گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠
ڕوانگە
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024
فەڕشی،برایم (٢٠٢٤): ئاژیتاسیۆن– ئاژیتاتۆر. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٢٩٣–٢٨٨ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/
ئاژیتاسیۆن- ئاژیتاتۆر
برایم فەڕشی
ئاگیتاتۆر یا ئاژیتاتۆر بەو کەسە دەگوترێ کە لە ڕێگای پرۆپاگەندە و ئاژیتاسیۆن، کەسان بەرەو لایەنگری و پەیوەستبوون بە ڕەوتێکی سیاسی، ئیدئۆلۆگی یا دینی دەکێشێ بۆ بەشداری لە ئاکسیۆن و ئەنجامی کاری جێی مەبەستی ئاژیتاتۆر.
فەرهەنگ، ئەدەبیات، دین، عادەت، دابونەریت، زمان، مۆسیقا و لایەنی تر بە باشی ئیمکان بە ئاژیتاتۆر دەبەخشن بۆ ئەوەی بتوانێ سەرنجی مرۆڤ لە هەموو توێژێکی ناو کۆمەڵگا بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. حیزب و چالاکانی سیاسی و مێدیا و کەسانی دەرەوەی حیزب ئاگابەخۆ و نائاگابەخۆ لەم بازنەیەدا بە هەردوو باردا خۆیان دەبیننەوە، هەم وەک ئاژیتاتۆر، هەم وەک قوربانیی ئاژیتاتۆر.
ئاژیتاسیۆن پرۆسە و چەشنێک مامەڵەکردن لە گەڵ مرۆڤە بۆ خستنە ناو بازنەی ئیدئۆلۆژی، سیاسەت و تێگەیشتنی مەبەستدار. ئاژیتاسیۆن باوەڕپێهێنانی بەرانبەرە بەو باوەڕەی ئاژیتاتۆر مەبەستیەتی.
ئاژیتاتۆر پەیام و مەبەستی خۆی هەیە. خۆی لەگەڵ هەست و باوەڕ و فەرهەنگ و زمانی خەڵک ڕێک دەخات و لەو ڕێگایەوە بە هاسانی جێگای خۆی لە ناو خەڵکدا دەکاتەوە و لەگەڵ هەر کۆمەڵە کەسێک وەک خۆیان دەجووڵێتەوە. ئەگەر بۆ کەسی ئاسایی، خوێندکاری زانستگا، ژن، پیاو، لاو، چالاکوانی سیاسی و بۆ هەمووان قسە بکات، بابەت و شێوەی داڕشتنی قسە و چۆنیەتیی قسەکردن و بەکارهێنانی زمان و فرە شتی تر لەبەرچاو دەگرێ، بە چەشنێک هەر کەس خۆی لە قسە و بۆچوون و هەستی ئەودا ببینێتەوە.
ئاژیتاتۆر لە هەر شت و هەموو شت بۆ گەیشتن بە مەبەست کەڵک وەردەگرێ و لێهاتووییی خۆی بەکار دەهێنێ. ئەو بیر لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی لەش و جۆری جلوبەرگ و فرە شتی تر دەکاتەوە. جا چ ڕاستەوخۆ لە ناو خەڵک بێ یان لە ڕێگای مێدیا و سۆسیال مێدیا لە گەڵ خەڵک ڕووبەڕوو بێت!
ئاژیتاتۆر فێڵ و تەڵەکەی هەمەجۆر بۆ هەڵخڵەتاندن بەکار دەهێنێ. بەشێک لە ڕاستی باس دەکات بۆ ئەوەی بەشی ناڕاستی قسەکانی بە خەڵک بباوەڕێنێ. ئەو مەسەلەی جێگای مەبەستی خۆی گەورە دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەستی کەسی بەرانبەر و گوێگر بکوڵێنێ، بۆ ئەوەی ڕاست و درۆی خۆی لە ناو خەڵکدا جێ بخات. ئەو ئەم خاڵانە لە بەر چاو دەگرێ:
- ترساندن، تووڕە کردن، بەقینداخستن، لەبەرچاوخستنی ئەم و ئەو، هیواسازکردن، بەڵین پێدان و گەلێک لایەنی تر لە قسە وباسدا بەکار دەهێنێ بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بە قسەی ئاژیتاتۆر بهێنێ. ئەم کەسانە دەتوانن بابەت و تێمی دژوار بۆ خەڵک هاسان و ساکار کەنەوە تا ئەو جێگایەی خەڵک باوەڕیان پێ بکەن.
- گێڕانەوەی ئاژیتاتۆر بۆ وێنە لە مێژوو و ڕووداوەکان پڕ لە چەواشەکاری دەکرێ. ڕووداوی ڕۆژانەی دەوروبەر، گێڕانەوەی مێژوو، باس لە مەسەلەگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ناساندنی کەسان و کەسایەتییەکان دڵبخواز بۆ مەبەستی ئاژیتاتۆر بەکار دەهێنرێن.
- ئاژیتاتۆر بە باشی دەتوانێ سیمای کەسان بگۆڕێ، دەتوانێ جێگای ڕاست و ناڕاست بگۆڕێ، دەتوانێ کەسایەتی بە کەسێک ببخەشێ و کەسایەتیی تر دابڕزێنێ. دەتوانێ کەسایەتیی کەسان قەڵب بکات و کەسایەتی بە کەسانی قەڵب ببەخشێ. دەتوانێ باوەڕ بە گوێگر و بینەر بهێنێ کە ئەوەی ئەو دەیڵێ ڕاست و ئەوی تر ناڕاستە.
ئاژیتاسیۆن بە گشتی پرۆسەی هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردنی تێگەیشتنی خەڵکە بۆ ئەوەی خەڵک بۆ لایەک یان دژی لایەنێک هان بدرێ، بۆ ئەوەی بە لایەنگری یان دژی لایەنێک خەڵک هان بدرێ. ئەمەش فۆڕم و شێوەی جێبەجێکردنی هەمە چەشنە و هەمەجۆری هەیە و لە هەر شوێن و لە هەر ڕێگایەکی مێدیایی و نامێدیایی دەکرێ جێبەجێ بکرێ و هەر کەرەسەیەک بۆ جێخستن و جێبەجێکردنی بەکاربهێنرێ؛ لەوانە:
- ئاژیتاسیۆن بۆ مەبەستی دیار و ڕوون، بۆ لایەنگری لە ڕەوت و لایەنێکی سیاسی و جووڵانەوەیەک و کەس و کەسان یان بە دژی ڕەوت و لایەن و کەس و کەسان بەکار هێنراوە.
- دەرکەوتنی ئاژیتاتۆر بۆ مەبەست و کاری دیار و نادیار لە ناو خەڵک بووە. ئاژاوە و بشێویی ناو کۆمەڵگا بەرهەمی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆرەکان لە ڕێگای بەکارهێنانی دامودەزگا و کەرەسەکانەوە بووە.
- بە پێچەوانەی ڕۆشنگەری کە پشتئەستوور بە بەڵگە و لەسەر بنەمای مەنتق و ڕاستگۆیییە، لە کاری ئاژیتاسیۆن پشت بە بەکارهێنانی هەستی ئینسان دەبەسترێ. هەستبزواندن و کوڵاندنی کاتی و لە پڕێکای هەستی کەسان بۆ ئەنجامی کارێک یان سازکردنی تێگەیشتنی خێرا و کاتی، دەبێتە ئامانجی ئاژیتاسیۆن.
- ئاژیتاسیۆن دەکرێ کۆمەڵگا بەرەو دڕدۆنگی و ئاژاوە و کێبەرکێ و ناکۆکی بەرێ و شەڕ و کێشەی نێوان لایەنەکانی لێ بکەوێتەوە و ببێتە ڕیسک بۆ کەسی ئاژیتاتۆر لە کاتی ورووژاندنی خەڵک.
- لە لایەنی مێژوویییەوە دوو شۆڕشی فەڕانسە و ڕووسیا بە ڕاکێشانی خەڵک لە ڕێگای ئاژیتاسیۆنەوە، بەرەو توندوتیژیی گشتی بە دژی ڕێژیمەکان کێشران.
- ئاژیتاسیۆن گرێدراوی پرۆپاگەندەیە کە ڕێژیمەکانی دیکتاتۆر و دەسەڵاتدار لەم ڕێگایەوە خەڵک چەواشە دەکەن و دەیانخەنە ژێر ڕکێفی بیر و سیاسەتی خۆیان.
بە کورتی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر دەوری دوو لایەن دەگێڕن، چ بە دژی ڕێژیم و بۆ ڕووخانیان، چ بۆ ڕاگرتن و پاراستنیان.
مێژووی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر کەسانی وەک ولادمیر ئیلیچ لێنن، ڕۆبسپێر و گوبلزی بەخۆیەوە بینیوە. لێنین بە نووسراوە، بە قسەکردن و لە ڕێگای بڵاڤۆک و شێوەی تر، چینی کارێکاری بە دژی ڕێژیمی تزار و ڕووخانی ڕێژیم هان دا و لەو کارەشدا سەرکەوتوو بوو. ئەو لە ڕێگای حیزبێکی خاوەن دە هەزار ئەندامەوە توانی بە ملیۆن کرێکار و جوتیار و خەڵکی تر دژی تزار هان بدات و ڕێکیان بخات کە سەرکەوتنی بلشویک و ڕووخانی ڕێژیمی تزاری لێ کەوتەوە.
ڕۆبسپێر لە ساڵی ١٧٨٩ یەکێک لە ڕابەرانی شۆرشی فەڕانسە بوو، ئەو جەماوەری خەڵکی بە دژی سیستەمی پاشایەتی هێنایە سەر شەقام، ئەو بۆ پارێزگاری لە شۆڕش، دەوری ڕابەری لە کاتی ڕووداوە ترسناکەکانی دەسەڵاتی پاشایەتیدا گێڕا، کە شۆڕشی فەڕانسەی لێ کەوتەوە و بووە هۆی گۆڕانی بنەڕەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، فەلسەفی و ئابووری.
ژۆزف گۆبلز وەک وەزیری پرۆپاگەندەی فاشیسم، بەناوبانگترین ئاژیتاتۆری سەدەی بیست، یەکەم کەس بوو کە ڕادیۆ، سینەما، تەلەڤیزیۆن و سەرجەم مێدیای دەنگ و ڕەنگ و چاپی و هونەریی بۆ ئاژیتاسیۆن و پرۆپاگەندە، بۆ جێخستنی بیری فاشیستی و هاندانی خەڵک بۆ جێبەجێکردنی ئەمر و فەرمانی ڕێژیمی فاشیستی و لەناوبردنی دژبەرانی سیاسیی کۆمۆنیست و سۆسیال دێموکرات و خەڵکی جوو و ڕۆما و سینتی بەکار هێنا. گۆبلز و وەزارەتخانەکەی لە بەکارهێنانی هەستی خەڵک بۆ ئامانج و مەبەستی خۆیان سەرکەوتوو بوون.
لە سەردەمی ئێمەدا، دۆنالد ترامپ هێزی فکری و قسەکردن و فیگۆری خۆی زۆر بە باشی بۆ ئاژیتاسیۆن لە کاتی هەڵبژاردن و سەرکۆماریدا خستە گەڕ. ئەو زمانی تایبەت و جارناجار دەمهەراشانەی خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئاژیتاسیۆن دەسووڕاند و زمانی لەش و میمیکی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر و سەرجەم مێدیا و سۆسیال مێدیای بە دژی بەرانبەرەکانی بەکار هێنا و لە هێرشبردنی جەستەییش بۆ سەر بەرانبەرەکەی سڵی نەکردەوە و سەرجەم ئەم ئاکارانەی ئەو وەک ئاژیتاتۆر لە لای خەڵک سەرکەوتوو بوون.
گرێتە تونبێرگ، کەنیشکی سوئێدی کە هۆی نەخۆشییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی ئاو و هەوا و بووە هۆی جووڵانەوەی جیهانیی لاوان و منداڵان بۆ پێشگرتن لە خرابوونی ئاو وهەوا، بە قسە و نووسراوە و دەرکەوتن لە بەرانبەر خەڵک و مێدیا و سۆسیال مێدیادا، هەستیارانە جووڵاوە و خەڵک هەستیارانە هۆگرییان بەو ڕەوتە پەیدا کرد و توانیان فشاری سیاسی پێک بهێنن. ئەو لە ڕێگای ئاژیتاسیۆنەوە بابەتی ژینگە و پارێزگاری لە ژینگەی بردە ناو خەڵکەوە. لە هەمان کاتدا ئاژیتاسیۆن، بەستنی ڕێگا وبان و ئوتۆبان و باڵەفڕخانە و ئالۆزی و بشێویی لێرەو و لەوێ لێ کەوتەوە!
لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا، سۆسیال مێدیا کراوەتە مەیدانێکی جیهانی بۆ ئاژیتاسیۆن و چالاکیی ئاژیتاتۆرەکان، لە سەرۆکی دەوڵەت و سیاسەتپیشەکانەوە بگرە هەتا هونەرمەند و کەسانی دیکە دەتوانن خەڵک بۆ هەر مەبەستێک هان بدەن؛ هەر لە کاری تیرۆریستی و خرابکارییەوە، هەتا هاندان بۆ شەڕ و دژ بە شەڕ و هاندان بە دژی خەڵکان و میللەت و وڵاتان و ئایین و بیرجیاواز و مەسەلەکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و شەخسی.
لە ناو ئاژیتاتۆرەکاندا ناوی بەناوبانگ دەبینرێ. ئەوانەش کە لەم ڕێگایەوە ناو و دەنگیان پەیدا کردووە، شەو و ڕۆژ زیاتر لە چوار ملیارد خەڵک بە شێوەی جۆرواجۆر لە دەوریان کۆدەبنەوە و بە بلیۆن کات دەبەخشرێتە ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر.
کۆمەڵگای جیهان بەم شێویە کەوتووەتە ژێر زەختێکی هەمەلایەن لە جیهانێکی نوێی پڕ لە ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر کە هەرکام و هەر لایەن بۆ ئامانجی خاس و خراوی خۆی حەول دەدا. لە جیهانێکی کوڵێنراو لە هەست و ئیحساسات و ئاژیتاسیۆن و پرۆپاگەندە کە گرێدراو لەتەک چەواشەکاری و هەڵخەڵتاندنە، بیرکردنەوە دژوار دەبێت و مرۆڤی ئاگابەخۆ و پایبەند بە پڕێنسیپەکانی ئینسانی، بوونیان ئەستەم دەبێ.Formularbeginn
ناسینی ئاژیتاتۆر
ناسینی کەسی ئاژیتاتۆر هاسان نییە، لەبەر ئەوەی ئەم کەسانە دەزانن چۆن بجووڵێنەوە، چۆن هەڵسوکەوت بکەن و چۆن قسە بکەن و چۆن تێگەیشتنیان بەم بار و ئەو باردا بسووڕینن و خۆیان لەگەڵ بارودۆخ بگونجێنن و بیسەر و گوێگر لەگەڵ خۆیان بخەن. سەرەڕای ئەوە، ناسینەوەی ئەم کەسانە دەتوانێ سەر بگرێ.
تەشەنەدان بە جیاوازییەکان: ئاژیتاتۆر بەردەوام زمانی جیاکەرەوانە و زبر و هەستخڕێن و هەستبزوێن، ترس سازکردن، ڕەق وبێزاری هێنان و هەناسەسوارکردن بەکار دەهێنن. ئەم کەسانە بەردەوام قامک بۆ جیاوازییەکان ڕادەکێشن لە جیاتی سەرنجدانە سەر هاوچەشنی و وێکچوویی. ئەم کەسانە لەم بازنەیەدا لایەنی جێی باوەڕی خۆیان مەدح دەکەن و خەڵک هان دەدەن بۆ پشتگیریی لایەنی جێگای سەرنجی خۆیان.
چەواشەکاریی زانیاری: ئەم کەسانە بە قەسد و دوور لە قەسد هەم زانیاریی هەڵە بەکار دەهێنن، هەم چەواشەکاریی زانیاری دەکەن و زانیاریی هەڵە و دوور لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە و هەم حەولی گەورەکردنەوە یان بچووک کردنەوەی ڕووداو و بەسەرهات بە پێی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانج دەدەن. ئەم کەسانە بە دەگمەن فاکت بەکار دەهێنن یان فاکت دەکەنە وەسیلە کە بۆ ئەم مەبەستە ڕوو لە بەکارهێنانی زانیاریی زانستی و فەلسەفی بە گوێرەی مەیل و تێگەیشتنی خۆیان دەکەن و زۆر جار ڕواڵەتی زانستی و هونەریی پسپۆڕ و شارەزایانە لە خۆ نیشان دەدەن، بۆ ئەوەی بە مەبەست بگەن.
بانگەواز بۆ توندوتیژی: ئاژیتاتۆر حەول دەدەن خەڵک بەرەو توندوتیژی بکێشن، زۆرجار دوور لە بیرکردنەوە بە پێی هەڵچوونی کاتی و لە پڕێکا، نائارامی و بشێوی ساز دەکرێ و کۆمەڵگا تووشی ئاڵۆزی دەکرێ.
ورووژاندن: ئاژیتاتۆر گەلێک بابەتی هەستیار هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی هەستیارانە خەڵک بورووژێنن بۆ ئەوەی گرووپ و دەستەیەک لە خەڵک بەرەو کاری دڵخواز ڕابکێشن یان دووبەرەکی لە نیوان گرووپ و گرووپەکان پێک بهێنن.
دوژمن داتاشین: ئاژیتاتۆر زۆر جار ڕوون و ئاشکرا دوژمن لە کەسان و لایەنەکان دادەتاشێ و وینەی دوژمنانە لە کەسی جێگای مەبەست دەکێشێ یان کەسەکە لە بەر چاوی خەڵک ڕەش دەکات. ئەم چەشنە ڕەشکردن و دوژمن تاشینە گرووپ و حزب و دەستە و تاقمیش دەگرێتەوە.
قوربانی سازکردن لە خۆ: شێوەیەکی تر لە کاری ئاژیتاتۆر، خۆ بە قوربانی نیشاندان و ناحەقی دەرحەق پێکراو لە لایەن دەستە و گرووپ و حزب و سیستەم و کەس و کەسانە. ئەم ڕێگایە بۆ ئەوەیە لایەنگریی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و جێگا و پێگەی خۆی لێرە و لەوێ مسۆگەر بکات و بە پۆست و شوێنی گۆنجاو و جێگای ئامانج بگات.
ڕەخنەی نابەجێ و نەگونجاو: ئەم کەسانە ڕوو دەکەنە ڕەخنەی نابەجێ و نەگونجاو و ڕەخنەی نە کارساز و دوور لە چارەسەری. ڕەخنەی دوور لە ڕاستی و ڕێئاڵ.
خۆنواندنی کاریزمائاسا: ئاژیتاتۆری لێهاتوو، چەشنێک کەسایەتیی کاریزما لە خۆی نیشان دەدات بۆ ئەوەی کەسی بەرانبەر بخانە ژێر کەسایەتیی خۆی و تێیاندا متمانە بەرانبەر بە خۆی پێک بهێنێ!
فۆڕم و کاری چالاکانی بواری جیاواز، لێرە و لەوێ وێچووییی لەگەڵ شێوە و فۆڕم و مێتۆدی ئاژیتاتۆر پەیدا دەکات، کە ئەوە بە مانای ئاژیتاتۆربوونی کەسەکە و کاری پرۆپاگەندە و ئاژیتاتۆری نییە.
لێرە دەکرا باس لە ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک ڕەزاشا، ئاتاتورک، خومەینی، سەدام، ئەردۆغان و دەیانی تر و دامودەزگاکانیان بکرێ. دەکرا چاو بە کۆمەڵگای کوردستان، مێدیا و دامودەزگا، حکوومەت و حیزب و سوسیال مێدیای کورددا بخشێنرێ بۆ ئەوەی هەر دوو لایەنی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر بناسێنرێ، کە دەوری جیددی لە هەموو بەستێنێکی ژیانی مرۆڤی کورد لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی کوردستاندا دەگێڕن. بەڵام خوێندنەوەی ئەم بابەتە دەبێ بەرچاوی خوێنەر بۆ ناسینی ئاژیتاسیۆن و ئاژیتاتۆر لە کوردستان ڕوون کاتەوە!
ئەوانەی ئاژیتاتۆر نیین وکاری ئاژیتاسیۆن ناکەن، ئەو کەسانەن کە خەڵک ناهرووژێنن، توندوتیژی ناپرژێنن، هێمنی و سازکردنی کەشوهەوای ئاشتییانە و زانیاریبەخش و ڕۆشەنگەرانە دەخوڵقێنن و ڕوو لە مێشک و تێگەیشتنی مرۆڤ دەکەن و ئاڵۆزی و گرفتەکان چارەسەر دەکەن و مەبەست و ئامانجیان تێگەیشتن و تێگەیاندن و پشتبەستن بە بیرکردەنەوە و دیاڵۆگ وگفتوگۆ و دانوستاندنە.
کەسی بەرپرسیار کە بیر لە بەرژەوەندی و ئازادبیرکردنەوە و چارەنووسی خەڵک بکاتەوە، قسە و ئاکار و ڕووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ خەڵک و کۆمەڵگا و مەسەلەکان چارەسازانە و چارەسەرکردن دەبێ. ئەم کەسانە پێویستیان بە هەڵچزاندن و ورووژاندن و کوڵاندنی هەستی خەڵک نییە. بۆ ئەوەش ڕوو لە مێتۆدی پڕۆپاگەندە، ئاژیتاسیۆن، ئاژیتاتۆر ناکەن و دوورەپەرێز دەبن لە کۆڵاندنی هەستی خەڵک بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی، ئیدئۆلۆژیک، دینی، حزبی، حکوومەتی و شەخسی.
برایم فەڕشی
٩/٩/٢٠٢٤
بۆ وەرگرتنی زانیاریی زۆرتر دەکرێ ئەم کتێبانە بەکاربهێنرێن:
Propaganda, The Formation of Men’s Attitudes: Jacques Ellul
ئەم کتێبە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە سەبارەت بە پرۆپاگەندە و ئاژیتاسیۆن و بەکارهێنی وەک کەرەسە بۆ ڕاکێشانی جەماوە
Rules for Radicals: Saul Alinsky
باسێک لە سەر کۆمەڵگا، ڕێکخراو، ئاژیتاسیۆن لە بواری کاری و پراکتیکی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ مەبەستی سیاسی.
Die Kunst der Agitation: Alexander Herzen
کتێبێک لە بواری مێژووی پرۆپاگەندە و ئاژیتاسیۆن لە سەدەی نۆزدە. شۆڕشگێڕ و ئاژیتاتۆری بەناوبانگی ڕووس
Der Agitator: Politische Agitation im Kaiserreich: Ute Planern
ئەم کتێبە چاوخشاندنە بەسەر دەوری ئاژیتاتۆرەکان لە سەردەمی قەیسەری ئاڵمان کە چۆن کاریگەریی سیاسی و فەرهەنگیی لەسەر خەڵکی ئاڵمان و دەرەوە هەبوو. قەیسەری ئاڵمان پاش ئیتالییەکان توانی لە ڕێگای پرۆپاگەندە و ئاژیتاسیۆن خەڵکی موسڵمان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئەو سەردانی سەر گۆڕی سەلاحەدینی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و خەڵکی موسڵمان باوەڕیان هێنابوو کە قەیسەری ئاڵمان بووەتە موسوڵمان. هەر قەیسەری ئاڵمان توانی سوڵتانی عوسمانی ڕازی بکات بۆ ئەوەی جیهادی ئیسلامی دژی بریتانیا و ڕووس دەربکات.
Agitprop, The Life of an Agitator: Mark Beissinger
ئەم کتێبە مێتۆدەکانی ئاژیتاسیۆن و بەکارهێنانی دەخاتە ڕوو کە لە جووڵانەوە و شۆڕشەکاندا بەکارهێنراون.
Formularende