گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

شیکاری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

بابایی، مەسعوود (٢٠٢٤): ئایا ئێمە لە سەردەمی نیهیلیزمدا دەژین؟. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٢٠٩–١٩١ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

لە نیهیلیزمدا، سەرەتا بەخۆداشکانەوە و پاشان بێزاری لە شیرازە و سیستمی هەنووکەییی جڤاکی و فەرهەنگی و سیاسی دێتە ئاراوە و دواتر بێ‌توانایی لە لێکدانەوەی بەهاکان لە زەین و بیروهۆشدا تەشەنە دەکات و سەرەنجام لەهەمبەر هەموو ئەو شتانەی کە هەن کینە و دڕدۆنگی لە ناخدا کەڵەکە دەبێت. لە نیهیلیزم یان هیچگەراییدا نەمانی ئامانجی جڤاکی، بێ‌پێوەری و نەمانی پارسەنگ و نەبوون و لەدەستدانی پێنوێن(ئێندێکس) و تەرازوویەک بۆ هەڵسەنگاندنی کاروبارەکان دێتە گۆڕێ. دەبێ لە جڤاکە سەرەتایی‌یەکاندا پەیجۆری چاوگەی نیهیلیزم بکەین کە بریتین لە وازهێنان لە دنیا، خۆفەرامۆشکردن، گوێنەدان و کەمتەرخەمی و بێ‌باوەڕی بە ئامانجداربوونی جیهان کە بێ‌تواناییی زەینی و هزریی مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە.

ئایا ئێمە لە سەردەمی نیهیلیزمدا دەژین؟

مەسعوود بابایی

 بەرایی

ئایا لەمەڕ بارودۆخی جڤاکی – سیاسیی کورد ئەم پرسیارە ڕەوایە کە ئێمە بە “نیهیلیزم” گەیشتووین؟

ئەگەر “بنبەست” هەستی “هەڵپەسێردران” لە ناخماندا دروست بکات و ببێتە مایەی هەستکردن بە “هیچ” دەتوانین بڵێین ئێمە کەوتووینەتە دۆخێکی نیهیلیستییەوە؟ قۆناخەکانی گەیشتن بە دۆخێکی نیهیلیستی دەبێ چی بن تا کورد هەست بە “هیچبوون” بکات؟ ئایا پرسیارە بێ‌وڵامەکانمان یان ڕێگە هەڵەکانی سیاسەت یان “بنبەستی فەرهەنگ” ئێمەی گیرۆدەی دۆخێکی وەها کردووە؟ ئایا نیهیلیزم “سیفری بێ‌بڕانەوە”یە؟

بارودۆخێک کە مرۆڤێکی خۆراوایی تووشی “هیچگەرایی” دەکات، بەدڵنیایی‌یەوە گەلێ جیاوازە لە بارودۆخێک کە دەکرێ مرۆڤی کورد تووشی ببێت. بەراوردی ئەم دوو دۆخە ژیرانە نییە و ڕەنگە گەلێ ساویلکانەش بێت. دەکرێ هەندێ بارودۆخ و هەلومەرج هەبن کە لەگەڵ ئەوەی هاوشێوە نین بەرەنجامێکی هاوشێوەیان لێ بکەوێتەوە.

دەفری کات و شوێن و سەردەم ڕێگەمان پێ نادات کە پێوەری مەزەندە و پێشبینیی نیهیلیزمی ئەورووپایی – بەو چەشنەی نیچە لێی دەدوێت – بکەین بە پێوەری نیهیلیزمێک کە خەریکە لە کۆمەڵگەکەماندا دەنگی دەبیستین. “نیهیلیزمی ئەورووپایی” بە داڕمانی یەزدانناسی و میتافیزیک یەکەمین هەنگاوی ناوە. سێکۆلاریزم و لائیسیتێ پەنجەرەی جیهانێکی نوێ بەڕووی مرۆڤدا دەکەنەوە. “جیهانناسیی” سەردەمی پاش سەدەکانی نێوەڕاست و ڕوانگەی “زانستگەرایانە” گۆڕانکارییەکی قووڵی لە بیروهۆشی مرۆڤی ئەورووپاییدا هێنایە ئاراوە. ئەم گۆڕانکارییانە بەرەنجامی دۆزینەوە زانستییەکان بوون کە شێوەی جیاوازی ڕوانین لە “بوون” و “گەردوون”یان هێنایە کایەوە و “ئاکامناسیی”(Teleology) یەزدانناسیی مەسیحی لە سایەی سێکۆلاریزم (ئەمدنیاییگەری) لە سیاسەتدا چی دیکە لە خولگەی “شاری خودا”دا نەدەسووڕایەوە، بەڵکو وردە وردە سیاسەت وەک زانست و “هونەری لواو” لە چوارچێوەی جوگرافیا و نەتەوەدا “گەلی جیهانیی مەسیحی” هەڵوەشاندنەوە. گۆڕانی “جیهانناسیی” مەسیحی و ڕوانگەی زانستییانە بۆ گەردوون و جیهان، “یەزدانناسیی مەسیحیی” باوی سەردەمیشی لە پەلوپۆ خست. وردە وردە داروینیزم و تیۆریی “فراژووتن” گورزی گورچکبڕی لە “جیهانناسیی مەسیحی” وەشاند. ڕێنێسانس، دۆخێکی تێپەڕینی ڕەخساندبوو کە گەڕاندنەوەی مرۆڤی ئەورووپاییی بۆ سەدەکانی نێوەڕاست نەلواو دەکرد. مرۆڤێکی ئەمدنیایی کە دەبوو ئاسۆکانی بەختەوەری لەم جیهانەدا بەدی بکات و خۆی داڕێژەری ئاواتەکانی بێت. هەر بۆیە “یۆتۆپیای ئەمدنیایی” لەجێی “بەهەشتی بەڵێندراو” ئاسۆیەکی نوێی بەڕووی مرۆڤدا کردەوە و وردە وردە “ئاکامی جیهان” بەشێوەیەکی دیکە پێناسە کرا. دەبوو “ئاکامناسییەکی نوێ” سەرهەڵبدات و ئەم جارەیان لە “زانستگەرایی”دا خۆی بنوێنێت. سەردەمی شۆڕشە زانستییەکانیش هیوای “خۆشبژیوی” و “تەمەندرێژیی” بووژاندەوە. “پزیشکی” وەک زانستی “هیوای ژیان” خەیاڵی نەمریی بە زەینی کۆمەڵانی خەڵکدا ڕادەبووراند و شاگەشکەیی و خولیاگراوییەکی بەگوڕوتینی دەگەشاندەوە. دواجار “دەروونشیکاری”، لێکدانەوەی خەونەکانیشی – کە پێشتر وەک نیشانەناسیی جیهانێکی ئەودیو ئەم جیهانە لێک دەدرایەوە – لەبەریەک هەڵوەشاندەوە و بەم چەشنە “دنیا و دنیاگەرایی” مرۆڤێکی هەڵپەسێردراوی پڕ لە پرسیار و پڕ لە گومانی ئافراند کە “ترس و نیگەرانی و پەرۆشی” چاڵێکی ڕەشیان پێ نیشان دا کە هەمان لانکەی ڕاژەنینی نیهیلیزم بوو!

نیهیلیزم چییە؟

نیهیلیزم لە وشەی لاتینی nihilبە واتای “پووچ” [یان هیچ] وەرگیراوە، هێما بە هیچێتی دەکات؛ بە واتای نکۆڵی و بەرتەکدانەوەی هەموو جۆرە مانا و بایەخ و بەهایەک بۆ جیهانە. بۆ یەکەم جار “گورگیاس” کە لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین دەژیا، لەم بارەوە دواوە.  زاراوەی نیهیلیزم لە لایەن فرێدریش هاینریش یاکوبی (1734 – 1819) لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی هەژدەوە داڕێژرا و لە ئەدەبیاتی فەلسەفیی جیهاندا بەکار هێنرا.[1] بەڵام فرێدریش نیچە، ئەم هزرەی پەروەراند و لە زۆربەی بەرهەمەکانیدا کەڵکی لەم زاراوەیە وەرگرت.[2]

نیهیلیزم دەربڕی فۆڕمێکی تایبەت لە پۆزەتیڤیزم و ماتریالیزمە. شۆڕشێک دژی شیرازەی هەنووکەییی جڤاکی و دژایەتی لەگەڵ هەموو سەرچاوەکانی دەسەڵات و هێزی وەبارهاتوو لە حکومەت، کڵێسە یان ماڵبات و خێزان. بناخەی ئەم باوەڕە لە ڕاستییە زانستییەکاندا پەیجۆر دەکرێت. لەو ڕووەوە کە نیهیلیستەکان، بڕوایان بە چییەتیی دووانیی جەستە و ڕۆح بۆ مرۆڤ نەبوو، لە لایەن کڵێسەوە ڕاوەدوو نران. لە لایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی پادشاکانیشدا ناکۆک بوون لەتەک سێکۆلارەکانیشدا تووشی ململانێ بوون.

نیهیلیزم بێجگە بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی کە هەر جۆرە “ئاکام”ێک بۆ جیهان ڕەت دەکاتەوە، لە باری ڕەوشتییشەوە نیچە گوتەنی: “بێ‌بەهاکردنی هەموو بەهاکان”ە و سەرچاوەی میتافیزیکی و دینیی ڕەوشتیش بەرتەک دەداتەوە. ڕەنگدانەوەی نیهیلیزم لە ئەدەبیاتی جیهانییشدا دەتوانین پەیجۆر بکەین: وەک “کافکا” و “کامۆ”. هیچگەراییی بوونەکی (Existential Nihilism)، تیۆرییەکی فەلسەفییە کە دەڵێ “ژیان هیچ واتا و بایەخێکی خۆیەکیی نییە.” داڕمانی دیزاینی یەزدانناسانەی جیهان و هەرەسهێنانی “جیهانی ئەودیوەکان” بۆشایی یان “هیچێتی” دروست دەکات.

ئەم پرسیارە کە ئایا نیهیلیزم قۆناخێکی نێوان دوو جەنگ یان قۆناخی پاش جەنگی دووەمی جیهانی بوو کە “ئاشۆڤیتس” و “هۆڵۆکۆست” و “داخائۆ”، مرۆڤی ئەورووپاییان لە باری دەروونی و هزرییەوە هەڵپەسارد و ترسی هەمیشەیی لە نازیزم و فاشیزم و تۆتالیتاریزمی لە یادگەی ئەورووپیدا چەسپاند، قۆناخێکی بەسەرچوو و تێپەڕیوە، وڵامێکی نیوەناچڵ یان بێ‌وڵامی هەیە!

 نیچە، لە سەدەی نۆزدەیەمدا، نیهیلیزم بە “نەخۆشیی دووسەدەی داهاتوو” لەقەڵەم دەدات؛ نەخۆشییەک کە ڕەنگە جاروبار لە سەدەی بیستەمدا هەم وەک دەرد و هەم وەک دەرمان بەکەڵک هاتبێت. “چێژگەرایی”(هایدۆنیزم)، دەرمانی “ئەپیکۆر” بۆ “دەردی “گورگیاس”!

ئایدیۆلۆژیاکان کە سەردەمانێک وەک “نەخشەی جیهانی نوێ” لە پاش داڕمانی جیهانی کۆن، توانییان بەسەر “نیهیلیزم”دا زاڵ ببن، لە نێوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەدا بنەماکان و یۆتۆپیای خۆیان داڕشت و لە سەدەی بیستەمدا بەشێکی زۆریان تاقی کرانەوە و “چاڵێکی ڕەش”یان لێ بەجێ ما کە چاوی واقوڕماوی مرۆڤی سەدەی بیستەم  و سەدەی بیست و یەک بە حەپەسان و ترسەوە تا ئێستاش لێی دەڕوانێت!

نیهیلیزمی کامۆیی:

“ئۆدیپی پاشا”- داهێنراوی سۆفۆکلیس – پاش ئەوەی کە زانیی دایکی خۆی مارە کردووە، چاوەکانی خۆی کوێر دەکات … پاش ئەو تاوانە و پێشێلکردنی بەهاکان، ئیدی جیهان بە هۆی ئەو پەڵەی شەرمەوە نابێ ببینرێت!

“کالیگۆلا مرۆڤێکە کە تاسەی ژیان ئەو بۆ لەنێوبردنی ئەوانی دیکە هەڵدەخڕێنێت. ئەو کەسێکە کە هەندە شەیدای خۆیەتی کە هۆگری بە کەسانی دیکەی لە دەست داوە. ئەو نکۆڵی لە هەموو بەهاکان دەکات.”[3]

لە “ئەفسانەی سیزیف”یشدا چەمکی بێهوودەییی “کار”ی مرۆڤی مودێڕن لە پێوەندیگەلی بێ‌بەزەیی‌یانەی “سەرمایە” و “پارە” بە کەڵکوەرگرتن لە ئوستوورەیەکی یونانی خراوەتە بەرباس. سیزیف لەبەر یاخیبوون لە خودای خوداکان واتە “زیۆس” ناچار کراوە بەوەی کە بەردێکی قورس بباتە سەر لووتکەی چیایەک. بەڵام هەرکە دەگاتە لووتکەی چیا، بەردەکە بە فەرمانی “زیۆس” تلۆر دەبێتەوە و دیسان “سیزیف” ناچارە بیباتەوە سەر لووتکەی چیاکە. لە ڕاستیدا ئەم کارەی سیزیف “بەرجەستەبوونەوەی پووچی”یە. بەرجەستەبوونەوەی “کار”ی مرۆڤی گیرۆدە لەنێو پێوەندییە هۆڤانەکانی سەرمایەداری و تووشبوون لە داوی “بۆرۆکراسییە”. لێرەدا دەبێ سەرنج لە دژایەتیی بیروبۆچوونی کامۆ لەگەڵ ئیگزیستانسیالیستەکان بدەین کە دەڵێن مرۆڤ “بکەر”ە. هەڵبەت دیوێکی دیکەی ئەم تاریکییە، وەک کامۆ دەڵێ: “جوانیی ژیانە کە لە پاڵ گۆڕانکارییە گەمژانەکانی ژیانی ئەمڕۆیی و بوونبەیەتیی (صیرورة) بێ‌ماناوە، لەو دیوی پووچییەوە دەدەڵێنێت”.

“کامۆ” سەرەڕای ئەم پووچییەی کە مرۆڤی ئەمڕۆیی تێی کەوتووە، تاکە ڕێگەچارە بە یاخیبوون لەم پووچییە ڕادەگەیەنێت. واتە دەربازبوون لە “بنبەست”. لێرەوە جارێکی دیکە هاواری “نیچە” لە زاری کامۆوە دەبیستین کە “ویستی هێز” بە میکانیزمی زاڵبوون بەسەر “نیهیلیزم” دەزانێت، مرۆڤی یاخی دیوێکی دیکەی ئەم ویستی هێزەیە – بەشێوەیەکی کامۆیی – کە دەبێ سەرەڕای بێ‌ئاکامیی ژیان کام لەم ژیانە وەربگرێت و هەوڵ بدات مرۆڤانەتری بکاتەوە!

کامۆ، هزرەکانی خۆی بە دوو بێ‌هیوایی دەست پێدەکات: “جڤاکی” و “ئایینی” و بە وەرگرتنی ئەزموونە ئیگزیستانسیالیستییەکان بە تونێلێک دەگات کە دیارییەکەی “پووچی”یە و بەبوێرییەکی ناوێزەوە دەچێتە نێو تونێلەکە. چونکە دەزانێت بۆ “ناسین”، وەپارێزی(موحافزکاری) مڵۆزمە.[4] ئیدی بۆ ڕزگاربوون لەم “پووچی”یە “مرۆڤی یاخی” دەئافرێنێت: دووانەی پووچی و جوانی!

نیشانەناسیی نیهیلیزم:

لە نیهیلیزمدا، سەرەتا بەخۆداشکانەوە و پاشان بێزاری لە شیرازە و سیستمی هەنووکەییی جڤاکی و فەرهەنگی و سیاسی دێتە ئاراوە و دواتر بێ‌توانایی لە لێکدانەوەی بەهاکان لە زەین و بیروهۆشدا تەشەنە دەکات و سەرەنجام لەهەمبەر هەموو ئەو شتانەی کە هەن کینە و دڕدۆنگی لە ناخدا کەڵەکە دەبێت. لە نیهیلیزم یان هیچگەراییدا نەمانی ئامانجی جڤاکی، بێ‌پێوەری و نەمانی پارسەنگ و نەبوون و لەدەستدانی پێنوێن(ئێندێکس) و تەرازوویەک بۆ هەڵسەنگاندنی کاروبارەکان دێتە گۆڕێ. دەبێ لە جڤاکە سەرەتایی‌یەکاندا پەیجۆری چاوگەی نیهیلیزم بکەین کە بریتین لە وازهێنان لە دنیا، خۆفەرامۆشکردن، گوێنەدان و کەمتەرخەمی و بێ‌باوەڕی بە ئامانجداربوونی جیهان کە بێ‌تواناییی زەینی و هزریی مرۆڤی لێ دەکەوێتەوە. گومانگەراییی پەڕگیرانە لە هەمبەر هەموو شتێک و ڕق لە ژیانی جڤاکی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی و پەروەردەیی و بێهوودەییان، هەندێ چاوگی گوورانەکی(تکوینی) و هەوێنە سەرەتایی‌یەکانی نیهیلیزمن.[5]

سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژی نەخشەڕێگەی جیهانێکی نوێ بوو. بانگەشەی ئایدیۆلۆژیاکان کە مزگێنیدەری جیهانبینییەکی زانستی و پەروەردەیین و ئامانج و ئاکامێکی نوێ بۆ مرۆڤی مودێڕن و هاوچەرخ دەهێنن بۆ ماوەیەک توانی سەرهەڵدانی نیهیلیزم دوا بخات. ئەم هیوا تازانە بریتی بوون لە ناسیونالیزم، لیبراڵیزم، نازیزم و فاشیزم کە نەتەوەکانیان بە مێژوویەکەوە دەبەستەوە کە پڕ لە ململانێی خوێناوی بوو و گەڕانەوە بۆ مێژووی پڕشانازی، یۆتۆپیای ئەمدنیاییان دەسازاند و کۆمەڵانی خەڵکیان دەکردە سەربازی ئەم یۆتۆپیایە. دوابەدوای ئەوە مارکسیزم  لە سەنگەرێکی دیکەوە هیوایەکی دیکە بوو کە بە دژی سەرمایەداری قوت بوویەوە و کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی جیهانیی لە هاووڵاتیی جیهانیدا هێنایە کایەوە: ئەم ڕێبازە وردە وردە کەموکووڕییەکانی دەرکەوتن کە بریتی بوون لە : ماشینیزم و ساینتیزم[6] کە زانستگەراییی بە تەوەری سەرەکی دەزانی و تەنانەت لەنێو خۆیشیدا جۆرێک لە ناسیونالیزمی پاساو دەدا (بۆ نموونە سڵاڤیزم) کە بە جەخت لەسەر ماتریالیزم و پێناسەیەکی چەقبەستوو لە “کار” و “بەرهەمهێنان” ئەویش تووشی جۆرێک لە یۆتۆپیانۆڕی بوو!

لە تەنیشت داڕمانی یۆتۆپیای فاشیزم و نازیزم، “کۆلاگ” و “تاوانەکانی سیبریا” یۆتۆپیای کۆمۆنیزمی داڕووخاند. فەیلەسووفانی چەپی مارکسیست بەناچار “ڕیڤێرزیۆنیزم”یان بۆ دەربازبوون لە “بنبەست”ی سوسیالیزمی زانستی هەڵبژارد و دواجار بۆ خوێندنەوەیەکی نوێی پاش جەنگی دووەمی جیهانی، ئەندامانی “قوتابخانەی فرانکفۆرت” لەم حەزیای مودێڕنیتەیە ڕامان و ڕەخنەگرانە ئاسۆکانی داهاتوویان ڕاڤە کرد. ئەو دۆخە نیهیلیستییەی پاش دوو جەنگی جیهانی پێویستیی بە شیکردنەوە و ڕاڤەیەکی نوێ بوو. لەو بڕوایەدام هەوڵەکانی مارکیۆزە لە “ئێرۆس و ژیار” و “مرۆڤی تاکڕەهەند” ڕێگەیەکی قوتاربوون لەو “نیهیلیزم”ە بوون کە مرۆڤی ئەورووپایی تووشی بووبوو.

پۆستمودێڕنیزم و نیهیلیزم

پۆستمودێڕنیتە لە ڕەخنەی مودێڕنیتەوە دەست پێدەکات. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا باسوخواس لە “بنبەستی مودێڕنیتە” بووە مایەی ڕەوتێک کە بە “پۆستمودێڕنیتە” ناسراوە. هەرچەند “مانیفێستی پۆستمودێڕن” لەبەرانبەر پڕۆژەی مودێڕنیتەدا ئەو هێزەی دەرکەوتنی نەبوو و تا ئێستاش نەیتوانیوە لەبەرانبەر مودێڕنیتەدا بەرەنجامە بەرهەستەکییەکانی بەرچاو بن، بەڵام لێکەوتەکانی مودێڕنیتە و بارودۆخی جیهانی مودێڕن بەباشی لە لایەن پۆستمودێڕنەکانەوە نیشان دراون و بەر نەشتەری ڕەخنە نراون. بیرمەندانێکی هەڵکەوتەی فەرەنسیی وەک فۆکۆ و لیوتار و بۆردیار و هەروەها ڕیچارد ڕۆرتیی ئەمریکایی و ڤاتیمۆی ئیتالیایی ناسێنەری پۆستمودێڕنیتەن. هەڵبەت ئەم بیرمەندانە لەژێر کاریگەریی “هایدگەر”دا بوون و بەم شێوەیەش ناڕاستەوخۆ کاریگەریی نیچەیان بەسەرەوە دیار بوو، گەڵاڵەی هزریی نیچە لەبارەی “نیهیلیزم”ەوە یارمەتییەکی زۆری گەشەی پۆستمودێڕنیزمی دا و ئەوان لەبارەی چەمکانێکی وەک خودا، مێژوو، میتافیزیک و مرۆڤ گەلێ بنەواشەی نوێیان خستە ڕوو؛ بەتایبەت ڕەخنە لە چەمکی “هەقیقەت”.

زاراوەی پۆستمودێڕنیزم یەکەمجار لە لایەن ئارنۆڵد توین بی لە 1939 بەکار هات. ئەم زاراوەیە دواتر لە 1960 لە نیۆیۆرک لە لایەن هونەرمەندان و ڕەخنەگرانەوە بەکار هات. پاشان تیۆریداڕێژە ئەورووپاییەکان لە 1970 ئەم وشەیەیان بەکارهێنا؛ هەرچەند جۆن ئارگیبینز، بەکارهێنانی ئەم زاراوەیەی لە ساڵی 1934 وەپاڵ فێدریکۆ ئونیس (ڕەخنەگری سپانیایی) داوە کە وەک زاراوەیەکی دژەئیمپریالیستی لە شیعرە سپانیولیستییەکاندا بەکاری هێناوە (گیبینز 1381، 25). جۆن مەک گوان، لە وتارێکدا لە ساڵی 1991 چەمکانێکی وەک پاش پێکهاتەگەرایی، نیومارکسیزم و نیوپراگماتیزم و پۆستمودێڕنیزم بە بەرهەمی هزروبۆچوونی کانت، هیگڵ و مارکس و هەڵبەت نیچە دەزانێت (1، 1997، Best).[7]

ئەگەر بڵێین نیهیلیزم یەکێک لە لێکەوتەکانی مودێڕنیتەیە، دەشتوانین بڵێین “نیهیلیزم” سەرەتایەک بوو بۆ سەرهەڵدانی پۆستمۆدێڕنیزم یان پاش مودێڕنیتە. بەو مانایەی کە “بنبەستی مودێڕنیتە” بووە مایەی نیشاندانی ڕێگەیەکی دیکە بە بیرمەندان تا خۆیان لەو نیهیلیزمە وێرانکەرە قوتار بکەن کە دەکرا هەموو شتێک لە سیاچاڵی خۆیدا قووت بدات.

لەبەر ئەوەی دەرفەتی درێژدادڕیمان نییە، لەو کاریگەرییانە دەدوێین کە تێیدا “نیهیلیزم” بووەتە مایەی ڕاڤە و داڕشتنی بنەواشەکانی پۆستمودێڕنیزم کە لەم خاڵانەدا کورتی دەکەینەوە:

بنەواشە(پرەنسیپ)ی یەکەم: هەرچییەک لە مودێڕنیتەدا هورمی(اعتبار) هەبووە لە چاخی پۆستمودێڕندا بێ‌هورم و هەڵوەشاوەیە.

بنەواشەی دووەم: نکۆڵی یان بەرتەکدانەوەی کەتوار.

بنەواشەی سێیەم: مرۆڤ توانای ناسینەوە و جیاوازیدانان لەنێوان ئیمان و کەتواری لەدەست داوە و مرۆڤ لەجێی کەتوار، لەگەڵ خۆڕانوێنێکدا بەرەوڕووە.

بنەواشەی چوارەم: ناسەقامگیریی واتایی (لە جیهانی داماڵدراو لە ژیری و هەقیقەت، جیهانێک کە تێیدا هیچ زانست و زانینێک بەهورم نییە و هیچ کەتوارێک لە ئارادا نییە و زمان تاکە ڕایەڵێکی زراڤ و ناسکی ژیانە، گەلێ سروشتییە کە مانا، مانایشی نەبێت).

بنەواشەی پێنجەم: تەنیا لە گومانگەراییدایە کە تێیدا هیچ تیۆرییەکی ڕەهاگەرایی و ئەزموونێک نرخ و هورمی نامێنێت.

سەرباری ئەوەش بنەمایەکی دیکەیش کە پۆستمودێڕنیزم لەسەری هەڵنراوە، بریتییە لە بانگەشەکردن بۆ فرەچەشنی، فرەنەژادی و فرەزمانی کە دەتوانێت سیمای هەنووکەیی جیهان بگۆڕێت.[8] لە وەها بارودۆخێکدا کە ئیمان بە هەقیقەت یان هەقیقەتەکان لەرزۆک بووە و بێ‌بنەمایی و بێ‌مانایی و مەرگ، بەها و بایەخەکانی جیهانی ئێمەیان تەنیوە، نیهیلیزم زیاتر لە سەدەکانی پێشوو – نیچە گوتەنی – لە دەرگا دەدات:

“نیهیلیزم لە دەرگا دەدات: ئەم سامناکترینەی تێکڕای میوانەکان لە کوێوە دێت؟ شوێندەسپێک هەڵەیە؛ ئەگەر “هەژاریی جڤاکی” یان “تڕۆبوونی فیزیۆلۆژیک” یان خراپتر لەوە، گەندەڵی بە هۆی هیچگەرایی بزانین. چاخی ئێمە ڕازاوەترین و دڵسۆزانەترین چاخ و سەردەمە. هەژاری، هیی دەروونە، یان لەش، یان ژیری؛ بەڵێ، [ژیری] خۆی ناتوانێت نیهیلیزم (واتە بەرتەکدانەوەی ڕیشەی بەها، واتا و خوازراوێتی) بڕەخسێنێت…” (یاداشتی ساڵی 1885 –1886). [9]

ئیگزیستانسیالیزم و زاڵبوون بەسەر نیهیلیزمدا

نەمانی ئاکامێک بۆ جیهان، بێ‌هیوایی و بێ‌باکی لە ناخی مرۆڤدا دروست دەکات و لایەنی مەترسیداری نیهیلیزم لێرەوە دەست پێدەکات. بنبەستی مارکسیزم لە بەجێهێنانی بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی مرۆڤێکی لەقاڵبدراو و کۆمەڵگەیەکی ڕەنێوهێنتەوەر(production – oriented )کە هەموو هەست و خوست و شەرەفی مرۆییی لە ڕیشەیەکی جەبریی ئابووریدا دەکردە قوربانی، دەبێتە مایەی دەنگهەڵبڕینی ئیگزیستانسیالیزم. لە جیهانێکدا کە مرۆڤێکی هەڵپەسێردراوی بێ‌هیوا لە میتافیزیک و ئایدیۆلۆژییەکان گیرۆدەی نیهیلیزم بووە، مرۆڤ سەرەڕای بوونی بێ چییەتیی(ماهیت)ی خۆی دێتە مەیدانەوە و دەبێ خۆی چییەتیی خۆی لە باشاری جڤاکدا، بە چەرمەسەری و تێکڕای پەرۆشی و کەڵکەڵەکانی دروست بکات. ئاشکرا و دیارە کە هۆی باوەڕی ئەم ڕێبازە بە پێشەنگایەتیی بوون لەبەرانبەر چییەتیدا، وەبارهاتووی هەرەس و بۆڕدرانی مرۆڤە لەوەیدا کە ئایدیۆلۆژییەکی پێشوەختە هەبێت و ئیگزیستانیسالیزم لە وەها ژینگەیەکدا پەیجۆری بەخشینی مرۆڤگەراییەکە بە مرۆڤ.

دەتوانین لەباری مرۆڤگەراییی ئیگزیستانیسالیستییەوە دوو خاڵ دەستنیشان بکەین:

  1. ئازادی و بەرپرسایەتی:

لە فەلسەفەی ئیگزیستانسیالدا ئەرکی مرۆڤ گەلێ دژوارە. چونکە بە سڕینەوەی چییەتییەکی پێشتردیاریکراو بۆی، خۆی بەرپرسی دروستکردنی خۆیەتی؛ واتە ئەمە دەبێت بە ئاکامێک بۆ مرۆڤ لەجێی ئاکامێک بۆ جیهان و لێرەوە مرۆڤ دەتوانێت بەسەر نیهیلیزمدا زاڵ ببێت. ئەو  دەبێتە بەرپرسیاری داهاتوو، کۆمەڵگە، مێژوو و بەختەوەریی خۆی. ئەمە پرۆسەیەکی دژواری شوناسبەخشینە. چونکە ئیدی لەمەولا مرۆڤی ناتۆرالیستی لە ئارادا نییە. ئازاد لە هەموو جەبرێک و داڕێژەری جەبری خۆی.

  1. دڵەڕاوکێ یان نیگەرانی:

دڵەڕاوکێ یەکێک لە بنەماییترین ماناکانی فەلسەفەی ئیگزیستانسیالە. نیگەرانی وەبارهاتوو لە  ئەمڕۆ و بەیانی، ئەڤین، خوێندن و سامان نییە. بەڵکو بەرەنجامی بەرپرسایەتییە لە هەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاست لە دروستکردنی خۆدا. نیگەرانی لە هەڵبژاردنی باشترین بژاردەدا. دڵەڕاوکێ بەرەنجامی هەستکردن بە بەرپرسایەتییە. ئیگزیستانسیالیزم بەم ڕێگەیە هەوڵ دەدات دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی ئاکامناسانەی یەزدانناسانە و یۆتۆپیایی – کە بە نیهلیزم دەگات – بەگوێرەی ڕێسای پێشەنگایەتیی بوون لەبەرانبەر چییەتیدا بۆڕ بدات و مرۆڤگەرایی لە خۆیدا ببێت بە ئاکام؛ بەگوێرەی ئەم ڕێبازە بەم چەشنە بەسەر نیهیلیزم یان لایەنە تێکدەرانەکانی نیهیلیزمدا زاڵ دەبین.

دۆخی کورد

هەروەک لە بەراییی وتارەکەدا گوترا، ناتوانین ئەو سروشتەی نیهیلیزمی ئەورووپایی لە کۆمەڵگەی کوردی و لەم سەردەمەی ئێستادا پەیجۆر و دانەدوو بکەین. واتە گوتەیەکی بێ‌مانایە لە هەنووکەی کۆمەڵگەی خۆماندا پەیجۆری نیهیلیزمی فەلسەفی بکەین.

لە ئەدەبی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا، وەک دەگوترێت دەرکەوتی نیهیلیزم لای “خەییام” و “ئەبوعەلای موعەڕی” وەبەرچاو دەکەوێت. دۆخێکی گومانگەرایانەی فەلسەفی لەبارەی نەخشەی ئافراندنی گەردوون، زۆرەملێ و سەرپشکیی مرۆڤ، (لوحة المحفوظ)، پاداشت و سزا و دواجار خۆسپاردن بە مەی – لای خەییام – وەک سڕکەری پرسیار و شێتییەکی دیۆجانوسانە لە هەمبەر باوەڕی گشتیی جڤاک لەم ئەدەبەدا دەبینرێت و بەشێک لە نیشانەناسیی نیهیلیزمی تێدا بەدی دەکرێت.

پێویستە لێرەدا لەنێوان “نیهیلیزم” و “دەربڕینی نیهیلیستی”دا جیاوازی دابنێین. “نیهیلیزم” ڕوانگەیەکی فەلسەفییە کە وەک ڕێبازێک یان دیاردەیەک بەدی دەکرێت و تایبەتمەندییانێکی هەن کە باس کران. لێرەدا من لە داوەری لەم بارەوە کە ئایا “نیهیلیزم” بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە لەم سەردەمەی کۆمەڵگەی ئێمەدا لە ئارادایە، خۆم دەبوێرم. بەڵام جەخت لەسەر “دەربڕینی نیهیلیستی” دەکەمەوە کە دەتوانین وەک بەشێک لە “نیشانەناسیی” نیهیلیزم لێی بدوێین و ڕەنگە لە کۆتاییدا بتوانین بەگوێرەی ئەم نیشانەناسییە لەبارەی هەبوون و نەبوونی سەرلەبەری نیهیلیزم لە “دۆخی کورد”دا ڕاوبۆچوونێک بخەینە ڕوو.

تەنانەت لەنێو سیستمی باوەڕدارانەی دینییشدا بارودۆخێک دێتە پێشەوە کە مرۆڤ هەست بە “فەرامۆشیی خودا” دەکات. ئەم فەرامۆشییە کە کەسانێک هەست بەوە دەکەن خودا ئەوانی لەبیر چووەتەوە، چرکەساتێکی نیهیلیستییە. لەو ساتانەی کە دەڵێین “خودا لەکوێی؟” بۆشاییەکی گەورە لە ڕۆحماندا دروست دەبێت. چرکەساتێک کە تێیدا “دیزاینی خواوەندانەی جیهان” تێک دەڕمێت. ئەم ساتانە، ساتی پچڕانی ڕایەڵی نێوان “بەندە” و “خودا”یە. لە ڕوانگەی ئیماندارێکەوە جیهان و مرۆڤ بە ڕایەڵێکەوە پێک بەستراون کە “گومان” و “کوفر” دەبنە مایەی پچڕاندنی. بەڵام ئەگەر لە چرکەساتێکدا تێکڕای باوەڕ بە هۆی دڵنیابوونەوە لە “بوونبەیەتیی میکانیستیی جیهان” هەڵبوەشێتەوە، هەستی “هەڵپەسێردران” ناخی مرۆڤ دادەپۆشێت و ڕوونکردنەوەی “ئاکامی مرۆڤ و جیهان” نەلواو دەبێت؛ ئەمە ئەو شتەیە کە چەندین جار بە “بنبەست” ناومان هێنا. بڕوا بە “بوونبەیەتیی میکانیستیی جیهان” دەکرێ هاوکات ببێتە هۆی “نیهیلیزمی خوداناباوەڕانە”. ڕەنگە بۆ تاکێکی بیرمەند کە بە بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕاهاتووە و دەتوانێت وێستگەکانی داهاتووی بیرکردنەوەی خۆی پێشبینی بکات، وەها دۆخێک کاریگەرییەکی تۆقێنەری نەبێت. بەڵام ئەم دۆخە بۆ کۆمەڵانی خەڵک کە ڕادێن دەست بە ڕایەڵێکی بوونەکییەوە وەک “ئاکام”ی هەموو شتێک بگرن و پێشوەختە بە وڵامە ئامادەکراوەکان، هەموو پرسیارەکانیان بخەنە لاوە، دۆخێکی تۆقێنەرە. “هەڵپەسێردران” چ فیزیکی و چ دەروونی، سامناکترین هەلومەرجێکە کە دەکرێ کۆمەڵگەیەک تووشی ببێت.

دەتوانین لە باری چۆنیەتییەوە دوو جۆر نیهیلیزم دەستنیشان بکەین: هەمەکی و هەندەکی. هەروەها بەگوێرەی بۆچوونی بۆلنێت دیکێن (لەدایکبووی 1964)، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی دانیمارکی، چوار جۆر نیهیلیزم هەن: نیهیلیزمی ئایینی، نیهیلیزمی ڕادیکاڵ، نیهیلیزمی کارتێکراو و نیهیلیزمی تەسەل. هەڵبەت ئەم چوار جۆر نیهیلیزمە لێکدابڕاو نین و دەکرێ هاوکات و هاوپێناو بن، بە جۆرێک کە خودی کابرای بیهیلیست هەست بە هاوپێناوییان نەکات. کە وابوو دەکرێ دەرکەوتی نیهیلیزم بەو شێوە تەسەل و هەمەکییە بەشێوەیەکی یەکسان کۆمەڵگەکان داگیر نەکات، بەڵام لەم سەدەیەی ئێمەدا هیچ قوژبنێک لە دنیادا نەماوە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان نیهیلیزم بە دەرکەوتی جیاوازەوە تێیدا بەدی نەکرێت. کە وابوو بەگوێرەی چۆنیەتی دەتوانین لانیکەم جۆری هەندەکیی نهیلیزم لە دۆخی کورددا دەستنیشان بکەین. سەرەتا لە ئەدەبەوە دەست پێدەکەین.

پرسیار و گلەیی لە “چارەنووس” و “بەختی “ڕەش” و دۆشداماویی میتافیزیکی و هیچێتیی کاروباری دنیا و چەرخی چەواشە و گەردوونی چەپگەرد … و هتد، لە ئەدەب، بەتایبەتی شیعری کوردیدا لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی “کوردبوون” بە زەوەندی دەبینرێت. ئێمە بۆ دەبێ چارەنووسمان وابێت، گیرۆدەی دەستی تورک و عەرەب و فارس و بێ خودان و بێ سەروەر؛ لای ئەحمەدی خانی و لە پێشەکیی “مەم و زین”دا کە شەرحی دڵی خۆی دەکات بە “فەسانە” ڕەنگدانەوەی بێهوودەیی و هیچێتیی بارودۆخێکی زەمینین کە “بێ‌دەوڵەتی” خوڵقاندوویەتی و “ئاوارەبوون” و “هەڵوەداییی کۆمەڵگە” ڕەخسێنەری نیهیلیزمێکی هەندەکیی جڤاتییە. بە گەڕانەوە بۆ گوتەکەی نیچە کە نالەباریی “سیاسەت و ئابووری” دەکرێت هۆکارێکی سەرهەڵدانی نیهیلیزم بێت، دەتوانین نەبوونی سیاسەت و سیاسەتوان بە هۆکاری سەرهەڵدانی نیهیلیزمێکی زەمینی (ناسووتی) بزانین کە ئەم لایەنە بە زەقی لای “خانی” دەبینرێت.

نیهیلیزمی ئایینی – باوەڕدارانە، لایەنێکی دیکەی نیهیلیزمی هەندەکییە؛ ئەم لایەنە بەزەقی لای “خانای قوبادی” لە حەوت خشتەکییەکانیدا دەبینرێت کە بە ناونیشانی “حەوت تەرجیعبەند” لە دیوانەکەیدا هاتوون:

قەدیم موتڵەق، قەدیم موتڵەق   

 یا قائم بە ذات قەدیم موتڵەق …

ئەم دیڕە لە کۆتاییی خشتەکەکاندا پاتەوپات دەبێتەوە:

وەرنە بە زاتت، جە لای زات تۆ           

مەکەروون ڕۆی حەشر من شکات تۆ!

 (سکاڵا لە خودا لای زاتی خوداییی خودا!)

حاکمەنی تۆ، هەم وێت کەر قازی

کەس بە سونع وێش چوون نییەن ڕازی؟

ئەوڕۆ کە هەستیی منت کەرد ڕەقەم

“والله و بالله” بە زاتت قەسەم

ئەر مەبی بەدەست من ئیختیارێ

جەو دەمدا دەرلاد مەکەردم کارێ

دونیای بێ وەفای تۆ نەدیام بە چەم

نەکەوتام بەی تەور نە گێجاو خەم

کەسێ جە ئیبلیس ساعیتەر نەبی

چوون جەزبەی تەوفیق تۆ یاوەر نەبی

بە عەبەس بەرشەی جەفا بەردەنش

تەوقێ جە لەعنەت شی نە گەردەنش

خانا جە دەرگای زات بێزەواڵ

جە ڕووی گوستاخی، مەپەرسۆ هەواڵ

سا جە بەندەگان کێ تەقسیرشەن

کێ ساحێب قەزا، کێ تەقدیرشەن؟

گا شەیتان، گا نەفس شووم شەڕانگێز

مەکەری پێشان تۆ بە دەستئاوێز

مەنیەی نە گەردەن چەندین گۆناشان

بە ئاهر دۆزەخ مەدەی سزاشان

هەرچی ڕەزاتەن مەکەری تەقدیر

گشت کەردەی وێتەن، کێن ساحێب تەقسیر؟

قەسەم بە زاتت، یاگەی ئومێدەن

ئەر مەکەیم وە سەنگ، ڕاستش هەر ئێدەن:

نە زەڕڕێو گۆنای نەفس ئەممارەن

نە فیتنەی شەیتان شووم بەدکارەن

هەرچی مەکریۆ، بە ئیرادەی تۆن

کوسێ چکارەن، ساحێب وجوود کۆن؟

هەرچەند ئەی حەرفە جە ئەدەب دوورەن

خاریج ڕای شەرع ئەهل شعوورەن

قەسەم وە زاتت، گشت کەردەی وێتەن!

گۆنای کەس نییەن، بنیادەم شێتەن[10]

لەبەر ئەوەی دەرفەتی لێکدانەوەی دیڕ بە دێڕی شیعرەکەمان نییە نێوەرۆکی پەیامەکەی خانا لێرەدا دەخەمە ڕوو:

(خودایە تۆ خۆت فەرمانڕەوای، خۆت دادوەری خۆتی، ئەرێ کێیە کە لە ئافرێنراوی خۆی ڕازی نەبێت؟ ئەمڕۆ کە گیانت وەبەر من نا هەر بە خۆت سوێند دەخۆم، ئەگەر لە دەستم بهاتبایە لەمەولا کارێکم دەکرد دنیای بێ‌وەفای تۆ بە چاو نەبینم نەک بەم شێوەیە بکەومە نێوە گێژاوی خەم.

کەس لە ئیبلیس (شەیتان) خوداپەرستتر نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆ ڕات لێی نەبوو، هەر لە خۆڕا ستەمی چەشتووە و تەوقی لەعنەتی کراوەتە مل. خانا بە چاوقایمی و گوساخییەوە پرسیار دەکات جا لە بەندەکانی تۆدا لێکدانەوەی کێ دروستە، ئاخۆ کێ خاوەنی چارەنووس و چی لە چارەی کێ نووسراوە؟ تۆ هەندێ جار تەشک (نفس) و هەندێ جار شەیتانیان لێ دەکەی بە مڵۆزم و گوناهەکە دەخەیە ئەستۆی خۆیان و بە ئاگری دۆزەخ سزایان دەدەی. سوێند بە زاتی خۆت کە تەنیا هەر ئەوە جێی ئومێدە، ئەگەریش بمکەی بە بەرد ڕاستییەکە ئەمەیە: نە تۆزقاڵێک خەتای “نەفسی ئەممارە”یە و نە خەتای شەیتان! هەرچییەک دەکرێ بە ویستی تۆیە و کێ بە کێ و کێ دەتوانێ قسە لە قسەتدا بکات؟ هەرچەند ئەم قسەیە دوورە لە ئەدەب و لە دەرەوەی شەرع و دایانانە، سوێند بە زاتی خۆت هەر هەمووی کردەوەی خۆتە، گوناهی کەسی تێدا نییە، ئادەمیزاد خۆی شێتە [بڕوا بەم شتانە دەکات]!)

نیهیلیزمێکی هەندەکی یان ڕێژەیی کە لەم شیعرەی “خانا”دا هەیە، کە بە سەرنجدان لەگەڵ چەمکەکانی “دانای ڕەها” یان “هەمەشتزان”، بەتوانای ڕەها و باڵانواڕ، “ڕاساوبەخۆ” (قائم بالذات) دەبینرێت، بە خوداناباوەڕی(الحاد) و نکۆڵی لە ئاکامی جیهان و ئافرێنەر نەگەیشتووە؛ بەڵام “بێهوودەیی” و “گۆترەیی” و هیچێتیی” هەندێ لایەنی یەزدانناسیی ئایینی بەرتەک دەداتەوە کە گوایە مرۆڤ سەرپشکە (مخیر)ە بەڵام خانا بە ناچار (مسیر)ی دەزانێت! خانا لە تووناوتوونی گومان، ئیمان، ترس، پرسیار و دڵەڕاوکێدا، بوێریی ئەوەش نیشان دەدات کە سەرچاوەی “چاکە” و “خراپە” بگەڕێنێتەوە بۆ لای خودا و بەکردەوە “نەفسی ئەممارە” و “ئیبلیس” بە چاوبەست دەزانێت. کە وابوو لەگەڵ ئەوەی “هیچێتیی” ئەم چەمکانە دەخاتە ڕوو، بەڵام ڕاستەوخۆ داوا لە خودا دەکات لێی ببوورێت چونکە ڕاشکاوانە خودا بە بەرپرسیاری گوناهی خۆی دەزانێت! لایەنێکی دیکەی ئیمانی خانا، سەرەڕای ترس و دڵەڕاوکێ لە سزای یەزدانی ئەوەیە کە دەڵێ خودا من لەو دنیا سکاڵا لە زاتی خواییت دەکەم. سکاڵا لە خودا لای زاتی خودا وەک ئەوەیە کە خودا بە ویژدانی خوداییانەی خۆی بسپێریت و ئەمە خاڵێکی پرشنگدارانەی جۆرێک لە نیهیلیزمی ئیگزیستانسیالە کە لە چوارچێوەی وێژمانی ئایینیدا بەشێکی زیادەی وێژمان (گوتار، دیسکۆرس) بەرتەک دەداتەوە تا چاوبەستێک کە هەمان “هیچ”ە ئاشکرا بکات کە خودا خۆی بۆ شاردنەوەی “سەرچاوەی خراپە” لە مرۆڤی دەکات و ئادەمیزاد بە شێت دەزانێت ئەگەر بڕوا بەم چاوبەستە یەزدانییە بکات. بەم شێوەیە لەگەڵ ئەوەی وا دیارە “خانا” مرۆڤ بە “ناچار” دەزانێت، بەڵام وەک “سیزیف” بەردەکە کۆڵکێش ناکات، بەڵکو وەک ئەوەیە بە خودا بڵێت من بە چاوبەستەکەت دەزانم، بە قسەت ناکەم، بەڵام دەزانم کە تۆ ئاکامی ڕەهای جیهان و سەرچاوەی چاکە و خراپەیت و دەبێ بمگەڕێنیتەوە بۆ بەهەشت!

بە بڕوای من، ئەم تایبەتمەندییە نیهیلیستییە لە شیعرەکەی “خانا”دا، “نیهیلیزمی بنیاتنەر”ە کە ئیگزیستانسیالیزمی سارتەری وەری دەگرێتەوە بۆ ئەوەی پێش بە تایبەتمەندییە وێرانکەرەکەی نیهیلیزمی ڕەها بگرێت.

خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج  ئەوەیە کە  “خانا” لە “فەرامۆشیی خودا” نادوێت، لە “چاوبەستی خودا” دەدوێت. “فەرامۆشیی خودا” بەرەنجامی گوناهباریی مرۆڤە کە خودای تووڕە کردووە و گلەیی “خودا لە کوێی؟” تکا و لاڵانەوەیەکی ئیماندارانەی هەستکردن بە گوناهە؛ ئەم دۆخە، دۆخێکی بێ‌هیوابوونە بەڵام “ڕەها” نییە. پەیبردن بە “چاوبەستی خودا” هیچێتی دەردەخات، هەندێ چەمکی زیادە کە خودا لە پشتییەوە خۆی وەک سەرچاوەی خراپە دەشارێتەوە! زیادەبوونی “شەیتان” و “نەفسی ئەممارە”. لەگەڵ ئەوەشدا شەیتان وەک بوونەوەرێکی بەنەفرەتکراوی بێ‌تاوان لە شانۆکە دەر دەکات تا نەخشەکێشی ڕاستەقینەی جیهان خۆی بنوێنێت؛ مرۆڤ وەک پەیبەری هیچێتی و ئەفسانە و دەرخەری پووچەڵانێکی مێژوویی لە دووتوێی دیندا. من ئەمە بە دەرخەری “نیهیلیزمی ئیگزیستانیسال”ی خانا لێک دەدەمەوە.

“نیهیلیزمی ڕەها” یان هەمەکی و سەرلەبەر، نیچە گوتەنی: “ئێستا لەنێوان دووهیچدا”یە. “هەڵپەسێردران” بەرهەمی گومانە، بەڵام هەستکردن بە “بنبەست” ئێستایە لەنێوان “دوو هیچدا”؛ ئێستا یان “من” یان “ئێمە”ین. هەستی “هەڵپەسێردران” ترس و نیگەرانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.  ترس و نیگەرانییەک کە بەرەنجامی سەرگەردانی و سەرلێشێواوییە لەمەڕ چلۆنایەتیی بەخشینی “چییەتی” بە “بوون”مان کە”چییەتی” و “بوون” هەبوونی ئێمە لە جیهاندا مانادار دەکات. هەر بۆیە، ترس و نیگەرانی دوابەدوای هەستکردن بە بەرپرسایەتی لەهەمبەر مرۆڤ و جیهان دێتە کایەوە. هەستی “بنبەست” بەپێچەوانەی هەستی “هەڵپەسێردران” هەستی “بێهوودەیی” و “پووچی” بە دوای خۆیدا دەهێنێت. “ئێستا” واتە “مرۆڤ”، کاتێک بە هۆشیارییەوە دەکەوێتە نێوان “دوو هیچ”، بەو بەرەنجامە دەگات کە هیچ نەخشەیەکی پێشوەختە لە چیرۆکی ئافراندنی مرۆڤدا لە گۆڕێدا نییە و “بوونبەیەتیی” کوێرانەی گەردوون بەگوێرەی “ڕێکەوت” بوونەوەر و گیانەوەر دەخوڵقێنێ و بە جەبری “کات” “سەرهەڵدان” و “پووکانەوە”ی بەدوادا دێت. وڵامی خەییامیانە بۆ پرسیاری: “فەرمووتە لە پاش مەرگ بەرەو کوێ دەمبەن؟”(خەییامی هەژارانە) ئەمەیە کە “سەرخۆش کە دەڕۆم کێوە بچم دڵخۆشم!”(خەییامی هەژارانە) بەرەنجامی هەستکردن بە “بێهوودەیی” و “پووچی”یە کە تەنیا بە خۆسپاردن بە “مەی” چارەسەر دەکرێت کە ئەویش بریتییە لە “فەرامۆشی” و “مەستی”. ئەم نیهیلیزم تاکەکییەی (فردی) خەییام نیهیلیزمێکی کارتێکراو (منفعل)ە کە نە بوێریی “خوداناباوەڕی”یی هەیە و نە بوێریی هەبوونگەراییەکی کارتێکەر یان کارا تا چییەتییەکی ئێستایی بە بوونێکی دێرین ببەخشێت! دۆشدامان لە دەستنیشانکردنی ئاکامناسانە(تێلۆلۆژیک)ی ئادەمیزاد، بە میکانیزمێکی ئاوەزمەندانە کە هەڵبەت بەدەر لە توانستی ئاوەزمەندانەی مرۆڤە، بە “بنبەست” دەگات. ڕەنگە یەکێک لە هۆیەکانی هۆنینەوە و هەڵبەستنی “ئەفسانە” و “ئوستوورە” هەڵهاتن لەم “بنبەست”ە بێت و مرۆڤی کۆن هەوڵی داوە بە جیهانناسییەکی ئوستوورەیی لەم “بنبەست”ە خۆی قوتار بکات؛ بەتایبەتی لە بنبەستێک کە ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک تووشی ببن، جڤاک هەڵدەوەشێتەوە.

ئای کێ بێ؟ بانگ و هاوار و پەیام

بگەیەنێتە گوێی گۆڕەکەی خەیام

بڵێ هەی سەرشێت، کوشتەی گڕ تەڕ

گەر تێتا ماوە یەک تۆز نرخ و فەڕ؟

تۆ … لەسەر باکەی شووشەکەی شکان

لەگەڵ خودادا کردت بە زۆران

هەڵسە؛ بەرەو ئەم ناوە هەڵتووتێ

نەک شووشە شکا وا ڕەز دەسووتێ

بەرەو مەڵبەندی کوردستان ڕەوتێ

نەک کووپە شکا وا ڕەز ئەسووتێ

(حەمەساڵح دیلان)

هاوارێکی لەمێژینەی “خەییام، لای “دیلان” بە بانگ و هاوار و پەیامێکی دیکە، بۆ “سەرشێت”ێک دەنێردرێت کە لەنێوان دوو هیچدا کوشتەی “گڕی تەڕ”ە! دوو هیچ لەنێوان دوو “بەدەرکات”ی “بوون”دا. “نوایی (ئەزەلی) و “تاهەتایی” (ئەبەدی) دوو “هیچ”ن کە چیرۆکی باوی ئافراندنی دینی، خەییام قایل ناکات، بەڵام “ڕۆحی هەڵپەسێردراو”ی خەییام ناتوانێ لەنێوان “گومان” و “ئیمان”دا خۆی یەکلایی بکاتەوە و ئەم نیهیلیزمە تاکەکی و کارتێکراوە وەک خۆی دەمێنێتەوە. “با”یەک کە بە شکاندنی شووشەی مەی، مەستی و سەرخۆشی یان بێهۆشی لە سەری خەییام دەپەڕێنێت، دەیباتەوە نێو ململانێیەکی یەکلایینەکراوە. “خەییام” لەگەڵ خودادا زۆران دەگرێت. بەڵام زۆرانی “خەییام” لە زۆرانی “خانا” ناچێت.

خەییام “بەهۆشهاتنەوە” و “ڕەوینەوەی مەستی” کە تاکە شادمانیی ئەمدنیاییی ئەوە، لە شووشەیەکدا دەبینێت کە “با”یەکی خودایی دەیشکێنێت، وەک بەردێک کە “زیۆس” هەموو جارێک ناچار بە گلۆرکردنەوەی دەکات و “سیزیف” ناچار بە بردنەوەی بۆ سەر چیاکە دەکات! “شکانی شووشە” “گلۆرکردنەوەی بەرد” چەشنی سیمبۆلێک کە مرۆڤی مەحکومکراو بە زەبری زۆرەملێی یەزدانی، “هیچێتیی” چارەنووسی ئادەمیزاد نیشان دەدات. هەڵبەت جیاوازییەک لە ئارادایە: خەییام دەیکات بە زۆران، زۆرانێک کە چەشنی زۆرانەکەی خانا نییە! خەییام لە مەستیی خۆیدا بۆ “فەرامۆشیی خودا” دەگەڕێت، بەو مانایەی کە “مەستی” دەبێتە مایەی ئەوەی کە کەڵکەڵەی خودا و بوونی لەبیر دەچێتەوە و خوداش ئەمی لەبیر دەچێتەوە! “خانا” بەپێچەوانەوە لە “چاوبەستی خودا” دەدوێت، واتە پەردەیەک هەڵدەماڵدرێت کە تەنیا “ڕووهەڵماڵدراو”ێک دەتوانێت هەڵیبماڵێت! خەییام ئەوەندە بوێر نییە “چاوبەست”ی خودا بە بیر خودا بهێنێتەوە. هەر بۆیە نیهیلیزمی خەییام کارتێکراوە و نیهیلیزمی خانا کارتێکەر و کارایە و ئەم دەنگهەڵبڕین و لەقاودانە، نیشانەی یاخیبوونە. هەڵبەت دەبێ بڵێین نە “خەییام” و نە “خانا” ناکەونە خانەی “نیهیلیزمی خوداناباوەڕانە”وە.

“دیلان” زۆرانبازییەکە دەبینێت؛ لەسەر “شووشەیەکی شەراب” کە ئامرازی فەرامۆشیی مرۆڤە، بۆ ئەوەی لە “فەرامۆشیی بوون”دا – کە لە دیدی ئیماندارەوە هەمان خودایە – لەبیر بچێتەوە. ئەگەر “گڕی تەڕ” تۆزێک نرخ و فەڕی بۆ “خەییام” هێشتبێتەوە، “دیلان” دەڵێ “تۆ” لەسەر ئەو بایەی کە شووشەکەی شکاند، زۆرانت لەگەڵ یەزدان گرت؛ “وەرە بەرەو ئەم ناوە هەڵتووتێ”، “ئەم ناوە” زەوی (ناسووت)، “ڕەز” سەرچاوەی “گڕی تەڕ” (ئامرازی مەستی)، دەسووتێت. بەگوێرەی فەلسەفەی هەبوونگەرا، بۆ زاڵبوون بە سەر هیچگەراییدا دەبێ ئەمجارەیان چییەتییەک دروست بکەین. چییەتیی ئێمە، ئەرکی ئێمەیە. بەرپرسیارێتیی ئێمەیە و بەم شێوەیە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی وەک سروشتی ئێمە نیشانەی مرۆڤگەراییی ئێمەیە و مرۆڤگەرایی و مرۆڤدۆستی ئاکامی ئێمەیە.

“دیلان”، پەژارە و پەرۆشی و نیگەرانیی زەمینی لە وشەی “ڕەز”دا کە هەمان “نیشتمان”ە، نیشان دەداتەوە. لەو نیهیلیزمە تاکەکییەی خەییام دادەبڕێت و هێما بە “کووپەی شکاو” و “ڕەزی سووتاو” – وێڕای باس لە “لەدەستچوون” و “دۆشدامان” و “بێ‌هیوایی”-  دەکات؛ تەنزێکی تاڵیشە بۆ “زۆرانبازیی بێ‌سوود”ی خەییام لەگەڵ خودادا کە سەبارەت بە پرسیارێکی لاهووتی، “گڕی تەڕ”ی زەمینی دەنۆشێت، لەکاتێکدا “ڕەز”، دایکی “گڕی تەڕ”، لە بڵێسەی ئاگردا دەسووتێت!

زەمانی بزربوو

شەممە دەستی یەکشەممەیە و

لە قەدوباڵای دووشەممە ئاڵاوە

سێشەممە پێڵووی خەواڵووی چوارشەممەیە و

ئەشکی ئاوارەی پێنجشەممە

لە لێواریا قەتیس ماوە!

هەینیش چ بڵێم! ئاوێنەیە

دەرخەرەوەی دەستە سامناکەکەی نێوان گەرووی زەردەپەڕی ئێوارەکانی شەممەیە!

……

شەممە باڵای یەکشەممەیە و لە باخەڵی دووشەممەدا لێی نووستوە

سێشەممە نەخۆشی کەوتووی بەر نەشتەری چوار شەممەیە و لە پێنجشەممەدا مردووە!

هەینیش چ بڵێم! زەمەنێکە لەمێژە بزر بووە

تابووتێکە “میلی کاتژمێر بەسەریا چەماوەتەوە)[11]

“چ بڵێم!” – دۆشدامان و بنبەست!

ڕەنگە بتوانین نموونەی تەسەل و ڕەهای نیهیلیزم لەم شیعرەدا پەیجۆر بکەین؛ هیچێتیی “کات” و ئاراییی مرۆڤ لە کاتدا کە شانبەشانی ژیان، مەرگیش لەگەڵیدا گەشە دەکات! کات تابووتێکە کە میلی کاتژمێرەکەی “سالڤادۆر دالی” بەسەریدا چەماوەتەوە”! کاتژمێرێک کە ئێمە گوایە تێیدا ژیان دەژمێرین و ئەو لە ئێمەدا کاتی مەرگ دەپێوێت!

پووچیی “کات” – پووچیی  “شوێن” و هیچێتیی “بوون” و بێماناییی “بوونبەیەتی(صیرورة).

لە “دیلان”ەوە تا “فاتیح عیزەدین” دەبێ چ ڕووداوانێکی دراماتیک و تراژیک کە پڕن لە “ترس” و “هیوا” و “مەرگ” ڕوویان دابێت. لە “سووتانی ڕەزێک” (نیشتمان)ەوە تا دەگات بە هەرەسی کورد بە دەستی کورد، کوشتار و زیندان. هەر کام لە توخمەکانی نیهیلیزم بەپێی پلەبەندی لە زۆربەی شاعیرانی کورددا دەتوانین بەجیا دەستنیشان بکەین؛ “بێ‌هیوایی”، “گومانی ڕەش”، “هەڵپەسێردران” و “بنبەست”. هەڵبەت ئاشکرایە ناتوانین بە بینینی یەک لەو نیشانانە لە ژانرێکی ئەدەبیدا، یەکسەر بیخەینە نێو ئەدەبی نیهیلیستییەوە. دەتوانین بێ‌هیواییی “سوارە ئیلخانیزادە” لە “دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت” (1970) و  شیعری “خێڵی درۆ” (1968)  بە نیشاندەری “بنبەستی سیاسی” بزانین کە “تووڕەیی و هیوابڕاوی” هاوکات لێیان هەڵدەهێنجرێت. ئەگەر “تووڕەیی و هیوابڕاوی” یان جۆرێک لە “بنبەست” تەنیا بە نیشاندەری نیهیلیزم لێک بدەینەوە، ئەوە بەشێکی زۆری “ئەدەبی کوردی” تەژی لە وەها نموونەگەلێکە و ئاشکرایە ئەمە دەمانخاتە هەڵەوە. ڕەهەندی بوونەکیی نیهیلیزم و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ئاکامێک بۆ جیهان و بوون و ژیان لە “نیشانەناسیی نیهیلیزم و نیهیلیزمی ئەدەبی”دا یارمەتیمان دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بە چەند نیشانەیەکی سنووردار هزر یان ئەدەبێکی دیاریکراو بە “نیهیلیستیی” لەقەڵەم بدەین. تێخزانی نیهیلیزم لەنێو “ئیگزیستانسیالیزم” هەندێ جار نیشانەناسیی نیهیلیستی و نیشانەناسیی ئیگزیستانسیالیستی وەها تێکەڵ دەکات کە وەک دووانەیەک دێنە بەرچاو. وەک “نیهیلیزمی ئیگزیستانسیال” کە ڕووبەرەکەی لە “نیهیلیزمی ڕەها” بەرفراوانترە و دەتوانین لە بەشێکی زۆر لە شیعر و پەخشان و چیرۆک و ئەدەبی گێڕانەوەدا سەرەداوی بدۆزینەوە.

***

“کەتوارتارێنی”، واتە تاراندنی هەر جۆرە کەتوارێک و دوورکەوتنەوە لە ئەرکی جڤاکی و نەمانی ئاسۆیەکی هیوا بۆ کۆمەڵگە یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی هیچگەراییە. لە جیهانی هاوچەرخدا نیشانەکانی نیهیلیزم لە ڕەفتارگەراییی سیاسیدا دەر دەکەوێت کە ناهاوسەنگیی بەرەنگاریی هێزەکان بە “خۆوێرانکردن” دەگات بۆ نموونە: خۆتەقاندنەوە. دیارە لە وتاری “نۆستالۆژیای داگیرکراوان”دا هێمایەکم بەم “خۆوێرانکردن”ە کردووە. ڕەنگە بتوانین بێژین لەدەستدانی ڕابردوو و هیواکانی و نەمانی هیچ ئاسۆیەک بۆ داهاتوو ئەم “خۆوێرانکردن”ە بەرهەم بهێنێت. لە “نیهیلیزمی کۆمەڵایەتی”دا مەبەست ئەوە نییە کە هەموو تایبەتمەندییەکانی “نیهیلیزمی فەلسەفی” هەن و کۆمەڵگە وەک “فەیلەسووف” پەی بە بێهوودەییی پێوەندییەکانی “هۆ”(علة) و “بەرهۆ” (معلول) دەبات و بنبەستی پرسیاری ئاکامی جیهان تووشی “هیچێتی” و “پووچێتیی” دەکات. بەپێچەوانەوە نیهیلیزمی کۆمەڵایەتی پێوەندیی بە دەرۆستنەهاتنی کەتوار و گیرۆدەبوون بە کەتوارێکەوە هەیە کە جڤاک ناتوانێت خۆی لێی قوتار بکات. بەم مانایە کە ناتوانێت لە دەست سیستمی سیاسی و ئابووری هەڵبێت یان بیگۆڕێت. “دۆشدامان” هەستی “هیچێتی” لای مرۆڤ دروست دەکات، نەک هەستی پەیبردن بە “هیچێتیی بوون” بەڵکو هەستی پەیبردن بە “هیچێتیی خۆ” کە دواجار “بەخۆداشکانەوە” لە ناخدا چێ دەکات و “بێ‌کردەوەیی” لە گۆڕینی چارەنووس، تایبەتمەندیی نیهیلیزمی جڤاکیی و تاکەکین.

کەی نیهیلیزمی سەرلەبەر و جڤاکی دێتە پێشەوە؛ نیچەگوتەنی، ئەو کاتەی کە ڕۆحی سەردەم دادەمرێت، مرۆڤانی بوودەڵە کڕنۆشی بۆ دەبەن؛ “پەتباز” نوێنەری ئەم ڕۆحی سەردەمەیە. “پەت پەتێن” کاری کابرای پەتبازە! سیاسەتێک کە ئەم پەتبازە بەڕێوەی دەبات لەسەر بنەمای “بێ‌بەهاکردنی گشت بەهاکان” هەڵنراوە. پەتباز، نە لەسەر زەوییە و نە لە ئاسمان. پەتباز، نە زەوی ئاوەدان و نە ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە؛ پەتباز، لەسەر پەتێک پەت پەتێن دەکات کە چاوانی واقوڕماوی حەشامات بە خۆیەوە خەریک دەکات! خەڵک ڕادەهێنرێت کە هەمیشە ئەم پرسیارە بکات، ئاخۆ پەتباز کەی دەکەوێتە خوارەوە؟ بەڵام لەڕاستیدا پەت و پەتباز هەر لە بنەڕەتەوە ڕێک کەوتوون وا لە خەڵک بکەن کە چارەنووسی خۆیان بەو کەوتنەخوارەوەیە ببەستنەوە. “داکەوتن”(سقوط)ێک کە دوایین مرۆڤ دەخاتەوە نێو حەشامات و لە پاش ئەو داکەوتنە خەڵک لەبەر ئەوەی لەنێو ئەو “داکەوتن”ەدا دەژین، ناچارن “پەت” و “پەتباز”ێکی دیکە بخوڵقێنن، چونکە ناتوانن لە ڕۆحی مردووی هاوچەرخ خۆیان ڕزگار بکەن. ئەم “چاو”ە کە ڕاهاتووە هەمیشە بۆ ڕزگارکردنی خۆی چاوەڕوانی داکەوتنی پەتباز بێت، گیرۆدەی چارەنووسباوەڕییە و وردە وردە “هیچێتیی” ئەم چاوەڕوانییەی بۆ دەر دەکەوێت و دواجار بەو “داکەوتن”ە ڕازی دەبێت. تەنانەت “پەتباز” ناتوانێت جارێکی دیکە بە پەت پەتێنی خۆی سەرقاڵیان بکات. خەڵک سەری خۆی دادەخات و وەکو “کرم لە جیهانی ژێرزەمینی و تاریک و شێداری خۆیدا” تەنیا بیر لە گڵخۆرکێی خۆی دەکاتەوە! بە گوتەی نیچە، تەنیا لەو دەمەدایە “زەردەشت” بە پەیامی سەرهەڵدانی “کەڵەمرۆڤ” کۆتایی بە بازنەی پاتەوپاتی “پەتباز” دەهێنێت. وەک بڵێی “کەڵەمرۆڤ” دێت تا کۆتایی بە دوایین مرۆڤ بهێنێت، چونکە ئیدی شایانی ڕزگارکردن نییە. ئەو لە سیاچاڵی نیهیلیزمدا کە هەمان “داکەوتن”ە داڕزیوە. تەنیا “کەڵەمرۆڤ” دەتوانێت جیهانی داڕزیوی هاوچەرخ، واتە جیهانی “پەتباز” وەربگۆڕێت کە تێیدا کەڵەمرۆڤان بخوڵقێن و بە بێ ئەم مرۆڤە نوێیانە جیهانی نوێ ناخوڵقێت.

ڕەنگە دارستان، لە “وەهای گوت زەردەشت”دا هەمان نیهیلیزم بێت. “دارستان ناوچەیەکە کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان دەسڕدرێنەوە یان دەڕەوێنەوە. خۆراک بە هیچ کەس مەدە، یان ئەگەر دەیدەی بە هەمووانی بدە؛ زەردەشت بە یەکەمین کابرای دوورەپەرێز شتێکی نەدا و هیچیشی لە دووەمین کەس وەرنەدەگرت و بێ ئەوەی شتێکیش بخوات ئەو بەجێدەهێڵێت. شۆڕشەکان یان دروستکردنی زنجیرەپلەکان [لە پێگەی مرۆڤان]، لە شارەکاندا ڕوو دەدات؛ پەیامنامەکانیش لە شارەکان جێبەجێ دەکرێن، هەرچەند ئیلهامەکان و دیناوەکان(مکاشفات) لە لووتکەی چیاکانەوە ڕوو دەدەن. کە وابوو ئەی لە دارستانەکاندا چی ڕوو دەدات؟ هیچ! بەڵام جیاوازییەک لەنێوان ئەم دوو دوورەپەرێزەدا هەیە. یەکەمیان بڕوای بە خودا هەبوو و ڕووی لە مرۆڤایەتی وەردەگێڕا، بەڵام دووەمیان نە ئیماندار و نە خودانەناس؛ ئەو تەنیا خۆراک دابەش دەکات. ڕەنگە دوورەپەرێزی یەکەم سیمبۆلی گەندەڵیی مەسیحایەتی بێت و دووەمیان هەڵگری مانایەکی دنیایی یان سیاسی بێت؛ داڕزیویی بەرهەمهاتووی یەکسانیخوازی یان دیمۆکراسی”.[12]

شۆڕشگێڕان لە چیاوە سەرچاوەی “ئیلهام و دیناوەکان” بوون؛ پەیامەکانی ئازادی لە لووتکەی چیاکانەوە بە پێدەشتەکان و پاشان بە شارەکان دەگەیشت. کاتێک کە خاوەنی ئیلهام و دیناوەکان دێنەوە شار، وارسکە سەرکوتکراوەکان بەسەریاندا زاڵ دەبن. دەبن بە “تێرنەخۆرە”، بۆ شاردنەوەی تێرنەخۆریی خۆیان، ناچارن ببن بە “پەتباز”. پەتباز، لەنێوان ئاسمان و زەویدا پەتبازی دەکات، ئەم پەتبازییە بۆ ئەوەیە پەیامێکی ساختە بە مرۆڤان بدرێت. چاوانی چاوەڕوان (خەڵک) دەیانهەوێت بزانن کە “پەتباز” – شۆڕشگێڕی دوێنی و سیاسیی ئێستا – کە گوایە خۆی خستووەتە مەترسیی کەوتنە خوارەوە، خەڵکی تەماشاوان تووشی خۆتەڵقینکردن دەکات؛ گوایە کابرای پەتباز خەریکە پەیامە نوێیەکان لە ئاسمانەوە دەهێنێتە سەر زەوی. پەتباز، نوێنەری لەچاوەڕوانیهێشتنەوەیە؛ تا ئەو دەمەی کە چاوانی چاوەڕوان ڕوویان لەوە ئەو دەتوانێت زەوی هەڵلووشێت، تاڵانی زەوی و داگیرکردنی ژیانی دنیایی لەو کاتەی کە خەڵکی ساویلکە بەتەمای داگرتنی بەهەشتن لە لایەن پەتبازە. پەتباز، نوێنەری “هەڵپەسێران”ە؛ هەڵپەسێرانی شار و فەرهەنگی شار! پەتباز، بیروهۆشی خەڵک لەنێوان ئاسمان و زەویدا دووکەرت دەکات! دۆخی چاوەڕوانی، دۆخی هەڵپەسێرانە. وردە وردە خەڵک بێهیوا و ماندوو، کاتێک بە هۆش خۆیان دێنەوە، دەبینن شارەکانیان بوونەتە “دارستان”. دارستان ئەو شوێنەیە کە “هەموو جیاوازییەکان دەسڕدرێنەوە و دەڕەوێنەوە”؛ دارستان شوێنی بێبەهابوونی هەموو بەهاکانە. بەهێزەکان ڕاو دەکەن و لاوازەکان خۆیان دەشارنەوە. “بەکرمبوون”، واتە “ژیانی شێداری ژێرزەمینی و گڵخۆرکێ”؛ ئەم ژیانە شێدارە قایلبوونێکی ترسنۆکانەیە کە بە ئیمانێکی ساختەوە “تاکی کۆمەڵایەتی” داگیر دەکات. ئەم مرۆڤە لاوازە پڕە لە ڕق، بەڵام ترسنۆک، پڕە لە چاوچنۆکی و پڕە لە چەپاندنی ئارەزوو و لە هەمان کاتدا بێ ئەوەی ڕووناکیی ئیمان لە ڕوخساریدا ببینرێت، گوایە پڕە لە ئیمان! دووڕوو، چڵێس، پڕکینە هاوکات ترسنۆک و لێبووک و لە کۆتاییدا دەبێت بە مار! ئەوەندە زەمینی دەبێتەوە کە توانای بیرکردنەوە لە ئاسمانی (جیهانی بەها نوێیەکان) نامێنێت. زیرەکە لە خۆحەشاردان و پێوەداندا! لە جیهانی ژێرزەمینیی خۆیدا خەریکی مشکخواردن و کەروێشکخواردنە! لاوازترینەکان، هەمیشە لاوازترینەکان دەخۆن!

ئەو جڤاک و جڤاتانەی کە “کەڵکەڵەی هزری”یان نییە هیچکات تووشی “نیهیلیزمی فەلسەفی” یان نیهیلیزمی ڕەها” نابن. تەنانەت باسکردن لەوەی کە کۆمەڵگەیەک سەرلەبەر بکەوێتە دۆخێکی نیهیلیستی – بە مانا فەلسەفییەکەی – هەروەک گوتمان بێ‌مانایە. ئەو دۆخەی کە دەتوانین بە “نیهیلیزمی کۆمەڵایەتی” ناودێری بکەین، هەڵهاتن لە کەتواری سیاسی – کۆمەڵایەتییە؛ بێباکی و دۆشدامان و هەڵپەسێران. هیچ کۆمەڵگەیەک شک نابەین کە بەتەواوەتی لە جیهانی هزری میتافیزیکی و ئایینی و یەزدنناسانە و سەرچاوەی بێ‌ئومێدی و داماوی و سەرگەردانی و هەڵپەسێردران و بنبەستەکەی فەلسەفییانە بێت! ئەگەر وەها بانگەشەیەک بکەین، سەرلەبەری ئەم وتارە دەبێتە هاتەران و پاتەران! بارودۆخی جەنگ، شەڕی نێوخۆیی، ستەمکاریی سیاسی و نالەباریی ئابووری و جڤاکی و فەرهەنگی بۆشاییەکی واتایی دروست دەکەن کە تێکڕای ژیانی کۆمەڵایەتی بێ‌مانا دەکەن. کە وابوو ئەگەر نیهیلیزم تەنیا بە نەمانی “ئاکامناسییەکی بوونەکی” لێک بدەینەوە، لەو دۆخەدا نیهیلیزممان بە حاڵەتێکی تاکێکی بیرمەند لێک داوەتەوە کە لەنەکاو پەی بە پووچیی “بوون” دەبات و ئیدی لە وەها دۆخێکدا باسکردن لە “نیهیلیزمی کۆمەڵایەتی” نابەجێیە. هەڵبەت نیهیلیزمی کۆمەڵایەتی “نیهیلیزمی هەمەکی” نییە و هەندەکییە؛ واتە بەشێوەیەکی هەمەکی سیستمی باوەڕەکان ناگرێتەوە، بەڵام هەموو سیستمی کەتوار دەگرێتەوە.

سەیروسەمەرەی کەتواری باشووری کوردستان لەوەدایە کە بێ ئەوەی لەنێو مودێڕنیتەدا جێیەکت هەبێت، لە گەمارۆی کۆمپانیاکاندایت؛ بێ ئەوەی هیچ شتێک لەبارەی ئەلکترۆنیک و دیجیتاڵ بزانیت بە ئەلکترۆنیک و دیجیتاڵ دەورە دراویت؛ بێ ئەوەی هیچ شتێک لەبارەی فەرهەنگی ڕیکلام بزانیت بە ڕیکلام داپۆشراویت و بێ ئەوەی هیچ شتێکی خۆتت بۆ نیشاندان لە میدیادا هەبێت، پڕی لە ڕاگەیاندنی سەمەرەی نامۆ کە لەجێی بەستنەوەی کورد بە “کەتواری فەرهەنگی – سیاسیی” خۆی، کورد بە بەدەرلەخۆی دەبەستێتەوە. نامۆیی بە ژینگە و نامۆیی بە هونەری خۆماڵی، دوورکەوتنەوە لە بەرهەمهێنانی خۆماڵی، دەسکاریکردنی چەشەی خۆراکی و شێوانی سیستمی خۆراک، نامۆیی بە هونەری تەلارسازی لە شاردا، تەنانەت دارودرەختی نامۆ بە جوگرافیای سروشتیی کوردستان لە شارەکاندا، مەترسییەکانی سیستمی خۆراک کە ترسێکی هەمیشەییی تووشبوون بە نەخۆشییە جەستەییەکانی لە ناخی هاووڵاتیدا چاندووە کە ئەوەش ناسەقامگیریی دەروونیی دروست کردووە. ترسی هەمیشەیی لە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی لە لایەک و نەمانی داهاتوویەکی ڕوون لە پەنای لەدەستدانی ڕابردوو! تەنانەت گۆڕانی فۆرمی دیندارییی کۆمەڵگەی کوردی و هێنانی فۆرمێک لە ئایینداری کە ژیان و پەروەردەی ئایینیی سەدان ساڵەی حوجرە ڕەت دەکاتەوە! هەموو ئەمانە، دڵەڕاوکێ، ترس، هاوکات بێ‌باکی و چارەنووسگەراییان تەشەنە داوە و لێکەوتەی سەرەکیی ئەم دیاردانە بە “بێ‌کردەوەیی” و “دۆشدامان” دەگات.

بێ‌متمانەیی بە ئۆرگانیزاسیۆنی دەسەڵات و نەمانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لەکارکەوتنی دادگا، ڕۆژنامەگەری و بەگشتی ڕەوتی بڵاوبوونەوەی زانیاری لە لایەک و گەمەی نیوەی ڕاست و نیوەی درۆی تۆڕی مەجازیی ئینتەرنێت و هەڵکشانی ورووژانی ئیرۆتیک و سێکس لە جیهانی مەجازی و سەرکوتی وارسکە و حەزە جەستەیی و ڕۆحییەکان لە جیهانی ڕاستەقینەدا، لە لایەکی دیکەوە تەشەنەیان بە جۆرێک لە “گرگنیی کۆمەڵایەتی” داوە. بەو مانایەی “بێزەون” ئەو شتەیە کە نابێ باس بکرێت، بەڵام ئەو شتەیە کە هەمووان  بەنهێنی خۆیانی پێوە خەریک دەکەن. دووکەرتبوونی ویژدانی کەسی لەنێوان جیهانی مەجازی و ڕاستەقینەدا وەها تەشەنەی کردووە کە مشتەری جنێو بە مشتەری دەدات! لەکاتێکدا هەموویان لای یەک “کڕیار” کاڵای خۆیان دەکڕن!

دۆخی نایەکانگیریی جوگرافیایی لە کوردستاندا کە هەم هۆی نێوخۆیی و هەم هۆی دەرەکیی هەیە و تێکەڵنەبوونی ئەم جوگرافیایە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر برەوی ناوچەگەری داناوە کە سیاسییەکانیش جاروبار لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکاریان هێناوە. ئەنفال کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی – دەروونناسانەی کارەساتباری لەسەر ڕۆحی مرۆڤی کورد لەم پارچەیەی کوردستان دانا. پاش ڕاپەڕینیش شەڕی نێوخۆیی بەشێک لە خەڵکی لەگەڵ بەشێکی دیکەی خەڵک بەرەنگار کردەوە. تەنانەت پاش کۆتایی ئەم شەڕە نێوخۆییە، بنەماڵەکان نەیانتوانی لەو خوێنە بەفیڕۆدراوە خۆش ببن و بە هۆی پێکهاتەی خێڵەکیی حەشیمەتی هەرێم، دوژمنکاری و تۆڵەسەندنەوە، قەڵەمڕەوە نێوخۆییەکانی جوگرافیای زەق کردەوە کە بەندە بە “دێگەڵەی زەینی” ناودێرم کردووە. لایەنگریی دەمارگیرانەی ئەندامانی حزبە سیاسییەکان، گەلێ جار دەگوازرێتەوە بۆ نێو کایەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت زیانیش بە خزمایەتییەکان دەگەیەنێت. ناسەقامگیریی سیاسی بووەتە مایەی ئەوە کە هەموو جارێک لە زاری بەرپرسێکی سیاسی زاراوەی “ئاشتیی کۆمەڵایەتی” ببیستین؛ واتە هەموو جارێک  تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێتە ناتۆرەیەک بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە زیادەڕۆییەکان لەبارەی مافێکی زیادە بۆ لایەنێک یان پێکهاتە یان کەمینەیەک دەگرن. ئەم حاڵەتە بەرەبەرە کابرای ڕەخنەگر ناچار بە “خۆسانسۆرکردن” دەکات، چونکە بەر پەلاماری میدیایەکی ئاراستەکراو دەکەوێت. لە وەها دۆخێکدا توێژێکی جڤاکی هەست بە بێ‌دەرەتانی دەکات و قسەی هەڵپەسێردراو دەبێتە هۆی “بەخۆداشکانەوە” و هەستکردن بە پەراوێزخران یەکێک لە هۆکارەکانی کەڵەکەبوونی “قینی شاراوە”یە. بەگژداچوونی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە کۆدەنگیی سیاسیی پەک خستووە. هەر هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی کە دادەمەزرێت، دەبێت بە بەشێک لە کێشە نەک چارەسەر. هەر بۆیە بێ‌هیوابوون لە چاکسازیی سیاسی، ئاسۆکانی داهاتووی ژیانی کۆمەڵگەی تاریک کردووە.

بێجگە لە نەهامەتیی ئابووری و سیاسی، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە گەورەکانی بەخۆداشکانەوە و ورەبەردانی کورد، کە دەتوانین بە سیاسەتی چاوشۆڕکردن ناودێری بکەین، ئەو کەوتنە بەر پێلەقەی وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەتی تورکیا و ئێرانە کە سنووربەزاندنەکەیان هاوکاتە لەگەڵ ساخکردنەوەی کاڵاکانیان لەم هەرێمەدا؛ واتە چەکی کوتەک و نان! ئەم حاڵەتە لە ناخەوە هەستی “بەکرمبوون” لە ناخی مرۆڤدا دروست دەکات کە ژیانی ژێرزەمینی و شێداری ژێر خاک هەڵدەبژێرێت و ناتوانێت تەنانەت لەسەر زەویی نیشتمانی خۆی، هەست بە “ئازادی” بکات لەکاتێکدا لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی خۆماڵیدا گوایە ئازادە!

بەدەر لە ڕەهەندی بوونناسانە و فەلسەفیی نیهیلیزم لە باوەڕدا، دەتوانین تێکڕای نیشانەکانی نیهیلیزم لە ناخ و ڕەفتاری مرۆڤی کورد لەم پارچەیەی کوردستاندا ببینین. “پووچی”، “دۆشدامان”، “هەڵهاتن لە کەتوار” کە خۆی لە هەڵهاتن لە بەرپرسایەتیدا دەبینێتەوە، بێکردەوەیی و ناکارایی و کارتێکراوی و “هەڵپەسێردران لەنێوان ئێستا و داهاتوو” (لەنێوان دوو هیچدا)، ڕق و کینەی کەڵەکەکراو، دیندارییەکی نابەرپرسیار بەرانبەر بە دنیا و دەوروبەر، چارەنووسگەرایی – بەبێ پەیڕەویکردن لە هیچ ڕێبازێکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە – هاوکات لە هەمووی سەیرتر، چێژخوازی و ماددیگەراییەکی چڵێس لە تەنیشت دیندارییەکی ڕواڵەتی بە بێ قووڵاییی عیرفانی،  هەندێ جار وامان لێدەکات کە لە ناودێرکردنی سەردەمەکە بە سەردەمێکی پووچگەرایانە خۆمان ببوێرین؛ هۆیەکەش لێکچوونی هاوکات و ناکۆکیی زەقی دیاردەیەکە کە ئێمە دەمانهەوێت بە نیهیلیزم ناودێری بکەین. سەرەڕای ئەم ناکۆکییەی نێوان کەتوار و پێناسە، هەروەک گوتمان، نیشانەناسیی نیهیلیزم هانمان دەدات کە بێژین جۆرێک لە هیچگەرایی لە کۆمەڵگەدا بەدی دەکرێت. هەڵبەت ئەوەی کە نابینرێت لایەنی بنیاتنەرانەی نیهیلیزمە کە ئەویش بریتییە لە یاخیبوون لە زۆرەملێی سەردەم. واتە “ئەوەی کە دەئافرێنێت دەبێ پێشتر فێری وێرانکردن ببێت!”  

کەمتەرخەمیی سیاسی

کردەی سیاسی، کردەیەکە بۆ گۆڕینی دەوروبەر و ژینگە و دۆخی هەبوونی مرۆڤ لەپێناو دەستنیشانکردنی چارەنووسی خودی مرۆڤدا. کردەی سیاسی بە پەیڕەوی لە جیهانناسی و ئایدیۆلۆژیا و ڕێبازێکی سیاسی، لەپێناو “جیهانناسازی”دایە. کردەی سیاسی دەتوانێت دەرخەری کارەکتەری سیاسی بێت. دەرخەری ئاوات و ئارەزووەکان و سیستمێک کە لەو چوارچێوەیەدا ژیانی سیاسیی فەرهەنگێک دەر دەخات. “سیاسەت” وەک نوێنەری “فەرهەنگ”، لە نواندنی کردەی سیاسیدا دەبێ ئەو جۆگرافیا سیاسییە دەستنیشان بکات و بیپارێزێت کە فەزای ژیانی فەرهەنگیی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بە “نەتەوە” دەناسرێت. لە وێنەیەکی بچووککراوەی دەسەڵاتیشدا نوێنەرایەتیی سیاسی دەتوانێت ئەم ئەرکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت. بە بڕوای من کاری سیاسی لە خۆیدا دەتوانێت ئامانجێک دروست بکات؛ مانایەک بخوڵقێنێت کە تەنانەت ئەگەر باوەڕێكی میتافیزیکی یان ئایینیشمان نەبێت، باوەڕێکمان بۆ بخوڵقێنێت کە ئەم باوەڕە لە دەستنیشانکردنی ئایدیای سیاسیدا دەئافرێنرێت. ئەو جیهانەی کە دەبێ دروستی بکەین و ئەو مانایەی کە دەبێ بە هەبوونی مرۆییانەی خۆمانی ببەخشین، لە خۆیدا کردەیەکی سیاسییە. نیهیلیزمی کۆمەڵایەتی بەرەنجامی هەرەسهێنانی سیاسەتە. چونکە بە تێکچوونی سیاسەت هەموو شتێک تێک دەچێت. سەقامگیریی فەرهەنگ و زمان و پێوەندییە ئابوورییەکان و خاوەندارێتیی جوگرافیا لەنێو دەچێت. بێسەقامیی مرۆڤ لە شوێندا، ترس و دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە نەبوونی ئاسایشی هزری و دەروونی دەنێتەوە کە ئاسۆکانی داهاتوو دەسڕێتەوە. ئەگەر سیستمێکی باوەڕی میتافیزیکی و ئایینی لە پێوار(غیاب)ی سیاسەتدا نەبێت، ئەمە بە نیهیلیزمی هەمەکی دەگات و ئەگەریش هەبێت نیهیلیزمێکی هەندەکیی کۆمەڵایەتی چێ دەکات کە لایەنە تێکدەرەکەی کەمتر لە لایەنە تێکدەرەکانی نیهیلیزمی هەمەکی نییە. زەمینی وێران(ناسووت) بە ئاسمانی ئاوەدان(لاهووت) بەڕێوە ناچێت. بەشێکی زۆری نیهیلیزم لە وڵاتانی ئیسلامیدا لە سەدەکانی ڕابردوو “هەندەکی” بووە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییە وێرانکەرەکەی لە چوارچێوەی “سۆفیگەری”، “دەروێشایەتی”، “نازانمێتی ڕەچەیی” (لاادریة)و… هتد، ڕەنگی داوەتەوە. هەر ئەم ڕەوشە بەشێوەیەکی دیکە لەم هەرێمەدا بەدی دەکرێت، هەرچەند بەشێوەیەکی ئاڵۆزتر و شێواوتر!

ستەمکاریی سیاسی، هۆکاری سەرەکیی نەمانی بەشداریی سیاسیی کۆمەڵگەیە. دەستەبژێرێکی سیاسی لە چوارچێوەی خێڵەکی و ئۆلیگارشی یان بە شێوەی جیاوازتر، کردەی سیاسی قۆرخ دەکەن. قۆرخی کردەی سیاسی، بەشداریی سیاسی بە لانیکەمی خۆی دەگەیەنێت و لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵە قارچکێکی سیاسی زوو زوو سەرهەڵدەدەن، بەڵام زیاتر لە لێبووکی سوڵتان دەچن تا هێزی سیاسی. “پەتباز” تاکە کارەکتەرێکی سیاسییە کە گەمەی خۆی دەکات، بەڵام وەک جاران چاوی چاوەڕوانی خەڵک تەماشای ناکات، هەمووان سەریان داخستووە و بە ژیانی کرمئاسای خۆیانەوە خەریکن. لە بێدەنگیی خۆیاندا خەریکی گڵخۆرکێن. تەنانەت وەک جاران سەیری ئاسمان (لاهووت) ناکەن و وەک “خانا”یش پرسیاری بوێرانە لەو خودایە ناکەن کە ئاخۆ بۆچی بووەتە پارێزەری “پەتباز”! فەرمانەکانی دین جێبەجێ دەکەن و لەسەر جێبەجێنەکردنی فەرمان یەکدی بە کوفر تۆمەتبار دەکەن و شەڕی کۆمەڵگە بە دژی کۆمەڵگە بە بێ بارووت و خوێن هەڵگیرساوە!

لاوازبوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و پاشەکشێی ڕەوتی ڕووناکبیری، بووە مایەی پاشەکشێی ڕەوتی ڕەخنەی سیاسییش. ڕەخنە لە گۆڕەپانی گشتیدا ئەگەرچی سەرئێشەی بۆ سیاسییەکان دروست دەکرد، بەڵام هیوای گۆڕانکاریی لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا بەزیندوویی دەهێشتەوە. ئەرکی ڕووناکبیر ئەوە بوو پێمان بڵێت “پاشامان ڕووتە”!(ڕاستی لە منداڵانەوە ببیستە: ویژدانی پاک و بوێر!) ئەم لەقاودانە هەرچەند دەسەڵاتی سیاسیی بێزار دەکرد بەڵام بوێریی سیاسیی کۆمەڵگەی نیشان دەدا و بە کردەیەکی سیاسی لەقەڵەم دەدرا. لە پڕۆژەی ڕەهەند بەملاوە، بۆ ساڵانێک گفتوگۆ و مشتومڕ لە مەیدانی ڕەخنەی گشتیدا برەوی سەند. مەشقێکی هزریی بەسوود بوو – وێڕای هەڵەکان – کە خۆراکی هزریی بۆ خوێنەران و توێژی خامەبەدەستان دابین دەکرد. زاڵبوونی “من منۆکێ”(ئیگۆییزم) وردە وردە بووە مایەی لەبەریەکهەڵوەشانی دەستەی ڕەهەند کە ئەندامانی تا ئێستاش یەکدی تۆمەتبار دەکەن. ئەمە زیانێکی زۆری لە کاری هەرەوەزیی ڕووناکبیری دا کە دواتر لەجێێ گفتوگۆی لایەنگران، “شەڕی لایەنگران” مەیدانی گشتیی ڕەخنەی ژەهراوی کرد.

دواتر بازاری کڕین و فرۆشتنی ڕووناکبیران و ئەم چڵ و ئەو چڵکردن لە میدیا و ڕاگەیاندنی حزبە سیاسییەکان، لایەنێکی دیکەی پاشەکشێی ڕەخنە لە مەیدانی گشتیی کۆمەڵگە بوون.

 نالەباریی باری داراییی ڕۆژنامە و گۆڤاری کاغەزین، بڵاوکراوەکانی تێکەوەپێچا و تەنیا ڕۆژنامە و گۆڤاری زمانحاڵی حزبی سیاسیی لە گۆڕەپانەکەدا هێشتەوە کە لەبەر نەمانی ڕەخنە لە مەیدانی گشتیدا، ئەوانیش خوێنەریان گەیشتە کەمترین ئاستی خۆی. هۆیەکەش تاکدەنگییەک بوو کە بە شێوازی تەڵقینکردن لەگەڵ کۆمەڵگە دەدوا.

نۆرە گەیشتە فەزای مەجازیی دیار و نادیار کە بوون بە ئامرازی شەڕێکی دەروونی لە کۆمەڵگەدا. وەک “شوانە درۆزنە” بێمتمانەیی بە هەواڵ و ڕاپۆرت، تەشەنەی بە دۆخی بێ‌ئاگایی دەدا. هەواڵنێران و پەیامنێرانی تۆڕی مەجازیی وەک “فەیسبووک” هەزاران دەزگای پڕوپاگەندەی کەسی بوون کە لەجێی ڕۆشنگەری، شێواوییان نایەوە. مانشێتی بێ‌مانای “هەواڵی بەپەلە” دەرخەری “پەلەی ژیان”ێک بوو کە چی دیکە هەڵنەدەسووڕا! بێ‌مانایی تەشەنەی سەند و هیچ شتێک بە ڕژدی نەمایەوە. لەشکری ڕووناکبیران و دەستەبژێرانی کڕدراو و فرۆشراو لە میدیای فەرمیی دەسەڵاتدا دەر دەکەوتن؛ بوون بە شرۆڤەکار و ڕۆشنگەری ئامارە دەسکردەکان و پاڵەوانی ساختەی گێڕانەوەی فەرمیی میدیا کە بە نەمانی فەزای گشتیی ڕەخنە، بە ناوی دیمۆکراسییەوە نوێنەری تاکدەنگی بوون!

“نەمانی ڕژدی”، ڕۆحی تەوس و پلار و جنێو و پێڕابواردن و تەنزی نابەرپرسانەی لە تۆڕی مەجازیدا بڵاو کردەوە. چەشنی سەردەمە کۆنەکان، کەسانێک کە نەیاندەویست لەو زەلکاوەدا پیس ببن، بوونەوە بە “سۆفی” و “خەڵوەکێش” و پەراوێزنشین کران. لەشکرێک لە هەواڵنێر و شرۆڤەکار و یوتۆبێر و فاڵچی و جادووگەر لە لاپەڕە نادیارەکانەوە، ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەیان داگیر کرد. ئەگەر نیهیلیزم بە “بۆشایی” و “بێ‌مانایی” وەربگێڕین، ئەمە ئەو فەزایەیە کە لە ئێستادا کۆمەڵگەی ئەم بەشەی کوردستان تێی کەوتووە. بەرپرسی سەرەکیی ئەم دۆخە، نالەباریی دۆخی سیاسی و کردەی سیاسییە کە لایەنەکانی دیکەی ژیانی تووشی “بنبەست” کردووە.

دۆخێکی نیهلیستی نەک ڕەوتێکی نیهیلیستی؛ پووچێتی و هیچێتییەک کە تێیدا دەژین، بەڵام لێی تێی نەگەیشتووین و پێناسەمان نەکردووە! لەم ڕوانگەوە دەتوانین بێژین نیشانەکان هەموویان هەن، بەڵام ڕەوتێک نییە کە یاخیبوون بەرهەم بهێنێت. ” دۆخی سیزیفی”، چەقیو لە پاتەوپاتکردنەوەدا. تلۆربوونەوە و هەڵزنینی بەردەوام و بێ‌ئاکام! ئەم دۆخە کەسێکی دەوێت بچێتە نێو تونێلە تاریکەکە و چرایەک هەڵبگیرسێنێت؛ لە دەرەوەی تونێلەکە تەنیا پاتەوپات و بێهوودەیی لە ئارادایە! هەرچەند ئەوپەڕی تونێلەکە نابینرێت، بەڵام “زاڵبوون” بەسەر ئەم دۆخە نادیارەدا، تەنیا بە چوونە نێو تونێل یان ئەو سیاچاڵە دێتە دی.

سەچاوە:

[1]. “Friedrich Heinrich Jacobi”Stanford Encyclopedia of Philosophy.

[2] .  نولن گرتز، نیهیلیسم، ت. تورج حوری، انتشارات مازیار، 1399، ص 10.

[3] . آلبر کامو، کالیگولا، ترجمە: پری صابری، چاپ یازدهم، 1389، نشر قطرە، ص 52.

[4] . ارشد عباسی، (وتاری( اگزیستانسیالیزم، اومانیسم، نیهیلیسم، ماڵپەڕی: “عقل سرخ”.

[5] . هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[6] . زانستگەراییScientism . ڕوانگەیەکی فەلسەفییە کە مێتۆدی زانستە سروشتییەکان لە هەموو مێتۆدەکانی دیکە بە سەرتر دەزانێت. زانستگەرایی بە واتای پێویستیی باوەڕهێنان بە تەوەرێتیی زانستە ئەزموونییەکان و مێتۆدی ئەزموونی لە هەموو بوار و کاروبارەکانی ژیاندا.

[7] . فیاض زاهد، پست مدرنیسم و تأثیر نهیلیسم بر آن،  (وتار)، 1391، لا 2.

[8] . هەمان سەرچاوەی پێشوو.

[9] . نیچە، ارادە قدرت. ترجمە: د. مجید شریف، تهران، انتشارات جامی، چاپ سوم، 1383، ص 23.

[10] . خانای قوبادی، دیوانی خانای قوبادی، حەوت تەرجیعبەند، کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی کاروان عوسمان خەیات، سنە، نشر شوان، چاپی یەکەم، 2016.

[11] . فاتیح عیزەدین، زەمانی بزربوو، چاپخانەی کارۆ، چاپی سێیەم، 2020، سلێمانی، لا 180.

[12] . استنلی روزن، نقاب روشنگری، زرتشت نیچە، ت. داریوش نوری، نشر مرکز، چاپ اول، 1389، تهران، ص 134.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!