پاساودانەوەی ڕووناکبیرانەی دەسەڵاتی سەروەر: نواندنەوەی کورد لە لێکۆڵینەوەی تورکەکاندا
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک، زنجیرە سێمینارەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بە سێمینارێک بەناونیشانی ” پاساودانەوەی ڕووناکبیرانەی دەسەڵاتی سەروەر: نواندنەوەی کورد لە لێکۆڵینەوەی تورکەکاندا” دەست پێدەکات.
سێمیناری یەکەم لەگەڵ د. ئیدریس ئەحمەدی، پڕۆفیسۆری یاریدەدەری زانستە سیاسییەکانی زانکۆی کارلستادی سوید، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤ی کوردی کاتژمێر ١٩ بە کاتی ناوەندیی ئەورووپا و ٢٠:٣٠ بە کاتی کرماشان بەڕێوە دەچێت. د. ئیدریس ئەحمەدی بەکالریۆسی فەلسەفەی تیۆریک و ماستەر و دکتۆڕای زانستە سیاسییەکانی لە زنکۆی ستۆکهۆڵمی سوید وەرگرتووە و پێشتر لە زانکۆکانی ستۆکهۆڵم، زانکۆی بەرگریی نیشتمانیی سوید، و زانکۆی سۆدێرتۆن مامۆستای زانستە سیاسییەکان بووە. د. ئەحمەدی ئێستا لە زانکۆی کارلستاد لە بوارەکانی فەلسەفەی سیاسی، سیاسەتی نێودەوڵەتی، و میتۆدۆلۆژیی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرس دەڵێتەوە و هاوکات لێکۆڵینەوە لەسەر سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
سێمیناری پاساودانەوەی ڕووناکبیرانەی دەسەڵاتی سەروەر: نواندنەوەی کورد لە لێکۆڵینەوەی تورکەکاندا سەردێڕی دوواهەمین لێکۆڵینەوەی د. ئەحمەدیە کە لە ژۆرناڵی Critical Policy Studies بڵاوکراوەتەوە و ئەم سمینارە لەلایەن داوود عوسمانزادە، لێکۆڵەری کۆمەڵناسی لە زانکۆی ناوەندیی ئەورووپا، بەڕێوە دەچێت. زمانی سێمینارەکە بە کوردی دەبێت و کاتژمێر ١٩ی ئێوارە بەکاتی ناوەندیی ئەورووپا لە پلەتفۆڕمی زووم دەستپێئەکات.
ڕێزبەندی سێمینارەکە بەم شێوەیە دەبێت:
ناساندنی زنجیرە سێمینارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان تیشک؛ ناساندنی د. ئیدریس ئەحمەدی؛ پێشکەشکردنی سێمینارەکە لەلایەن د. ئەحمەدی؛ گفتوگۆ لەسەر بابەتی سێمینارەکە؛ پرسیار و وەڵام. کۆی سێمینارەکە نزیک یەک کاتژمێر دەخایەنێت.
زنجیرە سمینارەکانی تیشک
زنجیرە سمینارەکانی تیشک
پاساودانەوەی ڕوناکبیرانەی دەسەڵاتی سەروەر: نواندنەوەی کورد لە لێکۆڵینەوەی تورکەکاندا
کۆرتەیەک لە وتارەکە:
وتاری پاساودانەوەی ڕووناکبیرانەی دەسەڵاتی سەروەر: نواندنەوەی کورد لە لێکۆڵینەوەی تورکەکاندا لێکدانەوەیەکە لەسەر چۆنیەتی وێناکردنی کورد و پاساوهێنانەوە بۆ هێزی دەوڵەت لە لێکۆڵینەوە تورکیەکان و نیشانی ئەدات کە چۆن لێکۆڵەرانی تورک، بەتایبەت ئەوانەی لەژێرکاریگەری ئیدۆئۆلۆژی ناسیۆنالیستین بەجۆرێک کورد وێنا ئەکەن که شەرعیەت بە ژێردەستەیی ئەتنیکی کورد و دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک بدات. ئەم وێناکردنە نوێنەرایەتی ڕوانگەییەک ئەکات کە کورد وەک “ئەوی تر” پێناسە ئەکات و لەو سۆنگەوە پەراوێزخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردەکان لەلایەک و باڵادەستی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک لە لایەکی تر ئاسایی نیشان ئەدات.
لەڕووی مێژوویەوە دەوڵەتی تورک “بوون”ــی کورد ڕەد ئەکاتەوە و ئەوان وەک “تورکی شاخی” پێناسە ئەکات تا بەو شێوەیە بتوانێت حاشا لە ناسنامەی نەتەوەیی کوردی کردبێت. لە سەردەمی هاوچەرخیشدا هەرچەند بوونی فیزیکی کورد تا ڕادەیەک دانی پێدانراوە بەڵام شۆناسی نەتەوەیی و کولتوریەکەی یان بەتەواوەتی ڕەدکراوەتەوە یان خراوەتە ژێر پرسیارەوە. ئەم شێوە ڕوانینە سەرەڕای بانگەشەی بێلایەنیی و بابەتیانەبوونی کاری زانستی، لەنێو توێژینەوەی ئاکادمیکیەکانیشدا بەجۆرێک ڕەنگی داوەتەوە کە پشتیوانی لە گێڕانەوەی دەوڵەتیی و پێوەندیەکانی هێزەوە بێت.
لێکۆڵینەوەی د. ئەحمەدی بە تایبەتی ڕەخنە لەو بابەتگەرایی و گشتگیرییە ڕواڵەتییە دەگرێت کە لە گێڕانەوەی زانستیدا بۆ عەقڵانیکردنی ژێردەستەیی کورد بەکاردەهێنرێت. ئەم گوتارە ئەکادیمییانە یارمەتیدەرن بۆ چەسپاندنی پێگەی هەژموونگەرانەی دەوڵەتی تورک بە پشتگوێخستنی فرەچەشنی نەتەوەیی و پێشخستنی شوناسێکی نەتەوەیی یەکسان کە کوردی لێ بەدەرکراوە. بەکارهێنانی ئارگیومێنتی بەناو بابەتیی و زانستی لەڕاستیدا هەمان ئامانجە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکان پەیڕەو دەکەن، ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر “یەکپارچەیی زانستی” دروست دەکات.
د. ئەحمەدی لەم لێکۆڵینەوەدا باس لەوە دەکات کە لێکۆڵینەوەی تورکەکان بە پەراوێزخستنی هەندێک نەتەوەی دیاریکراو و شەرعیەتدان بە ژێردەستەیی سیاسی لە ڕووی فیکرییەوە ڕۆڵێکی ناوەندی لە پاراستنی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا دەگێڕێت. ئەو داوای بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە هەردوو سیاسەتی دەوڵەت و پراکتیکی زانستی دەکات بۆ ئەوەی ئەو گریمانە ئایدیۆلۆژیانەی کە ئەم گۆتارەی لەسەر بنیاتنراوە دەستنیشان و ئاشکرا بکرێن. باس لەوە دەکرێت کە زانست دەبێت بە پرسیارکردن لە گێڕانەوەی ناسیۆنالیستی باڵادەست و جیابوونەوە لە ئامرازسازی لەلایەن دەوڵەتەوە سەربەخۆیی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. وتارەکە بانگەشە بۆ ڕێبازێکی ئەکادیمی دەکات کە بەجێ نکۆڵیکردن و شێواندن دان بە ئاڵۆزیی شوناسی کورددا بگرێت.
لە فەیسبووک بمانبینەوە