گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢ 

سەروتار

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 15.10.2025

سورخی، ڕەحیم  (٢٠٢٥):سەروتار. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ٩–٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0072

DOI 10.69939/TISHK0072

حەفتاو دووەمین ژمارەی گۆڤارەکەمان لە کاتێکدا بە دەستتان دەگات کە پاش حەوتی ئۆکتۆبر و هێرشە یەک لەدوای یەکەکان لە بەهاری ٢٠٢٤دا، بۆ یەکەمجار ئێران و ئیسرائیل کەوتنە پێکدادانێکی١٢ ڕۆژەی ڕاستەوخۆوە. بە هۆی ئەم شەڕەوە، نائارامی و ناسەقامگیرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی گۆڕانکارییە جوگرافی – سیاسی و نێوخۆییەکانەوە چووە قۆناغێکی نوێوە. کوردستانیش بە گشتی بەشێک لەم گۆڕانکارییانەی بەر کەوتووە و بەریش دەکەوێت. 

سەروتار

خوێنەر و وەرگری ئازیز!

 حەفتاو دووەمین ژمارەی گۆڤارەکەمان لە کاتێکدا بە دەستتان دەگات کە پاش حەوتی ئۆکتۆبر و هێرشە یەک لەدوای یەکەکان لە بەهاری ٢٠٢٤دا، بۆ یەکەمجار ئێران و ئیسرائیل کەوتنە پێکدادانێکی١٢ ڕۆژەی ڕاستەوخۆوە. بە هۆی ئەم شەڕەوە، نائارامی و ناسەقامگیرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی گۆڕانکارییە جوگرافی – سیاسی و نێوخۆییەکانەوە چووە قۆناغێکی نوێوە. کوردستانیش بە گشتی بەشێک لەم گۆڕانکارییانەی بەر کەوتووە و بەریش دەکەوێت.

دەوڵەتی تورکیا بە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پ.ک.ک بە ناوی پرۆسەی ئاشتییەوە، خەریکە پرسی کورد کۆنترۆڵ بکات؛ گفتوگۆ و دانوساندنەکانی نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی دەوڵەتی کاتیی سووریا و مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی هەسەدە، بۆ پێکهاتنێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا، بەردەوامن؛ کێشە داراییەکانی حکوومەتی ئێراق و باشووری کوردستان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و گوشارەکانی دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕەهەندە ئاسایشی و فەرهەنگییەکانیشی گرتووەتەوە. دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵات، لە ئێران، لە چەندین قەیرانی دیکەی ئاسایشییەوە گلاوە؛ دەوڵەتی ئێران هێزێکی زۆری بە ناوی ئاسایشی سنوورەکانی لە کوردستان مۆڵ داوە؛ سەرکوتی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانی توندتر کردووە و گوشارەکانیشی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاسایشیی نێوان ئێران و ئێراقدا بۆ سەر هەرێم و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چڕ کردووەتەوە. هەموو ئەم هەوڵە دەوڵەتی وهەرێمییانەی داگیرکەرانی کوردستان، دەرخەری ئەوەن کە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی دەوڵەت نەتەوەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا، ناجێگیر و لەرزۆکن و لەگەڵ پێکهاتنی هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی-جوگرافیی ناوچەکە، واقیعە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکە، وەک ئاڵنگارییەکی دژی باڵادەستیی خۆسەپێنانە چالاک دەبێت کە کورد بـزوێنـەرە ســەرکییەکەیەتی.

 ئەوەی ئێستا هیوای لەسەرە، درزبردنی باڵادەستیی سیاسی-جوگرافیی ئێرانە لە ناوچەکە. نەک هەر هێزە کلک و ئامرازییەکەنی لە دەستدا نەماوە، سەروەریی ئاسمانی وڵاتەکەیشی تێداچووە و تەنانەت بە تێداچوونی بەشێکی گرنگی پرۆژە ناوکییەکانی و لەدەستدانی کۆمەڵێک لە فەرماندەرە سەرەکییە سەربازییەکانی، دەرکەوت کەلێنێکی ئاسایشیی گەورەشی هەیە. جگە لە لێکەوتە ئاسایشی و سەربازییەکان، ململانێی باڵەکانی ڕێژیمیش قووڵتر بووە و ناکارامەییی ڕێژیم لە دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکیش وەک کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە، ئەوکی دەسەڵاتەکەی گرتووە. قەیرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران جگە لە لایەنی پێکهاتەیی، ڕواڵەتێکی ئایدۆلۆژییانەشیان بەخۆوە گرتووە. بە زیادبوونی ئاوسانەکان، ژێرخانێکی کۆن و کلۆر، گەندەڵییەکی سیستماتیک، گەورە بوونەوەی مەودای کەلێنی نێوان دەسەڵات و جەماوەر، ڕێژیم ڕەوایەتیی لە نێو پێگەی کۆمەڵایەتیی دەستوپێوەندەکانی خۆشی نەماوە. ئەو ئەتنیکە ناوەندگەرایەش کە چەندین دەیە ببووە ئامرازی کۆنترۆڵ و تۆکمەییی حاکمییەتی ئێرانی، خۆی بووەتە یەکێک لە هۆکارەکانی درزتێکەوتن و بێمتمانەییی جەماوەری و کەلێنی ئاشکراتری لە پێکهاتەی حەكمییەتەکە بەدی هێناوە.

لەجەرگەی ئەو قەیرانە ئاسایشی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی ئێستا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان گرتووەتەوە، شەپۆڵی نەتەوەخوازییەکی ئاگایانەی سیاسی و فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵکشاندایە. ئەم دیاردەیە نەک هەر ڕووداوێکی کاتی و بڕگەیی نییە، بەڵکوو زایەڵەی دەنگی نەتەوەیەکە کە نیشتمانەکەی داگیرکراوە و لە پێکهاتەیەکدا کە ناسنامەکەی بە گێڕانەوەگەلی فارس تەوەر بە ناوی ئێران پێناسە کراوە، پەڕاوێز خراوە. ئەم بزووتنەوەیە، میراتی مێژوویەکی درێژی خۆڕاگریی هەڵگرتووە و بەردەوام لە خۆپێناسەکردنەوە و پەرەسەندنی نەتەوەییی خۆیدایە. بەڵام سەرەڕای هاودەنگییەکی نوێی نێوان هێزە کوردستانییەکان، یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاست ئەو توانا و یەکگرتووەییەدا نییە کە کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان لە سەر ئاستی کوردستان لە ڕۆژهەڵات نیشانی دەدات، ئەمەش دەکرێت بە خاڵێکی لاوازی بزووتنەوەکە دابنرێت کە هیواخوازین بە هەوڵی هەموو لایەنەکان، کۆمەڵگە و دەستەبژێری کوردستان، ئەو یەکڕیزییە بەدی بێت.

 حاکمییەتی ئێرانیی فارسی-شیعەتەوەر کە ئێستا لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زاڵە، نەک هەر میراتی گێڕانەوەی تاکتەوەری ئێرانشاریی هەڵگرتووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای ویلایەتی فەقیهدا، لە فۆڕمێکی تردا سەرەڕۆییی ناوەندگەراییەکی پاوانخوازانەی ڕێژیمی پاشایەتییشی پاراستووە و پەرە پێداوە. ئەم سیاسەتانە لە ژێر دەسەڵاتی چەندین دەیەی پێکهاتنی دەوڵەتی نوێی ئێراندا، لە پێناو دەوڵەت-نەتەوەیەکی یەکپارچەدا بە پێی زمانی فارسی و گێڕانەوە و پەروەردەی زاڵ، لە بواری پەوروەردە، میدیا و دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە بە سەرکوتکردنی زمان و کولتووری نەتەوەکانی دیکە پێش خراوە و بەردەوامە. ئەم سیاسەتانە نەک هەر بە شێوەیەکی سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچن، بەڵکوو گوتاری بەشێک لە بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرای ئەو ڕێژیمەش پێک دەهێنن و هەر نەبێت واقیعی فرە نەتەوەییی نەتەوەکان لە ئێران، نەک هەر حاشای لێ دەکردرێت، بەڵکوو بۆ داشاردن(کیتمان)یش لە گوتاری سیاسیی ئێستایاندا بە زەقی دیارە. ئەمانە ڕاست ئەو سیاسەتانەن کە فۆکۆ گوتەنی، دەسەڵاتەکە نەک هەر لە سەرکوتدا، بەڵکوو بەرهەمهێنان و بەدیهێنانی “ڕێژیمی هەقیقەت”یشدا دەیخەنە ڕوو. هەقیقەتێک کە تەنیا یەک گێڕانەوە لە چوارچێوەی زمانی فارسیدا ڕێگەپێدراوە و ئەوانی دیکە پشتگوێ خراون یان لە ژێر ناوی کڵیشەیەکی ڕەگەزپەرستانەی وەک “تەجزیە تەڵەبی”دا بە مۆرکی ئاسایشی سەرکوت دەکرێن.

بەڵام هەر وەک ئانتۆنی گرامشی دەڵێت هەر دەسەڵاتێک بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆی، جگە لە بەکارهێنانی هێزی زۆر، پێویستیی بە ڕەزامەندییش هەیە و هەر کات ئەم ڕەزامەندییە نەما، قەیرانی باڵادەستییش بەدی دێت. ئێستا دەسەڵات و ئوپۆزیسیۆنی ناوەندگەرای دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران، لە جووڵاندنی جەماوەر و کۆمەڵگە بە گشتی داماون یان لاوازن. لە وەها بەستێنێکدا بەرخۆدان و جووڵەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوە پەڕاوێزخراوەکان، بە تایبەتی کورد، بە هێزی ڕژدی تێکشکێنەری ئەو یەکپارچەییە ئایدۆلۆژییە لە دژی باڵادەستیی فاشیزمی خۆسەپێنی ئێرانی دادەنرێت و بەهەوڵ و تێکۆشانی زیاتر، دەکرێت هاودەنگیی ئازادیخوازانی تریشی لە نێو نەتەوەکاندا بۆ بدۆزرێتەوە و بەهێز بکـرێت.

وتارەکانی تر

Nothing Found

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!