گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١ 

سیاسەتی ڕەگەزیی لەگەشەخستن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025

محەممەدپور، ئەحمەد و کەماڵ سولەیمانی (٢٠٢٥): سیاسەتی ڕەگەزیی لەگەشەخستن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور. گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٣١٥–٢٥٤. https://doi.org/10.69939/TISHK0071

DOI 10.69939/TISHK0071

ئەو توێژینەوەیە لە پەیوەندیی سەربەخۆیی لەگەڵ گەشەکردن و شوناسی نەتەوەیی لە ئێرانی فرەنەتەوە، فرە ئایین و فرە زمانی بە زۆر هیرارشی کراو دەکۆڵێتەوە. بە سوود وەرگرتن لە نووسراوە زانستییەکان لەمەڕ لێکۆڵینەوە لە فەلەستین و بە تایبەت تیۆری “لەگەشەخستن”ی سارا ڕۆی، وەک خاڵی دەستپێک، لەو توێژنەوەیەدا لەوە دەکۆڵینەوە کە چۆن نەتەوەی حاکم لە ئێران گەشەسەندن دەکاتە ئامراز و بەلاڕێیدا دەبا تا نەتەوەی کوردی بە کەمینە کراو بێنێتە ژێر رکێفی خۆی. لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە تیۆری لەگەشەخستن لە چوارچێوەی بەربڵاوتری لێکۆڵینەوەکانی ئەو زانستە و تیشک خستنە سەر ئەکتەرەکانی لەگەشەخستن، ئێمە هەلومەرجە سیاسی-ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ئێران) لەگەڵ فەلەستین بەراورد دەکەین تا جەخت لە سەر وێكچوونە سەرەکییەکان و جیاوازییەکانی نێوان ئەو دوو دۆخە بکەین. توێژینەوەی ئێمە کەمایەسییەکانی لێکۆڵینەوەی گەشەسەندن بۆ شیکردنەوەی کاریگەریی شاراوەی ئەتنیک/ڕەگەزی و ئایینی لەسەر جیاوازیی ئابووری پێشان دەدات و ئامانجە نائابوورییەکانی چەوساندنەوەی ئابووری لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەر دەخات.

پێشەکی

لەو توێژینەوەیەدا، ئێمە کەڵک لە بۆچوونی لەگەشەخستنی سارا ڕۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئابووریی سیاسیی ڕۆژهەڵات وەردەگرین. سارا ڕۆی (١٩٨٧) لەسەرەتادا چەمکی لەگەشەخستنی لە لێکۆڵینەوەکەیدا لەمەڕ ئابووریی سیاسیی گەشەسەندن لە کەرتی غەززە داهێنا. وتارەکەمان بە پێشکەشکردنی  پوختەیەکی گشتی لە بۆچوونە سەرەکییە جیاجیاکان لەمەڕ گەشەسەندن دەست پێ دەکات تا بتوانین ئەو چەمکە نوێیە (واتە لەگەشەخستن) لە چوارچێوە مێژوویی و ڕۆشنبیرییەکەی هاوێین. پاش گفتوگۆیەکی کورت لەمەڕ لەگەشەخستن لە بەشی دووهەمی توێژینەوەکەدا، بەشی سێهەم بۆ بەراورد کردنی دۆخی فەلەستین لەگەڵ ڕۆژهەڵات و جەختکردن لەسەر وێکچوون و جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوانیان تەرخان دەکەین. لە درێژەی وتارەکەدا جەخت لەسەر بزوێنەرە تاقانەکانی لەگەشەخستنی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی دیسکۆرسی تاک ئەتنیک-تاک ئایینی کۆماری ئیسلامی دەکەین. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە زانیارییەکانی ئێمە، بێجگە لە توێژینەوەی ئەتنیکناسیی ئێمە،  پشتئەستوورە بە زانیاریی بەردەست وەکوو سەرچاوەکانی سەرهێڵ، ڕاپۆرتە دەوڵەتییەکانی ئێران و ئامار و زانیاریی بڵاو کراوە لە لایەن رێکخراوە کوردییە ناحکوومییەکان (ئێن جی ئۆکان). پێویستە جەخت بکەینەوە تەنانەت ئەو زانیارییەی هەنووکە لە بارەی ڕۆژهەڵات لەبەر دەستدایە فرە کەمە و لە لایەن دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ، کە ئەوەش توێژینەوە لەسەر هەرێمەکە تووشی ئاڵنگاری لەڕادەبەدەر دەکات.

لێکۆڵینەوەکانی گەشەسەندن، چوارچێوەیەکی تیۆریکی هەمەزانستییانەیە کە لە ڕوانگەی سیاسی، فەرهەنگی، جوغڕافیایی و ئابووری-کۆمەڵایەتی دەڕوانێتە گەشەی کۆمەڵگاکان (ئاپتەر ١٩٨٧؛ ئێستێڤا ١٩٩٢؛ ئێسکۆبار ١٩٩٥). تیۆری هاوچەرخکردن، ئەگەر نەڵێین سەرەتاییترین ڕوانگە، بەڵکو گرینگترینیان لە لێکۆڵینەوەکانی لەگەشەخستنە کە هەوڵ دەدا گۆڕانە مێژوویییەکانی کۆمەڵگا نەریتی یان گەشە نەکردووەکان بەرەو هی پێشکەوتوو شی بکاتەوە. تیۆری هاوچەرخکردن (مۆدێڕنیزە کردن) کە لە ڕوانگەی فکرییەوە ڕیشەی لە مشتومڕە فەلسەفییەکانی ڕۆشنگەری و لێکدانەوەی مودێڕندایە، بانگەشەی ئەوە دەکات تیۆرییەکی تاقانە، گشتگیر و یەکلاکەرەوەی تیۆری کۆمەڵایەتی، گەشەی کۆمەڵایەتی-ئابووریی دۆزیوەتەوە کە دەکرێ بۆ هەموو کۆمەڵگایەک، بە بێ لەبەر چاوگرتنی چوارچێوەی کات و شوێنی ئەوان، گونجاو بێ. بە پێشکەش کردنی تاقمێک یاسای گشتی بۆ پۆلێنکردنی کۆمەڵگاکان، تیۆری هاوچەرخکردن دووانەیەکی بۆ پێشترییەتیدانی هێندێک تایبەتمەندی بەسەر ئەوانی دیکەدا ئافراندووە و کۆمەڵگاکانی بە گوێرەی خێراییی گەشەکردنی تەکنەلۆژیکی و ئابووری پلەبەندی کردووە. بۆ وێنە، ئەگەر بمانهەوێ ئاماژە بە چەند نێو بکەین، جۆرەکانی لای پەسندی ڕۆبەرت رێدفیڵد (١٩٤٨)، نیل سمەلسەر (١٩٦٦)، ئێڤێرێت راجرز (١٩٦٩)، دانیەل لەرنەر (١٩٥٨) و واڵت رۆستۆو (١٩٦٠)، جەخت لەسەر جیاوازییەکانی کۆمەڵگاکانی نەریتی و مودێڕن دەکەنەوە.

ئەحمەد محەممەدپوور پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆمەڵناسی لە زانستگای بێنتلییە. کەماڵ سولەیمانی پرۆفیسۆری توێژەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە زانستگای مەکزیکە. ئەو وتارە لە ١٦ی مارچ، ٢٠٢١ پێشکەش کرا، لە ٢٤ی فێبریوەری ٢٠٢١ پەسەند کرا و، لە ٢٥ی نۆڤەمبەر، ٢٠٢٤ بە شیوەی ئەلێکترۆنی بڵاو کرایەوە.

لە سەرەتاکانی حەفتاکانی زایینییەوە، تیۆریی هاوچەرخکردن لە چەند ڕوانگەوە بەرەوڕووی ڕەخنە بووەتەوە کە توندترینیان بە تیۆریی بەستراوەیی ناسراوە و لە لایەن زانستوانانی ئەمریکای لاتینەوە پێشکەش کراوە. ئاندرێ گوندەر فرانک، دامەزرێنەری تیۆریی بەستراوەیی، دەیگوت تیۆرییە کلاسیکەکانی گەشەسەندن وەکوو مودێڕنیتە ناتوانن پەیوەندیی ڕاستەقینەی نێوان وڵاتانی گەشەسەندوو و ناوچە هەژارەکانی دنیا شی بکەنەوە: ئەو پەیوەندییە چەوسێنەرانەیە و، وڵاتانی زلهێز ئەوە بە ستراتێژیی جۆراجۆر درێژەی پێ دەدەن (فرانک ١٩٦٦، ١٩٩٨؛ فرانک و جیڵز ١٩٩٢). تیۆریی سیستەمەکانی دنیا کە لە لایەن ئیمانوئێل والێرستەین پێشکەش کرا، بووە هۆی شەپۆلی دووهەمی ڕەخنە لە تیۆریی هاوچەرخکردن. بە گوێرەی ئەو تیۆرییە، ناوچەی ناوەند (واتە ڕۆژئاوا) ناوچە پەڕاوێزەکان بە مێکانیزمی جۆراجۆر بۆ ئاڵووێری نایەکسان دەچەوسێنێتەوە. بە پەرەدان بە تیۆریی بەستراوەیی، والێرستەین گوتی تاقە یەک ئابووریی جیهانیی سەرمایەداری هەیە؛ لە کاتێکدا کە سوود بە هێندێک وڵات دەگەیێنێ، ئەوانی دیکە دەچەوسێنێتەوە. ئەو لێرەدا سێ هەرێمی کرێکاری لێک جیا دەکاتەوە: ناوەند، پەڕاوێز و شێوەپەڕاوێز؛ ئەو هەرێمانە لە ڕوانگەی جوغڕافیایییەوە لێک جیاوازن بەڵام لە ڕوانگەی ئابووری و سیاسییەوە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە (والێرستەین ١٩٧٤، ١٩٨٠، ١٩٨٩).

تیۆریی دیسکۆرسی فوکۆ (١٩٧٢) سەرنجڕاکێشترین هێرش بۆ سەر تەواوتی بیری کۆمەڵایەتیی مودێڕن بوو. فوکۆ بە پێناسەکردنی دیسکۆرس وەک تاقمێک ڕێگا بۆ بەرهەمهێنانی زانست، گوتی مودێڕنیتە دیسکۆرسێکە کە شێوازی تایبەتی ژێردەستەیی و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتە (ئێسکۆبار ١٩٩٥). بۆ ناوبراو، مودێڕنیتە پڕۆژەیەکی گوتارییە کە لە نێوەڕۆکدا سیاسییە و ڕاستەوخۆ لە خزمەت بایەخی دیاریکراو دایە و جیهانبینییەکە لە سەر حیسابی کۆمەڵگا پەڕاوێزخراوەکان.

پێش ڕەخنەی فوکۆ، کەسایەتییە سەرەتایییەکانی لێکۆڵینەوەکانی دژە کۆلۆنیاڵ و پاشکۆلۆنیاڵ باسی شێوازە جۆراجۆرەکانی دەستێوەردانی ئیمپریالیستی، لە دەستدرێژیی ئابووری تا ناساندنی مێژووییی فەرهەنگەکانی دیکەیان کردبوو (عەبدولمالیک ١٩٦٣؛ سێزار ٢٠٠٠؛ دوبوا ١٩٤٥؛ سەعید ١٩٧٨). بۆ تێپەڕاندنی لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال بۆ ئەوبەری سنوورەکانی، زانستوانانی هیندی وەکوو بابا (١٩٩٤)، سپیڤاک (١٩٨٨)، چاتەرجی (١٩٩٣، ١٩٨٦)، چاکرابارتی (٢٠٠٠) و گیوها (٢٠٠٢) لە خاڵی حەسانەوەی خۆیان تێپەڕین و چەمک و لۆژیکی نوێیان داهێنان. ئەو پێشوەچوونە هزرییانە نەخشەی ئەو شتانەیان داڕشت کە دواتر وەک کۆمەڵناسیی ڕەسەن، یان باشووری لە ئەمریکای لاتین گەشەی کرد (گۆ ٢٠١٦). وەک لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆڵۆنیاڵ و لقوپۆپەکانی (وەکوو بیری کۆمەڵناسانی باشووری ئاسیا)، کۆمەڵناسیی باشووری، هەم وەک بیر و هەم وەک بەرنامەیەکی ڕۆشنبیری، پێشنیاری کرد ئیدیعای ئانگلۆ-ئورووپاییی زانینی ڕاستی، گەشە و مودێڕنیتەی وەک ناوچەگەرایی سەیر بکرێ.

سەرەڕای هاوبەشبوون لە هێندێک بواری ڕۆشنبیریی وەک ڕخنەی مودێڕنیتەی ئورووپایی، بەستراوەیی و، لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال، ئەوان لە چەند شوێن جیاوازیی بۆچوونیان هەیە. بنەڕەتیترین خاڵی جیاوازییان ئەوەیە کە تیۆریی بەستراوەیی ڕوانگەیەکی پێکهاتەیی و ئابووری-کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە دەگرێ و ئیمپریالیزم بە گەشەکردنی سەرمایەدارییەوە گرێ دەدا. بە بەروارد، لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال ڕوانگەیەکی پاشپێکهاتەیی و فەرهەنگییان هەیە، چونکە ئەوان ئیمپریالیزم و هێزی کردارنواندن بە دیسکۆرس و سیاسەتی نوێنەرایەتی دەبەستنەوە (هووگڤەلت ١٩٩٩٧؛ کاپوور ٢٠٠٢). خاڵیکی جیاوازیی دیکەش ئەوەیە کە بە گوێرەی بەستراوەیی، ئەوەی سیاسییە لە قۆرغی دەوڵەت و گەشەی سەرمایەداریی ژێر کۆنتڕۆڵی چیندایە، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال جەخت لەسەر بنکۆڵکردنی شێوازی ناساندنی خۆرهەڵاتناسانی ڕۆژئاوایی لە لایەن کۆمەڵناسانی باشووری ئاسیاوە دەکەن.

بێجگە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و دنیای ئیسلام، زانایانی بەشەکانی دیکەی دنیا وێكچوونی هاوتەریبیان لە نێوان پەیوەندییە دەرەکییەکانی داسەپێنراو لە لایەن زلهێزانی کۆلۆنیالیستی بە سەر خەڵکانی کۆلۆنیکراو و پەیوەندییەکانی تاقمە ئەتنیکی، فەرهەنگی، نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان لە نێو کۆمەڵگاکانی ئەمریکای لاتین (رۆدریگێز ٢٠٠١)، وڵاتە یەکگرتووەکان (لایدۆن و ریزڤی ٢٠١٠) و، ئەفریقای باشوور (کووپەر ٢٠٠٢؛ مارکارد ١٩٥٧) دۆزیونەوە.  ئەو بەراوردکردنانە بوونە هۆی داهێنانی چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی کە ئاماژەیەکە بە پەیوەندیی پێکهاتەییی سەرکوت و چەوساندنەوەی ئەتنیکە ژێردەستەکان لە لایەن ئەتنیکێکی دەسەڵاتداری نێو هەمان وڵات. پابلۆ گۆنزالێس کازانۆڤا (١٩٦٥) یەکێک لە یەکەم کەسەکان بوو کە کەڵکی لە دەستەواژەی “کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی” وەرگرت و ئەوی بۆ وەسفی دۆخی مەکزیک بەکار هێنا. بە گوێرەی گۆنزالێس، کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بە دوو توخمی سەرەکییەوە دەناسرێتەوە: یەکەم، پەیوەندیی کۆلۆنیالیستی دەتوانێ لە نێوان وڵاتان، خەڵک، ڕەگەز یان فەرهەنگی جۆراجۆردا ڕوو بدا و، دووهەم، ئەو پەیوەندییە بریتییە لە ژێردەستە کردن، سەرکوت و چەوساندنەوە (وۆڵپە ١٩٧٥:١٠٦).

لە کۆتاییەکانی شەستەکانی زایینی، تیۆری کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە لێکۆڵینەوەکانی پرسی ڕەگەز لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا بە پانەوە پێشوازیی لێ کرا (هیند ١٩٨٤؛ پەکهام ٢٠٠٤؛ سغەییەر ٢٠١٦). بلاونەر (١٩٧٢)، کەسایەتییەکی دیاری لێکۆڵینەوەکانی کۆلۆنیالیزم، کە لە سەر کۆچبەر و کەمینە ئەتنیکییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان کاری دەکرد، هەوڵیدا کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا بە بەراوردکردنی گەڕەکە هەژارنشینەکانی ڕەشپێستان، دۆخی ئەمریکایییە بە ڕەچەڵەک ئەفریقایییەکان و، “کەمینە کۆلۆنیزەکراوەکانی” دیکە لەگەڵ تاقمە سپیپێستەکان شی بکاتەوە. مایکڵ هەچەر (١٩٧٥)، لافۆنت (١٩٧١* و، بەیراس (١٩٨٢) بە هەمان شێوە هەوڵیاندا پێشان بدەن کە پەیوەندییەکانی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە تایبەتمەندییەکانی گەشەی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئورووپا وەک بریتانیای مەزن، فەڕانسە و، ئیسپانیان، کە توانیویانە وێنەیەکی هاوچەشن و یەکگرتوو لە شوناسی نەتەوەیی دروست بکەن.

لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، سەرهەڵدانی دەوڵەتانی نەتەوەپەرستی عەڕەب، تورک و فارس کە سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی هاوچەشنکردنی فەرهەنگی، پاکتاوی ئەتنیکی و، ستراتێژیی شەڕانی لە سەرەوە بۆ خوارەوەی هاوچەرخکردنیان ڕەچاو کرد، خاڵی نەدیتراوی لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال پێک دەهێنن (بە زوان ٢٠٢١؛ کورت ٢٠١٩؛ محەممەدپوور و سولەیمانی ٢٠١٩). لە ڕاستیدا، لەبەر کۆنتڕۆڵی ورد و کرداری جۆراجۆری یاسایی، سیاسی و بەلاڕێبەرانە لە لایەن تاقمە ئەتنیکییە هێژەمۆنیخوازەکانی دەسەڵاتدار بە سەر ئاکادێمیای ئینگلیزیی زماندا، بەرهەمە نووسراوەکانی پەیوەندیدار بە پاشکۆلۆنیالیزم لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سوودی لە بۆچوونە ڕەخنەگرانەکانی هاوشێوە نەبینیوە. لێکۆڵینەوەکانی خۆرهەڵاتی ئاسیا بە هەمان شێوە گوێیان نەداوەتە کۆلۆنیالیزمی “خۆرهەڵاتی”، کە لە لایەن ڕێژیمە دیکتاتۆڕ و سەرکوتکەرەکان لە وڵاتانی وەکوو چین، ئێران، عێراق، سووریە، تورکیە و شوێنی دیکە بەڕیوە چووە. (بۆ بەراورد بڕوانە مامدانی ٢٠٢٠). ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆشنبیران لە ئێران، عێراق و تورکیە درێژەیان بە کەڵکوەرگرتن لە توێژینەوەکانی پاشکۆلۆنیال بۆ بەرگری لە بەعەڕەب‌کردن، بەفارس‌کردن و بەتورک‌کردن وەک هەنگاوی بەرهەڵستکارانەی دژە کۆلۆنیال بەرانبەر بە دەستێوەردانە ئیمپریالیستییەکان و خۆرهەڵاتناسیی ڕۆژئاوا داوە. لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال، بە تایبەت خۆرهەڵاتناسیی سەعید، بە هەمان شێوە لە لایەن زانایانی وەک سەدیق جەلال ئەلعەزم (٢٠٠٠ [١٩٨١]، ئوسامە مەقدیسی (٢٠٠٢)، سەلیم دەریگیل  (٢٠٠٣)، دێنیس پۆرتەر (١٩٩٤)، ئیعجاز ئەحمەد (١٩٩٢)، عەلی بێهداد (١٩٩٤)، عارف دیرلیک (١٩٩٧) و ئەمەل ڕەسام (١٩٨٠) و چەند کەسی دیکەوە تووشی بەرنگاری بوونەوە.

ئەو زانایانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کرا لە ڕوانگەی جۆراجۆرەوە ناڕەزایەتییان دژی لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال دەربڕیوە. بۆ وێنە ڕەخنە لە لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال لەبەر جیاوازی دانانیان لە نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە ئاستی تیۆریکدا گیراوە. ئەلعەزم (٢٠٠٠ [١٩٨١]:٢٠) باسی خۆرهەڵاتناسیی سەعیدی وەک “خۆرهەڵاتناسیی پێچەوانە” کردووە، چونکە ئەو پێی وابوو بۆچوونی سەعید ئەو گریمانەیە دەکات کە بیری بوونەوەرناسانەی مرۆڤی خۆرهەڵاتی (لەو دۆخەدا ‘بیری عەڕەب’) لە هی مرۆڤی خۆرئاوایی مەزنترە.” بە بوونەوەرناسی کردنی کۆلۆنیالیزم وەک دیاردەیەکی لە بنەڕەتدا خۆرئاوایی، ئەلعەزم پێی وابوو خۆرهەڵاتناسی، کۆلۆنیالیزمی ناخۆرئاوایی، بە تایبەتی هی دنیای موسڵمان، پاشگوێ دەخات. بەرگریی گەرموگوڕی سەعید لە دنیای عەڕەب و ئیسلامی (سەعید ١٩٧٨) بووە هۆی ئەوە کە چاو لە ئاست ئەو دیاردەیەی پاوێڵ (٢٠٠٣) بە “کۆلۆنیالیزمی کۆلۆنیکراوەکان” باسی لێوە دەکات بنووقێنێ. بۆیە، ڕەخنەی خۆرهەڵاتناسی، ڕاگرتنی کۆیلە و کۆلۆنیالیزمی موسڵمانانی وەک عوسمانییەکان (دەرینگیل ٢٠٠٣؛ مەقدیسی ٢٠٠٢؛ تۆلێنادۆ ٢٠٠٧) و قاجارەکان (میرزایی ٢٠١٧) پاشگوێ دەخات.

هێڵێکی توێژینەوە کە خەریکی سەرهەڵدانە، هەوڵ دەدا لێکدانەوەی ڕەخنەگرانە لە سەر لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال لە چوارچێوەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، پێشکەش بکات. بۆ وێنە سارا ڕۆی (١٩٩٥)، بێ ئەوەی زۆر ئاماژە بە وێژەی نووسراو لەسەر (پاش)کۆلۆنیالیزم بکات، هەوڵ دەدا پەیوەندیی ئیسڕائیل-فەلەستین بە دا‌هێنانی چەمکی لەگەشەخستن شی بکاتەوە. بە ناساندنی ئەو تیۆرییە و ڕەخنەگرتن لە تیۆرییەکانی گەشەسەندن و بەستراوەیی، ڕۆی ئامرازێکی تاقانە و بەهێزتری هەڵسانگاندن بۆ تیشک خستنەسەر ئاڵۆزییەکانی دۆخی فەلەستینییەکان پێشکەش دەکات. بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری ڕۆی، ئێمە هیوادارین بتوانین جەخت بکەینە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە وێكچوونێکی فرە بەرچاوی لەگەڵ دۆخی فەلەستینییەکان لە ڕوانگەی ئاڵۆزییەکەیەوە هەیە. بۆیە، بەر لەوەی دەست بە باسی سەرەکی بکەین، گفتوگۆیەکی کورت لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە.

ڕۆژهەڵات لە کوێیە؟

ڕۆژهەڵات ئاماژەی کوردییە بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ئێراندایە. ئێمە کەڵک لە دەستەواژەی “ڕۆژهەڵات” وەردەگرین تا نەکەوینە داوی کۆلۆنیالیستیی سەپاندنی سیستەماتیکی زانیاریی ناڕەسەن بۆ لە کورد داماڵینی کوردستانی مێژوویی. کوردەکان لە خۆرهەڵات، جوغڕافیای مێژوویی خۆیان بە ڕۆژهەڵات پێناسە دەکەن.1 لەگەڵ پەرە ئەستاندنی توێژینەوە زانستییە ڕەسەنەکان بە هۆی سەربەخۆیی، زانیاری و ئاماژە بەخۆکردنی خەڵکی ڕەسەنەوە، ئێمەش شێوەی ئاماژە بەخۆ کردنی کوردان و ئاماژە کردنیان بەو جوغڕافیایەی لێی دەژین ڕەچاو دەکەین (ریفکین ٢٠١٧).

ڕۆژهەڵات چوار پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (لێرە بەولاوە ئـ . ر.)، پارێزگای سنە (کوردستان)، کرماشان و ئیلام دەگرێتەوە. چونکە سەرژمێری لە ئێران تا ڕادەیەکی فرە زۆر بە سیاسی کراوە و دەوڵەت هیچ ژمارەیەکی دروست لەمەڕ پاشخانی زمانی ئەتنیکی و ئایینیی خەڵک بڵاو ناکاتەوە، تەنیا مەزەندە کردنی نافەرمیی دابەشکردنی ڕێژەی دانیشتووانی فەلاتی ئێران هەیە. بەڵام، ڕێژەی دانیشتووانی کوردانی ڕۆژهەڵات نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ میلیۆن کەسە.

ڕۆژهەڵات ناوچەیەکی شاخاوییە بە کەشوهەوایەکی خۆش لە وەرزەکانی بەهار، هاوین و پاییز دا. کوردستان پلەیەکی بەرزی لە ڕوانگەی ڕێژەی باران بارین، پاشماوەی ئاو و دارستان هەیە. ئەگەرچی دە دوازدە ڕووبار لە ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرن کە زایەندەڕوود بەنێوبانگترینیانە، کە بە نێو شاری ئیسفەهان لە ناوەندی ئێراندا تێدەپەڕێ و لە زۆربەی کاتەکانی ساڵدا ویشکە. بە هۆی دروست کرانی ژمارەیەکی زۆر بەنداو لە لایەن دەوڵەت و دامودەزگای سەربازییەوە، پاشماوەی ئاوی ڕۆژهەڵات کەوتووەتە بەر کاریگەریی بەرچاو و کەمی کردووە. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، دەوڵەت ئاوی حەوزەکانی ناوچەی بۆ ئاوداشتن و گەشە پێدانی ناوچە ناکوردییەکان گواستووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئابووریی ڕۆژهەڵات، کە بە هۆی لەگەشەخستنی دەوڵەت، تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە کشتوكاڵ و باغداریی نەریتییانە دەبەستێ، بە باران ئاو دەدرێ و  گەشە نەکردوویە.

سەرەڕای گواستنەوەی ئاو و تەنانەت خاکی بەپیت لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ناوچە ناکوردییەکان،2 دوای پارێزگای فارس، رۆژهەڵات پلەی دووهەمی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لە ناویاندا گەنم، جۆ، نۆک و میوەی جۆراجۆر هەیە. بۆ وێنە شاری سەردەشت، ناوەندی بەرهەمهێنانی ترێیە و ترێ ڕەشەکەی نێوبانگی جیهانیی هەیە. بێجگە لە ناوچەیەکی فرە بەرتەسک، ئاوداشتنی ڕەزە مێوەکانی تا ڕادەیەکی زۆر پشتئەستوور بە سیستەمی گەلێک نەریتین: شێوازی کۆن وەکوو ئاوداشتن بە چاڵاو، لوولە، ئەستێر، گۆل، ڕووبار، بەنداو و جۆگەی ئاوداشتن، وەک چۆن سەدەیەک لەوەپێش باو بوو. بەرهەمی پێشەسازیی کوردستان بەخێو کردنی مەڕوماڵات، بەرهەمهێنانی زیخ (زیانی لە ڕادەبەدەری بۆ ژینگە هەیە)، یان یەکەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیی بچووکە، کە تا ڕادەیەکی زۆر لە قەراخ شارە مەزنەکانی وەک سنە و کرماشان دەبینرێن. بۆیە بەشی بەرچاوی بەرهەمەکانی کشتوکاڵی، کانزایی و مەڕوماڵاتی ناوچەکە بە بیانووی ئامادەکردن و هەناردە کردن دەنێردرێتە دەرەوە. ڕۆژهەڵات هەروەها لە ڕاونگەی سامانە سروشتییەکانەوە دەوڵەمەندە. بۆ وێنە پارێزگای ئیلام خاوەنی مەزنترین ڕێژەی قیری سروشتی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە. بە هەمان شێوە، مەزنترین کانگاکانی زێڕ لە پارێزگای سنەن.

لە گەشەسەندنەوەڕا بۆ لێکۆڵینەوەکانی لەگەشەخستن

تیۆری و مۆدێلی جۆراجۆر هەن کە لە چەمکی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی (یان لێ جیا نەکراوە، بە گوتەی بەزوان ٢٠٢١) سەرچاوەیان گرتووە. یەکێک لە پێشکەوتووترینیان تیۆریی لەگەشەخستنە. لە توێژینەوەکەیدا لە ساڵی ١٩٨٧، لە ژێر ناوی “کەرتی غەززە: دۆخێکی لەگەشەخستن،” سارا ڕۆی (١٩٩٥:٥٦) چەمکی لەگەشەخستنی داهێنا و ئەو شیکارییەی بۆ کرد:

وەک پرۆسەیەکی بنکۆڵکردن و لاوازکردنی تواناییی گەشەکردن و پەرەگرتنی ئابوورییەک لە ڕێگای پێشگرتن بە دەستڕاگەیشتن و بەکار هێنانی کەرەستەی پێویست بۆ هاندانی گەشەی نێوخۆیی بۆ ئەوبەری ئاستێکی پێکهاتەییی دیاریکراو. لە غەززە، گەشەکردنی کەرتی ئابووری، لە ماوەی دوو دەیەی دەسەڵاتداریی ئیسڕائیلدا، ئەو ئابوورییەی کردووەتە پاشکۆی دەوڵەتی ئیسڕائیل.

پێشمەرجێکی گرینگی لەگەشەخستن، تیۆریی پێداگری لە سەربەخۆییی نەتەوەکە، یان نەبوونیەتی، کە بناخەی بڕیاردەرە  ئاخۆ کام گەشەکردن مومکینە. لەبەر ئەو هۆیە، لە تیۆریی لەگەشەخستندا ئابووری لە جیات بەستنەوەی تەنیا بە بردنە سەری ئاستی ستانداردی ژیان، بە تواناییەکانی گەشەی نەتەوەیی دەبەسترێتەوە. لە هەناوی تیۆریی ڕۆیدا، بیرۆکەی مەحاڵبوونی گەشەکردن بە بێ سەربەخۆیی هەیە.  لێرەدا، لەگەشەخستن و داگیرکاریی کۆلۆنیال، ئەگەر نەڵێین لەیەکتردا ئاوێتە بوون، بەڵکوو پەیوەندییەکی چڕیان پێکەوە هەیە.

لە دوایین چاپی کەرتی غەززە: ئابووریی سیاسیی لەگەشەخستن’ی ڕۆی (١٩٩٥:٤)دا هاتووە کە لەگەشەخستن “تێکدانی بە ئانقەست و سیستەماتیکی ئابووریی خەڵکی ڕەسەن لە لایەن دەسەڵاتی حاکمە … تا دڵنیا بێ لە نەبوونی هیچ بناخەیەکی ئابووری، تەنانەت یەکی خراپیش، کە بتوانێ پشتیوانی بوونی سەربەخۆیانەی خەڵکی ڕەسەن بێ.” ئەو ڕەخنە لە هەڵوێستە لیبڕاڵ و هەروەها مارکسیستییەکان (یان هاوچەرخکردن و بەستراوەیی) بەرانبەر بە گەشەکردن دەگرێ، چونکە ئەوان پێیان وایە پرۆسەی گەشەکردن گەردوونییە و ئەو گریمانەیە دەکەن کە گەشەکردن هەمیشە پێشکەوتنخوازانە و مومکینە. بۆیە، تیۆرییە لیبڕاڵ و مارکسیستییەکان لە تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە چۆن نەبوونی سەربەخۆیی، ئابوورییە ڕەسەنەکانی وەک هی غەززە بەلاڕێدا دەبا و بنکۆڵیان دەکات، ناسەرکەوتوون (ڕۆی ١٣٥-١١٧ :١٩٩٥). ڕۆی (٢٠١٤ – x) جیاوازی لە نێوان لەگەشەخستن و چەمکی کلاسیکی کەم گەشەکردن و گەشەی نایەکسان دادەنێ: لەگەشەخستن “بۆ پێشگرتن بە گەشەی واتاداری ئابووری (و سیاسی) دەسەپێنرێ (سەرەڕای هێندێک دەورەی گەشەی سنووردار) … پرۆسەیەک کە من وەک یەکێک پێناسەی دەکەم کە بە ئەستاندنەوە یان پێشگرتن بە تواناییە ئابوورییەکان، گەشەکردن و وەرسووڕانی پێکهاتەییی لێ زەوت دەکەن [کە شێوازی سروشتیی گەشە و پێشکەوتنن] و پێش بە سەرهەڵدانی هەر جۆرە ڕێکاری خۆڕاستکردنەوە دەگرن.” لەبەر ئەو هۆیە، ڕۆی لەگەشەخستنی غەززە وەک هاوشانی پرۆسەی بە ئیسڕائیلی کردن یان (ئەشکەنازی تەوەر کردنی) جوولەکە بوونی ئەو ناچەیە سەیر دەکات (بڕوانە ییفتاچەل ٢٠٠٦). ئامانجە ئایدیۆلۆژیکی و سیاسییەکانی دەوڵەتە ئەتنیکییە سەربەخۆکان هاندەری سەرەکیی لەگەشەخستنی ئابوورییە. ئامانجی تەنیا بەتاڵانبردنی سامانە ئابوورییەکانی ئابووریی پەڕاوێزخراو نییە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا لە پەڕوپۆ خستنی ژێرخانی کۆمەڵگەی ژێردەستە بە تەواوییە.

لەگەشەخستن وڵامێکی کۆلۆنیالیی بەهێز و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگای ڕەسەنی وەکوو غەززەیە کە بە کەڵکوەرگرتن لە ڕێکارە کۆلۆنیالیستییەکانی وەدەرنان، بێبەش کردن و وێران کردن جێبەجێ دەکرێ. بە پێچەوانەی تیۆریی بەسترانەوە، کە ناوەند و پەرواێز تا ڕادەیەکی زۆر بۆ پرسی نایەکسانی لە نێوان ناوەند و پەڕاوێز دادەبەزینێ، پانتا و کاریگەریی لەگەشەخستن کە ئەتنیک-نەتەوە سەربەخۆکان بە سەر ئابووریی ئەتنیک-نەتەوە ژێردەستەکاندا دەیسەپێنن گەلێک لە بەربەستە سەروو پێکهاتەییەکان بەولاوەترە. لەگەشەخستن، شیکاریی نوێ بۆ پەیوەندیی نایەکسانی نێوان ناوەند/پەڕاوێز و کۆلۆنیالیست/کۆلۆنیکراو و لە نێوان ئەتنیک-نەتەوەکانی حاکم و ئەوانی ژێر دەستە دەکات، نەوەکوو تەنیا وەک دوو ئابووری بیانبینێ کە یەکیان ئەوی دیکە تاڵان دەکات. ڕۆی پێداگرە کە فەلەستین باشترین نموونە بۆ پێشاندانی شکستی تیۆریی گەشەسەندن لە تێگەیشتنی کاریگەرییە ژێربەژێرە ئەتنیکی-رەگەزی و ئایینییەکان و، نایەکسانیی ئابوورییە کە لەوێدا ئامانجە نائابوورییەکان پاڵنەری چەوساندنەوەی ئابوورین.

ئەگەرچی ئەو تا ڕادەیەکی زۆر جەخت لەسەر لایەنی ئابووریی ژیان دەکاتەوە، تیۆریی لەگەشەخستن دان بە پەیوەندیی نێوان لەگەشەخستن، دەسەڵات و ژیانی ڕۆژانەدا دەنێ. وەک ڕۆی (٢٠١٤:٢١) دەڵێ، “گشت کەس لە کەرتی غەززە بوونەوەرێکی سیاسییە. سیاسەت ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانە هەیە. هەموو کردارێک، بێ لەبەر چاو گرتنی ئاستی ساکاربوونی، گرینگیی سیاسیی هەیە.” بە ئیلهام وەرگرتن لە کارەکانی ڕۆی و مایکڵ دی سەرتاو (١٩٨٨) و هێنری لێفێبرڤ (١٩٨٧)، شالهوب کەرکۆڤیان و باسبریج (٢٠١٤:٨٧) دەستەواژەی “داگیرکاریی ئاسایی”یان بۆ شیکردنەوەی چۆنیەتیی زاڵبوونی [کۆلۆنیالیزم] بەسەر چواردەورەی مرۆڤی کۆلۆنیکراودا داهێنا. بە گوێرەی ئەو لێکدانەوەیە، ژیانی ڕۆژانە، “شوێنی بەیەک گەیشتنەوەی” سەرجەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییەکان، وەک “توێخی لێکگرێدەری” دنیای کۆمەڵایەتییە (شاهلوب-کەرکۆڤیان و باسبریج ٢٠١٤:٨٧).

بۆیە، ژیانی ڕۆژانە لە خۆیدا سیستەمێک نییە بەڵکوو هاوژێرەیەکە کە لێکگرێدەری سەرجەم ئەو سیستەمانەیە کە هەن. جا بۆیە، لەگەشەخستن لە ژیانی ڕۆژانەی فەلەستینیدا دەرخەری “هێزی لێکگرێدەری داگیرکاریی کۆلۆنیال و لەگەشەخستنە لە ئەزموونەکانی ژیانی خەڵکدا” (شالهوب-کەرکۆڤیان و باسبریج ٢٠١٤:٨٨). لەگەڵ ئەوەشدا خودی سروشتی ژیانی ڕۆژانە وەک دەزووی بەستنەوەی دنیای کۆمەڵایەتی، بە هەمان شێوە ئەوێ دەکاتە هەرێمی یەکلاکەرەوەی نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان بۆ بەرخۆدان دژی بوونی کۆلۆنیالیست بە بەرهەڵستکاریی و کاردانەوەکانیان.

سارا ڕۆی (١٩٨٧) سێ سیاسەت یان هێزی بزوێنەری سیاسی کە دەبنە هۆی لەگەشەخستن دەستنیشان دەکات: دەستبەسەرداگرتن و لێ ئەستاندنەوە، یەکخستن و بەدەرەکی کردن و لەپێکهاتەخستن. ڕۆی دەستبەسەرداگرتن و لێ ئەستاندنەوە بە پێشگرتن بە خەڵک بۆ ئەوپەڕی کەڵک وەرگرتن لە سامانە ئابوورییەکانی خۆیان ەزانێ. ئەو سیاسەتە چوار بەش دەگرێتەوە: دەستبەسەر داگرتنی وەبەرهێنان لە سەر ئاو، زەوی، خانووبەرە و ژێرخانی ئابووری. یەکخستن و بە دەرەکی کردن بە سیاسەتی هاندانی ئابوورییە کۆلۆنیکراوەکان بۆ بە بەستراوەییی مانەوە بەو سەرچاوانەی لەدەرەوە دەئافرێندرێن، دەناسرێتەوە (ڕۆی ١٩٩٥:٢٠٩). ئەو سیاسەتانە بەو شێوەیە کار دەکەن: ئـ) پەرتەوازەکردنی هێزی کاری خەڵکی ڕەسەن لە ئابووریی هەرێمەکە بە ناچار کردنیان بۆ کار کردن لەو پیشەسازییانەی هێزی ماسولکەی زۆریان پێویستە و لەدەرەوەی ناوچەی  خۆیانن، ب) کەمکردنەوەی توانستی بەرهەمهێنانی ئابووریی نێوخۆیی ج) کۆسپی بەدامەزراوەییکرانی گەشەی ژێرخانی ئابووری، وەکوو دامەزراوەکانی پاشەکەوت و دانی قەرز، کەرتی ئابووریی تایبەت، بەڵێندەریی هەرێمی و، هەر تەوەرەێکی دارایی کە ببێتە هۆی گەشەکردنی ئابووری. بێجگە لەوە، سنوور دەخاتە سەر چۆنایەتیی خوێندن، ستانداردەکانی ڕاهێنان و بەرنامەکانی پەیوەندیدار بە خوێندنەوە لە کۆمەڵگای ناسەربەخۆ کە لە دروستکردنی گەشەی ئابووری و خۆشبژێویدا ناکارامە و ناکاریگەر دەمێنێتەوە.

ڕۆژهەڵاتی گەمارۆدراو: لەگەشەخستن وەک شێوازێکی بێدەنگی داگیرکاری

پێناسە کردنی لەگەشەخستن لە لایەن ڕۆی (١٩٨٧، ١٩٩٥، ٢٠١٤) و شێوازەکانی کار کردنەکەی تاقانەیە و بووەتە هۆی گفتوگۆی قووڵی تیۆریک لە بارەی گونجاو بوونی تیۆرییە ڕەخنەگرییەکانی گەشەسەندن لە چوارچێوەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا. پەرەپێدانەکانی ئەو دواییانەی تیۆریی لەگەشەخستن، لە سەرەتادا لە لایەن زانایانی لێکۆڵینەوەکانی فەلەستین، تا ڕادەیەکی زۆر لە چوارچێوە سەرەتاییەکەیدا قەتیس ماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵی زانستوانانەی ساوا بەڵام گەشەئەستێن بۆ بەکارهێنانی تیۆریی لەگەشەخستن بۆ چوارچێوەی دیکەش لە ئارا دان (بڕوانە سولەیمانی و محەممەدپوور ٢٠٢٢).

تایبەتمەندییە سەرەکییەکەی لەگەشەخستن، پێداگرییەکەی لەسەر سەربەخۆیی وەک فاکتەری بنەڕەتی بۆ ئەگەری گەشەسەندن لە کۆمەڵگایەکدایە. پرسی سەربەخۆیی گرێدراوییەکی چڕی بە مافەکانی دیاریکردنی چارەنووس یان خۆبەڕیوەبەرییەوە هەیە. ڕۆی پێداگرە کە ئەوە تەنیا نەبوونی گەشەی ئابووری نییە کە پڕۆژەی بوونی فەلەستین بەرەو نەمان دەبا بەڵکوو نەبوونی سەربەخۆییە. بە کەڵکوەرگرتن لە کارەکانی ڕۆی و یادیرجی (٢٠١٧:٥٩)، ئێمە دەڵێین ڕۆژهەڵات نموونەیەکی دیکەی پڕۆژەی دەوڵەتی بۆ لەگەشەخستنە، چونکە مەرجە خراپەکانی ئابووریی ئەو ناوچەیە لەبەر نەبوونی سەربەخۆییی سیاسییە. لێرەدا گرینگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئێمە تەنیا جەخت لەسەر ڕۆژهەڵات دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دەبێ پێداگر بین کە ڕۆژهەڵات تەنیا بەشی کوردستانی مەزن نییە کە سیاسەتی لەگەشەخستنی نەتەوە حاکمەکان تێیدا بەڕیوە دەچێ. یادیرجی (٢٠١٧:٥٩) ئاشکرای دەکات کە بەشەکانی دیکەی کوردستان وەک باکووری کوردستان بە هەمان شێوە کەوتووەتە ژێر سیاسەتەکانی “کۆماری تورکیە [بۆ] لەباربردنی تواناییەکانی بوونێکی خۆبەڕێوەبەرانەی کوردان [و] سیاسەتی لەگەشەخستن، تەنیا بە شێوازی جیاواز، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی تورکەوە جێبەجێ کراوە.”

کورد مەزنترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە، کە ڕێژەی دانیشتووانی پتر لە ٤٠ میلیۆنە و وڵاتێکی دابەشکراو لە نێوان تورکیە، عێراق، ئێران و سووریەیە. ئەوان لە گشت ئەو وڵاتانەدا بە کەمینە کراون و ئەو گەلە بە زمان، فەرهەنگ و شوناسی کوردی لە نەتەوە ئەتنیکییە زاڵەکانیان لێک جیا دەکرێنەوە. بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم، کورد لە ژێر دەسەڵاتەکانی عوسمانی و قاجاردا دەژیان. لە ١٩٢٠ و دوای هەرەسهێنانی ئیمپڕاتوریی عوسمانی، هاوپەیمانان لە ڕێککەوتننامەی سیڤەردا بەڵێنییان بە کورداندا دەوڵەتێکی خۆیان هەبێ. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرهەڵدانی دەوڵەتانی نەتەوەپەرستی شەڕانی، ئەوانیان بێ دەوڵەت هێشتەوە و کردیاننە ئامانجی سەرەکیی پاکتاوی ئەتنیکی و سیاسەتی تواندنەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتانێکدا کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کرا (بڕوانە بەزوان ٢٠٢١).

کورد زیاتر لە سەدەیەک بۆ وەدەستهێنانی شێوازی جۆراجۆری خۆبەڕێوەبەری خەباتی کردووە و دڕندانە سەرکوت کراوە. ئەوان شاهیدی داگیرکرانی خاکیان و حاشا کردن لە زمانیان، شوناسیان و مافە بنەڕەتییەکانیان بوون. بێجگە لەوە، دەستڕاگەیشتنی ئەوان بە مودێڕنیتەی سەرمایەداری، جموجۆڵی پەروەردە و بارهێنان و هەموو جۆرە شێوازێکی سیاسەتکردنی ئەوان بە توندی سنووردار کراوە. لەوەش زیاتر، کورد بەرەوڕووی لەنێوبردنی زمان و فەرهەنگ، ئاوارەیی و کۆمەڵکوژی بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی ئەوان لە توندوتیژیی دەوڵەتی لە لایەن دەوڵەتە ئەتنیکییەکانی عەڕەب، فارس و تورکەوە تەواو هاوشێوە نەبووە.

لێرە، لەبەر جەختکردن لەسەر لێکۆڵینەوەی بەردەست، ئێمە خۆمان لە باس کردن لە دۆخی کوردانی دەرەوەی ڕۆژهەڵات (لە ژێر دەسەڵاتی فارس) دەبوێرین. کوردانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە کۆمەڵگا نافارس-شیعەکان پەڕاوێزخراون، ژێردەستە کراون و کەوتوونە ژێر تواندنەوەی سیستەماتیک و کوژرانی ڕۆژانە. لە ژێر دەسەڵاتی نەتەوەپەرستی فارسیدا، باس لە هەر جۆرە شێوازی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە  لایەن دەوڵەت و دەنگدەرە فارسەکانییەوە بەرەوڕووی بێزاری دەبێتەوە (سولەیمانی و محەممەدبوور ٢٠١٩ب). بۆیە، دۆخی کورد نموونەیەکی دیاری ئەو شتەیە کە ئاگامبەن (٢٠٠٥) بە “دۆخی ڕیزپەڕ” پێناسەی دەکات. بە گوێرەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵگای کوردی لە بەراورد لەگەڵ کەمینە ئەتنیکییەکانی دیکەدا، بەردەوام  زۆرترین رێژەی لەسێدارەدرانی هەیە (ڕاپۆرتی ئێران ٢٠٢٠). بە هەمان شێوە “زیندانییە سیاسییەکانی کورد … نزیکەی نیوەی کۆی زیندانییانی سیاسی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک دێنن” (کالدێرا ٢٠٢٠).

لە ١٩٠٦ بەولاوە، هەڵاواردن دژی کوردانی سوننی چووەتە نێو یاسای بنەڕەتییەوە. یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، زمان، مێژوو، داواکارییە سیاسییەکانی و فەرهەنگەکەی بە خێڵەکی دێنێتە ئەژمار. یاسا بنەڕەتییە فارس-ئیسلامییەکە ناڕاستەوخۆ تواندنەوەی کورد و نەتەوە ئەتنیکییە ژێر دەستەکانی دیکە مسۆگەر دەکات (سولەیمانی و عوسمانزادە ٢٠٢١). ئەو، فارسی وەک زمانی هەموو ئێرانییەک، بێ لەبەرچاو گرتنی پاشخانی زمانی-ئەتنیکیی ئەوان، دێنێتە ئەژمار (بڕگەی ١٥). لە کاتێکدا کە ئەوان لە چارەنووسی “نەتەوەی ناسەربەخۆ”بووندا هاوبەشن، ئێمە ناتوانین مافە فەرهەنگی و زمانییەکانی فەلەستینی و کوردان لەگەڵ یەکتر بەراورد بکەین. بە پێچەوانەی کوردان، جیاوازییەکانی زمانی-ئەتنیکیی گەلی فەلەستین حاشای لێ نەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە پەیوەندی لەگەڵ مافی خۆبەڕێوێوەبەری و سەربەخۆییدا وێکچوونی سەرسوڕ هێنەر لە نێوان کورد و فەلەستینییەکاندا هەیە. بە هەمان شێوە جیاوازیی بەرچاویش لە نێو ئەو دووانەدا هەیە کە دۆخی کورد ئاڵۆزتریش دەکات. بە پێچەوانەی فەلەستینییەکان، سێ بەش لە چوار بەشی کوردستان هیچ پێگەیەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییان نییە. دیسان، بە پێچەوانەی فەلەستین، کوردستان وەک وڵاتێک پێناسە نەکراوە کە خاکەکەی لە لایەن دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستەوە داگیر کرابێ (بڕوانە سولەیمانی و محەممەدپوور ٢٠٢٢). کە واتە، لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، حاشا کران لە مافە بنەڕەتییەکەی کوردان وەک پرسێکی نێوخۆییی چوار وڵاتی سەربەخۆ سەیر کراوە. بۆ وێنە، دەوڵەتی ئێران هەر جۆرە ئاماژەیەکی پشتگیریکەرانە لە داواکانی کوردان وەک دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆییی خۆی سەیر دەکات. لەبەر ئەو هۆیە، خەباتی یەک سەدەی کوردی بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس و خۆڕاگری لە بەرانبەر سیاسەتی تواندنەوە و ڕێکارە کۆمەڵکوژانەکەیدا لە ڕەوایی دەخات. نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، ڕەوایی دەدا بە سەرکوت دژی کوردان  و حاشا کردن لە نەتەوە بوونیان، واتە هەر ئەو ڕاستییە کە زەمانەتی مافی ئەوان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەکات.

وەکوو کۆمەڵگا بەکەمینەکراوەکانی دیکەی ئێران (عەڕەبەکان، بەلووچەکان، لوڕەکان، تورکەکان و تورکمانەکان)، کوردیش هیچ دەورێکی لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێراندا نەبووە، بە هەمان شێوە هیچکات داوای ڕەزامەندیی ئەوان بۆ چوونە نێو ئەو یەکیەتییە تازە دامەزراوە “فارس”تەوەرە نەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێشێلکردنی مافی نافارسەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووس وەک شتێکی سروشتی سەیر دەکرێ. هەر وەها دەسەڵاتی ئەتنیکی فارس بە سەر باقی وڵاتدا. هیچ شتێک وەک ئەوەی دواتر، پێکهاتەیەکی کۆلۆنیال بوونی ئێرانی هاوچەرخ پشتڕاست ناکاتەوە. ڕۆشنبیرانی ئێرانی بەرگری لە ئێرانی‌بوونێكی بە فارس-شیعەکراوی وەها توندوتیژانە دەکەن و داڕێژرانی لەسەر بنەمای زمانی ئەتنیکێک و هیرارشیی ئایینی وەک ئاکامی سروشتیی دروستکردنی نەتەوە سەیر دەکەن. ئەو داڕشتنە توندوتیژانەی ئێرانیبوون، نافارسەکان لە دێموس (نەتەوە یان گەل بوون) دەرداوێ، مەگەر بە توانەوەیان لە فەرهەنگی حاکمدا نەبێ. لە ئێران، شارۆمەندیی نافارسەکان بە توانەوەیان و گۆڕینی ئایینیان بۆ شیعە (بڕوانە بڕگەکانی ١، ١١٥ و ١١٧ لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران)،3 دەبەسترێتەوە و لەبەر ئەو هۆیەیە کە ئەوان، لە باشترین دۆخدا، دەتوانن ئەگەری شارۆمەند بوونیان هەبێ.

خۆڕاگریی کوردان لە بەرانبەر مەرجەکانی سەرەوەدا وەک ناڕەوا، جیاییخوازانە و ورووژاندن لەدەرەوە ڕا باسی لێوە دەکرێ. بە پێچەوانەی پرسی فەلەستینییەکان، داوا سیاسی و فەرهەنگییەکانی کوردان بە چاویلکەی ئەمنییەتی سەیری دەکرێ. بۆ وێنە، سەرەڕای کۆمەڵکوژیی یەزیدییەکان لە ٢٠١٤،کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەڕێوە چوو و، هەوڵەکانی تورکیە و ئێران بۆ وێران کردنی باکوور و ڕؤژئاوای کوردستان، بێ باسکردن لە بەنێو نیگەرانییە ئەمنییەتییەکانی تورکی و ئێرانی، کاربەدەستە ڕۆژئاوایییەکان زۆر بەدەگمەن باسی کوردانیان دەکرد. ئەو کەشوهەوا دوژمنانەیە بووەتە هۆی هاندانی ئاکادێمیسیەنانی وەک مایکڵ ئـ. رەینۆڵدز، لە زانکۆی پرینستۆن، تا بە بیانووی “ناڕەزایەتیی ڕەوای تورکیە” ڕەوایی بدا بە داگیرکاریی سەربازیی تورکیە لە کوردستانی سووریە و پاکتاوە ڕەگەزییەکەی لە عەفرین  (دۆران و رەینۆڵدز ٢٠١٩). مایکڵ گونتەر، کە خۆی بە پسپۆڕی لێکۆڵینەوەکانی پرسی کورد دەزانێ، ئیدیعای کرد هەڕەشەی کوردی ڕۆژئاوا دژی دووهەمین زلهێزی سەربازیی ناتۆ “بە تەواوی ئاکامی هۆنینەوەی مێشک (هی تورکیە) نییە.”5 لە کاتێکدا کە تورکیە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا کەیفخۆشانە خەڵکی مەدەنیی کوردی دەکردە ئامانجی بۆمبی فۆسفۆڕی. ئەوە ئاستی کاریگەر بوونی ڕوانگە تەماشاوانییەکانی لێکۆڵینەوە و زانایان بۆ ڕەواییدان بە هاویشتنی بۆمبی فۆسفۆڕی6 بە سەر خەڵکێکی مەدەنیدا، کە دەوڵەتی خۆی نییە، ئاشکرا دەکات. ڕەواییدانی هەنووکەییی نێودەوڵەتی بە کۆلۆنیالیزم لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، کوردی خستووەتە نێو دۆخی بێهیواییی تەواو و ئەوانی تووشی کوژرانی سیستەماتیک و ڕۆژانە، لەکیس چوونی سامانەکانیان و وێرانکرانی ژینگە و شوێنی ژیانیان و نێژرانی خاکە بەپیتەکەیان لە ژێر پڕۆژە ئەمنییەتییەکانی بەنداوەکانی دەوڵەتدا کردووە. باج ئەستێنی، تاڵان کردن و وێران کردنی سیستەماتیکی سامانەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، وەک گیروگرفتێکی نێوخۆیی سەیر دەکرێ کە ئاکامی خراپ بەڕێوەبردنی سامانە “نەتەوەیی”یەکان لە لایەن دەوڵەتەوەیە. بە گوێرەی ئەو ڕوانگەیە، سیاسەتی ڕاگواستنی زۆرەملێ و کردنی کوردان بە هێزی کاری هەرزان و خەباتی ئەوان دژی ئەو چەقبەستووییە زۆرەملێیە، تایبەتمەندییەکی نەریتیی سیاسەتە شکستخواردووەکانی گەشەسەندن لە لایەن دەوڵەتەوەیە. بە پێچەوانەی فەلەستین، وێرانکردنی ڕۆژهەڵات، چاودێریی نێودەوڵەتیی بەسەرەوە نییە، کوردیش پشتگیریی سیاسی یان یارمەتیی ئابووری وەر ناگرێ. ئەوە مردنێکی لەسەرخۆیە کە بە شاراوەیی لە ئارا دایە.

بێجگە لەوە، بە پێچەوانەی فەلەستین، لە ڕوانگەی نێوەدەوڵەتییەوە ڕۆژهەڵات ناوچەیەکی داگیرکراوی دانپێدانراو نییە. بۆیە، دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە بە میلیتاریزە کردن و بەئەمنییەتی کردنە بەردەوامەکانیان لە ڕۆژهەڵات دەدەن. بەئەمنییەتی‌کردن “سیاسەتی تۆقاندن لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی هەڕەشە” تێکەڵ دەکات (بالزاک، لیۆنارد و روزیکا ٢٠١٦:٢). ستراتێژییەکانی بەئەمنییەتی‌کردنی دەوڵەت شوێنی ژیانی کوردانی کردووە بە هەرێمێکی ئەمنییەتی و زمان و شوناسی ئەوانی کردووە بە هەڕەشەیەکی ئەمنییەتیی بەردەوام (محەممەدپوور و سولەیمانی ٢٠٢٠؛ سولەیمانی و محەممەدپوور ٢٠١٩ب). وەکوو پرسی فەلەستینییەکان، کورد بوون لەخۆیدا پرسێکی ئەمنییەتییە، لەگەڵ ئەوەشدا کوردبوون نابێتە هۆی ورووژاندنی هاوخەمی و پشتگیریی نێودەوڵەتی7.  ئەوە جیاوازیی هەڵسوکەتەکانی بەئەمنییەتی کردنی ڕۆژهەڵات لە گەڵ هی فەلەستینە. لە کاتێکدا کە فەلەستینییەکان هێندێک ناوچەی خۆبەڕێوەبەریان هەن، کوردستان هەموو ڕۆژێک وێران دەکرێ. ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆژانەی کوردان بە تۆڕە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەت و بوونی سەربازیی ئەوان بەفیڕۆ دەچێ و لێک هەڵدەتەکێنرێت. بە میلیتاریزە کردنی پەرەئەستێنی ڕۆژانە، دەوڵەتی ئێران هەوڵ دەدا زمان و فەرهەنگی کورد بکاتە فارسی و خاکەکەی لە کوردان داماڵێ.

وەکوو پرسی فەلەستین، تیۆرییەکانی بەستراوەیی و گەشەسەندن لە شیکردنەوەی پڕۆسەی لەگەشەخستنی ڕۆژهەڵات شکست دێنن. دۆخەکەی نە لە ژێر ڕووناکاییی بۆچوونی تیۆریی بەسترانەوە لەمەڕ ناوەند-پەڕاوێز و نە بە بیرۆکەی گەشەی تاک رەهەندیی تیۆریی هاوچەرخکردن (موێڕنیزاسیۆن) شی ناکرێتەوە. ئەو تیۆرییانە لە هەڵوێستە تاکڕەهەندی یان بەراوردکارانەکەیاندا، گریمانەی ئاستێکی دیاریکراوی گەشەسەندن دەکەن. تیوۆریی هاوچەرخکردن لە شیکردنەوەی پاشکەوتوویی لە ڕۆژهەڵات ناسەرکەوتوویە، چونکە ناتوانێ هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵاتی بڕوامەند بە تاک ئایین- تاک ئەتنیک بۆ سیاسەتی گەشەسەندن بێنێتە ئەژمار. سیاسەتی گەشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاک ئایینی-تاک ئەتنیکییە چونکە ئەو لە بەرژەوەندیی زاڵبوونی تاهەتاییی فارسی حاکمدا و جەخت کردن لەسەر وێران کردنی ناوچە نافارس-ناشیعەکان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فرە نەتەوەدایە. لە ئێران، کۆمەڵگای فارس-شیعە بە تەواوی پرۆسەکانی گەشەسەندن و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیی قۆرخ کردووە. لەو ڕوانگەیەوە، ئێمە هاوچەرخکردن لە ئێران وەک پڕۆژەیەکی کۆلۆنیال لێک دەدەینەوە کە لە دەوری شەکەت کردن و بەلاڕێدابردنی شێوازە نەریتییەکانی بەرهەمهێنان و سەربەخۆییی فرە گرینگی ئابووریی ڕۆژهەڵات هەڵدەسووڕێ.

لەو توێژینەوەیەدا، هاوتەریب لەگەڵ زانایانی پرسی کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا (کووپەر ٢٠٠٢؛ لوکاس ٢٠٠٤؛ مامدانی ٢٠٠٢)، ئاسیا (چاکرابارتی ١٩٩٧: چاکرابارتی ٢٠٠٠؛ چەتەرجی ١٩٩٣؛ میگوچی ٢٠١٠)، و ئەمریکای لاتین (بورکهۆڵدەر و جانسۆن ٢٠١٢؛ رۆدریگێز ٢٠٠١)، ئێمە پڕۆژەی هاوچەرخکردن و “بەکۆلۆنیکردن”ی ناوچە نافارسەکان وەک دوو دیوی یەک سکە سەیر دەکەین (بڕوانە لیدۆن و ریزڤی ٢٠١٠). گەشەی دەیان ساڵەی تاک ئەتنیکی-تاک ئایینی و بەئەمنییەتی کردن لە لایەن دەوڵەتانی پەهلەوی و کۆماری ئیسڵامییەوە، جیاوازییەکی قووڵی سیاسی و ئابووریی لە نێوان ناوەندی فارس و پەڕاوێزی نافارسدا دروست کردووە. بەڵام، وەک ئەوەی سارا ڕۆی (٢٠١٤) لە توێژینەوەکەی لەسەر کەرتی غەززە بینیویەتی، سیاسەتی لەگەشەخستن و بێ‌دامەزراوەکردنی ڕۆژهەڵات لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، بە تایبەت لە سەردەمی ڕێژیمی ئیسلامیدا، نە تەنیا سەپاندنی بەستراوەیی یان چەوساندنەوەی قەوارە پەڕاوێزەکانە، بەڵکوو ئامانجی لەنێو بردنی ئەو پێکهاتانەشە کە ئەگەری بەرهەمدار بوونیان هەیە.

لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ڕۆژهەڵات (لەگەڵ پارێزگای سیستان و بەلوچستان) کورتترین ڕێژەی چاوەڕوانکراوی تەمەن لە نێو هەموو پارێزگاکانی ئێرانیان هەیە (ئێلینگ ٢٠١٣:٥٦). کوردەکان، کە وەک ڕووخێنەر سەیر دەکرێن، بوونە ئامانجی ڕێکاری ئەمنییەتی و، لەبەر ئەو هۆیە دەوڵەت پێشی بە وەبەرهێنانی ژێرخانی و پیشەسازی لە ناوچەکەداگرتووە. لە ئاکامدا، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات کەرتی نافەرمیی وەک کۆڵبەریی8 (کاری سەر سنوور) و کار لە کوورەی خشتان دەرفەتە باوەکانی کارن  (سولەیمانی و محەممەدپوور ٢٠٢٠).

ئێران وەک دەوڵەت نەتەوەیەکی کۆلۆنیالیست

سەرچاوەی دیسکۆرسی نەتەوەپەرستی مودێڕنی ئێرانی، وەک ئەوەی لە سەردەمی پەهلەویدا سەری هەڵدا، دەکرێ بگەڕێندرێتەوە بۆ ڕووداوەکانی دەوڵەتی قاجار (١٧٨٩-١٩٢٥) لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەهەم. لە دەیەی کۆتاییی قاجاردا، هێندێک شێوەی نەتەوەپەرستیی سێکولار لە نێو ڕۆشنبیرەکاندا پەرەی گرت. چەمکی وەک ئێران یان پارس، فارسی، وێژە و شیعری درێژ، کە قەرار بوو جەخت لەسەر بەردەوامیی مێژووییی یەکپارچەییی خاکی ئێرانی خەیاڵی بکاتەوە، دەرکەوت  هەموویان شتی بنەڕەتی بۆ نەتەوپەرستیی فارس بن. بێجگە لەوە، ناسیۆنالیزمی فارس، دەستەوداوێنی شاهنامە (کتێبی شایەکان لە نووسینی شاعیر فیردەوسی)، ئەفسانەی زەردەشتی و بیرهێنانەوەی گوڵبژێر کراوی سەردەمانی کەونارا بۆ دروستکردنی ڕابردوویەکی خەیاڵی بۆ ئێستا و پێداویستییە ناسیۆنالیستییە بەپەلەکان بوو (زیا-ئیبراهیمی ٢٠١٦).

لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، بڵاو بوونەوەی ئەفسانەی ئاریایی، کە لە لایەن تاقمێک نوخبەی ناسیۆنالیستی ئێرانی بە نێوی ئاڵقەی بەرلین9 گەشەی پێ درا، ناسیۆنالیزمی فارسی لە قاڵب دا. لە سەردەمی ڕەزاشادا (١٩٢٥-١٩٤١)، بە پێشکەشکردنی ناسیۆنالیزمێکی فرە ناوەندگەرایانەی فارسی، ڕەوایی بە سەرەڕۆیی دەدرا و پشتگیریی لێ دەکرا. یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکشێوازی، هێمای سەرەکیی ئەو ناسیۆنالیزمە بوو. ڕۆشنبریی فارس تەوەر سەرنجی دایە ڕزگاریدەرێک، کەسێکی دیکتاتۆڕ کە بتوانێ بەرنامەیەکی نەتەوەپەرستانە بە زۆر بسەپێنێ. ڕەزا خان پاشایەتییەکی دامەزراند کە مودێلێکی ڕەگەزپەرستانەی باڵادەستیی ڕەگەزی ئاریاییی پێوە لکاند، ڕەگەزێک کە سەرچاوەکەی، بە گوێرەی دەوڵەتی پەهلەوی، گریمانە دەکرا لە هیچ شوێنێک نەبێ بێجگە لە ئێران و نەوەکانی بێ ئەملا و ئەولا کەس نەبوو بێجگە لە فارسان (محەممەدپوور ٢٠٢١، ٢٠٢٣). ڕەزاشا پەرەی بە دەوڵەتداریی یەکیەتیی ڕەگەزی دەدا و هەموو جۆرە جیاوازییەکی زمانی و ئەتنیکیی ڕەت دەکردەوە. لە ١٩٣٤، ڕەزا شا بە فەرمی نێوی وڵاتی لە ‘ممالک محروسە’ (وڵاتانی پارێزراو) بۆ “ئێران”، وەک “وڵاتی ئاریاییەکان” گۆڕی.10

ڕەزا شا ستراتێژییەکی دوو دەمی بۆ تواندنەوە و کۆمەڵکوژیی زمانی و هەروەها سڕینەوەی فەرهەنگی بۆ داڕشتنی “یەک وڵات، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت” هەڵبژارد (محەممەدپوور و سولەیمانی ٢٠٢٠:٣). بۆ ئەوەی تاقە شوناس و تاقە فەرهەنگە ئێرانییەکە وەڕاست گەڕێ، دەبوو هەموو شتێک بە ستاندارد بکرێ. هەموو کەس دەبوو پاشناو (شۆهرەت)ی هەبێ. فارسی وەک زمانی فەرمیی وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە زمان دیاری کرا. دوای سەدەیەک لە بانگەشەی دەوڵەتیی ڕەگەسپەرستی و تواندنەوەی زۆرەملێ، فارسەکان تەنیا ٪٣٧ لە دانیشتووانی ئێران پێک دێنن (ئەسغەرزادە ٢٠٠٧:٨٢).

ڕەزا شا پاش پتەو کردنی دەسەڵاتی خۆی، کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم زمانە نافارسەکانی بە شێوازی نووسراوە قاچاخ کرد. زمانەکانی دیکە یان وەک شێوەزارێکی فارسی ( واتە کوردی و لوڕی) یان وەک زمانە بیانییەکانی نا هیندو-ئورووپایی (واتە تورکی و عەڕەبی، ئەسغەرزادە ٢٠٠٧:٨٧) سەرکوت کران. لەوەش بەولاوە، ئەو بە شێوەی توندوتیژانە هەوڵی بەفارسیکردنی ناوچەکانی دا. بۆ وێنە، نێوی عەڕەبستان بۆ خووزستان گۆڕدرا (ئەسغەرزادە ٢٠٠٧). نووسەران، ئاکادێمیسیەنان، نووسەران و شاعیرانی فارس دەستیان بە لایەنگری لە بەفارسیکردنی کۆلۆنیالیستی و پرینسیپەکانی ئایدۆلۆژییەکی ڕەگەزپەرستانە کرد کە تا ئەو کاتی لە ئێران نەناسراو بوو (ئەسغەرزادە ٢٠٠٧:١٨٨). تەنانەت ئەمڕۆ، ئاکادێمیسیەنە فارسەکان زمانە نافارسییەکان یان وەک شێوەزارێکی زمانی خۆیان یان دواکەوتوو پۆلێن دەکەن.11 ئاکادێمیسییەنە فارسەکان بێدەربەستانە بە خوێندکارەکانیان دەڵێن “بێتوو بە هەر زمانێکی دیکە بدوێی، کە واتە تۆ ئێرانی نی. زمانی فارسی و ڕەگەزی ئاریایی ئەو شتەیە کە ئێمە تێیدا هاوبەشین” (ساڵح ٢٠١٣:١٢٩).

لەسەر کار لابردنی ڕەزا شا بووە هۆی سەرهەڵدانەوەی هێزی جۆراجۆری نەیاری بەفارسکردن، کە سەردەمێک تێک شکێنرابوون. وەک نموونەی ئاشکرای جووڵانەوەی ناسیۆنالیستیی نافارس دەتوانین ئاماژە بە کۆماری کەمتەمەنی کوردستان و دەوڵەتی گەلیی ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٤٦ بکەین. کوڕی ڕەزا شا، محەممەد ڕەزا (١٩٤١-١٩٧٩)، بە جێبەجێ کردنی بەرنامەی ناسیۆنالیزمی شەڕانی، دەوڵەتی ناوەندگەرا و، بە ڕۆژئاوایی کردنی ڕووکەشیانە، خۆبەختکەرانە درێژەی بە بەرەوپێش بردنی خەونی باوکی بۆ دروست کردنی ئێرانێکی بە فارسکراو دا. پەرە پێدانی سیاسەتەکانی، محەممەد ڕەزا شا  بووە هۆی سەرهەڵدانی ژمارەیەک بەرخۆدانی سیاسی-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە لایەن نەتەوە ئەتنیکییە بەکەمینەکراوەکان. ڕێژیم سیاسەتێکی شاراوەی بە فارسی ئاریاییکردنی سەرجەم کۆمەڵگا ناعەڕەب و ناتورکەکانی دەست پێ کرد، ئەگەرچی لەگەڵ حاشا کردنی ئاشکرای تورکیە جیاواز بوو (ئەسغەرزادە ٢٠٠٧:١٥٣). لە دیسکۆرسی فەرمیی بەئاریاییکردندا کە بە چڕی زمان، فەرهەنگ و مێژووی فارس دەسەپێنرا، مێژوو، فەرهەنگ و شوناسی کوردی بوونە ئامانجی سەرەکیی تواندنەوەی سیستەماتیکی دەوڵەت. کوردەکان بۆ خێڵی جەنگاوەری مێژوویی کە شانازیی پاراستنی نیشتمانی ئاریاییان پێ ئەسپێردرابوو، دابەزێنران. بەڵێنیی ئاریاییبوون، کە تابلۆی دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی پەهلەوی بوو، دوای شۆڕشی ١٩٧٩، دەوری سەرەکیی خۆی پاراست و بە پێوەلکاندنی شیعەگەری، بووە تایبەتمەندیی پێناسەکراوی کۆماری ئیسلامی (محەممەدپوور ٢٠٢٤ب؛ سولەیمانی و محەممەدپوور ٢٠١٩ ئـ).

بە گشتی باس لەوە دەکرێ کە شۆڕشی ١٩٧٩، بووە هۆی ئاڵوگۆڕی پارادایمی لە سیاسەت و بیری ڕۆشنبیرانەی ئێراندا، بە گۆڕان لە ناسیۆنالیزمی سێکولارەوە بەرەو ناسیۆنالیزمی ئایینی. بەشێک لە زانایانی ئێرانی پێیان خۆشە ئەو ئاڵوگۆڕە وەک وڵامێکی نێوخۆیی بە دەستێوەردانەکانی ڕۆژئاوا لە کاروباری نێوخۆیی، کە لەسەردەمی قاجارەوە دەستی پێ کردبوو و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پەهلەویدا پەرەی ئەستاندبوو، شی بکەنەوە (بروجێردی ١٩٩٦؛ میرسپاسی ٢٠١٩). لەو بۆچوونەدا، شۆڕشەکە وەک هەنگاوێکی دژە کۆلۆنیالیستی و دژە ئیمپریالیستی بەرانبەر زلهێزانی ڕۆژئاوایی دەناسێندرێ (دەباشی ٢٠٠٨). شۆڕشەکە شای سێکۆلاری لە سەر کار لابرد و مەلای شیعەی لە جێگای دانا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە زۆر بواردا، سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئایینیی ئەمڕۆ، شتێک نین بێجگە لە درێژەدان بە سیستەمی پێشوو و هاوتەریبیی لەگەڵ تایبەتمەندییە سەرەکییە کاولکەرەکانی.

هەردووکیان ئیدیعایان کردووە کە ئێران خاوەن نەتەوەیەکی هاوتوخمە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام  و لە سەردەمی فرە کۆنەوە هەبووە. کۆماری ئیسلامی قورساییەکی ئایدۆلۆژیکی تاقانە دەدا بە سەردەمی ئیسلامی، بە تایبەت سەرهەڵدانی شیعەگەری. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە شێوازێکی نوێی پێشکەشکردنی سەرجەم ئیدیعاکانی ناسیۆنالیزمی فارس لە پەیوەندی لەگەڵ بەنێو بەردەوامیی مێژووییی شوناسی ئێرانییە. وەک فارسە ناسیۆنالیستە سێکولارەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدیعا دەکات شێوەی کارکردی شوناس و فەرهەنگی ئێرانی هەزاران ساڵە نەگۆڕدراوە (رام ٢٠٠٠؛ سولەیمانی و عوسمانزادە ٢٠٢١).

سیستەمەکانی پەروەردە و بارهێنانی هەر دوو دەوڵەت، بانگەشەی تێۆرییەکانی ڕەگەزی ئاریاییان کردووە و دەڵێن ئاریاییەکان لە گشت ڕەگەزەکانی دیکە سەرووترن (رام ٢٠٠٠، سولەیمانی و عوسمانزادە ٢٠٢١). بە دروستکردنی پەیوەندیی مێژوویی و ڕەگەزی لەگەڵ ئورووپاییەکان، ئەوان لە بەرانبەر فەرهەنگی سامی و زمانی عەڕەبیدا، باڵا دەستییەکی تاقانەی ڕەگەزی دەدەنە پاڵ شوناسی ئێرانی. بڕوا بە نایابیی ڕەگەزی ئێرانی (بڵێ هی فارس) بە هێندێک دەستکارییەوە لە دیسکۆرسی ئایینیی کۆماری ئیسلامیدا وەرگیرا و تێکەڵی کرا. بۆ وێنە، کتێبە دەرسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مناڵانی ئێرانی فێر دەکەن کە “هۆیەک هەیە بۆچی نێوی وڵاتی ئێمە ئێرانە، وڵاتی ئازاد و لە دایکبووانی ئازاد [خەڵک]. مەزنترین و بەنرخترین دیاریی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە، بیرە داهێنەرەکەی، هۆدان و فەرهەنگە … ڕۆڵەکەم، من دەزانم … کە تۆ ئەوینداری ئێرانی …چونکە تۆ … لە ڕەگەزی نایابی ئێرانیی” (کتێبی فارسی پۆلی هەشتەم ٣١-٣٠: ٢٠١٨، جەختکردنەوەکان زیاد کراون).

هەر دوو سیستەمەکە زمانی فارسی و شوناسی فارسییان وەها ناساندووە کە ئەوە هی سەرجەم ئێرانییەکانە، بۆیە  فارس بوونیان لەگەڵ ئێرانیبوون یەکسان داناوە (محەممەدپوور ٢٠٢٤ب). ئەوان ئەو ئیمتیازەیان داوە بە ئەتنیکی فارس کە تاکە نووسەری مێژووی نەتەوەکە بن، بەو گریمانەیەوە کە سێ هەزار ساڵە بەردەوامە. بە شۆڕشی ١٩٧٩، شیعەگەرییش بوو بە ستوونێکی سەربەخۆیی و نیشانەی ئێرانیبوون. فارسیزم و شیعەگەری بوونە بناغەی مەعریفەیی و سیاسی بۆ دیسکۆرسی گەشەی ئێرانێکی تاک ئایین-تاک ئەتنیکی.

هەر دوو سیستەمەکە سیاسەتی تواندنەوەی زۆرەملێی نافارسەکانیان جێبەجێ کردووە، لە کاتێکدا کۆمەڵکوژبوونی ئەو سیاسەتە سەلمێنراوە (بەیات ٢٠٠٣؛ کاتوزیان ٢٠٠٣). بۆ وێنە، یەکەم سوپای دەوڵەتیی پەهلەوی بە شێوەی دڕندانە کورد، تورکی ئازەری، عەڕەب، بەلووچ و تورکمانەکانی سەرکوت کردووە. بە هەمان شێوە، لە سەردەمی دوای ١٩٧٩، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵمەتی سەربازیی دژی کوردان دەست پێ کرد، کە زۆر جار بووە هۆی کوشتار و ئاوارەیی.

لەگەشەخستن و کۆنتڕۆڵی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات

لەو بەشەدا باسی بەشێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی گەشەسەندن دەکەین کە دەوڵەتی ئێران بە مەبەستی ئیفلیج‌کردنی پێکهاتەی ئابووری-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ڕۆژهەڵات دایهێناوە و جێبەجێیی دەکات. یەکەم ستراتێژی، میلیتاریزە کردن، قووڵترین کاریگەریی بەردەوامی لەسەر سیستەمی ئابووری و ژیانی سیاسی-کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات هەبووە. مەبەستی ئەو سیاسەتە بەچۆکداهێنانی کوردان و تێکشکاندنی دێمۆگرافیی جوغڕافیای ڕۆژهەڵاتە. میلیتاریزە کردن بە شێوەی سەرەکی گەلی کورد لە شارۆچکە و گوندەکان بە ئامانج دەگرێ. پڕۆژەی میلیتاریزە کردن لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گەشەی بە بەنێو دامەزراوە شۆڕشگێڕ و سەربازییەکانی داوە، بە تایبەت سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و یەکەکانی بەسیج. ئەو دوو ڕێکخراوانە گەلێک لق، پادگان، خاڵی پشکنین و بنکەی سەربازییان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵات دامەزراندوون و ئەوێیان کردووەتە ئۆردووگایەکی سەربازیی زەبەلاح. لە هەر گوندێکی کوردان، بنکەیەکی سوپای پاسداران، لقی بەسیج و سیخوڕی هەیە. هەروەها، دەوڵەت هەزاران کوردی لە شار و گوندەکان ناچار کردووە چەک هەڵگرن و هاوکاریی دەوڵەت بکەن. بسیج مرزبان (بەسیجی سنوورپارێز)، لقێکی بەسیجە کە لە شار و گوندەکانی کوردستان چالاکە و زەخت دەهێنێ تا پیر و لاوی کورد لە دەستەکانی بەسیجدا کە لە قوتابخانەکان، شارەوانییەکان و نەخۆشخانەکاندا چالاکن، ببنە ئەندام.

نموونەیەکی دیکەی کاریگەریی میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵات، بوونی هێزی چەکداری مووچەخۆری دەوڵەتە کە بە کوردی پێیان دەڵین جاش. پرۆسەی بەجاشکردن (واتە کردنی کوردان بە جاش یان هاوکار) بووەتە هۆی رکابەری لە نێوان کۆمەڵگاکاندا و پەیوەندیی بنەماڵەییی بەرفراوانی لێک هەڵتەکاندووە (محەممەدپوور و سولەیمانی ٢٠٢٠). لەبەر ئەو هۆیە، ستراتێژیی میلیتاریزەکردن لە پاڕچەپارچە کردنی خەڵکی ڕەسەن، بەرزکردنی ئەگەری کێشەی نێوخۆیی و، گرژیی لە ڕۆژهەڵاتدا دەوری بنەڕەتیی گێڕاوە: ئەوە یەکێک لە ستراتێژییەکانی دەوڵەت بۆ هەڵایساندنەوەی ئاگری ناتەبایییە کۆنەکان لە نێو تاقم و کۆمەڵگە جۆراجۆرەکاندایە. بەو کارە، دەوڵەت ڕێگای بۆ کێشەی ئەتنیکی قەت چارەسەر نەکراو خۆش کردووە کە یارمەتیدەر دەبێ تا خۆی وەک تاکە لایەنی نێوبژیوان، ڕزگاریدەر و پارێزەری خەڵک و هاوپەیوەندیی نەتەوەیی بنوێنێ. بۆیە، دەتوانێ دەسەڵاتەکەی وەک ئافرێنەری ئاشتی و ئەمنییەت بە ڕۆچوونی قووڵ لە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی گوندە دوورەدەستەکانی ڕۆژهەڵات درێژە پێ بدا. لە هێندێک دۆخدا، دەوڵەت توانیویەتی ئەندامانی یەک بنەماڵە دژی یەکتر بورووژێنێ و ئەوانی ناچار کردووە بۆ وەدەستهێنانی ئەوپەڕی دەسەڵات بەسەر خەڵکەوە،  بچنە پاڵ ڕێکخراوە جۆراجۆرە ئەمنییەتییەکان.

میلیتاریزە کردن، ئاسەواری ماڵوێرانکەری بۆ سەر کەرتی نەریتیی ئابووری وەکوو کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات هەبووە. هەروەها، بەشێکی بەرچاو لە خاکی بەپیت بووەتە مەیدانی مین یان بنکەی سەربازی و، لە بەر ئەو هۆیە، مەترسیدارە و بەکەڵکی کشتوکاڵ نایە. پڕۆژەی میلیتاریزە کردن، ناوچەی کوردەواریی لە بنەڕەت ڕا گۆڕیوە و ناوچەکەی کردووەتە هەرێمێکی سەربازی. ئەو ئیزنی بە دەوڵەت داوە دەسەڵاتی خۆی پتەو بکات و بە شێوەی سیستەماتیک لە نێو کورداندا تۆوی دووبەرەکی و بێمتمانەیی بەرانبەر بە یەکتری چاندووە. میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵات چالاکانە لە ١٩٧٩ بەولاوە بەردەوام بوو و لە کۆتایی نەوەدەکانی زایینیدا تەکمیل کرا. بە کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران-عێراق و جێبەجێکرانی سیاسەتی میلیتاریزە کردن، ڕاکێشانی کوردان بۆ پێکهاتە سەربازییەکان هێواش کرایەوە. ئەو کاتی، بە هۆی زەختی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشوور، ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کورد ناچار بە پاشەکشە و هەڵبژاردنی ژیان لە تاراوگە کرابوو. ئەگەر میلیتاریزەکردنی چڕی ناوچە کوردییەکان تایبەتمەندیی یەکەم دەیەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، دەیەی دووهەم سیاسەتی بەئەمنییەتی‌کردنی لە ڕادە بەدەر و دڕێژەدان میلیتاریزە کردن بەڵام بە شێوەی کەمتر ئاشکرا بوو.

لە کاتێکدا کە میلیتاریزەکردنی دەوڵەت زۆرتر داڕشتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتی و ئابووریی ڕؤژهەڵاتی دەگرتەوە، ئامانجی ستراتێژیی بەئەمنییەتی‌کردن، سنووردارکردنی ئەمنییەتی کوردبوون و وەستاندنی ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی ڕۆژهەڵات بە چاندنی هەستی لە ژێر ڕاوەدوونران و چاودێرییدابوون لە دەروونی کوردی بە ئەمنییەتی کراودا بوو. بۆیە، دەوڵەت بوونی سەربازیی خۆی بە ڕەچاوکردنی جۆرێک بەئەمنییەتی کردنی بوونەوەر ناسانە، ئاسایی پێشان دەدا. ئانتۆنی گیدەنز (١٩٩١) بەئەمنییەتی‌کردنی بوونەوەرناسانە وەک هەست بە نەزم کردن و بەردەوامییەکەی بە شێوەیەک کە لە ئاستی تاکدا هەستی پێ دەکرێ، پێناسە دەکات. سیاسەتی بەئەمنییەتی‌کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژهەڵاتی وەک هەرێمێکی نائەمنی دەستنیشان کردووە و سەرجەم کوردانی کردووەتە شارۆمەندانی بەئەمنییەتی‌کراو، پرۆسەیەک کە بە کەڵکوەرگرتن لە دامودەزگای پرۆپاگاندای دەوڵەت، ڕۆژهەڵاتی وەک ناوەندی خراپەکارانی دژە ئیسلام و دژە ئێران (اشرار) ناساندووە، لەبەر ئەو هۆیە بۆ هەر جۆرە وەبەرهێنانی ژێرخانی، ناوچەیەکی نائەمینە.

پڕۆژەی بەئەمنییەتی‌کردنی تاکی کورد بە فەتوا بەدناوەکەی خومەینی لەمەڕ جیهاد دەستی پێ کرد کە لەودا داوای کرد “ڕێکاری توند دژی کافران ڕەچاو بکرێ” (گێڕانەوە و جێبەجێ کردنی ئایەتی ٢٩ لە سووڕەی ٤٨ی قورئان).12 لە ئاکامدا، بۆ وێنا کردنی کوردان وەک ناشارستانی و ڕەواییدان بە هەڵمەتی کۆمەڵکوژی، دەوڵەت دەنگۆی بڵاو کردەوە کە کورد سەری هێزە سەربازییەکان دەبڕن.13 لە ئاکامدا، لە هەشتاکان و نەوەدەکانی زایینیدا نزیکەی هەر کوردێک کە سەفەری کردبا بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران، بەروڕووی ئەو پرسیارە دەبۆوە کە “بۆچی کوردەکان سەری مرۆڤان دەبڕن.”14 بێجگە لەوە، بەرهەمەکانی سینەمایی و هونەریی دەوڵەتی، کورد وەک نێرینە، ئێرۆتیک، شەڕانی، هەستیار و، لە نواندی توندوتیژییدا پێشبینی نەکراو دەناسێنن.15

ئەگەر سیاسەتی میلیتاریزە کردنی ڕێژیم بە دەسەڵاتی ڕەق و ئاشکراتر بەڕێوە چووە، بەئەمنییەتی‌کردنی ڕۆژهەڵات بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی نەرم و هێنانە کایەی چاوەدێریی پێشکەوتوو و نیوەشاراوەی ڕێژیم جێبەجێ کراوە. بێجگە لە بەکار هێنانی سیستەمی پەروەردە و بارهێنان، مێدیا، هونەر و سینەما بۆ دڵنیا بوون لە بەئەمنییەتی‌کردنی هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانە، دەوڵەت ڕایەڵەیەکی پێشکەوتووی هەواڵگریی هاریکارانی هەرێمی، سیخوڕان و بەکرێگیراوانی لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا دروست کردووە. ئەو “دوژمنە نزیکانە” وەک هاوکاری ئاسایی ڕاکێشراون: مامۆستایەکی خوێندنگە، خوێندکارێک، دەرگاوانێک یان ئیمامێکی جومعە. بە کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی بەئەمنییەتی‌کردن، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەستی متمانە و هاوسۆزیی لەنێو دانیشتوواندا بە توندی بنکۆڵ کردووە. بە کەڵکوەرگرتن لە ڕوانگەی گیدەنز (١٩٩١:٣٧) دەکرێ بڵێین، سیاسەتی بەئەمنییەتی‌کردن “هەستی بنەڕەتیی ئەمنییەت لە دنیادا و متمانە کردنی بنچینەیی بە خەڵکی دیکە”ی لە مەترسی هاویشتووە.

لە دوای جەنگی ئێران-عێراق، ژیانی ڕۆژانەی کوردان کەوتە ژێر چاودێریی هەمەلایەنە. دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی وەک سوپای پاسداران، بەسیج و ئیتلاعات (دەزگای هەوڵگریی دەوڵەت) بە دامەزراندنی ژمارەیەک ڕێکخراوی ئەمنییەتی لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا دەستیان بە پەرەپێدانی کۆنتڕۆڵی چڕی ڕۆژهەڵات کرد. دوای ٢٠٠٩، دەوڵەت کتێبی کوردیی قاچاخ کرد، نزیکەی هەموو جۆرێک بەرهەمهێنانی فەرهەنگیی کوردیی سنووردار کرد، خوێندکارە کوردەکانی لە پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە شوێنی گشتیی دیاریکراو وەک زانستگاکان قەدەغە کرد و، تەنانەت پۆشینی جلوبەرگێک کە بیرهێنەرەوەی جەنگاوەرانی کورد لە لایەن پیاوانەوە بێ، سنووردار کرا. سنووردارییەکی زۆریش بۆ هەڵبژاردنی نێوی کوردی لە لایەن کوردانەوە بۆ مناڵەکانیان سەپێنراوە. بۆ وێنە، دەوڵەت بەڵگەی لەدایکبوون نادا بە کۆرپەیەک، بێتوو نێوەکەی لە لیستەی نێوەکانی پەسەند کراو لە لایەن دەوڵەتدا نەبێ کە لە فەرمانگەکانی کۆلکەدا هەن.16

ئەو ڕێکارە میلیتاریزەکردن و بەئەمنییەتی‌کردنانە هێزی کاری کوردیی پەڕاوێز خست و، زۆر جار، ئەوانی لە کار لە نێو دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا وەلا نا و بووە هۆی سنووردار کردنی دەستڕاگەیشتنیان بە سامانی ئابووری و ئامرازی بەرهەمهێنان. بێجگە لەوە، ئەو پرۆسەیە ڕەوتی بەردەوامی لە ڕەسەنایەتی خستنی هێزی کاری کوردی، تا ڕادەیەکی زۆر لەبەر دامەزراندنی پەرەئەستێنی هێزی کاری دەرەکی لە نێو سوپا و هێزە ئەمنییەتییەکاندا لە پارێزگا کوردییەکان، چڕتر کردەوە.

ڕووتاندنەوەی هێزی کار لە خەڵکی ڕەسەن بە شێوازی جۆراجۆ و پلەی جیاوازەوە جێبەجێ کراوە. ئەگەرچی گەلێک لە کوردانی سوننی، بە تایبەت گوندییەکان و جووتیاران، ناچار کراون چەک بۆ ڕێژیم هەڵگرن و بچنە پاڵ بەنێو دامەزراوە شۆڕشگێرییەکانی وەک سوپای پاسداران و بەسیج، هیچکامیان وەها سەیر ناکرێن کە شایانی وەرگرتنی پلە باڵا سەربازییە فەرمییەکان بن. کوردەکان تەنیا وەک چاوساغ، شۆفارەی هەرێمی، یان پێشڕەوی هێزەکانی دەوڵەتی لە کاتی شەڕ دژی جەنگاوەرانی کورد بوون. بە هەمان شێوە، شوێنە فەرهەنگی و پەروەردەییەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن خەڵکانی ناکوردەوە بەڕێوە چوون. بۆ وێنە، سەرۆکی خوێندنگەکان، زانستگاکان و دامەزراوە فەرهەنگییەکان یان نابێ کورد بن یان ئەگەر کورد بن، دەبێ وەفاداریی ڕۆحی و بەکردەوەی خۆیانیان بە دەوڵەتەوە سەلماندبێ. تەنانەت دەستنیشان کردنە بەردەوامەکان بۆ کار کردن لە هەر شوێنێک یان ڕێکخراوێکی دەوڵەتی  بەدواداچوونی چڕ و پشکنینی پێشینەی بەدواوەیە. بۆیە، چەند ڕێکخراوی ئەمنییەتی و هەواڵگریی زانیاریی دەیانساڵەیان کۆ کردووەتەوە تا دڵنیا بن کە خەڵکی دڵسۆزی خۆیان لە شوێنە کارگێڕییەکان دابمەزرێنن. خوێندنگاکان بوونە ئامانجی سەرەکی بۆ پەسندکردنی نوێی دەوڵەت و دەزگا چاودێریکەرەکان کە بە ‘گزینش’، یان دایرەی پەسند کردن ناسراون.

‘گزینش’ کە لە لایەن وەزارەتی هەواڵگریی ڕێژیمەوە چاودێری دەکرێ، لە سەرجەم ڕێکخراوەکاندا لە خوێندنگەکانەوە تا شارەوانییەکان لقی هەیە. لە خوێندنگەکان، خوێندکاران دەبێ سۆزداریی بەکردەوەی خۆیان بۆ ئایدیۆلۆژیی سیاسی و ئایینیی دەوڵەت بە تێوەگلان لە بەنێو چالاکییە شۆڕشگێڕانەکاندا، بەشداری لە بۆنە سیاسییە دەوڵەتییەکاندا و لەوەش گرینگتر خۆ بورادن لە هەر کردەوەیەک کە پەیوەندیی بە چالاکیی سیاسی و فەرهەنگیی کوردییەوە هەبێ، بسەلمێنن.

لە هەشتاکان و نەوەدەکانی زایینی، ئامانجی سەرەکیی هەوڵەکانی بەشی پەسند کردن، نەهێشتنی بەنێو خوێندکاران و مامۆستایانی نەشیاو، (واتە ئەوانەی نەیاندەتوانی یان نەیاندەویست خۆیان لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی دەوڵەتی ڕێک بخەن) بوو. سیاسەتی پاڵاوتنی دەوڵەت، کاریگەرییەکی وێرانکەری لە سەر سیمای فەرهەنگی و پەروەردەی ڕۆژهەڵات، بە تایبەت ناوچەکانی خاوەن دانیشتووانی کوردی سوننی هەبوو. گەلێک لە خوێندکارانی پێش زانستگا پێشیان پێ گیرا بچنە زانستگا یان لە دامەزراوە پەروەردەیی، بەڕیوەبەری و دەوڵەتییەکانی ئەو ناوچانە دامەزرێنرێن. سیاسەتی پاڵاوتن لە ناوچەکانی کوردی سوننی توندتر لە ناوچەکانی خاوەن دانیشتووانی کوردی شیعە بەڕێوە چوو. لە ناوچەکانی دواتر، تەنیا جەخت لەسەر شوناسی ئەتنیکیی ئەوان دەکرا. لە ئاکامی سێ دەیە پاڵاوتن، دەوڵەتی ئێران توانی لە بوارەکانی پەروەردە و فەرهەنگیدا ئەندازیاری، دەستێوەردان و سنووردانان بکات. بەشی پەسندکردن بە وردی خوێندکارانی لە خوێندنگاکان، زانستگاکان و شەقامەکان چاودێریی دەکرد.

دەوڵەت لە ناوچەکانی کوردی سوننیدا هەستیارتر بوو، چونکە ئەو شوێنانە وەک مەکۆی بەرگریی کوردی و سەرچاوەی ئەو بەرگرییە سەیر دەکران.

لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ستراتێژییەکانی میلیتاریزە کردن و بەئەمنییەتی‌کردن فرەچەشن کراون و تەنیا کوردان وەک ئامانجی پشکنین ناکەنە ئامانج بەڵکوو ژینگەی کوردیش دەکەنە شوێنی بەئەمنییەتی‌کردن. ئەو ڕێکارانە تا ڕادەیەکی زۆر پێشیان بە ئەگەری گەشە و کۆ کردنەوەی سامان لە ڕۆژهەڵات گرتووە و، هێندێک جار، بەستراوەییی ناوچەکە بە وەبەرهێنانەکانی زیندوو ڕاگرتن و سنوورداری دەوڵەتیان زیاتر کردووە.

تێکدان و لە دامەزراوەیی خستنی شێوازی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی

“لە دامەزراوەیی خستن” یەکێکی دیکە لە ستوونەکانی سیاسەتی دەوڵەتی ئێران بۆ لەگەشەخستنی ڕۆژهەڵاتە. لە دامەزراویی خستن لە ڕۆژهەڵات دەکرێ وەک ئاکامی چوار دەیە سیاسەتی سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تاڵانکردن و ناچار بە کۆچ کردن سەیر بکرێ. تاڵانکردنی سامانە بنەڕەتییەکانی ئابووری، فاکتەرە ژینەکییەکانی بەرهەمهێنانی لە ڕۆژهەڵات ئەستاندووە. نموونەیەکی زەقی تاڵانکردنی ڕۆژهەڵات لە شێوەی بەرێوەبەریی دابینکردنی ئاو لەو ناچەیەدا دیارە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، دەوڵەت سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی ناوچەی بۆ ناوچە ناکوردییەکان ڕاگواستووە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بەنداوی لە ڕۆژهەڵات دروست کردوون، بەڵام خۆی لە دابینکردنی ژێرخانی ئاودێری بۆ کێڵگەکانی دانەوێڵەی جووتیارانی کورد بواردووە. لە ئاکامدا، کشتوکاڵ کە هێشتا بڕبڕەی پشتی ئابووریی ڕۆژهەڵاتە، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی قووڵەوە. ئاکامەکەی بووەتە کۆچی بەربڵاوی هێزی کاری کورد بۆ شارەکان بە هیوای گونجێنران لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری و پێشەسازیدا و توانەوەیان لە فەرهەنگی فارسیدا.

گونجان لەنێو کەرتەکانی سەرەوەدا بوونی پێشینەی “دروستی” ئەتنیکی-ئایینی و ئایدیۆلۆژیکی دەخوازێ، چونکە مەزنترین کەرتەکان لە دامەزراوە ئەمنییەتی/سەربازی و بەرێوەبەرییەکان وەک خوێندنگاکان، ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و فەرمانگە دەوڵەتییەکان پێکهاتوون. بێجگە لە تێپەڕبوون لە پشکنینی ئەمنییەتیی چڕی بەردەوام، دامەزران لەو شوێنانە بە مەرجی جێبەجێکردنی هێندێک پابەندبوونە، لە نێویاندا شیعەبوون. بێجگە لەوە، سیستەمی پەروەردەیی دەوڵەت (و تەنیا  سیستەمی پەروەردەیی یاسایی) لە ڕۆژهەڵات وەک دامەزراوەیەکی تواندنەوە و سڕینەوەی فەرهەنگییە. بۆیە، ئەو دامەزراوانەی فێرکردن وبارهێنان، لە خوێندگاکانەوە تا زانستگاکان، شتی بە تەواوی بێکەڵک بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی-ئابووریی ناوچەکە پێشکەش دەکەن. تەنانەت بێتوو خوێندکارەکان ڕاهێنانیان لە چەند بواری لێهاتوویییەوە پێ کرابێ، ئەوان ناتوانن لە ڕۆژهەڵات هەلی کار بدۆزنەوە. لەوەش زیاتر، سیستەمی خوێندن بە دەست شوێنی نەشیاو بۆ خویندن، کەمایەسیی بودجە و ستانداردی لە بنەڕەتدا هەڵەی ئاسایشییەوە دەناڵێنن.

بەشی دووهەمی کەرتی خزمەتگوزاری بەشی خزمەتگوزاریی گشتییە کە لەناویاندا، بازرگانیی نادەوڵەتی وەک گواستنەوە، بیناسازی و پیشە بەشکارەکان دەگرێتەوە. لە ئاستێکی بەربڵاوتردا، ئەو کەرتەش لە چوارچێوەی دیاریکراو لە لایەن دەوڵەتەوە و بە تایبەت لە لایەن سوپای پاسدارانەوە کار دەکات.

سیاسەتی لە دامەزراوەیی خستنی دەوڵەت، گەشەی کەرتی کشتوکاڵی ڕۆژهەڵاتی لەڕادەبەدەر سنووردار کردووە. پارێزگای سنە یەکێک لە چوار پاڕێزگای خاوەن مەزنترین ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵییە. ڕاپۆرتەکانی ڕادەستکراو لە لایەن دەوڵەتەوە لە ٢٠٢٠ ئاشکرای دەکەن کە پارێزگای سنە خاوەن پلەی یەکەمی بەرهەمهێنانی گەنم، چوارەمی بەرهەمهێنانی نۆک و شەشەمی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە.17 هەروەها، هێندێک بەرهەمی میوە و باغداری، وەک تووە فەڕەنگی، بە شێوەی سەرەکی لە پارێزگای سنە بەرهەم دێن. بە هەمان شێوە، کرماشان پلەی دووهەمی بەرهەمهێنانی نۆک، سێهەمی گەنمەشامی، چوارەمی چەوەندەر، پێنجەمی جۆ، شەشەمی گەنم، هەشتەمی گوێزی هەموو ئێران و پلەی نۆهەم لە دار تووی جۆراجۆری هەیە.

سەرەڕای تواناییی شاراوەی مەزن، کشتوکاڵی ڕۆژهەڵات لەبەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووی مەترسیی مەزن بووەتەوە؛ لەبەر ئەو هۆیە جووتیارانی کورد بە دەست بەرزترین ئاستی هەژاری و بێکارییەوە دەناڵێنن. بێجگە لەوە، کەڵک وەرگرتنی زۆر کەمی ئاودێری لە ناوچەکە و بەسترانەوەی بەرچاو بە کشتوکاڵی دێمەکار، ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی دابینکردنی ئاو لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەیە. نموونەیەکی زەقی سیاسەتێکی ئەوتۆ، دەکرێ لە گواستنەوەی ئاوی ڕۆژهەڵات بۆ ئاوداشتنی خاکی بێ پیتی پارێزگاکانی ئازەبایجانی ڕۆژهەڵات و هەمەدان خۆی دەرخات. ئەو پلانە مەزنە جووتیارانی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکات، دیمۆگرافیی ناوچەکە دەگۆڕێ و تۆوی کێشە لە نێوان کۆمەڵگا ئەتنیکییەکانی دراوسێدا  دەچێنێ.

نموونەی ئاشکرای لە دامەزراوەیی خستن و لەگەشەخستنی پیشەسازیی ڕۆژهەڵات. نزیکەی ٪١٥ ی یەدەگی قیری سروشتیی دنیا لە پارێزگاکانی ئیلام  و کرماشانە کە دوو لە چوار پارێزگای ڕۆژهەڵاتن. لە پارێزگای کرماشان ٣٠ کانگای چالاکی دەرهێنانی قیری سروشتی هەن کە لە شارەکانی گێڵان، شائاباد (ئیسلامئاوای غەرب)، قەسری شیرین و سومار هەڵکەوتوون و ٪٧٠ی قیری سروشتی لەو پارێزگایە بەهەم دێت.18

ئیلام، پارێزگایەکی ڕۆژهەڵات و نموونەیەکی دیکەیە کە چۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچەیەکی دەوڵەمەند لە بواری سامانە سروشتییەکانی کردووەتە هەژارترین ناوچە. بە گوێرەی کاربەدەستان، شاری ئەیوان لە ئیلام خاوەنی مەزنترین کانگای قیری خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا ٧ لە ١٧ کانگای قیر چالاک کراون. یەدەگی قیری ئیلام مەزەندە دەکرێ بگاتە ٤٦٥٠٠٠ تۆن. بە گوتەی پسپۆڕان، نرخەکەی بە شێوەی بەرهەمی ئامادە ١٠٠ قات زیاد دەکات. سەرەڕای ئەوە، نەبوونی وەبەرهێنان لە ژێزخانی ئابووریی ئەو کەرتەدا ئەوی کردووەتە بچووکترین و گەشە نەکردووترین کەرتی ئابووریی پارێزگای ئیلام کە ڕێژەیەکی فرە نزمی ٪٧-٪٥ ی کۆی هێزی کار لەو کەرتەدا  چالاکن.19 هێڵی هەژاری لە ئیلام لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. بە گوێرەی ئاماری بڵاو کراوە لە لایەن وەزارەتی پیشە سازی، ٪٢٧،٥ی پیشە سازییەکانی پارێزگاکە بەتەواوی داخراون و ٪٣٠ی ئەوان بە نیوەی توانست کار دەکەن.20  پارێزگای سنەش زۆرترین ئاستی یەدەگی زێڕی لە ئێراندا هەیە. مەزنترین کانگای زێڕ لە ناوچەکە کانگای ساریگۆنییە، بە ٧٠ میلیۆن تۆن یەدەگی زێڕ و کانزا. بە گوتەی کاربەدەستانی دەوڵەتی، گریمانە دەکرێ ئەو یەدەگانە ١٠٠ میلیۆن تۆن بن ، کە لە ٢٠١٧ لە ٪١١ بۆ ٪٣٠ ی کۆی یەدەگی زێڕ و کانزای ئێران بەرز بووەوە.21 تەنیا لە ٢٠١٧دا، ٪٦٠ی زێڕ و کانزای دەرهێنراو لە ئێران هی ساریگۆنی قوروە، لە پارێزگای سنە بوو.

لەگەڵ لە دامەزراوەیی خستنی ڕۆژهەڵات، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیان دامەزراوەی ئەمنییەتیی دروست کردوون کە لە ژێر دەمامکی ڕێکخراوی خێرخوازیدا کار دەکەن. چالاکییە ئابوورییەکانی ئەو ڕێکخراوانە کەرتی جۆراجۆر دەگرنەوە، لە کشتوکاڵ تا پیشەسازی. بۆ وێنە “جهاد سازندگی”، “ستاد اجرایی”، “کمیتە امداد” (یارمەتی)، “بنیاد شهید”، “بنیاد مستضعفان و جانبازان” و چەند دانەی دیکەشن، کە بۆ کڕینی ڕەوایی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دانی پشتگیریی داراییی سنووردار بە تاقمی هەژارن، تا تێوە گلان لە پڕۆژەی بە نێو گەشەپێدەر و هەروەها بڵاو کردنەوەی ئایدیۆلۆژیی دەوڵەت و پتەو کردنی دەسەڵاتەکەی و هێنانەژێر چاودێریی هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی ناوچە پەڕاوێزخراوەکان، کار دەکەن. تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ئەو دامەزراوانە هێزی زەبەلاحی دارایی و نەبوونی هیچ ڕکابەرێکە کە ئەوان دەکاتە قۆرخکاری بەکارهێنان و بەشینەوەی دارایی تا بڕیار دان لە سەر پڕۆژە گەشەپێدەرەکانی دەوڵەت.

ڕەگەز پەرستیی ژینگەیی و ژینگەکوژی

لە دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ١٩٧٩، ستراتێژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە ژینگەی کوردستان کاولکاری بووە. لە سایەی سۆسیال مێدیاوە، ستراتێژییە دژە ژینگەیییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات لەو دواییانەدا سەرنجی جەماوەری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. زیاتر لە ٤٠  ساڵ، کاولکاریی ژینگەیی هەمیشە بەشێک لە سیاسەتی گشتیی لەگەشەخستنی ڕۆژهەڵات لە لایەن دەوڵەتەوە بووە. بەڵام، لەگەڵ گۆڕانی هەلومەرج، ئەو سیاسەتە شێوازی جۆراجۆری هەبووە و بە ئامرازی جۆراجۆرەوە جێبەجێ کراوە. میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵات و گومانداریی دەوڵەت لە پارێزگاری لە سیستەمی ژینگەییی ناوچەکە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی فرەچەشنیی زیندەوەری لە ڕۆژهەڵات.22  ئەوە تەنانەت ناوچە بە نێو پارێزراوەکانی وەک کۆسالان و بەرزاییەکانی شاهۆ لە پارێزگای کوردستان (سنە)یشی گرتووەتەوە.23

لە ماوەی چاند ساڵدا، مانۆڕی سەربازی، ئاگر تێبەردان و دروستکردنی ڕێگاوبان، گەلێک زیندەوەری لەنێو بردوون کە لە چیا و دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەژین. لێدانی جادەی سەربازی، کە کەمترین ستانداردی دڵنیاییان تێدا ڕەچاو دەکرێ، فاکتەری سەرەکیی وێرانکردنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتن. ئەو ڕێگا پڕ پێچ و گەوانە، کە بە دەشت و چیادا بڵاو بوونەوە زەرەری فرە مەزنیان لە دیمەنی سروشتی داوە، خاکەکەیان سوواندووە و سیستەمی ژینگەیان پیس کردووە.

ئاسەواری میلیتاریزە کردنی هەرێمی ڕؤژهەڵات تەنیا لێدانی جادەی سەربازی، سەربازخانە و بینای سەربازی ناگرێتەوە کە بوونە پەڵەی ڕەش بە دیمەنی کوردستانەوە. گەلێک ناوچە لە ڕۆژهەڵات بۆ پێداڕۆیشتن نابن، چونکە گریمانە دەکرێ ١٦ میلیۆن مینی ژێر زوێ لەو شوێنانە نێژرابن.24 دەوڵەت لە هەشتاکانی زایینیدا، بە کەڵکوەرگرتن لە جەنگی ئێران-عێراق چەند بەشی گرینگی کشتوکاڵ یان لەوەڕگەی کوردی مینڕێژ کردووە. ئەو مینانە تەنیا لە ناوچە سنوورییەکان نین، ئەوان تەنانەت دەگەنە خانووبەرەکانیش. بە گوێرەی یادداشتە فەرمییەکان،25 گریمانە دەکرێ مینەکان ٤ میلیۆن هێکتار زەوییان داگیر کردبێ، کە لەو ڕووبەرە ٢،٣ میلیۆن هێکتار لە ناوچە کوردییەکانە و ئەوانی دیکە لە پاریزگای عەڕەبیی خوزستانن. مینی ژێر زەوی کاریگەرییان لەسەر سامانی سروشتی، خاک، ڕووەک، هەیە و بە گیرۆدەکردنی خاک و نەهێشتنی سەقامگیرییەکەی، زەرەری بەرچاویان بۆ سەر سیستەمی ژینگە هەیە. زۆربەی ناوچە گیرۆدە بووەکان لە ڕابردوودا کێڵگە بوون، بەڵام بەشێکی بەرچاوی چۆل کراوە؛ لە ئاکامدا، ئەو خاکە بەپیتە بووەتە زەوی ویشک.

ڕێژەی قوربانییانی مین لە ئێران لە هی سەرجەم وڵاتانی دنیا زۆرترە.26 لە دوو دەیەی ڕابردوودا، چەند هەڵمەتی تاکوتەرای هەڵگرتنەوەی مین بەڕێوە چوون، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی ئەو هەڵمەتانە نزمترین ئاستی ستاندرادی پێویستیان تێدا ڕەچاو نەکراوە. بۆ وێنە، لە ٢٠١٢، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند پارێزگای کرماشان لە مین خاوێن کراوەتەوە. سەرەڕای ئەوە، چەند ڕۆژ  دوای ئەو ڕاگەیەنراوە، چەند کەس لە ئاکامی تەقینەوەی میندا کوژران و بریندار بوون. هۆیەکەی ئەوە بوو ئەو هەڵمەتەی هەڵگرتنەوەی مین، تەنیا بۆ قووڵایی ٣٠ سانتیمیتر  بەڕێوە چووبوو. بە گوێرەی ئەندامێکی پارلەمانی ئێران، فەتحوڵڵا حوسەینی، بۆ ئیدیعای خاوێنبوونەوەی ناوچەیەک لە مین، دەبێ هەڵگرتنەوەی مین “تا قووڵاییی ٨٠ سانتیمیتر بەڕێوە بچێ” 27.

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران-عێراق، دەوڵەت بە خێرایی و بە وردی ناوچە خاوەن نەوەتەکانی پارێزگای خوزستانی بە هۆی بەستراوییەکەی بە پیشەسازیی نەوت لە مین خاوێن کردەوە. دەوڵەت ناوچە ستراتێژیک و سوودبەخشەکان لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، وەک فەککە، شەلەمچە، حەمیدییە، چەزابە و سوسەنگردی، بە ئەوپەڕی وردبینییەوە خاوێن کردەوە. دەوڵەت تەنانەت کۆمپانیا نەوتییەکانی نۆروێژی و چینیشی لە ئۆپەراسیۆنەکانی خاوێنکردنەوەکاندا بەکار هێنا. بەڵام، لە ڕۆژهەڵات، دەوڵەت هێشتا شوێنی نزیک گوندەکان و ئەو ڕێگایانەی خەڵک بۆ هاتووچۆ بۆ سەر مووچە و مەزراکانیان کەڵکیان لێ وەردەگرن، مینڕێژ دەکات.28  کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێ تا چاودێریی چالاکییەکانی بکەن. بە گوێرەی تەلەفزیۆنی ئیران ئینتەرناشناڵ، لەبەر ئەو هۆیەیە کە ئێران پێی خۆش نییە کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا پەسەند بکات.29

دەوڵەت لە ڕۆژهەڵات کەڵکی لە مەیدانەکانی مین وەرگرتووە تا سیاسەتی لەگەشەخستنەکەی بەڕێوە بەرێ. لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، مەیدانەکانی مین دەبنە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی ئابووری و، پیشەسازیی خواردەمەنی لە ناوچە مینڕێژکراوەکان کەم دەکەنەوە کە دەبێتەوە هۆی چۆڵکردنی گوندەکان لە لایەن دانیشتووانەوە. کاتێک زەوییە کشتوکاڵییەکان و شوێنی گرینگی دیکە لە بەرهەمهێنان دەسڕێنەوە، خەڵکی گوندەکان، کە سەردەمێک لە ڕوانگەی ئابوورییەوە خۆبژیو بوون، ناچار دەکرێن بۆ شارەکان کۆچ بکەن، لە ڕوانگەی ئابوورییەوە پەڕاوێز دەخرێن، وەک هاوکاری ڕێژیم کار دەکەن، دەچنە نێو هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانەوە یان بە مانەوە لە گوندەکان داهاتووی خۆیان لە مەترسی داوێن. دوو بژاردەی یەکەم، دانیشتووان زۆرتر بە دەوڵەتەوە دەبەستنەوە و ئەوی سێهەم لە درێژخایەندا بژاردەیەکی خۆگر نییە. ژیان لە گوندەکانی ڕۆژهەڵات، تا ڕادەیەکی زۆر پشتئەستوور بە کشتوکاڵ و بەخێو کردنی مەڕوماڵات بووە. کردنی مەزرا و لەوەڕگەکان بە مەیدانی مین، ئابووریی ناوچە گوندییەکانی لێک هەڵتەکاندووە و گیانی سەدان کەسی گوندیی ئەستاندووە. لەوەش زیاتر، بەئەمنییەتی‌کردنی ناوچەی جوگڕافیای ڕۆژهەڵات، دانیشتووانی لەمەڕ داهاتوویان نادڵنیا کردووە، سامانە ئابوورییەکان و دەرفەتەکانی لێیان ئەستاندووە و ئەوانی بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان بە هەمان دامودەزگا ئەمنییەتییەکانەوە بەستووەتەوە.

هەڵمەتی دژە کوردی دەوڵەت هەروەها سیستەمی ژینگەی ڕۆژهەڵات وێران دەکات کە نموونەکانی ڕووتاندنەوەی هەرێمەکە لە دارستان و بەئانقەست بەئامانجگرتنی بوونەوەرە کێوییەکانە. پلانی سیستەماتیکی دەوڵەت بۆ لەنێوبردنی دارستانەکان دەگەڕێتەوە بۆ  سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠ی زایینی (بڕوانە حەسەنیان ٢٠٢١). نەهێشتنی دارستان لە ڕۆژهەڵات بەشێک لە پڕۆژەیەکی کۆتایینەهاتوو لە داگیرکاریی ڕۆژهەڵاتە کە لە ١٩٧٩ دەستی پێ کرد کاولکردنی دارستانەکان و کوشتنی بوونەوەرە کێوییەکان بە ڕاگەیاندنی جیهاد لە لایەن خومەینییەوە دژی گەلی کورد لە ١٩٧٩ دەستی پێ کرد.30 بۆ وێنە، دارستانەکانی دەوروبەری شاری پاوە کەوتە بەر پەلاماری بەربڵاوی تۆپباران و هێرشی ئاسمانی، کە لەو پەلامارانەدا بەشێکی بەرچاوی ئەو دارستانانە لە نێو چوون. لەگەڵ پەلهاویشتنی داگیرکاریی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی دیکە، ژینگەی ڕۆژهەڵات کەوتە ژێر کاولکاریی فرە مەزنتر، بە تایبەت ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ڕۆژهەڵات، واتە ئەو شوێنانەی بە دارستانی چغوور داپۆشرابوون. بۆمبارانە هەڕەمەکییەکانی دەوڵەت دژی دارستانەکانی ڕۆژهەڵات بە بیانووی ئەوە کە دارستانەکان شوێنی خۆحەشاردانی جەنگاوەرانی کوردە، بەڕێوە چووە. کەڵک وەرگرتنی خراپ لە جەنگی ئێران-عێراق لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بوو بە دەرفەتێک کە ڕۆژهەڵات بکرێتە هەرێمێکی یەکپارچەی سەربازی کە زەرەری قەرەبوو نەکراوەی لە بوونەوەرە کێوییەکان و فرەچەشنیی بوونەوەرانی دا.

دوای جەنگی ئێران-عێراق و سەرهەڵدانی بەنێو سەردەمی ئاوەدانکردنەوە لە کاتی سەرکۆماریی ڕەفسەنجانیدا، تێکدانی ژینگەی ڕۆژهەڵات شانبەشانی پڕۆژە سەربازییەکان، بە بێ لەبەر چاو گرتنی زەرەرەکانیان بۆ سەر ژینگە بەڕێوە دەچوون. ئەو پڕۆژانە لە لایەن هێزە دەوڵەتییەکانی وەک سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەکران و ئامانجی سەربازی و ئەمنییەتییان لەپشت بوو. دروستکردنی بەنداو، کاناڵ و تونێل بۆ کاولکردنی سامانە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵات، دەورێکی ویڕانکارانەیان لە تێکدانی دیمەنی سروشتی و ڕووتاندنەوەی ڕۆژهەڵات لە دارستانەکانی هەبوو. بێجگە لەوە، بەنداوەکان بۆ گواستنەوەی ئاو لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ناوچەکانی خاوەن دانیشتووانی ئەتنیکەکانی دیکە، بە مەبەستی ورووژاندنی تاقمە ئەتنیکییەکان دژی یەکتر، بەڕێوە چوو.

لەگەڵ پەرە گرتنی هەنگاوە دژە ژینگەییەکانی دەوڵەت، هۆشیاریی ژینگەییش بەهێزتر بوو و، چالاکییەکانی پەیوەندیدار بەو بوارەوە لایەنگریی بەربەرینی لە نێو کورداندا پەیدا کرد. لە ئێستادا، نزیکەی هەموو شارێکی کوردی کۆمەڵەی ژینگەپارێزی خۆی هەیە. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی کوردستان، ژینگەپارێزانی وڵات، ئەنجومەنی سەوزی چیا و ئەنجومەنی بیرمەندانی سەوز چەند نموونەی ڕێکخراوی ناحکوومی و ئەنجومەنن کە چالاکانە بۆ پاراستنی ژینگەی ڕۆژهەڵات خەبات دەکەن (سولەیمانی ٢٠٢٠). لە سایەی ئەو ڕێکخراوە گەلییە ژینگەپارێزانەوە، ڕۆژانە ئاگر کەوتنەوە لە ڕۆژهەڵات تۆمار دەکرێ. بە گوێرەی بەشێک لەو ڕێکخراوانە، ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ئاگرکەوتنانە لە کوردستان بە هۆی مانۆڕی سەربازی و سووتاندنی بە ئانقەستی سوپای پاسدارانەوە دەقەومێن (سولەیمانی ٢٠٢٠).

دوای دارستانەکانی باکووری کەنارەکانی کاسپیەن، دارستانەکانی پارێزگای سنە دووهەمین دارستانە مەزنەکانی ئێران بوون. دارستانەکانی پارێزگای سنە بەشێک لە دارستانە سروشتییەکانی زاگرۆسن کە ناوچەیەک بە ڕووبەری ١٦٤٣٤٦٧ هێکتار دەگرێتەوە. چونکە زۆربەی دارەکان لە جۆرەکانی داربەڕوون، دارستانە بەڕووەکانی ڕۆژئاواشیان پێ دەگوترێ. لە هاوینی ٢٠١٠، بەشێک لە دارستانانەکانی دەوروبەری شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا شاهیدی کاولکارترین ئاگر کەوتنەوەی چوار دەیەی ڕابردوو بوو، کە بە “هاوینی ڕەش”31 ناودێر کرا. تەنیا لە ساڵی ٢٠١٠، ئەنجومەنی سەوزی چیا ژمارەی پێشووتر نەبیستراوی ٩٣٥ ئاگر کەوتنەوەی لە پارێزگای سنە ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵکی ناوچە و ئەندامانی چیا، کە هیچ جۆرە یارمەتییەکیان لە لایەن دەوڵەتەوە پێ نەکرا، ناچار بوون بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانە خەبات بکەن، کە ئەوەش نیشانەیەکی دیکە لە سیاسەتی دەوڵەت بۆ کاولکردنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتە.

لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١٥، چیا زیاتر لە ٢٠٠٠ ئاگری تەنیا لە مەریوان و سەوڵاوا کوژاندبوونەوە. نموونەیەکی ئەو جۆرە ئاگرکەوتنە بەربڵاوانەلە ٢٠١٩ لە ئیلام ڕووی دا. بەڵام، هەمدیس، دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ناوچە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، کە ٩ ڕۆژ لە چیاکانی زاگرۆس درێژەی هەبوو و ڕووەکەکانی ناوچەی سووتاند، هەڵنەهێنا. بە گوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، زیاتر لە ١٥٠٠٠ داربەڕوو، ١٠٠٠ دار کەوت، ١٠٠٠ دار گۆیژ و سەدان زیندەوەر و ئاژەڵ کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە بوونە خۆڵەمێش.32 ئامارە فەرمییەکان ئەوە دەر دەخەن کە لە ٢٠٢٤ بە تەنیا، ١٨٠٠٠ هێکتار لە داربەڕووەکانی زاگرۆس ویشک بوون.33 لە کاتێکدا ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا و کەمئاوییەکەی ئاکامی ئەو دیاردەیە ڕەنگبێ هۆی نیوەی ئەو لەکیس چوونە بێ، ئەوی دیکە ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی دەوڵەت بەرانبەر بە سامانە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتە.

بە گوێرەی سەرپەرشتی گشتیی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەریی ئاوی سنە، لە ٢٠١٩، ژمارەی ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە گەیشتە ٢٧١، کە لە ئاکامدا ٢٦٥٥ هێکتار دارستانی ئەو پارێزگایە لەنێو چوو. ئاگرکەوتنەوەکان لە پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاواش ئاسایین. بە هەمان شێوە، لە شارە کوردییەکانی وەک سەردەشت و پیرانشار (ئــ. ڕ.)، ئاگر کەوتنەوە بوونە دیاردەی ئاسایی. لە ٢٠١٩، لە ئاگرکەوتنەوەیەکی دوو ڕۆژەدا، نزیکەی ٢٠٠ هێکتار دارستان سووتا. کاربەدەستە دەوڵەتییەکانی هەرێمەکە دانیان بەوەدا نا کە بێتوو دەوڵەت خێرا کارێکی کردبا و ڕێگاچارەی گونجاوی گرتبا بەر، ئاگرەکە دەکوژاوە و ئاستی زەرەر و زیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر دەبوو.34 شاری سەردەشت ٩٠ هەزار هێکتار دارستان و ٣٠ هەزار هێکتار لەوەڕگای هەیە کە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا مەزنترینن. بەڵام، ئەو هەرێمە سروشتییە لە ڕادەبەدەر دەوڵەمەندە، لە دەیەی ڕابردوودا بە هۆی ئاگر کەوتنەوە و پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو تێکچووە. بە گوێرەی کاربەدەستانی دەوڵەتی، لە ٢٠٢٠، نزیکەی ١٤٧ ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە لە پارێزگای سنە ڕوویان داوە. ئەو ڕووداوانە بوونە هۆی لەنێو چوونی ١٢١٦ هێکتار، کە لەو ڕێژەیە ٢٥٦ هێکتار دارستانی سروشتی، ٨٧٣ هێکتار لەوەڕگا و ٧٧ هێکتار زەویی دارستانی بووە.35

گەلی کورد چەند یەکەی جەماوەریی پاراستنی ژینگەی لە وڵامی خۆبواردنی بە ئانقەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاراستنی دارستانەکانی کوردستان دامەزراندووە. بەڵام، دەوڵەت ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییانە دەخاتە ژێر چاودێریی چڕەوە و بەردەوام ئەندامەکانی هەراسان و زیندانی دەکات و تەنانەت دەشیانکوژێ. لە ٢٠١٨، هێزە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەت لە پارێزگای سنە، پێنج چالاکی کوردیان دەستبەسەر کرد، چونکە دژی فڕێدانی پاشماوە و سووتاندنی لە نزیک ماڵان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو. هێزە ئەمنییەتییەکان، زانیار ئیبراهیمی، عەزیز ساڵحی، محەممەد موراد کەریمی، عەلی سولەیمانی و فایەق محەممەدییان، کە هەموویان خەڵکی شاری مەریوان بوون، دەستبەسەر کرد.36 ڕەشیدی لەبەر کارە خۆبەخشانەکەی گەلێک ناسراو بوو و چەند مانگ خەریکی یارمەتیدانی قوربانییانی بوومەلەرزەی سەرپێڵی زەهاو و ناوچەکانی دەوروبەری بوو. لە ٢٥ی ئاگوست، ٢٠١٨، چوار ژینگەپارێزی کورد لە ڕووداوێکی دیکەی بەربەرەکانی دژی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە ئاکامی تۆپبارانی سوپای پاسداران، گیانیان بەخت کرد. لە ٢٠١٩، ژینگەپارێزی کورد، عیرفان ڕەشیدی، ئەندامێکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ژیوا لە پاوە، لەبەر “پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” حوکمی ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا.37  بەو بیانوویە کە گوایە جەنگاوەرانی کورد لە ناوچەکەدا خۆیان حەشار داوە، سوپای پاسداران تۆپ و خومپارەی بە دارستانە چیاییەکان لە سیلاس و پیلای دەوروبەری شاری مەریوانەوە نا.

لایەنێکی دیکەی سیاسەتی دژە ژینگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵات، تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکانە. بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتە یاساییەکانی وەک یاسای بەنێو بەنەتەوەیی‌کردنی دارستانەکانی وڵات، کە لە ساڵی ١٩٦٢ پەسەند کراوە و، بەنەتەوەیی‌کردنی ئاو، کە لە ١٩٦٧ پەسەند کراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە پڕۆژەیەکی تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵات کردووە و ئەو سامانانە بۆ دەرەوەی ناوچەکە دەگوازێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێڕان بەرنامەکەی لە ژێر دەمامکی پڕۆژەکانی گەشەسەندن و دامەزراندندا دەباتە پێش، ئێستای ڕۆژهەڵات دەشێوێنێ و گەشەسەندنی داهاتووی بنکۆڵ دەکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسەڵاتی بەسەر گەشەی ئابووریدا، وەک مێکانیزمی سزادان و ئامرازێک بۆ ئەندازیاریی پێکهاتەی دێموگرافی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات کەڵک وەردەگرێ. نموونەیەکی زەق دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لە لایەن دوڵەتەوە لە سەر ڕووبارەکانی ڕۆژهەڵاتە تا سەرچاوە ئاوییەکانی کوردان، کە بۆ ئاودێریی مووچە و مەزراکانی خەڵکی خۆجێیی پێویستە، بدزێ. گواستنەوەی ئاوی ڕۆژهەڵات بۆ دەرەوەی ناوچەکە لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی زایینی دەستی پێ کرد (سولەیمانی ٢٠٢٠).

لە ١٩٩٩، دەوڵەت دەستی بە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی زەرینە رود لە بۆکانەوە بۆ تەورێز کرد، کە مەزنەشارێکی تورکان و ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتە. ئەوە هەروەها ئاکارێکی سیاسی و بەشێک لە ستراتێژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چاندنی تۆوی کێشەی ئەتنیکی لە نێوان تورکی ئازەری و کورداندا بوو و ڕێخۆشکەری کێشەی بێکۆتایی و نواندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک تاکە زامنی یەکپارچەییی خاکی ئێرانە. بە گوێرەی ئاماری فەرمی، ئەو پڕۆژەیە ٥ میتر سێ جا ئاو لە چرکەیەکدا بۆ تەورێز دەگوازێتەوە و ئاوی خواردنەوەی ٢،٥ میلیۆن کەس، ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکان و پڕۆژە پیشەسازییەکانی دەوروبەری تەورێز دابین دەکات. لەو ئاوە، ٪٤٠ی وەک ئاوی خواردنەوە دەدرێتە ئازەرشەهر، ئیلکچی، بناو، و میاوندواو و، ئەوەی دیکەش دەدرێتە گەورەشاری تەورێز. بێجگە لەوە، هێندێک زانیاریی نافەرمی لەمەڕ بوونی پلان بۆ گواستنەوەی ئاوی بەنداوی ئازادی مەریوان بۆ هەمەدان لە ئارا دان (ئابادیان ٢٠١٤). کاربەدەستان، بوونی وەها پلانێک نە پشتڕاست دەکەنەوە و نە ڕەتی دەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە فازی سەرەتاییی ئەو پڕۆژەیە هەر ئێستا دەستی پێ کردووە. ئەو هەواڵانە بە کۆبوونەوەیەکی پارێزگاری کە لە سنە بەڕیوە چوو و لەویدا نوێنەرانی پارلەمانی ئەو پارێزگایە نیگەرانییان دەربڕی، پشتڕاست دەکرێنەوە.

بێجگە لەوە، هێندێک هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە دەوڵەت خەریکی پلاندانان بۆ گواستنەوەی ئاوی بەنداوی داریانی پارێزگای سنە بۆ قومە، کە سەدان کیلۆمیتر لە ڕۆژهەڵات دوورە. هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی ئەو پرۆژانە بڵاو نەکراونەوە، چونکە ئەو بڕیارانە لە پلەبەرزترین ئاستی سیاسی و ئەمنییەتییەوە دەدرێن و لەبەر ئەو هۆیە زانیاریی پەیوەندیدار نهێنییە. هەر تاک یان تاقمێک ناڕەزایەتی دژی ئەو جۆرە پرۆژانە دەربڕێ، بەرەوڕووی تووڕەییی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێتەوە.

سەرچاوەی سروشتیی کانی بڵ، مەزنترین کانیی ناوچەکە، بە هۆی بەنداوی داریانەوە تووشی مەترسیی لەنێو چوون دەبێتەوە. دروستکردنی بەنداوی داریان هەر ئێستا لە هەوارامان بووەتە هۆی گواستنەوەی ٢٠ گوند و سەدان کەس. لە دێسەمبەری ٢٠١٥، زیاتر لە ٣٠٠٠ چالاک و کەسایەتیی دیاری کۆمەڵگا نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆک کۆمار ڕوحانی کرد، لەویدا گوتیان “ئەو شوێنە سیمبۆلیکە و سەرچاوەی بەنرخی ئاوی کانزایی بە هۆی دروستکردنی بەنداوەکە، بڕیارێک کە بە هۆی زانیاریی هەڵەی وەزارەتی وزە دراوە، بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەجێ بووەتەوە.”38 واژۆکەرانی نامەکە جەختیان کردەوە کە کانی بڵ دەتوانی ئاوی ٢ میلیۆن کەس دابین بکات کە لە نەوت بەنرخترە. چالاکانی ناوچەکە هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا و داوایان لە دەوڵەت کرد پڕۆژەکە بوەستێنێ؛ بەشێکیان تەنانەت بۆ ماوەی چەند ڕۆژ  مانیان لە خواردن گرت. لە کۆتاییدا، ڕیژیم، پەنای بۆ توندوتیژی برد و ئەو کەسانەی دەستبەسەر کرد کە لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی کانی بڵدا بەشدار بوون.39

هەڵبەستنی بەنداو لە سەر ڕووبارەکانی ڕۆژهەڵات هەڕەشە لە دابینکردنی ئاو بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات. کۆماری ئیسلامیی ئێران زەخت دەخاتە سەر کوردانی ئەوبەری سنوور و لە ئاو وەک ئیمتیازێکی ژیۆپۆلیتیک لە دژی ئەوان کەڵک وەر دەگرێ. ڕووباری سیروان، کە بەنداوی داریان (چۆمانی و بیجنەنس ٢٠١٦) لە سەری هەڵبەستراوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێ و بە باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێ، کە لەوێ بە ڕووباری دیالە ناسراوە. ڕووباری دیالە، تێکەڵی ڕووباری ئەڵوەن، لقێک کە ئەویش لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەقوڵێ، دەبێ و نێوان ٪٢٠ بۆ ٪٣٠ی ئاوی ساڵانەی دیجلە دابین دەکات. ڕووبارەکانی دیالە و ئەڵوەن سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاو لە پارێزگای دیالەی عێراقن، بە تایبەت بۆ کشتوکاڵ. نەبوونی سەربەخۆییی ڕۆژهەڵات، دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دروست کردنی بەنداوی ئاوەڵا کردووە و هەروەها کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چارەنووسی باشووری کوردستان هەبووە و تا ڕادەیەکی زۆر چوونی ئاو بۆ ئەو بەشەی کوردستانی سنووردار کردووە.

تێبینییەکانی کۆتایی

ئەو وتارە هەوڵ دەدا هێندێک تایبەتمەندیی سیاسەتی لەگەشەخستنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بنکوڵکردنی مانەوەی پێکهاتەیەکی سەربەخۆی ئابووریی ڕەسەن لە ڕۆژهەڵات شی بکاتەوە. بە سوود وەرگرتن لە پێشڤەچوونەکانی ئەو دواییانەی ئەو لێکۆڵینەوانەی بە دەستپێشخەریی پسپۆڕانی لێکۆڵینەوەکانی فەلەستین بەڕێوە چووە، توێژینەوەی ئێمە هەوڵێک بوو بۆ جەختکردنەوە لەسەر نامومکین بوونی گەشەسەندنی ڕۆژهەڵات بە هۆی نەبوونی جۆرێک لە خۆبەڕیوەبەری و سەربەخۆیی.

بەراوردکاریی ئێمە هاوتەریبییی بەرچاوی لە نێوان سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ لە دامەزراوەیی خستن، لێکهەڵتەکاندنی ئابووری و بێبەش کردن لە ڕۆژهەڵات و پڕۆژە نیشتەجێکردنە کۆلۆنیالیستییەکانی ئیسڕائیل لە فەلەستین ئاشکرا کرد. هەر دوو دەوڵەت پڕۆژەی کۆلۆنیالیستییان جێبەجێ کردوون کە پشتئەستوورن بە دیسکۆرسی تاک ئەتنیکی-تاک ئایینیی دروستکردنی دەوڵەت، بە مەبەستی بە جوولەکە کردنی خاک و هەرێم لە ئیسڕائیل و فارس-شیعە کردن لە ئێران. بەڵام، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل خەریکی سیاسەتی گۆڕینی شوناسی هەرێم و خاک بە گواستنەوەی فەلەستینییانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدا هەرێمی کوردستان بکاتە فارس-شیعە، ناوچە کوردییەکان لە دانیشتووانی داماڵێ، ئەوان ناچار بە کۆچ بۆ شارە ناوەندییە فارس نشینەکان، وەک هێزی کاری هەرزان بکات، کێشەی کۆمەڵایەتیی بێکۆتایی لەگەڵ ناکوردەکان دروست بکات و، ڕۆژهەڵات بۆ کوردان بکاتە شوێنێک کە ژیان تێیدا نامومکین بێ.

لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گەشەسەندنی ناوچە پەڕاوێزەکان بە ئاستی بەرهەڵستکاریی کۆمەڵگا نافارسەکان یان قبووڵکردنی سیاسەتی تواندنەوەی دەوڵەتەوە بەستراوەتەوە. لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل هەوڵ دەدا دەست بە سەر سامانەکانی فەلەستینییاندا بگرێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە لەنێو بردنی دارستانەکان و کاولکردنی ژینگەی ڕۆژهەڵات، هەوڵ دەدا ڕۆژهەڵات وەک جوغڕافیایەکی سیاسی لەنێو بەرێ. توێژینەوەی ئێمە هێندێک هێزی جووڵێنەری لەگەشەخستن ئاشکرا دەکەن کە تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و نیشانەکانی سیاسەتی تێرۆریزمی ژینگەیی، سڕینەوەی سیستەماتیکی دارستانەکان، مینڕێژ کردن و بەتاڵکردن یان گواستنەوەی سامانە سروشتییەکانی ناوچەی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

توێژینەوەی ئێمە خۆشکردنی بوار بۆ لێکهەڵوەشاندنی تێگەیشتنی ئاسایی لەمەڕ ناوچەکەیە کە حەز دەکات ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە پێش هەموو شتێکدا لە ڕوانگەیەکی چەقبەستووەوە سەیر بکات. ئەگەرچی ئەو پارادایمە لە لایەن پسپۆڕانی لێکۆڵینەوەکانی پاشکۆلۆنیال، لە ناویاندا ئەوانەی لێکۆڵینەوە لەسەر فەلەستین دەکەن، بە توندی ڕەخنەی لێ گیراوە، هێشتا لە پەیوەندی لەگەڵ پێناسەکردنی ئەوە کە کێ کۆلۆنیکراوە و کێ کۆلۆنیالیستە، گوڵبژێرانە و بە پارێزەوە دەجووڵێتەوە. بێجگە لەوە، ڕەخنەی پاشکۆلۆنیالیستی بە شیوەیەکی بەرچاو سەرقاڵی نواندنی کۆلۆنیالیزم وەک دیاردەیەکی تەواو ڕۆژئاوایییە؛ بۆیە، لە بیر کردنەوە لە بوونی پڕۆژەی کۆلۆنیالیستی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بێتوانایە، یان بێمەیلە.

لێکۆڵینەوەکانی فەلەستین، تواناییی پێداچوونەوە و لەسەر ڕا پێناسە کردنەوەی کۆلۆنیالیزمی بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ، (وەک دیاردەیەک کە تەنیا پڕۆژەیەکی ڕۆژئاوایی نییە، بەڵکو نەریتێکی گەردوونییە کە هەر ئێستا ڕەچاو دەکرێ) هەیە. لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی فەلەستین، ئەم وتارە هەوڵ دەدا دەمامکی دیسکۆرسی کۆلۆنیالیستی، ڕێکارەکان و سیاسەتی ژێردەستەکردنی کۆمەڵگای ناسەربەخۆی بەکەمینەکراوی کوردی لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لادا،  کە سیاسەتەکەی وێکچوونی بنچینەییی لەگەڵ سیاسەتی ئیسڕائیل دژی فەلەستینییان هەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆمەڵگای حاکم هەڵوێستێکی خۆپەرستانە و چاوبەستوویان لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەرییەوە هەیە، بۆ وێنە، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی و ڕوشنبیرانی فارس (بە تایبەت لە پێکهاتە و پلاتفۆرمە ئاکادێمیکەکانی ڕۆژئاوا) کەڵک لە ڕەوانبێژییە چەپییە دژە ئیمپرایالیستییەکان وەر دەگرن و خۆیان وەک پاڵەوانی داکۆکی لە مافەکانی فەلەستینییان دەنوێنن، لە کاتێکدا سیاسەتی خۆیان بەرانبەر بە کوردان کۆمەڵکوژانەیە (بڕوانە داباشی ٢٠١٧). لە چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕوشنبیرانی فارسی لایەنگری دەوڵەت، دووڕوویانە ئیدیعایان کردووە ئەوان ڕێبەری “هێمنیی دنیان” لە کاتێکدا خەریکی بەڕیوەبردنی توندئاژۆترین شێوازی کۆلۆنیالیزم لە ڕۆژهەڵات بوون. بەڵام، بە پێچەوانەی ئیسڕائیل، تا ئەو دواییانە، گریمانە ڕۆشنبیرانە وسیاسییەکانی دیسکۆرسی کۆلۆنیالیستیی فارس تا ڕادەیەکی زۆر پاشگوێ دەخرا (بڕوانە مەتین-عەسگەری ٢٠٢٠). شەیداییی لێکۆڵینەوەکانی دژەکۆلۆنیال و پاشکۆلۆنیالەکان بۆ بەچەمککردنی مێژووییی ئیمپریالیزم وەک دیاردەیەکی جوغڕافیاییی چەقبەستوو کە زۆرتر ڕۆژئاوا دەگرێتەوە، ئەوانی ڕاهێناوە کە لە سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەکانی ڕەچاو کراو بۆ ژێردەستە کردنی نەتەوە ئەتنیکییە ناسەربەخۆکانی وەک کورد لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، چاوپۆشی بکەن.

ئەمەگناسی

ئێمە سوپاسی دوکتۆر ئانجێلا داوتارتاس، پرۆفیسۆری مرۆڤناسی لە زانستگای ترۆی، لەبەر خوێندنەوەی وتارەکەمان و پێشکەش کردنی بۆچوونە ژیرانەکانی، دەکەین. ئێمە هەروەها پێمان خۆشە سوپاسی هەڵسەنگێنەرانی نەناسراو و پرۆفیسۆر لارێنس ڕالف (سەرنووسەر) بۆ تێبینییە بنیاتنەرەکانیان لەسەر نوسخەکانی پێشووی ئەو وتارە بکەین. پێزانینی خۆمان هەروەها پێشکەشی لیسا مەککەی، بەرپرسی بڵاو کردنەوە، بۆ پەیوندییەکانی و بەڕۆژ کردنەوەکانی وتارەکە، دەکەین.

شرۆڤەکان

هاشم ئەحمەدزادە

بەشی زمانناسی و فەلسەفە، زانستگای ئوپسالا، سوید

(hashem.ahmadzadeh@lingfil.uu.se)

لە کۆتاییی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا کوردییەکانی ئیمپراتورییەکانی عوسمانی و قاجار کۆتایییان پێ هاتبوو. سەردەمی دەوڵەتشار و میرنشینە کوردییەکان، کە لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم و لە هێندێک شوێن تەنانەت زووتریش هەبوون، نەیانتوانی لە بەرانبەر سیاسەتی ناوەندگەراییی ئیمپراتورییەکان بەرگری لە خۆیان بکەن. وەڵامی کوردان بۆ ئەو سیاسەتە بە پاراستنی دامەزراوە ئاینییەکانیان، کە وەک پارێزەری دەسەڵاتیان سەیر دەکرا، سنووردار کرا (ڤان برونسێن ١٩٩٢؛ ئولسۆن ١٩٨٩).

دامەزرانی ئەنجومەنە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵ لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بەشێک لە پرۆسەی هاوچەرخکردنی ئیمپراتوورییەکە بوو. لاسەنگیی نێوان جووڵانەوە ناسیۆنالیستییەکانی ئیمپراتورییەکانی عوسمانی و قاجار و پەڕاوێزخرانی کۆمەڵگا کوردییەکان، پێشیان بە وەدەستهێنانی مافە دێموکڕاتیکەکان لە کاتی هەرەسهێنانی ئیمپراتورییەکان گرت و دەوڵەتی نوێی مودێڕن دامەزران. نەخشەی دوای شەڕی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێجگە لە دەوڵەتانی دیکتاتۆر، لە سەر حیسابی بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی تاقمی ئەتنیکیی وەک کوردان، هیچ شتێکی دیکەی ئاشکرا نەکرد.

کوردستان بە جوغڕافیای دابەشکراو کراو و شوناسی پارچە پارچە کراو، لە خەباتی بۆ مافە دێموکڕاتیکەکانی، بەرەوڕووی چارەنووسێکی جیاواز بووەوە. بە سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژی جەماوەری کە ئیلهامدەری ئازادی و دادپەروەری بۆ گەڵان بوو نەیتوانی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات کە وردە وردە وەک پرسی کورد نێودێر کرا. لێکۆڵینەوە لەو کێشانەی شوناسی ئەتنیکە ناسەربەخۆکانن، لە ناویاندا کورد، لە دەیە سەرەتاییەکانی سەدەی ڕابردوو بەولاوە بە گەرمی مشتومڕی لەسەر کراوە. سیاسەتەکانی یەکدەستکردنی دەوڵەت-نەتەوە هاوچەرخەکانی ناوچەکە لەگەڵ شوناسی ئەتنیکە پەڕاوێزخراوەکان، وەک شوناسی کوردی، تووشی پێکدادان بووە و لە ئاکامدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بەولاوە بووەتە هۆی کێشەیەکی بەردەوام.

بە لەبەر چاو گرتنی گرینگییەکەیەوە، کارێکی لە ڕادە بەدەر کەمی تیۆریک لە سەر سروشتی پرسی کورد  کراوە. چۆن دەتوانین لە چوارچێوەی سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لە پرسی کورد تێبگەین؟ ئاخۆ ئەوە پرسێکی نێوخۆییی ئەو وڵاتانەیە، یان پرسی نەتەوەیەکی دابەشکراو بە سەر چەند دەوڵەت-نەتەوەیە؟ ئاخۆ کۆمەڵگا کوردییەکان لە لایەن دەوڵەت-نەتەوە هاوچەرخەکانەوە کراونە کۆلۆنی؟ دەتوانین کەڵک لە هەمان پێوەرانە وەرگرین کە بۆ پێناسەکردنی کۆلۆنیالیزمی کلاسیک لە لایەن زلهێزانی ڕۆژئاوایی لە ئەفریقا کەڵکیان لێ وەردەگرین؟ وتاری محەممەدپوور و سولەیمانی لەبەر ئەو هۆیە سەرنجڕاکێشە چونکە گفتوگۆیەکی نوێ لە سەر ئەو پرسانە دێنێتە ئاراوە و تیشک دەخاتە سەر لایەنە لەبیر کراو و گۆشە تاریکەکانی.

من دەستخۆشی لە نووسەرەکان دەکەم بۆ هەوڵەکانیان بۆ بە تیۆریکردنی پرسی کورد، بەڵام پێموایە پرسەکە فرە ئاڵۆز و چەندلایەنەیە کە بەبێ هەڵوێستێکی وردتر و فرەڕەهەندتر ناکرێ هەڵسوکەوتێکی گونجاوی لەگەڵدا بکرێ. کەڵکوەرگرتن لە چەمکی کۆلۆنیالیزم بۆ پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچە، کاریگەرییەکی ڕادیکاڵی لەسەر خەباتی کوردان بۆ مافە دێموکڕاتیکەکان دەبێ. گرینگە کە ئامانج و فاکتەرە بڕیاردەرەکانی کاریگەر لەسەر هەڵوێستەکانی جووڵانەوە ناسیۆنالیستییە کوردییەکانی پێشوو و هەنووکەیی لەبەر چاو بگیرێت. ئاشکرایە کە نەبوونی زانیاریی تیۆریک نەبووەتە هۆی  هەڵبژاردنی ئەو ڕێبازانە کە جووڵانەوە ناسیۆنالیستییە کوردییەکان گرتوویاننە بەر.

کەڵکوەرگرتنی کلاسیک لە دەستەواژەی “کۆلۆنیالیزم” بە گشتی پەیوەندیی بە بوونی دەسەڵاتی دەرەکی لە سەر خاک و وڵاتی خەڵکانی دوور لە وڵاتی کۆلۆنیالیستییە. ئەوە لە سەرەتادا وڵاتانی ئورووپایی وەک کۆلۆنیالیست و وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقایی وەک کۆلۆنیکراومان بێر دێنێتەوە (کراودەر ٢٠٠٧: نکرومە ١٩٦٥). لە کاتێکدا کە دەوڵەت-نەتەوە هاوچەرخەکانی حاکم بەسەر کوردانەوە کەڵک لە سیاسەتی هاوشێوەی کۆلۆنیالیستی وەردەگرن، هێشتا بەکارهێنانی دەستەواژەکە بۆ ئەو وڵاتانەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست سەریان هەڵدا، جێگای مشتومڕە.

ئاسەوارە سیاسییەکانی بەکار هێنانی دەستەواژەکان لە هەرێمی ئاکادێمیک تێپەڕ دەبن و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی نەتەوە و ئەتنیکە تێوەگلاوەکانی ناوچەکە هەیە. بۆیە، ئێمە دەبێ ئەزموونەکانی وەدەستهاتووی کوردان لە خەباتیان بۆ وەدەستهێنانی مافە دێموکراتیکەکانیانمان لەبیر بێ. هەر جۆرە پێداچوونەوە بە ستراتێژییەکانی پێشووی کوردان بۆ وەدەستهێنانی ڕزگاری، توێژینەوەی هەمەلایەنە دەخوازێ. گونجاندنی دەستەواژەی هەنووکەیی و نوێ لەگەڵ دۆخی کوردان، ئەگەر باری کوردان قورستر نەکات، ناتوانێ سووکی بکات.

پێمخۆشە سەرنجی نووسەران بۆ تۆنی نەگونجاویان لە کاتی ئاماژە کردنیان بە زانایانی دیکەی بوارە زانستییەکەیان ڕاکێشم. سەرجەم توێژینەوە نوێیەکان بناخەیان لەسەر کاری ئەو کەسانەی پێش خۆیان دامەزراوە و، ئەوە گرینگە کە بە ڕێزەوە دان بە یارمەتییەکاندا بنرێ. لە هێندێک دۆخدا، نووسەرانی ئەو وتارە زمانێکی زبر لە کاتی ئاماژە کردن بە زانای دیکە بەکار دێنن، وەک کاتێک کە بە مایکڵ گونتەر دەڵێن “خۆ بە پسپۆڕی لێکۆڵەنەوەکانی پرسی کورد زان.” ئەوە وا دەگەیەنێ کە نووسەرەکان خۆیان لە سەرووی پسپۆڕانی ئەو بوارە سەیر دەکەن، کە هەڵەیەكی قبوول نەکراوە.

بێجگە لەوە، هێندێک ئیدیعای سەرەکیی وتارەکە بە شێوەی پێویست پشتئەستوور بە سەرچاوەی جێگای متمانە نین. ئەوە ڕاستە کە مرۆڤ لە دۆزینەوەی زانیاریی جێگای متمانە لە سەر کوردانی ئێران دەتوان تووشی ئالنگاری بێ، بەڵام ئەوە ڕەوایی بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەی دەستی دوو نادا.

بە هەمان شێوە بەراورد کردنی فەلەستین لەگەڵ کوردستان ئالنگاری دروست دەکات. پرسی فەلەستین لە کاتی سەرهەڵدانی جووڵانەوەی زایۆنیزمەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، لە کاتێکدا پرسی کورد هێشتا بە باشی نەناسراوە. لە کاتێکدا هێندێک وێکچوون لە شێوەکانی هەڵسوکەوت‌کردن لەگەڵ فەلەستینی و کوردان هەن، ئەوە نابێتە هۆی ڕەواییدان بە پۆلێنکردنی ئەو دووانە وەک نەتەوەی کۆلۆنیکراو. بۆیە، کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییەکانی لەگەشەخستن بۆ ئەو نەتەوانە دەبێ بە پارێزەوە بکرێ. بەکارهێنانی تێگەیشتنی سارا ڕۆی لەمەڕ لەگەشەخستن، دەتوانێ تەنیا شێوەیەک ڕوانین بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد بۆ زانایان دەستەبەر بکات. بۆ تێگەیشتنی تەواوی ئەو پرسە ئاڵۆزە، زانایان پێویستیان بە بیرکردنەوەی قووڵ لە مەرجە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کوردان لە کاتی سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە هاوچەرخەکانی ئەو ناوچەیە هەیە.

ئان رۆڵز

بەشی کۆمەڵناسیی، زانستگای بێنتلی، وڵاتە یەکگرتووەکان

(arawls@bentley.edu)

بەکارهێنانی “چاوی” کۆمەڵناسانە بۆ دۆخی کورد لە ئێران

وتاری “سیاسەتی ڕەگەزیی لەگەشەخستن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکارانەی فەلەستین و ڕۆژهەڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)،” لە نووسینی ئەحمەد محەممەدپوور و کەمال سولەیمانی، دۆخێک شی دەکاتەوە کە لەودا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەورەدراو، پێش پێگیراو، لە ژێر چاودێریدا و بە شێوەی یاسایی، فیزیکی،  دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ناچار کراون خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی فەرهەنگیی خۆسەپێنی ئێران  بگونجێنن کە هەوڵ دەدا بە تواندنەوەی زۆرەملی و چەقبەستووییی ئابووری، فەرهەنگێکی نەتەوەیی یەکچەشن دروست بکات. وتارەکە ئەو دۆخە بە سیاسەتی “لەگەشەخستن” کە وەردەکارییەکەی لە لایەن سارا ڕۆی (٢٠١٦ [١٩٩٥]) لە لێکۆڵینەوە کلاسیکەکەی لەسەر غەززە بەراورد دەکات، کە ئاکامی هەر دوو دۆخەکە کاولکاریی بە ئانقەستی ئابووری، سیاسی و  مانەوەی کۆمەڵایەتیی شوێنێک و خەڵکەکەیەتی.

بەراورد کردنی دوو دۆخ لە وڵاتە یەکگرتووەکانیش وێدەچێ بەجێ بێ، چونکە هەردووکیان تەوەری دیکە بە باسەکەوە زیاد دەکەن. ڕۆژهەڵات، بەو شێوەیە کە وەسف دەکرێ بیرهێنەرەوەی وەدەرنانی خەڵکی ڕەسەنی40 وڵاتە یەکگرتووەکان لە مڵک و ماڵیان و، هێنانیان بۆ ژێر سەرپەرشتی و چاودێری لە ئۆردووگاکان و تێکدانی ئاو و سامانەکانی دیکەیانە. هەروەها بیرهێنەرەوەی دۆخی ڕەشپێستە ئەمریکایییەکانە، چونکە مافە مەدەنییەکانی ئەوان بۆ جاری دووهەم لە ١٩٦٥ بە شێوەی یاسایی زەمانەت کرا، پاش دەستبەسەرکرانی بەکۆمەڵ تا دڵنیا بن کە ڕەشپێستە ئەمریکایییەکان نەتوانن کار بدۆزنەوە، دەنگ بدەن یان بە شێوازی دیکە کەڵک لە مافەکانیان بۆ بەشدار بوون لە کۆمەڵگادا وەرگرن (ئالێکساندەر ٢٠١١).

ئەوەش لەگەشەخستنە. پێش‌پێگرتن، دەورە دان و لەژێر چاودێری گرتنی گەلێک، بە شێوەیەک کە مانەوەی ئابووریی هەرێمێک وێران دەبێ و خەڵکەکە نایاسایی دەکرێ و پاشان ئاماژە بە پێش نەکەوتنیان دەکرێ و دۆخی دەستکردی “تاوانکار بوونیان” وەک بەڵگەی بەنێو نەخۆشی بۆ ڕەواییدان بە لەکار کردنی زەبروزەنگ  (و تواندنەوەی زۆرە ملی) کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

بەڵام هەوڵەکانی سەرکوتکردنی خەڵکی ڕەسەن و ڕەشپێستی ئەمریکایی، لە کاتێکدا کە لە دروستکردنی کۆمەڵگای هەژار، پێشگرتن بە دەرفەتی پەروەردەیی و کار سەرکەوتوو بوون، لە تواندنەوەی زۆرەملیی ئەو خەڵکانە یان ناچار کردنیان بە ڕێزگرتن لە فەرهەنگی سپی پێستی حاکم، کە ئەو سنوورانەیان دەسەپاند، ناسەرکەوتوو بوو. لە ڕاستیدا، سەرکوت بوو بە هۆی زیاتر کردنی هاوپشتی و یاخیبوونی کاریگەر لە هەر دوو دۆخدا، کە درێژە بە بەرەوپێشچوونی گەشەی کۆمەڵگای وڵاتە یەکگرتووەکان بە ئاراستەیەکی دێموکڕاتیکدا دەدا کە ڕاستەوخۆ بۆچوون و ئامانجەکانی یەکچەشنی خوڵقێنیی سپی پێستە باڵادەستخوازەکان تووشی ئالنگاری دەکات.

ئەوە پرسێکی سەرنجڕاکێشی تیۆریکە کە بۆچی دەوڵەت-نەتەوەکان هەوڵی ئەو جۆرە سیاسەتانە دەدەن، ئەگەر تێیدا سەرکەوتوو نابن. وەڵامەکە تێکەڵاوێکە لە بیر کردنەوەی کورتخایەن و بیری هەڵە لەمەڕ شێوەی ڕیکخستنی کۆمەڵگاکان، کە دیکتاتۆڕان هان دەدا وا بیر بکەنەوە کە کۆنتڕۆڵی تەواو بە سەر دانیشتوواندا (بە جۆرێک کە پێمان وایە لە ڕابردوودا هەبووە) مومکینە.

دیکتاتۆڕەکان ئەمەگداری ئەو بەرنامەیەن، کە وابوو هانا بردن بۆ ڕەوشت بێ سوودە. بەڵام تێگەیشتن لە هەوڵی ئەوتۆ، لە جیات لاواز کردنی یەکگرتووییی خەڵکی سەرکوتکراو دەبێتە هۆی بەهێز کردنی و ڕەنگبێ هەوڵەکانیان بۆ شێوازی دێموکڕاتیکی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکی هەبێ.

لە وڵاتە یەکگرتووەکان، سیاسەتی تواندنەوە پشتئەستوور بە خەیاڵی باڵادەستیی فەرهەنگێکی ئیدیعایی “سپی بوون” بوو (ئالێن ١٩٩٤؛ مەتزل ٢٠١٩؛ رۆدیگەر ٢٠١٨؛ ئاندێرسۆن ٢٠١٧). دۆخی ئێران، بە گوێرەی محەممەدپوور و سولەیمانی، خۆ پێناسە کردن بە ڕگەز و فەرهەنگێکی بە هەمان شێوە ئەفسانەیی، واتە “ئاریایی” دەگرێتەوە. لە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێران و غەززەی ئەمڕۆ، سیاسەتی ئەوتۆ بووەتە هۆی ئافراندنی کەلێنی قووڵ و بەرهەڵستکاری کە هەڕەشە لە ئاشتی و هاوپشتیی وڵات دەکات. زۆر دوور لە ئاواتی تواندنەوەی زۆرەملیی ڕەشپێست و خەڵکی ڕەسەن لە فەرهەنگی “سپی” ئەمریکاییدا، سیاسەتی سەرکوتکەرانە لە وڵاتە یەکگرتووەکان بووەتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی هۆشیاریی شوناسخوازانە لە نێو ئەمریکایییە ڕەشپێست و ڕەسەنەکان و چاوەڕوان دەکرێ کاریگەریی هاوشێوەی لە شوێنی دیکەش هەبێ. خۆشەویستی بەرانبەر بە سیاسەتی ئەوتۆ لە نێو دیکتاتۆڕاندا ئاماژە بەوە دەکات کە لانیکەم ئەو سیاسەتە هێندێک جار کاریگەرە. بەڵام بەڵگە مێژوویی و کۆمەڵناسییەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەوان بە شیوەی نەریتی مەرجەکانی لەنێوچوونی خۆیان دروست دەکەن.

خاڵی سەرەکیی وتارەکەی محەممەدپوور و سولەیمانی دروستکردنی ئالنگاری بۆ تیۆریی هەنووکەییی گەشەسەندنە، بە بۆچوونی ئەوان گەلی کورد ناچار دەکرێ لە دۆخێکدا بژی کە لە لایەن ئەو تیۆرییانەوە پاشگوێ دەخرێ و پێیان وایە تیۆریی لەگەشەخستنی سارا ڕۆی تیۆرییەکی گونجاوترە. لە کاتێکدا کە ئەوە خاڵیکی گرینگە (کە منیش لەگەڵی هاوڕام)، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە ئەوەی سەرنجڕاکێشە دوو هێڵی هۆدانی کەمتر دیارن. یەکیان بە هەڵە تێگەیشتنێکی باو لە لێک جیا کردنەوەی نەریتی/مودێڕن لە لایەن دورکهایمەوەیە کە شی دەکاتەوە بۆچی زۆربەی تیۆرییەکانی هەنووکەیی لە بەچەمککردنی گەشەسەندن لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ناسەرکەوتوون. ئەوەی دووهەم ئەو گرینگییەیە کە بە هەڵسوکەوتەکانی “ژیانی ڕۆژانە” دەدرێ، بە بێ سەرچاوە، بەڵام، ئەو هەڵسوکەوتە فەرهەنگسازییە بێدەنگەی کە بە ئاسایی وەردەگیرێت و چۆن سەربەخۆییی ئەوان، هەوڵە زۆرەملییەکانی دەوڵەت بۆ ئافراندنی یەکچەشنیی فەرهەنگی نەزۆک دەکات. ئەوە ڕەنگبێ، وەک ڕۆی و محەممەدپوور و سولەیمانی دەڵێن، لەو چوارچێوەیەدا هەموو ئاکارێک  دەبێتە کردەوەیەکی سیاسیی گرینگ. بەڵام خەڵکی ئەو جۆرە شوێنانە هێشتا پێویستیانە لە کۆمەڵگادا ڕاستی، کردەوە، واتا، شت وشوناسی ماناداری کۆمەڵایەتی لە هەڵسوکەوتە هاوبەشەکانیان لەگەڵ یەکتردا دروست بکەن و دورکهایم گوتەنی، ڕێکخستنی ئەو جۆرە شتانە سەربەخۆ لە پێکهاتەی لە سەرەوەڕا بۆ خوارەوە داڕێژراو و ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەتی ئەتنیکین  (دورکهایم ١٨٩٣؛ رۆڵز ١٩٨٧؛ ١٩٩٦؛ ٢٠٠٩ [٢٠٠٤]، ٢٠٢١، ٢٠٢٢).

دروست وەکوو چۆن ڕەش بوون لە وڵاتە یەکگرتووەکان لە لایەن زۆر کەسەوە وەک “نیگەرانییەکی ئەمنییەتی” سەیر دەکرێ کە کوژرانی ڕۆژانەی ئەمریکایییە بە ڕەچەڵەک ئەفریقایییەکانی لێ دەکەوێتەوە، محەممەدپوور و سولەیمانییش ئاماژەیان پێ کردووە کە لە ڕۆژهەڵات “کورد بوون لە خۆیدا پرسێکی ئەمنییەتییە.” لە هەر دوو دۆخەکەدا ئایدیۆلۆژیی ڕەگەزیی حاکم (سپی پێست بوون لە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئاریایی بوون لە ئێران) دەبێتە هۆی دروستکردنی ئەو ڕوانگەیە.

لێرەدا بواری لەبار بۆ هاوکاریی نێوان کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی هەیە، بە هۆدانی کۆمەڵناسانە کە دەتوانێ تیشک بخاتە سەر پرسی وەک، پەیوەندیداربوونی لێک جیا کردنەوەی کۆمەڵگای نەریتی و مودێڕن لە تیۆرییەکانی گەشەسەندندا، ئاخۆ سەربەخۆیی بۆ ئافراندنی ژینگەیەکی گشتگیر بۆ گەلی کورد پێویستە، هەروەها تواناییی شاراوەی پێکهاتەکانی ژیانی ڕۆژانە بۆ بەربەرەکانی دژی هەوڵەکانی دەوڵەتانی ناسیۆنالیستی-ئەتنیکی بۆ دروستکردنی فەرهەنگی یەکچەشن لە ڕێگای تواندنەوەی زۆرەملی. (ئەو ڕستەیە یا ناتەواوە و یا بە باشی نەبەستراوەتەوە بە ڕستەی پێش خۆیەوە)

مێژوو پێمان دەڵێ کە ئەو جۆرە ڕێژیمانە زۆر جار بە توندوتیژی کۆتاییان دێ و، کۆمەڵناسیی هەڵسوکەوت تەوەر پێمان دەڵێ زۆربەی هەوڵەکان بۆ سەپاندنی تواندنەوە لە بەر هۆی ئاشکرا و دەستنیشانکراو کە دەکرێ بە ئەزموون بسەلمێنرێن، شکست دێنن. هەروەها، نەتەوە ڕۆژئاواییەکانی هەنووکەیی (دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان کە کاتی خۆی تواندنەوەی زۆرەملییان بەسەر خاک/خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەپاند) بە تواندنەوەی زۆرەملێ (یان یەکچەشن کردن) نەبوونە مودێڕن، نە لەو شوێنانەی کردبوویاننە کۆلۆنی و نە لە نێوە سنوورەکانی خۆشیاندا، بەڵکو بە پێچەوانە بە گۆڕان بەرەو ڕەخساندنی بوار بۆ فرەچەشنی بوونە مۆدێڕن.

بێگومان، هەوڵی یەکگرتوو بۆ پێش گرتن بە فرەچەشنی، لە ناویاندا بە لێپرسینەوە و سڕینەوەی توندوتیژانەی فەرهەنگی، لە ئورووپای پێش ١٧٠٠ باو بوو. بەڵام هەوڵی ئەوتۆ بوونە هۆی بەرهەڵستکاری، شەڕی نێوخۆ و کۆچ بۆ دەرەوە، کە لە دەورەیەکدا کە بە ڕۆشنگەری ناسراوە کۆتاییی هات و لەو دەورەیەدا فرەچەشنی و پرینسسیپەکانی “دادپەروەری” بۆ بناخەدانانی مودێڕنیتە پێویست بوون تا لە کۆتاییدا وەک پرینسیپ لەوێدا یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی پێشوازیی لێ کرا.

لەوەی لە خوارەوەدا هاتووە، من لە بیرۆکەی ڕەسەنی دورکهایم لەمەڕ لێک جیا کردنەوەی نەریتی/مودێڕن دەکۆڵمەوە، کە ئەگەرچی زۆر جار ئاماژەی پێ دەکرێ بەڵام چاک لێی تێنەگەیشتوون و، پاشان پەیوەندیدار بوونی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی بۆ دۆخی ڕۆژهەڵات لەبەر چاو دەگرم (بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆریی دورکهایم).

محەممەدپوور و سولەیمانی بە شێوازی ئەوتۆ ڕەخنە لە لێک جیا کردنەوەی نەریتی/مۆدێڕن دەگرن کە من هاوڕایانم. نەریتی نابێ لەگەڵ “خێڵەکی” یان “سەرەتایی” یەکسان سەیر بکرێ، بە هەمان شێوە نابێ “مودێڕن” لەگەڵ “ڕۆژئاوایی” وەک دوو شتی یەکسان لێک بدرێنەوە. بەڵام ئەوە لێک جیا کردنەوەی دورکهایم نەبوو. دورکهایم (١٨٩٣) پێشنیاری کرد کە ئاکامی تاقیکاریی هەر کۆمەڵگایەک کە بەرەوڕووی فرەچەشنی لەگەڵ پەرە گرتنی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگاکان و فەرهەنگەکان دەبێتەوە، لە شێوازی هەڵسوکەوتی لەگەڵ فرەچەشنی دەردەکەوێ. ئەو باسی شێوەیەک لە کۆمەڵگا دەکات کە پێشوازی لە فرەچەشنی دەکات و ئەوە دەکاتە جۆرێک لە نەریتی کۆمەڵگا (“هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکان”) کە بە فرەچەشنی گەشە دەکات و شێوازێکی دیکە کە لە بەرانبەر فرەچەشنیدا ڕادەوەستێ و هەوڵ دەدا فەرهەنگە ڕەسەنەکە لە دەوڵەت و یەکچەشنیدا بپارێزێ. ئەو کۆمەڵگایانەی ناو نا مودێڕن کە پێشوازی لە فرەچەشنیی دەکەن، چونکە بوار بۆ ئاڵوگۆڕ، پەرەپێدانی پەیوەندی، بازرگانیکردن لەمبەر ئەوبەری سنوورەکان و لە نێوان خەڵکاندا، دەڕەخسێنن. ئەو بە ئەو کۆمەڵگایانەی گوت نەریتی کە لە بەرانبەر فرەچەشنیدا ڕادەوەستن، چونکە لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕدا ڕادەوەستن و درێژە بە بەهێزکردنی ڕوانگە فەرهەنگییە یەکچەشنەکان دەدەن. جیاوازییەکە لە نێوان ئەو هەڵسوکەوتانەی بناخەیان لەسەر بیروبڕوا دارێژراوە کە ناوبراو بە “نەریتی” ناوی بردن و “هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکان” کە لەسەر بنەمای بیروبڕوا دانەڕێژراون (رۆڵز ٢٠١٩، ٢٠٢٢).

سەرەڕای ئەوەش، زانایان لە یەکسان دانانی “نەریتی” لەگەڵ کۆمەڵگا خێڵەکییەکان و “مودێڕن” لەگەڵ کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان، پێداگرن. لە شێوازە بنەڕەتییەکاندا، دورکهایم (١٩١٢) بە ڕوونی نووسیی کە کۆمەڵگا خێڵەکییە سەرەتایییەکان کەڵکیان لە “هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکان” وەردەگرت کە هێشتا بناخەیان لەسەر بیروبڕوا دانەڕێژرابوو (رۆڵز ٢٠٠٩ [٢٠٠٤]). چ لەگەڵ دورکهایم لە سەر ئەو خاڵە هاوڕا بین یان نا، ئەوە بۆچوونی ناوبراو ڕوون دەکاتەوە. مەبەستی ئەو لە “نەریتی”، کۆمەڵگا ئورووپاییەکانی سەدەکانی نێوەڕاست بوو کە یەکچەشنیی ئایینی/فەرهەنگییان دەسەپاند، نە وەکوو خەڵکی خێڵەکی. هەروەها، ئەو دەیگوت دەسەڵاتی لە سەرەوە ڕا بۆ خوارەوە پێش بە کۆمەڵگاکان دەگرێ تا گەشە بە زەمانەتەکانی ئەو دادپەروەرییە بدا کە بۆ بەردەوامیی هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنەری یەکگرتوویی لە چوارچێوەی کۆمەڵگا فرەچەشنەکانی مودێڕنیتەدا پێویستن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمڕۆ دۆخێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەو شتەیە کە دورکهایم هۆشداریی لەبارەوە داوە، کە لەوێدا یەک لە سەر سێی دانیشتووان بە ئاشکرا وا بیر دەکەنەوە کە دەکرێ (و ئەقڵانیشە) دوو لە سەر سێێ خەڵکەکەی دیکە ناچار بکرێ بیروبڕوا/هەڵسوکەوتە نەریتییەکانی کەمینە وەخۆ بگرن. لە ڕوانگەی دورکهایمەوە، بەشی “کۆنەپارێز” یان “کۆماریخوازی”  کۆمەڵگای وڵاتە یەکگرتووەکان نەریتییە، لە کاتێکدا کە دوو لەسەر سێی ئەو بەشەی پێشوازی لە فرەچەشنی و دادپەروەری دەکەن مودێڕنن.  (رۆڵز ٢٠٢١). ڕەخنە لە بەکارهێنانە باوەکانی دەستەواژەی “نەریتی”، کە خێڵەکان بە کەمبایەخ سەیر دەکەن، لە کاتێکدا دەوڵەتە نەتەوەپەرستە ئەتنیکییەکانی وەک ئێران وەک مودێڕن دەبینن، جیاکردنەوەیەکی دەستکرد لە نێوان رۆژهەڵات/ڕۆژئاوا دروست دەکات، لەو وتارەدا نابینرێ. ئێستا دەوڵەتی ئێرانە کە دەبینرێ کەڵک لە هەڵوێستی نەریتی بەرانبەر بە پەرگاڵی کۆمەڵایەتی بە تواندنەوەی زۆرەملی وەردەگرێ، لە کاتێکدا کە  دانیشتووانی کورد خەریکی کار کردن لەگەڵ یەکتر و لەوبەری سنوورەکان و فەرهەنگەکانی چوار وڵاتی جیاواز بۆ ماوەی چەند جیلن، کە وابوو ئەوان مودێڕنن.

لە پەیوەندیدار بوونی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتییەوە: ئەو دۆخەی ڕۆژهەڵات کە محەممەدپوور و سولەیمانی باسی دەکەن، بە میلیتاریزە کردن، چاودێریکردن، تواندنەوەی زۆرەملێ و دیاریکردنی دەوری کۆمەڵایەتی، نێو، زمان وکاری شیاوی دەستنیشانکراو لە لایەن دەوڵەتەوە (لەگەڵ شتی دیکەش)، بیرهێنەرەوەی ئەو شتەیە کە ئێرڤینگ گافمەن (١٩٦١) نێوی نا “هێنانە ژێر چاودێریی تەواو.” ئەوە شوێنی وەک بەندیخانە، دامەزراوەکانی پێڕاگەیشتن بە نەخۆشییە دەروونییەکان، دێرەکان و جێگای دیکە کە لەوێدا خەڵک، لە دۆخێکی بەستراوەیی تەواو و ژێر چاودێریبووندا دەخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی تەواو، دەگرێتەوە.  (ڕستەکە ناتەواوە و کرداری ڕستەکە دیار نییە)

بە گوێرەی گافمەن، ئەو بەدامەزراوەییکردنە گشت لایەنەی ژیانی تاکەکان، هێندە زیانمەندە کە لەو دامەزراوانەدا ئەوانەی چاودێریکارن (پاسەوانەکان، پۆلیسەکان، تاد.) ناچارن سازش بکەن و ئیزن بە “بەندییەکان” بدەن هێندێک جار یاساشکێنی بکەن دەنا یان خۆ لە ملکەچبوون دەبوێرن یان لەنێو دەچن. ژیان یان کار لە ماوەیەکی بەرچاودا لە ژینگەیەکی ئەوتۆدا دەبێتە هۆی دۆخێک کە پێی دەڵێن “بەدامەزراوەییکران،” دۆخێکی کۆمەڵایەتی کە لەودا تاکەکان تواناییی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئاکاری ئاسایی “لە دەرەوە” لەکیس دەدەن.

محەممەدپوور و سولەیمانی هەروەها باس لە گرینگیی هەلسوکەتەکانی ژیانی ڕۆژانە دەکەن و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێڕان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هەڵسوکەوتانە وەسف دەکەن. بەڵام هەڵسوکەوتە ئاسایییەکان ئیزن بە کونتڕۆڵکردنیان لەسەرەوە ڕا نادەن. بە گوێرەی ئەوەی گافمەن (١٩٨٣؛ رۆڵز ١٩٨٧) نێوی نا پەرگالە هەڵسوکەوتییەکان و گارفینکڵ (١٩٦٧) نێوی نا شێوازەکانی ئەندامان، کە سەربەخۆ لە پەرگالی لە سەرەوە ڕا-بۆ-خوارەوە کاردەکەن، خۆ ڕێکخەرن. تیۆریی مودێڕنیتەی  دورکهایم (١٨٩٣؛ رۆڵز ٢٠٢٢) باسی گەشەکردنی ئەو ئاکارە خۆ ڕێکخەرانەی کرد کە دژی پەرگالی سەپێنراو لەسەرەوە ڕا دەوەستنەوە و، گوتی دەوری دەوڵەت پێویستە لە بڕیاردەرێکی سەرەڕۆوە بۆ داوەرێک بگۆڕدرێ کە دادپەروەری لە نێوان بەشداراندا زەمانەت بکات. بەشێکی بەرچاو لە گیروگرفتە هەنووکەیییەکان لە شکستهێنان لە تێگەیشتن لەو گۆڕانە سەرچاوە دەگرێ، چونکە زۆر ڕێژیم درێژە بە هەوڵەکانیان بۆ سەپاندنی پەرگالێکی یەکچەشن بە سەر ئەو کۆمەڵاگایانەدا دەدەن کە لە خاڵی فرەچەشنی تێپەڕ بوون و چیدیکە سەپاندنی پەرگالی لە سەرەوە ڕا-بۆ-خوارەوە کاریگەریی لەسەریان نییە.

هۆدانە کۆمەڵناسییەکان دوو توێن. یەکەم، لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشندا کە لەویدا لە نێوان خەڵکی خاوەن بۆچوونی جیاواز هەڵسوکەوت دێتە ئاراوە، دەبێ هەڵسوکەوتەکان بە ڕێژەی پێویست دوو لایەنە بن تا بەشداران بتوانن ئازادانە و بە ویستی خۆیان کەڵک لە “هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکان” وەرگرن. بێتوو نۆرەکان بە زۆری بن، زنجیرە نۆرەکان دەبنە بۆنەیی و، خەڵک تواناییی خۆیان بۆ پەیوەندیگرتن سەرەڕای جیاوازییەکانیان لە کیس دەدەن. کاتێک ئەوە دەقەومێ، خەڵکی ئەمبەر ئەوبەری کەلێنی دەسەڵات (“سەپێنەرەکان” لە بەرانبەر “بەسەردا سەپێنراوەکان”) چاوەڕوانیی دژواز  هەم لەسەر چۆنیەتیی کردار و هەروەها ئەو شتانەی مەبەستیانە دروست دەکەن. لەو شوێنەی ئەوە ڕووی داوە، وەک لە پەیوەندیی نێوان ڕەگەزەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکان (رۆڵز و داک ٢٠٢٠)، تێكچوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەک ئاسایی دەبێ و پەرە گرتنی جیاوازی لە نێوان چاوەڕوانییەکانی دوولایەن، کەلێنی نێوان دانیشتووان قووڵتر دەکات، تەنانەت لە کاتێکدا کە دامەزراوەکانی چاودێری و کۆنتڕۆڵکردن هەوڵ دەدەن ناچاریان بکەن زۆرتر ببنە هاوشێوە.

ئەوە دژوازییەکی سەرنجڕاکێشە کە بۆ سەرکەوتنی کۆتاییی دێموکڕاسی هیوا خوڵقێنە. وتارەکە بۆ وێنە لە بەشێکدا کە باسی “لە دامەزراوەیی خستن”  دەکرێ نزیکەی تەنیا جەخت لەسەر لەگەشەخستنی دامەزراوە فەرمییەکان دەکات. لێرەدا  سەرنجدان بە کاریگەریی سیاسەتەکانی دەوڵەت لەسەر پێکهاتەکانی هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییەکان، کە بناخەی کارتێکردنە دوولایەنەکانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانن، دەتوانێ گرینگ بێ.

پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ هەوڵی لە دامەزروە خستنی گەلی کورد لەو پلەیەدا کاریگەر دەبێ. لەکاتێکدا کە ئەو هەوڵانە ڕەنگبێ لە دەستێوەردان لە بەڕێوەبردنی لایەنەکانی فەرهەنگی نەریتی و دامەزراوە فەرمییەکاندا سەرکەوتوو بن، ئەگەرچی مێژوو پێمان دەڵێ خەڵک لە درێژەدان بە بەڕێوەبردنی نهێنیی نەریتەکانیان ئازان، لێکۆڵینەوەکان دەڵێن ئەو هەوڵانە دەبنە هۆی بەهێزتر بوونی لایەنە بنیاتنەرەکانی شێوازی هەڵسوکەتی هەرێمی. لەوەش زیاتر، بێتوو لایەنە نەریتییەکانی فەرهەنگ بڕووخێنرێن، هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکان خێرا جێگایان دەگرنەوە، وەکوو لێکۆڵینەوەکانی بەندی‌بوون ئاشکرایان کردووە (جەیکۆبز ١٩٧٧؛ سایکس ١٩٥٨)، چونکە خەڵک پێویستییان بە پەیوەندیگرتنە تا بوونی خۆیان بناسێنن و بسەلمێنن. بێتوو ئامرازە نەریتییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەوانە لەنێو بچن، شێوازی نوێی هەڵسوکەوتکردن جێگایان دەگرنەوە.

لێکۆڵینەوەکانی هەڵسوکەوتی مرۆڤان پێشانیان داوە کاتێک دۆخی هێنانە ژێر چاودێریی تەواو دەسەپێنرێت، نەریتی بەرهەڵستکارانە لە هەڵسوکەوت کردندا دەگاتە ئاستێک کە خەڵک بتوانن زیندوو بمێننەوە، لەگەڵ یەکتر پەیوەندی بگرن، شوناسی خۆیان بپارێزن و بەرگری بکەن. ئەگەر ئەو نەریتانە هاوشێوەی ئەوانە بن کە لە نێو ڕەشپێستەکانی ئەمریکادا سەریان هەڵدا، ئەوان دەبنە نموونە/نوێنگەی هەڵسوکەوتی دێموکڕاتیک، ئەوی لە هەناوی ژیانی ڕۆژانەدا پتەو دەکات و توانای بەرخۆدانی زیاتر بەرانبەر بە ڕێژیمێکی نادێموکڕاتیک دەبەخشێت. ئەوە هەمدیس گەلی کورد وەک مودێڕن پێناسە دەکات و بوار بۆ فرەچەشنی دەڕەخسێنێ، دەیسەلمێنێ کە سەرکوت دیسان تۆوی دێموکڕاسیی چاندووە و ئامرازی لەگۆڕنانی خۆی دابین کردووە.

ئەوەی ئێمە لە سەرکوتی ڕەگەزی تێدەگەین ئەوەیە کە ئاستی هاوپشتی و نەریتە دێموکڕاتیکەکان کە ئاکامی ئەو جۆرە سەرکوتەن، وێدەچێ هەم بە ئاستی سەرکوت و هەروەها بەوەوە بەند بێ کە ئاخۆ پێناسەی ڕەگەزپەرستیی کەڵک لێ وەرگیراو ڕێگا بە تواندنەوەی بەرچاو دەدا. لەو شوێنانەی توانەوە ساکار بووە، زۆر کەس توانەوەیان هەڵبژاردووە و، لەو دۆخانەدا ئاستی هاوپشتی لەنێو سەرکوتکراوەکاندا لاوازە، هاوکات سەرسامبوون بەو تاقمەوە کە تێیدا تواونەوە پەرەی ئەستاندووە، وەکوو بابەتی نێو کتێبی پێستی ڕەش، دەمامکی سپی لە نووسینی فرانتز فانۆن (١٩٥٢). بەڵام، لەو شوێنانەی توانەوە دژوارە، وەک ئەمریکایییە ڕەشپێستەکان و خەڵکی ڕەسەنی ئەو وڵاتە، ئیتر زۆری وەدوا ناکەون.

لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی ڕۆژهەڵات، پێویستە ئێمە بزانین توانەوە لە ئێران تا چ ئاستێک مومکینە و خەڵات دەکرێ و ئاخۆ تێچووی کۆمەڵایەتیی توانەوە هێندە لە سەرێیە کە پێش بە زۆربەی خەڵک بگرێ تا هەوڵی بۆ بدەن. بە گوتەی محەممەدپوور، گونجان لەنێو کەرتەکانی فەرهەنگی فارسیدا، “ بوونی پێشینەی “دروستی” ئەتنیکی-ئایینی و ئایدیۆلۆژیکی دەخوازێ،” کە وێدەچێ بە مانای ئەوە بێ کە دەبێ بتوانی/بتهەوێ وەک کەسێکی خاوەن پێشینەی ئایینی/ئەتنیکی و ئایدۆلۆژیکی دروست “دەرچی.” ئەو جۆرە دەرچوونانە لە ئەمریکا و لە نێو ئەمریکایییە ڕەشپێستەکانیشدا ڕوو دەدا (رۆڵز ٢٠٢٣). لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی ئەوانەی بتوانن  دەرچن و تێچووی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیی دەرچوون بە شێوەیەک بوو کە زۆرینەی ڕەشپێستە ئەمریکایییەکان،  تەنانەت دەوڵەمەندەکان و خاوەن بڕوانامەی بەرزی خوێندنیش، پێیان وا نییە دەرچوون بژاردەیەکی کردەنی یان جێگای ڕێز/قبووڵکراو بێ.

ئاکامەکەی گەشەکردنی ئەو شتە بوو کە و. ئـی. ب. دوبوا (١٩٠٣) نێوی نا “هۆشیاریی دووقات،” شارەزاییی زیاتر لە نادادپەروەری کە ئەندامانی کۆمەڵگای ڕەشپێستانی ئەمریکای لێک گرێ دەدا و پێشی بەوە دەگرت بیانهەوێ ئاسیمیلە بکرێن. پرسیارێکی گرینگی توێژینەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە ئاخۆ چەند کەس هەوڵ دەدەن ئاسیمیلە بکرێن و ئاخۆ ئەوان بە ڕاستی ئاسیمیلە دەبن یان تەنیا لە شوێنە دەوڵەتییەکان وەک ئاسیمیلە کراو خۆ دەنوێنن، لە کاتێکدا لە ژیانی تاکە کەسیدا پەیوەندییە کوردییەکان و شوناسە کوردییەکەیان درێژە پێ دەدەن. وتارەکە باسی ژمارەیەک ڕێکخراوی کوردی دەکات کە دژی سەرکوتی دەوڵەتی ئێران خۆیان ڕێکخستووە، کە نیشانەی یەکگرتوویی و بەهێزبوونی ئاواتە دێموکڕاتیکەکانی کۆمەڵگایە.

تا ئەو کاتەی گەلان/نەتەوەکان دان بە تواناییی شاراوەی ڕێکخستنی کاریگەری کۆمەڵگا لە ڕێگای برەودان بە فرەچەشنی بۆ پاراستنی پەرگالی کۆمەڵگا دانەنێن، وێدەچێ سەربەخۆیی تەنیا ڕێگای پارێزگاری لە مافەکانی خەڵکانی بەکەمینە کراو  بێ. بەڵام، بێتوو هەموو گەلێک سەربەخۆ بێ، فرەچەشنی لە نێو نەتەوەکاندا زیاد دەکات و شێوازەکانی ڕێکخستن لەنێو ئەو فرەچەشنییەدا هێشتا پێویست دەبێ. هەڵسوکەتی کۆمەڵایەتی و، دورکهایم ڕێگاچارە پێشنیار دەکەن. دانپێدانان بە جیاوازیی نێوان کۆمەڵگاکانی رێکخراو بە باوەڕ/نەریت و ئەو کۆمەڵگایانەی بە گوێرەی هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکان ڕێکخراون و پەیوەندییەکیان بە بڕواکانەوە نییە، دەرگا بۆ کۆمەڵگای ڕێکوپێکی فرەچەشن و لێبوردە دەکاتەوە کە لەودا خەڵک ئازادن وەدوای باوەڕیان بکەون (و بڕوایان بە شێوازە نەریتییەکان بێ) لە کاتێکدا دەوڵەت و شوێنە گشتییەکان بە شێوەیەک ڕێک خراون کە دژایەتیی بڕواکان ناکەن و، لە ڕاستیدا هیچ کارێکیان پێیان نەداوە. لە سەر ئەو بنەمایە، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ پاشگوێ خستنی ئەو بژاردەیە، ڕەتکردنەوەی فرەچەشنی و، هەوڵدان بۆ لەگەشەخستنی ڕۆژهەڵات لە  لایەن ئێرانەوە، بە کردەوە دەبێتە هۆی لەگەشەخستن و دواکەوتووییی خۆی.

دەیڤید ڕۆمانۆ

بەشی زانستە سیاسییەکان، زانستگای ئەیالەتیی میزووری، وڵاتە یەکگرتووەکان

(davidxromano@gmail.com)

لەو وتارەدا محەممەدپوور و سولەیمانی هەوڵ دەدەن لە تیۆرییەکانی “لەگەشەخستن” کە بە لێکۆڵینەوەکانی فەلەستین نێوبانگی دەرکرد بۆ شیکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵات، ناوچەی خاوەن زۆرینەی دانیشتووانی کورد لە ئێران، کەڵک وەرگرن. بە تایبەت بە دووپاتکردنەوەی لێکۆڵینەوەی سارا ڕۆی (١٩٩٥) لە مەڕ غەززە، ئەوان لەوە دەکۆڵنەوە “چۆن ئەتنیک-نەتەوەی حاکم لە ئێران لە ڕێگای بەئامراز کردن و شێواندنی گەشە، نەتەوەی بە کەمینە کراوی کورد ژێردەستە دەکەن.” بەڵام، لێکۆڵینەوە و بەراورد کردنەکە لە توێژینەوەی سارا ڕۆی لەمەر غەززە تێدەپەڕێ تا لە خولیای بەربڵاوی توێژینەوە پاشکۆلۆنیالەکان بڕوانێ کە چۆن تەنیا سەرنج دەدەنە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی.

نووسەرەکان باسی پرسی ئێدوارد سەعید (١٩٧٨) لەمەڕ “بەرگریی گەرموگوڕی ئەو لە دنیای عەڕەب و ئیسلامی” دەکەن و دەڵێن ئەوە “بەو مانایەیە کە ناوبراو مەرجەکانی “کۆلۆنیالیزمی کۆلۆنیکراوەکان”ی پاوڵ پاشگوێ دەخات. ئەوان ئاماژە دەکەن کە:

لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەپەرستەکانی عەڕب، توک و فارس کە سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی یەکچەشنکردنی  فەرهەنگی، پاکتاوی ئەتنیکی و ستراتێژییە شەڕانییەکانی مودێرنیزە کردن لە سەرەوە ڕا بۆ خوارەوە ڕەچاو دەکەن، لە لێکۆڵینەوەکان لەمەڕ پاشکۆلۆنیالیزمدا بزرە … لێکۆلێنەوەکانی ئاسیای ڕۆژئاواش بە هەمان شێوە گوێیان نەداوەتە کۆلۆنیالیزمی “ڕۆژهەڵاتی،” کە لە لایەن ڕێژیمە دیکتاتۆرە سەرکوتکارەکان لە وڵاتانی وەک چین، ئێران، عێراق، سووریە، تورکیە و شوێنی دیکە بەڕێوە چووە … ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆشنبیرانی ئێرانی، عێراقی و تورکیەیی درێژەیان بە کەڵکوەرگرتن لە توێژینەوەکانی پاشکۆلۆنیالیستی بۆ بەرگریکردن لە بەعەڕەبکردن، بەفارسکردن و بەتورککردن وەک ئاکاری بەرهەڵستکارانە دژی دەستێوەردانەکانی ئیمپریالیزم و ڕۆژهەڵاتناسیی ڕۆژئاوایی داوە.

بە واتایەکی دیکە، لە هەمان کاتدا کە زۆرێک لە ئاکادێمیسییەنەکانی ڕۆژئاوایی لە بەرانبەر دیاردە کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستییە ناڕۆژئاواییەکاندا بێمەیلن، نوخبەکانی بەشێک لەو شوێنە ناڕۆژئاواییانە کەڵک لە بینا پاشکۆلۆنیالەکان بۆ بەرگری لە حکوومەتە ئەتنیکییەکانیان (یان وەک لە پرسی ئێران و ڕێژیمە ئایینی-ئەتنیکییەکەیان) وەردەگرن، لە کاتێکدا کە بۆخۆیان خەریکی جێبەجێکردنی هەمان نەریتەکان، یان خراپتریش، لە دژی تاقمە بێدەسەڵاتەکانی وڵاتەکەیانن کە سنوورەکانی لە لایەن زلهێزانەوە دیاری کراون. نوخبەکان بە هەمان شێوە ڕوانگەی نوخبەکانیان بەرانبەر بە تاقمەکانی “ئەویدیکەکراو” بە شێوەی سەرسوڕهێنەر هاوشێوەی ئەوەیە کە سەعید ڕۆژئاوای تاوانبار دەکرد بەرانبەر بە خەڵکی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەیانە.

ڕوانگەی محەممەدپوور و سولەیمانی لەمەڕ ئەوە سەرنجدان و بڵاو کردنەوە دەخوازێ. بە شێوازی جۆراجۆر، ئەوان نەهامەتییەکانی ئەتنیکی کورد و کوردە سوننییەکان (زۆرینەی کوردانی ئێڕان سوننین کە ئەوان دەکاتە جۆرێک لە کەمینەی دووقات، ئەگەرچی ژمارەیەکی بەرچاو لە باشوور، کوردی شیعەن) لە ئێران دەخەنە ڕوو. لە کاتێکدا کە مرۆڤ دەتوانێ بە شێوەی ئەقڵانی بەرانبەر بە بەشێک لە زانیاری و ئیدیعای تایبەت کە لەو وتارەدا ئاماژەیان پێ کراوە وردە گومانی هەبێ، ئیدیعای بێ بەڵگە و پشتڕاست کردنەوەی پێویست، کە ئەوەش سروشتی کۆ کردنەوەی زانیاری لە ئێرانە و بە تایبەتی لە ناوچە کوردییەکانی ئێڕان، یەکێك لە “شوێنە پڕ نەهامەتییەکانی دنیا،” کە لەوێ ڕۆژنامەوانان و ڕێکخراوی مەدەنیی سەربەخۆ ناتوانن بە ئازادی چالاک بن و، شوێنێک کە دەوڵەتێکی سرکوتکار چاودێریی بە سەر هەمووانەوە هەیە و هەوڵ دەدا بە چڕی گێڕانەوەکان کۆنتڕۆڵ بکات.

بۆ وێنە، لە لێدوانی وەک ئەوەدا ئاماژە بە سەرچاوەکەی نەکراوە “لە دوو دەیەی ڕابردوودا، دەوڵەت سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی بۆ ناوچە ناکوردییەکان گواستووەتەوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان زۆر بەنداوی لە ڕۆژهەڵات دروست کردوون، خۆی لە دابینکردنی ژێرخانی ئاودێریکردن بۆ جووتیارانی کورد و دانەوێڵەکانیان دەبوێرێ.” ئیدیعای دیکەش وەک، ئەوە کە دەوڵەتی ئێران بە ئانقەست مین دەچێنێ و ناوچە کوردییەکان لە مین پاک ناکاتەوە تا “سیاسەتی لەگەشەخستن بسەپێنێ” و “ڕێژەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئاسایشی خواردەمەنی دادەبەزێنێ” و گوندەکانی ڕۆژهەڵات لە دانیشتووانی چۆل دەکات، بە هەمان شیوە بەڵگەی بە ئانقەستبوونی پێشكەش نەکراوە و بێگومان دەبێتە هۆی وڵامی دەنگبەرزانە لە لایەن ئەوانەی زۆرتر لایەنگری دەوڵەتی ئێرانن.

لەگەڵ ئەوەشدا و سەرەڕای هەر ڕەخنەیەک کە مرۆڤ ڕەنگبێ لە هێندێک تاوانبارکردن هەیبێ، بەشی هەرە زۆری گێڕانەوەکە وێدەچێ دروست بێ:

کورد زیاتر لە سەدەیەک بۆ وەدەستهێنانی شێوازی جۆراجۆری خۆبەڕێوەبەری خەباتی کردووە و دڕندانە سەرکوت کراوە. ئەوان شاهیدی داگیرکرانی خاکیان و حاشا کردن لە زمانیان، شوناسیان و مافە بنەڕەتییەکانیان بوون. بێجگە لەوە، دەستڕاگەیشتنی ئەوان بە مودێڕنیتەی سەرمایەداری، جموجۆڵی پەروەردە و بارهێنان و هەموو جۆرە شێوازێکی سیاسەت کردنی ئەوان بە توندی سنووردار کراوە. لەوەش زیاتر، کورد بەرەوڕووی لەنێوبردنی زمان و فەرهەنگ، ئاوارەیی و کۆمەڵکوژی بووەتەوە.

ئەوە زۆر وەک “لەگەشەخستنی”ی سارا ڕۆی یان “لێکهەڵوەشاندنی بە ئانقەست و سیستەماتیکی ئابوورییە ڕەسەنەکان لە لایەن دەسەڵاتی حاکم … بۆ دڵنیا بوون لە نەبوونی هیچ بناخەیەکی ئابووری، تەنانەت یەکێکی شێوێندراویش، کە بتوانێ پشتگیری لە بوونی سەربەخۆیانەی خەڵکی ڕەسەن بکات.” دەچێ کە دەبێتە هۆی ئەو لێدوانەی نووسەرا نی وتارەکە.

ڕەواییدانی هەنووکەیی نێودەوڵەتی بە کۆلۆنیالیزم لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، کوردی خستووەتە نێو دۆخی بێهیوایی تەواو و ئەوانی تووشی کوژرانی سیستەماتیک و ڕۆژانە، لەکیسچوونی سامانەکانیان و وێرانکرانی ژینگە و شوێنی ژیانیان و نێژرانی خاکە بەپیتەکەیان لە ژێر پڕۆژە ئەمنییەتییەکانی بەنداوەکانی دەوڵەت کردووە. باج ئەستێنی، تاڵانکردن و وێرانکردنی سیستەماتیکی سامانەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە وەک گیروگرفتێکی نێوخۆیی سەیر دەکرێ کە ئاکامی خراپ بەڕێوەبردنی سامانە “نەتەوەیی”یەکان لە لایەن دەوڵەتەوەیە. بە گوێرەی ئەو ڕوانگەیە، سیاسەتی ڕاگواستنی زۆرەملێ و کردنی کوردان بە هێزی کاری هەرزان و خەباتی ئەوان دژی ئەو چەقبەستووییە زۆرەملێیە، تایبەتمەندییەکی نەریتیی سیاسەتە شکستخواردووەکانی گەشەسەندن لە لایەن دەوڵەتەوەیە. بە پێچەوانەی فەلەستین، وێرانکردنی ڕۆژهەڵات چاودێریی نێودەوڵەتیی بەسەرەوە نییە، کوردیش پشتگیریی سیاسی یان یارمەتیی ئابووری وەرناگرێ. ئەوە مردنێکی لەسەر خۆیە کە بە شاراوەیی لە ئارادایە.

بە ڕاستی، لە هێندێک ڕوانگەوە چارەنووسی کوردان لە ئێران وێدەچێ تەنانەت لە هی فەلەستینییەکانی غەززە خراپتر بێ. ئیسڕائیل قەت هەوڵی نەداوە حاشا لە شوناسی ئایینیی فەلەستینییەکان بکات یان زمان و فەرهەنگی عەڕەبیی ئەوانی نەسڕێوەتەوە، وەک ئەوەی ئێران بەرانبەر بە کوردان و سوننییەکان کردوویەتی. کوردانی ئێران هەروەها ئەو جۆرە سەرنجدان و پشتیوانییە نێوەدەوڵەتییەشیان نییە کە ڕەنگبێ بتوانێ یارمەتییان بۆ دابین بکات.

ئێمە هەروەها ڕەنگبێ گریمانە لە سەر ئەوە بکەین کە ئاخۆ کوردەکان چییان لەگەڵ ئەو شێوە خۆبەڕێوەبەرییە کردبا کە فەلەستینییەکان دوای ڕێککەوتنی ئۆسلۆ لە ٢٠٠٥ و کشانەوەی ئیسڕائیل لە غەززە،  وەدەستیان هێنا. ڕەنگبێ ئەو وەک  غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماس نەچێ، کە زیاتر لە یەک میلیارد دۆڵار یارمەتیی نێودەوڵەتی، بۆ دروستکردنی سەدان مایل تونێل و سەدان هەزار هاژەک و تۆپ بەرەوڕووی دراوسێکانەوە خەرج کرا. ئێمە بە کردەوە، لە کۆمارە ساواکەی کوردستان لە مهاباد (١٩٤٦)، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق (١٩٩١ بەولاوە) و، بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە (٢٠١٢ بەولاوە) نموونەمان هەن کە ئاخۆ کورد چیی دەکرد. لە هەر سێ نموونە کوردییەکاندا، گوندەکان سەرلەنوێ دروست کرانەوە، ژمارەیەک زمانی جۆراوجۆر بە تەواوی لە قوتابخانە هەرێمییەکاندا یاسایی کران (لە ناویاندا عەڕەبی، تورکی، سریانی و ئەوانی دیکە)، مافە مەدەنی و فەرهەنگییەکان ڕێزیان لێ گیرا و، ئابوورییە هەرێمییەکان بووژانەوە، تەنانەت لە کاتی سەپێنرانی گەمارۆی دووقات (ئەوانی نێودەوڵەتی بە سەر عێراق و ئەوانی سەدام بە سەر هەرێمی کوردستانیدا سەپاندن) کە لە کوردستانی عێراق لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ دڕێژەیان هەبوو. هەموو ئەوانە لە کاتێکدا ڕوویان دا، بێ ئەوەی هیچ هەرێمێکی خۆبەرێوەبەری کوردی هێرش بکاتە سەر دەوڵەتانی دراوسێ تا نادادپەروەرییەکان لەوێ ڕاست بکاتەوە.

سارا ڕۆی

ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، زانستگای هارڤارد، وڵاتە یەکگرتـووەکـانی ئەمریکا

(sroy@fas.harvard.edu)

من بە دەستخۆشییەکی بەهێز لە دکتۆران محەممەدپوور و سولەیمانی بۆ لێکۆڵینەویەکی دەوڵەمەند و جێگای باوەڕ لەمەڕ چۆنیەتیی بەکارهێنانی سیاسەتی لەگەشەخستن لە لایەن ئێڕانەوە بۆ بەچۆکداهێنان و بێگومان سەرکەوتن بەسەر نەتەوەی بەکەمینە کراوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەست پێ دەکەم. سەرەڕای هێندێک جیاوازیی گرینگ لەگەڵ دۆخی فەلەستینییەکان، کەڵکوەرگرتن لە تیۆریی لەگەشەخستن بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ڕۆژهەڵات، هێندێک وێكچوونی فرە بەرچاو ئاشکرا دەکات و لە هەمان کاتدا دژواریی لێکۆڵینەوەکانی گەشەسەندن بۆ شیکردنەوەی پێویست یان ڕەواییدان بە فاکتەرە نائابوورییەکان بە شیوەی هەڵسوکەوتی ئابووریی لایەنە سەربەخۆکان پشتڕاست دەکاتەوە.

نووسەرەکان دەڵێن، وەک من لە لێکۆڵینەوەکەم لە دۆخی غەززەدا ئاماژەم پێ کردووە، پەیوەندیی نێوان ئێران و کەمینە کوردییەکەی، ناکرێ بە ساکاری بە کەڵکوەرگرتن لە تیۆرییە بەردەستەکانی گەشەسەندن، کە لە دەرەوەی پارادیمە چەمکییەکانی حاکم و گریمانەکانی پێکهێنەری بناخەکانی ئەودان، شی بکرێتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، نووسەران پێشانی دەدەن کە هەر هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی گەشەکردنی کوردی (یان نەبوونی گەشە) لە ڕۆژهەڵات، نەتەنیا دەبێ پرسیار بکرێ چۆن تیۆرییە هەنووکەییەکان بورای لێکۆڵینەوە خۆش دەکەن؟ (ئەگەر بە ڕاستی ئەو کارە دەکەن)، بەڵکوو هەروەها و لەویش گرینگتر، بپرسن چۆن پێش بە توێژینەوە دەگرن؟ بۆیە، مرۆڤ دەبێ بڕوانێتە ئەو ئەگەرانەی حاشایان لێ دەکات، بە تایبەت ئەگەرە نەرێنییەکان و ئاسەوارەکانی بۆ قەرەبووکردنەوە. گەشەکردن پرۆسەیەکی ڕێژەیییە کە دەبێ لە بنەڕەتدا لە چوارچێوەی خۆیدا لێی تێبگەی و ئەوە ئەو چوارچێوەیەیە کە محەممەدپوو ر وسولەیمانی وا بەهێز پێشانی دەدەن.

نووسەرەکان لە وێکچوونە گرینگەکانی نێوان دۆخە کوردی و فەلەستینییەکان دەکۆڵنەوە کە لەگەشەخستن وەک چوارچێوەیەکی شیکارانە پشتڕاست دەکاتەوە. ئەوەی یەکەمیان باسی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ دەکات کە ئەوە چینێکی ئابووری نییە کە سیاسییانە حکوومەت دەکات، بەڵکوو چینێکی سیاسییە کە ئابوورییانە حکومەت دەکات. لە نموونەیەکی ئەوتۆدا، پەیوەندییە ئابوورییەکان دەبنە ئامرازی گەیشتن بە دۆخێکی هەنووکەییی سیاسیی دڵخواز بۆ مسۆگەرکردنی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت، بە شێوەیەک کە ئامانجە نائابوورییەکان دەبنە هۆی سەرکوتی ئابووری. ئەوەی دووهەم بە هەمان شێوە پرسی بێدەوڵەتی و دیار نەبوونی وەک چەمکێکی شیکاری لە تیۆرییە ئاساییەکانی گەشەسەندندا، دەورووژێنێ. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و فەلەستینییەکانی غەززە، بێدەوڵەتی بە شێوازی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی پێناسە دەکرێ. لەبەر ئەو هۆیە گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام و واتادار بێ سەربەخۆییی سیاسی مومکین نییە، بە بێ مافی خۆبەرێوەبەری، دانیشتووان لە کۆتاییدا تا سنووری لەنێو چوون ناسکن، وەک چۆن لە غەززەی ئەمڕۆدا دەقەومێ. لەوەش زیاتر، وەکوو نووسەرەکان ئاماژەی پێ دەکەن، “پێشێلکاریی مافی نافارسەکان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس، وەک شتێکی سروشتی سەیر دەکرێ،” ڕاستییەک کە زۆر دەمێکە فەلەستینییەکانیش دەگرێتەوە. بە ڕاستی، لە هەر دوو ئێران و ئیسڕائیل، دەوڵەت بە بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی نادادپەروەری، داکۆکیی لە مافی خۆی بۆ بێماف هێشتنەوەی ئەوانی دیکە کردووە.

سێهەم، هەڵوێستە ئاسایییەکان بەرانبەر بە گەشەسەندن گریمانەی ئەوە دەکەن کە ئاستێکی دیاریکراو لە سوود یان گەشە لە نێو خەڵکی “پەڕاوێز”دا دەتوانێ روو بدا، یان ڕوو دەدا (جا قەیدی نییە پرۆسەی گەشەسەندن چەندە شێواو یان پچڕ پچڕ بێ). بەو شێوەیە، ئەوان زۆر جار لە شیکردنەوەی ئەو ڕێکارانەی بە ئانقەست ئامانجیان پێشگرتن بە سەرهەڵدانی هێزی بەرهەمهێنەر و بێبەشکردنی کۆمەڵگایەک لە توانا شاراوەکانیەتی، ناسەرکەوتوون، واتە ئەو هێزانەی تایبەتمەندیی ڕاستییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵات و غەززەن. ئەو هێزانەش دەبێ وەک شێوازێک لە شەڕانگێزیی فەرهەنگی لێیان تێبگەی کە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە هەڵناقوڵن؛ لە جیاتان ئاکامی پرۆسەیەکی ڕووتاندنەوە لە ڕەسەنایەتین کە ڕەنگبێ بە شێوازی جۆراجۆر، بە گوێرەی چوارچێوە، خۆ دەنوێنن، بەڵام لە سیستەمێکەوە سەرچاوە دەگرن کە لەودا لەگەشەخستن و داگیرکاریی کۆلۆنیالیستی، شانبەشانی یەکتر لە ئارادان و، (لە باشترین دۆخدا) هاندەری جۆرێک سەقامگیریی سنووردار لە کورتخایەندا و گەرای لێکهەڵتەکان لە درێژخایەندان.

لە ڕوانگەی منەوە باسی نووسەرەکان لەمەڕ لەدامەزراوەیی‌خستن، بەشێکی سەرەکیی لەگەشەخستن، بە تایبەت سەرنجڕاکێش بوو. لە نێو هۆدانە جێی باوەڕەکاندا، ئەوان پێشانیان داوە چۆن سیاسەتی لە دامەزراوەیی خستن، کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی  کوردستانیان، کە پڕن لە سەرچاوەی سروشتی و کانزایی، کردووەتە کەرتی ئابووریی تاڵانکراو و لاواز، کە وێکچوونێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ دۆخی هاوتا فەلەستینییەکانی هەیە. بەڵام، باسەکەیان لەمەڕ وێرانکردنی ژینگە وەک بەشێکی سیاسەتی لەگەشەخستن بەتایبەتی ڕۆشنگەرانەیە و یارمەتیدەرێکی گرینگ بە چوارچێوەی تیۆریی لەگەشەخستنە. لە بنەڕەتدا، ئەوان دەڵێن بێمەیلیی دەوڵەت بۆ پارێزگاریی گونجاو لە ئیکۆسیستەمی ناوچەکە لە هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک سیاسەتی وێرانکارانە، کە دروستکردنی جادە و بنکەی سەربازی و ڕووتاندەوەی ناوچەکە لە دارستان دەگرێتەوە، ئاکامەکەی بووەتە سووانی خاک، پێسکردن و زەرەری لە ڕادە بەدەر لە دیمەنی سروشتیی ناوچەکە. لەوەش زیاتر، ئەوان ئاماژە بە پرسی مینی ژێر زەوی و بوونی بەربڵاوی ئەوان لە سەر سنوور و ناوچەکانی شوێنی ژیانی دانیشتووان دەکەن. ئەو مینانە، کە لە قووڵاییی زەویدا نێژراون، نە تەنیا هەڕەشە لە گیانی مرۆڤ دەکەن، بەڵکوو هاوکات خاکەکە پیس دەکەن و ناوچەی بەپیت دەکەنە چۆڵگە، ، چالاکیی کشتوکاڵی کەم دەکەنەوە و، ئاسایشی خۆراکی دادەبەزێنن، دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە سەردەمانێک خۆبژیو بوون ناچار دەکەن کۆچ بکەنە شارەکان کە لەوێ بەرەوڕووی مەترسیی پەڕاوێزخرانی ئابووری دەبنەوە. بە هەمان شێوە، زۆر لەمێژە کاولکاریی ژینگەیی، گیروگرفتێکی جیددی لە غەززەیە. لە کاتێکدا کە سەرنجی زۆر دراوە بە پیسبوونی ئاوی دابینکراو بۆ غەززە، زانیاریی کەم لەمەڕ پیسبوونی خاک یان کاردانەوە گشتگیرەکانی هاویشتنی هەزاران تۆن تەقەمەنی لە ماوەیەکی دوور و درێژدا بۆ نێو غەززە، لەبەر دەستدایە. ئێستا گیروگرفتی تەقەمەنیی چرووک و بۆمبە نێژراوەکان، لە ناویاندا هاژەکەکانی حەماس و تەقەمەنییە پێشکەوتووەکانی ئیسڕائیل، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات بۆ غەززە لەڕادەبەدەر مەزن دەبێ و، نووسەرەکانی ئەو وتارەش لە لێکۆلێنەوکەیاندا، ئەو لایەنە وەک فاکتەرێکی ژینەکی بۆ ئەگەری بووژاندنەوەی کۆمەڵگا دێننە ئەژمار. لە غەززەی دوای شەڕ، هێندێک لە بەشەکانی غەززە، ئەگەر نەڵێین هەموو غەززە، ڕەنگبێ قەت نەکرێ نۆژەن بکرێنەوە یان مرۆڤ بتوانن لێیان بژین. بە گوتەی پسپۆڕێکی سرێنەوەی تەقەمەنیی نەتەوە یەکگرتووەکان، “پیسبوونەکە [لە غەززە] ئەستەم دەبێ، وەک شتێکی هاوشێوەی دۆخی دوای جەنگی جیهانیی دووهەم،”41 کە ساڵانی زۆر دەخوازێ تا ناوچەکە ئەمین بکرێتەوە.

لە کاتێکدا کە دەوڵەتانی ئێران و ئیسڕائیل کەڵکیان لە سیاسەتی لەگەشەخستن بۆ دەستەبەر کردنی ئاکامی هاوشێوە بەڵام   جیاوازیش وەرگرتووە، ئەوان ئامانجێکی کارەساتباری هاوبەشیان هەیە، ئەویش شێواندنی شوێنی ژیانی کوردان و فەلەستینییەکان بە جۆرێکە کە ژیان لەوێ نامومکین بێ. وەک محەممەدپوور و سولەیمانی ڕوونیان کردووەتەوە، کۆلۆنیالیزم ڕووداوێکی بەردەوامە کە بایەخی گەردوونیی هەیە. ئەگەر مەبەست دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پێشوەچوونە، دەبێ بە هەڵوێستێکی مرۆڤانە دەست پێ بکات: چۆن بیر لەخۆمان دەکەینە، بە هەمان شێوە بیر لە ئەوی دیکە بکەینەوە.

وەڵام42

من، وەک نووسەری سەرەکی، سوپاسگوزارییەکی قووڵم بەرانبەر بە شرۆڤەکارەکان هەیە کە بە دڵئاواڵەییەوە توێژینەوەی ئێمەیان خوێندووتەوە و سەرقاڵی بوون. نووسین لە سەر کوردان ساکار و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزە. ساکار چونکە گێڕانەوەی کوردی دەوڵەمەند و بەنرخە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر فرەلایەنییەکەی و خەباتە فرە ڕەهەندەکەی، کە کەمتر لێی کۆڵدراوەتەوە،  ئاڵۆزیشە. ئەزموونی کوردان لە حاشا لێ کران و سڕینەوە لە پانتاییی چوار دەوڵەت-نەتەوەی پەڕاوێزخەر، سروشتی بە ئەمنییەتیکراو و لە لایەن دوڵەتەوە بڕیاربۆدراوی توێژینەوە لە کوردانی ناوچەکە و، نەبوونی دانپێدانانی نێوەدەوڵەتی بە پرسی کورد، هەموویان توێی دیکە دەخەنە سەر دژواریی ئەو گێرانەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەو ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی بەرچاو لە توێژینەوە لەسەر کوردستان، بە تایبەت لە چوارچێوەی ئێران و تورکیەدا ڕووی داوە، کە بەشێکیان جەختیان لەسەر سیاسەتی لەگەشەخستن کردووەتەوە (بڕوانە حەسەنیان و سوهرابی ٢٠٢٢؛ کورت ٢٠١٨؛ محەممەدپوور ٢٠٢٤ئـ؛ یادیرجی ٢٠١٨). لەو دێڕانەی خوارەوەدا، من بە شرۆڤەکاندا دەچمەوە و تیشک دەخەمە سەر تێبینییە بەنرخەکانیان.

کاری سارا ڕۆی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر توێژینەوەکانی من لەسەر پرسی کورد لە ساڵانی ڕبردوودا هەبووە. من توێژینەوەی بەڕێزیان لە سەر غەززە گەلێک ڕۆشنگەرانە دەبینم، نە تەنیا بۆ تێگەیشتن لەوە کە چۆن دەوڵەتان سیاسەتی ئابووری وەک چەکێک بەکار دێنن، بەڵکوو هەروەها بۆ دەستەبەر کردنی ڕوانگەی نوێ کە لە هەڵوێستە باوەکانی توژێنەوەی گەشەسەندن بەولاوەتر دەچێ. لێکۆڵینەوەکانی ڕۆی بە تیشک خستنەسەر چۆنیەتیی گۆڕینی گەشەی ئابووری لە لایەن دەوڵەتە ئەتنیک تەوەرەکانەوە و کردنی بە ئامرازێکی کاولکاریی تەواو و سزادان، یەکلاکەرەوە بووە.

ئەو لێکۆڵینەوەیە،کەڵکی لە توێژینەوەی ناوبراو لەمەڕ غەززە وەرگرت تا لە کەڵکوەرگرتنی دەوڵەتی ئێران لە سیاسەتی لەگەشەخستن دژی ڕۆژهەڵات بکۆڵیتەوە. ئەوەی سەرنجی منی لە یەکەم بەرەوڕووبوونەوەم لەگەڵ کتێبی ڕۆی (١٩٨٧) ڕاکێشا و بووە هۆی گفتوگۆکانی دواترمان، جەخت کردنی ناوبراو لەسەر ئەوە بوو کە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت-کەمینە ناکرێ بە تیۆرییە ئاسایییەکانی گەشەسەندن وەک بەستراوەیی، گەشەی لاسەنگ، یان سیاسەتی ناکارامە، شی بکرێنەوە. هەموو ئەو تیۆرییانە لە تێگەیشتن لەوە کە چۆن سیاسەتی شوناس، بە نێوەندگیریی ئایدیۆلۆژییەکانی ڕەگەزپەرستیی زمانیی و ئایینی، دەتوانێ هاندەری سەرکوتی سیاسی و ئابووری بێ، ناسەرکەوتوون. سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت، وەک لە دۆخی کورددا پێشان داروە، تەنیا بۆ کۆنتڕۆڵی خاک و سامانەکان ئەندازیاری نەکراون، بەڵکوو بۆ بنکۆڵکردنی هەر جۆرە تواناییەک لە ئەگەری سەربەخۆییی لە داهاتوو دا بەڕێوە دەبرێن.

تێگەیشتنەکانی ڕۆی لە چەمکی بێدەوڵەتی لە هەڵسەنگاندنەکەیدا، جارێکی دیکە لێکۆڵینەوەکەمان لەمەڕ پەیوەندیی نێوان سەربەخۆیی لەگەڵ گەشەسەندن و شوناسی نەتەوەیی پشتراست دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە ئێمە بناخەی ڵێکۆڵینەوەکەمان لەسەر تیۆریی ڕۆی دامەزراند، بەکارهێنانەکەیمان پەرە پێدا و قووڵترمان کرد. توێژینەوەی ئێمە کەڵکی لە تەوەری دیکە وەک لە ڕەسەنایەتی خستن، میلیتاریزە کردن، بەئەمنییەتی‌کردن، لە دامەزراوەیی خستن و، لەویش گرینگتر، ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی کە بە تاڵانکردنی سامانەکان، نەهێشتنی دارستانەکان و مینڕێژ کردن، بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا دەسەپێنرێ، وەرگرتووە. ئەو لایەنانە بۆ دەوڵەمەندتر کردن و بەرینترکردنی چوارچێوەی ڕۆی، ئاوێتەی توێژینەوەکەمان کران. لێکدانەوە بەراوردکارانەکەی ڕۆی لەمەڕ ڕۆژهەڵات و غەززە لە هەڵسەنگاندنەکەیدا شێکاریی زیاتر ناخوازێ و پێداگریی زیاترە لە سەر ئاسەوارە درێژخایەنەکانی سیاسەتی لەگەشەخستن لە چوارچێوە فرە نەتەوەیی و فرە فەرهەنگییەکاندا.  وەک ئەو ئاماژەی پێ کردووە، تێبینییەکانی لە سەر پیسبوونی خاک و ئاوی غەززە، لەگەڵ بوونی تەقەمەنیی نەتەقێنراو، هاوشێوەی زەرەرەکانی سەر ژینگەی ڕۆژهەڵاتن کە ئێمە باسمان کردوون. هەر دوو دۆخەکە پێشان دەدەن چۆن دەوڵەت وەک ستراتێژییەکی بە ئانقەست کەڵک لە تێکدانی ژینگە وەردەگرێ تا ناوچە بە ئامانجگیراوەکان بکاتە شوێنێک کە ژیان لێیان نامومکین بێ، کە پڕۆژە بەینترەکەی لەگەشەخستن و لە نێو بردن بەهێزتر دەکات. هەڵسەنگاندنی ڕۆی هۆدانی ئێمە کە کۆلۆنیالیزم بەردەوام و لە شێوازە جۆراجۆرەکانی هەنووکەییی خۆیدا گرینگیی گشتگیری هەیە، پشتڕاست دەکاتەوە  و چارەسەرکردنی خێرای پرسەکە دەخوازێ.

هەڵسەنگاندنی ئان رۆڵز، بە چاویلکەی کۆمەڵناسی بۆ بەهێزکردنی تیۆرییەکە و شێوازی لێکۆڵینەوە لە پرسی کورد تەیارمان دەکات. بە تایبەت، ئەو لێکچوونانە سەرنجم ڕادەکێشن کە رۆڵز لە نێوان ئەزموونەکانی خەڵکی ڕەسەن و ڕەشپێستەکانی ئەمریکا لە سەرکوتی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستیی بە دامەزراوەییکراو لە وڵاتە یەکگرتووەکان و هی کوردانی ئێران ئاماژەیان پێ دەکات، کە لایەنە جیهانییەکانی سەرکوتی ڕەگەزی و بەرخۆدان ئاشکرا دەکەن. وەک رۆڵز باسی دەکات، لە هەر دوو دۆخی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران، ئایدیۆلۆژییە ڕەگەزییەکانی حاکم، چ سپی بوون بێ یان ئاریایی بوون، درێژە بەو سیاسەتە دەدەن و یارمەتیی بەتاوانبارزانینی سەرجەم دانیشتووان دەکەن.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان کە رۆڵز باسی دەکات دژوازیی پشت بەستنی بەردەوامی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بە ئاوێتەکردنی زۆرەملی و هەنگاوە سزادەرەکانە سەرەڕای ناکاریگەربوونیان لە درێژخایەندا. وەک ئەو ئاماژەی پێ دەکات، لە وڵاتە یەکگرتووەکان ئەو سیاسەتە لە جیات دەستەبەر کردنی یەکچەشنیی دڵخواز ، بە کردەوە یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی  و بەرگریی جەماوەریی دانیشتووانی سەرکوتکراوی بەهێزتر کردووە. دۆخی کورد بەڵگەیەکی بەهێز بۆ ئەو ئەگەرەیە. نموونە هێنانەوەی رۆڵز لە خەڵکانی ڕەسەن و ڕەشپێستی ئەمریکا کە چۆن بەربەرەکانییان دژی تواندنەوە/سڕینەوەی فەرهەنگ، هەستی شوناسخوازیی ئەوانی قووڵتر و  هاوپشتیی نێوانیانی بەهێزتر کرد، ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەدوێ.

رۆڵز سەرنجی ئێمە بۆ پەیوەندیدار بوونی لێک جیاکردنەوەی نەریتی-خێڵەکی/مودێڕن لە لایەن دورکهایم ڕادەکێشێ کە تا ڕادەیەکی زۆر لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە و ناوبراو دەستەواژەی هەڵسوکەوتە بنەڕەتییەکانی (کە دژی نەریت دەوەستنەوە و پێشوازی لە فرەچەشنی دەکەن)  وەک هێمای مودێڕنیتە، داهێنا. تێگەیشتنی هەڵە لە تیۆریی دورکهایم گەلێک بەربڵاوە و لە تورکیە و ئێران بۆ خزمەت بە بەرنامەی نەتەوەپەرستانە کەڵکی لێ وەرگیراوە. بۆ وێنە، زیا گۆکئالپ (١٨٧٦-١٩٢٤)، کەسایەتییەکی سەرەکی لە ناسیۆنالیزمی تورکی، کەڵكی لە شوناسی هاوبەشی دورکهایم بۆ بڕەودان بە پێویستیی شوناسێکی نەتەوەییی یەکچەشن، یان تورک بوون وەرگرت. ئەو بە شێوەی گوڵبژێر کراو جەختی لەسەر هۆشیاریی هاوبەش و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەواییدان بە سیاسەتی بەتورک‌کردنی ناتورکەکان و پاکتاوی ئەتینیکی لە تورکیەی هاوچەرخدا کردووە.

ئەوە بەهەمان شێوە بۆ دۆخی ئێرانیش ڕاستە، لەوێ کۆمەڵناسی، شانبەشانی مرۆڤناسی و کەوناراناسی، وەک چەقبەستوو و نەتەوەپەرست لە دایک بوون تا ببنە ئامرازی ساختەکردنی شوناسێکی تاقانەی ئێرانی و ئێرانیبوون/فارسبوون (محەممەدپوور ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ب). لە زانستی کۆمەڵناسیی باوی ئێرانیدا، نەتەوە نافارسەکان زۆر دەمێکە تەنیا وەک “خێڵ” و عەشایر (“کۆچەر” بە فارسی) سەیر دەکرێن. بە ڕەچاو کردنی هەڵوێستێکی پشتبەستوو بە ژمارە و ئامار، ئەرکی سەرەکیی کۆمەڵناسی ئەوە بووە تا ئاڵۆزیی شوناس و بەسەرهاتە مێژوویییەکانی فەرهەنگەکانی گەلانی نافارس بکاتە شتێکی فۆلکلۆر و ساکار، میراتە فەرهەنگییە دەوڵەمەندەکانیان وەها دابەزێنێ کە لە چوارچێوەی گێڕانەوە فەرمییەکەی دەوڵەت نەتەوەی ناوەندگەرای فارسدا بگونجێن.

وەک رۆڵز ئاماژەی پێ دەکات، لێکدانەوەی دورکهایم بۆ جیاوازیی نێوان مودێڕن/خێڵەکی زۆر جار تەنانەت لە تیۆریی کۆمەڵناسیی هاوچەرخیشدا بە هەڵە لێک دراوەتەوە. بە یەکسان دانانی “نەریتی” لەگەڵ “خێڵەکی” یان “سەرەتایی،” گەلێک لە زانایان لە تێگەیشتن لە جیاوازییە وردەکانی باسی دورکهایم -کە لە جیات دووانەیەکی ساکارکراوی ڕۆژئاوایی/ڕۆژهەڵاتی یان مودێڕن/سەرەتایی، باسە سەرەکییەکەی تواناییی کۆمەڵگاکان بۆ لە ئامێز گرتنی فرەچەشنی، بە کەڵکوەرگرتن لە هەڵسوکەوتە بنەڕەتییە دوور لە نەریتەکان بۆ کارلێکەریی کۆمەڵایەتییە- ناسەرکەوتوو بوون. ئەو لێکدانەوە هەڵەیە بە تایبەت لە چوارچێوەی خۆر هەڵاتی نێوەڕاستدا کێشە خوڵقێنە، چونکە ئێرە شوێنێکە کە زۆر جار دەوڵەتانی وەک ئێران، تەنیا لەبەر کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی هاوچەرخی دەوڵەت-نەتەوە، مودێڕن سەیر دەکرێ، ئەگەرچی سیاسەتەکانیان ڕیشەی قووڵی لە ڕوانگەیەکی نەریتی و یەکچەشنیی پەرگالی کۆمەڵگادا داکوتاوە. رۆڵز ئاماژە بە خاڵێکی یەکلاکەرەوە بۆ خوێندکارانی لێکۆڵینەوەکانی پرسی کورد دەکات، کاتێک دژی کەوتن لە داوی تیۆریکی کورتکردنەوەی فەرهەنگی کوردی وەک تەنیا شتێکی نەریتی و خێڵەکی، هۆشداری دەدا. رۆڵز پێمان دەڵێ گەلی کورد، بە هەڵسوکەوتەکانیان لەمبەر ئەوبەری چەند سنوور و چەند فەرهەنگەوە، نوێنگەی شیوازێکی مودێڕنتر لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە چاو هی کۆلۆنیالیستەکانیانن.

خاڵێکی دیکە کە رۆڵز دەیهێنێتە بەر باس، چەمکی “هێنانە ژێر چاودێریی تەواو”ی گافمەن و پەیوەندیدار بوونی بە ئەزموونی کوردی لە ڕۆژهەڵاتە. میلیتاریزە کردن، چاودێری و کۆلۆنیکردنی ژیانی ڕۆژانەی کوردی لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، وەک رۆڵز زۆر باش سەرنجی داوەتێ، بێگومان بیرهێنەرەوەی دۆخی هێنانە ژێر چاودێریی تەواو و زەوتکرانی تواناییی کردەوەیە. پرسی نواندی کردەوە لێرەدا گرینگییەکی مەزنی هەیە. وەک گافمەن دەڵێ، تەنانەت لە ژینگەی سنوورداریشدا، تاکەکان شێوازی بەرهەڵستکاری دەدۆزنەوە و پەرگالە سەپێنراوەکە ژێر پێ دەنێن، شوێنی نواندنی خۆبەڕیوەبەری و دیاریکردنی چارەنووس دەئافرێنن و، پێویستە ئەو کارە بکەن، دەنا هەم دۆخی چاودێریی تەواو و ئەوانی لە ژێر ئەو دۆخەدا دەژین لەکار دەکەون.

لە ڕۆژهەڵات ئێمە ئەو ئاکارە دژەکۆلۆنیالە لە بەردەوامیی بەڕێوەچوونی نەریتە فەرهەنگییەکان لە کردەوە وەک جەژن گرتنی نەورۆز و فستیواڵە فەرهەنگییەکانی دیکە، دامەزراندنی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی ژینگە و بەربەرەکانی لەگەڵ ئاگرکەوتنەکان، کردنەوەی پەرتووکخانە لە گوندە دوورەکان و دامەزراندنی ڕێکخراوی مەدەنی بۆ فێر کردن و بڕەو دان بە زمانی کوردی، سەرەڕای ئەو سەرکوتە توندەی خەڵک بەرەوڕووی دەبنەوە، دەبینین. ئەو بەرخۆدانە، وەک رۆڵز ئاماژەی پێ دەکات، ئاکارە دێموکراتیکەکان و هاوپشتی لەنێو کۆمەڵگادا پتەوتر دەکات و یارمەتی بە گەشەکردنی شوناسێکی جەماوەریی بەهێز دەکات کە دەبێتە بەرهەڵستکاری سیاسەتە سەرکوتکارانەکەی دەوڵەت. ئەوە لێرەدایە کە رۆڵز تیۆریی گافمەن لەمەڕ لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵگا بچووکەکان بە پرۆسە کۆمەڵایەتییە مەزنترەکانەوە گرێ دەدا. ئەو جەخت لەسەر هێزی هەڵسوکەوتەکان و هەڤدیتنە ڕۆژانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆلۆنیالیزمی دەوڵەتی دەکات. رۆڵز دەڵێ ئەو پەرگالە هەڵسوکەوتییانە وەک بناغەیەک بۆ گەشەپێدانی شێوازی گشتگیرتر و دێموکڕاتیکی ڕێکخستنی کۆمەڵگانە، کە دەتوانێ لە کۆتاییدا هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەتنۆناسیۆنالیست بۆ سەپاندنی یەکچەشنی پووچەل بکاتەوە.

دوایین خاڵ کە کەمترینیان نییە، ئاماژە کردن بە چەمکی “هۆشیاریی دووقات”ی دوبوا (بە پێجەوانەی وێناکردنی ئاسەواری توانەوەی فرانتز فانۆن [١٩٥٢] لە کتێبی پێستی ڕەش، دەمامکی سپی) لە لایەن رۆڵزەوە و پەیوەندیدار بوونی بۆ دۆخی کوردییە. ئەو پرسیارە کە ئاخۆ کوردانی ڕۆژهەڵات ناچار بە توانەوە لەنێو فەرهەنگی فارسدا دەکرێن یان تەنیا لە ناوەندە فەرمییەکان وا دەنوێنن، لە کاتێکدا لە ماڵەوە شوناسە کوردییەکەیان دەپارێزن، پرسیارێکی گرینگە. بە ڕەچاو کردنی هەڵوێستێکی کارلێکەرانە، رۆڵز دەڵێ کاتێک سنووردار کردنە بەدامەزراوەییکراوەکان دەگەنە ئاستی چاودێریی تەواو، تێچووی کۆمەڵایەتیی تواندنەوە، فرە بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی بەربەرەکانێی خەڵک لە بەرانبەر توانەوەدا و لە جیاتیان دەبێتە هۆی پتەو کردنی پەیوەندییان بە کۆمەڵگاکەیانەوە. ئەو هێزە جووڵێنەرەی دوبوا لە چوارچێوەی ئەمریکایییە ڕەشپێستەکاندا باسی دەکات، ڕەنگبێ زۆر بە باشی لە ڕۆژهەڵاتیش خەریکی ڕوودان بێ، چونکە هەوڵەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەپاندنی توانەوە تەنیا بووەتە هۆی بەهێزتر بوونی هەستی شوناس و هاوپشتیی گەلی کورد.

شرۆڤەی دەیڤید ڕۆمانۆ هەم ژیرانە بوو و هەمیش داکۆکیکارانە. بەر لەوە بپەرژێمە سەر وڵامی ناوبراو، دەبێ ئەو ڕوونکردنەوەیە بدەم کە ئەو وتارە لە ٢٠٢٢ قبووڵ کرا، زۆر پێش کێشەی هەنووکەییی ئیسڕائیل-حەماس. ئەو جەخت لەسەر بەکار هێنانی تیۆریی لەگەشەخستن بۆ دۆخی کوردی لە ڕۆژهەڵات دەکات، بە ئاماژەی جاروبار بە فەلەستین تا بەڵگە بۆ پەیوەندیدار بوونی تیۆریی لەگەشەخستنی ڕۆی بێنێتەوە. بێجگە لەو پرسە، ڕۆمانۆ دان بەوەدا دەنێ کە بەکارهێنانی تیۆریی لەگەشەخستنی ڕۆی لە لایەن ئێمەوە ڕۆشنگەرانەیە. بە گوێرەی هۆدانە سەرەکییەکەمان، سیاسەتی دەوڵەتی ئێران بەرانبەر بە نەتەوەی کورد، ستراتێژیی بەئانقەستی لەگەشەخستنە، لە کاتێکدا هاوتەریبیی گرینگی لەگەڵ دۆخی فەلەستین هەیە، دۆخێکی تاقانەشە. بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکی ڕۆی، مەبەستی ئێمە تیشک خستنەسەر نەریتە کاولکارانەکانی دەوڵەتی ئێرانە، کە ئەو دۆخانە  بیر مرۆڤ دێننەوە کە لە چوارچێوە پاشکۆلۆنیالەکانی دیکەدا دیتراون. ڕۆمانۆ بە دروستی ئاماژە بە ڕەخنەی ئێمە دەکات کە بە ئاماژە بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییی ڕەچاوکراو لە لایەن دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وەک ئێران، عێراق و تورکیە دژی نەتەوە بە کەمینەکراوەکان، ئالنگاری بۆ چوراچێوەی پاشکۆلۆنیالی ئاسایی دروست دەکات. ئەو کۆلۆنیالیزمە نێوخۆیییە، وەک ڕۆمانۆش دانی پێدا ناوە، زۆر جار خۆی لە ژێر دەمامکی بەرهەڵستکاریی دژەکۆلۆنیالیستی بەرانبەر بە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی حەشارداوە، لە کاتێکدا سیاسەتەکانی سڕینەوەی فەرهەنگی و پاکتاوی ئەتنیکی جێبەجێ دەکات.

بێجگە لەوە، ڕۆمانۆ ئاماژە بە ئالنگارییە سەرەکییەکەی توێژینەوەی ئێمە دەکات: دژوارییە تاقەتپڕووکێنەکەی لێکۆڵینەوە لە ناوچەی وەک ڕۆژهەڵات، ئەو شوێنانەی چاودێریی بەرین و کۆنتڕۆڵی چڕی دەوڵەت، توێژینەوەی ئەتنیکناسی بە توندی سنووردار دەکات و دەستڕاگەیشتن بە مێدیا و پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیانەی زانیارییەکان نزیکەی نامومکین دەکات. ئەو بەربەستە تەنیا کاری ئێمە ناگرێتەوە بەڵکوو لە لایەن گەلێک لە زانایانی لێکۆڵینەوە لە پرسی کورد کە لەژێر هەلومەرجی هاوشێوەی ئێمەدا کاردەکەن، ئەزموون کراوە. بەڵام، من دەبێ جەخت بکەمەوە کە زانیارییەکانی ئێمە پشتئەستوور بە ژمارەی زۆری ئەزموونەکان و لێکۆڵینەوە ئەتنیکناسییەکانە کە لە لایەن زانایانی کوردەوە بەڕێوە چوون. سەرکوتی بەربڵاوی نەتەوەیی دژی کوردان، کە بە کوژرانی ڕۆژانەی کۆڵبەران لە سەر سنوور، زیندانیکردن و لەسێدارە دانی جیابیرانی سیاسیی کورد و هەژاری و بێکاریی سەپێنراو لە لایەن دەوڵەتەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، نزیکەی هیچ شیکارییەکی دیکە ناخوازێ. ئەو دڕندەییانە ئێستا زۆر باش بە هەواڵەکانی مێدیا و بەڵگە فیلمەکان، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و توێژینەوەی زانایان بەڵگەمەند کراون.

بەراورد کردنی ئەزموونی کوردان لە ئێران و دۆخی فەلەستینییەکان لە غەززەش لە هەڵسەنگاندنی ڕۆمانۆدا قسەی لەسەر  کراوە. ئەو ژیرانە دەبینێ لە کاتێکدا هەر دوو نەتەوەکان بەرەوڕووی لەگەشەخستنی سیستەماتیک دەبنەوە، ئەزموونی کوردی ڕەنگبێ لە هێندێک ڕوانگەوە دژوارتر بێ. بۆ وێنە بە پێچەوانەی دۆخی غەززە، ئێران نە تەنیا خەریکی سەرکوتی ئابووری بووە بەڵکوو هەوڵی داوە شوناسی فەرهەنگی و ئایینیی کورادنیش بسڕێتەوە. ئەو جیاوازییە، وەک ڕۆمانۆ ئاماژەی پێ دەکات، نیشانەی سروشتیی چەندتوێ‌بوونی توندوتیژیی دەوڵەت و لەگەشەخستنە، کە هەر دوو سەرکوتی ئابووری و فەرهەنگی وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵ کردن دەور دەبینن. لە پێداگرییەکەی لەسەر تاقانە بوونی خەباتی کوردی لە چوار دەوڵەت-نەتەوەدا، ڕۆمانۆ نموونە مێژوویییەکانی وەک کۆماری کوردستان لە مهاباد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ئەزموونە ساوا دێموکڕاتیکەکەی ڕۆژئاوا وەک بەڵگە دێنێتەوە کە خۆبەڕێوەبەریی کوردی دەتوانێ ببێتە هۆی سەقامگیری، گشتگیری و باشتر بوونی ئابووری لە ناوچەکە. ئەو نموونانە، وەک ئەو بە دروستی باسیان دەکات، ئیدیعای ئێران ڕەت دەکەنەوە کە دەڵێ سەربەخۆییی کورد دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و کێشە. وەکوو چۆن پێشانیان داوە، بێتوو کورد هەلی خۆبەڕێوەبەریی هەبێ دەتوانێ یەکەی سیاسیی گشتگیر و فرە فەرهەنگ دروست بکات کە مافە مەدەنییەکان مسۆگەر دەکات و یارمەتیدەری گەشەی ئابووری دەبێ.

بە پێچەوانەی سێ شرۆڤەکاری یەکەم، شرۆڤەی هاشم ئەحمەدزادە لە زۆر شوێن لە باسە سەرەکییەکەی وتارەکە دوور دەکەوێتەوە. دەبێ پێداگر بم کە کاری ئێمە ناچێ لە ناخی لێکۆڵینەوە وێژەیی و مێژووییەکانەوە، بەڵکوو لە دەوری دۆخی سیاسی-ئابووریی هەنووکەی کوردان لە ئێران دەسووڕێتەوە، بە تایبەت لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا. وەڵامێکی ورد بە ڕەخنەی ئەحمەدزادە هەوڵی بەرچاو دەخوازێ، نە لەبەر بنەمادار بوونی ڕەخنەکانی، بەڵکوو لەبەر ئەو هەموو خراپ لێکدانەوە و بە هەڵە تێگەیشتنانە کە ناوبراو پێشکەشیان دەکات.

یەکێک لە خراپ لێکدانەوە مەزنەکان دەگەڕێتەوە بۆ تێگەشتنی هەڵەی ئەحمەدزادە لە چەمکی “کۆلۆنیالیزم.” وەک لە ئێنسایکلۆپێدیای فەلسەفیی ستانفۆرد (٢٠٢٣)دا پێناسە کراوە، کۆلۆنیالیزم “بەڕێوە بردنی دەسەڵاتدارییەکە، کە ژێردەستە کردنی گەلێک لە لایەن یەکی دیکەی لێ بکەوێتەوە.” زانایانی وەک مەحموود مامدانی (٢٠٢٠)، ئێدوارد سەعید،43 و رابێرت یانگ (٢٠١٦)، لەگەڵ خەڵکی دیکە، گوتوویانە بۆ سەلماندنی کۆلۆنیالیزم پێویست بە نیشتەجێکردن یان داگیر کردن ناکات. کۆلۆنیالیزم لە کۆنتڕۆل/داگیرکردنی ڕاستەوخۆی خاکەوە بۆ شێوازی شاراوەتری ژێردەستەکردن، وەک تواندنەوەی پەروەردەیی، بەستراوەییی ئابووری، سڕینەوەی فەرهەنگی و دەستێوەردانی سیاسی، گۆڕدراوە. شرۆڤەی ئەحمەدزادە وا دەگەیەنێ کە ناوبراو ئەو ڕاستییە ڕەت دەکاتەوە کە کوردستان کۆلۆنییە. وەک زانایەکی وێژەی کوردی و خاوەن ئەزموونی ژیان لە ناوچەکەدا، مرۆڤ ئەو چاوەڕوانییەی لێ هەیە کە دان بەوەدا بنێ کە چۆن دەوڵەتی ئێران، لە سەرەتای دامەزرانییەوە لە ١٩٢٥، سیاسەتی بە فارسیکردنی فەرهەنگی کوردی، پڕۆژەیەکی حاشا لێکردن و سڕێنەوە بە مەبەستی بەرتەسککردنەوە و پەڕاوێز خستنی زمان و شوناسی کوردیی جێبەجێ کردووە. ئەو سیاسەتە لە  ١٩٧٩ چڕتر کرایەوە، کاتێک کۆماری ئێسلامیی ئێران ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی کردە قەسابخانەی کۆڵبەر و خەڵکی مەدەنی، سامانە سرووشتییەکانی تاڵان کرد، دارستانەکانی ئاگر تێبەردا، جیابیرە کوردەکانی زیندانی کرد و ناوچە سنوورییەکانی بە ١٦ میلیۆن مینی ژێر زەوی مینڕێژ کرد. لە چل ساڵی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشتمانی کوردانی کردووەتە هەرێمێکی ئەمنییەتیکراو و نواندنی توندوتیژیی لە ڕادە بەدەری دەرەوەی یاسا.  وێژە و فۆلکلۆری کوردی پڕە لە بابەتی سەربەخۆییخوازانە و بەرخۆدان دژی ژێردەستەکردنی کۆلۆنیالیستی، ئەو بابەتانەی هەڵسانگاندنی ئەحمەدزادە دەبوو لەبەر پەیوندیدار بوونیان زۆرتر پێیانەوە سەرقاڵ با. نموونەیەک شیعری ئەحمەدی خانییە، کە لە بەرهەمە ئەفسانەیییەکەی، “مەم و زین”دا، زۆر بەر لە شۆڕشی فەڕانسە لە ١٧٨٩، بووە نوێنگەی هەوڵی کوردان بۆ سەربەخۆیی و داوای بەرخۆدان دژی تورک، عەڕەب و فارسانی کردووە.

وێدەچی ئەحمەدزادە لە دانپێدانان بە بێدەوڵەتیی کوردان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕێژیمە نەتەوەپەرستەکانی ئێران، عێراق، تورکیە و سورییە وەک ئاکامی ڕاستەوخۆی کۆلۆنیالیزم، دوودڵ بێ. من ئەحمەدزادە حەواڵەی ژمارەیەک نووسراوەی زانستیی بەرهەمهێنراو لە لایەن زانایانی کوردەوە دەکەم، کە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران نووسراون و، بە وردی ڕێکارە کۆلۆنیالیستییەکانی دەوڵەتی ئێرانیان لە ڕۆژهەڵات بەڵگەمەند کردووە. گۆڤاری کوردیی وەک تیشک، گرتە ڤیدیۆییەکانی سەر پلاتفۆرمە دیجیتالییەکان و، لەو دواییانەدا، سەرکوتی دڕندانەی سەرهەڵدانی ژینا لە لایەن دەوڵەتەوە کە هەموویان بە تێروتەسەلی سروشتە کۆلۆنیالیستییەکەی ڕێژیمی فارس-شیعە ئاشکرا دەکەن.

لە بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکەیدا، ئەحمەدزادە نیگەرانیی خۆی لەمەڕ تۆنی وتارەکە باس دەکات کە من بە ڕێزەوە وەریدەگرم. بەڵام من پێمخۆشە چوارچێوەی بەربڵاوتری ڕەخنەکە ڕوون بکەمەوە. لە کاتێکدا کە زانا خاوەن قسەکانی لێکۆڵینەوەی کوردی، کە زۆربەیان ڕۆژئاوایین، درێژە بە پشتبەستن بە چوارچێوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان دەدەن کە شوناسی کورد بە شێویەکی ساکارکراو، دادەبەزێنن و زۆرجار کەڵک لە دەستەواژەی سووکایەتیکاری “خێڵەکی” وەردەگرن. کەڵکوەرگرتنی بەردەوام لە دەستەواژەی وەک “خێڵەکی” لە زانستە ڕۆژهەڵاتناسییەکانەوە، کە زۆر دەمێکە جێپێی خۆیان کردووەتەوە و دەیان ساڵە بەسەر لێکۆڵینەوەکانی کوردیدا زاڵن، هەڵقوڵیوە. نەبوونی ڕەخنە لە لایەن کەسایەتیی وەک ئەحمەدزادە لەو پرسە مرۆڤ زۆرتر نیگەران دەکات، چونکە درێژەدەری گێڕانەوەی کۆلۆنیالیستییە. مەبەستی ئێمە لەبەرچاو نەگرتنی یارمەتییەکانی زانایان نییە، بەڵکو دروستکردنی ئالنگاری بۆ ڕوانگەی ئورووپاتەوەرە کە ئەزموونەکانی کوردان بچووک دەکاتەوە. لێکۆڵینەوە لە زمان و گریمانەکانی ئەو بەشە فرە گرینگە، بە تایبەت کاتێک پێشداوەرییە نەرێنییەکانی ڕۆژهەڵاتناسی دەسەپێننەوە.

لە کۆتاییدا، ئەحمەدزادە پێی وایە بەراورد کردنی ڕۆژهەڵات و فەلەستین دەبێتە هۆی دروستکردنی “ئالنگاری.” بەدەر لەوە کە کوردستان ئەزموونی هاوبەشی لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی دیکە هەن، کە  پێش بە گێڕانەوەکانیان گیراوە و، بەرهەمە فەرهەنگییەکانیان لەنێو بردراون و، مێژووەکانیان سڕاوەتەوە یان لە لایەن نیشتەجێکراوان و کۆلۆنیالیستەکانەوە داهێنانی نوێی بۆ کراوە، ئەو وتارە خۆی سەرقاڵی لێکدانەوەی بەراوردکارانەی مێژوو بە واتا تەکنیکییەکەی ناکات. بەراوردکردنی ئێمە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی گەشەکردندایە. بەڵام، من هاوبەشی نیگەرانیی ئەحمەدزادەم کە بەراورد کردنی ئەو دوو نەتەوەیە، توێژینەوەی گشتگیرتر و فرەلایەنتر دەخوازێ، واتە شتێک کە ئەو وتارە قەت ئیدیعای نەکردووە دەستەبەری دەکات. ئەحمەدزادە هۆشداریی دەدا کە “ گونجاندنی … دەستەواژەی نوێ [وەک لەگەشەخستن و کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی]، ئەگەر باری کوردان قورستر نەکات، ناتوانێ سووکی بکات.” من ئەو ئیدیعایە بە شتێکی گەلێک نادادپەروەرانە دەزانم. چۆن تیشک خستنەسەر نەهامەتییەکانی کوردان دەتوانێ “باری کوردان” کە دەیان ساڵ  لەگەڵ کۆمەڵکوژی، سڕینەوە و ئەو حاشا کردنەی لەگەڵیدا هەڵیان کرددوە ژیاون، قورستر بکات؟ پێویست بە گوتن ناکات، بیرۆکەی کوردستان وەک کۆلۆنی و ئێران وەک دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیست بە باشی باسی لێوە کراوە و لە لایەن نوخبەی کورد، زانایان، چالاکانی مەدەنی و، تاقمە بەرهەڵستکارە کوردییەکانەوە، پشتگیریی بەهێزی لێ دەکرێ، بەڵگەکەی سەرهەڵدانی ژینا لە ڕۆژهەڵاتە. ئەحمەدزادە ڕەخنەمان لێ دەگرێ بۆ قۆڵ هەڵماڵین لە توێژینەوەیەکی فرە پێویست و بە هەڵە وەک مانیفێستێکی سیاسی لێی تێدەگا کە بەتەمای دەستێوەردان لە خەباتە ڕزگاریخوازەکانە. ئەو ڕوانگە هەڵەیە دەبێتە هۆی شێواندنی ئامانجی ڕاستەقینەی وتارەکە لە لایەن ئەحمەدزادەوە، کە دروستکردنی ئالنگاری بۆ بەرتەسککردنەوەی تیۆریک و چەمکییەکانی هەنووکەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر، پێش بە توێژینەوە لە دۆخی کوردی دەگرێ.

* ئەحمەد محەممەدپوور پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆمەڵناسی لە زانستگای بێنتلییە. کەماڵ سولەیمانی پرۆفیسۆری توێژەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە زانستگای مەکزیکە. ئەو وتارە لە ١٦ی مارچ، ٢٠٢١ پێشکەش کرا، لە ٢٤ی فێبریوەری ٢٠٢١ پەسەند کرا و، لە ٢٥ی نۆڤەمبەر، ٢٠٢٤ بە شیوەی ئەلێکترۆنی بڵاو کرایەوە.

پەراوێزەکان

  1. کوردەکان بۆخۆیان ئاماژە بە بەشە جۆراجۆرەکانی کوردستان وەک باکوور (لە تورکیە)، باشوور (لە عێراق)، ڕۆژئاوا (لە سووریە) و ڕۆژهەڵات (لە ئێران) دەکەن.
  2. https://archive.ph/wip/yWMEO
  3. https://www.constituteproject.org/constitution/Iran_1989.pdf?lang=en (سەردان لە ١٠ی فێبریواری، ٢٠٢٢)
  4. بڕوانە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین:

https://www.constituteproject.org/constitution/Iran_1989.pdf?lang=en

https://news.un.org/en/story/2020/09/1072752, https://www.kurdistan24.net/en/story/16515-UN-report-details-large- scale-human-rights-abuses-in-Afrin.

  1. https://archive.fo/QRBxP
  2. https://archive.fo/LOoAu
  3. کاتێک تورکیە دژی خەڵکی مەدەنیی کورد لە سووریە کەڵکی لە بۆمبی فۆسفۆری وەرگرت، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئانتۆنیۆ گوتێرێش بە نادڵنیاییەوە ڕایگەیاند، “من نیگەرانی دۆخی مرۆییم کە نەتەینا لە پەیوەندی لەگەڵ قوربانییەکاندا بەڵکو ئەو ڕاگواستنانەشە کە ڕوو دەدەن.”

(https://archive.fo/wip/4PcbT)

  1. لە دەیەی ڕابردوودا، هەزاران کوردی خاوەن خوێندەواریی باڵا، کە ژمارەیەکی زۆریان بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆڕایان هەیە، وەک تاقە دەرفەتی کار، خەریکی کاری سەر سنوور بوون (بە کوردی پێی دەڵێن کۆڵبەری). بەڵام، هێزە دەوڵەتییەکان تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و لە ئاکامدا ڕۆژانە دەیانکوژن و برینداریان دەکەن. لە ٢٠١٥ بەولاوە، هێزەکانی ئێرانی ٢٥٠٠ کۆڵبەریان کوشتووە یان بریندار کردووە، کە لە نێویاندا مرۆڤی بەتەمەن و لاو دەبینرێن (بۆ زانیاریی زۆرتر بڕوانە محەممەدپوور ٢٠٢٤ئـ؛ سولەیمانی و محەممەدپوور ٢٠٢٠).
  2. ئەندامانی ئاڵقەی بەرلین لە ڕوانگەی ڕۆشنبیرییەوە ئیلهامیان لە نازیسمی ئاڵمانی و بیرۆکەکەی لەمەڕ باڵادەستیی ڕەگەز و خوێنی ئاریایی وەرگرتبوو(بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە مەتین-عەسگەری ٢٠١٤، ٢٠١٨، ٢٠٢٠).
  3. وشەی “ئێران” بێگومان بەر لە ١٩٣٤ لە هێندێک وێژە و نووسراوەی مێژووییدا کەڵکی لێ وەرگیرابوو بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بە ڕەگەز، شوناسی نەتەوەیی، یان تاقمی ئەتنیکی نەکرابوو (بڕوانە کیا ١٩٩٨؛ سکات-ئاقایی و مەرعەشی ٢٠١٤).
  4. http://archive.fo/xA8sF
  5. https://iranwire.com/fa/features/40390 (سەردان لە ٢ی جانیوەری، ٢٠٢١)
  6. https://archive.ph/wip/Se3vf (سەردان لە ٢ی جانیوەری، ٢٠٢١)
  7. ئێمە بۆخۆمان بەرەڕووی پرسیاری ئەوتۆ بووینەوە
  8. بڕوانە بۆ وێنە ئاڵقە تەلەفزیۆنییەکانی فارسی وەک نون خ لە یوتیوب
  9. https://archive.fo/wip/EzotQ (سەردان لە ٣ی جانیوەری، ٢٠٢١)
  10. https://archive.fo/wip/N6Gdq (سەردان لە ١٧ی نۆڤەمبەر، ٢٠٢٠)
  11. https://ahan-news.com/news/6494 (سەردان لە ٧ی جانیوەری، ٢٠٢٥)
  12. https://archive.fo/wip/2YTYo (سەردان لە ٢٦ی نۆڤەمبەر، ٢٠٢٠)
  13. https://archive.fo/wip/bYRkO (سەردان لە ٢٦ی نۆڤەمبەر، ٢٠٢٠)
  14. https://archive.fo/wip/eN7ix (سەردان لە ٢٩ی نۆڤەمبەر، ٢٠٢٠)
  15. https://www.tasnimnews.com/fa/news/1400/04/11/2530662
  16. https://www.isna.ir/news/94061610261
  17. https://archive.fo/wip/IU6Ub (سەردان لە ٤ی جانیوەری، ٢٠٢١)
  18. https://www.radiofarda.com/a/f5_landmine_iran_killed_4/454985.html
  19. https://www.radiofarda.com/a/f5_landmine_iran_killed_4/454985.html
  20. https://www.etemadnewspaper.ir/fa/main/detail/28114 (سەردان لە ٣ی فێبریوەری، ٢٠٢١)
  21. https://old.iranintl.com/دیدگاە/زندگی-در-آغوش-مرگ؛-معضلا-مین-در-کوردستان-ایران
  22. https://old.iranintl.com/دیدگاە/زندگی-در-آغوش-مرگ؛-معضلا-مین-در-کوردستان-ایران
  23. https://archive.fo/wip/pGeQc (سەردان لە ٢٢ی فێبریوەری، ٢٠٢١)
  24. https://fa.chya.ir/?p=118521 (سەردان لە ١٨ی جانیوەری، ٢٠٢١)
  25. https://fa.chya.ir
  26. https://tn.ai/3143048
  27. https://archive.fo/wip/rqeJI (سەردان لە ٢ی جانیوەری، ٢٠٢١)
  28. https://www.iribnews.ir/fa/news/2836270 (سەردان لە ١٤ی جانیوەری، ٢٠٢١)
  29. https://ir.voanews.com/latestnews/iran-activist-court-1 (سەردان لە ٩ی دێسەمبەر، ٢٠٢٠)
  30. https://ir.voanews.com/latestnews/iran-activist-court-1 (سەردان لە ٩ی دێسەمبەر، ٢٠٢٠)
  31. https://shorturl.at/YwkIZ
  32. https://www.isna.ir/news/94090201206 (سەردان لە ٢٣ی دێسەمبەر، ٢٠٢٠)
  33. نێوەکانی تاقمەکانی خەڵک کە لە کۆمەڵگادا هەڵبەستراون (ڕەش، سپی) و دەستەواژەی دەیکەی کۆمەڵایەتی (خۆ، شوناس) بە پیتی گەورە نووسراون تا وەبیر بێنێتەوە کە ئەوانە دەستکردی کۆمەڵگان و شتی سروشتی نین.
  34. https://www.washingtonpost.com/world/2023/12/06/gaza-uninhabiable-unexploaded-bombs
  35. کەماڵ سولەیمانی بۆ بەشداری لە وڵامدانەوەکە لەبەر دەستدا نەبوو.
  36. بـــــــڕوانە ئەو وانـــەیە: https://www.youtube.com/watch?v=tgteoJ1LihU

سەرچاوەکان:

Abadian, Ali. 2014. Let’s save the future of the region’s farming. Sharg Newspaper, 11 Azar. [In Farsi.]

Abdel-Malek, Anouar. 1963. L’Orientalisme en crise: par Anouar Abdel-Malek. Paris: Revue.

Agamben, G. 2005. State of exception. Chicago: University of Chicago Press. Ahmad, Aijaz. 1992. In theory: classes, nations, literatures. London: Verso.

Apter, David. 1987. Rethinking development: modernization, dependency, and post-modern politics. Thousand Oaks, CA: Sage.

Asgharzadeh, A. 2007. Iran and the challenge of diversity: Islamic fundamentalism, Aryanist racism, and democratic struggles. New York: Palgrave Macmillan.

Balzacq, Thierry, Sarah Léonard, and Jan Ruzicka. 2016. Securitization revisited: theory and cases. International Relations 30(4):494–531.

Bayat, K. 2003. Riza Shah and the tribes: an overview. In The making of modern Iran: state and society under Riza Shah. S. Cornin, ed. Pp. 1921– 1946. London: Routledge.

Behdad, A. 1994. Orientalism after Orientalism. L’Esprit Créateur 34(2):1–11.

Beiras, Xosé. 1982. El atraso económico de Galícia. Vigo: Edicións Xerais de

Galicia.

Bezwan, Naif. 2021. The state and violence in Kurdistan: a conceptual framework. Kurdish Studies 9(1):11–36.

Bhabha, Homi. 1994. The location of culture. London: Routledge. Blauner, Robert. 1972. Racial oppression in America. New York: Harper & Row.

Boroujerdi, M. 1996. Iranian intellectuals and the West: the tormented triumph of nativism. Syracuse, NY: Syracuse University Press.

Burkholder, Mark A., and Lyman L. Johnson. 2012. Colonial Latin America. Oxford: Oxford University Press.

  1. See this lecture: https://www.youtube.com/watch?vptgteoJ1LihU.

Caldera, Christine. 2020. Kurds in Iran: current conditions and future prospects. Institute for the Study of Human Rights. https://humanrightscolumbia.org /publications/kurds-iran-current-conditions-and-future-prospects.

Casanova, Pablo González. 1965. Internal colonialism and national development. Studies in Comparative International Development 1(4):27–37.

Césaire, Aimé. 2000. Discourse on colonialism. New York: Monthly Review.

Chakrabarti, Dilip. 1997. Colonial Indology: sociopolitics of the ancient Indian past. Delhi: Munshiram Manoharlal.

Chakrabarty, Dipesh. 2000. Provincializing Europe: postcolonial thought and historical difference. Princeton, NJ: Princeton University Press.

Chatterjee, Partha. 1986. Nationalist thought and the colonial world: a derivative discourse. London: Zed.

———. 1993. The nation and its fragments: colonial and postcolonial histories. Princeton, NJ: Princeton University Press.

Chomani, Kamal, and Toon Bijnens. 2016. The impact of the Daryan Dam on the Kurdistan region of Iraq. Save the Tigris and Iraqi Marshes Campaign, https://www.hlrn.org/img/documents/Daryan-Dam-Report.pdf.

Cooper, Frederick. 2002. Africa since 1940: the past of the present. Cambridge: Cambridge University Press.

Crowder, Michael. 2007. West African resistance: the military response to colonial occupation. London: Routledge.

Dabashi, Hamid. 2008. Iran: a people interrupted. New York: New Press. ———. 2017. On the Kurdish question. Aljazeera Online, https://www

.aljazeera.com/opinions/2017/11/27/on-the-kurdish-question.

de Certeau, M. 1988. The practice of everyday life, vol. 1. Berkeley: University of California Press.

Deringil, Selim. 2003. The Late Ottoman Empire and the post-colonial debate. Comparative Studies in Society and History 45(2):322–323.

Dirlik, Arif. 1997. The postcolonial aura: third world criticism in the age of global capitalism. Boulder, CO: Westview.

Doran, Michael, and Michael A. Reynolds. 2019. Turkey has legitimate grievances against the U.S. https://www.wsj.com/articles/turkey-has-legitimate -grievances-against-the-u-s-11570576128 (accessed December 12, 2020).

Du Bois, W. E. B. 1903. Souls of black folk. Chicago: A.C. McClurg. [AR]

———. 1945. Color and Democracy: colonies and peace. New York: Harcourt, Brace.

Durkheim, Emile. 1893. Division of labor in society. Paris: Alcan. [AR]

———. 1912. Elementary forms of the religious life. Paris: Alcan. [AR]

Eighth Grade Farsi. 2018. Eighth grade Farsi. Organization for Research and Educational Planning, Tehran, Iran. [In Persian.]

Elling, R. C. 2013. Minorities in Iran: nationalism and ethnicity after Khomeini. New York: Palgrave.

Escobar, Arturo. 1995. Encountering development: the making and unmaking of the third world. Princeton, NJ: Princeton University Press.

Esteva, G. 1992. Development. In The development dictionary: a guide to knowledge as power. Wolfgang Sachs, ed. Pp. 6–25. London: Zed. Fanon, Frantz. 1952. Black skin, white masks. New York: Grove.

———. 1961. The wretched of the earth. Harmondsworth: Penguin.

Foucault, M. 1972. The archaeology of knowledge. London: Routledge.

Frank, Andre Gunder. 1998. ReOrient: global economy in the Asian age. Berkeley: University of California Press.

———. 1966. The development of underdevelopment. Monthly Review 18(4): 17–31.

Frank, Andre Gunder, and Barry K. Gills. 1992. The world system: five hundred years or five thousand? Humboldt Journal of Social Relations 18(1):1–79.

Gandhi, M. K. 1956. Thoughts on national language. Ahmedabad: Navajivan. Garfinkel, Harold. 1967 Studies in ethnomethodology. Englewood-Cliffs, NJ: Prentice-Hall. [AR]

Giddens, Anthony. 1991. The consequences of modernity. Stanford, CA: Stanford University Press.

Go, J. 2016. Postcolonial thought and social theory. Oxford: Oxford University Press.

Goffman, Erving. 1961. Asylums. Chicago: Free Press. [AR]

———. 1983. The interaction order. American Sociological Review 48(1):1– 17. [AR]

Guha, Ranajit. 2002. History at the limit of world-history. New York: Columbia University Press.

Hassaniyan, Allan. 2021. The environmentalism of the subalterns: a case study of environmental activism in eastern Kurdistan/Rojhelat. Local Environment 26(8):930–947. https://doi.org/10.1080/13549839.2021.1933927.

Hassaniyan, A., and M. Sohrabi. 2022. Colonial management of Iranian Kurdistan, with emphasis on water resources. Journal of World-Systems Research 28(2):320–343. https://doi.org/10.5195/jwsr.2022.1081.

Hechter, Michael. 1975. Internal colonialism: the Celtic fringe in British national development. Berkeley: University of California Press.

Hind, Robert J. 1984. The internal colonial concept. Comparative Studies in Society and History 26(3):543–568.

Hoogvelt, A. 1997. Neo-colonialism, modernization and dependency. In Globalisation and the postcolonial world. Pp. 29–43. London: Palgrave. https:// doi.org/10.1007/978-1-349-25671-6_2.

Iran Report. 2020. Execution of ethnic minorities. https://www.iranhr.net/en /print/5/4718/.

Jacobs, James. 1977. Stateville. Chicago: University of Chicago Press. [AR]

Jalal al-ʿAzm, Sadik. 2000 (1981). Orientalism and Orientalism in reverse. Khamsin 8:5–26.

Kapoor, I. 2002. Capitalism, culture, agency: dependency versus postcolonial theory. Third World Quarterly 23(4):647–664.

Katouzian, H. 2003. Reza Shah’s political legitimacy and social base, 1921– 1941. In The Making of Modern Iran: State and Society under Riza Shah 1921–1941. S. Cronin, ed. P. 33. London: Routledge.

Kia, Mehrdad. 1998. Persian nationalism and the campaign for language purification. Middle Eastern Studies 34(2):9–36.

Kurt, M. 2019. “My Muslim Kurdish brother”: colonial rule and Islamist governmentality in the Kurdish region of Turkey. Journal of Balkan and Near Eastern Studies (21)3:350–365.

Lafont, Robert. 1971. La revolución regionalista. Barcelona: Ariel. Lefebvre, H. 1987. The everyday and everydayness. Yale French Studies 73:7– 11.

Lerner, Daniel. 1958. The passing of traditional society: modernizing the Middle East. New York: Free Press.

Lucas, Gavin. 2004. An archaeology of colonial identity: power and material culture in the Dwars Valley, South Africa. New York: Kluwer/Plenum.

Lydon, J., and U. Z. Rizvi. 2010. Handbook of postcolonial archaeology. London: Routledge.

Makdisi, U. 2002. Ottoman Orientalism. American Historical Review 107(3): 768–796.

Mamdani, Mahmood. 2020. Neither settler nor native: the making and unmaking of permanent minorities. Cambridge, MA: Belknap. Marquard, Leo. 1957. South Africa’s colonial policy. Johannesburg: Institute of Race Relations.

Matin-Asgari, A. 2014. The Berlin circle: Iranian nationalism meets German countermodernity. In Rethinking Iranian nationalism and modernity. K. Scot-Aghaei and A. Marashi, eds. Pp. 49–67. Austin: University of Texas Press.

———. 2018. Both Eastern and Western: an intellectual history of Iranian modernity. Cambridge: Cambridge University Press.

———. 2020. Intellectual statesmen and the making of Iran’s illiberal nationstate (1921–1926). In Mapping the role of intellectuals in Iranian modern and contemporary history. Ramin Jahanbegloo, ed. Lanham, MD: Lexington.

Memmi, Albert. 1965. The colonizer and the colonized. New York: Orion.

Mirsepassi, Ali. 2019. Iran’s quiet revolution: the downfall of the Pahlavi state. Cambridge: Cambridge University Press.

Mirzai, Behnaz A. 2017. A history of slavery and emancipation in Iran, 1800– 1929. Austin: University of Texas Press.

Mizoguchi, Koji. 2010. The colonial experience of the uncolonized and colonized: the case of East Asia, mainly as seen from Japan. London: Routledge. Mohammadpour, Ahmad. 2021. Perso-Shia nationalism: from Berlin circle to Persianate world. Tishk Journal 59–60(23):11–23. [In Persian.]

———. 2023. Persian Orientalism: raciolinguistic ldeologies and the construction of “Iranianness.” Nations and Nationalism 30:356–375. https:// doi.org/10.1111/nana.12990.

———. 2024a. Blood for bread: necro-labor, nonsovereign bodies, and the state of exception in Rojhelat. American Anthropologist 126(1):120–134. https://doi.org/10.1111/aman.13941.

———. 2024b. The invention of Iran: from “Iranianness” to “Persianness.” Asian Studies Review. https://doi.org/10.1080/10357823.2024.2355110.

Mohammadpour, Ahmad, and Kamal Soleimani. 2019. Interrogating the tribal: the aporia of ‘tribalism’ in the sociological study of the Middle East. British Journal of Sociology 70(5):1799–1824. https://doi.org/10.1111/1468 -4446.12656.

———. 2020. “Minoritisation” of the other: the Iranian theo-ethnocratic state’s assimilatory strategies. Postcolonial Studies 24(1):40–62. https:// doi.org/10.1080/13688790.2020.1746157.

Nkrumah, Kwame. 1965. Neo-colonialism, the last stage of imperialism. London: Thomas Nelson. [HA]

Olson, Robert W. 1989. The emergence of Kurdish nationalism and the Sheikh

Said Rebellion 1880–1925. Austin: University of Texas Press. [HA]

Peckham, Robert. 2004. Internal colonialism: nation and region in nineteenthcentury Greece. In Balkan identities: nation and memory. Maria Todorova, ed. Pp. 41–59. New York: New York University Press.

Porter, Dennis. 1994. Orientalism and its problems. In Colonial discourse and post-colonial theory: a reader. Laura Chrisman and Patrick Williams, eds. Pp. 150–161. New York: Harvester Wheatsheaf.

Powell, Troutt. 2003. A different shade of colonialism: Egypt, Great Britain, and the mastery of the Sudan. Berkeley: University of California Press.

Ram, H. 2000. The immemorial Iranian nation? school textbooks and historical memory in post-revolutionary Iran. Nation and Nationalism 6(1): 67–90.

Rassam, A. 1980. Comments on Orientalism. Comparative Studies in Society and History 22:505–512.

Rawls, Anne. 1987. The interaction order sui generis. Sociological Theory 5(2): 136–149. [AR]

———. 1996. Durkheim’s epistemology: the neglected argument. American Journal of Sociology 102(2):430–482. [AR]

———. 2009 (2004). Epistemology and practice. Cambridge: Cambridge University Press. [AR]

———. 2021. Durkheim’s self-regulating “constitutive” practices: an unexplored critical relevance to racial justice, consensus thinking, and the Covid-19 pandemic. In Durkheim and critique. Nicola Marcucci, ed. New York: Palgrave Macmillan. [AR]

———. 2022. Situating Goffman’s “interaction orders” in Durkheim’s social fact lineage. Etnografia e ricerca qualitativa 2022(1):27–62. [AR]

Rawls, Anne, and Waverly Duck. 2020. Tacit racism. Chicago: University of Chicago Press. [AR]

Redfield, Robert. 1948. Folk culture of the Yucatan. Chicago: University of Chicago Press.

Rifkin, Mark. 2017. Beyond settler time: temporal sovereignty and indigenous self-determination. Durham, NC: Duke University Press.

Rodinson, Maxine. 1978. Islam and capitalism. Austin: University of Texas Press.

Rodríguez, I. 2001. The Latin American subaltern studies reader. Durham, NC: Duke University Press.

Rogers, Everett. 1969. Modernization among peasants: the impact of communication. New York: Holt McDougal.

Rostow, Walt. 1960. The stages of economic growth: a non-Communist manifesto. London: Cambridge University Press.

Roy, Sara. 1987. The Gaza Strip: a case of economic de-development. Journal of Palestine Studies 17(1):56–88. https://doi.org/10.2307/2536651.

———. 1995. The Gaza Strip: the political economy of de-development. Washington, DC: Institute for Palestine Studies.

———. 2014. Foreword. In Decolonizing Palestinian political economy dedevelopment and beyond. Mandy Turner and Omar Shweiki, eds. Pp. ix–xv. New York: Palgrave Macmillan.

Said, Edward. 1978. Orientalism. New York: Pantheon.

Saleh,A.2013. Ethnicidentityandthe stateinIran. New York: Palgrave Macmillan.

Scot-Aghaei, Kamran, and Afshin Marashi. 2014. Rethinking Iranian nationalism and modernity. Austin: University of Texas Press.

Sghaier, Salhi. 2016. Internal colonialism and uneven development: regional marginalization system in Tunisia. [In Arabic.]

Shalhoub-Kerkovian, Nadera, and Rachel Busbridge. 2014. (En)gendering de-development in east Jerusalem: thinking through the “everyday.” In Decolonizing Palestinian political economy de-development and beyond.

Mandy Turner and Omar Shweiki, eds. Pp. 77–94. New York: Palgrave Macmillan.

Smelser, Neil. 1966. The modernization of social relations. In Modernization:

the dynamics of growth. Myron Weiner, ed. Pp. 101–121. New York: Basic. Soleimani, Kamal. 2020. A green struggle in the path of Kurdistan. Tishk Journal of Tishk 52(22). [In Persian.]

Soleimani, Kamal, and Ahmad Mohammadpour. 2019a. Can non-Persians speak? the sovereign’s narration of “Iranian identity.” Ethnicities 19(5):925– 947. https://doi.org/10.1177/1468796819853059.

———. 2019b. The securitisation of life: eastern Kurdistan under the rule of a Perso-Shi’i state. Third World Quarterly 41:663–682. https://doi.org/10.1080 /01436597.2019.1695199.

———. 2020. Life and labor on the internal colonial edge: political economy of Kolberi in Rojhelat. British Journal of Sociology 71(4):741–760. https:// doi.org/10.1111/1468-4446.12745.

———. 2022. Sovereignty and developmental policies in Palestine and eastern Kurdistan. Estudios de Asia y África 57(2):249–288. https://doi.org /10.24201/eaa.v57i2.2738.

Soleimani, K., and D. Osmanzadeh. 2021. Textualising the ethno-religious sovereign: history, ethnicity and nationalism in the Perso-Islamic textbooks. Nations and Nationalism 27(3):741–757. https://doi.org/10.1111/nana .12705.

Spivak, Gayatri Chakravorty. 1988. Can the subaltern speak? In Marxism and the interpretation of culture. Cary Nelson and Lawrence Grossberg, eds. Pp. 271–313. London: Macmillan.

Stanford Encyclopedia of Philosophy. 2023. Colonialism. https://shorturl.at /7WX3v.

Sykes, Gresham. 2007 (1958). The society of captives. Princeton, NJ: Princeton University Press. [AR]

Toledano, Ehud R. 2007. As if silent and absent: bonds of enslavement in the Islamic Middle East. New Haven, CT: Yale University Press.

van Bruinessen, Martin. 1992. Agha, Shaikh and state: the social and political structures of Kurdistan. London: Zed. [HA]

Wallerstein, Immanuel. 1974. The modern world-system. New York: Academic Press.

———. 1980. The modern world-system II: mercantilism and the consolidation of the European world-economy, 1600–1750. Boston: Academic Press. ———. 1989. The modern world-system III: the second era of great expansion of the capitalist world economy, 1730–1840s. Boston: Academic Press.

Wolpe, Harold. 1975. The theory of internal colonialism: the South African case. In Beyond the sociology of development. Ivar Oxaal, Tony Barnett, and David Booth, eds. Pp. 105–120. London: Routledge.

Yadirgi, Veli. 2017. The political economy of Kurds of Turkey: from the Ottoman Empire to the Turkish republic. Cambridge: Cambridge University Press.

———. 2018. De-development in eastern and southeastern Anatolia. In Routledge handbook on the Kurds. Pp. 139–156. London: Routledge. https:// doi.org/10.4324/9781315627427-12.

Yiftachel, O. 2006. Ethnocracy: land and identity politics in Israel/Palestine. Philadelphia: University of Pennsylvania Press.

Young, R. J. C. 2016. Postcolonialism: a historical introduction. Hoboken, NJ: Wiley-Blackwell.

Zia-Ebrahimi, R. 2016. The emergence of Iranian nationalism: race and the politics of dislocation. New York: Columbia University Press.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!