سێگۆشەی ململانێ: نەوت، دەسەڵات و پەراوێزخستن
زنجیرە سمینارەکانی تیشک
سمیناری نۆزدەیەم
سێگۆشەی ململانێ: نەوت، دەسەڵات و پەراوێزخستن
سێگۆشەی ململانێ: نەوت، دەسەڵات و پەراوێزخستن
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک، لە درێژەی زنجیرە سمینارەکانی ساڵی ٢٠٢٦دا، ڕۆژی یشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٦ی کوردی (٢٠٢٦/٠٢/٢٨)، نۆزدەیەمین سمیناری خۆی لەژێر ناونیشانی: “سێگۆشەی ململانێ: نەوت، دەسەڵات و پەراوێزخستن”، لەگەڵ د. محەممەد ئەقدەم، بەڕێوەدەبات.
د. محەمەد م. ئەقدەم، توێژەر لە بواری سیستەمەکانی هۆشی دەستکرد و پسپۆڕ لە «تێکەڵبوونی زانستی داتا و توێژینەوەی ململانێ»، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ژنێڤ (٢٠٢٠) هەیە و هەروەها بەشداربووە لە دوو پڕۆژەی گەورەی لێکۆڵینەوە لە ETH Zurich:
پڕۆژەی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی نەتەوەیی (Ethnic Power Relations – EPR)
پڕۆژەی بەقوربانیبوونی خەڵکانی مەدەنی (Civilian Victimization)
ئەم دوو لێکۆڵینەوەیە تیشک دەخەنە سەر داتاسێتە گەورەکانی ململانێ و شیکردنەوەی کردەیی لەسەر توندوتیژیی سیاسی. لە ئێستادا، د. ئەقدەم لەگەڵ توێژەرانی ئینستیتۆتی دەوحە بۆ خوێندنی باڵا و زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە لەسەر پڕۆژەیەکی توێژینەوە بە ناوی «دیپلۆماتکاری ئالگۆریتم» (The Algorithmic Diplomat) کار دەکات. ئەم توێژینەوەیە لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (Generative AI) لە پرۆسەکانی بڕیاردانی نێودەوڵەتیدا دەکۆڵێتەوە.
لەم سێمینارەدا تیشک دەخرێتە سەر لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی د. محەمەد م. ئەقدەم (زانکۆی ژنێڤ)، پڕۆفیسۆر حەمید عەلی (ناوەندی دەوحە بۆ خوێندنی باڵا) و پڕۆفیسۆر شاهجەهان بوهیان (زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە). دەرئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە گۆڤاری زانستی «بەرگری و ئابووریی ئاشتی» (Defence and Peace Economics) بڵاو کراوەتەوە.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا، لە ڕێگەی تاقیکردنەوەیەکی کردەیی لە بابەتی «تەماح لەبەرامبەر مەینەت» (Greed vs. Grievance) لە چوارچێوەی توێژینەوەکانی “شەڕ”دا، بە شێوەیەکی ڕەخنەییانە ئەوە هەڵدەسەنگێندرێت کە سامانی سەرچاوە سروشتییەکان، بەتایبەتی نەوت، چۆن لەگەڵ دوورخستنەوەی سیاسی، نایەکسانیی ئابووری و پەرەسەندنی توندوتیژیدا تێکەڵ دەبن. بە بەکارهێنانی داتای جوگرافیایی (Georeferenced) لە داتاسێتی PRIO-GRID و بەکارهێنانی مۆدێلی Negative Binomial Regression، لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەردەکەوێت کە دەرهێنانی نەوت تەنیا هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ نییە، بەڵکو ئەگەری توندوتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبێت کاتێک دەرهێنانی سەرچاوەکان هاوکات بێت لەگەڵ پەراوێزخستنی سیاسی و نادادپەروەریی ئابووری.
لە ڕێگەی شیکردنەوەیەکی بەراوردکارییانەی “نیجەر دێلتا” و “سوودانی باشوور”، لێکۆڵینەوەکە تێگەیشتنێکی نوێ لەسەر ئەو هەلومەرجانەی کە تێیدا سەرچاوە سروشتییەکان دەبنە هۆکاری نائارامی پێشکەش دەکات. هەروەها گرنگیی حوکمڕانیی گشتگیر و نوێنەرایەتیی سیاسی لە کەمکردنەوەی ئەگەری ئەوەی زۆرجار بە «نەفرەتی سەرچاوەکان» ناودەبرێت، دەخاتە ڕوو و ڕەخنە لەو شیکردنەوە سادانە دەگرێت کە ململانێ تەنیا بۆ چاوچنۆکیی ماددی کورت دەکەنەوە.
سێمینارەکە بە ڕوونی دەپەرژێتە سەر بارودۆخی کوردستان و هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی ئێران لە ئێستادا. چوارچێوە تیۆرییەکە و دەرئەنجامە کردەییەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەییانە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لەسەر بابەتەکانی پەراوێزخستنی سیاسی، پەرەسەندنی نایەکسانی، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و توندوتیژیی دەوڵەت هەڵدەسەنگێندرێن.
ئەم سێمینارە لەلایەن سیاوەش محەمەدی، خوێندکاری ماستەر لە بواری ئابووری و کۆمەڵگە لە ئاسیا لە زانکۆی بۆن، بەڕێوە دەبرێت.
سمیناری “سێگۆشەی ململانێ: نەوت، دەسەڵات و پەراوێزخستن” ڕۆژی یشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٦ی کوردی (٢٠٢٦/٠٢/٢٨)، کاتژمێر ٢٠:٣٠ بەکاتی کرماشان و ٢٠:٠٠ بەکاتی هەولێر (١٨:٠٠ بەکاتی بەرلین)، بە زمانی کوردی بەڕێوەدەچێت.
ئەم سمینارە هاوکات لەسەر پلاتفۆرمی زووم و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی ناوەندیش بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرێتەوە و دەتوانن لە ڕێی بەکارهێنانی بەستەری تایبەتی، بەشداری سمینارەکە بن.

لە فەیسبووک بمانبینەوە



