گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
ناسیۆنالیزمی شیعر: لە خود-ئاگایی نەتەوایەتییەوە بەرەو نێوانخودێتیی سیاسیی کوردی
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
شێخ شەرەفی، ئیدریس (٢٠٢٥):ناسیۆنالیزمی شیعر: لە خود-ئاگایی نەتەوایەتییەوە بەرەو نێوانخودێتیی سیاسیی کوردی . گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٨٩–٦٤. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
پێشەکی
ناسیۆنالیزم هەم بەرهەمی مەعریفەیە و هەم ئەکتێکی سیاسییە بۆ دروستکردنی گوتارێک لە دەوری چەمکی نەتەوە. ئەم گوتارە لە کۆنتێکستی ڕۆژاوادا خاوەنی هەندێ توخمی تایبەت بە خۆیەتی کە وا دەکات دواجار لە دەوڵەت/نەتەوەدا بگاتە ئاستێکی باڵا، بەڵام ئەمە دەرکەوتەکانی لە کولتووری سیاسیی گەلانی تر جودایە، هەربۆیە دەبێ سەرنج لە توخمە پێکهێنەرە جیاوازەکانی بدرێت.
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە ڕەوتی دەرکەوتنی خود–ئاگایی نەتەوەیی کە کرۆکی ئاگایی هەمەکیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردە شی بکرێتەوە، بەتایبەتی کاتێ ئەم ئاگاییە لە بنەڕەتدا لەسەر شیعر دامەزراوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خەیاڵدانی کورد هەیە. لێرەدا زمان وەک بنەڕەتی ئاگایی، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە هەڵپێکان و گەشەی نەتەوەدا. لە دیوانی ناسیۆنالیزمی کوردی یان پۆیەتیکا ناسیۆنالیزم poitika Nationalism، خودی شاعیر دەبێتە ناوەندی بیرکردنەوەیەک کە لەناو خۆی و لە چوارچێوەی قافیە و دێڕە شیعرەکاندا دەردەکەوێت؛ دەیەوێت گوزارشت لە یەکەیەکی مرۆیی بکات و وێنایەکی یەکانگیر و هاوتای سیاسی و کولتووری لێ دروست بکات.
ئەگەر لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا بیرۆکەی ناسیۆنالیزم لە ڕووی مەعریفییەوە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی لە ڕۆژاوا، لێ ئەم چوونیەکییە لە سەرەتا نەبووەتە هۆی هاوتایی لە دەرەنجامەکان و کورد بە پێچەوانەی نەتەوەکانی تر نەیتوانی لەسەر بنەمای ئایدیای ناسیۆنالیزم، دەوڵەت/نەتەوەی خۆی دروست بکات. خاڵی جیاواز و جەوهەریی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کورد کە وادەکات سیمایەکی تاقانە بەم ڕەوتە ببەخشێت، چەقبەستنیەتی لە ناو “شیعر” و “گوتاری شیعری”دا. لێرەدا ئەوەی دیزاینی ئاگایی و ناخود–ئاگای تاکی کوردی کردووە و بووەتە هۆی ئەفراندنی “شوناس”، دیدگای شاعیرانی کورد بووە بۆ “سوبێکت -subject” یان “خودی”ی کوردی، کاتێ ئەمە لەگەڵ چەمکی سیاسەتدا ئاوێتە دەبێت، ڕەنگڕێژی ڕەوتە سیاسییەکە دەکات. بەڵام بە هۆی شێواویی گوتاری سیاسی بۆ “خود” لە پرۆسەی گەیشتن بە “نەتەوە” و یەکانگیری، نەیتوانیوە بگاتە دوا ئامانجی خۆی.
ئەگەر خودی نەتەوەیی وەک لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئاگایی یان سوبێکتدا سەیر بکەین و لە دووتوێی دیوانی شیعردا بەداوی ڕاڤەی نەتەوەییدا بگەڕێین کە بنەڕەتی ئاگایی سیاسیی کوردە، ئەوا بەپێی ئەوەی ئەم خودە، بە تەنیا خەریکی ڕامان و ڕاڤەی خۆیەتی بەرەو ناسیبوون دەچێت و ڕێگەی دەرچوون هەنگاونانە بەرەو کردە یان پەیوەندیی نێوانخودی intersubjectivity کە هەمان سیاسەتی ڕادیکاڵە.
توێژینەوەکە گریمانەی ئەوە دەکات شاعیرانی کورد هەر لە سەدەی حەڤدەوە نوێنەرایەتیی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن، ئەم پرۆژەیە سەرەڕای کاریگەربوونی لەسەر ئاگایی کۆیی لە قۆناغە جیاوازەکاندا و سەرەڕای دەوڵەمەندبوونی بە هۆی بەسەنتەرکردنی “پرسی زمان”، بەڵام لە سنووری مۆنۆلۆگ یان خودسەنتەری دەرباز نەبووە و هەر بۆیە نەبووە بە سیاسەت بە مانای دیالۆگی بەردەوامی نێوانخودەکان.
سنووری توێژینەوەکە شیعری سیاسیی شاعیرانی کورد (ئەحمەدی خانی، حاجی قادری کۆیی، ئەحمەد موختار جاف، قانع و فایەق بێکەس)ە وەک نموونەی دیار و باڵای پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی و ئیشکالییەتی پرۆژەی بونیادنانی دەوڵەت و نەتەوە. دیارە گەلێک شاعیری دیکەش لەم بوارەدا بەرهەمیان هەیە کە یان ناکەونە سەردەمی ناسیۆنالیزم یان هزریان هاوتا و تەواوکاری ئەمانە.
کەواتە ناسیۆنالیزمی شیعر تێزێکە سەبارەت بە دەرکەوتنی خود–ئاگایی سیاسیی کورد لە مێژووی هزردا، لە پێناو مانابەخشین بە بوون و شوناس لە چوارچێوەی وێنای دەوڵەت/نەتەوە بەرەو نیشتمان یان کیانێکی ویژدانی. شاعیرانی پێشەنگی ئەم ڕەوتە کە دامەزرێنەری ئاگایی خودی و پرۆژەی بەسیاسیکردنی زمانن، هەوڵیان داوە دەستکاریی ئەو واقیعە بکەن کە وەک حەقیقەت دەرکەوتووە. لە دیدی ئەوان دۆخی سیاسیی کورد بەرهەمی گوتاری سیاسیی دەسەڵاتی زاڵی “ئەوانیتر”ی سەر کوردستان بووە. لەم سۆنگەیەوە لە میانی پرۆژەی شیعری سیاسیی نەتەوەیی و ئاوێتەیەک لە کۆلاژی ئەفسانە و مێژوو و جوگرافیایەکی خەیاڵکرد، بنەڕەتی ئاگایی کوردیان داڕشتووە. ئەمە ئەگەرچی ئاگایی بووە سەبارەت بە سەردەم و زەمەن و بوونی سیاسییانەی کورد لە مێژوودا، بەڵام هاوکات ئاوێتەی کێشەی فەلسەفەی خود of subject philosophy بووە. واتە ئیشکالییەتی سەرەکی لە ڕەوتی ڕۆنانی نەتەوە، گیرخواردنیەتی لە چوارچێوەی فەلسەفەی ئاگایی بەو جۆرەی لە فەلسەفەی ڕەخنەییی (یورگن هابرماس)دا تیۆریزە کراوە، کە تێیدا خود دەکەوێتە ڕامان و ڕاڤەی خۆی و جیهان و، بەرەو مۆنۆلۆگ و داخران دەچێت. لە کۆنتێکستی کوردیدا کاتێ ئەمە لە ڕێگەی زمانی شیعری و تەکنیک و فۆڕمی ئامادە ئەنجام دەدرێت، کێشەکە ئاستێکی باڵاتری ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەگرێت و دەشێت بیر لەقاڵب بدات و حوکمی پێشوەختە ناوەرۆکەکەی بجووڵێنێ. بەم جۆرە پەیوەندیی نێوان زمان و ئایدیا و واقیع تووشی شێوان دەکات. بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیە، فەلسەفەی نێوانخودێتی دەرچەیەک بۆ پەڕینەوە بەرەو سیاسەتێکی ئەلتەرناتیڤ دەکاتەوە کە ئەرگۆمێنتخوازی و زمانی هاوبەش و دیالۆگ بنەڕەتەکەیەتی بە ئاراستەی کردە و شۆڕش و دەرچوون لە ئەمری واقیع.
خود–ئاگایی self consciousness و چوارچێوەی زمان
1-1. کێشەی زمان و ئاگایی خودی
پەیوەندیی تێکچڕژاوی نێوان زمان و ئاگایی، پێویستی بە وردبوونەوە هەیە، بەتایبەتی کاتێ ئەم ئاگاییە دەرکەوتەیەکی گرنگی هەیە بە ناوی ئاگایی نەتەوەیی. دەشێت بەم پێناسە سەرەتایییە دەست پێ بکەین کە پێی وایە زمان سیستەمێکی عورفیی سیمبۆلە دەنگییەکانە کە خەڵک بۆ پەیوندیکردن بەکاری دێنن (انیس، ١٩٧٠، ١١). لێرەدا هەم عورف و هەم پەیوەندی، جۆرێک لە سیستەم و سیمبۆل دروست دەکات و دواتر کۆدەنگی لەسەر دروست دەبێت وەک ڕایەڵەیەک بۆ لێکتێگەیشتن. بەڵام ئەو پرسیارەی کە دەشیت بێتە ئارا ئەوەیە کە ئایا ئەم ڕایەڵە خۆی پێدراوێکی سەربەخۆیە یان بەشێکی دانەبڕاوە لە جیهانی هۆشەکیی تاک؟
1-1-1. زمان و خودێتی
1-1-1-1. زمان و ئاگایی
لە دیدی هیگڵ زمان بنەمای شێوازی مەعریفەیە، لە چوارچێوەی ئاگایی و زمانی ڕۆژانە دەست پێ دەکات، فۆڕمەکانی هزر کە هەمان لۆژیکە لە بنەڕەتدا لە زماندا دەردەکەوێت (هیجل،٢٠٠٧، ٨٥). واتە شتەکانی دەرەوە کە هەمان واقیعە، وەک وێنە خۆی دەنوێنێ و کاتێ فۆڕم و دواتر دەنگ وەردەگرن، دەبن بە زمان. هەر بۆیە «زمان ڕەنگدانەوەی بابەتە لە ئاگاییدا». (بیگلو، ١٣٩٧، ٥–٨) لێرەوە ئەم پەیوەندییە دیالێکتیکییەی هیگڵ دروستی دەکات لەنێوان چوارچێوە هزرییەکان کە دواتر سیستەمی زمانە دروست دەکات، زانین بەرهەم دێنێ کە لە هەناوی خۆیدا ئاگایی هەڵگرتووە. لێرەدا زمان و ئاگایی دەبن بە بناغەی دەرکەوتنی واقعییەت، ئەوەی لە جیهاندا دەردەکەوێت لە ڕاستیدا دەرکەوتنیەتی لە زمان و لە ئەبستراکتتیرن فۆڕمی خۆیدا و هەر ئەوەشە مرۆڤ جیا دەکاتەوە لە جیهاندا وەک هەبوویەک کە هەر بەرهەمی خودی زمانە. لەم سۆنگەیەوە ئیدی زمان و ئاگایی تەنیا ڕایەڵی پەیوەندی نین، بەڵکو ڕۆڵێکی مانابەخشیان هەیە، کە وا دەکات مرۆڤ بوون و شوناسی خۆی دیاری بکات.
هۆسرڵ (١٨٥٩–١٩٣٨) ڕەهەندێکی قووڵتر بە پەیوەندیی نێوان مانا و زمان و بیر دەدات و پێی وایە «“پەیوەندی” و “مانا” لێک جیان و زمان بەرەنجامی کردەیەکی زێهنی خودییە» (فرجی، ١٤٠١، ٣٠٩–٣١٠). لێرەوە “خود”ی مرۆڤ لە بەرانبەر “بابەت”ی دەرەوەی مرۆڤ، کە هەمان جیهانە ئەولەوییەت وەردەگرێت. هۆسرل ڕای وایە ئاگایی بریتییە لە پەیوەندیی نێوان خود “ئۆیسیس” واتە کردەیەک کە مانا دروست دەکات و بابەت “نۆیما” واتە خودی مانا، و ئاگایی بەردەوام ڕێکی و نەزم بەم شتانە دەبەخشێ (welton,1999,8). هەر بۆیە لای ئەو ئاگایی سەنتەری بیرکردنەوە و ئەمەش واتە پەیوەندیی نێوان “خود” و “ئەزموون” کە لە ئاگاییدا دەردەکەوێت، “ئاگایی”ش واتە هۆشیار بوون سەبارەت بە شتێک یان بابەتێک، کە لای تاکێکی خود–ئاگا دەردەکەوێت، هەر بۆیە لای هوسڕل «بونیادی خود–ئاگایی قووڵترە لە بونیادی عەقڵ و هەست، کاتێ ئاگایی بە ئاراستەی شتە جۆراوجۆرەکانی جیهان دەچێت یان دەیاننوێنێتەوە» (اسمیت، ١٣٩٤، ٣١). ئەمەش نەک لەناو جیهان بەڵکو لە ناو زەمەندا ڕوو دەدات (هوسرل، ٤٨٦).
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە خودی مرۆڤ بەبێ مانا و دواتر کردە یان پەیوەندی مانادار ناتوانێ گوزارشت لە شوناسی خۆی بکات و بگات بە پلەی خود–ئاگایی و ئەمەش وجودی خودی مرۆڤ دەخاتە ژێر هەڕەشەوە. هەر بۆیە میشێل فۆکۆ (١٩٢٤–١٩٨٦) جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندیی قووڵ لە نێوان “ئاگایی” و “خود” هەیە کە لە ڕێگەی زمانەوە دروست دەبێت، کە خۆی لە چوارچێوەی گوتاردا دەردەخات و پێی وایە «زمان سەبارەت بە هەموو مەعریفەیەک پێگەیەکی سەرەکی هەیە و ئەستەمە شتەکانی ئەم جیهانە دروست بکرێت بەبێ زمان» (فوکو، ١٩٩٠، ٢٤٧). ئەمەش واتە زمان کاریگەریی لەسەر دیزاینی واقع و شتەکانی جیهان هەیە، بە جۆرێک لە پەیوەندیی نێوان واقع و زهندا ئەولەییەت بە زهن دەدات کە ڕێکخستن و نەزمی شتەکان و پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان ڕێک دەخات. لێرەدا “بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی” دەکەوێتە ژێر کاریگەریی “زمان و هزر” یان زهنی مرۆڤەکان کە بەناو تانوپۆی مێژوودا شۆڕ دەبێتەوە هەر وەک چۆن سێرڵ باسی یەکێتیی نێوان “دەرکەوتە appearance” و “واقیع reality” دەکات و پێی وایە ئاگایی بوونناسانەی خودییە نەک بابەتی (ذاکری و حسینی، ١٣٩٣، ٧٨). کەواتە زمان بنەڕەتی ئاگاییە، و مەعریفە دەیگۆڕێت بۆ خودئاگایی و مانا دەبەخشێت بە پەیوەندیی نێوان تاک و واقیع و بوونی “خود” لە جیهاندا پێناسە دەکات. ئەم تێگەیشتنە فەلسەفییە کە بەشێکی گەورەی میراتی فەلسەفەی ڕۆژاوا پێک دێنێت، لە دیدی هابرماسەوە یەکێکە لە ئیشکالییەتەکانی هزری فەلسەفی کە ئەو بە کێشەی “فەلسەفەی خودی یان ئاگایی” ناوزەدی دەکات، کە لە ڕاستیدا بریتییە لە کێشەی نێوان جیهان و ڕاڤەکردنی جیهان لە ڕێگەی زمانەوە کە “خود” بە تەنیا ڕۆلی سەرەکی تێدا دەگێڕیت، بەو پێیەی لە ڕێگەی زمانییەوە دەتوانێت جیهان و خۆی بناسێت. ئەگەر ئێمە ئەمە بە زمانی شیعری و جیهانی شاعیرەکان پەیوەست بکەین، ئەوا کێشەکە ڕەهەندێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت.
1-1-1-2. کێشەی فـــەلسەفــــەی خودی
بنەمای فەلسەفەی خودێتی بۆ کۆجیتۆی دیکارتی واتە “من بیر دەکەوەمە، کەواتە هەم” دەگەڕێتەوە، چونکە پێی وابوو ئەمە ڕستەیەکی جەبرییە (دیکارت، ١٩٨٨، ٣٨). واتە خود لە بەرانبەر جیهان ئەگەر گومان لە هەموو شتێک بکات لە پەیوەندیی خۆی و دەرەوە ئەوا ناتوانێت گومان لە خۆی و بیری خۆی بکات. جەخت دەکاتەوە ئەگەر نکۆڵی لە هەموو ئەو شتانە بکەین کە نایەقینین وەک بوونی جیهانی دەرەکی و بوونی ئەوانیتر، بەڵام ناشێین نکۆڵی لە بوونی بوونەوەرێک بکەین کە ئەم بیرانە دەکاتەوە (جنیفیات، ١٩٨٨، ٣٧). ئەم بوونە ئەبستراکتەی دیکارت لە خۆیدا و بۆخۆی هەیە و بنەمایەکی جێگیری هەیە بۆ یەکێتیی نێوان خود و ئاگایی و بیر کە زمان بەیانی دەکات.
هابرماس بە پشتبەستن بە تێزێکی هیگڵ کە جەخت دەکاتەوە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان دیالێکتیکی سیمبۆلە زمانییەکان، کار و کارلێکە کە چەمکی ڕوح دیاری دەکات (وایت،١٣٩٣، ٣٠ و Habermas,1973,147). ڕوح ناوەندێکە ‘من’ و ‘ئەویتر’ تێیدا پەیوەندی دروست دەکەن، نابن بە ‘خود’ بەبێ پەیوەندیی نێوانیان و لە ڕێگەی قسە و وتەوە پەیوەندیی نێوانکەسی دروست دەبێت (هابرماس، ١٣٨٤، ٤٥٥). بەم جۆرە هابرماس دەیەوێت لە فەلسەفەی هیگڵ ئەو هێڵە هزرییە گەشە پێ بدات کە ‘من’ یان ‘خود’ لە ئاوێتە بوونی هەمەکییەت و هەندەکییەتدا بەرجەستە دەبێت دیالێکتیکی خود–ئاگایی هیگڵ ڕەخنەگرتنە لە شوێنگەی تاکێک کە لە ڕێگەی ڕامان لە خۆی و ئەزموونی خۆی دەیەوێت جیهان لە ڕێگەی زمانەوە ڕاڤە بکات. ئەزموونی ڕەسەن لای هیگڵ دەرەنجامی کارلێکە (میلر، ١٣٨٤، ٨٨ و Habermas,lbid.,p 151). ئەمەش واتە بیری خودە تەنیا و دوورەپەرێزەکان و ئەزموونی تاکایەتی لە خۆیدا جەهەری کێشەی فەلسەفەی ئاگایی دروست دەکات. ڕەخنەی هابرماس لەم فەلسەفەیە ئەوەیە کە ‘خود’ بۆ سەلماندنی بوونی خۆیی و خود–ئاگایی پێویستی بە خودێکی تر نییە و لەبەر ئەوەی لە فەلسەفەی ئاگاییدا پرۆسسی زانین و ئاگایی لەسەر بنەمایەکی گوماناوی منێکی ترانسێندێنتاڵ دامەزراوە و نەک لەسەر بنەڕەتی زمانی هاوبەشی ڕۆژانەی خودەکان و کارێکی نێوانیان، ئیدی دامەزراندنی ‘من’ لەسەر ڕامان و تەئەمولی منێکی تاک و گۆشەگیرە لە جیهانی ناوەکیی خۆیدا. ئەم خودە ئەگەر ئاگاییەکی ڕەسەنیش بەرهەم بێنیت، ئەوا هەر سەر بە جیهانی سوبێکتیڤە و ئەم ئاگاییە خودییە کاتێ زمانەکەی شیعر بێت، ئەوا جگە لە ڕاوەستان لەسەر ئەزموونی خودێتی هاوکات لە ناو سنووری زمان و چواچێوەکانی شیعریشدا گیر دەخوات.
1-1-2. شیعر وەک دەرکەوتەی زمانییانەی خود–ئاگایی
1-1-2-1. شیعر و قاڵبی ئامادە
شیعر دەرکەوتە پەتییەکەی زمانە، کە چڕبوونەوەی مانایە لە زمان و ‘خود’ هەوڵ دەدات لە هزری خۆیدا وێنای دونیای پێ بکات و مانای پێ ببەخشێت. پەیوەندیی نێوان “فەلسەفەی ئاگایی” و شیعر کاتێکە کە بە هۆی سنووری شیعرەوە سنوورەکانی جیهانی من و ماڵی من دیاری بکرێت، کە هەمان واقیعە کە دواجار دەبێتە بەستێنی دروستبوونەوەی خود–ئاگایی. ئەم ئاگاییە لە دوو ئاستدا کێشەزایە؛ هەم چوارچێوە ئامادەکان حوکمی بەسەردا دەکەن و هەم لە ژێر تیشکی وێنەکان بەشێک لە حەقیقەتی خۆی ون دەکات. ئەم دیدە لە ڕاستیدا لە مێژووی فەلسەفە بە ئەفلاتون دەست پێ دەکات وەک ڕەوتی دوورکەتنەوە لە حەقیقەت.
ئەفلاتون پێی وایە شیعر لەبەرانبەر “ئایدیا”ی ڕەسەن و ئەبەدی، تەنیا “دەرکەوتەکان” دەخاتەڕوو، بە قۆناغ لە حەقیقەتەوە دوورە، هەر بۆیە بە”لاسایی” ناوزەدی دەکات، «چونکە ناتوانێ ماهییەتی ڕاستەقینەی شتەکان بناسێت و تەنیا دەرکەوتە و ڕواڵەتە» (افلاطون، ١٣٨٠، ١١٦٧– ١١٧٤ هەروەها أفلاطون، ١٩٩٤، ٤٤٤–٤٥٠). هەربۆیە نەیارێکی مەترسیدارە، ئەمەش پەیوەستە بە باڵادەستی ڕیتۆریکا و ڕەوانبێژی بەسەر ئەرگۆمێنتی لۆژیکی و دیالێکتیکادا، ئەمەش لە شیعردا دەست ناکەوێت بەڵکو فەلسەفەی دیالێکتیک کە بەداوی حەقیقەتی پەتیدا دەگەڕێت. ئەفلاتوون پێی وایە ئەگەر بێتو قاڵبە شیعرییەکە لە شیعر داماڵی، بێگومان دەتوانی حەقیقەتەکەی ببینی لە حاڵەتی گۆڕانی بەرەو پەخشاندا (أفلاطون،٢٠١٧، ٥٠٢). هەر بۆیە لەبەرانبەر هۆنەرانی خورافاتدا، دەبێ “بیر” و “سیاسەت” واتە ژیانی شار ڕزگار بکەین (الیوسف، ٢٠٠٧، ٢٢–٢٥). کەواتە دژایەتیی ئەفلاتون بۆ شیعر پەیوەستە بە زمانێک کە کۆپییەکی ناڕاستە، ئەوە جگە لەوەی لە جیاتی بەشداری لە گفتوگۆی ناو پانتاییی گشتیی شار خەریکی لاساییکردنەوەی حەقیقەتە. ئەرستۆش پێی وایە ڕیتم و زمان و هارمۆنی هونەر و شیعر پێک دێنن. و “بیرۆکە”یەکە بە هۆی ئامرازی جیاواز یان بابەتی جودا یان فۆڕمی جیا دەردەبڕێت، (ارسطوطالیس، ١٩٥٣، ٥ و ٢١) و(ئەریستۆ، ٢٠٠٩، ٢٨–٢٩) و ئەو پێی وایە بە هۆی بەکارهێنانی زمانی پاراو و ڕستەی کاریگەر لە سیاسەتدا دەبێت بە دیماگۆجی، بەڵام ئەگەر پەیوەستی بکەین بە فەلسەفەی ئاگایی، ئەوا فۆڕم و ڕیتم ئاراستەی زمان دەکات و کێشەی سەرەکی ئەوەیە ئەگەر حەقیقەت داخوازیی سەرەکیی فەلسەفە و بیرکردنەوە بێت ئەوا لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە، حەقیقەتی پشت خوازە و میتافۆر کە زمان لە جەوهەری خۆیدا هەڵگرتووە، هەم لە ڕێگەی کۆپی و هەم بە هۆی قاڵبەکانەوە کە فشار دەخەنەسەر وشە و ئایدیاکان، ماناکانیان بەرتەسک دەکەنەوە. فۆڕمیش هەم سنووردارە و ئامادەیە و هەم سەر بە جیهانی کۆپییە، بە پێچەوانەی جیهانی ئایدیا. چەمکی تەکنیکە کە ئێمە وەک “قاڵبی شیعری” بەکاری دەهێنین کە دەبێتە شوێنی لە قاڵبدانی بیرۆکەکان.
1-1-2-2. شیعر و بیر
ئیشکالییەتی نێوان شیعر و فەلسەفە کە زمان و حەقیقەت سەنتەرەکەیەتی لە فەلسەفەی هاوچەرخیشدا جێگەی بایەخە. هایدگەر بە پێچەوانەی ئەفلاتون مەترسیداربوونی هونەری شیعر بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە »بە مانا جەوهەرییەکەی ڕەسەنترین هونەرە« (هایدغر، ٢٠٠٣، ١٤٧) چونکە ماهییەتی زمان کەشف دەکات. (توفیق، ٢٠٠٢،) لای ئەدۆنیسیش شیعر پلەیەکی باڵاتر وەردەگرێت، ڕووداو تێدەپەڕێنێت و دەیگۆڕێت بۆ سیمبۆل و بە ئەبەدی دەکات، ئامرازێک نییە بۆ زیندانیکردنی شاعیر و ڕاکردن لە واقیع، بەڵکو هەوڵە بۆ سڕینەوەی سنوورەکان. (ادونیس، ١٩٧٣، ١٣٧) کەواتە هەر چەندە شیعر لەسەر خەیاڵ و وێنەی شیعری میتافۆڕی دامەزراوە و فەلسەفەی وجود کەشف دەکات. (قطوس، ٢٠٢١، ٤٥) بەڵام دەشێت قەسیدەیەکی شیعری گوزارشت بێت لە حەقیقەتێکی گەورە (المکاوي، ٢٠١٧، ٧٠–٨٢).
کەواتە ئەگەر کێشەکە پەیوەست بێت بە بەرهەم نەهێنانی حەقیقەتی واقعی بە مانا ئەفلاتونییەکەی یان کەشفکردنی ماهییەتی وجود بە مانا هایدگەرییەکەی، بەڵام لە ناو ئەو بازنەیەدایە کە هابرماس بە تێگەیشتنی ‘خودی’ وەسفی دەکات، واتە خودێک کە بە تەنیا ڕووەو جیهان ڕاوەستاوە، واتە «سکاڵای تاکی هەستیار و هونەرکارە لەگەڵ دەروونی خۆیدا» (محەمەد، ٢٠١٠، ٨٩) و دەبێت بە »ئاوێنەی خودی شاعیر و مۆنۆلۆگی نێو خودی شاعیر« (حەسەن، ٢٠٢٢، ١٠). ئەگەر زمان هەروەک فیختە ئاماژەی بۆ کردووە نەتەوە دێنێتە بوون (فیختە،١٩٧٩، ٨٧). یان وەک فۆکۆ جەختی لەسەر دەکات ڕێسای ئامادە بێت کە حوکم بە سەر تاکەکاندا دەکات، ئەوا شیعر بە تایبەتی لە فۆڕمی تەمسیلی و کلاسیکی خۆیدا کە ڕیتم و کێش و سەروا و ئاوازی ناوەکی حوکم بە سەر بیرۆکەکاندا دەکات، هزر دەخاتە ناو چوارچێوە ئامادەکان و بەشێکی دیاری سەربەخۆی و پەیوەندیی نێوان وشە–واقع دەشێوێنێ. هەر وەک گۆران دەڵێت: “هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم/ بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم” (گۆران،١٣٨٦، ١١٣).
بەم چەشنە ئەگەر زمان بنەڕەتی ئاگایی و شیعر قاڵبێکی ئامادە بێت، ئەوا ئەم مەعریفەیەی بەرهەم دێت سەبارەت بە خود، لە ئاگایی خودییەوە دەبێت بە جۆرێک مۆنۆلۆگ و ئەگەر ئەمە پەیوەست بکەن بە سەرهەڵدان و گەڵاڵەبوونی خودی کوردییەوە، دەبینین شیعر ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، چونکە لەناو کورددا تا ئاستێکی زۆر گوزارشت لە نەتەوە و شیعر ئاوێتەی یەکتر بووە، بە جۆرێک هەر وەک حەسەنی قزڵجی دەڵێت: نەتەوەی کورد بۆ هەموو جۆرە کارێکی گرنگ چ شەڕ و شۆڕ و چ عەشق و دڵداری چیرۆکیان لێ گێڕاوەتەوە و پتریش وا بووە بە شیعر گوتراون و یان پێیان وتووە “بەیت” (خانی، ٢٠٠٨، ٢٦٥). بەم چەشنە هەرچەندە شیعر لە خودی خۆیدا داهێنانێکی زاتی مرۆڤە و دوانی “خودە” لە پەتیترین دۆخی خۆیدا و ورددترین ڕامانە سەبارەت بە بوون و جیهان و مرۆڤ و تەنانەت دەرکەوتەیەکی گرنگی ناخود ئاگایە کە زمان و ئاستەکانی، دەبن بە بەشێک لە خودئاگایی تاک و دەتوانێت جیهانی خۆی پێ بنوێنێتەوە و گوزارشتی لێ بکات، بەڵام لە ئاستی دادخوازیی “خود”ێک دەرناچێت، کە لە ئاستە هەر باڵاکەیدا نوێنەرایەتیی”خودی نەتەوەیی” کردووە بە مانا سیاسییەکەی.
1-2. ناسیۆنالیزم وەک ڕاڤەی خودی نەتەوە
1-2-1. ناسیۆنالیزم و ڕۆنانی نەتەوە
پەیوەندیی خود–ئاگایی و شوناس وەک ژێرخانێک کە نەتەوەی لەسەر دادەمەزرێت، پرسێکی وجودییە و دەپەڕێتەوە بۆ بواری فەلسەفەی سیاسی، چونکە ئاگابوون سەبارەت بە لەپێشتربوونی چەمکی ڕەچەڵەک و خوێن یان ویست و بژاردەی تاکەکەس کە لە جەوهەردا پرسێکی زهنیە لە ڕۆنانی نەتەوە لە چوارچێوەی فەلسەفەی خودیدا تیشکی دەخرێتەسەر.
ناسیۆنالیزم، چ وەک تیۆر و بوارێکی زانستی چ وەک دەرکەوتەکانی خودئاگایی کە ڕەهەندی سیاسی وەردەگرێ لە پەیوەندیی نێوان خود و ئەوانیتردا، چەمکێکی فرە ڕەهەندە. ڕەگە قووڵەکەی گرێدراوی مۆدێرنیتەیە، چونکە لە دوای سەردەمی ڕۆشنگەری لەسەر ئاستی سیاسی دەسەڵاتە خۆجێیی و نەتەوەیییەکان لە ئەورووپا سەرهەڵدەدەن و لەسەر ئاستی تاکەکەسیشدا خود–موختاری بە مانا کانتییەکەی دێتە ئارا واتە «خودێکی پێگەیشتوو و ئۆتۆنۆمێکی عەقڵمەرجەع». کە دەبێتە پاڕادایمی ناسیۆنالیزم ڕیشەی ئایدیای دیاریکردنی مافی چارەنووسی خودە بە دەستی خود (ڕەفیق، ١٩٩٧، ٦١–٦٩). ئەمە گۆڕانکاری لە بەها و ئینتما لە لایەک و خودئاگایی تاکەکان لە لایەکی ترەوە دروست کرد و سەرەتای لەدایکبوونی بەهای تایبەت بوو کە لە گوتاری ناسیۆنالیستیدا ڕەنگی دایەوە.
بەم جۆرە ئاگایی ناسیۆنالیستی بوو بە ڕایەڵەیەکی مانابەخشی لە پەیوەندیی نێوان خەڵکدا، کە پێشتر بنەڕەتێکی ئایینی هەبوو، هەربۆیە «سیحری ناسیۆنالیزم گۆڕینی “بەخت” بوو بۆ “چارەنووس”» (اندرسن، ١٩٩٩، ٢٠). لێرەوە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دروستکردنی دەوڵەتی عەقڵانی مۆدێڕن و دونیایی، بە مانای دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان”خەڵک” و گوتاری دەسەڵاتی سیاسی بوو کە ڕووی کردە خۆیەتی و خۆجێیبوون و بوونی کۆگەرای تاکاکەن لە پارچە زەوییەکی دیاریکراوی دونیادا.
1-2-1-2. “ویست” و “خودی” نەتەوەیی:
کۆبوونەوەی “خەڵک” لە دەوری یەکتر وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، پەیوەستە بە شوێن و نیشتەجێبوونەوە و کەمتر ڕەهەندی سیاسی وەردەگرێت، تا ئەو کاتەی لە گوتاری سیاسیدا دووبارە پێناسە دەکرێتەوە یان لە فۆڕمێکی تردا دەردەکەوێت بەناوی “گەل”، واتە کۆمەڵێک مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەکدا کە خۆیان دووبارە دەکەنەوە بەبێ دابڕان لە ڕووی ڕوحی و سروشتییەوە (فیختە، ١٩٧٩، ١٤٧). بەڵام کاتێ لە ڕێگای گوتاری سیاسییەوە گۆڕان لە شوناس و تێگەیشتن لە ئینتمای خەڵک دروست دەبێت بۆخۆیان کە لە ڕاستیدا بریتییە لە گۆڕانی ئاگایی سەبارەت بە خود و هەموو ئەو شتانەی بایەخدارن ئەوا “نەتەوە” سەرهەڵدەدات، کە لەگەڵ مۆدێرنیتەدا دەبێت بە »جەوهەری شتە هاوبەشەکان« (رێنان، ٢٠٠١، ١٨٦–١٨٧). ئەم هاوبەشانە هەم دەتوانێت بنکۆڵکردنی ڕابردوو بێت کە دواتر لە “گوتاری مێژوویی”دا بەرجەستە دەبێت، هەم دەشێت بەشێک بێت لە ئەفسانە و یادەوەری کە لە دووبارە داڕشتنەوەوە خاڵە چونییەکەکان وەک خسڵەتی گشتیی نەتەوە پێناسە بکرێن.
بەم جۆرە ناسیۆنالیزم گۆڕینی چەمکی “خەڵک”ە یان هۆز یان خێڵە بۆ چەمکێکی نوێ، واتە “نەتەوە nation” کە لەسەر بنەڕەتی ئاگایی سەبارەت بە “خود” دامەزراوە و زمان و ئایدیۆلۆژیا بەرهەمهێنەریەتی. ئیدی نەتەوە دەبێت بە یەکەیەکی ئۆرگانی، کوتلەیەکی کۆنکریتی و پەیوەندیی زمانی، کە مێژوو تۆکمەی کردووە (الحصري، ١٩٨٧، ١٥٥) و سیاسەت لە فۆڕمی دەوڵەت/نەتەوە و بەسەنتەرکردنی ڕۆڵی ئینتمای هاووڵاتیبوون بەرجەستەی دەکات (هوبزباوم، ٢٠٠٨، ١٥٦) بەم جۆرە ئەگەر لە سنووری خاکێکی دیاریکراودا، بەو مەرجەی گەڵاڵەکردنی خودیی نەتەوەیی لەسەر بنەڕەتی ویستی ئازادیی تاکەکان بۆ شوناسی خۆیان هاتبێتە ئارا، ئەوا دەبێت بە دەوڵەت/نەتەوەی مۆدێرن.
1-2-1-3. شوناس و زمانی نەتەوە
پەیوەندیی فۆڕمی نەتەوەیی بە شوناس لە ڕاستیدا لە پەیوەندییەوە دەردەچێت بۆ دیالێکتیکی نێوان فۆڕم و ناوەرۆک، واتە لەسەر ئاستی ناوەکیی توخمەکانی ناوەرۆک کە شوناس پێک دێنن فۆڕمی ناسیۆنالیزم یان نەتەوایەتیی تاکەکان لە گرووپدا دیاری دەکەن و ئەمەش زمان و ناخودئاگایی و دەرکەوتە ئایدیۆلۆژییەکانی دەگرێتەوە. شوناس ئەو پێناسەیە کە لەسەر خۆت قبوڵی دەکەی و دەتەوێت، واتە »شوناس ماهییەتی مرۆڤە« (جوزیف، ٢٠٠٧، ٣). هەر وەک لە تیۆرییەکانی (باختین)دا دەردەکەوێ، زمان بچووکترین گۆڕانی کۆمەڵایەتی تۆمار دەکات و ئاماژەیە بە ڕەوتی گوتارسازیی کۆمەڵایەتی (سەجادی، ٢٠٢٠). چونکە مانا لە وشە و پرسەکاندا نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ڕەوشی کۆنتێکستەوە، ئەمەش کاتێ سیاسەت ئاراستەی بکات دەتوانێ بەردەوام ناوەرۆکی شوناس دەستکاری بکات. لەسەر ئاستی دەرەکیش شوناس مانایەکی جیاواز وەردەگرێت و بریتییە لە »پەیوەندیی نێوان “خود” و “ئەویتر” لە جیاوازیدا«.(وەلی، ٢٠٠١، ٨٨).
کەواتە ئەو شوناسەی کە بەردەوام ناوەرۆکەکەی لەلایەن گوتاری سیاسییەوە پڕ دەکرێتەوە و خاڵە چونیەک و زۆرتر جیاوازەکانی لەگەڵ “ئەوانیتر”دا بەراورد دەکرێت، هاوبەشەکانی نەتەوە بەهێزتر دەکات. هەربۆیە دروستکردنی “یادەوەریی هاوبەش” کە گرنگترین پرۆسەی نەتەوەسازییە، تێیدا هەوڵ دەدرێت لە یادەوەری و خودئاگایی تاکەکانی گرووپ، وەکیەکی وەک شتێکی ئەزەلی و سروشتی وێنا بکات. خۆبەرهەمهێنانەوە و گوتاری مانەوە لە بەرانبەر “ئەویتر”دا دەبێت بە خاڵێکی گرنگی کولتوور. هەربۆیە »بنەڕەتی ناسیۆنالیزم ئامادەیی خەڵک، هاوشوناسی ویژدانی و ئاپۆڕاسازیی (الاحتشاد) سیاسییە« (هوبزباوم، ٢٠١١، ٢٨٠–٢٨١) و هۆشیاری و خود–ئاگایی نەتەوەیی دەبێتە »کارکردن لە پێناو بەدیهێنانی کەسایەتیی نەتەوایەتی«. (هرتز،٢٠١١، ١١) شوناس وەک کۆڵەکەی هاوبەشی نەتەوە، “کە گەشەسەندنێکی خۆکردە، نەک بەرهەمێکی دەستکرد”(هوبزباوم،٢٠٠٨، ١٧٦). پێویستە وەڵامدەری بابەتیەتی دەرەکی بێت و لەسەر بنەمای دروستکردنی هەست و دواتر ئاگایی بۆ یەکەیەکی سیاسی خۆی دەربخات. ئەم یەکە سیاسییە ئەگەر فەرمی بێت، ڕەهەندی یاسایی وەردەگرێت و ئەگەر نافەرمی بێت ئەوا ڕەهەندی ڕۆحی تێیدا زاڵ دەبێت. لەم نێوەندە دایە زمان ڕۆلی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، هەر وەک ئەندرسۆن دەڵێت لە ئەورووپا “دەوڵەتەکان نەتەوەی خۆیانیان تێیدا دۆزیوەتەوە (اندرسن،١٩٩٩، ٨١).
کەوایە ئەگەر خودی نەتەوەیی یان ناسیۆنالیزم لە ئەورووپا بەرهەمی گەشەی واقعی سەرمایەداری و سەرهەڵدانی پنتی بەهێزی دەسەڵاتی خۆجێیی و خود–موختاری تاک بێت کە لە فۆڕمی دەوڵەت/نەتەوەدا بە ئایدیالی دەکرێت و زمانەکەی لە ڕێگەی ویستەوە دەبێتە سەرچاوەی ڕۆنانی نەتەوە، ئەوا لە ناو کورددا ئایدیالی دەوڵەت و نەتەوە لە ڕێگەی وێنەی زمانی و شیعرییەوە هەوڵی بەواقعیکردنی دەدرێت کە بنەڕەتێکی سوبێکتیڤی هەیە.
دیوانی ناسیۆنالیزمی شاعیرانەی کورد
پەیوەندیی شیعری و هەستی نەتەوایەتی یان ئاگایی نەتەوەیی لە ناو کورددا پەیوەندییەکی تۆکمەیە، شاعیرەکان ڕەچەشکێن و داڕێژەری هزری ناسیۆنالیستیی کوردن، هەر بۆیە شیعر لە ئەدەبییات و کولتوور و دواتر سیاسەتی کوردیدا ڕەهەندێکی قووڵتر و کاریگەرتری هەیە.* هەر وەک مەسعود محەمەد ئاماژەی بۆ کردووە شیعری کوردی بریتییە لە هەموو ئەدەبی کۆنی کوردی، چونکە بێ لە شیعر هیچ بابەتێکی دیکەی ئەدەب، زمانی کوردی بۆ بەکار نەهاتووە، نە لەو چەرخە و نە لەویش پێش و کاریگەری هەبووە لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی قەومایەتی (محەمەد، ٢٠١٠، ٨٨). کەواتە زمانی شیعری یان ئایدیای ڕیتمیک گوزارشت لە بوونی نەتەوەییی کوردی دەکات و یان هەر وەک ڤیتگشتاین دەڵێت: «زمان، سنووری جیهانی من دیاری دەکات» (ویتگنشتاین، ١٣٩٤، ١٠٣). هەربۆیە شیکردنەوەی بونیادی زمان دەبێتە هۆی دۆزینەوەی جیهان و بونیادە لۆژیکییەکەی. ئەمەش هاوتای دیدگای هایدگەرە کە پێی وایە زمان “ماڵی وجودە”، چونکە بوونی مرۆڤ (یان دازاین) لەناو زماندا خۆی دەردەخات و لە بنەڕەتدا «دەرکەوتنی بوونە کە مرۆڤ بەجێی دەهێڵێت، بەو پێیەی واقعێکی زمانییە» (عادل، ٢٠٠٧، ٢٩٠). لێرەوە شیعر و زمان دیزاینەری واقعی نەتەوە یان هەمان وجودی کوردین کە شیعر دەبێتە بنەڕەتی ئاگاییەک لە نێو کورددا کە سنوورەکانی بە هۆی جیهانی “خودی” شاعیرەوە گەڵاڵە دەبێت، کە ئامرازەکەی زمان و تەکنیکە. لە کێشەی نەتەوایەتیی کوردیدا هەر سێ توخمی خاک و ڕەچەڵەک و زمان تێک چرژاون، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ڕووی ئیتمۆلۆژییەوە جەمال نەبەز پێی وایە وشەی “نەتەوە” لە ڕەتەوە retewe واتە، ڕەچەڵەکەوە هاتووە (نەبەز، ٢٠٠٨، ٢٣٨). بەڵام زمان مانەوەی هەر دوو توخمەکەی تر دابین دەکات و دەیپارێزێت.
2-1. خانی و حاجی لەبەردەم پرۆژەی دەوڵەت/نەتەوەدا
2-1-1. خانی و گوتاری دەوڵەتسازی
ئەحمەدی خانی (١٦٥١–١٧٠٦) بە چرکەساتی سەرهەڵدانی جەرەقەی هەستی ناسیۆنالیستی و خەیاڵی دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆی کورد دادەنرێت، کە وێنەیەکی نوێی بۆ دیاریکردنی بوونی سیاسییانەی خود و ئەوانیتر هەیە. زۆرینەی توێژەرانی کورد بۆ نموونە عیسمەت شەریف وانلی، گیوی موکریانی، جەمال نەبەز، عزەدین مستەفا ڕەسوڵ و سەڵاح سەعدوڵڵا “خانی” بە سەرەتای هۆشیاریی کورد لەمەڕ خۆی و شوناسی نەتەوەیی دەزانن (بڕوانە: عەلی، ٢٠٠٥، ١٤٤). و هەندێکێش بە ڕەوتێک کە »دەچێتە قاڵبی بەرەو ناسیۆنالیزم« (مەریوان، ٢٠٠٥، ٦٤). ناوزەدی دەکەن. بەو پێیەی ئاگایی نەتەوەیی جۆرێکی تایبەتە لە ئاگایی دەستەجەمعی یان هاوکاریی بەکۆمەڵ کە ڕایەڵێک دروست دەکات لە نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵ (هرتز، ٢٠١١، ٢٢). وادەکات خانی وەک بیرمەندی سەردەمی خۆی واتە چاخی ڕابوونی نەتەوەکان و دەرکەوتنیان لە جیهان ببینین، چونکە ئەو ئەم هۆشیارییەی دۆزیوەتەوە کە بریتی بووە لە “شاهەکی جیهان پەناه” کە بشێت تەباییی نێوان نەتەوە و دەوڵەت دروست بکات، کە ڕێک لەو سەردەمە لە هەموو ئەورووپا سەری هەڵدابوو و ببوو بە مۆدێلی زاڵی سیاسەت.
2-1-1-1. ئەگەر” و مەرجەکانی دەوڵەتی خانی
“ئەگەر” لە زمانی شیعری خانیدا چەمکێکی سەنتەرییە، سەرەتای ڕستەیەکی مەرجییە، دواندنی ئاگایی کوردە بە جۆرێک وەک هۆشدارییە لە ڕووداوێک لە ئاییندەدا ڕوو دەدات یان لە پرۆسەی ڕووداندایە. خانی داهێنەری سەردەمی خۆیەتی و هەوڵ دەدات لە ڕێگای بەسیاسیکردنی ئەدەبییاتەوە بە تایبەتی لە شیعری (مەم و زین)دا ئایدیا سیاسییەکانی بخاتەڕوو و لە” کول و دەردێ (کوردا) گلەیی لە بەخت و چارەڕەشیی کورد دەکات، هەرچەندە لە دووتوێی شیعرەکانیدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم مەرامە باس دەکات: “شەرحا غەمێ دڵ دکات فەسانە” (خانی، ٢٠٠٨، ٥٢) ، بەڵام هەموو پرۆژەکە لە ڕاستیدا هەوڵدانە بۆ بەسیاسیکردنی شیعر لە ئاستی مۆنۆلۆگ، واتە ئاستی خودێتی و دەردی دڵ و ئەمە لە زۆربەی دێڕەکانیدا دەبینرێت. لە دژی “چەرخی لەولەب و تالع و ژ خواب هوشیار نەبوونە”. (خانی، ٤٢) ئەوە جگە لەوەی بە باشی هەستی بە پێویستی کۆدەنگیی ئیتفاق و هەژموونی پادشایەکی خۆماڵی کردووە لە بونیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەییدا. ڕۆڵی فێرکار دەگێڕێت بۆ میرەکان بۆ ئەوەی دامودەزگای مەزنایەتی تێک نەچێت. وەک میکاڤیلی، بەڵام شاعیرانە ڕێنمایی “میر” دەکات بۆ ئەوەی حیکمەت و دانایی فەرامۆش نەکەن و قەدری هونەر و قەڵەم (خانی، ٤٢) بزانن، چونکە بڕیاردانی بە هەڵپە و پەلە خومچوونی زۆر خوندکارانی بەستوون، سەروەر دەبێ وەک برینگەری دڵسۆز بێ، لە دەستێکدا نەشتەر بێ لە ئەویتریان تژی لە تۆزی دەرمان و هەتوانی سەر برینان. (پێشەکی هەژار، خانی، ١١–١٢). “میرێ د ب دەوڵەت و فیراسەت/ صاحیب شەفەقەت خودان سیاسەت”(خانی، ٢٠٠). لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت “ئەویتری” نەیار کە لە واقعدا کوردیان چەوساندووەتەوە، بکات بە غوڵام و بەم جۆرە واقعێکی ئایدیاڵی بۆ “خود” دروست بکات و ڕەوشی شێواوی کورد بەسەر “ئەویتر”دا بسەپێنێتەوە کە ئەمەش تەنیا بە پاشا و دەسەڵاتێکی هەژموونی دەکرێت. ئەمەش هاوجووتە لەگەڵ ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە ئەگەر ویست یان ڕێککەوتن، یەکانگیری خۆویست و ئینتیما، دڵسۆزی و سۆلیدارێتی گرنگ بێت بۆ ڕۆنانی نەتەوە، ئەوا ترس و تۆبزی و زۆرەملێ فاکتەری گرنگن بۆ هاندان و پاراستنی گرووپەکان (اندرسن وجیلنر، ١٩٩٥، ٣٥).
لەم ڕێگەیەوە پێی وایە هەم دین و دەوڵەت دەگاتە لووتکەی خۆی و هەم زانست و حیکمەت. واتە ئەویش وەک زۆربەی بیرمەندانی ناسیۆنالیزم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی شوناسی خۆت دابمەزرێنی کیان یان دەوڵەتە دەتوانی هێڵە گشتییەکانی شوناس و نەتەوە دیاری بکات. هەر وەک ڕێنان ئاماژەی بۆ دەکات نەتەوە پرەنسیپێکی ڕوحییە، واتە خاوەندارێتی لە هاوبەشییەکان کە هەم قارەمانێتی و هەم تراژیدیا دەگرێتەوە کە بەشێکی گرنگی دەبێت بە نۆستالژیا و یادەوەری، هەر بۆیە لای ئەوە»نەتەوە نیشانەی ڕابردووە کە لە ئێستادا پوختە کراوەتەوە و نەتەوە ڕاپرسییەکی ڕۆژانەیە« (رێنان، ٢٠٠١، ١٩٤– ١٩٥). ئەمە هەم شەرعیەتدانە بە پاساوەکانی مانەوەی تاکەکان لەتەنیشت یەکتر بەبەردەوامی و هەم تۆخکردنەوەی جیاوازییەکانە لەگەڵ ئەوانیتر لە پێناو پاراستنی شوناس.
2-1-1-2. خانی و بەرهەمهێنانی سیمبۆلی نەتەوەیی
خانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت “غەمخواری زێد بن دژی غالببوونی ڕۆم و تورکانی عوسمانی و وێرانکاری حاکمیەتی عەلییە سەفەوی سەعالیک و هەرگیز رازی نەبن بە ژێردەستەیی و عاری تورک و تاجیک و بە شیری دەستی هیممەت و جوامێریی خەم لە “کورمانج دەوڵەتا دنێدا” بخۆن (خانی، ٢٠٠٨، ٤٣–٤٤). چیدی کورمانج نەبن بە بورجی پارێزگاری لە دوژمن و شوورەی و پاراستنی سەرحەد و سنووری داگیرکار. هەروەک چۆن ئەنترۆپۆلۆژیستی بەریتانی ئەنتۆنی دی سمیس (١٩٣٩–٢٠١٦) پێی وایە سەرەڕای فاکتەرەکانی تری، هەستی سۆلیدارێتی لە نێوان زۆرینەی نەتەوەدا، پلەیەکی باڵاتری یەکانگیری لە ئیتنیک دروست دەکات (برونسن، ٢٠٠٥، ٥١). ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە خانی لە کورمانجی دەوێت، واتە لە دەوڵەتی دونیاییدا ببن بە پەرژینی وجودی خۆیان. کەچی لە واقیعدا بۆ ڕۆم و عەجەم بوونەتە دیوار و بەم هۆیەشەوە ئەوان کز و هەژار و داماون کەچی ڕۆم و عەجەم خۆیان لە هەرا و شەڕ و جەنگ بەدوور دەگرن و کوردیان کردووە بە کلیلی سەر سنوورەکان. ئەمەش پەیوەستە بە داڕووخانی ناوەکیی کورد کە سەرەڕای ئەوەی “قەبیلێ ئەکراد” شوجاعەت و علوی هیممەت و غیرەتیان بەرزە، بەڵام “پێکڤە هەمیشە بێ تفاقن/ دایم ب تەمەڕوود و شیقاقن” (خانی، ٤٥).
چۆن فارس شانازی بە شاکارەکانی نیزامی و گەنجەویی شاعیری دەکات، خانیش گەرەکێتی بە زمانی کورد و لە میانی مەم و زیندا شانازی بۆ کورد بئافرێنێ و جۆرێک لە هەستی “سەرفرازی” و “هاودەردی” دروست دەکات، و داوا دەکات کاتێ کورد مەم و زین دەخوێتنێتەوە، هەستێکی خۆشی لەلا دروست بێت بڵێن: “کورمانجییە و بە قنجی هاتە تەدوین و ڤان چەند خەبەرێد کوردەواری” تێدا نووسراوە کە مەبەست و ئامانجی گەورەتری لە پشتە و دەبێ خۆیان بەدوای دابگەڕێن و “تەئویل بکەن ژ بۆ تە عەسووب” (خانی ٥٣–٥٥).
خانی وەک خودڕستەیەکی خۆپەروەردەکاری بێخودان و دەوڵەت، کە شانی وەبەر دروستکردنی هاوبەشەکان ناوە، لە مەم و زیندا هەوڵ دەدات مێژووی هاوبەش و پڕ لە شانازیی ڕابردوو بگێڕێتەوە کە: “گۆ پادشاهەک زەمانێ سابیق” حاکمی کوردان بووە بە جۆرێک کە پاشایەتیی کورد و عەرەبی کردووە و فەرمانی بە سەر ڕۆم و عەرەب و عەجەمدا داوە کە “ زیبەندەێی مولک و زەینێ دین بووە”.
2-1-1-3. خانی و “ئەگەری” بەسیاسیکردنی زمان
خانی زمانی کوردی وەک زمانی تەعسوب و عەشیری، واتە پەیوەندیی خوێنایەتی بەکار دێنێ و پێی وایە “بیدعەتێکی” گەورەی کردووە، کە پەیوەستە بەسەردەمێکی بێداد، کە عینادی دەخوڵقێنێ (خانی، ٤٦) و هەر وەک هەژار دەڵێت »بە فەرمایشتەکەی نالی زمانی خانی کوردییە، خۆکردییە« (خانی، ١٩). ئەم لە ڕێگە دەرچووە بۆ ئەوەیە “ئەوانیتر” کورد بەبێ بنەچە و مەعریفە لە قەڵەم نەدەن، چونکە کتێب و نووسین سیفەتی نەتەوەکانی دیکە و خانی هەستی بەوە کردووە کە نەتەوە بەبێ نووسین و زمان دروست نابێت. بەڵام دەزانێ کە هەتیوی و بێدەرەتانی هۆکارە کە کورد ناتوانێ لە جیهاندا دەربکەوێت و بێ خودانی کێشە گەورەکەیەتی. زمان لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت و هەر وەک هۆبز باوم دەڵێت »مێژوو و کولتووری هاوبەش و پێکهاتەی ئیتنیکی، لە میانی زمانێکی دیاریکراودا دەردەکەوێت« (هوبزباوم، ٢٠٠٨، ١٥٨–١٥٩). و ئاشکراشە یەکێک لە تایبەتکارەکان کە کوردێک لە “ناکوردێک” جیا دەکرێتەوە پێی، زمانە (نەبەز، ١٩٨٦، ٦).
بەم جۆرە مەم و زین بە زمانی کوردی هەر چەندە داستانێکی تراژدییە، بەڵام پڕیشە لە جوان نیشاندانی کورد کە هەم خاوەن پاشایەکی دلێر و مێرخاس کە حاتەم و ڕۆستەم، موحتاج و مەغڵووبی ئەون، هەم تاجدین گۆدەرزی زەمان و پاڵەوانێکە و ئەسکەندەر و غەزەنفەری میللەتی خۆی بووە. ئەوە جگە لەوەی خاوەن بۆنە و داب و نەریتی هاوبەشن. خانی “نەورۆز” دەکات بە سەرەتای وەرچەرخانی ڕووداوەکانی ناو مەم و زین و ئەمەشی هەر وا لە خۆڕا نەکردووە، ڕۆژا کە دە بوویە عیدی نەورۆز/تەعظیم ژ بۆ دەما دلئەفرۆز (خانی، ٦٨) وەک عادەتی پێشینی زەمانان کە لە هەموو کات و شوێنێ باو بووە نەورۆز بۆنەی گشتی بووە وەک ڕێوڕەسمی خۆشەویستی و ئەوین. بەسیمبۆلیکردنی کورد وەک یەکێتییەکی وجودی کە دەوڵەت دەتوانێ فۆڕمی پێ بدات لای خانی ئامادیییەکی بەرچاوی هەیە، بەڵام ئەو “خودە نەتەوەیییەی” خانی باسی دەکات بەتەواوی گەڵاڵە نابێت و جۆرێک شێواوی تێدایە لە نێوان عەشیر و کورمانج و کورد و ئەکراد و لە هەمەکییەتی خۆیدا نەخەمڵیوە. کۆتاییی تراژیدی مەم و زین بە جۆرێک لە ڕەشبینیی خانیش بۆ ئەو “میر”ەی لە خەیاڵیدایە بەرەو گەندەڵیی هزری و سیاسی دەچێت و کۆتایی دێت و ئەگەرەکانی دەوڵەتەکەی بەرەو نەمان دەبەن.
ئەم پرۆژەیەی خانی دایدەمەزرێنێت، هەمووی لەناو جیهانی خودێتی “خانی” و “ئەگەرەکانی” “گەر دێ هەبووایا مە پادشاهەک، گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک، گەر دێ هەبوویا مە ژی خودانەک” روودەدەن (خانی، ٤٣). واتە پرۆژەکە لە دونیایی واقعیدا بەردەنگی نییە، خودئاگایی خانی کە دەکەوێتە سەرووی ئاگایی خەڵکی سەردەمی خۆی، ناتوانێ واقعیکی نوێ بئافرێنێ، هەر بۆیە بە تەواونەکراوی دەمێنێتەوە.
کەواتە دیدگای “خانی” بۆ سیاسەت و دروستکردنی دەوڵەت لە چوارچێوەی شیعردا، سەرەڕای داهێنەرانەبوونی وەک دەقێکی ئەدەبیی باڵا، بەڵام مۆنۆلۆگە و دەوڵەتی “ئەگەرە”. لە ناو هزری “خانی”دا ئەگەر کورد پێویستییەکانی دەوڵەت دابین بکات، ئەو وەک بەشدار و خاوەن شت دەچێتە ناو جیهان و پەیوەندی لەگەڵ ڕۆحی خۆی دەبەستێت و “دێنەڤە ڕح مەلێ جزیری و حەی دەکات عەلی حەریری و فەقێ تەیران شاد دەکات” (خانی، ٤٧). ئەمە خولیا و خەیاڵی شاعیرێکە لەگەڵ خۆی و یادەوەریی پێشینەکانی خۆیدا، بەڵام کاتێ بەستێنەکانی لە ئارادا نین، هەر لە ئاستی خۆزگە و ئارەزوو دەمێنێتەوە. ئەوە پەیوەندی بە خودی خانییەوە نییە وەک داهێنەری دەقەکە، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ ناو پانتاییی کولتووری–سیاسیی کوردی و خۆبینینی لە جیهان و ئامرازەکانی بەیەکگەیاندنی خۆی لەناو سەردەمەکەدا.
2-1-2. حاجی: نەتەوە/دەوڵەتێکی پایەدار
یەکێک لەو ڕووداوە گرنگانەی کە لە ڕەوتی پرۆژەی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردیدا هاتووەتە ئارا، ئاشنابوونی حاجی قادری کۆیی (١٨١٧–١٨٩٧) بووە بە خانەوادەی میرانی بەردخان و ڕۆژنامەی کوردستان و پرۆژەی خانی، چونکە »گیانی نەتەوایەتی حاجیان بزواندووە« (مەلا کەریم، ٢٠٠٨، ٢١). و هەر وەک خۆی دەڵێت دیوانەکەی لەسەر “نووسخەی خەتی خانی” نووسیوە (حاجی، ١٣٩٠، ١١٨).
حاجی زۆر ورد چەمک و وشەکانی بەکار دێنیت و لەناو ئەو پڕۆسەیەدا بیر دەکاتەوە کە لە تیۆریی ناسیۆنالیزمدا پێی دەوترێت “دروستکردنی نەتەوە” بەو مانایەی هۆبزباوم ئاماژەی بۆ کردووە دروستکردنی دەوڵەت/نەتەوە بریتییە لە پرۆگرامێک بۆ بنیادنانی بینایەک کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لەسەر “ناسیۆنالیزم” دروست دەکرێت (هوبزباوم،٢٠٠٨، ١٦٥). و تەنانەت “قەبیلی ئەکراد” زیاتر لەوەی ئاماژە بێت بە خێڵە کوردەکان، ئاماژە و وەبیرهێنانەوەی میراتی “خانی” و وڵاتی کوردانە، کە ڕێککەوتن و یەکبوونی بە هاوتای دروستبوونی دەوڵەت دەزانێ.
دەرچوونی حاجی لە کۆیە، دەرچوون بووە لە چوارچێوەیەکی داخراوی بیرکردنەوە لە ناو خێڵ و شاردا، کارلێکی نێوان ئاگایی حاجی و داخرانی واقیعەکەی بووە، هەر بۆیە لە شیعرەکانی حاجیدا ڕەوتێک هەستی پێ دەکرێت لە عەشیرەتگەرایییەوە بەرەو دروستکردنی خاک و دەوڵەتی کوردان، ئەمەش “خاڵی وەرچەرخانە لە قۆناغی دەرەبەگایەتییەوە بەرەو بزاوتی هەستی نەتەوەیەتی” (مەلا کەریم، ٢٠٠٨، ٢٣). حاجی وەک فەقێیەکی بیرکەرەوەی گەڕۆک بە ناو وڵاتی خۆیدا “هەست بە “کوردبوون”ی نێوان خۆی و “خانەخوێ” ئەوەندە بەهێز ببوو، کە سنووری دوژمنان نەیانتوانیبوو کەرتی بکەن” (محەمەد، ١٩٧٣، ٢٥٥–٢٦٤). کاتێکیش دەچێتە دەرەوی وڵات، بە هزری “ئازدیخوازی نەتەوە جیاوازەکان” بیری دژی عوسمانییەکان فراوانتر دەبێت” (مەلا کەریم. ٢٠٠٨، ١٠). هەر ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر خودئاگایی هەبووە لە ڕەوتی خۆتەکوینکردنی نەتەوەکانی تر و پرۆسەی نەتەوەخوازی، بە جۆڕیک دواجار حاجی دەبێت بە بیرمەندی دەوڵەت/نەتەوە، دژی خەلافەت، چونکە “زوڵمیان عامە لە سەر عاممە” و بە بنەڕەتی کێشەکانی دەزانێت (حاجی، ١٤٧).
حاجی “خودی کوردی” لە بەرانبەر”ئەوانیتر” دادەنێت و بەراوردێک دەکات لە نێوان “بولغار و سڕب و یۆنان و ئەوانی دی کە بە هەموویان بە قەد بابان” نابن کەچی سەربەخۆن و ساحێبی دەوڵەت و جەیش و ئاڵا و ئەرکانی حەرب، لە هەمووی گرنگتر بۆ زەبت و ڕەبتی میللەت، گەورە و بچووکی خۆیان دەنێرن بۆ ئەورووپا (حاجی، ٢٣).
لە کاتێکدا لە ناو کوردا وەک بنەڕەت »دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناسیۆناڵ بیرێکی خۆییە« (نەبەز ،٢٠٠٢ ، ١٢٦). حاجیش لە ناو جیهانی شیعرەکانی و پرۆژە فکرییەکەی خۆیدا، پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان نەتەوە وەک سەرەتا و دەوڵەت وەک بەرەنجام دروست دەکات. هەر بۆیە لە دووتوێی دێر بە دێڕی شیعرەکانیدا بە دوای هۆکاری ناکامی دروستنەبوونی ئەو کیانەدا دەگەڕێت کە لە واقعی جیهانی خەڵکدا هەیە و لای ئەوە بووە بە ئایدیاڵ.
2-1-2-1. هاوبەشەکان و نەتەوە
لە کاتێکدا فۆڕمەکانی تری پێکەوەبوونی مرۆیی، کە یان دژایەتییەکان پەرە پێدەدەن، یان ڕەوشی سروشتیی خۆیان وەک ئەوەی هەیە قبوڵ دەکەن، دروستبوونی “نەتەوە” هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دروستکردنی چەمکی “هاوبەش” لە جیاوازبوونەوە بچێتە ناو هاوتابوون، بە هۆی “ویست will “ەوە کە لە دیدی ڕێنان لە زمان بەرزترە؛ لەسەر خاک و بە سیاسەتی ناوەندگەرایی نەتەوەی لێ دروست دەکرێت (رێنان، ٢٠٠١، ١٨٧). “هاوبەشەکان”، ئەوەی لە کۆدا پێی دەوترێت “کولتوور”، لای حاجی دەکەوێتە پێش دەوڵەت و لێرە لە “خانی” جیا دەبێتەوە. لە تەباییی نێوان زمان و کولتوور دەڵێت “ئەنواعی میلەل، مەمالیکی خەمڵیوە و یەک بەرگن و یەک زوبان و یەک ڕەنگ (حاجی، ٢٩). واتە ئەم هاوبەشانە دەبن بە توخم و ڕەگەزی دەوڵەت کە خۆیان وەک پێدراوی سروشتی–کۆمەڵایەتی هەن. داوای سیاسەتێکی پراگماتی دەکات “بۆ حیفزی دین و میللەت” و دەزانێ سەردەمی سەرهەڵدانی دەوڵەتی نوێیە و سیستەمی خێڵایەتی و عەشیرەتی کۆتایی هاتووە، هەر بۆیە دەڵێت: “هیچ نەبێ بە ئۆین تابیع بە دەوڵەتێ بن” (حاجی،٩٣– ٩٥).
لە هەندێ شوێندا بیری حاجی نزیکە لە هزری بیرمەندی سیاسیی ڕێنسانسی ئەورووپا (نیکۆلۆ میکاڤێللی) کە هەم سیاسەتی بەدونیایی کرد و داوای دینێکی دەوڵەتی دەکرد و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی بەستبووە بە بوونی “میرێکی” بەهێز و سوپایەکی یەکگرتوو (مەکیاڤیللی، ١٩٨٢، ١٣٩ و ١٥٠). حاجی داوای سوپایەکی مۆدێرن دەکات کە خاوەن تەکنەلۆژیای ڕۆژاوایی بێت، ئەگینا گەورەیی کورد ئەستەمە بێتەدی. پێی وایە “سەلاحی ئێستاکە “سیلاحە”. خەباتی چەکداری دەبێتە زەروورەت وێڕای تەگبیر و ڕاوێژ.(حاجی، ٧٩– ٩٦). چونکە لە سەردەمی مۆدێرندا دەوڵەتی پایەدار لەسەر بنەمای عەقڵ و هێز دادەمەزرێت و بە “شیر و خامە” دەوڵەت پایەدارە (حاجی ٣١–٣٢). ئەمەش بوونی سەرکردەیەک لەناو کورد کە ڕابێت و سەیری میللەتانی تر بکات کە چۆن “کەوتوونەتە سەر ڕێ” و بە ورەوە ناوی دەوڵەتیان لە خۆیان ناوە، وەک پێویستی دەردەخات (حاجی، ٢٢٩ –٢٣٠). واتە توخمی “ویست” کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ڕۆنانی دەوڵەت/نەتەوە لای حاجی، بنەڕەتێکە کە هێز دەخوڵقێنێت و پێویستی بە هیممەتە. هەر بۆیە هێمن موکریانی (١٩٢١–١٩٨٦) وەک میراتگری حاجی و ڕایەڵەی ڕوحیی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات و ئیدئۆلۆگی کۆماری کوردستان ئەم ورە و ویستە لە خودی حاجیدا دەبینێ “کە سەد هێندی ئەڵوەندە و “شوێن پێی ئەوی کردووە بە سورمە” (هێمن، ٢٧٠٨، ٢٥٥–٢٨٦).
2-1-2-2. جوگرافیای خەیاڵکرد
(گیلنەر، ١٩٣٤– ٢٠٠٢) پێی وایە تەنیا “ویست” بەس نییە بۆ بوونی “نەتەوە”، بەڵکو دەبێ کولتووری زۆرینە، کە سیاسەت دەیکات بە “کولتووری باڵای گشتێنراو”، ئینتیمای نەتەوەیی لەسەر دروست بکرێت. ئەمەش لەسەر جۆرێک ڕەزامەندی واتە شەرعییەتی سیاسی دادەمەزرێت کە »دژایەتیی نێوان سنووری یەکەی unit کولتووری و سنووری یەکەی سیاسی لەناو دەبات و ئیدی نەتەوە ئاوێتەکردنی ویست و کولتوورە لە یەکەیەکی سیاسیدا« (اندرسن وجیلنر، ١٩٩٥، ٣٦– ٣٧). ئەگەر ئەمە بۆ دەوڵەت/نەتەوەی ئەورووپا ڕاست بێت، ئەو لە جیهانی حاجیدا جوگرافیا و سنووری کوردستان کە لە ئاگایی حاجیدا ئامادەیییەکی بێوێنەی هەیە و هەمووشی بە مەبەستی سیاسی بەکار دێنێت، تەنیا لە سنووری شیعرەکانیدایە. ڕووپێوێکی خاکی کوردستانیش دەکات لە بابان و کەرکووک و ناوچەی دزەیی و جزیر و بۆتان (حاجی، ٢١٧). تا دەگاتە “دەشتی بەهەشت ئایینی لاجان” (حاجی، ١٢٠) دەوڵەتی خانی لای حاجی، سنووری هەموو کوردستان دەگرێتەوە کە مێژوویەکی درەخشانی هەیە کە “کوردان ئازاد و سەربەخۆ و ساحیبی جەیش و عیرفان” بوون (حاجی، ٩٦) هەر بۆیە بۆ نەتەوە لای ئەوە بەرهەمی مێژوو و ئەفسانەیەکی لێک گراوە، لەنگەری دەستی سینانی کەیکاووس و گوردی شانامە و سەڵاحەددین ئاوێتە دەکات. چەمکی “وڵات” و پەلاماردانی لە لایەن بێگانە و تێکدانی دیمۆگرافی “خاکی جزیر و بۆتان یەعنی وڵاتی کوردان” وەک هەڕەشەیەکی گەورە دەبینێت و باسی تێکچوونی دین و کولتووری کوردی دەکات پێی وایە “پەیدا بێت ئەرمەنستان نامێنێ یەک لە کوردان”. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەمە داوای یەکگرتن و “ئیتیفاق” دەکات لە وڵاتێکی یەکانگیردا.
چەمکی خاکی کوردستان و گەلی کوردان دەبن بە دوو چەمکی کۆنکرێتی و پێناسەکراو، کە دەبێ فەلسەفەی حوکمڕانی بە مانا مۆدێرنەکەی بەردەوام تەبەنی بکات و حاجی ناوی دەنێت تەعسسوب (حاجی، ٣٣) کە هەمان ئاگایی نەتەوەیییە لە بێ بەشیدا، کە کەوتووەتە دەرەوەی سیاسەت و جیهان و پێویستی بە بەخۆداچوونەوە هەیە.
2-1-2-3. نەتەوە–دەوڵەتی حاجی
خەوی غەفڵەت یان جەهل کە هەمان ئاگایی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، یەکێکە لە پایە گرنگەکانی شیعری نەتەوەیی کوردی و بەردەوام وەک سەرەتای دەرچوون لە قۆناغی پێش– نەتەوە دەردەکەوێت. لە لایەک داینەمۆی نەتەوە لای حاجی پەیوەست دەکرێت بە بەشی چەوساوەی کۆمەڵگا “گاوان و سەپان و جووتیار و شوانی کوردان” کە دەکەونە بەرانبەر داگیرکەریی دوژمن، بەڵام “ناتەبایی” و “ئاگری بن کا”یی، کوردی ڕەنج بەخەسار کردووە. (حاجی، ٧٧–٧٨) لە لایەکی ترەوە لە ناو نۆستالژیای مێژوویەکی پڕشنگداردا بە دوای “وێنەی نەتەوە” و هەستی ژیاندۆستیی وڵاتی کورداندا وێڵە، کە کێشەکانی مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە “دیباچەیی مەم و زین”دا ئەحواڵی سوخەندان”ی تێدا باس کراوە (حاجی، ٩٨–١٠١). هەر بۆیە “نەتەوە” لە ئاستی سوبێکتیڤدا مانایەکی سیمبۆلی و سنووری خێڵ و عێل دەبڕێت و لە پێدراوی واقعییەوە دەگۆڕێن بۆ یەکەیەکی گەورەتر کە خاکی کوردستان و گەلی کوردە. داوا دەکات “بێنەوایانی موڵکی کوردستان” لەم خەوە هەستن و سەیری جیهان بکەن، دەبینن “حاجی” بە شیعرەکانی وەک “کاوە” ڕۆژێ درەفشی هەڵداوە.
هەر وەک چۆن لە میژووی ئەورووپا پیشەسازیی چاپ، تاکەکانی لێکگرێدا و “ئاگایی نەتەوەیی” دامەزراند و لە ڕێگەی “زمانی فەرمی” و “ بنیاتنانی “بیرۆکەی خودێتیی نەتەوایەتی” فۆڕمێکی نوێی لە کۆمەڵگای خەیاڵکرد دروست کرد (اندرسن، ١٩٩٩، ٥٠–٥١) و پێشکەوتنی پەروەردە و خوێندن و بەرەوپێشچوونی قوتابخانە و زانکۆکان بوون بە پێوەری پێشکەوتنی تەوژمی ناسیۆنالیستی (هوبزباوم ، ٢٠٠٧، ٢٦٢). حاجیش نەتەوە پەیوەست دەکات بە “ویستی خودی کورد”ەوە کە لە ڕێگای تەئریخی هاوبەش و کتێب و جەریدە دەبن بە یەک، لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە “جل و بەرگ و زبان و ڕەسم و ئایین” دێتە بوون. (حاجی، ٢٢٩–٢٣١) واتە هەستی نێوکۆیی بە چارەنووسی وەکیەک دەبێتە مۆرکێکی گرنگی ناسنامە (نەبەز ،١٩٨٦، ٤٩).
حاجی تێپەڕینی قیتاری دەوڵەتسازی لە سەردەمی خۆیدا هەست پێ دەکات و پێی وایە تەنیا بونیاتنانی دەوڵەت، کورد لەم دۆخی پەستییە ڕزگار دەکات. هەر بۆیە بوونی “دەوڵەت” و “ئاگایی لەمەڕ دەوڵەت” بە پرسی مەرگ و ژیان دەزانێت و داوای دەوڵەتێکی پایەدار دەکات کە دەبێ وەکو “بت بیپەرستن جەمعی میللەت” (حاجی،٢٥١–٢٥٦). واتە ئاگایی سەبارەت سەربەخۆیەتی و سەردەم، ئەوەش بەو مانایەیە کە حاجی لە ناو زمەنی خۆیدایە و هۆشیارە پێی، چونکە »کات دیاریکەری ئاگاییە و کاتمەندی فۆڕمەکانی دەرککردن، خەیاڵکردن، وەهم، یادەوەری، بیرەوەری و هتد دابین دەکات« (هوسرل، ٤٨٦) و ئەم ئاگاییەش لەمەڕ سەربەخۆییی نەتەوەیییە، چونکە هەر وەک فیختە ئاماژەی بۆ دەکات ئەوەی سەربەخۆ نەبێت لە ناو زەمەندا نییە و هێزی دەرەکیی ناوەرۆک و چارەنووسی دیاری دەکات (فیختە، ١٩٧٩، ٣٣). حاجی لە ناو سەردەمی خۆیدا ئاگایە بە بوونی پارچە پارچەی خۆی وەک کورد و ئەمە لە زمانی شیعریدا بە جۆرێک ڕەنگی داوەتەوە کە بووە بە سەرەتای “ئاگایی ڕەنجاو” بە مانا هیگڵیەکەی.
2-1-2-4. شیعر و قاڵبەکانی بیرکردنەوە
ئەو جەدەلە هزرییەی حاجی وروژاندوویەتی نە لە ناو واقعی کوردیدایە و نە بەردەنگیشی دیارە، هەمووی لە ناو خودی شاعیردا دەگوزەرێت، ئەگەر شیعر ناچاری دەکات »وەک پێویستی بیڕازێنێتەوە« (خانزاد، ٢٠١٢، ١٥١). بەڵام هاوکات ئایدیاکان کورت دێنن. حاجی وەک پایەبەرزێکی شیعری نەتەوەیی، خۆی هەست بەمە و هاوجووت نەبوونی پەیامە سیاسییەکەی و دەربڕینە شیعرییەکەی دەکات و دەڵێت: “بەیتەکان عەیبی مەکەن خوار و کەچن/ مەقسەدم لەم بەند و باوە دەربچن” (حاجی، ٢٠٧). ئەم ئاگاییەی حاجی لەهەمبەر ناڕێکیی زمانی شیعری خۆی پەیوەستە بە بێتوانایی شیعر لە دەربڕینی فەلسەفەکەی و گوزارشت نەکردن لە باری مانایی و لە قاڵبدانی عەقڵ و پێی وایە “سەراپا وەکوو خۆی بێ سەر و پان” (حاجی، ٩٣). هەرچەندە حاجی هەوڵی داوە چەندی لە توانایدایە لەنێوان ڕیتۆریکا و مانا « زیاتر گرنگیدانی بە واتا بدات» (خانزاد، ٢٠١٢، ١٥٢) و هوشیارییەکەی بەرامبەر بە زمان کە دەبێتە پرۆژە لە رووی چۆنایەتییەوە، ببێتە زمانی شوناس و خۆسەلماندن و مانەوەیە (سیوەیلی،٢٠٠٤، ٥٥ و٦٠). بەڵام قورسیی قاڵبی شیعری بارێکی گرانە بە سەر ئاگایی حاجی قادر، تا ئاستی ئەوەی بێژیت: “قەڵەم شکا و موڕەککەب ڕژوا نامە نەما/لە داغی قافیە تا خۆی گەیاندە ئاە و ئەنین”. فۆڕم یان قاڵب بە چەشنێک تەنگی بە فکری هەڵچنیوە کە لە مۆنۆلۆگی خۆیدا دەڵێت: “داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ/ پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە”. هاوکات هەستی بە ئاوابوونی زمانی شیعریش کردووە. “سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پوولێ/ ڕۆزنامە و جەریدە کەوتۆتە قیمەت و شان و “ڕۆمان و جەریدە” باوە. (حاجی،٩٨– ١١٨) ئەوەش هەمان ئەو بیرۆکەیە کە هوبزباوم و ئەندرسن جەختی لەسەر دەکەن کە پێیان وایە “رۆژنامە” بوو بە ڕایەڵی پەیوەندی بۆ دروستکردنی نەتەوە (اندرسن، ١٩٩٩، ٥٠ و هوبزباوم، ٢٠٠٧، ٢٦٣).
لە نەریتی هزری نەتەوایەتیدا »”زمان” و “مەفتەن یان نیشتمان” بۆ هەستی هاوبەش لە ژوورووی هەموو پەیوەندییەکەوە دێن« (محەمەد، ١٩٧٣، ٢٦٦). “حاجیش بێئاگا نەبووە لەوەی کە زوبان چ دەورێک یاری ئەکا لە پێکهاتەی نەتەوەدا (مەلا کەریم، ٢٠٠٨، ٣٠) و تەنانەت زمانی نەتەوەیی دەبێت بە بەشێکە لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و پێی وایە “ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی/موحەققەق داکی حیزە بابی زانی”. جەخت دەکاتەوە ئەگەر کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز بە کوردی بنووسرایە زوبانی” دەبووە هۆی هەرمان و نەمریی کورد و مێژووەکەی (حاجی، ١٥٢–١٥٣). بەم جۆرە »زمان دەبێتە پێناسەیەکی زۆر گرنگی “کوردبوون”« (نەبەز، ١٩٨٦، ٩) و حاجی، کوردی بە زمانی حەق دەزانێت، بەڵام چونکە کۆ نەکراوەتەوە، بەرەو لەناوچوون چووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکانی تر بە زمانی کەچ و خەتی خواریان چوونەتە ڕیزی نەتەوە گەورەکان و خەریکە خۆیان بە دەوڵەتیش لە قەڵەم بدەن.
یەکەم؛ زمانی حاجی ئاگاییەکی بۆ خودی ئەو خوڵقاندووە کە بەرفراوانترە لە سنووری کێش و قافیەی شیعرەکانی، هەر بۆیە کاتێ دەکەوێتە ناو قاڵبی شیعری ئاگاییەکە لە قاڵب دەدرێت و ئەوەش خود– ئاگایی حاجی تووشی ڕەنجاوی دەکات. دووەم؛ حاجی شیعری فارسیشی نووسیوە، بەڵام لە هیچ کامیان باسی نەتەوە و دەوڵەت ناکات و ئەمەش دەلالەت لەوە دەکات پەیوەندییەکی قووڵ هەیە لە نێوان زمانی کوردیی حاجی و کێشەی نەتەوەکەی لە ئاگایی سیاسیدا کە لە ڕێگەی شیعرەوە دەجووڵێت (حاجی، ٢٧٠–٢٨٤). هەروەک هێردەر (١٧٤٤–١٨٠٣) دەڵێت: هەموو گەلێک لە خۆیدا وێنەی نەتەوەیی و زمانی خۆی هەیە. (اندرسن، ٧٣) سێیەم؛ حاجی ناگات بە نیهێلیزم و هەر بۆیە تا کۆتایی »بە جۆرێکی عاشقانە و دێوانە باسی کورد دەکات«. (محەمەد، ١٩٧٤، ٢٨٣) و خەونی دەوڵەتێکی کوردی کە هیوای “جەمیعی کوردستان” بێت لای ئەو هەر دەمێنێتەوە و دەبێتە “غەمخۆری گەلی کوردان”.
2-2. لە گوتاری دەوڵەتەوە بۆ چەمکی نیشتمان و وەتەن
2-2-1. ئەحمەد موختاری جاف: نیشتمانپەروەری دونیاگەرا (عەلمانی)
هێڵی گشتیی ئەحمەد موختار جافیش (١٨٩٨–١٩٣٥) بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەتی کوردی بە سەرەتای دابڕان لە خەونی خانی/حاجی دادەنرێت، واتە هێشتا بەشێک لە چەمکە سیاسییەکانی ئەو دووانە ئامادەیییان هەیە، بەڵام بە ئاراستەی باڵادەستیی چەمکگەلی تر دەڕواتە پێش. بە بەراورد بە خانی و حاجی چەمکی دەوڵەت بە مانای کیانی سەربەخۆی کوردی لە شیعرەکانی ئەحمەد بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت و لە جیاتی ئەم چەمکە چەمکەکانی وەتەن، خاک، نیشتمان جێگەی دەگرێتەوە. “بۆ وەتەن من ڕۆژێ سەت جار ڕۆحی خۆم قوربان دەکەم” (ئەحمەد، ١٩٨٦، ٨٨). ئەمەش ڕەنگە دوای ڕەگداکوتانی دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرن لەسەر خاکی کوردستان بە تایبەتی دەوڵەتی عێراق و ئێران بووبێت و چی تر ئومێدی ئەوە نەمابێت کە کورد بتوانێت ببێتە خاوەنی کیانی خۆی.
لای ئەحمەد سەربەخۆیی هەم بە مانای ڕزگار بوون لە ژێردەستیی ئەویتر و هەم خاوەنی خۆبوون بە مانا بەرفراوانەکەی ئامادەیی هەیە. “گاهێ حەملە ڕوو بەڕووی ئێران، گەهێ تورکان” (ئەحمەد، ٨٨). مامۆستا سەجادی پێی وایە ئەحمەد توانیویەتی مرۆڤ و خاک و نیشتمانپەروەری تێکەڵی یەکتر بکات. “بە خۆڕایی لە دەستی مەدەن ئەم خاکە شیرینە کە تۆزی وەک جەواهیر سورمە و کوحلی بە سەرتانە”. کەواتە ئەحمەد هەنگاوێک لە ئاراستەی ناسیۆنالیستیی خانی/حاجی بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و بەرەو نیشتمانپەروەری هەنگاو دەنێت و ڕەگە سیاسییەکانی خۆی ون دەکات. ئەمە پێچەوانەی تیۆریی ڕەوتی نەتەوەسازییە کە دەرچوونە لە نیشتمانپەروەری بەرەو ناسیۆنالیزم بەو مانایەی کە ڕێنان ئاماژەی بۆ دەکات (رێنان، ٢٠٠١، ١٨٣). چونکە نیشتمان چەمکێکی پەیوەست بە خاک و سروشتە لە خەیاڵی تاکەکاندا، بەڵام نەتەوە چەمکێکی زهنی و خودییە سەبارەت بە بوونێکی وێنەیی گشتێنراو، یان هەروەک هیردەر (١٧٤٤–١٨٠٣) جەختی لەسەر دەکاتەوە تایبەتمەندییەکی ئۆرگانی هەیە و سروشتی خۆی بە هۆی زمان و کولتوورەوە دەناسێت (باربییە، ١٣٨٦، ٢١٣).
2-2-1-1. جوگرافیای خەیاڵکرد و گەشەی کورد
چەمکی وەتەن یان نیشتمان، ئەحمەد بەرەو خاڵێکی گرنگی نەتەوەگەرایی کوردی دەبات کە پێشتر لای خانی و حاجی وەک چەمک قووڵ نابێتەوە، ئەویش وشەی “کوردە”. لە شیعرەکانی ئەحمەددا کورد مانایەکی ئەبستراکت وەردەگرێت و چی تر وەک کۆی خێڵ و قەبیلەی ئەکراد نابینرێت، بەڵکو دەبێت بە وجوودێکی کۆنکرێتی پێناسەکراوی جێگرتوو. “لە خەو هەڵسن ‘میللەتی کورد’، من کە ‘کوردم’ حەز لە “خاکی پاکی” یان “بەرزی خاکی” کوردستان دەکەم یان دەڵێت شێتی چاوی لەیلی ‘کوردم’، داخی “کوردی” فەخرە ئێستا (ئەحمەد، ل ٨٨). ئەمە دواتر دەبێتە ئیلهامبەخشی هێمن موکریانی و لە شیعری “تینووی ئازادی”دا، تەنانەت ناوی ئەحمەد موختار جافیش دەگۆڕێ بۆ “ئەحمەدی موختاری کورد” (هێمن،٢٠٠٣، ١١٤) و بە ئاگاییەوە جەخت لەسەر وشەی “کورد” دەکاتەوە و دەبێتە چەمکێکی داکوتراو و “کوردبوون” بەردەوام ناوەرۆکەکەی پڕ دەکاتەوە (هێمن، ٢٠٠٣، ١٦٧). ئەم خودئاگایی و هۆشیارییەی ئەحمەد لای هێمن وەک ئەزموون بۆ شۆڕش و ڕاپەرێنێکی نوێ لێکی دەداتەوە.
خاڵێکی تر وەک نەریتی شاعیرانی نەتەوەییی کوردی قسەکردنە لەسەر جوگرافیای سیاسی و دیمۆگرافیی کوردستان وەک جوگرافیایەکی خەیاڵی ناو هەست و سۆز و یادەوەریی شاعیر. “ناڵەی دڵمە لە حەسرەت خاکی کوردستانەوە” و جارێکی تر سنووری خاکی کوردستان وەک حاجی دیاری دەکات و وەک خانی داوای “ ئیتیحادی کوردی خۆمان و سنە و بۆکان دواتر بۆتان” دەکات (ئەحمەد، ٨٨ و ١٣٤). لەوێشەوە پێی وایە ڕۆژێ دێت ئەولادی کورد دێنە مەیدان و بە “عیلم و سەنعەت و عیرفانەوە” و هەموو خاکی کوردستان یەک دەخەن.
هەر وەک چۆن لە مێژووی ئەورووپادا ناسیۆنالیزم لەگەڵ شۆڕشی زانستی و گۆڕانی پەیوەندیی ئابووری–سیاسیدا دێتەئارا، شاعیرانی نەتەوەییی کوردیش بەردەوام داوای ئاگایی واتە دەرچوون لە نەزانی دەکەن، چونکە ئاستەنگن لە بەردەم هەر سێ چەمک و بواری بەردەوام ئامادە بۆ سەردەمی مۆدێرن وەک منداڵدانی ناسیۆنالیزم واتە “عیلم و سنعەت و عیرفان”.
خاڵی جێگەی تێڕامان ئەوەیە ئەحمەد، چەمکی “دەوڵەت” بەکار ناهێنێت، پێی وایە نەوجەوانانی وەتەن، ئەم میللەتە یەک دەخەن هەر لە کرماشانەوە هەتا ورمێ و وان و جەزیرە و زاخۆ و خاکی کوردستان بە بابان گرێ دەدەن. وەتەنێک بونیاد دەنێن قیبلەی کوردانە و لەشکرێکی مۆدێرن و ڕێکخراو دروست دەکەن. لە کۆی شیعرەکانیدا سەرەڕای ئەوەی ڕەگی سیکۆلاریزم وەک ڕەهەندێکی ناسیۆنالیزم لە بیروبۆچوونی ئەحمەد بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت، بەڵام خاکی کوردستانە نەک دەوڵەت دەبێتە “مەزهەب و ئیمانەکەی”.
2-2-1-2. خەیاڵی زانست و لێکبەستنی میللەت
هەر وەک ئاماژەی بۆ کرا، زانست و پێشکەوتنی پیشەسازیی چاپ ڕێگەی سەرەکی بوو بۆ گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و سەرهەڵدانی نەتەوە، کە هەم دەبێتە هۆی ئاگایی تاک و دەرچوون لە سیستەمی پێش سەرمایەداری کە دەرەبەگایەتییە، هەم لە پێناو لێکبەستنی هەموو ئەندامانی جڤاکی کۆمەڵگا کار دەکات. لەدایکبوونی “جڤاتی فانتازی “ لەسەر بنەمای نەتەوە بە باشترین شێوە لە ڕۆمان و ڕۆژنامەدا دەکەوێت ئەم دوو شێوازە، ئامرازی تەکنیکییان پێشکەش کرد بۆ دووبارە پێشکەشکردنی جۆری جڤاتە خەیاڵکردەکان imagined community کە بریتی بوو لە “نەتەوە” (اندرسن،١٩٩٩، ١٤). ئەحمەدیش ڕۆژنامە وەک ڕایەڵەی لێکبەستنی میللەت و چرای ڕۆشنکردنەوەی عەقڵ لێک دەداتەوە و کاتێ پیرەمێرد (١٨٦٧–١٩٥٠) وەک بونیاتنەری ناسیۆنالیزمی شار و زیندووکەرەوەی بۆنە و یادەوەریی سیاسی، چاپخانەی ژین لە سلێمانی و ڕۆژنامەی بانگی کوردستان دەردەکات، ئەم شاعیرە مونەوەرە و زانستپەروەرە بە هۆکاری پێشکەوتنی دەزانێت و ئەمەش دەبەستێتەوە بە مۆدێرنیزەکردنی کوردستان و تەعمیرکردنی موڵک و دروستکردنی ڕێگەی ئاسن بە جۆرێک هەموو کوردستان لێک ببەستێت.
ڕوانگەی ئەحمەد بۆ زانست دەشێت بە زانستگەرایی، واتە جۆرێک پیرۆزی بەخشین بە زانست ناوزەد بکەین کە بۆ “دیفاعی تیغی دوژمنان قەڵغانە و جەهل و ئەسیربوون دەخاتە بەرامبەر عیلم و زەفەر و ڕێگەیە بۆ دەرچوون لە “چەند ساڵە ئەسیریی پەنجەی دێو” (ئەحمەد، ٣٥ و ٨٦). سەرەڕای پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە، هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی کوردانەش بە خاڵێکی ئەرێنی لێکبەستن و تۆکمەبوون دەزانێت و پێی وایە دەبێتە هۆی بناغەی عیلم و سەنعەت و سەبەب بۆ حوڕ ژیان. ئەمەش لە ڕوویەکی ترەوە بە مانای ڕۆشنگەری و باڵادەستیی عەقڵە، کە “غەیری مەکتەب، هیچ عیلاج و سیلاحێکی نییە” بۆ وەتەنێکی نەخۆش، کە پێویستە پزیشک و کەسانی منەوەر و دانای ڕێبەرایەتی بکەن.
2-2-1-3. ئەحمەد لە نێوان شۆڕش و نیهێلیزمدا
ئەحمەد کاتێک یەکێتیی کوردان و ڕابوون نێو شیعرەکانی و واقیعی کورد بەراورد دەکات و هیچ هاوجووتییەک نابینێ و “لە خەو هەڵناستێت میللەتی کورد”، تووشی جۆرێک لە نیهێلیزم دەبێت و تێکەڵ بە نۆستالیژیا و توندڕەوی دەکات “ئارەزووی دەوری تەرەکی حاکمی بابان دەکەم”. لە داخی دەهری دوون خەریکە فەلەک بە سەر خۆی دا بڕوخێنێ، بەڵام تا کۆتایی پایەدارە بە بیروباوەڕە سیاسییەکانی خۆی، بە نامەردی خۆی لەقەڵەم دەدات ئەگەر بێتو “شانی لەبەر ئەم بارە ببزێوێ”. ئەمەش بەرەو جۆرێک لە توندڕەویی نەتەوەیی دەبات و دەڵێت بۆچی دیلی قەومی نەزانن لە کاتێکدا خۆتان لە قەومی کاوەی ئاسنگەرن و دیجلەی “ئەوانیتر” چڵکاوی “وان”ی کوردە یان دەڵێ: “چلۆن دەیدەم بە خورمای قاچ و قول ڕووت/ قەدی بەرزی چنار و گوێز و هار ژەنگ” یان “نا وەجاخییە هەر کەسێک خزمەتی “غەیری خۆی” و ئیتاعەی “دوونان” بکات”. هەڵچوون و داچوونی شاعیر لە نێوان واقع و ئەو ئایدیالەی لە خەیاڵیدایە بەردەوام لە نێوان نیهێلیزم و شۆڕشگێڕیدا جووڵەی پێ دەکات، ڕوو لە شار و موڵکی ئامەد و شاری سلێمانی و سابڵاخ دەکات بۆ یەکێتی، بەڵام کاتێ دونیای دەرەکی ناتەبایە لەگەڵ جیهانی ناوەوەی شاعیر و هیچ لە یەخسیری ئەو ناگۆڕێت دەڵێ: “گەر لە مەحبووسی خەلاس بم دوشمنانم پەت دەکەم” (ئەحمەد، ل ٩٤ و ١٠٧).
بەشێک لە خەونی دامەزرێنەرانی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی خانی/حاجی لە بیرکردنەوەی ئەحمەددا ئامادەیییەکی بەرچاوی هەیە “ئیتتفاق” و “ئیتتیحادی میللەت” سەرەڕای باڵادەستیی نەزانی وای کردووە پرۆژە سیاسییەکەی ئەحمەد ناتەواو بمێنێتەوە، بەڵام “خودی کوردی” لای ئەو پێگەیشتووە بە ڕوونی هێڵی نێوان ‘من’ی کورد و ‘ئەویتر’ی نا کوردی دیاری دەکات، بەڵام دیسان بەهۆی چوارچێوەکان و قاڵبی شیعری و “قافیەی تیکرار و تەنگەبەرەوە” (ئەحمەد، ٥٥–١٤٢) ئەم ناوەرۆکە ڕوونە لە سنووری بەرتەسکی هۆنراوەدا لەمەندە زیاتر دەرنابڕدرێ. زمانی ئاگایی ئەحمەد و جەختکردنی لەسەر کوردبوون لەسەر خاک لە دەرەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی، و عەقڵی تاک کە دەبێت لە ڕێگەی زانست و عیرفانەوە ناوەرۆکەکەی پڕ بکرێت و هاوکاتیش سەنعەت ببێت بە بەشێک لە ژیان، خاڵی جیاکەرەوەی هزریەتی، بەڵام هەموو ئەمانە لە سنووری شیعر و فەلسەفەی ئاگاییدا دەسووڕێنەوە.
2-2-2. قانع لە چاوەڕوانیی “شۆڕش”ێکی ڕادیکاڵدا
2-2-2-1. خود و ئەویتر
قانع (١٨٩٨ – ١٩٦٥) پێیەکی لەناو هزری جیهانییە کە لەناو ئاگایی ڕۆشنبیراندا جووڵەی کردووە بە مانا سادەکەی، و پێیەکی تری لەناو کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردەواریدایە بە مانا هەرە قووڵەکەی. لە ڕووی ئەنتۆلۆژییەوە گرفتی “خۆدۆزینەوەی کورد” کێشە گەورەکەیەتی و پێی وایە دەبێ کورد “ئاڵی خۆی بێت نەک زەلیلی باری ئەویتر” (قانع، ٢٠١٤، ٤). واتە لە نێوان کێشە لەگەڵ ئەویتری “ڕۆم و عەجەم” وەک قەوم، “عوسمانی و سەفەوی” وەک مەزهەب، “ئێران و تورک” وەک نەتەوە، یان “ئەنقەرە و تاران و بەغدا، وەک مەنبەعی زوڵم و ستەم” (قانع، هەمان، ١٢٢) وەک دەرکەوتەی ناسیۆنالیستی، ئاراستەی شیعرەکانی کە هەمان گوتاری سیاسیی زاڵی سەردەمی خۆیەتی ڕوو لە ناوخۆ دەکات و “خودی کوردی” و خودی خۆیشی دەداتە بە ڕەخنە. هەر بۆیە لێرە »سنووری نێوان خود و بابەت دەبێتە پردی ئاوێتەبوونی نرخە ئەخلاقییەکانی شاعیر و مۆڕاڵی دەستەجەمعی و ئازاری خۆی و نیشتیمان دەبن بە یەک« (بەختیار، عەلی، ١٣٥). بە دوای “وەتەن” یان نیشتمان”دا دەگەڕێت و ڕوو لە “کورد” دەکات و خۆی “سەری پڕ لە سەودای نیشتمانە”. لە ئاستی دەرەکیدا کاریگەرە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیای ١٩١٧ و بڵاوبوونەوەی ئەوەی ئەو بە “قانوونی سۆشیالیستی” ناوزەدی دەکات و گوتارەکەی، هەربۆیە ئەمە دەکات بە ئامرازێکی مەعریفی–شیعری بۆ دژایەتیکردنی سیستەمی دەرەبەگایەتیی زاڵی سەردەمی خۆی و بیر و باوەڕی خەڵکخەڵەتێنی ئایینی و “کەشیدەی فرتوفێڵ. پەیوەندییەک لە نێوان “کاکی مالیک و دینی خوێنمژیی بێدەسەڵاتان”. دەئافرێنێ، کە هێزی دەرەکی واتە کۆلۆنیالیزم پشتی سیستمی دەرەبەگایەتی گرتووە و دەسەڵاتی سیاسیی زاڵی کردووە بە “نۆکەری واڵ ستریت” (قانع، ٨– ١٢٣). ئەگەرنا بە ئاسانی دەڕووخێت. بەم جۆرە لە پرۆژەی دەوڵەت–نەتەوەی خانی و حاجی و دواتر نیشتمانپەروەریی ئەحمەد، ئێستا لای قانع ئاراستەی ڕەوتی ئاگایی نەتەوەیی کوردی بەرەو شێواویی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی–سیاسی کوردی دەچێت و کێشەی چینایەتی دێتە سەرەوە.
2-2-2-2. لە نێوان نەتەوە و چینەکان
قانع لە چەمکی “نەتەوە” وەک چەمکێکی ئەبستراکتی هەمەکی کە هەمووان لە ژێریدا یەکڕەنگن و جیاوازییەکان ون دەبن، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی–چینایەتی کۆمەڵگا هەڵ دەداتەوە، هەر بۆیە چەمکی “کورد” مانایەکی تایبەت و چینایەتی وەردەگرێت و دەبێت بە بەشی “چەوساوەی کۆمەڵگا”، “چینی جووتیار” و “ کرێکار” دەبن بە سیما و جەوهەری چەمکی نەتەوە (قانع، ٩)، ئەمەش گۆڕانێکی تری ڕەوتی ناسیۆنالیستیی کوردە لە دیوانی ناسیۆنالیزمی کورددا. ئەگەرچی یەکێتی و دۆستایەتیی خەڵکی بە ناخی فەلسەفەی ئەفکاری قەومی و ناسیۆنالیزم تێدەگات و هەر چەند پێی وایە ئەوەی “بێ دەوڵەتە، سووکتر لە کایە” (قانع، ٣٠٧)، بەڵام لای قانع “چین” دەکەوێتە پێش “نەتەوە” و دەوڵەتێکی سۆشیالیستی دەخوازێ، دەوڵەتی وەرزێڕ و جووتیار و گاوان و بەردەوام “وەتەن” و “دایکی وەتەن” و “نیشتمان” جێگەی چەمکی “دەوڵەت” دەگرێتەوە.
ئەوەی لە هزری قانعدا دەبێت بە سەنتەری بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی، چەمکی “شۆڕش”ێکی ڕادیکاڵە کە هەم سیستەمی سیاسی و هەم سیستەمی ئابووری– کۆمەڵایەتی تێک دەشکێنێ. واتە “شۆڕشی ناڵین و بت پەرستی” دەگۆڕێ بۆ شۆڕشی چینی زەحمەتکێش. چەمکەکانی (کار، کرێکار، هێزی بازوو، بێکاری، هێزی باوەڕ، هەژاری) و بەرژەوەندیی گشتی (قازانجی عمومی) جووتیار و پاڵ و ڕەنجبەر و گرووهی برسی لە چەمکی کۆمەڵایەتی– ئابوورییەوە دەگۆڕێن بۆ چەمکی سیاسی کە ئەگەری گۆڕانیان لە ناوخۆیاندا هەڵگرتووە لە ڕێگەی هۆشیاری و زانینەوە. پێی وایە “هەر زەمانێ چاوی بەربوو کوردی ڕەندی هۆشیار” ڕاپەڕین و شۆڕش سەر هەڵدەدات. (قانع، ٢٣٧) ئەم ئاگاییە سەبارەت بە “خود” شۆڕ دەبێتەوە بۆ پرسی “جێندەر و ڕەگەز” و دەبێت بە بەشێک لە خەباتی چینایەتی و شۆڕش دژی خێڵ و عەشیرەت و دەرەبەگ و سەرەتای دروستکردنی “وەتەن” و ئاگایی سەبارەت بە نیشتمان کە بە هاواری “ئەی وەتەن” دەری دەبڕێت و ئەمەش هاوشانە لەگەڵ ئازادی و ڕیفۆڕمی ئابووری و زەویوزار.
کەواتە قانع کۆمەڵگا وەک کوتلەیەکی یەکانگیر نابینێت، بەڵکو لە نێو دوالیزمێکی پڕ لە دژایەتیدا لە نێوان (سەپان/میر، خان، ئەشڕەف/ جووتیار، ئەعیان خانەدان بەگلەر کوڕەئاغا توججار/ کرێکار و زەحمەتکێش) لە جووڵەدایە، هەربۆیە داوای ڕووخاندنی قەسر و کۆشکی لۆردی شاران و داڕشتنی کۆشکی یەکسانی ژیان دەکات.
2-2-2-3. جوگرافیای خەیاڵکرد و کۆلاژی مێژوو
یەکێک لە بنەڕەتەکانی ناسیۆنالیزم یان ئاگایی نەتەوەیی دروستکردنی جوگرافیایەکە کە دژی جوگرافیای فەرمی/سیاسی داسەپاوە، سنووری خاکی وەتەن بە جۆرێکە کە شاعیر خۆی وێنای دەکات و وەک حەقیقەت دەینەخشێنێ و وەک بەڵگەنەویست سەیری دەکات، چونکە سەرحەدێکی سروشتی/ دیموگرافییە. لەم سۆنگەیەوە قانع بانگ دەدات کە لە “کوردستانی خوار و ژوورو شۆڕش بکەن لە ڕووی نەزانین و جەهلدا و تۆوی نیفاق و ئەجنەبی دەرکەن هەتا سنوور”. بە شیعر باسی سنووری کوردستان دەکات، بەڵام نایبەستێتەوە بە “دەوڵەت” بەڵکوو بە “خاکی کوردان” ناوزەدی دەکات (قانع،٤٦٧). ئەم جوگرافیایە دەبێت بە جوگرافیای خەیاڵکرد کە سنووری نێودەوڵەتی دەسڕێتەوە و دەبێت بە بەشێک لە ئاگایی سیاسیی نەوەکانی دواتر و هەر وەک هێمنیش پاشتر پێی وایە هیچ کەسێک ناتوانێ بێت بەرەو “سنوور و سەرحەدی خاکی وەتەن” (هێمن،٢٧٠٨، ٣٨٨).
بەم جۆرە بەرهەمهێنانی ئاگایی دەبێتە خاڵێکی گرنگی خەیاڵی شیعری قانع، بۆ نموونە چەمکی “نەورۆز” پەیوەست دەکات بە ئەفسانەی زوحاک و کاوە و ناوی دەنێت جەژنی لاوان و جەژنی میر و گاوان، بەڵام لە جەژنێکی نەتەوەیییەوە دەیگۆڕێت بۆ “کاتی کشتوکاڵ” و کاتی “کار” و پێی وایە هەر کەسێ نانی هەبێ جەژنی ساڵیەتی. ئەوە جگە لەوەی جەژنی ڕاستەقینە “خوێندن و هۆشیارییە”.
بەشێک لە یادەوەریی شاعیرانی کلاسیکی کورد بە تایبەتی لەسەر ئاستی نەتەوەیی لەژێر کاریگەریی “شانامەی فێردۆسی”دایە و قانعیش لەسەر هەمان هێڵ هەوڵ دەدات، مێژوویەک لە نێوان ئەفسانە و ڕاستی کۆلاژ بکات، کە یارمەتیی ئەفسانە و خەیاڵی ناسیۆنالیستی و ڕەگی هاوبەشی نەتەوە دەدات. ڕۆستەم و ئەفراسیاب و کەریم خانی زەند و ئەردەڵان و سەڵاحەددین لێکگرێ دەدات، مێژووی کۆنی کورد و میرانی ڕەواندز بە شیعر دەهۆنێتەوە (قانع، ٥٢٩). هەر بۆیە »ململانێی نێوان لۆژیکی وێنە و حەقیقەتی واقیع تەواوی ئەزموونی قانع و کێشە ویژدانییەکانی ناو شیعری ئەم شاعیرە داگیر دەکات« (عەلی، ل ١٠٢–١٠٣). یۆتۆپیای وێنەیی ناو خەیاڵی شاعیر و تراژیدیای ژیانی واقیعی کۆمەڵی کوردەواری واتا پرۆسەی بەئایدیالکردنی واقیع و وێنە بەرهەمهێنراوەکانی خەیاڵی شاعیر لەژێر کاریگەریی ئەفسانە و وێنەی نەتەوەکانی تردایە کە ئەویش بەرهەمی ئەفسانەی وەک شانامەی فیردۆسین. ئەم کۆلاژە مێژوویییە کە لە ژێر ڕەوتی ناسیۆنالیزمی ئەوانیتر سەری هەڵداوە، دەیەوێت شانازی نەتەوەیی و ڕابردوو بکات بە ئاوێنەیەک ئێستای پڕ لە قەیران و پارچەپارچەبوونی پێ داپۆشێت.
2-2-2-4. نەتەوە و سەرکردە
ماکیاڤیللی کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سیاسەتی سیکیۆلار و دەوڵەت– نەتەوەی ئەورووپایی دادەنرێت، پێی وایە دوو مەرج پێویستە بۆ دەوڵەت “میرێکی بەهێز و لەشکرێکی نیشتمانی” و دوو ئاستەنگیش نەتەوە لەناو دەبات “کلیسا و دەرەبەگەکان” (میکافیللي، ٤٤). قانع بە هەمان پێودانگ جەخت دەکاتەوە کە هەموو کارەسات و مەینەتییەکانی کورد بۆ نەبوونی سەرکردە و ڕێبەرێکی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە داوای ڕێبەر و سەرکردەیەک دەکات و دەپرسێت لەبەر چی ڕۆژی هیوای کوردستان هەڵ نایەت و بۆچی کورد هیوا و فتووحاتی نییە؟ بۆچی بۆ ئێمە نەبوو ئینقلابی (شۆڕشێ) بەڵکوو سەرکەوین و تەی کەین مقامات (قانع، ٨٦). جەخت دەکاتەوە کە چوار شت بوونەتە نەگبەتیی کوردی هەژار: “جەهل، بێ ئەقڵی، دڵپیسی، داوا” و چوار گرووپیش بەری پێشکەوتن دەگرن: “خان، سەردار، بەگزادە، ئاغا” و چوار شتیش پێشی سەربەخۆیی دەگرن: “ئەجنەبی، مامە، ئەقتاعی کوێخا” و چوار بەڵای باڵشکێنیش دیاری دەکات: “خانەقا، تەکیە، عەمامە، عابا”(قانع، ١٠٧). قانع ڕێگاچارەیەکی ستراتیژی دیاری دەکات و پێنج هۆکار بۆ ڕزگاری لە چوار ئاستدا دەخاتە ڕوو: یەکەم: “ئەفسەر، پێشمەرگە، ئاڵا، تفەنگ، خاروبار” بە هاندەری “لاو، خوێن گەرمی، چەک، فیکرە، سوپاهی بێشومار” و یەکگرتووەی خێڵی کوردان بە “مەنگوڕ، موکری، شلێر، گەرمیان و کۆهسار” و زۆرینەی توێژەکان هەر لە “کاسب، جووتیار، پاڵەوان، پیشەساز، خوێندەوار” و دواجار پێی وایە ئەوانە “نەتەوە” دروست دەکەن و هێزی میللەت “شۆڕشێکی حەقڕەوا” دێنێتە ڕوو. (قانع، ١١٦– ١٢٢). ئەم پرۆژەیەی قانع کە بە تانوپۆی کۆمەڵگای کوردەواری سەردەمی خۆیدا چووەتە خوار و توێکاریی کردووە، دەبێتە مانیفێستی سەربەخۆیی لە هەر دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا.
2-2-2-5. بەپیشەسازیکردن و عیلم و فەن
قانعیش بەپیشەسازیکردنی کۆمەڵگا و “وزەی ئەتۆم و کارەبا” بۆ ئاوەدانیی کوردستان، وێڕای تەوژمی فیکر و زانین بە پێویست دەزانێت و دەپرسێت “نوقسانی ئەبێ چی بێ برا عیلمی تەبیعەت/ کەی کوفرە ئەگەر فێر ببی سەنعەت و حیکمەت” و دیسان دەیبەستێتەوە بە “هێزی بازووی چینی زەحمەتکێش” (قانع،٧٩–١٩٦). چەمکەکانی (کار، کرێکار، هێزی بازوو، بێکاری، هێزی باوەڕ، هەژاری) و بەرژەوەندیی گشتی (قازانجی عمومی) جووتیار و پاڵ و ڕەنجبەر و گرووهی برسی لە چەمکی کۆمەڵایەتی– ئابوورییەوە دەگۆڕێن بۆ چەمکی سیاسی کە ئەگەری گۆڕانیان لەناوخۆیاندا هەڵگرتووە لە ڕێگەی هۆشیاری و زانینەوە هەر “زەمانێ چاوی بەربوو کوردی ڕەندی هۆشیار” ڕاپەڕین و شۆڕش سەر هەڵدەدات (قانع، ٢٣٧).
پەیامی خانی و پەیامی هاوبەشی نێوان شاعیرانی نەتەوەیی دەردی کوردی بە “جەهل و نیفاقە و دەرمانەکەشی ئیتفاق و عیلم و زانینە” دیاری دەکەن، “تەعسوب لابەرن، بەزمی عەشیرەتکاری توونا کەن/ بچێنن فکری وەحدەت، بەسێتی هەنگاوی کوێرانە” (قانع، ٤١٥– ٥٧٠). هەرچەند پێی وایە ئەوەی بێ دەوڵەتە، سووکتر لە کایە، بەڵام دەوڵەتێکی سۆشیالیستی دەخوازێ، دەوڵەتی وەرزێڕ و جووتیار و گاوان. هەر بۆیە قانیع یەکێتی و دۆستایەتیی خەڵکی بەناخی فەلسەفەی ئەفکاری قەومی و ناسیۆنالیزم تێدەگات. (قانع، ٣٠٧– ٥٦٧) و بەردەوام “وەتەن” و “دایکی وەتەن” و “نیشتمان” جێگەی چەمکی “دەوڵەت” دەگرێتەوە و داوا دەکات “کۆمەڵی سۆشیالیزم بنیات بنێن” و “ڕۆڵەی پڕۆلیتاریای کورد” ببێتە ڕابەری وڵاتی کوردستان.
2-2-2-6. شیعر و نیهێلیزم
پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان “کورد” و “وەتەن” و “چینەکانی کۆمەڵگا” لە شیعری قانعدا بە جۆرێکە کە “کوردی سەراسیمە لە ژوور و خواروو” هۆکاری زەلیلی و زەبوونییەکەی بۆ بێڕەونەقیی کۆمەڵی “کوردانی هونەروەرە” دەگەڕێتەوە و کێشەی جەوهەری کورد “خۆکردە نە خواکرد”، هەر بۆیە قانع لە “خودێکی کوردی نموونەیییەوە” کە سابیتی کردووە لە گشت کەس چاترن” بەرەو جۆرێک لە نیهێلیزم دەڕوا، دونیای خۆزگەی شیعری و یۆتۆپیایەکە بەرەو هەرەس دەچێت و پێی وایە “ئەمە بەردی داماوییە لە ئەژنۆی دەدات” و سەردەمێک کە پێی وابوو هۆنەر یا شاعیر “ڕۆحی ڕەوانی فەرهەنگە” ئێستا لە جیهانی خودی قانعدا “شیعر و ڕاستی و حورمەتی خاک و دیار” بێ بایەخ بوونە.
ئەگەر لە ڕووی کۆرنۆلۆژییەوە سەیری شیعرەکانی قانع بکەین، بێ ئاکامبوون و سەرهەڵنەدانی شۆڕشێکی ڕادیکاڵ کە زەمەنێک تەنانەت لە دووتوێی پێنج خشتەکی تێکهەڵکێش وەک دەقێکی نێوانشیعری و مۆنۆلۆگی نێوانخودی لەگەڵ بێکەس و ئەحمەد موختار جاف، داوای “شۆڕشێکی ئاگرین و ڕاپەڕین لە خەوی غەفڵەتیان دەکرد” تووشی نیهێلیزمی دەکات و چەمکی ئازادی بەرەو پووکانەوە دەچێت. لە کاتێکدا پرۆسەی نووسین و پرۆسەی حەقخوازی لای قانع یەک شت بوو (قانع، هەمان، ٥٠). ئۆخەی دەکات کە دوورە لە فەلسەفە، چونکە سەرچاوەی کوێرەوەرییەکانیەتی و هۆشیاری بارێکی گرانە و “فەلسەفە و شیعر و هونەر” هیچ بایەخیان نامێنێ، ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر ببوون بە بنەمای سیاسەتی ئازادیخوازی. هەڵنەگیرسانی شۆڕش پەیوەستە بە ململانێیەکی ناهاوسەنگی چینایەتی و نائاگایی سیاسیی کوردەواری و ئەمەش وادەکات ئاگایی ڕەنجاوی حاجی یان هەمان بەریەککەوتنی نێوان واقیع و جیهانی ناوەکیی شاعیر، لە پرۆژەی شیعری قانعدا ڕەهەندێکی پێچەوانە وەربگرێت و پرۆژەی بونیاتنانی نەتەوە بەرەو ڕەشبینی بچێت. ئەگەر لای شاعیرانی پێشوو قاڵبی شیعری تەنگی بە ئایدیا هەڵێنابێت، ئەوا لای ئەو خودی ئایدیا دەبێت بە کێشە.
2-3. پەڕینەوە بەرەو کردە و فەلسەفەی نێوانخودی
2-3-1. تەوەری یەکەم: بێکەس.. پراکسیس و بەرەنگاری
فایەق بێکەس (١٩٠٥– ١٩٤٨ ) هاوشانی قانع لە شیعرەکانیدا دەبێت بە دەنگی چینی چەوساوە و پەیامی “تێکۆشان و کردە” وەک بەرەنجامی شیعرەکانی خۆی دەخاتە ڕوو، چەمکی “میللەت” گەڵاڵە دەکات، وەک بەرهەمێکی کولتووری–سیاسی کە دروست دەکرێت. داوای هیممەت و غیرەت و تێکۆشان دەکات، لێرەوە جارێکی تر بێکەس بە شیعر “ڕاپەڕین و شۆڕش” و ڕابوون لە “خەوی جەهل” دەکات (بێکەس،٢٠٠٥، ٦)، وەک شاعیرانی پێش خۆی جەخت لەسەر “عیلم و سەنعەت” دەکاتەوە، لە وڵاتێکدا کە “ئەجنەبی” حوکمی دەکات و بۆ “تەرەقیی قەومی کورد” و بەدەستهێنانی “حقووق” دەبێ میللەت تێبکوشێت. پێی وایە بە”ئیتتفاق” بەرەو هۆشیاری دەچین و هێشتا “قەتعی ئومێدی سەربەخۆیی” نەکردووە. لە هزری سیاسیی بێکەس خود–ئاگایی ئاستێکی بەرزتر دەبڕێت و “برایەتیی گەلان” دەخاتە بەرانبەر دەرپەڕاندنی کۆلۆنیالیزم.
2-3-1-1. میللەتی پارچەکراو و کردە
یەکێک لە دیارترین شیعرەکانی بێکەس واتە “ئەی وەتەن” وەک مانیفێستی سیاسی کە دەم بە دەم هەتا ئێستاش دەوترێتەوە و پڕە لە هەستی نیشتیمانپەروەری و خاڵی جیاکەرەوەی بێکەس ئەوەیە کە پێی وایە بۆ خاکێکی چەوساوە و دیل و “میللەتێکی لەت و پەتی مافخوراو” و “کوردی سەرشێواو و کوردستانی لەت لەت” (بێکەس،١٧– ٣٩)، بانگەشەی نەتەوایەتی تەنیا بەدەم ناکرێت و پێویستی بە خەبات و کردەوەیە. ئەم خەباتەش واتە پێداکوتان لە واقیع و دووبارە خۆدروستکردنەوە. هەروەک فیختە دەڵێت دەبێ گەل بەردەوام »لە ڕووی مەعنەوییەوە خۆیان بەرهەم بێننەوە« (فیختە، ١٩٧٩، ٢١٩). ئەم خۆبینن و دیاریکردنی ئێستا لە پراکسیسدا لای بێکەس دەکەوێتە بەرانبەر جووڵەی وەفدی کوردستان و عێراقچیەتی و پێی وایە نابێ بەرهەمی خوێنی لاوان “ببرێتە بەردەم عەرشی عێراق” (بێکەس، ١٦). بێکەس لە سیاسەتی جیهانی و پەیوەندیی زلهێزەکان و بەرژەوەندیی وڵاتانیش ئاگایە و جەخت دەکاتەوە کە “حوریەت و عەدالەت درۆیە، بێ ئەساسە/ ژیانی کامەرانی بە هەوڵ و ڕەنجی شانە” “ئیشکردن” لە سەردەمی “خێرایی” و “گەلی چالاک” و ڕابەری بەهێزە، کە “میللەت” دەئافرێنێ. ئەوە کۆکە لەگەڵ جەوهەری هەندێ تیۆریی ناسیۆنالیستی کە جەخت دەکاتەوە کە دەبێ دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی ئوتۆریتەوە خۆی بسەپێنێت بەسەر ئەو کەسانەی کە بە ویستی خۆیان شەرعییەتیان پێ بەخشیوە، واتە لە ڕووی فەرمییەوە خاوەن ویستێکی ئازادن هەر بۆیە »نەتەوە دەبێتە گەلێکی ئازاد کە حوکمی خۆی دەکات« (هرتز، هەمان، ١٢–١٣). لە شیعرەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دوای جەنگی گێتی و دامرکانەوەی شەڕ هەمووان بە مافی خۆیان دەگەن تەنیا کورد بە هیچ ناگات، چونکە نیشتمانپەروەر و ڕۆشنگەر و ڕێبەری لە نێودا نییە و ناتوانێ تۆوی ناکۆکی هەڵکەنێ. واتە نە خاوەن دەسەڵاتی سیاسییە و نە ئازادە.
خاڵێکی جێگەی تێڕامان لە نێوان خانی و حاجی و قانع لە لایەک و بێکەس لە لایەکی تر سەبارەت بە سەرکردە ئەوەیە، بێکەس لە جیاتی سەرکردە بە دوای “پیاوی مونەوەر” و “فیکرەی میللیەت”دا دەگەڕێت (بێکەس، ٤٣). ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نەوەی پێش خۆی درێژە دەدات کە “ڕاپەڕین لە خەوی نەزانی” پەیوەستە بە عیلم و سەنعەتەوە، خود–ئاگایە بە سەردەمی خۆی و دەزانێت سەردەمی پیشەسازی و تەکنەلۆژی دونیای داگرتووە و “هۆش و بیر و پیاوی ژیرە” کە ئازادی دەخوڵقێنێت. چونکە هەر وەک جەمال نەبەز دەڵێت ئازادی کە خۆی تایبەتکاری مرۆڤی ژیرە– مرۆڤی ژیریش هەر بەم پێیە ئەو مرۆڤەیە کە دژی ئازادی نەبێ (نەبەز، ١٩٨٥، ٨٧). هەر ئەمەشە ڕزگاریی نەتەوەیی لێ بەرهەم دێت، چونکە بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی نۆکەری نەکردن بۆ بێگانە و یەکێتی و بەرزڕاگرتنی “سەنعەت و عیلم و مەعاریف” دەبێت بە دامەزرێنەری ئەخلاقی نەتەوەیی و “میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق” بە سەربەخۆیی ناگات. ئەمە بە دابڕانێکی ڕادیکاڵ دادەنرێت لەمەڕ تێگەیشتن لە ئەخلاقییاتی نەریتی کە خۆی لە ڕواڵەت و “چەفتە و جامانە”دەبینێتەوە. بە بۆنەی هاتنەوەی تەرمی چوار ئەفسەری کوردی کۆماری کوردستان بۆ سلێمانی هاوار دەکات قەومی کورد سەلماندوویەتی کە شایستەی سەربەستییە، چونکە بە کردەوە چۆتە ناو سیاسەت و جەخت دەکاتەوە “ڕۆحی میللی” هەر دەمێنێ و دیلی نایکوژێت، بەڵام بە “شۆڕش” ئیسلاحی قەوم و نیشتمان دەکرێت.
2-3-1-2. جەهل و دیلبوون
بێکەس دەگات بە خود–ئاگایەکی قووڵ لە نێوان جیهانی دەرەکی و جیهانی شیعری سەبارەت بە پرسی نەتەوایەتی و سەرەڕای ئەوەی خۆی شاعیرێکی دیاری سەردەمی خۆیەتی، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە “جەهالەتی میللەت و کوردایەتی حەماسی” کورد ناگەیەنێت بە ئازادی (بێکەس، ٢٨). لێرە چەمکی “جەهالەت” دەبێتە چەمکێکی سەنتەری دژی دەسەڵاتی ئەجنەبی، کە هەر ئەم دەسەڵاتەش بەشێکی گرنگ لە بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە سەرشان و کوردی کردووە بە “دیلی عێراق و ئێران” (بێکەس، ٣٥). ئەم ئاگاییە لە ئەدەبییاتی سیاسیی کورددا دواتر لای هێمن سەبارەت بە هەستی کۆیلەبوون و یەخسیری دەستی بێگانە، دەگۆڕێ بۆ چەمکی “دوژمن” و پاشان هەردووکیان دەبن بە یەک. “دوژمنە بێگانە” ئاخر چۆن لەگەڵ وی هەڵدەکەم” (هێمن، ٢٧٠٨، ٣٨٧) و لە دیدگای دڵداری شاعیری شیعری نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب”یش میللەت لە بەرانبەر دوژمن مانا وەردەگرێت: “میللەت یەعنی بە نووکی ڕمبی دوژمن بێتە هۆش/میللەت یەعنی لە زڕەی تۆق و زنجیر ڕاپەڕێ” (دڵدار،٢٥٧٣، ٣٠).
تێگەیشتنی بێکەس بۆ “جەهالەت” و ڕۆڵی پیاوانی ئایینی لە دژایەتیی پێشکەوتن و باڵابوون، ڕوونتر لە شاعیرانی پێش خۆی دەردەکەوێت و هاوتا دەکرێت بە ڕۆڵی کلیسا لە سەدەکانی ناوەڕاست و “دەوری پاپا و عەسری ئیرهاب”، هاوکات ڕێگەچارەکەشی دەبینێت کە وەک “ئەورووپا دەبێ پاپا تەمێ بکرێت و دەست بدرێتە عیلم و فەن”. وەک شاعیرانی پێش خۆی “مەکتەب و زانست” دەبێتە مەرهەم و دەرمانی دەرد و ڕێگەی لە خەو هەڵسان و زوڵمەت. ئەمەش یەکێکە لە پرسیارە سەرەکییەکان کە بەردەوام شاعیرانی پێش خۆی کردوویانە و هەمیشە هەستیان کردووە “میللەت خەوتووە”، لای بێکەس ئەم دەکەوێتە بەرانبەر کردەوە و پڕاکسیس، ئەوە جگە لەوەی یەکسانیی جێندەری و تێکۆشانی کچان دەبێت بە بەشێک لە ئەکتی سیاسی (بێکەس، ٦٦). و قوتابخانە دەبێتە ناوەندی سەرەکیی پێگەیاندنی سیاسی، کە شیعری نەتەوەیی بناغەکەیەتی و قانع و بێکەس هەستی نەتەوایەتی دەخەنە ناو شیعری منداڵان و پرسیارە جەوهەرییەکان سەبارەت بە بوونی نەتەوایەتی و خاکی وەتەن و پێگەی لە جیهاندا وەک وانە دادەڕێژن.
بێکەس کردە و پراکسیس دەخاتە پێش شیعر، بەڵام دواجار هەر بە شیعر گوزارشتی لە سیاسەت کردووە، هەر بۆیە جیهانی داڕێژراوی خەیاڵی شاعیرانەی بەرتەسکە و کەمتر پەرژاوەتە سەر کێشەکانی کۆمەڵگا. ئەگەر لە فەلسەفەدا زمان بکەوێتە خزمەت مانا و لە شیعردا مانا بەهۆی قاڵب و تەکنیکەوە سنووردار بکرێت، ئەوا بیرۆکە و ئاگایی بەردەوام شێواوی دەبێت. ئەمە بە دیوێکیدا هەمان ئەو گرفتەیە کە مەسعود محەمەد ئاماژەی کردووە کاتێ دەڵێت: »بەشی زۆری ڕیزبوونی هەڵبەستەکان هەر ئەوەیە دوا پیت یان قافیەیان با بڵێین شینە یان واوە« (محەمەد، ١٩٧٣، ٢٤٧). ئەمە ئەگەر بۆ ڕیزبەندیی دیوانەکە ڕاست بیت ئەوا بۆ ناوەرۆکی شیعرەکانش ڕاستە، چونکە کێش و سەروا ئامادەیییەکی پێشتر لە واتایان هەبووە. هەر بۆیە ئەگەر یەکێک لە ئەرکەکانی فەلسەفە هەروەک ڤیتگنشتاین ئاماژەی بۆ دەکات »شیکردنەوەی بونیادی زمان» بێت (فرجی،١٤٠١، ٢٩٩) و هاوکات ئاگاداری سیحربازی زمانیش بین دژی هۆش (ویتگنشتاین،١٣٨٩ ،١٠٢). ئەوا لە شیعردا ئەرکەکە قورستر و ئاڵۆزتر و پێویستتر دەبێت، چونکە سنووربەندیی ئاگایی لە شیعردا تۆخ و کاریگەرترە، ئەوە جگە لەوەی خود سەنتەری هەموو چالاکییەکانە.
2-3-2. لە ئاگایی خودی و شیعرییەوە بۆ سیاسەتی نێوانخودی
ئەگەر لە دیدی هابرماس هەموو فەلسەفەی ئاگایی کە “کۆجیتۆی دیکارتی” داهێنەریەتی، لە قەیراندایە، چونکە بەرهەمی “خود–سوبێکت”ە لە ئاگایی خۆیدا، یان پەیوەستە بە دەروونی نووسەرەوە، کە »زۆربەی بیروڕاکانی لە سەرچاوەی دەروونی خۆی و وتووێژی ناوەکییەوە هاتوون« (محەمەد،١٩٧٣، ٦)، ئەوا شیعر کە کاریگەرترین چەکی سیاسیی سەردەمی ڕۆنانی نەتەوەی کوردە، زۆر شۆڕشگێڕانەتریش بووە بە بەراورد بە شیعری بۆ نموونە ئەورووپی کە هەر وەک هۆبزباوم ئاماژەی بۆ دەکات لە سەردەمی ناسیۆنالیزم، لە ناو ڕۆمانسیزمدا گیری کردبوو. ئەگەر شاعیرانی ڕۆمانسیزم بەرەو نەریتی دینی و غەیبانی و سرووتی ناوەکی و دەروونخوازانەی مەرموز و ناعەقڵانی ڕۆژهەڵاتییانەی چووبێتن (هوبزباوم،٢٠٠٧، ٤٨٤). ئەوا شیعری نەتەوەییی کوردی لە نێوان شۆڕشگێڕانەبوون و نێهێلزمدا گیر دەخوات، هەرچەندە بونیادی ئاگایی سیاسیی کورد پێک دێنێت و توانیویەتی زمان وەک کۆڵەکەی وجودی کورد بپارێزێت و شوناسەکە گەڵاڵە بکات. دواجار ناگات بە سیاسەتێکی ڕادیکاڵ واتە دەوڵەتی نەتەوەیی کە ئامانجی پرۆژەکەیەتی و لەناو “سیاسەتی شاعیرانە” یان فەلسەفەی ئاگاییدا ڕۆ دەچێت، لێرەوە بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیە دەتوانین سوود لە تێزی “فەلسەفەی نێوانخودی”ی هابرماس وەربگرین.
2-3-2-1. دەرچوون لە سیاسەتی شاعیرانە
لەپێشتربوونی کارلێک interaction لای هابرماس پەڕینەوەیە لە خودێتی بەرەو جۆرێک لە پەیوەندی کە لەسەر بنەمای دانپیانان دامەزراوە (هابرماس١٩٩٩، ٤٩). لە دیدی ئەو مانا و حەقیقەت و مێژوو و تەنانەت “خود”یش ڕەها نییە و لە چوارچێوەی سیستەمی هزریدایە و تەونێکە لە میتافۆڕ و زاراوە کە قۆناغ و گوتارە باڵادەستەکە پێک دێنێ و ڕای وایە فەلسەفەی ئاگایی لە هەمەکیەتی خۆیدا بریتییە لە بیرۆکەی بە سەنتەریبوونی کۆجیتۆی دیکارتی کە “خود”ی بەرهەم هێناوە، بەڵام نەیتوانیوە جۆرێک لە سەربەخۆیی و بابەتیبوون بەرهەم بێنێت (هابرماس، ٢٠٠١، ١٧١، چونکە جۆرێک لە مۆنۆلۆگێکە کە فەیلەسووف لەگەڵ خۆیدا ڕاڤەی دونیا دەکات، هەر بۆیە ئەم تێگەیشتنە بۆ (خود یان سوبێکت) بە جۆرێک لە قەیرانی مەعریفە دەزانێت کە لە نێوان میتافیزیک و فەلسەفەی ترانسێندێنتاڵیدا گیری خواردووە، واتە ئەو بنەمایەی بۆ مەعریفەیەکی بابەتی لەسەر “خود” دایڕشتووە لە ناو مۆدێلی فەلسەفەی ئاگاییدا پەکی کەوتووە.
ئەگەر ئەم تێزەی هابرماس لەسەر ئاگایی نەتەوەییی کوردی پراکتیزە بکەین کە بنەماکەی لەسەر شیعر دامەزراوە، هاوکات چوارچێوەی دیدگاکەیشی بۆ بنیاتنانی نەتەوە و دەوڵەت وەک کردەیەکی سیاسی، لە ناو فەلسەفەی ئاگایی و جیهانی شیعریدایە، کە تێیدا شاعیر خەریکی مۆنۆلۆگە لەگەڵ خۆی، کرۆکی کێشەکە دەردەکەوێت. هەروەک هابرماس ئاماژەی بۆ کردووە لە نێوان ڕوانگەی بکەری ناسکار (الذات العارفة) بۆ شتەکانی جیهان و بۆ خودی خۆی هاوجووتیەک لە ئارادا نییە، هەر بۆیە پێشنیاری مۆدێلی لێکتێگەیشتنی نێوانخودیintersubjective communication دەکات (هابرماس، ١٣٨٤،٦١٠).
کەواتە کاتێ ئێمە ناسیۆنالیزم یان هەمان ئاگایی نەتەوەییی کوردی لە چوارچێوەی جیهانی شیعری دەردەهێنین، کە تێیدا خودێک وێنای جیهان دەکات و جۆرێک لە خود–ئاگایی بەرهەم دێنێت، دەپەڕینەوە بەرەو ئاگایی هاوبەش وەک بوارێکی سیاسیی نێوانخودی و ئەخلاقی کە هەمان سیاسەتی ڕاوێژگەرییە Deliberative politics کە پشت بە بەهێزکردنی رێسا و بنەما ڕێکارییەکان و دۆخی پەیوەندیکاری و کارلێک دەبەستێ (Habbermas, fact, 298) . ئەوا زمان و تێگەیشتنێکی جیاوازی سیاسی–کوردی دروست دەکەین کە گفتوگۆ و ڕای جیاواز بنەڕەتەکەی دروست دەکات و خودئاگاییەکی عەقڵانی پێک دەهێنێت. زمان دەبێتە پاڕادایمی لێکتێگەیشتنی پەیوەندیکاری بە یارمەتیی نێوانخودی نەشێوێنراو (unversehrt) کە پارێزگاری لە خۆی دەکات لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی لێکتێگەیشتنێک کە لەسەر بنەمای دانپیانانی ئازاد دامەزراوە (هبرماس، ٢٠٢٠، ٦١٠–٦١١).
بەم جۆرە ئەگەر خودسەنتەری لە فەلسەفەدا نیشانەی داخرانی بیرمەند بێت بەسەر خۆیدا، ئەوا تێزی شاعیرانە کە بنەڕەتی ئاگایی نەتەوەییی کوردە، دەبێتە زمانێکی لە قاڵبدراو کە ناوەرۆکەکەی بە هۆی فۆڕمەکانی ڕیتم و ئاواز و قافیەوە بەرتەسک دەکرێتەوە. کاتێ (خانی) دەیەوێت بونیادی پرۆژەی دەوڵەت دابنێت و لەگەڵ یەکەم چرکەساتی ناسیۆنالیزمی ئەورووپی خود–ئاگاییەکەی دەپژێت، بەهۆی ئەوەی تەنیا لە جیهانی زهنی خۆیدایە، نابێت بە سیاسەت بە مانا هابرماسییەکەی، چونکە ناپەڕێتەوە بۆ ناو پانتاییی “گشتی” و “نێوانی” و خستنەڕووی باشترین ئەرگۆمێنت و هەر لە چوارچێوەی جیهانی خودی و شاعیرانەدا دەمێنێتەوە. هابرماس پێی وایە دەرچوون لە فەلسەفەی خودی و تاک قسەکەری و بەرەو پەیوەندییەکی عەقڵانیی نێوان زەینی، کەشێکی سیاسی واتە کارلێکی نێوان ویستەکان و ئاگاییەکان لە پێناو دیاریکردنی چارەنووس دەخوڵقێنێ کە بەردەوام تاکەکان بە هۆی تێگەیشتنی هاوبەش «ئامانجەکانی خۆیان لەسەر بنەمای پێناسەی هاوبەش» (هابرماس، ١٣٩٢، ٥١٧) و «لەسەر بنەمای ئەرگۆمێنتی جێگەی پەسەند» ڕێک دەخەن (Habermas, 1984, 22) . هۆگری پەیوەندییانە یان کردەیی بە هۆی دەزگا نێوانخودییەکانەوە بە ئاراستەی لێکتێگەیشتن دەڕواتە پێش (اباذری، ١٣٨٩، ٢٨). ئەمەش بەرەو پەیوەندییەکی ئازادیبەخش و خودئاگایی سیاسی دەچێت.
واتە ڕاستە ئێمە لە هزری سیاسیی (خانی) و (حاجی) و (ئەحمەد) و (قانع) و (بێکەس) دا، ئاگایی ئازادیخوازانە و ڕزگاریبەخشیمان هەیە، بەڵام پێویستی بەوەیە بکەوێتە پانتاییی گشتی و دواتر ببێت بە کردەی سیاسی، بۆ ئەوەی بگات بە دوا ئامانج. بۆ نموونە (حاجی) پرۆژەی دەوڵەت/نەتەوە وەک دەرکەوتەی ئاگایی سەردەم دەخاتە ڕوو، خەسڵەت و ناوەرۆکەکەی دیاری دەکات، بەڵام ئەمانە تەنیا لە جیهانی شیعریی خۆیدا، کە دواتر بەشێکی گرنگی جیهانی ئاگایی تاکی کوردیشی دروست کردووە، ڕوو دەدات. زمانەکەی بەردەوام ئاگاییەکەی دەشێوێنێت و دواجار دان بەوەدا دەنێت کە ناتوانێ بە شیعر گوزارشت لە خۆی بکات و پێویستی بە گفتوگۆیە.
2-3-2-2. زمان و نێوانخودێتیی نەتەوە
جەختکردنەوە لەسەر زمان وەک سیستەمی بیرکردنەوە لە دیدی هابرماس ڕەخنەی لێ دەگیرێت و پێی وایە «زمان بەستێنێکی هاوبەشی نێوان خودەکانە کە دەبێ هەموو کەسێک لە سەری بڕوات، پێش ئەوەی بتوانێ بکەوێتە ناو دەستەواژە و دەربڕینەوە سەبارەت بە ژیان، جا چ لە وشە یان هەڵوێست یان کردەدا خۆی بنوێنێ» (هابرماس، ٢٠٠١، ١٨٨)، واتە زمان نێوەندێکە medium مانای تێدا بە هاوبەش دەکرێت و پێی وایە زمان پەیوەست نییە بە سیستمێکی ئەبستراکتی ڕێزمان، بەڵکوو لە بونیادی نێوانخودیدایە (حسین، ١٣٩٧، ٨٤)، ئەم تێگەیشتنە بۆ زمان، کاتێ ئەرکێکی سیاسی وەردەگرێت کە تەنیا وەک سیستەمی ئاماژە سەیر نەکرێت، بەڵکو وەک پەیوەندی و مانا سەیر بکرێت، هەر بۆیە هابرماس لە جیاتی تیۆریی واقعییەتی حەقیقەت، پشت بە کۆدەنگیی حەقیقەت دەبەستێت کە بەشێکە لە هەموو کردەیەکی پەیوەندیکاری (ریتزر،١٣٩٣ ،٣٩٦). لە جیهانی–ژیندا کە نێوەندی کولتووری و سیمبۆلی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵگایە (Habrmas, 1985,125).
ئەمە کاتێک بەسەر دیاردەی دەرکەوتنی نەتەوە لە ئاگاییدا پیادە دەکرێت کە زمان ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت، بەرجەستەتر دەبێت، بە تایبەتی لە پەیوەست بە حەقیقەتی بەرهەمهاتووەوە سەبارەت بە خود. بۆ نموونە لە شیعرەکانی (ئەحمەد)دا خودی کوردی و دەرکەوتە ناسیۆنالیستییەکەی ڕەهەندێکی دونیایی وەردەگرێت. “خۆبوون” قووڵ دەبێتەوە و نەتەوە لە دەرەوی دەوڵەت سیمایەکی زەینی وەردەگرێت. هەرچەندە چەمکی “کورد” و درەوشانەوی پەیوەست دەکات بە خودئاگاییەوە، بەڵام لە جیهانی شیعرەوە لە جیاتی بچێتە ناو “جیهانی–ژین”، دەچێتە ناو جیهانێکی خەیاڵکرد و جوگرافیایەکی بێدەوڵەت بۆ کورد دروست دەکات. عەقڵانییەت بە مانا کانتییەکەی کە هەمان ڕۆشنگەری و خود–موختارییە لای ئەحمەد بوونی هەیە، بەڵام کاتێ جیهانی ناوەکی واتە شیعرەکانی و جیهانی واقعی دەرەکی یەکانگیر نابن، بەرەو نێهێلیزم دەچێت. هەر بۆیە خودی گەڵاڵەبووی کوردی یەک ناگرێت و ناپەڕێتەوە بەرەو نێوانخودی و ئەمەش سیاسەتی ڕادیکاڵی لێ ناکەوێتەوە، چونکە نابێتە» کردەی ئەو تاکانەی کە کارلێکیreaction هاوبەشیان هەیە، بۆ تێگەیشتن لە جیهان و پەیوەندییەکی نێوان کەسێتییrelation interpersonally یان هەیە« (هابرماس، ١٣٨٤، ٦١١)، واتە جیهانی زهنی و خودی جیهانی بابەتی و نێوانخودی دادەپۆشێت و دواجار بەسەر خۆیدا دادەخرێت.
(قانع) بە مانایەک هەنگاوێک لە سیاسەت نزیکە بە پێی تیۆری هابرماس، کاتێ سیاسەت وەک کردە و شۆڕشێکی ڕادیکاڵ دەبینێت و خەباتی چینایەتی و ململانێی ناوەکی کۆمەڵگا وەک بزوێنەری سەرەکی گۆڕانکاری دەخاتەڕوو. بەڵام لە جیاتی پەڕینەوە بەرەو جیهانی نێوانی و سیاسەت، تێزەکانی پەیوەندییەکی شێواو دەخەنە ڕوو. لە جیهانی شیعری و ئاگایی خۆیدا خەریکی کۆلاژی مێژوو و جوگرافیایەکی خەیاڵکردە کە دەتوانێ لە ئاستێکدا نەتەوەی لەسەر بونیاد بنێت، بەڵام کردە کە هەمان شۆڕش و ڕاپەڕینە دژی جەهل و بێئاگایی، دواجار نیهیلیزم و دژە–چالاکی بەرهەم دێنێ لە جیاتی ئەکتی سیاسی.
هابرماس “عەقڵی پەیوەندیکاری” دەخاتە بەرانبەر هزری ناوەکیی ناڕوون واتە «هزرێکی دەروونخواز، کە پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ وجوودێکی ڕەمزاویدا هەیە و لە دۆخێکی تایبەتیدا دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی دەستڕاگەیشتن بە هەندێ حەقیقەت کە لە ڕووی میتافیزیکییەوە لە قووڵیدان و شاراوە و نێژراون» (هابرماس، ١٣٨٤، ٦٢٠). ئەمە بە باشترین شێوە لە جیهانی ناوەکیی شیعریدا دەردەکەوێت، چونکە هەم زمان و هەم ئاگایی و هەم ئەو ڕاستییانەی بەرهەمیان دێنیت مەرج نییە هاوجووت بێت لەگەڵ جیهانی نێوان خودەکان. بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان زمان و ئاگایی نەتەوەیی و جیهانبینیی بێکەس لە چوارچێوەی چەمکی “ڕاپەڕین” و “خۆبینین” لە بەرانبەر “ئەویتر”دا بەرجەستە دەبێت، پارچە پارچەبوونی کورد لە واقیعدا بووەتە هۆی ئاگاییەکی شێواو. بێکەس سیاسەت وەک کردە سەیر دەکات و نەتەوە لە ئاگاییدا وێنا دەکات کە پێویستە خود–ئاگا بێت بە سەردەمی خۆی. عەقڵانییەت و ئەخلاقییەت وەک بنەڕەتی سیاسەتێکی نوێ دەبینێت کە زانست پشتیوانی بکات. ئەگەرچی بێکەس کردە دەخاتە پێش شیعر، بەڵام ئەمە هەر لە جیهانی خودیدا ڕوو دەدات.
بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیەی فەلسەفەی خود–ئاگایی یان “خودی”، واتە پەیوەندی خودێکی سەربەخۆ کە بکەری ناسین و پراکسیسە لەگەڵ خۆیدا، مۆدێلی لێکتێگەیشتنی نێوانخودی ئەم بنەمایانە دەخاتە ڕوو: ١– دانپیانانی دوولایەنە و ڕەخنە لە تاکڕەهەندیی عەقڵی خودی. واتە؛ ٢– ئاگایی دەبێ بە هۆی فرەڕەهەندی عەقڵییەوە پەیوەندی بە جیهانەوە بکات و بەم جۆرە ٣– تاک وەک بکەری خاوەن حەقیقەت، ناتوانێ خۆی لە چوارچێوە نادیار و بان هزرییە گومڕاکەرەکان ڕزگار بکات. هەر بۆیە عەقڵی هەمەکی دەبێتە ئەلتەرناتیڤ و ئەمەش واتە هەر قسەکەرێک یان خودێکی عاقڵی خاوەن پەیوەندیی کۆمەڵایەتی کە خۆی –لە قسە و کردەدا– بەیان دەکات، شوێنگەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت و چی تر شوێنگەکەی کەسی هەموو شتزان نییە، هابرماس لێرەدا جێگەیەکی گرنگ دەبەخشێت بە “گوێگر” یان “بەردەنگ”یان “قسە بۆ کراو” و یان لێرەدا “نەتەوە” لەم پەیوەندییە نێوانخودییەدا بەردەوام وجودی نوێ دەکرێتەوە. لێرەوە پێویستە جیهانی شاعیران و تاکەکان یەکانگیر بکرێت و بەرز بکرێتەوە بۆ سیاسەتی نێوانخودی و هەر سێ ئاستی «پەیوەندیی نێوان جیهانی “بابەتی” و جیهانی “کۆمەڵایەتی” و جیهانی “زەینی”» (هابرماس، ١٣٨٤، ٦٢٤). لەخۆ بگرێت. بەم جۆرە سیاسەت بنەڕەتێکی تۆکمە بۆ حەقیقەت و تێگەیشتن لە واقیع و خودی نەتەوە بەرهەم دێنێت. ئەم عەقڵە نێوانخودییە ڕایەڵەیەکی تۆکمە لە نێوان مانا و مسداقییەت دروست دەکات و لایەنەکانی پەیوەندی دەتوانن لە ڕێگەی زمان و هزری هاوبەش و زهنی خۆیان ماناکان ئاڵوگۆڕ بکەن و ڕێسا و بنەماکانی جیهانی نێوان خۆیان دروست بکەن کە بۆ هەموویان شیاوی لێکتێگەیشتن و لە ڕاستیدا بەرهەمی عەقڵی هەمەکییە و سیاسەتێکی دیموکراتیکی لەسەر بونیاد دەنرێت.
2-3-2-3. بەرەی نێوانخودێتیی کوردی
ئەگەر هەر وەک ئەندرسن ئاماژەی بۆ دەکات ناسیۆنالیزم ڕابوونی نەتەوەکان نەبێت بۆ دەرککردنی “خود” بەڵکو، نەتەوەکان لە هیچەوە دروست بن (اندرسن، ١٩٩٩ ،١٤) یان هەروەک گیلنەر ئاماژەی بۆ کردووە ناسیۆنالیزم نەتەوە بەرهەم بێنێ (اندرسن وجیلنر،١٩٩٥، ٣٧)، یان بە پێی تیۆری هۆبزباوم دەوڵەت/نەتەوە لەسەر ناسیۆنالیزم بونیاد نرابێت، دواجار گەڵاڵەبوونی خودی نەتەوەیی، لە ڕێگەی زمان و ئاگاییەوە بەسیاسی دەکرێت و فۆڕم وەردەگرێت و بەردەوام بەرهەم دێتەوە.
کەواتە ناسیۆنالیزم هەم ویستی دەسەڵاتی خۆجێییە، هەم کۆکەرەوەی شوناسێکی کۆنکریتی، کە بنەڕەتێکی ویژدانی هەیە کە دەکەوێتە سەرووی فۆڕمی خاکێکی دیاریکراوەوە، یان خاکێکی دیاریکراو بە ئایدیالیزە دەکات و گوتارەکەی لەسەر بونیاد دەنێت کە تێیدا هەوڵ دەدات “ویست” و یادەوەرییەکی پڕ لە شانازی و ئەفسانە کە بە ئاراستەی چارەنووسی هاوبەشی ببات، بە تایبەتی لە بەرانبەر “ئەویتر” کە زۆرتر وەک دەستدرێژیکار وێنا دەکرێت. بەشێکی زۆری ئەم ڕەوتە کە ڕەوتی مێژووی هەڵپێکانی ئاگایی نەتەوەیییە لە ناو کورددا، لە ڕاستیدا ژێدەرەکەی خودێتیی شاعیرە پێشەنگەکانمانە.
بۆ دەرچوونی لە ئاگایی خود–سەنتەر و شاعیرانە، دەبێت سیاسەت وەک گفتوگۆی کراوە و دەزگا هاوبەشەکان و “بەرەی هاوبەشی نەتەوەیی” سەیر بکرێن و چی تر سیاسەتی بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەت وەک هەڵچوونی نەستی کوردی و وەک خەون خۆی دەرنەخات. ئەگەر شۆڕ بینەوە ناو ناخودئاگای تاکی کورد بۆمان دەردەکەوێت، هەموو هەوڵێک بۆ بونیادنانی دەوڵەت و نەتەوە وەک گەمەی زمانی و دەرچوون لە واقیعی هەنووکەیی سەیر بکرێت. لە خۆڕا نەبوو مام جەلال سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە گۆڤاری دێرشپیگلی ئەڵمانی و ئاکشەمی تورکی وتبووی »کوردستانی سەربەخۆ خەونی شاعیرانەیە« وەک داکۆکیکردنێک لە سیاسەتی واقعی. ئەمە لە ڕاستیدا ڕازیبوونە بەو جیهانەی کە زمان و ئاگایی هەنووکەیی سەپاندوویانە، دەتوانین ئاراستە پێچەوانەکەشی گەشە پێ بدەین، واتە وەک جەمال نەبەز ئاماژەی بۆ کردووە، واقیع چەمکێکی گۆڕاوە و تەنانەت ئەرکی سیاسەت گۆڕینی خەونە بۆ واقیع (نەبەز، ٢٠٠٥، ٣).
ئەمە ئەگەر لەسەرێکەوە پەیوەست بێت بەوەی کە »بیری دەوڵەتی ناسیۆناڵی کورد لای هوردە بۆرژوای کورد و رێکخراوەکانی (پارتە سیاسییەکان) بیرێکی یەکجار لێڵە و لە هەڵوێستێکی تەماوی و دوولایەنەی هەلپەرستانەدایە« (نەبەز ،٢٠٠٢، ١٣٧). هاوکات پەیوەندیدارە بەوەشەوە کە سیاسەت پێویستە ببێت بە ئاگایی دەستەجەمعی بۆ دیزاینکردنەوەی واقیع لە پرۆسەیەکی نێوانخودی کە لەسەر دامەزراوە بونیاد نرابێت و پێویستە کردە و کارلێک بنەڕەتی بێت نەک دروشم یان پەنابردنەوە بۆ ناو جیهانی میتافۆڕ. هەروەک چۆن عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپە لە وەڵامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە بەرسڤی پرسیاری کوردستان لە کوێیە: وتی لە دڵمدایە (بایدەمیر، ٢٠١٨).
ئەگەر زمان و دواتر توخمەکانی تری وەک خاک و کولتوور، ڕەگەزی جیاکەرەوەی نەتەوە بێت، ئەوا “ویست”ی ڕژدە کە نەتەوە بونیاد دەنێت چونکە بەر لە “خۆبوون” لەسەر “ بەئەویتر” نەبوون دامەزراوە. ئەم ویستە کاتێ ڕەهەندێکی عەقڵانی– کۆگەرا وەردەگرێت، دەبێتە دیزاینەر و پارێزەری شوناس و بوونێک کە بەردەوام هەڕەشەی سڕینەوەی لەسەرە. کاتێ لە ئەدەبییاتی سیاسیی پارتەکانی کوردستاندا پاشگری “کورد” دەسڕێتەوە و ئێران و عێراق و تورکیا و هەندێ جاریش کوردستانی ڕەگەڵ دەکەوێت، گوزارشت لە پاشەکشێیەکی هزری دەکات. ئەم جێگۆڕکێیە، ئەگەر لە لایەک پەیوەست بێت بە نەبوونی شوێنگەیەک لە سیاسەتی جیهانیدا بۆ “بوونی کورد”، لە ڕاستیدا نیشانەی باڵادەستیی گوتاری خودگەرایی شێواوی نەتەوەیییە و پەککەوتنی دامەزراندنی ئاگاییەکی نێوانخودییە. هەر بۆیە حزبی دەسەڵاتگەرا لە هەموو کوردستان دەبێت بە بونیادی باڵادەست و “بەرەی” نەتەوەیی کە دەشێت ببێتە پانتایییەکی نێوانخودی بۆ پرۆژەی بونیادنانی نەتەوە/ دەوڵەت لە دونیای سیاسیی کورد بەرەو پەراوێز دەچێت.
دەرەنجام
ئاگایی تاک لەمەڕ خۆیی و جیهان پەیوەستە بە زمان کە فۆڕمێکی لۆژیکی هەیە کە دونیابینیی تاک دادەڕێژێت و لە ڕێگەیەوە دەتوانێت “خۆی” و “ئەویتر” بناسێت و بەمەش مەعریفەی خودی بەرهەم دێنێت کە جۆرێک لە پەیوەندی لە نێوان واقیع و بیردا دروست دەکات. کێشەی “من “ی میتافیزیکی دیکارتی وەک بنەڕەتی بوونی خودێکی ئۆتۆنۆم، کاتێ لە بازنەی داخراوی خۆی دێتە دەر، دەپەڕێتەوە ناو پانتاییی کۆمەڵگا و سیاسەت. تێزی کارلێکی interaction هیگڵ لە پەیوەندیی نێوان “من” و “ ئەویتر” دەرگا بەسەر کێشەی “خود–سوبێکت” دەکاتەوە بۆ دەرچوون لە خودگەرایی و هابرماس ئەمە لە تیۆریی پەیوەندیی نێوانخودێتی بەکار دێنێت کە پەیوەندییەکی نێوانی دروست دەکات کە دانپیانان بنەماکەیەتی و دەشێت مانا و حەقیقەت و دیزانکردنەوەی واقیع لە ڕێگەی زمان و لێکتێگەیشتنەوە بەرهەم بێنێت. ئەو مەعریفەیەی خود بەرهەمی دێنێت، سەرەڕای داهێنەرانەبوون و دەگمەنەیەکەی، کاتێ دەبێت بە هاوتای مەعریفەیەکی خودان مسداقییەتی زانستی و دەشێت حەقیقەتی لەسەر ڕۆ بنرێت کە بچێتە ناو پەیوەندییەکی نێوانخودی.
ئاگایی نەتەوەیی بەرهەمی کارلێکی زمانە بۆ دروستکردنی مانا و شوناسی کۆیی و “خود” لە ئاستی هەمەکیدا نمایان دەکات. سیاسەت دەتوانێت هەم ئەم خودە بەرەو کامڵبوون ببات و بیگۆڕێت بۆ “نەتەوە” و لە چوارچێوەی کیانێکدا ڕێکی بخات و هەم دەشێت تووشی شێواوی بکات. نەتەوە بەر لەوەی بوونی خەڵکێک بێت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن سەر بە یەک ڕەگەزن، بوونێکی ڕوحی و ویژدانییە کە زمان ئاگاییەکەی گەشە پێ دەدات و عەقڵی هەمەکی یان سیاسەت دەتوانێ یەکانگیری بکات و مانای پێ ببەخشێت، لە میانی ئەفسانە و نەریت و یادەوەریی بەناو مێژوودا گوزەری پێ بکات.
لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ڕاڤەی خودی نەتەوە، شیعر یەکێکە لە پایە گەورەکانی ئاگایی کورد سەبارەت بە “خۆی” و ئەو ئایدیا و دیدگایەی لە شیعردا بەرهەم هاتووە، بە شێوەیەکی ئەبستراکت لە چوارچێوەی خودێتی و تەکنیک و قاڵبەکاندا گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە مۆنۆلۆگ و هەر بۆیە هەرچەندە پرۆژەی ناسیۆنالیزمی شیعر ئەگەرچی بە گوتاری ئازادیخوازی و گەڵاڵەکردنی خودێکی جیاوازی نەتەوەیی دەستی پێکردوە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەرەو ڕەشبینی ڕۆیشتووە. ئەم چالاکییە هزرییە ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە کە کاریگەریی لەسەر ئاگایی سیاسیی کورد داناوە، شاعیرە پێشڕەوەکانی کورد کە لە ڕاستیدا تیۆریسیەنی ناسیۆنالیزمی کوردن، شیعرە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان بە تایبەتی لە سەرەتای سەدەی حەڤدە تا ناوەڕاستی سەدەی بیست، دەبێت بە ژێرخانی گوتاری ناسیۆنالیستی و سیاسەتی لەسەر دادەمەزرێت، بەڵام هاوکات تووشی دوو ئاستەنگ دەبێت؛ لە ئاستێکدا ناسیۆنالیزمی شاعیرانەی کورد لە نێوان سنووری جیهانی زاتیی شاعیر و دونیابینییەکەی سنوور و قاڵبە شیعرییەکاندا گیر دەخوات.
پرۆژەی دەوڵەت/نەتەوە وەک دەرکەوتەی مۆدێرنی ئاگایی لای خانی وەک پرۆژەیەک سەر هەڵدەدات و تێیدا دەوڵەت هۆکار و نەتەوە بەرەنجامە و لای حاجی پێچەوانە دەبێتەوە، نەتەوە بوونێکی پەرت و بێ قەوارەی هەیە و دەوڵەت فۆڕمی پێ دەبەخشێت و دەیپارێزێت و دەیخاتە ناو جیهانەوە. ئەم پرۆژەیەی ئاگایی کوردی لای خانی بە تراژیدیا و لای حاجیش بە تەواونەکراوی دەمێنێتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم لای ئەحمەد موختار دەوڵەت بەرەوە ئاوابوون دەچێت و چەمکی نیشتمان و خاکی کوردان جێگەی دەوڵەت دەگرێتەوە لە ناو جوگرافیایەکی خەیاڵیدا و دواجار بەرەوە نیهێلیزم دەچێت. لای قانع، دەوڵەت/نەتەوە بایەخی خۆی لە ژێر هەژموونیی چەمکی ململانێی چینەکان و ناچوونیەکی پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردەواری ون دەکات و دواتر لای ئەویش بە نیهێلیزم کۆتایی دێت. ئەمەش نیشانەی پاشەکشێی پرۆژەی دەوڵەت/نەتەوە یان هەمان دژبەری نێوان ئایدیای خودی ناو شیعرەکان و واقعی کۆمەڵگا. دواجار بێکەس پراکسیس یان کردە دەکاتە جێگرەوەی دروشم، بەڵام هەر لە سنووری شیعر و هەمان ئاگایی خودیدا دەمێنێتەوە، ئەگەرچی سەرەتای پەڕینەوە بەرەو سیاسەتی نێوانخودی. لە ئاستێکی تریشدا سیاسەتی کوردی کە ڕێکخراو و پارتەکان جڵەوی دەگرنە دەست، تەنانەت ئەم ئایدیا خودیانەش کە خۆی لە پرۆژەی دەوڵەت و بونیادنانی نەتەوەدا بەیان دەکات، ناکەن بە بەرنامەی سیاسی و لە ناو سیاسەتی ڕۆژدا دەکەونە ململانێ لە نێوان خۆیان زۆر زیاتر لە دژایەتی یان دیالۆگ لەگەڵ ئەویتر.
ناسیۆنالیزم وەک گوتاری بزووتنەوەیەکی خود–ئاگا بە خۆی کە گەرەکیەتی فۆڕم و ناوەرۆک بە کیانێکی زمانی و ڕوحی لەسەر خاکێکی دیاریکراو یان نیشتمانێکی ویژدانی ببەخشێت، لە هزری کوردیدا لە سنووری خودێتیی شاعیرەکاندا دەمێنێتەوە و مانا و هزری ئازادیخوازی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕیتۆریکا و قاڵبە ئامادەکان. بۆ ئەوەی سیاسەت بە مانا ڕادیکاڵەکەی یان نێوانخودی بەرهەم بێت و بتوانێ ئەو پەیوەندییە زاڵەی کە بەسەر کوردیدا سەپاوە، تێک بشکێت و لە فۆڕمی نەتەوەدا خۆی دەربخات، پێویستە ببێت بە سیاسەتی نێوانخودی و دیالۆگی نیوان خودە ئازادەکان، ئەمەش واتە “بەرەیەکی نەتەوەیی” کە دەکەوێتە سەروو فۆڕمی باڵادەستی حزبایەتی کە هەر لە چوارچێوەی سیاسەتی دیفاکتۆدا خۆی بەرهەم دێنێتەوە.
سەرچاوەکان
کوردی
کتێب:
ئەحمەد، موختار جاف (١٩٨٦)، عزەدین مستەفا ڕەسووڵ، دیوانی ئەحمەد موختار جاف، ئەمیندارێتی ڕۆشنبیری و لاوانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، چاپخانەی الادیب، بەغدا.
ئەریستۆ (٢٠٠٩)، شیعر (پۆیەتیکا)، و: محەمەد کەمال، دەزگای سەردەم، سلێمانی.
بێکەس، فایەق (٢٠٠٥)، دیوانی فایەق بێکەس، ئا: ئومید ئاشنا، دەزگای بلاوکردنەوەی ئاراس.
جەعفەر عەلی، ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردی، چاپخانەی رەنج، سلێمانی، ٢٠٠٤.
حاجی قادری کۆیی (١٣٩٠) میران، سەردار حەمید و شارەزا، کەریم موستەفا، دیوانی حاجی قادری کۆیی، بڵاوکەرەوەی کوردستان، سنە.
خانی، ئەحمەدی (٢٠٠٨)، مەم و زین، ئامادەکردن و پەراوێزنووسینی هەژار، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر.
دڵدار، یونس، (٢٥٧٣) دیوانی دڵدار، چاپخانەی کوردستان، هەولێر.
سیوەیلی، رێبوار (٢٠٠٤)، هاوکاتی و هاوشوناسی؛ خوێندنەوەیەک بۆ مانای “کات” لە شیعری حاجی قادری کۆیی دا، دەزگەها سپیرێز یا چاپ و وەشانێ، دهۆک.
عەلی قادر، خانزاد (٢٠١٢) زمانی شیعری: حاجی قادری کۆیی و مەحوی و شێخ رەزای تاڵەبانی، بڵاوکراوەی ئەکادیمیای کوردی، هەولێر.
قانع، (٢٠١٤) دیوانی قانع: شاعیری چەوساوەکانی کوردستان، کۆکردنەوەی بورهان قانع، چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، سلێمانی.
قانع، مەریوان وریا (٢٠٠٥)، ناسیۆنالیزم و سەفەر: کورد لە دیاسپۆرا، لە بڵاوکراوەکانی نێوەندی رەهەند، سلێمانی.
مەکیاڤیللی، نیکۆلۆ،(١٩٨٢)، میر، و: حسین عارف، ئەمیندارێتی رۆشنبیری و لاوان، بەغداد.
محەمەد، مەسعوود، (٢٠١٠) کەوچکێک شەکر بۆ قاوەی تاڵ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر.
محەمەد، مەسعود، (١٩٧٣) حاجی قادری کۆیی، بەشی یەکەم، لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا، ١٩٧٣.
محەمەد، مەسعود، (١٩٧٤) حاجی قادری کۆیی، بەشی دووەم، لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا، ١٩٧٣.
مەلا کەریم، محمدی (٢٠٠٨) دوو بابەت لەبارەی بیر و شیعری حاجی قادری کۆیەوە، چاپی ٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر.
نەبەز جەمال (٢٠٠٢)، بیری نەتەوەییی کوردی، چ ٢، بڵاوکراوەی بنکەی کوردنامە، لەندەن.
نەبەز، جەمال (١٩٨٥)، دۆزی ناسیۆنالی کورد، بنکەی ئازاد، ستۆکهۆڵم.
نەبەز، جەمال (٢٠٠٨)، کۆبەرھەرھەم ژمارە ٨، وشەنامەیەکی ئیتیمۆلۆژیای زمانی کوردی، چاپی یەکەم ئیلکترۆنی، ماڵپەڕی کوردبوون.
نەبەز، جەمال (١٩٨٦) پێوەندارێتی کوردی: کورد كی یە و کوردبوون مانای چیە؟ بنکەی چاپەمەنی ئازاد، ستۆکهۆڵم.
هێمن (٢٠٠٣) بارگەی یاران، بەرگی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر.
هێمن، (٢٧٠٨) دیوانی هێمن موکریانی، چاپ و پەخشی چوارچرا، سلێمانی.
وەلی، عەبباس، (٢٠٠١)، کوردەکان و ئەوانیتریان: هەویەت و سیاسەتی پارچەپارچەبوو، و: نەزەند بەگیخانی و هاشم ئەحمەدزادە، ناوەندی رەهەند، سوئید.
گۆڤاری زانستی:
عەلی، بەختیار (٢٠٠٥)، قانیع و سەرەتای سەرهەڵدانی مۆڕاڵی ناسیۆنالیستی دەستنیشانکردنی تەوەرەکان سەردەمی ڕەخنە، ژمارە ٢، دەزگای سەردەم، سلێمانی.
ڕەفیق، فارووق، (١٩٩٧) ناسیۆنالیزم/کوردایەتی: بەرەو پاردایمی نوێ، گۆڤاری ڕەهەند، ناوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی، ستۆکهۆڵم ، ژمارە ٢، ١٩٩٧.
رێنان، ئیرنست، (٢٠٠١)، نەتەوە چییە، و: حەسەن قازی، رەهەند، ژ، ١٢–١٣، ستۆکهۆڵم.
ڕۆژنامە:
حەمە سەعید حەسەن، (٢٠٢٢) دەربارەی شیعر، رۆژنامەی هەولێر، ژ: ٣٨٩٩، ڕێکەوتی ٢٠/٨/٢٠٢٢ ل ١٠.
نەبەز، جەمال (٢٠٠٥)، رۆژنامەی میدیا، ژمارە ١٩٩، ڕێکەوتی ١٢/٧/٢٠٠٥.
سایت:
بایدەمیر، عوسمان، بەهۆی ناوهێنانی کوردستان مووچەبڕ کرا. ڕێکەوتی سەردان ٢٤/٢/٢٠٢٢
https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/turkey/16012018
سەجادی، بەختیار، زمانی کوردی و ناخودئاگای سوژە، ڕێکەوتی سەردانیکردن ٢/٢/٢٠٢٣
https://hawcharkh.net/18/05/2020/1239/
کتێبی عەرەبی:
ادونیس، (١٩٨٧)، مقدمة لشعر العربي، دار العودة، ط ٣ ، بیروت.
ارسطوطالیس (١٩٥٣) فن الشعر، ت: عبد الرحمن بدوي، مکتبة النهضة المصریة، القاهرة.
أفلاطون (١٩٩٤) المحاورات الکاملة، ت: شوقي داود تمراز، الاهلیة للنشر والتوزیع، بیروت.
افلاطون (٢٠١٧)، ت: فؤاد زکریا دراسة والترجمة، مؤسسة الهنداوي، المملکة المتحدة.
الحصري، ساطع، (١٩٨٧) حول القومیة العربیة، مرکز دراسات الوحدة العربیة، بیروت.
الیوسف، سمیر (٢٠٠٧) حکایة افلاطون والشعراء، دار الفارابي، بیروت.
اندرسن وجیلنر و الاخرون (١٩٩٥)، القومیة: مرض العصر ام خلاصە، دار الساقي، بیروت.
اندرسون، بندیکت، (١٩٩٩) المجتماعات المتخیلة، ت: محمد الشرقاوي، المشروع القومي للترجمة، القاهرة.
انیس، ابراهیم (١٩٧٠٩) اللغة بین القومیة والعالمیة، دار المعارف، القاهرة.
جنفیاف، رودیس لویس (١٩٨٨) دیکارت والعقلانیة، ت: عبدة الحلو، منشورات عویدات، ط٤، بیروت–باریس.
جوزیف، جون (٢٠٠٧) اللغة واللهویة، ت: عبد النور خرافي، عالم المعرفة، الکویت،
سعید، توفیق، (٢٠٠٢)، في ماهیة اللغة وفلسفة التأویل، المؤسسة الجامعیة، بیروت.
عادل، مصطفی (٢٠٠٧) فهم الفهم: مدخل الی هیرمنیوطیقا، رؤیة للنشر والتوزیع، القاهرة.
فوکو، میشیل (١٩٩٠)، الکلمات والاشیاء، ت: مطاع الصفدي والاخرون، مرکز النماء القومي، بیروت.
قطوس، بسام موسی (٢٠٢١) الفلسفة والشعر: أي علاقة؟ وزارة الثقافة، عمان.
مکاوی، عبد الغفار (٢٠١٧) شعر وفکر: دراسات في الادب والفلسفة، مؤسسة الهنداوي، المملکة المتحدة.
هابرماس، یورغن (٢٠٠١)، المعرفة والمصلحة، ت: حسن سقر، منشورات الجمل، کولونیا،
هابرماس، یورغین (١٩٩٩) التقنیة والعلم کأیدیولوجیا، ت: الیاس حاجوج، منشوارت، وزارت الثقافة، دمشق.
هایدغر، مارتن، (٢٠٠٣) اصل العمل الفني، ت: ابو العید دودو، منشورات الجمل، بیروت.
هبرماس، یورغن (٢٠٢٠) نظریة الفعل التواصلي، عقلانیة الفعل وعقلنیة الاجتماعیة، ت: فتحي المسکیني، المجلد الاول، المرکز العربي للابحاث ودارسة السیاسات، الدوحة.
هرتز، فردریک (٢٠١١) القومیة في السیاسة والتاریخ، ت: عبدالکریم احمد، وزارة الثقافة، القاهرة.
هوبزباوم، اریک، (٢٠١١) عصر الامبراطوریة، ت: فایز الصیاغ، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت.
هوبزباوم، اریک، (٢٠٠٧) عصر الثورة، ت: فایز الصیاغ، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت.
هوبزباوم، اریک، (٢٠٠٨) عصر رأس المال، ت: فایز الصیاغ، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت.
هیجل (٢٠٠٧)، موسوعة العلوم الفلسفیة، ت: امام عبد الفتاح امام، دار التنویر للطباعة والنشر، بیروت.
فارسی:
اباذری، یوسف، (١٣٨٩) خرد جامعەشناسی، تهران، نشر طرح نو.
افلاطون (١٣٨٠) (دورەء آثار)، جمهوری، ت: محمد حسن لطفی، جلد دوم، شرکت سهامی انتشارات خوارزمی، چ ٣، تهران.
باربییە، موریس (١٣٨٦) مدرنیتەی سیاسی، ت: حبدالوهاب احمدی، نشر آگە، تهران.
ریتزر، جورج، (١٣٩٣)، نظریە جامعەشناسی،ت: هوشنگ نایبی، تهران، نشر نی.
میلر، پیتر(١٣٨٤) سوژە، استیلا و قدرت، ت: نیکو سرخوش و افشین جهاندیدە، نشر نی، تهران.
هابرماس، یورگن، (١٣٨٦) کنش ارتباطی، (دو جلد) ت: کمال پولادی، موسسە انتشاراتی روزنامە ایران.
هابرماس، یورگن، کهون، لارنس، (١٣٨٤) از مدرنیسم تا پست مدرنیسم، متن های برگزیدە، ویراستار عبد الکریم رشیدیان، چاپ ٤، نشر نی، تهران.
وایت، ویلیام اوث (١٣٩٣)، هابرماس:معرفی انتقادی، ت: لیلال جوافشانی و حسن چاوشیان، نشر اختران، تهران.
گۆڤاری زانستی
حاجی بیگلو، (١٣٩٧) محمدهادی و مسگری، احمد علیاکبر، نسبت زبان و منطق در فلسفە هگل، فلسفه، سال ٤٦ ، شماره ٢، پاییز و زمستان.
ذاکری، مهدی و حسینی ، سید مصطفی، (١٣٩٣)، سرل و مسئلە آگاهی، فصلنامەی علمی پژوهشی فلسفە و الاهیات، سال ١٩، شمارە ١، بهار، تهران.
فرجی، علیرضا و کریمی، عظیم (١٤٠١) بررسی و تطبیق نقش زبان در اندیشة هوسرل و ویتگنشتاین، دوفصلنامة علمی پژوهشهای مابعدالطبیعی، سال ٣، شماره ٥، بهار و تابستان، دانشگاە خوارزمی.
ئینگلیزی
Habermas, Jurgen (1973) Theory and Practice ,Translated by Jhon Viertel ,Beacon press, Boston.
Habermas, J. (1984). the theory of communicative action vol. London: Heine man.
Hobsbawm, Nation and Nationalism, Cambridge University press, 1990.
Jürgen Habermas, (1996) Between Facts and Norms: Contributions to a Discourse Theory of Law and Democracy, Translated by William Rehg, MIT Press, Cambridge.
Welton, Donn. (1999) The Essential Husserl. Basic writing. Intranscendental phenomenology. Indiana university press, New York.
پەراوێز
* ئەم توێژینەوەیە پێشتر لە گۆڤاری زانکۆ بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سەلاحەدین بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بە هۆی سنوورداربوونی گۆڤارەکە بە پێویستمان زانی لە گۆڤاری تیشک بڵاوی بکەینەوە کە سنووری بڵاوبوونەوەی تەنیا ناوەندە ئەکادیمییەکان نییە و بەردەنگەکانیشی زۆرتر لە رۆژهەڵاتی نیشتمانن.
** مامۆستا مەسعود محەمەد لە وردبوونەوەیەکی قووڵی فەلسەفی پێی وایە لە کۆندا، ژیانی مەعنەوی و عەقڵی کە تەواوکاری ژیانی مادییە و کاکڵی کوردبوون پێک دێنێت، لەسەر چوار پایە دامەزراوە: یەکەم؛ مەلایەتی و زانستی ڕووت، دووەم؛ شێخایەتی و تەریقەت، سێیەم؛ ئەدەب و چوارەم؛ فۆلکلۆر و بەیت و گۆرانی و پەند و مەتەڵ. (محەمەد، ١٩٧٣، ٢٧٨)