تەوەری بانگەواز: “ململانێ سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چارەنووسی کورد”
لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئاڵۆزیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسڕائیل پەیتا پەیتا بەرز بووەتەوە و شکڵی شەڕی سێبەری بەخۆوە گرتووە. ئەو شەڕە زۆرتر لە ڕێگای گرووپی نیابەتی، تیرۆر و هێرشی سایبەرییەوە ئەنجام دراوە. پاش شەڕی نێوان حەماس و ئیسڕائیل و کوشتنی فەرماندەی باڵای نیزامیی کۆماری ئیسلامی لە کونسوڵگەریی ئێران لە دێمشق، ئێران هێرشێکی بەربڵاوی بە دڕۆن و مووشەک دژ بە ئیسڕائیل ئەنجام دا. ئیسڕائیلیش لە وڵامدا سیستەمی دژەموشەکیی S-300ی نزیک لە بنکەی ناوەکیی نەتەنز لە ئیسفەهان کردە ئامانج.
بەو پێیە، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم گۆڕانە — واتە لە شەڕی سایبەرییەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ڕاستەوخۆ — وەرچەرخانێکە یان نا؟ ئەگەر وەرچەرخانە، ئایا دەکرێ وەک گوزارشت لە ئاوابوونی نەزمێکی نوێی ناوچەیی ببیندرێ؟ ئەگەر وایە، «نەزم» بە چ مانایەک و چ ئاکامێکی دەبێ؟
بۆ ژمارەی داهاتووی گۆڤاری تیشک، داوا لە نووسەران، توێژەران و ئەکادێمیسییەنە ئازیزەکان دەکەین سەبارەت بەو گۆڕانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە، وتارمان بۆ بنێرن و جەخت لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە یان هەر تەوەرێکی دیکەی پەیوەندیدار بکەنەوە:
- هۆکاری ڕیشەیی کێشەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسڕائیل بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- دەوری ئەمریکا لە ڕابردوودا لە کێشەی نێوان ئێران و ئیسڕائیل چی بووە؟
- ئەمریکا لە داهاتوودا چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ئیسڕائیل دەکا؟
- ئایا ئەم گۆڕانانەی لە ئارادان، گوزارشتن لە ئاوابوونی نەزمێکی نوێ یان تەنیا تووندبوونەوەی ئاڵۆزییەکانە؟
- زلهێزانی دیکە وەک چین، ڕووسییە و هەروەها وڵاتانی دیکەی ناوچە، وەک تورکییە و سعوودییە، چ دەورێکیان دەبێ؟
- ئەم بارودۆخە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوین چ ئاکامێکی دەبێ بۆ کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوەکەی بەتایبەتی؟
- بەهێزتربوونی حزووری ڕووسییە و چین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەمڕەنگبوونەوەی حزووری ئەمریکا لە ناوچەدا چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی کوردستان دەبێ؟
- ئێرانی ناوەکی چ کاریگەرییەک لەسەر کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنێ؟ ئایا زیادبوونی ناکۆکییەکان دەرفەتی دیپلۆماسی بۆ هێزی کوردی دەڕەخسێنێ؟
تێبینی: دوایین مۆڵەتی وەرگرتنی وتار و توێژینەوەکان، 10ی خەرمانانی ٢٧٢٤ی کوردی بەرانبەر به 2024/08/31ی زایینییە.
ژمارەکانی تری گۆڤار
تەوەری بانگەواز: “ململانێ سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چارەنووسی کورد” لە [...]
نوێترین ژمارەی گۆڤاری تیشک (ژمارە ٦٩) بە هەوڵ و ماندووبوونی [...]