گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
بەڵگەنامەکان شایەدی دەدەن: کورد- ژ. و. ستالین – کرێملین
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
باقرۆڤ، ئالێکسی (٢٠٢٥): بەڵگەنامەکان شایەدی دەدەن: کورد- ژ. و. ستالین – کرێملین. وەرگێڕان لە ڕووسیەوە: کامران ئەمین ئاوە. گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٤١٨–٤١٤. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
کورتە وتاری وەرگێڕ
لە ڕەزبەری 1324 هەتاوی، دوابەدوای هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان و شکستی کاتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی عێراق، مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ زۆرێک لە هێزە شەڕڤانەکانی ناچار بوون پاشەکشە بکەن و پەنا بۆ کوردستانی ئێران ببەن. لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤، بارزانی و هاوڕێکانی تا دوا ڕۆژانی کۆماری تازەپێگەیشتووی کوردستان لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا خزمەتیان کرد.
دوای چەند مانگێک لە هێرشی سوپای ئێران بۆ سەر ئازەربایجان و کوردستان کە بوو به هۆی ڕووخانی هەردوو حکوومەتی نیشتمانیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان لە سەرماوەزی ساڵی 1325، بارزانییەکان بەرەو کوردستانی عێراق وەڕێ کەوتن. مەلا مستەفا بارزانی، کە ئامادە نەبوو خۆی تەسلیمی ڕژێمی بەغدا بکات، لەگەڵ 500 کەس لە پێشمەرگەکانی، دوای مانەوەیەکی کورت لە ناوچەی بارزان، بۆ گەیشتن بە سنووری ڕووباری ئاراس ڕێگایەکی دووری بە درێژاییی سنوورەکانی عێراق و تورکیا و ئێران بڕی. ئەم ڕێپێوانە دوورودرێژە یەکێک لە عەمەلیاته هەرەحەماسییەکانی پێشمەرگەی کورد بە سەرکردایەتیی م. بارزانییە کە بوو به هۆی سەرسوڕمان و سەرسامیی تەنانەت دوژمنەکانیشیان. بارزانی پێش بەزاندنی سنوور، نوێنەرێکی ڕەوانەی خاکی سۆڤیەت کرد و لە ڕێگەی نامەیەکەوە کە ئاراستەی خودی ستالین کرابوو، داوای مۆڵەتی بەزاندنی سنووری یەکیەتیی سۆڤیەت و پەنابەریی لە وڵاتی «سۆڤیەت» کرد، بەڵام بەهۆی بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بریندار و نەخۆشەوە، هەروەها ماندووبوونی زۆربەی پێشمەرگەکان و مەترسیی هێرشی هێزە زەوی و ئاسمانییەکانی سوپای ئێران، بێ چاوەڕێ بوونی وڵامی موسکۆ، لە ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٢٦ سنووری ئازەربایجانی سۆڤیەتیان بەزاند. بارزانی و هاوڕێکانی کە بە دوای پەناگەیەکدا گەیشتبوونە خاکی یەکیەتیی سۆڤیەت، بەداخەوە وەک زۆرێک لە پەنابەرە شۆڕشگێڕەکانی وڵاتانی دیکە، لە «مەدینەی فازلەی زەحمەتکێشانی جیهان» تووشی گەلێک بێ مێهری و ئازار بوون.
لە وتارێکدا کە ئێستا لەبەردەستی خوێنەراندایە، ئالێکسی باقرۆڤ ئاماژەی بە دوو نامەی م. بارزانی و یەکێک لە وتارەکانی ستالین لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمیتە ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت (بالشویکەکان) لە نوامبری ساڵی ١٩٥٠، و بۆچوونی مامەڵەچییانەی ستالین و سەرکردەکانی سۆڤیەت سەبارەت بە پرسی کورد دەکات.
دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت، بەڵگەنامەیەکی زۆر سەبارەت بە بارزانییەکان و چارەنووسیان لە خاکی یەکیەتیی سۆڤیەتدا بڵاو کرانەوە، بەشێک لەو بەڵگەنامانە لەلایەن نەمر دوکتور ئەفراسیاب حەلیمی(هەورامی) (١٣٨٩-١٣٣٤) وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و لە کوردستانی عێراقدا چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
هیوادارم بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بەڵگەنامانە یارمەتیدەر بێ بۆ ناسینی ڕابردوو، بۆ ئەوەی وەچەی ئێستا و داهاتوو جارێکی تر ئەزموونی هەڵەی پێشینیانی خۆیان دووپات نەکەنەوە.
پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی- سیاسی و ئیداریی کورد لە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، هەمیشە لە لایەن زلهێزەکانەوە لە پێناوی بەرژەوەندییە ژئۆپۆلەتیکییەکانیان کەلکی لێ وەرگیراوە و، ئێستاش کەلکی لێ وەردەگیرێت. هەروەها ئێستا هەوڵدان بۆ دابەشکردنی نەتەوەی کورد لە ڕوانگەی جوغرافی و ئایینییەوە و بە هەمان شێوە به «لاڕێبردنی» هەوڵ لەپێناو چارەسەری تایبەتیی ئەم کێشەیە، به چەشنێکی بەرچاو لەزیادی داوە.
بەهۆی هۆکاری ئابووری و فاکتەرەکانی جوغرافیای سیاسی، دروستکردنی دەوڵەتی کوردی تا ئێستا لە قازانجی زلهێزەکان نەبووە. بەڵام هاوکات»پرسی کورد» لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئەورووپا لە سیاسەتەکانیان بەرانبەر تورکیا، عێراق و سوریا بەردەوام کەلکی لێ وەردەگیرێ.
بەم پێیه، کاتێک پێویستیی بە وەرگرتنی ئیمتیاز لە تورکیا هەیە، چەلاوچەل بارودۆخی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لە چوارچێوەی وتووێژی یەکیەتیی ئەورووپا و تورکیادا باس دەکرێت، بەڵام لەگەڵ وەدیهاتنی ئامانجەکانی «یەکیەتیی ئەورووپا»دا، پرسی کورد»بە شێوەیەکی» کاتی لەلایەن ئەوانەوە لەبیر دەکرێ…
ڕۆژاوا و ڕووسیا بە کردەوە لە گفتوگۆی گشتی سەبارەت بە پرسی کورد لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆدا خۆ دەپارێزن، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش، تەنانەت لەمڕۆشدا باسکردنی ئەو دۆزە لەژێر کاریگەریی هەندێک ڕەچاوکردنی تایبەتدایە. بەشێوەیەکی گشتی بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو «نیگەرانییانەی کە بەردەوام لە لایەن تورکیاوە سەبارەت بە ئەگەری بوونی جیاییخوازانی کورد لە ڕووسیا دەردەبڕدرێن، بەرزبوونی ڕادەی گرێدراویی ئابووری- سیاسیی فیدراسیۆنی ڕووسیا بە بەرژەوەندییەکانی تورکیاوە بووەتە هۆی وەلانانی پرسی کورد لە وتووێژەکانی ڕووسیا و تورکیادا”.
لەم پێوەندییەدا دەمەوێت ئەوەتان وەبیر بێنمەوە کە ئاواتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییی کورد به پشتیوانیی ڕاستەقینەی یەکیەتیی سۆڤیەت، لە جێی خۆیدا نەبوو. بێجگە لەوەش، زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە کە دانیشتووی یەکیەتیی سۆڤیەت بوون، لە ڕاستیدا لە وەزعییەتی دوورکراوە، دەرکراو و تەنانەت زیندانیشدا بوون.
لەگەڵ ئەوەش، زۆرێک لە سەرکردەکانی حیزبه کۆمۆنیستەکان چارەنووسێکی هاوشێوەیان بوو، بۆ نموونە م. ڕاکۆشی1 لە هەنگاریاوە، ن. زاخاریادیس2 لە یۆنانەوە، س. زاهیر3 لە پاکستانەوە، م. ب. ئەحمەد4 لە مالیزیاوە. لە یەکیەتیی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەتدا زۆرینە و بەتایبەتیش سەدان کۆچبەری کۆمۆنیست لە تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا، میسر، سودان، جەزائیر، مەغریب، چین، ئەندەنوزیا، بێرمه، مالیزیا و ئوردن به هۆی ڕێگربوونیان لە «دۆستایەتی»ی ناوبەناوی مۆسکۆ لەگەڵ ڕژێمە ناسیۆنالیستەکانی ئەو وڵاتانە لە دۆخێکی هاوشێوەدا بوون.5
ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە سیاسەتی دووڕوویی و هەلپەرستانەی یەکیەتیی کۆمارە سۆسیالیستییەکانی سۆڤیەتی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورددا دەسەلمێنن. پێویستە لەم بابەتە بگەین بۆ ئەوەی ئەم چەشنە وەهمە سەبارەت بە «ڕاستگۆیی» سیاسیی زلهێزەکان لە پرسی کورد لە دەرەوە [ی کوردستان] لە داهاتووشدا نەیەتە پێشەوە.
نامەی م. بارزانی بۆ ژ. و. ستالین، ١١ی ژوەنی ١٩٤٧
«هاوڕێ ستالینی ئازیز»
ئێوە دەزانن ئێمە لە عێراق بۆ ڕزگاریی کورد دژ به حکومەتی عێراق ڕاپەڕیوین. دوای ئەو ڕاپەڕینە، لە ساڵی ١٩٤٥، بە گەڕان بەدوای پەناگەیەک لە تەنیشت سوپای سۆڤیەتدا، چووینە ناو ئێرانەوە. بە هاتنمان بۆ ئەوێ، بەشداریمان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ئازادیی گەلانی ئازەربایجان و کورد کرد.
لە 10ی دسامبری ساڵی 1946 هێزە دێموکراتییەکانی ئێران لەژێر گوشاری هێزە کۆنەپەرەستەکاندا تەسلیم بوون، بەڵام ئێمە لە بەرخۆدان بەردەوام بووین. نەتەوەکانی تریش پەیوەست بوون بە ئێمە. ئەگەر بەگ و خانه کوردەکان لە ئێران هاوکاریی حکومەتی ئێرانیان نەکردایە، ئێمە پاشەکشەمان نەدەکرد، درێژەمان بە خەبات دەدا.
ئێستا بەهۆی هاوکاریی [لە دەقەکەدا نووسراوە «یارمەتی»] کۆنەپەرەستانەی تورکیا و عێراق لەگەڵ یەکتر، لە دۆخی لەناوچوونداین. [هەرچەندە] هێزێکی کەممان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی قوربانیدانی زۆرەوە، لە بەرانبەر فشاری کۆنەپەرەستەکاندا خۆڕاگر بووین. ئێمە لەژێر ڕۆشناییی ڕۆحی شۆڕشگێڕانەدا سەرکەوتین و هێزی خۆمان پاراست. ئێمە هیوامان بە کوردستانی عێراق بوو، بەڵام مشتێک کۆنەپەرەست خەیانەتیان پێ کردین. ئێمە شاهیدی یارمەتیی سوپای تورکیا بووین لە عێراق به کۆنەپەرستانی تورکیا و عێراق و ئەمەش ناچاری کردین بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە پێناوی خەباتی داهاتوودا بە شێوەیەکی کاتی خەباتمان بوەستێنین.
لەبەر ئەم هۆکارە بڕیارمان دا بەرەو سنووری سۆڤیەت وەڕێ کەوین، دوای شکاندنی گەمارۆی سوپای ئێران، چووینە ناو تورکیا و لەوێشەوە بەرەو سنووری سۆڤیەت وەڕێ کەوتین. لە ٢٠ ڕۆژدا گەیشتینە ئاراس. لە ماوەی ئەو ٢٠ ڕۆژەدا، کۆنەپەرستانی ئێران هەوڵیان دا ئێمە لەناو بەرن، بەڵام ئێمە بە شەڕی توند خۆمان گەیاندە سنووری سۆڤیەت.
ئێستا 500 شۆڕشگێڕی بارزانی لەسەر سنووری سۆڤیەت هەن. لەناو ئێمەدا بریندار و ماندوو زۆرن. وەک هەموو گەلە دیموکراتەکان کە پێویستییان بە ئازادییە، چاوەڕوانی هاوکاری لە هەڤاڵ ستالین دەکەین. ئێمە دەمانەوێت بێینه ناو خاکی سۆڤیەت، دەزانین حکومەتی سۆڤیەت دیموکراتترین حکومەتی کرێکاران و جووتیارانە. بەپێی ئەو بارودۆخەی کە هەمانە، تکاتان لێ دەکەین یارمەتیمان بدەن.
بژی هەڤاڵ ستالین و هەموو گەلی سۆڤیەت!»
[بەشێک لە] وتاری ژ. و. ستالینە لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت (بالشویکەکان)، نوامبری ١٩٥٠
ئەگەر شەڕڤانانی کورد دەتوانن لە عێراق و ئێران پێش بە ئینگلیز و ئەمریکییەکان بگرن، بەتایبەت لە بەرنامەی کۆنترۆڵکردنی نەوتی ئەو وڵاتانە لەلایەن ئەنگلۆساکسۆنەکانەوە، پێویستە گرنگی بەو بابەتە بدەین. تورکیاش لە کوردە پارتیزانەکان دەترسێ». خاڵێک کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێ، بەڵام زۆرێک لە کوردانی قەفقاز لە ئۆزبەکستان دەژین، دەتوانن پەیوەست به کوردانی گرووپەکەی بارزانی بن، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە مەترسی لە ئۆزبەکستان هەیە؟ دەبێت بڕیار بدەین: ئەگەر هەرێمێکی خودموختاری کورد لە ئۆزبەکستان دروست بێ، ئەی کوردانی بارزانی و خودی بارزانی چ شوێن و پێگەیەکی تێدا دەبێت؟ ئایا [ئەوان] دەبێ لە ئۆزبەکستانەوە بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر؟، پێویسته هەموو ئەمانە وەکو کۆیەک چارەسەر بکەین.
[بەشێک لە] داخوازیی م. بارزانی بۆ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت. ن. محێدینئۆف6 و ب. پاناماریڤ7، ژانویەی ١٩٥٨
«من ژن و منداڵ و برا و خزمەکانی دیکەم لە عێراق بەجێ هێشت. تەنانەت لەم ١١ ساڵەدا (نیشتەجێبوونم لە یەکیەتیی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤیەتی. ئە.ب.)، هیچ زانیارییەکم لە بوونیان نییە. من بەدوای ڕاستی و ئازادییەوە بووم. من بۆ یارمەتیدانی گەلەکەم هاتوومەتە وڵاتی ئێوە، من بۆخۆم پێویستیم بە هیچ شتێک نییە. ئێستا، من جارێکی دیکە داوای یارمەتی لە حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت و حکومەتی سۆڤیەت دەکەم بۆ ڕزگاربوونمان لە کۆت و بەندەکانی کۆلۆنیالیزم. من ئامادەم یەکیەتیی سۆڤیەت بەجێ بهێڵم و ئامادەم بچمە هەر وڵاتێکی دیکه بۆ درێژەدان بە خەبات. ئەگەر جارێکی تر به داخوازییەکەم ڕانەگەن، ئامادەم بمرم. لێرەدا، بە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت ڕادەگەیەنم، مان لە خواردن دەگرم، چونکە زیاد لەوە ناتوانم هیچی تر بکەم»
پەراوێزەکان
١. ماتياش ڕاکۆشی(١٩٧١ – ١٨٩٢)
٢. نيکۆس زاخارياديس(١٩٧٣-١٩٠٣)
٣. سجاد ظهير(١٩٧٣-١٩٠٤)
٤. م. ب. ئەحمەد، وێدەچێ مەبەست بوستامان ئەحمەد (١٩٨٣ – ١٩٢٠) بێ.
٥. بۆ ئاگاداریی زۆرتر لە چارەنووسی م. ڕاکۆشی و نیکۆس زاخاریادیس بڕوانه: قربانيان سرکوب خروشچف:
https://fa.topwar.ru/103997-zhertvy-hruschevskih-repressiy.html
هەروەها: مورد نيکوس خشمگين.
https://fa.topwar.ru/33685-delo-neistovogo-nikosa-byvshiy-gensek-kompartii-grecii-zhil-v-sssr-s-pasportom-na-imya-nikolaya-nikolaeva.html
٦. محيدينئۆڤ، نوريتدين ئەکرامۆويچ (٢٠٠٨-١٩١٧)
Нуритди́н Акра́мович Мухитди́нов(Nuritdin Akramovich Mukhitdinov)
کەسایەتییەکی دیاری دەوڵەتی و حیزبی لە یەکیەتیی سۆڤیەت، دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت، نوێنەری شوورای باڵای یەکیەتیی سۆڤیەت و سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئۆزبەکستان (١٩٥٧-١٩٦١). یەکێک لە بەرپرسانی حیزبی کۆمۆنیست لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری کۆمارەکانی سۆڤیەت و وڵاتانی بیانی لە ئاسیا بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ١٩٧٧ باڵوێزی سۆڤیەت بووە لە سوریا.
٧. پاناماريڤ، بۆريس نيکۆلايوويچ(١٩٩٥-١٩٠٥)
Пономарев Борис Николаевич (Boris Nikolayevich Ponomarev)
بەرێوەبەری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەتی سۆسیالیستی و کاندیدی ئەندامێتی لە دەفتەری سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت، جێگری یەکەمی بەرپرسی لقی پێوەندییەکانی دەرەوە؛ کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوە؛ کۆمیسیۆن و پاشان لقی پێوەندی لەگەڵ پارتە کۆمۆنیستییە دەرەکییەکانی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەت (بالشویکەکان) بوو. لە ساڵی ١٩٥٥ تا ١٩٥٧ سەرۆکایەتیی لقی پێوەندی لەگەڵ پارتە کۆمۆنیستەکانی دەرەوە لە وڵاتانی سەرمایەداری و هەروەها پارتە چەپەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەمی کردووە.
سەرچاوەی سەرەکی وتار بە زمانی ڕووسی
*Свидетельствуют документы: Курды – И.В.Сталин – Кремль
http://www.kurdishcenter.ru/index.php?option=com_content&view=article&id=6756;2013-01-25-12-14-02&catid=94;2012-02-08-17-21-51