گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

شیکاری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

ئەحمەدی، ڕێژوان (٢٠٢٤): لەمەڕ چەپی کوردی. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٢٣٣–٢٢٨ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

هاتنی ئەندێشەی چەپ [بە واتا ماڕکسیستییەکەی] بۆ ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتداریی قاجارەکان؛ بەڵام لەگەڵ هاتنەسەرکاری پەهلەوییەکان بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دواتریش حیزبی توودە بە فەرمی دامەزران. گوتاری سەرەکیی حیزبە چەپەکانی ئێران جیاواز لەوەی بە جلوبەرگی ماڕکسیستی داپۆشرابوون، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەییی ئێران و جوغڕافیای سیاسیی ئێران خۆی پێناسە کردووە. ڕەگەی “نەتەوەگەراییی ئێرانی”، هەمیشە لە هەناوی ئەو گوتارەدا هەبووە و پاراستنی مەفهومی “ئێرانی فەرهەنگی”ی بە ئەرک و ڕەسالەتی خۆی زانیوە.

لەمەڕ چەپی کوردی

ڕێژوان ئەحمەدی

عەداڵەت چەمکێکی فرەڕەهەند و فرەمانایە، بەو واتایە کە ئەو چەمکە لە قوتابخانە فکرییەکان، مانا و مەدلوولی جیاواز بەرهەم دێنێ و ئەوەش لە سەردەمی ئێستا بووەتە بەشێک له ناکۆکییە فکرییەکان. ڕوون و ئاشکرایە چەمکە فکری و فەلسەفییەکان بە پێی هەلومەرج و دۆخی بەستێن و کانتێکستەکان، مانای تایبەت بەخۆیان بەرهەم هێناوە و هەوڵیان داوە لە ڕێگەی دروستکردنی دەزگا و سیستەمێکی فکری و کۆنکرێتی، کێشەکانی کۆمەڵگای خۆیان چارەسەر بکەن. نکۆڵی لەوە ناکرێ ڕێبەرانی سیاسیی عەداڵەتخواز وەک “مائۆتسەتۆنگ”، “ویلادیمیر لێنین” و “فیدێل کاسترۆ” و زۆرانی تر، بیرۆکەی ماڕکسیستییان هەبووە و لە ژێر کاریگەریی “کاڕێڵ ماڕکس”، چەمکی “عەداڵەت”یان کردووە بە چەقی بیرکردنەوەیان. بەڵام ناتوانین ئەو فێڵە لە خۆمان بکەین و بڵێین هەر یەک لە ماڕکسیسمی ڕووسی، چینی و ئەمریکای لاتین، بە یەک شێوە کاریگەرییان هەبووە و یەک هێڵی فکری و عەمەلییان کێشاوەتەوە. بێگومان بەستێنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووریی ئەو وڵاتانە لێکتر جیاوازن و هەر وڵاتە بە پێی بارودۆخێ تایبەت بە خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.

 چینی سەردەمی مائۆ، چینێکی پێش هاتنی سەرمایەداری بوو و بەشی زۆری خەڵک بە شێوەیەکی نەریتی دەژیان و ئابوورییەکەشی لەسەر بنەمای کشتوکاڵ هەڵدەسووڕا؛ بۆیە مائۆ زۆرتر لەسەر هێزی “وەرزێڕ”ی وڵاتەکەی چڕ بۆوە و ئەوانی کرد بە جێبەجێکاری سەرەکیی گۆڕانی مێژووییی وڵاتەکەی. کۆمۆنیستەکانی چین بە ڕێبەرایەتیی مائۆ، توانیان گەورەترین دوژمنی خۆیان و داگیرکەری وڵاتەکەیان واتا ژاپۆن ڕاو بنێن و لە وڵاتی خۆیان دەریان بکەن و کۆماری سۆسیالیستیی چین دابمەزرێنن و چین لە دەستێوەردانی بێگانە بپارێزن. هەروەها لە ڕووسیا کاتێک حیزبی بەلشەویک خەباتی چینایەتیی خۆی بە ڕێبەرایەتیی لێنین دەست پێ کرد، خەڵک بە دەستی تێزارەکانەوە دەیانناڵاند و لێنین بە لۆکاڵیکردنی تێئۆرییەکانی ماڕکس، فەزایەکی سیاسیی تازەی لە وڵاتەکەی خۆی خوڵقاند و بوو بە ئیلهامبەخشی بەشێکی زۆر لە ڕوناکبیرە ماڕکسیستەکانی جیهان. دەمهەوێ بڵێم پرسی “عەداڵەتخوازی” بە پلەی یەکەم هاوکات بوو لەگەڵ ڕزگاریی نیشتمانی. ئەگەر مائۆ دووبارە بە نموونە بێنینەوە دەبینین کە سۆسیالیسم هاتە خزمەت نەتەوەی چین و یەکسانیخوازیی بۆ ئەو نەتەوەیە بەرهەم هێنا. چینییەکان لێی بەهرەمەند بوون و پێی ڕزگار بوون [بەرانبەرکێ لەگەڵ ژاپۆنییەکان]. هەروەها لێنین باسی مافی نەتەوەکان له دیاریکردنی چارەنووسی خۆیانی کرد و تەنانەت ئیجازەی جوێبوونەوەی پێ دان لە ئەگەری زوڵم و زۆرداریی نەتەوەی باڵادەست بە سەر ژێردەستدا.

هاتنی ئەندێشەی چەپ [بە واتا ماڕکسیستییەکەی] بۆ ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتداریی قاجارەکان؛ بەڵام لەگەڵ هاتنەسەرکاری پەهلەوییەکان بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دواتریش حیزبی توودە بە فەرمی دامەزران. گوتاری سەرەکیی حیزبە چەپەکانی ئێران جیاواز لەوەی بە جلوبەرگی ماڕکسیستی داپۆشرابوون، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەییی ئێران و جوغڕافیای سیاسیی ئێران خۆی پێناسە کردووە. ڕەگەی “نەتەوەگەراییی ئێرانی”، هەمیشە لە هەناوی ئەو گوتارەدا هەبووە و پاراستنی مەفهومی “ئێرانی فەرهەنگی”ی بە ئەرک و ڕەسالەتی خۆی زانیوە. ڕوناکبیرانی چەپی ئێرانی زۆر بە باشی لەو ڕاستییە تێگەیشتوون کە مەفاهیم و تێئۆرییەکان تەنێ کەڵک و ئیستفادەی موجەڕڕەد و ڕووتیان نییە کە دەقاودەق و بێ دەستکاری وەرگێڕدرێنە سەر کۆمەڵگای ئێرانی. ئەوان نەهاتوون چوارچێوەی بنەڕەتیی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی تێک بدەن [کە باش دەزانن بەرهەمی زێهنیەتی ناسیۆنالیستیی سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوییە و بە پێی بڕیار و حەڕەکەیەکی سیاسی بەسەر جوغڕافیای ئێراندا سەپاوە]ْ. واتا ئەوان دەزانن کە “ئێران” چەمکێکی سیاسییە و چەمکی “ئێرانی گەورەی فەرهەنگی” تەنیا فەنتازیا و خەیاڵێکە لە ناو زەینی پان ئێرانییەکاندایە، بەڵام وەک گریمانە و پێشمەرجێک بێ ئەوەی بۆ تەنیا جارێک گومانی لێ بکەن، پەسند کراوە.

 ماڕکس لە شی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان ژێرخان و سەرخاندا، ڕۆڵی سەرەکی بە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دەدات و حەوزەکانی وەک سیاسەت، فەرهەنگ و فەلسەفە بە لێکەوتەی ئەو پەیوەندییانە دەزانێ. واتا ئەگەر کانتێکستی ئێران بە شێوەیەکی ماڕکسی بخوێنینەوە، دەبێ چەمکی سیاسیی “ئێران” و “فەرهەنگی ئێرانی”، بە سەرخانی پەیوەندییە ئابورییەکانی قۆناغی سەرهەڵدانی پەهلەوی ببەستینەوە و بڵێین جوغڕافیای سیاسیی ئێران، لێکەوتەیە و دەرەنجامی هەوڵ و ماندوبوونی بورژوازیی ئێرانیە. کەوابوو دوبارە دەکرێ لە ڕێگەی دامەزراندنەوەی ئەو جوغرافییا سیاسییە ئەو تەقەددوسە لەسەر “تمامیت ارضی ایران” لابەین. بەڵام هیچ کات نابینین چەپی ئێرانی [هەڵبەت ئەگەر بڵێین چەپی فارس ڕەنگە دەقیقتر بێ] پەردە لەسەر ئەو لێکەوتە سەرخانییە لابات و مەفهومی جوغڕافیای سیاسی لە فۆڕماسیۆنێکی تازەدا پێناسە بکات. چەپی ماڕکسیستی ئێرانی بە هەوای ناسیۆنالیسمی ئێرانی تەنەففوس دەکا و وەکوو پڕەنسیپ و ستڕاتێژی قەبووڵی کردووە. دروشمی “بەرابەریی خەلقەکانی ئێران”یش لێرەدا لە بری ئەوەی مافی یەکسان بۆ گەلانی ئێران بەرهەم بێنێ، زیاتر بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی پڕۆژەیەکی سیاسی بەکار دێت و ئامانجە سەرەکییەکان لە ژێر دەزگایەکی گوتاریدا دەشارێتەوە. لەو دەزگا گوتارییەدا چەند پێشمەرجێک دیاری کراون. بۆ نموونە:

هەموو ئەو گەلانەی لە ئێران دەژین، بە ئێرانی حیسابن و بەشێکن لە نەتەوەی گەورەی ئێرانی.

“تمامیت ارضی ایران” (یەکپارچەییی خاکی ئێران) هێڵی سوورە و پێویستە یەکسانیخوازی، گەلان لەو ستڕاکتۆرە ڕزگار بکات و سیستەمی چینایەتی لە ناو ببات.

هێزی دیاریکەر و چارەنوسساز “کرێکاری ئێرانییە” و هەر ئەو کرێکارەشە گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات و لە کۆتاییدا لەدەست سەرمایەداری ڕزگاری دێت.

لێرەدا چەپی ماڕکسیستی ئێرانی [بە هەموو لقەکانیەوە]، خۆی خستووەتە خزمەت نیشتمانی ئێران و بە پاراستنی سەرخانی بونیاد و ستڕاکتۆری داسەپاو (کە بەرهەمی ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانن) درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. ڕەنگە لێرەدا ئەو پرسیارە دروست بێ، گەلۆ مەگەر پێشتریش ئێمە نەمانکوت هەر وڵاتەی بۆ ڕزگاری و پێشکەوتنی ڕەهەندە جۆراوجۆرکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کەلتووریی خۆی ئەندێشەی ماڕکسیستیی بەکار هێناوە؟ ئەی بۆچی کە باسەکە گەیشتە جوغڕافیای سیاسیی ئێران، هێندە مانۆڕی دێتەسەر کە چەپەکان ستڕاکتۆرەکان دەپارێزن و هەوڵی بەرجەستە کردنەوەی چەمکی “ئێرانی فەرهەنگی” دەدەن؟ ڕەنگە وڵامی ئەو پرسیارە پێویستی بە لێکدانەوەی زۆر هەبێ و لە ڕوانگە و گۆشەنیگای جیاوازەوە شیکاریی بوێ. بەڵام ئەگەر لە دەلاقەی “پرسی نەتەوەکانی ئێرانەوە” چاوی لێ بکرێ، دەبینین کە عەینییەت بەخشینی چەمکی ئێرانی فەرهەنگی و گریمانەگرتنی ئێرانی سیاسی، خۆی لە خۆیدا درێژەپێدان و بەرهەمهێنانەوەی ناعەداڵەتییە بە هەموو جۆرەکانیەوە :

لە بواری پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە، پەڕاوێزی ئێران دەبەستێتەوە بە ناوەندی ئێرانەوە. واتا دووبارە هەڵاواردن لە ئاستی ناوچەکانی ئێران دروست دەبێت. سۆسیالیسمی دەوڵەتی کە خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنانە و دژی “خاوەندارێتیی تایبەت”ە، دەکەوێتە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتداران کە هاوکات پێداگرن لەسەر مێژویی بوونی ئێرانی فەرهەنگی و “خزمەت بە ناوچە فارس نشینەکان دەکات”.

لە باری سیاسی و دامودەزگای ئیداری و بە گشتی بۆڕوکڕاسی لە ئێران، بە حوکمی ئەوەی دامەزراوە حکوومییەکان لە ناوەندی ئێران دامەزراون و جێگیر بوونە و ماڕکسیستی ئێرانی هەوڵی بۆ دێسێنتراڵیزەکردنی دەسهەڵات لە ڕێگەی بونیادنانی سیستەمێکی کۆنفێدێڕاڵی [غەیری ناوەندی] نادات، نەتەوەکانی غەیری فارس بە جۆرێکی تر دەچەوسێنێتەوە و دیسان لە دەسەڵاتی سیاسی بێبەش دەکرێن یان باشترە بڵێین “کۆمۆنیستە غەیرە فارسەکان” کە خاوەنی شوناس و حافیزەیەکی مێژوویی- ئانتۆلۆژیی جیاوازن، لە “سۆسیالیسمی خۆماڵی و نیشتمانی”ی خۆیان دادەبڕێن و پەیوەندییەکانی باڵادەستیی فارسەکان بەسەر ژێردەستەییی غەیرەفارسەکان، ئەوجار بە ناوی “دەوڵەتی سۆسیالیستیی ئێران” تۆکمەتر دەکرێن.

لە باری کەلتووری و بە تایبەت مەسەلەی زمان و خوێندن کە دەچێتە خانەی پەروەردەوە، ماڕکسیستە ئێرانییەکان بەدیلێکی گونجاویان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ناسیۆنالیسمی فەرهەنگیی نەتەوەکانی غەیرەفارس پێ نییە. لە حاڵێکدا کە نەتەوە غەیرەفارسەکان باس لە “خوێندن بە زمانی زگماکی” دەکەن و بە فەرمی ناسینی زمانەکەیان له لایەن دەوڵەتی سۆسیالیستی ئێرانەوە، بە لانیکەمی مافە ڕەوا و بەدیهییەکانی خۆیان دەزانن، لە باشترین حاڵەتدا ماڕکسیستە ئێرانیەکان تەنیا “خوێندنی زمانی زگماکی” بە ڕەوا دەزانن و لەوەی بترازێ مافێکی تر قائیل نین. ئیدی چۆن چارەسەری مەسەلەی شوناسخوازانەی نەتەوە غەیرەفارسەکان، وەک خەسارێک بۆ چەسپاندنی سۆسیالیسم دەبینن، ئەوە دەبێ بۆخۆیان وڵام بدەنەوە. هەرچەند وڵامەکە لای ئێمە ڕوونە و باش دەزانین ئەو بیرۆکەیە پاشماوەی بەجێماوی شۆڤێنیزمی فارسییە کە لە فۆڕمی چەپدا سەری هەڵداوەتەوە.

بە پێچەوانەی ڕەخنەی باو [بە تایبەت ناسیۆنالیستە کوردەکان]، کێشەی چەپی کوردی ڕۆژهەڵات ئەوە نییە ئینتمای چینایەتیی هەیە و حەول بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان دەدات. بە عەکسەوە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئامانجێکی پیرۆز و ئەخلاقییشە. کەڵکەڵەی هەبوونی کۆمەڵگایەک کە تێیدا “عەداڵەت” دەستەبەر کرابێ، یەکێک لەو پرسە گرینگانەیە کە لە فەلسەفەی سیاسیدا بە مەبەستی شەرعییەتدان بە حوکمڕانی هاتووەتە بەر باس. واتا بۆ ئەوەی حوکمڕان دەسەڵاتێکی مەشڕووعی هەبێ و خەڵکیش پەیڕەوی ئەو دەسەڵاتە بن، پێویستە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حوکمڕان، چەسپاندنی عەداڵەت و مامەڵەکردنی یەکسان لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگا بێ.

کێشەکە کاتێک دروست دەبێ کە چەپی کوردی ڕۆژهەڵات دەبێت بە پاشکۆ و بەشێک لە جەستەی چەپی ئێرانی. واتا کاتێک دەیهەوێ بوون و دەرکەوتەی هەبێ، لە بڕی ئەوەی سیستەمێکی مانادار و واتادار لە هەناوی تێزەکانی مارکس، بۆخۆی بەرهەم بێنێ و لە دۆخی مێژوویی – مەعریفی – ئانتۆلۆژیی تایبەت بە خۆیدا کەڵکەڵەکانی خۆی پڕۆبلێماتیزە بکات، دەچێتە پاڵ سیستەمی ماناییی ماڕکسیسمی ئێرانی و لە ژینگە-جەهانی ئەودا خۆی ئاراستە دەکات. لێرەدا ماڕکسیسمی کوردی ڕۆژهەڵات، ماڕکسیسمێک نییە کە چینی کرێکار و زوڵم لێکراوی خۆی واتا پڕۆڵتاریای کورد ڕزگار بکات؛ بەڵکوو دیسان “پڕۆڵیتاریای کوردی” دەبێ چاوەڕێی فریادڕەسی “پڕۆڵیتاریای ئێرانی” [لە واقع دا پڕۆڵیتاریای فارس] بمێنێتەوە و فەرمانی شۆڕش لەوی وەرگرێ. بەجێی ئەوەی سۆسیالیسم وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاریی بەشەرییەت بۆ خۆی دابمەزرێنێ و دەوڵەتی سۆسیالیستیی کوردستان بە ئامانجی دواڕۆژی خۆی بزانێ، هێز و وزەکانی خۆی چڕ دەکاتەوە بۆ ئێرانی گەورەی فەرهەنگی لە فۆڕمی سۆسیالیسمدا. ئێرانێک کە پڕۆڵیتاریای کوردی، هیچ ئینتمایەکی بۆی نییە و بگرە بە حوکمی ئەو چەوساندنەوەی بە دژی کراوە، بە ئاستێکی بەرز لەو چەمکە بێزارە و نایهەوێ دووبارە بچتەوە ژێر دەسەڵاتی.

 مێژووی هاوبەش و هەست و سۆزی هاوبەشی کرێکۆڵ و کرێکاری کورد له گەڵ نیشتمانەکەی خۆیەتی و “ژینگە-جیهان”ەکەشی جیاوازە لەو “ژینگە-جیهان”ەی ئێرانییەکان تێیدا ژیاون. تەنانەت لە باری “پەیوندییەکانی بەرهەمهێنان”یش جیاوازییەکی زۆر هەیە. سەرمایەداری [هەڵبەت ئەگەر دانی پێدانێین لە کوردستان ئەو قۆناغە تەجروبە کرابێ] لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە میکانیسم و کاڕگێڕییەکی جیاواز لە سەرمایەداریی سەنعەتیی ئێرانی خۆی نیشان داوە. هەروەک لە سەرەتاوە باسمان لە جیاوازییەکانی سۆسیالیسمی مائۆیی و لێنینی کرد، لێرەشدا ئەشێ باس لە ئێلێمان و توخمە جیاوازەکانی سۆسیالیسمی کوردی و ئێرانی بکەین. سۆسیالیسمی کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە بە دنیابینیی سەرچاوەگرتوو لە پرس و کەڵکەڵەکانی کۆمەڵگای خۆی، دۆخی کرێکارانی کورد چارەسەر بکات. پاراستنی بونیاد و چوارچێوە داسەپاوەکانی ئێران و حەولدان بۆ چارەسەری بە پشت و پەنای سۆسیالیسمی ئێرانی، ناتوانێ “سەرخان”ە سیاسی و کەلتورییەکان بگۆڕێ. هەر ئەو “سەرخان”ەش ڕێگرە لەوەی چەمکگەلی تازە لە حەوزەی سیاسی، ئابووری و کەلتووریدا بێنە ناو جوغڕافیای سیاسیی ناوچەکەوە.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!