هەڵسەنگاندنی کتێبی سیاسەت ‌و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

هەڵسەنگاندنی کتێب

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک  بڵاو کراوەتەوە: ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ی کوردی

شەوڕۆ، فازیل(٢٠٢٥): هەڵسەنگاندنی کتێبی سیاسەت ‌و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، تێزی دکتۆرای قادر وریا (62 ساڵ)ە کە لە زانکۆی کۆیە بە پلەی نایاب لە سالی 2024 پەسند کرا و لە 2025 ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە بۆن – ئەڵمانیا، لە کتێبێکی  250 لاپەڕەی جوان دیزاینکراو و تەکنیک سەردەمیانە چاپی کردوە. جگە لە دەیان کانگا و سەرچاوە بە زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی و سوودوەرگرن لە ئینتەرنێت، نووسەر بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە سیاسەتی زمان لە ئێران و ئاستی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندی بە 51  لایەنی چالاکیی زمانەوانی، شاعیر، نووسەر، هونەرمەند، مامۆستا، و توێژەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و ئەوانەی نوێنەرایەتیی شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش  دەکەن فەرامۆش نەکراون.

.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: هەڵسەنگاندنی کتێب

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: فازیل شەوڕۆ

  • ڕێکەوت: ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

هەڵسەنگاندنی کتێبی سیاسەت ‌و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

مەخابن، زۆرجار لەسەر زاری عەوام و ڕۆشنبیرانیش، ئەوەمان دێتە بەر گوێ کە ساڵانە دەیان بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان وەدەستدێن کە هیچ کەلێنێک لە بوارەکانی زانستی و ئەدەبی و مەعریفی پڕناکەنەوە و پتر خەریکی سووینەوە و کاوێژکردن و خواستنەوەی کاڵای دەستی دووی نووسەرانی دیکەن و لە خەمی داهێنان و ئەفراندن و گەشکردنی زمان و ئەدەب و زانست و مەعریفە دانین و ئاستەکانیان بەڕووداچوون. بە گشتی، ئەمە غەدرێکی گەورە و ناهەقییەکی جەرگبڕە هەم لە زانکۆکان و هەم لە وەدەستهێنەڕانی بڕوانامە باڵاکاندا دەکرێت. لە نێو خەرمانی ئەم بڕوانامانەدا، چەندان بەرهەمی مەزن و بایەخدار و پیرۆز وەبەرهاتوون، کە ناوەڕۆک و دەوڵەمەندی و داهێنانیان لە ئاست، ئەوانەن کە لە زانکۆ جیهانییە ناودارەکاندا پەسند دەکرێن.

کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، تێزی دکتۆرای قادر وریا (62 ساڵ)ە کە لە زانکۆی کۆیە بە پلەی نایاب لە سالی 2024 پەسند کرا و لە 2025 ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە بۆن – ئەڵمانیا، لە کتێبێکی  250 لاپەڕەی جوان دیزاینکراو و تەکنیک سەردەمیانە چاپی کردوە. جگە لە دەیان کانگا و سەرچاوە بە زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی و سوودوەرگرن لە ئینتەرنێت، نووسەر بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە سیاسەتی زمان لە ئێران و ئاستی خوێندنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیوەندی بە 51  لایەنی چالاکیی زمانەوانی، شاعیر، نووسەر، هونەرمەند، مامۆستا، و توێژەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و ئەوانەی نوێنەرایەتیی شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش  دەکەن فەرامۆش نەکراون.

نووسەر دەنووسێت: ” لە سەرەتای سەدەی بیستەم و بەردەوامی تا ئێستا، تاکە سیاسەتی بواری پەروەردە لە ئێراندا بەکارهێنانی زمانی فارسی وەک ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی پاوانخوازی ناسیۆنالیستی و دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانی بووە. ئەم سیاسەتەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر زمانەکانی دیکەی غەیرە فارسی هەبووە؛ هەندێک لەو زمانانە بە تەواوی لەناوچوون. بەشێک لەو زمانانە لە لێواری لەناوچووندان، وەک مازینی و گیلەکی، هەندێکی تریش مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، وەک کوردی و بەلووچی. ئەم ترسە لە لەناوچوونی زمان بۆتە هۆی بانگەوازی نوێنەرانی کەمە نەتەوەیەکانی تر کە زمانی دایکیان لە پەروەردەی ئەکادیمیدا بەکاربهێنن و زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاربهێنن. ئەم تێزە هەوڵ دەدات بۆچوونی وەڵامدەرەوەکان کۆ بکاتەوە بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە سەرەکییە:

1ـ بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە چ سیاسەتێکی زمانی جێبەجێ بکرێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ واقیعی فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانەوانی لە نێو دانیشتوانی ئێراندا، هەروەها لەگەڵ خواستەکانی مافی نەتەوەیی دانیشتوانی ئەم بەشەی کوردستان؟

2ـ چ میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە زمانییە دابنرێت؟”

کتێبەکە 127 ناونیشان – جگە لە 15 خشتە و پاشکۆی بەڵگەنامە و پووختە ناوەڕۆکەکەی بە دوو زمان لە خۆدەگرێ، ئەمانیش بەم شێوەیەی خوارەوە  بەسەر شەش بەشدا پۆلین کراون:

بەشی یەکەم: چەمکە سەرەکییەکان و بنەما تیۆرییەکانی گرتووەتە خۆ: چییەتیی زمان، پێوەندیی زمان بە هەر یەک لە چەمکەکانی ناسنامە، پەروەردە، ماف، ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات. زمان وەک سەرچاوە نەک گرفت، تەوەرێکی دیکەی ئەم بەشەیە و تیشک خراوەتە سەر جیاوازیی پێگەکانی زمانی زۆرینە و زمانی کەمینە.

بەشی دووەم: بۆ باسکردنی ڕۆڵی زمان و پەروەردە لە دەوڵەتسازی و نەتەوەسازیداتەرخان کراوە: گرنگیی سیاسەتی زمانی بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد وە کورد چۆن دەتوانێت پەروەردە و سیاسەتی زمانی بکات بە دەروویەک بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەکەی.

بەشی سێیەم: تایبەتە بە سیاسەتی زمانی لە کوردستان و ئێراندا، بە  ئاوەڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە لێکۆڵینەوە زمانییەکانی ئێران، ڕوانگەکانی دەسەڵات و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی، بۆچوونی لێکۆڵەران و ڕووناکبیرانی ئێرانی لەبارەی زمان و ناسنامەی نەتەوە نافارسەکانی ئێران و پرسی پەروەردە بە زمانی دایک.

بەشی چوارەم: باسکردن لەڕێبازی لێکۆڵینەوەو مێتۆدۆلۆژیی تێزەکە: چۆنیەتیی کۆکردنەوەی داتاکان، شێوازی دەستنیشانکردنی پرسیارلێکراوان، چۆنیەتیی ئامادەکردنی پرسیارنامە و گەیاندنی بە پرسیارلێکراوان و وەرگرتنەوەی وەڵامەکان. مێتۆدی شیکردنەوەی داتاکان (مێتۆدی شیکاریی بابەتیانە/ تێماتیک) ڕۆشنایەتیان خراوەتە سەر.

پێنجەم بەش: تایبەتە بە ناساندنی پرسیارەکانی لێکۆڵینەوە لە پرسیارلێکراوان و سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

هەرچی شەشەمین بەشە: تایبەتە بە دۆزراوەکان، ئەنجامەکان، پێشنیازو ڕاسپاردەکانی لێکۆڵینەوەکە.

لەم بەشەدا لێکۆڵەر وێڕای باسێکی کورت لەسەر پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەی، بە گەڕانەوە بۆ سەر چەمکە سەرەکییەکانی پێوەندیدار بە ڕوانگە و بۆچوونی پرسیارلێکراوان، دۆزراوەکان ‌و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی خستوەتەڕوو.

لەبڕگەی ئامانجەکاندا، چەندان خاڵی بایەخدار خراونەتەڕوو وەک:

  • ئەو سیاسەتەی بە ناوی سیاسەتی کولتووری و زمانی و پەروەردەیی لە کۆنەوە تا ئێستا لە ئێران هەیە، لەگەڵ باری ڕاستەقینەی وڵات و کۆمەڵی ئێران کە پێکهاتەیەکی فرەنەتەوەیی و فرەزمانییان هەیە، ناتەبا و نەگونجاوە.
  • بەکارهێنانی سیستەمی پەروەردەی سەرانسەریی وڵات بە ئامانجی دروستکردنی یەک نەتەوە و کردنی زمان فارسی بە زمانی سەرەکی و یەکەمی هەمووان، لە تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکان لە زمانی فارسی و ناسنامەی ئێرانیدا تا هاتووە زیاتڕ ڕووبەڕووی بەرهەڵستبوونەوە بووە و ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە. نەتەوەی کورد لە ئێران، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ڕەزاشاوە تا ئەمڕۆ، بۆ داکۆکی لە ناسنامەی نەتەوەیی و خەبات دژی ئاسمیلاسیۆنی نەتەوەیی و کولتووری، بۆ داواکردنی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان پێشەنگی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بووە.
  • تاکزمانی لە پەروەردەی ئێران و بێبەشکردنی نەتەوە نافارسەکانی ئەو وڵاتە لە پەروەردە بە زمانی خۆیان، چەند ڕەهەندی گرنگی هەیە کە بریتین لە: سەپاندنی پێگەیەکی نایەکسان و نزم بەسەر زمانە نافارسییەکاندا و داخستنی دەرگای گەشەکردن و پێشکەوتن بە ڕوویاندا بەهۆی ڕێگەپێنەدانیان لە پەروەردە و فێرکردنی فەرمیدا / پێکهاتنی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر بۆ فێرخوازانی نافارس لە ڕەوتی پەروەردە و فێربوون بە تایبەتی لە ساڵانی یەکەمی خوێندنگەدا. ئەو فێرخوازانەی لە پەروەردە بە زمانی دایک بێبەشن، دەگەڵ فێرخوازانێک کە بە زمانی خۆیان دەخوێنن. / بێبەشبوون لە پەروەردە بە زمانی دایک و خوێندن بە زمانێکی داسەپاو، لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر فێرخوازان هەیە. یەکێک لەو کاریگەرییانە لاوازبوونی متمانە بەخۆیانە. لێکەوتەیەکی دیکەی پەروەردەی تاکزمانی بۆ فێرخوازانێک کە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایک بێبەشن، قەیرانی ناسنامەیە / هەستکردن بە پێشێلکرانی سەرەتاییترین ماف و بایەخنەدران بە زمان و ناسنامە، دەبێتە هاندەر و ڕێخۆشکەری تاک بۆ ئەوەی هەستی نامۆیی و دووریکردن لەو دەسەڵات و سیستەم و کۆمەڵەی تێدا پێک بێت کە ئەم دۆخەیان بەسەردا سەپاندووە.
  • سیاسەتی زمانیی ئێستای ئێران لە ئاستی چاوەڕوانی و ویستەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا نین و پێویستیان بە گۆڕانی بنەڕەتی هەیە؛ پێویستە جێگایان بە سیاسەت و پلاندانانێکی گونجاو و وەڵامدەر پڕ بکرێتەوە. گۆڕانی بنەڕەتی لەو سیاسەتەدا بە پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی ئێران و ئێرانیبوون، داننان بە فرەنەتەوە و فرەزمانبوونی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، وەلانانی ئایدۆلۆژیای «یەک نەتەوە و یەک زمان »، بەفەرمی ناسینی زمانە نافارسییەکان و قبووڵکردنی مافی پەروەردە بەو زمانانە پێک دێت.

لە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانیشدا، د. قادر وریا،  کە خاوەنی 15 کتێبی ئەدەبی زمانەوانی و سیاسی و سەدان وتار و لێکۆلینەوە، زۆر بە لێزانانە ئەوەی بۆ ئەم بوارە پێویستە تۆماری کردوە.

کتێبی (سیاسەت و پلاندانانی زمانی بۆ بواری پەروەردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا)، جگە لەوەی کە سەرچاوەیەکی زانیاریبەخشە بۆ خوێنەران و بە زمانێکی جوان و ڕەوان و ڕەسەن دارشتراوە. پێویستیشە بۆ ئەوانەی کە لێکۆڵەر و توێژەرن لە بوارەکانی وەک:

(ناسنامە، مافی زمان، نەتەوە، پاراستنی زمان، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، داهێنان لە زمانی کوردیدا، دادپەروەری زمانەوانی، هۆشیاریی زمانەوانی، دەرفەتی زمانەوانی، فرە زمانی لە پەروەردەدا، و سیاسەتی زمانی هاوتەریب.)