گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠

سەکۆ

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

بەهرەمەند، کاروان (٢٠٢٤):بەرەو «خەباتی ئاسۆیی»، مانیفێستی حیزبی هاوئاهەنگ. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٤٧–١٠ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

سەکۆ

سەکۆ لە وتارگەلێک پێک دێ کە پێگەی وتاری سەرنووسەر یاکوو دەستەی نووسەرانی هەیە، بەم جیاوازییەوە کە لە هەر ژمارەیەکدا کەسانی شارەزا لە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبەرانی گۆڤاری تیشک، نووسینەکەی دەگرنە ئەستۆ. ئامانج ئەوەیە کە جۆراوجۆریی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرپرسانە سەبارەت بە گوتاری نەتەوەیی لە سەکۆدا ڕەنگ بداتەوە.

هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بزووتنەوەی ژینا:

هەر وەک دەزانین یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی دوو ساڵی ڕابڕدوو لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، بزووتنەوەی ژینا بوو کە وەکوو کردارێکی بە کۆمەڵی گۆڕانخواز لە پاش کوژرانی ژینا سەری هەڵدا. بزووتنەوەی ژینا «بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاسۆیی[1]» بوو کە لە بەستێنی گرفتە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا، دنیای مەجازی (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) و دنیای واقیع لە شەقام یەکیان گرت و بزاڤێکی بەرین و ڕادیکاڵیان بە دژی چەوسانەوە و نابەرابەری، لە پەڕاوێز خستن و هەڵاواردن وەگەڕ خست. بۆیە دەڵێین ئاسۆیی، چونکە بە پێچەوانەی بزووتنەوە کۆنەکان، ئەستوونی نەبوو بە چەشنێک کە کۆمەڵانی خەڵک لە کەسێکی سەرووی خۆیانەوە وەک ڕێبەر یان سەرۆک فەرمان وەرگرن؛ بەڵکوو لەگەڵ ئەوەی‌ ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان بە تایبەت حدکا لە ساز بوونی ئەم بزووتنەوەیەدا زۆر بەرچاو بوو، بەڵام کۆمەڵانی خەڵک لە بەستێنی فەزای مەجازیدا خۆیان ڕێک ‌خست، لە شەقامەکان یەکیان ‌گرت و دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ ڕاپەڕین. بەرجەستەترین تایبەتمەندیی بزووتنەوەی ژینا ئەم ناڕیزبەندی و هاوتەرازییە بوو کە خسڵەتی ئاسۆیی بوونی پێ دا. لەگەڵ ئەوەی بەرجەستەترین تایبەتمەندیی بزووتنەوەی ژینا، ئاسۆیی بوون بوو، ئەشێ بێژین کە هەوێنی سەرەکیی  بزووتنەوەی ژینا‌ دژایەتی لە هەمبەر زاڵێتی (سوڵتە) بوو؛ دژایەتی لەگەڵ زاڵبوونی نەتەوەی فارس بەسەر نافارسەکاندا، دژایەتی لەگەڵ زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژناندا، دژایەتی لەگەڵ زاڵبوونی سەرمایەداران بەسەر نەداران و دژایەتیکردنی سوڵتەی دەسەڵاتداران بەسەر بێدەسەڵاتاندا. کەوابوو خەبات دژی زاڵێتی و باڵادەستی، بنەمای سەرەکیی بزووتنەوەی ژینا بوو. لە ڕوویەکی دیکەوە دەکرێ بڵێین بزووتنەوەی ژینا «بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نوێ[2]»  بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر لە بزووتنەوەکانی پێشووی کورد جیاواز بوو. مانوئێل کەستێڵز[3] لە کتێبی «تۆڕەکانی تووڕەیی و هیوا: بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی ئینتێڕنێتدا[4]»، ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دادەنێ:

  • ڕایەڵەیین، واتا ئامرازی ئەسڵییان مۆبایل و ئینتێڕنێتە.
  • هەم ناوچەیی و هەم جیهانین، واتا جگە لە شوێنی ئەسڵیی بزووتنەوەکە لە سەرانسەری جیهان بەڕێوە دەچن.
  • خۆڕسکن.
  • پێویستییەکی ئەوتۆیان بە ڕێبەریی ڕەسمی نییه.‌
  • بەردەوام بە خۆیاندا دەچنەوه.‌
  • دێموکڕاتیک و سیاسین.

ئەم تایبەتمەندییانەی سەرەوە لە بزووتنەوەی ژینادا هەبوون. ئەم بزووتنەوەیە فەرماندەرانە و ئەستوونی نەبوو؛ بەڵکوو خۆڕسک بوو‌؛ ڕێبەریی ڕەسمیی نەبوو‌؛ سەرۆکسالار، پیاوسالار و پیرسالار نەبوو‌؛ بەڵکوو ژنان، تازەلاوان و لاوان بەشداریی پڕڕەنگیان تێیدا هەبوو؛ زۆر مەدەنییانە و هێمن بوو‌؛ ناوەندگەرا نەبوو، فرەچەشن و چەندلایەنە بوو و نەتەوە بندەستەکانی ئێران وەکوو کورد، تورک، عەڕەب و بەلووچ تێیدا بەشدار بوون. کەوابوو لەوانەیە باشترین ناو بۆ ئەم چالاکییە بەکۆمەڵە پێکهاتەشکێنە، ناوی «بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ئاسۆیی» بێ.‌ ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە نوێیە کە لە کوردستان سەری هەڵدا، پێویستیی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە حدکادا وەکوو بەئەزموونترین و خاوەن جەماوەرترین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێنێتە گۆڕێ. بە گشتی، وێدەچێ بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش بزووتنەوەی ژینا کەوتبێتە قۆناغێکی تازەوە، قۆناغێک کە دەکرێ پێی بڵێین سەردەمی «ئاسۆیی بوون» کە لە بەستێنی دنیای «پاش‎گەشە و پۆست مۆدێڕن[5]» سەری هەڵداوە. کەوایە پێویستە حیزبێکی سیاسی بە وریایی و بوێرییەوە خۆی لەگەڵی بگونجێنێ، بۆ ئەوەی وەدوا نەکەوێ و وڵامدەری خەڵکی کورد بێت.

بەربەستەکانی بزووتنەوەی ژینا:

دوو هۆکاری سەرەکی کە نەیانهێشت‌ بزووتنەوەی ژینا‌ ئامانجی خۆی کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بوو، بپێکێ؛ یەکیان نەبوونی یەکگرتوویی لە نێوان دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و ئەوەی دیکەشیان سەرکووتکردنی بێ‎بەزەییانەی بزووتنەوەکە لە لایەن دەزگای سەرکوتی ڕێژیمەوه بوو‌. لە پەیوەندی لەگەڵ دژبەراندا، هۆکاری سەرەکیی یەک نەگرتنی ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ململانێ لە نێوان دوو گوتار و دوو کەلتووری سیاسیی جیاواز لە ئێران. بە وتەیەکی‎تر، هیچ شتێک بە ئەندازەی بزووتنەوەی ژینا، ئەنتاگۆنیزم یان دوژمنایەتیی نێوان دوو کەلتووری سیاسی لە ئێرانی زەق نەکردەوە، ئەویش‌ ناکۆکی و ململانێی نێوان دوو کەلتووری سیاسیی ئەستوونی[6] (فرهنگ سیاسی عمودی) و کەلتووری سیاسیی ئاسۆیی[7] (فرهنگ سیاسی افقی) بوو کە لە درێژەی وتارەکەدا دەپەرژێینە سەری.

کەلتووری سیاسیی ‌ئەستوونی کە کەلتووری سیاسیی زۆرینەی فارسەکان لە خۆ دەگرێ، لە سەر‌ دوو توخمی شیعە و ناسیۆنالیسمی پارس تەوەر یان باستانگەرا دامەزراوە و یەکجار ناوەندگەرا و داخراوە. لەم کەلتوورەدا، بەرابەریی نێوان نەتەوەکان، بەرابەریی نێوان ژن و پیاو، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ‌تۆڵێڕانس و وشیاریی سیاسی، جێگەیەکی ئەوتۆیان نییە. ئەم کەلتوورە کە بەجێماوە و درێژەی پێکهاتەی خێڵەکی و عەشیرەییی فارسەکانە، هیرارشیک، سەرۆکسالار، پیاوانە، نەژادپەرەستانە و فەرماندەرانەیە کە دەتوانین بە کەلتووری سیاسیی ئەستوونی پێناسەی کەین. حەشیمەتی خاوەن ئەم کەلتووره،‌ ئەگەریش خوازیاری گۆڕینی دەسەڵاتداران بن، هیچ کات ڕازی بە گۆڕانێکی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە ئێران (بە چەشنێک کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات بە شێوازێکی بەرابەرانە و دادپەروەرانە سەر لە نوێ دابڕێژرێتەوە) نین. هەر وەک دیتمان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا، جەماوەری سەر بەم کەلتوورە، بە تایبەت سەڵتەنەتخوازەکان، وێڕای‌ کۆماری ئیسلامی لە ژێر چەتری فەزایەکی گوتاریی هاوبەش، بە توندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا دژایەتییان کرد و بوونە لەمپەرێکی گەورە و نەیانهێشت بزووتنەوەی ژینا بگاتە ئاستی شۆڕشێکی بەرینی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێران.

سەبارەت بە ناوچە پەڕاوێزخراوەکانی وەک سیستان و بەلووچستان، کوردستان، عەڕەبستان و ناوچە تورک نشینەکان، ئەگەرچی هەموویان لە پەڕاێزخراویدا هاوبەشن، بەڵام لەم ناوچانەش بە پێی پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەر ناوچەیەک، کەلتوورێکی سیاسیی جیاواز بیچمی گرتووە. لە پەیوەندی لەگەڵ تورکەکان دەتوانین بڵێین سێ توخمی ناسیۆنالیزمی ئێرانی، ناسیۆنالیزمی تورکی و ئایینزای شیعە نیشانە سەرەکییەکانی کەلتووری سیاسیی ئەوان پێک دێنن. ئایینزای شیعە کە بەشێکی سەرەکی و بەهێزی کەلتووری سیاسیی تورکەکان پێک دێنێ، بووەتە هۆی ئەوەی ئەوان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە لە ناوەنددا بتوێنەوە. دەتوانین کەلتووری سیاسیی ئەوان بە ‌ئەستوونیی نیمچەپەڕاوێز (فرهنگ سیاسی عمودیِ نیمه‎پیرامونی) پێناسە کەین. هەر بۆیە زۆربەی تورکەکان وەک فارسەکان، بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران ڕازی نین و تەنانەت خۆیان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دامەزرانی دەوڵەتی ناوەندگەرا لە ئێران بوون و هەر بۆیەش جارێ وێناچێ لە شۆڕشێکدا بەشداری بکەن کە بیهەوێ ناسیۆنالیزمی ئێرانی و ئایینزای شیعە لە پێکهاتەی دەسەڵات داماڵێ.

سەبارەت بە دوو نەتەوەی عەڕەب و بەلووچ، کەلتووری سیاسییان تا ڕادەیەکی زۆر بە داخراوی ماوەتەوە. ڕاستە دوو نەتەوەی عەڕەب و بەلووچ لەگەڵ ناوەند ناتەبان، بەڵام هیچیان خاوەنی تایبەتمەندیگەلێک نین کە هەوێنی بزووتنەوەی ژینایان پێک هێنا. هەر وەک باسمان کرد ئاسۆیی بوون، تایبەتمەندیی سەرەکیی بزووتنەوەی ژینا بوو؛ وێناچێ کەلتووری سیاسیی ئەم نەتەوانە لەگەڵ ‌ تایبەتمەندیگەلێکی وەک بەرابەریی ژن و پیاو، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پڵۆڕاڵیزم، تۆڵێڕانس و سێکۆلاریسم کە هەوێنی بزووتنەوەی ژینایان پێک دەهێنا، تەباییی هەبێت. بۆ نموونه،‌ هاتنە سەر شەقامی خەڵکی سیستان و بەلووچستان بە فەرمانی مەولەوی عەبدولحەمید زیاتر فەرماندەرانە، گوێڕایەڵانە و پیاوانە بوو و کەمتر‌ لەگەڵ بنەماکانی بزووتنەوەی ژینا کە گەنجانە، سەرکەشانە، وشیارانە و ژنانە بوو، تەباییی هەبوو. هەر بۆیە ویناچێ لە درێژخایەندا لە چوارچێوەی بزوو‌تنەوەی ژینادا بمێنێتەوە و سەیر نییە دژیش بوەستێتەوە. بە گشتی دەتوانین کەلتووری سیاسیی ئەم دوو نەتەوەیە بە کەلتووری سیاسیی داخراوی پەڕاوێز (فرهنگ سیاسی محدودِ پیرامونی‎) پێناسە کەین.

دەمێنێتەوە سەر نەتەوەی کورد؛ ئەوەی لە بزووتنەوەی ژینادا دیتمان، کەلتوورێکی سیاسیی جیاواز لە نەتەوەکانی دیکە بوو. ئاخێزگەی بیچمگرتنی ئەم کەلتوورە سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان و سەرەتاکانی شۆڕشی 1357. بنەمای ئەم کەلتوورە لە سەر بیری کوردایەتی و ئەندێشەی مۆدێڕن ڕۆنراوە. کەلتووری سیاسیی پەڕاوێز لە نێو نەتەوەی کورددا، تایبەتمەندیی نیمچەکراوە و دێموکڕاتیکی بە خۆیەوە گرتووە و بووەتە هۆی ئەوەی هێندێک لە پڕەنسیپە دێموکڕاتیکەکانی وەک پلۆڕالیزمی سیاسی، ڕەواییی دێموکڕاتیک و بەرابەریی نێوان ژن و پیاو تا ڕادەیەک لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری بورووژێ و وەکوو بەهایەک سەیری بکرێ. جگه لەوە،‌ لەم کەلتوورەدا ملکەچی و گوێڕایەڵیی خەڵک بۆ دەسەڵاتدارانی سیاسی زۆر لاوازە و بەرخۆدان و خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافی ڕەوا وەکوو بەهایەکی پیرۆز دەخەمڵێنرێت. ڕاستە ئەم کەلتوورە بە تەوای کراوە نییە، بەڵام زۆر لە کەلتوورەکانی دیکەی ئێران کراوەترە. هەروەها ڕادیکاڵە؛ لە لایەک دەیهەوێ  گۆڕانکاریی بنچینەیی‌ لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا پێک بێنێت‌‌ و لە لایەکی دیکەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە باوەڕی بە یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەیە. هەر بۆیە دەتوانین ئەم کەلتوورە بە «کەلتووری سیاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ[8]» (فرهنگ سیاسی افقیِ ڕادیکال) پێناسە بکەین.

بەم شەرحە، بزووتنەوەی ژینا پێشاندەری ململانێی نێوان دوو کەلتووری سیاسیی سەرەکی بوو: کەلتووری سیاسیی ئەستوونی و ئاسۆیی. لە لایەک کەلتوورێکی سیاسیی فەرماندەرانە، پیاوانە، پیرانە، کۆنەپەرەستانە و ملکەچانە هەبوو، لە لایەکی دیکەوە، کەلتوورێکی سیاسیی ئاسۆییی خەڵکییانە، مرۆڤ‎تەوەرانە، گەنجانە، بەرابەریخوازانە و سەرکەشانە هەبوو کە پتر لە نێو نەتەوەی کورددا دەبینرا. ئەگەرچی لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژینادا، کۆمەڵێک هۆکاری جنسییەتی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئایینی، خەریک بوو لە ژێر چەتری کۆمەڵێک چەمکی هاوبەش کە گرینگترینیان «ژن، ژیان، ئازادی» بوو، زۆرینەی خەڵکی ئێران پێکەوە ببەستێتەوە و هاوپەیوەندییەکی بێ‎وینە ساز بکات، بەڵام کەلتووری سیاسیی ئەستوونی کە زۆر بەرتەسک، گوێڕایەڵ و کۆنەپەرەستانەیە، نەیهێشت ئەم هاوپەیوەندییە بیچم بگرێ و ناسنامەیەکی هاوبەش ساز بێ. لە بەستێنی ئەم کەلتوورەدا، پێکهاتەی بزووتنەوەی ژینا لە لایەن ناوەندگەراکانەوە تێک شکێنرا و کرا بە «جنبش مهسا»؛ بەم چەشنە «ئەویتری» بزووتنەوەی ژینا ساز بوو. بزووتنەوەی ژینا‌، بە گۆڕانی سیستەمی سیاسی ڕازی نەبوو، بەڵکوو خوازیاری پێداچوونەوە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی کۆجێ، لە سەر بنەمای پێکهاتەی فرەنەتەوەییی ئێران بوو؛ ویستێک کە بە هیچ شێوەیەک بۆ جەماوەری خاوەن کەلتووری سیاسیی ‌ئەستوونی جێگەی ڕەزامەندی نەبوو و هەر بۆیەش جەماوەری سەر بەم کەلتوورە دوای ماوەیەک بە توندی دژی بزووتنەوەی ژینا هەڵوێستیان گرت و دەستیان کرد بە پێکهاتەشکێنی لە نیشانەی ناوەندیی بزووتنەوەی ژینا کە «ژن، ژیان، ئازادی» بوو و بە جێی ئەو،‌ درووشمی «مرد، میهن، آبادی»یان بەرجەستە کردەوە. لە کاتێکدا ئامانجی بزووتنەوەی ژینا، هاتنە دەری پەڕاوێزخراوەکان (ژنان، نەتەوە نافارسەکان، هەژاران و گەنجان) لە پەڕاوێز و دەستڕاگەیشتنی هەمووان بە ناوەندی دەسەڵات و سامانی وڵات بە بێ جیاوازی بوو، ئامانجی «جنبش مهسا» پاراستنی نەزمی مەوجوود و گەیشتنی تاقمێک بە لووتکەی دەسەڵات بوو، نەک گۆڕانێکی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی-سیاسی کە ویستی بزووتنەوەی ژینا بوو.

بە کورتی، سەرەڕۆیی، پاوانخوازی و خۆبەزلزانیی ناوەندگەراکان کە تایبەتمەندیی سەرەکیی کەلتوورەکەیانه،‌ بوو بە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم یەکگرتووییی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و نەیهێشت بەرەیەکی گەورە و سەراسەری لە ئیران و تەنانەت لە کوردستانیش ساز بێت. هەوڵە تێکدەرانەکانی ناوەندخوازەکان، هێندێک لایەنی کوردی لە کورد دوور خستەوە و بوو بە هۆی ئەوەی کەلێن بکەویتە نێو ڕیزەکانی کوردەوە. لە ئاکامدا، ساز بوونی کەلێن لە نێو دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەستی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیی بۆ لاواز کردنی بزووتنەوەکە بەهێزتر و کراوەتر کرد.

گەلۆ؛ ئێستا کە ئەزموونی بزووتنەوەی ژینا پێشانی داوین بەداخەوە بیرۆکەی ساز کردنی جێگرەوەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە لە ئێران ئەستەمە و تەنانەت ساز کردنی بەرەیەک لە کوردستانیش دژوار دێتە بەر چاو؛ ئێستا کە دەبینین لە سەردەمی تێکنۆلۆژیدا، بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمێکی مرۆڤکووژ کە لە هیچ جینایەتێک ناپرینگێتەوه، بە دەستی خاڵی و لە شەقامەکان زۆر دژوارە؛ ئێستا کە سەردەمی ماڵئاواییکردنە لە کەلتووری فەرماندەرانە و فەرمانبەرانە لە هەموو شێوازێکی ژیاندا: لە خێزان، قوتابخانە، ئابووری، سیاسەت و کۆی پەیوەندییەکان؛ بە کورتی ئێستا که سەردەمی ئاسۆیی بوونە، حیزبێکی سیاسیی نەتەوەییی پێشکەوتنخواز دەبێ چ بکات؟

هەر وەک دەزانین حیزبی دێموکڕات حیزبێکە کە بۆ گەشەدان بە کۆمەڵگای کوردستان، جێگیرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەرە پێدان بە ئازادییە تاکەکەسییەکان و دەستەبەر کردنی مافی نەتەوایەتی خەبات دەکات. پرسیارێک کە دێتە گۆڕێ ئەمەیە کە ئەم حیزبە لە سەردەمی ئێستادا واتا سەردەمی ئاسۆیی بوون چۆن دەبێ ئەم ئەرکانەی خۆی ڕاپەڕێنێ؟ وڵام ئەمەیه؛ هەڵبژاردنی‌ شێوازێکی نوێ لە خەبات بە ناوی «خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ[9]» (مبارزه افقی ڕادیکال)؛ چوونکە ئەم جۆرە خەباتە بە چەند هۆ بۆ ئێستا گونجاوە:

  • لەگەڵ سەردەمی ئێستا کە سەردەمی ئاسۆیی بوونە تەبایە.
  • لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا کە بزووتنەوەیەکی ئاسۆیی و ڕادیکاڵە سازگارە.
  • بە ئامانجی دواڕۆژی حیزب کە «سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکە» وەفادار دەمێنێتەوە، ئەگەرچی دەیهەوێ بە شێوازی ئاسۆیی جێبەجێی کات.
  • بەجێی پێداگری له سەر «دێموکڕاسیی زۆرینە – کەمینە»،‌ لایەنگری لە «دێموکڕاسییەکی ڕادیکاڵ» هەم لە ئێران و هەم لە کوردستان دەکات کە ڕێگە نادات لە وڵاتێکی فرە نەتەوەی وەک ئێران، نەتەوەیەک سوڵتەی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا بسەپێنێت و ڕێگا بۆ کورد دەهێڵێتەوە کە واز لە «مافی دیاریکردنی چارەنووس»ی خۆی نەهێنێت. هەروەها لە کوردستانیش ناهێڵێ هێزی گەورە، بچووکەکان لە پەراوێز هاوێ و پێ لە سەر ئەم ئەسڵە دادەگرێ کە دەبێ هەمیشە گوێ لە داواکاریی کەمینەکان بگیرێت و ڕێگا بۆ قووڵ بوونەوەی دێموکڕاسی لە کوردستان هەموار بکرێت.
  • دەتوانێ ڕێگا خۆش کات کە حیزبی دیموکڕات سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی خۆی لەگەڵ سەردەم بگونجێنێ بەچەشنێک کە وڵامدەرەوەی سەردەمی ئێستا بێت.
  • «خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ»، بۆ بەرەو پێش‌بردنی کۆمەڵگا گەشەیەکی‌ خەڵکییانە هەڵدەبژێری کە سەرنجی تایبەت دەداتە سەر دێموکڕاسی و پاراستنی ژینگە.
  • «خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ»، هەوڵ دەدات ئاسەوارەکانی کەلتووری سیاسیی کۆن وەک سەرۆکسالاری و  پیاوسالاری‌ لەناو ببات و هاوئاهەنگ لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا، ژنان و گەنجان ببنە پێشەنگ و بەڕێوەبەری خەبات.

لە درێژەدا هەوڵ دەدرێ بە شیکردنەوەی ئەم خاڵانەی سەرەوە، گەڵالەی خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ بخرێتە ڕوو. بەڵام پێش ئەوەی بپەرژێینە سەر خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ، پێویستە سەرەتا باسی ئەم گەشەیە بکەین کە دەبێ لە سەردەمی ئاسۆیی بووندا هەنگاوی‌ بەرەو هەڵێنین، ئەو‌یش بریتییە لە «گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ‌». دواتر باسی بەشەکانی دیکەی ئەم خەباتە دەکەین.

گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ‌»(توسعە افقیِ ڕادیکال)[10]

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین‌ کە هەوێنی بیرۆکەی « گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ»، بە ئیلهام وەرگرتن لە “قوتابخانەی «پاش‎گەشه[11]‌» (پساتوسعه) و لە ژێر کاریگەریی واقعییەتی کۆمەڵگای کوردستان لە پاش «بزووتنەوەی ژینا» شکڵی گرتووە. هەڵبەت پێویستە ئەوەش زیاد کەین کە ئەم گەشەیە ئەگەرچی لە ژێر کارتێکەریی «قوتابخانەی پاش‎گەشە»دا گەڵالە کراوە، لەم ڕوویەوە کە گەشە بە تەوای ڕەت ناکاتەوه،‌ جیاوازیی لەگەڵ قوتابخانەی پۆست‎گەشە هەیه.‌ هەر وەها بە هۆی ئەوەی هەوێنی ئەم بیرۆکەیە لە ژێر باندۆڕی «سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکی» د.قاسملوودا گەڵاڵە کراوە، یەکجار زۆر قەرزداری کورتە باسە، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ گەشەدا هێندێک جیاوازیی لەگەڵ‌ کورتە‎باس هەیه، چونکە پێی وایە لە سەردەمی ئاسۆیی‌بووندا، پێویست بە حیزبی هاوئاهەنگ هەیە تا پێشەنگ؛ هەروەها لایەنگری لە گەشەی ئابووریی کۆجێ و تەواوا دەوڵەتگەرا ناکا، بۆیە ناوی «گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ»مان لێ ناوە. ئەم گەشەیە، کاتێک گەشەی سەرمایەدارانەی سەر بە پاڕادایمی مۆدێڕنیزاسیۆن و ڕێبازی نیئۆڵیبڕالیزم ڕەت دەکاتەوه، لە قوتابخانەی «پۆست‎گەشە» و «سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک» ئیلهام وەردەگرێ؛ بەڵام‌ بە هۆی ئەوەی گەشە بە تەواوی ڕەت ناکاتەوە، جیاوازیی لەگەڵ «پۆست گەشە» هەیە و چونکە بە قەد «سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک»یش دەوڵەتگەرا/حیزبگەرا نییە و ئەرکی داڕشتنی گەڵالەی گەشە و جێبەجێکردنی گەشە بە تەواوی ناخاتە ئەستۆێ دەوڵەت یان حیزب، هێندێک جیاوازیی لەگەڵ ئەویش هەیە؛ لەگەڵ ئەوەش لە هیچیان دانابڕێ. «گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ‌» بە تێکەڵکردنی خاڵە پۆزیتیڤەکانی ئەم دوو قوتابخانەیە و بە هەموار کردنەوەی هێندێک لە ئەسڵەکانی ئەم دوو ڕێبازە فکرییە و سازگار کردنیان لەگەڵ سەردەم و کۆمەڵگەی کوردەواری، دەیهەوێ سەنتێزێک بە ناوی «گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ‌» ساز کا.

لێرەدا پێویستە ئەگەر بە کورتییش بێ ئاوڕێکی بچووک لە قوتابخانەی پاش‎گەشە بدەینەوە. ئەم بیرۆکەیە، لە دەیەی 80ی زایینیدا و لە ژێر کاریگەریی ئیڤان ئێلیچ[12]، ڕەخنەگرانی کۆلۆنیالیسم و بیرمەندانی پاش‎کۆلۆنیالیست (پسااستعماری) شکڵی گرت. کەسانێکی وەک ئاڕتووڕۆ ئێسکووباڕ[13] و گووستاڤۆ ئێستێڤا[14] بۆ یەکەمین جار پێکهاتەی واتاییی گەشەی مۆدێڕنیان تێک شکاند و ئاشکرایان کرد کە گەشە لە چوارچێوەی گوتاری داگیرکاری و کۆڵۆنیاڵیستیدا، باکوور واتا جیهانی ڕۆژئاوا (ئورووپای ڕۆژئاوا و ئامریکای باکوور) وەکوو پێشکەوتوو و وڵاتانی باشوور (جیهانی سێهەم) وەکوو پاشکەوتوو، سەرەتایی و بەرەو فەوتان پێشان دەدات (Escobar, 1995: 91). پاشگەشەخوزان پێیان وایە بیرۆکەی گەشه (توسعە)‌ بنەمای سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی هەیە و تەنیا لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژئاوا سازگارە و لە دەرەوەی ئەم جیهانە، ئەرکی ڕاستەقینەی تەنیا سەپاندنی هێز و دەسەڵاتە بەسەر‌ جیهانی ناڕۆژئاوادا. گەشە وەکوو ئیدئۆلۆژییەک کە ڕیشەی لە ئاواتەکانی نوێسازی (مۆدێڕنیزاسیۆن)دایە، بە هەموو هێزەوە هەوڵی داوە وڵاتانی ناڕۆژئاوایی بەبێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و کەلتووریییەکانی ئەوان، مەجبوور کا کە لە مۆدێلی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕۆژاوا پەیڕەوی بکەن.

ئەوان دەیانویست گوتاری گەشە لە ژێر سێبەری کەلتووری مۆدێڕنیزاسیۆن و ڕەوتی هێڵدار و تەک‎ڕەهەندیی گەشە(جریان خطی و تک‎بُعدی توسعه) بێننە دەرێ و بە دوور کەوتنەوە لە پلان و بەرنامەی گشتگیر و جیهانی، گرینگی بە کەلتوورە ناوچەیی و خۆجێییەکان بدەن. لە ڕوانگەی پاش‎گەشەدا ئیتر گەشە دیاردەیەکی هاوردەکراو نییه کە دیکتاتۆرێکی ڕێفۆڕمیست (دیکتاتور مصلح) یان حکومەتێکی ناوەندگەرا بە بەرنامەیەکی ئابووریی کۆجێ (برنامه‎ریزی اقتصادی متمرکز) بتوانێ کۆمەڵگای بەرەو لا ببات. بۆ گەشەسەندنی وڵاتێک، ئەشێ ڕۆڵی گشت چین و تویژەکان وەکوو گوندنشینان، جووتیاران و هەژاران و بە گشتی پەڕاویزخراوان لەبەر چاو بگیرێ. نابێ ئەم چین و توێژانە وەکوو خەڵکانێکی بێ‎فەرهەنگ و دواکەوتوو کە تەنیا پێویستییان بە ڕاهێنان و فێر کردن هەیە ببینرێن؛ بەڵکوو دەبێ وەکوو کەسانێک چاویان لێ بکرێ کە خاوەنی کەلتووری دەوڵەمەند و پڕبایەخن. بەڕای ئێسکۆباڕ، بۆ پێشکەوتنی وڵاتێک نابێ تەنیا لە سەرەوە و لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە بەرنامە و پلانی گەشە گەڵاڵە بکرێت و هەر بە دەستی ئەویش بەڕێوە بچێت؛ بەڵکوو دەبێ خەڵک خۆیان لە گوند و شار بە تایبەت چین و توێژی هەژار و بێبەش وێڕای دەوڵەت لە داڕشتن و بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی گەشەدا بەشدار ببن. لەم ڕوانگەیەدا، گەشە لە خوارەوەی کۆمەڵگاوە دەست پێ دەکات و بە پێچەوانەی پلانە سەراسەری و مەزنەکان، گرنگییەکی یەکجار زۆر بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە خۆجێیی و ناوچەییەکان دەدرێ.

بە گشتی، “پاش‎گەشە” بە ڕەتکردنەوەی گەشەی ڕۆژئاوایی، بەدوای دۆزینەوەی جێگرەوەیەکه کە تێیدا گۆڕان تەنیا لەسەر بنەمای ماددی و ئابووری ڕوو نەدات، بەڵکوو پێی وایە گەشەسەندنی ڕاستەقینە لە کەلتوورەوە دەست پێ دەکات و لە ڕێگەی بەمرۆییکردنی گەشەوە دەستەبەر دەبێت. ویستی پاشگەشە، گۆڕانی نێوخۆیی، کەلتووری و مەدەنییە کە لە خوارەوەی کۆمەڵگاوە دەست پێ دەکات؛ واتا کۆمەڵانی خەڵک لە گوند و شار خۆیان داڕێژەر و بەڕێوەبەری گەشەن و بۆ هەر چەشنە گۆڕانێک دەبێ ویست و ڕای خەڵکی ناوچه جیاوازەکان، ژنان، لاوان، ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان (NGO) و کۆمەڵگەی مەدەنی له ‌بەرچاو بگیرێ.

پاش‎گەشە پێی وایە کە بۆ گۆڕانی هەر کۆمەڵگایەک، دەبێ کەلتوور، داب و نەریت و زانستی ناوچە خۆجێیەکان بە هەند وەرگیرێ و ڕێز بۆ‌ جیاوازییەکان دابنرێ. پاش‎گەشە، باوەڕی بە پڵۆڕالیسمە و هەر چەشنە سیاسەتێک بۆ یەکڕەنگ‌کردن و یەکدەنگ کردنی کۆمەڵگا ڕەت دەکاتەوە. پاش‎گەشە، بە جێی برەودان بە کەلتووری ماددیگەرایانە و مەسرەفگەرایانە، لایەنگری لە شێوازێکی نوێی ژیان دەکا کە چێژ تەنیا لە کڕین و مەسرەف کردندا نەبینرێ و هەر بەرنامەیەک بۆ گەشە ئەشێ پاراستنی سروشت و ژینگە لەبەرچاو بگرێ. پاش‏گەشە پێی وایە دەبێ سیاسەت لەسەر قووڵ بوونەوەی دێموکڕاسی چڕ بێتەوە و تەواوی ئازادییە دێموکڕاتیکەکان ڕێزیان لێ بگیرێت. بە گشتی، پاش‎گەشە پێداگری لەسەر گەشەیەکی خەڵکییانە دەکات کە وێڕای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ وەک خواردن، جلوبەرگ، خوێندن، خانووبەرە و تەندروستی، گرینگی بە ڕۆڵی ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بدرێت؛ قووتابخانەی پاش‎گەشە زیاتر لە سەرمایەی ماددی، گرینگی بە پەرەپێدانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی[15] دەدات؛ بە تەواوی دژی ناوەندگەرایییە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەهێزکردنی خەڵکەوە ئاستی بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک لە کۆمەڵگادا بەرز کاتەوە.

ئێسکووباڕ، یەکێک لە بیرمەندانی سەر بە پارادایمی پاش‎گەشە، پێی وایە لە نێوان سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لاواز بوونی پارادایمی گەشە، پەیوەندی هەیە و لەسەر ئەم باوەڕەیە کە تێڕامان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ دەرباز بوون لە گوتاری مۆدێڕنیزاسیۆنی پاش شەڕی جیهانیی دووهەم کۆمەڵێک ئیدەمان دەداتێ. ئەو، پێی وایە گەشە وەکوو گوتارێک بە ساز کردنی کۆمەڵێک چەمکی وەک هەژاران، برسییەکان، نەخوێندەواران و پاشکەوتووان، هێژمۆنیی جیهانی باکوور (گەشەسەندوو) بە سەر جیهانی باشوور (گەشەنەسەندوو)دا دەسەپێنێ. لەم ڕوانگەیەوە، گەشە واتا کۆمەڵێک پەیوەندیی هێز و دەسەڵات که لە ڕیگەیەوە جیهانی ڕۆژئاوا دەیهەوێ‌ جیهانی سێهەم بەرهەم بێنێت و ئامانجی ئەوەیە کە هەمووی جیهانی گەشەنەسەندوو بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا، ئەزموونی گەشە لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە هەتا ئەمڕۆ ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ کە بەرنامە و پلانی گەشە ‌لە سەر ئیدئۆلۆژیی ناوەندگەرایانەی نەتەوەی فارس دامەزراوە و هەمیشە ڕوانگەیەکی هیرارشیک و سەرەوخوار، فارس‎تەوەرانە و دەوڵەتییانە زاڵ بووە و ژێردەستان (نافارسەکان، ژنان و هەژاران) قەت نەبینراون. هەر بۆیەش‌ ئەم وڵاتە بە گەشەیەکی ڕاستەقینە و هەمەلایەنە نەگەیشتووە و بەردەوام پەیوەندییە زاڵمانەکانی سوڵتە بەرهەم هێنراونەتەوە. کەوابوو دەبێ بۆ هەمیشە واز لە ڕوانگەی‌ ناوەندگەرایانە و نەژادپەرەستانە بۆ گەشەسەندن بێنین و ڕوانگەیەکی نوێ هەڵبژێرین.

شتێکی دیکە کە لە پەیوەندی لەتەک گەشەی ئاسۆییدا پێویستە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە ئەم جۆرە گەشەیە ئەگەرچی لایەنگری لە ئازادیی تاکەکەسی دەکات، بەڵام بە توندی ڕەخنە لە تاکگەراییی بەرژەوەندیخوازانەی لیبڕالیزم و نیئۆڵیبرالیزم دەگرێ. چونکە پێی وایە دەوڵەت نابێ تەنیا وەک “پاسەوانی شەو” ئەرکی دابینکردنی ئەمنییەت، بەڕێوە بردنی یاسا و جێگیر کردنی نەزمی لە ئەستۆ بێ؛ بەڵکوو ئەشێ “چاوەدێری” بەسەر ئابووریدا بکات و نابێ ئیزن بدات هیچ کەس بە دەستی هەژاری، نەخۆشی و هەڵبەزدابەزی بازاڕەوە بناڵێنێ. کەوابوو دەبێ ئەرکی دابینبوونی خوێندنی خۆڕایی، تەندروستی و بنەبڕکردنی هەژاری وە ئەستۆ بگرێ. بەم شەرحە، گەشەی ئاسۆیی لایەنگری لە دەوڵەتی بچووک ناکات و لێرەدا لە لیبڕالیزم و نیئۆڵیبرالیزم جوێ دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەش گەشەی ئاسۆیی لایەنگری لە دەوڵەتی گەورەی مارکسیسمی ئۆڕتۆدۆکسیش ناکات؛ چونکە پێی وایە ئازادییە تاکەکەسییەکان بەرتەسک دەکاتەوە.

بە گشتی، گەشەی ئاسۆیی پشتیوانی لە دەوڵەتی تا ڕادەیەک گەورەی چالاک و کۆمەڵگەی مەدەنیی گەورەتر و چالاکتر دەکات و لێرەدایە کە هەم لە لیبڕالیزم و هەم لە سۆسیالیزم جیا دەبێتەوە و لە سۆسیاڵ‎دێموکڕاسی نزیک دەبێتەوە. بەهێزبوون و چالاکبوونی دەوڵەت هەمیشە بە واتای سەرەڕۆبوون نییە، بەڵکوو دەبێ یارمەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی بدات. کاڕڵ پۆلانی[16] پێی وایە سیستەمی بازاڕی ئازاد لەگەڵ سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ نامۆیە. ئەم سیستەمە بەرهەمی هەوڵەکانی دەوڵەتە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیی چینێکی تایبەت. بەر لە زاڵبوونی نیزامی بازاڕی ئازاد، ئابووری لە خزمەت کۆمەڵدا بوو؛ بەڵام پاش زاڵبوونی نیزامی بازاڕی ئازاد، ئابووری لە کۆمەڵگا جیا بوویەوە و وەکوو دیاردەیەکی سەربەخۆ و تەریک لە کۆمەڵگا ئیشـی کرد و دەرکەو‌تەکەشی بوو به فاشیسم و کۆمۆنیزم. کەوابوو لیبڕالیزم‌ و کۆمۆنیزم هیچیان ناتوانن کۆمەڵێک بونیاد بنێن کە هەموو مرۆڤەکان تێیدا بەختەوەر بن. ڕێگەچارە دێموکڕاتیزە کردنی سۆسیالیزم و سۆسیالیزە کردنی دێموکڕاسی‌ یا هەمان «سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک»ە. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە وێڕای دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەهێز و گەورە، ئەشێ کۆمەڵگایەکی مەدەنیی گەورەتر و چالاکتر لەم دەوڵەتە و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوومان هەبێ بۆ ئەوەی پێش بە سەرەڕۆییی دەوڵەت بگرین، بێ ئەوەی لە داوی نیئۆلیبڕاڵیزم بکەوین؛ ئەمەش لە ڕێگەی گەشەی ئاسۆیییەوە دەستەبەر دەبێت.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە گەشەی ئاسۆیی کەڵک لە ئەندێشەی ئابووریزانێکی ‎تر بە ناوی ئاماڕتیا سێن[17] وەردەگرێ کە لە ساڵی 1998 بووەتە براوەی خەڵاتی نۆبێل لە بواری ئابووریدا. سێن لە کتێبی «گەشە وەکوو ئازادی[18]»دا وێڕای لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی دەوڵەت لەسەر گەشە، گرینگییەکی زۆریش بۆ ڕۆڵی مرۆڤ وەکوو کارگێڕ دادەنێ. لە ڕوانگەی «سێن»دا، دەوڵەت دەبێ ئەرکی دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو پەروەردە، تەندروستی و بنبڕ کردنی هەژاری وەئەستۆ بگرێ؛ بەڵام لەم بەریش ئەندامانی کۆمەڵگا دەبێ شان بە شانی دەوڵەت بە شێوەی چالاکانە بۆ گەشە هەوڵ بدەن(سن، 1381: 45-25). لە ڕوانگەی ئەوەوە، پەیوەندییەکی دیالێکتیک لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بە گەشه ‌هەیە. «سێن» بە پێناسە کردنی گەشە بە واتای ئازادی و شکۆفاییی مرۆ، دەیهەوێ تاکگەراییی ئابووریی مۆدێڕن وەلا نێ و بە دوورکەوتنەوە لە یۆنیڤێرسالیزم، تایبەتمەندییە خۆجێییەکانی گەشە لەبەر چاو بگرێ و جگە لە گەشەی‌ ئابووری، گرینگی بە پێوەرە مرۆیییەکانی گەشە (شاخص‎های انسانی توسعه) بدات. لەگەڵ ئەوەی ‌«سێن» پێی وایە دەبێ دەوڵەتی خۆش‎بژیو (دولت ڕفاە) بۆ پرسگەلێکی وەکوو پەروەردە، تەندروستی، هەژاری و بێکاری دەستوەردان بکات، بەڵام ئەم دەستوەردانە نابێ یەکجار زۆر بێت. گەشە ئەشێ بە هاوکاری و بەشداریی کۆمەڵانی خەڵک و دەوڵەت مسۆگەر بێت.

بە گشتی، «گەشەی ئاسۆیی» بایەخ بۆ هەر دوو‌ پێوەری ماددی و ناماددیی پێشکەوتن دادەنێ، بە مەرجێک خۆسەپێنانە و زۆرەملێیانە نەبێ، لەگەڵ ویستی کۆمەڵانی خەڵک سازگار بێت و زەربە لە ژینگە و ئەو کەلتوورە خۆجێیانە نەدات کە دژایەتیییان لەگەڵ ژیانێکی مرۆڤانە نییە. گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ ئەگەرچی دژی کۆنەپەرەستییە، بەڵام دژی هەموو نەریتێک نییە و نایهەوێ ژیانی ئەو گرووپانەی نایانهەوێ بە شێوەی دنیای مەسرەفگەرا بژین، تێک بدات. ئەم گەشەیە هێندێک لە پێوەره نەرمەکانی «دامەزراوەی نێونەتەوەییی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان[19]» وەکوو پێوەرەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی قەبووڵ دەکات و دەیهەوێ لە ڕێگای پەرە پێدان بەم پێوەرانە، کۆمەڵگا بەرەو گەشە ببات. لە ڕوانگەی ئەم دامەزراوەیەوە ئەم پێوەرانەی‌ دەبێ پەرەیان پێ بدرێت و بەهێز بکرێن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا گەشە بکا، بریتین لە: 1- چالاکیی‌ مەدەنی[20]؛ 2- کلووپ و ئەنجومەنەکان[21]؛ 3- یەکپارچەییی نێوخۆیی[22]؛ 4- متمانە و ئەمنییەتی نێوان تاکەکان[23]؛ 5- بەرابەریی جنسییەتی[24] و 6- لە خۆگرتنی کەمایەتییەکان[25] (2010، ISS).

هەر یەک لەم پێوەرە نەرمانە لە ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتیدا، یارمەتی بە  گەشەیەکی ڕاستەقینە و دێموکڕاتیک دەدەن. بۆ نموونە، لە ئاکامی پەرەسەندنی چالاکیی‌ مەدەنی و زیاد بوونی کلووپ و ئەنجومەنه جۆراوجۆرەکان، کۆمەڵێک داب و نەریتی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتوو ڕۆدەنرێ، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و حیزبە سیاسییەکان‌ گەشە دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی شارۆمەندان چالاکانە لە کۆمەڵگا و سیاسەتدا بەشداری بکەن. ئەم پێوەرانە ڕێگا بۆ خەڵک خۆش دەکەن کە دەستیان بە ڕێکخراو و ئەنجومەنە مەدەنییەکان، کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی بەشداری لە سیاسەت وەکوو خۆپێشاندان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕابگا.

یەکپارچەییی نێوخۆیی، ململانێ و ناکۆکیی نێوان نەتەوە، تاقم و دەستە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا ئەندازە دەگرێ و بەهێز بوونی ئەم پێوەرە، دەبیێتە هۆی نەمانی هەڵاواردن و سیستەمی ئاپاڕتاید. یەکپارچەییی نێوخۆیی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ و یەکێتی و یەکگرتوویی لە نێوان چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا ساز دەکا بە بێ ئەوەی هیچ گرووپێکی ئایینی، نەتەوەیی و زمانی لە نێو گرووپێکی دیکەدا بتوێتەوە یان جیاوازییەکان، توندوتیژی و نائارامییان لێ بکەوێتەوە. متمانە و ئەمنییەتی نێوان تاکەکان وەکوو سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکان لەگەڵ یەک، هەست بە ئارامی و خۆشەویستی بکەن و لەتەک یەکدا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک مامەڵەی‌ بازرگانی‌، کاری مرۆڤدۆستانەی وەک ژینگەپارێزی، داکۆکیکردن لە مافی مناڵان، کاری خێرخوازی، کاری سیاسی و بە گشتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەست بە متمانە بکەن. ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا گەشە بکات.

بەرابەریی جنسییەتی واتا ژنان تا چ ڕادەیەک وەکوو پیاوان‌ لە بواری خوێندن، پیشە و سیاسەتدا دەرفەتی یەکسانیان دەدریتێ و ئاخۆ لە کۆمەڵ و ناوماڵ، هێز و دەسەڵاتیان بە ئەندازەی پیاوان هەیە؟ لە ڕەوتی گەشەی ئاسۆییدا، هیچ پاساوێک بۆ هەبوونی نابەرابەری لە نێوان ژنان و پیاوان لە هیچ شوێن و گۆڕەپانێک نییە. لە بەڕێوەبردنی ناوماڵ، خاوەندارێتیی مناڵ، ئیرس و میرات، مافی تەڵاق، کاری ئابووری‌ و خوێندن هەتا دەگاتە گشت بەرپرسیارەتییە بەڕیوەبەرایەتییەکان و بەرزترین پلە سیاسییەکان دەبێ لەگەڵ پیاوان بەرابەر بن و پیاوسالاری بە تەواوی لە کۆمەڵگا داماڵدرێ.  پێوەری لەخۆگرتنی کەمایەتییەکان، لە هەمبەر ڕەچاو کردنی سیاسەتی هەڵاواردن دژی چین و توێژە لاواز و پەڕاوێزخراوەکانی کۆمەڵگا وەک خەڵکانی خۆجێیی، خەڵکانی کۆچەر و پەنابەران دەوەستێتەوە و ڕێگا نادات هیچ یاسایەک پەسند یان جیبەجێ بکرێ کە ببێتە هۆی هەڵاواردنی ئەوان لە بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا. (Foa and Tanner, 2012: 9-12).

بەم چەشنە، «گەشەی ئاسۆیی» لە قوتابخانەی پاش‎گەشە، سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک، سۆسیاڵ‎دێموکڕاسی، بیرۆکەی گەشە وەکوو ئازادی و پێوەرەکانی دامەزراوەی نێونەتەوەییی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرێ و بە تێکەڵکردنی بنەما فکرییەکانی ئەوان، گەڵاڵەی جۆرێک ‌ گەشە دادەڕێژێ کە لەگەڵ گەشەی تەک ڕەهەندی، هێڵدار، ناوەندگەرایانە، دەوڵەتگەرایانە، زۆرەملێیانە و سەرمایەدارانە ناتەبایە.

پێویست بە ئاماژەیە کە «گەشەی ئاسۆیی» ئەگەرچی لە قوتابخانەی پاشگەشە ئیلهام وەردەگرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی پێی وایە گەشە توانیوێتی گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤدا پێک بێنێ‌، بە گشتی گەشە ڕەت ناکاتەوە و دەیهەوێ جێگرەوەیەک بۆ گەشەی ناوەندگەرایانە و سەرمایەدارانە دانێ. لە حاڵێکدا پاشگەشە لە جێگرەوەیەک‌ بۆ کۆی گەشە دەگەڕێ، گەشەی ئاسۆیی دەیهەوێ ئاڵتێڕناتیڤێک بۆ گەشەی ناوەندگەرایانە، دەوڵەتگەرایانە و سەرمایەدارانە بدۆزێتەوە. لەم گەشەیەدا نە بە تەواوی ڕۆڵی دەوڵەت ڕەت دەکرێتەوە و نە لە داوی کەرتی تایبەتیی (بخش خصوصی) سیاسەتی نیئۆلیبڕاڵ دەکەوێ کە دەیهەوێ لە ڕێگەی تێکنیکەکانی بایۆپۆلیتیکەوە (زیست – سیاست) کۆمەڵگا ڕام و ملکەچی خۆی بکات.

لە لایەکی دیکەوە «گەشەی ئاسۆیی»، لایەنگری لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات و سیستەمی سەرمایەداری بە سیستەمێکی ستەمکار دەزانێت و پێی وایە دژی بەها مرۆڤایەتییەکانە. هەر بۆیە لە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک کەڵک وەردەگرێت و خۆی بە تەبا لەگەڵی دەزانێت بەم جیاوازییە کە گەشەی تەواو دەوڵەتی و سەرەوخوار ڕەت دەکاتەوە و خوازیاری بەشداری پێ‎کردنی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕەوتی گەشەی وڵاتدایە. لەم شوێنەش کە گرینگی بە ڕۆڵی تاکەکان و ئازادیی ئەوان لە ڕەوتی گەشەسەندنی کۆمەڵگادا دەدات، لە بیرۆکەی «گەشە وەکوو ئازادی»ی ئاماڕتیا سێن ئیلهام وەردەگرێ. هەروەها بە هۆی ئەوەی بایەخ بە پێوەرە ناماددییەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی دەدات، لە پێوەره نەرمەکانی «دامەزراوەی نێونەتەوەییی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکان» کەڵک وەردەگرێ. هۆکاری هەڵبژاردنی ئاوا گەشەیەک ئەوەیە کە لەگەڵ چاخی ئێستا کە سەردەمی ئاسۆیی بوون و زەمانی ناشتنی سیاسەتی فەرماندەرانە و زۆرەملێیانەیه،‌ دەگونجێ. گەشەی ئاسۆیی وەکوو ئاڵتیڕناتیڤی جۆرەکانی دیکەی گەشە، خوازیاری پێشخستنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگایە و دەیهەوێ  بە قووڵکردنەوەی دێموکڕاسی، برەودانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی بەرابەری و گەشە سەندنی ئازادییە مەدەنییەکان، کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر ڕۆبنێ.

هەنووکە لە سەردەمی پاش بزووتنەوەی ژینادا، ئایدیایەک کە «گەشەی ئاسۆیی» دەیدا بە ئێمە ئەوەیه کە بزووتنەوەی ژینا وەکوو بزووتنەوەیەکی‌ کۆمەڵایەتیی نوێ، پێویستییی بە گەڵاڵەکردنی بەرنامەیەکی تازە هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.‌ ‌هەر وەک ئاماژەمان پێ دا بزووتنەوەی ژینا لە بەستێنی کەلتووری سیاسیی ئاسۆییدا بیچمی گرت، بۆ ئەوەی بتوانین هاوشان لەگەڵ ئەم کەلتووره، لە لایەک بزووتنەوەی میللی-دێموکڕاتیکی کوردستان بەرەو پێش ببەین و لە لایەکی دیکەوە بەرنامەیەک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەمان داڕێژین، پێویستیمان بە شکڵێکی نوێ لە خەبات هەیە کە لەگەڵ کەلتووری سیاسیی ئاسۆیی پاش بزووتنەوەی ژینا و گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ تەبا بێت؛ ئەم خەباتە دەبێ هەم تایبەتمەندیی شۆڕشگێرانەی هەبێت و هەمیش خەڵکییانە و ناهیرارشیک بێت؛ ئەم خەباتە بریتییە لە «خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ» کە لە درێژەی وتارەکەدا لەبەر ئاسانبێژیی زیاتر بە «خەباتی ئاسۆیی» ناوی دێنین.

خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ

هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستان، زەروورەتی پێداچوونەوەی لە چۆنیەتیی درێژەدان بە خەباتی میللی-دێموکڕاتیکی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات ورووژاندووە و پێویستە حدکا جۆرێکی نوێ لە خەبات بە ناوی «خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ» ڕەچاو بکات کە لەگەڵ دۆخی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان‌ تەبا بێت‌. هەر جۆرە خەباتێک پڕەنسیپ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە؛ خەباتی ئاسۆییش خاوەنی چەندین ئەسڵی سەرەکییە کە کۆی خەباتەکە لە دەوری بیچم دەگرێ و پێی دەناسرێتەوە؛ ئەم ئەسڵانە بریتن لە:

  • سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک
  • مافی دیاریکردنی چارەنووس
  • گەشەی ئاسۆییی ڕادیکاڵ (هەمە لایەنە:گەشەی سەوز، کۆمەڵایەتی – ئابووری- سیاسی- کەلتووری) بە جێی گەشەی ئابووری تەوەر
  • بەڕێوەبەرایەتیی ئاسۆیی
  • دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ
  • خەباتی چەند ڕەهەندی (سیاسی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و چەکداری)
  • هاوئاهەنگی بە جێی پێشەنگی

لە درێژەدا هەو‌ڵ دەدەین بە کورتی و بە پوختی هەر یەک لەم‌ ئەسڵانە شی کەینەوە:

1-4- سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک

د. قاسملوو پێی وایە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبی دێموکڕات هەوڵدان بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لەنێوبردنی چەو‌سانەوەی ئینسانە و لەم ڕاستایەشدا سۆسیالیزم وەکوو ئامانجی دواڕۆژی حیزب دیاری دەکات (تاڤگەی هەقیقەت، 22). لە «کورتەباس»دا، د. قاسملوو لە بەشێکدا لە ژێر ناوی «سۆسیالیسم چییە؟» ڕوونی دەکاتەوە کە حیزبی دێموکڕات نیزامی سەرمایەداری ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ: «کاتێک دەڵێن سۆسیالیزممان دەوێ، ئەوە بەو مانایەیە کە سەرمایەداری ڕەت دەکەینەوە» (تاڤگەی هەقیقەت، 23). دواتر دەڵێ ئێمە بۆیە سۆسیالیزممان هەڵبژاردووە کە «ئیمتیازی نەژادی، چینایەتی، ئیرسی، عەشیرەتی، ئایینی و … هەموویان لە سۆسیالیزمدا لە بەین دەچن»(تاڤگەی هەقیقەت، 25). پاشان د. قاسملوو وێڕای ڕەخنەگرتن لە سۆسیالیزمی ئەوکات، دەڵێ: ئێمە دەبێ سۆسیالیزمێک دروست کەین کە نەک دێموکڕاسی مەحدوود نەکا، بەڵکوو پەرەشی پێ بدات؛ ئێمە دەبێ سۆسیالیزمێک دابمەزرێنین کە دێموکڕاتیک بێ. ئەوە هەم بە مانای کەڵکوەرگرتن لە دەسکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە و هەم بە مانای کەڵکوەرگرتن لە ئازادیی فەردی و سیاسی و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵک لە هەڵسووراندنی کاروباری وڵاتدایە. لە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکدا، فەرد نە لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەچەوسێتەوە، نە لە باری سیاسییەوه (تاڤگەی هەقیقەت، 41، 42 و 43).

بە باوەڕی نووسەر، ئێستاش سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک مرۆڤانەترین و شیاوترین ستراتێژییە بۆ دواڕۆژ. هەر وەک دەزانین چل ساڵ لە نووسینی کورتەباس‌ تێپەڕ بووە و لەم چەند ساڵەی دواییشدا هێندێک قسە و باس لەسەر ئەم بابەتە لە نێو حیزب و لە دەرەوەی حیزبدا هاتۆتە گۆڕێ. هێندێک کەس پێیان وایە حیزب لە ئەسڵدا و بە کردەوە حیزبێکی سۆسیال دێموکڕاتە و بۆیە پێویستە واز لەم ستراتیژییە بێنێ و بە ڕاشکاوانە ببێتە حیزبیکی سۆسیال‎دێموکڕات. هێندێک کەسیش پێیان وایە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک هێشتا کارامەیە، چونکە تەنیا لە ئاوا سیستەمێکدا چەوسانەوە کۆتاییی پێ دێت.

بە باوەڕی منیش هێشتا سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک بە سێ هۆ کارامەیه: 1- لەنێوبردنی چەوساندنەوە ئاواتی لەمێژینەی مرۆڤە کە لە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکدا دەتوانێ دەستەبەر بێت؛ 2-‌‌ سیستەمی سەرمایەداری لە شکڵی نیئۆلیبڕاڵیی‌ ئێستایدا تووشی گەلێک قەیران و کێشە بووەتەوە کە بەرچاوترینیان زل بوونەوەی مەودای نێوان چینەکان و کەلێنی کۆمەڵایەتی، پەرە سەندنی مەسرەفگەرایی و لە ناو بردنی ژینگەیه؛ 3- دەبێ بزانین کاتێک‌ قسە لە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگایەک دەکەین، بە قەولی ماکس وێبێر[26] مەبەست ئیدەئال‎تایپ[27] یان جۆرێکی ئاڕمانییە. جۆری ئاڕمانی لە ڕوانگەی وێبێرەوە نموونەیەکی تەواو و کۆ کراوەی گشت تایبەتمەندییەکانی دیاردەیەکە کە لە جیهانی ڕاستیدا لە هیچ کوێ دەست ناکەوێ؛ بەڵکوو توێژەر دەتوانێ هەر دیاردەیەکی دیکەی لەگەڵ هەڵسەنگێنێ و بەراوردی بکا کە چەندە لە ئیدەئال‌تایپەکە نزیک دەبێتەوە. بەم شەرحە دوو چەمکی سۆسیالیسم و دێموکڕاسی بە تەواوی لقوپۆپەکانیانەوە وەکوو ئەوەی تیۆریزە کراون لە هیچ کوێ نابینرێن. گرینگ ئەوەیە کە کۆمەڵگایەک چەندە بتوانێ لێیان نزیک بێتەوە. کەوابوو، نه ‎دێموکڕاسی و نە سۆسیالیزم، هیچیان وەکوو ئەوەی لەسەر لێنووس گەڵالە دەکرێن، لە ئەرزی واقیعدا دەستەبەر نابن. کە دەڵێین ئێستاش سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک کارامەیە، مەبەست ئەوەیە وەکوو ئیدەئال‎تایپێک لێی بڕوانین و  بەرەو ئەو سیستەمە هەنگاو هەڵێنینەوە و تێبکۆشین کۆمەڵگای کوردستان لەم جۆرە سیستەمە نزیک کەینەوه، نەک ئەوەی سەداسەد بتوانین دایمەزرێنین. ئەمە بە واتای ئەوەیە کە دێموکڕاسی و سۆسیالیزم پڕۆژەی سیاسی نین کە لە ماوەیەکی کاتیدا ئەنجام بدرێن و دوایی ماوەیان بەسەر بچێت؛ دێموکڕاسی و سۆسیالیزم پڕۆسە واتا ڕەوتن؛ کەوابوو نە ماوەیان  بەسەر دەچێت و نە کامڵ دبن. گرینگ ئەوەیە کە هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی لە ئیدەئاڵ‎تایپەکەیان نزیک بینەوە، ئەگەرچی دەزانین قەت بە شێوەی سەداسەد دەستەبەر ناکرێن. هەر بۆیە دەبێ خۆمان لە هەڵبژاردنی سیاسەتی ئیدئۆلۆژیک ببوێرین و دەرک بەوە بکەین کە کاتێک دەتوانین کۆمەڵگایەکی بەڕاستی مرۆڤانە بونیاد بنیێن کە بتوانین بەربەستگەلێکی وەک ئیمتیازە کۆمەڵایەتییەکان (پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان، جیاوازیی چینایەتی) بسـڕینەوە، ئەوەش کاتێک دەستەبەر دەبێ کە بەرەو کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی و دێموکڕاتیک بڕۆین. هەڵبژاردنی ئاوا ڕوانگەیەک ئەم تێگەیشتنەمان پێ دەدات کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سۆسیالیزم بڕۆین. بۆیە ئەشێ حیزبی دێموکڕات کار بکا بۆ گەشەپێدانی ئازادیی تاکەکەسی، دێموکڕاسی، دادپەروەری و بەرابەری، لە ڕێگای هەنگاوی بەکۆمەڵ و دەستەجەمعییەوە.

باسێکی دیکە کە لەسەر‌ دێموکڕاسی و سۆسیالیزم هەیە، پرسی پێشترێتی (اولویت)ی هەر کام لەوانەیە. ئایا دەبێ لە پێشدا دێموکڕاسی سەقامگیر بێ جا دوایی سۆسیالیزم یان پێچەوانەکەی؟ بەڕای من وڵامی ئەم پرسیارە لە بەرنامەی گەشەی ئاسۆیی و خەباتی ئاسۆییدا دیارە، ئەویش ئەوەیە کە ئازادیی مروڤ و ڕێزدانان بۆ بیروڕای جیاواز، گرینگترین ئەسڵە و بەبێ ڕێزگرتن لەم مافانە هیچ شتێکی ئینسانیی ڕاستەقینە نایەتە دی. کەوابوو ئەگەر هەڵبژاردنێکی بەڕاستی دێموکڕاتیک و خەڵکییانە نەبێ، دادپەروەرییش نایەتە دی؛ چونکە دەسەڵاتی نادێموکڕاتیک خەڵکی و گەلی نییە هەتا خزمەت بە چەوساوان و هەژاران بکات. هەر بۆیە پەرەپێدانی ئازادییە دێموکڕاتیکەکان و بەهێزکردنی کەلتوورێکی سیاسیی دێموکڕاتیک لە نێو جەماوەردا، ڕێگا بۆ‌ گەڵاڵەکردن و پیادەکردنی دادپەروەری خۆش دەکات و دەتوانێ کۆمەڵگا بەرەو لای ببات. کەوابوو، کاتێک دەتوانین کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووی ئاسۆیی‌ (جامعه توسعه‎یافته‎ی افقی) کە هەم دێموکڕاتیک بێ و هەم دادپەروەرانە، بونیاد بنێین کە دەسەڵات بەڕاستی دێموکڕاتیک بێ، ئەوسا‌ ئەم دەسەڵاتە دەتوانێ بۆ لابردنی چەوساندنەوەی ئابووری هەوڵ بدات. دادپەروەری بە بێ ئازادی وەهمێکە لە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک و ناتوانرێ بە بێ ئازادی و دێموکڕاسی،کۆمەڵگایەکی عادڵانەی پایەدار ڕۆ بنیرێت. کەوابوو بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی نزیک بینەوە، پێویستیمان بە دێموکڕاسی لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەیە. بەڵام دەبێ سەرەتا دەرفەتی ئازاد و بەرابەر بۆ هاووڵاتیان بڕەخسـێ هەتا پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەو جۆرەی کە بۆخۆیان دەیانهەوێ یەکلا کەنەوە، جا دواتر پلان و بەرنامە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی بازاڕ دابڕێژن، ئەوەش بە واتای پێشترێتیی دێموکڕاسیی کۆمەڵایەتی بەسەر دێموکڕاسیی ئابووریدایە.

ڕەنگە ڕەخنەیەک کە لەم بۆچوونە بگیرێ ئەوە بێ کە ئەمە هەمان سۆسیال‎دێموکڕاسییە و سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک نییە. سەرەتا با ئەوە ڕوون کەینەوە و وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، سۆسیالیزم ئیدەئال‎تایپێکە و  سەتاسەت لانیکەم لە بارودۆخی ئێستادا نە لە کوردستان و نە لە هیچ کوێ دانامەزرێ؛ کەوابوو  خۆ ئەگەر بتوانین کوردستانێکی سۆسیال‎دێموکڕاتی وەک ئەو جۆرەی لە وڵاتانی سکاندیناویی ناسراو بە مۆدێلی نۆردیک هەیە ساز دەین، کارێکی یەکجار گەورە دەکەین. ئەمەش بە واتای ئەوە نییە کە سۆسیاڵ‎دێموکڕاسی ئامانجی دوا ڕۆژمانە؛ بەڵکوو بە مانای ئەوەیە کە پلەیەک لە سۆسیالیزم نزیک دەبینەوە و ڕێگاکانی گەیشتن بەرەوە ئیدەئال‎تایپی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک پتر هەموار دەبێت.

پیوەرە نێودەوڵەتییەکانی دێموکڕاسی[28]، گەشەی کۆمەڵایەتی[29] و گەشەی مرۆیی[30] دەری دەخەن کە وڵاتانی سکاندیناوی چەندین ساڵە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئەم وڵاتانەن کە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی، ئازادی، دادپەروەری و دێموکڕاسی تێدەکۆشن[31]. ئەم پێوەرانە پێشانی دەدەن کە هەر هەنگاوێک بەرەو دێموکڕاسی و دادپەروەری، بەختەوەری و خۆش‎بژیوی بۆ خەڵک بە دیاری دێنێ؛ کەوابوو دەبێ بە دوورکەوتنەوە لە ئیدئۆلۆژی و بە ڕەچاوکردنی ڕوانگەیەکی زانستی و ئەزموونکراو، دان بەوەدا بنێین کە ئەگەریش پێمان وایە لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ستەمی سیاسی و ئابووری ڕزگاری بێ، پێویستیمان بە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی و دێموکڕاتیک هەیە، لانیکەم لە دۆخی ئێستادا ڕۆ نانی ئاوا کۆمەڵگایەک ئەستەمە و گرینگ ئەوەیە کە بە هەنگاوەکانمان لێی نێزیک بینەوە. با لەوە تێبگەین کە ئەگەر حدکا لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دێموکڕاتیکەوە توانی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان بە دەستەوە بگرێ، لە دۆخی ئێستادا گرینگ ئەوەیە کە بە شێوەی تیۆریک و عەمەلی بۆ ئاشتبوونەوە و ئاوێتەکردنی دێموکڕاسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەوڵ بدات، نەک ئەوەی تەواوی وزەی خۆی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی تەرخان کات.

کەوابوو خەباتی ئاسۆییی ڕادیکاڵ بە گرینگی‌دان بە کۆمەڵانی خەڵک، دێموکڕاسی وەپێش دەخات و دوای بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، بۆ دامەزراندنی سۆسیالیزم کار دەکات. لە کۆمەڵگای ئاسۆییدا هیچ کەس مافی ئەوەی نییە بە هەر بیانوویەک بێ، بەبێ ڕەزامەندیی کۆمەڵانی خەڵک، بەرنامەی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری داڕیژێ و بەڕێوەی ببات. ئەمە بە واتای پێشترێتیی دێموکڕاسییە، دێموکڕاسییەکی خەڵکی و ڕادیکاڵ‌. پێناسەی گەشەی ئاسۆیی بۆ مرۆڤ، مرۆڤێکی کۆمەڵایەتیی ژینگەدۆستە کە چێژ تەنیا لە سوودی ئابوری و مەسرەفکردندا نابینێ؛ بەڵکوو بە هەڵبژاردنی کەلتوور لە جێی ئابووری، وەکوو بناغەی پێشکەوتن، دەیهەوێ کۆمەڵگەیەکی تەژی لە ئازادی و بەرابەری پێک بێنێ کە مرۆڤ تێیدا هەست بە سەربەخۆیی و بەختەوەری بکات. خەباتی ئاسۆیی لە ڕێگەی گەشەی ئاسۆیییەوە دەیهەوێ مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی پەروەردە بکات، نەک‌ مرۆڤی تاکگەرای هەلپەرەست و تەریکی دنیای لیبڕاڵ‌ یان مرۆڤی داپڵۆساوی سیستەمە سەرەڕۆکان. دەیهەوێ کۆمەڵگایەک پێک بێنێ کە ئەندامانی ئازادیخواز و دادپەروەریخواز بن و ‌ئاشتییانە پێکەوە بژین. هەر وەک دەزانین د. قاسملووش بە شوێن ئەوەوە بوو کە سۆسیالیزم، دێموکڕاتیزە بکات؛ ئەمە بە واتای ئەوەیە دێموکڕاسی نەک گرینگتر بەڵكوو لەپێشترە. چونکە هیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی خەڵکییانە ناتوانێ بەبێ لەبەرچاو گرتنی ویستی کۆمەڵانی خەڵک دابمەزرێ. کەوابوو ئاسایییە کە حیزبێکی خەڵکی و دادپەروەریخوازی وەک حدکا، وەک هەمیشە دێموکڕاسی بخاتە پێش سۆسیالیزم و بیهەوێ بە شێوەی دێموکڕاتیک سۆسیالیزم دامەزرێنێ.

ئەزموونی چل ساڵ پاش کورتەباس نیشانی داوە کە دەوڵەتی گەورە ئەویش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەریش بە شێوەی دێموکڕاتیک هەڵبژێردرێ، ئەستەمە بە دێموکڕاتیکی بمێنێتەوە و ڕەنگە وردە وردە بۆخۆی ببێتە دیکتاتۆریی زۆرینە و وەکوو چینێکی سەربەخۆ لە خەڵک لە گەندەڵییەوە بگلێ و خۆی ببێ بە ئامرازی چەوساندنەوەی خەڵک. کەوابوو لەگەڵ ئەوەی پێمان وایە سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک، بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگاکەمان شیاوترین و مرۆڤانەترین سیستەمە، دەبێ بزانین لە ڕێگەی دەوڵەتی گەورەوە و بە سیاسەتی تێخوڕانە ئەستەمە دەستەبەر بکرێت. بۆیە دەکرێ لە ڕێگایەکی دیکەوە پێی بگەین؛ ئەویش نەک لە سەرەوە و بە شێوەی هیرارشیک و بە دەستی دەوڵەتێکی بەهێز و گەورە؛ بەڵکوو لە خوارەوە و بە دەستی کۆمەڵانی خەڵک، بەڵام بە یارمەتیی دەوڵەت. واتا ئەگەر ئامانجی سەرەکیی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک پێشکەوتنی کۆمەڵگا و جێگیر کردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤە، ئەزموونی وڵاتانی سەرمایەداری و سۆسیالیستی نیشانی دەدات ئەم کۆمەڵگایەی بەڕاستی شایستەی مرۆڤە هەتا ئەمڕۆ نەهاتۆتە دی، بەڵام ناکرێ چاو لە ئەزموونی تا ڕادەیەک سەرکەوتووی وڵاتانی سکاندیناوی بپۆشین کە بۆ تێکەڵکردنی دێموکڕاسی و دادپەروەری هەوڵی باشیان داوە؛ ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە لە کۆتاییدا دەمانهەوێ، واتا سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک، مەودایان زۆر ماوە.

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی 20 و 21 ئەوەیان پێشان داوین کە پێشخستنی کۆمەڵگا، بڕەودان بە ئازادییە تاکەکەسییەکان، دیاریکردنی مافی چارەنووس و بەرقەراریی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لە هیچ یەک لەم سیستەمانەی سەرەوەدا بە هۆی زاڵبوونی هێز و دەسەڵات بە باشی نەهاتووەتە دی. بەداخەوە هەمیشە بەهاکانی مرۆڤ کەوتوونەتە پەڕاوێزی هێز و دەسەڵاتەوە. سۆسیالیزم، سەرمایەداری، لیبرالیزم و نیئولیبڕالیزم گشتیان لە لایەن بەهێزەکانەوە کراونەتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتداران بەسەر بێدەسەڵاتاندا، هەر بۆیەش ئامانجەکانیان بە لاڕێدا براون. تەنانەت لە سیستەمە سیاسییەکانی جیهانی پێشکەوتووشدا ستەم هەر ماوە. ئەم بارودۆخە نیشانی دەدا کە دەبێ پابەندی ئەم ئەسڵە بین کە خودی خەڵک مافی ئەوەیان هەیە بۆخۆیان چ سیستەمێکی کۆمەڵایەتییا‌ن پێ باشە، دایمەزرێنن. هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین کە هیچ سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت هیچ دیاردەیەک تا سەر نییه و خەڵک لە کاتی خۆیدا مافی ئەوەیان هەیە هەڵیوەشێننەوە؛ کەوابوو ئەگەر دێموکڕاسیمان لە دادپەروەری پێ گرینگتر نەبێ، بە دڵنیایییەوە پێمان لەپێشترە؛ واتا لە ڕێگەی دێموکڕاسییەوە دەتوانین بە دادپەروەری بگەین، نەک پێچەوانەکەی؛ ئەمە ڕۆحی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و گەشەی ئاسۆیییە.

بەم شەرحە تێدەگەین کە سۆسیالیزمی‌ دێموکڕاتیک، بۆ دواڕۆژی کۆمەڵگای کوردستان یەکێک لە باشترین سیستەمەکانە، چونکە دژی هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکە؛ بەڵام پێویستە پاش چل ساڵ لە گەڵاڵەکردنی سۆسیالیزمی‌ دێموکڕاتیک، چۆنیەتیی دامەزراندنی تۆزێک هەموار بکرێتەوە. پێویستە لەگەڵ پاراستنی کاکڵەکەی کە بەهێزکردنی دێموکڕاسی و بەرقەراریی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە، هێندێک شتی وەک پشتیوانی لە بەرنامەی ئابووریی ناوەندگەرایانەی لێ کەم کەینەوە و هێندێک شتیشـی پێوە زیاد کەین کە ئەو کات لە کوردستان مەسەلە نەبوون، بۆیە د. قاسملوو باسی نەکردوون؛ بۆ وێنە پرسی ژینگه یان هێندێک شت کە ئێستا پتر لە ڕابردوو زەروورەتیان هەیە وەکوو پرسی ژنان و مافی مناڵان. بە هۆی ئەوەی لە سەردەمی گەڵاڵەکردنی کورتەباسدا، کۆمەڵگەیەکی نەریتیی خاوەن کەلتووری سیاسیی ‌ئەستوونیمان لە کوردستان هەبووە، هەڵبژاردنی بەرنامەیەکی ‌ئەستوونی بۆ بونیادنانی سیستەمێکی دێموکڕاتیک و سۆسیالیست لە ژێر هێژمۆنیی گوتارێکی ‌نوخبەگەرایانە پێویست بوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە هۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری کە لە کوردستان، ئێران و جیهاندا ڕوویان داوە، ‌ کۆمەڵگای کوردستان بەرەو هاوڕێکی و حاڵەتی ئاسۆیی ڕۆیشتووە کە لە بزوتنەوەی ژینادا خۆی نیشان دا. هەنووکە، خەریکە کوردستان لە کەلتووری سیاسیی ‌ئەستوونی بە تایبەتمەندیگەلێکی وەک گوێرایەڵبوون و سەرۆکسالاری لە سیاسەت ماڵئاوایی دەکات و بەرەو کەلتوورێکی سیاسیی ئاسۆیی هەنگاو دەنێت؛ هەر بەم پێیە و بە گوێرەی سەردەم پێویستە حیزب لەگەڵ ئەم گۆرانکارییانە خۆی بگونجێنێ.

سەردەمی نووسینی کورتە باس و چەسپاندنی لە پێڕەوی نێوخۆی حیزبدا سەردەمی زاڵبوونی گوتاری گەشە لە دوو شکڵی سەرمایەداری و سۆسیالیستیدا بوو؛ دەشزانین کە یەکێک لە بەرنامەکانی حیزب بە تایبەت لە پاش شۆڕشی 1357 گەشەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگای کوردستان بە شێوەی پێشکەوتوو و سۆسیالیستی بوو. بەرنامەیەک کە دەوڵەتی خودموختار پێویست بوو لە پاش بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات‌ هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی بدات. هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا،‌ دیاریکردنی ئامانجی دواڕۆژی کۆمەڵگا وەکوو کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیی دێموکڕاتیک، ئێستاش بە جێیە. وەئەستۆ گرتنی ئەم ئەرکە بە تەواوی لە لایەن دەوڵەتی خودموختار یان حیزبی دێموکڕاتەوە بۆ ئەو کات زۆر گونجاو بوو؛ چونکە ئەو کات حیزب زۆر لە کۆمەڵگا پێشکەوتووتر بوو و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردەواری تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر سەرەوخوار و ئەستوونی بوو، بەڵام ئێستا  کۆمەڵگای کوردستان چۆتە قۆناغی ئاسۆییبوون و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نێو بەرەی نوێدا بە شێوەی سەرەوخوار و کۆڵەکەیی نەماوە و بەرەو هاوتەرازی ڕۆیشتووە؛ پێویستە ئەرکی پێشخستنی کۆمەڵگا جگە لە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان یان بڵێین حیزبی دێموکڕات بخرێتە ئەستۆی کۆمەڵانی خەڵکیش. لە سەردەمی ژیانی سیاسیی د. قاسملوودا پێویست بە حیزبێکی پێشەنگ بوو کە بە داڕشتنی بەرنامەی گەشە و پیادەکردنی، کوردستان پێش بخات، ئێستا کە بە خۆشییەوە کۆمەڵگای کوردستان لەڕووی هزری و کەلتوورییەوە تا ڕادەیەکی زۆر پێش کەوتووە، دەبێ لە دەورگێڕانی حیزب و دەو‌ڵەتی داهاتووی کوردستان کەم بکرێتەوە. هەڵبەت ئەمە بە واتای ئەوە نییە ئەرکی پێشخستنی کۆمەڵگا بدرێتە کۆمەڵێک کۆمپانی و سەمایەدار؛ بەڵکوو دەبێ ئەم ئەرکە بدرێ بە کۆمەڵانی خەڵک لە گوند و شارەکان و دەوڵەتیش چاوەدێری بکات. ئەم کارە هەم دێموکڕاتیکترە و هەمیش پێش لە ساز بوونی دەوڵەتیکی گەورە دەگرێ کە لەوانەیە تووشی گەندەڵی بێت یان ڕەنگە بە پشتیوانیی دەسەڵات و سامانی زۆرەوە، بڕەو بە سیاسەتی لایەنگر‎ساز کردن (حامی پروری)[32] بدات و دێموکڕاسی لاواز بکات. چونکە نابێ لەبیرمان بچێ خەبات بۆ دێموکڕاسی نابێ بچێتە ژێر باندۆڕی خەبات بۆ هیچ شتێکی تر. کەوابوو ئێستا پێویستیمان بە حیزبی هاوئاهەنگ هەیە نەک پێشەنگ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەگەر توانی دەسەڵات بە دەستەوە بگرێ، وێڕای کۆمەڵانی خەڵک بەرنامەی دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پیادە بکات. حیزبی دێموکڕات دەبێ پابەندی ئەو ئەسڵە بێت کە داهاتووی کوردستان نە دەوڵەتیکی سەرەڕۆ دیاریی دەکات و نە هێزی ئابووریی ئازاد و یاغی، بەڵکوو داهاتووی کوردستان لە دەستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندایە کە بە کردەی بەکۆمەڵی خۆیان دیاریی دەکەن. خەباتی ئاسۆیی کە لە درێژەدا زیاتر باسی دەکەین لە ڕێگەی گەشەی ئاسۆیییەوە دەرفەتێکی باش بۆ پەرە پێدانی دادپەروەری و بەهێز کردنی دێموکڕاسی دەرەخسێنێ. کۆمەڵگایەک کە لە ئاکامی ئەم خەباتە دروست دەبێت، دەکەوێتە نێوان کۆمەڵگایەکی سۆسیال‎دێموکڕات و سۆسیالیست‎دێموکڕاتیک. لەم کۆمەڵگایەدا دەوڵەت لە کۆمەڵگاگەلی سۆسیاڵ‎دێموکڕاتیی وەک سکاندیناوی گەورەتر دەبێت، بەڵام لە کۆمەڵگاگەلی سۆسیالیست‎دێموکڕاتیک هێندێک بچووکتر. گەشەی ئاسۆیی دەبێتە هۆی ئەوەی سۆسیالیزم زیاتر دێموکڕاتیزە و دێموکڕاسییش پتر سۆسیالیزە بێت. گەورەترین پەیامی خەباتی ئاسۆیی ئەمە دەبێت  کە سۆسیالیزم و دێموکڕاسی وەک دوو ئیدەئال‎تایپ هەمیشە بەرەو کامڵتر بوون دەڕۆن و کاتێک باوەڕ بە ئازادی، دێموکڕاسی و سۆسیالیزم کۆتایی دێت کە میژوو کۆتایی پێ بێت. کەوابوو هەوڵدان بۆ جێگیر کردنی ئازادی، دادپەروەری، بەرابەری، مافی دیاریکردنی چارەنووس و دێموکڕاسی هەر بەردەوام دەبن.

2-4- مافی دیاریکردنی چارەنووس

د. قاسملوو لە «کورتەباس»دا لە پەیوەندی لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووس دەڵێ حیزبی دێموکڕات لە کاتی پێک هاتنیەوە حیزبێکی نەتەوەییی پێشـڕەو بووە و  هەتا ئێستا بەرنامەکەی لەسەر ئەساسی چارەسەر کردنی دوو مەسەلەی «نەتەوەیی» و «کۆمەڵایەتی» دانراوه. د.قاسملوو‌ بۆ بارودۆخی ئەوکات خودموختاریی پێ لە جۆرەکانی تری مافی دیاریکردنی چارەنووس بە گونجاوتر دەزانێ (تاڤگەی هەقیقەت، 19). ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو و، بارودۆخی ئێران، کوردستان و جیهان لەو کات‌دا لەبەر چاو بگرین، لە ڕاستیدا پێم وایە د. قاسملوو خوێندنەوەیەکی دروستی هەبووە؛ چوونکه د. قاسملوو تێڕوانینی زاتگەرایانەی بۆ هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی نەبوو. ئێمەش بەم ڕوانگەیەوە هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بە زەمانمەند و مەکانمەند دەزانین‌؛ کەوابوو ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو کات، تێدەگەین کە بە تایبەت پێکهاتەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەو سەردەمەدا بە چەشنێک بوو کە داواکاریی لەوە زیاتر لە کورد وەرنەدەگیرا. لە لایەکی دیکەوە لە کوردستانیش گوتاری خودموختاری زاڵ بوو و زۆرینەی خەڵکەکەمان خودموختارییان بە باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی دەزانی. بەڵام لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە ئێراق و چەسپاندنی فێدڕاڵیسم لەم وڵاتە، پێکهاتەی گوتاری خودموختاری وردە وردە تێک شکا و حیزبیش بە ڕەچاو کردنی خوێندنەوەیەکی واقیع‎بینانە لە کۆنگرەی سێزدەدا، ڕێگە چارەی «فیدڕاڵی»ی بۆ دەستەبەر کردنی مافی نەتەوایەتیی کورد هەڵبژارد. بەڵام ئێستا‌ لە ئێراق بە هۆی نەبوونی ژێرخانی کەلتووریی گونجاو لەگەڵ دێموکڕاسی و زاڵبوونی کەلتوورێکی سیاسیی داخراو و خێڵەکی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، سیستەمی فیدڕاڵی و دێموکڕاسی بەرەو لاوازی دەڕوات، ئەگەر گوشارەکانی ئەمریکا نەبێ لەوانەیە ئەم سیستەمە هەڵوەشێتەوە.

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، زۆر کەس پێیان وایە گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەتوانێ ڕێگا بۆ دەستەبەر کردنی مافی نەتەوایەتی خۆش کات. ئەمە تا ئێرە ڕاستە و د. قاسملووش بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات و پێی وایە دێموکڕاسی لە ئێران دەتوانێ گەڕەنتیی دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانمان بکات. بەڵام، ڕەوتی ڕووداوەکان لە بەستێنی بزووتنەوەی ژینادا پێشانی داین کە زۆرینەی خەڵکی ئێران بە تایبەت دوو نەتەوەی فارس و تورک خاوەنی کەلتوورێکی سیاسیی داخراو و ‌ئەستوونین و ئەم کەلتوورە ڕێگا نادات ناوەند دێموکڕاتیزە بکرێ. ڕەنگە دێموکڕاتیک بوونی ناوەند بتوانێ گەرەنتیی ما‌فە نەتەوایەتییەکانمان بکات؛ بەڵام ئەشێ بزانین ناوەند تەنیا بە دانانی سیستەمێکی فیدڕاڵی و‌ بە ساز کردنی پەڕلەمان و فۆڕمەکانی دێموکڕاسی، دێموکڕاتیزە ناکرێ. بۆ دێموکڕاتیزەکردنی هەر وڵاتێک جگە لە فۆڕمەکانی دێموکڕاسی، پێویستی بە ناوەرۆکێکی دێموکڕاتیکیش هەیە کە ئەویش زاڵ‌بوونی «کەلتوورێکی سیاسیی دێموکڕاتیک‌» لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدایە. ساز کردنی ئەم کەلتوورە لە ئێران ئەرکی سەر شانی کورد نییە و پێشـی ساز نا‌کرێ. وێناچێ نەتەوەیەک بتوانێ نەتەوەیەکی دیکە دێموکڕاتیزە بکات. دوو توخمی «باستان‎گەرایی» و «شیعەگەرایی» که جێماوەی کەلتووری سیاسیی خێڵەکین،‌ پێکهێنەری سەرەکیی کەلتووری سیاسیی زۆرینەی خەڵکی ئێرانن. بۆیە ئەم کەلتوورە فرە کۆنەپەرەستانە و داخراوە و  بووەتە گەورەترین لەمپەڕ بۆ جێگیر بوونی دێموکڕاسی لە ئێران. لە لایەکی دیکەوە ‌پێمان وا نەبێ کە لە ڕێگای هاوپەیوەندی سازکردن لەگەڵ نەتەوەکانی تورک و عەڕەب و بەلووچ دەتوانین هێژمۆنیی ناوەند تێک بشکێنین. ڕەوتی ڕووداوەکانی پاش بزووتنەوەی ژینا و شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ لە زستانی ڕابردوودا، ئەو پەیامەمان دەدەنێ کە فارس و تورک ئەگەر دژمان نەبن، زەحمەتە لەگەڵمان بن. لە لایەکی دیکەوە عەڕەبەکانی ئێرانیش بە هۆی هەستی عەڕەب بوون و شیعە بوون دژوارە ببنە هاوپەیمانمان.

بەگشتی، بزووتنەوەی ژینا نیشانی دا زاڵێتیی گوتاری کۆلۆنیالیستیی ئێرانی و هەبوونی کەلتووری سیاسیی داخراو و سەرەڕۆ ڕێگا نادات سیستەمێکی دێموکڕاتیک و فیدڕاڵ لە ئێران دابمەزرێ؛ ئەگەریش دامەزرێ، بەردەوام بوونی ئەستەمە. پێویستە ئەوەش وەبیر بێنینەوە کە ئەزموونی تاڕادەیەکی زۆر شکستخواردووی سیستەمی فیدڕاڵی لە ئێراق، کاریگەریی لە سەر گوتاری ناسیۆنالیستیی کورد لە ڕۆژهەڵات داناوە و هەوڵێک لە گۆڕێدایە بۆ ئەوەی پێکهاتەی گوتاری «فیدڕاڵی» لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێک بشکێنێ. با ئەوەش زیاد کەین کە هەڵەیە ئەگەر  دەوڵەتی ناوەندگەرا لە نەتەوەی فارس جیا کەینەوە. کۆجێیی و فارس بوون دووانەیەکی لێک دانەبڕاون؛‌ کەوابوو‌ ئەم ڕوانگەیەی پێی وایە کێشەی کورد لە تاران چارە دەکرێ‌‌‌، ئەگەر هەڵە نەبێت، بە دڵنیایی ناتەواوە. چونکە ناوەند خۆی گرفتە نەک چارەسەر.

لە لایەکی دیکەوە بەربەستێک کە هەیە ئەمەیە کە بە هۆی ئەم نەزمەی ئێستا بە سەر دنیادا زاڵه، بەداخەوە ناتوانین ڕۆڵی ناوەند وەلا بنێین. ئەزموونی ڕێفڕاندۆمی باشووری کوردستان و کاتالۆنیا بۆ سەربەخۆیی، ئەم ڕاستییە تاڵەمان پێ دەڵێن کە بەداخەوە ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکە ڕێگە نادان نەزمی نێودەوڵەتیی ئێستا گۆڕانی بەسەردا بێت. حیزبێکی بەرپرسیش ناتوانێ ئەم واقعییەتانە نەبینێ؛ بۆیە دەبێ بیر لە ڕێگاچارەیەک بکاتەوە کە هەم ڕای گشتیی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕازی بکات و هەمیش واقعییەتەکان لەبەر چاو بگرێ‌.

لە پەیوەندی لەگەڵ شێوازەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس کە خۆی لە شکڵەکانی «خودموختاری، فیدڕاڵی، کۆنفیدڕاڵی و سەربەخۆیی»دا دەبینێتەوە، پێویستە بڵێین ڕێگا چارەی کۆتایی کە دەتوانێ تەواوی مافە نەتەوایەتییەکانمان دابین بکات، سەربەخۆیییە. بەڵام هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا، ئێستا ئەوەمان بۆ نالوێ. دەی ئێستا کە وەدەستهێنانی سەربەخۆیی فرە دژوار دێتە بەرچاو، ڕەچاو کردنی سیاسەتی سیفر و سەد دروست نییە. باشتر وایە کە بەرە بە بەرە لە کەمەوە بۆ زۆر هەنگاو هەڵێنینەوە.

لەم پەیوەندییەدا ڕوانگەی «ماڕتین هایدگێر[33]» لەمەڕ تێکنۆلۆژی دەتوانێ ڕێنوێنیمان بکا بۆ ئەوەی لەم دووفاقێتی و سەرلێشێواوییە ڕزگارمان بێت‌. هایدگێر لە وتاری «پرسیار لە تێکنۆلۆژی»دا لە نێوان «ئەمری دروست»(امر صحیح) و «ئەمری ڕاستەقینە»(امر حقیقی)دا جیاوازی دادەنێ و پێی وایە ئەمری دروست دەپەرژێتە سەر کاری بابەتییانە، پاژێک لە پاژەکانی بابەت یان دیاردەیەک دەبینێ، مژووڵی‌ لایەنێک دەبێت لە نێو تەواوی لایەنەکاندا، کەوابوو ناتوانێ کۆی ڕاستیی بابەت یان دیاردەیەک وەدەرخا. بەڵام ئەمری هەقیقی پەردە لەسەر تەواوی ماهییەتی بابەت یان دیاردەیەک لادەبات، گشت‎بینە و کۆی ڕاستیی بابەت یان دیاردەیەک لە خۆ دەگرێ (هایدگێر، 1386: 7-6). پێم وایه دەکرێ ئەم پێناسانە بۆ پرسی مافی نەتەوایەتییش دەکار کەین.

لە پەیوەندی لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسدا ئەم ڕوانگەیەی هایدگێڕ فێرمان دەکات کە هەر یەک لە شکڵەکانی خودموختاری، فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵی لە پەیوەندی لەتەک پرسی مافی نەتەوەییدا بە پێی زەمان و مەکان «بژاردەیەکی دروستن»، بەڵام هیچیان پەردە لەسەر «هەقیقەتی» پرسی کورد کە وەدەستهێنانی سەربەخۆیییه لانادەن‌. تەنیا شێوازێک کە بەتەواوی دەتوانێ مافی نەتەوەییی کورد دەستەبەر بکات، سەربەخۆیییە، بەڵام چونکە جارێ زەمان و مەکان ئیزنی هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیەمان پێ نادات، عاقڵانەتر و واقعبینانەتر ئەوەیە کە جارێ بۆ ماوەیەکی کاتی واز لەم بژاردەیە واتا بژاردەی هەقیقی بێنین و لە نیو بژاردە دروستەکان کە یەکێک لە شکڵەکانی خودموختاری، فێدڕاڵی و کۆنفێدڕاڵییە، یەکیان هەڵبژێرین.

ئێستا کە سەردەمی ئاسۆیی بوونە و قۆناغی پێشەنگایەتیی حیزبی سیاسی بەسەر چووە و کات کاتی هاوئاهەنگ بوونە، پێویستە حیزبی دێموکڕات بیرێک بۆ ئەم کێشەیە بکاتەوە. ئەگەر حیزب دەیهەوێ لەگەڵ‌ خەڵک هەماهەنگ بێت، پێویست ناکات ئێستا بە تەواوی خۆی یەکلا کاتەوە کە چ بژاردەیەکی بۆ پرسی مافی نەتەوایەتی دەوێ. دەکرێ ئەم بژاردەیە بێڵێتەوە بۆ دواڕۆژ و بزانێ خەڵکی کورد دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی چیان دەوێ و چەندەیان بۆ دەلوێ. هێز و تواناییی خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد، بارودۆخی نێوخۆییی ئێران و هەلومەرجی نێودەوڵەتی چییان ڕێگە دا، با ئەوە هەڵبژێرن. پێویستە ئێستا بە بێ‎ترس بۆ لایەنە ئێرانییەکان و دنیای دەرەوەی ڕوون کاتەوە کە هیچ حیزبێک تا هەڵبژاردنێکی ئازاد نەکراوە وەکیل و دەمڕاستی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان نییە و مافی هەڵبژاردنی شکڵەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێ بهێڵرێتەوە بۆ‌ کۆمەڵانی خەڵک لە داهاتوودا. پێویستە حیزب بە ڕاشکاوانە بە نەتەوەی باڵادەست ڕابگەیێنێ کە پێویستە ڕێز لە ویستی  هەر پێکهاتەیەک بگیرێت و مافی گشتپرسی بۆ هەر نەتەوەیەک بپارێزرێت و ئیزن نەدرێ کە نەتەوەیکی دیکە بە بیانووی زۆرینە بوون ببێتە نوێنەری نەتەوەیکی‎ تر‌. پێشمان وا نەبێ کە ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی لێک دوور کەوتنەوەی هێزە سیاسییەکانی ئێران. نزیک بە هەشتا ساڵە حیزبی دێموکڕات تەنیا بۆ جارێک توانیوێتی هاوپەیمانییەتییەکی سەرکەوتووی کاتی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لەگەڵ فیرقەی دێموکڕاتی ئازەربایجان دامەزرێنێ. ئاخۆ پاش هەشت دەیە ئێمە کە نەمانتوانیوە تەنانەت لە کوردستاندا بەرەیەکی کوردی ساز کەین، گەڕان بە دوای ساز کردنی بەرەیەکی سەراسەریی کاریگەر لە ئاستی ئێراندا، بە قەولی فارس “تکرار مکررات بی نتیجە و آب در هاون کوبیدن” نییە.

جگە لەمە، ئەگەرچی هەلومەرجی جوغڕافیاییی کوردستان کە لە وشکاییدا گەمارۆ دراوە و دەستی بە ئاوی ئازاد ڕاناگا، لە نێوان چوار دەو‌ڵەتی ڕەگەزپەرەستدا دابەش کراوە و نەزمی نێودەوڵەتی لە ژێر هێژمۆنیی ئەمریکادا ڕێگای گۆڕینی سنوورەکان نادەن، ئابووریی کوردستان بە ناوەندەوە وابەستەیە و بۆ یەک سەدە لە پەڕاوێز خراوە،‌ بۆ حیزبێکی سیاسیی بەرپرس و واقیعبین هەڵبژاردنی ڕێگاچارەی سەربەخۆیی‌ دژوار دێتە بەرچاو، بەڵام ئەوانە هیچیان نابنە هۆی ئەوەی دەست لەو مافە هەڵگرێ. هەتا کاتێک خەڵکی دنیا دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان بوێ، ئێمەش دەبێ بمانهەوێ و نوسخە نووسین بۆ هەڵوەشاندنەوەی وەک هێندێک لایەن بە دڵنیایی خوێندنەوەیەکی کرچوکاڵە. بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ  کە دەستەبەر کردنی ئەم مافە، پلان و کاری دەوێ کە یەکێک لە ئامرازەکانی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستانە؛ واتا ئەوە  گەشەیەکی ڕاستەقینە و جێگرتوویە کە ڕێگای سەربەخۆیی خۆش دەکات نەک تەنیا ورووژاندنی هەست و پڕۆپاگەندە وەک ئەوەی لە باشووری کوردستان دیتمان. لە باشووری کوردستان بە داخەوە سیستەمی سیاسیی نیمچەخێڵەکی بە تەمای داهاتی نەوت نەیتوانیوە کوردستان بەرەو  گەشەیەکی سەنعەتی و ئابووریی خۆبەڕێوەبەر و جێگیر ببات و خۆی لە ناوەند بێ‎نیاز بکات، هەر بۆیە لە پەڕاوێزدا ماوەتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ دەسەڵاتەکانی کەم دەبنەوە.

ئەم ئەزموونانە پێشانی دەدەن داوای سەربەخۆیی فرە ئاڵۆزە و دەبێ بە دوورکەوتنەوە لە هەست و ئیدئۆلۆژی، نە ڕەتی کەینەوە و نە پێش بچەقێنین کە یان سەربەخۆیی یان هیچ. حیزبێکی سیاسیی بەرپرس و واقیعبین دەبێ ئەوەندە وریا بێ کە تەنانەت ئەگەر بە پێی بارودۆخ ناچار بێ بە کەمتر لە سەربەخۆیی ڕازی بێت، لە گوتاری خۆیدا گرینگی بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بدات. نابێ‌ لە ناوەند بترسێ یان شەرم بکات، بەڵکوو دەبێ بە ڕاشکاوانە ڕایبگەیێنێ کە ئەگەر پێکەوەبوونی دڵخوازانە بە قازانجی تەواوی خەڵکی ئێرانە، مافی دیاریکردنی چارەنووسیش وەکوو مافێکی سر‌ووشتی بۆ هەر نەتەوەیەک وەکوو بژاردەیەک لە بەر دەم نەسلەکانی داهاتوودا دەمێنیتەوە.

بە گشتی، ئەزموونەکانی پێشووی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووس و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ئێستای کوردستان کە ناسراوە بە سەردەمی «ئاسۆیی بوون»، چەند ڕاستیمان بۆ دەردەخەن:

  • دەبێ لە نێوان دروست بوون و هەقیقی بوونی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا جیاوازی دانێین. هەر یەک لە بژاردەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەتوانن دروست بن، بەڵام تەنیا سەربەخۆیی تەواوی هەقیقەتی ئەم مافە لە خۆ دەگرێ. کەوابوو ڕێگای کۆتاییی ڕزگاری، سەربەخۆیییە.
  • ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە یان سەربەخۆییمان بوێت یان هیچ، چونکە واقیعبینانە نییە.
  • وەدەستهێنانی سەربەخۆیی پڕۆسەیە نەک پڕۆژە، کەوابوو دەتوانین وردە وردە پێی بگەین.
  • بەهێزترین ئامرازی وەدەستهێنانی سەربەخۆیی، گەشە پێدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتووریی کوردستان واتا گەشەی ئاسۆیییە، نەک پڕۆپاگەندە و جووڵاندنی هەستی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان.
  • ڕەتکردنەوەی مافی سەربەخۆیی، توانەوەیە لە گوتاری داگیرکەرانی کوردستاندا.
  • نەزمی نێودەوڵەتی و گەمارۆدرانی کوردستان لە وشکاییدا دوو فاکتەری گرینگن.
  • لە پەیوەندی لەگەڵ شیکردنەوەی بابەتەکان و کێشەکان لە نێوان “حیزبێکی دەروەست” و “ڕۆشنبیرێکی سەربەخۆ”دا جیاوازی هەیە. ئەگەر تێڕوانین و بژاردەی ڕۆشنبیری حیزبێکی دەروەست هەڵە بیت، قەیرانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئەگەر پێشبینیی ڕۆشنبیرێکی سەربەخۆ دروست نەبێت، هیچ ناقەومێت، چونکە بەرپرسیارەتیی خەڵکی لە ئەستۆ نییە. کەوابوو بۆ ڕۆشنبیران و بەرپرسانی حیزب هەڵبژاردنی یەکێک لە بژاردەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس گەلێک دژوارە.

ئەم خاڵانەی سەرەوە نیشانی دەدەن کە هەڵبژاردنی یەکێک لە شێوازەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ حیزبێکی دێموکڕات و دەروەست و نائیدئۆلۆژیکی وەک حدکا چەندە هەستیار و قورسە. بژاردەیەک دەتوانێ شیاو بێت کە دێموکڕاتیک و بەرپرسیارانە بێت. لەوانەیە گونجاوترین بژاردە بۆ سەردەمی ئاسۆیی بوون ئەوە بێت کە دەبێ مافی دیاریکردنی چارەنووس بهێڵڕێتەوە بۆ زەمانێک کە خەڵکی کورد لە ڕاپرسییەکی ئازاد و بێ‎خەوشدا، بۆخۆیان جۆرەکەی دیاری بکەن؛ چونکە دیاریکردنی شێوازی مافی نەتەوایەتیی پێشوەخت لە لایەن حیزبی سیاسییەوه،‌ هی سەردەمی زاڵبوونی گوتاری ئەستوونی بوو و لەگەڵ باردۆخی ئیستای کوردستان کە سەردەمی ئاسۆیی بوونە ناگونجێ. کەوابوو پێداگری لەسەر بژاردەیەکی دیاریکراو لە ئێستاوە پێویست نییە.

3-4- گەشەی هەمەلایەنه: گەشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووری و سەوز‌ بە جێی گەشەی ئابووری‌تەوەر

دیارە یەکێک ئامانجەکانی حیزبی دێموکڕات پێشخستنی کۆمەڵگا وەکوو حیزبێکی پێشەنگ بووە. چ لە سەردەمی کۆماری کوردستان و چ لە پاش شۆڕشی 1357، حیزب لە ڕاستای ئەم ئامانجەدا کۆمەڵێک هەنگاوی هەڵێناوەتەوە. زۆربەی ئەم هەنگاوانەی حیزب لەم بوارەدا هەڵیهێناونەتەوە، باری کۆمەڵایەتی و کەلتوورییان قورستر بووە هەتا باری ئابوورییەکەیان‌. ئەمەش لەگەڵ ‌ قوتابخانەی پاش‎گەشە سازگاریی زیاتری هەیه ‌هەتا گەشەی سەر بە ڕەوتی مۆدێڕنیزاسیۆن. چونکە لە گەشەی سەر بە ڕەوتی مۆدێڕنیزاسیۆندا، گۆڕانکاری لە ئابووریدا پێوەرە و ڕەهەندەکانی دیکەی گەشە وەکوو گەشەی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سیاسی وەپشت گوێ خراون.

ئەزموونی گەشە لە زۆربەی وڵاتان بە تایبەت لە وڵاتانێکی وەک ئێران و تورکیە لە پاش ساز بوونی دەوڵەتی مۆدێڕن پێشانی داوە کە گوتاری گەشە ئامرازی ساز کردنی باڵادەستی و ژێردەستی‌ بووە. ئەم باڵادەستانە هەمیشە بریتی بوون لە نەتەوەی زاڵ و کۆمەڵێک ئێلیتی سەر بە نەتەوەی باڵادەست‌ بە تەواوی هێزەوە هەوڵیان داوە نەتەوە بندەستەکان لە پەڕاویزی گەشەدا‌ بهێڵنەوە و خۆیان لە هەر چەشنە دابەشکارییەکی عادڵانەی دەسەڵات و سامانی وڵات بواردووە و ئەرکی سەرەکیی بەرنامە و پلانەکانی گەشە لەم وڵاتانەدا سڕینەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و کەلتوورییەکان بووە. بۆ نموونە لە ئێران، لە سەردەمی پەهلەوییەوە هەتا ئەمڕۆ، ئەرکی سەرەکیی بەرنامەکانی گەشە (برنامەهای توسعە)، بە ئێرانی/فارس کردنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی باڵادەست بووە و لە بەرژەوەندیی نەتەوە نافارسەکان چاوپۆشی کراوە. ئەزموونی بەرنامە و پلانی گەشە لە ئێران و تورکیا هەر لە سەرەتاوە ‌هەتا ئەمڕۆ پێشانمان دەدەن کە چەمکی گەشە لەم وڵاتانە هەمیشە پشت‎قایم بە هێز و دەسەڵات بووە. ئەم گەشەیە بووەتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی بەهاگەلی نادێموکڕاتیک و سەرەڕۆیانە و  گەشەیەکی هەمەلایەنە و دێموکڕاتیکی لێ نەکەوتۆتەوە. بەڵکوو بۆتە هۆکارێک بۆ ساز بوونی دیکتاتۆری و سڕینەوەی نەتەوە بندەستەکان. هەر بۆیە دەبێ خوێندنەوەیەکی نوێمان بۆ گەشە هەبێ.

هەر وەک لەسەرەوەدا لە بەشی«گەشەی ئاسۆیی‌»دا باسمان کرد، ئێمە گەشەیەکمان گەرەکە کە بناغەکەی لەسەر گەشەی‌ کەلتووری و کۆمەڵایەتی ڕۆ نرابی. گەشەیەکمان پێویستە کە جگە لە گۆڕینی باری ژیانی ماددیی مرۆڤ وەکوو پێشخستنی سیستەمی تەندروستی، دابینکردنی خوێندنی بەخۆڕایی، دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ وەکوو خۆراک، پۆشاک و خانووبەرە، ڕێگا بۆ دەستەبەر کردنی ئازادییە دێموکڕاتیکەکان و بڕەودان بە بەها مرۆییەکانیش خۆش بکات؛ ئاستی پێکەوە ژیان و ڕێز گرتن لە یەکتر بەرز کاتەوە و بە فرەوان کردنەوەی بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگا، یەکێتیی کۆمەڵایەتی پەرە پێ بدات. هەروەها، پێویستە بۆ هەر چەشنە گۆڕانکارییەکی سەنعەتی و ئابووری، مەترسییەکانی سەر ژینگەش لە بەرچاو بگرێ. جگە لەمە دەبێ لەو‌ ئەندازیارییە کۆمەڵایەتییەی دەوڵەت لە زۆربەی وڵاتانی گەشەنەسەندوو بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا وەکوو ئامرازی خۆ سەپاندن بە سەر کۆمەڵگادا کەڵکی لێ وەرگرتووه،‌ خۆ ببوێرێ. بەدەر لە هەمووی ئەم بابەتانە، ئەشێ بۆ پێشخستنی کۆمەڵگا، گرینگی بدرێ بۆ بیروڕای خودی خەڵک لە گوند و شارەکان، وەکوو شووڕاکان، ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و یەکێتییە پیشەییەکان و ئەوان لە داڕشتن و بەڕێوە بردنی بەرنامەی گەشەدا بەشدار بن. کەوابوو دەبێ لە گەشەیەکی خۆبەزلزانانە، بژاردەگەرایانە و ناوەندگەرایانه، سەرەوخوار‌ و تەواو دەوڵەتییانە خۆمان بە دوور بگرین.

هەروەها پێویستە وریا بین کە نەکەوینە باوەشی ئەو بەرنامە نیئۆلیبڕالییانەی ئامانجیان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینی دەسڕۆیشتوو و باڵادەست و بڕەو دان بە مەسرەفگەراییی لەڕادەبەدەرە. بە کورتی پێویستمان بە گەشەیەک‌ هەیە کە سازگاریی لەگەڵ ژینگەی کوردستان و بیروڕای گشتیی خەڵک هەبێ‌. بزووتنەوەی‌ کۆمەڵایەتیی ژینا کە خەسڵەتی بان‎چینایەتی و‌ ئاسۆییی هەبوو‌، دەبێ ببێتە هەوێنی ئەم جۆرە پێشکەوتنە. هەڵبەت ئەم جۆرە پێشکەوتنە دەبێ قورساییی کاری خۆی بخاتە سەر چین و توێژە لاواز و بێبەشەکانی کۆمەڵگا وەکوو هەژاران، ژنان، مناڵان و پەڕاوێزخراوان بۆ ئەوەی لە پەڕاوێز و هەڵاواردن دەریان بێنێ. هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، ئەم گەشەیە بریتییە لە «گەشەی ئاسۆیی» کە لەگەڵ سەردەمی ئێستای کوردستان تەبایه؛‌ چونکە فرەڕەهەندە، ناهیرارشیکە و لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا سازگارە.

لەم گەشەیەدا هەر وەکوو ئێسکووباڕ دەڵێ، دەبێ کەلتوور و زانستی کۆمەڵانی خەڵک لەبەرچاو بگیرێ و بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچە جیاوازەکان وەپشت گوێ نەخرێ. ئەم گەشەیە نابێ تەنیا لە سەرەوە و لە سەر دەستی دەوڵەتی داهاتووی کوردستان، بەڵکوو دەبێ لە لایەن ئەنجومەن و کۆمەڵه جۆراوجۆرەکان لە شار و دێهات‌ کە خۆیان باشتر کێشەکانی خۆیان دەناسن، گەڵالە بکرێ و بەڕێوە ببرێ.‌ ئەم گەشەیە واتا «گەشەی ئاسۆیی»، دەیهەوێ بەسەر پێکهاتەی هیرارشیک و ناعادڵانەی گەشەی ئێلیتگەرایانە و ناوەندگەرایانەدا زاڵ بێت و لە ڕێگای بەشداری پێ‎کردنی کۆمەڵانی خەڵک لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا وەدەست بێت. کاری ئەسڵیی گەشەی ئاسۆیی، سڕینەوەی ناوەندێتی لە دەسەڵات (دەوڵەت/حیزب) و قووڵکردنەوەی دێموکڕاسی دەبێت و «بەشداریی سیاسی» و «ئازادی» و «دادپەروەریی کۆمەڵایەتی» دەبێتە بەردی بناغەی بەرنامەکانی‌ کە هەم لەگەڵ بنەماکانی سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک و هەم لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئێستای کوردستان تەبایە. گەشەی ئاسۆیی ئەگەرچی فرەڕەهەندە و دەیهەوێ کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکانی «ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری»دا وێڕای پاراستنی ژینگە بەرەو پێش ببات، بەڵام لە هەموو بەشەکان پتر گرینگی بە «کەلتوور» دەدات و دەیهەوێ بە پەرە پێدانی بەهاگەلی ئینسانی و دێموکڕاتیک، شارۆمەندان بەرەو پێشکەوتن هان بدات، نەک بە زۆرەملێ و سیاسەتی سەرەڕۆیانە.

3-4-بەڕێوەبەرایەتیی ئاسۆیی

هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، لە پاش بزووتنەوەی ژینا ڕوون بوویەوە کە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە و کەلتووری سیاسیی خەڵکی کورد بەرەو جۆرێک لە کەلتووری سیاسی ڕۆیشتووە کە ناوی «کەلتووری سیاسیی ئاسۆیی»مان لێ نا. لەم کەلتوورەدا بناغەکانی دەسەڵاتی ئەستوونی(اقتدار عمودی) و پەیوەندییە کۆنەکان کە پیاوانە، خێڵەکی، فەرماندەرانە و شێوەی سەرەوخواریان هەبوو، فرە لاواز بوون و خەریکە جۆرێک پەیوەندیی ئاسۆیی و هاوتەراز لە کۆمەڵگادا شکڵ دەگرێ. لەم پەیوەندییە نوێیەدا، خەباتی ژنان، گەنجان، هەژاران و بەشخوراوانی کۆمەڵگا بۆ بەرابەری و یەکسانی زەق بووەتەوە. لە ڕووی سیاسییشەوە گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا هاتووە و بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، کەلتووری خێڵەکی بە تەواوی لە گۆڕ نراوە و دیاردەگەلێکی وەک سەرۆکسالاری و پەیوەندیگەلی دامەزراو لەسەر خزمایەتی لە ڕێکخراوی سیاسیدا باویان نەماوە. پێویستە وەکوو وەفایەک ئاماژە بەوە بکەین‌ کە د. قاسملوو داهێنەری ئەم کەلتوورە بوو و لە سەردەمی ژیانی سیاسیی خۆیدا زۆری هەوڵ بۆ پەرە پێدان و جێگیر کردنی ئەم کەلتوورە داوە. ئەم باسە بۆ ئەوەیە کە بڵێم ئێستاکە پێویستە حیزبی دێموکڕات فۆڕم و شێوازی بەڕێوەبەرایەتیی خۆی لەگەڵ ئەم کەلتوورە ڕێک بخات و گۆڕانێک بە سەر سیستەمی بەرێوەبەرایەتیی خۆیدا بێنێت کە لەسەر ئەساسی سانتڕالیزمی دێموکڕاتیک دامەزراوە و بەرەو “بەڕێوەبەرایەتییەکی ئاسۆیی” (مدیریت افقی) و ناسانتڕاڵ هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ سەردەم خۆی بگونجێنێ. لەم سیستەمە بەڕێوەبەرایەتییەدا دەبێت چەند خاڵ لە بەر چاو بگیرێ:

  • دەبێ مکانیزمێک ساز کرێ بۆ ئەوەی‌ لانیکەم 40-30 لە سەدی ژنان لە بەڕێوەبەرایەتیی حیزبدا بەشدار بن. هەبوونی ژنانی کورد لە ڕیزی پێشەوەی بزووتنەوەی ژینادا ئەم پێویستییەی ساز کردووە. ئیتر ئەم پاساوە کۆنەی “دەبێ ژنان خۆیان بێنە پێشێ” کاتی بەسەر چووە.
  • ئەگەر حیزب بیهەوێ لەگەڵ سەردەمی ئاسۆیی بوون و بزووتنەوەی ژینا خۆی ڕێک بخات، هەبوونی ژنێک ئەگەریش لە پۆستی یەکەمدا نەبێ، لانیکەم لە پۆستی دووهەمدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەبێ وەپشت گوێ نەخرێ.
  • دەبێ یاسای خانەنشینی وەک هەموو ئۆرگانێکی زیندووی دنیا لە حیزبدا پیادە بکرێ، بۆ ئەوەی دەرگا بەرەو ڕووی گەنجان و خاوەن بەهرەکان کراوەتر بێ و لە بەڕێوەبەرایەتیی حیزبدا بەشداریی زیاتر بکەن.
  • بۆ قووڵ‌بوونەوەی دێموکڕاسی لە حیزبدا، دەبێ کەسانێک لە نێو نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرە دیاری کرێن بۆ ئەوەی پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی حیزب (کۆمیتەی ناوەندی/دەفتەری سیاسی)، پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی هەبێ بۆ ئەوەی دەنگی ڕۆژانە و ڕاوبۆچوونی ئەندامانی حیزب تا کۆنگرەی داهاتوو بە گوێی بەڕێوەبەرایەتیی حیزب بگەیێنن. ئەمە دەبێتە هۆی بەشداریی بەردەوامی بەدەنەی حیزب لە کاروباری ئیداریی حیزبدا. واتا دەبێ هەمیشە فیدبەکێک هەبێ لە نیوان ئەندامانی حیزب و بەڕێوەبەراندا و نابێ لە پاش کۆتاییی کۆنگرە، ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی بە دڵی خۆیان و بەبێ گوێ دان بە بەدەنەی حیزب کاروباری حیزب ڕاپەڕێنن.
  • هەر وەک دەزانین حیزبی دێموکڕات وەک کێوێکی سەهۆڵ (Iceberg) وایە کە زۆرینە و بەشە ئەسڵییەکەی لە نێوخۆی کوردستان دەژی؛، بۆ لەبەر چاو گرتنی ویست و داخوازیی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆ، پێویستە کەسانێک وەکوو ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرانی حیزب لە نێوخۆی کوردستانەوە هەڵبژێردرێن. لە سەردەمی ئینتێڕنێتدا، مەسێنجێرەکانی وەکوو واتساپ و سیگناڵ دەتوانن ئەم دەرفەتە بۆ حیزب و خەڵک پێک بێنن.
  • دەورەکانی بەرپرسیارەتیی کەسی یەکەم پێویستە بۆ چەند دەورە کەم بکرێتەوە و بەرپرسیارەتیی هەتاهەتایی بە قازانجی حیزب و بەرپرسەکانیش نییە.
  • ‌بەڕێوەبەرایەتیی حیزب دەبێ ڕەنگدانەوەی گشت ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت و گرینگییەکی تایبەت بە باشووری ڕۆژهەڵات واتا کرماشان و ئیلام بدڕێ. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ بە هێما نەتەوەییەکانی وەک جامانە و جلی خاکی لە مانگی ڕەمەزاند و لە نێو کوردانی شیعەدا خاڵێکی وەچەرخانە کە دەبێ لە بەڕێوەبەرایەتی و خەباتی حیزبدا ڕەنگ بداتەوە.

5-4 دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ(دموکراسی افقی ڕادیکال)[34]

چ لە ئاستی ئێران و چ لە کوردستان و هەروەها لە نێوخۆی حیزبیشدا، ئەسڵی دێموکڕاسی لەسەر بنەمای زۆرینە – کەمینە کاتی بەسەر چووە؛ چونکە لە کۆتاییدا دیکتاتۆریی زۆرینەی لێ دەکەوێتەوە. لە سەردەمی پاش بزووتنەوەی ژینا کە سەردەمی پاش‌گەشەیە، دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ هەم لەگەڵ سەردەم سازگارترە و هەمیش دێموکڕاسی لەنێو کۆمەڵ و حیزبدا قووڵ دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ڕێ له گوتارگەلی گشتگیر و ڕەگەزپەرەستانەی وەک سەڵتەنەتخوازەکان‌ دەگرێ کە بە تەمان لەسەر بنەمای مافی شارۆمەندی، جیاوازییە نەتەوەیییەکان بسـڕنەوە و بە سەپاندنی ڕای زۆرینە بەسەر کەمینەدا، دیسان ئێرانێکی یەکڕەنگ و یەکدەنگ و ناوەندگەرا ساز کەنەوە. لە لایەکی دیکەوە قووڵ کردنەوەی دێموکڕاسی دەتوانێ ڕێگری لەوە بکا بە قەولی چاڕڵز ڕایت مێڵز[35]، هەڵبژاردن تەنیا ببێتە ئامرازێک بۆ گەیشتنی بژاردەکان (نخبگان) بە لووتکەی دەسەڵات و دەستڕاگەیشتنیان بە سەروەت و سامانی وڵات و خەڵک سەریان بێ کڵاو بمێنێتەوه ‌(ميلز، 1389: 43). مێڵز پێی وایە بژاردەکانی دەسەڵات تۆڕێکی لێک گرێدراو پێک دێنن کە بە هۆی حەز و خولیا و بەرژەوەندیی هاوبەش بە شێوەیەکی بەهێز یەک دەگرن و بە هۆی دەسەڵاتی لە ڕادەبەدەریان، زۆر گوێ نادەنە ویست و داخوازەکانی خەڵک (سیدمن، 1395: 139).  لە ئاوا دۆخێکدا کەمایەتییەکی فرە بەهێز لە دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی زۆرینەی کۆمەڵگا و کۆمەڵانی خەڵک دەبنەوە و بە بێ گوێ‎دان بە ویستی ئەوان سیاسەت بەڕێوە دەبەن. دیاردەیەک کە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا دەبینرێ و بە جێی دێموکڕاسیی ڕاستەقینە، وەهمێک لە دێموکڕاسی دروست دەکات، وەک ئەم حاڵەتەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ ئەمەش هەم گەندەڵیی سیستەماتیکی لێ دەکەوێتەوە و هەمیش خەڵک لەمەڕ دێموکڕاسی و هەڵبژاردن دڕدۆنگ دەکات؛ چونکە دەبینن دێموکڕاسی و نیشانە سەرەکییەکانی وەک پارڵەمان و هەڵبژاردن، نابنە هۆی ئەوەی دەسەڵات گوێ بداتە ڕای خەڵک و هیچ گۆرانکارییەک لە ژیانی ئەواندا پێک بێنێ، بۆیە بۆ بەشداری لە سیاسەت دڕدۆنگ دەبن. ڕیگەچارەی ئەم خەسارە، دامەزراندنی دێموکڕاسیی ڕادیکاڵە. بەڵام پیویستە ئەم جۆرە دیموکراسییەش‌ تۆزێک هەموار بکرێتەوە بە چەشنێک کە لەگەڵ کۆمەڵگاگەلی فرەنەتەوە بگونجێ؛ ئەویش ئەوەیە کە ئەم ئەسڵەی دێموکڕاسیی ڕادیکاڵی ئێڕنێستۆ لاکلائۆ[36] و چانتاڵ مووف[37] کە بە خوێندنەوەیەکی ڕۆژاواتەوەرانه،‌ گرووپە ئیتنیکی و نەتەوەیییەکان بە مەترسی بۆ سەر دێموکڕاسی دەزانن، ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە بە گونجاندنی ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێران و کوردستان، هەبوونی‌ نەتەوەگەلی جۆراوجۆر، نەک مەترسی بەڵکوو دەرفەتە بۆ قووڵ کردنەوەی زیاتری دێموکڕاسی. بە هۆی ئەم هەموار کردنەوە بچووکە، ئاوەڵناوی «ئاسۆیی»ی لێ زیاد دەکەین و ناوی لێ دەنێین.«دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ».

دێموکڕاسیی ڕادیکاڵی لاکلائۆ و مووف، ئەو هێزەی تێدایە کە کەمایەسییەکانی دێموکڕاسیی لیبڕاڵیی پێ ساڕێژ کرێتەوە و ببێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی بەشداریی خەڵک لە سیاسەت و‌ کۆمەڵگادا. ئەوان پێیان وایە کە پێناسەی بەرتەسک لە چەمکی «شارۆمەندی» و دابەشکاری لە نێوان ئەمری “نۆڕماڵ/غەیرەنۆڕماڵ” دەبێتە هۆی دوور خستنەوە و سڕینەوەی کۆمەڵێک ناسنامە و هۆوییەت کە لە کۆمەڵگادا بە “ناهەنجار و ناباو” پێناسە کراون. بۆنموونه،‌ ناوەندگەراکان بە خوێندنەوەیەکی کلاسیک لە دێمۆکڕاسیی لیبڕاڵ لە ئێران، هەوڵ دەدەن شوناسی غەیرە فارسەکان وەکوو “نەتەوه”‌ بە ئەمرێکی ناهەنجار لە قەڵەم بدەن و لە ژێر ئەم خوێندنەوەیەدا سیاسەتێک پەیرەو دەکەن بۆ ئەوەی ئەم جیاوازییانە بسـڕنەوە؛ بۆیە فێدڕالیسم وەکوو مەترسی بۆ سەر یەکپارچەییی خاکی ئێران دادەنێن.

دێموکڕاسیی ڕادیکاڵی لاکلائۆ و مووف، باشترین مکانیزمە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم جۆرە گوتار و سیاسەتانە. دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ بە هۆی ئەوەی سۆسیالیزم و دێموکڕاسی پێکەوە گرێ دەدات، دەتوانێ لەگەڵ ئامانجی دواڕۆژی حیزب واتا سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک تەباییی هەبێت. لە دێموکڕاسیی ڕادیکاڵدا، ئیتر چین (طبقه)، توخمی زاڵ بۆ ڕزگاریی مرۆڤ نییە؛ گۆڕەپانی سیاسی بریتییە لە ململانێی کۆمەڵێک شوناسی جیاواز کە بەردەوام لە کێبڕکێدان. دەوترێ کە ئێستاکه،‌ چەپ هیچ بژاردەیەکی لە بەر دەستدا نییە جگە لەوەی هیوای بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بێ و دان بەوەدا بنێ کە بۆ ڕزگاری، چەندین ستراتێژی لەبەر دەستە نەک تەنیا ستراتێژیی چینی کرێکار. کەوابوو سۆسیالیزمیزیش خۆی یەکێکە لە بژاردەکانی ڕزگاریی مرۆڤ. ئەوانە تا ڕادەیەکی زۆر هەماهەنگییان لەگەڵ سۆسیالیزمی دێموکڕاتیکی د.قاسملوو هەیە و دەتوانین کەڵکیان لێ وەرگرین.

دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ لە سەر بنەمای «ناسنامەگەلی ناجێگیر(هویت‏های سیال)» بیچم دەگرێ. لە دێموکڕاسیی ڕادیکاڵدا، ململانێ لە حاڵەتی ئەنتاگۆنیزم[38](دوژمنایەتی) و سڕینەوە (حذف) دێتە دەرێ و دەگۆڕدرێ بۆ حاڵەتی ئا‌گۆنیزم[39] )کێبڕکێ) و بە جێی سڕینەوە، لەپەڕاوێزخستن و دوورخستنەوە ئەویش بۆ ماوەیەکی کاتی، دەبێتە بنەمای ململانێ. لاکلائۆ و مووف، بە جێی سیاسەت لە «ئەمری سیاسی» دەدوێن. مەبەستی ئەوان لە ئەمری سیاسی ئەوەیە کە سیاسەت پانتاییەکی بەرینتری لە حەوزەی دوڵەت، کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندیی هاووڵاتییان لەگەڵ دەوڵەت هەیە و کۆی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە خۆ دەگرێ، کەوابوو گۆڕەپانی سیاسەت زۆر فرەوانتر و ڕەنگاوڕەنگترە و تەژی لە جیاوازییەکان، دژایەتییەکان و ململانێکانە (باباخانی تیموری و دیگران، 1401: 63). بە پێچەوانەی مۆدێلی پلۆڕالیستیی «ڕۆبێڕت داڵ[40]»، کە پێی وایە دەتوانرێ لە ململانێی گرووپە دژبەرەکان و بەرژەوەندییە جۆربەجۆرەکانی ئەوان کۆدەنگی و یەکێتی ساز بکرێ؛ بەڕای لاکلائۆ و مووف، ئەنتاگۆنیزم (دوژمنایەتی) هەمیشە لەگۆڕیدایە و بەشی دانەبڕاوی ئەمری سیاسییە. چونکە دژایەتی و ململانێ هیچ کات تەواو نابن، گرینگ ئەوەیە کە بکرێن بە ئاگۆنیزم واتا کێبڕکێ؛ ئەوەش لە «دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ»دا دەستەبەر دەبێ و لیبڕالیسم و سۆسیالیسم ئەم دەرفەتەیان تێدا نییە.

لە دێموکڕاسیی ڕادیکاڵدا، لایەنە دژبەرەکان پەیوەندیی هاوبەشیان هەیە و «دوژمن» دەبێ بە «دژبەر» و هیچ پێویست ناکا کە لەنێو بچێت. بە وتەیەکی‎تر، لایەنەکان بە شێوەیەکی دۆستانە دوژمنی یەکترن؛ چونکە هەموویان لە فەزایەکی سەمبولیکی هاوبەش کەڵک وەردەگرن. ئەوان لەوانەیە لە سەر هێندێک شت بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێک کەون، بەڵام هەمیشە لەسەر شیکردنەوەکان (تفاسیر)، جیاوازیی ڕا و بۆچوونیان هەیە. لەم دێموکڕاسییەدا، دوژمنایەتی کەوی دەکرێ، گرووپە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ ئەوەی سوور دەبن لەسەر باوەڕی خۆیان‌، ڕەواییی دژبەرەکانیان بە ڕەسمی دەناسن. ئەمە بە واتای گۆڕینی‌ ئەنتاگۆنیزمە بۆ ئا‌گۆنیزم. لیبڕالیسم و سۆسیالیزم هیچیان ئەم بڕشتەیان نییە، بەڵام سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک ئەم دەرفەتەی تێدایە، چونکە نە وەک سۆسیالیزمی مەوجوود بۆ یەکڕەنگ و یەکدەنگ کردنی کۆمەڵگا هەوڵ دەدات و نە وەک لیبڕالیزم بە بەرجەستە کردنەوەی ئازادیی لەڕادەبەدەری تاک بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، کۆمەڵایەتیبوونی مرۆ دەخاتە مەترسییەوە. مووف پێی وایە دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ، تاک‎گەراییی بەرژەوەندیخوازانەی لیبڕالیسم و تۆتالیتاڕیسمی سۆسیالیزم ڕەت دەکاتەوە و بە شوێن قووڵکردنەوەی‌ (بەهێز کردنی) دێموکڕاسی و بەفەرمی‌ناسینی ئەم ئازادییە مەدەنییانەوەیە کە لە لایەن بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەخرێنە ڕوو هەتا بتوانێ تاک‎گەراییی لیبڕاڵ لە کۆگەراییی دێموکڕاتیک گرێ بدات (مووف، 1393: 38). ئەمە وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک هەیە و دەتوانین کەڵکی لێ وەرگرین.

مووف، لیبڕالیسم بە تاوانی ئاوەزمەندیی لە ڕادەبەدەر، یونیڤێڕسالیزم، ڕوانگەی تەک‎جەمسەری و تاک‎گەراییی بەرژەوەندیخوازانە دەخاتە بەر ڕەخنە و پێی وایە بۆ بەهێزبوونی دێموکڕاسی،‌ پێویستە لەمانە تێپەڕ بین (باباخانی تیموری و دیگران، 1401: 69-67). بیرۆکەی ساز کردنی خاڵێکی هاوبەشی دێموکڕاتیک و ڕێکخستنی کۆمەڵێکی هەماهەنگ و یەکدەنگ و یەکڕەنگ لە ڕوانگەی لاکڵائۆ و مووفەوە خەو‌ن و خەیاڵە. ئەزموونی تەواوی پارچەکانی کوردستان چ لە نێوخۆ و چ لە پەیوەندی لەگەڵ ناوەند و بە تایبەت ئەزموونی هەشتا ساڵ خەباتی حیزبی دێموکڕات لە پەیوەندی لەگەڵ سازکردنی بەرەیەکی کوردستانی یان سەراسەری لە ئێراندا ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هیچ کۆدەنگی و سازانێک پێویست نییە، بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە تەوای سازانەکان کاتین و بەردەوام گرووپەکان دەیانهەوێ لە ڕێگای دووبارە پێناسە کردنەوەی نیشانەکانەوە، هێژمۆنیی خۆیان بسەپێنن (مووف، 1393: 24). ئەمە بە واتای قووڵ کردنەوەی دێموکڕاسی و دەست هەڵگرتنە لە خوێندنەوەیەکی جەوهەری و زاتگەرایانە. لە بزووتنەوەی‌ ژینادا ئەم ململانێیەمان لە نێوان گوتاری حیزبی دێموکڕات لەگەڵ ناوەندگەراکان و لە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاریدا لە نێوان حیزب و کۆمەڵەدا بە شێوەکی عەینی دیت. لە هەر دووک ململانێکەدا لە ئاستی ڕۆژهەلاتی کوردستان، حیزب توانی بە شێوەی دێموکڕاتیک گوتاری خۆی زاڵ کات. بە تایبەت لە نەورۆزی مەشخەڵاندا دیتمان کە حیزبی دێموکڕات توانی لە سەر سەمبولەکانی خۆی وەک جامانە و جلی خاکی و دەی خاکەلێوە لە کۆمەڵگای کوردستان کۆدەنگی ساز کات، بە بێ ئەوەی نادێموکڕاتیک بجووڵێتەوە. کەوایە ئەمە واقعییەتی سەردەمی پاش‎گەشەیە و دەبێ قەبووڵی کەین، چونکە هیچ چارەیەکمان نییە. زیاترین قازانجی ئەم جۆرە دێموکڕاسییە ئەوەیە کە فرە پلۆڕاڵە و هیچ ناوەندێکی هەتاهەتایی بۆ هیچ هێز و دەسەڵاتێک  دیاری ناکات؛ بۆیە دەتوانێ پاوانخوازی لە ناو ببات. ئەم‌ ناوەندسڕینەوەیه(تمرکززدایی)‌ لە ئاستی ئیراندا بە قازانجمانە، چونکە دژی خۆسەپاندن و خڕکردنەوەی دەسەڵاتە لە یەک ناوەند و یەک شوێنی تایبەت بۆ هەمیشه.

چانتاڵ مووف، بەرابەری، ئازادی و پڵۆڕالیسم وەکوو ڕۆحی دێموکڕاسیی مۆدێڕن پێناسە دەکات کە بەتەواوی لەگەڵ سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک سازگارە.‌ خودی مووف، دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ وەکوو ڕادیکالیزاسیۆنی سۆسیاڵ دێموکڕاسی دەبینێ کە توانای ئەوەی هەیە پەرە بە دادپەروەری و ئازادی بدات. دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ هەوڵ دەدا پەرە بە ئازادییە مەدەنییەکانی ڕۆژاوا لە بەستێنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بدات. ڕەخنەیەک کە دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ لە لیبڕالیسمی دەگرێ ئەوەیە کە هەوڵ دەدات بە خوێندنەوەیەکی گشتگیر لە چەمکی «شارۆمەندی»، کۆمەڵگا یەکدەست و یەکڕەنگ بکات و جیاوازییەکان لە ژێر پەردەی چەمکی مافی شارۆمەندیدا بشارێتەوە. ناوەندگەراکانیش لەم جۆرە مافی شارۆمەندییە کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی نەتەوەی باڵادەست بۆ هەتاهەتایە سوڵتەی خۆی بسەپێنێت‌. بەڵام دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ دژی ساز کردنی ئەم «شارۆمەندییە تەک کەلتووری»‌ (شهروندی تک‎فرهنگی) و تەک‎ڕەهەندییە دەوەستێتەوە و دان بە جیاوازییە کەلتوورییەکان لە ئاستێکی یەکجار بەرزدا دەنێت و بە جێی ئەوەی هەوڵ بدات هەمووان وەک یەک لێ بکات، ڕێگە دەدات هەر کەس وەک خۆی بمێنیتەوە.

کێشەیەک کە بیرۆکەی لاکلائؤ و مووف لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و وڵاتێکی‌ وەک ئێران تووشی دەبێ ئەوەیە کە بە هەڵبژاردنی ڕوانگەیەکی ئورووپاتەوەرا‌نه،‌ جگە لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، دان پێدانان بە گشت جیاوازییەکانی‎تر بە قازانجی دێموکڕاسی دەزانن. بەڕای من هەر جیاوازییەک تا کاتێک دژایەتیی لەگەڵ پرەنسیپە دێموکڕاتیکەکان نەبێت، لەگەڵ ڕۆحی دێموکڕاسی سازگارە. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئێران داننان بە مافی نەتەوە نافارسەکان دەبێتە هۆی پتەو بوونی دێموکڕاسی نەک لاواز بوونی و ئەزقەزا حاشاکردن لەم جیاوازییانەیە کە بۆ ماوەی سەد ساڵە نەیهێشتووە دێموکڕاسی لە ئێران شکڵ بگرێ. بۆیە پێویستیمان بە سازگار کردنی دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ لەگەڵ ولاتانی ناڕۆژاواییش هەیە، ئەویش لە ڕێگای بەفەرمی ناسینی مافی نەتەوایەتیی نەتەوە بەشخوراوەکانەوە سەر دەگرێ‌. ئەمەش لە ڕێگای «دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵەوە» جێبەجێ دەبێت، چونکە ڕێز لە تەواوی جیاوازییەکان بە نەتەوەیی و ئایینییەوە دەگرێ بە مەرجێک ئەم ڕێز لێ گرتنە نەبێتە هۆی لاواز بوونی دیموکڕاسی. ئەگەر لاکلائۆ و مووف پێیان وایە لە ئورووپا ڕێز گرتن لە مافی تڕانسێکشواڵەکان[41] دێموکڕاسی بەهێز دەکات، بۆچی ڕێز گرتن لە مافی نەتەوەکان، لاوازی دەکات؟ ئەمە پارادۆکسێکە کە لەم بیرۆکەیەدا هەیە و پێویستە هەموار بکرێتەوە‌ و لەگەڵ کۆمەڵگاگەلی فرەنەتەوە بگونجێنرێ، ئەمەش‌ لە ڕیگەی «دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵەوە»‌ جێبەجێ دەکرێ.

‌ هەر وەک گوتمان لاکلائۆ و مووف، نەتەوەخوازی وەکوو بناژۆخوازیی ئایینی بە ئەنتاگۆنیزم یان دوژمنی دێموکڕاسی دەزانن و له ‌مافی شارۆمەندی بێبەرییان دەکەن. هەر چەند بناژۆخوازیی ئایینی بە تەوای دژی بەها دێموکڕاتیکەکانە، بەڵام خەباتی نەتەوایەتیی نەتەوەگەلی ژێردەستی وەکوو کورد کە بە شێوازی مەدەنییانە بەڕێوە دەچێ، دەتوانێ یارمەتیی بەهێز بوونی دێموکڕاسی بدات، بۆیە دەتوانین لێرەدا دژبەیەکییەک لە بیرۆکەی لاکلائۆ و مووفدا ببینین و پێویسته بە لابردنی ئەم ئەسڵه،‌ دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ بەهێزتر کەین و لەگەڵ وڵاتانی فرەنەتەوە و سەردەمی ئاسۆیی بوون ڕێکی خەین. مووف دەڵێ سووژە بریتییە لە کۆمەڵێک گرووپی جۆراوجۆر وەکوو ژنان، هاوڕەگەزخوازان، ڕەشپێستەکان، پارێزەرانی ئاشتی و ژینگە، پەنابەران و بە گشتی پەڕاوێزخراوان کە لە نەریتی لیبڕالیدا لە دەرفەته سیاسی و ئابوورییەکان بێبەش کراون. عەیبێک کە ئەم بیرۆکەیه هەیەتی‌ ئەمەیە کە بە تەواوی خسڵەتی ڕۆژاواییی پێوە دیارە و تایبەتە بە کێشەکانی کۆمەڵگای ڕۆژاوا و نەپەرژاوەتە سەر کۆمەڵگاکانی دیکە. بەڵام چەمکی «پەڕاوێزخراوان» ئەم دەرفەتەمان بۆ دەهێڵێتەوە کە دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ ئەوەندەی دیکە بەهێز کەین و لەگەڵ کۆمەڵگاگەلی فرەنەتەوەی وەک ئێران بیگونجێنین؛ واتا کاتێک بمانهەوێ لەسەر کۆمەڵگایەکی وەکوو ئێران دایبەزێنین، دەبێ پەڕاوێزخراوانی دیکەی وەکوو نەتەوە نافارسەکانیش‌ کە مافی‌ مرۆییی خۆیانیان لێ زەوت کراوه،‌ لەم بیرۆکەیە زیاد کەین. کەوابوو‌ زیاد کردنی پەڕاویزخراوانێکی دیکەی وەک نەتەوەی کورد کە بە شێوەی دێموکڕاتی بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان خەبات دەکەن، نەک دژایەتی لەگەڵ ڕۆحی دێموکڕاسیی ڕادیکاڵ نییە، بەڵکوو بەهێزیشـی دەکات. ئێمە بەم دێموکڕاسییە ڕادیکاڵەی ‌لە ڕێگەی داننان بە مافی نەتەوایەتیی نەتەوە بێ‎دەوڵەتەکانەوە ئەوەندی دیکە بەهێز دەکرێ دەڵێین «دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ».

لاکلائۆ و مووف پێیان وایە ساز کردنی کۆمەڵگایەکی فرەڕەنگ و دادپەروەرانە، لە ڕێگای «بەهێزکردنی دێموکڕاسیی لیبڕاڵ»ەوە دەستەبەر دەبێت نەک بە فڕێدانی. لە ڕوانگەی لاکلائۆ و مووفەوە، ساز کردنی کۆمەڵێک زنجیرەی هاوتەراز لە داخوازە دێموکڕاتیکەکانی وەک ژنان، کرێکاران و ژینگەپارێزان، دەرەتانی ئەوە بە پەڕاوێزخراوان دەدا کە بەرەنگاری سوڵتەی دەسەڵاتداران ببنەوە. لە وڵاتێکی وەک ئێران، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بەشی هەرە سەرەکیی بەشخوراوان و پەڕاویزخراوان پێک دێنن و پێویستە لە ڕێگەی «دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵەوە» دەرفەتی بەرخۆدان و وەدەستهێنانی مافی چارەنووسی خۆیان پێ بدرێ.

کەوابوو پێویستە لەسەردەمی ئێستادا خوێندنەوەیەکی نوێمان بۆ چەمکی «هێز» هەبێ و لە دەلاقەی گوتارەوە لێی بڕوانین، نەک وەک ڕوانگەی پۆزیتەیڤیستی‌ پێمان وابێ‌ هێز‌ ئەو شتەیە کە دەستەیەک هەیانە و دەستەیەکیش لێی بێبەرین‌. سیاسەتیش هەر وا بریتییە لە ململانێی نێوان گوتارەکان کە هەر کەس و دەستەیەک دەیهەوێ بە مەیلی خۆی کۆدەنگی لە سەر واتای نیشانەکانی خۆی ساز کات و هەوڵ دەدات سوڵتەی خۆی بسەپێنیت. ئێمە ئەم ململانێیەمان لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینادا لە نیوان گوتاری «کوردایەتی» و گوتاری «ئێرانشاری»دا دیت. ئەگەرچی گوتاری ئێرانشاری هەوڵی دا بە شێوەی نادێموکڕاتیک و بە پشتیوانیی میدیا زەبەلاحەکانییەوە هێژمۆنیی خۆی بسەپێنێ، لانیکەم لە کوردستان نەیتوانی، چونکە گوتاری “کوردایەتی” یەکجار زۆر بەهێزتر بوو. هەروەها لە نەورۆزی ئەمساڵ و لە دەی خاکەلێوەدا، لە نێوان حیزب و کۆمەڵە ئەم ململانێیەمان لە سەر هێماکان و هەوڵدان بۆ ساز کردنی کۆدەنگی لەسەر واتاکان دیت و بینیمان کە حیزب توانی کۆدەنگی لە سەر واتای هێماکانی خۆی ساز کات بە بێ ئەوەی پەنا بۆ ئاکاری نادێموکڕاتیک بەڕێ.

کەوابوو، دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ ئەم تایبەتمەندییە باشەی هەیە کە تۆتالیتێر، زۆرینەخواز و ڕەهاخواز نییە و ئەو ڕێگایە دەهێڵێتەوە کە گوتارەکان یان بڵێین هێزە سیاسییەکان، ئەم فەزایەیان لە بەردەست‌ بێ کە بەردەوام هەو‌ڵ بدەن بۆ ئەوەی نیشانەی ناوەندیی گوتاریی زاڵ تێک بشکێنن و بە پێدانی واتایەکی دیکە کۆدەنگیی لەسەر ساز بکەن. ئەم ململانێیە، دێموکڕاتیک و سرووشتییە و هەمیشەش دەبێ. بەم چەشنه،‌ بە پێچەوانەی دێموکڕاسیی لیبڕاڵیی، لە دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵدا ڕێگە دەدرێ کە هۆوییەت و تەنانەت وردە هۆوییەتەکانیش بواری چالاکی و خۆدەرخستنیان بۆ بڕەخسێ و لە بەڕێوە بردنی کۆمەڵگادا ڕۆڵیان هەبێت. لەم ڕوانگەیەوه،‌ سیاسەت، ڕێکخستنی کۆمەڵگا بۆ هەمیشە نییە، بەڵکوو ڕێکخستنی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی کاتییە و هەمیشە بوار بۆ گوتار و ڕوانگە جیاوازەکان دەمێنێتەوە کە سەرلەنوێ ڕێکی بخەنەوە. بە پیی ئەم ئەسڵە، دەوڵەتێکی سەرەڕۆ و ناوەندگەرای وەک ئێران کە 99 ساڵ پێش و بە پێی حەز و بەرژەوەندیی کۆمەڵێک ئیلیتی ئەوکات‌ دامەزراوە، نابێ ببێ بە دیاردەیەکی هەتاهەتایی و دەکرێ سەر لە نوێ و بە شێوەیەکی تر ڕێک بخرێتەوە و تەنانەت دەکرێ هەڵیشوەشێتەوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ هێزدا، میشێل فۆکۆ[42] دەڵێ هێز لە هەموو پەیوەندییەکدا هەیە و قەت ناتوانین بیسڕینـەوە. دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ لەسەر ئەم بنەمایە پێی وایە ململانێ و ئەنتاگۆنیزم قەت لەنێو ناچن، کەوابوو دەبێ باوەڕمان بە “پێکەوەژیانی ململانێ و کۆدەنگی”(تضاد و توافق) پێکەوە هەبێ و هەوڵ بدەین کێبڕکێ و دەمەتەقە لە جێی دوژمنایەتی و شەڕ دانێین. خاڵی بەهێزی ‌دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ ئەوەیە کە هیچ گوتار، هێز یان هیچ پێکهاتەیەک ناتوانێ ئیددعا بکا کە هەمووی ڕاستییەکانی لە لایە و جگە لەوەش هەر هێژمۆنی و کۆدەنگییەکیش کاتییە نەک هەمیشەیی. کەوابوو دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ لە ئاستی ئێران و کوردستان بە قازانجە و دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگا  لە تۆتالتیاڕیسم و یەکدەنگی و یەکڕەنگی دوور بکەوێتەوە و ئەوەش قووڵ کردنەوە و بەهێزتر کردنی دێموکڕاسیی لیبڕالی و تەنانەت دێموکڕاسیی ڕادیکاڵیشی لێ دەکەویتەوە.

بە گشتی بەم هۆکارانەی خوارەوە پێم وایە پێداگری لەسەر دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ لە شکڵەکانی دیکەی دێموکڕاسی بۆ سەردەمی ئێستای ئێران و کوردستان باشترە:

  • لەگەڵ سەردەمی بزووتنەوەی ژینا کە سەردەمی ئاسۆیی بوونه،‌ تەبایە.
  • لەگەڵ کەلتووری سیاسیی ئێستای خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کەلتوورێکی ئاسۆییە، گونجاوە.
  • بە جیی پێداگری لە سەر ئەسڵی زۆرینە – کەمینە لە ئاستی ئێران و کوردستان لەسەر بەڕەسمی ناسینی جیاوازییەکان پێداگری دەکات و ڕێگا نادات زۆرینە ویستی خۆی بەسەر کەمینەدا بسەپێنێت.
  • دان بەوە دادەنێ کە هێز لە هەموو پەیوەندییەکانی کۆمەڵگادا حزووری هەیە و بەردەوام ململانێی لەسەرە. هەبوونی ئەم هێزە بە زیان نییە و زۆر جار بە قازانجی گۆڕانکاریی باش لە کۆمەڵگادایە؛ هەڵبەت بە مەرجێک ململانێ لە شکڵی دوژمنایەتی بێتە دەرێ و ببێ بە دژبەرایەتی و کێبڕکێ (مخالفت و ڕقابت).
  • لە نێوخۆی حیزبیشدا دەبیتە هۆکارێک بۆ بیستنی دەنگە جۆراوجۆرەکان و پاڵنەرێک دەبێ بۆ ئەوەی بەدەنەی حیزب و کۆمەڵانی خەڵک زیاتر بەشداری لە بڕیاراتی حیزبدا بکەن و ئەمەش ئاستی متمانەی کۆمەڵگا بە حیزب و هەروەها بەدەنه بە بەڕێوەبەرایەتی بەرز دەکاتەوە.‌
  • ئەزموونی ناسەرکەوتووی هەوڵدان بۆ ساز کردنی بەرەیەکی گشتگیر و سەراسەری چ لە کوردستان و چ لە ئیران،‌ ڕاستییەکانی ڕوانگەی لاکلائۆ و مووف وەدەردەخەن کە هێزە سیاسییەکان هەمیشە لە ململانێدان و هیچ یەکگرتووییەکی هەمیشەیی‌ لە هیچ کوێ لە گۆڕێدا نییە.
  • لەگەڵ سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک تەبایە.

6-4-خەباتی ئاسۆیی و چەندڕەهەندی (سیاسی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و چەکداری)

ئەگەر دەمانهەوێ خەباتی ئێستامان وڵامدەر بێت، پێویستە لەگەڵ بارودۆخی هەنووکە و لەگەڵ سەردەمی ئێستا کە پێموایە سەردەمی ئاسۆیی بوونە، بیگونجێنین. بە پێی بارودۆخی ئێستا و بۆ ئەوەی خەباتەکەمان لەگەڵ کەلتووری سیاسیی ئێستای کوردستان کە کەلتووری سیاسیی ئاسۆیییە بگونجێ، پێویستیمان بە «خەباتێکی ئاسۆیی[43]‌» و چەندڕەهەندی هەیە بۆ ئەوەی بتوانین خەباتی میللی-دێموکڕاتیکی خۆمان بەرەو پێش بەرین‌. خەباتی ئاسۆیی، خەباتێکی چەندڕەهەندییە و هەموو ڕەهەندەکان لەبەر چاو دەگرێ؛ هەر چەند بە پێی هەلومەرج ڕەنگە گرینگیی زیاتر بە لایەنێک بدرێت و لایەنێکی دیکە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیرێ یان کەمتر بایەخی پێ بدرێ. بەڵام دەبێ بزانین هەموو ڕەهەندەکان پێویستن. حیزبێکی سیاسی کە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی تێدەکۆشێ، لەم پەیوەندییەدا دەبێ هەم کاری سیاسی و دیپلۆماتیکی لە بەر چاو بێت و هەم لە کاری کەلتووری و کۆمەڵایەتی چاوپۆشی نەکات. ئەوەی لە پاش بزووتنەوەی ژینا دیتمان بە جوانی پێشانی داین کە حیزب لە خەباتی سیاسی، کەلتووری و کۆمەڵایەتیدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە و تەقریبەن خۆی لەگەڵ کۆمەڵگای ئێستای کوردستان گونجاندووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی مەودایەک لە نێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی نەدیترێ و تەنانەت زۆر جار حیزب وەکوو بەشێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی بێتە هەژمار. هەماهەنگ بوونی حیزب و زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگا لەسەر هێما و واتاکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا و نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاریدا بە ڕوونی وەدەر کەوت. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ نیشانی دا کە حیزب بووەتە بەشێک لە کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەییی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان. ئەمانە ئەو پەیامە بە حیزب و نەتەوەی کورد دەدەن کە دەبێ بە شێوەیەکی ئاسۆیی و چەندڕەهەندی خەباتی کورد درێژە پێ بدات. خەباتێکی ئاسۆیی، خەباتێکی هەمەلایەنە و گشتگیرە و نابێ لە هیچ یەک لە شێوازەکانی خەبات چاوپۆشی بکات. بۆ پەرە پێدان و گەشەسەندنی ئەم جۆرە خەباتە ئەم ڕێکارانەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن:

  • دانانی تەلەڤیزیۆنێکی پڕۆفێشناڵ و بەهێز لە دەرەوەی وڵات بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هێژموونیی میدیاییی فارسەکان.
  • ئەرکدار کردنی زیاتری تەواوی ئەندامانی حیزب بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان سیاسەت و بەرنامەکانی حیزب زیاتر بڵاو کەنەوە. بە تایبەت لە تێلگرام و ئینیستاگرامدا کە زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاری دەهێنن.
  • پشتیوانیکردنی زیاتر لە هەر چەشنە جووڵەیەکی نیشمانپەروەرانەی وەک چالاکیی ئەدەبی، کەلتووری، زانستی و ژینگەپاریزی.
  • خەباتی چەکداری: لە پەیوەندی لەگەڵ خەباتی چەکداریدا، هێندێک کەس ئەم شکڵە لە خەبات بە بێ‌مێشکی یان دواکەوتوویی دەزانن، هۆکارەکەی ئەوەیە کە کەسانێک لە ژێر باندۆڕی گوتاری ئێرانشاریدا و بە ڕوانگەیەکی تەقلیلگەرایا‌نە، دەیانهەوێ مافی نەتەوەییی کورد دابەزێنن بۆ ئاستی مافی شارۆمەندی. ئەوان کێشەی کوردێکی کرماشانی و کابرایەکی تارانی وەک یەک پێناسە دەکەن. دەستەیەک وەدەستهێنانی هێندێک مافی کەلتووری وەکوو دابینکردنی مافی نەتەوەیی دەخەمڵێنن. تاقمێک‌ بەدەستەوەگرتنی چەند پۆستی سیاسی و ئیداری بە بەشداریی سیاسی دەشوبهێنن؛ کاردانەوەی ئەم بۆچوون و ڕوانگانە دابەزاندنی مافی نەتەوایەتیی کورد بۆ هێندێک مافی سەرەتایییە‌. لە لایەکی دیکەوە ئەم ڕوانگانە ناتوانن یان نایانهەوێ پەردە لە سەر پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی داگیرکارانە و کۆلۆنیالیستیی لە ئێران هەڵدەنەوه کە سەد ساڵە باڵادەستی و بندەستیی لێ کەوتووەتەوە. چارەسەری گشت ئەم ڕوانگانە ژانبڕێکی کاتییە. کێشەی بنەڕەتیی کورد لەگەڵ ناوەند، کێشەی نەتەوەیییە نەک هێندێک کێشەی ئابووری یان کەلتووری. تا کاتێک کە پێداچوونەوەیەکی ئەساسی لەسەر ئەم پەیوەندییانە نەکرێتەوە کە باڵادەستی و ژێردەستییان ساز کردووه،‌ ناتوانین ئاخێزگەی کێشەی خۆمان کە کێشەیەکی نەتەوەیییە بدۆزینەوە. کەوابوو نەتەوەیەک کە پارچەپارچە کراوە، خاکی داگیر کراوە و نەتەوەیەکی دیکە دەسەڵات و ناسنامەی خۆی لەسەر کەلتوور و خاک و ئابووریی ئەو دامەزراندووە، چۆن دەتوانێ بە بێ هێزێکی چەکداری ڕیکوپێک و پۆشتە و بەباوەڕ، ئەویش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مافەکانی وەدەست بێنێ و ئەگەریش وەدەستی هێنا بە بێ بوونی ئەم هێزە چۆن دەیپاریزێ؟

‌ ئەم ڕوانگانە مەترسیدارن، چونکە کێشەی کورد تەنیا کێشەی مافی شارۆمەندی نییە؛ تەنیا کێشەی ئیداری یان ئابووری نییە؛ بەڵکوو کێشەی خاک و مافی دیاریکردنی چارەنووسە. لەگەڵ نەتەوەگەل و دەوڵەتانێک کە هیچ ڕێزێک لە بەها دێموکڕاتیکەکان ناگرن، ئەگەر کورد هێزی پێشمەرگەی ئامادەی نەبێ، هیچ مافێک دەستەبەر نابێ و ئەگەریش دەستەبەر ‌بێ، هیچ گاڕانتییەک بۆ پاراستنی نییە. جگە لەوە، نابێ لە بیرمان بچێ کە هێزی پێشمەرگە کۆڵەکەی خەباتی کوردە و ئۆتۆڕیتەیەکی گەورەی لە کوردستان هەیە و  ورە بە خەڵکی کورد دەدات. بۆیە قەت نابێ وەپشت گوێ بخرێ و ‌لاواز بکرێ.  کۆڵەکەی خەباتی کورد لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە هەتا ئەوڕۆ خەباتی پێشمەرگانە بووە و هەر کات بڕەوی پەیدا کردووە، ڕەهەندەکانی دیکەی خەباتیش گەشەیان سەندووە. هەستیاریی دوژمنان خۆی دەرخەری ئەم ڕاستییەیە. بۆ نموونە ئەگەر بڕوانینە دوو قۆناغ لە شۆڕشی نەتەوەکەمان لە دوو بڕگەی جیاوازدا ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ؛ یەکیان شۆڕشی چەکداریی 47-1346 بوو کە ئەوکات خەباتی کوردی بووژاندەوە و ئەویتریشیان خەباتی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە چەند ساڵی ڕابردوودا ورەیەکی یەکجار بەهێزی بە شۆڕشی نەتەوەییی کورد دا. کەوابوو نەک‌ پێویستە خەباتی پێشمەرگایەتیمان ڕاگیرێ، بەڵکوو دەبێ‌ بەهێزیش بکرێ و هەر کات دەرفەت خوڵقا، بە زووترین کات ئاوێتەی ڕەهەندەکانی دیکەی خەباتی بکەین. ڕای گشتیی کۆمەڵگای کوردستان هەمیشە پشتیوانیی لە هێزی پێشمەرگە کردووە. لە سەردەمی بزووتنەوەی ژیناشدا خەڵکی کورد چاوەڕوانی پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە بوو کەچی بەداخەوە بە بیانووی ئەوەی زەربە لە بزووتنەوەکە دەدات، یان بیانوو دەداتە دەستی ڕێژیم بۆ ئەوەی چاتر سەرکوتی کا، کەڵکی لێ وەرنەگیرا.  ئەگەر هێزی پێشمەرگە بە پلان و بەرنامە بەشداریی لە بزووتنەوەی ژینادا بکردایە، سەیر نەبوو بزووتنەوەکە گەشەی‌ زیاتری کردبا و بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆێشتبا.

بە تایبەت دەبێ ئەوەمان لە بیر بێ بۆ قۆناغی سەرەتاییی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بۆ بەرقەراریی نەزم و ئەمنییەت و پاراستنی خاکی کوردستان، پێویستیمان بە هێزی پێشمەرگە هەیە و ئەگەر لە ئێستاوە هێزی پێشمەرگەی پێویست ئامادە نەکرێ، هیچ زەمانەتێک بۆ وەدەست هێنانی ڕزگاری و ئازادی نییە.کەوابوو لەگەڵ ئەوەی خەباتی ئاسۆیی گرینگی بە هەموو شێوازەکانی خەبات دەدات، بەڵام خەباتی پێشمەرگانە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی خەباتی کورد دەزانێ. ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێن کە لە داهاتووشدا ئەم شوێنانە بە دەستی کوردەوە دەمێننەوە کە هێزی پێشمەرگە کۆنتڕۆڵیان بکات؛ کەوایە نابێ قەت لە قورساییی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان غافڵ بین.

لە کۆتاییی ئەم بەشەدا پێویستە بڵێین بە گشتی لە خەباتی ئاسۆییدا حیزبی سیاسی لەگەڵ ئەوەی بۆ کۆمەڵگا سیاسەت دەکات، دان بەوەدا دەنێ کە سیاسەت لە هەناوی کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرێ؛ کەوابوو تاقمێک ئیلیتی سیاسی یان کۆمەڵێک ئەندازیاری کۆمەڵایەتی ناتوانن بە بێ گوێدان بە کۆمەڵانی خەڵک و بە بێ ئەوان جڵەوی خەبات بە دەستەوە بگرن. خەباتی ئاسۆیی پێویستی بە حیزبێکی سیاسی هەیە کە ئەندامان و بەرێوەبەرانی بە شێوەکی بەردەوام و بەوپەڕی سەداقەتەوە لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندیدا بن. ئەوان ئەشێ بە پەیوەندیی بەردەوام، لایەنگرانیان بێننە سەر ئەم باوەڕە کە حیزبەکەیان وزە و ویستی ئەوان لە ڕاستای دەستەبەر کردنی ئامانجەکانی خەباتی میللی-دێموکڕاتیکی کورددا کە بریتین لە: دابین کردنی مافی نەتەوایەتی، ئازادیی تاکەکەسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەرابەری و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکار دەکەن.

خەباتی ئاسۆیی، دەیهەوێ دەنگی بێدەنگان و ڕەنگی بێڕەنگان بێ، هەر بۆیە دژی هەر چەشنە هەڵاواردن و وەلانانێکە. خەباتی ئاسۆیی لە ڕاستای بەهێز کردنی دێموکڕاسیدا لە یەکڕەنگ کردن و یەکدەنگ کردنی کۆمەڵگا بێزارە؛ بۆیە پێی وایە بۆ ساز کردنی یەکێتیی نەتەوەیی، بە جێی یەکدەنگی و هاوچەشنی و لەیەکچوون، پێویستی بە هەستێکی هاوبەشی کوردانە هەیە بۆ ئەوەی خەباتی میللی-دێموکڕاتیکی کورد بەرەو پێش بچێت. خەباتی ئاسۆیی بە وشیارییەوە لە نێوان “بەهاکان” و “ئامرازەکان”دا جیاوازی دادەنێ و لەگەڵ ئەوەی بەهاکانی “مافی نەتەوەیی، ئازادی، بەرابەری و دێموکڕاسی” بە کۆڵەکەی خەبات دادەنێ، بەردەوام ڕێگای نوێ و ئامرازی تازە بۆ دەستەبەر کردنیان تاقی دەکاتەوە.

7-4-هاوئاهەنگی بە جێی پێشەنگی

پێویست بە ئاماژەیە کە ناوەند هەر لە سەرەتای دامەزرانی دەوڵەتی ناوەندگەرای ئێرانەوە هەتا ئێستا، بە ڕەچاوکردنی کۆمەڵێک سیاسەت و بەرنامەی کۆلۆنیالیستی، تەواوی هەوڵی خۆی داوە کە کوردستان لە پەڕاوێزدا بهێڵێتەوە، بە تایبەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، ڕێژیم زۆربەی هەرە زۆری کانگا و مەوادی خاو و سروشتیی کوردستانی تاڵان کردووە و زێدەبایییەکەی بردووە بۆ ناوچەکانی ناوەند و نیمچەناوەندی وەک تاران، ئیسفەهان و تەورێز و پشکی خەڵکی کوردستان، هەناردە کردنی هێزی کاری هەرزان و تێکچوونی ژینگەکەی بووە.

ناوەند، ئیزنی نەداوە کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە گەشە بکات و بەرنامە و پلانی گەشە لە ئێران هەمیشە وەکوو ئامرازێک بۆ سڕینەوە و پەڕاوێزخستنی نافارسەکان بە تایبەت کورد ئیشـی کردووە. بەڵام بە خۆشییەوە، نەیتوانیوە پێش لە گەشەی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی کوردستان بگرێ و تەنانەت کۆمەڵێک هۆکاری وەک بارودۆخی سەردەمی کۆماری کوردستان و خەباتی سیاسیی کورد لە پاش شۆڕشی 1357، بوونەتە هۆی ئەوەی گوتارێکی نەرم و کۆمەڵایەتی لە گەشە زاڵ بێت و کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پەرە بستێنن. زاڵبوونی ئەم گوتارە بووەتە‌ هۆی ئەوەی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ‌لە ڕووی ئابوورییەوە بە ئەندازەی ناوەند گەشەی نەکردووە، بەڵام لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەوە لەوێ پتر گەشە بستێنێ. ئەم گەشەکردنە، بیرۆکەی ئابووریگەرایانی دێتێڕمینیست کە گەشەی ئابووری بە پێشمەرجی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دادەنێن، ڕەت دەکاتەوە. ئابووریگەرایانی دێتێڕمینیست پێیان وایە گرینگترین فاکتەر بۆ گەیشتن بە دێموکڕاسی، گەشەی بەهاگەلی دێموکڕاتیک و ئینسانی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدایه ‌کە له ‌ڕەوتی گەشەی ئابووریدا سەر هەڵدەدەن. ئەگەرچی، بەشی یەکەمی ئەم گریمانەیە کە دەڵێ گەشەی بەهاگەلی دێموکڕاتیک‌ مەرجی گەشەی دیموکڕاسییە، دروستە؛ بەڵام وێناچێ هەمیشە و له هەموو شوێنێک گەشەی ئابووری پێشمەرجی گەشەی سیاسی و کەلتووری بێت؛ چونکە بە بێ بناغەیەکی کەلتووری مەحاڵە دێموکڕاسیەکی ڕاستەقینە و بەردەوام دامەزرێ. ئەزموونی خەباتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا، دەیسەلمێنێ ئەگەرچی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە لە ناوچەکانی ناوەندی وەک ئیسفەهان و تاران و نیمچەپەڕاوێزی وەک تەورێز کەمتر گەشەی سەندووە، بەڵام لەڕووی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە لەوان پێشکەوتووترە. واتا ئەگەر لەو ناوچانه،‌ پێوەرەکانی گەشەی ئابووری وەک کەمتربوونی نرخی بێکاری، داهاتی سەرانە، بەرهەمهێنانی زیاتر و بە گشتی بارودۆخی خۆشبژیوی لە کوردستان بەرزترە، بەڵام پێوەرە نەرمەکانی گەشە کە بە گەشەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری دەناسرێن، وەک هەبوونی ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان (NGO)، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بایکۆتی وشیارانە، نافەرمانیی مەدەنی، ژینگەپارێزی، سێکۆڵاریسم، بەرابەریی نێوان ژن و پیاو و … لە کوردستان زیاتر گەشەیان کردووە. ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی پێکهاتەی دەسەڵات لە کوردستان بەرەو هاوتەرازی و ئاسۆیی بوون بڕوات. بزووتنەوەی ژینا و نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری بە جوانی ئەم گەشە کۆمەڵایەتییەیان پێشان داین.

بەم شەرحە، پێویستە چاوێک بە پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگای کوردستاندا بخشێنینەوە‌. ئێمە دەزانین حیزب بۆ بەرەو پێش بردنی خەباتی میللی-دێموکڕاتیکی کورد خۆی بە پێشـڕەوی ئەم خەباتە دەزانێ. ئەم ڕوانگەیە لە “کورتە باس”دا ئاماژەی پێ کراوە. ڕەنگە ئەم ڕوانگەیە بۆ قۆناغی سەردەمی دامەزرانی حیزبی دێموکڕات هەتا دە پازدە ساڵ لەمەوبەر دروست بووبێت‌، چونکە ئەوکات حیزب لە کۆمەڵگاکەی پێشکەوتووتر بوو و دەیتوانی ڕۆلێ پێشەنگایەتی بگێڕێ؛ بەڵام لەم دە پازدە ساڵەی دواییدا بە هۆی پەرە سەندنی ئینتێڕنێت و گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پەنای بەرز بوونەوەی ئاستی خوێندەواری، خەڵکی کوردستان لە ڕووی هزری و کەلتوورییەوە زۆر پێش کەوتوون و لە بواری کۆمەڵایەتییەوە فرە گەشەیان سەندووە‌‌. ئەم گەشەسەندنە کۆمەڵگای کوردستانی خستۆووەتە قۆناغێکی تازەوە و‌ بووەتە هۆی ئەوەی گۆڕانکاریی بنچینەییی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستاندا دروست بێت‌. پێکهاتەی دەسەڵات هەر لە خێزانەوە بگرە تا قوتابخانە و شوێنی کار بەرەو پێکهاتەیەکی ئاسۆیی و ناهیرارشیک ڕۆیشتووە. ژنان، گەنجان، مێرمنداڵان و تەنانەت منداڵان هاتوونەتە نێو گۆڕەپان و داوای ماف و دەسەڵات دەکەن. ئەمە قۆناغێکی نوێی بە ناوی سەردەمی «ئاسۆیی بوون» ساز کردووە. لەم سەردەمەدا کە تایبەتە بە سەردەمی ئینتێڕنێت، ئیتر حیزبی سیاسی ناتوانێ ئیددعای «پێشـڕەو بوون» یان «پێشەنگایەتی» بکات؛ چونکە ئەگەر کۆمەڵگا لە حیزبە سیاسییەکان پێشکەوتووتر نەبێ‌،‌ پێموا نییە پاشکەوتووتر بێ‌. لانیکەم دەتوانین بێژین کۆمەڵگا و حیزب لەگەڵ یەک هەماهەنگن و تەقریبەن لە یەک ئاستدان. نموونەی ئەم هاوئاهەنگییەمان‌ لە بزووتنەوەی ژینادا دیت و بۆمان ‌دەرکەوت کە کۆمەڵگای کوردستان و حدکا فرە هاودەنگ و هاوئاهەنگن. بینیمان کە هەر دووک لا چۆن شێواز و ئیدەی خەباتگێڕانە‌ بە یەکتر دەدەن و لە یەکی وەردەگرن. بە گوێرەی ئەم هاوتەرازی و کۆدەنگییەی لە نێوان حیزب و کۆمەڵگا لە کاتی ئێستادا هەیە، پێویستە لە گوتاری حیزبیشدا ئەم گۆڕانکارییە ڕوو بدات؛ ئەویش ئەمەیە کە حیزب‌ خۆی وەک «حیزبێکی هاوئاهەنگ»، نەک «پێشەنگ» پێناسە بکات. ئەم گوتارە خەڵکیتر و دێموکڕاتیکترە و لەگەڵ سەردەمی پاش بزووتنەوەی ژینا کە سەردەمی «ئاسۆیی بوونه»‌، تەباییی زیاتری هەیە. بە کورتی دەستەواژەی «حیزبی پێشەنگ/پێشڕەو» تایبەتە بە سەردەمی مۆدێڕنیزاسیۆن و سەردەمی گەشە، بەڵام دەستەواژەی «حیزبی هاوئاهەنگ»‌ تایبەتە بە سەردەمی پاش گەشە و پۆست مۆدێڕنیزم. ئەمساڵ بەرچاوترین نیشانەکانی پەیوەندیی ئاسۆییی نێوان «خەڵک» و «حیزب» لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکانی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری و دەی خاکەلێوەدا بینرا. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە حیزب لە قۆناغی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕادەیەکی زۆر وازی لە گوتاری ئەستوونی هێناوە و بە کردەوە بووەتە خاوەن گوتارێکی ئاسۆیی؛ کەوایە ئێستا پێویستە بە فەرمی ڕایبگەیێنێ کە حیزبی دێموکڕات حیزبێکی هاوئاهەنگە نەک پێشەنگ.

لە کۆتاییدا بە گشتی و بە کورتی دەڵێین بیچمگرتنی کەلتووری سیاسیی ئاسۆیی لە کوردستان بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێ بە ناوی  “سەردەمی ئاسۆیی”. لەم قۆناغە نوێیەدا‌ خەباتێکی ئاسۆیی پێویستە. ئەسڵەکانی ئەم جۆرە خەباتە بریتن لە: 1- سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک 2- مافی دیاریکردنی چارەنووس 3- گەشەی ئاسۆیی (هەمە لایەنە:گەشەی سەوز، کۆمەڵایەتی – ئابووری- سیاسی- کەلتووری) بە جێی گەشەی ئابووری‌تەوەر 4- بەڕێوەبەرایەتیی ئاسۆیی 5- دێموکڕاسیی ئاسۆییی ڕادیکاڵ 6- خەباتی ئاسۆیی و چەند ڕەهەندی (سیاسی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و چەکداری) 7- هاوئاهەنگی بە جێی پێشەنگی.

ژێدەرەکان

استیون سیدمن، کشاکش آرا در جامعه‎شناسی، ترجمه هادی جلیلی (تهران، نشر نی، 1395).

آمارتیا  سن، توسعه به مثابه آزادی، ترجمه سیداحمد موثقی (تهران: دانشکده حقوق و علوم سیاسی دانشگاه تهران، 1381).

چارلز ڕایت میلز، نخبگان قدرت، ترجمه مؤسسه غرب‎شناسی، (تهران، نشر فرهنگ مکتوب، 1389).

شانتال موفە، بازگشت امر سیاسی، ترجمە جواد گنجی (تهران، نشر نی، 1393).

عەبدولڕەحمان قاسملوو، سۆسیالیزمی دێموکڕاتیک فەسڵی یەکەم لە کتێبی تاڤگەی حەقیەت، کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی (سلێمانی، 1382).

مارتين هايدگر، پرسش از تكنولوژی، ترجمه شاپور اعتمـاد، فلسـفه تكنولـوژی، (تهران، نشر مركز، 1386).

مانوئل کاستلز، شبکەهای خشم و امید: جنبش‌های اجتماعی در عصـر اینترنت، ترجمه مجتبی قلی‎پور، (تهران، نشر مركز ، 1401).

معزالدین باباخانی تیموری؛ زهرا نیک‏پور، ؛ عصمت زرچینی، » تبارشناسی تحلیل گفتمان انتقادی و شکل گیری دموکراسی ڕادیکال از نظر موفه«، فصلنامه دانشنامه علوم سیاسی 6 (1401): 48-80.

هیوبرت دریفوس؛ پل ڕابینو. میشل فوکو: فراسوی ساختگرایی و هرمنوتیک، ترجمه حسین بشیریه ( تهران، نشر نی، 1392).

Arturo Escobar, Encountering Development: The Making and Unmaking of the Third
World, (Princeton: Princeton University Press, 1995).

https://hdr.undp.org/content/human-development-report-2023-24.(Human Development Report 2023-24).

https://www.socialprogress.org.

https://www.The Economist Intelligence Unit Limited.

Roberto Foa and Jeffery Tanner, “Methodology of the Indices of Social Development” International Jnstitute of Social Studies, Vol. 89 of Discussion paper, Research Institute for Social Development, ISSN, (2012), 1012-6511.

[1] – Horizontal social movement (جنبش اجتماعی افقی)

[2] – New social movements

[3] – Manuel Castells

[4] – Networks of Outrage and Hope: Social Movements in the Internet Age

[5] – Post-development and post-modern

[6] – Vertical political culture

[7] – Horizontal political culture

[8] – Radical horizontal political culture

[9] – Radical horizontal struggle

[10] – Radical horizontal development

[11] – Post-development

[12] – Ivan Illich

[13] -Arturo Eskobar

[14] – Gustavo Esteva

[15] -social capital

[16] – Karl Polanyi

[17] -Amartya Sen

[18]Development as Freedom

1- International Institue of Social Studies

2- Civic Activism

3- Clubs and Associations

4- Intergroup Cohesion

5- Interpersonal Safety and Trust

6- Gender Equality

7- Inclusion of Minorities

[26] – Max Weber

[27] – Ideal Type

[28] – Democracy index

[29] -Social Progress index

[30] – Human development index

27- سەبارەت بە ڕاست و دروستیی ئەم دەیتایانە بڕواننە ئەم پێگانەی ژێرەوە:

https://www.socialprogress.org

https://www.The Economist Intelligence Unit Limited

https://hdr.undp.org/content/human-development-report-2023-24.(Human Development Report 2023-24)

[32] -Clientelism

[33] -Martin Heidegger

[34] – Radical Horizontal Democracy

[35] – Charles Wright Mills

[36] – Ernesto Laclau

[37] – Chantal Mouffe

[38] – Antagonism

[39] -Agonism

[40] -Robert A. Dahl

[41] – Transsexuals

[42] – Michel Foucault

[43] – Horizontal struggle

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!