ڕاگەیێندراو بە بۆنەی کۆچی لەناکاوی د. هێرش قادری

کوردستانییانی ئازێز!
بەداخی گرانەوە هەواڵی کۆچی لەناکاوی دوکتور هێرش(زەکەریا) قادری بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە وڵاتی ئاڵمانمان بیست. دوکتور هێرش قادری، دوکتورای لە زانستی ڕامیاری لە زانکۆی ئازادی تاران خوێندبوو و پاش خوێندنی دوکتورا و لە سالی ٢٠١٥وە به هۆی زەختی رێژیم ناچار بوو رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بێڵێ و لە ٢٠١٦ لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە. دوکتور هێرش یەکێک لە توێژەرانی کوردستان بوو که تەمەنی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر مێژووی کەوناری کوردستان تەرخان کردبوو. نووسراوەکانی دوکتور هێرش لەسەر مێژووی کەونار و پرسی سەرەوەریی نەتەوەیی، میراتی بەبایەخی بەرێزیانن که بۆ نەوەکانی کوردستانی بەجێ هێشتووە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک وێڕای سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان، توێژەرانی کوردستانی و بنەماڵەکەی، مەرگی بەرێزیان بە خەسارێکی گەورە بۆ کوردستان دەزانێ و یادی بەرز ڕادەگرێ.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤ی کوردی
١٥ی ژانویەی ٢٠٢٥ ز.