گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠
سەروتار
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024
مورادی، ناسر (٢٠٢٤): سەروتار. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٧–٦ . https://tishk.org/ku/2024/10/02/%d8%b3%db%95%d8%b1%d9%88%d8%aa%d8%a7%d8%b1/
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ. دۆخێکی نەخوازراو و بە هەمان ڕادەش پێشبینیکراو. کورد و بزاوتە نەتەوەیییەکەی، بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە، خاوەن مێژووە. لە چەشنی هەموو ڕەوت و بزووتنەوە فیکری و سیاسییەکانی هاوچەرخی خۆی، گەلێک قۆناغی بڕیوە. هەر قۆناغەش هەڵگری کۆمەڵیک ئاڵنگاری و دەستکەوت، بگرە چەقبەستن و هەستانەوە بووە.
بە بنەماگرتنی بزوووتنەوەی ژینا و واوەتر، ئەو ڕووداوانەی کە بە دوایدا هات، تا دێ باسی زیاتر هەڵدەگرێ. لەگەڵ دەرخستنی سەرمایەی مرۆیی و سیاسی و شوێندانەریی ئەم ڕووداوە، هاوکات خەسارەکانیش خۆیان زیاتر دەردەخەن. بزووتنەوەیەک کە کورد خاوەندار، ڕچەشکێن و دەستپێشخەری بوو، بەرەبەرە پەردەی لەسەر بۆشایی، ناکۆکی و دژبەیەکییەکان لە ڕوانینی لایەن و هێزەکانی چالاک لە کۆمەڵگای کوردستان هەڵدایەوە. ئەمە کۆی بابەتەکە نەبوو. تەنانەت ئەم ناکۆکییانە لە پەیوەندیی نێوان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان و هەرێمە نەتەوەیییەکانی دیکەی سەر جوغرافییای ئێرانیش بۆ جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە. “لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژینادا، کۆمەڵێک هۆکاری جنسییەتی، نەتەوەیی و چینایەتی، خەریک بوو لە ژێر چەتری کۆمەڵێک چەمکی هاوبەش کە گرینگترینیان «ژن، ژیان، ئازادی» بوو، زۆرینەی کۆمەڵگاکانی ئێران پێکەوە ببەستێتەوە، بەڵام کەلتووری سیاسیی پاوانخوازانە، نەیهێشت ئەم هاوپەیوەندییە بیچم بگرێ و ناسنامەیەکی هاوبەش ساز بێ. لە بەستێنی ئەم کەلتوورەدا، پێکهاتەی بزووتنەوەی ژینا، لە لایەن ناوەندگەراکانەوە تێک شکێنرا و کرا بە «جنبش مهسا»؛ بەم چەشنە «ئەویتری» بزووتنەوەی ژینا ساز بوو. ئاراستەی هەوڵەکان، دیسان لەپەراوێزخستن و بڤە نیشاندانی پرسی نەتەوەیی و ناسنامەی ئەویترەکان بوو.”
پێویست بە سەلماندن ناکات، لە پانتای سیاسی و لە فەزای بیرکردنەوەی هێز ولایەنە ئێرانییەکان بە ڕۆشنبیر و ئاکادیمیسییەنەکانیشەوە، هیچ مەودا و دەرەتانێک بۆ ناسینی مافی نەتەوەییی هەرێمە بندەستەکان لەئارادا نییە. لە باسی تێپەڕین لە دۆخی هەنووکەیی، کەلێنێکی گەورە بە زەقی دیارە. کەلێنی نێوان ڕووخان و بنیاتنان. کۆی باسەکە لە نێوان پەراوێز و ناوەندگەراکان دەگەڕێتەوە بۆ سەر پێشمەرجەکانی ڕووخان و بنیاتنان. ناوەندگەراکان کۆی باسەکە دەبەنەوە سەر “تمامیت ارضی” و وڵاتی یەکپارچە و ئەگەرەکانی هەڵوەشاندنەوەی خاکی ئێران؛ پەراوێزیش باسەکە دەباتەوە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووس.
خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی دۆخی ئێستا، دەراوێکی ڕوونتر لە هەلومەرجەکە بە دەستەوە دەدات. گەڕانەوە یان بە پێچەوانەوە، دەربازبوون لە دۆخی پەراوێز کە دۆخی بندەستی و بێ دەسەڵاتییە، سەرنجەکان دەباتەوە لای چەمکی “سەروەری” و لە هەمان کاتدا توانستی بەکارهێنانی.