گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

شیکاری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

عادل عبدوڵڵا، عومەر (٢٠٢٤): هەوڵێکی نوێ لە سیاسیەتی بە کەمینەکردندا لە بەرانبەر کوردانی ‌‌ئێزدی. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٢٧٥–٢٦٨ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

کەمینەکان بەهۆی ئەوەی ڕێژەیان کەمە و ناتوانن لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی، گۆڕانکاریی گەورە بکەن، زۆرجار لە وڵاتە فرەهێزەکاندا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و ستەملێکردن دەبنەوە و بە ڕێگەی جیاجیا، چ بەڕێکاری سیاسی بێت، یان سەربازی، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت؛ بەڵام لەو وڵاتانەی تا ڕادەیەک ئاشتی و دیموکراسی تێیاندا بەرقەرارە، دەتوانن پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان بکەن.

سیاسەتی بە کەمینەکردن، یەکێکە لەو هەوڵانەی نەتەوەی خاوەن دەسەڵات پەیڕەوی دەکات بۆ کەمکردنەوە ڕێژەی نەتەوەیەک یان ئایینێک لە وڵاتێکدا.

هەوڵێکی نوێ لە سیاسیەتی بە کەمینەکردندا لە بەرانبەر کوردانی ‌‌ئێزدی

عومەر عادل عەبدوڵڵا

مەبەست لە هێنانەگۆڕی ئەم باسە، نیشاندانی ئەو مەترسییانەیە، کە دەتوانێ دوای جیاکردنی کوردانی ئێزدی لە کوردانی دیکە و کوردستان سەرهەڵبدات، کە کۆمەڵێک مەترسیی مرۆیی و نەتەوەیی و ڕامیارین. مەرجە تاکی کورد، لە ڕێگەی کەرەستەی جۆراوجۆرەوە، ڕووبەڕووی مەترسییەکانی سیاسەتی بە کەمینەکردنن ببێتەوە.

سیاسەتی بەکەمینەکردن، یەکێکە لە گەورەترین ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی نەتەوەیەک دەکرێتەوە. لە ڕێگەی نووسراوێکەوە لە پارڵمانی عێڕاقدا، هەوڵ دەدرێت ‌‌ئێزدییەکان، کە کوردی ڕەسەنی ناوچەکەن، بە کەمینە بکرێن و وردە وردە شوناسی نەتەوەییان بسڕنەوە.

هۆکاری ئەم نووسینە بریتییە لە ڕاستی و دروستیی ڕەچەڵەکی کوردانی ‌‌ئێزدی کە زۆرجار هەوڵ دەدرێت بە لاڕێدا ببردرێت و وەکوو نەتەوەیەکی غەیری کورد مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

پێشەکی

نەیارانی گەلی کورد، بۆ لەناوبردن و قڕکردنی تاک بە تاکی نەتەوەکەمان، چ بە ڕێگەی ئاشتی بێت یان جەنگ، هەموو ڕێگەیەکیان تاقی کردووەتەوە. ئەگەرچی هەندێک لەو هەوڵانەیان بۆ ڕۆشتووەتە سەر و ئەنجامیان داوە، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی نەگەیشتوون بەو مەبەستەی خۆیان دەیانهەوێت، ئەویش قڕکردن و لە ناوبردنی یەکجاریی کوردە؛ واتە بە شێوەیەک، هەوڵ بدەن لەو پرۆسەیەدا زۆرترین تاکی کورد لە ناو ببەن. ئێزدییەکان وەکوو بەشێک لە نەتەوەی کورد، بە درێژاییی مێژوو، ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە بوونەتەوە. ئەم بابەتە هەوڵ دەدا، تیشک بخاتە سەر نوێترین هەوڵ لە سیاسەتی بە کەمینەکردندا دژ بە کوردانی ‌‌ئێزدی.

بەراییەک لە بارەی کوردبوونی ئێزدییەکانەوە

نەتەوەی کورد، جیاواز لە نەتەوەکانی تری دونیا، چەندین ئایینی جیاجیا لە خۆ دەگرێت. ئایینی ئێزدی، یەکێکە لە ئایینە کۆنەکان، کە تایبەتە بە کوردانی ئێزدی. “پەیڕەوانی ئاینی ئێزدییاتی خۆیان بە چەند ناوێک دەناسێنن: ئیزدی، یەزدانی، ئیزادی و داسنائی. بێگانەکانیش زۆرجار بۆ سووکایەتی پێکردن پێیان دەڵێن شەیتان پەرست. ئیزدییەکان ٥٪ی سەرجەمی کورد پێکدەهێنن و ئەمڕۆ لە چەند بوارێکی پچڕپچردا و بە شێوەیەکی سەرەکی لە باکووری ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، قەفقاز، باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، بەرزاییەکانی چیای شنگار لەسەر سنووری عێراق – سووریا و ناوچەکانی باکووری شاری موسڵ دەژین.” (میهرداد ئیزدەی،  ٢٠٠٢، ٦٥)

“‌‌ئێزدییەکان بە گرووپێکی نەریتی ناسراون، لە نێو خۆیاندا داخراون، پابەندن بە ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتی و ئایینییە کۆنەکانیانەوە کە بەپێی یاسا تایبەتەکان ڕێک خراون و هەزاران ساڵ لەمەوبەر دامەزراون. بەو پێیەی ئایینی ئێزیدی وێنەیەکی وردی کۆن پێک دەهێنێت، لە کۆمەڵگە ئارییەکاندا پەرستگای سەرەکییان دەکەوێتە “شێخان” لە نزیک شاری موسڵ لە عێراق و بە “پەرستگای لالش” ناسراوە.” (عايد محمد بدر، ٢٠١٨، ٢٥٣)

لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت، ئەگەر ئێزدییەکان کورد نین، بۆچی لەسەر خاکی کورد نیشتەجێن و پەرستگاکانیان لە ناوچە کوردییەکاندایە؟ کەواتە لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک پرسیاری سادەوە، دەگەین بە ڕاستییەکان.

 هەر سەبارەت بە کوردبوونی ئێزدییەکان، تەیموور باشا دەڵێت: “‌‌ئێزدییەکان مەزهەبێکی کوردن، زۆربەیان لە ناوچەکانی موسڵ و لە ڕووسیادا دەژین، لەنێویاندا مەزهەبەکانی ناوچەکانی دیمەشق و بەغدا و حەلەب لە نامۆترین تەریقەتە زاهیدەکانن.” (احمد تیمور باشا،٢٠١٢، ١٠)

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین نەتەوە و ئایینی جیا لە خۆدەگرێت و “ئێزدییەکان کەمینەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە لە ڕووی ڕەچەڵەکەوە کوردن، زمانی ئەوان کوردییە، بە کوردی دەئاخفن، نوێژ و نزا و ڕێوڕەسم و کتێبە پیرۆزەکانیشیان بە زمانی کوردییە.” ( ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، ٢٠١٥، ١٢) ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە ئێزدی کوردی ڕەسەنن و هیچ کەسێک ناتوانێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا ئەوان لە کورد جیا بکاتەوە.

هەر سەبارەت بە زمانی کوردانی ئێزدی کە بە زاری کرمانجی دەدوێن، یەکێکە لە  شێوەزارە بەربڵاوەکانی زمانی کوردی. “ئەم زارە چەند شێوەزارێک لە خۆ دەگرێت،  وەک بایەزیدی، هەکاری، بۆتانی، شەمزێنانی، بادینانی و دیالێکتی خۆرئاوا.” ( فوئاد حەمەخورشید،٢٠٠٨، ٤١) کەواتە بەهۆی ئەوە کوردانی ئێزدی بە شێوەزاری کرمانجی دەدوێن، بەشێکن لە نەتەوەی کورد، چونکە لە ناسنامەی نەتەوەییدا، زمان بنەمایەکی گرنگە.

تەنانەت کتێبە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدیش بە زمانی کوردی نووسراونەتەوە. بۆ نموونە: “مەسحەفی ڕەش، بەزمانی کۆنی کرمانجی نووسراوە و شایانی باسیشە کە ئەو چەشنە کرمانجییە لەچەرخی سیانزەدا، لەناوچەی ھەکاریدا شێوەزاری ئاخافتن بووە. ھەربۆیە زۆربەی لایەنگرە بەباوەڕەکانی ‌‌ئێزدییەکان لەناوچەی ھەکاریی باکوری کوردستاندانە.” (مەولوود ئافەند، ٢٠١٨، ‌‌ئێزدییەکان: کوردی ڕەسەنن یا شەیتانپەرەست؟) بەمەش ئایینی ئێزدی دەبێت بە ئایینی نەتەوەیی، چونکە بە زمانی ئەو نەتەوەیە نووسراوەتەوە کە ئایینەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

لە بارەی ڕەچەڵەکی ئێزدییەکانەوە

 “بۆچوونی توێژەران جیاواز بوون لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی بە ‌‌ئێزدییەکان ناودەبرێن ‌‌ئێزدی: هەندێکیان وەک ئاماژەیەک بۆ خەلیفەی ئومەوی یەزید بن معاویە سەیریان کرد، وایان زانی کە ئەوان لە ڕابردوودا موسڵمان بوون، دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا لە ئیسلام دوور کەوتنەوە تا بوون بە مەزهەبێکی سەربەخۆ لە ئیسلام. هەندێکیان هۆکاری ئەم ڕێژەیەیان بۆ شاری یەزدی ئێران گەڕاندەوە کە ناوەندی ئایینی زەردەشتی بووە.” (أحمد حسن، ٢٠١٧، ١٧٣) 

“هەندێکیان باسیان لەوە کردووە کە ناوەکە لە وشەی “یەزدان”ەوە وەرگیراوە، کە بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی بە واتای کیانێکی ئیلاهی دێت.” (أحمد حسن، ٢٠١٧، ١٧٣) بەڵام کۆتا بۆچوون نزیکترین بۆچوونە، چونکە خودی وشەکە ناوێکە لە فەرهەنگی زمانی کوردیدا هەیە. لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەدا، وشەی (یەزدان) بەرانبەر وشەکانی (خودا، ئێزد، خودێ، بیناییی چاوان، هۆمان، خوا، خودانی عالەمێ، باخوێ)، کە هەموویان مانای (خودا) دەگەیەنن. کەواتە: خودی ناوی ئایینەکەشیان لە فەرهەنگی زمانی کوردیشدا هەیە.

ڕا و بۆچوونەکان ئەوە دەسەلمێنن، ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاون، لە نەتەوەی کوردن. بوونی جۆرێک لە جیاوازیی ئایینی، واتای ئەوە ناگەیەنێت کە وەکوو کۆمەڵێکی جیاواز و دوور لە کورد تەماشا بکرێن و مۆرکیێکی تر، بە بەرۆکی ناسنامەی نەتەوەییانەوە بنرێت. بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بوونی ئایین و ڕێبازی جیا جیا لە نێو کورددا، هەڵگری هێمای قبوڵکردنی جیاوازیی ئایینی لە نێو یەک نەتەوەدایە.

ژمارەی ڕاستەقێنەی ئێزدییەکان

سەبارەت بە ڕێژەی کوردانی ئێزدی، چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە و ڕێژەیەکی دیاریکراو نییە. بەهۆی  “نەبوونی ئاماری فەرمیی دانیشتووان، ڕێژەی ‌‌ئێزدییەکان لە عێراق بە وردی وردبینی نەکراوە، بەڵام ژمارەیان بەپێی هەندێک سەرچاوە لە نێوان (400,000 تا 650,000) کەسە، ئەوانیش گەورەترین گرووپن کە لە کوردستانی عێراقدا دەژین. بەهۆی ئەو ترس و گۆشەگیرییە بەردەوامەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و شێواندنی شوناسیان، گومانی تێدا نییە کە ژمارەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەندامانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەکانیان و کۆمەڵێک تاوانیان بەرانبەر ئەنجام دان.” (رنا جاسم محمد بضز،٢٠٢١، ٣٤٩)

جگە لەو بۆچوونەی سەرەوە، لە بارەی ژمارەی تەواوی ئێزدییەکانەوە، “بە گوتەی «میر تەحسین بەگ» میری ئێزدییەکانی کوردستان و جیهان، لە باشووری کوردستان و عێراق نزیکەی ( ٦٠٠٠٠٠-٧٠٠٠٠٠) و لە جیهان (١٥٠٠٠٠٠) کەس دەبن. بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جیهاندا بە (١٥٠٠٠٠٠) کەس مەزندە دەکرێن. بە پێی هەندێک ئامار، ئێزدییەکان بەم شێوەیە دابەش کراون: لە عێراق و کوردستان (٥٠٠٠٠٠)، لە ئەڵمانیا (٦٠٠٠٠)، لە ئەرمەنستان (٦٠٠٠٠)، لە تورکیا (٥٠٠٠٠)، لە ڕووسیا (٤٠٠٠٠) ، لە گورجستان(٢٠٠٠٠)، لە سوریا (١٤٠٠٠)، لە سوید (٤٠٠٠٠) و لە ئوکرانیا (٢٠٠٠) کەسن.” ( ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی،٢٠١٥، ١٢)

تێڕوانینێکی گشتی سەبارەت بە چەمکی ساسیەتی بە کەمینەکردن

لە چوارچێوەی دەوڵەتێک یان میرێکدا، کەمینەکان بەو کەمینە ئایینی و نەتەوەیییە دەوترێن، کە ڕێژەی دیاریکراویان هەیە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کەمینەکان بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “کۆمەڵە نیشتمانییەکان لە کۆمەڵگادا، بەخشراون بە نەریتی تایبەت و هەندێک تایبەتمەندیی نەتەوەیی، ئایینی یان زمانەوانی کە بە ڕوونی جیاوازن لەگەڵ باقی دانیشتووانی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو. ئەوانەی ئارەزووی ئەوە دەکەن هەمیشە ئەو نەریتە تایبەتانە بپارێزن.” (د. شاهر إسماعيل الشاهر، ٢٠١٩، ١٣٧)

کەمینەکان بەهۆی ئەوەی ڕێژەیان کەمە و ناتوانن لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی، گۆڕانکاریی گەورە بکەن، زۆرجار لە وڵاتە فرەهێزەکاندا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و ستەملێکردن دەبنەوە و بە ڕێگەی جیاجیا، چ بەڕێکاری سیاسی بێت، یان سەربازی، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەناوبردنیان دەدرێت؛ بەڵام لەو وڵاتانەی تا ڕادەیەک ئاشتی و دیموکراسی تێیاندا بەرقەرارە، دەتوانن پارێزگاری لە مانەوەی خۆیان بکەن.

سیاسەتی بە کەمینەکردن، یەکێکە لەو هەوڵانەی نەتەوەی خاوەن دەسەڵات پەیڕەوی دەکات بۆ کەمکردنەوە ڕێژەی نەتەوەیەک یان ئایینێک لە وڵاتێکدا. بێگومان ئەمەش چەندین ڕێکاری هەیە و بە پێی پێڕەوی ڕامیاریی ئەو وڵاتە دەگۆڕێت. بۆ نموونە ئەگەر لە وڵاتدا پێرەوی پاشایەتی هەبێت، ئەوە ڕاستەوخۆ پاشای وڵات بڕیارێک دەردەکات و بەشێوەیەکی ئاشکرا دژایەتیی ئەو نەتەوەیە دەکات و لە ڕێگەی سیاسەتی بە کەمینەکردنەوە، هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ لاوازکردنی ئەو نەتەوەیە؛ بەڵام  ئەگەر پێڕەوی پەرلەمانی بێت، ئەوە لە ڕێگەی دەنگ کۆکردنەوەوە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت.

سیاسیەتی بەکەمینەکردن، لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت، ئامانجی لێسەندنەوەی توانا و هێزی نەتەوەیەکە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەو نەتەوەیەوە. هەروەها هەندێک جار ئەمەندە چڕ و دڕندانە پەیڕەو دەکرێت، بەرەو پاکتاوکردنی ڕەگەزی پەل دەکێشت و چەندین تاکی ئەوە نەتەوەیە لە ڕێگەی چەکی کۆمەڵکوژەوە لە ناو دەبرێن.

هەندێک جار سیاسەتی بە کەمینەکردن، لە چوارچێوەی سەرژمێریی دانیشتوواندا ئەنجام دەدرێت، واتا پاش ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان لە وڵاتێکدا، ڕێژەی ڕاستەقینەی ئەو نەتەوەیەی مەبەستیانە ڕێژەکەی کەم بکەنەوە نانووسرێت؛ بەڵکوو ڕێژەیەکی زۆر کەمتر لەو ڕێژەیەی لە سەرژمێرییەکەدا دیاری کراوە، دادەنرێت. خودی سەرژمێریی دانیشتووان “بە واتا بەرفراوانەکەی، بەکاردێت بۆ دەربڕینی ژمارەی دانیشتووان کە لە ڕێگەی ژماردنەوە کۆکراونەتەوە و پەیوەندیی بە ڕاستییەکان و دروستیی ژماردنەکانەوە هەیە.” ( سعد عبد الرزاق محسن، ٢٠١٥، ٥٣٢) نەگەیاندنی ڕاستییەکان وەکوو خۆی لە سەرژمێریی دانیشتووان، لە پێناو هەوڵدان بۆ بەکەمینەکردنی ئەوانی تر، یەکێکە لەو ناپاکییانەی بەرانبەر بە دانیشتووان دەکرێت.

هەوڵە نوێیەکانی سیاسیەتی بە کەمینەکردن لە ئاست کوردانی ئێزدیدا

کوردانی ئێزدی، بە درێژاییی مێژوو ڕووبەڕووی چەندین ستەم و زۆرداری بوونەتەوە و هەوڵ دراوە، لە پێگەی ئاینی و نەتەوەیییان کەم بکەنەوە. دیارە ئەمەش تەنها بە هۆکاری ئەوە بووە کە ئێزدییەکان کوردن و وەکوو هەموو تاکێکی تری کورد هەوڵی لە ناوبردنیان دراوە.

ئێزدییەکان ئەزموونێکی تاڵ و ناهەمواریان لەگەڵ سیاسەتی بە کەمینەکردندا  هەیە و بە درێژاییی گۆڕانکاریی ناوچەکە و هاتنی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، ڕووبەڕووی گەلێک ئاڵنگاری بوونەتەوە. کوردانی ئێزدی “لە مێژوودا، دەیان جار بەر هەوڵی جینۆساید کەوتوون و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆر و گۆشەگیرییەک بوونەتەوە، لە ناشتنی زیندووەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، لەباربردنی کۆرپەلەی ژنی دووگیان و بەدیلکردنی کچان لەبری باج، پاشان ئاوارەبوون و بەعەرەبکردن و ئەنفالکردن و هتد.” (عزالدین سلیم باقري، ٢٠٠٢، ٥)

جگە لەمەش چەندین جار ناوچەکانیان بەر شاڵاوی بە عەرەبکردن کەوتووە و هەوڵ دراوە شوناسی کوردبوون لە ناوچەکەکانیان بسڕدرێتەوە. “سەرەتای ڕاستەقینەی بەعەرەبکردنی ناوچەی شنگال دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترۆڵی موسڵمانان بەسەریدا لە ساڵی ٢٠ی کۆچی/٦٤٠ی زایینی دوای ئەوەی لەلایەن ڕێبەری ئیسلامی «ئەیاد کوڕی غانم»ەوە داگیرکرا. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، پێش فەتحی ئیسلامی، شنگال عەرەبی لێ نەبووە. وەک مێژوونووس «ئەلبەلادوری» لە کتێبی فەتحکردنی وڵاتاندا باسی لەوە کردووە کە پێش ساڵی ٢٠ی کۆچی/٦٤٠ی زایینی، لە ناوچەی شنگالدا عەرەب نەبووە. مانەوەی عەرەبەکان لە ناوچەیەکی تەواو کوردیدا دەگەڕێتەوە، بۆ شوێنی سەربازی و بازرگانی، بە ئامانجی دەستەبەرکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەم هەرێمە گرنگە.” (د.سعيد خديده علو، ٢٠٢٠، ١) ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر ڕێژەی دانیشتووانی ناوچەکە کردووە، بە تایبەتی دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و ناساندنی وەکوو دەوڵەتێکی عەرەبی.

لە ئاڵۆزییەکانی سووریا، کە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دروستبوونی داعش، ئێزدییەکانی ئەو ناوچەیە زبرێکی ئاگرینیان بەر کەوت. بە تایبەتی دوای سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆیستیی داعش کە لە ماوەیەکی کەمدا، توانی دەست بەسەر بەشێک لە خاکی ئێراق و سوریادا بگرێت. ناوچەی کوردانی ئێزدیش، بەشێک بوو لەو ناوچانەی کەوتنە دەست ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش.

“دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر ناوچەکانیان لە ٤ی مانگی ئابی ٢٠١٤، ژمارەیەکی زۆریان کۆچیان کرد بۆ زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی بەتایبەت ئەڵمانیا و سوید” (عايد محمد بدر، ٢٠١٨، ٢٥٣) ئەمەش ڕێژەی کوردانی ئێزدیی کەم کردەوە و زیاتر ژمارەی کوردی بەرەو کەمینەبوون برد.

نوێترین هەوڵ لە سیاسەتی بە کەمینەکردندا،  لەم دواییانەدا بریتییە لەوەی “١٨٢ پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان لەسەر پێشنیاری “نەتەوەى ئێزدى” کردووە و دەیانهەوێت ئێزدییەکان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ بناسرێن و لە کورد جیایان بکەنەوە. ئەوەش ناڕەزایەتییەکی زۆری کوردانی ئێزدیی لێ کەوتووەتەوە.” (پەیمان محەممەد، ٢٠٢٤، کەس مافی ئەوەی نییە لەبری ئێزدییان بڕیار بدات، کەناڵی ڕووداو) واتا زیاد لە نیوەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئێراق، واژۆیان لەسەر ئەم پێشنیارە کردووە. ئەگەرچی هەندێکییان شارەزاییەکی زۆر کەمیان لە بارەی مێژوو و ڕەچەڵەکی کوردانی ئێزدییەوە هەیە.

ئەم هەوڵە لەلایەن خودی کوردانی ئێزدی و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردانی ئێزدییەوە، چەندین لێدوان و ناڕەزایەتیی لێ کەوتەوە و زۆرێک لە ئێزدییەکان هەڵوێستی نەتەوەیییان هەبوو؛ بۆ نموونە: “د. عیرفان ئۆرتاج، سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژکاریی ئێزدی لە ئەڵمانیا، لەبارەی پێشنیاری ”نەتەوەی ئێزدی” کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقی واژۆیان کردووە، رایگەیاند: “کاتێک ئێزدییەکان خۆیان بە کورد دەزانن، ئیدی مافی کەس نییە لەبری ئەوان بڕیار بدات’.” (پەیمان محەممەد، ٢٠٢٤، کەس مافی ئەوەی نییە لەبری ئێزدییان بڕیار بدات، کەناڵی ڕووداو) 

لە بارەی ئەم هەوڵە قێزەونەوە، ئەنجومەنی ڕۆحانیی ‌‌ئێزدی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: “بەتوندی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی ‌‌ئێزدی لە كوردەوە بۆ هەر نەتەوەیەكی دیكە و دەستكاریكردنی ئەم ناسنامەیە ڕەت دەكاتەوە. ‌‌ئێزدییەكان بەشێكی دانەبڕاو له ‌گەلی كوردن و ڕەگ و ڕیشەی مێژویی و ڕۆشنبیرییان بە قووڵی لەخاكی كوردستاندا چەسپاوە و شانازی بەكوردبون و ئاینی ‌‌ئێزدیی خۆمانەوە دەكەین. ‌‌ئێزدی ئایینێكی كۆنە و مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بەشێكە لەمیراتی مێژینەی گەلی كورد. ‌‌ئێزدییەكان بەزمانی كوردی قسە دەكەن، داب و نەریتی ئەوانیش لەگەڵ كولتووری گشتیی كوردیدا دەگونجێت، بەدرێژاییی سەدەكانیش سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و كێشانەی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییی خۆیان پاراستووە”. ئەنجومەنی ڕۆحانیی ‌‌ئێزدی دەشڵێت: «پاراستنی ناسنامەی كوردبوون مافێكی سروشتی و ئەركێكی پیرۆزە و بەشێكی دانەبڕاوە، لە پاراستنی میراتی كولتووری و ئایینیی گەلی ‌‌ئێزدی و گەلی كورد بە گشتی.»” (شانازی بەكوردبون ‌و ئایینی ‌‌ئێزدیی خۆمانەوە دەكەین، ٢٠٢٤، ماڵپەڕی ئاوێنە)

جگە لە هەڵوێستی پیاوانی ئایینیی ئێزدی، زۆرێک لە سیاسەتمەداران دژ بەم هەوڵە مەترسیدارە هەڵوێستیان نواند. “زێدۆ باعەدرێ، ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان و کەسایەتیی ئێزدی لەبارەی ئەو هەوڵە بەرانبەر گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییی ئێزدییەکان گوتی: «کەسانێک دەستیان بەوە کردووە ناسنامەی ئێمە بگۆڕن بە ناسنامەیەکی نوێی نەتەوەیی، ئەوە لەگەڵ ئێزدییەکان ناگونجێ؛ چونکە ئێمە کوردین و کوردستانیین. گوتیشی، پەرلەمانی عێراق کاری ئەوەیە تاوانبارانی داعش بداتە دادگا، لەبری ئەوە ناسنامەی نەتەوەییی ئێزدی و کوردایەتیی ئێمە دەگۆڕن.” (ئەوانەی دەیانەوێ ناسنامەی نەتەوەییی کوردی ئێزدی بگۆڕن کاری داعش تەواو دەکەن، ٢٠٢٤، کەناڵی کوردستان ٢٤)

ئەم کەسایەتییانە و چەندین کەسایەتیی تر، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەڵوێستیان لەسەر ئەم پرسە هەبووە و  لە لێدوان و نووسراوەکانیاندا ڕووبەڕووی بوونەتەوە و بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پرسی نەتەوەیی و ناسنامەی نەتەوەییی کوردیان زانیوە.

مەترسییەکانی دەرکەوتنی کوردانی ‌‌ئێزدی وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ

هەموو هەوڵێک کە لە چوارچێوەی سیاسیەتی بەکەمینەکردندا بێت، مەترسیی خۆی هەیە بۆ سەر ئەو نەتەوەیەی سیاسیەتەکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. دیارە کوردانی ئێزدیش یەکێکن لەو نەتەوانەی سیاسەتی بە کەمینەکردن، کاریگەریی نەرێنی  و مەترسیداری بەسەریاندا بەجێهێشتووە کە دەتوانین ئەو کاریگەرییانە لە چەند خاڵێکدا کۆ بکەینەوە:

١. ڕەنگە لە داهاتوودا، وەکو هێزێک دژ بە کورد بەکاربهێنرین

دروستکردنی هێزێکی چەکدار، یەکێکە لە هەر دیاردە باوەکانی ئێستای ئێراق و هەر حیزبێک هێزێکی چەکداری هەیە؛ بگرە لە نێو یەک حیزبدا، چەندین هێزی چەکدار هەبێت، ئەمەش لە خۆیدا دیاردەیەکی نەرێنییە و چەندی گەندەڵی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر لە داهاتوودا ئێزدییەکان بکرێن بە نەتەوە، ئەوە بێگومان هێزی چەکداریان بۆ دروست دەکرێت و ئەو هێزەش دژ بە کورد بەکاردەهێنرێت، چونکە ئەم پرۆژەیە کە ئاراستەی پەرلەمانی ئێراق کراوە، لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبرێت کە دژ بە دۆزی کورد دەجوڵێنەوە.

٢. لە سەرژمێریی دانیشتوواندا ڕێژی کورد کەم دەکات

وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا زیاد لە نیو ملێۆنە، جا ئەگەر ئەم نیو ملێۆنە لە کورد جیا بکرێنەوە، ئەوە ڕێژەی کورد لە ئێراق و هەموو جیهاندا، نیو ملیۆن کەم دەکات.

٣. دووبارە ڕووبەڕووبوونەوەی پاکتاوی ڕەگەزی

ئەگەر ئێزدییەکان بە کەمینە بکرێن، ئەوە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا زیاتر ڕووبەڕووی جێنۆساید و بەکەمینەکردن ببنەوە؛ تەنانەت ڕەنگە لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە هەوڵی بە کەمینەکردنیان دەدرێن، ڕووبەڕووی جێنۆساید ببنەوە. کەواتە مەترسییەکە لە مەترسییەکی نەتەوەیییەوە دەپەڕێتەوە بۆ مەترسییەکی مرۆیی.

٤. کەمبوونەوەی میراتی مێژووی کورد

کوردانی ئێزدی، خاوەنی بەشێکی گرنگی مێژووی نەتەوەییی  کوردن و لە پڕکردنەوەی سەرەتا لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورددا بەشدارن. بۆ نموونە “کاتێک باس لە ئەدەبی کوردی دەکرێت، بێگومان دەبێ ناوی عەرەبی شەمۆ و یەکەم رۆمانەکەی «شوانی کورد» بهێنرێت. چونکە عەرەبی شەمۆ هەر تەنیا نووسەرێک نەبووە. ئەو بە نووسینی یەکەم رۆمانی خۆی «شوانی کورد» بناغەی ئەدەبیاتی نۆژەنی کوردیی داڕشت.” (ئیکرام ئۆغوز، ٢٠٢٢، عەرەبی شەمۆ شوانی زمانی کوردی) عەرەبی شەمۆ بە ڕەگەز کوردێکی ئێزدییە، کەواتە بە جیاکردنەوەی ئێزدییەکان لە نەتەوەی کورد، بەشێک لە مێژووی کورد دەفەوتێت.

٥. لاوازبوونی پێگەی ڕامیاریی ئێزدییەکان

ئێستا بەشێکی زۆر لە ئێزدییەکان، لە پاڵ کۆمەڵە ڕامیارییە کوردەکان، ژیانی ڕامیاریی خۆیان ئەزموون دەکەن؛ ئەمەش دەرفەتی زیاتر بەو سیاسەتمەدارە ئێزدییانە دەدات، بۆ ئەوەی باشتر بەرگری لە پرسی ئێزدییەکان و داکۆکی لە مافەکانیان بکەن. بەڵام ئەگەر لە پاڵ کۆمەڵە ڕامیارییە ناکوردەکان دەست بە چالاکیی ڕامیاری بکەن، یان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری بکەن، ئەوە بە دڵنیایەوە پێگەیان لاواز دەبێت.

ئەنجام

ئێزدییەکان کوردی ڕەسەنن و جیاکردنەوەیان لە نەتەوەی کورد، ستەمێکە کە لەوان دەکرێت. هەروەها ئەو هەوڵانەی دژی ئێزدییەکان دەدرێت، لە چوارچێوەی سیاسەتی بە کەمینەکردندا کاریان لەسەر دەکرێت و لە ژێر کۆمەڵێک بنەمای بەرنامەدارێژراودا دامەزراون کە لە پشت کۆمەڵێک هێز و دەوڵەتی ناوچەکەوە ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت.

سەرچاوەکان:

١.میهرداد ئیزەدی و کامەران فەهمی، ئایین و تایفە ئایینییەکان لە کوردستاندا، بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری(ی.ن.ک) چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٠٢.

٢.ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، کڕین و فرۆشتنی ئافرەتان – جێنۆسایدی کوردانی ئێزدی، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی جەمال عیرفان، ٢٠١٥.

٣.پەیمان محەممەد، کەس مافی ئەوەی نییە لەبری ئێزدییان بڕیار بدات، کەناڵی ڕووداو، ٢٠٢٤، https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0706202418

٤.شانازی بەكوردبون ‌و ئایینی ‌‌ئێزدیی خۆمانەوە دەكەین،، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٠٢٤، https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0706202418

٥.لەجیاتی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییی کوردانی ئێزدی، با خزمەتیان بکەن، ماڵپەڕی Kdp, ٢٠٢٣، https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=142916

٦.ئەوانەی دەیانەوێ ناسنامەی نەتەوەییی کوردی ئێزدی بگۆڕن کاری داعش تەواو دەکەن، ٢٠٢٤، کەناڵی کوردستان ٢٤، https://www.kurdistan24.net/ckb/story/259559-لل)

٧ ئیکرام ئۆغوز،، عەرەبی شەمۆ شوانی زمانی کوردی، ٢٠٢٢، ماڵپەڕی کوردستانی نوێ، https://knwe.org/KU/Details/3475

٨.د. شاهر إسماعيل الشاهر، التفتيت بالأقليات (الأقليات وعدم الاستقرار السياسي للدول) مجلة روافد، المجلد 

03، العدد)02(، ديسمبر 2019

٩.عايد محمد بدر، الطبقات الاجتماعية والدينية للمجتمع الايزيدي، رسالة المشرق ، ٢٠١٨

١٠.أحمد حسن، الحياة الدينية والثقافية للإيزيديين الكرد السوريين، العدد الثاني – آب/ أغسطس ، ٢٠١٧.

١١.رنا جاسم محمد بضز،بواعث ارتكاب الإبادة الجماعية للإيزيديين، المؤتمر العلمي الدولي الثاني حول الإبادة الجماعية/ مركز دراسات الإبادة الجماعية، جامعة دهوك27– 28 كانون الثاني ٢٠٢١.

١٢.د.سعيد خديده علو شنكال (سنجار) 1921-1980 دراسة في تعريب المنطقة من قبل الحكومات العراقية،٢٠٢٠. 

 ١٣.سعد عبد الرزاق محسن، التعدادات السكانية التي جرت في العارق (عرض وتقييم)، مجلة كلية التربية الأساسية للعلوم التربوية والإنسانية / جامعة بابل، آب/2015م

١٤. عبدالرحمن شرفکندی، «هەنبانە بۆرینە، فرهنگ فارسی-کردی»، ویراستیار: محمدماجد مردوخ روحانی، تهران: انتشارات سروش، (١٩٩٠).

١٥. احمد تیمور باشا و منشا نحلتهم، مؤسسة هنداوي، الطبعة الاولی، القاهرة، ٢٠١٢.

١٦. فوئاد حەمەخورشید، زمانی کوردی و زارەکانی، دەزگای سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٨.

١٧. مەولود ئافەند، ‌‌ئێزدییەکان: کوردی ڕەسەنن یا شەیتانپەرەست؟ ٢٠١٨، https://www.kurdistanpost.nu/?m

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!