گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

شیکاری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

دەباغی، شەهلا (٢٠٢٤): مێزەر و جەستە. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٢٢٧–٢١١ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

هەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە بۆ شیکردنەوە چەندین هۆی هەبوو:

یەکەم: ڕۆمانەکە وەک دەقی ئەدەبی و گێڕانەوە یەکجار جوانە،

دووهەم: نووسەری ڕۆمانەکە خەڵکی لوبنانە و دژی داگیرکاری و حکوومەتی ئێرانە کە پەلی هاویشتووەتە ناو لوبنان و ئەوێندەرێی کردووەتە مەیدانی شەڕ.

سێهەم: ڕۆمانی نووسەرێکی ژنە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دەبارەی جەستەی ژن و سیکسوالیتەی ژن دەدوێ و دیاردەی سیغە بە گوتەی دەلال زینەدین وەک “کاڵایەکی هەناردەی عەجەم” دێنێتە ژێر پرسیار.

چوارەم: نووسەر لەکاتی شۆڕشی ژینادا چەندین جار پشتیوانیی خۆی بە ئاشکرا بۆ ئەم شۆڕشە دەربڕیوە و ئەمە ڕادەی پێگەیشتووییی نووسەر نیشان دەدا کە بە باشی دیاردەی ئیسلامی سیاسیی ئێرانی ناسیوە.

مێزەر و جەستە[1]

خوێندنەوەیەکی  دیالێکتیکی- ئینتێرسێکشن

 شەهلا دەباغی

ئابستراکت

ئەم وتارە هەوڵ دەدا ببێتە نووسین و شوێنێکی نێوان بواری[2] بۆ شیکردنەوەی تێکتەنراویی ڕووبەرەکانی ژێردەستی[3] لە ڕۆمانی “مێزەر و جەستە”دا و پڕسی کۆیلەتی، گەیشتن بە ئاگایی و هەوڵ بۆ ڕزگاری لەم ڕۆمانەدا نیشان بدا. ڕۆمانەکە ڕەوایەتی ژنێکە کە دوای ٢٥ ساڵ باسی پەیوەندیی خۆی و شێخێکی ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان دەگێڕێتەوە کە لە شازدە ساڵیدا سیغەی کردبوو. ڕۆمانەکە پێمان نیشان دەدا چۆن جەستەی ژن، وەک کۆلۆنییەکی سێکسی، بەڕێگای ئیدیۆلۆژی، سیاسەت، ژێردەستیی ئابووری و چینایەتی، بەناوی دین و گەیشتن بە بەهەشت کەڵکی لێ وەردەگیرێ. هاوکات لە پڕۆسەی گێڕانەوەدا، ڤەگێڕ نیشانمان دەدا چۆن تاک بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە پێکهاتەکانی دین، سیاست و چین دێنێتە ژێر پرسیار و هەوڵی خۆی دەدا ڕزگار بێ. بەڵام هەوڵی ڕزگاری ڕێگا و ڕەهەندێکی  بێ بەربەست نییە.

چەمک و وشە کلیلییەکان:

جەستەی بەکۆلۆنیکراو، سیغە، دیالێکتیک، تێکتەنراویی ڕووبەرەکانی ژێردەستی، ئەرباب و بەردە، ئاگایی، ڕزگاری

پێشەکی

“دەلال زەینەدین” وەک نووسەرێک کە بە زمانی عەڕەبی ڕۆمانی مێزەر و جەستەی نووسیوە، بۆ من نەناسراو بوو هەتا ئاپریلی ئەمساڵ پۆستێکم سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە[4] لەسەر دیواری فەیسبووکی وەرگێڕی کورد مامۆستا “سەباح ئیسماعیل”[5] دیت و چونکە پێشتر ڕۆمانی پۆستکۆلۆنیالیستیی “وەرزی کۆچ بەرەو باکوور”م لە هەمان وەرگێڕ دیبوو، داوام لە دۆستێک کرد کتێبی مێزەر و جەستەم لە هەولێڕڕا بۆ بهێنێ. وردە وردە لەسەر لاپەڕەی فەیسبووک و گووگل بەدوای نووسین لەسەر مێزەر و جەستە و زانیاری سەبارەت بە نووسەرەکە و وەشانخانەی “نرد النشر و التوزیع”دا گەڕام کە کتێبەکەی هەوەڵ جار بە عەڕەبی لە ١٨ی ژووئەنی ٢٠٢٢ لە ئاڵمان چاپ کردووە.[6] هەرچی گەڕام هیچ زانییارییەکم بە زمانی ئینگلیسی یا سویدی نەدیتەوە. دواتر لە چەند سایتی عەڕەبی چەند بابەتێکی کورتم دیتەوە کە زۆربەیان زۆر بە کورتی ئاماژەیان داوە کە ڕۆمانەکە باسی سیغە، گرفتی هەژاری و شەڕ لە باشووری لوبنان دەکا.[7] دواتر بابەتێکم لە بەشی کەلتووریی ڕۆژنامەی ئێلێکتریکیی “المدن”[8] لە نووسینی “فوزی ذبیان” دیتەوە کە دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە نووسراوە. ئەم نووسینە گەرچی کورتە بەڵام تا ڕادەیەک ڕادیکاڵ و قووڵترە لە نووسینەکانی تر کە سەبارەت بە ڕۆمانەکە نووسراون.[9] دوای ماوەیەک لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەرم دۆزییەوە و پۆستێکیم دیت کە “دەلال زەینەدین” لە ١٠ی جولای ٢٠٢٢دا نووسیوێتی و باسی ئەوە دەکا کاتێک فوزی ذبیان نووسەری ناسراوی لوبنانی بەدەنگ پەیامی بۆ دەلال ناردووە و تاریفی ڕۆمانی “عمامە و جسد”ی کردووە، دەلال لە خۆشیان گریاوە.[10] خودی دەلال زەینەدین لە باسێکی ئەدەبی لەگەڵ تیڤییەکی سووری (قناة ندوة وطن)، لە ماوەی بیست خولەکێکدا باسی ڕۆمانەکەی و “کەڵکوەرگرتن لە جەستەی ژن لەژێرناوی زەواجی موتعە” لە “مجتمع شیعی” لەلایەن “رجال دین” و”تجارة و استغلال”ی ژنان لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە دەکا.[11] دواتر لە بەشی شیکردنەوەدا دەگەڕێمەوە سەر گوتەکانی نووسەر دەلال زەینەدین.

هاوکات گرینگییەکی تایبەتی هەیە بزانین لە ڕۆژانی شۆڕشی ژینادا دەلال زەینەدین چەند پۆستی دژی دەسەڵاتی تۆتالیتەری ئێرانی بڵاوکردووەتەوە. بۆ وێنە لە پۆستێکدا وێڕای وێنەیەک لە ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ پشتیوانیی خۆی لە شۆڕش دژی حاکمانی ئێرانی نیشان دەدا و نووسیوێتی:

“نعم ، نحن البسطاء السذج الدراويش نعلم أن وجود نظام الملالي هو حاجة ضرورية لأميركا وهذا ما يجعل سقوطه صعب جدا، لكن هذه الصورة وحدها كفيلة بأن تجعلنا نحلم ولو لبعض الوقت”[12]

“بەڵێ ئێمە دەروێشە سادەکان دەزانین بوونی ڕێژیمی ئاخوندی بۆ ئەمریکا پێویستە و ئەمەش وا دەکات کە ڕووخانی زۆر دژوار بێ. بەڵام ئەو وێنەیە بە تەنیا خۆی بەسە کە بۆ ساتێک خەیاڵ بمانباتەوە.[13]

هەروەک گوترا مێزەر و جەستە (عمامە و جسد) بەرهەمی نووسەری لوبنانی “دلال ابراهیم زین‌الدین”لە دەزگای “نرد النشر و التوزیع” لە ئاڵمان لە مانگی ژووئەنی ٢٠٢٢ دا بڵاو بۆتەوە. ڕۆژی ١٨ی ژووئەنی٢٠٢٢ هەم “نرد النشر” و هەم نووسەر لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیان بە ناساندنێکەوە هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەیان داناوە.

دەلال زەینەدین لە شارۆچکەی سەفدی سەر بە بنت جوبەیلی مەکۆی حیزبوڵڵای لوبنانی لەدایک بووە. دواتر لەگەڵ ئەندازیار “بەسام سەفوە” زەماوەند دەکا و دەچێتە حومسی سووریە. سەرەتا لایەنگری ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەبێ بەڵام دواتر بەهۆی دیتنی بێدادی لە خەڵک دەڕواتە تورکیا. لە تورکیا تاقە ڕۆمانێک دەنووسێ و ساڵی ٢٠٢٣ خۆی و سێ منداڵ و نەوەیەکی لە بوومەلەرزەدا گیانیان لەدەست دەدەن.[14] کوڕەکەی دەلال لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکی دەلال هەواڵی مەرگی دایکی ڕادەگەیێنێ.[15]

وەرگێڕی بەتوانای کورد سەباح ئیسماعیل ڕۆمانەکەی کردووەتە کوردی و ئاپریلی ٢٠٢٤ لەلایەن “دەزگای فام” لە کوردستان بڵاو کراوەتەوە.[16] سەباح ئیسماعیل تا ئێستا چل و پێنج کتێبی هێناوەتە سەر زاری کرمانجیی ناوەڕاست، لەوان وەرزی کۆچ بەرەو باکوور، زریاب و میرنامە.[17] بەگوێرەی مامۆستا سەباح ئیسماعیل زۆربەی چاپەمەنییەکان و ڕەخنەگران لە عێڕاق کە سەربە بەرەی شیعەن، دژی ڕۆمانەکە دواون و قسەی ناشیرینیان بە نووسەر گوتووە.

بۆ ڕۆمانی مێزەر و جەستە؟

پێش ئەم دۆخەی ئێستا، لوبنان وەک وڵاتێکی کراوە و بەیرووت بە پاریسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسرابوو. ئازادییە مەدەنییەکان و ئازادیی ژنان تا ڕادەیەکی باش دەستەبەر کرابوون. بەڵام ئێستا لوبنان مەیدانی شەڕی گرووپە چەکدارەکان و بەتایبەت تەڕاتینی  میلیشیاکانی سەربە ئێرانە. دیارە کە دۆخی شەڕ لە هەموو دنیا زیاتر بە دژی ژنان دادەشکێتەوە؛ بەتایبەت ئەگەر شەڕ تێکەڵاوی ئیدئۆلۆژییەکی ڕادیکاڵ و دژە ژن و دەستوەردانی وڵاتێکی وەک ئێران بێ.

هەڵبژاردنی ئەم ڕۆمانە بۆ شیکردنەوە چەندین هۆی هەبوو:

یەکەم: ڕۆمانەکە وەک دەقی ئەدەبی و گێڕانەوە یەکجار جوانە،

دووهەم: نووسەری ڕۆمانەکە خەڵکی لوبنانە و دژی داگیرکاری و حکوومەتی ئێرانە کە پەلی هاویشتووەتە ناو لوبنان و ئەوێندەرێی کردووەتە مەیدانی شەڕ.

سێهەم: ڕۆمانی نووسەرێکی ژنە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دەبارەی جەستەی ژن و سیکسوالیتەی ژن دەدوێ و دیاردەی سیغە بە گوتەی دەلال زینەدین وەک “کاڵایەکی هەناردەی عەجەم” دێنێتە ژێر پرسیار.

چوارەم: نووسەر لەکاتی شۆڕشی ژینادا چەندین جار پشتیوانیی خۆی بە ئاشکرا بۆ ئەم شۆڕشە دەربڕیوە و ئەمە ڕادەی پێگەیشتووییی نووسەر نیشان دەدا کە بە باشی دیاردەی ئیسلامی سیاسیی ئێرانی ناسیوە.

دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، هەزاران ژن و کچی منداڵ بە ناوی سیغەوە بوونەتە قوربانی. سیغە هەرگیز وەک هاوسەرگیرییەکی مەدەنی، عورفی و ڕەسمی نەبووە و هیچ مافێک بۆ ژن و منداڵانی دوای سیغە بە ڕەسمی ناناسرێت. لەڕاستیدا سیغە تەنیا کڕینی سێکس و کەڵکوەرگرتنی پیاوانه لە لاوازترین توێژی کۆمەڵگا و ئەم کارە شەرعییەت لە ڕێبەرانی مەزهەبی شیعە وەردەگرێ. ئینجا پێم وایە ئەم ڕۆمانە دەتوانێ تا ڕادەیەک ببێتە هۆی گۆڕانگاریی کۆمەڵایەتی یا هیچ نەبێ هێنانە ئارای ڕوانگەی ڕەخنەگرانە لەسەر دیاردەی سیغە لە لوبنان و وڵاتانی ئیسلامیدا.

کورتەی تەونی[18] مێزەر و جەستە

ڕۆمانی مێزەر و جەستە باسی لەیلایە کە لە تورکیە دەژی و دوای بیست و پێنج ساڵ دەیهەوێ ڕۆمانێک دەربارەی خۆی و شێخ عەلی بنووسێت. لەیلا لە باشووری لوبنان، لەگەڵ دایک و یازدە خوشک و برا لە تاقە ژوورێکدا دەژیان. دایکی باوەڕێکی زۆری ‌بە دین و پیاوانی ئایینی بووە. ئیستاش حیزبو‌ڵڵا لە ناوچەکەیاندا دەستی باڵای هەیە. بیست و پێنچ ساڵ پێش، لەیلا لە بۆنەی ناشتنی پیاوێکی ئایینیدا کە لە هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکە ئیسڕائیلییەکاندا دەکوژرێ، شیعر دەخوێنێتەوە. بۆ ئەو ڕۆژە جلوبەرگ بەقەرز وەردگرێ و بە قەولی خۆی تەنیا سیما و قوڕگی کە هۆنراوەکەی پێ خوێندەوە لەم و لەوی نەخواستبوون. (ل.٢٨) ئەو ڕۆژە شێخ عەلی، کادرێکی باڵای “حیزبوڵڵا” دەبینێ. چەند ڕۆژ دواتر شێخ بە بیانووی زەکات دەچێتە ماڵی لەیلا. لەوێ ئیزن دەخوازێ نوێژ بکا و کاتی نوێژ بە “ئەڵڵاهو ئەکبەر” لەسەر بەرماڵ چاو لە لەیلا دادەگرێ.(ل.٣٢) هاتنی شێخ بۆ ناو ژیانی ئەوان وەک پەرجوویەکە و پارەی زەکات، ئەوان لە هەژاری نەجات دەدا. لەیلا ئاشقی شێخ دەبێ و دواتر شێخ بەدزی لەیلا سیغە دەکا کە ئەمە بە پێچەوانەی ویستی لەیلایە؛ چونکە لەیلا دەیویست زەماوەندی لەگەڵ بکا و بەڕەسمی ببێتە ژنی دووهەمی شێخ. سەرەڕای ئەوە کە شێخ قەت لەیلا مارە ناکا، هەمیسان لەیلا ناتوانێ شێخی خۆش نەوێ. “شێخ کاتێک لە بارەگای حیزبوڵڵا دا وانەی دەگوتەوە، تەواو جیاواز بوو لەوەی بەسەر جەستەی لەیلادا بەڕەڵا دەبوو و جگەرەی دەخستە نێو قامکەکانی پێی لەیلا تا قوومی لێ بدات و چێژ لە تەماشاکردنی نێوان ڕانی وەرگرێ. (ل.٩٥)

عەباس، برای لەیلا، کە سێ ساڵ لە لەیلا گەورەتر بوو، کوڕێکی زۆر نەرم و نیان و نەقاشێکی بە بەهرە بوو و لەسەر دیواری ماڵە هەژارەکان و ماڵە خۆیان کە پەنجەرەی نییە نەقاشیی باڵندە و داری دەکێشاوە. کاتێک ئیسرائیل تۆپ و تەقەمەنی دەخاتە گوندەکەیان، عەباس و ڕەفیقەکەی، مەهدی، ئاسنەواڵەیان کۆ دەکردەوە تا بیفرۆشن. عەباس بە پارەکە ڕەنگی دەکڕی و مێهدی تۆپی پێ. (ل.٤٠) دواتر عەباس و مەهدی دەچنە ناو “بزووتنەوەی ئەمەل” و “حیزبوڵڵا” و دەکوژرێن. دوای ٢٥ ساڵ لە ڕێگای کۆمێنتێکی ڕەخنەگرانەی لەیلا لەسەر پۆستێکی  فەیسبووکی، شێخ دەیناسێتەوە و پەیامی بۆ دەنێرێ. هەستەکانی لەیلا سەرهەڵدەداتەوە و دیالۆگی نێوانیان دەست پێ دەکاتەوە. بەڵام ئێستا لەیلا لەباری هزرییەوە گەشەی کردووە. شێخ دەڵێ دەبێ یەکتر ببینین و بۆ دیتنی لەیلا دێتە تورکیە. لەیلا بەیانییەک بە بیانووی چوونە لای دوکتور لە ماڵ دەردەکەوێ و دەڕوا تا شێخ ببینێ.

تێکنیکی گێڕانەوەی مێزەر و جەستە

تێکنیکی گێڕانەوەی مێزەر و جەستە تێکەڵاوێکە لە چەند تێکنیک: تاکبێژیی دەروونیی ڕاستەوخۆ/ Direct Interior Monologue ، گێڕانەوەی یەکەم کەس کە ڕووی لە “تۆ” واتە شێخ عەلییە کە زەینی وەگێڕی داگیرکردووە و شەپۆلی زەین. لە تاکبێژیی ڕاستەوخۆی لەیلادا نووسەریش هێندێک جار حزووری هەیە و هێندێک جار نووسەر وەک زانای کوللیش دێتە ناو دەق. گەرچی ڕۆمانەکە زۆری بە شەپۆلی زەیەن نووسراوە بەڵام پڕە لە دیالۆگ و لەڕێگای دیالۆگەکانەوە ئیمە لەگەڵ کارەکتەرەکان و تایبەتمەندییەکانیان ئاشنا دەبین.

لە تێکنیکی شەپۆلی زەیەیندا هەوڵ دەدرێ خوێنەر وا لێ بکرێ کە بیر و یادەکانی ڤەگێڕ ئەزموون بکا. ئەم جۆرە لە گێڕانەوە یا مێتۆدە لە سەدەی نۆزدەدا دەستی پێ کرد و نووسەرانێکی بەناوبانگی وەک جێمز جۆیس، ویرجینیا وۆلڤ، مارسێل پرۆست و سامۆئێل بێکت لە نووسینەکانی خۆیاندا کەڵکیان لێ وەرگرتووە. شەپۆلی زەین نووسینێکە بەرانبەر بەوەی کە هەرئیستا لە مێشکی کارەکتەردا ڕادبرێ. شەپۆلی زەین دەتوانێ زمانێکی قورسی هەبێ وەک زمانی جێمز جۆیس، و یا وەک ویرجینیا وۆلڤ فراگمێنتەکان بگێڕێتەوە. لە شەپۆلی زەیندا ڤەگێڕ ئەزموونی ژیان و ڕابردووی دێتەوە یاد. یادەکان وەک ڕووبارێک دەڕژێن و زۆر جار پارچە پارچەن و پاش و پێش دەکەن.

لە مێزەر و جەستەدا ڕووی لەیلا/ ڤەگێڕ لە “تۆ” واتە شێخە کە زەینی لەیلای داگیرکردووە. ڤەگێڕ لە نێوان ڕابردوو و ئیستادا دێت و دەچێ و باسی ئەزموونی ژیانی خۆی و کەسانی دەوروبەری دەکا. شەپۆلی زەین لە مێزەر و جەستەدا بەم شێوەیەیە کە لەیلا لە هەوەڵی ڕۆمانەکە لە تورکیە دەژی و دەڵێ دەمهەوێ ڕۆمانێک بنووسم. لەیلا ڕووبە شێخ دەڵی دەبێ باسی خۆمان بکەم. بە ڕای نووسەر لە یەکەم دێڕەکاندا ئێمە دەبێ ئەم چیرۆکانە بنووسین کە هێشتا لێێان تێر نەبووین(ل.١٧) و هێشتا تەواو نەبوون. خودی ڕۆمانەکە ٣١٥ لاپەڕەیە و لە لاپەڕە ١٢٠ ڕا شێخ ڕاستەوخۆ دێتەوە ناو دەق و لەیلا و شێخ دەکەونەوە گفتوگۆ. هەڵبەت هەوەڵی ڕۆمانەکە کە ڕوو بە شێخ دەست پێ دەکا ڤەگێڕ دەڵی دەمهەوێ ڕۆمانێک سەبارەت بە تۆ بنووسم واتە شێخ ناڕاستەوخۆ ئامادەیە.

شیکردنەوە

ڕۆمانی مێزەر و جەستە دەقێکی فرەڕەهەندە کە دەکرێ چەندین وتاری لەسەر بنووسرێ. پرسگەلێکی وەک پرسی فەلەستین کە بە گوتەی خودی ڕۆمانەکە دەیان ساڵە بازرگانیی پێوە دەکرێ و “بووەتە درۆیەکی گەورە و لەسەری دەلەوەڕێن” (ل. ٣٠٣)، پرسی دین و شیعە کە سەرکردەکانی لە ئیمانی خەڵک بۆ بەرژوەندیی خۆیان کەڵک وەردەگرن، یا ناسیونالیزمە دژبەرەکانی عەرب و فارس هاتوونەتە ناو دەق. بۆوێنە کاتێک ڤەگێڕ باسی “هەناردەکردنی کەلتووری عەجەم” و داگیرکردنی باشووری لوبنان دەکا، دەکرێ ئەم پرسیارە بێتە گۆڕێ کە ئایا بەکارهێنانی وشەی “عەجەم” و “فارس” لە لایەن نووسەرەوە جۆرێکە لە کێبەرکێی ناسیۆنالیزمەکان یا ئەوە کە لە دنیای عەڕەبدا بە دانیشتووانی ناو جوغرافیای ئێران دەڵێن فارس و عەجەم؟

بەڵام ئەم نووسینە هەوڵ دەدا بەکورتی سەرەکیترین خاڵی ڕۆمانەکە، پرسی سیغە، بەکۆیلەکردنی جەستەی ژن بەناوی دین و هەوڵی تاک بۆ ڕزگاربوون بێنێتە بەر ڕاڤەکردن. بۆ شیکردنەوەی ڕۆمانەکە لە هزر و تیۆریی هێگێل، فانۆن و کرینشاو و چەند تیۆریی دیکە کەڵک وەردەگرم.

گێڕانەوە لە مێزەر و جەستەدا بەم شێوەیەیە کە لەیلا لە هەوەڵی ڕۆمانەکە ڕووبە شێخ عەلی دەڵێ دەیهەوێ ڕۆمانێک دەربارەی ئەودا بنووسێ:

بەر لەوەی ئەم ڕۆمانە لە بارەی تۆوە بنووسم، ئیزنم لە هاوسەرەکەم خواست. (ل. ١٥)

بەڵام مێردەکەی دژایەتیی دەکا و پێی دەڵێ بچێتە لای پزیشکی دەروونی. لەیلا لە بەرانبەر ئەم داواکارییەدا ڕادەوەستێ:

پیاوەکەم مۆچیاریی کردم بڕۆم بۆ لای پزیشکی دەروونی، بڕوای وابوو ئاوەزم لەدەست داوە، بەڵام من وەکوو هەموو جارێک گوێم لە فەرمانەکانی نەگرت. (ل. ١٥)

[…] خۆ من شێت نیم تاکوو بچم بۆ پزیشکی دەروونی، لەسەر جێیەکەی ڕابکێشم، لە کاتێکدا ئەو بە تەنیشتمەوە دادەنیشێت، پرسیارە بێمانا و وەڕەسکەرەکانی خۆیم لێ دەکات، کە پێشوەختە دەیانزانم. من لەوە شێتترم! (ل. ١٦)

ڤەگێر کە باشتر لە هەر پزیشکێکی دەروونی دەزانێ پرس و کێشەکەی چییە، هەروەک پێشوو گوێ ناداتە ئامۆژگارییەکانی مێردەکەی و دەخوازێ ڕۆمانەکەی ببێتە ئابڕووچوونێک کە وەک هەواڵێکی بەپەلە لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بگوازرێتەوە. (ل.١٦)

وەک دەبینن هەر لەسەرەتای ڕۆمانەکەدا ئێمەی خوێنەر لەگەڵ خواستی بەهێزی نووسین و پرسی گرینگی سێکسوالیتە ڕووبەڕوو دەبینەوە؛ ژنێک دەیهەوێ نووسین بکاتە هەوڵێک بۆ ڕزگاری و نووسین بکاتە دەنگی ژێردەستان؛ وەها کە لە هەموو دنیادا دەنگ بداتەوە. بەڵام لەیلا لەگەڵ دژایەتیی نۆڕمەکان ڕووبەڕوو بووەتەوە و مێردەکەی پێی دەڵێ بۆ باسی خۆمان نانووسی و دەتهەوێ باسی ئەو شێخە بنووسی کە لێرەدا جۆرێک لە ئێرەییش دەبینین. تەنانەت کاتێکیش مێردەکەی ڕازی دەبێ لەیلا ڕۆمانەکەی بنووسێ مەرجی مەحاڵی بۆ دادەنێ:

[….] پێشنیار دەکا ناوی رۆمانەکە بگۆڕم.

[….] و بەهانەیەکی ترم بۆ دەدۆزێتەوە:

دەبێیت خۆت لە ئاماژە سێکسییەکان بەدوور بگریت، ئاماژەی لەم چەشنە لایقی ئافرەتێکی بەڕێزی وەک تۆ نین. (ل. ١٨)

وەک گوترا تێمی سەرەکیی ڕۆمانەکە لە دەوری چەمکی سێکسوالیتە و سیغەدا خول دەخوا. لە لایەک مێرد مەرجی بۆ دادەنێ کە لەیلا لە ڕۆمانەکەیدا لە ئاماژە سێکسییەکان خۆی بپارێزی و لە لایەک بیست و پێنج ساڵ پێش، کاتێک لەیلا سیغەی شێخ عەلی بووە، شێخ ئەو پەڕی کەڵکی سێکسیی لە لەیلا وەرگرتووە کە تا ئێستاش لەسەر دڵی لەیلا گرێیە. لە پڕۆسەی گێڕانەوەدا دەبینین لەیلای ڤەگێر ئاماژە بە ئەکتە سێکسییەکان لەگەڵ شێخ دەکا. یا لە هەوەڵی ڕۆمانەکدا بە ئاشکرا و بێپەردە دەنووسێ کە هەموو جێژنی قوربان و ڕەمەزان، ڕۆژی لەدایکبوونەکانیان، ساڵڕۆژی هاوسەرگیرییان، ڕۆژانی ڕۆتینی دیکە، لەگەڵ مێردەکەی سێکسیان هەیە. (ل.١٧) یا بەسەرهاتی ئەو ژنانە دەگێڕێتەوە کە شەوانە دەهاتنە ماڵەکەیان و باسی ئارەزووەکانی خۆیانیان بۆ دایکی لەیلا دەکرد. ئێستا ئەم پرسیارە گرینگە دێتە ئاراوە کە بۆ نووسەر/ڤەگێڕ دەخوازێ دەربارەی شێخ و سیغە کردن بنووسێ و ئەم چیرۆکە بگێڕێتەوە تا لە هەموو دنیادا دەنگ بداتەوە؟

ڕەنگە باشترین وڵام ئەوە بێ کە نووسین کەمایەسییەک پڕدەکاتەوە تا ڤەگێڕ لە گرێی خۆبەکەمزانین نەجاتی بێ. سەردەمانێک ئەو وەک کچێکی گەنج لە بنەماڵەیەکی هەژار کە بۆ بەخێوکردنی خۆیان پێویستییان بە زەکاتی شێخ بووە نەیدەتوانێ لە بەرانبەر ویستی شێخ و خۆشەویستیی خۆیدا ڕابوەستێ. ئەو ئاشقی شێخ دەبێ. لەیلا وەک داگیرکراوێک کە دەستی بە زۆر شت ڕاناگا و هێشتا بە ڕادەیەک لە ئاگایی نەگەیشتووە و هەلومەرجی ژیانی هی ئەوە نەبوو کە وڵامی شێخ نەداتەوە، بۆ ویست و داواکانی داگیرکەرەکەی دەچەماوە و هەموو داواکانی شێخی جێبەجێ دەکرد. لەیلا لەناوەوە دەپووکێتەوە و دەبێتە سوبژەیەکی تێکەڵاو؛ داگیردەکرێ و دەوری بە هەژاری، بێ بابی، ئەوین و کاریزمای شێخ  گەمارۆ دەدرێ:

“حەز دەکەم وەک قەحپەکان لە بەردەممدا هەڵسوکەوت بکەی.” هەر هێندەی وات پێ گوتم دەستم بە جگەرەکێشان کرد، نەمدەزانی وەک ئەوان هەڵسوکەوت بکەم، بەڵام ئەوەی توانیم بۆ ڕازیبوونت کردم. لەگەڵ خۆشەویستیی تۆدا بەهرەکانم هەمەڕەنگ بوون، بۆیە لەگەڵ تۆدا شتەیلێک فێربووم، ڕۆژێک بە مێشکمدا نەدەهاتن. (ل. ١٢٨)

فرانتز فانۆن[19] لە دوو کتێبی پێستی ڕەش دەمامکی سپی[20] و بەشمەینەتانی زەوی[21] دا هەوڵ دەدا باسی ئەوە بکا کە کۆلۆنیالیزم تەنیا سیستەمێکی سیاسی و ئابووری نییە. لە کتێبی پێستی ڕەش دەمامکی سپی دا فانۆن باسی کۆلۆنیالیزم وەک پڕۆسەیەکی دەروونیی کۆمەڵایەتی دەکا کە توانایی و ناسنامە لە تاکی کۆلۆنیالکراو دەستێنێ و لە ناوەوە دەیگۆڕێ و بەها و نۆڕمە هەرە خراپەکانی خۆی بەسەریدا دەسەپێنێ و فۆڕمی دەدا. فانۆن بە باسی سیاسییەکانی ئەلجەزایر کە تووشی تراوما ببوون نیشان دەدا تەنانەت تێراپی و یارمەتیی دەروونناسانە نەیدەتوانی یارمەتییان بدا. فانۆن باسی ئەوە دەکا کە کۆلۆنیالیزم وەک سیستەمێکی دەرەکی، کاریگەریی لەسەر دەروون و هەستی کۆلۆنیالکراو هەیە[22] و وێنەی خودی خۆی لەلا دەگۆڕێ وەها کە تاکی کۆلۆنیالکراو لەگەڵ خۆی نامۆ[23] و بێگانە دەبێ و ڕقی لە خۆی دەبێ. تاکی کۆلۆنیالکراو هەست بە بیزاری، کەمایەسی و سووکایەتی دەکا و نۆرمەکانی کۆلۆنیالیست بەهەند وەردەگرێ و “بە دەروونی”یان دەکا. فانۆن دەپرسێ بۆ خەبات دژی کۆلۆنیالیزم سەختە و وڵامیش دەداتەوە چونکە کۆلۆنیالیزم دەبێتە بەشێک لە تاکی کۆلۆنیالکراو. بەڕای فانۆن پێکهاتەی کۆلۆنیالیستی دەبێتە هۆی ناتەندروستی و بارگرانیی دەروونی و نەمانی ڕێزلەخۆگرتن و دروست بوونی زەبروزەنگ. زەبروزەنگێک کە کۆلۆنیالیستەکان ڕۆژانە بەرانبەر بە کۆلۆنییەکان بەکاری دێنن، خۆی دەبێتەوە بە جۆرێک لە تووڕەیی و زەبروزەنگ دژی داگیرکەران.[24]

ئێستا لەیلا لە تورکیە دانیشتووە، گەورە بووە، زانستی هەیە، پێگەیشتووە و دەیهەوێ سەربەخۆیی و لێهاتووییی خۆی نیشان بدا و بە داد بگا:

با بزانیت، من بۆ ئەوە لەسەرت نانووسم، تاکوو ببمە نووسەرێکی ناودار، هەرچەند زۆرم حەز بە ناودەرکردنە. من بۆیە لە بارەی تۆوە دەنووسم، تاکوو دوای ئەو هەموو گۆڕانە ڕیشەییەی بەسەر کەسایەتیمدا هاتووە، لێهاتوویی خۆمت بۆ بسەلمێنم، یاخود با بڵێێن: بۆیە لەسەرت دەنووسم، بۆ ئەوەی لە گرێی خۆبەکەمزانین چاک ببمەوە، کە ئەو هەموو ساڵە دایگرتبووم! وەکوو دەڵێن: وشەکان دەرمانی کەسانی مایەپووچی وەک منن، یا ڕەنگە لەبەر ئەوە لەسەر تۆ دەنووسم، هەتا پرسیاری ژیرانەت لێ بپرسم، سادەییەکەم بە هانامدا نەگەیشت پێش بیست و پێنج ساڵ لێتی بکەم، دەنووسم بۆ ئەوەی لەگەڵ تۆدا ڕابورد سەرلە نوێ دایبڕێژمەوە.

چما ئەوە دادپەروەری نییە؟ (ل.٢١)

هەروەک دەبینین نووسەر/ڤەگێڕ بەدوای دادپەروەرییەوەیە. دادپەروەرییەک کە کەسایەتی و ناسنامەیەکی ئینسانی بۆ کۆیلەیەک، بۆ تاکی وڵاتێکی داگیرکراو بگەڕێنێتەوە. لەیلا دەیهەوێ لێهاتووییی خۆی نیشانی ئەربابەکەی/شێخ بدا. لەڕاستیدا تەنانەت دوای بیست و پێنج ساڵ هێشتا لەیلا بە جۆرێک لە داوی شێخدایە و دەیهەوێ خۆی بۆ ئەربابەکەی بسەلمێنێ و لێهاتووییی خۆی پێ نیشان بدا.

هێگێل لە کتێبی  دیاردەناسیی زەین/ ڕۆح، بڕگەی سەروەری و کۆیلەتی[25] دا پرسی ئاگایی دێنێتە بەر باس. بەڕای هێگێل سەروەر/ئەرباب و کوێلە/بەندە لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکیدا بوونیان هەیە. بە گوتەی هێگێل ئەوە تەنیا سەروەر نییە کە ئەویتر وەک کۆیلەی خۆی دەبینێ بەڵکوو ئەویتریش خۆی بە کۆیلە دەزانێ. تەنیا سەروەر نییە کە خۆی بە ئەرباب دەزانێ بەڵکوو بەندەش ئەو بە ئەرباب دادەنێ. ئەمە کاکڵی وجوودیی ئەوە. ئەرباب ناتوانێ بە سەروەری بگا مەگینایەک ئەویتر بکاتە کۆیلەی خۆی. کۆیلە بۆ ئەو وەک ئاژەڵ یا شتێکە. کەواتە ئارەزووی سەروەرە کە ڕووی لە شتێکە نەک ئارەزووی کۆیلە. ئاگاییی کۆیلە سەربەخۆ نییە بەڵکوو پەیوەندیی بە سەروەرەوە هەیە و ئەمە دژی واقیع و نرخی ئەوە. کۆیلە شەڕەفی ئینسانی نە لە خۆیدا بەڵکوو لە سەروەردا دەناسێ. کۆیلە فەرمانبەری سەروەرە. بەڵام خودی کۆیلەتییش جۆرێک خودئاگایی دەهێنێ. کۆیلە سەربەخۆیی و ئازادی دەناسێ بەڵام تەنیا لە سەروەردا دەیبینێتەوە. کۆیلە قازانجی لەمەدایە کە لە کۆیلەتی ڕزگاری بێ و ئەزموونی کۆیلەتی ئامادەی دەکا تا بۆ سڕینەوەی کۆیلەتی هەنگاو بنێ. دیارە سەرەتا کۆیلەتی بۆتە بەشێک لەو و هێزی نا-گوتنی نییە و هێزی نەفی لە سەروەردا دەبینێ. ژیانی کۆیلە پڕبووە لە ترس و لەرز. نەفیکردنی بوونێکی کۆیلانە هەمان “جەوهەری کۆتایی” و خودئاگایییە. سەروەر لە ئەربابێتیی خۆیدا قەتیس ماوە و تواناییی گۆڕانی نییە و ناگۆڕێ، بەڵام کۆیلە خوازیاری کۆیلەیی نەبووە و تەنیا نەیویستووە  ببێتە سەروەر و سەروەری بکا. کۆیلە ئامادەی گۆڕان و پەروەردەیە و لە بنەڕەتەوە بوونێکی مێژوویییە. ئەو ئامانجێکی ئەرێنیی هەیە واتە سەربەخۆیی کە پێشتر لە سەروەرەکەیدا دەیدیت. ئەمە ساتی  خۆبوونە و دەزانێ ئازادی بە چ مانایە و دەیهەوێ ڕزگار بێت. کۆیلە دوای کار بۆ ئەرباب و خزمەت بەو، دەزانێ کە پێویستە بجەنگێ. دڵەڕاوکێی ترسێکی کە سەروەر خستوویەتی ناو دڵی دەبێتە سەرەتای ئاگایی و زانست. کۆیلە بە کار و کردەی خۆی دەگاتە ئاگایی و ئازادی و گەیشتن بە خودێکی سەربەخۆ. ئینسان بە سەربەخۆییی ڕاستەقینە ناگا، مەگینایەک کۆیلەتی تێپەڕێنێ.[26]

لەیلا بیست و پێنج ساڵ پێش کۆیلەیەکی سێکسیی ئەربابەکەی واتە شێخ بوو؛ لە پەیوەندی لەگەڵ شێخدا مانای هەبوو و شێخ ئەوپەڕی کەڵکی جنسیی لە لەیلای کەمتەمەن وەردەگرت. بەڵام بە گوتەی هێگێل جیهان بەردەوام لە حاڵی گۆڕاندایە.[27] هەموو شت و ڕووداو و دیاردەکان پەیوەندی و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. لە  پرۆسەی دژایەتیی ناوخۆییدا جووڵە دەبێتە هۆی گۆڕان و بەرەوپێشچوون. لە ناو دڵی تێزدا ئانتی تێز دروست دەبێ و لە پێکدادانی ئەو دوانە شتێکی تازەتر (سەنتێز) دروست دەبێ. بۆ وێنە لە سیستەمێکدا کە زوڵم هەیە، دژە زوڵم دروست دەبێ و لە کەشمەکێشی ئەو دووانە شتیکی تازە، شۆڕش و گۆڕانکاری، دروست دەبێ. دیالێکتیک واتە واقیعێک کە بەردەوام لە جووڵەدایە و لە ناو خۆیدا هەڵگری دژایەتییە کە دەبێتە هۆی گەشە و ئاگایی و ئازادی. دژایەتی  بۆ گەشەکردن پێویستە و دژایەتی دەبیتە هۆی گەڕانی بەردەوام بۆ دیتنەوەی هەقیقەت.

کەڵکوەرگرتنی جنسیی شێخ لە لەیلای کۆیلە تەنانەت سنوورەکانی سادەی ئینسانی و عورفیی تێدەپەڕاند. بۆ وێنە کاتێک برای لەیلا لە بەیرووت دەکوژرێ، شێخ دایکی و لەیلا دەباتە بەیرووت بۆ ناشتنی عەباس. دوای گەڕانەوە لەسەر قەبران دەیانباتە خانوویەکی حیزبی کە حیزبوڵڵا لە شەڕدا وەدەستی خستووە یا بە بوختان دەستیان بەسەر ماڵی کەسێکدا گرتووە. گەرچی لەیلا دڵ ‌بەخەمە بەڵام شێخ تەنیا بیر لە سێکس دەکاتەوە:

“لە هەموو کات جوانتر دەنوێنیت.” وای گوت. پاشان لەپڕ ڕابوو و بەرەو گەرماوەکە رایکێشام، لە ژێر دووشەکە وەستاندمی، کەوتە داکەندنی جلەکانم، ئەوجا کەوتە شوشتنم، چون بیەوێت لە پیسیی خەمم بشوات، چەشنی یارییەک کەوتە شێلانی جەستە سوێرەکەم بێ ئەوەی هیچ حسێبێک بۆ دایکم بکات کە لە یەکێک لە ژوورەکاندا نووستبوو. (ل. ٢٢٦)

 ئێمە لە تەواوی گێڕانەوەکەدا دەبینین کە لەیلا وەک کۆیلە و ئۆبژەیەکی سێکسیی داگیرکراو و ژێردەستی شێخ بە هۆی هەژاری و کەمتەمەنی، دەرەتانی ئەوەی نییە خۆی ڕزگار بکا.

یەکێک لە بیرمەندان و توێژەرانی خوێندنەوەکانی پۆستکۆلۆنیالیستی و ڕەهەندە کەلتوورییەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم Anne McClintock لەسەر ئەو باوەڕەیە کە کۆلۆنیالیزم کەلتوور وەک ئامرازێک بەکار دەهێنێ بۆ پاراستنی باڵادەستیی خۆی. ئەو ئاماژە بەوە دەکا کە چۆن کۆلۆنیالیستە(ئەورووپییە)کان نۆڕم، ڕێسا و پلەبەندییان لە کۆلۆنییەکانی ژێردەستی خۆیان دروست کردووە و جێ خستووە؛ لەوانەش کار، سێکس و زاوزێ. مەککلینتۆک دەڵێ جێندێر و سێکسوالیتی، لە پڕۆژە و ستراتێژی و فراوان بوونی دەسەڵاتی ئیمپیریالیستەکاندا ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕن و هاوکات نیشان دەدا چۆن کۆلۆنیالیسم و پڕۆسە مێژوویییەکەی، کاریگەریی لە سەر ناسنامە و داڕشتنی پەیوەندییەکانی ئێستا لە جیهاندا بووە.[28] هەروەها یەکێکی تر لە پۆستکۆلۆنیال فێمینیستەکان Maria Lugones (1944-2022) خەڵکی ئاڕژانتین و ماموستای زانکۆ لە ئەمریکا، داهێنەری چەمکی کۆلۆنیالیزمی جنسییەتی، بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە چۆن کۆلۆنیالیزم، پێکهاتەکان و نۆڕمەکانی جێندێری/ جنسییەتیی خۆی بەسەر ژێردەستاندا، هەم ژن و هەم پیاو، دادەسەپێنێ. ئەو پێی وایە کۆلۆنیالیستی ئەورووپی دەبێتە هۆی شێوانی پێکهاتەی خەڵکی ڕەسەن و خۆجێیی کە داگیرکراون.[29]

ئەم دوو بیرمەندە باس لە پەیوەندیی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی لەگەڵ ژێردەستانی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەگەر ئێمە بیری وان بەقەرز وەربگرین و پەیوەندیی شێخ و لەیلا وەک پەیوەندییەکی داگیرکەر (شێخ پیاوی ئێرانە) و لەیلای داگیرکراو چاو لێ بکەین، دەبینین چۆن لەیلا بووەتە کۆلۆنییەکی جنسیی شێخ. داواکانی شێخ لە لەیلا دەگەنە ئەوپەڕی بێکەرامەتی و تەنانەت لە کاتی مەرگی براکەیدا لەیلا ناتوانێ لە هەوەسی شێخ خۆی دەرباز بکا.

دەلال زەینەدین لە وتووێژێک لەگەڵ “قناة ندوة وطن” باسی ڕۆمانەکەی دەکا و باسی ئەوە کە چۆن “رجال دین” و پیاوانی حیزبوڵڵا دەسەڵاتیان پەیدا کردووە و ژنان “ئیستیسمار” دەکەن. ئەو دەڵی دەیهەوێ بە ڕێگای ڕۆمانەکەی خۆیەوە ئەم زوڵمە نیشان بدا هەربۆیە کارەکتەری کچێک لە بنەماڵەیەکی زۆر هەژار کە پیاوێکی دینی هەر کارێکی لەگەڵ دەکا، دەخوڵقێنێ. زەینەدین لە قسەکانیدا باسی سیغە وەک “مفاجعە”یەک دەکا و بەردەوام دەبێ و دەپرسێ “ئەگەر ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دروستە بۆ بە دزی و بەنهێنی ئەنجام دەدرێ؟”[30] دەلال زەینەدین لەم وتووێژەدا ڕەخنە لە ئێپیستیمە و دۆخی مەعریفی و ئاکاری ڕێبەرانی شیعە دەگرێ.[31] هەر ئەم بۆچوونەش لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا دەبینرێ:

[…] ئێمە بە ئەشقی حوسێن سەرخۆش دەبین و بە خۆشەویستیی عەلی مەست دەبین، بە لەخۆدانی زەینەبیش قسان دەبزرکێنین. سۆزانیخانە لە باشوور نییە. ماڵی خودا کەم و ماڵی حوسێنیش زۆر هەن، لە هەر ماڵێکیشدا عەلی و حوسێن و زەینەب هەن. (ل. ٩٧)

سیغە وەک هەناردەیەکی ئێرانی لەسەر سینیی شەرع وەک پەتایەک لە باشووری لوبناندا تەشەنە دەکا. (ل.٨٥) و ژنانێکی زۆر سیغە دەکرێن و پیاوان بەناو و بیانووی جۆراوجۆر، شەوانە دەچنە ماڵە ئەو ژنانە و هەر جارەی ئابڕووچونێک ڕوودەدا و خەڵک پێیان دەزانن. هەر ئەوانەی تۆقەکردن لەگەڵ ئافرەتان حەرام دەکەن، فەتوای ڕەوابوونی ڕابواردن لەگەڵ ئافرەتان دەدەن:

[…] ئیدی لەو ڕۆژەوە ئێمە تەوقە ناکەین، بەڵام بە ناوی ئایینەوە زینا دەکەین! (ل.٨٨)

 و جەستە بە هەندێک خۆراکی قوتوو و سابوون و شامپۆی ساختە دەگۆڕدرێتەوە. (ل.٩٣)

بەڵام تەنیا سیغە نییە کە وڵاتی داگیر کردووە، بگرە هێزی دەرەکی و داگیرکەری ئێرانی بە هەموو شێوەیەک هاتووەتە ناو سیاسەت و ژیانی باشووری لوبنان. لێرەدا دیسان هەمان ڕاستیی گوتەی فانۆن دەسەلمێنرێ کە کۆلۆنیالیزم تەنیا داگیرکاریی ئابووری نییە، بەڵکوو لەڕێگای کەلتوور و لە ناوەوەڕا وێرانکاری دەکات و ناسنامەت لێ دەستێنێ. ئێران گەرچی لەباری مەودا لە لوبنان دوورە، بەڵام لە ڕێگای دین و کەلتوور و سیاسەت پەلی هاویشتۆتە لوبنان:

[…] ئەوەندە بەس بوو بیرۆکەکە ئێرانی بێت، تاکوو هەڵپە بکەینە سەر ئەنجامدانی بە تەواوی، بێ ئەوەی پرسیار بکەین.

تا کوو ئێستا نازانم، پاڵنەری دوای زۆرێک لەو کارە ئێرانییانە چی بوو، بە شێوەیەک پشتمان پێ دەبەستن وەک ئەوەی لە باپیرانی باشووریمانەوە بۆمان مابنەوە؟! (ل.٩٧)

ڤەگێڕ دەزانێ کە ئێران سەنتەری مادەسڕکەرەکان و نەشتەرگەریی جوانکارییە و وڵاتەکەی ئەوی بە ڕێگای کەلتوور و ئایینەوە داگیرکردووە:

[…] تۆ کارامەی لە نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ هەموو شێوەکانی گەندی، بە نەشتەرە ئایینییەکەت و بێهۆشکەرە هاوردەکەت لە وڵاتی زعفەران و مافووری عەجەمی. (ل. ١٤٦)

نووسەر هەموو ڕووداو و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا دێنێتە ژێر ڕەخنە؛ دین، پیاوانی دینی، شەڕ، داگیرکاریی ئیسرائیل، هاتنی پیاوانی سەر بە ئێران بۆ لوبنان، مەزهەبی شیعە و سیغە، هەژاری و بازرگانی بە پرسی فەلەستین. ئەم ڕوانگە ڕەخنەگرانەیە زۆرجار تێکەڵاوی تەنز و ئیرۆنی دەبێ کە هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا خۆی دەنوێنێ، واتە کاتێک ڤەگێڕ باسی ئەوە دەکا چۆن ڕاست لە ڕۆژێکی  وەک ڕۆژی عاشوورادا چاوی بە شێخ دەکەوێ. ڕاست ئەو کاتەی خەڵک دەگرین و بۆ  چاوچاوێن نابێ. بەڵام لەیلا دەزانێ کە لە ڕاستیدا کەس بۆ حوسێن ناگری بەڵکوو هەر کامەو بۆ دەردی خۆیان دەگرین؛ ژنێک کە مێردەکەی ژنی بەسەر هێناوە، پیاوێک کە براکەی لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، دایکی کە بۆ عەباس دەگری کە چۆتە ناو بزووتنەوەی ئەمەل. لەیلا بە تەنزەوە دەڵێ:

حوسێن بەر لە هەزارو چوار سەت ساڵ شەهید بوو، کەچی تاکوو ئێستا ئێمەی زیندووان لە هەر بۆنەیەکی ئایینیدا گوایە بۆی دەگرین […] (ل.٢٧)

ئیرۆنیی گێڕانەوەکە کاتێک دەگاتە ئەوپەڕی خۆی کە شێخ بۆ دانی زەکات بە کەوشی مارکدار و بە ماشێنی مێرسێدێس دێتە ماڵی لەیلا کە تاقە ژوورێکە لە کۆڵانێکی قیرەتاونەکراودا. ئەو کۆڵانەی هەژارەکانی لە شەوی زەماوەندیشدا تەنیا نان و جاترەیان هەیە بیخۆن. (ل.٢٢) ماڵی لەیلا جگە لە هەژاری و چا هیچی دیکەیان نییە میواندریی شێخی پێ بکەن. شێخ بە ڕواڵەت خاکەڕایانە لە سەر عەرز دادەنیشێ و لەگەڵ دایکی لەیلا دەکەوێتە گفتوگۆ. کاتێک ئیزن دەخوازێ دەستنوێژ بگرێ، منداڵەکان کایە بە مێزەری شێخ دەکەن. لە تەواوی ئەم ساتانەدا لەیلا شڵەژاوە. دایکی لەیلا بەرماڵەکەی بۆ درێژ دەکا:

دایکم بەرماڵەکەی بۆ درێژ کردیت، هەر هێندەی ڕووت بەرەو قیبلە وەرگێڕا بە لاچاوی چەپت غەمزەیەکت بۆ کردم، پاشان دەستەکانت بەرز کردەوە، تاکوو ناوی خودا بهێنیت “ئەڵڵاهو ئەکبەر”، ئەو چاوداگرتنەت بەلای منەوە تەنیا هێمایەکی ڕاگوزەر نەبوو، چەکی دانپێدانانی ڕاستەوخۆت بوو بە سەرسامییت بە من. (ل.٣٢)    

پیاوی دین و چاوداگرتن لەسەر بەرماڵ؟ دوای نوێژ شێخ جزدانە هەڵمساوەکەی لە گیرفانی ناوەوەی عەباکەی دەردێنێ. خۆشی ڕووی خوشک و برای لەیلا دادەگرێ:

ئاخر ئێمە لەسەر خێر و خێراتی گیرفانە هەڵمساوەکان دەژیاین […] (ل.٣٣)

مێزەر و جەستە گەلیک پرسیار دەورووژێنێ کە بە زار و مێشکی لەیلای ڤەگێڕدا دێن. چۆن شیعە دوای هەزار ساڵ هەم بۆ “حوسێن” دەگرین و هەم زینا دەکەن. چۆن دەبێ پیاوانی دینی وا لۆکس بژین؟ ئەو پارەیە لە کوێوە دێ؟ بۆ لەسەر بێماناترین شت گرووپە چەکدارەکان کێشمەکێشمیان هەیە؟ بەڵام باشترین پرسیار ئەوەیە کە چۆن شێخ عەلی دوای بیست و پێنج ساڵ هێشتا نەکوژراوە؟ دیارە بۆ؛ ئەوان خۆیان لۆکس دەژین و خەڵکی بێدەرەتان بە کوشت دەدەن. بە هەمان نەفس و شێوازی ئیرۆنیک لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکەدا کاتێک شێخ پەیدا دەبێتەوە و مەهدی کوژراوە، بەڵام شێخ هەر زیندوویە، لەیلا لێی دەپرسێ:

  • بۆچی تا ئیستا نەمردوویت؟
  • مژووڵی هاندانی ئەوانی دی بووم بۆ مردن. (ل. ٢٤٩)

ئینتێرسێکشنالیتی ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەیە وهەلی شیکردنەوەی تێکتەنراویی ژێردەستی دەڕەخسێنێ. ئەم ڕوانگەیە ڕیشەی لە بۆچوون و تیۆرییەکانی پۆستکۆلۆنیالی، تیۆری ڕەخنەیی و ئەزموونی ڕۆژانەی ئەفرۆئەمێریکەنەکاندایە.[32] چەمکی ئینتێرسێکشنالیتی نایەکسانیی ڕەنگین پێستەکان و نایەکسانیی جنسییەتی دێنێتە بەر ‌باس و پێی وایە بۆ وێنە ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن تەنیا بەهۆی جنس و فیزیکی ژنبوونەوە نییە کە ژێردەستەن، بەڵکوو هۆکار و پێکهاتەی دیکەش وەک ڕەنگی پێست، لەسەر ژێردەستەبوون کاریگەریی هەیە. ئەگەر ژنێکی سپی بەهۆی ژنبوون ژێردەستە بێ ئەوە ژنێکی ئەفرۆئەمێریکەن چەند جار ژێردەستەیە. واتە جیا لە ژن بوون، فاکتگەلی وەک ئیتنیستیتە، ڕەنگی پێست، شوێن و ناوچەی ژیان، ناتوانایی و کەمئەندامی، چین، خوێندەواری، تەمەن و هتد، کاریگەرییان لەسەر هەڵاواردەیی و ژێردەستەییدا هەیە.[33] ئینتێرسێکشنالیتی چوارچێوە و ڕوانگەیەکە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی نایەکسانی و هەڵاواردن یەکتردەبڕن؛ -بەتایبەت لە ژیانی تاکی پەڕاوێزخراودا- و چۆن ڕەگەز، نەتەوە، چین، سێکس، ئایین، تەمەن و تاد، کاریگەرییان بۆ دروستکردنی ئەم ژێردەستییە هەیە.

نووسەری مێزەر و جەستە دەیهەوێ دۆخی ژێردەستی چەندقات و چەندلایەنە و دۆخی سوورێئالی ژیانی ژنان و کچان لە گەڕەکە هەژارەکانی باشووری لوبنان نیشان بدا. ژنانێک کە شەوانە لە ماڵی لەیلا کۆدەبنەوە و باسی ئەزموونە سێکسییەکانی خۆیان دەکەن. ئیسرائیل ئەم ناوچەیە بەردەوام بۆمباران دەکا، بەڵام ئەم بۆمبارانانە دەبنە سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەژاران. لەیلا باسی براکەی عەباس و ڕەفیقەکەی مەهدی دەکا کە چۆن دوای بۆمبارانەکان ئاسنەواڵەکان کۆ دەکەنەوە:

ئەو دەمی گوندەکەمان لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە بۆمباران دەکرا، بۆ ئەوەی ڕای نەدەکرد لە ترسی بۆمباران بگەڕیتەوە ماڵەوە، خۆی و مەهدی بۆ ئەوە ڕایان دەکرد تاکوو قەوانە تۆپ و مووشەک کۆ بکەنەوە نەکوو یەکێکی تر پێش ئەوان کۆیان بکاتەوە، هەر دووکیان شەیدای ئەم سەرکێشییە بوون لەبەر پێویستیی کەسێتی. (ل.٤٠)

عەباس و مەهدی ئاسنەواڵەکانیان بە بازرگانێک دەفرۆشت و پارەکەیان بە یەکسان دابەش دەکرد. عەباس بە پارەکە ڕەنگی بۆ نەقاشی دەکڕی و مەهدی جلوبەرگی وەرزشیی پێ دەکڕێ. کاتێک لە پارەکەی مەهدی زیاد دەماوە بە قەرز دەیدایە عەباس کە بنەماڵەیەکی پڕکەسی هەژارتر بوون. عەباس کوڕێکی دەستڕەنگینی نەقاشە. لەسەر دارودیواری ماڵە هەژارەکان کە زۆر جار پەنجەرەشیان نییە باڵندە و دار دەکێشێتەوە. عەباس هیچی جگە لە جوانکردنی دەوروبەری نەدەزانی.(ل.٤٣) بەڵام هێزەکانی ئیسلامی سیاسی بەوە دەزانن و دەیانهەوێ لە تواناییی ئەو بۆ  خۆیان کەڵک وەربگرن و وێنەی خومەینی و ڕێبەرەکانیان لە سەر دیوارەکان بکێشێتەوە. بۆیە دایدەمەزرێنن:

جەنگ بەهرەی کەسانی ساویلکەی وەک ئێمە دەقۆزێتەوە، ئیدی چۆن لێ دەگەڕێت بەهرەیەکی بەخشەندەی وەک بەهرەی عەباسی لەدەست دەربچێت! (ل.٤٦)

بەڵام عەباس بیرتیژە و شتەکان دەبینێ. جارێک کە لە بەیرووت ڕا دەگەڕێتەوە ئەو پرسیارە دەکا:

ئێمە لەمێژە هەژارین، بۆچی شێخ عەلی پێشتر تێبینیی ئەمەی نەکردووە، بۆچی ئێستا ئەم هەموو بەخشندەییەمان بەسەردا دەبارێنێت؟! (ل. ١١٥)

دایکی لەیلا زیاتر لە هەموو کەس متمانەی بە دین و پیاوانی ئایینی بوو. ئەو کە هێندە هەژارە تەنیا تاقە دەرپێیەکی هەیە و کاتی نوێژ دایدەکەنی و بە کراسەکەی لاقولەتەری دادەپۆشێ، بەڵام قەت شک لە دۆخی ژێردەستەییی خۆیان و ناپاکیی شێخ ناکا. هاوکات شێخ لە کاری خۆیدا کارامەیە. ڕۆژێک کە شێخ لە ئێران ڕا گەڕاوەتەوە و پارەی بۆ خێرکردن لەگەڵ خۆی هێناوە، داوا لە دایکی لەیلا دەکا کە لەیلا لەگەڵی بڕواتە دەر تا جل بۆ منداڵەکان بکڕن. دایکی دیندار متمانەی بە ئایین و شێخە و ڕێگری لە کچەکەی ناکا. ئەم ڕۆژە شێخ بە لەیلا دەڵێ دەیهەوێ سیغەی بکا:

  • هێشتا لەسەر قسەی خۆمم، ئەمڕۆ دەمەوێت مارەت ببڕم.
  • بەڕاستیتە؟! بڕوا ناکەم!
  • هاوسەرگیریی سێغە، وەکوو هاوسەرگیریی ئاسایی.
  • تێنەگەیشتم؟

خوێن لە دەمارەکانمدا مەیی، چۆن یەکێک  زللـەیەکی بە پشتەملمدا کێشابێت، زللـەکەی ڵێڵییەکی لە چاومدا دروست کردبێت. نائومێدییەکەم هەزار قات بوو، نائومێدییەک دوای ئەو هەموو خەونە بەرفرەوانانە چاوەڕوانی نەبووم. (ل.٧١-٧٠)

دواتر سیغەکردنەکە چەندین جار و بە پارە چەندپاتە دەبێتەوە. پارەیەک کە بنەماڵەی لەیلا لە هەژاری نەجات دەدا بەڵام لەیلا دەکاتە کۆیلەی جنسیی شێخ و لەیلا دەبێتە ئەوینداری شێخ. دۆخی هەژارەکانی کۆڵانەکەیان وا سەختە کە جیرانەکان ئێرەیی بە جلە تازەکانی منداڵەکان دەبەن.(ل.٨٢) لەیلا ناوێرێ تەنانەت بۆ دەستەخوشکەکانیشی باسی پەیوەندیی خۆی و شێخ عەلی بکا، ئاخر شێخ کەسایەتیی ئایینی و سیاسی بوو و نەدەکرا لەیلا ببێتە هۆکاری زڕاندنی ناوی شێخ و ئابڕووچوونی.(ل.١٠٣) تەنانەت کاتێک شەوێک لەیلا بەدزی دەچێتە لای شێخ و نیگابانی شێخ لەیلا نابینێ بەڵام تەقە لە تاریکی دەکا بەیانی دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە هەوڵی تێرۆری شێخ دراوە و ئەمەش هەر بۆ پترناودەرکردنی شێخ و ئۆتۆریتەی باشە. ئەم دۆخە نەفرەتکراوە، دۆخێک کە حەز ناکەی شانبەشانت بڕوا، پتر لە ساڵێک دەکێشێ و شێخ لەسەر پەنجە لەیلا دەسووڕێنێ.(ل.١١٥-١١٤)

لەم دۆخە نابەرانبەرەدا تێکتەنراویی ڕووبەرەکانی ژێردەستی بە ڕوونی دیارن. لە لایەک شەڕە، لە لایەک بازرگانان لەم شەڕە قازانج دەکەن. لە لایەک باسی شەڕ بۆ فەلەستین دەکرێ و کایە بە هەستی خەڵک دەکرێ، لە لایەکی تر کچانی جەوان دەبنە خۆراکی سێکسیی پیاوانی دین. پارەی زەکات و ئێران هێندە زۆر و کاریگەرە کە بنەماڵەی هەژاران دەتوانن جل و گۆشتی پێ بکڕن و لە خۆشییان خەویان لێ نەکەوێ:

هاتنەکەت بەلای ئێمەوە لە پەرجوویەکی ڕاستەقینە دەچوو، چرایەکی ئەفسووناوی بوو لەپڕ یەکێک بێ ئەوەی داوای لێ بکەین، لێوەی سەری دەهێنا و ئەم هەموو خۆشییەی بەسەرماندا باراند. من ئەو شەوە خەو نەچووە چاوم! خوشک و براکانیشم هەر نەنوستن. […] (ل. ٣٦)

ئەوین، سێکس، دەسەڵات و پارە، جوانی و هەژاری، بازنەیەکی شووم دروست دەکەن. زۆر جار لەیلا ویستوویەتی خۆی ڕزگار بکا بەڵام لە داوی پارە و ئەوینی شێخ ڕزگاری نەبووە. تەنانەت ساڵانی دواتر کە لەیلا مێردی کردووە هەر ناتوانێ شێخ فەرامۆش بکا:

هەموو هەوڵەکانم بۆ هەڵاتن لە تۆ مایەپووچ بوون، بێ ئەوەی بموێت گەڕاندمیانەوە بۆ لات، چما بەڕاستی دەمەوێت لەبیرت بکەم؟! یا خود پاساو دەهێنمەوە، تاکوو لە بەردەم خوێنەراندا وا نیشان بدەم ئافرەتێکی نموونەییم؟!چۆن لەو گرییەی لەگەڵمدایە قوتار بم و رزگار بم لەو هەستی خۆبەکەمزانینە لە بەردەمتدا؟! […] ئەوەتانێ بزەخەنەت بۆ دەکەم، زۆر بە بێچاوڕووییەوە هەر کە وشەکانیم بیر دێنەوە تۆش لەو ڕۆژەدا وڵامی پرسیارە بێماناکەم دەدەیتەوە:

  • بڵێی ڕۆژێک بێت لە بیرم بکەیت؟!
  • بەڵێ، ئەو دەمی فەلەستین ڕزگار ببێت، لە بیرت دەکەم. (ل.١٣٣)

لەیلا لەسەر نووسینی ڕۆمانەکەی سوورە. نووسینی ڕۆمانێک بۆ ئەوە دەبێ ژیانتی لەسەر دابنێی. دوای ئەوەی ڕۆژێک مێردی لەیلا داوەتی دەکا لە دەرەوەی ماڵ لەسەر “مەرمەرە” ماسی بخۆن، لەیلا مۆڵەتێک بە خۆی دەدا، چونکە هێشتا لەسەر نووسینی ڕۆمانەکە ناخۆشی لەنێوانیاندا هەیە. هاوکات ئیستانبوڵ شارێکە کە کەمەندکێشت دەکا، تەنانەت ئەگەر حەزت لە ماسی خواردنیش نەبێ. مێردی لەیلا خەریکی مۆبایلەکەیەتی و لەیلاش بە هەمان شێوە و وڵامی چەند کۆمێنتێکی فەیسبووکی دەداتەوە. لەیلا بایەخ بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدا کە “پەنجەرەیەکت بۆ دەکاتەوە و بانگهێشتت دەکات بێ هەڵاواردن، چاوەدزێ بخەیتە سەر هەموویان.”(ل.١٢٠) لەپڕ لەیلا وێنەیەک دەناسێتەوە. لە ئەکاونتی فەیسبووکەکەی دەگەڕێ. مەهدییە. هەمان مەهدی ڕەفیقی عەباس کە لەیلا لەسەر داوای شێخ ڕازیی کردبوو لە بزوتنەوەی ئەمەل ڕا بچێتە ناو حیزبوڵڵا:

(مەهدی) پێرێ بە هۆی کەوتنە ناو بۆسەیەکی شۆڕشگێرانی غوتەوە لە سووریا مرد. لەو دەمی بۆی دەگریام پێکەنینێک دایگرتم. چما ئەمانە ئەو شۆڕشگێڕانەن ساڵانێکە من بەرگرییان لێ دەکەم، بە کوشتنێ مەهدیی هاوڕێی عەباسی برام پاداشتم دەدەنەوە؟ ئەمە چ پارادۆکسێکە؟ (ل.١٢١)

خەم دایدەگرێ و لەیلا هەست بە تاوان دەکا. ئەو زامانەی پێی وا بوو وەخەبەر نایەنەوە دیسان تەشەنە دەکەن. لەسەر یەکێک لە وێنە تازەکانی مەهدی بەدەم گریانەوە کۆمێنتێک دەنووسێ:

 “بۆچی بڕوات پێ کردن مەهدی، ئەوان درۆت لەگەڵدا دەکەن، ئەوان هەڵیانفریواندی؛ خۆ ڕیگەکانی قودس بە دۆمادا تێناپەڕن، باشوور کورتترین ڕێگەیە بۆ فەلەستین، ئاخر بۆچی بڕوات پێ کردن؟ سوێندت بۆ دەخۆم ئەوان درۆ دەکەن.” (ل. ١٢٢)

ئەم کۆمێنتە سەرودڵی زۆر کەسان دەگرێ و لەیلا بە خۆفرۆشی تۆمەتبار دەکەن. لەیلا دەگەڕێتەوە ماڵ و دەخوازێ بنووێت تا هەموو شتێک لەبیربکات. نامەیەکی لە پۆستی تایبەت ڕا بۆ دێ:

ئایا تۆ لەیلای؟ ئەدگارت لە وێنەکەدا تا ڕادەیەک لەو دەچێت، ئایا خۆتی؟ کۆمێنتەکەی لەسەر وێنەی شەهید مەهدی نووسیوتە بسڕەوە! (ل.١٢٢)

شێخ عەلییە و ئەمە دەبێتە سەرەتای  گفتوگۆ و جەنگێک. لەیلا دەیناسێتەوە. یادگەی لەیلا دەگەڕێتەوە شەوی عاشوورا. لەیلا چاو لە پۆستەکانی شێخ دەکا. لەیلا کەمەندکێش دەبێ. هێشتا شێخ کاریگەریی بەسەر لەیلاوە ماوە. شێخ دەست بە پرسیار دەکا و سەردەکێشێتە ناو قوژبنی ژیانی لەیلا:

  • چەند منداڵت هەیە؟
  • ئەمە ئیشی تۆ نییە.
  • زماندرێژ بوویتە!
  • بۆچی بە دیاریکراوی مەهدییت هەڵبژارد؟!
  • خوا هەڵیبژارد، پاشان بۆچی ئەوەندە بایەخ بەم بابەتانە دەدەیت؟! چاوەڕوانی پرسیارێکی تر بووم، بۆ نموونە پرسیاری دۆخم بکەی!
  • حەز بە پرسیاری ڕۆتینی ناکەم، ئیستا مەهدی و شۆڕشی سووریا گرینگترن.
  • هههههههه، بە شۆڕشی ناو دەبەی! ئایا تۆ لەیلایت یا یەکێکی تر؟!
  • بمبەخشە، کۆرپەکەم بێدار بووە، دەبێت بایەخی پێ بدەم.
  • ناوی چییە؟
  • عەلی نییە، ناوی هیچ یەک لە منداڵەکانم بەم ناوەوە ناو نەناوە.
  • بە ئەنقەست وات کرد؟
  • ڕەنگە!
  • ئەمە ئەوە دەگەێنێت تۆ لەم ناوە بترسیت.
  • نا، بەڵام کاتێک تۆم لەبیر کرد ناوەکەشم لە بیر کرد، تەنیا ئەوەندەیە.
  • خۆت بە گەورە دەزانیت، ئەمە نەریتی تۆ نییە.
  • ئیتر نەریتەکانم گۆڕاون.

دەرگەی گفتوگۆم لە نێوانماندا داخست، چۆن دەرگەیەک لە دەرگەکانی دۆزخم بەسەردا داخرابێت. (ل. ١٢٦-١٢٧)

وە لەمەودوا شێوازێکی تازەی گفتوگۆ لە نێوان شێخ و لەیلادا دەست پێ دەکا. شەپۆلی زەین یادەکان زیندوو دەکاتەوە؛ ئەکتە سێکسییەکان، فێربوونی جگەرەکێشان لە شێخ، عەباس، مەهدی، نۆیکردنەوەی سیغە بە بەهانەی جۆراوجۆر، فێربوونی لێکدانەوەی قورئان و فاڵگرتنەوە، نیشتمانی تایەفە و ئیدیۆلۆژییەکان، تاوانەکانی ئیسرائیل، گوتارەکانی شێخ دژی ئیسرائیل، عیماد، کۆڕێکی شێت، کە تا ئەو پەڕی خۆشەویستی لەیلای خۆش دەویست و شێخی نگریس تەنانەت دەیهەوێ عیماد بۆ “چالاکیی ئیستیشهادی”(ل.٢٥٤) بەرەو دوژمن بەڕێ بکا. لەیلا ڕاوەستانی خۆی دژی بڕیاری شێخ بۆ بە کوشتدانی عیمادی دێتەوە یاد:

  • تەنانەت ئەگەر ئەو چالاکییەی باسی دەکەیت هەموو خواروو ڕزگار بکات، ڕیگەت نادەم بە عیمادی بکەیت، لە یەکێکی دی بگەڕێ.
  • تۆ کێیت تاکوو ڕێگەم بدەیت، یا نا؟!

بۆ یەکەم جار تێبینیی ئەم نگریسییە لە تۆنی دەنگی شێخ عەلیدا دەکەم! کاتێک ویستم بڕۆم بە توندی دەستی گرتم:

  • بۆ کوێ؟! هێشتا ئاوەکەم تێتدا بەتاڵ نەکردووە.
  • بەو شێوەیە قسانم لەگەڵدا مەکە وەک ئەوەی سۆزانیی تۆ بم.
  • تۆ وایت. (ل. ٢٦٦)

و شێخ دەکەوێتە گیانی لەیلا و جلەکانی دادەکەنی. بۆ یەکەمجار لەیلا لە شێخ دەترسێ. گەرچی لەیلا تا ڕادەی شێتیی شێخی خۆش دەویست بەڵام دوای ئەم ڕۆژە بڕیار دەدا نەگەڕیتەوە لای شێخ:

ئەمە دوامین جار بوو شێخ عەلیم بینی، دوامین جاریش بوو زەکاتی پێ داین، دوامین جاریش بوو خۆم یەکلا کردەوە لێی داببرێم.(ل.٢٦٧)

جیهانی لەیلای شازدەساڵانە کە تیکەڵاوێک لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانە و خۆشەویستی و نیاز بوو، ئێستا دوای بیست و پێنج ساڵ تێکەڵاوی باوەڕبەخۆیی و بەرپەرچدانەوە بووە. سەردەمانێک لەیلا منداڵکار بوو و نەیدەتوانی لە بەرانبەر شێخەکەیدا ڕابوەستێ، بەڵام ئێستا بە وتەی مێردی لەیلا، ئەم ئافرەتە ئاڵۆزە، (ل.٢٤١) دەتوانێ لە بەرانبەر شێخ دا ڕاوەستێ و پێی دەڵێ شێخ بە بیری فارس گۆش کراوە بۆ کوشتنی خەڵک. لەیلا کە بۆخۆی دەزانێ هۆکاری ڕاستەوخۆی گرێی ئەم ئافرەتە ئاڵۆزە هەمان شێخە، ئێستا دەیهەوێ قامک لەسەر جیاوازیی خۆی و شێخ دابنێ:

  • هەوڵ دەدەیت بۆم بسەلمێنیت تۆ لە لایەنی هزرییەوە پێگەیشتوویت، ئەمەم پێگەیشت، من دانی پێدادێنم تۆ بە ڕۆشنبیرییەکەت لە من لەپێشتری، ئایا ئەمە ئەو شتە نییە دەتەوێت پێی بگەیت؟
  • نا، ئەمە نییە من دەمەوێت، من تەنیا دەکۆشم بۆت ڕوون بکەمەوە من لە گەلێک شتدا لە تۆ باشترم، نەک تەنیا هەر بە ڕۆشنبیرییەکەم، ئەمە هەموویەتی.
  • […]
  • وادیارە زۆر کاریگەری بەوەی لە ڕۆژئاوادا دەیڵێن!
  • بەڵێ، ئەمە ڕاستە، کاریگەریم بە بیری ڕۆژئاوا تەواو لە کاریگەریت دەچێت بە بیری فارسی، لەگەڵ جیاوازییەکی سادەدا، ئەو بیروبۆچوونانەی وەریاندەگرم هانی کوشتنی کەسم نادەن وەک ئەوەی بۆچوونەکانی تۆ دەیکەن […] (ل. ٢٤٢-٢٤١)

 ڤەگێڕ گێڕانەوەکە تاو دەدا. ئەم ژنە ئاڵۆزە کە باسی نووسەرانی گەورە و بیرمەندانی وەک کافکا و فرۆید و هێلێن فیشێر دەکا، بە ئەوین و گیرۆدەییی خۆی بە شێخدا دەچێتەوە. داوای لێبووردن لە دڵی دەکا. شێخ بەردەوام پەیامی بۆ دەنێرێ و دەڵێ دەبێ یەکتر ببینین و شێخ دێتە تورکیە. لەیلا بەیانییەک بە بیانووی چوونە لای دوکتور دەڕواتە دەر تا شێخ ببینێ. شێخ پەیتا پەیتا پەیامی بۆ دەنێرێ. لەیلا پەیامەکان دەبینێ بەڵام وڵام ناداتەوە. لەیلا دەروا بۆ ئەم قاوەخانەیە کە شێخ لەوێ دانیشتووە. لە دوورەوە شێخ دەبینێ، بەڵام ناچێتە لای شێخ و دەگەڕێتەوە ماڵ.

هەژاری، باوەڕی دینی و خۆشویستن کاریگەرییان هەیە لە دروستبوونی جۆرە پەیوەندییەک کە لەیلای جەوان تێیدا دەبێتە بەردەیەکی سێکسی و جەستەی لەیلا دەبێتە کۆلۆنییەکی جنسی. لەیلا بەم هۆکارانە دەبێتە کۆیلەی جنسیی شێخ بەڵام بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە، هەوڵی دابڕان لە شێخ دەدا تا خۆی ببێتە سەروەری خۆی. هەم کاتێک سیغەکە نوێ ناکاتەوە و هەم  دوای بیست و پێنج ساڵ گەرچی دڵی هەر لای شێخ بووە، تا بەردەم شێخ دەڕوا بەڵام ناچێتە لای و بەرەو ماڵ دەگەڕێتەوە. لێرەدا لەیلا هەم وەک کۆیلەیەکی جنسی و هەم وەک کەسێک کە وڵاتەکەی داگیرکراوە، لەبەرانبەر ئەربابدا ڕادەوستێ. ئەم پڕۆسە دەروونییە گەرچی زیاتر لە بیست وپێنج ساڵ دەخایەنێ، بەڵام سەرئەنجام دەگاتە سەنتێزێک؛ هەوڵی لەیلا بۆ ئەوەی لەژێر سەروەری و دەسەڵاتی ئەرباب بێتە دەر. دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ پەنا بۆ مێردەکەی دەبا:

بە توندی ئامێزی لێ دەدەم، نەک لەبەر خۆشەویستی، بەڵام دەمەوێت دڵنیا بم لەوەی تەنیا ئەم جارە سەرکەوتووبووم لە دەربازبوون لە دەستت، هەروەها ئەو چۆلەکانەی عەباس لە قەد دیواری هەژارەکان نیگاری دەکێشان، لە دواییدا توانییان لە شەقەی باڵ بدەن و بفرن….. (ل. ٣٣٠)

ئایا نەچوون بۆ لای شێخ ڕزگارییە؟

فانۆن بۆ ڕزگاربوون لە داو و زنجیر کاری بەکۆمەڵ و شۆڕش بە پێویست دەزانێ. فانۆن تەنانەت توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە بۆ گەڕانەوەی کەرامەت بۆ خەڵک و شکاندنی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیست بە زەرووری دەزانێ. فانۆن دەڵێ ستەملێکراوان دەبێ ژیانی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەنەوە. بۆ ڕزگای لە عەقڵییەتی کۆلۆنیالی، هوشیاری، ئاگایی و بەخۆداچوونەوە مەرجن و تاک لە ڕێگای بە سوبژەبوون واتە بوون بە تاکی بکەری ئاگا و دابڕان لە نۆرمی داگیرکەر دەتوانێ خۆی ڕزگار بکا و ئایدێنتیتیی خۆی دروست بکاتەوە. ڕزگاری لە کۆلۆنیالیستەکان تەنیا ڕزگاریی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕزگاریی دەروونی و کەلتوورییە. ئەوەی پۆستکۆلۆنیالیستەکان جەختی لەسەر دەکەن و پێیان وایە کە دەبێ دوای ڕزگاری، ئاسەوار و کاریگەریی بەها و نۆڕم و مێکانیسمەکانی سیستەمی کۆلۆنیالیستی لەخۆت داڕنی و لەسەرڕاوە خۆت پێناسە بکەیتەوە. بەڕای فانۆن ئینسانی کۆلۆنیکراو، گەرچی هەوڵی ڕزگاری دەدا، بەڵام بەردەوام لەنێوان چەند سووژەییدایە؛ سووژەیەک کە بەسەریاندا سەپاندووە و سووژەیەک کە پێی وایە خۆی بڕیاردەرە. هەر ئەو جۆرەی لە لەیلادا دەبینین. لەیلا هاوکات کە دەیهەوێ لە شێخ ڕزگار بێ پەلکێشی دەبێت. نووسەرهاوکات کە پەیوەندیی جنسیی شێخی داگیرکەر و لەیلای داگیرکراو دێنێتە ژێر ڕەخنە، خۆی دەکاتە ئۆبژەی سێکسی بۆ مێردەکەی تا بتوانێ ڕۆمانەکەی بنووسێ:

[…] دوور لە خدیی خۆم خۆشەویستیم بۆ پیاوەکەم دەرخست، بۆ یەکەمین جار داوای سێکسی لێ دەکەم، هەوڵێکی سەرنەکەوتووی من بوو بۆ پێشکەشکردنی بەرتیلدانی بەیانییانە بۆی لە بەرانبەر ئەوەی واز لە جاڕسکردنم بهێنێت، کاتێک دەربارەی تۆ دەنووسم…! (ل.١٦)

ڤەگێڕ بۆ ئەوەی بتوانێ بنووسێ تەنانەت ئامادەیە جەستەی خۆی بکاتە کەرەسەیەک بۆ بەرتیلدان بە مێردەکەی. لێرەدا لەیلا ڕاست هەمان کردەوە دووپات دەکاتەوە کە خۆی بە دژی دەنگی بەرزکردووەتەوە و ڕەخنەی لێ دەگرێ و ڕۆمانی  لەسەر دەنووسێ؛ واتە جەستەی ژن وەک کەرەسەیەک بۆ ویستەکانی پیاوان یا کردنی بە ئۆبژەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک. ڕاست کاتێک کە لەیلا لە شێخ دادەبڕێ دەچێتە ئامێزی پیاوێکی تر واتە مێردەکەی و لەباوەشی دەکا. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا لەیلا لە ئەخلاقی کۆیلەبوون ڕزگاری بووە؟ 

سەرەڕای ئەم پرسیارە، خاڵی هەرە گرینگ لە مێزەر و جەستە دا ئەوەیە کە خودی نووسینی ڕۆمانەکە و گێڕانەوەکە دەگاتە مەقسەد و ڕۆمانەکە بە هەموو دژایەتییە ناوخۆییەکانییەوە دەگێڕدرێتەوە و دەنووسرێت. مێردی لەیلا لە هەوەڵەوە ڕازی نییە ژنەکەی ڕۆمانێکی وا بنووسێ و بەتایبەت نابێ ئاماژە سێکسییەکان بچنە ناو دەق. بەڵام لەیلا ئامادەیە بەخاتری نووسینی ڕۆمانەکەی و بەقەولی خۆی گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی واقیعی، تەنانەت جیا بێتەوە؛ گەرچی منداڵی وردی هەیە. نووسین دەبێتە دەرمانی گرێیەکی دەروونی. نووسین دەبێتە دەنگی ژێردەستان و دەرفەت و هەوڵێک بۆ باس لە داگیرکردنی وڵاتەکەی و ئەو ستەمە جنسییەی بەناوی دین و بەهەشت لە ژنان دەکرێ. بەخاتری نووسین لەیلا ئامادیە تەنانەت ناوی”ڕافیزە”ی[34] لەسەر دابنرێ. (ل. ١٨)   

هەڵبەتە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی ڤەگێڕ بۆ دین لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا دەبینرێ و دەکرێ ئەم باسە بێتە گۆڕ کە ڕەخنە و لادان لەو ئایینەی کە تێیدا لە دایک بووی، هەمیشە پرسێکی هەستیار، پڕمەترسی و تێکەڵاوی کۆمەڵێک گرفتی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و یاسایییە. بۆ وینە لادان لە ئیسلام کفرە و دەتوانێ حوکمی مەرگی هەبێ یا تاک تووشی زەبروزەنگ، تەریک کردن، فڕیدان، تاراوگە و تف و لەعنەت بکا. هاوکات تێڕامانی ڕەخنەگرانە دەتوانێ لە پڕۆسەی گەشەی تاکدا ڕزگاری لەگەڵ خۆی بەدیاری بێنێ. هەر ئەو جۆرەی هەم لە ناو ڕۆمانەکەدا و هەم لە دنیای دەرەوەی ڕۆمانەکەدا نووسەر و لەیلا ناچار دەبن بڕۆنە تورکیە.

وەک پێشتر ئاماژە کراوە ئەم وتارە هەوڵ دەدا ببێتە نووسین و شوێنێکی نێوان بواری[35] بۆ شیکردنەوەی تێکتەنراویی ڕووبەرەکانی ژێردەستی[36] لە ڕۆمانی مێزەر و جەستەدا. بەهەمان شێوە کە ڕۆمان و گێڕانەوەکە، وەک کارێک لە ڕوانگەی هێگێلەوە، هەوڵێکی ڕزگاریخوازانەیە [37] و ستەمی جنسی لەژێر ناوی گەیشتن بە بەهەشت لە لایەن “رجال دین” بە باشترین شێوە نیشان دەدا:

کاتێک پێت گوتم لە بەرانبەر هەر ساعەتێک چێژ لەگەڵتدا دەیبەمە سەر، کۆشکێکی نوێم لە بەهەشتدا بۆ بنیات دەنرێت، منیش بە ساویلکەیی پێم گوتی:

“من بە تەنیا چی لەم هەموو کۆشکە بکەم؟! دەمەوێت لەبری من بۆ خوشک و براکانم و دایکم کۆشک بنیات بنرێن.”(ل. ١٤٧)

کاتێک باس لە نێوان‌بواری دەکەین، بەو مانایەیە کە توێژینەوەیەک چەندین دیسیپلین و بازنەی تیۆریی تێکەڵ بە یەکتر دەکا تا باشتر بە وڵامی پرسێکی ئالۆز بگا. کاتێک باس لە تێکتەنراویی ڕووبەرەکانی ژێردەستی/ئینتێرسێکشنالیتی دەکەین، باس لە چوارچێوەیەکی شیکاریی کۆمەڵناسانە دەکەین بۆ تێگەیشتن لە کارتێکردنی چەندین فاکت و توخم لەسەر یەکتر کە ژێردەستی، جیاوازی یا باڵادەستی دروست دەکەن و ناسنامەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تاک و یا گرووپەکانی لێ دەکەوێتەوە.

دەلال زەینەدین بە نووسینەوەی ژیانی لەیلاکانی وڵاتەکەی کە بەهۆی نەدارییەوە دەبنە نێچیری پیاوانی دەسەڵاتدار و پیاوانی ئایینی، چووەتە ڕیزی نووسەرانی دژەداگیرکاری و بووەتە دەنگی ژنانی ستەملێکراوی ناوچەکە. ڕۆمانی مێزەر و جەستە دەچێتە خانەی ئەدەبی پۆستکۆلۆنیالی و پێمان نیشان دەدا چۆن جەستەی ژن وەک کۆلۆنییەکی سێکسی بەڕێگای ئیدئۆلۆژی، سیاسەت و ژێردەستیی چینایەتی، کەڵکی لێ وەردەگیرێ. هاوکات لە پڕۆسەی گێڕانەوەکەدا نیشانمان دەدا زۆر جار پێکهاتەکانی خودی کۆمەڵگا، هاسانکاری بۆ داگیرکاری دەکەن. بەڵام تاک بە شەڕێکی دەروونی دژی مەیلی خود و دژی بەهاکانی داگیرکەر بە زانست دەگا و هەوڵی خۆڕزگارکردن دەدا. ڕزگاری پڕۆسەیەکی چەتوونە و کاری درێژخایەن و ئاگاییی گەرەکە.

سەرچاوە

[1] مێزەر و جەستە، دەلال زەینەدین، وەرگێڕ: سەباح ئیسماعیل. چاپی یەکەم دەزگای فام، کوردستان ٢٠٢٤

[2]  Interdisciplinary

[3] Intersection

[4] https://www.facebook.com/share/p/rAiuRDTBTMfU9eCd/

[5] https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=20081216135604793

[6] https://www.facebook.com/share/p/MwnFFUwERRJqM4o1/

[7] سەرەڕای ئەوە خۆم کەمێک ئاشناییم بە زمانی عەڕەبی هەیە بەڵام بۆ دڵنیابوون دوو دەقی کورتی رۆژنامە عەڕەبییەکانم نارد بۆ کاک سۆران پاڵانی و ماموستا سەباح ئیسماعیل تا لە ناوەرۆکیان دڵنیا بم. لێرەدا سپاسی ئەو بەڕێزانە دەکەم.

[8] جریدە الکترونیە مستقلە، رئیس التحریر ساطع نورالدین

[9] https://www.almodon.com/culture دلال زین الدین فی “عمامە و جسد”، المهانە والتباس الحب

[10] https://www.facebook.com/share/p/CDjTHbtDwxddLmNR/

[11] https://youtu.be/WyMAMWCISR8?si=nObScHZCoZ4bYGgr

[12] https://www.facebook.com/share/p/HGxgDJci3yrZjBsa/

[13]وێنەی بن پۆستەکەی دەلال زینەدین ئەو وێنەیە کە چەند کچ لە کلاسی دەرس حیجابیان لابردووە و ڕووبە تەختە و دیوار کە وێنەی خامنەای لەسەر هەڵاوەسراوە ڕاوەستاون و قامکیان بۆ ڕاداشتووە. وێنەکە کاتی شۆڕشی ژینا بە فراوانی بڵاو بووەوە

[14] پشت بەرگی رۆمانەکە

[15] https://www.facebook.com/share/p/fg3qU7XPwtUmzXKk/

[16] https://www.facebook.com/share/p/YD5WospKj4WsUF3X/

[17] میرنامە لە نووسینی جان دۆست، وەرزی کۆچ بەرەو باکوور لە نووسینی ئەلیەیب ساڵح و زریاب لە نووسینی مەقبول ئەلعەلەوی

[18] Plot summaryپوختە و وەسفێکی کورتی چیرۆک بێ‌هیچ مانایەکی قووڵ و وردەکاری بەرهەم /

[19] Frantz Fanon (1925-1961)

[20] Svart hud vita mask. Ö:  Stefan Jordebrandt. Daidalos 1997

[21] Jordens fördömda. Ö: Per-Olov Zennström. Stockholm: Rabén & Sjögren 1969.

[22] Svart hud vita mask, 1997.

[23] alienation

[24] Jordens fördömda,1969.

[25] خدایگان و بندە، گ.و.ف. با تفسیر الکساندر کوژو. مترجم حمید عنایت، چاپ سوم ١٣٥٨. چاپ شرکت سهامی انتشارات خوارزمی

[26] خدایگان و بندە، گ.و.ف. با تفسیر الکساندر کوژو. چاپ سوم ١٣٥٨

[27] پێشینەی چەمکی دیالێکتیک دەگەڕێتەوە سەرەمی کەونارا و ئەم چەمکە لەلایەن هێراکلیتۆس، سوقرات، ئەفلاتوون و ئەرەستوو بەکار هاتووە و بەمانای گفتۆگۆ و “منا ظرە” دێ و زیاتر وەک شێوە، میتۆد و ڕێگایەکە بۆ باس کردن و دیالۆگ و گەیشتن بە حەقیقەت و ناسینی سروشت و دیاردەکان. ئەم چەمکە دواتر لە لایەن هێگێل و دواتر لەلایەن مارکس  و ئێنگێلسەوە (ماتریالیسم + دیالێکتیک) پەرەی سەندووە.

[28] Anna McClintock, Imperial Leather, Gender and Sexuality in Colonial Contest, 1995 Routledge.

https://www.routledge.com/Imperial-Leather-Race-Gender-and-Sexuality-in-the-Colonial-Contest/Mcclintock/p/book/9780415908900?srsltid=AfmBOoqoAz-KGnKHmQbg5g7oZEe8JZgglW1v6xna4ZeBK6jnLxkfleF1

[29] Speaking face to face, The Visionary Philosopghy of Maria Lugones. Edit. Pedro J. DiPietro.  2019, University of New York.

 https://books.google.se/books?id=qrKZDwAAQBAJ&printsec=frontcover&source=gbs_ge_summary_r&cad=0 – v=onepage&q&f=false

[30] https://www.youtube.com/watch?v=WyMAMWCISR8

[31] بۆ دڵنیابوون لەناوەرۆکی قسەکانی دەلال زەینەدین کە بە عەڕەبی دەدوێ، لینکی قسەکانم بۆ دۆستێک لە ناو وڵات نارد. لێرەدا سپاسی ئەو ئازیزە دەکەم.

[32] فەیلەسووف، یاساناس و چالاکی مافەکانی شارۆمەندی و ژنانی ئەفرۆئەمێریکەن ئەم چەمکەی داهێناوە Kimberlé Williams Crenshaw

[33]  برکی ڕزگاری، ٢٠٢٣. ل. ٦٦

[34] الرافضە، تاقمێکی شێعەمەزهەبن ڕێگە بە خۆیان دەدەن جنێو بە هاواڵانی پێغەمبەر بدەن. ل. ١٨

[35] Interdisciplinary

[36] Intersection

[37] بە بۆچوونی هێگێل کاری کۆیلە بۆ سەروەر لە پرۆسەیەکدا ئاگایی بۆ کۆیلە بەرهەم دێنێ

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!