بەڕێوەچوونی سەمپۆزیۆمی “پڕۆسەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران-دا”

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ی کوردی لە شاری بۆنی وڵاتی ئاڵمان ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بە گرتنی سەمپۆزیۆمی “پڕۆسەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران-دا” بە هەر دوو زمانی ئاڵمانی و ئینگلیسی بەڕێوە چوو. شایانی باسە بەشی ئابووری و کۆمەڵگای ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵات و ئاسیاناسیی زانکۆی بۆنی ئاڵمان هاوکاری بەڕێوەبردنی سەمپۆزیۆمەکە بوون.

کردنەوەی سەمپۆزیۆم
سەمپۆزیۆمی “پڕۆسەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران-دا”، کاتژمێر ٢:٣٠ خۆلەکی پاش نیوەڕۆ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ژمارە یەکی زانکۆی بۆن بە بەشداریی ژمارەیەک پسپۆڕ، ئاکادێمیسییەن و خوێندکارانی ئاڵمانی، کورد و ئێرانی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. خاتوو ڤیان نەسرەت ئالۆ وەکوو پێشکەشکار بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و ڕیزی بەرنامەکانی خوێندەوە، پاشان خاتوو لەعلا کەیخوسرەوی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان بە وتارێکی کورت سەمپۆزیۆمەکەی کردەوە. خاتوو کەیخوسرەوی سەرەڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی زانکۆی بۆن و پرۆفیسور دیستلرات، سەرۆکی بەشی ئابووری و کۆمەڵگا لە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵات و ئاسیاناسیی زانکۆی بۆن باسێکی لەسەر ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک و کار و چالاکییەکانی ناوەند پێشکەش کرد.

پانێلی یەکەم

ناسنامە، سابژێکتیڤ لە ئەدەبی گۆرانیدا

فەزای مشتومڕی گشتی لە ئێران و کوردستاندا

پانێلی یەکەم:

لە پانێلی یەکەمی سەمپۆزیۆمەکەدا، دوکتۆر بێهرووز چەمەن‌ئارا، سەرۆکی ئەنستیتۆی نێونەتەوەییی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگای کوردی (IISKS) لە شاری گۆتینگێنی وڵاتی ئاڵمان و مامۆستای پێشووی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان – سنە بابەتێکی تایبەتی لەسەر ناسنامە لەژێر ناونیشانی “سابژێکتیڤ لە ئەدەبی گۆرانی-دا” پێشکەش کرد.
بەڕێزیان له‌ وتاره‌کەیدا باسی شێوازی به‌دیهاتن، گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندنی گوتاری “خۆبوون”ی له‌ وێژەی گۆرانیدا کرد. به‌پێی به‌ڵگه‌ مێژوویی‌یه‌کان، نه‌ک هەر ئیلیت و دەستەبژێری خاوه‌ن قه‌ڵه‌می کورد، به‌ڵکوو ده‌سه‌ڵاتداره‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی کورد له‌ سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه‌ خۆیان له‌ گوتاری ئیسلامیدا پێناسه‌ کردووه‌. بۆیه نه‌‌ ئیبن‌خه‌له‌کان، دینه‌وه‌ری، سه‌یمه‌ری و نه‌ نووسه‌رانی دی، ته‌نانه‌ت نه‌ سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یووبیش هیچ جیاوازییه‌کیان له‌نێوان “خۆ” و گوتاری ئیسلامیدا نه‌دیوه‌.
له‌ دوای هاتنی مه‌غووله‌کان و تێکچوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازیی خه‌لیفەکان، ده‌رفه‌تێک بۆ دەرکەوتنی زمانی کوردی به‌تایبه‌تی له‌ فۆڕمی شیعریدا ڕەخسا. بۆیه‌، زۆر له‌ ڕاستییەوە دوور نییه‌ ئه‌گه‌ر وای دابنێین که‌ سه‌رده‌می مه‌غووله‌کان سه‌ره‌تای “نووسینه‌وه‌ی” وێژه‌ی گۆرانی بێت.
لە هەنگاوی یەکەمدا، دوای به‌دیهاتن و په‌ره‌سه‌ندنی نووسینی شیعری گۆرانی له‌نێو ئیلیتی جیبال، سێ چه‌شنی خۆپێناسه‌کردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان هه‌یه‌. سه‌ره‌تا “خۆبه‌که‌مزانین” و هه‌وڵدان بۆ وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مگه‌لی دینیی فارسی و عه‌ره‌بی که‌ پڕن له‌‌ “حیکمه‌ت‌” و “مه‌عریفه‌ت”، به‌ڵام کوردی هه‌ژار ناتوانێ لێیان تێ بگات!
هه‌نگاوی دووهه‌م، وه‌رزی “خۆبوون و ڕێز له‌خۆگرتن”ـه‌. به‌هێزترین ده‌نگی ئه‌م گوتاره‌ له‌ شیعری بێسارانیدا ده‌بینرێ که‌ ده‌ڵێت “هه‌رچه‌ند مه‌واچان فارسی شه‌که‌ره‌ن، کوردی جه‌ فارسی به‌ل شیرینته‌ره‌ن”. لێرەدا، به‌رهه‌مهێنه‌ری کورد، وێڕای ڕێزلێنان له‌ دراوسێیه‌کان، خۆی به‌ سووژه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانێ و ده‌ناسێنێ.
هه‌نگاوی سێیه‌م زۆر سه‌رنجڕاکێشه‌ و سووژه‌ی کوردی نه‌ک هەر خۆی به‌ جیاواز ده‌ناسێنێ، به‌ڵکوو هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر ته‌واوی ئه‌و گوتاره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانە که‌ پێشتر به‌ شێوه‌ی نه‌ریتی وه‌کوو به‌شێک له‌ “خۆ”ی کوردی پێناسه‌ ده‌کران. سه‌ید ساڵح مایده‌شتی، ناسراو به‌ حه‌یران عه‌لیشا، له‌سه‌ر لووتکه‌ی ئه‌م گوتاره‌ ڕاوه‌ستاوه‌ و نه‌ک هەر زوانی کوردی به‌ زوانی وه‌حی پێناسه‌ ده‌کات، به‌ڵکوو ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی من دژ به‌ ده‌قی قوڕئانیش بێ، ئێوه‌ و دینی خۆتان، ئێمه‌ و دینی خۆمان!”
جێی ئاماژه‌یه‌ گوتاری دینی له‌ ده‌قه‌ دینییه‌کانی یارسانیدا، باس له‌ ده‌زگایه‌کی مه‌عریفیی تایبه‌ت ده‌که‌ن که‌ له‌وێ له‌ سه‌رده‌می هه‌فت ته‌نان، هه‌ر یه‌ک له‌ هه‌فت ته‌نان‌، زوانێک ده‌خوڵقێنێ. یه‌که‌مه‌که‌یان کوردییه‌ و هیندی، فارسی، عه‌ره‌بی و … هتد هه‌موو به‌رهه‌می ده‌زگای مه‌عریفیی کوردیی یارسانین.

لە بەشی دووهەمی پانێلەکەدا، دوکتۆر هیوا عەلیدووست مامۆستای زانکۆ لە شاری هیلدسهایمی وڵاتی ئاڵمان بابەتێکی لەژێر ناونیشانی “فەزای مشتومڕی گشتی لە ئێران و کوردستاندا” پیشکەش کرد.
بەڕێزیان لە وتارەکەیدا باسی فەزای گشتی لە ئێراندا کرد کە زۆر ئاڵۆزە. لە لایەکەوە گرووپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان کە لە پانتاییی سیاسەتی گشتی لە ئێراندا چالاکن، داوای دێموکراسیی زیاتر و یەکسانیی یاسایی و شێوازە سێکۆلارەکانی ژیان دەکەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، گەلان و کۆمەڵێک نەتەوە لە ئێراندا هەن کە سەرقاڵی شەڕێکی جەوهەرین بۆ ناسنامەی خۆیان. ئەوان لە فەزای گشتیدا پرسیارە سیاسی-کولتوورییە جیاوازەکان دەخەنە ڕوو، بەڵام ئەمانە پرسیارگەلێکن کە زەحمەتە لە لایەن ناوەند و ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە هیچ وڵامێکیان پێ بدرێتەوە. ڕوانگەیەک کە بتوانێت هەمووان یەک بخات و بە یەک چاو سەیریان بکات، لەئارادا نییە، هەربۆیە فەزایەکی گشتی ساز نابێ کە تێیدا هۆکارەکان بخرێنە ڕوو، گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و هەڵبسەنگێندرێن. خەباتێک کە لە فەزای گشتیی ئێرانییەکاندا دەبیندرێ، نە خاوەنی ڕێساگەلی ئەخلاقییە و نە توانای دانانی ئاراستەیەکی سیاسیی ڕوونی هەیە، کەچی نەتەوەی کورد لەمێژە لەم قەیرانەدا بڕیارێکی درەوشاوەی داوە و خاوەنی داواکارییەکی سیاسیی ڕوونە. نەتەوەی کورد خەمێکی جەوهەری و بنەڕەتیی بۆ دێموکراسی، پێکەوەژیانێکی ئاشتییانە، دادپەروەرانە و فرەکولتووری لە ئێرانێکی ئازاد و سێکۆلاردا هەیە.

پانێلی یەکەمی سەمپۆزیۆمەکە بە پرسیار و وڵامی بەشداربووان و پانێلیستەکان، کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ کۆتایی پێ هات.

پانێلی دووهەم

ئیسلامی سیاسی، ڕۆژاوا و کورد

هەمەچەشنکردنی هەنگاوەکانی بەرگری و بەرەوپێشەوەبردنی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات

پانێلی دووهەم:

لە پانێلی دووهەمی سەمپۆزیۆمەکەدا، پرۆفیسۆر سەعید شەمس، سەرۆکی پێشووی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی سۆران بابەتێکی لەژێر ناونیشانی “ئیسلامی سیاسی، ڕۆژاوا و کورد” پێشکەش کرد.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئیسلامی سیاسی لە گوتارە گشتییەکانی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دیار بووە، ئەگەرچی ئیسلامی سیاسی سەرکەوتوو نەبووە، چونکە بە پلەی یەکەم شکستێکی فیکری هێناوە. بیری ئیسلامی سیاسی لەسەر بنەمایەکی سەرەتایی وەستاوە کە توخمە داهێنەرەکانی خۆی لەناو دەبات. هەروەها بە پلەی دووهەم، شکستی ئیسلامی سیاسی هەم لەسەر ئاستی سیاسی بووە و هەم لەسەر ئاستی مێژوویی، چونکە نە لە ئێران و نە لە باقیی ناوچەکەدا ئیسلامی سیاسی نەیتوانیوە بەدیلێکی کارامە بخاتە ڕوو. ئەوەی ڕاستی بێ، ئیسلامی سیاسی چی دیکە فاکتەری جیۆستراتیژی نییە. لە سەرانسەری ناوچەکەدا خەڵک بەرەنگاری بانگەوازەکانی یەکگرتوویی و سازکردنی وڵاتی ئیسلامی دەبنەوە. بەم شێوەیە داهاتووی دێموکراسی بۆ ناوچەکە لە دەرەوەی ئیسلامگەراییدایە. لە هەمان کاتدا، سیاسەت و دەستکەوتەکانی ڕۆژاوا لە دوای شەڕی کەنداوەوە سەرنجڕاکێش نەبوون. ئێستا ڕوونە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ساڵانی داهاتوو دەور و ڕۆڵی هەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر کورد ئێستا نوێنەرایەتیی شێوازێکی دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکات.

لە بەشی دووهەمی پانێلەکەدا، دوکتۆر ئالان حەسەنیان، مامۆستای خوێندنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەنستیتۆی توێژینەوەی عەرەبی و ئیسلامی لە زانکۆی ئێکزێتەری بریتانیا بابەتێکی لەژێر ناونیشانی “هەمەچەشنکردنی هەنگاوەکانی بەرگری و بەرەوپێشەوەبردنی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات” پێشکەش کرد.
بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە ساڵی ٢٠٢٢ ساڵی گۆڕانکاریی پێوەندیی دەوڵەت و کۆمەڵگە لە ئێراندا بوو و کوردستانیش پێشەنگی ڕووداوەکانی پەیوەست بەم گۆڕانکارییە بوو. ئەم پێشەنگییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەنگدانەوەی پاشخانی چالاکیی مەدەنیی کورد لە پێش و لە کاتی ئەو بزووتنەوە و ڕاپەڕینەدان کە وەک بزووتنەوە و ڕاپەڕینی ژینا قسەی لەسەر دەکرێ. لە پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە ١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢دا، بینیمان کە خۆڕاگریی بێ‌وێنە لە ئەنجامی بەرفراوانبوونی چالاکیی مەدەنیدا ڕووی دا کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەشەی سەند بوو. لە درێژەدا دوکتۆر حەسەنیان هەوڵی دا بەوردی ڕۆڵی ژنانی کورد لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و فرەڕەهەندی ڕۆژهەڵات و دینامیکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی- سیاسیی کوردستان بۆ دێموکراتیزەکردنی ئێران بخاتە ڕوو.

پانێلی دووهەمی سەمپۆزیۆمەکە بە پرسیار و وڵامی بەشداربووان و پانێلیستەکان، کاتژمێر حەوتی پاش نیوەڕۆ کۆتایی پێ هات.

بەشی کۆتایی:

لە بەشی کۆتاییی سەمپۆزیۆمەکەدا، سیاوەش محەممەدی وەکوو بەڕێوەبەری ناوەند سپاسی بەشداربووانی کرد و بەپوختی ئامانج و پلانی کاری سەمپۆزیۆمی بۆ بەشداربوون ڕوون کردەوە، هاوکات کۆتاییی کارەکانی سەمپۆزیۆمی بە دەستپێکی کار و چالاکییەکانی ناوەند زانی و، ئاماژەی بە پلانەکانی ناوەند لە داهاتوودا کرد و  کۆتایی سەمپۆزیۆمەکەی ڕاگەیاند.

ئاڵبوومی وێنە

زانکۆی بۆن لە وڵاتی ئاڵمان

سەمپۆزیۆمی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێراندا

لە زانکۆی بۆن، وڵاتی ئاڵمان

سەمپۆزیۆمی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێراندا

سمینار، کۆنفرانس، سەمپۆزیۆم، وۆرک شۆپ

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لەسەر یوتیووب

بۆ دیتنی ویدیۆی بەرنامە و بۆنەکانی ناوەند سەردانی کاناڵی یوتیووبی ناوەند بکەن

The second part of panel I: The Contested Public Space in Iran and Kurdistan:
Dr. Hiwa Alidoust, research associate at the University of Hildesheim

The first part of Panel I: Identity – Subjectivity in the Gurani literature

Presented by Dr. Behrooz Chamanara, Director of the International Institute for the Study of Kurdish Societies (IISKS)

Opening of the symposium

Ms. Vian Nesrat Alo and Ms. Lala Kaykhosrawi, member of the TISHK Center for Kurdistan Studies

Conclusion of the Symposium:

Siawash Mohammadi, Director of the TISHK Center for Kurdistan Studies

The second part of Panel II: Dr. Allan Hassaniyan, a senior lecturer specializing in Middle East Studies at the Institute of Arab and Islamic Studies (IAIS), University of Exeter, and a member of the Advisory Board of the TISHK Center

Prof. Dr. Said Shams, former head of the Department of Sociology at Soran University and member of the Advisory Board of the TISHK Center for Kurdistan Studies