گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١ 

وتووێژ لەگەڵ ئارەش ساڵح

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025

ساڵح، ئارەش (٢٠٢٥): وتووێژ لەگەڵ ئارەش ساڵح. گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٢٥١–٢٤٢. https://doi.org/10.69939/TISHK0071

DOI 10.69939/TISHK0071

پرسی سەروەریی سیاسی لە زانستە سیاسییەکاندا یەکێک لە باسە گرینگەکانی ئەو بوارەیە. دەستەواژەی سەروەریی سیاسی لە پرۆسەیەکی زەمەنیی دوورودرێژدا گەشەی کردووە و ڕوانگەی جیاوازیش سەبارەت بەم پرسە هەیە. پرسی کورد وەک پرسێکی مێژوویی پێش ئەو شتەی کە بە ناوی دەوڵەتی مۆدێرن ناسراوە و هاوکات پاش دەوڵەتی مۆدێرنیش گرێدراوی پرسی سەروەریی سیاسییە. ئەم پرسە ئێستاش بووەتە جێی باسوخواسی دەستەبژێری کوردستان. بۆ گەنگەشەی مانای ئەم دەستەواژەیە و پەیوەندیی پرسی کوردستان لەگەڵ سەروەریی سیاسی، داوامان لە بەڕێز ئارەش ساڵح، چالاکی سیاسی و خوێندکاری دوکتۆرا لە زنکۆی جۆرج مەیسن کردووە لەم بارەوە ڕا و بۆچوونی خۆییمان بۆ باس بکات. ئارش ساڵح خوێندکاری دوکتورای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج مەیسنی ئەمریکایە و هەر لەو زانکۆیەش وەکو یاریدەدەری مامۆستا خەریکی وانەوتنەوەیە.

پرسی سەروەریی سیاسی لە زانستە سیاسییەکاندا یەکێک لە باسە گرینگەکانی ئەو بوارەیە. دەستەواژەی سەروەریی سیاسی لە پرۆسەیەکی زەمەنیی دوورودرێژدا گەشەی کردووە و ڕوانگەی جیاوازیش سەبارەت بەم پرسە هەیە. پرسی کورد وەک پرسێکی مێژوویی پێش ئەو شتەی کە بە ناوی دەوڵەتی مۆدێرن ناسراوە و هاوکات پاش دەوڵەتی مۆدێرنیش گرێدراوی پرسی سەروەریی سیاسییە. ئەم پرسە ئێستاش بووەتە جێی باسوخواسی دەستەبژێری کوردستان. بۆ گەنگەشەی مانای ئەم دەستەواژەیە و پەیوەندیی پرسی کوردستان لەگەڵ سەروەریی سیاسی، داوامان لە بەڕێز ئارەش ساڵح، چالاکی سیاسی و خوێندکاری دوکتۆرا لە زنکۆی جۆرج مەیسن کردووە لەم بارەوە ڕا و بۆچوونی خۆیمان بۆ باس بکات.

ئارش ساڵح خوێندکاری دوکتورای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج مەیسنی ئەمریکایە و هەر لەو زانکۆیەش وەکو یاریدەدەری مامۆستا خەریکی وانەوتنەوەیە. لە بواری سیاسەتدا چالاکە و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتەیە.

 لە پێشدا وەکو یەکەم پرسیار، چەمکی سەروەریی سیاسی چۆن پێناسە کراوە و توخمە سەرەکییەکانی سەروەریی سیــــاسی چین؟

وێنەی ئارەش ساڵح

بەر لە هەموو شتێک ئەوەی کە وەکو پێناسە بۆ سەروەریی سیاسی یان sovereignty  لە زۆربەی ئەو تێکستانەی ئێستا لەبەردەستدا هەیە، چەند ئێلێمان یا چەند توخمی سەرەکی لەخۆ دەگرێت. واتاکردنێکی گشتگیر هەیە کە سەروەری ئاوا پیناسە دەکات کە دەسەڵاتێکە لە چوارچێوەی ئەو شتەی کە پێی دەگوترێ territory یان  قەلەمڕەو و لە سەرەووی هەموو دەسەڵاتەکانی ترە کە لە کۆمەڵگا دا بەدی ئەکرێن. لێرەدا دوو یان سێ توخم زۆر گرنگن، یەکەم ئەوەی کە قەڵەمڕەوێک یا تێریتۆرییەک دەبێ بوونی هەبێت. دووهەمیش، ئەوەی کە دەسەڵاتێک لەسەر کار بێت. دەسەڵاتێک هەبێت کە لە سەرەوەی هەموو دەسەڵاتەکان بێت. واتە بتوانێت هەموو دەسەڵاتەکانی تر بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و بە هەموو شێوازێک هەموو دەسەڵاتەکانی تر کۆنترۆڵ بکات و ئەو لە سەرووی هەموویانەوە بێت. شتێکی تریش کە گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە چەمکی sovereignty  یان چەمکی سەروەریی سیاسیی، پێویستی بەوە هەیە کە ئەو سەروەرییە بە شێوازێک بەڕێوە بچێت کە هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکیی تر بەسەریەوە زاڵ نەبێت. واتە بێ‌ئەوەی دەسەڵاتێکی دەرەکی خۆ لە کاروبارەکان هەڵقوتێنێ، ئەو بتوانێ دەسەڵاتی خۆی جێبەجێ بکات، یاسا دابنێت، یاساکانی جێبەجێ بکات و خەڵکێک کە لەژێر چەتری ئەو دەسەڵاتەدان کاروبارەکانیان ڕاپەڕێنێت و ئەو سەرچاوە سروشتییانەی کە لە چوارچێوەی ئەو جوگرافیا دیاریکراوەدان بێ‌ئەوەی هەروەکو پێشتر باسمان کرد دەسەڵاتێکی دەرەکی بێت و خۆ لە کاروبارەکانی هەڵقوتێنێ، بەڕێوە ببات و کۆنترۆڵی بەسەریانەوە هەبێت .

سەروەریی سیاسی یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی زانستە سیاسییەکانە، کە ئێستا گرێدراوی و پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵی لەگەڵ چەمک و دەستەواژەی ستەیت یان ستەیتی مۆدێڕن هەیە. لە ئەورووپای سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست، سیستەمی ئابووری سیاسییەک کە هەبووە و بە ناوی سیستەمی فیۆدالەوە دەناسرێت. تایبەتمەندیی دەسەڵات یان سەروەریی سیاسی لەو سەردەمەدا ئەوە بووە کە داشکاوە و دابەشکراو بووە. لەنێوان ئەو شتانەی کە ئێمە ئێستا بە ناوی لۆرد و دوک و ئەو شتانە دەیانناسین و هەروەها کڵێسە دابەش بووە. سەروەری سیاسی لەم سەردەمەدە دا لەبەر کێبڕکێ نێوان ئەم دەسەڵاتانە تێكەڵ بە شەڕ و ناسەقامگیری بووە. ئەمە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەروەریی سیاسیی ئەو سەردەمەی ئەورووپا بووە.

لە كورستان ئەم سەروەریی سیاسییە لە چ شکڵێکدا خۆی نیشان داوە؟ نموونەی ئەم سەروەرییە لە سەردەمی پێش مۆدێرن و سەردەمی مـــۆدێــــرندا چین و لە چ بڕگە زەمەنییەکدا ئێمە دەتوانین بڵێین کورد سەروەریی سیاسیی خۆی هەبووە؟

وێنەی ئارەش ساڵح

لە کوردستان پێش سەردەمی مۆدێرن یا پێش دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، دەتوانین بڵێین سەروەریی سیاسی موتڵەق و تایبەت بووە بە چەند خان و ئاغاوەت. ئەم سیستەمە لەگەڵ سیستەمی فیۆداڵیی ئەورووپا تا ڕادەیێک هاوشێوەن، بەڵام بەتەواوەتی وەکو ئەو سیستەمە فیۆداڵییە نەبووە. کۆمەڵێک بنەماڵە بوون کە پێکەوە نزیکایەتیی بنەماڵەیی‌یان هەبووە و سەروەریی سیاسی هەندێک جار موتڵەق و هەندێک جاریش لەژێر گوشاری دراوسێیەکانیان ئۆتۆریتەی سیاسی و سەروەریی سیاسییان پەیڕەو کردووە. بۆ وێنە ئێمە لە شەرەفنامەدا دەخوێنین کە ئەردەڵانەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەسەڵاتی ڕەهای بەشێکی زۆری کوردستانیان هەبووە و تەنانەت تا ئەم دوایی‌یانەش بەردەوام بوون بەڵام هەندێک جار ناچار بوون باج و خەراج بدەن بە ئەو دەسەڵاتانەی کە لە دراوسێیەتییاندا بوون، وەکو سەفەوییەکان. بەڵام هەندێک جاریش توانیویانە لە دژیان ڕاوەستن، بەرگری بکەن و باج و خەراجیشیان پێ نەدەن. هەروەها توانیویانە بە ناوی خۆیانەوە سکە لێ بدەن، پادشایی ڕابگەیەنن و سەروەریی سیاسی و موتڵەقی خۆیانیان هەبێت و بە بەرنوێژەکانی نوێژی جومعەی ژێر دەسەڵاتەکەی خۆیان بڵێن کە بە ناوی پادشای ئەردەڵانەوە خوتبە بخوێننەوە.

هەروەها هەر لە شەرەفنامەدا دەبینین کە ئەوان بۆ نموونە هەندێک جار لە مێژووی دوورودرێژی کۆنی چەند سەدەی خۆیاندا، دەسەڵاتی کەرکووک و موسڵ هەتا کرماشانیان بەدەستەوە بووە و لە سنەش ناوەندیان هەبووە. سنە هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو لە ئەوان بووە .هەڵبەت ناوەندیان هەمیشە لە سنە نەبووە، بەڵکو ناوەندی دیکەشیان لە هەورامان بووە. چەند گوند لە هەورامانن کە ئێستا وەکو ناوەندی ئەوان ناسراون. ئەوان بە گوێرەی شەرەفخانی بەدلیسی هەر هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ ڕەچەڵەکی گۆرانەکان. بەگوێرەی شەرەفخان گۆرانەکان هەموو لە ڕۆژاوای کوردستانەوە هاتوون و لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان بڵاوەیان کردووە. بەشێک لەوانیش ئەو کەسانە بوون کە دەسەڵاتی بەشێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بەدەستەوە بووە. خانی لەپزێڕینیش بەگوێرەی شەرەفخان هەر بە ڕەچەلەک دەگەڕێتەوە سەر گۆرانەکان کە قەڵای دمدمیش یەکێک لەو شوێنانە بووە کە کورد بۆ ماوەیێکی درێژ خاوەنی سەروەریی سیاسیی خۆی بووە. هاوکاتیش ئێمە لە شەرەفنامەدا دەبینین کە ئێمە دەسەڵاتێکی ترمان کە ئەویش سەروەریی سیاسی لەناو کوردستاندا بەڕێوە بردووە هەیە، ئەو سەردەمە لە کوردستان کە ناوەندەکەی شاری کەنولە لە نزیکی کرماشان دەبێت، ئەو کاتە شارێکی پڕ ڕەونەق دەبێت، بەڵام ئێستا وەکو گوندێکی لێ هاتووە. ئەوێ ناوەندی دەسەڵاتی زنجیرەیی ئالی بوویە بووە، کە لە مێژوودا باسیان لێوە کراوە. هەربۆیە سەروەریی سیاسی لە کوردستاندا ئەگەرچی لەژێر کۆنترۆڵی چەند دەسەڵاتی زنجیرەییدا هەبووە، بەڵام هەر وەکو ئەورووپا دابەشکراو بووە و لە چەند تێریتۆریدا بەڕێوە چووە.

هەندێک باسی گێڕانەوەی ئێرانی یا خود فارسی لە مێژوو و پەیوەندیی ئەم گێرانەوەیە لەگەڵ سەروەریی سیاسی کورددا بکەن؟

وێنەی ئارەش ساڵح

کە دەگەڕێینەوە بۆ سەروەریی سیاسی لە ڕابردوودا هەڵەیەک کە مێژوونووسەکان هەندێک جاریش بەئەنقەست تووشی دەبن ئەوەیە کە ئەو سەروەرییە سیاسییەی کە لە ڕابردوودا هەبووە بەو چەمکانەی کە ئەمڕۆ لە زانستە سیاسییەکاندا واقیعییاتی کۆمەڵگای ئیمڕۆی پێ شرۆڤە دەکرێ، لێک دەدەنەوە. بۆ وێنە سەربەخۆییی سیاسیی دەوڵەت، دامەزراوەکانی دەوڵەت و سنووری سیاسی لەو چەمکانەن کە لە دونیای مۆدێرندا زیاتر هەن. ئەو کەسانەی لە واقیعییاتی ژئۆپۆلیتیکی دنیای ئەمڕۆ دەکۆڵنەوە، هەندێک جار بەهەڵە هەندێک جاریش بەئەنقەست باسی ڕابردوو و سەروەریی سیاسی لە ڕابردوودادا دەکەن. بۆ وێنە ئەوانەی کە هەڵگری ڕوانگەیەکی ناسیۆنالیستیی فارسین، پێیان وایە یان جۆرێک قسە دەکەن کە وەکو ئەوەی ئێرانێکی یەکدەست و یەکپارچە بە سنوورێکی دیاریکراو و بە سەربەخۆییی سیاسی و دامەزراوەگەلی سیاسییەوە لە مێژوودا هەبووە کە ئەمە لە ڕاستیدا نەتەنیا هەڵە تێگەیشتنە لە مێژوو، بەڵکو هەڵە تێگەیشتنە لە هەموو چەمکە سیاسییەکان و پێچەوانەی تێگەیشتنە لە مێژووی دامەزراوە سیااسیەکان و دەوڵەتی مودێڕن. نەتەنیا لە ئێران بەڵکوو لە هیچ شوێنێکی دنیادا دەوڵەت و ستەیت بەو شێوازەی کە ئیمڕۆ ئێمە دەیناسین، لە مێژووی پێش مودێڕن  و مێژووی کۆن بوونی نەبووە و هەمووی دەستکرد و شتێکی نوێیە.

هەڵەیەکی دیکە کە دەکرێت ئەوەیە کە ئیستقلال یان سەروەریی سیاسی لە ڕابردوودا بەو پێوەرانەی کە ئیمڕۆ هەن، باسیان لێوە دەکرێ. بۆ وێنە ئێمە دەبینین هەندێک جار ئەردەڵانەکان لە مێژووی خۆیاندا ناچار بوون کە باج و خەراج بدەن بە سەفەوییەکان. ئەگەرچی زۆرخۆی زۆر ئیدعاش هەیە کە سەفەوییەکانیش خۆیان بە ڕەچەڵەک کوردن و هەر خۆشیان دەگەڕێنەوە بۆ گۆرانەکان. ئەوان هەم ڕەچەڵەکی کوردی و هەم ڕەچەڵەکی سوننەبوونی خۆیان دەشارنەوە بۆ ئەوەی لە کۆنترۆڵی ناوچەکانی ژێردەستیاندا هیچ کێشەیەکیان نەبێت و ڕەچەڵەکی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ ئیمامەکانی شیعە، چونکە لایەنگرەکانیان زۆرینە شیعە دەبن. بەڵام بەهەرحاڵ ئێستە ئێمە ناتوانین سەفەویەکان وەکوو نموونەیێکی سەروەری سیاسی لە کوردستان بهێنینەوە هەر بۆیە ئەردەڵانەکان هەندێک جار لە مێژووی خۆیاندا ناچار بوون باج بدەن، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە کە ئەوان خاوەنی سەروەریی سیاسیی خۆیان نەبوون. ئەوان لە زۆربەی مێژووی دوورودرێژی خۆیاندا خاوەنی سەروەریی سیاسیی موتڵەقی خۆیانن، بەڵام بۆ ئەوەی خۆیان لە دەستدرێژیی سەفەوییەکان بپارێزن، ناچار بوون بە شێوازێک هەڵسوکەوت بکەن کە هەندێک جار خەراجیان پێ بدەن و بەو شێوازە سەروەریی سیاسیی ئەوان تا هەندێک جار سنووردار ئەبێتەوە، بەڵام بەهەرحاڵ ئەو سەروەرییە هەر هەبووە، سەروەریی سیاسی و موتڵەق موتەعەلیق بە ئەردەڵانەکە. بەڵام بەهەرحاڵ ئەوە شێواز و ڕوانینێکە کە بەنیسبەت ڕابردوو هەیە و سەروەریی ئێمە بەو شێوازە باسی لێوە کراوە.

ئەگەر بە شێوازێکی مێژوویی لە ڕەوتی گەشەی ئەم دەستەواژەیە بکۆڵینەوە، چۆناوچۆن ئەم دەستەواژەیە هاتووەتە نێو زانستە سیاسییەکانەوە؟

وێنەی ئارەش ساڵحهەر لە درێژەی ئەو پرسیارەدا دەتوانم بڵێم کە چەمکی ساوڕێنتی یان سەروەریی سیاسی لەم ساڵانەی دواییدا بە گەڕانەوەی چەمکی ستەیت بۆ ناو خوێندنەوەی زانستە سیاسییەکان گرنگییەکی تازەی پێ دەدرێ، بەتایبەت دوای ئەوەی کەسانێک وەکو تێدا سکاچپۆل(Theda Skocpol) هاتن و باسیان لەوە کرد کە ئێمە دەبێ مەسەلەی ستەیت و وڵات، ئەگەر وەرگێڕانێکی دروست بێ بۆ ستەیت، بێنینەوە ناو لێکۆڵینەوەی زانستە سیاسییەکان و ئاماژەیان بەوە کرد کە ستەیت یەکێک لە گرنگترین بگۆڕ و موتەغەیرە سەربەخۆکانی ناو زانستە سیاسییەکانە کە دەتوانێ زۆربەی دیاردە سیاسییەکانی دنیای ئەمڕۆ تەتەڵە بکات.

بۆیە ئەو چەمکەش گرنگییەکی نوێی وەرگرتووەتەوە و بەتایبەت هاتووەتەوە ناو باسی لێکۆڵینەوەی زانستە سیاسییەکان. لە ڕووی تیۆرییەوە ئەوەی کە کێ سەرەتا باسی ئەو دەستەواژەیەی کردووە و لە ئەندیشەی سیاسی و زانستی سیاسیدا چۆن ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، دەستپێکەکەی دەگەڕێننەوە بۆ دەوروبەری سەدەی شازدە. ئەوکاتەی کەسانی وەکو بۆدین(Jean Bodin) یان هابز هەڵبەت پێش هەموو کەس بۆدین، ئیعتباری ئەوەی پێ دەدرێ کە ئەو یەکەم کەس بووە کە لە کتێبێکدا بە ناوی {ئەگەر هەڵەم نەکردبێ} شەش کتێبی کۆمار، باسی چەمکی سەرەوریی سیاسی دەکات. لەوێدا وەکو دەسەڵاتی موتڵەق و نەگۆڕ باسی لێوە دەکرێت کە ستەیت یان وڵات بەسەر هەموو شتێکدا هەیەتی و بۆ ئەوەی نەزم لەوێ سەقامگیر بێت.

هابز ئەو چەمکە زیاتر بەربڵاو دەکاتەوە و زیاتری لەسەر دەڕوات. هەڵبەت هەر لەسەر هەمان ڕەوت بەردەوام دەبێت و پێی وایە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پێکهێنەری ئەو چەمکەیە و ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە کەسێک بە ناوی ساوێرن یان دەسەڵاتدار یان سەروەر دروست دەکات کە دەسەڵاتی ڕەها و موتڵەقە و کەس ناتوانێت لێی وەربگرێتەوە. ئەو پێی وایە دەسەڵاتدار هەیە بۆ ئەوەی کە بتوانێ وڵامدەری نەزم  بێت. دوای هابز، جان لاک  سەدەی حەڤدە و ژان ژاک ڕۆسۆ ئەو بۆچوونە دادەشکێنن. بۆ نموونە جان لاک دەستەواژەی حەقوقی سروشتی بەم بابەتە زیاد دەکات و ئەو بۆچوونەی هابز لەوێ تەعدیل دەکات کە ئەمە قابیلی سەندنەوە نییە. ئەو پێی وایە ئەمە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕەزایەتی ئەو کەسانە هەیە کە لە لایەن ساوێرن یان کەسێک کە سەروەری هەیە و دەبێ خەڵکەکە لێی ڕازی بن کە بتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. دوای ئەوە لە سەدەی هەژدەدا ڕۆسۆ ئەو مەسەلەیە بەرفراوانترئەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەساسەن مەسەلەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو مەسەلە ئەوەیە کە سەروەری هی خەڵکی ئەو ناوچەیەیە. بە دەربڕینێکی دیکە بۆ ئەوەی سەروەری وجوودی هەبێ، خەڵکی ئەو ناوچەیە سەرچاوەی ئەو سەروەرییەن و خەڵک بە هەر کەسێک بیانهەوێ ئەوە دەسەڵاتە دەبەخشن یان وەریدەگرنەوە.

ئەم ڕووداوانە پێش دنیای مۆدێرنە و زیاتر مەسەلەی سەرەکی لەم نووسراوانەدا دەوڵەتمەداریی باشە و دەیانەوێ ڕێگایەک بدۆزنەوە کە کێشەکانی سەردەمی خۆیانی پێ چارەسەر بکەن. بۆ وێنە کێشەکانی سەردەمی هابز مەسەلەی سەرەکیی نەزم و غەریزەی سەرەکی لەو شوێنە، بەردەوامی و مانەوەی ئینسانە. ئێنسانەکان لە سەردەمێکدا بوون کە بێ‌نەزمی زۆر بووە و بەدوای ئەو پرسیارانەدا گەڕاون کە چۆن ئەو بێ‌نەزمی و شەڕە کۆتایی پێ بێت و ئێمە بتوانین بەبێ ئەوەی ترسمان هەبێت لە بەردەوامیی ژیانی خۆمان، بتوانین بژین. بۆیە وڵامی ئەو بۆ دەوڵەتمەداریی باش بەو شێوازە بووە کە لە لیڤیاتاندا باسی لێوە دەکات و چەمکی سەروەریی سیاسی لەوێ بەو شێوازە خۆی دەردەخات. پاشان کە ئەو مەسەلەیە حەل دەبێت، دەگەڕێنەوە بۆ مەسەلەی دیموکراسی و حەقوق. سەروەری بەو تایبەتمەندییانەی کە ئیمڕۆ ئێمە دەیناسین واتە سەروەریی مودێڕن لە کردەوەدا دەگەڕێتەوە بۆ گرێبەستی وێستفاڵیا و ئەو گرێبەستە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەدا واژۆ دەکرێت. ئەو گرێبەستە ئەساسی ئەو شتەیە کە ئێمە لە دنیای ئەمڕۆدا پێی دەڵێین ستەیت، دەوڵەت، سیستەمی دنیایی ئەمڕۆ و سیستەمی نێونەتەوەییی ئەمڕۆ کە دنیا بەسەریدا سوارە و دەوڵەت و ستەیت سەربەخۆ لە یەکتر و دەست لە کاروباری نێوخۆییی یەکتر وەرنادەن. ئەگەرچی ئەم بابەتانە بەو ڕوونییە لەوێ باس نەکراوە، بەڵام بونیادەکانی لەوێ هاتوونەتە ئاراوە و ڕادەی دەسەڵاتداریی هەر شوێنێک دیاری دەکات بەنیسبەت مەسەلەی دین و ئایین و ئەو شتانەوە. هەروەها ئاماژەم بەوەش دا لە دنیای ئیمڕۆشدا{زانستی سیاسی} مەسەلەی سەروەریی سیاسی گرێدراوییەکی زۆری لەگەڵ مەسەلەی ستەیت هەیە. بەڵام هاوکاتیش دەبێ ئاماژە بکرێت کە هەندێ دیاردەی دنیای مۆدێرنیش وەکو بەجیهانیبوون، مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی وەکو یەکیەتیی ئەورووپا تاڕادیەکی زۆر چالێنجی ئەساسی لە بەرانبەر ساورێنتیی موتڵەق یا سەروەریی موتڵەقن.

ئەم پێناسەگەلە یا خود ئەم ڕوانگە تەکامولییە بە نیسبەت سەروەریی سیاسی چۆن دەکرێ لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێراندا لێک بدرێتەوە؟

وێنەی ئارەش ساڵحبەنیسبەت ئەوەی کە ئەمڕۆ چۆن چاو لە مەسەلەیە دەکرێ بە باوەڕی من لە دنیای ئەمڕۆدا بەتایبەت ئەو کەسانەی زیاتر لەسەر مەسەلەی فیدڕالیزم یان ئەوەی پێی دەگوترێ پرسی ئێتنیک لە زانکۆکاندا لێکۆڵینەوەیان هەیە و دەخوێننەوە، باس لەوە دەکەن کە سەروەریی سیاسی بە چەند شێواز قابیلی جیاکردنەوەیە. مەبەست ئەوەیە کە توخمگەلێکی سەرەکی هەیە کە دەکرێ لێک جودا بکرێنەوە. یەکیان بۆ نموونە ئینتەرناڵ ساورێنتی یان سەروەریی سیاسیی ناوخۆیی‌یە کە بریتییە لە دەسەڵاتی ڕەها بەسەر تاکەکان، گرووپەکان و دامەزراوەکان کە لە چوارچێوەی سنوورێکی دیاریکراودان. توخمێکی تری سەروەریی سیاسی بریتییە لە سەروەریی دەرەکی کە ئەویش باس لەوە دەکات کە ستەیتەکان یان وڵاتەکان سەروەریی سیاسیی یەکتر بەڕەسمی دەناسن. گرنگترین بنەما لە دنیای ئەمڕۆدا ئەوەیە کە دەست لە کاروباری ناوخۆییی یەکتر وەرنەدەن. هەروەها توخمێکی دیکە  سەروەریی یاسایی‌یە کە باس لەوە دەکات کە کێ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لەو شوێنەدا یاسا بنیات بنێت و کێ توانای ئەوەی هەیە یاساکان بەکار بێنێت. توخمێکی تریش کە باسی لێوە دەکرێت بەکاربردنی دەسەڵاتی سیاسییە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا.

بە نیسبەت مەسەلەی سیاسیی کوردەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووەی کە ئێمە باسمان لێوە کرد، سەروەریی سیاسیی کورد دوای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنەوە بەتەواوەتی لە لایەن ئەو نەتەوانەی کە توانیویانە دەوڵەتی مۆدێرن پێش لە کورد دابمەزرێنن، رەت کراوەتەوە و لێیان زەوت کراوە. ئەوان  لەسەر بنەمای ئەو ئیمپڕاتۆرییانەی پێشوو کە بوویانە، توانیویانە هێدی هێدی ناوچە جیاوازەکان داگیر بکەن، بەتایبەت لە سەردەمی ڕەزاخاندا بە هێرشی ئەرتەشی ڕەزاخان بۆ سەر ناوچەی هەورامان ئەو سەروەرییانەی پێشووی هەمووی لە کوردستاندا کۆتایی پێ دێت. لە کتێبی شەڕی هەورامان ئەگەر هەڵم نەکردبێت بەڕوونی دەبینین کە لەوێ چۆن باسی لەشکرکێشیی دەوڵەتی مۆدێرن دەکات و دوایین سەروەریی سیاسی کە لە کوردستان ماوەتەوە، لەنێو دەبات. سیستەمی سان سیستەمێک بووە کە سان وەکو سوڵتان لەوێ هەبووە و لەژێر ئەو ناوە و لە ناوچە جیاوازەکاندا سیستەمی بەگمان هەبووە کە ئەمە دواهەمین سیستەمی سەروەریی سیاسیی کوردییە کە لە هەورامان تا سەردەمی ڕەزاخان هەر ماوەتەوە. بۆ وێنە لە هەموو هەوراماندا یەک سان هەبووە و لەژێر دەسەڵاتی ئەو سانەدا لە پاوە و نەوسوود و نۆدشە و شوێنەکانی تریش بەگ حوکمی کردووە. ئەوانە هەموو پێکەوە دەسەڵاتی سیستەمی سانیان پێ وتراوە. بە گوێرەی کتێبی شەڕی هەورامان(عملیات اورامان لە نووسینی علی رزم آرا و کۆ کردنەوەی کاوە بیات) کە باسی لەشکرکێشیی پاشای ئێران دەکا و هەمووی بەڵگەگەلێگی گرینگی ئەوکاتەی فەرماندەی ئەو ستوونەیە کە هێرشی کردووە بۆ هەورامان و ڕاپۆرت دەنێرێتەوە بۆ ناوەند، هێدی هێدی ڕەزاخان توانیویەتی ئەوێ تێک بشکێنێت و دوایین سەروەریی سیاسی کە لە کوردستاندا هەبووە، لەناو ببات.

دواتر بۆ وێنە کە باسی مێژوو دەکرێ، گێڕانەوەیەک ساز دەبێ لە مێژوونووسیی ئێرانی و فارسی کە پێی وایە لە هەموو ئێراندا دەوڵەتێکی مۆدێرنمان هەبووە و ئەمانە کۆمەڵێک سیستەمی دواکەوتوو بوون کە دەوڵەتی ناوەندی بۆ یەکدەستکردنەوە و مۆدێرنکردنی وڵات هێرشی کردۆتە سەریان. واتە ئەم هێرشانە بە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە، گەڕانەوەیان بۆ نیشتمانی ئێران پێناسە دەکرێ. ئەم گێڕانەوەیە کە ڕەوایی دەبەخشێت بە هێرش و تێکشکاندنی دوایین سەروەریی سیاسیی کورد، تاڕادەیەک هاوکاتیشە لەگەڵ دامەزراندنی یەکەم سەروەریی سیاسیی کوردی لە دنیای مۆدێرن لە کوردستان بە ناوی کۆماری کوردستانەوە. ئەم ئۆتۆریتەیە کە لە مهاباد پێک دێت، هێدی هێدی دەیهەوێ پەرە بستێنێ بۆ شوێنەکانی تری کوردستان، ڕەوایی‌یەکی هەبووە لەلای هەموو ئەو کەسانەی کە لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستانەوە پەنایان بردووە و مەشرووعییەتێکی سەرانسەرییان پێ بەخشیوە.

بەهەرحاڵ دەوڵەتی مۆدێرنی فارس کە دادەمەزرێت، ئەو سەروەرییە لەو شوێنانەی کە کۆنترۆڵیان دەکات، هێدی هێدی لەناو دەبات و سەروەریی خۆی بەسەریاندا دەسەپێنێ و پێش بەوە دەگرێت کە سەروەریی سیاسیی مودێڕنی کورد کە تازە دامەزراوە و خەریکە گشتگیر دەبێ، بەردەوام بێت و لەناوی دەبات. ئەمەش زۆر زۆر کۆن نییە و شتێکی تازەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان دەسەڵاتیان هەبووە لەو گێڕانەوەیەی باسم لێوە کرد، سەروەرییەکە بەباشی جێ دەخەن، هەموو شتەکە زۆر زۆر سروشتی دێتە پێش چاو، وەکو ئەوەی مەسیرێکی ڕەها و موتڵەقی مێژوویی‌یە و دەبووایە ئەو مەسیرە بەرەوپێش بچێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر لە ڕوانگەی کوردەوە چاوی لێ بکەی، ئەو مەسیرە مەسیرێکی سروشتی مێژوویی نییە. ئەگەر مەسەلەی سروشتی مێژووی بووایە و سەروەریی سیاسی لە کوردستاندا بتوانێ هێدی هێدی بگوازرێتەوە بۆ سەروەرییەکی مۆدێرن و بەردەوام بێت، دەتوانین بڵێین کە لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمێکی ناوخۆیی کە لە سەردەمی ڕەزاشا یا پەهلەوی بەرەبەرە گەشە دەکات و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا دەگاتە باڵاترین ئاستی خۆی، ئەو سەروەرییە سیاسییانەی کە بە شێوازی مەشرووع هەبوون، هەموویان لەناو دەبەن .

بەڵام ئێستا کە پرسی کورد دێتە ئاراوە، ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ توخمە سەرەکییەکانی سەروەری.  ئەو بابەتەی کە زۆر کەس کە باسی چارەسەریی پرسی ئێتنیکەکان دەکەن ئەوەیە کە پێیان وایە دابەشکردنی سەروەریی سیاسی بەسەر دوو توخمە بنەڕەتییەکەی خۆی واتە سەروەریی ناوخۆیی و سەروەریی دەرەکی وڵامێکە بۆ ئەم مەسەلەیە. نەتەوەکان (یان ئێتنیکەکان بەو زمانەی کە  ئیمڕۆ لەئاکادیمیا زاڵە) دەبێ بتوانن ئێعماڵی سەروەریی ناوخۆییی خۆیان بکەن. واتە بەبێ دەستێوەردانی دەوڵەتی ناوەندیی تاران بتوانن یاسای خۆیان پەسەند  و جێبەجێ بکەن و کۆنترۆڵیان بەسەر خەڵکی خۆیانەوە هەبێت و دەسەڵاتی موتڵەقیان بەسەر سەرچاوە سرووشتیەکانیانەوە هەبێت. بە دەربڕینێکی دیکە، بەبێ ئەوەی تاران لە لای خۆیەوە بتوانێ ئەو سەروەرییە لەناو ببات، ئەو خەڵکە بتوانن بەسەر چارەنووسی خۆیاندا حاکم بن. لە سەروەریی دەرەکیدا دەتوانن ئەو سەروەرییە لەگەڵ تاران هاوبەش بکەن و دەوڵەتی ناوەندی نوێنەرایەتیی ئەو سەروەرییەی نەتەوەکانی ئێران لە دەرەوەی ئێران بکات. کەوایە بەو شێوازە مەسەلەی سەروەریی دەرەکیش چارەسەر دەبێت و مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەروەریی ناوخۆییش گرنگییەکەی دیار دەبێت.

سەروەریی سیاسی و ئەوەی کە وەکوو پرسی شوناس لە کوردستان باس دەکرێ، لە کوێدا یەک دەگرنەوە؟ ئەساسەن پەیوەندیی ئەم دوو چەمکە چۆناوچۆنە؟ هەروەها هەندێ باسی شوناسی کوردی و ئێرانمان بۆ بکە و ئەم دووانە لە ڕەوتی مێژوییدا چۆناوچۆن لەگەڵ یەک هەڵسوکەوتیان کردووە؟

وێنەی ئارەش ساڵحبە باوەڕی من شوناسی سیاسی بابەتێکی کەنستڕاکتە، بەو مانایە کە لە فارسیدا پێی دەوترێ بەرساخت. واتە مەسەلەکە شتێکی ئەبەدی وئەزەلی نییە کە پەیوەندی تەنانەت بە ئەتنیسیتەشەوە بێت. ئەم شوناسە لە پرۆسە و کردار و پەرچەکرداری نێوان  دەوڵەت و نەتەوەکان لە ئێران ساز دەبێت. شوناسی سیاسی لە کوردستاندا بۆ وێنە لە دنیای مۆدێرن یان دەتوانین بڵێین چل پەنجا ساڵی ڕابردوودا شوناسێک بوو کە هێشتا دەیتوانی مەسەلەی ئێران قبووڵ بکات یانی دەتوانین بڵێین کە تەحەول و گۆڕانی بەسەر هاتووە. کەسانێک کە هاتوون سەردانی کوردستانیان کردووە، سەفەرنامەیان نووسیوە. لەناو ئەو سەفەرنامانەدا ئێمە دەتوانین هەندێک ئاماژە بدۆزینەوە کە باس لەوە دەکات شوناسی کوردی لە سەردەمی قاجار و تەنانەت پەهلەویی یەکەمدا شوناسێکی تەواو جیاواز لە شوناسی ئێرانی بووە. بۆ وێنە لە یەکێک لەو سەفەرنامانەدا باس لەوە دەکرێت کە کابرایەک دەگاتە نێوان سنە و کرماشان و هەمەدان لەو شوێنە کە سنووری کوردستانە، ئەو کەسەی کە سەفەرنامەکەی نووسیوە باس لەوە دەکات و دەڵێ کەسێکی بینی کە پارەی ڕووسی بەدەستەوەیە، ئەو دەپرسێ تۆ چۆن پارەی ئێرانیت پێ نییە؟ کابرا لە وڵامدا دەڵێ ئێرانی کێیە؟ من هەر ئێران بە فەرمی ناناسم. تەنانەت سفەتێکی خراپیان پێ دەڵێت و خۆی لە ئێرانییەکان جیا دەکاتەوە.

بەڵام هێدی هێدی بە یارمەتیی هێزی چەکدار و لەبەینبردنی سەروەریی کوردی، ناوەندەکە بە ئێعمالی کاری ئیداری وەکو دانی ناسنامە، بەڵگەی هۆویەتی وەکو ئێعمالی هێز، لەناوبردنی دەسەڵاتی کوردی، وەکو ئێعمالی سیستەمی دادوەری هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی شوناسی یەکپارچەی ئێرانی و لەناوبردنی شوناسی کوردی دەدات. هاوکاتیش ئەو گێڕانەوەیەی کە باسمان لێوە کرد دەوری خۆی دەگێڕێ و وردە وردە لە سەردەمی پەهلەویی دووهەم و لە سەرەتاکانی کۆماری ئیسلامیشدا تەنانەت دوای ئەویش لەژێر کاریگەریی ئینقلاب، شوناس گۆڕانی بەسەردا دێ و ڕەهەندی ئێرانی وەردەگرێت. هەربۆیە کوردی ئێرانی چەمکێکە کە زۆر دێتە کایەوە، ناوە ئێرانییەکان لەناو ئەو جیلە کە ئێستە لەنێوان چل تا شەست ساڵن، زیاد دەکات و لاوانی ئەو سەردەمی کورد لایەنگری یانەی تۆپی پێی ئێران دەکەن و … بەڵام هێدی هێدی لەگەڵ ئەوەی کە هیواکان بۆ ئەوەی کە ئێرانییەکان یان فارسەکان کورد وەکو نەتەوەیەکی بەرانبەر لە ئێراندا ببینن لەناو ئەچن، لە ئاکامی شۆڕش و خەباتدا، شوناسی کوردی دەگۆڕێ و ئیمڕۆ دەبینین کە بە شێوازێکی بەرچاو لە جیلی سی و چل ساڵ بەرەو خوار، بەتەواوی ئەو دوو شوناسە، واتا شوناسی کوردی و شوناسی ئێرانی لە دژبەیەکی و تەقابول لەگەڵ یەکدان و هێدی هێدی خەریکە شوناسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەگەڵ شوناسی ئێرانی مەودا دەگرێت و شوناسی ئێرانی دەکەوێتە پەراوێزەوە و کوردی ڕۆژهەڵات ئیتر خەریکە مەودا دەگرێت لەو شوناسە ئێرانییە.

ئەمە هەمووی ئاکامی ئەوەیە کە لە ڕاستیدا شوناس مەسەلەیەکی جیایە لە سەروەریی سیاسی، بەڵام لەژێر کاریگەریی  سەروەری  و کۆمەڵێک فاکتەری تردایە. شوناس ئەمرێکی سەیالە و گۆڕانی بەسەردا دێ و بەو شێوازە نییە کە ئێمە بتوانین بڵێین دیاردەیەکی موتڵەق و ئەزەلی و ئەبەدییە. سەروەریی دەوڵەت و پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگا، کاریگەرییەکی زۆر زۆری  لەسەر شوناس بە دوو شێواز هەیە. یەکەم دەتوانێ شوناسێکی  یەکپارچە شکڵ بدات.  بۆ وێنە ئەگەر سەروەرییەکی دیموکراتیکی کوردی لە ئارادا بێت یان لە ڕێگەی فاڵس نەرێتیڤەوە کە لە مێژووی خۆماندا دەیبینین. دووهەم دەتوانێ شوناسی ئێرانی لە شوناسی کوردی و کوردستانی لە ڕۆژهەڵات جیا بکاتەوە و شوناسی کوردستانی شکڵ بدات. بۆ وێنە دەوڵەتی ئێران لە ڕێگەی شێوازی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کوردەکانەوە لە ڕێگەی ئەوەوە کە نەتەنیا دەوڵەت، نەتەنیا ساوڕن، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیش وەکو بەشێک لە دەسەڵات، وەکو بەشێک لەو بە ئیستلاح چوارچێوەیەی کە ئێمە وەکو دەسەڵاتی ئێران دەیناسین، دەتوانن بە شێوازی هەڵسوکەوتیان کە دەیکەن هیوا لەناو بەرن و هێدی هێدی شوناسی کوردی یا شوناسی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات بەهێزتر بکەن.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!