گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠
شیکاری
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024
یووسفی، کەیوان (٢٠٢٤):دووانەی ناتەبای کورد بوون و ئێرانی بوون. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٢٤٣–٢٣٤ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/
دووانەی ناتەبای کورد بوون و ئێرانی بوون
کەیهان یووسفی
پوختە
خەبات لە کوردستان وەکوو خەباتی دژ بە داگیرکاری خۆی ناساندووە و پێناسە کردووە، بەڵام هەڵسوکەوتی ئەم بزووتنەوەیە ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە هەڵسوکەوتی بزووتنەوەیەکی دژەداگیرکاریی ناچێت. کوردستان و داگیرکاری باسێکی نوێ لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا نییە، بەڵام بە شێوەی ئاکادێمیک و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەم ساڵانەی دواییدا بابەتێکی سەرەکی بۆ لێکۆڵینەوە بووە و بە باشی کاری لە سەر کراوە. داشکاندنی پرسی کوردستان تا ئاستی کێشەی حکوومەتە ناوەندییەکان، لە ڕاستیدا سڕینەوەی مەبەستی سەرەکیی پرسەکەیە. سەروەریی فارس، بە تەنیا خواستی ڕێژیمەکانی تاران نییە، بەڵکوو خاڵی هاوبەشی زۆرینەی فارسە و فارسەکان بە هیچ چەشنێک حازر بە هەڵوەشاندنەوە یان هاوبەشکردنی ئەوانیتر لەم سەروەریەدا نابن. داگیرکاری فارس بۆ بەردەوامبوونی سەروەریی خۆی، دەیهەوێت لە نێو دیسکۆرسی خۆیدا چالاکی بکەین. بۆ ئەوەی فریای بە گژداچوونەوەی پرۆسە بەردەوامەکەی داگیرکاریی ئەوان نەکەوین، هەوڵ دەدەن پەرە بە زەمینەکانی بەگژداچوونەوەی ناوماڵی کورد بدەن و بەم چەشنە ئێمە لە ئامانجی ڕزگاری دوور بخەنەوە. ناسیۆنالیزم یان کوردستانیبوون بنەما و ستراکتۆری یەکخستن و کۆکردنەوەی هێزی کۆمەڵگەی داگیرکراوی کوردستانە بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ئێرانی.
پێشەکی
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی ڕەنگە لە چاو نەتەوەکانی تر لە نێو سیاسییەکانی کورددا بەرچاوتر بێت، تایبەتمەندیی یەکنەگرتن و پێکەوە هەڵنەکردنە. لە زۆربەی شرۆڤەکاندا تیشک خراوەتە سەر دیاردەی بەهەندنەگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی “کوردستان و کورد” لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردەوە، لە حاڵێکدا دروشم و لێدوانی ڕۆژانەی شرۆڤەکار و بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسییەکان، هەمیشە بە دروشمی “سەرکەوتن لە یەکگرتندایە” دەست پێ دەکات. یەکەم زەروورەت یان ئەولەوییەتی یەکەم بۆ نەتەوەیەکی ژێردەست و داگیرکراو لەمەڕ ڕزگاری، هەبوونی یەگرتوویی لە نێو هێز و ڕەوتە خەباتکارەکانیدا و هەروەها ڕێککەوتن لە سەر خاڵەهاوبەشە نەتەوەییەکانیەتی؛ بەڵکوو لە ئەگەری پێشهاتنی دەرفەتێکی لەبار، چ خۆیان بیخوڵقێنن یان بە هەر هۆکارێکی دیکە بۆیان بڕەخسێت، کەڵکی لێ وەربگیرێت و کۆتایی بە ستەمی ژێردەستەیی و داگیرکاری بهێنرێت.
کوردستان و پرسی داگیرکاری باسێکی نوێ لە نێو کۆمەڵگای کوردستان نییە، بەڵام بە شێوەی ئاکادمیک و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بابەتێکی سەرەکی بۆ لێکۆڵینەوە بووە کە بە باشی کاری لە سەر دەکرێت و لایەنە شاراوەکانی سەرنەکەوتنی بزووتنەوەی کوردستان و هۆکارەکانی باشتر دەستنیشان دەکرێن. بە گشتی دوو شرۆڤە لەمەڕ “کۆلۆنی”بوونی کوردستان لە ئارادایە: کوردستان وەکوو کۆلۆنییەکی نێونەتەوەیی کە کەسانێکی وەک بیرمەندی تورک، ئیسماعیل بێشکچی باسیان لە سەر کردووە و هەروەها کوردستان وەکوو کۆلۆنییەکی نێوخۆیی کە دەبێت لە چوارچێوی سنووری ئەو دەوڵەتانەی کوردیان بە سەردا دابەش کراوە شرۆڤە بکرێت.[1] خوێندنەوەی دۆخی خەبات لە کوردستان لەم دەلاقەیەوە، واتە وێناکردنی کوردستان وەک کۆلۆنییەکی داگیرکراوی ئێرانییەکان، زیاتر یارمەتیمان دەدات هەتا بەدوای وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارەدا بگەڕێین کە بۆچی کوردستان ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە خاوەنی بزووتنەویەکی یەکگرتوو و رێکخراو بێت و لەبەر چی هەڵسوکەوتی تاکی سیاسیی کورد بەرانبەر بە خۆی لە لایەکەوە و بەرانبەر بە داگیرکەران لە لایەکی دیکەوە، ئاڵۆز و ناسروشتییە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێت ئاوڕێک لە چۆنیەتیی بیچمگرتنی تاکی کورد و هەڵسوکەوتی کورد لە پرۆسەی سیاسەتی داگیرکاریی ئێرانییەکاندا بدرێتەوە. هەروەها ئەم وتارە هەوڵ دەدات شرۆڤەیەک بۆ ئەم پرسیارە بکات کە داگیرکەری ئێرانی لە چ ڕێگایەکەوە کار بۆ لەقاڵبدانی کەسایەتیی تاکی کورد هەر لە منداڵییەوە دەکات بەڵکوو چالاکی و خەباتی تاکی کورد لە بازنەی پێناسە و گوتاری داگیرکەر دەرباز نەبێت و بەم چەشنە سەروەریی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە. خولیای گەیشتن بە مافی یەکسان لە گەڵ داگیرکەردا قەت نایەتە دی. ئەمە قەیرانێکە کە بزووتنەوەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی نەیتوانیووە لێی تێپەڕێت. چونکە ئامانجی بزووتنەوەی دژە داگیرکاری، مافی یەکسان نییە، بەڵکوو ڕزگارکردنی تاکی داگیرکراوی کوردە.
خەونی بوون بە فارس
تەمەنم لە نێوان شازدە و حەڤدە ساڵان بوو، کۆتاییی وەرزی بەهار بوو و لە گەڵ کوڕی پووم، بۆ کرێکاری ڕۆیشتین بۆ تاران. دیارە پوورزایەکی ترمان لەوێ بوو کە لە کارگەیەک کاری دەکرد و ڕۆێشتین بۆ لای ئەو. یەکەم جار بوو دونیای دەرەوەی کوردستانم دەبینی. لە گەراجەوە تەکسییەکمان گرت؛ لە نێو تەکسیدا بانگی کوڕی پوورم کرد تا لەگەڵی بدوێم، بە تووڕەییەوە سەیری منی کرد و وتی “فارسی قسە بکە لامەسەو (لا مەزهەب) با نەزانن کوردین”. دیارە من هەر ملم نەدا، نە حەزم لە فارسی قسەکردن بوو و نە متمانەبەخۆبوونێکم لە خۆمدا شک دەبرد کە بێ لەهجە فارسی قسەبکەم، دواجار ئەویش دوای چەن ڕۆژ سووکایەتی بینین و گاڵتەکردن بە لەهجە فارسییەکەی، ئیدی لە گەڵ فارسەکانیش بە کوردی دەدوا.
وەکوو بەشێک لە ئیلیت و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی داگیراوی کوردستان، کوڕە پوورەکەی منیش دەیویست ببێ بە خاوەنی شکۆ و شارستانییەت. ببێت بە کوڕە تارانی و بە لای ئەوەوە بۆ گەیشتن بەم ئاستە خەیاڵییە، دەبێت حاشا لە کوردبوونی خۆی بکات و ببێت بە فارس یان دەبێ بە فارسییەکی بێ خەوش بدوێت، بەڵکوو دەرگاکانی بەختەوەری بە ڕوویدا بکرێنەوە؛ بەڵام بێ ئاگا لەوەی کۆمەڵگەی داگیرکەر ناتوانێت ئەو لەخۆی بگرێت. ئەو دەبێت هەر سووک و داگیرکراو بـمێنێتەوە. ئەو تەمەنی کەم بوو و بە هۆی کاریگەریی سیستەمی پەروەردە و میدیای ئێرانییەوە، وای دەزانی تاکی فارس خاوەن شارستانییەت و هەڵگری حەقیقەتە. “فرانتز فانۆن” لە پەرتووکی “پێستی ڕەش و ماسکە سپییەکان”دا بەم جۆرە شرۆڤەی ئەم دۆخە دەکات: “قارەمان لای منداڵێکی داگیرکراو، پیاوێکی داگیرکەرە. چونکە لە قوتابخانەدا فێری دەکەن کە پیاوی سپی حەقیقەت بۆ وەحشییەکان (ڕەش پێستەکان) دەهێنێت. ئەو لە پەڕتووکی داگیرکەران و لە قوتابخانەدا فێری چیرۆکی وەحشییەکان دەبێت.”[2] چیرۆکی منداڵێکی لەدایکبووی کوردستانی داگیرکراو بەدەر لەمە نییە. لە پەڕتووکی مێژوو لە قوتابخانە ئێرانییەکاندا، قارەمانە نەتەویییەکانی ئێمە دەکرێن بە تاکێکی دوور لە شارستانییەت. بۆ نموونە: سمکۆ، باوکی ناسیۆنالیزمی کوردستان بە جەردە و مرۆڤکوژ دەناسێنرێت و داگیرکەرە بکووژەکانیشی دەبن بە قارەمان. واتا ئێمە لە منداڵییەوە فێردەکرێین ڕێز لە بکوژەکانی خۆمان بگرین و بێز لە قارەمانەکانی خۆمان بکەین. ئێمە هەر لە منداڵییەوە لە قوتابخانەکان فێر دەکرێین کوردبوون تاوانە و فارسبوون شانازییە. بۆ گەیشتن بە ئاسایش و هەڵاتن لە ڕەنج و ئازار، دەبێت کورد نەمێنیت و کوردبوون بە واتای دۆخێکی پڕ ئێش و ئازار دێت.
ئەم زارۆکە کوردەش هەر لە سەرەتاوە لە نەستی خۆیدا سەرکوت دەکرێت. شوناسی دەشێوێنرێت و لە دژوازیی چیرۆکی نێوان بنەماڵە و قوتابخانەدا، لە دژوازیی نێوان چیرۆکی زارەکی و فولکلۆری کۆمەڵگای خۆی و گێڕانەوە درۆیینەکانی نێو پەرتووکەکانی قوتابخانەی داگیرکەردا دەژیت و لەگەڵ شوناس و کەلتوور و مێژووی خۆی و نەتەوەکەی نامۆ دەبێت. ژیان لەم دۆخەدا کاریگەری لە سەر دروستبوونی کەسایەتیی تاکی داگیرکراو دادەنێت. کاریگەرییەک کە ڕەنگە تا مردن لەگەڵی بێت و نەکرێت خۆی لێ دەرباز بکات. دیاردەی “خۆبەکەمزانین”، دەرکەوتەی وەها دژوازییەکە کە لە ڕێگای ڕاسیزمی داگیرکەرەوە بۆ سەپاندنی سەروەریی سیاسی و ئابووریی خۆی دێتە ئەنجام و هەر بۆیە تاکێکی کورد لە بەرانبەر فارسێکدا بەردەوام هەست بە خۆ بە کەمزانین دەکات. تاکێکی خۆبەکەمزان ئیدی توانای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ داگیرکەری پێ نامێنێ و لە جیاتی تێکدانی پەیوەندیی داگیرکەر-داگیرکراو، دەیهەوێت ببێت بە بەشێک لەو. واتا توانای دەربازبوون لەو پێناسەیەی نامێنێ کە بۆی دانراوە.
خولیای گەیشتن بە مافی یەکسان لە گەڵ داگیرکەر هیچ کات نایەتە دی. ئەمە قەیرانێکە کە بزووتنەوەی کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی نەیتوانیوە خۆی لێ دەرباز بکات. چونکە ئامانجی بزووتنەوەی دژەداگیرکاری مافی یەکسان نییە، بەڵکوو ڕزگارکردنی تاکی داگیرکراوی کوردە لە داگیرکاری. لە پرۆسەی داگیرکاریدا، کەسایەتیی تاکی کورد ئاڵۆز و لە خۆنامۆکراوە و دەبێت کار بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە گشت بوارەکاندا بکات. فانۆن پێی وایە: “بزووتنەوە نەتەوەیییە دژەداگیرکارییەکان، توانای هەڵوەشاندنەوەی ئایدۆلۆژیای سیستەمی داگیرکارییان نییە. ڕێبەرە نەتەوەییەکانی سەر بە چینی ناوەڕاستی ئەم بزووتنەوانە پێیان وایە گەیشتن بە دەسەڵات کۆتایی بە داگیرکارییە، بەڵام دوایی خۆیان دەبن بە نوێنەرانی بورژوازیی داگیرکاری”.[3] ڕەگی ڕاستی و تاڵیی ئەم لێدوانەی فانۆن لە ڕەوشی هەنووکەییی باشووری کوردستاندا دەبینرێت. دۆخێکی تراژیک کە بەشیکی زۆر لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک نموونە و ئایدیال خەونی پێوە دەبینن؛ واتا گەیشتن بە دەسەڵات لە جیاتی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری؛ هەر بۆیە بەردەوام دەیانهەوێت لە گەڵ داگیرکەر پێک بێن.
پارادۆکسی هەڵسوکەوتی سیاسیی ئێمە
شۆڕشی ژینا لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٢ ی زایینی، بۆ جاڕێکی دیکە تێگەیشتنی تەسکی سیاسەتمەدارانی کورد لە سەر ئەوانی دیی دەرخست. لە شەقامەکانی کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە دەست داگیرکاری خوێن دەدرا و کەچی سیاسییەکانی ئێمە بە تەمای ڕەحمەتی دەستی فارسێکی بێ دەسەڵات، لە دیبەیت و ڕاگەیاندنەکاندا لەبەریان دەکڕووزانەوە. ئیدوارد سەعید، پێی وایە: “پەیوەندیی نێوان ڕۆژئاوا(داگیرکەر) و ڕۆژهەڵات(داگیرکراو)، پەیوەندیی هێز، سەروەری و پلە جۆراوجۆرەکانی هێژمۆنییەکی ئاڵۆزە”.[4] خەسارناسیی شۆڕشی ژینا پێمان دەڵێت چۆن کورد دیسان هەڵەی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی دووپات کردەوە. دووپاتکردنەوەی ئەم هەڵانە سەلمێنەری تێنەگەیشتن لە دۆخی خۆت و نەناسینی قووڵی بەرانبەرەکەتە. هیچ فارسێک لە ڕێگای ئاشتییەوە هێز، سەروەری و هێژمۆنی خۆی لە گەڵ تۆ دابەش ناکات. ئێمە پێویستمان بە دووبارە بیرکردنەوە و خەسارناسیی قووڵ و بەربڵاوی مێژوو و دۆخی هەنووکەییی خۆمانە. کورد لە شۆڕشی ١٩٧٩دا سێ ڕەوتی سەرەکیی هەبوو کە ئەم سێ ڕەوتە دەیانویست لە ڕێگەی گشتییەتی ئێرانەوە مافی کورد دابین بکەن. حیزبی دیمۆکرات پێی وا بوو ئێرانێکی دیمۆکراتیک دەتوانێت پارێزەری خودموختاری بۆ کوردستان بێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیی بە هاوخەباتیی ڕەوتی دیمۆکراسیخوازی ئێرانی بوو. کۆمەڵە دەیهەویست لە ڕێگای هاوکاریکردن لەگەڵ هێزە چەپە ئێرانییەکان کۆمەڵگایەکی پرۆلیتاری بۆ ئێران دروست بکات و ڕەوتی ئەحمەدی موفتیزادەش لە ڕێگەی خومەینی و دواتر گرووپە سونییەکانەوە کاری بۆ دامەزراندنی حکوومەتی شووراییی ئیسلامی بۆ ئێران دەکرد تاکوو گەرەنتییەک بۆ مافەکانی کورد وەربگرێت.
ستەمی نەتەوەیی و ئایینی و دواکەوتووییی ئابووری و … لە کوردستان، بەرهەمی سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی فارسە. هەروەک لە سەروەوە ئاماژەمان پێ کرد، دۆخی داگیرکاریی تاکی کورد هەر لە منداڵییەوە تووشی داڕمانی کەسایەتی و متمانەبەخۆنەبوونی کردووە؛ بە چەشنێک لە خۆی نامۆکراوە کە هەست بە خۆبەکەمزانین لە ناخیدا جێگیر بووە. دەربازبوون لەم دۆخە پێویستی بە ڕزگاربوونی تاکی کورد لە هەموو ڕەهەندەکانی داگیرکارییە نەک بەستراوەیی بە داگیرکەر و بوون بە ئەو. بزووتنەوەی کوردستان لە ژێر کاریگەریی ئایدۆلۆژیای چەپی ئێرانی و ئیسلامی ئیخوانی، لە جیاتی خەبات بۆ بنەبڕکردنی پرۆسەی داگیرکاری، بە وتەی ئیدوارد سەعید، تێکدانی پەیوەندیی هێز و سەروەری و هێژمۆنی، بە تەمای ڕێفۆرم و چاکسازی لەم پەیوەندییەدایە. پەیوەندییەک کە لای دەسەڵات و ئۆپۆزیسۆنی فارس هەمیشە ئەولەوییەتی یەکەم و هێڵی سوور بووە و پاراستنی ئەم هێژمۆنییە، پێشمەرجی هەر چەشنە وتووێژ یان دروستکردنی هاوپەیمانییەک لە گەڵ کورد بووە ودەبێت.
ئەوەی زۆر ڕوونە، بەڕێوەبەرانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان بیرکردنەوەیان هێشتا لە دۆخی شۆڕشی ١٩٧٩دا چەقیوە و نایانهەوێت ئەو ڕاستییە ببینن کە کورد لە ڕێگای تارانەوە ڕزگار ناکرێت؛ بەڵکوو بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی نوێ، پێویستە دان بە شکستی بێ ئەملاو و ئەولای ئەو چاوەڕوانییانەدا بهێنن کە لە کۆمەڵگای فارس هەمانبووە. خەباتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە خەباتێکی دژە داگیرکاری بووە و کوردستان تەنیا لە کوردستانەوە ڕزگار دەکرێت. د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لەمبارەیەوە دەنووسێت: “هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانەکانی کورد، ستەمی نەتەوەیی بوو. لە لایەکەوە هزری ناسیۆناڵیستی لە نێو کوردەکاندا لە حاڵی گەشەدا بوو و لە لایەکی دیکەوە ستەمی نەتەوەییی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەر کۆمەڵگای کوردستان ڕۆژبەرۆژ زیادی دەکرد”[5]. بە بۆچوونی یاماهاتا “دەوڵەت- نەتەوە تەنیا وەک داهێنانی ئەورووپیەکان پێناسە ناکرێت، بەڵکوو ئامرازی کۆلۆنیالیزمیشە. هەروەها سڕینەوەی داگیرکاری (Decolonisation) پرۆژەیەکی ڕزگاریدەری نەتەوەییە: واتا لە سەر بنەمای هێلێکی نەتەوەیی ڕێکخستنی بۆ دەکرێت تا هێز و دەسەڵاتی داگیرکاری بە پێکۆڵ بکێشێ و کۆتاییی پێ بێنێ”.[6] ئەم بۆچوونەوەی سەرەوە بۆ ئێمەی کورد لە خەباتی سەد ساڵی ڕابردوودا جۆرێک پارادۆکسی فیکریی دروست کردووە کە بزووتنەوەی کوردستانی بە تەواوی تووشی خەسار کردووە. هەر بۆیە ئێمە لە ژێر کاریگەریی دیسکۆرسی مارکسیستی و دژە ڕۆژئاوایی کە لە تارانەوە پان ئێرانیزە دەکرا، بەرەوڕوی دەسەڵاتی داگیرکەری تاران بووینەتەوە. تەنیا گوتارێک کە توانای یەکخستنی خەڵک بۆ ڕزگاری لە دەست داگیرکاریی هەیە، ناسیۆنالیزمە؛ هەر بۆیە ئێمە کە لە ژێر ستەمی داگیرکاریدا دەژین، بۆ ڕزگاربوون پێویستمان بە ناسیۆنالیزم هەیە و لە لایەکی دیکەوە ناسیۆنالیزم ودەوڵەت – نەتەوە بە ئامرازی داگیرکاری و ئیمپریالیزم دەزانرێت.
لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩دا هەر سێ ڕەوتی سەرەکیی کوردستان خۆیان وەکوو ڕەوتێکی دژە ئیمپریالیستی پێناسە دەکرد و هەر بۆیەش یان ناسیۆناڵیزمیان وەکوو ئەولەوییەت لە بەرچاو نەدەگرت یاکوو دژایەتییان دەکرد. دەوڵەتی نەتەویی ڕاستییەیەکی ئەمڕۆیی و نەزمێکی جیهانییە. ئەرکی کورد و هێزی کوردی نییە کە ئەم نەزمە بگۆڕێ و توانای ئەوەشی نییە. هەر بۆیە دەبووا و دەبێت خۆی لەگەڵی بگونجێت و جێ پێیەک بۆ خۆی دابین بکات. ئەمە ڕاستییەکی ڕوونە کە یەکەیەکی دانپێدانراو و خاوەن ڕەوایی لە ئاستی جیهانیدا؛ دەوڵەت- نەتەوەیە و بۆ ڕۆڵگێڕان لە ئاستی نێونەتەوەیی و پاراستنی گشتییەتی شوناس و بوونی خۆت، دەبێت خاوەنی خاک و دەوڵەتی خۆت بیت. نزیک بە یەک سەدە خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەلماندوویەتی بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس و دەربازبوون لە داگیرکاری، پێویستیمان بە دەوڵەتی نەتەوەیییە و بێدەوڵەتی، ڕیشەی ئەم دۆخە پڕ لە ستەم و تراژیکەی کوردە. بۆچوونێک کە لە کاتی ناشتنی شەهید “ژینا ئەمینی”دا کۆمەڵگەی کوردستان لە گۆڕستانی شاری سەقز بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد: “داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ژینامانی”.[7] کۆمەڵگای کوردستان ئاگایانە سەرچاوە و هۆکاری ستەمی پێناسە کردووە، هەر ئەو کات لە سەر گۆڕی شەهیدێک لە بۆکان، ئەندامێکی بنەماڵەکەی بەچەند ڕستە، بەڵام ورد ئەمەی شی کردەوە: “رێژیم لەتاران دیکتاتۆر و فاشیستە بەڵام لە کوردستان داگیرکەرە”.[8] بەڵام ڕەوایەت و خواستی شەقامی کوردی لە لایەن بەشێک لە ڕێبەرانی پارتە کوردییەکانەوە لە وتوێژ و دانیشتنەکان وەکوو خۆی باس نەکرا و بۆ ڕەزایەتی باڵادەستی فارس داشکانی لە سەر کرا.
خەبات لە کوردستان وەکوو خەبات دژ بە داگیرکاری خۆی ناساندووە و پێناسە کردووە؛ بەڵام هەڵسوکەوتی ئەم بزووتنەوەیە ئێستاشی لە گەڵدا بێت لە هەڵسوکەوتی بزووتنەوەیەکی دژە داگیرکاری ناچێت. ئێمە دەبێت پێناسەیەکی ڕوونمان لە خۆمان هەبێت. ئەگەر کوردستان داگیرکراوە، پێویستە کوردستان لە داگیرکەر پاک بکرێتەوە؛ واتا سەروەریی داگیرکەر لە سەر خاک و لە زەینی تاکی داگیرکراودا نەمێنێت. داگیرکەری ئێرانی دەیهەوێت لە سەر خاکی کوردستان جۆرێک لە تاکی بەستراوە بە خۆی بەرهەم بهێنێت؛ واتە مرۆڤی ئێرانی بە پێناسەی زمان، کەلتوور و مێژووی فارس. بە واتایەکی تر شێواندنی شوناسی تاکی کورد و لە کۆتاییدا تواندنەوەی. لە بەرانبەردا؛ بزووتنەوەی ئێمە (دژە داگیرکاری) دەبێت شوناسی ئەم تاکە (تاکی کوردی خاوەن زمان، مێژوو و کەلتووری خۆی) بپارێزێت و سەروەریی بۆ بگەڕێنێتەوە. خاڵی هاوبەش بۆ بەرەنگاربونەوەی داگیرکاری و یەکخستنی خەڵک، بێگومان ناسیۆناڵیزم یان کوردایەتییە. ئایدۆلۆژیاکانی دیکە ئەزموونی خۆیان کردووە و بێگومان ناتوانن و نەیانتوانیووە خەڵک لە ژێر چەترێکدا ڕێک بخەن و تەنیا بە جۆڕێکی دیکە، ژێردەستی بەرهەم دەهێننەوە و کۆمەڵگای کوردستانیان دابەش و پەرتەوازە کردووە.
ناسیونالیزم، ستراتێژیی ڕزگاری لە ژێر دەستی داگیرکارییە. ئەجندایەکە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەکی داگیرکراو بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکەی، واتە سەربەخۆیی. “داگیرکاری لە بنەڕەتدا ئەکتێکی توندوتیژانەی جۆگرافیایییە، ئەکتێک کە دژی خەڵک و خاوەندارێتییان لە مەڕ خاکەکەیان دەکار دێت”.[9] ئەوەی کە خاکی کوردستان لە ڕێگای توندوتیژی نواندنەوە داگیر کراوە و بە هۆی سەرکوتی هێزی سەربازییەوە بەردەوامە، ڕوون و لە بەرچاوە، بەڵام بزووتنەوەی کوردستان ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ خۆی وەکوو بزووتنەوەیەکی نەتەوەییی خوازیاری دەرکردنی گشتیەتی داگیرکەر لە کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەیی پێناسە نەکردووە. هەر چەند داخوازیی دابینکردنی مافی نەتەوەیی بۆ کورد لە چوارچێوەی جوگرافیای دەسکردی ئێراندا بووە. حیزبی کوردی و ڕێبەرایەتییەکەی دەبێت لەو ڕاستییە تێبگات کە فارس تا ئەو کاتە متمانەی پێ دەکات کە سەروەری و باڵادەستبوونی فارس تووشی مەترسی نەکات. فانۆن لە زمانی ژان پۆل سارترەوە وێکچوونی تێڕوانینی ئەو کاتی نازییەکان بەرانبەر بە جووەکان و هەروەها بۆچوونی ئووروپییەکان سەبارەت بە ڕەش پێستەکان وەها باس دەکات: “جوویەک، چ جێگای متمانە بێت یان نەبێت، بە salaud ( زۆڵ) ناودێر دەکرا. مەبەست لەم نازناوە ئەوەیە کە جوو لە هەر دۆخێکدا بێت و هەر چییەکیش بکات، لە دژی خۆی دەکات … جوو دەبێت باوەڕی سیستەمی ئاریایی بسەلمێنێت. لای ئەم سیستەمە دوو جۆرە پێناسە بۆ مرۆڤ هەیە: باش و خراپ و جوو هەمیشە خراپە. هەر چییەک بکات پیس و نەگریسە، کەوایە با چیتر جوو نەبین”.[10] چیرۆک و دۆخی جوو وەکوو چیرۆکی ئێمەی کوردە لە چاوی فارسەکان. تۆ یان دەبێ کورد نەمێنێت یان دەکەویتە ناو بازنەی خراپەی ئەوانەوە. ئەوان تۆیان پێناسە کردووە، تۆ جیاییخوازی و جیاییخواز لە بازنەی دۆستانی ئەواندا جێگای نابێتەوە و دەبێت بمرێت.
کوردی ئێرانی و ئێرانی فارسەکان
زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە دوژمنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا کۆماری ئیسلامییە. دەرەنجامی ئەم ڕستەیە ئەوەیە کە ئەگەر حکوومەت بڕووخێت، کێشەی کورد چارەسەر دەبێت. باوەڕهێنان بەم بۆچوونە وای کردووە کە هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ پێکهێنانی بزووتنەوە یان هاوپەیمانییەک لە نێوان ڕەوت و پارتە کوردییەکاندا نەیەتە ئاراوە. کورتکردنەوەی کێشەی کوردستان بە بوونی حکوومەتەوە، سڕینەوەی پرسی سەرەکیی مەسەلەکەیە. سەروەریی فارس تەنیا خواستی ڕێژیمی تاران نییە. دەکرێت بڵێین خاڵی هاوبەشی زۆرینەی فارسە و فارس بە هیچ چەشنێک حازر بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەسەڵاتە یان هاوبەشکردنی ئەوانیتر لەم سەروەرییەدا نییە. خاڵی یەکنەگرتنی ئێمە و ئەوان لێرەوە دەست پێ دەکات: ئێمە بۆ ڕزگاربوون دەبێت ئەم سەروەرییە پاوانخواز و داگیرکەرە هەڵوەشێنینەوە و لە چاڵی بنێین؛ ئەوان وەکوو دەسەڵات دەیانهەوێت بیپارێزن یان وەکوو ئۆپۆزیسیۆن تەنیا دەیانهەوێت سیما و ناوی بگۆڕن نەک ستراکتۆر و ناوەڕۆکەکەی. فارس دەیهەوێت ئێمە بەردەوام لە نێو بازنەی گوتاری ئەودا کایە بکەین و کایەکردن لە نێو دیسکۆرسی فارس، واتە گەرەنتیکردنی بەردەوامبوونی سەروەریی ئەو.
“ئورووپییەکان و سۆڤیەتییەکان لە کاتی داگیرکردنی ناوچەیەک، بەهای زۆرتریان بە ئێتنیک یان ئایینێک دەدا و پلە و پێگەی بەرزیان لە نێو دامودەزگای ئیداریی خۆیاندا پێ دەبەخشین. بەم چەشنە جۆرێک ڕکابەرییان لە نێوان گرووپەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دروست دەکرد. پراکتیزەکردنی لایەنگریکردن لە گرووپێکی نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی، یان گرووپێکی کەلتوری و چاوپۆشیکردن لە گرووپەکانی دیکە لە کۆمەڵگەیەکی کۆلۆنیالیزمیدا، یەک لە پاڵنەرە بەهێزەکان بوو بۆ هاتنەئارای ڕکابەری لە نێوان گرووپەکاندا و زۆرجاریش دەبووە هۆکار بۆ بەشداریکردنی یەک لەو گرووپانەی کە بە هەند وەردەگیران لە دابەشکردنی نایەکسانی سەرچاوەکاندا”.[11] لە جۆگرافیای ژێر دەسەڵاتی داگیرکاری فارسدا، دەکرێت تورکەکان بە بەراورد لەگەڵ کورد یان نەتەوەکانی وەک بەلووچ و عەرەب، وەکوو نەتەوەیەکی خۆشەویستتر لای فارس پێناسە بکرێت. ئەمەش بە جۆرێک ڕێخۆشکەر بووە بۆ کێبەرکێیەکی قووڵ لە نێوان کورد و تورکدا لە جیاتی ئەوەی کورد و تورک دژ بە فارس بن. بۆ نموونە هەر لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ ئەم کێبەرکێیە هاتە ئاراوە و لە ڕوودانی شەڕی نەغەدە[12] خۆی نواند و دەرکەوتەکەشی کوشتاری بە کۆمەڵی کوردەکان بوو بە دەستی تورکەکان و بە پاڵپشتیی هێزی سەربازیی دەسەڵاتی ئێرانی. یان بۆ نموونە تورکەکان لە باڵاترین پۆستە حکوومەتییەکاندا دادەنرێن بەڵام ئەو دەرفەتە بە کورد نادرێت و ئاخرین نموونە سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، مەسعوود پزشکیانە[13] کە بە ڕەچەڵەک تورکە بەڵام هیچ کوردێک ( باس لە مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەکرێت کە هەم خۆیان بە ئێرانی دەزانن و هەمیش گوێڕایەڵێ دەسەڵاتن) شانسی خۆپاڵاوتنیشی پێ نەدرا.
ئەم مێتۆدە کە بەشێکە لە میراتی داگیرکاری، ئێرانییەکان لە کوردستاندا بە شێوازێکی زۆر وردتر دەکاری دەکەن. نموونەی هەنووکەیی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دەبێ وەک هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر کورستان سەرەنجی بدرێتێ، کێشمەکێش یان دژایەتیی نێوان لایەنگرانی زاراوە کوردییەکانە. ئەگەرچی گشتییەتی کوردستان لە ژێر داگیرکاریدایە، ئەوان باس لە ستەمی زارواەیەک بەرانبەر بە زاروەیەکی دیکە زەق دەکەنەوە کە ئەم زاراوەیە دەیهەوێت زاراوەکانی دیکە لە ناوببات. بۆ نموونە سۆرانی لە بەرانبەر لەکی، کەلهوڕی و هەورامی. لە حاڵێکدا گشت ئەم زاراوەگەلە، جوگرافیا و خەڵکیان لە لایەن فارسەوە داگیرکراوە و ئەوەی دەیهەوێت ئەوان لە ناو ببات داگیرکاری فارسە، ئەگێنا هێشتا کوردستانێکی ئازاد بە سەروەریی کوردەوە لە ئارادا نییە کە بۆ نموونە دەسەڵاتی کوردستان پرۆژەی لە ناوبردن یان تواندنەوەی گرووپێکی بە قازانجی گرووپێکی دیکە هەبێت. هەر وەک ئاماژەمان پێ دا داگیرکاری فارس بۆ بەردەوامبوونی سەروەریی خۆی دەیهەوێت ئێمە لە نێو دێسکۆرسی ئەودا چالاکی بکەین. بە گژداچوونەوەی خۆمان لە جیاتی بە گژداچوونەوەی پرۆسەی داگیرکاری و هەروەها دوورخستەنەوەمان لە ئامانجی ڕزگاری.
لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێ کرد کە ناسیۆنالیزم یان کوردستانیبوون بنەما و ستراکتۆری یەکخستن و کۆکردنەوەی هێزی کۆمەڵگەی داگیرکراوی کوردستانە بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ئێرانی. دەوڵەتی ئێران لە دوای ئەوەی لە پرۆسەی یەکدەستکردن و بەفارسکردنی کوردستان سەرکەوتوو نەبوو، هەنووکە خەریکی بچووککردنەوە یان وردتر دابەشکردنی یەکەی کوردستان و کوردە بۆ یەکەگەلێکی بچووکتر وەک سۆرانی، کورمانجی، لەکی، هەورامی، کەلهوڕی، ئەردەڵانی و ….
بۆ باشترناسینی سیاسەتی دەوڵەتی فارس بەرانبەر بە کوردستان، دەبێت ئێمە پێناسەیەکی وردمان لە خۆمان و ئەوی دی هەبێت. ئەگەر کوردستان کۆلۆنی بێت، داگیرکەر لێرەدا فارسە. فارس دەیهەوێت ئەو پێناسەیە بە ئێمە بدات کە لە خزمەت خۆیدایە. کوردی ئێرانی، هەورامیی ئێرانی، لەکی ئێرانی و… لە خزمەتی سەروەری فارسدایە. کوردی ئێرانی، واقعیەتێکی زاتیی سروشتی نییە و هەروەک چۆن ئێرانیبوون (فارس بوون) ڕاستییەکی سروشتی نییە و دەستکردە. قەبووڵکردنی ئێرانیبوون بۆ کورد واتا چ حەزی لێ بکەین یان نا، دەبێت ئەو جلەی فارس بۆمانی دووریوە لە بەر بکەین. بۆ ڕزگاربوون دەبێت ئێمە خۆمان لە دەروەی ئەم دیسکۆرس و چەمکانە پێناسە بکەین. دەستخستنی سەروەری، ماف و ئازادی لە بازنەی ئێرانیبووندا بۆ نەتەوەیەک وەکوو کورد تەنیا وەکوو وەهمێک وایە و هیچکات نابێت بە ڕاستی.
دەرئەنجام
بزووتنەوەی هەنووکەییی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی لە دۆخی هەنووکەدا پێویستە خەسارناسییەکی ڕەخنەگرانەیان لە سەر بکرێت بۆ ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە یەک بخرێت و یەکگرتوو و بەربڵاو و بەهێز بکرێت. هێرشکردن و بێنرخکردنی مێژووی خەبات، بەهاکان و لە خۆبردووییەکان، دیسانەوە ناچێتە خزمەتی ڕزگاریی کوردستانەوە. بۆ ڕزگاری لەم دۆخە پڕ لە ستەم و ئازارەی کوردستان کە لە سەرەوە ناوی دۆخی داگیرکاریی لێ نرا، پێویستمان بە ڕزگارکردنی تاکی کورد لە زیندانی داگیرکاریی زەینی و جەستەییی ئێرانی فارسەکانە. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە دەبێ گشت هەوڵی ئێمە ئەوە بێت کە پەیوەندیی نێوان کوردبوون و ئێرانیبوون تێک بدەین. ئەوی دیی بزووتنەوەی کوردستان، داگیرکاری فارسە نەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەنیا. بە ڕووخانی ڕێژیم، ئەوی دی دەمێنێتەوە و لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا ماسکێکی دیکەی لە دەم و چاوی داوە. پێناسەکردنی خۆمان بە کوردی ئێرانی، واتا چالاکیکردن لە نێو وێژمانی فارسدا و بێگومان ئەم وێژمانە سەرەتا بیر لە بەردەوامی و سەروەریی خۆی دەکاتەوە نەک مافی ئێمە. مافی ئێمەش بەبێ ڕەچاوکردنی سەروەریی خۆمان وەدی نایەت. کەوابوو بۆ ئازادبوون پێویستە کۆتایی بە داگیرکاریی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانیی فارس بهێنرێت. کوردێکی ئازاد ناتوانێت کوردێکی ئێرانی بێت.
سەرچاوەکان:
- Frantz Fanon,’’ Black Skin, White Masks’’ (Penguin book ,2021), 127 and 158
- Fairchild, H. (1994). Frantz Fanon’s the Wretched of the Earth in Contemporary Perspective. Journal of Black Studies, 25(2), pp.191-199.
- For Jina Amini,. Bokan, Yusif Mewludi gives a speech during the funeral of his fallen father 2022-11-18 Part 2. https://www.youtube.com/watch?v=M7LWfPupSxg
- Jan Yasin Sunca ,’’Colonial continuities in the Kurdish liberation’’, The Commentaries 3, no.1(2023): 71-89. https://journals.tplondon.com/com/article/view/2915/2170
- Ozlem Gone, ’’ Rightful Recognition of Kurdistan as a Colony and De-colonizing Knowledge Production’’, The Commentaries 3, no.1(2023): 165-196. https://journals.tplondon.com/com/article/view/3147/2473
- Sandra Marker, ‘’Effects of Colonization’’, Beyond Intractability, November 2003. https://www.beyondintractability.org/essay/post-colonial
- Said Edward, ‘‘Orientalism’’ (Penguin book ,2019), 5.
- Yamahata Yata, ‘’Anti-Colonial Movements Beyond the Nation-State’’, E-international relations, December15, 2019. https://www.e-ir.info/2019/12/15/decolonising-world-politics-anti-colonial-movements-beyond-the-nation-state/
- عەبدولڕەحمان قاسملوو،” کوردستان و کورد”، وەرگێڕانی عەبدوڵڵا حەسەنزادە ( چاپەمەنی هەرزان، ٢٠٠٤).
- ڕۆژهەڵات نیوز،” داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژینامانی/ دروشمی خۆپێشاندەرانی سەقزی، ٢٦ی خەرمانانی١٤٠١. https://www.youtube.com/watch?v=MlGhuPdrqD8
- بیوگرافی مسعود پزشکیان. مجله علمی و فرهنگی تاروت زندگی.16 تیر1403 https://rb.gy/v98rze
- یوسفی هاوری، “غلطواره جنگ ترکها و کردها؛ درگیری در نقده”، ایران وایر،29 مهر، 1399 . https://iranwire.com/fa/features/42243/
[1] . Jan Yasin Sunca ,’’Colonial continuities in the Kurdish liberation’’, The Commentaries 3, no.1(2023): 71-89. https://journals.tplondon.com/com/article/view/2915/2170
[2] . Frantz Fanon,’’ Black Skin, White Masks’’ (Penguin book ,2021), 127.
[3] . Fairchild, H. (1994). Frantz Fanon’s the Wretched of the Earth in Contemporary Perspective. Journal of Black Studies, 25(2), pp.191-199.
[4] . W. Said Edward, ‘‘Orientalism’’ (Penguin book ,2019), 5.
[5] . عەبدۆرەحمان قاسملوو،” کوردستان و کورد”، وەرگێڕانی عەبدۆڵا حەسەن زادە ( چاپەمەنی هەرزان، ٢٠٠٤).
[6] .Yamahata Yata, ‘’Anti-Colonial Movements Beyond the Nation-State’’, E-international relations, December15, 2019.
[7] . ڕۆژهەڵات نیوز،” داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژینامانی/ دروشمی خۆپێشاندەرانی سەقزی، ٢٦ی خەرمانانی١٤٠١. https://www.youtube.com/watch?v=MlGhuPdrqD8
[8] . For Jina Amini,. Bokan, Yusif Mewludi gives a speech during the funeral of his fallen father 2022-11-18 Part 2. https://www.youtube.com/watch?v=M7LWfPupSxg
[9] . Ozlem Gone, ’’ Rightful Recognition of Kurdistan as a Colony and De-colonizing Knowledge Production’’, The Commentaries 3, no.1(2023): 165-196.
https://journals.tplondon.com/com/article/view/3147/2473
[10]. . Frantz Fanon,’’ Black Skin, White Masks’’ (Penguin book ,2021), 158.
[11] . Sandra Marker, ‘’Effects of Colonization’’, Beyond Intractability, November 2003. https://www.beyondintractability.org/essay/post-colonial
[12] . یوسفی هاوری، “غلطواره جنگ ترکها و کردها؛ درگیری در نقده”، ایران وایر،29 مهر، 1399 . https://iranwire.com/fa/features/42243/
[13] . بیوگرافی مسعود پزشکیان. مجله علمی و فرهنگی تاروت زندگی.16 تیر1403 https://rb.gy/v98rze