گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
خەباتی ژنانی کورد لە ئێران: خەبات بۆ داگیرکردنەوەی پانتای گشتی
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
حاجی ئاقایی، ئازاد و وێندێڵموێت هامەلینگ (٢٠٢٥): خەباتی ژنانی کورد لە ئێران: خەبات بۆ داگیرکردنەوەی پانتای گشتی. وەرگێڕان: گەلاوێژ سۆفی. گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٤١٣–٣٩٢. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
پێشەکی
لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ئێران و کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات) کە١ پاش کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن٢ پۆلیسی ئیرشادی٢ ئێرانەوە لە تاران ڕوویان دا، وێنە و گرتەی ڤیدیۆییی ژنانی کورد بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە٣، زۆربەیان بێحیجاب، لەناو مزگەوتەکاندا بڵاو کرایەوە. ئەمە بانگەوازی خەڵکی دەکرد بۆ ڕێپێوان و ناڕەزایەتی. ئەم ڕووداوانە چەندین جار لە مزگەوتەکانی شارە سوننەنشینە کوردییەکاندا دووبارە بوونەوە و خەڵکیان خستە بیری ئەو ژنانەی کە لە ساڵی ١٩٧٩ هەمان کاریان ئەنجام دا. ئەو دیمەنانەی بڵاو کرانەوە، لەلایەکەوە خەباتی ژنانی کورد بۆ داگیرکردنەوەی کایەی گشتی و گێڕانی ڕۆڵێکی چالاک تێیدا نیشان دەدا، و لەلایەکی ترەوە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سنووردانانی ئایینی و پیاوسالارانەیە کە جاروبار مزگەوت نوێنەرایەتییان دەکات. خەباتی ژنان بۆ یەکسانی، هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانەوەی فەزای گشتی، ناتوانرێت جیا لە مێژووی کورد و بەرخۆدانی ژنانی دیکە لە سەدەی ڕابردوودا ببینرێت. لە ماوەی ڕابردوودا و بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ئێران (١٩٧٩) و شەڕە ناوخۆیییەکانی کوردستاندا (١٩٨٠-١٩٨٨)،(کە هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی ئێران-عێراق)، ژنانی کورد بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایی و بەرهەڵستی خۆیان دەربڕیوە. سەرەڕای ئەوەش، بەردەوامبوونی توندوتیژی و تێهەڵچوون و تێکەڵبوونی خەباتی ژنان لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی و چینایەتیدا، لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی بەرتەسک کردنەوە و ناڕوونیی ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی دژە-کایەی گشتی کە ژیانێکی دیموکراسی دەهێنێتە ئاراوە.
کورد بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەش کراوە، بە سیستمی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبرێت و لە ڕووی کولتووری و سیاسی و زمانەوانییەوە پەرتەوازە بووە. کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات) دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاویی سەخت لە باشووری ڕۆژهەڵاتی چیای ئارارات و چیاکانی زاگرۆس لە باکوری ڕۆژاوای ئێران. وەک سێیەم گرووپی گەورەی ئیتنیکی سیاسی لە ئێران، دوای فارس و ئازەری/تورک (Eliassi 2021)، نزیکەی حەوت ملیۆن کورد لە ئێراندا هەن، کە نزیکەی ١٠%ی کۆی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن (Stansfield 2014, 60)، لە پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کوردستان(سنە) بڵاو بوونەتەوە (Phillips 2015, 85). ئەمانە تەنیا خەمڵاندنن، چونکە دەوڵەتی ئێران ڕێگە بە سەرژمێریی کەمینە ئیتنیکییەکان یان سوننەکان نادات (Kian 2023, 8). کوردانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کوردستان (سنە) زۆربەی سوننەن. کوردانی پارێزگای ئیلام و خۆراسانی باکوور، شیعە و سوننە و یارسان/ئەهلی حەقن.٤ نیوەی کورد لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و خۆراسانی باکوور بە شێوەزاری کرمانجی دەدوێن، لە کاتێکدا کوردانی پارێزگای کوردستان، چەند بەشێکی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا بە شێوەزاری سۆرانی دەدوێن. ئەم دابەشبوونانە واتای سیاسیی گرنگیان هەیە؛ لە شۆڕشی ١٩٧٩وە کوردە شیعەکان زۆرجار شوێنی ئەو ڕژێمە کەوتوون، لە کاتێکدا کوردە سوننەکان لە کاتی شۆڕشدا سەر بە گرووپە چەپ و کۆمۆنیستەکان بوون، و دواتر ڕەوتێکی زیاتر نەتەوەییی کوردیان گرتەبەر و پەیوەندیی کەمتریان بە گرووپە چەپەکانی ناوەندی ئێرانەوە هەبوو. ئەمەش وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ پێگەی پەراوێزخراوی کورد لە ئێران. ‘زۆرێک لە پۆستە ئەمنی و ئیدارییە باڵاکانی کوردستانی ئێران لەلایەن کەسانی غەیرە کوردەوە بەڕێوە دەبرێن. ئەمە ناوچەیەکە وەک ئەوەی والبی بە تیۆریی “نایەکسانیی ئاڵۆز و یەکتربڕ” پێناسەی کردووە (Shakiba, Ghaderzadeh, and Moghadam 2021, 623). ئەم توێژینەوەیە ، بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی کۆمەڵایەتی-سیاسیی کورد و جیاوازییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ئێران، لێکۆڵینەوە لە خەباتی ژنانی کورد لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ تا ساڵی ٢٠٢٢ دەکات. بە تیشک خستنەسەر چالاکی و ژیانی کۆمەڵایەتی و زۆرێک لە پابەندبوونە کەسییەکانیان، ئەم پرسیارانەی خوارەوە دەکەین: چی وای کرد ژنانی کورد دژی پەراوێزخستنیان لەلایەن دەوڵەتی ئایینیی ناوەندی و دەسەڵاتە خۆجێییەکان ڕاوەستن؟ چ تاکتیک و ستراتیژییەکیان بەکار هێنا بۆ خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوونیان؟ ئێمە پێمان وایە کە بزاڤی ژنانی کورد دژی دەسەڵاتی ئایینیی ناوەندگەرایی و کۆمەڵگای نەریتیی کوردی ڕادەوەستن و فەزایەکی گشتیی نوێ دروست دەکەن کە دەتوانێت دیموکراسی پەرە پێ بدات و یەکسانیی جێندەری لە ڕۆژهەڵات و ئێران باشتر بکات. بە پێشکەشکردنی نموونەی مێژوویی ئەوانەی کە لە خەباتدا بوون دژ بە دەوڵەت و پێکهاتە پیاوسالارییەکانی دیکە، کە مافیان زەوت دەکەن و دەیانچەوسێننەوە و دووریان دەخەنەوە، دەڵێین کە دژە-کایەی گشتیی ژنانی کورد لە ناوەندە دژەکانیاندا بوونەتە شوێنی گفتوگۆ و ڕەخنەگرتن و بەرخۆدان کە ئاڵۆزی و جیاوازی خستووەتە نێوان ناوەندە دژە-گشتییەکانی ژنانی ئێران، سیاسەتی ناوەندگەرایی ئایینیی دەوڵەت و پارتە سیاسییە کوردییەکان. بە لەبەرچاوگرتنی چەمکی جوگرافیای سیاسیی فێمنیستی (Dixon 2016, 1)، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە مشتومڕەکانی ئەم نووسینەدا بەکار هاتووە و جەخت لەسەر ئەو دۆخە سیاسی، ژینگەیی، کولتووری و کۆمەڵایەتییانە دەکاتەوە کە جیۆپۆلەتیک لە قاڵبی داون، لە هەمان کاتدا تیشک دەخاتە سەر بەریەککەوتنی خەباتی ژنان و جیاوازییەکانی هۆشیاریی مێیینە کە لە ئەنجامی فاکتەرە جوگرافییەکانەوە سەرهەڵدەدەن.
لەم توێژینەوەیەدا، چاوپێکەوتنی درێژخایەن لەگەڵ ١٤ ژنە چالاکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵات/ئێران و ڕەوەندی کوردی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣، بە زمانەکانی کوردیی سۆرانی و ئینگلیزی ئەنجام دراون. شەش کەس لەوان تا ئێستا لەوێ دەژین و هەشت کەسیان کۆچیان کردووە بۆ کوردستانی عێراق یان ئەورووپا. ئەم چالاکانە لە نێوان ساڵانی ١٩٥٣ بۆ ١٩٨٥ لەدایک بوون و نوێنەری سێ نەوەی ژنانی کورد دەکەن کە لە دامەزراندن و بەردەوامیی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ئێراندا چالاک بوون. بۆیە ڕژێم ئەوان وەک ‘توخمە نەخوازراوەکان’ دەبینێت، و زۆربەیان مێژوویەکیان هەیە لە دەستگیرکردن و تۆقاندن لەلایەن ئیتلاعاتەوە (دەزگای هەواڵگریی ئێران) یان هەڵهاتوون بۆ دەرەوەی وڵات. نەوەی یەکەم خەباتی چەکداری کرد، نەوەی دووەم لە ماوەی قۆناغی چاکسازیدا چالاک بوون، لە کاتێکدا نەوەی هەرەگەنج هەندێکیان لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا دەستگیر کران. ئەوان بۆچوونی سیاسیی جۆراوجۆریان هەیە، هەڵویستی ڕەخنەگرانەیان سەبارەت بە پارتە کوردییەکان و بانگەشەی دووپاتکردنەوەی پۆشینی حیجاب وەک ڕەمزی ئایینی و سیاسی هەیە. هەندێکیان ئێستا یان لە کاتێکی دیاریکراودا پەیوەندییان بە پ.ک.ک٥، کۆمەڵە، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، یان پارتی کۆمۆنیستی ئێرانەوە هەبووە. بەهۆی هەستیاریی دۆخی سیاسییەوە، زۆربەی بەشداربووانی چاوپێکەوتنەکان ناویان نەهێنراوە. سەرچاوەکانی دیکەی ئەم نووسینە، چاوپێکەوتنی ئۆنلاین و ئەو بەڵگەنامانەن کە لەلایەن کۆمەڵەی ژنانی کورد بڵاو کراونەتەوە.
دژە-کایەی گشتیی ژنانی کورد و دەنگدانەوەی سیاسی
چەمکی کایەی گشتی لە ساڵانی ١٩٩٠دا گرنگییەکی زۆری پەیدا کرد، بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی کتێبی گۆڕانی پێکهاتەییی کایەی گشتی (١٠٨٩[٩٦٢]) یورگن هابرماس، کە گێرانەوەیەکی مێژووییی گشتی لە ڕۆڵی چاپەمەنی لە دروستکردنی ‘جیهانی خوێنەران’ یان ‘گشتی’ پێشکەش دەکات. هەرچەندە هابرماس جەختی لە کراوەییی کایەی گشتی بە ڕووی هەموو هاوڵاتییاندا کردووەتەوە، بەڵام کارەکەی ڕەخنەی لێ گیراوە لەبەر سروشتی دوورخستنەوەی چەمکەکەی (Salvatore 2007)، بەوەی کە سنووری ئاشکرای دادەنا لەنێوان کایەی گشتی و تایبەت، هەروەها کایەی ئابووری/کار و سیاسی و کایەی ئینتیمادا (Craig 1996). ڕەخنەکانی دیکە بۆ ناتەواویی جێبەجێکردنی ئەم چەمکە بەسەر واقیعی فرە کولتووری، جێندەری و چینایەتیدا (Benhabib 1997; Fraser 1990; Negt and Kluge 1993) درێژ دەبنەوە، هەروەها ناکارامەیی لە ڕەخنەگرتن لە سنووردارییەکانی دیموکراسیی هەنووکەیی (Fraser 1990, 2). لەبەر ئەمە، پێویستی بۆ پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتن لە چەمکی سەرەکیی هابرماس لە کۆمەڵگە نادیموکراتەکان، بە بەکارهێنانی ‘وشەسازیی بەدیل’ (Squires 2002) بۆ چەندین کایەی گشتی، بووەتە هۆی سەرنجدانێکی زیاتر لە شوناسی گرووپە پەراوێزخراوەکان.
بیرمەندانی وەک فیلسکی (١٩٨٩)، فریزەر (١٩٩٠)، وارنەر (٢٠٠٢) و فێرگۆسن (٢٠١٠)، ئاماژە بە هەبوونی چەندین دژە-کایەی گشتی لە یەک کاتدا دەکات بە پلەی یەکەم لە گرووپە ‘ژێردەستەکان’ یان ‘پەراوێزخراوەکان’ پێک هاتوون. لەناو ئەم کایانەدا، تاکەکانی گرووپە جۆراوجۆرە ژێردەستەکان بەشداری لە دروستکرن و بڵاوکردنەوەی دژە گوتاری دەکەن، کە ئەمەش ئاسانکاری دەکات لە خستنەڕووی لێکدانەوەی بەدیل بۆ شوناس و بەرژەوەندی و پێداویستییەکانیان. توێژەرانی دژە کایەی گشتی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە کەسانی ناسپیپێست، ژن، هاوڕەگەزخواز، کەمینە ئایینییەکان و گرووپە کۆچەرەکان کایەی دژە گشتیی هاوبەشیان دروست کردووە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر سیاسەتی هەڵاواردنی کایە گشتییە زاڵەکان و دەوڵەت (Squires 2002). ئەم فەزایانە، وەک فۆست (٢٠١٧، ٣) وەسفی دەکات، نوێنەرایەتیی داواکارییە بەدیلەکان و پێوەرەکان لە گفتوگۆی گشتیدا دەکەن، یارمەتیی دروستبوونی لێکدانەوەی بەرهەڵستکارییانەی شوناس و بەرژەوەندی و پێداویستییەکان دەدەن.
تێڕوانینی هابرماس بۆ زمان وەک تاکە فۆڕمی دەربڕین، و داگیرکردنی کایەی گشتی لەلایەن پیاوانی سپیپێست و بۆرژوازی و هتێریۆنۆرماتیڤی، کایەی گشتییان وەک شێوازێکی بەڕواڵەت “بێلایەن” لە فەزای کۆمەڵایەتی –سیاسی داڕشتووە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەزموونی ژیانی زۆرێک لە ژنانەوە نییە (Craig 1996, 2; Landes 1992). بەگوێرەی پوختەکردنەوەی مێژوویی پێداچوونەوەگەرا کە بەتوندی گوتاری هابرماس بە ئایدیالی دادەنێت، فرەیزەر بانگەشەی ئەوە دەکات کە ژنان لە هەموو چین و نەتەوەکان بەهۆی پێگەی جێندەریی سەپێنراو لە بەشداریی سیاسیی فەرمی بێبەش کراون، لە کاتێکدا پیاوانی هەژار بەهۆی مەرجەکانی خاوەندارێتی بەشێوەیەکی فەرمی دوور خراونەتەوە (Fraser 1990, 63). بەم جۆرە فرەیزەر پێشنیار دەکات کە هەرگیز کایەی گشتیی یەکگرتوو و تەواو بوونی نەبووە، بەڵکو کایەی گشتی هەمیشە لە کۆمەڵە پارچە و بەشی جیاواز، ناکۆک و دژ بەیەک پێک هاتووە. ئەو چەمکی دژە-گشتیی ژێردەستە دەهێنێتە ئاراوە، کە بەرهەمهێنەری لێکدانەوەی دژە هەژموونە بۆ شوناس و بەرژەوەندی و پێداویستیی ژێردەستەکان. فیلسکی (١٩٨٩، ١٦٦)بە پێداگری لەسەر بزووتنەوەی ژنان وەک باشترین نموونەی دژە-کایەی گشتیی فێمینستی، پێی وایە ئەزموونەکانی هەڵاواردن و ژێردەستەیی مۆتیڤی گرنگ بۆ سەرهەڵدانی شوناسی دژە هەژموونی خودئاگان.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەکوسیک (٢٠٢٣، ٣٧٤) ئاماژە بەوە دەکات کە “دژە-گشتییە فێمینستەکان لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا بە هیچ شێوەیەک نۆڕم نەبوون”. سەرەڕای ئەوەش، لە وڵاتانی جیاوازدا، ژنان دژە-کایەی گشتیی پچڕپچڕ لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە بوارەکانی وەک ڕۆژنامەگەری و هونەری شەقام و سۆشیال میدیا دروست دەکەن. بەرمەبنای کارەکانی فریزەر و هۆنیت (٢٠٠٣)، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ چالاکیی ژنانی کورد دەکەین کە ڕیشەی لە دژە گشتییەکاندا هەیە، بەتایبەتی هەوڵی سنووردار بۆ پراکتیزەکردنی ئەم چەمکە و بەکارهێنانی بەشدارییە زانستییەکانی فرەیزەر بۆ حاڵەتی تایبەتیی چالاکیی ژنانی کورد لەناو دۆخی تیۆکراتیک و نادیموکراتی ئێراندا. لە کاتێکدا ژنان لە ئێران ڕووبەڕووی سنووردارییە گشتییەکان دەبنەوە کە سەرچاوەیان لە کەمیی ئازادیی بنەڕەتیدایە، ژنانی کورد زیاتر لەوەش، لەگەڵ سنووردارییە قووڵترەکانی پەیوەندیدار بە ئیتنیک و جیاکاریی جێندەری و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی دەجەنگن. لە کۆمەڵگە چینایەتییەکاندا کە سیستەمە سیاسیەکانیان نادیموکراتین، هەوڵەکانی دروستکردنی گشتییە جێگرەوەکان یان بەدەستهێنانەوەی کایەی گشتی زۆرجار ڕووبەڕووی بەربەستی دامەزراوەییی بنەڕەتی دەبنەوە کە پەیوەندییەکی دیالێکتی لەنێوان گرووپە کۆمەڵایەتییە نایەکسانەکاندا دروست دەکات، کە لە پەیوەندییە پێکهاتەیییەکانی باڵادەستی و ژێردەستەییدا بوونیان هەیە (Fraser 2016, 48). ئەم دیالێکتە توانای ئازادیخوازییان زیاد دەکات، چونکە ڕێگە بە دژە گشتییە ژێردەستەکان دەدات تا ڕادەیەک قەرەبووی ئەو ئیمتیازاتانە بکەنەوە کە ئەندامانی گرووپە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکان لێی بەهرەمەند بوون (Fraser 1997, 87). لەبەرئەوە، فرەیزەر پێداگری لەسەر فەزای پاشەکشە و ڕێکخستنەوە و مەیدانی مەشقی ئەو چالاکییە دۆخییانە دەکات کە ئامادەبووانی گشتیی فەرمی تێیدا زاڵن.
لە ئێراندا، فەرمیترین کایەی گشتیی دەسەڵات و بەرپرسان لە سەردەمی چاکسازییەوە (٩٩٧-٢٠٠٥) لەلایەن جەماوەری دژە کایەی گشتیی ڕیفۆرمخوازەوە کێبڕکێی لەسەر بووە و ژنانی ئەم گرووپە ڕیفۆرمخوازە، خۆیان بە فێمینستی ئیسلامی دەزانن و بەم جۆرەش هێشتا خۆیان بە باوەڕدار دەزانن. بەڵام زۆرینەی ژنانی کورد خۆیان بە عەلمانی دەزانن و بەم جۆرە دژە گشتییەکی پارچەپارچە و پەرتەوازە و دوورتر لە ناوەند لە ژنانی ڕیفۆرمخواز پێک دەهێنن. لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکی فێمینستی و کاریگەری لەسەر پێکهێنانی کایەی (دژە) گشتیی جیاواز، پێکەوەبەستنی فرەسیستمی سەرکوتکاری، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات، بە پێوەری جیاواز دەبینرێت (Massey 1994). ئەم پێوەرانە ئاستی جەستەیی، ماڵی، ناوخۆیی، و نیشتمانی لەخۆ دەگرن. ئەم پێکەوەبەستنە بەشێوەیەکی بەرجەستە لە واقیعی ماددیی ژیانی ڕۆژانەی خەلکی ئاساییدا دەردەکەوێت (Bayat 2010).
بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی چینایەتیی سیستەمی سیاسیی ئێران کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی ئایینیی مەرکەزی (Moghissi 1996, 57; Mohammadi 2007; Iran 2022 Human Rights Report)، جیاکاریی جێندەری (Rostami-Povey 2012, 27; Shahidian 2002)، جیاکاریی نەژادی (FIDH 2010) دامەزراوە، دروستبوونی دژە کایەی گشتی بۆ ژنانی کورد گرنگییەکی دوو لایەنەی هەیە. لە کاتێکدا ژنانی کورد لەگەڵ هاوتاکانیاندا لە سەرانسەری ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیاتەکان هاوبەشن، بەڵام پێگەی ناوازەیان لە کوردستاندا نەریتێکی خۆڕاگری و داخوازیی تایبەت بەدی دەهێنێت کە لە چوارچێوەی خەباتی فراوانتر بۆ مافەکانی ژنان جیایان دەکاتەوە. وەک لەم دوایییانەدا لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢دا بە دروشمی کوردیی “ژن، ژیان، ئازادی” بینیمان. بەرخۆدانی ڕۆژانە و بەردەوامیی ژنان لەم ساڵانەدا هەندێک جار فۆڕمێکی فراوانتری لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییە کاریگەرەکاندا وەرگرتووە.
لەبەر ڕۆشناییی ئەوەی ئاماژەمان پێ کرد، ئێمە لەم نووسینەدا دەستەواژەی “دژە گشتی’ بەکار دەهێنین بۆ ئاماژەکردن بەو گرووپە بەرفراوانانەی ژنانی کورد کە لەلایەن ژنانەوە لە وەڵامی ستەم و وەدەرنان و نایەکسانیدا پێک هێنراون؛ لەوانە کۆمەڵەی گەورە و بچووک، فەرمی و نافەرمی، هەڵمەت لە شوێنە گشتییەکان، گۆڤار و ڕێکخراوە ناحكومییەکان، و ئەو بۆنە و دەسپێشخەرییانەی کە بەشێوەی ئۆنلاین و ئۆفلاین ئەنجام دەدرێن. ئەم دژە گشتییانە پێیان دەوترێت ‘دژ’، چونکە بەرەنگاریی پەراوێزخستن، نایەکسانی، قازانج و مافی نادادپەروەرانە دەبنەوە کە گرووپە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکان (خەڵکی گشتی) لێی بەهرەمەند بوون. پێی دەوترێت “گشتی” چونکە ئەندامەکانی دەتوانن خۆیان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەیەکی گەورەتر ببینن (Ghoreishi 2021, 47).
پێگەی ژنان لە ئێران پاش شۆڕشی ١٩٧٩
ڕەگ و ڕیشەی فیکریی شۆڕشی ئێران دەکرێ وەک تێکەڵەیەک لە ئیسلامگەرایی و خوێندنەوەیەکی تایبەت بۆ مارکسیزم ببینرێت، کە لە بیری ڕۆشنبیرانی وەک جەلال ئالی ئەحمەد و عەلی شەریعەتیدا بەرجەستە دەبوو (Mirsepassi 2003, 96-127) و هەموو بەشداربووانی شۆڕش بەشێوەیەکی یەکسان لەسەری هاوڕا نەبوون. بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا، پیاوان و ژنان لە هەموو چین و توێژەکان- چ ئایینی،عەلمانی، کەمینەی نەتەوەیی یان چینی ناوەڕاست و خوارەوە- پاڵپشتی و بەشداریی شۆڕشیان کرد. لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕشدا، گرووپێکی ئیسلامگەرا بانگەشەی “تاکڕەهەندی بۆ دەستکەوتەکانی شۆڕش دەکرد” لە ڕێگەی “ڕەتکردنەوەی بەشداریی هێزە شۆڕشگێڕەکانی دیکە” (Azimin2008, 358). لە سەروبەندی ٨ی ئازاری ١٩٧٩دا، ڕێبەری حکومەتی ئیسلامی پێداگری لەسەر پەیڕەوکردنی فێرکارییە ئیسلامییەکان کرد، و ڕاستەوخۆ ڕەخنەی لەو ژنانە گرت کە ڕەچاوی حیجاب ناکەن (Kayhan Daily News 1978, 3; Sahidian 2002, 99). خومەینی بۆ چەسپاندنی سیمای ئیسلامیی نیشتمانی دوای شۆڕش لە بەرانبەر ڕکابەرە کۆمۆنیست و لیبڕاڵەکان بۆ دەسەڵات، بانگەشەی دەسەڵاتی ئایینی بەسەر سیاسەتی جێندەری و جەستەی ژناندا دەکرد (Mottahedeh 2019, 71). لەو کاتەوە، حیجاب بووەتە ڕەمزێکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی، و بەناوەندگەراییکردنی دەسەڵاتیش گرنگییەکی ئایینی- سیاسی پێ بەخشی (Keddie 2000, 410). ژنان بە سازدانی خۆپیشاندانی گشتی دژی حیجابی ناچاری لە تاران و شارەکانی ڕۆژهەڵات وەڵامیان دایەوە. ڕۆژی ٨ی مارسی ١٩٨٠، ساڵێک دوای شۆڕش، وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی شۆڕشدا، چونکە “ژنان نەک هەر بابەتی یەکەمین ململانێی سیاسیی دوای شۆڕش بوون، بگرە یەکەمین تەحەددای بەهێزیان خستە بەردەم دەسەڵاتی خومەینی (Ghobadi 2015, 168) بە دەستپێکردنی یەکەم بەرهەڵستکاری ڕادیکاڵی دژی ڕێبەریی شۆڕش” (Moghissi 1996, 141). کاتێک کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و جەستەیان بوو بە لایەنێکی سەرەکی و سیمبولێکی گرنگی حکومڕانیی ئێران، لەو کاتەوە بەرخۆدانی ژنانیش لە بەرانبەر دەسەڵاتی پیاوسالاری و ڕژێم گرنگییەکی مەرکەزی پەیدا کرد. قۆناغی چەسپاندن دوای شۆڕش (١٩٩٨٠-١٩٨٨) بە هەژموونی گوتاری ئیسلامی تایبەتمەند بوو، هاوکات بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی ئێران-عێراق و شەڕی بەردەوامی ئێرانییەکان لەگەل ئۆپۆزسیۆنی کورد لە ڕۆژهەڵات (Hamza 2020, 214-18). بەڵێنەکانی ڕابەرانی شۆڕش، کە ڕیشەیان لە بنەماکانی دادپەروەریی ئابووری و دووبارە دابەشکردنەوەدا بوو، دەنگدانەوەی هەبوو لەگەڵ پیاوان و ژنانی چینی کرێکاری ئایینی کە بەشە کەمدەرامەتەکانی دەوڵەتی نوێیان پێک دەهێنا (Bayat 1997; Salahi-Isfahani 2017). ئەم قۆناغە، بەردەوامیی سەرکوتی سیاسی و پەرەپێدانی فەزایەکی هاوچەشنی کۆمەڵایەتی-سیاسی بەخۆوە بینی. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، لەناویاندا پارتە کوردییەکان، خەریکی مشتومڕ بوون سەبارەت بە دۆخی داهاتووی کۆمەڵایەتی و سیاسی. هەندێک لە پرسە سەرەکییەکان بریتی بوون لە سروشتی ڕژێـمی نوێ؛ کاریگەریی پۆپۆلیزمی ئیسلامی لە بەسیجکردنی پشتگیریی خەڵک و هەڵە و دەرفەتە لەدەستچووەکان لە بواری مافی ژنان و دیموکراسی؛ دژواری و ناڕوونیی هەڵبژاردن و نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو (Mirsepassi 2003, 169).
پاش کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران-عێراق، کە پێش دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی سەقامگیرکردنی ڕژێم لە دەیەی ١٩٩٠ دا بوو، جیاکاریی جێندەری، وەک جۆرێک لە دابەشبوونی فەزایی، بووە بنەمایەکی دیاریکەری حوکمڕانیی ئێران. حیجاب جەستەی مێیینەی بە سووژە کرد، کە وەک گەڕاندنەوەی بۆ “ژیانێکی پەردەپۆشکراو، وەک مروارییەک لە قاوغەکەیدا” وەسف کراوە (Shahrokni 2020, 1). جیاکردنەوەی جێندەر لە فەزای گشتی (Vakil 2011) و لادانی ژنان لە پۆستی دادوەری (Kar 2001, 179) دەرەنجامە سەرەتایییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە بوون. یاسا نوێیەکان کە پشت بە لێکدانەوە پیاوسالارییەکان بۆ دەقە ئایینی و نەریتییەکان دەبەستن، پەیوەندیی هێز لەنێوان جێندەرەکاندا ڕێک دەخەن. لە مردنی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٨ تا بزووتنەوەی چاکسازی لە ساڵی ١٩٩٥، لێکدانەوەی یاسای شەریعەت ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ (Jahanpour 2007) بووەوە کە لە سێ پێشهاتەوە سەرچاوەی گرتووە: فراوانبوونی کەلێنی نێوان دەوڵەت و دامەزراوە ئایینییە سەربەخۆکان، خستنە ژێر پرسیاری شەرعییەتی ئایینیی دەوڵەت ( واتا شەرعییەت نەدان بەو یاسایانەی بنچینەیان ئیسلامە) و بێتواناییی حکومەت لە سەپاندنی یاسای توندی شەریعەت (Pardgoo 2021, 97). هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمە بریتیی بوون لە شێوازی جیاواز و هەڕەمەکیی گوتاری بەئیسلامیزەکردن، مشتومڕە سیاسییەکان، داواکارییەکانی کۆمەڵگای ئێران دوای شەڕ؛ زیادبوونی ژمارەی خوێندکاران؛ و کێشمەکێشی دەسەڵات لە نێوان گرووپە جیاوازە (بناژۆخواز و ڕیفۆرمخوازە) ئیسلامییەکان.
لە قۆناغی چوارەم (١٩٩٧-٢٠٠٥)، فەزای سیاسی کرانەوەی بەخۆیەوە بینی و هەندێک ناکۆکیی کرداری و تیۆلۆژی لەنێوان بەرپرسان و پیاوانی ئایینی سەریان هەڵدا و دەرفەتێکیان بۆ ژنان ڕەخساند تا زیاتر لە کایەی گشتیدا دەربکەون، تەنانەت ئەگەر ناکۆکییە بنچینەیییەکانی ڕژێمی ئیسلامی هەروا بەردەوام بن، دەبنە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا (Gheytanchi 2001). لە ماوەی دوو دەیەی دواتردا، ژنان چالاکانە بەرهەڵستی ئایین و سیاسەتەکانی دەوڵەتیان کرد لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کار، وەرزش، خوێندن، هونەر، ئەدەب و سیاسەت. بەیات (٢٠١٠، ٨٧) دەڵێت کە ئەوان دینامیکییەتی جێندەرییان گۆڕی لە ڕێگەی بەهیزکردنی خۆیان لە ڕووی خوێندن و کارکردن و بەربەرەکانێی یاسای نوێی خێزانی، و بەمەش دەرفەتیان بۆ چالاکانی ژن دروست کرد. پاش ٢٠٠٥، لەگەڵ زیادبوونی سەرکوتی چالاکان، سیاسەتی ئێران کەوتە قۆناغێکی تری چەقبەستووییی سیاسی. لە ساڵی ٢٠٠٦، ژنان هەڵمەتی “ملیۆن واژۆ”٦یان دەست پێکرد بۆ ناڕەزایەتی دژی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە کایەی گشتی، کە پشتگیریی گرووپە جیاوازەکانی، لە نێویاندا کوردەکانی بەدەست هێنا. بەدریژاییی بزووتنەوەی سەوز (٢٠٠٩)٧، ناڕەزایەتییەکان دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدینەژاد، چینی ناوەندیی شارنشین چالاکانە دژی دەوڵەت وەستانەوە.
خەباتی ژنانی کورد و بنیاتنانەوەی دژەکایەی گشتی
بزووتنەوەی خۆسەریی کورد، لەوانە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (KDPI) ٨ و کۆمەڵە، ئەو بۆشایییە سیاسییەیان قۆستەوە کە لە شۆڕشی ١٩٧٩وە دروست بووبوو، ئەوەیان بە دەرفەتێک بۆ دەستەبەرکردنی جۆرێک لە مافی چارەی خۆنووسینی سیاسی دەبینی. بزووتنەوەی خۆسەری لە ناوچە ناوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتدا گەشەی کرد، کە ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و بەشەکانی کرماشانی لەخۆ دەگرت، کە زۆرینەیان ناوچەی کوردیی سوننە بوون. لەنێو پێکدادانی سەربازی و سیاسی لەگەڵ حکومەتی ناوەند و کێشمەکێشی نێو پارتە کوردییەکان، کوردستان بووە بنکەیەک بۆ گرووپە عەلمانی-چەپ و ناسیۆنالیستەکان. ئەنجومەنی شارەکان (شورا) لە شارە کوردییەکان، کە پشتگیریی سەرەکیی گرووپە چەپەکانیان هەبوو، کەرتی گەورەی دانیشتووانیان ڕێک خستبوو کە گەنجان بوون (Ghobadi 2015, 2020). لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەتکردنەوەی چەمکی فرەگەراییی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینیەوە (Entesar 2014, 2016) وای کرد کورد لە ناوەڕاستی مانگی سێی ١٩٧٩ پەنا بباتە بەر چەک. وەک بەرپەرچێک، لە ١٩ی ئابی ١٩٧٩دا، خومەینی جیهادێکی پیرۆزی دژی کورد ڕاگەیاند، ئەوانی وەک “ منداڵی شەیتان” و “کافر” ناو برد. تا ساڵی ١٩٨٣، حکومەتی ئێران دووبارە دەسەڵاتی خۆی لە سەرتاسەری کوردستان سەپاندەوە (Moghissi 1996; Phillips 2015).
کۆمەڵە، ڕێکخراوێکی کوردیی چەپی-ماوی، داکۆکی لە ئۆتۆنۆمیی کوردان لەناو چوارچێوەیەکی دیموکراتیدا لە ئێران دەکرد، ئەوان جەختیان لەسەر ڕزگاربوونی ژنانی کورد لە دەسەڵاتی پیاوسالارانە بوو. باسوخواسە ناوخۆیییەکانی کۆمەڵە لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتیی ژنان؛ هەژاری؛ توندوتیژی دژی ژنان؛ و فرەژنی چڕ دەبوونەوە (Mojab 2023)، کە کاریگەرییان هەبوو لەسەر چالاکیی دواتری ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات. کۆمەڵە و گرووپە چەپەکانی دیکە ڕێپێوانی ژنانیان لە ٨ی مارسی ١٩٧٩ دا ڕێک خست، لە شارەکانی سنە، کرماشان، مەریوان، سەقز و شنۆ، کە بووە هۆی پێکهێنانی کۆمەڵەی ژنان. گۆلڕوخ قوبادی، چالاکێکی دیار، لە چاوپێکەوتنێکدا (٢٠٢٣) تیشک دەخاتە سەر ئەم ناڕەزایەتییانە و جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکییان لە بزووتنەوەی ژنانی کورد لەو سەردەمەدا کردەوە. بەهۆی بەرخۆدانی چەکداریی لایەنە کوردییەکان و شەڕی پیرۆز دژی کورد، چالاکیی ژنان لە کوردستاندا شێوازێکی جیاوازی لە ناوچەکانی دیکەی ئێران گرتەبەر. ژنان لە خەباتی چەکداریدا بەشدار بوون و بەشدارییان لە پێکدادانی چەکداریدا کردووە (Mojab 2023). بە گوتەی ئامینە کاکەباوە (چاوپێکەوتن لە ساڵی ٢٠٢٣) هەڵگرتنی چەک و لەبەرکردنی جلوبەرگی پیاوان و پێشمەرگەبوون، وەک بەرخۆدان لە بەرانبەر نەریتە پیاوسالارییەکان سەیر دەکران و هەستێکی بەهێزبوونیان پێ دەبەخشی. سەرەڕای ئەوەش، ژنانی پێشمەرگە دووچاری ئەزموونی جۆراوجۆر دەبوونەوە؛ هەم ڕێز و پاڵپشتییان لێ دەکرا، هەم ڕووبەڕووی دەنگۆی نەرێنی و بەربەستی کۆمەڵایەتی لە کایە گشتییەکاندا دەبوونەوە.
فەزای شۆڕشگێڕانە و گوتاری مارکسیستی پەیوەست بە شوناس لە سەرەتاکانی شۆڕشی ئێراندا، دەرفەتێکی کۆمەڵایەتی –سیاسی بۆ ئامادەبوونی ژنان لە کایەی گشتیی پیاواندا ڕەخساند. بەڵام دوای داگیرکردنەوەی شارەکانی کوردستان و کشانەوەی شەڕڤانانی کورد لە شارۆچکە و گوندەکان، دەوڵەتی ناوەندی توانی تا ڕادەیەک هەموو جۆرە بەرخۆدانێک سنووردار بکات، بەتایبەتی بەرخۆدانی ژنان (Ghobadi 2015; Hamza 2020, 216). لەنێوان ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٨، کاتێک هەزاران کەس لە کارەکانیان دەر دەکران، دەستگیر دەکران و لەسێدارە دەدران، زۆرێک لە خێزانەکان هانی کچەکانیان دەدا یان تەنانەت ناچاریان دەکردن هاوسەرگیری بکەن بۆ ئەوەی لە زیندانیکردن و ئەگەری دەستدرێژی و ئەشکەنجە بیانپارێزن (Fallah 2019). لەو کاتەوە تا ساڵی ١٩٩٧، ئامادەییی ژنانی کورد لە کایەی گشتیدا، هەروەک ژنانی تری ئێران، پڕ بوو لە کۆسپ و تەگەرە.
پاش ماوەیەکی درێژ لە چەقبەستوویی (١٩٨٠-١٩٩٧)، خەباتی نوێی ژنانی کوردی ڕۆژهەڵات بە ئیلهام وەرگرتن لە چەند هۆکارێک سەری هەڵدا. یەکەم: بیرەوەرییەکانی سەردەمی سەرەتای شۆڕش هێشتا زیندوو بوون. دووەم: پەیوەندیی نێوان شارە کوردییەکان و چینی خوێندەواری شارنشین لە گەشەکردندا بوو. سێیەم: هەڵبژاردنی محەممەد خاتەمی وەک سەرۆککۆماری ئێران (١٩٩٧-٢٠٠٥)، چاکسازی و دەرفەتی گرنگی بۆ ژنان هێنایە کایەوە (Stansfield 2014, 54). ئەمە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوی ناحکومی کە پشتگیریی زمان و کولتووری کوردییان دەکرد و هاندەری چالاکان بوو بۆ شداریکردن لە پرسە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە بگرە تا پاراستنی ژینگە. بەڵام پاش داخستنی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٦، دەوڵەتی ئێران ترسی ئەوەی هەبوو کە کۆنتڕۆڵی جەماوەر لە کوردستان لەدەست بدات، هەربۆیە بە شێوەیەکی تاک لایەنە ڕێکخراوە ناحکومییە نافەرمییەکانی قەدەغە کرد و پاشماوەی ئەندامانی ڕێکخراوەکانی خستە ژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەی بەردەوام. ‘هەر هەوڵێکی کوردی کە وەک پاڵپشتیکردنی جوداخوازی یان لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەت دەبینرا، سەرکوت دەکرا’ (Keddie 2006, 313). هەندێک جیاوازی لە پارێزگاکاندا هەبوو. لە پارێزگای کوردستان (سنە) دۆخ لەبار بوو بۆ دامەزراندنی کۆمەڵە و پێشخستنی بەشداریی ژنان. لە بەرانبەردا، پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا سنووردارییەکی توندی بەسەر ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ژناندا سەپاند. سنە بووە ناوەندێکی سەرەکیی چالاکیی ژنان، سەرنجی خۆی خستە سەر بەرزکردنەوەی هۆشیاریی جێندەری، پاراستنی کولتووری کوردی، و داکۆکیکردن لە پرسەکانی ژینگە. دانیشتووانی ڕۆشنبیری شارەکە و مێژووی قووڵی شارستانی و بوونی ئایدۆلۆژیای چەپگەرایی، پێکەوە ژینگەیەکی لەباریان بۆ بەشداریی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ژنان ڕەخساند (بۆ نموونە بڕوانە Hamelink and Sophie 2023).
لە بەشەکانی داهاتوودا، لێکۆڵینەوە لە چالاکیی تاکەکەسیی ژنان و سێ کۆمەڵەی ژنان دەکەین کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە داڕشتنی کۆمەڵگای کوردیدا. ئەم ڕێکخراوانە گفتوگۆیان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێکرد، زمان و کولتووری کوردییان پاراست، و بەرگەی نۆڕمە پیاوسالارییەکانیان گرت. ئەوان هەروەها وەک دژایەتییەکی سەرسەختی فێمینستە ناوەندگەراکانی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئایینی خزمەتیان دەکرد، بوونە خاوەنی هەڵوێستێکی بەهێزی سیاسی و یەکتربڕ و کایەی دژە گشتی بەرجەستە دەکرد. بەڵام هەموو ژنانی کورد هاوڕا نین لەگەڵ ڕوانگەی توندڕەوانە و پیاوسالار و ناسیۆنالیستانەی کە ئەم گرووپانە هەیانە. هەندێکیان پەیوەندییەکی بەردەوامیان لەگەڵ ژنان لە سەرانسەری ئێراندا دروست کرد و ڕزگاریی ژنانیان لە سەرووی ئەولەوییاتی ئایدیالە ناسیۆنالیستەکانی کوردەوە دانا. سەرەڕای جیاوازیی ڕوانگەکانیان، هەموویان لەژێر چاودێریی ئیتلاعاتی ئێراندا بوون، لەژێر گوشاردا بوون و بەهۆی چالاکییەکانیانەوە تووشی لێکۆڵینەوە، دەستگیرکردن، زیندان و تاراوگە بوون.
دامەزراندنی ڕێکخراوەکان، تۆڕەکان و هاوکاری
لە سەردەمی چاکسازیدا (١٩٩٧-٢٠٠٥)، چالاکانی فێمینست سەرکردایەتیی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییان دەکرد بە بەرەنگاربوونەوەی پاڕادایمی نێر-سەنتەر و ئیسلامی، لە ڕێگەی تۆڕەکان، گۆڤارەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە، کە جەختیان لەسەر فێمینیزمی میانەڕەو و ئیسلامی دەکردەوە (Ahmadi 2006). لەژێر کاریگەریی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتدا، خوێندکارانی کورد لە تاران هاوڕا بوون لەگەڵ ژنانی ناوەندی ئێران لەسەر پرسەکانی جێندەر، لە کاتێکدا جەختیان لەسەر جیاوازیی شوناس و نیگەرانییە تایبەتەکانی کورد دەکردەوە. لە کۆتاییی ساڵی ١٩٩٩دا، دیبا عەلیخانی (چاوپێکەوتن لە ساڵی ٢٠٢٢) و هاوڕێکانی ڕێکخراوی “جمعیت حمایات از زنان” (JHZ، ڕێکخراوی مافی ژنان)یان دامەزراند، کە وەک تۆڕێکی نێودەوڵەتی و ناحکومی دەرکەوت کە پابەند بوو بە پاراستنی مافی ژنان لە دۆخە جیاوازە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکاندا. (JHZ) سەرەتا کاری لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کوشتنی شەرەف بوو لە ڕۆژهەڵات، پاشان بازنەی چالاکییەکانی فراوانتر کرد و بانگەشە و هەڵمەتی جۆراوجۆری ئەنجام دەدا، لەوانە بەشداریی چالاکانە لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا. ئەم ڕێکخراوە ناحکومییە نموونەیەکی بەرجەستەیە لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی مافی ژنان لەم سەردەمەدا، کە سەرکردایەتیی هەڵمەتەکانی دژی کوشتنی شەرەف، بەردەباران، لەسێدارەدانی منداڵان و پشکنینی پەردەی کچێنی دەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٣دا، JHZ مەراسیمێکی گەورەی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە لە شاری سنە ڕێک خست، کە تێیدا زیاتر لە ٣٠٠٠ بەشداربوو لە سەرانسەری ئێرانەوە بەشدار بوون، ئەم بۆنەیەش لە هۆڵێکی سینەمادا بەڕێوە چوو. ئەم بۆنەیە، کە تەحەددای ‘ژینگەی بەئەمنیکراو”ی لە ڕۆژهەڵات دەکرد (Soleimani and Mohammadpour 2019) هەڕەشە بوو بۆ سەر کایە گشتییەکانی پیاوسالاری و دووچاری سەرکوتی توند بوو. دیبا، ڕێکخەری بۆنەکە، دەستگیر کرا و لێکۆڵینەوەی لێ کرا و ئەشکەنجە درا. فشاری خرایە سەر بۆ ئەوەی چالاکییەکە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرگریکارانە گەڕایەوە و بەردەوام بوو لە بەڕێوەبردنی بۆنەکە. بەردەوامیی گوشارەکان دوای بۆنەکە، ناچاریان کرد وڵاتی ئێران بەجێ بهێڵێت.
کۆمەڵەی ژنانی ئازەرمێهر، ڕێکخراوێکی ناحکومی لە سنە، لە سەردەمی چاکسازیدا لە ساڵی ٢٠٠٠ دامەزرا، لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەندامانی پەکەکە، لەوانە ئیلهام ئەحمەد و گەریلاکانی دیکە. دامەزراندنی ئەم کۆمەڵەیە، ڕەنگدانەوەی گرتنەدەستی دەرفەتی سیاسییە لەلایەن چالاکانی ژن و حیزبە کوردییەکانەوە بۆ گۆڕینی پێگەی ژنانی کورد لە کۆمەڵگەدا. بە وتەی نگین شێخ ئەلئیسلامی وەتەنی، ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەکە، نوخبەی حیزبی دەیانویست کۆمەڵەکە تەنها وەک کۆمەڵەیەکی ژنان دامەزرێت، و کار بۆ بەهێزکردنی ژنان بکات (Sheyh Alislami 2021). ئامانجی ڕێکخراوەکە پەرەپێدانی بزووتنەوەیەکی کەلتووری بوو کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بگرێتەوە، بەتایبەت ژنانی نەخوێندەوار لە کایەی گشتیدا، نەک تەنها خوازیاران و چێنی ناوەندی. کوردە نەریتگەراکان و دەسەڵاتدارانی ئێران دیدگایەکی هاوبەشیان بۆ هەوڵە فێمینیستیەکان هەبوو، بە جۆرێک کە فێمینیزمیان بەبێ ئەخلاقی، هاندانی لەشفرۆشی و هاندان بۆ جیابوونەوەی هاوسەران دادەنا (چاوپێکەوتن لەگەڵ نگین ، ٢٠٢٢). لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا، پیاوان وەک چاودێری بیر و جەستەی ژنان سەیر دەکران، هەم لە ڕوانگەی ئەخلاقیییەوە، هەم لە ڕوانگەی یاسایییەوە. هەندێک لە پیاوانی نەریتگەرای کورد هاوڕا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەت، سوربوون لەسەر ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاوسەر، کچ و خوشکەکانیان بکەن لەوەی پەیوەندی بەو کۆمەڵانەوە بکەن (Sheyh Alislam 2021). پارێزەر و چالاکێکی کورد کە ئەوکات تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو، ئەمەی بەم شێوەیە وەسف کرد:
ئەو ژنانەی بۆ مافی ژنان خەبات دەکەن لەلایەن پیاوان و کۆمەڵگەی نەریتگەراوە فشاریان لەسەرە. سیستەم ئەوان تاوانبار دەکات بە ڕۆژاوایی بوون، کەوتنە ژێر کاریگەریی کولتووری ڕۆژاوا، و هاندەری تێکچوونی خێزانن. نەتەوەگەراییی نەریتی و کلاسیکی کوردی ژنانی سەربەخۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەوانەیە پەیوەندییەکی شاراوەیان لەگەڵ حکومەتدا هەبێت (هەڵاڵە، چاوپێکەوتن لە ٢٠٢٢).
سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکانی سەر بە مەحموود ئەحمەدینەژاد لە ساڵی ٢٠٠٥، بارودۆخی کوردەکانی ئێرانی بە توندی خراپتر کرد. ئەمەش بەهۆی داخستن و سەرکوتکردنی دوو بڵاوکراوەی بەناوبانگی کوردیزمان و دەستگیرکردنی ڕۆیا تلووعی، سەرنووسەری مانگانەی ڕاسان و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بواری بەرگریکردن لە مافی ژنانی ئێران و کورد (Stansfield 2014, 25).
هەڵمەتی یەک ملیۆن واژۆ
لە ٢٧ی پووشپەڕی ٢٠٠٦، نموونەیەکی گرنگی هاریکاری لەنێوان فێمینستی عەلمانی و ئیسلامی، کە چالاکە کوردەکانیشی تێدا بوون، لە شێوەی هەڵمەتی یەک ملیۆن واژۆدا ڕووی دا.٥ هەڵمەتەکە سەرەتا وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ سەرکوتی دەوڵەت بۆ کۆبوونەوە گشتییەکانی ژنان و سیاسەت و یاساکانی جیاکاریی جێندەری، دووەم، هەوڵدانێک بوو بۆ هاندانی ژنانی ئاسایی دژ بەو یاسایانە، سێیەم، داوای ئازادکردنی ڕۆیا تلووعی لە زیندانی لەخۆ گرتبوو (Ghoreishi 2021). لە ساڵی ٢٠٠٧، ئەو ژنە چالاکانەی کە هەڵمەتەکەیان دەست پێکردبوو، بەردەوام هەراسان، سەرکوت و دەستگیر دەکران (Bayat 2010, 16). هەرچەندە هەڵمەتەکە سەرکوت کرا، بەڵام ئەنجامی بەدەست هێنا: فێمینستە عەلمانی و ئیسلامییەکانی لە یەک نزیک کردەوە و پرسە یاسایییەکان و نایەکسانییە جێندەرییەکانی دەستووری ئێرانی خستە بەردەم ڕای گشتییەوە. لە هەمان کاتدا، جیاوازیی هەڵوێست و ئایدۆلۆژیای نێوان ژنانی کورد و ژنانی بەشەکانی دیکەی ئێران بەربەست بوون بۆ هەماهەنگیی زیاتری نێوانیان. بۆ نموونە، ماننا (چاوپێکەوتن ٢٠٢٣)، وەبیری دێنێتەوە کە لە ماوەی هەڵمەتەکەدا چالاکانی فارس بە چاوێکی سووک لە چالاکانی کوردیان دەڕوانی، بە دانانی مەرج بۆ بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارسی ٢٠٠٧:
ژنە چالاکەکانی ناوەندگەرا بەشداریی ژنانی کوردیان لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارس لە هەمەدان بەو مەرجە قەبوڵ کرد کە دەبێت وەک ئێرانی بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا بکەن نەک وەک ژنە کورد.
لایەنگرانی کەمپەینی یەک ملیۆن واژۆ پێیان وابوو کە خەباتی ژنان تەنیا پەیوەندی بە پرسەکانی ژنانەوە هەیە، هەربۆیەش، بەشداربووان دەبوو بەتەواوی خۆیان لە نیگەرانییە سیاسی و کولتوورییەکانی کوردستان بەدوور بگرن (Sheyh Alislami 2021). وەک چۆن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، ژنانی فێمینستی ڕەشپێست هەست دەکەن کێشە و گرفتەکانیان لەلایەن فێمینستە سپیپێستەکانەوە پشتگوێ خراوە (Hill Collins 1998)، زۆرێک لە ژنانی چالاکی کورد پێیان وایە لە ئێراندا، ناکرێت پرسی ژنان بەجیا لە پرسی شوناسی نەتەوەیی سەیر بکرێت. نگین پێی وایە کە لێکۆڵەرانی ئیتلاعات بەرانبەر هەڵسوڕێنەرانی کوردیی هەڵمەتی یەک ملیۆن واژۆ توندتر بوون بە بەراورد بە هەڵسووڕاوانی ناوەندگەرا وەک ئەوەی ژنانی کورد سیاسیتر و مەترسیدارتر بن. ئەو بە بیری دێنێتەوە کە لە زیندان و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا پرسیاری لێ کراوە ئایا کوردە یان ئێرانییە، ئەو ئاماژە بەو هەوڵە هەواڵگرییانە دەکات بۆ تۆقاندنی کوردەکان بۆ ئەوەی شوناسی ئێرانیی خۆیان ئاشکرا بکەن. هەرچەندە، هەڵمەتەکە لە سەرەتادا لە دروستکردنی پردی نێوان ژنانی ناوەندگەرا و ژنانی نەتەوەکانی تر سەرکەوتوو بوو، بەڵام زۆرێک لە ژنانی نەتەوەکانی تر هەستیان بەوە کرد کە هەڵوێستی ژنانی ناوەندگەرا بە ڕادەی پێویست گشتگیر نەبووە و هیچ تێگەیشتنێکیان بۆ ئەو سەختییانە نەبوو کە ژنانی کورد لە پەیوەندی بە شوناسی کوردییانەوە پێیدا تێپەڕیون. ئەم دەنگانە ڕەنگدانەوەی وەسفی کێدییە لە شۆڤێنیزمی فارسی سەبارەت بە سکاڵای نەتەوەکانی تری ئێران وەک عەرەب، ئازەری، کورد و بەلووچەکان (Keddie 2006). هەربۆیە، هەڵمەتی یەک ملیۆن واژۆ تەنها توانی بەشێکی ژنان لە سەرانسەری ئێران لە یەک خەباتدا یەک بخات.
بەرخۆدان دژی توانەوە
گرژیی نێوان چالاکانی کورد و ناوەندگەرا تا ساڵانی دواتریش بەردەوام بوو. بەگوێرەی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ لەیلا (٢٠٢٣)، ژنە چالاکێکی کوردی دانیشتووی سەقز، چالاکانی ناوەندگەرا بەهۆی بەشدراییان لە خەباتی چەکداریدا ڕەخنەیان لە بەرخۆدانی ژنانی کورد گرتووە. جەختیان لەوە دەکردەوە کە ژنانی فارس لە بزووتنەوەی سەوز (٢٠٠٩) و بەهاری عەرەبی (٢٠١٠-٢٠١٢) دەستپێشخەرییان کردووە و پێش ژنانی کورد چالاک بوون. لە ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێک ژنە کوردانی ڕۆژاوا شەڕی داعشیان دەکرد، مەنسوورە شوجاعی وتارێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هەوڵی دا ژنانی شەڕڤانی کورد پەراوێز بخات و بیانبەستێتەوە بە بزووتنەوەی سەوزەوە (Shojaie 2014). پەیوەست بە چالاکانی ناوبراو١٠، ڕۆیا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی سەوز نووسی:
ڕەنگە باشتر لە بیرمان بێت کە ئێمەی ژنانی کورد وەک گرووپێکی لاوەکی بەشداریی خۆپیشاندانەکانی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٩مان نەکرد، بەڵکو وەک کۆمەڵێک ژنی کورد بە لافیتەی کوردی و داخوازیی تایبەتیی خۆمان و هەروەها داخوازییە هاوبەشەکانی بزووتنەوی ژنان بەشداریمان کرد (Tolooyee 2014).
چالاکانی دیکەی کورد بەرگرییان لە خەباتی چەکداری دەکرد و پێیان وابوو کە خەباتی چەکداری توانای گۆڕینی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری هەیە بۆ قبوڵکردنی ژنان لە ناوەندی بڕیارداندا (Gorji 2016). خەباتی چەکداریی ژنانی کورد دژی داعش لە کوردستانی سوریا بۆ هەندێک ئیلهامبەخش بوو، بۆ نموونە مەریەم ئەشرەفی، ژنە فۆتۆگرافەرێکی کورد، کە لە کۆبانێ چاوی بە شەڕڤانانی یەپەژە١١ کەوت، ئەو پێی وابوو ئەو ڕێگایەی کە ئەم ژنانە گرتوویانەتە بەر، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی قبوڵکردنی ڕۆڵێکی نوێ بۆ ژنان لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیدا.
خەبات بۆ ڕزگاریی ژن لەژێر هەژموون و کۆنترۆڵی پیاودا
لەم چەند ساڵەی دواییدا، دوو ڕێکخراوی ژنانی کوردی دامەزران کە چالاک بوون لە ڕێکخستنی چالاکی بۆ هاندانی ئازادی و یەکسانیی ژنان. چالاکەکان باس لەوە دەکەن کە گرنگترین کۆسپەکانیان سەختیی تۆمارکردنی ڕێکخراوەکانیان و بەرهەڵستی کۆمەڵگایە. ڕێوشوێنە توندەکانی حکومەت ڕێگری لە فراوانبوونی چالاکییەکانیان دەکات کە لە پارێزگا کوردنشینەکان بۆ دروستکردنی هاوکاری لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات تۆمار کراون. لە چاوپێکەوتن لەگەڵ هەڵاڵە (٢٠٢٢)، ئاماژەی بە گەشتی توێژینەوەکەی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ژنان لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی کرماشان کرد. گەشتەکە ڕاستەوخۆ پاش گەیشتنیان کۆتایی پێ هات، چونکە پۆلیس ڕێگەی پێ نەدان توێژینەوەکەیان ئەنجام بدەن و پێنج کاتژمێر مۆڵەتیان پێ دان بۆ جێهێشتنی پارێزگاکە. شەیدا و سەمیرە، دوو ژنە چالاک لە کرماشان، لە چاوپێکەوتنێکدا (٢٠٢٢) ڕایانگەیاند کە دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە بەتوندی چاودێریی کارلێکەکان دەکەن و ڕێ لە پەیوەندی و هاوکاریی نێوان ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ژنان و ژنان لە پارێزگای کوردستان و هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان دەگرن. ئەم ڕێوشوێنانە، بە بیانووی پاراستنی ئاسایش، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێگر دەبوون لە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوانە، بەتایبەتی لە ناوچە زۆرینە شیعەنشینەکانی کرماشان و ئیلام. لە سالی ٢٠١٧، لە ڕێگای دامەزراندنی کۆمەڵەی توێژینەوەیی “ئاسۆی ڕۆژ” لە شاری سنە، چالاکان هەوڵیان دا ئەو ژنانەی لە لاوازترین دۆخدا دەژین، دەستنیشان بکەن و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ بەهێزکردنی ئەوانە بدۆزنەوە کە لە پەراوێزی شارە کوردییەکان لە هەژاریدا دەژین. کۆمەڵەکە بە ئەنجامدانی نزیکەی ١٠٠ وەرکشۆپ لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان، هەوڵی دا هۆکارە کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکانی پشت توندوتیژیی دژی ژنان (تدژ) دەستنیشان بکات و تێكۆشا هەڵوێستی پیاوان بەرانبەر ژنان بگۆڕێت (چاوپێکەوتن لەگەڵ ئازادی، ٢٠٢٢). کۆمەڵەکە جەختێکی زۆری لەسەر کارەکتەری یەکتربڕی ئالنگارییەکانی ژنانی کورد هەیە، بە وتەی یەکێک لە ڕێکخەرانی وەرکشۆپەکان، ڕادە و سروشتی توندوتیژیی خێزانی دژی ژنان بەگوێرەی ناوچە جوگرافییەکانی ڕۆژهەڵات، دابەشبوونی سەروەت و سامان و هێزی ئابووریی پیاوان جیاوازە.
کۆمەڵەی ژنانی جیڤانۆ لە پێنج ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری و ٤٥ ئەندامی چالاک، و ڕێکخراوێکی تر کە لە سنە دامەزراوە، پێک دێت (لە ساڵی ٢٠٢٠)، (چاوپێکەوتن لەگەڵ سارا، ٢٠٢٢). ئامانجی ئەو ڕێکخراوەیە “باشترکردنی پێگەی ژنان” بوو لە کایەی گشتیدا و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان (بەیاننامەی کۆمەڵەی ژنانی جیڤانۆ ٢٠٢٠). لە ساڵی ٢٠٢٠، جیڤانۆ نامیلکەیەکی بڵاو کردەوە کە خۆی وەک هاوپەیمانی ژنانی کورد پێناسە دەکرد؛ نەک نوخبەیەکی پێشکەوتوو یان پسپۆڕ، بەڵکو وەک ئەوانەی لەگەڵ ژنانێکدان کە مافەکانیان پێشێل کراوە. ئەوان جەختیان لەسەر سروشتی مێژوویی ژێردەستەییی ژنان دەکردەوە. جیڤانۆ بە کەڵکوەرگرتن لە زمانێکی ڕادیکاڵ و تەحەددای ئەو پێکهاتە چەسپاوانەی کە نایەکسانیی جێندەری لە یاسا و نەریتەکاندا دەسەلمێنن، ئاماژە بە بەشداریی ژنانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٧٩ دژ بە ستەمی نەتەوەیی و شەر دژی داعش دەکات. جیڤانۆ پێداگری لەوە دەکات کە نابێت تەنها بە دروشم و بانگەوازی کورتخایەن یان نیشاندانی ژنان وەک قوربانی بمێنینەوە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی پڕاکتیکی بۆ ڕەواندنەوەی توندوتیژی و بەربەرەکانێ لەگەڵ نایەکسانی لە درێژخایەندا بنێین.
هەروەها، کردەوە ڕادیکاڵییەکانی ژنانی کورد لە ڕاپەڕینەکانی پاش تیرۆری ژینا ئەمینی، تواناییی ئەوانی بۆ پێشخستنی ئایدیالە دیموکراتییەکان نیشان دەدات. پاش سەرکوتکردنەکە، ژنان دەستیان کرد بە بەشداریکردن لە “توێژینەوەی فێمینستی” و شاردنەوەی گرووپەکان و ئامادەکاری بۆ “سیاسەتی شەقام” و دروستکردنی هەستی دژە کایەی گشتیی مەجازی کە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا هاوتەریب بێت. “کۆمەڵەی تەوار” زمانێکی ڕادیکاڵ بەکار دەهێنێت، بە گرێدانی خەباتی ژنانی کورد لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان، کۆمەڵگەیەکی دژە هەژموون دروست دەکات کە گوتاری دیموکراتی و یەکسانیی جێندەریش پێش دەخات. ئەم گەشەسەندنانە، لەگەڵ هەڵوێستی ڕوونتری فێمینستی ڕێکخراوەکانی ئاسۆی ڕۆژ و جیڤانۆ، وا دەردەکەوێت کە فەزایەکی بەهێزتر و توانادارتر بۆ ژنانی چالاکی نەوەی نوێ لە ڕۆژهەڵات دروست دەبێت، بە بەراورد بە چالاکانی نەوەکانی پێشوو کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردبوون.١٢ کاتێک ئەوانەی پێشوو ڕووبەڕووی دژایەتیی توندی هەڤاڵانی پیاوی کورد دەبوونەوە لەسەر هێنانەگۆڕی بابەتگەلی وەک پشکنینی پەردەی کچێنی و توندوتیژی دژی ژنان، بە بانگەشەی ئەوەی کە ئەوان ڕێگرن لە یەکگرتووییی دەنگی کورد لەنێو نەوەی نوێی ژنان و کۆمەڵەکانیاندا، ئەم بابەتانە بوونەتە بەشێکی ئاسایی لە چالاکییەکانیان. هەروەها، توانای پەیوەندیکردن بە تەوەرە فێمینستیەکانی جیهانەوە، وا دەکات ژنانی کورد بتوانن بینەری جیهانی بۆخۆیان ڕابکێشن، بەمەش دژە کایەی گشتی خۆیان فراوانتر دەکەن، کە بەڕاستی پێشتر لە کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠٢٢دا توانییان بیکەن.
ئەنجام
دیسان بە بیرکردنەوە لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە ئەم وتارەمان پێ دەست پێکرد، کاتێک ژنانی کورد بە جلوبەرگی پێشمەرگەوە دەچنە ناو مزگەوتەکان، کە دووبارەکردنەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٧٩ە، ئێمە باوەڕمان وایە کە واتای ئەم کردەوەیەی دژە هەژموون بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ٢٠٢٢دا گۆڕاوە. لە ساڵی ١٩٧٩دا، ژنانی کورد بە هەماهەنگی لەگەڵ باقیی جەماوەری ئێران لە دژی ڕژێمی شا ڕاپەڕین، بە نیازی ئەوە نەبوون خۆیان لە باقیی جەماوەری ئێران جیا بکەنەوە، بەڵکو هیوادار بوون بۆ سەردەمێکی باشتر لە ئێرانێکی نوێ و یەکسانتر. بەڵام پاش دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامیی شیعە کە جیاکاری بەرانبەر گرووپە ئیتنیکی و ئایینییەکانی دیکەی وڵات دەکرد، و بەرگریی گرووپە شۆڕشگێڕە کوردییەکان لە جەنگی پیرۆزی خومەینیدا سەرکوت کرد، کوردەکانی ناچار کرد بکەونە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە. پێگەی پەراوێزخراوی ئەوان تەنها زیانی بە ژنانی کوردی لە کۆمەڵگەیەکی زۆر هێتێرۆنۆرماتیڤدا گەیاند. لە چاوپێکەوتنەکانیاندا، ئەو ١٤ ژنە بەوردی باسی ئاڵۆزیی سیستەمی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ئیستسنای زاڵ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتیان ڕوون کردەوە و تیشکیان خستە سەر پێگەی یەکتربڕی خۆیان وەک ئەندامی زیاد لە گرووپێکی پەراوێزخراودا.
ژنانی کورد ستراتیژیی جۆراوجۆریان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم نایەکسانییە و بۆ باشترکردنی پێگەی خۆیان و دروستکردنی دەزگایەکی نوێی دژە کایەی گشتی داڕشت. خەبات و بەشدارییان لە ژیانی گشتیدا لە ئێران، چ لە پرۆسەی بەدیموکراسیدا (١٩٩٧-٢٠٠٥) یان لە بۆشاییی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا (١٩٧٩-١٩٨٢) بە ئامانجی گێڕانەوەی مافی هاووڵاتیبوون و بەدەستهێنانەوەی ئامادەیی لە کایەی گشتیدا بووە، بەڵام “لە نزیکەوە لەگەڵ ململانێ سیاسییەکاندا پەرەی سەندووە (Begikhani, Hamelink, and Weiss 2018)، وەک ناوچەکانی دیکەی کوردستان. ئەوان بەرەنگاری پێشداوەری فێمینستە ناوەندگەراکان بوون کە زۆرجار خۆکارانە وەک شەڕەنگێزو جوداخواز دەیانبینین و تێگەیشتنیان بۆ پێگەی پەراوێزخراویان نەبوو (Gheytanchi 2001; Ghoreishi 2021; Honarbin-Holliday 2008; Tajali 2022; Thidi 2016; Vakil 2011). هاوکات دەبووایە مامەڵە لەگەڵ بەرهەڵستی بەهێزی کۆمەڵگەی خۆیان و، هەروەها لەگەڵ هەوڵەکانی ئەکتەرانی سیاسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و کایەی سیاسی بکەن. وەک ستراتیژ، ئەمانەیان گرتەبەر: وەرگرتنی هەڵوێستێكی ڕەخنەگرانە بەرانبەر بە دەوڵەتی تیۆکراتی، دروستکردنی فۆڕمی نوێی چالاکی دژی کولتووری باوکسالاریی کوردی، و هەوڵدان بۆ گۆڕینی پێکهاتە هەژموونگەراکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی دامەزراندنی تۆڕی (نێودەوڵەتی) نوێ.
ژنانی کورد لە دژە-کایەی گشتیدا کەموکووڕییەکانی سیستەمی سیاسیی ناوەندگەرای ئێران ئاشکرا دەکەن، کە تیایدا دابەشکاریی نایەکسانیی دەسەڵات لە ناوەند و پەراوێز و گرووپە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانی ناوچە پەراوێزەکان و هەروەها هاندانی نایەکسانیی جێندەری لە ژێر سایەی یاسای شەریعەتدا دەبینرێت. وێڕای هاوئامانجیان لەگەڵ ژنانی ناوەندگەرای تاران لە دژی هەڵاواردنی جێندەری، ژنانی کورد دژە کایەی گشتی جەخت لەسەر شوناسی کوردی دەکەنەوە و ڕوانگەیەکی عەلمانی و جیاکەرەوە دەگرنە بەر، بەمەش بەرەنگاری سیاسەتەکانی دەوڵەت دەبنەوە کە هانی تواندنەوەی کورد دەدات. ئەم جەختکردنەوە جیاوازە تیشک دەخاتە سەر سروشتی دژە-گشتیی ئەوان، بە تێکەڵکردنی کولتووری سیاسیی کوردستان لەگەڵ عەلمانیی چەپگەرا بۆ تێکۆشان لەپێناو فێمینزم وەک خاڵێکی هاوبەش و دیموکراسییەکی ڕادیکاڵ. ئەم خەباتە هاوبەشە، کە لەژێر کاریگەریی فەزای جیۆپۆلەتیکی فێمینستیدایە (Dixon 2016) بەرخۆدان و خۆڕاگریی ڕۆژانەیان لە ژینگەی کۆمەڵایەتی-سیاسیدا لە کۆمەڵگەی کوردی-ئێرانی نیشان دەدات.
ژنانی کورد بە چوونە ناو پارتێکی چەپی ڕادیکاڵ و قۆستنەوەی فەزای دەرفەتەکان لە سەردەمی چاکسازیدا بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی ژنان و بەشداری لە چالاکییەکانی – وەک وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقز وەک یەکەم جار لە ژینگەی جیۆپۆلەتیکی ئێراندا، و پۆشینی جلوبەرگی پێشمەرگانە لە ڕاپەڕینەکانی ٢٠٢٢دا – ئەمانە نیشاندەری بەرخۆدانی ڕۆژانەیانە لە بەرانبەر چەوساندنەوەی جێندەری و توندوتیژیی دەوڵەت، و هەروەها بەردەوامیی خەباتیانە بۆ دیارکەوتن و دەرکەوتن. ئامانجی ئەم کردارانە دوورکەوتنەوەیە لە تاکڕەهەندیی فێمینیزمی زاڵ و تیشک خستنەسەر گرنگیی بەرگریکردن لەسەر بنەمای شوێن.هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانەوەی کایەی گشتی یان دروستکردنی هەستی دژە-کایەی گشتی خزمەت بە بەرەنگاربوونەوە و نیشاندانی بەرهەڵستکاریی پێکهاتەکانی دەسەڵات دەکات. هاوکاریی ژنانی کورد لە کەمپەینی یەک ملیۆن واژۆ و ڕێکخستنی کۆنفڕانسێک لە ستۆکهۆڵم بە ناونیشانی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ٢٠-٢١ تەمووزی ٢٠٢٤، پەیوەندیی دیالێکتی نێوان چالاکیی ژنانی ڕۆژهەڵات و ژنانی کوردی دەرەوەی وڵات دەردەخات. ئەم ڕووداوانە هاوپەیوەندیی هەڵمەتەکانی ژنان نیشان دەدەن، هاوکات جیاوازی و گرنگیی چالاکیی ژنان لە دۆخێکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی – سیاسیدا دەردەخات. ژنانی کورد بە دەرخستنی تایبەتمەندیی شوێن و فەزای جوگرافی کە کاریگەرن لەسەر پێکهاتنی زانستی و چالاکی، دەرفەت بۆ بەهێزکردنی هۆشیاریی هاوپەیمانی لەنێوان بزووتنەوە فێمینستیەکانی ناوەوە و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ئێراندا دەڕەخسێنن. خەباتی زیاتر و ئاشکراتری ڕێکخراوی نوێی ژنان دژی توندوتیژیی ژنان، وا دەردەکەوێت ئاماژە بە قبوڵکردنی زیاتری ئەم خەباتە لەلایەن کۆمەڵگەی کوردییەوە بکات بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو. ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەوان توانیویانە بە سەرکەوتوویی دژە-کایەی گشتیی خۆیان لە بەرژەوەندیی مافەکانی ژنان فراوان بکەن؛ ئەگەر هێشتا لە ئێرانی مەزندا نەبێت، بەدڵنیایییەوە لانیکەم لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەنجامیان داوە.
سەرچاوەی سەرەکی وتار بە زمانی ئینگلیسی:
*https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/1070289X.2024.2424700#d1e157
تێبینی
- لەم وتارەدا ، ئێمە کوردستان، ڕۆژهەڵات و سنە بەکار دەهێنین. هەرچەندە ئێران تەنها پارێزگایەک بە کوردستان دەناسێنێت، کوردانی چوار پارێزگا بە کوردستانی ئێران دادەنێن. ڕۆژهەڵات زاراوەیەکی جوگرافی-سیاسیی کوردی، ئاماژەیە بە کوردستانی ئێران وەک بەشێک لە کوردستانی گەورە، کە باکوور (تورکیا)، باشوور (عێراق)، و ڕۆژاوا (سوریا) لەخۆ دەگرێت.
- لە ١٣ی ڕەزبەر، ژینا ئەمینی، کچێکی ٢٢ ساڵانی کورد لە سەقز، ڕۆژهەڵات، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە لە تاران دەستگیر کرا و بە بیانووی حیجابی نەشیاو لێی درا و سێ ڕۆژ دواتر گیانی لەدەست دا.
- شەڕڤانانی کورد
- ئایینی یارسان (ئەهلی حەق)، ئایینکی تێکەڵە لە سەدەی چواردەهەمدا دامەزراوە، زۆربەی پەیڕەوانی لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام لە کوردستانی ئێران نیشتەجێن.
- پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزراوە، ئەندامانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە، سەرەتا ئامانجی سەربەخۆیی بوو.
- هەڵمەتی یەکسانی کە لە ٢٧ ئابی ٢٠٠٦ دەستی پێکرد، یەکەمین هاوکاریی نێوان فێمینستە عەلمانییەکان و ئیسلامییەکان بوو. لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرکوت کرا و نەیتوانی یەک ملیۆن واژۆ کۆ بکاتەوە.
- بزووتنەوەی سەوز، ناڕەزایەتییەک بوو لە ٢٠٠٩ لە شارەکانی ئێران، دژی هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدینەژاد کە وەک ساختەکاری دەبینرا.
- پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (پدک)، لە کوردستانی ئێران لە ١٥ی ئابی ١٩٤٥ دامەزرا.
- کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- لەم ماوەیەدا، قوتابخانەی فێمینستی یان ماڵپەڕی مەدرەسەی فێمنستی، پلاتفۆڕمی بزووتنەوەی ژنانی ئێران، چەندین وتاری ڕەخنەگرانەی داواکارییەکانی ژنانی کوردی بڵاو دەکردەوە.
- یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ڕۆژاوا
- ئامینە کاکەباوە، گەنجترین ژنی پێشمەرگەی کۆمەڵە (٩٨٣) و پەرلەمانتاری پێشووی سوید، باسی ئەوە دەکات کە لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەیویست دژی ڕژێمی ئیسلامی بجەنگێت. شەمسی خوڕەمی، ئێستا لە دەستەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی ئێراندایە، ڕۆڵی پێشمەرگایەتیی خۆی هەم بە ئازادی و هەم بە هەڵهاتن لە ماڵەوە وەسف دەکات. گوڵڕوخ قوبادی گومانە سەرەتایییەکانی پیاوان بەرانبەر بە کەتیبەکانی ژنان دەگێڕێتەوە، بەڵام دواتر ملکەچ بوون. ئەم چیرۆکانە ئەزموونە ئاڵۆزەکانی ژنانی پێشمەرگە دەردەخەن.
سەرچاوەکان
Ahmadi, F. 2006. “Islamic Feminism in Iran: Feminism in a New Islamic Context.” Journal of Feminist Studies in Religion 22 (2): 33–53. https://doi.org/10.2979/FSR.2006.22.2.33.
Azimi, F. 2008. The Quest for Democracy in Iran: A Century of Struggle Against
Authoritarian Rule. London: Harvard University Press.
Bayat, A. 1997. “Workless Revolutionaries: The Unemployed Movement in Revolutionary Iran.” International Review of Social History 42 (2): 159–185. https://doi.org/10.1017/S0020859000114877.
Bayat, A. 2010. Life as Politics: How Ordinary People Change the Middle East. 2nd ed. California: Stanford University Press.
Begikhani, N., W. Hamelink, and N. Weiss. 2018. “Theorising Women and War in Kurdistan: A Feminist and Critical Perspective.” Kurdish Studies 6 (1): 5–30. https://doi.org/10.33182/ks.v6i1.432.
Benhabib, S. 1997. “The Embattled Public Sphere: Hannah Arendt, Juergen Habermas and Beyond.” Theoria 44 (90): 1–24. https://doi.org/10.3167/th.1997.449002.
Craig, C., ed. 1996. Habermas and the Public Sphere. Massachusetts: The MIT Press.
Dixon, D. 2016. Feminist Geopolitics: Material States. London: Routledge.
Eliassi, B. 2021. Narratives of Statelessness and Political Otherness: Kurdish and Palestinian Experiences. Sweden: Palgrave Macmillan.
Entessar, N. 2014. “Between a Rock and a Hard Place: The Kurdish Dilemma in Iran.” In Conflict, Democratization, and the Kurds in the Middle East: Turkey, Iran, Iraq, and Syria, edited by D. Romano and M. Gurses, 211–224. New York: Palgrave Macmillan. IDENTITIES: GLOBAL STUDIES IN CULTURE AND POWER 17
Entessar, N. 2016. “Between a Rock and a Hard Place: The Kurdish Dilemma in Iran.” In Conflict, Democratization, and the Kurds in the Middle East: Turkey, Iran, Iraq, and Syria, edited by D. Romano and M. Gurses, 143–164. New York: Palgrave Macmillan.
Fallah, S. 2019. “Kurdish Women Challenges and Struggles at the Time of Conflict and Post-Conflict: An Explanatory Research Study on the Status of Kurdish Women in Iran.” In Women in Conflict and Post-Conflict Situations: An Anthology of Cases from Iraq, Iran, Syria, and Other Countries, edited by S. B. Hosseini, 53–94. Zurich: LIT Verlag.
Felski, R. 1989. Beyond Feminist Aesthetics: Feminist Literature and Social Change. Cambridge, MA: Harvard University Press.
Ferguson, K. E. 2010. “Anarchist Counterpublics.” New Political Science 32 (2): 193–214. https://doi.org/10.1080/07393141003722040.
FIDH (The International Federation for Human Rights). 2010. Discrimination Against
Ethnic and Religious Minorities in IRAN, FIDH Permanent Delegation to the United Nations. Geneva. https://www.fidh.org/IMG/pdf/2010annualreportenglish.pdf.
Foust, C. R., ed. 2017. What Democracy Looks Like: The Rhetoric of Social Movements and Counterpublics. Tuscaloosa: The University of Alabama Press.
Fraser, N. 1990. “Rethinking the Public Sphere: A Contribution to the Critique of Actually Existing Democracy.” Social Text 25 (25/26): 56–80. https://doi.org/10.2307/466240.
Fraser, N. 1997. Justice Interruptus: Critical Reflections on the “Post Socialist” Condition. New York: Routledge.
Fraser, N. 2016. Fortunes of Feminism: From State-Managed Capitalism to Neoliberal Crisis, 20–30. London: Verso.
Fraser, N., and A. Honneth. 2003. Redistribution or Recognition? A Political-Philosophical Exchange. London: Verso.
Gheytanchi, E. 2001. “Civil Society in Iran: Politics of Motherhood and the Public Sphere.” International Sociology 16 (4): 557–576. https://doi.org/10.1177/0268580901016004002.
Ghobadi, G. 2015. Anemones on the Rock: Life and Time of a Kurdish Woman from Iran’s Kurdistan [In Persian]. Noghteh.
Ghobadi, G. 2020. Flower Garden of Anemones: The Untold Kurdish Women Fighters [In Persian]. Noghteh. https://www.noghteh.org/%DA%A9%D8%AA%D8%A7%D8%A8-%D9%87%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%DB%8C%DA%AF%D8%A7%D9%86-%D8%AF%DB%8C%D8%AC%DB%8C%D8%AA%D8%A7%D9%84/ .
Ghoreishi, S. 2021. Women’s Activism in the Islamic Republic of Iran: Political Alliance and the Formation of Deliberative Civil Society. Switzerland: Palgrave Macmillan.
Gorji, J. M. 2016. “Kurdish Women and Gender Stereotypes in the Media.” Dengi Kurdistan Weekley news, Sanandaj, 3.
Hamelink, W., and E. Sophie. 2023. “Literature, Feminism, and Activism in Rojhelat and the Diaspora: A Conversation with Essmat Sophie.” Kurdish Studies Journal* 1 (1–2): 285–299. https://doi.org/10.1163/29502292-00101006.
Hamza, A. Y. 2020. “A Contemporary Political History of the Kurds in Iran.” In The Kurds in the Middle East: Enduring Problems and New Dynamics, edited by D. Romano and Gurses, 207–227. London: Lexington Books.
Hill Collins, P. 1998. “It’s All in the Family: Intersections of Gender, Race, and Nation.”
Hypatia 13 (3): 62–82. https://doi.org/10.1111/j.1527-2001.1998.tb01370.x.
Honarbin-Holliday, M. 2008. Becoming Visible in Iran: Women in Contemporary Iranian Society. London & New York: Tauris Academic Studies. 18 A. R. HAJIAGHA AND W. HAMELINK
Human Rights Watch. 2009. Iran: Freedom of Expression and Assembly in the Kurdish Areas. New York: Human Rights Watch. Iran. 2022. Human Rights Report. [Online]: https://www.state.gov/reports/2022-country-reports-on-human-rights-practices/iran/.
Jahanpour, F. 2007. “Islam and Human Rights.” Journal of Globalization for the Common Good, Spring. Jivano Women Association Statement. 2020. December 30 [in Persian].
Kar, M. 2001. “Women’s Strategies in Iran from the 1979 Revolution to 1999.” In Globalization, Gender, and Religion: The Politics of Women’s Rights in Catholic and
Muslim Contexts, edited by N. Tohidi, 59–84. New York: Palgrave Macmillan.
Kayhan Daily News. 1978. March 7: P:3 [Persian].
Keddie, N. R. 2000. “Women in Iran Since 1979.” Social Research 67 (2): 405–438.
Keddie, N. R. 2006. Modern Iran: Roots and Results of Revolution. London: Yale University Press.
Kian, A. 2023. Rethinking Gender, Ethnicity, and Religion in Iran: An Intersectional Approach to National Identity. London: I.B. Tauris.
Landes, J. 1992. “Jürgen Habermas, the Structural Transformation of the Public Sphere: A Feminist Inquiry.” PRAXIS International 12 (1): 106–127.
Massey, D. 1994. Space, Place, and Gender. Minneapolis: University of Minnesota Press.
McKusick, C. 2023. “Women, Journalism, and Media.” In Routledge Handbook on Women in the Middle East, edited by S. Joseph and Z. Zaatari, 197–211. London and New York: Routledge.
Mirsepassi, A. 2003. Intellectual Discourse and the Politics of Modernization: Negotiating Modernity in Iran. New York: Cambridge University Press.
Moghissi, H. 1996. Populism and Feminism in Iran: Women’s Struggle in a Male-Defined Revolutionary Movement. New York: Macmillan Press.
Mohammadi, M. 2007. “University Students’ Politics in the Post-Reform Movement Era: A Discourse Analysis.” Iranian Studies 40 (5): 623–634. https://doi.org/10.1080/00210860701667704.
Mojab, S. 2023. “Women and Revolution in the Middle East.” In Routledge Handbook on Women in the Middle East, edited by S. Joseph and Z. Zaatari, 197–211. New York: Routledge.
Mottahedeh, N. 2019. Whisper Tapes: Kate Millett in Iran*. California: Stanford University Press.
Negt, O., and A. Kluge. 1993. Public Sphere and Experience: Toward an Analysis of the Bourgeois and Proletarian Public Sphere. Minneapolis: University of Minnesota Press.
Pargoo, M. 2021. Secularization of Islam in Post-Revolutionary Iran. New York: Routledge.
Phillips, D. L. 2015. The Kurdish Spring: A New Map of the Middle East. New York: Transaction Publishers.
Rostami-Povey, E., and T. Povey, eds. 2012. Women, Power and Politics in 21st Century. Iran; NY: Routledge.
Salehi-Isfahani, D. 2017. “Poverty and Income Inequality in the Islamic Republic of Iran.” Revue Internationale des Etudes du Développement 229 (1): 113–136. https://doi.org/10.3917/ried.229.0113.
Salvatore, A. 2007. The Public Sphere: Liberal Modernity, Catholicism, Islam. New York: Palgrave Macmillan.
Shahidian, H. 2002. Women in Iran: Gender Politics in the Islamic Republic. London: Greenwood Press. IDENTITIES: GLOBAL STUDIES IN CULTURE AND POWER 19
Shahrokni, N. 2020. Women in Place: The Politics of Gender Segregation in Iran. Oakland