گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

تیۆری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

حەسەنیان، ئالان  (٢٠٢٤):مافیای ئاوی ئێران و ئاسەوارە ماڵوێرانکەرەکانی. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٧٩–٥٠ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

ئەو توێژینەوەیە لە پەیوەندیی ناهاوسەنگی ناوەند-پەراوێز لە ئێران و کێشەکانی پەیەوەندیدار بە هەڵوێستی دەوڵەت لەمەڕ ئاسایشی ئاو دەکۆڵیتەوە. لێکۆڵینەوە لە قەیرانی ئاوی ئێران، گرژی و ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە دەستڕاگەیشتن و بەشینەوەی سامانەکانی ئاو ئاشکرا دەکات. ئەو توێژینەوەیە پێی وایە سیاسەتی ئاویی دەوڵەت پڕ کێشەیە و کاردانەوەی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی- ژینگەیی لەسەر کۆمەڵگا ژێردەستەکانی ئێران هەیە.

مافیای ئاوی ئێران و ئاسەوارە ماڵوێرانکەرەکانی

کورتە

ئاو دینامیکی جۆراوجۆری سیاسی-ئابووری هەن. کەمایەسیی ئاو دەبێتە هۆی کێشە و، ئەوە یەکێک لە کێشە ژینگەیی‌یە سەرەکییەکانی ئێرانە. وێژەی کێشەی ئاوی ئێران، کاردانەوەکانی ئەو بابەتە لە ڕوانگەی تێکچوونە فرە ڕەهەندییەکانی ژینگە، تێکچوونی کۆمەڵگا، دەوڵەت-کۆمەڵگا و کێشەی نێوان مەڵبەندەکان ئاشکرا دەکات. نزیکەی ٢٨ میلیۆن کەس لە دانیشتووانی ٨٥ میلیۆنیی ئێران، لە ناوچەکانی خاوەن قەیرانی کەمئاویدا دەژین، ئەوە دۆخێکە کە بە ‘مایەپووچی”ی ئاو دەستنیشان کراوە. کەمیی ئاو لە سەرانسەری ئێراندا بە شێوەی جیاواز هەستی پێ دەکرێ. بەشە نێوەندییەکانی فەلاتەکە، وێستگەی پیشەسازییە مەزنەکانی ئێران، ئەو شوێنەیە کە زۆرترین کەمایەسیی ئاو بەرچاو دەکەوێ. بەڵام، شوێنی خاوەن  سەرچاوەی ئاوی زۆر و زەبەندیش لەو کێشەیە بێبەش نەبوون. ئەو ناوچانە کە بە ‘حەوزە بەخشندەکان’ دەناسرێن، بە هۆی گواستنەوەی لە ڕادەبەدەری ئاوی نێوان حەوزەکان و دەستێوەردانە ئەندازییەرییەکانی دەوڵەت بە مەبەستی هەڵسوکەوت لەگەڵ کەمایەسیی ئاوی ناوچە ناوەندییەکان، تووشی جۆرێکی جیاواز لە کێشەی ئاو بوونەوە. دۆخێکی ناهاوسەنگ و پڕ لە کێشەی پەیوەندیی دەسەڵات لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا ژێردەستەکانی ناوچە پەراوێزەکان دروست بووە. لە ڕوانگەی ئەو توێژینەوەیە، ئەوە ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی‌یە کە مۆرکی هەژارکردنی چەند توێ و پێشکەوتنی ناسەقامگیریی کۆمەڵگاکانی ناوچە بەخشندەکانی پێوە دیارە.

وشە سەرەکییەکان

ئاو، گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان، ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، بەنداو، ڕێچکەی نەرم، ڕێچکەی ڕەق

پێشەکی

دۆخی ئێکۆلۆژیک و ژینگەیی ئێران بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی گەلێک لە چاودێران. دروست کردنی ژمارەیەکی ناڕێژەییی بەنداو، ژمارەیەکی ناڕێژەییی پڕۆژەی گواستنەوی ئاو لەنێوان حەوزەکانی ئاو، کەڵکی زێدەڕۆیانە لە سامانەکانی ئاوی سەر- و ژێر زەوی، ڕووتاندنەوەی بەربڵاوی دارستانەکان و بە بیابانبوون، پیسبوونی ئاو، وشکبوونی زۆنگ و گۆلەکان و، نموونەی زۆری دیکەی تێکچوونی ژینگە بوونیان هەیە (ئەمانەت، ٢٠١٦، لاپەڕەکانی ٩٤١-٩٢٥). ئەو ئاڵوگۆڕانە یارمەتیدەر دەبن تا ئێران لە ساڵانی داهاتوودا ببێتە یەکێک لە هەستیارترین جوغڕافیاکان بۆ مرۆڤ و ژیانی سرووشتی. لە هەمان کاتدا، سەرەڕای ئەوە، دەوڵەتی ئێران ئەو ئالنگارییانە وەک پرسی ناگرینگ سەیر دەکات و درێژە بە قوربانیکردنی ژینگەی سرووشتی بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەی وێرانکەر و پیشەسازییەکانی دەدا. سامانە ئاوییەکانی ئێران قوربانیی سەرەکیی گەشەکردن و چالاکییە پیشەسازییەکانن (دەوڵەت ئابادی، ٢٠١٢، مەدەنی و ئەوانی دیکە، ٢٠١٦؛ جەهانگەرد ٢٠١٨؛ حەسەنیان ٢٠٢٠؛ میرزاوەند و باقری، ٢٠٢٠). بەنداوی زەبەلاح، تونێل و کاناڵ لە سەرەتاکانی نەوەدەکانی زایینییەوە بە مەبەستی باشترکردن و گواستنەوەی بەرفراوانی ئاوی نێوان حەوزەکان، گەیاندنی ئاو بە بنەماڵەکان، کشتوکاڵ و پیشەسازی لە ناوەندی ئێران جێبەجێ کراون. بەڵام، دەستپێشخەرییەکانی چالاکییەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان بوونە هۆی هەرا و مشتومڕی زۆر لەبارەی تێکچوونە کۆمەڵایەتی-ژینگەیی‌یەکانی پەیوەندیدار بەو پلانانەوە (کۆمیسیۆنی جیهانی لەمەڕ بەنداوان، ٢٠٠٠؛ قاسمی و وایت، ٢٠٠٧).

زیاتر لە یەک میلیۆن هێکتار زەویی کشتوکاڵی، باغی میوە و دارستان لە ئاکامی هەڵبەستنی بێ‌بەزەیی‌یانەی بەنداوان ژێر ئاو کەوتوون، لە ئاکامدا زیانی بەرچاو بەر ئێکۆسیستەمی سەرانسەری ناوچە بەخشندەکان کەوتووە (سەڤیک، ٢٠١٦). بە گوێرەی دایرەی پارێزگاری لە ژینگەی ئێران، ٢ میلیۆن هێکتار یان ٪٦٧ی زۆنگاوە ٣ میلیۆن هێکتارەکانی ئێران لەناو چوون (مەیدان، ٢٠١٦). وێرانکارییەکە وەها بەرچاوە کە تەنانەت هێندێک لە کاربەدەستانی دەوڵەت دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە. بۆ وێنە، بە گوێرەی وەزیری پێشووی کشتوکاڵ، عیسا کەلانتەری، “ئەمڕۆ هیچ زۆنگ یان گۆلێکی وڵات نەماوە کە نەکەوتبێتە ژێر کاریگەریی چالاکییەکانمان. ئێمە خۆویستترین جیلین کە لە ٧ هەزار ساڵی ڕابردوودا لەو وڵاتە ژیاوین” (هەواڵدەریی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئێران، ٢٠١٧).   

کەمیی ئاو لە ئێران بووەتە هۆی خوڵقاندنی قەیران و کێشەی زۆر، لە ناویاندا بەریەککەوتنی پەرەئەستێن لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و لێکهەڵوەشانی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی. سیاسەتی ئاوی ئێران، بە تایبەت هەڵوێستی دەوڵەت لەمەڕ هەڵسوکەت لەگەڵ کەمیی ئاوی وڵات و دابینکردنی ئاو بۆ ناوچە وشکەکانی ناوەندی وڵات، ناتوانێ هەر وا بەردەوام بێ. لایەنێکی گرینگی قەیرانی ئاو لە ئێران ئەوەیە کە ئەزموونی کەمئاوی و هۆیەکانی ئەو کەمئاوییە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە (وێنەی ژمارە ١). گواستنەوەی ئاوی ناوچە و پارێزگاکانی باکوور، خۆراوا و باشووری خۆراوای ئێران، لە ناویاندا چوار مەحاڵی بەختیاری، خوزستان، کوردستان و مازەندەران (حەوزەکانی بەخشندە)، بۆ ناوچە بیابانە وشکەکان، لە ناویاندا ئیسفەهان، کرمان، قوم، سێمنان، یەزد و گوڵپایەگان (حەوزە وەرگرەکان) لە بەشە ناوەندییەکانی وڵات، بووەتە هۆی زەرەری قەرەبوونەکراوی کۆمەڵایەتی-ئابووری و هەژاریی ناوچە بەخشندەکان (وڵات بۆکان، ٢٠١٨ ب). ئەو سیاسەتە ئاوییە ناهاوسەنگە بووەتە هۆی خراپتربوونی پەیوەندیی دەسەڵات، کە پێشتریش خراپ بوو، لەنێوان ناوەند و خەڵکانی ناوچە پەراوێزەکانی وڵات. جووڵانەوەیەکی فرەلایەن بۆ دادپەروەریی ژینگەیی، ڕەتکردنەوەی سیاسەتی ژینگەییی دەوڵەت بەرانبەر بە ناوچە و سامانەکانیان وەک هەڵاواردنکار و ناسەقامگیر و، داوای کەڵک وەرگرتنی بەرپرسیاران لە ئاو و دابەشینەوەی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە سامانەکانی ئاو، لە ناوچە پەراوێزەکانی ئێران سەری هەڵداوە (تیموتی، ٢٠٠٥؛ میرزاوەند و باوری، ٢٠٢٠).

وێژەی ئاکادێمیک لەمەڕ ئەو پرسە بوار بۆ دیتنی دەستەواژەی لێکهاڵاوی دادپەروەریی ژینگەیی و ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی خۆش دەکات (رید، ٢٠٠٩). ئەو توێژینەوەیە باوەڕی وایە کە سیاسەتی ئاوی ئێران بە ئاشکرا ناوەندگەرایانە (کۆمپانیای ئاوی هەرێمی کوردستان، ٢٠٢١، ل. ٣)، هەڵاواردنکار و ئەتنیک گەرایانەیە و بە قازانجی دابینکردنی ئاو بۆ لایەنی دیاریکراوی کۆمەڵگا لەسەر حیسابی کۆمەڵگاکانی دیکە بەڕێوە دەچێ و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی زیانی بەرچاوی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی-ئابووری. لە بەشەکانی داهاتوودا، ئەوە شی دەکرێتەوە و زانیاری و بەڵگە پێشکەش دەکرێن کە کاریگەرییە تێکدەرانەکانی سیاسەتی ئاوی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر گەلان و کۆمەڵگاکانی تەواوی پارێزگا و ناوچە پەراوێزەکانی ئێران، کە دەبێتە هۆی هەژاریی زیاتر و پەراوێز خران، ئاشکرا دەکەن.

مێتۆد  

ئامانجی توێژینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری

ئەو توێژینەوەیە لە پەیوەندیی ناهاوسەنگی ناوەند-پەراوێز لە ئێران و کێشەکانی پەیوەندیدار بە هەڵوێستی دەوڵەت لەمەڕ ئاسایشی ئاو دەکۆڵیتەوە. لێکۆڵینەوە لە قەیرانی ئاوی ئێران، گرژی و ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە دەستڕاگەیشتن و بەشینەوەی سامانەکانی ئاو ئاشکرا دەکات. ئەو توێژینەوەیە پێی وایە سیاسەتی ئاویی دەوڵەت پڕ کێشەیە و کاردانەوەی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی- ژینگەیی لەسەر کۆمەڵگا ژێردەستەکانی ئێران هەیە (وینفیڵد و مۆریس، ١٩٩٤). تێگەیشتن لە قەیرانی ژینگەییی ئێران و کاریگەری لەسەر سەرهەڵدان و قووڵتربوونەوەی کێشەی نێوان کۆمەڵگەیی، چەندین ئامانجی لە پشتن. ئەو جۆرە توێژینەوانە یارمەتیدەری دەستنیشان کردنی سیاسەتی بەردەوامتری سامان و ژینگە و، بنیاتنانی پەیوەندیی یەکسانتر، گشتگرتر و دێموکڕاتیکتری نێوان ناوەند-پەراوێز لە وڵاتی پڕ کێشەی وەکو ئێرانن. ئەو توێژینەوەیە کەڵک لە شیکاریی چۆنایەتیی ناوەرۆک وەک مێتۆدی توێژینەوە وەردەگرێ. مەبەستی شیکاریی ناوەرۆک لێکدانەوەی زانیاری لەنێو بوارێکی دیاریکراودا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واتایانەیە کە خەڵک بۆیانی لەبەرچاو دەگرێ. ئەو زانیارییە توێژینەوەی سیاسی، بەڵگەنامەی دەوڵەتی (لە پەیوەندی لەگەڵ ڕاگواستنی ئاوی نێوان حەوزەکان و دروستکردنی بەنداو)، وتارەکانی هەڵمەتی سیاسی و شتی دیکە دەگرێتەوە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن، بخوێندرێنەوە، لێیان تێبگەن و بۆ مەبەستی تایبەتی کەڵکیان لێ وەربگیرێت. لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو زانیارییە، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە دەکرێ لێکۆڵینەوەیەکی باشوێژانە بەڕێوە بچێ و دەرئەنجام لە زانیاریی بەردەست، واتە نووسراوە و پەیام، لەمەڕ هەلومەرجی گەشەکردنەکەی و (هێندێک جار) ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی-کولتووریی لێدوانەکە وەرگیرێت (کریپەندۆرف، ٢٠٠٤). ئەو هەڵوێستە جەخت لەسەر لێکدانەوەی بابەتییانە دەکاتەوە و مەبەستی هەڵسەنگاندنی ژمارەیی زانیارییەکان و دەستەواژەی ژمارەیی نییە. لە جیاتان، ئەوە دەستنیشان کردنی بابەت و شێوازی جیاواز لە زانیارییەکاندا دەگرێتەوە. ئەو توێژینەوەیە لە لایەنە کێشەدارەکانی سیاسەتی ئاوی ئێران بە هەڵسەنگاندنی ژمارەیەک بیناسازیی ئاو (وەکو بەنداو، کاناڵی ئاو و تونێل) لە سەرانسەری پارێزگاکانی خوزستان، کوردستان، مازەندەران، چوارمەحاڵی‌ بەختیاری و هەروەها کاریگەرییە کۆمەڵایەتی-ژینگەیی‌یەکانی ئەو پڕۆژانە دەکۆڵێتەوە.  

بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی ئاویی دەوڵەت لە کۆمەڵگاکانی پەراوێزخراو و ژێردەستەکانی ئێران، هەروەها ڕوانگە ڕەخنەگرانەکانی چالاکانی بواری ژینگە، زانستوانان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، کە بە نوێنەرایەتیی ئەو کۆمەڵگایانە چالاکن کە ئەو سیاسەتە کاریگەری لەسەریان هەبووە. ئەو ڕوانگە نەرێنییانە و مەحکوم کردنانەی سیاسەتی گەشەپێدانی دەوڵەتیش بووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەی ناوەرۆک. بۆ جێبەجێکردنی ئەو توێژینەوەیە، گەڕانێکی بەرفراوان بەدوای زانیاریدا بەڕێوە چووە. زانیاریی کەڵک لێ وەرگیراو لەو توێژینەوەیەدا، لە سەرچاوەی جۆراوجۆر و بە بەکارهێنانی گەڕانی فرەزمانی کە فارسی، کوردی و ئینگلیزی دەگرێتەوە، دەستەبەر کراوە. پتر لە دوو سەد بەڵگەنامە، کە سەرچاوەکەیان پشتڕاست کراوەتەوە، پۆستی سۆسیال مێدیایی، بلاگ، بابەتی هەواڵ و ڕاپۆرت لەمەڕ ئاو و ژینگە، پشکنین و شیکارییان بۆ کراوە. لەو پەیوەندییەدا، زانیاری لە چەند پۆڕتاڵی سەرهێڵ وەکو مەیدان (https://meidaan.com/)، ئەژماری ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ژینگەپارێز لە ئینستاگڕام و تێلێگڕام (واتە t.me/chya_ngo, t.me/kanibell, t.me/sedayepayeab1, t.me/WllatBokan) وەرگیراون. ‘کەمئاوی’، ‘بەنداو’، ‘گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان، هەڵاواردن/ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی’، لە چوارچێوەی ئێراندا ئەو چەمکە سەرەکی و وشانە بوون کە بەدوای کۆکردنەوەی زانیاری بۆ ئەو توێژینەوە کەڵکیان لێ وەرگیرا. ئەوانەی ژێرەوە سەرچاوەکانی کۆکردنەوەی زانیاری، توێژینەوەی ستراتێژیک و بەڵگەنامە لەبارەی چالاکییەکانی گەشەکردنی ئاو و پڕۆژەکان بوون. ئەوانە زۆربەی هەرەزۆریان بە فارسین؛ جوغڕافیا و پەیوەندییە مرۆیی‌یەکان (جغرافیا و روابط انسانی)، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیک (مرکز بررسیهای استراتژیک)، گۆڤاری ئابووری  (مجلە اقتصادی)، بڵاڤۆکی زانستی-توێژینەوەی ئوقیانووسناسی (نشریە علمی پژوهشی اقیانوس شناسی)، کۆمپانیای بەڕێوەبەریی سامانەکانی ئاوی ئێران (شرکت مدیریت منابع آب ایران)، وەرزنامەی گەشەی ژینگەیی و نێوانکەرتی (فصلنامە علمی زیست و توسعە فرابخشی) و، گەلێک سەرچاوەی دیکە.

بێجگە لە بەشەکانی پێشەکی و مێتۆد، ئەو توێژینەوەیە لە سێ بەش پێک هاتووە:

١- چوارچێوە چەمکییەکە: بۆ باس و شیکردنەوەی ئەوە کە چۆن چەمکی وەکو ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، سوڕی ئاو-کۆمەڵگا [کاریگەریی دوولایەنەی ئاو-کۆمەڵگا] و، ڕێچکەی سەخت (بەرێوەبەریی لایەنی دابینکاری ئاو)، لە بەرانبەر ڕێچکەی نەرم (بەڕێوەبەریی لایەنی داواکاری ئاو)، سیاسەتی ئاویی ئێران دەگرنەوە.

٢- گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان و بەنداوە کان لە ئێران: ئەو بەشە دیدێکی گشتی لەسەر ژمارەی بەنداوەکان، کاناڵەکان، تونێلەکان و ژێرخانەکانی دیکەی ئاوی کە بوونە ئامانجی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان پێشکەش دەکات. جەخت لەسەر چەند نموونەی بینای ئاویی وێرانکەر لە ناوچە و پاریزگاکانی ژێر لێکۆڵینەوە دەکاتەوە. ئەو هەروەها شی دەکاتەوە چۆن دامودەزگاکانی ئێرانی پاساویان بۆ ئەو بینایانە و کاریگەرییە چارەنووسسازەکانیان لەسەر کۆمەڵگا-ژینگە و بەردەوامی هەیە.

٣- بەشی ‘کاریگەرییەکانی سیاسەتی ئاویی ئێران’ ڕوانگەیەکی بەربڵاوتر لەسەر سیاسەتەکانی ژینگەیی ئێران و هەروەها پەرچەکردار و بەرهەڵستکارییەکانی ڕێکخراوە ژینگەپارێزە ناحکوومییەکان و کۆمەڵگا ژێردەستەکان بەرانبەر تێکچوونی ژینگە  و دەسپێشخەرییە گەشەکردنەکانی ئاراستە کراو لە لایەن دەوڵەت دەگرێتەوە. بێجگە لەوە، ئەو بەشە دەپەرژێتە سەر نیگەرانییەکانی پەیوەندیدار بە ئاو لە ڕوانگەی ناوچەیی‌یەوە، وەکو کێشەی نێوان ئێران و ئەفغانستان لەسەر مافەکانی ئاوی ئەمبەر ئەوبەری سنوورەکانیان و چۆن ئەوە دەتوانێ ببێتە هۆی کێشە و پێکدادانی ئەوتۆ کە سەقامگیریی هەرێمی بنکۆڵ بکات.

ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی

بابەتەکە بە شێوەی سەرەکی بە یارمەتیی چوارچێوەی چەمکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی شی دەکرێتەوە کە لە خوارەوە وردتر باس دەکرێ. لایەنەکانی سیاسەتی ئاو لە ئێران، لە ناویاندا دروستکردنی زێدەڕۆیانەی بەنداو و ئەندازیاریی ژێرخانی ئاو بۆ ڕاگواستنی ئاو لە پارێزگاکانی پەراوێزەوە بۆ ناوچە ناوەندییەکان، وەک ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی داسەپێنراو بەسەر تاقمە نەتەوەیی‌یەکانی نافارس، وەکو کورد کە دانیشتووانی ناوچە خۆرهەڵاتییەکانی ئێرانن، عەڕەبی خوزستان لە باشووری خۆراوا و گیلەکی مازەندەران لە باکووری ئێران سەیر دەکرێ. ئەو توێژینەوەیە هەروەها باسی ئەو بەنداوانە دەکات کە نە تەنیا لە ڕوانگەی ژینگەیی‌یەوە ماڵوێرانکەرن، بەڵکو لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی بەناو “مافیای ئاوی” ئێراندان. دوایین بڕگەی توێژینەوەکە باسێک لەسەر هاوکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بەرێوەبەریی ئاو پێشکەش دەکات، بە تایبەتی لە پەیوەندیی لەگەڵ ئاوە هاوبەشەکاندا (ڕەمەزانی، ٢٠١٩). ئەو توێژینەوەیە پەنجە لەسەر زیانە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی ئەزموونکراو لە هێندێک لە ناوچە پەراوێزەکانی ئێران، واتە چوارمەحاڵی بەختیاری، خوزستان، کوردستان و مازەندەران، بە چاویلکە تیۆریکەکانی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی دادەنێت (بولارد، ١٩٩٣؛ لازاروس، ٢٠٠٠؛ ئیگان، ٢٠٠٢). وێژەی بەردەست لەمەڕ ژینگەناسیی سیاسی باسی چۆنیەتیی کارتێکەریی دوولایەنەی سیاسەت و ژینگە، هی نێوان سەرکوت و بەرگریکردن و شێوازی کاریگەریی سیاسەتەکانی ئابووری و ژینگەیی لەسەر بەردەوامیی خەڵک و کۆمەڵگا ژێردەستەکان دەکات (ڕۆدریگێز-لاباخۆس و مارتینێز-ئالیەر، ٢٠١٥). بەڵگەی باش بۆ تێکگیرسانی کێشە ژینگەیی‌یەکان لەگەڵ کێشەکانی شوناسی مرۆڤ، کێشەکانی پەیوەندیدار بە خاکەوە و کێشمەکێشەکان لەسەر سامانەکان، لەبەردەستدان (گلیەک، ١٩٩٣؛ رەنجان، ٢٠١٢؛ خان و ئاوان، ٢٠٢٠).

دەستەواژەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی بۆ یەکەم جار لە ١٩٨٢ لە لایەن بنیامین چاڤیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێشخستنی خەڵکی ناسپیپێست و چالاک و ڕێکخەرێکی لەمێژینەی خەبات بۆ مافە مەدەنییەکان، کەڵکی لێ وەرگیرا. چەمکەکە لەخۆوە کاتێک درکا کە چاڤیس خەریکی خۆ ئامادەکردن بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بە یانەی ڕۆژنامەوانیی نیشتمانی بوو کە ناوبراو یەکێک لە نووسەرانی بوو و لەبارەی سەرگوێلکی پاشماوەی ژاراوی و ڕەگەز لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بوو. بە گوتەی خودی چاڤیس، “[من] هەوڵم دەدا تێبگەم چۆن بتوانم بە شێوەیەکی گونجاو باسی ئەو شتە بکەم کە لە ئارادایە. ‘ڕەگەزپەرستی’ی ژینگەیی بە مێشکمدا هات. ئەوە ئەو کاتە بوو کە من دەستەواژەکەم دروست کرد. بۆ من، ئەوە ئەو شتەیە کە ڕوو دەدات. ئەوە بوو بە خاڵی وەرسووڕان بۆ یاسای ژینگەیی لە وڵاتە یەکگرتووەکان.” لازاروس دەڵێ “خاڵی وەرسووڕانی دادپەروەریی ژینگەیی “پاڵنەرەکەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی بووە”، بە تایبەت کاتێک کە تێکدانی ژینگە هۆیەکەی کار و چالاکییەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێلیتیست و ستەمکارە  (لازاروس ئاماژەی بە چاڤیس کردووە، ٢٠٠٠، لاپەڕەکانی ٢٥٨-٢٥٧). ئیددیعای ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی یان ئێکۆلۆژیکی هەروەها دەبێتە هۆی داوای چالاکانی بواری ژینگە بۆ کەڵک وەرگرتنی دادپەروەرانە و ڕەوشتی لە زەوی و سامانەکانی نوێبووەوە لە بەرژەوەندیی هەسارەیەکی بەردەوام بۆ سەرجەم گەلان و زیندەوەران (بولارد، ١٩٩٣).

بولارد دەڵی هەر جۆرە سیاسەت، کردار یان فەرمانێک کە کاریگەریی جیاوازی لەسەر خەڵک، تاقم یان کۆمەڵگای بێبەش، بە هۆی ڕەگەز یان ڕەنگ هەبێ، ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی‌یە. بێجگە لەوە، ئەوە ڕێکاری ئەوتۆش دەگرێتەوە کە پێش بە ئەندامانی تاقمە بێبەشەکان دەگرێ تا لە کۆمیسیۆنەکانی یاسادانەر و ڕێکخراوە دەوڵەتییەکاندا بەشدار بن (بولارد، ١٩٩٣، لاپەڕەکانی ٢٦-٢٣). ڕەگەزپەرستی دەوری سەرەکیی لە پلاندانانی ژینگەیی لە لایەن دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا هەیە، کە ڕەگەز فاکتەری سەرەکی بۆ کەوتنە ژێر مەترسییەکانی ژینگەیی و ساخڵەمی و دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکییە (بولارد، ١٩٩٣، ل. ١٧؛ لازاروس، ٢٠٠٠).

دەستەواژەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی هەروەها نیشان دەدا چۆن فاکتەرە ڕەگەزی، ئەتنیکی و ئایینییەکان دەبنە هۆی ئەوە کە تاقمە پەراوێزخراوەکان زۆرتر لە کۆمەڵگا خاوەن ئیمتیازەکانەوە زەرەریان پێ بگات و بکەونە ژێر کارتێکەریی مەترسییە ژینگەیی‌یەکان. تیۆرییەکە چەند جۆر بابەت دەگرێتەوە کە جەخت لەسەر ئاسەوارەکانی پرسە ژینگەیی‌یەکان لەسەر خەڵکانی بێبەش دەکات (پولیدۆ، ١٩٩٦). ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی لە کۆمەڵگای فرەچەشن (وەکو ئێران)، کە پیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگاکان دەکرێ زۆر جار وەک پەیوەندیی نێوان خاوەن ئیمتیازەکان و بێبەشان پێناسە بکرێ، کاتێک سەر هەڵدەدات کە سیاسەتەکانی ژینگەیی نوخبەگەرا و لایەنگرانەن، دەسەڵاتی کۆمەڵگا بێبەشەکان لەسەر کاروباری ژینگەیی کەم دەکاتەوە و ئەوان تووشی تێکچوونی ژینگەیی و بەتاڵانبردنی سامانە سرووشتییەکانی دەکات (پولیدۆ، ١٩٩٦، ل. ١٤٢).

ئەگەرچی لە وێژەی ئاکادێمیکدا دەستەواژەی بێلایەنیی ژینگەیی، دادپەروەریی ژینگەیی و ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی “زۆر جار ئاماژە بە پەیوەندیی جوغڕافیایی لەنێوان پیسکردن و سەرگوێلکەکان لە وڵاتانی کەم‌ داهات یان کۆمەڵگا کەمینەکان دەگرێتەوە”، مشتومڕێک لە ئارادایە ئاخۆ ئەو نموونانەی زانایان دەیبینن “وەک بەڵگەی نایەکسانی، نادادپەروەری و ڕەگەزپەرستی دێنە ئەژمار” (هۆڵیفیڵد، ٢٠٠١، لاپەڕەکانی ٧٩-٧٨). هیچ هاوڕاییەک لەنێوان زانایاندا لەبارەی چۆنیەتیی پێناسە کردنی دەستەواژەی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی بوونی نییە، ئەوە لە ڕوانگەی هێندێک کەسەوە هەڵخەڵەتێنانەیە. بەڵام، سەرەڕای ئاڵۆزیی مێتۆدناسی و دەستەواژەیی‌یەکەی، شێوەی شیکردنەوەی هۆڵیفیڵد بۆ ئەو دەستەواژەیە، ڕەوایی بە کەڵک لێ وەرگرتنی لەو توێژینەوەیەدا دەدات. ئەو دەڵێ دادپەروەریی ژینگەیی و ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی قەت چەمکی شیکەرەوەی ساکار نەبوون و نابێ بەو شێوەیە هەڵسوکەتیان لەگەڵدا بکرێ. وەک جێگرەوەیەک، ئەو پێشنیار دەکات:

ئێمە دەبێ قبووڵ بکەین کە خەڵک لە چوارچێوەی جوغڕافیایی، مێژوویی، سیاسی و، دامەزراوەیی جیاوازدا،

بە شێوەی جیاواز لە دەستەواژەکە تێدەگەن. لە جیاتی نەبوونی پێناسەی گەردوونی وەک بەربەستێکی

گەشەکردن سەیر بکەین، پێویستە لە پانتا و فرەیی لێکدانەوەکان وەکو ڕێنیشاندەر و یارمەتیدەری

توێژینەوەی نوێ کەڵکی لێ وەرگرین. بێجگە لەوە، ئێمە پێویستە دان بەوەدا بنێین کە لێکدانەوەکانی دەستەواژەکان، بە ناچار،  کاردانەوەی سیاسییان هەیە. توێژینەوەی ئێمە دەبێ گریمانەکانمان لەمەڕ

سرووشتی ڕەگەزپەرستی و دادپەروەریدا ڕوون بکاتەوە. (هۆڵیفیڵد، ٢٠٠١، ل. ٧٨).

 لە وڵامی نیگەرانییەکان لەمەڕ دابەشینەوەی ناهاوسەنگیی بارە ژینگەیی‌یەکان، ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ژینگەپارێز و ڕێکخراوانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ باسی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی‌یان کردووە. جووڵانەوەی دادپەروەریی ژینگەیی زۆر جار پرسیاری وەکو “قازانج و بارەکانی سیاسەتی ژینگەیی چۆن دابەش کراون؟ کێ چی بەر دەکەوێ، لە کوێ و  بۆ؟ ئاخۆ چالاکییەکانی گەشەکردن کاریگەریی ناهاوسەنگیان هەیە؟” و، گەڵیک پرسیاری ئەوتۆ (بولارد، ١٩٩٢). هێندێک لەوانە لە بەشی ئەو پرسیارەی توێژینەوەکەدا ئاماژەی پێ دەکرێ “سیاسەتی ئاویی ئێران چۆن یارمەتیدەری نادادپەروەریی ژینگەیی و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی لە ناوچە و پارێزگاکانی پەراوێزی وڵات بووە؟”

ڕێچکەی ڕەق لە بەرانبەر ڕێچکەی نەرمدا

کێشەکانی ئاو ئاڵۆزن و کاریگەریی بەرچاویان لەسەر مرۆڤان و ساخڵەمیی سیستەمی ژینگە و بەردەوامی هەیە. ئەو کێشانە وەکو ‘کێشەی باوی دژوار’ پێناسە کراون (گلەیک، ٢٠٠٣) و، ڕێگاچارەکەیان تێکەڵاوێک لە هەڵوێستی گونجاوی زانستی و دەوڵەتداری دەخوازێ. چەند ڕێگاچارەیەک، وەک بۆ وێنە ‘ڕێچکەی نەرم’ و ‘ڕێچکەی ڕەق’ بۆ بەڕێوەبەریی سامانە ئاوییەکان بوونیان هەیە. لەبەر بوونی ڕوانگەی جیاواز لەسەر ئاو وەکو سامان، تەکنیکی جیاواز بۆ دابینکردن و داواکاریی جیاواز هەن. ‘ڕێچکەی ڕەق’ پێی وایە ئاوی تازە بە ڕێژەی بێ‌سنوور هەیە و سامانەکان بە شیوەیەک گەشەیان پێ دەدرێ تا پێداویستیی مرۆڤەکان دەستەبەر بکرێ. بەڵام، ‘ڕێچکەی نەرم’ دان بەوەدا دەنێ کە سامانەکانی ئاوی تازە سنووردارن، بۆیە لە جیات گەڕان بە دوای سەرچاوەی دابینکردنی بێ‌سنوور، جەخت لەسەر باشترکردنی بەردەوامی کاریگەرییەکەی دەکات. بۆیە، لە دۆخی کەمیی ئاودا، ڕێگاچارەی بەڕێوەبەریی دابینکردن ئەوەیە لە جیات زیاترکردنی ئوتوماتیکی سەرچاوەی ئاوی زیاتر، ڕادەی کەڵک لێ وەرگرتنەکە کەم دەکرێتەوە (گلەیک، ٢٠٠٣؛ براندەس و کریوۆکەن، ٢٠٠٦). ئەو ڕێگاچارەیە تێوەگلاندنی خەڵکی هەرێمەکە لە بڕیاردان لە مەڕ بەڕێوەبەریی ئاو، دابینکردن و کەڵک لێ  وەرگرتنی دەگرێتەوە، لە کاتێکدا کە هاوکات برەو بە سیستەمی بەردەوام و درێژمەودا بە دابەشینەوەی گونجاوی سەرچاوەکانی ئاو دەدرێ. بێجگە لەوە، بە گوێرەی ئەو هەڵوێستە “ئامانجی کۆمەڵگا نابێ بەکارهێنانی ئاو، بەڵکو خۆشبژیویی کۆمەڵگا و تاک بۆ هەر یەکەیەک لە ئاوی بەکارهێنراو” (گلەیک، ٢٠٠٣، ل. ١٥٢٧). بروکس و پیترز لە کتیبەکەیاندا (١٩٨٨، ل. ٣) کە وەکو هەڵوێستێکی شۆڕشگێرانە و خۆگر لەبارەی بەڕێوەبەریی سامانەکانی ئاو، لە کاتی کەمیی ئاودا، سەیر دەکرێ دەڵێن بەڕێوەبەریی لایەنی داواکاری ئاو بە شێوەیەک پێناسە بکە کە، “هەر ڕێکارێک کە ڕێژەی مامناوەندی و ترۆپکی هەڵێنجانی ئاو لەسەر زەوی و سامانە ژێرزەوەییەکان، بێ‌ئەوەی ڕادەی تێکچوونی چڵکاو زیاد بکات، کەم بکاتەوە”.

پەرەپێدانی ژێرخانە ئاویی-ژینگەیی‌یە زیانبەخشەکانی دەوڵەت، وەکو پلانەکانی بەنداو و گواستنەوەی ئاوێ نێوان حەوزەکان، لەگەڵ بەکارهێنانی زیادەڕۆیانەی سامانەکانی ئاو ( واتە بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و پیشەسازی )، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە لە ئێران بەڕێوەبەریی لایەنی دابینکاری ئاو، هەڵوێستی سەرەکییە. کەوابوو، خولیای دەوڵەتە جیاجیاکانی ئێران بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن بە بەراورد بێبەشن لە ستراتێژییەکی ڕێچکەی نەرم، کە پێک هاتبێ لە سیاسەت و وەبەرهێنانی درێژخایەن و گشتگر بۆ بەڕێوەبەریی ئاو. شکستی ئەو دەوڵەتانە لە بەڕێوەبەریی لایەنی داواکاری ئاو دەتوانێ بۆ فاکتەری وەکو بەڕێوەبەریی خراپ، گەندەڵی و لاگریی ئەتنیکی  بگەڕێتەوە کە کاریگەری لەسەر ئەو لایەنەی کۆمەڵگا، ژینگە و سامانەکان هەیە (حەسەنیان و سوهرابی، ٢٠٢٢). بە هەست پێکردن بە سنووردار بوونی ڕێکارەکانی لایەنی دابینکار، هەروەها لە ئێران بیر لە بەڕێوەبەریی لایەنی داواکاریش کراوەتەوە. بۆ وێنە، بە لەبەرچاوگرتنی نزیکی لە کەنداوی فارس/عەڕەب، بۆ پەرەپێدانی سامانەکانی ئاوی شیرن، لە ناوچە کەنارییەکان کارگەی شیرنکردنی ئاو دروست کراون (پاپارێللا، داگۆستینۆ و برت، ٢٠٢٢).  بەڵام، بە لەبەرچاوگرتنی ئاسەوارە زیانبارەکانی بەڕێوەبەریی لایەنی دابینکاری ئاوی وڵات، ستراتێژیی ڕێچکەی نەرم وێدەچی بچووک و بێ‌بایەخ بێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێچکەی نەرم هەڵوێستێکی وەرچەرخانە بۆ بەڕێوبەریی ئاو کە “پێویست بە ئاڵوگۆڕی دامەزراوەیی، لێهاتوویی و ئامرازی بەڕێوەبەریی نوێ و، پشتبەستنی بەرینتر بە کرداری ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەر دەخوازێ تا تەنیا چەند ئەندازیار” (گلەیک، ٢٠٠٢، ل. ٣٧٣).

بە گوێرەی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی-ئاوی، ڕێژەی ئاو وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-سرووشتی سەیر دەکرێ کە بێ‌پسانەوە سرووشت و کۆمەڵگا لێک گرێ دەدا. ئەو هەم پڕۆسەیەکی فیزیکی و هەمیش کۆمەڵایەتییە (سوینشاداو، ٢٠٠٩؛ لەبباف خانیکی، ٢٠٢٠). بە ئیلهام وەرگرتن لە لێکۆڵینەوە بەربەرینەکەی سوینشاداو لەمەڕ لایەنی ئابووریی سیاسی و ئێکۆلۆژیکی سوڕی ئاو-کۆمەڵگا، ئەو توێژینەوەیە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە پێکهاتەی تەکنیکیی کۆمەڵایەتی سوڕی ئاو-کۆمەڵگا، نایەکسانیی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵی دەستڕاگەیشتن و پێشگرتن بە دەستڕاگەیشتن بە ئاو و لاسەنگیی دەسەڵاتی سیاسی کە کاریگەریی لەسەر ئاراستەی ئاو هەیە، پەیوەندییەکی نزیکیان بەیەکەوە هەیە.  سوینشاداو گوتەنی (٢٠٠٩، ل ٥٩) “بە ڕاستی پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان نەزمی ئاو-کۆمەڵگا و شێوازی سیاسی-ئابووری هەیە، بە واتایەکی دیکە، لەنێوان ‘سرووشتی کۆمەڵگا’ و ‘چۆنیەتیی ئاراستەی ئاوەکانی’، هەر پڕۆژەیەکی ئاو-کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵگا-ژینگەیە.” بۆیە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئاو لە ئێران، مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئاوەوە لەو وڵاتەدا لەبەر تیكەڵاوییەکی ئاڵۆز لە هۆیەکان، لە ناویاندا بەربەستی دامەزراوەیی ( واتە بەڕێوەبەریی خراپ، گەندەڵی و  لاگری)، پێداگرییەکی زێدەڕۆیانە لەسەر بەڕێوەبەریی لایەنی دابینکار و بەڕێوەبەریی نەشیاوی لایەنی داواکار، وێدەچی پەرە بستێنن.

گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان و بەنداوەکانی ئێران

گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە ئێران

ئەگەرچی بینای فیزیکیی ئاو، وەکو بەنداو و گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان سوودیان بۆ چەند میلیارد کەس لە سەرانسەری دنیادا هەبووە، لە هەمان کاتدا زۆر جار بوونە هۆی زەرەری مەزنی چاوەڕواننەکراوی ئابووری-کۆمەڵایەتی و ژینگەیی (گلەیک، ٢٠٠٣). پلانەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە ئێران بەخێرایی و بە شێوەیەکی هێرشبەرانە پەرە دەستێنن کە دەبنە هۆی تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی، کولتوور و کۆمەلگاکانی ناوچە بەخشندەکان. هەموو ساڵێک، پێشنیاری پڕۆژەی نوێ بە دەوڵەتی ئێران دەکرێ کە زەختی سیاسیی لە پشتە. ئەگەرچی پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان یارمەتییان بە کەمکردنەوەی چڕیی کەمئاوی لە ناوچە وەرگرەکان کردووە، بەڵام ئاسەوارەکانی بۆ ناوچە بەخشندەکان بەرچاو بووە. بە گوێرەی ئامۆژگاریی زانستی، پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان دەبێ تەنیا کاتێک پەسەند بکرێن کە دۆخی ژینگەیی هەنووکە و داهاتووی حەوزە بەخشندەکان پشترییەتی پێ  بدرێ، کاریگەرییان لەسەر سیستەمی ئاوی حەوزە بەخشندەکان نەبێ و خەڵکی ئەو ناوچانەی حەوزەکانی لێ هەڵکەوتووە، دژایەتی نەکەن. بێجگە لەوە، گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان تەنیا کاتێک کەڵکی لێ وەرگیرێت کە بە مەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ پێداویستییەکانی ماڵان بێ، نە وەکو بۆ مەبەستەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ (میدۆر، ١٩٩٢؛ تیەن بوی، ٢٠٢٠؛ کۆمپانیای ئاوی هەرێمی کوردستان، ٢٠٢١). بەڵام، بە هۆی لاگریی ئەتنیکی و گەندەڵیی دەوڵەتی، دامودەزگاکانی ئێرانی گوێ نادەنە پێوەر و ڕێنوێنییە ژینگەیی و زانستییەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان. دەوڵەت سەرەڕای وشکەساڵی، قەیرانی ئاو و ناڕەزایەتیی ناوچە بەخشندەکان، درێژە بە دروستکردنی بەنداو و ژێرخانەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان دەدا (فانی و مەعروفی، ٢٠١٧؛ عەبباسی، ٢٠٢١).

بە جەختکردنەوە لەسەر گرینگیی سیاسی و ئابووریی ئاو، ڕابێرت ئێف کێنێدی دەڵێ، ” ئێمە شایەتی شتێکی پێشتر نەبینراوین: چی دیکە ئاو لە هەورازانەوە ناڕژێتە خوار. ئەو بەرەو دراو دەڕوا” (سوینشاداو ئاماژەی پێ کردووە، ٢٠٠٩، ل. ٥٦). بە پشتبەستن بە لێدوانێکی گرینگ، سوینشاداو (٢٠٠٤) دەڵێ کە ڕوانگە سیاسی-ژینگەناسییەکان لەمەڕ ئاو پەیوەندییەکی ناسک لەنێوان دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری و گۆڕینی سوڕی هیدرۆلۆژیک لە ئاستی هەرێمی، ناوچەیی و جیهانیدا هەیە. تێۆریزانانی دەوڵەتی و کاربەدەستانی وەکو ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەنێوان ساڵانی ١٩٨٩ تا ١٩٩٧ و کەسایەتیی دیاری شۆڕشی ئێران لە ١٩٧٩ تا کاتی مردنی لە ٢٠١٧، هاندەری سیاسەتی ئێستای ئاوی ئێران بوو، واتە ڕەخساندنی بوار بۆ دروستکردنی بەنداو بۆ باشترکردنی دۆخی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان بۆ ناوچە ناوەندییەکانی ئێران، شوێنی ناوەندە پیشەسازییە زەبەلاحەکان و ئەو شوێنەی زۆربەی دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی ئێران خەڵکی ئەو دەڤەرەن. لەو سیاسەتەی دروستکردنی ژێرخانی زەبەلاحدا، بێجگە لە بەنداو، کاناڵ و تونێل لێدان ڕێکارە بنەڕەتییەکانی باشترکردنی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکانن. سەرەڕای ئاسەوارە نەرێنییەکانی ئەو سیاسەتە بۆ سەر ژینگە، دەوڵەت بە حەزەوە خەریکی جێبەجێکردنیەتی (ئیرنا، ١٩٩٦). بارودۆخەکە ئاشکرای دەکات کە گۆڕینی دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ ڕێکخستنی پێکهاتەی سوڕی هیدرۆلۆژیکی، سرووشتێکی سیاسییان هەیە و پەیوەندیی ئابووری دەورێکی پەرەئەستێن لە پێناسەکردنی پڕۆسەی سوڕی ئاو-کۆمەڵگادا هەیە و ئەو بابەتە دەکاتە هۆی ململانێ و مشتومڕ.

ڕێکخستنی سوڕی ئاو-کۆمەڵگا بە شێوەی ئاسایی نوێنگەی حەزە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی تاقمی خاوەن دەسەڵاتە. بۆیە، ئەوە زۆر گرینگە کە لێکۆڵینەوە لە کارتێکەریی دوولایەنە لەنێوان سیستەمەکانی سیاسی، ئاستی کەڵک وەرگرتن لە ئاو، بەڕێوەبەری و دابەشینەوەکەی و هەروەها پێکهاتەی سیستەمی ئاو-کۆمەڵگا بکرێت (سوینشاداو، ٢٠٠٤). بە گوێرەی مێهدی پەژوهێش، توێژەرێکی زانستگای شاری کورد، بەڵگەنامە و سیاسەتی ئاوی ئێران لە ٢٠١٩، “نادادپەروەرانەیە و بە شێوەیەک داڕێژراوە کە لە بەرەژەوەندیی دروستکەرەکاندایە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناوچە بیابانییەکان دەکات”، واتە پارێزگاکانی ناوەندی ئێران (لە مەیداندا ئاماژە بە پەژوهێش کراوە، ٢٠٢١ ئـ). ڕێژەیەکی بەرچاو لە گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان بە هۆی پەرەئەستاندنی چالاکییەکانی پیشەسازیی فرە ئاوخواز لە ناوچە بیابانییەکان پێویستە کە دەبێتە هۆی لێک‌هەڵتەکاندنی هاوسەنگیی نێوان دابینکردن و بەکارهێنانی ئاو. لەبەر ئەو هۆیە، پەژوهێش ستراتێژیی گەشەپێدانی دەوڵەت دێنێتە ژێر پرسیار و دەلیل دێنێتەوە کە “ئەو کۆمپانیا ئاو هەڵلووشەرانە پێویستە لە جیات ئەو شوێنانەی کامئاون، لەو پارێزگایانە دامەزرێن کە ڕێژەی ئاوی پێویستیان هەیە.” و ناوبراو ئەو پرسیارە دێنێتە گۆڕێ “بۆچی پارێزگاکانی ناوچەی زاگرۆس، بە پۆتانسیەلی مەزن بۆ گەشەکردن، پاشگوێ خراون و لە هەژاریدا جێ ماون لە کاتێکدا پیشەسازییە ئاو هەڵلووشەرەکان لە پارێزگا بیابانییەکانی ئیسفەهان، یەزد و کرمان جێگیر کراون” (مەیدان، ٢٠٢١ب).

لە ئێران، پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنانی خواردەمەنی/کشتوکاڵ، پۆڵا و گەشەی دانیشتووان سێ فاکتەری سەرەکیی داواکردنن کە ڕەنگدانەوەی کارتێکەریی نێوان دامەزراوە/مەرجەکانی نێوخۆیی و زەختی ژینگەیین. بۆ وێنە، خولیای دەوڵەتی ئێران بۆ خۆبژیویی خواردەمەنی و دابینکردنی ڕێژەیەکی ناهاوسەنگ بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ئەو پیشەسازییەی کردووەتە مەزنترین بەکارهێنەری ئاو لە ئێران. لەناو گەلێک پڕۆژەی جێگای مشتومڕدا، دانی مۆڵەتنامە بە گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە ڤەنەک بۆ سۆلگان بە نێوی هەوڵی خۆبژیویی خورادەمەنی پاساوی بۆ هێنراوەتەوە. دانی مۆڵەتنامە بە پلانی ئەوتۆ لە جیات ستانداردی زانستی-ژینگەیی بە هۆی زەختی کەس و دامەزراوەی دەستڕۆیشتوو مسۆگەر دەکرێن (مەرگان، ٢٠١٧). بێجگە لەوە ئاو بۆ ناوچەکانی ناوەندی ئێران بە مەبەستی ئاوداشتنی باغە پستەکانی ناوچەی ڕەفسەنجان لە پارێزگای کرمان ڕاگوێزراوە. لە کاتی بەڕێوەبەرایەتیی محەممەد مەرعەشی، کۆمپانیای گەشەپێدانی ڕەفسەنجان، لە ٢٠١٧ بەولاوە چاودێریی جێبەجێکردنی گواستنەوەی ئاوێ نێوان حەوزەکانی ڤەنەک-سۆلگان-ی کردووە. ئامانجی ئەو پڕۆژەیە دابینکردنی ئاو بۆ باغە پستەکانی ڕەفسەنجانە. بە گوێرەی کۆمپانیای ئاوی ماهاب قودس، ” گواستنەوەی ئاو بە مەودای ٦٣٧ کیلۆمیتر بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە باغەکانی پستە لە ڕوانگەی بازرگانییەوە ڕەوایە” (مەرگان، ٢٠١٧). هەروەها ئاوی بەنداوی ڤەنەک لە پارێزگای چوارمەحاڵی بەختیارییەوە بۆ ڕەفسەنجان گوازراوەتەوە. لە یەکەم ساڵەکانی سەرۆک کۆماریی محەممەد خاتەمیدا (٢٠٠٥-١٩٩٧)، چالاکییەکەی بە شێوەی کاتی وەستێندرا. بەڵام، گواستنەوەی ئاو لە ٢٠١٣ بەولاوە و دوای پەسەندکرانی لە لایەن ئاژانسی ژینگە لە کاتی دەسەڵاتداریی سەرۆک کۆمار حەسەن ڕوحانی (٢٠٢١-٢٠١٣) درێژەی هەبووە. لایەنگرانی پاراستنی ژینگە ئاشکرایان کرد کە ئەو پلانە بە نهێنی و دوور لە ستانداردەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان جێبەجێ کراوە (مەیدان، ٢٠١٩ئـ).

پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان بوونە هۆی هاندانی بەکارهێنانی زێدەڕۆیانەی ئاو لە ناوچە وەرگرەکان. بۆ وێنە، لە پارێزگای سمنان ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی هەر تاکێک لە ڕێژەی مامناوەندی وڵات زیاترە، بەڵام لەجیاتی هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنان، دەوڵەت پیشەسازیی ئاو هەڵلووشەری زیاتری لەو پارێزگایە دامەزراندوون، وەکو پیشەسازیی بەرهەمهێنانی پۆڵا (کیادەلیری لە مەیدان ئاماژەی پێ کراوە، ٢٠١٩ ب). پیشەسازیی پۆڵای پارێزگاکانی ناوەند قازانجی بەرچاویان بۆ وەبەرهێنەران هەیە، بەڵام کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژینگە و سامانەکانی ئاو هەیە. بۆ نموونە، لە بەرهەمهێنانی پۆڵادا نزیکەی ٢٣٠ هەزار لیتر ئاو بۆ دروستکردنی هەر تۆن پۆڵا بەکار دێ. بە پاشگوێ خستنی سەرجەم ئامۆژگارییە زانستییەکان، زۆربەی کارگەکانی پۆڵای ئێران لە ناوچە وشکەکان، وەکو پارێزگای خۆراسان یان ئیسفەهان هەڵکەوتوون کە ئەزموونی سەختی قەیرانی ئاویان هەبووە. دوو شاری پیشەسازیی دیکە، کە بەسەر یەکەوە ڕووبەری ٣٢٠٠ هێکتاریان دەبێ، خەریکە شارە پیشەسازییە ١٢ هەزار هێکتارییەکەی ئیسفەهان دروست بکرێ.

ئەو جۆرە پەرەپێدانی پیشەسازی لە ناوچەکانی بەناو بیابانیدا لە کاتێکدا جێبەجێ کراون کە ناوچەکانی وەکو چوارمەحاڵی بەختیاری، لۆڕستان، خوزستان، کوردستان و سیستان و بەلوچستان، سەرەڕای شیاوبوونیان، لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە پاشگوێ خراون. لەو ناوچانە هەلی بەرهەمهێنان و دامەزران بوونی نییە و، دەوڵەت ئەوەی کردووەتە سیاسەتێکی سیستەماتیک تا ئەوان هەژار و ناگەشەسەندوو بهێڵێتەوە. هەروەک ڕەخنەگرانی وەک حەسەن فروزانفەرد ئاماژەیان پێ کردووە، ” ئەو بڕیارە بۆیە دراوە چونکە بۆچوونی ئێلیتیست پێی وایە سوودی ئابووریی ئەو جۆرە چالاکییانە دەبێ بۆ هێندێک پارێزگای دیاریکراو، کە کاربەدەستانی دەوڵەتی لێی ڕاهاتوون، تەرخان بکرێ ” (مەیدان، ٢٠٢١ ج). بەڕاستی ئاسۆی ئابووریی ناوچە پەراوێزەکان چالاکانە زیانی پێ گەیشتووە، بۆ وێنە لەبەر وێرانکاریی ناوچەکانی ناوەندی زاگرۆس (مینبەری، ٢٠١٨)، بە هۆی زێدەڕۆیی لە دروستکردنی بەنداو و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە سەرچاوەکانی ڕووبارەکانی کاروون و دێزەوە. بە گوێرەی فەرەجی بیرگانی (٢٠١٧)، “بەرهەمهێنانی سامان لە شوێنی وەکو یەزد، ئەردەکان، موبارەکە، کرمان و ڕەفسەنجان لەسەر حیسابی لەناوبردنی ژینگە و هەژارکردنی خەڵکی ناوچە پەراوێزەکان جێبەجێ کراوە”. پیشەسازییە قورسە ئاوهەڵلووشەرەکانی ئیسفەهان، کرمان و یەزد دەتوانێ بۆ ئەو ناوچانە ڕاگوێزرێن کە سەرچاوەی زۆروزەبەندی ئاویان هەیە، وەکو کەنارەکانی چابەهار لە سیستان و بەلوچستان، یان هۆرمۆزگان. وەکو لە خوارەوە دێتە بەر باس، سیاسەتی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان و دروستکردنی بەنداوەکان، پاڵنەرەکەی بەرژەوەندیی تاکەکەسیی ئێلیتێکی گەندەڵ، یان “مافیای ئاوە”.

سیاسەتی ئاویی ئێران لە بەهای ژینگەیی بەتاڵە و ڕێچکەی ڕەق، ڕێگاچارەی فیزیکیی بەردەوام کەڵکیان لێ وەردەگیرێت تا کامئاویی ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێ، بەڵام ئەو ڕێگاچارانە بەرەوڕووی بەرهەڵستکاریی پەرەئەستێنی ئەو کۆمەڵگایانە دەبنەوە کە لە لایەن دەوڵەتەوە ئاوی ناوچەکەیان دەگوازرێتەوە. ناڕەزایەتیی زۆر دژی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە ناوچەکانی بەخشندە بەڕێوە چوون (وێنەی ژمارە ٢). لە چوارمەحالێ بەختیاری، ناڕەزایەتییەکان بە هۆی کەمئاوییەوە سەریان هەڵداوە کە کاریگەریی لەسەر ٤٦٠ هەزار کەس هەبووە، نیوەی دانیشتووانی پارێزگاکە دەستیان بە ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە ڕاناگا. خۆپیشاندەران لە شاری کورد، دروشمیان دەدا، “هیچ ئاوێک نابێ بگوازرێتەوە”، دەیانگوت بە دروستکردنی تونێلەکانی کوهرەنگ ٣، گولاب ٢ و بەهەشت ئاباد، سەرجەم پارێزگای چوارمەحاڵی بەختیاری بەخێرایی تێدا دەچێ. بە گوتەی قاسم تەقیزادە خەمسی، وەزیری وزە، لە هاوینی ٢٠٢١، ژمارەی ئەو شارانەی گیرۆدەی قەیرانی ئاو بوون گەیشتووەتە ٣٠٠، کە لەو ژمارەیە، ١٠١ شار لە دۆخی هەستیاری سووردان. گەلێک لە گرژییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان لە ئاکامی پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان و هاوڕا نەبوون لەسەر ئەو پرسە کە کێ دەستی بەو ئاوە ڕا بگات و چۆن سەریان هەڵداوە (حەسەنیان و سوهرابی، ٢٠٢٢) لە ناویاندا کێشەی نێوان کاربەدەستانی پارێزگاکانی وەرگری ئاو لە ئیسفەهان و یەزد و کێشەی نێوان شارەکانی پارێزگای کرمان (کوردەواران، ٢٠١٨). بۆ وێنە، لە دۆخی کرماندا، پسپۆڕان و دانیشتووانی باشووری کرمان دەڵێن ئامانجی گواستنەوەی ئاو دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی کرمانە، بەڵام ئاوەکە دەدرێ بە بەشی پیشەسازی (پەیک ئیران، ٢٠٢١).

بەنداوەکانی ئێران

لە کاتێکدا بەنداوەکان وەک جۆرێک تەکنەلۆژیای ئاو دەتوانن بووژێنەری پڕۆژە هەژەمۆنیکەکانی دەوڵەت و گەشەکردن بن، لە ئێران بە هۆگەلی جۆراوجۆرەوە خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان دژیان دەوەستنەوە. چالاکییە ئابوورییەکان هۆی سەرەکیی کێشەکانی ژینگەیی لە دنیان. گەشەی ئابووری و پێشکەوتن، هەردووکیان سەرچاوەی سامان و هەڕەشە بۆ سەر ژینگەن؛ ئەوان یارمەتیدەری بەردەوامبوونی نایەکسانین. گەشەی ناهاوسەنگ و بازرگانی بوونە هۆی ئافراندنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێوان نەتەوە و تاکەکان لە چوار سەدەی ڕابردوودا. ئەو پەیوەندییانە بە چەند شێوە پشتڕاست کراونەوە، لە ناویاندا “کۆلۆنیالیزم، ئیمپریالیزم، کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی و، ڕەگەزپەرستیی بە دامەزراوەییکراو” (هامیلتۆن، ١٩٩٣، ل. ٦٣). گەشەی بەردەوام بۆ نەتەوە ژێردەستەکان و مانەوەی کۆمەڵگاکان گرینگە (حەسەنیان، ٢٠٢١؛ رەحمانی، ٢٠٢٣)، بە تایبەت بۆ ئەو گەلانە “کە نە تەنیا بە دەست سیاسەتی ژینگەیی گەمژانەوە دەناڵێنن، بەڵکو گیرۆدەی هەژاریی پەرەئەستێن، سووکایەتیی کولتووری و نەبوونی دەسەڵاتی سیاسین” (پولیدۆ، ١٩٩٣، ل. ١٢٣).

بەنداو ژێرخانی گرینگ بۆ بەڕێوبەریی سامانی ئاون. لە سەرەتاکانی ١٩٤٠، لە سەردەمی پەهلەویی دووهەم (١٩٧٩-١٩٤١)، ئێران دەستی بە دروستکردنی یەکەم بەنداوی مودێڕن کرد، کە وەکو پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری، لەبەر یارمەتیدان بە بردنەسەری ئاستی ڕمێنی کشتوکاڵ ڕەواییان پێ دەدرا. بەڵام، دروستکردنی بەنداو لە ئێران بووەتە پیشەسازییەک کە لە کۆنتڕۆڵ و لە خزمەتی دامەزراوە گەندەڵەکانی دەوڵەتی، تاقم یان تاکدان، لە کاتێکدا خەڵکی ناوچە پەراوێزەکان تووشی مەترسیی نادادپەروەریی قووڵی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی دەکەن، دەبنە هۆی دەوڵەمەندکردنی ئەو لایەنانە. هەر وەکو فاتمە زەففارنژاد، پسپۆڕێکی بواری گەشەکردنی بەردەوام، ئاماژەی پێ کردووە “بەنداوەکان ئاو ناگەیەننە خەڵک، بەڵکو نانی هێندێک لە کۆمپانیاکان دابین دەکەن (لە ئامان ئاماژەی پێ کراوە، ٢٠١٦، ل ٦).

هاوتەریب لەگەڵ دامەزراوەی گەندەڵ و ناکارامەی دیکە، ئێران هەروەها “مافیای ئاو” یان “مافیای دروستکردنی بەنداو”ی هەن، کە هێندێک لە نەیارانی بەنداوەکان پەیوەندیی ئەوانیان لەگەڵ زەختی سیاسیی بۆ دروستکردنی بەنداوەکانیان پشتڕاست کردووەتەوە (مەیدان، ٢٠١٦). لە زۆر دۆخدا، دامودەزگا دەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی ژینگەوە دژی سیاسەتی زێدەڕۆیی لە دروستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان بوون، بەڵام لایەنی دیکە و دامەزراوەکان پشتگیرییان لەو چالاکییانە کردووە و دەسەڵاتی ئەوان لە سەرووی دەوڵەتەوەیە (سەید و مەریەم، ٢٠١٤). بۆ وێنە، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و قۆنتەراتچییەکانی زۆر جار بەرپرسی دروست کردنەکانن، بە قازانجی زەبەلاحی ئابوورییەوە، هەم بە دروستکردنی ژێرخانەکانی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان و هەروەها لە چالاکییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی کە ئەو ئاوانە دابینیان دەکەن. بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی ئەندازیاری و بیناسازی و قۆنتەراتچییەکان هی سوپای پاسداران، دامەزراوەی موستەزعەفان کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕێبەری گەورەی ئێران، ئایەتوڵڵا خامنەییدایە، دامەزراوەی ئایینی-ئابووریی ئاستانێ قودسێ ڕەزەوی و دامەزراوەی هاوشێوەدان. بە دەردی سوینشاداو دەڵێ، ئەو دۆخە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ” پێکهاتەی ڕەوشتی کۆمەڵایەتیی سوڕی ئاو-کۆمەڵگا، ئەو کەلێن و قوژبنانەی دەسەڵات کە کۆنتڕۆڵی دەستڕاگەیشتن و بێبەش کردن لە ئاوی بەدەستە و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی سیاسیی نایەکسان کە کاریەگرییان لەسەر ئاراستەی ئاو هەیە، هەموویان بە چڕی لێک گرێ دراون” (سوینشاداو، ٢٠٠٩). چالاکانی بواری ژینگە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەو تاوانبارانە دەڵێن مافیای ئاوی ئێران.

سیاستەوانانی پارێزگاکانی ناوەندی ئێران، لە ناویاندا محەممەدڕەزا عارف، حەبیوڵڵا بیتەرەف، ئیسحاق جەهانگیری، محەممەد خاتەمی، عەلی ئەکبەر ئەولیا، عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، محەممەد حاجی ڕەسولیها و ڕەسوڵ زەرگەر، دەکرێ وەکو ئەندازیارانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە ئێران سەیر بکرێن. هەر کام لەو کاربەدەستانە، بە شێوەی خۆیان و لە دەورەی کاتیی جیاجیادا، یارمەتیدەری گەشەپێدان و بە سیستەم کردنی پلانەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان بوون. ئەوان سوودیان بە دەنگدەرانیان گەیاندووە و سەلمێنەری خزم خزمێنە و سوودگەیاندن بە ئەتنیکێکی دیاریکراو لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا بوون، بەڵام ئاشکراکەری ئەو ڕاستییەشن کە “پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان نەزمی کۆمەڵایەتی-ئاوی و شێوازی سیاسیی-ئابووریدا هەیە” (سوینشاداو، ٢٠٠٩، ل. ٥٩). بۆ جێبەجێکردنی ئامانجی گواستنەوەی ئاو بۆ پارێزگاکانی خۆیان و دابینکردنی ئاو بۆ بازرگانیی خۆیان، ئەو کاربەدەستانە فەرمانی گۆڕینی ئاراستەی ڕووبارەکانیان دا، سەدان بەنداویان دروست کردن و هەزاران کیلۆمیتر تونێل و کاناڵیان هەڵکەند، بە تێچوویەکی زەبەلاحی ئابووری بۆ دەوڵەت. ئەو “مافیای ئاوە”، زۆر بە ئاشکرا لە کاتێکدا بیتەرەف وەزیری وزەی دەوڵەتی خاتەمی لە ١٩٩٧ تا ٢٠٠٥ بوو، خۆی دەرخست. بەنداوە زیانبەخشەکانی گاتوندالیا و کاروونی ٢، هەروەها پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان کە ئاوی ئەلیگودەرزی بۆ گۆلپایەگان و قوم (ڕووباری قوم) گواستەوە، میراتی بیتەرەفن. بیتەرەف سەرکەوتووانە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئافتاب یەزد لە ٢٨ی مارسی ٢٠١٧ گوتی، پڕۆسەی بڕیاردانی لێڵ و فریودەرانە بووە هۆی گواستنەوەی ئاوی دێز و کاروون بۆ یەزد (بیرگانی، ٢٠١٧).

لە نەوەدەکانی زایینییەوە، کەرتی دروستکردنی بەنداو گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بۆ ئاستی هەرەبەرزی پێشترییەتیی وڵات بۆ دەستپێشخەرییەکانی پێشکەوتن بەرز بووەتەوە (مەنوچێهری و مەحموودیان، ٢٠٢٢؛ زەفەرنژاد، ٢٠٠٩). سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئاوی ئێران ئیلهام لە سیاسەتی بەڕێوبەریی دابینکردن وەردەگرێ (مدیریت عرضە) و، گەلێک لە بەنداوەکان بۆ ئەو مەبەستە دروست کراون (بەلوت، ٢٠٢٢، ل. ٣٧). بە گوێرەی زانیاریی فەرمی، ئێران سەدان بەنداوی هەن (٦٤٨ لە دۆخی کەڵک لێ وەرگرتندان، ١٣٧ خەریکی دروستکرانن و بیر لە دروستکردنی ٥٤٤ دانەی دیکەش دەکرێتەوە). زیاتر لە ٢٥٠ لەو بەنداوانە لە پارێزگاکانی چوارمەحاڵی بەختیاری، خوزستان و کوردستانن. بەنداوی چاورەمی کاروون، بە بەرزاییی ٢٣٠ میتر، دووهەمین بەنداوی هەرەبەرزی دنیایە و دەکەوێتە دوای بەنداوی جینپینگی ١ی چین ( ٣٠٥ میتر بەرزە). بەڵام، بەنداوی ناتەواوی بەختیاری، کە ئێستا خەریکی دروستکردنی لەسەر ڕووباری بەختیاری لە پارێزگای چوارمەحاڵی بەختیارین، چاوەڕوان دەکرێ دوای تەواوبوونی بە بەرزاییی ٣٢٥ میتر، ببێتە بەرزترین بەنداوی دنیا (موازی نەسەب، ٢٠١٨، ل. ٣). زۆرێک لە بەنداوەکانی ئێران گیروگرفتی ئەمنییەتییان هەیە، یان لەبەر ئەوە کە لە هەڵسەنگاندنی ئەمنییەتی ژینگەدا دەرنەچوون، بەڵام بەبێ پەسەندکرانی ئەمنییەتی و ژینگەیی دروست کراون، یان هیچ هەڵسەنگاندێکی ئەمنییەتییان بۆ نەکراوە (کۆمپانیای ئاوی هەرێمی کوردستان، ٢٠٢١، ل. ٦٣). گەلێک لە بەنداوەکانی ئێران، بە تایبەت ئەوانەی ئاوی خواردنەوە بۆ کۆمەڵگاکان دابین دەکەن، لە دۆخێکی خراپدان. بە گوێرەی زانیاریی ڕادەستکراو لە لایەن کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی وڵات، ” ٨٨ بەنداوی دابینکەری ئاوی خواردنەوەی وڵات لە دۆخێکی خراپدان، لە کاتێکدا ٥٦ لەوانە دۆخێکی هەستیاریان هەیە” (ئاژانسی هەواڵدەریی قوتابییانی ئێران، ٢٠١٨)، کە سەلمێنەری پەیڕەوکردنی ڕێچکەی ڕەق لە بەڕێوەبەریی ئاو و لە هەمان کاتدا پەرەپێدانی نابەردەوام و وێرانکەری ژینگەیە.

نموونەیەکی ئەو دوایی‌یانەی بەنداوێک کە بووە هۆی لێک هەڵوەشانی کۆمەڵگە، بەنداوی تەنگی سورخە، کە ئێستا خەریکە دروست دەکرێ و لە سەر ڕووباری باشار لە پارێزگای کۆهگیلویە و بویرئەحمەد هەڵدەبەسترێ. سەدان هەزار دانیشتووی کۆهگیلویە و بویرئەحمەد ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵییان لەو ڕووبارەوە دابین دەکرێ. چالاکیی بواری ژینگە، مورادی دەڵێ، ” دروستکردنی تەنگی سورخ دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی دەیان هەزار بنەماڵەی دانیشتووی ئەو دەڤەرە، لەناوچوونی زیندەوەری کێوی و زەویی کشتوکاڵی لە خوارەوەی ڕووباری باشار و زۆربەی سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگاکە وشک دەکات” (پەیامێ ما، ٢٠٢١). لە ٢٠٢١ و لە کاتی سەردانی سەرۆک کۆمار ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ یاسوج و شوێنی بیناکردنی بەنداوی تەنگی سورخ، سەرەڕای چاوەڕوانیی خەڵکی دەڤەرەکە بۆ سڕکردنی پڕۆژەکە، ڕەئیسی بە قۆنتەراتچییەکەی گوت پڕۆسەی بیناکردنەکە خێراتر بکات. ئەو توێژینەوەیە تەنیا چەند پڕۆژەی بەنداو و  گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە پارێزگای چوارمەحالی بەختیاری، خوزستان، کوردستان و مازەندەران بە شێویەکی قووڵتر دێنێتە ژێر لێکۆڵینەوە تا ڕووبەری ئاسەوارە کۆمەڵایەتی-ژینگەیی‌یەکانی سیاسەتی ئاویی ئێران نیشان بدات.

بەنداوەکانی چوارمەحاڵی بەختیاری و خوزستان    

مەزنترین و تەنیا ڕووباری شیاو بۆ کەشتیوانی لە ئێران، ڕووباری کاروونە (رودخانە کاروون)، کە لە ناوەڕاستی چیاکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێ و بە نێو بیابانەکانی خوزستاندا دەڕژێتە خوار، زیانێکی فرە بەرچاوی لە ئاکامی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکانەوە پێ گەیشتووە (وێنەکانی ٣ و ٤). لە ئێستادا، کاروون بە هۆی دروستکرانی ٢٤ بەنداو لەسەر ڕێچکەکەی لە دۆخێکی قەیراناویدایە (کەعب، ٢٠٢١، ل. ٩٢). لقە سەرەکییەکانی ڕووبارەکە بە هۆی جێبەجێکرانی دەیان پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان، زیانیان پێ گەیشتووە. یەکێک لە مەزنترینی ئەو پڕۆژانە، ڕایەڵەی گواستنەوەی ئاوی کوهرەنگە، کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا.

پارێزگای چوارمەحاڵی بەختیاری شوێنی دوو ڕووباری مەزن، کاروون و زایندە و هەروەها بەشێکی بەرچاو لە ڕووباری دێزە و لە ڕوانگەیەکی مێژوویی‌یەوە دابینکاری ئاو بۆ پارێزگاکانی دراوسێی لە کاتی پێویستدا بووە. بەڵام، لەو ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەکی ناڕێژەیی پڕۆژەی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان، کاری دابینکردنی ئاوی بۆ دانیشتووانی خۆی دژوار کردووە. ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ گوند بە هۆی وشکبوونی کانیاوەکانیان، بە تانکەر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێ. بەشکردنی ئاو هەروەها کاریگەریی لەسەر چالاکییە ناسەقامگیرەکانی پیشەسازیی ئەو پارێزگایە داناوە.

وێنەی ژمارە ٣ (لای چەپ) و ٤ (لای ڕاست) هی ڕووباری کاروونن. وێنەی ژمارە ٣ پێش وشکبوونی کاروون نیشان دەدا، لە کاتێکدا وێنەی ژمارە ٤ کاروونێکی مردوو و وشک لە ئاکامی دروستکرانی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوەزەکان لەسەر ڕێچکەکەی نیشان دەدا (مەیدان، ٢٠١٥؛ ساعید نیوز، ٢٠٢٠).

ڕێژەیەکی زۆر لە بەنداوە خاوەن گیر و گرفتەکان، وەکو بەنداوی گۆتوەند، بەنداوەکانی کاروون ٣ و ٤ لەسەر کاروون و بە مەبەستی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان دروست کراون. گۆتوەند نموونەی بەرچاوی دروستکردنی بەنداوی زەبەلاح لە ئێرانە. دروستکردنەکەی لە سەردەمی پەهلەویی دووهەمدا دەستی پێ کرد، بەڵام لە دوایین ساڵەکانی دەورەی دووهەمی سەرۆک کۆماریی مەحمود ئەحمەدینژاد لە ٢٠١٢ تەواو بوو (شەهریاریها، ٢٠٢١). گۆتوەند، کە لە سەرەتادا دەوڵەتی ئێران وەکو شاکارێک و توانایی ئەندازیاریی وڵات لە بواری بینا زەبەلاحەکانی کەرتی ئاودا پێی هەڵدەگوت، بە کردەوە سەلمێندرا کارەساتێکی ژینگەیی لە چەند ئاستدایە. شوێنی خەزنەی ئاوەکە، بنەکەی بەردی خوێیە و بووەتە هۆی وێرانکارییەکی فرەمەزنی ژینگەیی. ئاوی گۆتوەند دە هێندەی ئاستی مامناوەندی سوێرە؛ بۆیە بە خزنەکە دەڵێن مەزنترین حەوزی خوێئاوکی ئێران.

تەنیا لە ناوچەیەکی خوزستان، گۆتوەند ئاستی سوێریی کاروونی بە شیویەکی بەرچاو بەرز کردەوە، لە ئاکامدا ٤٠٠ هەزار دار خورما لەناو چوون. وێرانکارییەکی ژینگەییی ئەوتۆ، کاردانەوەیەکی ئابووریی فرە بەرچاوی هەیە، چونکە خوزستان شوێنی بەرهەمهێنانی ٪٤٠ی خورمای ئێران بۆ هەناردە کردنە (میرزاخانی، ٢٠١٨). زانیاریی بڵاوکراوە لە ٢٠٢١ ئاشکرای دەکات کە ٪٤٠ی دار خورماکانی خوزستان لەناو چوون. بە گوتەی سەید سوڵتان حوسەینی ئەمین، جێگری ژووری بازرگانیی خوزستان، “وشکەساڵیی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی سوێریی ئاو و خورماکان تامیان خۆش نەماوە. چۆنایەتیی بەرهەمەکانمان دابەزیوە، ئێمە لە بازاڕی ڕکابەریدا لاواز بووین و، کڕیاران چی دیکە مەیلیان لە بەرهەمی ئێمە نییە” (دیدبان ئیران، ٢٠٢١). لێکۆڵینەوەکان لە باغە خورماکانی خوزستان، کارەساتی مەزنی ژینگەیی ئاشکرا دەکەن، لەو لێکۆڵینەوانەدا ئاشکرا بووە کە ٥ میلیۆن دار خورما لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە کارەساتی جۆراوجۆر، لە ناویاندا شەڕ و خراپ بەڕێوەبردنی ژینگە و کشتوکاڵ، کەمئاوی و سوێریی ئاو لەناو چوون (کەعب، ٢٠٢١، ل. ٣١٨).

دروستکردنی بەنداو لە لایەن دەوڵەتەوە هەروەها بووەتە هۆی ئاوارەبوونی بەربڵاوی خەڵکی خۆجێیی، لە ناویاندا ڕووخاندنی تەواوەتیی ٤١ گوند لە کەنارەکانی بەنداوەکان. بە گوێرەی گوڵزار، “بەسەرهاتی تاڵی گوندەکانی خوزستان کە بە هۆی دروستکردنی بەنداو گواستراونەوە شتێکی تازە نییە؛ ئەوەی ڕاستی بێ، ئەوە لە ١٩٦٢ دەستی پێ کرد، کاتێک کۆمەڵگاکانی دەوروبەری بەنداوی دێز ڕیشەکێش کران” (گۆلزار، ٢٠٢٢ ئـ). بەنداوی کاروونی ٣ (لە ٢٠٠٥ کۆتایی هات) لە خوزستان و کاروونی ٤ (لە ٢٠١٠ کۆتایی هات) لە شاری کورد لە چوارمەحاڵی بەختیاری کە بۆ گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان دروست کران، بوونە هۆی وشکبوونی کاروون و سەدان زۆنگاوی ئەو پارێزگایەیان لەناو برد و بووە هۆی دروستبوونی بیابان و خۆڵبارین. دروستکردنی بەنداوی کاروون ٣ بووە هۆی ئاوارەبوون و گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووانی ٦٣ گوند. ئەو خەڵکە ئاوارەبووە، بە گوێرەی گۆلزار (٢٠٢٢ب)، قوربانیی مافیای ئاو یان ‘سد سالاران’ (ئاغاکانی بەنداوەکان)، کاربەدەستان، دامەزراوە و کۆمپانیاکانن کە بە قووڵی لە دروستکردنی بەنداوی نائاسایی و زیانبەخشەوە گلاون و بەرژەوەندییان لە دروستکردنی ئەواندایە و هەروەها دامەزراوە و کەسانێک کە بەرژەوەندییان لەوەدایە و لەو پڕۆژانە، قازانجی بەرچاویان گیر دەکەوێ.

دروستکردنی بەنداوی نائاسایی بووەتە هۆی وشکبوونی زۆنگاوەکانی خوزستان. جارە، کەرخە، کاروون، ماروون و زەهرا، کە سەردەمێک حەوزە پڕ ئاوەکانی خوزستان بوون، بە هۆی کەمبوونەوەی باران بارین و گواستنەوەی بەردەوامی ئاوی نێوان حەوزەکان، خەریکن بەتەواوەتی وشک دەبن. بە گوێرەی ئاژانسی ژینگەی خوزستان، زیاتر لە ٪١٠ی زۆنگاوەکانی ئەو پارێزگایە، لە ناویاندا قامیشەڵانەکانی شادگان، لە ئاکامی پڕۆژە بەرفراوانەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان وشک بوون (فولادوەند وسەید، ٢٠١٥؛ شوکرانی، ٢٠١٨). ئاوی زیاتر لە ٪٦٢ی بەنداوەکانی خوزستان لەژێر قەبارەی چاوڕوانکراودان. سەرەڕای ئەوە، دەوڵەت ئیزنی دروستکردنی دوو بەنداوی زەبەلاحی دیکەی لە خوزستان داوە، واتە بەنداوەکانی مەرد و بەهمەنشیر.

نموونەکانی مازەندەران و کوردستان

ڕووبارەکانی نەرماب، فینەسک و زارەم سێ نموونەی پڕۆژەی وێرانکەری ئاو بە ئاسەواری دژواری کۆمەڵایەتی-ژینگەیی بۆ کۆمەڵگاکانی باکووری ئێرانن. پارێزگای گوڵستان کە لە ناوچەی چل چای هەڵکەوتووە و درواسێی پارێزگای مازەندەرانە، بەنداوی بەرماب (لە ساڵی ٢٠٢٢ تەواو بوو) بووەتە هۆی ئاوارەکردن و لێک هەڵتەکاندنی کۆمەڵگاکان. خەڵکێکی زۆری هەرێمەکە لەبەر دروستکردنی بەنداوی نەرماب ئاوارە بوون؛ ١٢٠٠بنەماڵە لە چوار گوندی نزیکی خەزنەی بەنداوەکە ناچار کراون دەست لە ماڵ و حاڵیان هەڵگرن.

بەنداوی فینەسک لەنێوان دوو پارێزگای سێمنان و مازەندەران هەڵکەوتووە کە یەکێک لە بێگەردترین ناوچە سرووشتییەکانی ئێرانە. ئامانجی دروست کرانەکەی دابین کردنی ئاو بۆ پارێزگای سێمنانە. پێش دروستکردنی بەنداوەکە، چالاکانی بواری ژینگە هۆشدراییان دا کە دروستکرانی بەنداوەکە و بەتاڵانبردنی سامانی ئاوی لقەکانی ڕووباری تەجەن، دووهەمین ڕووباری مەزن لە حەوزی باکوور، دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕووبارەکە و وشکبوونی ڕێڕەوە ئاوییەکان. چالاکان گوتیان بەنداوەکە پڕۆژەیەکی شکستخواردوویە کە تەنیا لە بەرژەوەندیی تاکە بێ‌ویژدانەکانی مافیای ئاودایە. سێ گوندی تەم، تەلاجیم و مەلادێ، لەگەڵ نزیکەی ٤٠٠ هێکتار زەویی کشتوکاڵی، بە هۆی بەنداوی فینەسک کەوتنە ژێر ئاو و، زیاتر لە ٢٥ کۆمەڵگای کەنار ڕووبارەکە زیانی قورسی ئابوورییان وێکەوت (گۆلزار، ٢٠٢٢ ب).

بەنداوی زارەمرود، چوارەمین بەنداوی مەزنی مازەندەران، هێشتا تەواو نەبووە و چاوەڕوان دەکرێ چەند گوند و ٢٤٠ هێکتار مەزرای برنج ژێر ئاو بخات. بیانووی دروستکردنی ئەو بینایە، دابینکردنی ئاوی بەردەوام بۆ مازەندەرانە. بەڵام، باس لەوە دەکرێ کە ئەو بەنداوە یەکێک لەو پڕۆژانەیە کە زۆرترین زیان بە ژینگە دەگەیەنێ و هاوشێوەی گۆتوەندە. بۆ دروستکردنی ئەو بەنداوە کە لە دارستانی چغوری هیرکانیان هەڵکەوتووە، زانستوانانی بواری ژینگە و چالاکان گریمان دەکەن لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هێکتار دارستان و زەویی کشتوکاڵی لە کیس بچێ. بێجگە لەوە، بە میلیۆنان میتر سێ جا خاکی بەپیت لە خەزنەی بەنداوەکەدا لەناو دەچێ (ڕەحیمی، ٢٠٢١). بەنداوی شەرەفرودیش لەنێو دارستانی هیرکانیدا هەڵکەوتووە، بەنداوی شەڕەفروود وەکو یەکێک لە کارەساتبارترین پڕۆژەی بیناسازیی ئێران دەمێنێتەوە کە بووەتە هۆی لەناوچوونی ٩٣ هێکتار لە دارستانی هیرکانی و ئاسەواری نەرێنیی دیکەی هەبوو (ڕەزایی، ٢٠١٥).

سیاسەتە ئاوی و ژینگەیی‌یە ڕەگەزپەرستانە و هێرشبەرانەی دەوڵەتی ئێران، کاریگەریی قووڵی نەرێنی لەسەر ناوچەکانی کوردستان، کە بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ناسراوە، هەبووە. پارێزگای کوردستان شوێنی پێنج ڕووباری مەزنی ئێرانە: کەرخە، قزل ئوزون (وەزان)، سیروان، زابی بچووک و زەرینەرود. سەرەڕای ئەو ئاوە زۆروزەبەندە، قەیرانی ئاوی کوردستان لە سنە، پێتەختی پارێزگای کوردستان، هێندە قووڵە کە یەکێک لە سێ شاری ئێرانە کە کەمئاوییەکەی لە دۆخی تەنگەتاودایە. کەمئاوی لە کوردستان بووەتە هۆی هەڵمەت و ناڕەزایەتیی زۆر، لە ناویاندا هەڵمەتی ئاوی خواردنەوەی دڵنیا لە سنە، کە پشتیوانیی بەربەرینی لە پارێزگاکەدا بەدواوە بووە. لە کوردستان، خەڵک ئەو بەنداوە وەک سەرچاوی کارەسات سەیر دەکەن کە تەنیا بۆ دابینکردنی ئاوی ناوەند بە گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوەزەکانە (فەتاحی، ٢٠١٦، ل. ٢٦).

ئاژانسی ژینگەی ئێران لە ٢٠١٤ گوتی، تەنیا لە پارێزگای کوردستان، دەوڵەت بەتەمای دروستکردنی ٥٣ بەنداوی دیکەیە، بێجگە لەو بەنداوانە کە دروست کراون و ژمارەیەکی زۆر لە بەنداوە دروستکراوەکان بۆ ژینگە کارەساتبار بوون. هەر ئێستا دروستکردنی ئەو بەنداوانە دەستی پێ کردووە، سەرەڕای ئەوە کە هێشتا هەڵسەنگاندنی مەترسییە ژینگەیی‌یەکانیان بۆ نەکراوە. بۆ وێنە، ١٣ بەنداو لەسەر گۆلی سیروان دروست کراون کە لە پارێزگا کوردییەکانی کرماشان و کوردستان هەڵکەوتووە. ئەوانە بە مەبەستی بەهێزکردنی چوار پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکانی ئەو ناوچەیە دروست کراون. ژینگەپارێزانی کورد ئەو کارەیان وەکو “دروستکردنی بەنداو بە نێوی ئێمە، بەڵام لە پێناو خەڵکی دیکەدا” باس کردووە (وەڵات بۆکان، ٢٠١٨ ئـ).

ئەو ڕاستییە کە بەنداوەکانی کوردستان، لە جیاتی دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو ناوچانەی کوردی لێ دەژین، بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازیی پارێزگاکانی دراوسێ دروست کراون، تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ستراتێژیی ئاویی دەوڵەت لە کوردستانە. بۆ وێنە، بەنداوی تالوار لە بیجار هەڵکەوتووە، کە شارێکی پارێزگای کوردستانە، بەڵام ئاوی کشتوکاڵ، پیشەسازی و بنەماڵەکانی پارێزگاکانی هەمەدان و زەنجان دابین دەکات؛ تەنیا ٨٠٠٠ هێکتار لە زەویی کشتوکاڵیی بیجاڕ بە ئاوی ئەو بەنداوە ئاودێری دەکرێ. تالوار لە لایەن کۆمپانیاکانی ئاوی زەنجانەوەی بەڕێوە دەبرێ و کاری پێ دەکرێ. بە گوێرەی فەتاحی و ئەوانی دیکە (٢٠١٦، ل. ٢٧)، “کۆمپانیاکانی بیناسازی قازانجێکی زۆر لەو پڕۆژانە دەکەن، لە کاتێکدا  گەلی کورد و ژینگەکەیان تا سنووری لەناوچوون زەرەرمەند دەبن، کۆمەڵگەکان ئاوارە دەبن، دارستان و زەویی کشتوکاڵی دەکەونە ژێر ئاو، خەڵک تووشی کەمئاوی و پیسبوونی ئاو دەبن.” مۆنومێنتی مەزنی کولتووری و کەونارایی کوردستان بەو بەنداوانە لەناو چوون. بۆ وێنە، پڕۆژەی تالوار بووە هۆی ژێر لافاو کەوتنی ١٨ گرد و شوێنەواری مێژوویی، لە ناویاندا مۆنومێنتێکی کەونارا کە مێژوویان دەگەڕایەوە بۆ ٧٥٠٠ ساڵ لەوەپێش. ئەگەرچی تالوار لەسەر ڕووبارەکانی کوردستان هەڵبەستراوە، “ئاوارەکردنی دانیشتووانی گوندە ژێر ئاوکەوتووەکان و نوقمبوونی خاکی بەپیتی کشتوکاڵی، تەنیا دەستکەوتی گەلی کورد لێی بووە.” (فەتاحی و ئەوانی دیکە، ٢٠١٦، ل. ٢٧).

لە کتێبەکەیدا بە نێوی ‘ئاسایشی نەتەویی و سیستەمی ئابووریی ئێران’ کە لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاو بووەوە، سەرۆک کۆماری پێشوو ڕوحانی باسی کەمئاوی وەکو مەزنترین کێشە بۆ گەشەی ئابووریی ئێران دەکات. ئەو دەڵێ گواستنەوەی ئاوی چیاکانی زاگرۆس، کە چوارمەحاڵی بەختیاری، خوزستان، کوردستان و لوڕستان دەگرێتەوە، بۆ ناوچەکانی نێوەڕاستی ئێران تەنیا ڕێگای دەربازبوون لەو کێشەیەیە. بۆیە بەنداو لە نزیک سنووری عێراق دروست کراون، چونکە دانیشتووانی ئەمبەر ئەوبەری سنوور کوردن (وڵات بۆکان، ٢٠١٨ ئـ). بەلبار، داریان، پالەنگان و سیازاخ (EWRDC، ٢٠٢٢) تەنیا چەند نموونەی ئەو بەنداوانەن کە لە مەودایەکی بەرتەسکی جوغڕافیایی لە سنووری پارێزگای کوردستان دروست کراون کە بووەتە هۆی وێرانکاریی مەزنی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی.

بە تایبەتی بەنداوی داریان کاریگەریی نەرێنیی قووڵی لەسەر ژینگەی سرووشتی و کەلەپووریی گەلی کورد هەبووە. ئەو سەرەڕای ناڕەزایەتیی مەزنی جەماوەری، کە بووە هۆی دەستپێکی کەمپەینی کانی بەڵ، تاڤگەیەک لەنێو ١٤ کانیاودا کە کەوتە ژێر خەزنەی ئاوی داریان، دروست کرا. گەلێک بنەماڵە و کۆمەڵگە کە سەردەمێک بەشێکی یەک گوند بوون بە هۆی خەزنەی داریان لێک هەڵبڕان. گوندییە ئاوارەبووەکان ئێستا لە گەڕەکە گەشەنەکردووەکانی قەراخ شارەکانی کرماشان، پاوە و سنە دەژین کە بووەتە هۆی هەژاری و پەراوێزخرانی زۆرتری کوردستان. داریان هەروەها بووەتە هۆی وێرانکاریی بەربڵاوی دارستان کە بە نۆرەی خۆی وشکبوونی هێندێک ناوچە (بڕوانە وێنەی ٥ و ٦) و، نوقمبوونی داری دەگمەن، گژوگیا و شوێنی حاوانەوەی زیندەوەرانی دیکە و سەدان هێکتار لێڕەوار و دارستانی شوێنی دیکەی لێ کەوتووەتەوە (ئەمینی و ئەوانی دیکە، ٢٠١٨، لاپەڕەکانی ١٧١-١٧٠). زیاتر لە ٥ هەزار هێکتار لە باخەکانی بەنرخی هەورامان بە هۆی دروستکرانی داریان، لەناویاندا باخەکانی هەنار، لەناو چوون. وەکو کەیوان مەجیدی (٢٠١٥، ل. ١) دەڵێ، “بێجگە لە خنکانی کانی بەڵ، داریان  سیستەمی ژینگەیی و دیمەنی ئەو ناوچەیەی وێران کردووە”. ئەوە بۆیە بێ‌پاساو نییە، کاتێک چالاکانی بواری ژینگە لە ناوچەکە سیاسەتی ئاویی ئێران بەرانبەر بە ژینگەی وڵات وەک “تەکنۆ-فاشیست” و “هێرشی داعشیانە” وەسف دەکەن و، بە دامەزراوەکانی تێوەگلاو لەو چالاکییانەدا دەڵێن “مافیای ئاو”. بە کەڵک وەرگرتن لە لێکدانەوەی مەنگا و  سوینشاداو (٢٠١٨، ل. ٢) لەمەڕ ڕێکخستنی ئاو-کۆمەڵگا لە چوارچێوەی ئێراندا دەکرێ بڵێین “ئاو تەنیا سامانی سرووشتی و ئامرازێکی فیزیکی نییە، بەڵکو بە قووڵی ئاوێتەی پڕۆسەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بووە” و، دەستڕاگەیشتن بە ئاو وەکو مێکانیزمێکی بازاڕ و دەسەڵاتی دراو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێداویستییەکانی کۆمەڵایەتی، مرۆیی یان ژینگەیی دەبینرێ و هەڵسوکەتی لەگەڵدا دەکرێ (ل. ٥٨). ئاشکرایە سیاسەتە ئاوییەکانی کۆنباو و قۆرخکراو لە ناوەند کەمایەسییان هەیە، بۆیە گواستنەوە بۆ ڕێچکەی نەرم، “کە تەواوکەری ژێرخانی فیزیکیی قۆرخکراو لە ناوەند بە تێچووی کەمتر لە ئاستی سیستەمی هەرێمی، بڕیاردانی کراوە و داماڵدراو لە قۆرخکاریی ناوەند، بازاڕەکانی ئاو و نرخی گونجاو، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای کاریگەر و پارێزگاری لە ژینگە” پێویستە. (گلەیک، ٢٠٠٣، ل. ١٥٢٤).

کاریگەریی سیاسەتی ئاویی ئێران

پاراستنی ژینگە و سامانە سرووشتییەکان پێشترییەتی دانێكی تا ڕادەیەک نوێیە بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بێ لەبەرچاوگرتنی لەسەر کاربوونی کام تاقم، جا چ ڕێفۆرمخوازەکان بن یان کۆنەپارێزە توندئاژۆیەکان، بەردەوامیی ژینگەیی بووەتە قوربانیی گەشەی ئابووری و کەڵەکەکردنی قازانج. تەنانەت گەشەی ئابووریش، بە لەبەرچاوگرتنی لاگری لە پارێزگاکانی خاوەن کۆمەڵگەی فارس، بە شێوەی لاسەنگ چووەتە پێش، بە وەبەرهێنان و بەشینەوەی سامانەکان بە شێویەکی گەلێک نایەکسان. نەبوونی هۆشیاریی ژینگەیی لە دەوڵەتدا، لەگەڵ سیاسەتە ئەتنیکگەرا سیاسی و ئابوورییەکەی، یارمەتیدەری سەرهەڵدانی نادادپەروەریی ژینگەیی سیستەماتیکە کە لە لایەن خەڵکانی کۆمەڵگاکانی پەراوێزی ئێرانەوە هەستی پێ دەکرێ.

کیشە ژینگەیی‌یەکان وەکو پەرەپێدەری مەترسییەکان

دەوڵەتی ئێران حەزێکی لە ڕادەبەدەری لە گەشەی ئابووری و دەستەمۆکردنی سامانەکانی ئاوی وڵاتە. بەڵام، گەشەی نایەکسان و نابەردەوام، زەرەری گەلێک بەرچاوی لە ژینگەی سرووشتیی وڵات داوە. دوای ١٩٧٩، کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەوڵی دا سەربەخۆییی خۆی لە بەرانبەر باقیی دنیا لە ماوەی هەشت ساڵ جەنگی ئێران-عێراق (١٩٨٨-١٩٨٠) و ژمارەیەک گەمارۆی ئابووریی نێونەتەوەیی بسەلمێنێ. لە ١٩٨٩، یەکەم پلانی گەشەی وڵات، بە ئامانجی سەرەکیی برەودان بە گەشەی ئابووری و بیناکردنەوەی وڵات دوای جەنگ، پێشکەش کرا (ڕەزاییان، جۆزی و مالماسی، ٢٠٢٠). سەرەڕای وێرانکاریی بەربەرینی ژینگەی سرووشتیی ناوچەکانی وەکو خوزستان و کوردستان لە ماوەی جەنگدا، چاککردنەوە و پارێزگاری لە ژینگەی سرووشتی لەبەرچاو نەگیرا. لەو کاتییەوە، پلانەکانی گەشەکردن بە بیانووی پەرەپێدانی پیشەسازی و ڕایەڵەی ژێرخانی ڕێگاوبان بە مانای پێڕاگەیشتنی فرە کەم یان بەتەواوی پاشگوێ خستنی ئامانجە درێژخایەنەکانی پارێزگاری لە ژینگە بووە. پێویستیی گەشەی بەردەوامی ژینگەیی تا ئاستێکی زۆر پاشگوێ خراوە کە بووەتە هۆی زەرەری بەرچاو لە ژینگەی سرووشتیی وڵات. تێکدانی دیمەنی وڵات و گۆڕینیان بۆ هەرێمی ژێرخانی و پیشەسازی، لە بنەڕەتەوە سرووشتی هەڵسوکەتی مرۆڤانی لەگەڵ ژینگەکەیان لە ئێران گۆڕیوە. (مەدەنی و ئەوانی دیکە، ٢٠١٦، لاپەڕەکانی ١٠٠٦-١٠٠٢).

داواکاریی ئاو لە لایەن پارێزگاکانی نێوەڕاستی ئێران، کە هاندەرەکەی کەڵک لێ وەرگرتنی نێوخۆیی و چالاکییەکانی گەشەپێدەر و پیشەیی‌یە، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوونە. بەرنامەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان لە لایەن دەوڵەتەوە، بۆ دابینکردنی ئەو داواکارییانە، بەزۆر بەسەر ناوچە جۆراوجۆرەکاندا دەسەپێنرێ، بێ لەبەرچاوگرتنی زیانی ژینگەیی و کەمئاوی لە خەزنە بەخشندەکان و تەنانەت بڵاوکردنەوەی نەخۆشی لە هەر دوو خەزنەکانی بەخشندە و وەرگر (ژوناگ، ٢٠١٦، ل. ١٢٨٦٧). کێشەی دیکە کە بەرەوڕووی خەڵکی ناوچە بەخشندەکان دەبنەوە، وشکەساڵی و ڕاماڵینی خۆڵە کە کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ هەیە، شەپۆلی خۆڵ و خۆڵبارین، کێشەی تەندروستی (بە تایبەت بۆ سەر ئەندامەکانی هەناسەدان)، کۆچی بەکۆمەڵ (ئاوارەیی ژینگەیی) و، بێکاری. ڕاماڵینی خاک لە سەرانسەری ئێران باوە، کە دەبێتە هۆی گونجاوبوونی زۆر ناوچە بۆ هەستانی لافاو و بە بیابان بوون کە ئەویش نیشانەی جیددی بوونی ئالنگارییە ژینگەیی‌یەکانی وڵاتە. جاجەرمی، پیشگاهیفەرد و مەهکوهی (٢٠١٣) جەختیان کردەوە کە ڕاماڵینی خاک لە ئێران شەش هێندە لە ئاستی مامناوەندی جیهانی زیاترە، کە دەبێتە هۆی لەکیس چوونی ساڵانەی یەک میلیۆن هێکتار زەویی کشتوکاڵی. ئاماری فەرمی ئاشکرای دەکەن کە ١٤ پارێزگای ئێران، واتە ئەلبورز، ئەردەبیل، ئازەربایجانی خۆرهەڵات، فارس، گوڵستان، هەمەدان، ئیسفەهان، کرمان، خۆراسانی ڕەزەوی، مەرکەزی، قەزوین، سێمنان، تاران و یەزد، بە دەست ڕۆچوونی زەویەوە دەناڵێنن (ژینگە پارێزانی سەقز، ٢٠١٩).

بە شێوەیەکی پێشبینیکراو، بارگرانییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەوتووەتە سەر ناوچە پەراوێزەکان کە شوێنی ژیانی گەلە نافارسەکانە. موختار هاشمی، زانای بواری ژینگە و چالاکی ژینگەیی ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆچوونی زەوی لە دەشتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان هەڕەشەیەکی جیددیی ژینگەیی‌یە و هەروەها دەڵێ، “لە ناوچەی گەنجی، کە لە دەشتی قوروە [لە پارێزگای کوردستان] هەڵکەوتووە، ئێمە ڕۆچوونی ٤٥ میتری لە ئاکڤیفەرەکان [ئەو شوێنانەی ئاوی ژێر زەوی تێیاندا کۆ دەبێتەوە. و.] لە ناوچەیەکدا دەبینین کە قەرارە زەوی پارێزراو بێ” (هاشمی لە ژینگەپارێزانی سەقزدا ئاماژەی پێ کراوە، ٢٠١٩). ڕاماڵینی خاک هەروەها بووەتە هۆی شەپۆلی تۆز و خۆڵ و خۆڵبارین لە ناوچەکانی خەزنە بەخشندەکانی ناوچە پەراوێزەکان، لە ئاکامدا گیروگرفتی تەندروستیی هەناسەدان و شێرپەنجە پەرەیان ئەستاندووە. خۆڵبارین بووەتە هۆی پەراوێزخرانی زۆرتر بە هۆی کاریگەرییەکەیان لەسەر ئاسایشی ئابووریی هەرێمی و کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر چالاکییە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمهێنانی خواردەمەنی، دابەزینی داهاتی بنەماڵەکان بە هۆی پچڕانی چالاکیی ئابووری و پیشەسازی و، چوونە سەری تێچووی چاودێریی پزیشکی هەبووە. لە خوزستان و مەزنترین شارستانەکەی، ئەهواز، خۆڵبارین زەرەری جیددی بە ژێرخانەکەی گەیاندووە، لە ئاکامدا وەبەرهێنانی نێوخۆیی و دەرەکی چاوترسێن بوون (ئاندەرسۆن، ٢٠١٩). بە گوتەی کاربەدەستانی هەرێمی خوزستان، “بە هۆی تۆز و خۆڵەوە، ئێمە شاهیدی داخرانی زانستگاکان و قوتابخانەکان و دابەزینی چالاکیی ئابوورین. وەبەرهێنەرەکان ئامادە نین لە پارێزگاکە وەبەرهێنان بکەن. بەڕێوەبەریی خراپ و نەبوونی ڕێگاچارەی بەردەوام بۆ ئەو کێشانە بووەتە هۆی تووڕیی جەماوەری و ناڕەزایەتی” (وڵات بۆکان، ٢٠١٨ب).

خۆڵبارین بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر بەردەوامیی کۆمەڵایەتی. لە لادێیەکانی پارێزگاکانی خوزستان و سیستان و بەلوچستان، ئاوارەیی نێوخۆیی یەکێک لە گەلێک کێشەی ئابووری-کۆمەڵایەتییەکانە کە لە ئاکامی پەرەئەستاندنی دیاردەی بە بیانبوونی خێرا و خۆڵبارینی ئێران سەری هەڵداوە. بۆ وێنە، بە گوێرەی زانیاریی فەرمی، ١٢٤ گوند لە باشووری خۆرهەڵاتی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە ٢٠٠٢ ژێر خاک کەوتن، کە بوو بە هۆی لەناوچوونی بژیوی کۆمەڵگەیەکی مەزن (جاجەرمی، پیشگاهیفەرد و مەهکوهی، ٢٠١٣). بە گوێرەی ژینگەپارێز محەممەد دەروێش (٢٠٢١)، “کۆچی بەکۆمەڵ، کە لەویدا ١٠ هەزار مامۆستا پارێزگایان [خوزستان] بەجێ هێشتووە و ١٠ هەزاری دیکەش لە سەرەی جێ هێشتندان”، نموونەیەکی ئازاری پارێزگا بە دەست لەناوبردنی ژینگەوەیە.

دیاردەی ئاوارەی نێوخۆیی بووەتە هۆی دیاردەیەک کە بە “کۆچبەران/پەنابەرانی ژینگەیی” ئاماژەی پێ دەکرێ (مایەرز، ٢٠٠١) و، دەورێکی مەزن لە داماڵینی لادێ لە دانیشتووان دەگێڕێ. کۆچی ژینگەیی بەکۆمەڵ لە لادێیەکان، لە وڵامی تێکچوونی ناڕێژەیی ژینگە و هەژاریی ئابووری، یەکێک لە ئاکامەکانی ئالنگارییە ژینگەیی‌یەکانی خوزستانە (ئاندێرسۆن، ٢٠٠١). لەناوبردنی ئابووریی کشتوکاڵی و پشت‌ئەستوور بە ئاو هەروەها بووەتە هۆی ناچارکردنی کۆچی ژمارەیەکی زۆر گوندنشین، بە تایبەت لە خوزستان و ناوچەکانی دەوروبەری حورئەلعەزیم، بۆ ناوچەکانی نێوەڕاستی ئێران (کەعب، ٢٠٢١، ل. ٣٣٩). سەرەڕای هەبوونی سامانی سرووشتیی زەبەلاح، خوزستان بووەتە ناوچەیەکی خاوەن گەلێک گوندی چۆلکراو. ڕێژەی کۆچی نێوخۆیی نیشانەی ئاستی جیددی بوونی کیشە ژینگەیی‌یەکانە. بە گوێرەی ئاماری فەرمی، لەنێوان ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٦، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە خوزستان کۆچیان کردووە (کەعب، ٢٠٢١، ل. ١٠٧).

کیشە ژینگەیی‌یەکان هەروەها دەوری پەرەپێدەری مەترسییەکانیان گێڕاوە، کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی کیشەی دیکە کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان دەبنە هۆی ناڕەزایەتی. ناڕەزایەتیی مەزن دژی سیاسەتەکانی ژینگەیی، گەشەکردن و ئابووریی دەوڵەت هاتوونە ئاراوە، لە ئاکامی بێ‌توانایی دەوڵەت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و شکستهێنانی لە پشتگیری لە ئەو دانیشتووانەی کەوتوونە ژێر کاریگەریی کێشە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی پەیوەندیدار بە خۆڵبارینەوە (ئەندێرسۆن، ٢٠١٩). هاندەرە ژینگەیی‌یەکانی پشت ناڕەزایەتییەکان لە ئێران زۆر جار لە بەراورد لەگەڵ فاکتەرە ئابووری و سیاسییەکانەوە، پاشگوێ دەخرێن، بەڵام ئەوان بە شێوەیەکی پەرەئەستێن گرینگن و زۆر وێدەچێ دەورێکی مەزنتر لە سەرهەڵدان و قووڵتربوونەوەی کێشەکانی داهاتوودا بگێڕن. خراپ بەڕێوەبردنی ژینگە، گەندەڵیی بە دامەزراوەییکراو و ژێرخانی ئاویی نەشیاو بوونە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی ئاوی وڵات، کە ئەوەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی جەماوەریی کۆمەڵایەتی. فاکتەرێکی بەرچاوی کیشە ژینگەیی‌یەکانی دەوڵەت، گەندەڵییە، بە کاربەدەستانێک کە بۆ مافی تاڵانکردنی ئاو، بەرتیل وەردەگرن و هەروەها فاکتەری بەهێزی سیاسی کە ئاراستەکاری ئاو بەرەو پیشەسازییەکانیانن. تووڕەیی لە گەندەڵی پاڵنەرێکی مەزن بۆ ناڕەزایەتییەکان لە ئێرانە و، گەندەڵیی ژینگەیی ئەو دۆخەی خراپتر کردووە. ناڕەزایەتییەکانی ئێران بەرەوڕووی دڕەندەیی توندی پۆلیس دەبنەوە (کەعب، ٢٠٢١، ل. ١٦٦). لە ئاکامدا، ڕێژیم هەر جۆرە چالاکییەک و هەنگاوێک کە ڕەنگدانەوەی پەرچەکرداری خەڵک بە کیشە ژینگەیی‌یەکان بێت، خستووەتە ژێر لێکۆڵینەوەی چڕەوە (عەبباسی، ٢٠٢١).

ئەو توێژینەوەیە ئاماژەی بە سیاسەتی ناوەندگەرا، هەڵاواردنکار و ئەتنیک‌گەرای ئاویی ئێران و کاریگەرییەکانی بۆ سەر تاقمە نەتەوەیی‌یە نافارسەکان کردووە، کە لە ناویاندا کورد، عەڕەب و گیلەک بوونە قوربانیی ئەو سیاسەتە. توێژینەوەی زۆرتر بۆ باس لەو پرسە پێویستە کە ئاخۆ ئەو  کاریگەرییانە بە ئەنقەستن یان بە هەڵکەوت سیاسەتەکە بە شێوەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی داڕێژراوە. کاریگەریی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی سیاسەتی ئاویی ئێران بە گوێرەی پێویست لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە، بۆیە زۆر پرسیار بێ وڵام دەمێننەوە. کێشەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی ئاویی ئێران و کاریگەرییەکەی بۆ سەر بەردەوامیی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی لە ناوچە و پارێزگاکانی وەکو چوارمەحاڵی بەختیاری، خوزستان و کوردستان توێژینەوەیەکی تا ڕادەیەک کەمی لەسەر کراوە و توێژینەوەی زۆرتر لەو پرسیارە پێویستە کە ئاخۆ ئامانجی سەرەکیی کەڵک وەرگرتنی زێدەڕۆیانەی ئێران لە گواستنەوەی ئاوی خەزنەکان بۆ سوود گەیاندن بە ئێلێتی دەسەڵاتدار بە دابینکردنی ئاوی کۆمپانیاکان و دەنگدەرەکانیانە، یان هیشتنەوەی پارێزگاکانی خاوەن دانیشتووانی کەمینە ئەتنیکییەکان لە هەژاری و گەشەنەسەندووییدا؟

وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، بە لەبەرچاوگرتنی لێڵیی سیستەمی سیاسیی ئێران ڕەنگبێ فرە دژوار بێ، ئەگەر نەڵێین نامومکین. بەڵام، گێڕانەوەکان و لێدوانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ژینگەپارێز لە ناوچە پەراوێزەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە زۆربەی ئەو چالاکییە وێرانکەرانە بۆ “سزدانی” کۆمەڵگە نافارسەکان بە هۆی چالاکییە دژە دەوڵەتییەکانیانە (چیا، ٢٠٢٣ب؛ مێدیانیوز، ٢٠٢٣). بۆ نموونە کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی ژینگەپارێزی کورد ئاماژە بە ئاگرکەوتنە بەربڵاوەکانی جولای ٢٠٢٣ (وێنەی ژمارە ٧)، کە بوونە هۆی لەناوچوونی بەشێکی بەرچاوی دارستانەکانی زاگرۆس، لە دەوروبەری مەریوان، شارێکی پارێزگای کوردستان، بە ئەنقەست لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەکەن کە بە مەبەستی سزادانی گەلی کورد بۆ دەوری دەستپێشخەرانەیان لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دوایی‌یانەی ئێران، دوای کوشتنی ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی کورد، ژینا ئەمینی لە ١٦ سێپتەمبەری ٢٠٢٢ لە لایەن پۆلیسی ئیرشادەوە، هەڵگیرسێنرا.

کاتێک سوپای پاسداران ئاگری لە دارستانەکانی سێف، سالەسی، پەلە و کانی میران [گوندی دەوروبەری مەریوان] بەر دا کە بووە هۆی ڕووتانەوەی بەربڵاوی دارستانەکان و زەرەر و زیان بە فرەچەشنیی زیندەوەری ناوچەکە، دەوڵەت بێ‌خوست بوو و هیچ کام لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە کوردستان بەشداریی ئاگرکوژاندنەوە نەبوون. ئەوە هەموو بۆ سزادانی گەلی کورد لەبەر بەرهەڵستکارییەکەی دژی دەوڵەت و سیاسەتەکەی بەرانبەر بە کوردان بوو (وتووێژ، ٢٠٢٣).

وێنەی ژمارە ٧، نەخشەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کانی میران و ساوا، دوو گوندی مەریوانە کە لەوێدا ١٨٠ هێکتار دارستان لە یەکەم ڕۆژەکاندا لەناو چوون (چیا، ٢٠٢٣ ئـ).

پێویست بە ئاماژەیە کە ئاسایشی ئاو دەتوانێ ببێتە هۆی کێشەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی-ژینگەیی لە ئاستی هەرێمی/نیشتمانیدا، بەڵام دەشتوانێ ببێتە هۆی دەستپێکی کێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە مەترسی دەخاتە سەر ئاسایشی ناوچەیی. کێشە و ناکۆکییە ئاوییەکانی ئێران لەسەر سامانەکانی ئاو لە نێوخۆی وڵات تەنیا ئالنگاریی نێوخۆیی نین.

ناکۆکییەکان لەسەر مافەکانی ئاوی ئەوبەری سنوور لەگەڵ دراوسێکانی ئێران، لە ناویاندا تورکیە و ئەفغانستان، ئاویان کردووەتە پرسێکی سیاسی و فاکتەری ناسەقامگیری بۆ ناوچە. بۆ وێنە، کێشەی پتر لە ١٥٠ ساڵە لەنێوان ئێران و ئەفغانستان لە پەیوەندی لەگەڵ ڕووباری هیرمەند، لە ٢٠٢١ بەولاوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی دراوسێی ناسەقامگیر کردووە (داگرەس، ٢٠٢٣).

سیستان و بەلوچستان، ناوچەیەکی پەراوێزی ئێران و هەژارترین پارێزگا، هەروەها بە توندی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو کێشەیە. کەمیی ئاو، کە ئاکامی گۆڕینی ئاراستەی ئاوی ڕووباری هیرمەند لە لایەن کابولەوەیە، کاریگەریی قووڵی لەسەر چالاکییەکانی کۆمەڵگەکانی ئەو پارێزگایە هەبووە. ئەو نموونەش بێ‌تواناییی دەوڵەت لە چارەسەرکردنی پرسە ژینگەیی‌یەکان ئاشکرا دەکات. بە گوتەی فاتیمە ئامان لە ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، “کۆماری ئیسلامی چوار دەیەی کات هەبوو، لە شۆڕشی ١٩٧٩ بەولاوە، تا لە کەرتی ئاودا وەبەرهێنان بکات و دڵنیا بێ ئاوی خواردنەوەی ناوچەکان بە ئاوی ئەوبەری سنوورەکانەوە نەبەسترێتەوە. بەڵام ئەوان شکستیان هێنا [و] دەرفەتەکانیان لەکیس چوون” (لە داگرەس دا ئاماژەی پێ کراوە، ٢٠٢٣). کاربەدەستانی ئێرانی نەتەنیا هۆشدارییەکانی چەند ساڵەی پسپۆڕانیان پاشگوێ خست، بەڵکو هەروەها چالاکانی ژینگەپارێزشیان، کە کاریان بۆ پرسەکە دەکرد، دادگایی و زیندانی کرد.

دەرئەنجام

لەو توێژینەوەیەدا هەوڵ دراوە بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، سیاسەتی ئاویی دەوڵەتی ئێران لە پەیوەندیی  لەگەڵ ناوچە پەراوێزەکان و گەلانی ئێران شی بکرێتەوە. تاڵانی ئاو و سامانە سرووشتییەکان لە لایەن دەوڵەتەوە سیستەماتیکە و بووەتە هۆی تێکچوونی چەند تەوەریی بواری کۆمەڵایەتی-ژینگەیی ناوچە پەراوێزەکان، شوێنی حاوانەوەی کورد، عەڕەب، گیلەک، تورکمەن، بەڵوچ و ئەوانی دیکە. سەرەڕای قەبارەی پرسەکە، مەسەلەکە لێکۆڵینەوەیەکی کەمی لەسەر کراوە. سیاسەتە ڕەگەزپەرستانە، مەلاسالار و هەڵاواردنکارەکانی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە سەدەکانی بیستەم و بیست و یەکەم بەرانبەر بە گەلانی نافارس و کۆمەڵگە نەتەوەیی‌یە ناشیعە و تاقمەکانی ئایینی ڕوون و ئاشکرایە. بەڵام، ئەو بڕوایە کە سیاسەتە ڕەگەزییەکەی دەوڵەت هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکەی بەرانبەر بە ژینگەی سرووشتی و سامانەکانی کۆمەڵگە بێ‌دەسەڵاتەکان جێبەجێ دەکرێ، کە دەکەوێتە چوارچێوەی چەمکی ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی، هێشتا تا ڕادەیەکی زۆر شەنوکەو نەکراوە.

ڕەگەزپەرستیی ژینگەیی چوارچێوەی بەنرخی تیۆریک بۆ شیکردنەوەی توخمەکانی تێکچوونی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی ئەزموونکراو لە لایەن تاقم و کۆمەڵگە ژێردەستەکان پێشکەش دەکات. سەرەڕای پانتایی‌یە سنووردارەکەی، ئەو توێژینەوەیە ئاشکرای کردووە کە سیاسەتی ئێران بۆ دابینکردن و بەشێنەوەی ئاو و سامانە سرووشتییەکانی دیکە ئەتنیک‌ گەرایانەیە و پێشترییەتی بە ناوچەکانی خاوەن دانیشتووانی فارس دەدا و لەسەر حیسابی تاقم و کۆمەڵگە نەتەوەیی‌یە نافارسەکانی ئێرانە، کە بووەتە هۆی ڕێژەیەکی بەربەرینی لەناوچوون و تێکچوونی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی، کە یارمەتیدەری پەراوێزخستن وهەژاریی زۆرتری ئەو کەسانەیە کە ئەو سیاسەتە دەیانگرێتەوە. لە بنەڕەتدا، سیاسەتی گواستنەوەی ئاو، “تاڵانکردنی نەتەوە بێدەسەڵاتەکان بە قازانجی نەتەوەی باڵادەستە” کە لە جۆری ئێرانییەکەیدا، تاڵانی ئاوی چوار مەحاڵی بەختیاری، خوزستان و کوردستان، بۆ ئافراندنی سامان و گەشەسەندن لە بەشە ناوەندییەکانی ئێرانە. بەو هیوایە ئەو توێژینەوەیە و لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو ببنە هۆی گفتوگۆی جیددیی ئاکادێمیک و توێژینەوەی مەزنتر لەسەر چەمکی وەکو ژینگەناسیی کۆمەڵایەتی، گەشەی بەردەوام و بێ‌دەسەڵاتی لە ئێراندا.

ئەو پێشهاتەیە ئاشکرای دەکات حەزی دەوڵەتی ئێران لە درێژەدان بە هەڵوێستی بەڕێوەبەریی دابینکردنی ئاو بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ئاوی ناوچەکانی ناوەند، هەر بیرێک بۆ داوای بەڕێوبەریی [بەرپرسیارانە] بنکوڵ دەکات. هەڵسەنگاندنی سیاسەتی ئاویی ئێران بەکارهێنانی ژێرخانی ئاویی پڕ تێچوو و مشتومڕ لەسەر ئاشکرا دەکات، وەکو دامەزراوەکانی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان، بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکانی ئاو لە وڵات. لەگەڵ ئەوەشدا، پاشگوێخستنی کاولکاریی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی و نادادپەروەریی گرێدراو بەو سیاسەت و ڕێکارانەوە ئاشکرای دەکات کە هەڵوێستی ‘بەڕێوەبەریی لایەنی دابینکار’ پشت‌ئەستوور بە لاگری، ڕێگاچارەی چارەسەرکردنی کەمئاوی نییە؛ بەڵکو ئەو دەبێتە هۆی کاولکاریی زیاتری ژینگە، زیاترکردنی کێشەی نێوان کۆمەڵگەکان و پێکدادان و، نادادپەروەریی سوڕی ئاو-کۆمەڵگا، کە بە شێوەی سەرەکی بەسەر دانیشتووانی شوێنی خزنەکانی ئاودا سەپێنراوە. بۆ دەوڵەتان گرینگە دان بەوەدا بنێن کە پێشمەرجی گەشەکردن، خەمخۆری بۆ جیلەکانی هەنووکەیی و داهاتوو، لە پەیوەندی لەگەڵ ژینگەدا بێ و بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام، پارێزگاری لە ژینگە دەبێ وەک بەشێکی ئاوێتەبوو لە گەشەسەندن سەیر بکرێ و نابێ لیی جیا بکرێتەوە. نادادپەروەریی ژینگەیی، هاوشێوەی شێوازەکانی دیکەی نادادپەروەری لە ناویاندا هەڵاواردنی سیاسی، زایەندی، ئەتنیکی و ئایینی، بەرهەمی سیستەمی سیاسیی ئێرانە. برەودان بە دادپەروەریی ژینگەیی و سیاسەتی بەردەوامی ئاوی، هەڵسەنگاندنەوەی بنەڕەتیی پلاندانی ئاوی دەخوازێ کە لەوێدا خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی-ژینگەیی و بەردەوامیی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بیری لێ بکرێتەوە و پێشترییەتی پێ بدرێ. بە تایبەت، دابەشینەوەی ڕادیکاڵی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و بڕیاردان لە ئێران پێویستە، تا ڕێگا بە کۆمەڵگا نافارسەکان بدرێ، لە ناویاندا هەموو ئەوانەی سیاسەتی ئاوی، نەخشەکانی بەنداو و گواستنەوەی ئاوی نێوان خەزنەکانی ئێران کاریگەریی لەسەریان هەبووە، سوود لە سامانە سرووشتییەکانی هەرێمەکەیان وەربگرن.

سەرچاوەکان:

Abbasi F (2021) Dust crisis and its effects on the security of regions (Case study: Ahvaz city), Joghrafiya ve Rewabet-e Ensani 3; 156-174.

Aman F (2016) Iran and Afghanistan are feuding over the Helmand River. The water wars have no end in sight. Available at https://www.atlanticcouncil.org/wp-content/uploads/2016/09/Water_Dispute_Escalating_between_Iran_and_Afghanistan_web_0830.pdf

Amanat A (2016) Environment and Culture: An Introduction. Iranian Studies 49: 925-941.

Amini K, Veisi F, Mohammadi S, et al. (2018) Analysis and explanation of the effects of dam construction on sustainable livelihood of rural areas, Case study: Darian Horaman dam. Strategic Studies of Public Policy 8: 170-171.

Anderson K.B. (2019) Environmental problems fuel Iran protests. Available at https://www.arabnews.com/node/1589586

Babaoghli M (2013) Overview of the environmental crisis in Iran around the axis of air pollution and destruction of water resources. Majele-e Eghtesadi 5; 59-72.

Balout (2022) Multilingual Periodical Magazine for the Support to the Campaign of Zagros-e Mihraba’, N/A 2; 25-47.

Birgani Faraji S (2017) A minister to complete water transfer projects. Available at https://meidaan.com/archive/40693

Brandes L (2011) The water soft path – a new approach to ensuring adequate water supplies, Environmental Science & Engineering Magazine, May; 22-23.

Brandes O and Kriwoken L (2006) Changing Perspectives – Changing Paradigms: Taking the “Soft Path” to Water Sustainability in the Okanagan Basin, Canadian Water Resources Journal 31; 75-90.

Brooks, D.B. and Peters R (1988) Water: The Potential for Demand Management in Canada. Science Council of Canada. Ottawa.

Bullard R (eds) (1992) Environmental Blackmail in Minority Communities. In: Race and the Incidence of Environmental Hazards A Time for Discourse, (New York: Routledge), pp. 110-124.

Bullard R (ed) (1993) Anatomy of Environmental Racism and the Environmental Justice Movement. In: Confronting Environmental Racism Voices from the Grassroots. Boston: South End Press.

Bullard R (1993) Natural Resources & Environment. American Bar Association 7; 23-26.

Chya (2023b) The machine of destruction and degradation of this ancient land has no intention to cease. Available at https://t.me/chya_ngo/9571

Chya (2023a) Image 7, Map of wildfire in the forests of Kani Miran and Sawa. Available at https://t.me/chya_ngo/9621

Dagres H (2023) Iran and Afghanistan Clash over Water Rights. Available at https://www.atlanticcouncil.org/blogs/iransource/iran-afghanistan-taliban-water-helmand/

Darvish M (2021), Khuzestan A Lesson to Old Management. Available at https://www.instagram.com/p/CRfwYYylxdL/?utm_medium=copy_link

Dolatabadi J (2012) Sociological analysis of environmental movements in Iran, Islamic Azad University, Central Tehran Branch, MA Thesis.

Didbaniran (2021) Due to drought and water salinity, 40 per cent of Khuzestan’s palms have been lost. Available at http://www.didbaniran.ir/fa/tiny/news-122306

Egan M (2002) Subaltern Environmentalism in the United States: A Historiographic Review. Environment and History 8; 21–41.

Faani Z and Marufi A (2017) Investigation of the effects of drought on Lake Urmia on the natural and human environmental vulnerability of the surrounding area. Faselname-y ‘Almi Tarwiji-e Mohit-e Zist 58; 1-16.

Fatahi S, Rafiei N, Chaghazardi J, et al. (2016) Strategic problemology in Kurdistan province. Center for Strategic Studies 2; 22- 45.

Fuladavand S and Sayyad Gh A (2015) The Impact of Karkheh Dam Construction on Reducing the Extent of Wetlands of Hoor-Alazim. Journal of Water Resources and Ocean Science 4; 33-38.

EWRDC (2022) Siyazakh Reservoir Dam’. Date. Available at https://bit.ly/3Rakg18

Ghassemi F and White I (2007) Inter-Basin Water Transfer Case Studies from Australia, United States, Canada, China and India, CAMBRIDGE UNIVERSITY PRESS, Cambridge.

Gleick P (1993) Water Resources and Conflict Fresh Water International Security. International Security 18; 79-112.

Gleick P (2000) A Look at Twenty-first Century Water Resources Development, Water International 25; 127-138.

Gleick P (2002) Water management: Soft water paths Nature, 418; 373.

Gleick P (2003) Global Freshwater Resources: Soft-Path Solutions for the 21st Century, State of the Planet 28; 1524-1528.

Golkarami A and Kaviani Rad M (2017) The Effect of Limited Water Resources on Hydro-politic Tensions (Case Study: Iran’s Central Catchment with Emphasis on Zayandehrood Basin), Journal of Geography and Environmental Planning, Vol 28, No. 1, Ser No. (65), pp. 113-134.

Golzar HR (2022b) Dam’s impact on indigenous people and communities? Available at https://meidaan.com/archive/82537

Golzar HR (2022a) What are the environmental consequences of constructing mega-structures? Available at https://meidaan.com/archive/82537

Halabian AH and Shabankari M (2010) Water resources management in Iran (case study: challenges of the water transfer from Beheshtabad to Zayandehrood. 4th International Congress of the Islamic World Geograpgers 1-15.

Hamilton C (ed) (1993) Coping with Industrial Exploitation. In: Confronting Environmental Racism Voices from the Grassroots. South End Press, Boston.

Hassaniyan A (2020) Environmentalism in Iranian Kurdistan: causes and conditions for its securitisation. Conflict, Security & Development 20; 355-378.

Hassaniyan A (2021) The environmentalism of the subalterns: a case study of environmental activism in Eastern Kurdistan/Rojhelat. Local Environment 26; 930–947.

Hassaniyan A and Sohrabi M (2022) Colonial Management of Iranian Kurdistan; with Emphasis on Water Resources. Journal of World Systems Research 28; 320- 343.

Holifield H (2001) DEFINING ENVIRONMENTAL JUSTICE AND ENVIRONMENTAL RACISM. Urban Geography 22; 78-79.

Kaab A (2021) Environmental Security, theoretical analysis and case study (Khuzestan). Joyand-e, Tehran.

Kani Bell (2018) Alteration of Kurdistan’s landscape and biodiversity. Available at https://t.me/kanibell

Khan A and Awan N (2020) Inter-Provincial Water Conflicts in Pakistan: A Critical Analysis. Journal of South Asian and Middle Eastern Studies 43; 42-53.

Krippendorff K (2004) Content Analysis: An Introduction to Its Methodology. Sage Publications, Thousand Oaks.

Kurdewaran (2018) Water transfer cut off from Isfahan to Yazd for the third time. Available at https://t.me/kurdewaran

Kurdistan Regional Water Company (2021) Planning studies on the value of resources and expenses of Sirwan projects. RDPI-Rep-130-Final.

Jahangard E (2018) Environment and development programs in Iran. Bi-quarterly Journal of Environment and Natural Resources Economics 2; 105-142.

Jajarmi K, Pishgahifard Z and Mehkohi H (2013) Assessment of environmental threats impact on Iran’s national security, Quartely Rahboord 22; 193-230.

Jinga Parezan Saghez (2019) Do not destroy the soil. Available at https://t.me/JingaParezanSaghez

Interview (2023) Author’s interview with Kurdish environmental activist.

IRNA (1996) Dam construction, desertification and water transfer; Basic policies of the government. Available at https://meidaan.com/archive/79160

Iranian Students’ News Agency (2017) Iran’s water bankruptcy. Available at https://isna.ir/xcZXL6

Iranian Students’ News Agency (2018) 56 dams in Iran are in critical condition. Available at https://isna.ir/xd3vdP

Labbaf Khaneiki, M (2020) Hydro-Social Cohesion. In: Cultural Dynamics of Water in Iranian Civilization, Cham, Springer), pp. 73–93.

Lazarus RJ (2000) Environmental Racism, That’s What It Is. Georgetown University Law Center N/A; 257-258.

Madani K, AghaKouchak A, Mirchi A, et al. (2016) Iran’s Socioeconomic Drought: Challenges of a Water-Bankrupt Nation, Iranian Studies 49; 997-1016.

Majidi K (2015) Do they want to bury Bel; the God of waters, with thousands of poems, songs, stories and legends? Shahrvand Newspaper 727.

Manouchehri GR and Mahmoodian SA (2002) Environmental Impacts of Dams Constructed in Iran, International Journal of Water Resources Development 18; 179-182.

Meador MR (1992) Inter-basin Water Transfer: Ecological Concerns. Fisheries 17; 17-22.

Medya News (2023) Massive fires in the forests of Marivan. Available at https://shorturl.at/sET03

Meidaan (2015) Image 2, Karon’s destruction surrounded by environmental crises. Available at https://meidaan.com/archive/6940

Meidaan (2016) Construction of 113 new dams even though half of the dams are empty. Available at https://meidaan.com/archive/22531

Meidaan (2019a) The Ministry of Energy is determined to destroy Karun. Available at https://meidaan.com/archive/64310

Meidaan (2019b) The transfer of Caspian Sea water causes ethnic conflicts. Available at https://meidaan.com/archive/64740

Meidaan (2021a) Water policy document serves the water industry in desert provinces. Available at https://meidaan.com/archive/78072

Meidaan (2021b) Lobbying and political power; transferring water to the central plateau. Available at https://meidaan.com/archive/81438

Menga F and Swyngedouw E (2018) Water, Technology and the Nation-State. Routledge, Oxon.

Mergan L (2017) Water transfer from Wenek to Rafsanjani’s pistachio orchards. Available at https://meidaan.com/archive/44229

Minberi A (2018) The destruction of the Zagros water transmission lines led to a water cut in Yazd. Available at https://t.me/kurdewaran

Mirzakhani A (2018) Gotvand Dam: An Environmental Disaster. Available at https://iranwire.com/en/features/65407/

Mirzavand M and Bagheri R (2020) The water crisis in Iran: Development or destruction? World Water Policy 2020; 1–9.

Myers N (2001) Environmental refugees: a growing phenomenon of the 21st century. The Royal Society 357; 609–613.

Nasab RM (2018) Statistics of the number of dams in [Iran] by the executive body in different stages, Iran Water Resources Management Company N/A; 1-8.

Paparella F, D’Agostino D, and Burt J (2022), Long‑term, basin‑scale salinity impacts from desalination in the Arabian/Persian Gulf, Scientifc Reports 12; 1-12.

Payamema (2021) Statement issued by 22 environmental and natural resources organizations: ‘Teng Sorkh dam’ will displace 300 thousand people. Available at https://payamema.ir/payam/articlerelation/60902

Peykeiran (2021) Transferring water for Kerman’s industries and entertainment centres under the pretext of drinking. Available at https://www.peykeiran.com/Content.aspx?ID=240104

Pulido L (ed) (1993) Sustainable Development at Ganados del Va’. In: Confronting Environmental Racism Voices from the Grassroots. South End Press Boston.

Pulido L (1996) A CRITICAL REVIEW OF THE METHODOLOGY OF ENVIRONMENTAL RACISM RESEARCH. Antipode 282; 142-159.

Rahimi M (2021) Zaram Rood dam, Mazandaran’s second dangerous dam. Available at https://bit.ly/3Y0XXNs

Rahmani J (2023) ‘Critical Discourse Analysis of Environmental Collective Actions In the Kurdistan of Iran’, Kharazmi University of Tehran  Faculty of Literature and Humanities  Department of Sociology, Ph.D. Thesis.

Ramazani H (2019) Water looting/exploitation at what cost? Available at https://t.me/sedayepayeab1

RanjanA (2012) Inter-Provincial Water Sharing Conflicts in Pakistan, Pakistaniaat: A Journal of Pakistan Studies 4; 1-21.

Reed TV (2009) Toxic Colonialism, Environmental Justice, and Native Resistance in Silko’s “Almanac of the Dead”. Ethnicity and Ecocriticism 34; 25-42.

Rezaei F (2015) The mysterious future of Shafarood dam construction for the country’s natural resources. Available at https://bit.ly/3wtrNyC

Rezaian S, Jozi A, and Malmasi S (2020) The Role of Citizen Participation in Urban Environmental Protection (Case Study: District 9 of Tehran), Faselname-y ‘Elmi-e Mohit-e Zist ve Tose’e-y Ferabekhshi, 66.

Rodríguez-Labajos B and Martínez-Alier J (2015) Political ecology of water conflicts. POLITICAL ECOLOGY AND WATER JUSTICE 2; 537–558.

Saed News (2020) Image 3, Karoon River in Ahvaz. Available at https://old.saednews.com/en/post/karoon-river-in-ahwaz

Seyed AJ and Maryam M (2014) Environmental Risk Assessment of Dams by Using Multi-Criteria Decision-Making Methods: A Case Study of the Polrood Dam, Guilan Province, Iran. Human and Ecological Risk Assessment: An International Journal 20, 69-85.

Sevinc H (2016) The Role of Dams In Drying Up Lake Urmia and Its Environmental Impacts on Azerbaijani Districts of Iran. SAUSSUREA 6; 54-65.

Shahriariha (2021) The Gotvand disaster; From Pahlavi to Rouhani/ Shocking details of the history of the construction of the dam. Available at https://www.shahriariha.com/?p=563457

Shokrani M (2018) Country of failed development’. 30 January 2018. Available at https://bit.ly/3HxW5X4

Swyngedouw E (2004) Social Power and the Urbanisation of Water. Flows of Power. Oxford University Press, Oxford.

Swyngedouw E (2009) The Political Economy and Political Ecology of the Hydro-Social Cycle, Journal of Contemporary Water Research & Education 142; 56-60.

Tien Bui D, Talebpour Asl D, Ghanavati F, Al-Ansari N, Khezri S, Chapi K, Amini A, Pham BT, et al. (2020) Effects of Inter-Basin Water Transfer on Water Flow Condition of Destination Basin, Sustainability 12; 1-38.

Timothy D (2005) Environmental movements in minority and majority worlds, A Global Perspective. Rutgers University Press, New Brunswick.

Varady R G, Albrecht T, Gerlak A K, et al. (2020) The exigencies of transboundary water security: insights on community resilience, Current Opinion in Environmental Sustainability 44;74–84.

Winnefeld JA and Morris ME (1994) Where Environmental Concerns and Security Strategies Meet, Green Conflict in Asia and the Middle East. Effects of Inter-Basin Water Transfer on Water Flow Condition of Destination Basin https://www.rand.org/pubs/monograph_reports/MR378.html

Wllat Bokan (2018a) The Islamic Republic’s policy of stealing water. Available at https://t.me/WllatBokan

Wllat Bokan (2018b) Extensive migration of Khuzestanis to Karaj and Mashhad. Available at https://t.me/WllatBokan

World Commission on Dams. (2000). Dams and development: A new framework for decision-making. London, England and Sterling. Earthscan, VA.

Wutich A, White D, Larson K L, et al. (2014) Hard paths, soft paths or no paths? Cross-cultural perceptions of water solutions, Hydrol, Earth Syst. Sci., 18; 120.

Zafarnejad F (2009) The contribution of dams to Iran’s desertification. International Journal of Environmental Studies 66; 327-341.

Zarei’ M (2018) Image1, Geographical map of Iran’s water stress. Available at https://iranprimer.usip.org/blog/2023/may/30/iran-and-afghanistan-clash-over-water-rights

Zhuang W (2016) Eco-environmental impact of inter-basin water transfer projects: a review. Environ Sci Pollut Res 23;12867–12879.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!