گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
داهاتووی سووریە پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
ئەحمەدی، ئیدریس (٢٠٢٥):داهاتووی سووریە پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد . گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ١٩٩–١٩٢. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
سێ سیناریۆ: لەبری پێشەکی
سەبارەت بە سووریەی پاش ئەسەد، دەکرێ سێ سیناریۆ وێنا بکرێ:
- سووریە بەرەو وڵاتێکی سەقامگیر و دێموکراتیک گوزەر دەکا کە لەوێدا، کورد ئەو خۆسەرییەی هەیەتی، لە شکڵی سیستەمێکی دیفاکتۆ یان دەستووریی فێدراڵدا پارێزراو دەبێ، هاوکات سووریەی دێموکراتیک یارمەتیدەری سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەبێ.
- دەسەڵاتدارانی نوێ لە سووریە لە قۆرغکردنی دەسەڵات و پێکهێنانی دیکتاتۆریی ئیسلامیی سوننە سەر ناکەون، بەڵکو لاوازیی ئابووریی وڵات وێڕای سەرهەڵدانی بەرهەڵستکاری دژ بە ئیسلامیزەکردنی سووریە لە لایەن سێکۆلارخوازەکان، عەلەوی، دروز و کوردەوە وێڕای پشتیوانیی ئێران و عێراق لە عەلەوییەکان، سووریە دەخاتە بارودۆخێکی ناسەقامگیرەوە؛ لەم سیناریۆیەدا، خۆسەریی ڕۆژاوا دەمێنێتەوە، بەڵام بەردەوام لەژێر هەڕەشەی ئەو چەکدارانەدا دەبێ کە سەر بە تورکییەن.
- سووریە لە دیکتاتۆریی سێکۆلاری عەلەوییەوە کە پێشتر لەژێر باندۆڕ و هێژمۆنیی ڕووسییە و ئێراندا بوو، تەبدیل دەبێ بە دیکتاتۆرییەکی ئیسلامیی سوننە لەژێر باندۆڕ و هێژمۆنیی تورکییەدا؛ لەم سیناریۆیەدا، بە مەرجێ ئیدارەی ترامپ پشتیوانیی خۆسەریی ڕۆژاوا نەکا، ئەو خۆسەرییە لەنێو دەچێ، هاوکات دیکتاتۆریی سوننە لە سووریە نابێتە یارمەتیدەری سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
سیناریۆی یەکەم ئەگەری نییە یان ئیجگار لاوازە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە سووریە نە پێشمەرجەکانی دێموکراسیی تێدایە، نە ئەو ئیسلامییانەی بەدەسەڵات گەیشتوون ئامانجیان وەدیهێنانی دێموکراسییە. لە کورتمەودا و نێوەندمەودادا، سیناریۆی دووهەم ئەگەری زۆرترە لەوانی دیکە. لە دوورمەودادا، بە مەرجێ دەستەی ڕزگاریی شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع بتوانێ دەسەڵات قۆرغ بکا و ئەمریکا وادار بکا گەمارۆی لەسەر هەڵگرێ و پشتیوانیی وڵاتانی سوننە مسۆگەر بکا بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە توانایی حکومەتکردنی هەبێ، سیناریۆی سێهەم ئەگەری زۆرترە.
داهاتووی سووریە هەرچۆنێک بێ، هەر لە ئێستاوە نەمانی ڕێژیمی ئەسەد چەند لێکەوتەیەکی گرنگی بووە. بنەڕەتیترینیان، گۆڕینی پارسەنگی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. کەوتنی ئەسەد هەروەها سەرەتای کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریی نافەرمیی کۆماری ئیسلامییە لەو جۆگرافیایەدا کە بە “هیلالی شیعی” ناسراوە.
کەوتنی ڕێژیمی ئەسەد و گۆڕینی پارسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ئاکامی زنجیرەیەک ڕووداو بوو لە دوو ساڵی ڕابردوودا کە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد. ئامانجی حەماس ئەوە بوو، بەو هێرشە شەڕێکی ناوچەیی بە بەشداریی حیزبوڵای لوبنان و هێزە نیابەتییەکانی دیکەی ئێران و دواجار خودی ئێران بەرپا بکا تاکوو دواجار سەرکەوتنی خۆی و تێکشكاندنی ئیسرائیلی لێ بکەوێتەوە.[1] شەڕ بە پێچەوانەی نییەتی حەماس، نەک تەنیا بووە هۆی لەنێوچوونی حکومەتەکەی و تێکشکاندنی هێزە نیزامییەکەی لە غەزە، بەڵکو لاوازبوونی بەرچاوی حیزبوڵای لوبنان، کەوتنی ئەسەد و لەدەستدانی قووڵاییی ستراتیژیک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە شامی لێ کەوتەوە. هەڵبەت گیرۆدەبوونی ڕووسییەش لە ئوکراین، فاکتەرێکی دیکە بوو کە یارمەتیدەری ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد بوو.
لەرزۆک بوونی پارسەنگی هێز
لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ڕووخانی ڕێژیمێک و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕێژیمێکی دیکە، چ لە ئاکامی شۆڕش و کودەتادا ڕووی دابێ یان لە ڕێگای دەستێوەردانی دەرکییەوە بووبێ، زۆر جار بووەتە هۆی لەنێوچوونی پارسەنگی هێز لە ئاستی ناوچەییدا.
کودەتای ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق و ڕووخاندنی سەڵتەنەت لە بەغدا و دواجار، لە ساڵی ١٩٦٨، کودەتای بەعسییەکان و بەستنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٧٢دا، پارسەنگی هێزی لە ناوچەکەدا بە قازانجی پانعەرەبیزم لە شکڵی سێکولار و سۆسیالیستیی خۆیدا گۆڕی. شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا وێڕای دەستێوەردانی نیزامیی سۆڤییەت لە ئەفغانستان، دیسان پارسەنگی هێزی لە ناوچەکەدا خستە دۆخی ناڕوونەوە تاکوو هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان عێراق و ئێران لە لایەک و شەڕی موجاهیدینی ئەفغانی دژ بە سۆڤییەت.[2]
ناڕەوابوون و لە ئاکامدا ناسەقامگیربوونی دەوڵەتی مۆدێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا – کە نیشانەکانی بریتین لە دووبارەبوونەوەی کودەتا، شۆڕش، پاکتاوکردنی نەتەوە کەمینەکراوەکان، کێشەی تایەفی، چەوساندنەوەی بەربڵاوی خەڵکی مەدەنی و بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆری وێڕای دەستێوەردانی پەیتاپەیتای زلهێزان – وایان کردووە پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بەردەوام لەرزۆک بێ. ئایدیۆلۆژیی جۆراوجۆر وێڕای تایەفەگەری و بەتایبەت کێشەی نێوان سوننە و شیعە سنووربەزێنن و بە نۆرەی خۆیان هۆکاری لەرزۆک بوون و تێکچوونی پارسەنگی هێزن.
پێش شۆڕش لە ئێران ساڵی ١٩٧٩، ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیی پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بریتی بوو لە ململانێیەکی ئاڵۆز لەنێوان هێزە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. لە دنیای عەرەبدا، لە لایەک پانعەرەبیزمی سێکۆلار سەرەتا بە سەرکردایەتیی میسر و دواتر بە سەرکردایەتیی عێراق و لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمە کۆنەوار و سەڵتەنەتییەکانی کەنداو لە ململانێدا بوون. دیکتاتۆریی سەڵتەنەتیی شا وای کردبوو ئێران کێشەی لەگەڵ ڕێژیمی سەڵتەنەتی لە عێراق تاکوو کودەتای عەبدولکەریم قاسم و بەتایبەت بەدەسەڵات گەیشتنی بەعسییەکان و هەروەها سعودییەدا نەبێ، بەڵام بەهۆی نەریتی لەمێژینەی ئیمپێریالیستی لە ئێران وێڕای ئەوەی کە ئەمریکا بۆ ڕێگری لەوەی سۆڤییەت و هاوپەیمانە پانعەرەبیست و سۆسیالیستەکانی باڵادەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەدەست نەهێنن، ڕێژیمی شای کردبووە هێزی نیابەتیی خۆی و تا ئاستێک ئەرتەشی ئێرانی بەهێز کردبوو کە لە کەنداودا لە ڕووی نیزامییەوە باڵادەست بوو.[3]
شۆڕش لە ئێران ڕووداوێکی ناوچەهەژێن بوو، بەڵام بە بەرپابوونی شەڕ لەنێوان عێراق و ئێراندا، ئەمریکا توانی پارسەنگی هێز ڕابگرێ تاکوو ئەوەی شەڕ کۆتایی پێ هات و عێراق بوو بە زلهێزی نیزامیی ناوچەکە. کاتێک عێراق کوەیتی داگیر کرد و ئەمریکا نیگەران بوو لە هەنگاوی دووهەمدا سعودییەش داگیر بکا، بۆخۆی دەستێوەردانی نیزامی کرد و ئەرتەشی عێراقی لە کوەیت وەدەر نا و لاوازی کرد. هەڵبەت مانەوەی ڕێژیمی سەددامیان لەپێناو ڕاگرتنی پارسەنگی هێزدا بە سیاسەتی ژیرانە زانی.[4]
لە پاش ١١ی سێپتامبرەوە، ئەمریکا ستراتیژیی ناوچەییی خۆی گۆڕی و لە ڕاگرتنی پارسەنگی هێزەوە، ئامانجی ڕووخاندنی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان و گۆڕینی ناوچەکە بوو. ئەم ستراتیژییە لە عێراق تاقی کرایەوە و لە عێراقیش شکستی هێنا. دوابەدوای شکست لە عێراق، ئەمریکا لە چارەسەکردنی کێشەکانی ناوچەکەوە بەرەبەرە سیاسەتی گۆڕا بۆ مودیرییەت کردنی کێشەکان و دواجار پاشەکشە کردن و گەڕانەوە بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز. پاش ڕووخاندنی حکومەتی بەعس و پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق وێڕای شەڕی نێوخۆیی لە سووریە و یەمەن، ئێران ئەو بۆشایییەی لەپێناو ستراتیژیی ئیمپێریالیستیی خۆی لە ناوچەکەدا قۆستەوە.[5]
بە ڕووخاندنی ڕێژیمی بەعس لە عێراقدا لە لایەن ئەمریکاوە، پارسەنگی هێز لەنێوان سوننە و شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا تێک چوو. کەوتنی ڕێژیمی بەعس لە سووریە، دەشێ ئەو پارسەنگە بگەڕێنێتەوە جێگای خۆی.
ئەو پردە زەمینییەی کە ئێران لە عێراق و سووریەوە تاکوو لوبنان دروستی کردبوو، ئێستا ڕووخاوە و قووڵاییی ستراتیژیکی لەدەست داوە. هاوکات، هەم سیستەمی دژە مووشەکیی ئیسرائیل و هاوکاریی نێوان ئەمریکا، بریتانیا و ئوردون بۆ بەرگریکردن لە مووشەکەکانی ئێران وێڕای زەربەی هێزی هەواییی ئیسرائیل لە سیستەمی بەرگریی هەواییی ئێران وێڕای قووڵبوونەوەی قەیرانە نێوخۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی، خامنەیی ناچار کردووە بە دان بەخۆداگرتن و تاکوو ئێستا وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیلییان نەداوەتەوە.
بەو پێیە، ڕووخانی ڕێژیم لە سووریە بایەخی ئیجگار گرنگی جێوسیاسی هەیە و بە ئەندازەی ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، گرنگیی مێژوویی هەیە. ئەگەر ئێران لە ٢٠٠٤ بەدواوە لە هێرش بردندا بوو و ئیمپراتۆریی نافەرمیی لە شکڵی هیلالی شیعیدا دروست کردبوو، لە دوای کەوتنی ئەسەدەوە لە پاشەکشەکردندایە.
لە زانستی سیاسیدا، پارسەنگی هێز وەک مێکانیزمێک لەپێناو پێکهێنانی سەقامگیری و ئاشتیدا بەتایبەت لە لایەن ڕیالیستەکانەوە پێداگری لەسەر کراوە. هەڵبەت پارسەنگی هێز نەگۆڕ و سابت نییە، بۆیە ناتوانێ ئاشتیی پایەدار یان دوورمەودا دابین بکا. بە سەرهەڵدانی دێموکراسی و بڵاوبوونەوەی لە ناوچەیەکدا، باشتر و دوورمەوداتر دەتوانێ سەقامگیری و ئاشتی دابین بکرێ. ئاشتیی پایەدار لە ئەورووپای پاش شەڕی دووهەمی جیهانی، کە گۆڕەپانی خوێناویترین شەڕەکانی دینا بووە، گوزارشتە لەوە، هەرچەند پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایشی ئەورووپا و سەرهەڵدانی یەکێتیی ئەورووپا و جێگیربوونی دێموکراسی وێکڕا دەوریان لە سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژاوای ئەورووپادا هەبووە. هەرچەند هێندێک لێکۆڵەر دێموکراسی بە مەرجی پێویستیی ئاشتی دەزانن، هێندێکی دیکە بە ئاماژەدان بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، دێموکراسی بە مەرجی پێویست بۆ ئاشتی نابینین. هەڵبەت گرنگە کە جۆری ئاشتیش ڕەچاو بکرێ، واتە “ئاشتیی سارد” (کە سەقامگیر نییە) و “ئاشتیی گەرم” (کە سەقامگیرە).[6]
هەرچۆنێک بێ، بەهۆی ئەوەوە کە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین گرفتی قووڵی ڕەوایەتییان هەیە، پارسەنگی هێز ناتوانێ تەنانەت ئاشتیی سارد بە مانەی نەبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا دابین بکا. بۆیە، لەگەڵ ئەوەی پارسەنگی هێز لەنێوان سوننە و شیعەدا گەڕاوەتەوە جێگای خۆی و ئێران لە پاشەکشەدایە، ناکرێ چاوەڕوانیی سەقامگیری و ئاشتی بکەین، مەگەر ئەوەی سووریە و باقیی وڵاتان بەرەو دێموکراسی گوزەر بکەن. ئەوەش لە کورتمەودا و نێوەندمەودادا ئەگەری نییە.
ئەستەمە سووریە بەرەو دێموکراسی گوزار بکا
لەگەڵ ئەوەی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆدەنگی سەبارەت بە شیکردنەوەی شۆڕش و هۆکارەکانی نییە[7]، بەڵام نەتیجەی بەشی بەرچاوی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە شۆڕش دەری دەخەن کە هەر شۆڕشێک کە لە ڕێگای زەبروزەنگەوە بە ئاکام بگا، ئەستەمە حکومەتێکی دێموکراتیکی لێ بکەوێتەوە.[8]
ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد نەتیجەی یەکێک لە درێژخایەنترین و خوێناویترین شەڕە نێوخۆیییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. لەو شەڕەدا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون، نزیکەی پێنج ملیۆن لە دانیشتووانی سووریە ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون، حەوت ملیۆنی دیکە لە نێوخۆدا ئاوارەن، ئابووریی وڵاتەکە لە ماوەی ١٤ ساڵ شەڕی نێوخۆییدا، ٨٥ لەسەد کەمی کردووە، لە کاتێکدا زیاتر لە ٩٠ لەسەدی دانیشتووان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەمە وێڕای ئەوەی ژێرخانی وڵاتەکە وێران بووە. شارەزایان ڕایان وایە کە ئاوەدانکردنەوەی سووریە دوو دەیە دەخایەنێ، ئەویش بە مەرجێ وڵاتەکە لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر بێ، ڕۆژاوا گەمارۆکانی لەسەر هەڵگرێ و یارمەتیی ئابووری لە دەرەوە وەربگرێ.[9]
بەو پێیە، سووریە پاش شەڕی وێرانکەری نێوخۆیی پێشمەرجی دێموکراسیی تێدا نییە. سووریە هەروەها پێشینەی دێموکراسی نییە و ئەو لایەنانەی لە شۆڕشدا سەرکەوتوون، هێزی چەکدار بوون کە نامۆن لەگەڵ فەرهەنگی دیالۆگ و تەنازولکردن، کە بە فەرهەنگی دێموکراتیک دێتە ئەژمار.
ئەو هێزەی ئێستا لە دیمەشق دەسەڵاتی -دەستەی ڕزگاریی شام- بەدەستەوە گرتووە، ڕێکخراوێکی سەلەفیی جیهادییە کە لە ئەلقاعیدەوە سەرچاوەی گرتووە، هەرچەندە لە دە ساڵی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەر خۆیدا هێناوە و بە دەرسوەرگرتن لە شکستی داعش، پراگماتیکانە جووڵاوەتەوە. حوکمڕانیی دەستەی ڕزگاریی شام لە ئیدلیب نیشانی دەدا سەرەڕای ئەوەی وەک داعش و تاڵەبان لە ئەفغانستان توندڕەو نییە، بەڵام دیسان ڕێکخراوێکی سەلەفییە. ئەوەی کە ڕێکخراوەکە لەپێناو سەرکەوتندا پراگماتیکانە جووڵاوەتەوە و لەوەتی لە دیمەشق دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە خۆی لە لێدوانی توند پاراستووە، بە واتای ئەوە نییە پابەندی دێموکراسی دەبێ.[10] وێدەچێ دەستەی ڕزگاریی شام سێ تا چوار ساڵی دانابێ بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە دیمەشق قایم بکا بۆ ئەوەی بتوانێ دەستووری داهاتووی سووریە بە گوێرەی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی خۆی بنووسێتەوە. نیشانەکان هەر لە ئێستەوە، بەتایبەت سەبارەت بە ڕێفۆرمی سیستەمی پەروەردە، گوزارشتن لە ئیسلامیزەکردنی سووریە.[11]
دەبێ ئەوەشی لێ زیاد بکرێ کە تەنانەت ئەگەر لە سێ تاکوو چوار ساڵی داهاتوودا دەستوورێکی دێموکراتیک پەسەند بکرێ و هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێ، مەرج نییە دێموکراسی لە سووریە جێ بگرێ. لە هەموو ئەو وڵاتە عەرەبییانە کە لە پرۆسەی بەهاری عەرەبیدا گۆڕانیان بەسەردا هات، تەنیا تونیس گوزەری بەرەو دێموکراسی کرد. بەڵام لەوێش، بەهۆی گەندەڵیی بەربڵاو و ناکاریگەربوونی حکومەت و ناسەقامگیریی سیاسی، لە عەمەلدا سەرۆککۆماری وڵات جۆرە کودەتایەکی دەستووری ئەنجام داوە. دێموکراسی لە تونیس نەتیوانی دادپەروەری و ئەمنییەتی ئابووری دابین بکا. بۆیە، لە ڕوانگەی دانیشتووانی تونیسەوە، وڵاتەکەیان بەتەواوی دێموکراتیک نییە، چونکە “دێموکراسی” لای خەڵکی ئاسایی تەنیا بریتی نییە لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، بەڵکو دێموکراسی دەبێ بتوانێ کەرامەتی دانیشتووان بپارێزێ، ئەوەش بەندە بە دابینکردنی ئەمنییەتی ئابووری لە دیدی دانیشتووانەوە.[12]
وێرانبوونی سووریە پاش ١٤ ساڵ شەڕی نێوخۆیی و ئەرکی گرانی ئاودانکردنەوەی وڵات وێڕای ئەوەی کە لە ڕووی سامانی سروشتییەوە وەک عێراق و وڵاتانی کەنداو دەوڵەمەند نییە، ئەستەمە حکومەتێکی دێموکراتیک لە داهاتوودا شکڵ بگرێ کە بتوانێ کەرامەتی دانیشتووان بپارێزێ.
جیاوازییەکی دیکەی نێوان تونیس و سووریە بێگومان ئەوەیە کە سووریە بایەخێکی گرنگی جێوسیاسی هەیە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیە و وڵاتانی دیکەی دراوسێ وێڕای وڵاتانی ڕۆژاوا لە هەوڵدا دەبن بۆ شکڵدان بە داهاتووی سووریە بە گوێرەی بەرژەوەندییە جێوسیاسییەکانی خۆیان، کە بە نۆرەی خۆی دەتوانێ، وێڕای ناکۆکیی نێوخۆیی کە ڕەنگبێ لە داهاتوودا زیاتر بەرجەستە ببنەوە، ناسەقامگیری لە وڵاتدا پێک بێنێ.
داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان: لەبری کۆتایی
دوو فاکتەر یارمەتیدەری سەرهەڵدانی حکومەتی دیفاکتۆی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان بوو. یەکەم، بەهۆی ئەوەوە کە ڕێژیمی ئەسەد لە ئەساسدا ڕێژیمی کەمینەی عەلەوی بوو و بەسەر سوننە، کورد، مەسیحی و دروزدا حکومەتی دەکرد، بە ڕاپەڕینی سوننە، کە زۆرینەی دانیشتووان پێک دێنن، خۆی لە شەڕی چەند بەرە پاراست و لە کوردستاندا پاشەکشەی کرد. پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان پارتی کرێکاران و ڕێژیمی ئەسەد لەوبارەوە بووە هۆی ڕێککەوتنێک.[13]
دووهەم، پارتی کرێکاران لە ڕێگای دامەزراندنی شاخەیەک بۆ ڕۆژاوای کوردستان، توانی باڵادەستیی نیزامی بسەپێنێ و ڕێگە نەدا پارتی دێموکرات هێزی سەر بەخۆی ڕەوانەی ڕۆژاوا بکا. ئەمەش نەک تەنیا ڕێگری لە شەڕی نێوخۆیی لە ڕۆژاوادا کرد، بەڵکو یارمەتیدەری حکومڕانیی نیسبەتەن کاریگەر بوو، سەرەڕای دژواریی بارودۆخی ئابووری لە ڕۆژاوا. هەڵبەت پارتی کرێکاران، هاوشێوەی ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەت پارتی، دەیەوێ سەرکردایەتیی خۆی بەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بسەپێنێ و وەک ئامرازی جێوسیاسی لەپێناو بەرژەوەندیی حیزبی خۆیدا کەڵکیان لێ وەربگرێ. ئەمەش وای کردووە کە تورکییە خۆسەریی ڕۆژاوای کوردستان بە خەتەر لەسەر خۆی ببینێ و هەوڵی لەنێوبردنی بدا.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ڕزگاریی شام هاوپەیمانی تورکییەیە و ئایدیۆلۆژییەکەی تێکەڵاوێکە لە سەلەفیگەری و ناسیۆنالیزمی عەرەبی و بە پاساوی پاراستنی “یەکپارچەییی خاکی سووریە”، دژی حکومەتی کوردی لە ڕۆژاوایە.[14]
نەهامەتی یان تراژیدیای سیاسیی کوردی ڕۆژاوا ئەوەیە کە ڕێکخراوەکانیان درێژکراوەی پارتی کرێکاران، پارتی دێموکرات و یەکێتیی نیشتمانین و بەو هۆیەوە، سەربەخۆییی سیاسییان نییە. ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆ بایان، دەیانتوانی پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد و بە لەبەرچاوگرتنی لاوازبوونی ساختاریی سووریە وێڕای ناوکۆکیی جێوسیاسیی وڵاتانی ناوچە و زلهێزانی دەرەکی، حکومەتەکەیان بپارێزن. ڕاستە تورکییە دژایەتیی ناسنامە و مافی کورد سیاسەتی دایەمیی بووە، بەڵام دواجار ناچار بوو لەگەڵ باشووردا هەڵ بکا. هەروەها حکومەتی نوێ لە دیمەشق حکومەتێکی عەرەبییە و ئەگەر هێزی هەبێ، ملکەچی تورکییە نابێ. جێگای ئاماژەیە کە یەکەم سەردانی وەڤدی دیپلۆماتیکی حکومەتی کاتی لە دیمەشق بۆ سعودییە بوو، نەک بۆ تورکییە، لەگەڵ ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکییە یەکەم کاربەدەستی بیانی بوو کە پاش ڕووخانی ئەسەد سەردانی دیمەشقی کرد.
خەتەری بەرچاو لەسەر حکومەتی کوردی لە ڕۆژاوا لە لایەن تورکییە و هێزە نیابەتییەکانییەوە سەرچاوە دەگرێ. دەستەی ڕزگاریی شام هێشتا پێگەی خۆی قایم نەکردووە و ئەستەمە بتوانێ بەبێ پشتیوانیی دەرەکی، بەزۆر ڕۆژاوای کوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. بەو پێیە، لە کورتمەودا و نێوەندمەودادا، داهاتووی حکومەتی کوردی لە سووریە بەندە بەوەوە کە ئایا و تا چ ڕادەیەک بتوانن سەربەخۆییی سیاسیی خۆیان بسەلمێنن و تورکیە وادار بکەن کە هێرشیان نەکاتە سەر.
[1] Bergman, R., Rasgon, A., Kingseley, P. “Secret Documents Show Hamas Tried to Persuade Iran to Join Its Oct” 7 Attack, New York Times, October 12, 2024.
[2] Ryan, D. and Kiely, P., eds. (2009). America and Iraq: Policy-Making, Intervention and Regional Politics. London: Routledge.
[3] Palmer, M. (1992). Guardians of the Gulf: A History of America’s Expanding Role in the Persian Gulf, 1883-1992. New York: The Free Press.
[4] Haass, R. (2009). War of Necessity, War of Choice: A Memoir of Two Iraq Wars. New York: Simon & Schuster.
[5] Ahmedi, I. (2013). The Remaking of American Strategy toward Iran and Iraq: Outline of a Theory of Foreign Policy Change. Stockholm: US-AB.
[6] Miller, B. (2005). When and How Regions Become Peaceful: Potential Theoretical Pathways to Peace, International Studies Review, Vol. 7(2); Solingen, E. (2007). Pax Asiatica versus Bella Levantina: The Foundations of War and Peace in East Asia and the Middle East, American Political Science Review, Vol. 101(4).
[7] Goldstone, J. (2024). The Generations of Revolutionary Theory Revisited: New Works and the Evolution of Theory, Critical Sociology, Vol. 50(6).
[8] Ammons, J. (2024). Institutional effects of nonviolent and violent revolutions, World Development Perspectives, Vol. 34.
[9] Nik Martin (2004). “What’s next for Syria’s devastated economy?”, https://www.dw.com/en/syria-after-assad-whats-next-for-the-devastated-economy/a-71003751.
[10] Drevon, J. (2024). Can Jihadis’ Strategic Interests Trump Their Ideology? Foreign Support and Insurgent Survival in Syria. Studies in Conflict & Terrorism, 1–22. https://doi.org/10.1080/1057610X.2024.2398662.
[11] Usher, S. “New Syrian government’s school curriculum changes spark concern”, BBC, https://www.bbc.com/news/articles/c1ln12056ppo.
[12] Zakhour, K. (2023). Tunisien och demokratins inneboende instabilitet, Statsvetenskaplig tidskrift, Vol. 125(2).
[13] Tejel, J. (2012). Syria’s Kurds: Troubled Past, Uncertain Future, https://carnegieendowment.org/research/2012/10/syrias-kurds-troubled-past-uncertain-future?lang=en.
[14] “Syria’s Foreign Minister: Rebuilding a nation after al-Assad’s fall”, https://www.aljazeera.com/program/talk-to-al-jazeera/2025/1/1/syrias-foreign-minister-rebuilding-a-nation-after-al-assads-fall.