی پێناسەی مۆدێڕن بوون لە بەرانبەر دێرین بوونی نەتەوەدا کە دواتر نووسەرانیش باسی دەکەن. بە گریمانەی یەک نەتەوەبوون، دەکرێ بوترێت کە لێرەدا وەک دەگمەنییەک یەک هۆکار، واتە هەبوونی وڵات یان دەوڵەتێک، گرنگترین هۆکاری پێکهێنانی نەتەوەیەکی بەتەنیا سیاسی بووە. لە چەشنی ئەم گرنگترین هۆکارانە دەکرێ بە ئیسرائیل و پاکستان ئاماژە بکرێت کە لەوێنانەدا ئایین گرنگترین هۆکار بۆ پێکهێنانی نەتەوەیەک یان وڵاتێک بووە. ئەوە لەکاتێکدایە کە هاوکات هەرکام لەو خەڵکانەش لە سویسدا سەر بە نەتەوەگەلێکی خاوەن دەوڵەت لە دەرەوەی سویسن کە بوونەتە پاڵپشتی ئەوان. لە بەرانبەر نموونەی سویسدا، زۆر نەتەوەش هەن کە زیاتر لە دەوڵەتێکیان هەیە و هەروەها زۆر دەوڵەتیش هەن کە ئێتنیک یان زمانێک توخمی بنەڕەتی پێکهینانی نەتەوە و لە کۆتاییدا دەوڵەتەکە بووە وەک لە فەڕەنسا یان ئاڵمانیا. سەبارەت بە زمانی ئینگلیزیش، نابێ کردەی ئەو زمانە وەکوو زمانی پێوەندیدەری نێونەتەوەیی لەگەڵ زمان وەکوو فاکتۆرێکی کۆمەڵایەتی گرنگ، بناخەیەکی گرنگی نەتەوە و بەشێکی گرنگ لە ناسێنەی تاک کە بەرتەسک نابێتەوە تەنیا بە پێوەندیگرتنەوە و زۆر شتی تر لەوانە هەست و سۆز لەبەر دەگرێت، تێکەڵ بکرێت. 

[12] The primeval soup

[13] Anthony Smith

[14] Geertz

[15] Van den Berghe

[16] Gellner

[17] John Stuart Mill

[18] لە پەرتووکەکەدا ژمارەی ئەم خشتەیە 1.5 دیاریکراوە.

[19] بە هۆی ئەوەی کە ئەم وتارە لە دەقی سەرەکی پەرتووکی سەرچاوە جیاکراوەتەوە، ئەم دوو ڕستەیە لەلایەن وەرگێڕەوە بۆ گونجان لەگەڵ شوێنی نوێی بڵاوبوونەوە واتە گۆڤاری تیشک، دەسکاری کراوە. لە پەرتووکەکەدا ڕستە سەرەکییەکان بەم شێوەیەن: “ئەم پەرتووکە تیشکی خستووەتە سەر دەوڵەتەکان، چ نەتەوە-دەوڵەت یان فرەنەتەوە. بەڵام مەترسییەک لە وەها ڕێبازێکی دەوڵەت-تەوەردا هەیە: واتە، ئەوەی کە ئێمە چاوپۆشی دەکەین لەوەی کە چۆن گروپە نەتەوەییەکان سنوورەکانی دەوڵەت دەبەزێنن.”

[20]  بە هۆی سیاسەتی ڕەژیمە داگیرکەرەکانەوە ژمارەی وردی حەشیمەتی کورد دیار نییە. دیارە لێرەدا بە پێی مەزندە کۆنەکان کەمترین ژمارە ڕەچاو کراوە. مەزندە نوێیەکان تەنانەت زیاتر لە ژمارە باوەکانی پێشوو کە ئاماژەیان بە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دەکرد، پیشان دەدەن.

[21] Esman

[22] Non-resident Indians (NRIs)

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!