گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

تیۆری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

ئەمین‌نژاد، ڕزگار  (٢٠٢٤):وێنەسازییەکانی کوردێکی هیومانیست. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ١٣٧–١٢٢ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

پێوەندیی قاسملوو بە ڕیاڵیزم و هەروەها ڕیاڵپۆلیتیکەوە، لە گوتار و نووسینەکانیدا بەرچاو دەکەوێت. لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە، کاتێ پرسی کورد و داڕشتنی ستراتیژییەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەخوێندرێتەوە، بەراوردکردنی تیۆر و واقعییەت بە بنەما دەگرێت. بۆ نموونە کاتێ باسی سوسیالیزم دەکات دەڵێت: «فەڕقی ئێمە لەگەڵ زۆربەی ئەو دەستە و تاقمانە ئەوەیە کە ئەوان هەوڵ دەدەن واقعییاتی وڵاتەکەمان لەگەڵ تیۆرییەکەیان ڕێک بخەن و، ئێمە بە پێچەوانە، دەمانهەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری و ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی وڵاتانی دیکە و دەرسەکانی جووڵانەوەی مێژووی گەلی کورد،  تیۆرییەکە بە جۆرێک ڕێکوپێک بکەین کە وڵامدەری واقعییەتی هەڵقوڵاوی وڵاتەکەمان و گەلەکەماندا بێ»

وێنەسازییەکانی کوردێکی هیومانیست

نووسەر: ڕزگار ئەمین‌نژاد

پێشەکی

مانگی پووشپەڕ لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵەدا نەک هەر ئاوێتەی یادی دوکتور عەبدولرەحمان قاسملوو دەبێتەوە، بەڵکە تا دێ ڕەنگ و بەرامەی سەمپۆزیۆمێکی زانستی لەمەڕ هزر و ڕووکردە سیاسییەکانیشی بەخۆیەوە دەگرێت. قاسملوو وەک سیاسەتمەدارێکی کورد لە بیر و زەینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستاندا وەها ناخێنە بووە، کە بەدوور لە هەر چەشنە زێدەڕۆیی‌یەک دەتوانم بڵێم؛ قاسملوو بەشێکە لە کۆبیرەوەریی کورد. یادی قاسملوو بە لانیکەمەوە لە دوو ڕەهەندەوە جێگای سەرنجە: یەکەم ڕەهەندی سۆز و ویژدانییە و ئاماژە بە ڕووداوێکی دراماتیک دەکات کە بەشێوەیەک پێوەندیی بە چارەنووسی کوردیشەوە هەیە. واتە ڕێبەرێکی کورد کار لەسەر داهێنانی ڕێتۆریکێک دەکات بەڵکوو زمان، دەنگی چەک کپ بکات، بەڵام لە کاتی وتووێژ بۆ دۆزینەوەی ڕێکارێکی ئاشتییانە لەمەڕ چارەسەرکردنی پرسی کورد، دیسان دەنگی چەک بڕیاری دوایی دەدات و کۆتایی بە ڕۆڵی زمان دەهێنێت. دووهەم: ڕەهەندی عەقڵانییە کە یادی قاسملوو دەکات بە بنەما بەڵکوو جارێکی دیکە بە ژین-جیهانی ئەم سیاسەتمەدارە کەموێنەیەدا بچێتەوە و بیکات بە دەرفەت بۆ لێ فێربوون و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە. بە سەرنجدان بەو بارستایی‌یە مەزنەی لەمەڕ کاری توێژینەوە، وتار، فیلمی بەڵگەیی و هەروەها بیرەوەریی چالاکانی سیاسی لەسەر قاسملوو، دڵنیا دەبینەوە کە قسەکردن لەسەر قاسملوو بە مانای خوێندنەوەی ژین-جیهانی ڕێبەرێکی ئایدیالیستە کە باش دەیزانی لە بازنەی تەنگی ڕیاڵپۆلیتیکدا چۆن خەبات بۆ خەونە بەرزەکانی بکات. ئایدیالیست لەم وتارەدا ئاماژەیە بۆ ئەو چالاکە سیاسییانەی کە هزر، نۆڕم و ئامانجە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیان بە بنەما دەگرن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باشتر و هەروەها بووژاندنەوەی عاملییەتی مرۆڤ کە لە خۆیدا ئاماژەیەکیشە بۆ ڕوانگەی هیومانیستیی ڕێبەرانی سیاسی. هەڵبەت ئایدیالیست مانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت کوردستان کە لەنێوان سنووری چوار وڵاتدا دابەش کراوە، کارێکی ئاسان نییە. هەر ئەو ئاڵەنگارییانە هۆکارن بۆ پاساوی کردەوە و گوتارە پارادۆکسیکاڵەکانی سیاسەتمەدارانی کورد کە هێندێ جار نەک سنووری چەمکی پڕاگماتیک دەبەزێنن بەڵکە هاوسەنگیی نێوان بەرژەوەندیی حیزبی و بەرژەوەندیی نەتەوەییش تێک دەدەن. کەوایە کایەکردن لە مەیدانی سیاسەت کە ڕیاڵپۆلیتیک یاسا و ڕێساکانی دیاری دەکات، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسییە کە ئامانجی ڕێبەرانی ئایدیالیستە.

ئەم وتارە هەوڵ دەدات ئەو وێنانە بخوێنێتەوە و لێیان بڕوانێت کە قاسملوو لە نەخشاندن و نواندنیاندا ڕۆڵی سەرەکی هەبووە. وێنەسازی ئاماژەیەکە بۆ وێناکردنی هزرە دەروونی و ئینتزاعییەکان لە چوارچێوەی وێنەیەکی گەورەتردا، بەڵکوو داهاتوویەکی مومکین بنوێنێت و لەگەڵ ئیحتیمال و واقعە دەرەکی و هەنووکەیی‌یەکاندا بگونجێت. سیاسەت لە سۆنگەی وێنە گەورەکانەوە، مێتۆد و شێوازای گونجاو بۆ خەبات و کاردانەوەی چالاکانی سیاسیش دیاردی دەکات و لەوەش گرنگتر؛ هەستی خۆبوون و پێکەوەبوون بەلای تاکەکانی کۆمەڵگەوە بەهێز دەکات کە لە درێژەی ئەم وتارەدا هەوڵ دەدەم بە پوختی شیی بکەمەوە. هەڵبەت چوارچێوەی وتارەکە لە باری فەزا-کاتەوە سنووردارە و باسی قۆناغێکی مێژوویی دەکات کە قاسملوو ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کوردایەتی، واتە ئەم وتارە نایهەوێت پێش مێژوو بکەوێت.

وێنە وەک مانیفێستی سیاسی

نواندنەوەی شێوازی سەروەریی سیاسی لە قاڵبی نەخشێکی دیواریدا، بە بۆچوونی دەیڤید میلێر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردەی زاینیی کە لەلایەن یەک لە نیگارکێشە ناودارەکانی ئیتالیا، واتە «ئامبراجۆ لۆرێنتسێتی» نەخشاوە و دیوارەکانی کۆشکی «سییەنا»ی پێ ڕازاوەتەوە. ئاماژەدانی میلێر بەم بەرهەمە هونەرییە لە ڕاستیدا پێوەندیی بەم پرسیارەوە هەیە: فەلسەفەی سیاسی باسی چی دەکات و نێوەرۆکەکەی چییە؟ ناوی ئەو نەخشە دیوارییە «نواندنەوەی حکومەتی باش و خراپە» کە لۆڕێنتسێتی هەوڵ دەدا لە ڕێگای ئەو وێنەیەوە سرووشت و نێوەرۆکی حکومەتی باش و نەباش و هەروەها کاریگەریی ئەو حکومەتانە لەسەر ژیانی خەڵکی ئاسایی پیشان بدات. لە وێنەکەی حکومەتی باشدا کە زۆر سیمبولیکە، سەروەرێکی سیاسی لە لای سەرووی کۆڕی هاوڵاتییان و لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتووە و، لە سیمایدا ئازایەتی، گەورەیی، فەزیلەت و هێمنایەتی بەدی دەکرێت. بە لای دەستە ڕاستی وێنەکەدا، وەک چۆن میلێر باسی دەکات، کاریگەریی ئەم سەروەرە مێڕخاسە لەسەر ژیانی هاوڵاتییان پیشان دەدات کە خەڵک لە شاری پاکژەوە هەتا گوند و مەزرا ئاوەدانەکان، لە تەناهی و تەباییدا خەریکی کار، ژیان، وەبەرنان و خۆشبژیوین. لەبن وێنەکەدا نووسراوە: «لە سایەسەری ئەم خانمە بەڕێزە و لەم کۆمارەدا گشت کەسێک بۆی هەیە ئازادانە و بێ ترس کار بکات و خێر لە کار و بەرهەمەکانی خۆی ببینێت، چونکە ئەم سەروەرە مەزنە کۆتاییی بە ڕاو و ڕووت هێناوە». ئەم وێنەیە نواندنەوەی سیستەمی کۆمارییە کە بە بۆچوونی میلێر لە بەشێکی وڵاتی ئیتالیا و لە سەدەی چواردەی زاینیدا لەوپەڕی ئارامی و ئاسوودەییدا بوو (میلر ١٣٨٨).  

وێنەکەی شانی چەپ، وێنەیەکی دیستۆپیایی‌یە کە لەودا سەروەرێکی سەرەڕۆ حوکم دەکات و لای سەرووی کۆمەڵێک سەربازی پڕ چەک، لەسەر تەختی دەسەڵات دانیشتووە و تووڕەیی، غەزەب و غروور لە نێوچاوانییەوە دەبارێت. بەرهەمی حکومەتی دیکتاتۆڕ لە وێنەکەدا شارێکی وێران، گوندی کاول و مەزرا بێ حاسڵاتەکانە و خەڵکەکەش لە بن سێبەری ترس و دڵەڕاوکەدا درێژە بە ژیانی قولەمەرگی دەدەن. لە بن وێنەکدا نووسراوە: «لەم شارەدا کەس لە خەمی کەسدا نییە و هەر کەس هەوڵ بۆ خۆی دەدات، هەر بەم هۆیە ڕێز و قەدری داد لەبن پێی سەرەڕۆییدا شکاوە. لەم جادەیەدا کەس هەست بە تەناهی ناکات چونکە خێڵی چەتە هەموو ڕۆژێ لەسەر ڕێی شار و گوندەکان لە بۆسەدان».

لەم خوێندنەوەیەدا ئێمە لەگەڵ دوو وێنەی گەورە بەرەوڕوو دەبینەوە: وێنەیەکی باش و وێنەیەکی خراپ کە ڕەنگدانەوەی پرسیارێکی فەلسەفەییە بۆ سیاسەت بەڵکوو لە نێوەرۆک، هۆکار و کارتێکەریی دەسەڵاتی باش و نەباش تێ بگەین. لە شرۆڤەکانی میلێر سەبارەت بەم وێنانە ئاماژە بە سێ بۆچوونی فەلسەفی کراوە کە لەو وێنانەدا بەدی دەکرێن:

  • یەکەم بۆچوون پێمان دەڵێت کە ژیان لە دوو دەسەڵاتی باش و نەباشدا زۆر جیاوازە. ئێمە ناتوانین خۆ لە سیاسەت نەبان بکەین، خۆ بە ژیانی ڕۆتینایزەوە سەرقاڵ بکەین و بڵێین مۆدێلەکانی دەسەڵات هیچ لە ژیانی ئێمە ناگۆڕێت (ibid). کەوایە ئەخلاقی ژیان، تەناهی و تەبایی لە گرەوی حکومەتێکی باشدایە.
  • بۆچوونی دووهەم پێمان دەڵێت کە مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسی لە چارەنووسی ئێمەدا نەنووسراوە، بەڵکوو خەمساردیی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتدا، تووشی حکومەتی خراپمان دەکات (ibid). مافی هەڵبژاردن پێوەندی بە ئەرکی مەدەنی و خەباتی سیاسیی ئێمەوە هەیە. خەمساردی لە ئەرکی مەدەنیدا و خۆ دزینەوە لە ئالەنگارییەکانی سیاسەت، ڕێگا بۆ دەسەڵاتداریی سەرەڕۆ خۆش دەکات و سرووشتییە کە چارەنووسی وێنە خراپەکە هەڕەشەمان لێ بکات.
  • بۆچوونی سێهەم پێمان دەڵێت کە دیاردەیەک هەیە بە ناوی هزری سیاسی کە فێرمان دەکات چی بکەین و چ تایبەتمەندی و ڕێکارێک لەبەرچاو بگرین، بەڵکوو دەسەڵاتێکی باش دابمەزرێنین (میلر ١٣٨٨).

نواندنەوەی فەلسەفەی سیاسی لە قاڵبی وێنەدا هەر بە سەردەمی لۆرێنتسێتی کۆتایی نایەت. «تۆماس مۆر» (١٤٧٨-١٥٣٥) لە سەدەی ١٦ی زایینیدا ئۆتۆپیا وەک وێنەیەکی گەورە بۆ نواندنەوەی کۆمەڵگایەکی سیاسی دەکار دەکات کە خەیاڵی و بێ کێشەیە. دواتر «تۆماس هابز» (١٥٨٨-١٦٧٩) لەسەدەی ١٧ ی زایینی و لە کتێبی «لێڤیتان»، بە سوود وەرگرتن لە وێنەی ئاناتۆمیی مرۆڤ هەوڵ دەدات فەلسەفەی سیاسیی خۆی وێنا بکات کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتێکی سیاسی و سێنتڕالیزەکراو دادەمەزرێت و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیش ڕەوایی بەو دەسەڵاتە دەدات. کۆمەڵگای کۆمۆنیستیی «کارڵ مارکس» کە لەودا پڕۆلیتاریا کۆتاییی بە چەوساندنەوە و جیاوازییە چینایەتییەکان هێناوە، یەک لە وێنە گەورەکانی سەدەی نۆزدەهەمە و ئەگەرچی ڕەهەندی ئۆتۆپیاییی وێنەکە بەرچاوتر بوو، بەڵام تا کۆتایی‌یەکانی سەدەی بیستەم کارتێکەریی لەسەر فەلسەفەی سیاسی هەبوو.

بە سەرنجدان بەو ڕەوتە لە وێنەسازی کە لە سەدەی ١٤ی زایینییەوە کار بۆ نواندنەوەی فەلسەفەی سیاسی کردووە، ئێمە لەگەڵ دوو مۆدێلی جیاوازی وێنەسازی بەرەوڕوو دەبینەوە: یەکەمیان وێنەسازیی خەیاڵی و ئەوەی دیکەشیان وێنەسازییەکی واقعییە. نەریتی وێنەی خەیاڵی دەگەڕێتەوە بۆ ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون کە لەو ڕێگایەوە هەوڵ دەدات پێوەندیی نێوان واقعییەت و حەقیقەت پیشان بدات. واقعییەت لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە سێبەرە دەستکاریکراوەکانی نێو ئەشکەوتەکەن کە زیندانییەکان وەک وێنەیەکی ڕاستەقینە دەبینین، بەڵام حەقیقەت لە فەزای دەرەوەی ئەشکەوتەکەدا بەدی دەکرێت کە زیندانییەکان دەستیان پێ ڕاناگات. بەم چەشنە حەقیقەت بۆ هەمیشە لە دونیای مێتافیزیکیدا جێگا خۆش دەکات. ئۆتۆپیای توماس مۆریش باس لە جیهانێکی ئایدیال دەکات کە پێی لەسەر عەرزی واقع نییە و دەبێتە بەشێک لە خەونەکانی مرۆڤ بۆ ئاسوودەیی، خەونێک کە لەوانەیە مومکین بێت، بەڵام نامۆ بە جیهانی واقعییە. لەوانەیە وێنە خەیاڵییەکەی مارکس، کاتێ ماتریالیزمی دیالیکتیک بە بنەما دەگرێت و هەوڵ دەدات مەودای خۆی لەگەڵ مێتافیزیای ئەفلاتوونی و ئۆتۆپیای توماس مۆر دیاری بکات، دوایین هەوڵی وێنەسازە مێژوویی‌یەکان بێت بەڵکوو خەیاڵ لەگەڵ جیهانی واقعی و ئەزموونی ژیان ئاشت بکاتەوە. مارکس ئالەنگارییەکانی زەینی دەستکرد (واتە ئایدیالۆژی) لەگەڵ ئۆبژەی واقعیدا وەها فۆرمووڵە کرد بەڵکوو لە فۆڕمی هاوکێشەیەکی دیالێکتیکیدا بگات بە سەنتێزی جیهانێکی ئۆپتیماڵ و ئایدیال کە مرۆڤ چی دیکە بە دستی مرۆڤ نەچەوسێتەوە. بەڵام وێنە گەورەکەی مارکسیش خەیاڵی دەرچوو، چونکە هەم لە ڕادەبەدەر ئانتاگۆنیستی و ئۆپتیماڵ بوو، هەم ئەو بەڵگانەی بۆ ڕەتدانەوەی ئایدیالۆژی وەک دەزگایەکی چەواشەکارییانە دەیهێنانەوە، مارکسیزمی دوای مارکسیشی کرد بە ئایدیالۆژییەک کە بەرگەی واقعییەتی مێژوو نەگرێت و ڕەنگەکەی کاڵ بێتەوە.

سەبارەت بە وێنەسازیی واقعی، سەرەتا پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە وێنەکان بەشێکن لە خولیاکانی ئێمە چونکە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خەیاڵاندن و تیۆرییەکانمان. ڕاستە ئێمە وێنەکان لە زەینی خۆماندا ساز دەکەین، بیریان لێ دەکەینەوە و لە فۆڕمی خولیا و ئاواتەکانماندا وێنایان دەکەین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو وێنەیەک وەڕاست ناگەڕێتم چونکە زۆر جار وێنەکان پێوەندییان بە ڕەوتی ڕووداوەکانەوە هەیە و تەنانەت لە داڕشتنی سترۆکتۆری تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی ئێمە لەمەڕ ناسینی کردەوە و ئاراستە ڕەفتارییەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە (Boulding 1956). وەک لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەم پێ دا، مەبەست لە وێنە فۆڕمێکی گوتارییە کە ئاماژە بە دیاردەیەکی گرنگ دەکات و تەنانەت لە شرۆڤەکانی ئێمەشدا دەر دەکەون. کەوایە هەوڵەکانی وێنەسازی بۆ ئەوەیە بەڵکوو واقعییەتە ئاڵۆزەکان سادە پیشان بدات. وێنەی واقعی، نواندنەوەی[1] واقعییەتێکی دەرەکییە کە دەبێ لەگەڵ زەینی ئێمەدا تەبا و  گونجاو بێت و بمانگەیەنێتە تێگەیشتن (دانشنامە آکسفۆرد ١٣٨٧: ٧٧٤). لە بەشی دواییدا هەوڵ دەدەم وێنەسازیی واقعی لەم دۆخی ئینتزاعییە ڕزگار بکەم و بە هێنانەوەی نموونە لە وێنەسازییەکانی دوکتور قاسملوو، شیکارییەکی عەینیتر بۆ وێنەسازیی واقعی بکەم.

چەند سەرنج لەسەر ڕیالیزم

کاتێ باس لە وێنەی واقعی دەکەین، دەبێ سەرەتا پێوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ڕیاڵیزمدا ڕوون بکەینەوە، چونکە ڕیاڵیزم قەبارە و پێوەری جیاوازی هەیە. بۆ نموونە «سووکە ڕیاڵیزم[2]» ڕەهەندێکی زمانی-گێڕانەوەیی‌یە و پێمان دەڵێت شتەکان لە دەرەوەی بیر و خەیاڵی ئێمەدا هەن کە لە ڕێگای وەسفکردنەوە دەتوانین بیهێنینە بەرچاو، مێتافیزیک و بەڵگەهێنانەوەی دین نموونەیەکن لە سووکە ڕیالیزم. «ڕیالیزمی زانستی[3]»یش قاییل بە فرەیی و تاقیکارییە، واتە
ڕیاڵیزمێکی خەستە کە کارەکەی پێوان و سەلماندنە. بەڵام «ڕیاڵیزمی میانەڕەو[4]» باسی دیالێکتیکی نێوان ئۆبژە و سووژە دەکات کە دامەزراوەیی کردن[5] سێنتێزەکەیەتی. کەوایە ئەگەر وێناکردن ڕەهەندێکی زەینی بێت و لە ڕێگای پەسەندکردن، باوەڕکردن و تێگەیشتنەوە بسەلمێندرێت، دەبێ ئەو وێنەیە سەرەتا بیسەلمێنێت تا چەند سەربەخۆیە لە نواندندا و هەروەها تا چەند لەگەڵ ژینگەی ڕاستەقینە و ئەزموونی ژیاندا تەبایە (Berger og Luckmann, 2006).

فۆڕم و نێوەرۆکی ڕیاڵیزم لە جیهانی سیاسەتدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ ئەو سێ نموونەیە کە ئاماژەیان پێ درا، بەڵام جیاوازیی ڕیاڵیزمی سیاسی پێوەندی بە فۆنکسیۆنی سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە هەیە کە بە میکانیزمی هێز دەچێتە پێشەوە و تەنانەت زۆرجار هێز دەتوانێ واقعییەتی سیاسیش ساز بکات. هانس مورگێنتاو بە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی ڕیاڵیستی لە بابەت سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە. یەک لەو تیۆرییانەی کە مورگێنتاو لە کتێبەکەی خۆیدا، واتە سیاسەت لەنێوان نەتەوەکاندا [6]، گیانی بە بەردا کردەوە؛ تێڕمی ڕیاڵپۆلیتیک بوو. ئەگەرچی دەکارکردنی سیاسەتی ڕیاڵیستی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینقلابەکانی ئۆرووپا و زیاتر بزاڤە سوسیالیستەکان سوودیان لەم تێڕمە وەردەگرت، بەڵام پێناسەی بیسمارک بۆ سیاسەتی ڕیاڵیستانە ڕێخۆشکەر بوو بۆ شرۆڤەی ڕیالپۆلیتیک لە سەردەمی دوای شەڕی دووهەمی جیهانی. بیسمارک پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەک تاکە پڕەنسیب و هەروەها ڕاستترین سیاسەت بۆ دامەزراندنی سەروەریی سیاسی دەزانی و لەم سۆنگەوە مەودای خۆی لەگەڵ سیاسەتی ڕۆمانتیک دیاری کرد، چونکە پێی وابوو سیاسەت بە سۆز و ئاوات ناکرێ، سیاسەت هونەری مومکینە، دیاردەیەکی ئۆبژەکتیڤ و ڕێژەیی‌یە (مورگنتا ١٣٧٤).  مورگێنتاو ئەم چەمکەی لە چوارچێوەی تیۆرییەکی سیاسیدا داڕشتەوە و لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە ئیتر ڕیاڵپۆلیتیک دەبێت بە بنەما بۆ تێگەیشتن لە ململانێی نێوان حکومەتەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی دەوڵەت-نەتەوەکان. بە کورتی، خوێندنەوەکانی مورگێنتاو پێوەندیی بە پرەنسیبی دیپلۆماسی و میکانیزمەکان بۆ پاراستننی هاوسەنگیی هێز، ئەخلاقی نێونەتەوەیی، ڕای گشتیی جیهانی و هەروەها مافی نێونەتەوەیی‌یەوە هەیە کە چاوەدێریی بەرژەوەندی و ململانێی نێوان دەوڵەت-نەتەوەکان دەکات و یاسا و سزایان بۆ دیاری دەکات. ئەو شتەی لە بۆچوونەکانی مورگێنتاودا بەرچاو دەکەوێت، هەڵسەنگاندنی نێوان ڕۆمانتیزمی سیاسی، ئەخلاقی سیاسی و ڕیاڵپۆلیتیکە کە بە چەشنێک ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانی بیسمارکیشە. ڕۆمانتیزمی سیاسی، نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان بە بنەما دەگرێت بەڵام هێز و ئەوتۆریتی، پڕەنسیبێکی بنەمایی‌یە بۆ ڕیاڵپۆلیتیک. سەبارەت بە ئەخلاق لە سیاسەتدا، تەنانەت تیۆریسییەنە مۆدێڕنەکانیش بەم قەناعەتە گەیشتوون کە پرسی ئەخلاق لە سیاسەتدا زۆر لەوە ئاڵۆزەترە کە حکومەتەکان سیاسەتی پێ بکەن، چونکە ئەو شتەی لای بەشێک لە ڕای گشتی وەک ئەخلاق پێناسە کراوە، دەتوانێ لای بەشەکەی دیکە نائەخلاقی بنوێنێت و زیانی بۆ کۆمەڵگا زۆرتر بێت. کەوایە سیاسەتی ڕۆمانتیک، ئەخلاقی دیۆنتۆلۆژیک بە بنەما دەگرێت کە ڕەچاوی کەرامەتی مرۆڤ و ئەرکەکانی دەکات، بەڵام ئەخلاق لە سۆنگەی ڕیاڵپۆلیتیکەوە دەرەنجامخوازە[7] و بەرژەوەندیی نەتەوەیی کە لە یاسای بنچینەیی وڵاتەکانیان پێناسە کراوە، بە بنەما دەگرێت. وابزانم «جۆرج کێنان» بە زمانێکی گونجاوتر پێوەندیی نێوان ئەخلاق و ڕیاڵپۆلیتیک شی دەکاتەوە کاتێ دەڵێت: گرنگترین ئەرک بۆ دەسەڵاتی سیاسی، پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەیانە نەک جێبەجێکردنی بۆچوونە ئەخلاقییەکانی هاوڵاتییان (لیک ١٣٨٧). کەوایە ڕیاڵپۆلیتیک یانی پاراستن و گەشەپێدانی بەرژەوەندیی وڵاتان و ئەم سیاسەتەش تەنیا بە هێز جێبەجێ دەکرێت. هێز لە ڕاستیدا چوارچێوە ئەخلاقی و تیۆریکەکانی ڕیاڵپۆلیتیکیش دیاری دەکات، کەوایە بەر لە ڕیاڵپۆلیتیک هێز هەبووە و بە دوای ڕیاڵپۆلیتیکیشدا دیسان هێز بڕیاری کۆتایی‌یە.

وێنەی واقعی لە هەرێمێکی پڕکێشەی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا

پێوەندیی قاسملوو بە ڕیاڵیزم و هەروەها ڕیاڵپۆلیتیکەوە، لە گوتار و نووسینەکانیدا بەرچاو دەکەوێت. لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە، کاتێ پرسی کورد و داڕشتنی ستراتیژییەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەخوێندرێتەوە، بەراوردکردنی تیۆر و واقعییەت بە بنەما دەگرێت. بۆ نموونە کاتێ باسی سوسیالیزم دەکات دەڵێت: «فەڕقی ئێمە لەگەڵ زۆربەی ئەو دەستە و تاقمانە ئەوەیە کە ئەوان هەوڵ دەدەن واقعییاتی وڵاتەکەمان لەگەڵ تیۆرییەکەیان ڕێک بخەن و، ئێمە بە پێچەوانە، دەمانهەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری و ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی وڵاتانی دیکە و دەرسەکانی جووڵانەوەی مێژووی گەلی کورد،  تیۆرییەکە بە جۆرێک ڕێکوپێک بکەین کە وڵامدەری واقعییەتی هەڵقوڵاوی وڵاتەکەمان و گەلەکەماندا بێ» (قاسملوو ٢٠٠٣: ٥٠). سەبارەت بە ڕیاڵپۆلیتیک، بۆچوونەکانی لەگەڵ ئەو چوارچێوە تیۆریکە کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا، هەماهەنگە و زۆر بەباشی لە بەربەستە بەرچاوەکانی ڕیاڵپۆلیتیک و هەروەها ناکۆکیی ئەم تیۆرە لەگەڵ ڕۆمانتیزمی سیاسی و ئەخلاقی سیاسیدا شارەزایە. کەوایە لە کاتی وێنەسازییەکەیدا لە بیری ناچێتەوە لە کوێی ئەم جیهانەدا سیاسەت دەکات. بۆ نموونە لە تەعامول لەگەڵ هزرە سیاسییەکاندا ڕەوەندێکی پڕاگماتیک دەگرێتە بەر و دەڵێ: «… مێژوو قانونی تایبەت بەخۆی هەیە. تیۆرییەک بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵ دادەنرێ، بەڵام ڕەوڕەوەی مێژوو کۆمەڵ بەرەو جێگایەکی دیکە دەبا، ئەمجا تیۆری ناچارە خۆی لەگەڵ واقعییەت ڕێک بخات» (قاسملوو ٢٠٠٣: ٢١). لەوانەیە ئەم تێگەیشتنە مێژوویی‌یە هانی دابێت کە لە داڕشتنی وێنە گەورەکەیدا وردبینانەتر و وەسواستر بێت، بۆ نموونە لە نامیلکەی «دروشمی بنەڕەتیی حیزبەکەمان» لە وڵامی ئەم پرسیارەدا کە بۆچی سەربەخۆیی دروشمی ستراتیژیکی حیزبەکەی نییە، سەرەتا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە دابەشبوونی کوردستان دابەشبوونێکی ”دەستکردە” و ”سرووشتی” نییە، بەڵام: «ئەگەر واقعبینانە بیر بکەینەوە […] وەزعی ”استراتیژیکی” و ”ژئۆپۆلیتیکی” ئەوە کە پێی دەڵێن جوغرافیای سیاسی هیچیان ڕێگا نادەن کە ئێمە بتوانین سەربەخۆییی کوردستانی ئێران بپارێزین» (قاسملوو ١٣٧٣: ١٢). ئەم تێبینییە تەنانەت لە شێوازی تەعامول و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەرچاو دەکەوێت کە بە شێوەیەکی دەستکرد کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە؛ لە لایەکەوە سەربەخۆییی سیاسیی حیزبەکەی بۆ گرنگە و لە لایەکی دیکەشەوە پێوەندی سازکردن بەهەند دەگرێت. لە کاتی تەعامولدا یەک لە پرەنسیبەکانی دیپڵۆماسی تێبینی دەکات کە لەگەڵ نێوەرۆکی ڕیاڵپۆلیتیکدا بێتەوە، واتە وەرگرتنی پشتیوانیی سیاسی و بەفەرمی ناسینی حیزب و دۆزی ڕەوای گەلەکەی. بە واتایەکی دیکە نە دوژمنیایەتییان دەکات و نە لە تەعامولەکانیدا هێندە دادەبەزێت کە پرستیژی حیزبەکەی بشکێت (ibid).

بە سەرنجدان بەو نموونانە دەتوانین پێوەندیی قاسملوو لەگەڵ ڕیاڵیزمدا لە چوارچێوەی ڕیاڵپۆلیتیک و ڕیاڵیزمی میانەڕەودا بگونجێنین و بەتایبەت لەو کاتانەدا کە حیزب (واتە دامەزراوە) دەکات بە سەنتێز بۆ ڕیاڵیزەکردنی وێنە گەورەکەی. بەڵام وێنەیەکی واقعی دەبێ هەڵگری دینامیزمی حەقیقەتیش بێت، بەڵکوو لە کاتی بەراوردی وێنەکە لەگەڵ مەرجەکانی سەردەمدا بگونجێت و گرفتاری چارەنووسی وێنە ئۆتۆپیاییەکان نەبێت. بۆ ئەم مەبەستە ڕوانگەی ڕەخنەگرانە
ڕۆڵی بونیاتنەرانەی دەبێت بۆ واقعیی نواندنەوەی وێنە گەورەکان. ئەو پێی وایە گرنگیدان بە ڕەخنەگری و ڕەخنەوەرگری جیدییەت و بەرپرسیارەتیی حیزبەکەی دەسەلمێنێت: «پێشڕەوبوون و ڕادەی شۆڕشگێڕبوونی هەموو حیزبێکی سیاسی لەوەڕا دەر دەکەوێ کە چۆن سەیری ڕابردووی خۆی و بەتایبەت هەڵەکانی خۆی دەکا. حیزبی شۆڕشگێر نابێ لەوە بترسێ کە گۆیا بە باسی هەڵەی ڕابردوو دوژمنی شاد دەبێ، یا لە ئیعتباری حیزبەکە کەم دەبێتەوە. بە پێچەوانەوە پێ‌لێنان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و چەوتییەکانی ڕابردوووی تێکۆشان ناوبانگی حیزب لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەباتە سەرێ و جیددی بوون و بەرپرس بوونی حیزبەکە نیشان دەدا» (قاسملوو ١٣٧٨: ٥٩). بۆ کەسێکی ڕیاڵیست ئاشکرایە کە پەسەندکردنی ڕابردووی حیزب و پێداهەڵگوتنەوەی بۆ خەباتی هەنووکەیی حیزبەکەی، تەنیا یەک ئاکامی لێ دەکەوێتەوە و ئەویش بەرهەمهێنانەوەی ئەو دۆخەیە کە تووشی چەوتی کردووە و لە ئەنجامدا بزووتنەوەکە لە زڵکاوی زەمەندا دەچەقێت.

بەستێنەکان بۆ نەخشاندنی وێنە گەورەکەی کورد

پرسی نەهێشتنی چەوساندنەوە یەک لە مشوورەکانی دوکتور قاسملوودا بوو کە لە گشت بابەت و لێدوانەکانیدا بە ڕوونی دەر دەکەوێت و بەیان دەکرێت. بە واتایەکی دیکە گشت بۆچوون و کارە مەیدانییەکانی قاسملوو لە دەوری بازنەیەکدا دەخولێتەوە کە لابردنی ‘چەوساندنەوە’ ناوەندەکەی پێک دەهێنێت. چەوساندنەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و لە هەمان کاتیشدا مێژوویی‌یە. ئێمە نازانین چەوساندنەوە کەی بووەتە دیاردە، بەڵام دەزانین پرسی داد کەی دەبێتە پرسیارێکی سەرەکی بۆ فەلسەفە و دواتریش سیاسەت. بۆ نموونە چەمکی داد لە کتێبی «ئەخلاق»ی ئەرەستوودا، لەسەر بنەمای هاوسەنگی[8] داڕێژراوە (Aristoteles 2013)، بەڵام لای ئەفلاتوون و لە نامیلکەی «گارگیاز[9]»دا یەکسانی[10] بە بنەما گیراوە (Platon 1989). مەبەست لە هاوسەنگی ئەوەیە کە مافی تاک لە کۆمەڵگەدا بە پێی لێهاتوویی و کردەوەکانی دیاری بکرێت، واتە تایبەتمەندیی سرووشتیی تاکەکان لەبەرچاو گیراوە. بەڵام پرسی داد لای ئەفلاتوون بە پێی دوو پارامێتری «نیاز» و «یەکسانی» دیاری کراوە و دواتر دەبێت بە بنەمایەک بۆ ئەم پرسیارە: نێوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسی تا چەند وڵامدەری یەکسانی و نیازی مرۆڤە؟. کەوایە ئینساف ڕۆڵی هەیە لە دیاریکردنی هاوسەنگیدا و هەروەها نەهێشتنی چەوساندنەوەش دەبێت بە مشوورە سەرەکییەکەی یەکسانی و یەک لە پرسیارە ڕژدەکانی هزرە سیاسییەکان لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمیشدا. هاوسەنگی جێگای خۆی لە سیستەمی داد و تاوانناسیدا گرتەوە، بەڵام یەکسانی ڕێی لە داڵانە تاریکەکانی سیاسەت و پرسە ئاڵۆزەکانی دەسەڵات کەوت.

ئەگەر تیشکی داد، کە یەکسانی بە بنەما دەگرێت و لە دژی چەوساندنەوەیە، لە وێنە خەیاڵییەکەی توماس مۆر بگرین، لەوانەیە پێوەندییەک لەنێوان وێنەی سوسیالیزمی خەیاڵی و بزاڤە هیۆمانیستییەکانی سەدەی هەژدەهەم، نوزدەهەم و تەنانەت بیستەمیش بدۆزینەوە. سەلماندنی ئەم تیۆرە بۆ من زەحمەتە و لە ڕاستیدا خوێندنەوەکانی من لەو ئاستەدا نییە کە وەها ئیدەعایەک بسەلمێنم، بەڵام با ئەم بۆچوونە وەک «ئەگەر» لەبەرچاو بگرین و لە خۆمان بپرسین؛ ئەگەر وێنە خەیاڵییەکەی سوسیالیزم لە ئارادا نەبوایە، ئەگەر چەوساندنەوە پرسیاری واقعیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی نەبوایە، تۆ بڵێی چ پاڵنەرێک دەیتوانی کارل مارکسێکی قەرزدار، کرێچییەکی مایەپووچ و نیشتەجێ لە گەڕەکێکی هەژارنیشن وا لێ بکات کە بە زگی برسییەوە لە دوای پێوەندییەکانی کار و دەستمایە بگەڕێت و لە ئەنجامدا بگات بە دیاردەی «زێدەبایی»، لە کەفوکوڵی زێدەباییشدا هەناسەی ساردی چەوساوەکان بەدی بکات و دواجار سەنتێزێک بۆ ڕیاڵیزەکردنی سوسیالیزمێکی زانستی بدۆزێتەوە؟ کەوایە پرسی چەوساندنەوە جیددیترین پرسیاری مرۆڤە و ئەم پرسیارە نەک فەلسەفە، بەڵکە سیاسەت و لقەکانی دیکەی زانستی کۆمەڵایەتی و هەروەها بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانیشی بەخۆیەوە خەریک کردووە بەڵکوو لە دوای وێنەیەکی گەورەتر بگەڕێن کە لەودا جێگایەک بۆ چەوساندنەوە نەمێنێت.

زستانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی و لە وتووێژێکی لەگەڵ ڕادیۆ «دەنگی کوردستانی ئێران»، دوکتور قاسملوو بزووتنەوەی کورد وەک بزووتنەوەیەکی دێمۆکراتی و «ئینساندۆست» پێناسە دەکات. کەوایە بزووتنەوەیەک کە مرۆڤ بە بنەما دەگرێت، دەبێت وڵامێکی ڕوونیشی بۆ کێشە سەرەکییەکانی مرۆڤ کە یەک لەوانە پرسی چەوساندنە، پێ بێت. هەر لەو وتووێژەدا مکووڕە لەسەر ئەوەی کە ئەو مافانەی نەتەوەی کورد خەباتی بۆ دەکات، داوایەکی تایبەت یا ئیمتیازێک نییە کە دەبێ بۆ کورد لەبەرچاو بگیرێ، بەڵکە داوایەکی ڕەوا و مرۆیی‌یە کە لە بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتووە. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە؛ چ شتێک پرسی چەوساندنی پرسی کورد لە پرسەکانی دیکەی مرۆڤ جیا دەکاتەوە؟ لەوانەیە ولامی ئەم پرسیارە لە نامیلکە بەناوبانگەکەیدا، واتە «کورتەباسێک لەسەر سوسیالیزم» ببیننەوە.

نامیلکەی کورتەباس (٢٠٠٣) لە ڕاستیدا وڵامێکە بۆ سێ پرسیاری سەرەکی: ١- بۆچی سوسیالیزم لە بەرنامەی حدکادا هاتووە؟ ٢- ئەو سوسیالیزمە دەبێ چۆن دابمەزرێ و هەروەها دەبێ چۆنیش دانەمزرێ. ٣- دیاریکردنی چوارچێوەیەکی دیپلۆماتیک بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتانی سوسیالیستی لە سەردەمی شەڕی سارددا. لە پێوەندی بە سوسیالیزم نووسەر لە بیری ناچێتەوە کە حیزبەکەی حیزبێکی مارکسیستی نییە، بەڵام ئەگەر سوسیالیزم زانستی بێت، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە کە سوسیالیزم بە بنەما بگرن بۆ نەهێشتنی پرسێکی گرنگی وەک ستەمی کۆمەڵایەتی، چونکە زانست موڵکی کەس نییە (قاسملوو ٢٠٠٣). لێرەدایە کە دەبێ بە دوای وڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین کە حدکا و بەتایبەت قاسملوو چۆن پێناسەی چەوساندنی کورد وەک کۆمەڵێکی مرۆیی دەکات و ئەو تایبەتمەندییانە چین کە حدکا بەر لەوەی ئاوێتەی خەباتێکی وەها بێتەوە، دەبێت خوێندنەوەیەکی مۆدێڕن بۆ مەزن تیۆرییەکی وەک سوسیالیزم بکات؟ لە کورتەباسدا بە ڕوونی ئاماژە بە دوو هۆکار کراوە: یەکەم پرسی ئازادییە و ئەوەی دیکەش تایبەتمەندیی مۆدێلی چەوساندنی کوردە کە ئەو بە ناوی «پۆلی ستەم[11]» ناوی دەبات، واتە فرەییی چەوساندنەوە (ibid). بەڵام یەک لە تایبەتمەندییەکانی پۆلی ستەم لەوەدایە کە لە چەند لایەنەوە چەوساندنی کوردی بندەست هاوبەش دەکات لەگەڵ چەوساوەکانی نەتەوەی باڵادەست کە دەبێتە هۆی ئەوە پرسی چەوساندنی کورد کەمێ ئاڵۆز بکات.

لە کورتەباسدا چەوساندنەکان وەها پۆلبەندی کراون: ستەمی نەتەوایەتی، ستەمی کۆمەڵایەتی و ستەمی سیاسی. وەک دیارە لەمەڕ چەوساندنی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا کورد هاوبەشە لەگەڵ گەلانی ئێران و ئەو شتەی کە پرسی کورد جیا دەکاتەوە، چەوساندنی نەتەوایەتییە. مێژووی ئیستبدادی سیاسی لە ئێراندا بووەتە هۆی ئەوە کە پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە پەراوێز بخات. هۆکارەکەش سادەیە؛ بۆچی ئێرانییەکان دەبێ چەوساندنی نەتەوەیەکی بەکەمینەکراو بە هەند بگرن لە کاتێکدا بۆخۆیان بەرەوڕووی چەوساندنی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە؟ لە لایەکی دیکەوە هێزە سیاسییەکانی ئێران و تەنانەت کارناسانی سیاسی و کۆمەڵایەتیش لە لێنزی خۆیانەوە سەیری پرسی کورد لە ئێران دەکەن و سرووشتییە ئەزموونی خۆیان لەمەڕ چەوساندنەوە، بۆ کوردیش تەعمیم بدەنەوە. واتە سەرچاوەی چەوساندنەوە بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرێ بدەنەوە، بەڵکوو گەشەی ئابووری بتوانێ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پرسی کوردیش چارەسەر بکات. ڕەخنە سەرەکییەکەی دوکتور قاسملوو لەسەر سوسیالیزم لەم گۆشەنیگایەوە دەست پێ دەکات کە نوخبەی چەپ، ئابووری بە بنەما دەگرن، لە کاتێکدا گرفتە قەبە و سەرەکییەکەی ئێران ڕەهەندی کولتوورییە، واتە ئازادی و دێمۆکراسی. گەلانی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی کورد سەدان ساڵە بە دەست ڕێژیمە ئیستیبدادییەکان چەوساوەتەوە و خەبات بۆ ئازادییە سیاسییەکان سەرەکیترین و واقعیترین ئەکتی سیاسییە، هەر بەم هۆیە دێمۆکراسی وەک قۆناغی یەکەم لەبەرچاو گیراوە و چارەسەرکردنی چەوساندنی کۆمەڵایەتی دەچێتە قۆناغی دووهەمەوە (قاسملوو ٢٠٠٣).

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە داخوا دێمۆکراسی دەتوانێ چارەسەری گرفتی نەتەوایەتی بکات؟ هەڵبەت پێویستە پێش مێژوو نەکەوین، قاسملوو نەوەی سەردەمی خۆیەتی، واتە فازی یەکەمی دێمۆکراتیزاسیۆن کە دێمۆکراسی وەک ئامانج و دەراوێکی ڕوون بۆ تێپەڕین لە ڕێژیمە تۆتالیتێرییەکان دەبینی. فازی یەکەمی دێمۆکراتیزاسیۆن بە خێرایی‌یەکی بەرچاو کۆتایی بە حکومەتە توتالیتێرەکان هێنا و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو وڵاتانەی بەرەو دێمۆکراسی دەڕۆیشتن، ڕووی لە زیادبوون دەکرد. قاسملوو لەو سەردەمەدا نەژیا کە بە چاوی خۆی دیاردەیەک بەناوی «هایبرید-دێمۆکراسی» ببینێت کە چۆن لە بەشێکی جیهاندا خەونی دێمۆکراتیزاسیۆنی شێواند. مەبەست لە هایبرید-دێمۆکراسی ئەو حکومەتانەیە کە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد لە توتالیتاریزم تێپەڕین، بەڵام دێمۆکراسی لەو وڵاتانەدا هێندە ڕادیکاڵ نەبوو کە خەڵک هەست بەوە بکات حاکمی چارەنووسی خۆیانن و بە پێچەوانە دێمۆکراسی بوو بە میکانیزمێک لە خزمەت بەرهەمهێنانەوەی ئەوتۆریتیی هێندێ کەس و گرووپە تایبەتەکان، بەڵکوو پەرە بە دەسەڵاتە سیاسی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان بدەن. ئەم بۆچوونە بە لامانەوە نامۆ نییە کە یەک لە ئاڵەنگارییەکانی دێمۆکراسی خودیی دێمۆکراسییە و زۆرجار دەبێتە هۆی «دی-دێمۆکراسیزاسۆن»، چونکە زۆرجار دەبینین کە دەنگی زۆرینە، شانسی دەسەڵاتی توندئاژۆکان (چەپ، ڕاست، ئایینی و پان ئەتنیکی) دەباتە سەرەوە و سرووشتییە لە وڵاتێکی فرەنەتەوەییدا، مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە کەمینەکراوەکان قەت لە سندووقی دەنگدان نایەتە دەر. هەر لەم پێوەندییەدا لە وتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی «ئێگێن» (١٩٨٧) کە لە باسکی ئیسپانیا دەر دەچوو، دەنگدانی گشتی بۆ مافی نەتەوەکان بە دێمۆکراتیک نازانێت: «ئەگەر ڕێژیمێکی دێمۆکراتیک لە وڵاتێکدا هەبێ، ئەوا زۆرینە بڕیاڕ دەدا و کەمایەتی پەیڕەوی دەکا. بەڵام لەوەدا کە پێوەندی بە مەسەلەی میللییەوە هەیە جێی خۆیەتی کەمایەتیی نەتەوەیی بڕیاڕ بدا و مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەبێت» (ڕۆژنامەی کوردستان ١٣٦٦). ئەم بۆچوونە پێوەندی بە تێگەیشتنی کەمینە نەتەوەیی‌یەکانەوە هەیە لەمەڕ لابردنی چەوساندنەوە، بۆیە لە وڵامی ڕۆژنامەی «راە ارانی»شدا ئاماژەی پێ داوەتەوە: «تەنیا ئەندامانی گەلێکی زۆرلێکراون کە هەست بەو ستەمە دەکەن و هەر بۆیەش دەتوانن تێبگەن لاچوونی ستەم چییە؟ ئەویش ئەوە کە خەڵک دەبێ هەست بەوە بکەن کە لە نیشتمانی خۆیاندا بێگانە و هاوڵاتیی دەرەجە دوو نین و لەو ناوچەیەی تێیدا دەژین، بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵن» (ڕۆژنامەی کوردستان ١٣٦٧).

سەبارەت بە ئازادی لە کورتەباسدا ئاماژە بە مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست کراوە کە مارکس و ئەنگێڵس بە ڕاشکاوی باسیان لە ئازادی وەک ئامانجی حیزبی کۆمۆنیست کردووە: «ئێمە کۆمەڵێکمان دەبێ کە لەودا گەشەکردنی ئازادانەی هەر کەس، شەرتی گەشەکردنی ئازادانەی هەمووانە.» (قاسملوو ٢٠٠٣: ٣٨). لەم گۆشەنیگایەوە ئازادی یەک لە میکانیزمەکانی بزاڤە سوسیالیستییەکان بوو کە ئیستالینیزم بە هێنانەوەی تیۆریی دیکتاتۆریی پڕۆڵیتاریا بەربەستی بۆ ساز کرد. لە وڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووس عاتیفە گۆرگین لەمەڕ  چییەتی و چۆنایەتیی ئەو دێمۆکراسییەی کە حدکا باوەڕی پێیەتی، دەڵێت: «… پرسیارمان لێ دەکەن ئێوە باوەڕتان بە دێمۆکراسیی گەلییە یا دێمۆکراسیی بوروژوایی؟ ئێمەش دەڵێین هەر دێمۆکراسی» (گرگین: ٣٢-٥٤) ئەم وڵامە دەکرێ پێوەندیی بەم بۆچوونەوە هەبێ کە دێمۆکراسی نابێ ئایدیالۆژیزە بکرێت بەڵکە دەکرێ ئایدیالۆژی دێمۆکراتیزە بکرێت. پێناسەی قاسملوو بۆ دێمۆکراسی ئازادییە و ئازادی نەک وەک پێشمەرجی دێمۆکراسی، تەنانەت بۆ ئایدیالۆژی و گەشەسەندووییش زەروورە: «هیچ گومان لەوەدا نییە کە هەر کام لە وڵاتانی سوسیالیستی، لێوەشاوەییی ئەوەیان هەیە تەنگوچەڵەمەکانی دامەزرانی سوسیالیزم لەنێو بەرن. بەڵام بۆ ئەم کارە بەشداریی هەموو خەڵک پێویستە و هەوەڵ هەنگاو ئەوەیە کە بە خەڵک ڕێگا بدرێ بە ئازادی نەزەری خۆی لەسەر گیر و گرفتەکان دەرببڕێ و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکا. لێرەدایە کە مەسەلەیەکی زۆر ئەساسی واتە دێمۆکراسی دێتە گۆڕێ» (قاسملوو ٢٠٠٣: ٣١). بۆچی ئازادی دەبێ جەوهەرەی دێمۆکراسی بێت؟ بەڵکوو «… [خەڵک] هەست بەوە بکا کە حاکمە بەسەر چارەنووسی خۆیدا» (قاسملوو ١٣٧٣: ٥). ئەگەر دێمۆکراسی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەستەبەر نەکات، ئەگەر خەڵک ئازاد نەبن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا، بە بۆچوونی قاسملوو: «… هەرچی لەباری ئابووری و فەرهەنگییەوە ئیعتباریشی بدرێتێ، هیچ نەتیجەیەکی ئەوتۆی نابێ» (ibid: ٦).

وێنەیەکی گشتگیر و فرەڕەهەند

لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژە بە وێنە دیوارییەکەی لۆرێنتسێتی و پێوەندییەکەی بە فەلسەفەی سیاسییەوە درا، بەڵام ئەو وێنەیە لە باری فەزا-کاتەوە زۆر جیاوازەترە لە وێنەی سەدەکانی دوای لۆرێنتسێتی. وێنەکانی لۆرێنتسێتی عەینین، واتە وێنەی دوو سیستەمی حوکمرانیی پیشان داوین کە لە سەردەمی خۆی و لەو وڵاتەی تێیدا ژیاوە، تاقی کراوەتەوە. بەڵام وێنەی سەدەکانی دواتر زەینی و نۆرماتیڤن، واتە ڕوویان لە داهاتووە و هەروەها لە باری فەزا-کاتیشەوە لە سەردەمێکی ئاڵۆزتر و ئینتەزاعیدا نەخشاون. بەڵام بە گشتی هەر دوو وێنەکان لە نێوەرۆکدا بە دوای وڵامێک بۆ ئەم پرسیارەن: نێوەڕۆک و کارکردی فەلسەفەی سیاسی چییە؟ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا و بە نموونەهێنانەوە لە وێنە خەیاڵییەکان، تیشک خرایە سەر پرسێکی گرنگ کە دەتوانێ وێنەی خەیاڵی لە وێنەی واقعی جیا بکاتەوە، واتە ڕەگێکی ڕیاڵیستییانە کە لەگەڵ زەینی ئێمە تەبا و  گونجاو بێت و بمانگەیەنێتە تێگەیشتن. بێگومان خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە یەک لە سەرەکیترین مێتۆدەکانە بۆ ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن، بەڵام ڕەخنە دەبێ ئەوەندە ئۆبجەکتیڤ بێت کە بتوانین ستراتیژییەکی نوێی لەسەر دابمەزرێنین. وێڕای خوێندنەوەی مێتۆدۆلۆژییانەی پرسی کورد، تایبەتمەندییەکی دیکەش بۆ وێنەسازی زۆر گرنگە و ئەویش ڕوانینی هونەرییە بۆ نواندنەوەی گوتار. چونکە هەر هونەرمەند دەتوانێ شتەکان وەها بنوێنێتەوە کە ناچار بە تێفکرینمان بکات، لێیان ڕابمێنین و لە ڕەهەندێکی دیکەوە سەیری جیهان بکەین کە پێشتر نەدەهاتە بەر چاومان. کەوایە بیرکردنەوە لەمەڕ دیاردە و پرسە جیددییەکان و لە ئەنجامدا بڕیاری هەڵوێستەکردنی ئێمە نایەتە دی، ئەگەر ڕوانین و هزراندن لە ئاستێکی بەرزترەوە سەیری دیاردە و ئۆبژەکان نەکات و دواجار لە چوارچێوەی وێنەیەکی هونەریدا پیشانمان بداتەوە. هەڵبەت فڕینی بەرزیش نایەتە دی، ئەگەر مرۆڤ خۆی لە ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون ڕزگار نەکات (واتە دوگمەکان) و پەنجە بۆ پرچی زێڕینی خۆری ئازادی نەبات. یەک لە هەڕەشە جیددییەکانی دیکەش بۆ وێنەکانی سەدەی بیستەم، دیاردەی پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکان و شەڕی بەرژەوەندییەکانیان بوو کە لە چوارچێوەی تیۆریی ڕیاڵپۆلیتیکدا گونجاون، واتە ئاراستەی سیاسەت لە خزمەت بەهێز مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندیی دەوڵەت-نەتەوەکان.

هەرچەند لەم وتارەدا چەند جار ئاماژە بە بۆچوونی میلێر لەمەڕ پێوەندیی نێوان وێنەکانی لۆرێنتسێتی و نێوەرۆکی فەلسەفە دراوە، بەڵام سترۆکتۆری وتارەکە مەجالی نەدا فەلسەفەی سیاسی شرۆڤەیەک بکەین. فەلسەفەی سیاسی لە ڕوانگەی «لیۆ ستراوس» پێوەندی بە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باش و دامەزراندنی ژینگەیەکی سیاسییەوە هەیە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە «شادی»، تەناهی، ئازادی و بەختەوەری بکات. کەوایە پرسی فەلسەفەی سیاسی دەبێ جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبێت لەگەڵ ئامانجەکانی سیاسەت کە لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە هەتا ئەمڕۆ هاتووە. بەڵام ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هزرە سیاسییەکان ئاراستە و کارکردی سیاسەت دیاری دەکەن و بێگومان ڕەنگدانەوەیان لەسەر وێنە گەورەکانیشدا دیارە. هزرە سیاسییەکان لە سەدەی نۆزدەی زایینییەوە تا دێ مەودا لە فەلسەفەی سیاسی دەگرن و زیاتر خۆیان بە تەعامولێکی نۆرماتیڤانەوە سەرقاڵ دەکەن بۆ پێناسەکردنەوەی سیمبول و سووژەکانی سیاسەت. لەم قۆناغەوە پڕۆژەی هزرە سیاسییەکان نەک وەدیهێنانی ئامانجەکانی فەلسەفەی سیاسی بەڵکە چۆنایەتیی ڕاڤەکردنەوەی فەلسەفەی سیاسی و پێناسەکردنەوەی بەختەوەری، ئازادی و شادییە لەسەر بنەما فکرییەکانی خۆیان. جیاوازییەکانی هزری سیاسی بە بۆچوونی ستراوس لە تێفکرین لەمەڕ هەلومەرجە سیاسییەکانی ڕۆژدا دەر کەوت کە لە ئەنجامدا هێڵی گشتی و هەروەها بۆچوونی جیاوازی لێ کەوتەوە، بەڵکوو لە چوارچێوەی کۆمەڵێ پڕنسیبی سیاسیدا هەڵوێستەیان لەسەر بکرێت و ڕای گشتی بەسەر ئەو پرەنسیب و ڕوانگانەدا دابەش بکەن (Strauss 1988). بۆ نموونە ئازادی لای لیبەڕالیستەکان چ مانایەکی هەیە و لای سوسیالیست چۆن پێناسە دەکرێت، ئەولەوییەتەکانی لیبەڕالیزم بۆ شادی و بەختەوەری چین و سوسیالیزم چی بە بنەما دەگیرێت و… دەرکەوتەی مەودایەکی وەها بە بۆچوونی ستراوس، ئەوە بوو کە هزرە سیاسییەکان گرفتاری دووانەی «مەعریفەی سیاسی» و «گومانی سیاسی» دەبن و بەداخەوە باڵی گوماناوییەکەی دەڵەمەترە و زۆرجار ڕەهەندی مەعریفەی سیاسەت دادەپۆشی (ibid). چاوپۆشی کردن لە فەلسەفەی سیاسی کە داد و ئەخلاق بە بنەما دەگرێت، هزری سیاسی وەها مەسخ کردووە کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە کارکردەکەی بووەتە مشتوماڵ کردنەوەی ئاوێنە ژەنگاوییەکانی ئایدیالۆژی و تا دێ لە ئامانج و وێنە سیاسییەکان دوور دەکەونەوە و بە کردەوە لە بازنەی بەرتەسکی ڕیاڵپۆلیتیکدا هەوڵ بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات دەدەن. ئەم دۆخە بە ئاقارێکدا دەڕوات کە زۆرجار پێکهاتە سیاسییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی مۆنۆپۆلەکانی هێز و سەرمایە و هەروەها پاراستنی ماتریسێک کە لە زانستی سیاسیدا بە دەوڵەت-نەتەوە سەلمێندراوە، چاوپۆشی لە ئامانجە بەرزەکانی مرۆڤ بکەن کە بریتییە لە داد، عاملییەتی تاک و سووژەی مرۆڤایەتی. واقعییەتی ئەم ماتریسی سیاسییە وەها عەینییە کە قاسملوو لە وتووێژێکی لەگەڵ گۆڤاری «اصیاد» دەڵێت: «… لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سیاسەتێکی ڕوونت هەبێ، کارێکی دژوارە چونکە لە تەواوی بوارەکاندا لەگەڵ گیروگرفتی زۆر بەرەوڕوو دەبی» (ڕۆژنامەی کوردستان ١٣٦٤).

لەو سەردەمە تووشەدا و لە گێژاوی ئاڵۆزییەکی وەها، لە بەرانبەر ئەو کۆسپە جیددییانەدا کە لەسەر ڕێگای فەلسەفەی سیاسی و وێنەسازییەکاندا هەبوون، هەر لەو ڕۆژهەڵاتە کۆمپلێکسەی ناوەڕاستەوە، هیومانیستێک کە باش دەیزانی پڕاگماتیزم لە مەیدانی ڕیاڵپۆلیتیکدا تا کوێ بڕ دەکات، بە لێنزێکی کوردانەوە خەریکی نەخشاندنی وێنەیەک دەبێت بەڵکوو ئاراستەی خەباتی نەتەوەیی دێمۆکراتیکی کورد بۆخۆی و نەوەکانی دوای خۆی دیاری بکات. ئەم وێنەسازە، قاسملووەکەی پێش ساڵانی پەنجای هەتاوی نییە کە لە ژێرخانەکەی ماڵی پێشەوا بە نهێنی خەریکی خوێندنەوەی دەستنووس و کتێبی نێو کتێبخانەکانی پێشەوا بوو، لەگەڵ عەزیز یوسفی و بلووریان و هاوڕێیانی دیکەی لە گەڕەکەکانی تاراندا بە نهێنی دەژیان و کیانووری و ڕێبەرانی دیکەی حیزبی تودە دانیشتنی لەگەڵدا دەکردن. ئەم وێنەسازە، قاسملووی دوای ساڵانی پەنجای هەتاوییە کە لە پاڕادۆکسە تیۆریک و فکرییەکانی مارکسیست-لێنینیزم تێگەیشتووە، بەهاری پڕاگ (١٩٦٨) لە نزیکەوە دەبینێت و لە گشت وڵاتانی سوسیالیستیدا، کە سەردەمێک خەون و ئامانجی بوون، پەنایەک شک نابات چونکە هەوڵی دابوو سوسیالیزم و ئازادی بەیەک شاد و ئاشت بکاتەوە. هەڵبەت لەو سەردەمانەدا وێنە گەورەکە نەخشا بوو، بەڵام تەمێکی ئایدیالۆژیک کە بە هۆی ناتەبایی لەنێوان تیۆر و واقعە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و ئێران پێک هاتبوو، دوورەدیمەنی وێنەکەی تەڵخ دەکرد. پرسی لابردنی چەوساندنی کۆمەڵایەتی ئەو بەشە لە وێنەکە بوو کە لە دوای کۆنگرەی چواری حیزبەکەیەوە زیاتر کەوتە بەر سەرنج و دەبووایە کارێکی زۆرتری لەسەر بکات، بەڵکوو ڕێگە نەدات وێنەیەکی تەماوی ببێتە هۆی ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان. بەم چەشنە بە شێوەیەکی مێتۆدۆلۆژییانە و سیستەماتیک، بە نێو گشت مەزن تیۆرەکاندا[12] دەگەڕا بەڵکوو لە گوزارەیەک نزیک ببێتەوە کە لەگەڵ واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستاندا بێتەوە.

وێنەگەورەکەی قاسملوو  بە پێچەوانەی وێنەکانی هاوچەرخی خۆی، وێنەیەکی کۆلاژیکە. واتە بریتییە لە چەند پارچە وێنەی ئینتزاعی کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک دامەزراون و هاوپەیوەندی و هەوەڵییەتی هەرکام لە وێنە چکۆلەکان لە فۆرموڵێکدا دیاری کراوە بەناوی دروشمی ستراتیژیک و ئامانجی دواڕۆژی حیزب. بەم چەشنە تێکڕای وێنەکان لە قاوغێکی بەرینتردا، وێنەیەکی گەورەتر پێک دێنن بە ناوی «لابردنی چەوساندنەوە». پێرسەکتیڤی وێنەکە لابردنی چەوساندنەوەیە، بەڵام وەک پێشتر باس کرا، لە کوردستاندا چەوساندنەوە فرەچەشنە و بریتییە لە چەوساندنی نەتەوایەتی، کۆمەڵایەتی و سیاسی. هەر لەم سۆنگەیەوە مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک کۆنتراست دیاری کراوە بۆ ئەوەی ببێت بە پێوەر بۆ لابردنی ئەو چەوساندنانە. لە وێنەکەدا چەوساندنی نەتەوایەتی بنەمایە بۆ خەبات و خودموختاری کۆتایی پێ دەهێنێت، چەوساندنی سیاسیش ئازادی چارەسەری دەکات، بەڵام چەوساندنی کۆمەڵایەتی بە هێندێ مەوداوە دەچێتە قۆناغی ئامانجی دواڕۆژی خەبات. لە وێنەکەدا فلاشێکی دوو سەر، پێوەندییەکی ئۆرگانیک لەنێوان مافی سیاسی و مافی نەتەوەییدا پیشان دەدات و، هەروەها فلاشێکیش لە قۆناغی دوای مافی نەتەوەیی و سیاسییەوە، سیلە لە مافی کۆمەڵایەتی دەگرێت چونکە بە پێی هەوەلییەتەکانی خەبات ئەوجار پرسی کۆمەڵایەتی بنەماییتر دەبێت. دێمۆکراسیش کۆمپۆزیسیۆنی وێنەکانی ڕاگرتووە. واتە چارەسەریی هەر کام لەو چەوساندنانە بە دێمۆکراسییەوە گرێ دراوە. کەوایە ئێمە کاتێک دەتوانین باس لە ئێرانێکی دێمۆکراتیک بکەین، کە هۆکارەکانی ئەو چەوساندنانەی بنبڕ کرد بێت.

لەوانەیە ئەم پرسیارە بێتە ئاراوە کە بۆچی دێمۆکراسی وەک کۆمپۆزیسیۆنی وێنەکە دیاری کراوە؟ وڵامەکەی پێوەندی بەو شیکارییەوە هەیە: «لە قۆناخی ئێستای خەباتی ئێمەدا ستەمی نەتەوایەتی ئەساسییە، لە قۆناخی پاش دابینکردنی مافی نەتەوایەتیدا، ستەمی چینایەتی خۆی دەر دەخا و خەبات دژی ئەو ستەمە ئەساسیتر ئەبێ. بەڵام ئەوەی بۆ حیزبی ئێمە لە هەموو وەختێک و لە هەمووان ئەساسیترە، چ لەنێو حیزبدا و چ لە دەرەوەی حیزب، خەبات بۆ دێمۆکراسییە.» (قاسملوو ٢٠٠٣: ٦٧). یەک لەو پرسیارانەی کە زۆرجار بەرەوڕووی وێنەیەکی وەها بووتەوە، پێوەندیی نێوان مافی نەتەوەیی و دێمۆکراسییە، بۆ نموونە ئەگەر دەسەڵاتێکی نادێمۆکراتیک کە ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان پێشێل بکات و ئامادەش بێت لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد ڕێک بکەون ، کاردانەوەی حدکا چی دەبێت؟ عەقڵانییەتی سیاسی لە دۆخێکی وەهادا قاسملوو سەرپشک دەکات بەڵکوو بە قازانجی پرسی نەتەوەیی، دروشمی «دێمۆکراسی بۆ ئێران» کە بەشێک لە ستراتیژیی حیزبەکەی پێک دێنێت، سڕ بکات. پاساوەکەش پێوەندیی بە بەرپرسیارەتیی حیزبەکەیەوە هەیە لە حاند دۆزی کورد و پێی وایە حیزبەکەی شەڕ بۆ شەڕ ناکات بەڵکە شەڕ بۆ وەدیهێنانی خودموختاری دەکات (قاسملوو ١٣٨٣ : ٣٥١). سڕکردنی ئەو بەشە لە دروشمی حیزبەکەی وەک تاکتیک لەبەرچاو دەگرێت، چونکە ئاشنایە بە ڕەگی مێژوویی ئیستبداد لە ئێراندا و بە پێی سرووشتی ئیستبدادێکی وەها، خەباتەکەش بۆ دامەزراندنی دێمۆکراسی درێژماوەتر دەبێت. وەرگرتنی خودموختاری تەنانەت لە سیستەمی ویلایەتی فەقیشدا وەک دەرفەتێک بۆ پەرەسەندنی دێمۆکراسی تێبینی دەکات و تەنانەت لە وڵامی پرسیارێکی گۆڤاری «راە ارانی»شدا ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە: «ئەگەر ڕۆژێک ڕێژیم ناچار بە قبوڵکردنی خودموختاریی کوردستان کرا، بە بڕوای ئێمە ئەوە سەرکەوتنێکە بۆ دێمۆکراسی، چونکە لەو حاڵەدا لەنێو بەشێک لە ئێراندا دێمۆکراسی جێگیر بووە» (ڕۆژنامەی کوردستان ١٣٦٧).

پرسیارێکی دیکە کە بەرەوڕووی وێنە گەورەکە بووەتەوە، دواخستنی خەبات دژی چەوساندنی کۆمەڵایەتییە بە قازانجی لابردنی چەوساندنی نەتەوەیی و سیاسی. ئەم دیاردەیە یەک لە ئاڵۆزترین مشتومڕە نێوخۆیی‌یەکانی حیزبەکەی و تەنانەت دەرەوەی حیزبەکەشی بوو. چونکە خەبات دژی چەوساندنی کۆمەڵایەتی لە بەراورد لەگەڵ دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان زەروور دەهاتە بەرچاو و تەنانەت لە شرۆڤەکانی بۆ دروشمی بنەڕەتیی حیزبەکەشیدا ئاماژەی پێ داوە: «ئەو خودموختارییەی کە داوای دەکەین دەبێت بە مەحتەواش ئەوە بێ کە شتێکیش بەو میللەتە بدا. بەتایبەتی کە زۆربەی خەڵکی کوردستان زەحمەتکێشانن…» (قاسملوو ١٣٧٣: ٨). لە لایەکی دیکەوە کەموکووڕییەکانی خەباتی کوردستانی عێراق لە ساڵانی حەفتای زایینی باش دەناسی و ڕەخنەشی لێی هەبوو کە بۆچی نەیتوانی وێنەیەکی گەورە ساز بکەن، بەڵکوو گشت پێکهاتەکان لە خۆی بگرێت. بۆ نموونە پارتی دێمۆکراتی کوردستان پرسی نەتەوەیی و حیزبی شیوعی خەباتی چینایەتی بە بنەما دەگرت. سوسیالیزم وەک سێنتێزێک بۆ ئەم کەمایەسییە لە بەرنامەی حیزبەکەیدا هاتووە، چونکە: «ئەساسی سوسیالیزم لە ڕاستیدا لەنێوبردنی چەوساندنەوەی ئینسانە» (قاسملوو ٢٠٠٣: ٩). بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە «… حیزبێکی شۆڕشگێر پێڕەوەی لە هێندێک ئوسوولیش دەکا کە بۆ دابینکردنی هەر کام لەو ئەسڵانە بە چەندین قۆناغی ستراتیژیکدا تێ دەپەڕێت» (ibid: ١١). کەوایە بۆ گەیشتن بە سوسیالیزم (لابردنی چەوساندنی کۆمەڵایەتی) دەبێ دوو قۆناغی ستراتیژیک، واتە دابینکردنی مافی نەتەوەیی و سیاسی تێپەڕ بکات. بەڵام نووسەری کورتەباس کە بۆخۆی توێژەری ئابووریی سیاسییە، لەوە خافڵ نییە کە «… سوسیالیزم بەو وەزعە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەی ئێستای کوردستان هەیە، ناتوانێ نەک دروشمی ڕۆژ بێ، بەڵکوو لە ڕاستیدا بۆ قۆناغێکی تاکتیکیش ناکرێ باسی لەسەر بکرێ…» (ibid: ١٢). ئەمەی کە باس کرا ڕەهەندی کارکردیی سوسیالیزم بوو، بەڵام قاسملوو لە باری سترۆکتۆریشەوە تێبینی لەسەر سوسیالیزم هەبوو. کاتێ حیزبێک سوسیالیزم دەکات بە ئامانج، دەبێ دیاری بکات کام وڵاتی سوسیالیستی دەکات بە نموونە. ئێمە دەزانین کورتەباس نامیلکەیەکی ڕەخنەگرانەیە لەو سوسیالیزمە کە نموونەکانی؛ کۆمەڵێ وڵاتی توتالیتار و دژ بە ئازادییە سیاسییەکان بوون و پێکەوە زیندانێکیان پێک هێنابوو بە ناوی بلۆکی سوسیالیستی. بەڵام قاسملوو سوسیالیزمێکی مەبەست بوو کە بتوانێت وڵامدەری واقعییەتی کۆمەڵگاکەی بێت: «مەسەلەیەکی زۆر ئەساسی کە لە سوسیالیزمی دامەزراو بە پێی هەلومەرجی تایبەتیی وڵاتەکەمان، دەبێ لەبەرچاو بێ، مەسەلەی دێمۆکراسی و ئازادییە» (ibid: ٣٨).

تیۆریی ڕادیکاڵ و سیاسەتی مەیدانی بەبێ سنووردارکردنی هێندێ لە بەرچاوگە ئەخلاقی و بەشێک لە ڕەهەندەکانی چەوساندنەوە ناچێتە پێش. زۆر زەحمەتە لە کاتی سیاسەتکردندا گشت ڕەهەندەکانی چەوساندنەوە بە یەک چاو ببینین و پێمان وابێ گشتیان یەکسانن و دەبێ تێکڕای هۆکارەکانی چەوساندن بنبڕ بکرێن. ئێمە دەتوانین باوەڕمان بە گشت بەرچاوگە ئەخلاقی و سیاسییەکان هەبێت، دەتوانین گشت چەوساندنەوەکان بە چاوێک سەیر بکەین، بەڵام سیاسەت لە مەیداندا بە پێی ستراتیژی، تاکتیک و  ئاستی هێزە عەینییەکانی کار دەکات و دەچێتە پێش (Evelina 2019). بەم پێیە سڕکردنی دێمۆکراسی، لە قۆناغێکدا کە شانسی وەدیهێنانی یەک لە ئامانجەکان زۆرتر بێت کە شەڕی بۆ دەکرا، هەروەها هەڵپەساردنی خەبات بۆ لابردنی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی بۆ قۆناغەکانی دوای لابردنی چەوساندنەکانی دیکە کە بنەماییترن و تەنانەت ڕێگا بۆ لابردنی چەوساندنی کۆمەڵایەتی خۆش دەکەن، عەقڵانیتر دەنوێنێت ئەگەر هێزە عەینییەکانی خۆت لەگەڵ واقعی سیاسەتی ڕۆژدا بەراورد بکەی. مکووڕبوون لەسەر گوتارێکی ئەخلاقی (واتە ئەخلاقی سیاسی) و هەروەها چەقین لە مەیدانی سیاسەتی ئایدیالۆژییانە (واتە ڕۆمانتیزمی سیاسی) دەبێتە هۆی شکست و نسکۆی بزووتنەوە سیاسییەکان (ibid). کەوایە سیاسەتی مەیدانی دەبێ لەم بۆچوونەی میشێل فۆکو سەبارەت بە دەسەڵات نزیک بێتەوە کە دەڵێ؛ دەسەڵات یانی مشوورخواردن لە داڕشتنی ڕێکوپێکیی ئۆبژەکان، وەها کە ئامانجی دەسەڵات مسۆگەر بکات. بێگومان وێنەیەکی گەورە و بەهێزیش دەبێ ڕەچاوی پرەنسیبێکی وەها بکات بەڵکوو لە کاتی وێنەسازیدا تووشی کەموکووڕی نەبێت و پاڕادۆکسە گوتارییەکانی نەبێتە هۆی ئەوە کە وێنە گەورەکەی تەماوی بکات. هەڵبەت هیچ دیاردەیەک ناتوانێ بەبێ پاڕادۆکس بێت، هۆکارەکەش پێوەندیی بە مێژوو و پاڕادایمەکانییەوە هەیە. بەڵام شتێک کە وێنە گەورەکەی قاسملوو لە وێنەکانی سەردەم جیا دەکاتەوە، کەمکردنەوەی پاڕادۆکسەکانی نێو وێنە گوتارییەکانیەتی کە بووەتە ڕەمزی زیندوومانەوە و قەدرگرانبوونی یادی قاسملوو.

سەرچاوەکان بە ئینگلیسی و نۆڕوێژی:

  • Aristoteles, (2013), “Den nikomakiske etikk“. Oversett av Stigen, Anfinn & Rabbås Øyvind, opplag 1, Vidarforlaget, Oslo 2013.
  • Berger, Peter L. Og Luckmann (2006), Den Samfunnsskapte Virkelighe. oversatt: Wiik, Frøydis, 4. opplag, Oslo 2006.
  • Boulding, K (1956), “The Image: Knowledge in Life and Society“. Ann Arbor, MI: University of Michigan Press.
  • Evelina Johansson Wilen (2019), “Mellan jaget & världen“. Tankekraft förlag.
  • Miller, David (2003), ”Political Philosophy: A Very Short Introduction”. Oxford Universisty Press, 2003.
  • Platon (1989), “Gorgias“. Oversett av Anfinn Stigen, forlag Det Norske Samlaget. Oslo 1989.
  • Strauss, Leo (1988), “What is Political Philosophy”. Chicago: The university Press (, pp. 9-55).

سەرچاوەکان بە کوردی و فارسی:

  • میلر، داوید (١٣٨٨) فلسفەی سیاسی. ترجمەی کمال فولادی، چاپ اول ١٣٨٨، نشر مرکز.
  • دانشنامە آکسفورد (١٣٨٧) مدخل: تصویر. تهران: انتشارات دانشیار.
  • گرگین عاطفە (١٣٦٥)، «فصلی در گلسرخ». دورە جدید، جلد ٣، پائیز ١٣٦٥
  • رۆژنامەی کوردستان، ژمارە ١٠٦، پوشپەڕی ١٣٦٤.
    • ژمارە ١٢٠، خەرمانانی ١٣٦٦
    • ژمارە ١٤٥، ١٣٦٧
  • مورگنتا، هانس جی. ١٣٧٤. «سیاست میان ملتها: تلاش در راه قدرت و صلح». ترجمەای از مشیرزادە حمیرا. تهران: انتشارات مرکز مطالعات سیاسی و بین المللی وزارت امور خارجە.
  • لیک دیوید، ١٣٨٧. «فلسەفە و جامعە و سیاست» (ترجمە مجموعە مقالات). ترجمەی: فولادوند، عزت اللە. نشر ماهی پاییز ١٣٨٧.
  • قاسملوو، عەبدولرەحمان ٢٠٠٣، کورتەباس (سوسیالیزمی دێمۆکراتیک)، نووسینەوە و ئامادەکردن بۆ چاپ: شەشە، سەلاح. چاپخانەی کتاب ارزان، سوئێد ٢٠٠٣.
  • قاسملوو، عبدالرحمن (١٣٧٨)؛ ”چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازدی”: کورتەیەک لە مێژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، چاپی سێهەم.
  • قاسملوو، عەبدولرەحمان ١٣٧٣، «دروشمی بنەڕەتیی حیزبەکەمان». پاشکۆی ژمارە ٤٧ی گۆڤاری تێکۆشەر (نامیلکەی نێوخۆیی حدکا)، کمۆسیۆنی سیاسی-نیزامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران.
  • قاسملوو، عەبدولرەحمان ١٣٨٣. «تاڤگەی حەقیقەت» (بەشێک لە بەرهەمەکانی دوکتور قاسملوو)، کۆکردنەوەی بەهرامی، کاوە.

[1] Visualization

[2] minimal realism

[3] Scientific realism

[4] moderate realism

[5] Institutionalization

[6] سیاست میان ملتها

[7] Consequentialism Ethics

[8] Proportionality

[9] Gorgias

[10] Egalitarianisme

[11] Poly injustice

[12] Grounded Theory

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!