گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
ڕکوودی سیاسی
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
ئەمین نژاد، ڕزگار (٢٠٢٥): ڕکوودی سیاسی . گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ١٣٥–١٢٠. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
پێشەکی
وەک پێشەکی ئەم قسەیەی کارل مارکس بیر دەهێنمەوە کە دەیگوت: هەر سەردەمێک کۆمەڵێ پرس لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت کە توانای چارەسەرکردنی بۆیان هەبێت. هەڵبەت سەردەم یاخۆ دەوران لە ڕوانگەی مارکسەوە دیاردەیەکی میکانیکییە کە دەکرێ لە کۆنتێکستی ماتریالیزمی دیالێکتیکیدا لێی تێ بگەین، بەڵام هاوتەریبب بوونی “پرس” و “سەردەم”، جیاواز لە بۆچوونی ماتریالیزمیانەی مارکس، بابەتێکی ئیمپێریکە و ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەردەوام تاقییان دەکەینەوە. بۆ نموونە کاتێ باس لە پرسی ژینگە دەکەین، لە ڕاستیدا باس لە گرفتێک دەکەین کە پەیوەندیی بە ئێستامانەوە هەیە و لە ڕێگای کولتوورسازی، دامەزراندنی دەزگا و ڕێکخراوەی ژینگەپارێز و هەروەها هوشیاریی مەدەنیەوە، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە دەدەین. ئەگەر ژینگە گرفتی ئەمڕۆ نەبێ، بە دڵنیایییەوە ئامێر و ئیرادەی جیددیش بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ژینگە لە ئارادا نابێت. ئەم نموونەیەی باسی لێ کرا لە خۆیدا ئاماژەیەکیشە بۆ پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەمەڕ دیاردەی “پرس” و “سەردەم”، بەڵام لەم میانەیەدا “چارەسەری” وەک پارامێترێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە پێویستە سەرنجی تایبەتی پێ بدەین. ئەگەر دیاردەی پرس و سەردەم دوو دیاردەی عەینی بن، ئەوا چارەسەری دیاردەیەکی زەینی و نۆرماتیڤە. بە واتایەکی دی، پرس و سەردەم دوو دیاردەن کە ئێمە لەگەڵیان دەژین، دەیانبینین، دەرکیان دەکەین و تەنانەت تا ڕادەیەکیش ئاگاییمان لەسەر هۆکاری سەرهەڵدانیان هەیە، بەڵام بۆ دیتنەوەی چارەسەری ئێمە پەنا بۆ شێوازی جیاواز دەبەین و هەر کەس یاخۆ لایەنێک بە پێی ڕوانگەی خۆی و بە پێی توانایی خۆی بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێن.
ڕکوودی سیاسی١یەکێکە لەو پرسە گرنگانەیە کە زەمەنمەندە و لە سەردەمێکی دیاریکراودا خۆی دەردەخات. هەڵبەت دیاردەی ڕکوود هەمیشە بە دوای دەورانی گەشە و زیندووییدا دەردەکەوێت و لە زۆر بواری جیاوازدا ئاماژەی پێ کراوە، بۆ نموونە لە سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسەت و هتد. لە سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیدا ڕکوود وەک خەمۆکی یاخۆ دۆخێکی ئانۆرمال پێناسە دەکرێت کە ڕەنگە پەیوەندیی بەم بابەتەوە نەبێ، بەڵام لە بواری ئابووری و سیاسیدا “ڕکوود” بە مانای ڕاوەستان یاخۆ مەندی هاتووە، هەڵبەت لە زمانی کوردییشدا زۆرجار سوود لە وشەی “کەساسی” وەرگیراوە. کاتێ لە باری ئاماژەناسی و تێرمینۆلۆژییەوە سەیری چەمکی ڕکوودی سیاسی بکەین، دەبینین کە وێکچوونێکی زۆر هەیە لە ماناکردنی ئەم دوو دیاردەیەدا. بۆ زیاتر شیکردنەوەی چەمکی ڕکوود هەوڵ دەدەم سەرەتا شرۆڤەیەکی کورت و سادە بۆ تێرمێنۆلۆژیی ڕکوودی ئابووری بکەم و دواتر لەباری چەمکناسییەوە پێناسەی ڕکوودی سیاسی بکەم، هەڵبەت لەم وتارەدا زیاتر زووم لەسەر بزاڤ یا حیزبی سیاسی دەکرێت. لە بەشی دووهەمی ئەم وتارەدا باس لە کۆنتێکستەکانی هاتنەئارای ڕکوود و هەروەها هۆکارەکانی ڕکوودی سیاسی دەکەم، دواتر هەوڵی چارەسەریی ڕکوودی سیاسی دەخەینە بەر باس و لە کۆتاییدا دواوتەیەکی کورت پێشکەش دەکرێت.
تێرمینۆلۆژیی ڕکوود
کاتێ لە زانستی ئابووریدا باس لە ڕکوود دەکرێت، مەبەست لە تەعامولی نێوان بەرهەمی ئابووری و بازاڕی ئابوورییە. ڕکوودی ئابووری بە زمانێکی سادە باس لە دۆخێکی ئابووری دەکات کە بەهۆی زێدەبەرهەمهێنانی کارخانەکانەوە دێتە ئاراوە، واتە کارخانەکان کاڵایەکی زۆر بەرهەم دێنن لە کاتێکدا بازاڕ لەگەڵ کەمبوونی مشتەریدا بەرەوڕووە. لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵێ دیاردەی وەک وەستانی بەرهەمهێنان، داخرانی کارگە و کارخانەکان و هەروەها دیاردەی بێکاری بەدوایدا دێت کە دواتر کاریگەریی لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت. ئەم قۆناغە بە پێی بەراوردی ئابووریناسان، قۆناغێکی کاتییە کە لە چەند مانگ تێناپەڕێت و دواتر لە ڕێگای سیاسەتی ئابوورییەوە ڕێکار بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە دیاری دەکرێت کە یەک لەوانە زیادکردنی بودجە بۆ بووژاندنەوەی سیستەمی بەرهەمهێنان و نەهێشتنی بێکارییە.
سەبارەت بە ڕکوودی سیاسی ئێمە پێناسەیەکی تۆکمە یاخۆ چەمکێکی مێتۆدۆلۆژیک شک نابەین، هەر بۆیە کاتێ باس لە ڕکوودی سیاسی دەکرێت، ئاماژە بە دوو دیاردە دەکەن؛ یەکەمیان باس لە بێجووڵەییی سیستەمی سیاسی و ئەوەی دیکەش باس لە خەمساردیی هاوڵاتیان لە هەمبەر ژینگەی سیاسی و چارەنووسی وڵاتەکەیاندا دەکات. هەڵبەت کاری لێکۆڵەرێکی سیاسی، گەڕان بەدوای ئەو هۆکارانەیە کە دەبێتە هۆی پاسیڤبوون و خەمساردیی ئەندامانی کۆمەڵگا و هەروەها بەدوای وڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێت کە بۆچی خەڵک لە حاند گۆڕانکارییە سیاسییەکان و سیستەمی دەسەڵاتدا چاو دەنووقێنن. ئەمەی کە ئاماژەی پێ کرا ڕوانگەی “کۆمەڵگا– تەوەر” بوو، بەڵام ڕوانگەیەکی دیکە لەمەر ڕکوودی سیاسی لە ئارادایە کە پەیوەندیی بە “دامەزراوەی سیاسی”یەوە هەیە، واتە ئەو بەستێنەی تەعامولی نێوان تیۆر و کردەوەی سیاسیی تێدا دیاری دەکرێت و بە شێوەیەکی کلاسیک حکوومەت، بزووتنەوە، حیزب یاخۆ کلۆبە ڕۆشنبیرییەکان لەخۆی دەگرێت. کاتێ باس لە تیۆر دەکەین مەبەستمان لە ئەندێشەی سیاسییە کە لەو دامەزراوانەدا بە شێوەیەکی ئازاد، لەسەر بنەمای ڕەخنە و نرخاندن پەسند دەکرێن و وەک ئەجندای سیاسی پێشکەس دەکرێت. مەبەست لە کردەوەی سیاسییش تێگەیاندن و پەروەردەکردنی کادر و ئەندامی حیزبییە کە لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسیی حیزبەکەیدا، بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی حیزبەکەی چالاکیی سالم و شەفاف دەکات. یەکێ لە مەرجەکانی کردەوەی سیاسی ئەوەیە کە ئەندام و کادێرانی ئەو حیزبە لەسەر بەرنامە سیاسییە پەسندکراوەکانی حیزبەکەی ساغ بووبێتنەوە و لەنێوان ئەندێشە و کردەوەی سیاسییاندا هەست بە ناکۆکی نەکەن (Rokkan 1970).
بەگشتی ڕکوودی سیاسی لەباری فێمێنۆلۆژییەوە وێکچوونی لەگەڵ ڕکوودی ئابووریدا هەیە، بەڵام لەباری کارتێکەرییەوە جیاوازن. کاردانەوەکانی ڕکوودی سیاسی وەک ڕکوودی ئابووری دیار و خێرا نین، واتە ئەگەر حیزبێکی سیاسی لە وڵاتێکدا تووشی ڕکوود بێت، سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو وڵاتە زۆر درەنگتر و هێمنانەتر هەست بە کاردانەوەکانی ڕکوودی سیاسی دەکەن و لە زۆر حاڵەتدا ڕەنگە بەیسێکی سیاسی یاخۆ حیزبێکی دی بە ئەجندا و دروشمی نوێیەوە شانسی هێژمۆنی خۆی لە کۆمەڵگادا تاقی بکاتەوە.
ئاماژەناسیی ڕکوودی سیاسی
زۆر سروشتییە کاتێ پێناسەی دیاردەیەک دەکەین، بە شێوەیەکی وێرایی باس لە نیشانەکانی ئەو دیاردەیەش بێتە ئاراوە. لەم وتارە و لە کاتی پێناسەکردنی ڕکوودی سیاسیدا ئاماژەمان بە هێندێ لە نیشانەکانی ڕکوودیش کرد، بەڵام لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی باس لەو نیشانانە بکەم کە ڕکوودی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێ. پێشتر باس لە دوو زەمینەی جیاواز کرا کە ڕکوودی سیاسی تێیدا سەر هەڵدەدات. یەکەم؛ چۆنایەتیی مامەڵەکردنی کۆمەڵگا لەگەڵ دامەزراوە سیاسییەکان بوو، واتە خەمساردیی کۆمەڵ لەهەمبەر بڕیار و پەسەندنامە سیاسییەکان. دووهەم؛ ڕکوودی سیاسی لە نێو دامەزراوەی سیاسیدایە، واتە ئەو شوێنەی تەعامول لە نێوان تیۆر و کردەوەی سیاسیدا ڕێک دەخرێت. سەرەتا باسێکی کورت لەمەڕ ئاماژەناسییەکانی زەمینەی کۆمەڵایەتی دەکەم و دواتر دەچمە سەر پرسی ڕکوود لە دامەزراوە سیاسییەکاندا.
زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی ڕکوود
لە پەیوەندی بە کاردانەوەی ڕکوود و چۆنایەتیی ڕکوودی سیاسی لە ئاستی کۆمەڵگادا، تیۆر و بابەتی زۆر هەیە کە لەم وتارە کورتەدا ناپەرژێینە سەر گشتیان. بۆ ئەوەی خۆ لە ئاڵۆزیی بەحسێکی ئینتزاعی ڕزگار بکەین، هەوڵ دەدەم باس لە مەجالەکانی دەرکەوتنی ڕکوودی سیاسی لە دوو کۆنتێکستی جیاواز و دوو مۆدێلی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا بخەمە بەر باس کە لەم وتارەدا من بە “کۆمەڵگای ئەوتۆریتی” و “کۆمەڵگەی ڕێفلێکسیڤیتی” پێناسەیان دەکەم. کۆمەڵگەی ئەوتۆریتی کۆمەڵگایەکی میکانیکییە کە ڕەوتی پەروەردە چ لە ئاستی میکرۆ (واتە دامەزراوەی بنەماڵە کە تایبەتمەندیی باوکسالارانەی هەیە) و چ لە ئاستی ماکرۆدا (واتە پەروەردەی نیشتمانی کە تایبەتمەندیی دیسپۆتیزمی هەیە) لەسەر بنەمای ئەوتۆریتی بنیات نراوە. کۆمەڵگای ڕێفلێکسیڤ کۆمەڵگایەکی ئۆرگانیکییە کە ئازادیی تاک و مافی هەڵبژاردنی تاک دەستەبەر دەکات. بەراوردکردنی ئەم دوو کۆمەڵگایە لە ڕاستیدا بە مانای هەڵسەنگاندنی کەیفییەتی ئەم کۆمەڵگایانە نییە، بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە ئەگەری ڕکوودی سیاسی بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە هەردوو کۆمەڵگادا هەیە و هەوڵ دەدەین لە میکانیزمەکانی ڕکوود لەم دوو کۆنتێکستە جیاوازەدا تێبگەین.
١–١ کۆمەڵگای ئەوتۆریتی
ئەدۆرنۆ و هورکهایمێر (1947) لە ڕوانگەی سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و بە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەوە تیشک دەخەنە سەر کۆمەڵگای ئەوتۆریتی و سیستەمی هیژمۆنیکی دەسەڵات و کۆمەڵ، هەروەها کارتێکەریی ئەو سیستەمە لەسەر دامەزراوەکانی وەک بنەماڵە، قوتابخانە و هتدیان شرۆڤە کردووە. هەڵبەت لەم میانەیەدا سترۆکتۆری سیستەمی پەروەردە و فێرکردن وەک میکانیزمێک، ڕۆڵی تایبەتی هەیە لە ڕاڤەکردنی پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵاتی سیاسی. بە پێی بۆچوونی تایپۆلۆژیکانەی ئەدۆرنۆ و هورکهایمێر، مرۆڤی پەروەردەی کۆمەڵگای ئەوتۆریتی؛ کاراکتێرێکی هاوشێوە و یەکسانیان هەیە کە هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنن و بەشێوەیەکی ڕەمەکی دەگەڵ ڕەوتەکان دەکەون. یەکێکی دیکە لە کاراکتێرەکانیان ئەوەیە کە زۆر خۆپارێزن و لەژێر سێبەری دەسەڵاتدا هەوڵ بۆ پاراستنی نۆڕم و نەریتە هەنووکەییەکانی کۆمەڵ دەدەن. ئەم کاراکتێرانە باس لە ترس و نیگەرانییەک دەکەن کە لە کەسایەتیی ئەواندا دامەزراوە و ئێمە لە کاتی هەڵوێستەکردنی تاکی ئەوتۆریتاریاندا بەڕوونی دەیانبینین. کاتێ لەم وتارەدا باس لە “ترسی دامەزرێنەکراو” دەکرێت لە ڕاستیدا مەبەست لە سترۆکتۆرێکی زەینییە بۆ کۆنترۆڵکردن. لێرەوە هەوڵ دەدەم دیاردەی ترسی دامەزراوەکراو و دەرکەوتەکانی بەسەر سێ قۆناغی جیاوازدا پۆلێن بکەم:
- ترسی دامەزرێنەکراو و پاساوی عەقڵانی: لەوەها دۆخێکدا مرۆڤی کۆمەڵگەی ئەوتۆریتی کارامەییی خۆیان لە بن سێبەری دەسەڵاتدا دەشارنەوە. بە واتایەکی دی هەوڵ دەدن دەسەڵات بەڕادەیەک گەورە و بەهێز پێشان بدەن کە پاساو بۆ بێهەڵوێستیی خۆیان بێنێتەوە و لە ئەنجامدا خۆیان لە ژێر قورساییی ویژدانی کۆمەڵایەتیدا ڕزگار بکەن (Adorno & Horkheimer 1947). بۆ نموونە هێندێک لەو پاساوانەی بەردەوام لە زاری تاکی ئەوتۆریتاریانەوە دەبیسترێ ئەمانەن: “ئەو هەمووە هەوڵە درا چی بە چی کرا؟ لەم دەسەڵاتەدا هیچ ناگۆڕدرێ! کێ گوێ بە داوای خەڵک دەدا؟ و …”
- ترسی دامەزرێنەکراو و خۆڕێخەری: ترسی دامەزرێنەکراو لەم قۆناغەدا زۆر خۆپارێزانەیە و خۆی لە کەیفییەتی هەڵوێستەکردنی تاکی ئەوتۆریتاریاندا پێشان دەدات. واتە کاتێ تاکی ئەوتۆریتاریان بەتەمایە ناڕازیبوونی خۆی دەرببڕێت یاخۆ داواکارییەکی هەبێ، بە دوای سەلماندنی خاڵە هاوبەشەکان یاخۆ نۆڕمە هاوبەشەکانی نێوان خۆی و دەسەڵاتدایە بەڵکوو شەرعییەت بە نارازییبوون یاخۆ داواکەی خۆی بدات. تاکی ئەوتۆریتاریان تەنانەت توانای خۆ سەپاندن یا سەلماندنی خۆی وەک ناسنامەیەکی جیاوازی نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدات خۆی وەک پاژێکی لاواز لەنێو چارەنووسێکی گشتیدا پێناسە بکات (ibid). بۆ نموونە کاتێ منداڵ داواکارییەکی لە باوکی هەیە، هەوڵ دەدات خێر و شەڕی داواکەی خۆی و تووڕەبوونی باوکی هەڵسەنگێنێت. لەوەها دۆخێکدا دەبێ یا چاوپۆشی لە داواکارییەکەی بکات یاخۆ بە چەشنێک هەڵسوکەوت بکات کە نەبێتە هۆی تووڕەبوونی باوکی.
٣. ترسی دامەزرێنەکراو و قارەمانپەروەری: لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتیدا تاک، تەناهی و بەرژەوەندیی خۆی لە پشت کەسایەتییەکی بەهێز یاخۆ قارەمانێکدا دەبینێتەوە. کاتێ کەسایەتییەکی بەهێز هەڵوێستە دەکات، بە سەدان هەزار تاکی ئەوتۆریتاریان لە پشت سەریەوە دێنە مەیدان. بەڵام کاتێ قارەمان یاخۆ کەسایەتیی بەهێز لە مەیداندا نەما، مەیدانەکەش لەگەڵ نەمانی ئەودا چۆڵ دەبێت. هەڵبەت ئەگەر لە هێندێ هەلومەرجدا قارەمان لە ئارادا نەبوو، هەوڵ دەدەن بوونی خۆیان بە کۆمەڵێ ڕووداوەوە بەرجەستە بکەنەوە کە لای دەسەڵاتی سیاسی بڤە نەبێت (ibid). بۆ نموونە پشتیوانیکردن یاخۆ خۆخەریککردن بە هێندێ ڕووداوی لاوەکی و ئازایانە کە لە وڵاتانی دەوروبەریان ڕوودەدەن.
باسکردن لە ڕکوودی سیاسی یاخۆ چالاکیی سیاسی لە کۆمەڵگای ئەتۆریتیدا لەراستیدا وەهمییە، چونکە هیچ شەفافییەت یاخۆ کاری مەیدانییەک لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی ئامارێکی باوەڕپێکراو لەمەڕ بەشداریی سیاسی خەڵک بەدەستەوە بدات و لە ئەنجامدا حوکم لەسەر چالاکبوون یاخۆ ڕکوود بدەین. چونکە بەپێی ئەو پێناسە تایپۆلۆژیکەی پێشتر ئاماژەی پێ درا، ئێمە نازانین هێڵ و ئەجندای سیاسی لە وەها کۆمەڵگایەکدا چۆن پراکتیزە دەکرێت، چونکە بە هۆی دۆخی سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایانە، تەما و ئارەزووە سیاسییەکانی گەل هەمیشە بە نهێنی دەمێننەوە و تەنیا لە دۆخێکی تایبەتدا خۆیان دەردەخەن. یەکێک لە هۆکارەکان ڕەنگە بەڕێوەبەرایەتیی ناکارامەی سیاسی بێت کە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێژمۆنی دەسەڵات، واتە هەرەمی کردنی بڕیاری سیاسی لە سەرەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوە، هەوڵ دەدات. ئەم چەشنە بەڕێوەبەرایەتییە نە خاوەن ئیرادەی سیاسییە و نە گوێ بە ئیرادە و دەنگی گەل دەدات. بەڵام ئەگەر ئێمە خەمساردی وەک نیشانەی ڕکوودی سیاسی لەبەرچاو بگرین ئەوا ناچارین پشت بەو تیۆرانە ببەستین کە لە سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیدا ڕەهەندەکانی کۆمەڵگای ئەوتۆریتیی پێ شرۆڤە دەکەن. هەڵبەت لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت دامەزراوە سیاسییەکان ڕۆڵی بەرچاویان لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دۆخە چەقبەستوویەدا هەیە، چونکە دروشم و ئەجندای سیاسیی بەشێک لە دامەزراوە سیاسییەکان لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتیدا بەپێی سایکۆلۆژیی ئەو کۆمەڵگایە دادەرێژرێن و کاریان پێ دەکرێت. لە وەها کۆمەڵگایەکدا چەمکی قارەمان هەمیشە بەرجەستە دەکرێتەوە، چاوپۆشی لە پۆلۆرالیزمی کولتوری و فرەناسنامەیی دەکرێت و هەروەها هەوڵ دەدەن کۆدەنگییەکی پاسیڤ بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن کە تاک ناچاربێ بەردەوام بەدوای خاڵی هاوبەش لە نێوان خۆی و دەسەڵاتدا بگەڕێت بۆ بووژاندنەوەی ترسی دامەزرێنەکراو.
١–٢ کۆمەڵگای ڕێفلێکسیڤیتی
لێکەوتەکانی مۆدێڕنیزم و ئەو دیاردەیەی ئانتۆنی گیدێنز (1997) بە «دوایین–مۆدێڕنیتی٢» ناوی دەبات، لە ژێڕ باندۆری گلۆبالیزم، گەشەی تەکنۆلۆژیا، گۆڕانکارییی کولتوری و کۆمەڵایەتیدایە کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ دەرچوون لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتی. هەڵبەت ڕوانگەی پۆست مۆدێڕنانەی «ئوڵریک بەک» لەمەڕ دیاردەی کۆمەڵگای ڕیسکاوی٣و هەروەها ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی «زیگمۆند باومان» لەمەڕ ناکارامەیی و خەسارەکانی مۆدێڕنیزم، ڕەهەندەکانی ئاڵۆزیی وەها کۆمەڵگایەک باشتر پیشان دەدەن و مەبەستی ئەم وتارە هەڵسەنگاندنی ئەرێنیی ئەو پارادایمانە نییە بەڵکوو شێوەی کاردانەوەی هەرکام لەو کۆمەڵگایانە کە ئێمە بە هەڵە بە کۆمەڵگای نەریتی (واتە خراپەکە) و کۆمەڵگای مۆدێڕن (واتە باشەکە) دەیناسین، دەخەینە بەر باس.
گیدێنز بۆ هەڵاواردنی کۆمەڵگای دوایین–مۆدێڕنیتی لە کۆمەڵگای پێش–مۆدێڕن، باس لە سێ ئیندێکس دەکات کە بریتین لە:
- کەلێنی شوێن– کات، واتە مرۆڤ وەک سەردەمی پێش–مۆدێرن دەروەستی کات و شوێن نەماوە
- دابڕان لە ئاخێزگە؛ واتە دابڕانی تاکی سێنمۆدێرن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و هەروەها دەرباز بوون لە قۆرغ و چوارچێوە لۆکالییەکان کە لە ئەنجامدا خۆی لە خانەی جیهانیبووندا دەبینێتەوە.
- رێفلێکسیڤیتی.
هەوڵ دەدەم سەرنجی ئەم وتارە زیاتر لە سەر چەمکی ڕێفلێکسیڤیتی چڕ بکەمەوە چونکە خاڵی یەکەم و دووهەم بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە کۆمەڵگای پێش–مۆدێڕندا هەن و بە بۆچوونی بەشێک لە ڕەخنەگرانی گیدێنز ئەو دوو دیاردەیە دەرەنجامی گولۆبالیزمی ئابوورین و سروشتییە کە ناتوانن ئیندێکسێکی پایەدار بن بۆ پێناسەکردنی داویین–مۆدێرنیتی. بەگشتی ئەم سێ چەمکە کە گیدێنز وەک سێ فاکتۆری گرنگ بۆ شرۆڤەی هۆکاری خێرایی و سەقامگرتووییی کۆمەڵگای دوایین–مۆدێڕنیتی ناوزەدیان دەکات، لە هەناوی خۆیدا باس لە ترسێکی دامەزرێنەکراویش دەکەن کە لەباری ئانتۆلۆژییەوە لەگەڵ ترسی دامەزرێنەکراو لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتی دا جیاوازیی هەیە.
رێفلێکسیڤیتی یەکێکە لەو چەمکانەی گیدێنز لە تیۆرەکانی خۆی لەمەڕ مۆدێرنیزم بەکاری هێناوە. لە ڕاستیدا مەبەست لە ڕێفلێکسیڤیتی ئەوەیە کە مرۆڤی سەردەم چیدیکە پێداگر نەماوە بەڵکوو بە بەردەوامی خەریکی پێداچوونەوە و دیسان خوێندنەوەی دیاردە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانە. واتە تاکی سەردەمی دوایین–مۆدێڕنیتی بەهۆی خێراییی زانیاری، ئازادیی ڕادەربڕین، مافی هەڵبژاردن و فرەئەلتەرناتیڤی، بەردەوام خەریکی گەشەدان بە تێگەیشتنی خۆی لەمەڕ کردەوە کۆمەڵایەتییەکان، هزر و هەروەها داوەریکردنی سەردەمی خۆی و پێش خۆیەتی. ئەم پێداچوونەوەیە ئاستی تاک، ئاستی پێکهاتەکان و هەروەها ئاستی تەعامولی نێوان تاک و پێکهاتەکانیش دەگرێتەوە. لە وەها دۆخێکدا پرسی متمانە، ترس و تەناهی، خۆی لە فۆڕمێکی دیکەدا پێناسە دەکاتەوە و چیدی ئەم پرسانە بە نەریت، ئایین یاخۆ ئایدیالۆژییەوە پێناسە ناکرێن. بۆ نموونە پرسی “متمانە” بە پێی دەروەستبوونی تاک لە هەمبەر بەرپرسایەتیی مەدەنی یاخۆ پابەندبوونی پێکهاتەکان لە حاند کەرامەتی ئەندامەکانیانەوە مەزندە دەکرێت و، لەبری ترس باس لە “ریسک” دەکرێت (Gyddens 1997). لە وەها کۆمەڵگایەکدا پرسی ڕیسک و متمانە بەردەوام لە حاڵی پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندندایە، ئەوەی ئەمڕۆ متمانەی پێ دەکەین، دەشێ سبەینێ جێی متمانە نەمێنێت و ببێت بە ڕیسکێکی گەورە، چونکە بنەماکانی پێناسەکردنی متمانە لای ئێمەیە و ئێمە مافی ئەوەمان هەیە پێداچوونەوە بۆ بنەماکانی متمانە بکەین. ئەوەی لەم میانەیەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە لەم قۆناغەدا ترسی دامەزرێنەکراو لە چوارچێوەی چەمکی “کۆمەڵگای ڕیسک”دا پێناسە دەکرێتەوە (Beck 1999). تاکی مۆدێڕن بەردەوام لەگەڵ دیاردەی ڕیسک کردن لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چالاکدایە، چونکە خێراییی گۆڕانکارییەکان وا لە تاکی سەردەمی دوایین–مۆدێڕنیتی دەکات کە ژیانی خۆی لەسەر بنەمای ڕیسک کردن دابڕێژێت.
لە پەیوەندی بەم وتارە، ڕکوودی سیاسی لە وەها کۆمەڵگایەکدا دیاردەیەکی وەهمی نییە بەڵکوو ئاماری و عەینییە. کاتێ باس لە ڕکوود دێتە ئاراوە لە ڕاستیدا باس لە ڕادەی بەشداربوونی شارومەندان لە پڕۆسەی سیاسیدا دەکرێت و دەنگدان یەکێکە لە بگۆڕ(موتەغەییەر)ەکانی٤. هەڵبەت پرسی خەمساردی یاخۆ بەشداریکردنی شارومەندان لە پڕۆسەی سیاسیدا دەکرێ پیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە “متمانە” و “ریسک”یشەوە هەبێت. لە وەها دۆخێکدا کاتێ باس لە خەمساردی دەکەین لە ڕاستیدا مەبەستمان “خەمساردیی مەدەنییە” کە گۆفمەن (1974) لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا شرۆڤە و پێناسەی کردووە. خەمساردیی مەدەنی بە پێی بۆچوونی گۆفمەن پەیوەندییەکی چروپڕی بە متمانەسازییەوە هەیە، بۆ نموونە شارۆمەندی کۆمەڵگای مەدەنی لەهەمبەر گشت ڕووداوەکانی دەورووبەری خۆی بە بەرپرسیار نازانێ، چونکە متمانەی بە سیستەم هەیە و دڵنیاشە سیستەم – ئەگەر کەموکوڕیشی هەبێ – کاری خۆی دەکات. سەبارەت بە کەمبوون یاخۆ زۆربوونی بەشداریکردنی سیاسی، پارامێتری ڕیسک دەتوانێ لە کۆمەڵگای ڕێفلێکسیڤیتیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت. کاتێ تاک هەست بکات بەشداری نەکردن ڕیسکێکی گەورەیە و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی دەکات ئەوا بە شێوەیەکی جیددی سیستەم دەباتە ژێر پرسیارەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا دەوری خۆی باشتر پێشان دەدات. هەڵبەت پرسی بەرژەوەندی وەک هەڵبژاردنی سیاسی بابەتێکە کە تاکی مۆدێرن خۆی سەرپشکە لە دیاریکردنیدا، بۆ نموونە سەقامگرتووییی سیستەمی دێمۆکراتیک و دەوڵەوتی خۆشبژێوی، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی تاک دەستەبەر بکات و سروشتییە کە تاک بەرژەوەندیی خۆی بە سەقامگرتووییی ئەو سیستەمانەوە گرێ بداتەوە. ئەگەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فەڕانسە لە ساڵی ٢٠١٥دا وەک نموونە بێنینەوە دەبینین کە ترس لە بەهێزبوونی باڵی دەستەراست، هاووڵاتییانی فەڕانسەی هان دا کە بۆ ڕێگرتن لە دەسەڵاتی باڵی ڕاستە کۆنسێرڤاتیڤەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرانسەریدا بکەن.
زەمینەی ڕکوود لە دامەزراوەی سیاسیدا
دەسەڵات لە هەر کۆمەڵگایەکدا کۆمەڵێ بەرژەوەندیی هاودژ بەرهەم دەهێنێ کە لە درێژخایەندا دەبنە هۆی سازبوونی مەودای کۆمەڵایەتی. ئەگەر بەرژەوەندیی ئەم کەلێنە کۆمەڵایەتییانە بە شێوەیەکی چالاک و شەفاف دەرکەون، ئەوا زەروورەتی دامەزرانی دامەزراوەی سیاسی یاخۆ بزاڤی کۆمەڵایەتییش دێتە ئاراوە. مەبەست لە کەلێنی کۆمەڵایەتی ئەو هاودژانە دەگرێتەوە کە بەهۆی بەرژەوەندیی چینایەتی؛ بۆ نموونە بەرژەوەندیی خاوەن کار و خاوەن سەرمایە، بەرژەوەندیی دەسەڵات؛ بۆنموونە شەڕی دین و دامەزراوە سێکۆلارەکان، بەرژەوەندیی کولتوریی؛ بۆ نموونە ناکۆکیی نێوان نەریت و مۆدێرنیتە و هەروەها بەرژەوەندیی هێژمۆنیک؛ بۆ نموونە مافی نەتەوایەتی، دێنە ئاراوە. لە وەها دۆخێکدا زەروورەتی دامەزراوەی سیاسی یاخۆ بزاڤی کۆمەلایەتی، ڕێکخستن و بەمانیفێست کردنی ئەو کەلێنە کۆمەڵایەتییانەیە (Rukan 1970). ئەم ڕەوتە لە ئەنجامدا دامەزراوە سیاسییەکان بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەش دەکات و لە وەها دۆخێکدایە کە ئێمە باس لە چالاکیی سیاسی یاخۆ ڕکوودی سیاسی دەکەین. ئەم پێناسەیە لەڕاستیدا شرۆڤەیەکی کۆمەڵناسانە لەمەڕ چۆنایەتیی دامەزرانی دامەزراوەی سیاسی و هۆکاری سەرهەڵدانی بزاڤی کۆمەڵایەتی بوو کە من زۆر بە کورتکراوەیی ئاماژەم پێ دا. بە پێی ئەم بۆچوونە، دامەزراوەی سیاسی لەراستیدا بەرهەمی هاودژیی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە و هەروەها بەرهەمی ئیستەعدادی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە دامەزراوە سیاسییەکانی تێدا دادەمەزرێن. کەواتە کاتێ باس لە ڕکوود لە دامەزراوەی سیاسیدا دەکەین، پێویستە ژینگەی کۆمەڵایەتیی ئەو دامەزراوانەش لەبەرچاو بگرین و بزانین کە داخوا ئەو دامەزراوە سیاسییەی ئێمە مەبەستمانە لە کۆمەڵگایەکی ئەوتۆریتی دامەزراوە یاخۆ ڕێفلێکسیڤ.
هومایون کاتووزیان لە کتێبی “ایران، جامعە کوتاه مدت” (١٣٩٠) شڕۆڤەیەکی سترۆکتۆرالیستیی هەیە لەمەڕ جیاوازییەکانی کۆمەڵگای ئێران و ئۆرووپا. ئەم کتێبە ئێمە لەگەڵ تیۆرییەکی نوێدا ئاشنا دەکا بە ناوی “کۆمەڵگای درێژخایەن و کۆمەڵگای کورتخایەن”. کاتووزیان باس لە سێ فاکتۆری گرنگ بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگای کورتخایەن دەکا کە من بەشێوەیەکی شرۆڤەیی و زۆر بە کورتی لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکەم.
١– گرفتی مەشرووعییەت و جێگرەوە: لە مێژووی سیاسیی ئێراندا کاتێ کەسێک بە ڕێگای توندوتیژی یاخۆ بە هۆی هێزی سەرمایە بە دەسەڵات گەیشتووە، پێگەی سیاسی و مەعنەویی ئەو کەسە بەڕادەیەک بەرز نرخاوە کە هێندێک جار وەک خەلیفەی خوا و تەنانەت وەک سێبەری خوا ناوزەدیان کردووە. تەقدیسکردنی کەسایەتی لە پڕۆژەی حکوومیدا هەمیشە گرفتی بۆ دیاریکردنی جێگری ئەو کەسە و هەروەها بەردەوامبوونی پڕۆژەی سیاسی یاخۆ درێژماوەبوونی سیستەمی بەرێوەبەریی ئەو حکوومەتەش ناوەتەوە. بۆ نموونە کاتێ پاشا یاخۆ ڕێبەری سیستەمی سیاسی لە ژیاندا نامێنێ، کێشەی جێگرەوە بەڕادەیەک گەورە دەبێتەوە کە دەبێتە هۆی ڕەشەکووژی لەنێوان وەزیر و گزیر و ئیلیتی حکوومیدا و لە ئەنجامدا حکوومەت بەرەو لاوازی دەچێت تا کەسێکی دی پەیدا ببێت و لە ڕێگای توندوتیژییەوە کۆتایی بەو دەسەڵاتە بێنێت و سەرلەنوێ سیستەمێکی نوێ لەسەر وێرانەی دەسەڵاتی کۆن دادەمەزرێنێتەوە (کاتووزیان ١٣٩٠).
٢– نەبوونی بایەخی ماڵی و گیانی: نرخ و بایەخی سەرمایەی تایبەت و هەروەها ئێلیتی سیاسی و کولتوری لە کۆمەڵگای درێژخایەندا زۆر بەرز دەنرخێت، چونکە کەڵەکەبوون و تەناهیی سەرمایە نەک هەر ژێرخانی ئابووریی وڵات بەهێزدەکات بەڵکوو دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەشەسەندوویی لە بواری کولتووری و سیاسییشدا. هەڵبەت ئیلیتی سیاسی و کولتورییش سەرمایەیەکی مەعنەویی گرنگن کە لە پڕۆسەی گەشەسەندوویی و دامەزراوەبوونی سیستەمدا دەوری کاریگەریان هەیە. لە کۆمەڵگای کورتخایەندا ئەم نرخاندنە نەک لە ئارادا نییە بەڵکوو بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر وەبەر غەزەبی دەسەڵاتداران دەکەوێت. بۆ نموونە لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا یاخۆ لە ماوەی دەسەڵاتی پاشا یا ڕێبەری سیستەمی سیاسیدا، زۆر کەس لە خاوەن سەرمایەکان بەر غەزەبی دەسەڵات کەوتوون و دەستیان بەسەر مال و سامانیاندا گرتووە و دواتر ئەو سەرمایەیە بەسەر خاوەن دەسەڵات و بازنەی نزیک لە دەسەڵاتدا دابەش کراوە. هەروەها ئیلیتی سیاسی و کولتووری بە حوکمی ناڕەوا و بە شێوەی سەلیقەیی ڕەشەکوژ کراون، بۆ نموونە قەتڵە زەنجیرەییەکان لە ئێران، تیرۆری کەسایەتییە سیاسییەکان لە دەرەوەی وڵات، حوکمی ئیعدام یاخۆ زیندانی درێژماوە بۆ ڕەخنەگران و هتد (ibid).
٣– گرفتی کەڵەکەیی٥و گەشەسەندوویی: چەمکی کەڵەکەیی یاخۆ ئاکومولاسیۆن بە پێچەوانەی ڕوانگەی کلاسیکیی مارکسیسزم، ئەمرۆ لە زانستی ئابووریدا گرنگیی تایبەتی پێ دەدرێ. مەبەست لە کەڵەکەیی لە ڕاستیدا هەموارکردن و دەستەبەرکردنی مافی سەرمایەگوزارییە لە وڵاتدا. هەڵبەت خاڵی سێهەم واتە کەڵەکەیی و گەشەسەندوویی پەیوەندیی بە خاڵی دووهەمەوە هەیە کە باسمان کرد. بە هۆی نەبوونی تەناهیی ماڵی و گیانی لەو وڵاتانەی کە بە کۆمەڵگای کورتخایەن پێناسە دەکرێن، خاوەن سەرمایەکان ئەنگیزەی سەرمایەگوزاری لە نێوخۆی وڵاتیان نامێنێ و لە ئەنجامدا سیاسەتی گەشەسەندووییش شکست دەهێنێ (ibid).
بە پێی ئەو فاکتۆرانە کە کاتووزیان ئاماژەیان پێ دەدات ئێمە لینکێک لە نێوان کۆمەڵگای ئەوتۆریتی و کۆمەڵگای کورتخایەن و هەروەها کۆمەڵگای ڕێفلێکسیڤیتی و کومەڵگای درێژخایەندا دەبینیینەوە. لە هەردوو پێکهاتەکەدا ترسی دامەزرێنەکراو ڕۆڵی کاریگەری هەیە، وەها کە پرسی ئازادی وەک تراوما و هۆکارێک بۆ بشێوی دێتە ئەژمار و لە کۆتاییدا پەنا بۆ قارەمان، فەرمانڕەوایەکی ئازا و ڕێبەرێکی کاریزما دەبەنەوە بەڵکوو لە هۆکارەکانی ترس ڕزگاریان بکات. هەڵبەت کاتووزیان لە نێوەرۆکی باسەکەیدا کۆمەڵگای کورتخایەن وەک “خانە کلنگی” پێناسە دەکات و مەبەست لەم وتەزایە لە ڕاستیدا نەریت و وەسواسی ئێرانییەکان دەگەیەنێت لە ماملەکردن لەگەڵ دیاردەی کۆن دا. بۆ نموونە لە کاتی کرین و فرۆشتنی خانووبەرەدا کاتێ کڕیار باس لە “کلنگی” بوونی بینایەک دەکات، مەبەست لەم وتەزایە ئەوەیە کە خانووەکە بۆ ڕووخاندن و سەرلەنوێ بینا کردنەوە دەشێت، لە حاڵێکا ڕەنگە ماوەی بیست یاخۆ سی ساڵ بەسەر سازکردنی ئەو بنیایەدا تێنەپەریبێ. لە ئۆرووپا تەمەنی خانووەکان نزیک بە سەد ساڵە و خانوو ڕووخاندن و بیناکردنەوە زۆر بەدەگمەن لە پڕۆژەی میعماریی شارسازیدا لەبەرچاو دەگیرێ، چونکە سیاسەتی نۆژەنکردنەوە هەمیشە لە ئەولەویەتدایە (ibid). وەها دیاردەیەک ڕەگی لە تێگەیشتنی کۆمەڵگای کورتخایەن لە دیاردەی نەریتدایە و دوای مۆدێڕنیزەکردن، خولیا و خەونەکانی نەریت لە ملیان نابێتەوە و لە دۆخ و فۆرمێکی نوێدا بەرهەمی دەهێننەوە. وەک ڕۆمانەکەی شێرزاد حەسەن: «حەسار و سەگەکانی باوکم» (١٩٩٦)، کاتێ براکەیان باوکە سەرەڕۆکەیان دەکوژێت، خوشکە خەساو و چەوساوەکانی بەگژ براکەیاندا دەچنەوە و شیوەن بۆ مەرگی باوکیان دەکەن.
ئەگەر بمانەوێ تیۆری کۆمەڵگای کورتخایەن لە چەند وشەدا فۆرموولە بکەین بەم ئاکامە دەگەین کە لە سەر کۆمەڵگایەک قسە دەکەین کە لە ژێر سریمەی “سیکلی ئانۆمی – دیسپۆتیزم”دایە.
واتە: دامەزراوەی سیاسی لە ئێران، لە ڕوانگەی سترۆکتۆرالیستیی کاتووزیانەوە بەرهەمی، بازنەیەک پێک دەهێنێت کە لە شێواوییەوە بەرەو ئیستبداد و لە ئیستبدادەوە بەرەو شێواوی دەچێت. لە کاتی شێواوی یاخۆ پاشاگەردانیدا جموجۆڵی سیاسی و دامەزرانی تاقم و گرووپ و حیزبی سیاسی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە کۆمەڵگای کورتخایەندا دەردەکەون و پەرەدەستێنن. کاتێ باڵ یاخۆ حیزبێکی سیاسی لە ململانێی دەسەڵاتدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، بە شێوەی توندوتیژانە سەرکوتی لایەنەکانی دیکە دەکات و لە مەیدان بەدەریان دەکات. بەڵام “فەتحعەلی موقەدەم” بە پێچەوانەی شرۆڤەی سترۆکتۆرالیستیی کاتووزیان لەمەڕ دیاردەی ئیستبداد، ڕەگی ئەم دیاردەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی ئێرانییەکان کە پەیوەندیی بە مەعریفە و ڕەفتاری ئێرانییەکانەوە هەیە. ئەو پێی وایە ڕێبەر، فەرمانڕەوا و قارەمان کە دەگەنە دەسەڵات، فۆڕمێکی پلاستیکییان هەیە و هێندەش بەردینە نین. ئەو شتەی سەرکردەکان بەرەو ئیستبداد پاڵ پێوە دەنێت، سترۆکتۆر نییە بەڵکوو هەڵسوکەوتی کۆمەڵگایە کە هەر دەسەڵاتێک دابمەزرێت ئەگەر بە تامی ئیستبداد و سەرەڕۆیی نەبێت، هەست بە تەناهی و سەقامگرتوویی ناکەن (Moghaddam 2022). سەرەڕای بۆچوونی سایکۆلۆژیکاڵی موقەدەم بۆ دیاردەی ئینقلاب و سەرەڕۆیی، نابێ لە بیرمان بچێتەوە کە یەكێک لە بەرچاوترین هێماکانی چالاکیی سیاسی و ڕکوودی سیاسی لە وەها کۆمەڵگایەکدا دیسان لە بابەت خانەی سیکلی “ئانۆمی/ دیسپۆتیزمدا” بەرهەم دێتەوە کە لە سەرەوە باسمان لێ کرد. حیزب یاخۆ دامەزراوەی سیاسی پرۆژەیەکی درێژخایەنە و کاراییەکەی لە بەردوامبوون و تەمەندرێژیی ئەو دامەزراوەیەدا دەردەکەوێت. لە کۆمەلگایەکدا کە دیاردەکانی کورتخایەن بن، سروشتییە مەجالی بەردەوامبوونی کاری سیاسییش کورتخایەن دەبێت.
ڕکوود، داننان و چارەسەری
تا ئێرە باسمان لە زەمینە و بەستێنەکانی ڕکوودی سیاسی کرد، واتە باسمان لەو دۆخانە کرد کە ئەگەری ڕکوودی سیاسییان تێدا بەهێز دەبێت، بەڵام هۆکاری ڕکوودی سیاسی بابەتێکی دیکەیە کە ئێمە بۆ شرۆڤەکردن و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی، پێویستمان بە مێتۆدی لێکۆڵینەوە هەیە. ڕەنگە لە قسە و باسی ڕۆژانە یاخۆ لە هێندێ لێدوانی ژووڕنالیدا باس لە ڕکوودی سیاسیی حیزب یاخۆ جووڵانەوەیەکی سیاسی–کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە و کۆمەڵێک نیشانە و تێرم بۆ سەلماندنی ڕکوود ڕیز بکرێن، بۆ نموونە: کەمپنشینی، لە ڕۆژەڤدا نەمان، کلاسیک بوون، بێجووڵەیی، لاوازیی گوتار، شکستی تاکتیکی، کلوبی ڕۆشنبیری، حیزبی لۆکس و زۆر شتی دیکە کە ئێمە دەتوانین بەم زەنجیرە هۆکارانەوە زیادیان بکەین. بەڵام هیچکام لەم خاڵانە لە باری زانستییەوە ناتوانن ڤاریابلێکی گونجاو و باوەڕپێکراو بن. بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئێمە هەم پێویستامان بە دیزاینێک هەیە کە هۆکاری ڕاستەوخۆ و هۆکارە ناڕاستەوخۆکانی پرسیارەکە فورموولە بکا، هەم پێویستمان بە تیۆر و سیگنیفیکانت بوون هەیە، واتە سەلماندنی ڕەوایی بوونی تیۆر و دیزاینی لێکۆڵینەوەکە.
لە زانستی پزیشکیدا باوە کە یەکێک لە مەرجەکانی چارەسەری نەخۆشی ئەوەیە نەخۆشەکە باوەڕ بەوە بکات کە نەخۆشە، ئەوجار هەوڵ بۆ کاری پشکنینی نەخۆشییەکە دەدرێت و دواجار پڕۆسەی دەرمانکردنی نەخۆشییەکە دەست پێ دەکات. ئەم مۆدێلە باس لە سێ قۆناغ دەکا: یەکەم داننان بە نەخۆشییە، دووهەم پشکنین و لێکۆڵینەوەیە و سێهەم چارەسەرییە. کاتێ بمانەوەێ باس لە هۆکاری ڕکوودی سیاسی بکەین لە ڕاستیدا پێویستیمان بەم مودێلەیە، واتە داننان بە ڕکوودی سیاسی کە پێویستی بە واقعگەراییەکی سیاسی هەیە، دواتر لێکۆڵینەوە بۆ هۆکارەکانی ڕکوود کە پیویستی بە تیۆر و مێتۆد هەیە و دواجار پڕۆسەی چارەسەرییە کە پێویستی بە ئیرادە هەیە و حەتمەن بە پرۆژەی “تاقیکاری– هەڵە” دا تێدەپەڕێ بەڵکوو بگاتە چارەسەری.
١– داننان: لەم وتارەدا باسێکی چەمکناسیمان لە بەشی تێرمینۆلۆژیدا کرد و چەند خاڵمان وەک پێناسە بۆ ڕکوودی سیاسی باس کرد. لێرەوە ئێمە ڤاریابڵێکی دی بە چەمکناسیی ڕکوودی سیاسییەوە زیاد دەکەین بە ناوی “وڵام نەدانەوە”. مەبەست لە “وڵام نەدانەوە” ئەوەیە کە بۆ نموونە ڕێکخراوێکی بازرگانی یاخۆ حیزبێکی سیاسی، مێتۆدێک پەسند دەکات بۆ بردنەپێشی ئامانجی ڕێکخراوەکەی و، ئەم مێتۆدە لە پڕۆسەی تاقیکاریدا چەندجار وڵام ناداتەوە. ئێستا ئەگەر بۆ سەرخستنی هەمان مێتۆد سوود لە باشترین تیۆر و پێشکەوتووترین تێکنۆلۆژییش وەربگرین، لە ڕاستیدا مێتۆدێک دەبەینە پێش کە لە بنەڕەتدا هەڵەیە. لە وەها دۆخێکدا ئەم پڕۆسەیە دوو خاڵ دەپێکێت: یا پڕۆژەکە دیسان وڵام ناداتەوە کە لە کۆمەڵناسیدا بەم ڕەوتە دەڵێن هەڵەی سیستەماتیک، یاخۆ گرفتاری ئاکسیۆماتیزە بوون دەبێ (واتە پێمان وابێ کە درگا تاقە ڕێگای چوونەژوورەوەیە، لە کاتێکا دەشێ زۆر ڕیگای دیکە لە ئارادا بێ بۆ چوونەژوور). یەکێک لە تراژیدییەکانی هەڵەی سیستەماتیک ئەوەیە کە لە رێگای پرۆپاگاندا و بانگەشەی عاتیفییەوە، مێتۆدە هەڵەکە بەسەر عەرزی واقعدا بسەپێنێ کە لە ئەنجامدا دوو هۆی لێ دەبێتەوە: لە یەکەم حاڵەتدا ناچار دەبێ بکەویتە حاڵەتی بەرگریکردن لە مێتۆدە هەڵەکە و درگا لەسەر بەحسی “دەروون پارادایمی” دابخات و، دووهەم حاڵەت ئەوەیە کە لەهەمبەر ڕەخنەگرتندا حەساس بێت و توندوتیژی بنوێنێت. ئەم دۆخە نەک هەر زۆرترین تێچووی بۆ دامەزراوە بازرگانی و سیاسییەکان هەبووە بەڵکوو سیستەم لە ڕکوودەوە بەرەو قەیران پەلکێش دەکات. کەواتە کاتێ سیستەم وڵام ناداتەوە عەقڵانیترین کار داننان بە هەڵەبوون و ناکاراییی مێتۆدەکەیە.
٢– لێکدانەوە و پشکنین: مرۆڤی سەدەی بیست و یەکەم لە سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزدا دەژیت. ئاڵۆزیی (پیچیدگی) هۆکارێکی دیاریکەرە بۆ گشت دیاردە سروشتییەکان و هەروەها ئەو دیاردانەی بەدەستی مرۆڤ بەرهەم دێن. کەواتە چەمک و ئاماژەکانی ئالۆزی دەشێ هەم لە نێو ڕێکخراوەدا هەست پێ بکرێن و هەم لەو ژینگەیەدا کە ڕێکخراوەکەی تێدا دامەزراوە. پێشتر و لە سەدەی ڕابردوودا “یاسای نیوتۆن” بەسەر گشت بوارەکانی زانست و تەنانەت سیاسەتیشدا زاڵ بوو. نیوتۆنیستەکان پێیان وابوو جیهان لە کۆمەڵێ سیستەمی ڕاست و تەکووز پێکهاتووە کە بە پێی یاسا جەبرییەکانی سروشت، لە جووڵەدایە و ئێمە دەتوانین پێشبینییان بکەین. ئەم مۆدێلە وا دەردەخات کە مەعلوولەکان بە شێوەیەکی هێڵ– ئاساییانە دەرەنجامی هۆکارێکی تایبەتن. بەڵام زانستی ئەمرۆ باس لەوە دەکات کە جیهان لە کۆمەڵێ سیستەم پێک هاتووە کە لە “هیچەوە” دروست دەبێت، بەشێوەیەکی داهێنەرانە کار دەکات و هەروەها دەرکەوتەکانی ئەم دۆخە مەجالی پێشبینیکردن بە کەس نادەن چونکە بە هەڵکەوت (تصادفی) سەر هەڵدێنن. هەڵبەت لەم پارادایمە نوێیەشدا یاسایەکی دێتەرمینیستی (جبری) لە ئارادیە، واتە پێمان دەڵێ کە سیستەمەکان لەم پارادایمەدا پێڕەوی لە سیکلێکی بەردەوام دەکەن کە لە بێنەزمییەوە بەرەو نەزم و لە نەزمەوە بەرەو بێنەزمی دەچن، ئەم بۆچوونە بە تیۆریی ئاڵۆزیی٦ ناوزەد کراوە. هەر لەم پەیوەندییەدا تیۆرییەکی دیکە بە ناوی تیۆریی بێنەزمی٧ هاتۆتە نێو دونیای زانستەوە کە ئێمە بەرەو پارادایمێکی نوێ پاڵ پێوەدەنێت، هەڵبەت ئەم تیۆرە زۆر خاڵی هاوبەشی لەگەڵ تیۆریی ئالۆزییشدا هەیە. پرۆفسۆر کاترین هێلز (١٩٩٠) لە شرۆڤەکردنی تیۆریی بێنەزمیدا دەڵێ: بێنەزمی و ئاڵۆزی شێوازێکە لە بێنەزمییەکی بەنەزم٨یاخۆ نەزم لە بێ نەزمیدا. بۆیە بێنەزمن؛ چونکە توانای پێشبینی کردنمان نییە و، بۆیە بەنەزمن؛ چونکە بڕشت (قطعیت) و زەبروزەنگی تێدا بەدی دەکرێت. هەڵبەت کاتێ باس لە بڕشت دەکرێ مەبەست لەوەیە کە لە هەناوی بێنەزمیدا شیوازێک لە نەزم بەدی دەکرێت کە هۆکاری دەرەکیی نییە بەڵکوو بێنەزمی لە هەناوی خۆیدا هەڵگری یاسایەکە کە ناچارە بەرەو نەزم بڕوات (Hayles 1990). بۆ زیاتر دەرک پێ کردنی جیاوازییەکانی پارادایمی نیۆتۆنی و پارادایمی بێنەزمی لەمەر پرسی بەرێوەبەری و ڕێکخستندا هەوڵ دەدەم لێرەدا بەراوردێکی کورت بکەم.
پارادایمی نیوتۆنی: ژینگەی کۆمەڵایەتی لە پارادایمی نیوتۆنیدا سادە و دینامیکییە و وا مەزندە دەکرا کە توانای پێشبینیکردنی گشت ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە. دیدێکی میکانیکیمان بۆ سیستەم و ڕێکخراوەکان هەبوو و پێمان وابوو کە یاسای “هۆکار–بەرکار” (عیللەت– مەعلوول) بە سەر گشت دیاردەکاندا زاڵە و لەو شوێنانەدا کە یاسای عەقڵانی وڵامی بۆ هۆکارە نادیارەکان نەدەبوو، لە ڕێگای سادەکردنەوەوە شڕۆڤەی دۆخەکەیان دەکرد بۆ نموونە یاسای کێش (جاذبە). لە پارادایمی نیوتۆنیدا (لێرەدا مەبەست سیاسەتە) پرسی کارایی بە پێی بارستاییی زانیاری و ئایدیالۆژی پێناسە دەکرا و ڕێکخراوە وەک دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ئایدیا دەناسرا، بۆیە ناوەندی بڕیاردان هەمیشە لە بازنەیەکی چەند کەسیدا چڕ دەبووەوە (سێکتاریزم) و لە ئەنجامدا ئەرکی سەرەکیی بەڕێوەبەران پاراستنی دۆخی ئارایی بوو.
پارادایمی بێنەزمی: ژینگەی کۆمەڵایەتی لە پارادایمی بێنەزمیدا ئاڵۆز و پلاستیکییە و بەم چەشنە زۆر زەحمەتە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان پێشبینی بکرێن. لەم پارادایمەدا ڕێکخراوە چیدی وەک ماشێن چاو لێ ناکرێت بەڵکوو وەک ئورگانێکی زیندوو سەیری دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دەکرێت. دیاردەکان نەک بە پێی یاسای هۆکار–بەرکار بەڵکوو وەک پەیوەندییەکی “تەعامولی” ڕەچاو دەکرێن. لە پارادایمی بێنەزمیدا ڕێکخراوە ئاخێزگەی بەرهەمهێنانی ئایدیا نەماوە، بەڵکوو پەنا بۆ هەر چەشنە ئایدیایەک دەبات کە هۆکاری گەشەسەندووییی ڕێکخراوەکە و چالاک کردنەوەی ئۆرگانیزمە جیاوازەکانی سیستەم بێت. لێرەدا ناوەندی بڕیاردان لە چەند کەسدا چڕ نابێتەوە بەڵکوو بە پێی “ژیریی بەکۆمەڵ” لەسەر بڕیارەکان ساغ دەبنەوە و ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی، نەک پاراستنی دۆخی ئارایی بەڵکوو داهێنان و نوێخوازییە.
بەم چەشنە سەردەمی ئێمە، لە پارادایمی نیوتۆنی تێپەڕیوە و بەرەو پارادایمی بێنەزمی هەنگاوی ناوە، کەواتە زۆر سروشتییە کە گۆڕانێکی بنچینەیی لە هەلومەرجی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا پێکهاتبێت کە حەتمەن دەرفەتی کارکردن بۆ حیزب یاخۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی ئاڵۆزتر دەکات و لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی ڕکوود.
٣– چارەسەری: لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسمان لەوە کرد کە پارامێتری”چارەسەری” لە پەنای پارامێتری “پرس” و “سەردەم”دا زۆر گرنگە و پێویستە سەرنجی تایبەتی پێ بدرێت. چارەسەری لە کولتوری ئێمەدا هەمیشە ڕەهەندێکی نەسیحەتاویی هەبووە، واتە هەر کەسێ لە جێی خۆیەوە هەڵدەستێ و وەک ڕیشسپییەکی ماقووڵ دڵسۆزی دەکات و ڕێکار و چارەسەری پێشکەشی لایەنەکان دەکات. لە ئەنجامدا کەس یاخۆ ئەو لایەنە سیاسییەی لە دۆخێکی قەیراناویدا دەژیت، هەمیشە لە هەمبەر ئەو چارەسەرییە حەکیمانەیەدا حەساستر و ئاڵۆزتر دەبێت. ئەم وتارە هەوڵ دەدا خۆی لەو دۆخە کەلتوورییە دوور ڕاگرێ و سروشتییە کە باس کردن لە چارەسەری– لەم وتارەدا – پێڕەوی لەو ڕەوتە ڕۆتینییە ناکات کە وەک ڕیشسپی ڕێکار و ڕێگاحەل ئاراستەی دۆخە قەیراناوییەکان بکات. هەڵبەت چارەسەری بە زمانی زانستییانە، پێڕەوی لە مۆدێلێک دەکا کە لە زانستدا کاری پێ دەکرێت. کەواتە ئێمە پێویستیمان بە پێناسەیەکی زانستی هەیە بۆ هەر سێ پارامێترەکان. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە شێوەیەکی فورموولەکراو چەمکی سەردەم، پرس و چارەسەری بخەمەوە بەرباس.
پارامێتری سەردەم، بە زمانێکی زۆر سادە، پەیوەندیی بە جووڵە و گۆڕانەوە هەیە. کاتێ باس لە جووڵە دەکەین مەبەستمان یەک شتە: ڕەوت و دیاردەکان بە گوزەرێکی زەمانیدا تێدەپەڕن (دەسپێک، هەنووکە، داهاتوو) و کاتێ باس لە گۆڕان دەکەین مەبەستمان گۆڕانکاری لە چەندایەتی و چۆنایەتیی دیاردەکانە کە بەپێی زەمان دەردەکەون. مانای پارامێتری پرس بریتییە لە مەودای نێوان دۆخی ئارایی (موجود) و دۆخی ئیدەئال (مطلوب) کە ئەم مەودایە پڕە لە دیاردەی نەناسراو و هۆکاری نادیار (مجهولات و معلولات). وەک لەم پێناسەیەدا دەردەکەوێ چەمکی پرس، جیاوازیی هەیە لەگەڵ گرفتدا چونکە گرفت باس لە کۆمەڵێ دۆخی نائیدەئال دەکات کە بەهۆی یەک یاخۆ چەند دانە پرس دێتە ئاراوە. مەبەست لە چەمکی چارەسەری ئەوەیە کە بە پێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدا هەن، لایەنە نەناسراوەکانی پرس بدۆزینەوە و ڕێگایەکی مسۆگەر بۆ دەرچوون لە دۆخی ئاراییەوە بۆ دۆخی ئیدەئال ببینینەوە.
جێنریچ ئاڵتشوولێر (١٩٤٦) لە سەردەمی سۆڤیەتی پێشوودا، بنەمایەکی زانستییانەی بۆ “داهێنان و چارەسەری” هێنایە نێو جیهانی زانستەوە کە بە داهێنانناسیی تریز٩ ناوی دەرکرد. تریز (TRIZ) کورتکراوەی دەستەواژەیەکی ڕوسییە و لە ئینگلیسیدا بە (Theory of Inventive Problem Solving) ناوەزەد کراوە و ئەمرۆ لە لقە جیاوازەکانی زانستدا سەرنجی پێ دەدرێت. ئەگەر بمانەوەێ بە کورتی و بە زمانێکی زۆر سادە تیۆریی تریز پێناسە بکەین دەبێ بڵێین تریز شێواز یاخۆ ئالگوریتمێکە بۆ چارەسەری گرفتی داهێنان کە بە مێتۆدێکی سیستەماتیک هەوڵ بۆ دۆزینەوەی هۆکارە ناستانداردەکان دەدات و لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی مێتۆدۆلۆژییانە چارەسەری پێشکەش دەکات (گلستان هاشمی ١٣٨١). وەک باس کرا تریز لە زۆربەی بوارەکانی زانستدا دەکار دەکرێ و من هەوڵ دەدەم مۆدێلی تریز لە پەیوەندی بە نێوەرۆکی سەرەکیی ئەم وتارە بەکار بێنم، چونکە ڕێکارەکانی تریز خۆی لە چل دانە بنەمادا دەبینێتەوە کە لەم وتارەدا ناپەرژێینە سەر گشتیان. کەواتە سوود وەرگرتن لە مۆدێلی تریز لە پەیوەندی بە ڕکوود و چارەسەری ڕکوود بە مانای ئەوەیە کە سیستەمێکی باوەڕپێکراو و زانستیمان لەبەردەستدا بێ تاکوو بە شێوەیەکی ڕێژەیی مۆدێلێکی مێتۆدۆلۆژییانە بۆ پرسی چارەسەری ببینینەوە.
چوار بنەمای سەرەکی بۆ تریز کە پێویستە بۆ پرسی داهێنان و چارەسەری ڕەچاو بکرێن بریتین لە:
- ڕەچاوکردنی ڕەوەندی قۆناغ بە قۆناغ، واتە بۆ دیتنەوەی چارەسەری پیویستە هەنگاو لە دوای هەنگاو هەڵێنینەوە و بە شیوەیەکی سیستەماتیک گرفتەکان یاخۆ ئەو هۆکارانەی – بۆ نموونە دیاردەی ڕکوودیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە– یەک بە یەک چارەسەریان بۆ ببینرێتەوە
- ریزکردنی ڕێگاچارەکان لەلای یەک بۆ ئەوەی چارەسەرییەکی ئیدەئالتر هەڵبژێرین.
- چارەسەرییەکان توانای تاقیکارییان هەبێ واتە مۆدێلێکی ستاندارد بن.
- دەرەنجامی ئەو چارەسەرییانە وەک بنەمایەک بۆ داهێنان بەهێز بن. بەڵام لەم نێوەدا چوار سیستەمی گرینگ هەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بنەماکانی چارەسەرییەوە هەیە، واتە: ١– ناسینی پرس، بۆنموونە کاتێ پرسی ڕکوود دێتە ئاراوە، سەرەتا دەبێ بنەماکانی پێناسەی ڕکوود بناسین. ٢– فورمولبەندیکردنی گرفتەکان، ٣– گەڕان لە دوای ئەو ڕێکارانەی پێشتر بۆ چارەسەریی پرسێکی هاوشێوە تاقی کراونەتەوە، ٤– هەڵبژاردنی ئالگوریتـمێکی گونجاو.
ئەوەی تا ئێستا باسمان کرد لە ڕاستیدا ئاڵۆزیی پرسی چارەسەری دەردەخات و لە هەمان کاتدا پێمان دەڵێت ئەگەر چارەسەری بە پێێ مۆدێلێکی ستاندارد دیاری نەکرێت، نەک هەر گرفت و کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو ئالۆزتریش دەبن. لە ڕاستیدا یەک لە هۆکارە بەهێزەکانی ڕکوودی سیاسی –لە ناو حیزب یاخۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی– پێشکەشکردنی ڕێکاری ئاماتۆڕانە و هەڵەی سیستەماتیکە، کە هەم دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی پرسی ڕکوود و هەم ڕێکخراوەکان بە ڕادەیەک حەساس دەکەن کە چاوپۆشی لە پرسیارە سەرەکییەکە، واتە ڕکوود، بکەن.
دواوتە و کۆتایی
ئەم وتارە تایبەت بوو بە دیاردەیەکی هەنووکەیی بەناوی ڕکوودی سیاسی. وەک لە بەشی چەمکناسیدا ئاماژەمان پێ دا، هەتا ئێستاش پێناسەیەکی تۆکمە بۆ ئەم چەمکە لە ئارادا نییە. بەڵام ئێمە باش دەزانین کە ڕکوودی سیاسی هەیە، هەست پێ دەکرێ، باس دەکرێ و تەنانەت یەکتریشی پێ تۆمەتبار دەکەین. هەڵبەت ئەوەش دەزانین کە چەمکی ڕکوودی سیاسی، لەگەڵ قەیرانی سیاسی و شکستی سیاسی و هەروەها ئاشبەتاڵدا جیاوازیی هەیە. لە میانەی ئەم وتارەدا باسمان لە سێ فاکتۆری سەرەکی کرد بۆ بەستێنسازیی ڕکوودی سیاسی؛ یەکەم، زەمینەی کۆمەڵایەتی بوو، دووهەم، سترۆکتۆری کۆمەڵایەتی و سێهەم، دامەزراوەی سیاسی بوو. ڕکوودی سیاسی دۆخێکی کاتییە کە هەم لە کۆمەڵگا و هەم لەنێو دامەزراوەی سیاسیدا سەر هەڵدەدات. کاتێ باس لە دۆخی کاتی دەکەین مەبەستەکەمان ڕوونە، واتە ڕکوودی سیاسی بەرهەمی قۆناغێکی مێژوویییە کە گشت بنەماکانی نەزمی ئارایی و سەقامگرتووییی سیستەمەکانی تووشی ئاڵەنگاریی کردووە. کەواتە ڕکوودی سیاسی لەخۆیدا مەترسی نییە، چونکە هەر دیاردەیەکی کاتی، تا ئەو کاتەی ڕێگای چارەسەریی بۆ هەبێ، شانسی دەربازبوونیشی هەیە. بەڵام یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر ڕکوودی سیاسی، بەهێزکردنی ڕەوتی ئاکسیۆماتیکە کە لەم وتارەدا هاتە بەر باس، هەروەها دان نەنان بە ڕکوود و دابەزینی ئاستی تۆلێرانسی دامەزراوە سیاسییەکانە لە هەمبەر ڕەخنەگرتندا. ئەم دۆخە نەک هەر یارمەتی بە دەربازبوون لە ڕکوود نادات بەڵکوو زەمینەی قەیران و دواتر شکستی سیاسی بۆ دامەزراوە سیاسییەکان خۆش دەکات.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لە کاری دامەزراوە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە کاتێ ڕێبەریی ئەو دامەزراوانە هەوڵ بۆ گۆڕان و چالاککردنی ڕێکخراوەکانیان دەدەن، بێ ئەوەی خۆیان هەست پێ بکەن لە بەرانبەر ئەو ڕەوتانەدا دەوەستنەوە کە دەبنە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە ڕێکخراوەکەدا. واتە ڕێبەرایەتی لە کاتی بردنەپێشی بەرنامەکەیدا هەست دەکا لە شوێنێکدا گرفتێک هەیە و خێراییی کار و پلانەکانی کەم دەکاتەوە، بەڵام سەرچاوەکەی نادۆزێتەوە. لە کاری ڕێکخراوەییدا زۆر گرنگە سەرنج بەو دیاردە و ڕەوتانە بدەین کە لە بەرانبەر پرۆژەکاندا خۆڕاگری دەکەن. ئەو خۆڕاگرییە پێویستە وەک هاوسەنگ ڕەچاو بکرێن نەک ڕەقیب. ئەگەر ئەو هاوسەنگییە خۆڕاگرە، بەشێوەی نهێنی چالاکی بکات و ڕێبەرایەتیی حیزب یاخۆ سیستەمی سیاسیی وڵات بایەخی پێ نەدات، لە ڕاستیدا زەمینە بۆ ترسی دامەزرێنەکراو و لە ئەنجامدا کورتخایەنبوونی پڕۆژەکان خۆش دەکات کە پێشتر لەم وتارەدا هاتە بەرباس. ڕێبەرایەتییەکی وشیار و زانا پیویستە ڕێگا بۆ خۆنواندن و چالاک کردنی ئەو هاوسەنگییە نهێنییانە بدات کە لە ترسانا و بەشێوەیەکی نهێنی خەریکە خۆراگری دەکەن. لە ڕاستیدا لە پڕۆژەی چالاکیی سیاسیدا، چێکردنی هاوسەنگی لەنێوان هاودژەکاندا بابەتێکی گرنگە. لەم پێناوەدا بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر پرسی هاوسەنگی بە پێویستی دەزانم ئاماژەیەکی کورت بە ئەسڵی لوشاتیلیە لە کیمیادا بدەم کە دەشێ وەک بنەمایەک بۆ پرسی کۆمەڵایەتییش ڕەچاو بکرێ. هێنری لوئی لوشاتیلیە (١٨٥٠–١٩٣٦) ساینتیستێکی بواری کیمیا بوو لە فەڕانسە. لوشاتیلیە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە بواری کیمیادا بەم ئەنجامە گەیشت کە سیستەمێکی هاوسەنگ، هەمیشە لە بەرانبەر گۆڕانکاری و پارامێترەکانی دەوروبەریدا کاردانەوە لە خۆی پێشان دەدات و تووشی ناهاوسەنگی دەبێت. بۆ ئەوەی ئەم ناهاوسەنگییە قەرەبوو بکاتەوە، ناچارە خۆی لەگەڵ واقعیەتدا سازگار بکات و لە ئەنجامدا بەرەو هاوسەنگییەکی نوێ دەچێت. کەواتە ڕەخنە، خوێندنەوەی جیاواز و تەنانەت قەوارەی نوێی سیاسی، لە خۆیدا باس لە بوونی هاوسەنگییەکی جیاواز و سەربەخۆ دەکەن کە ئەگەر لەگەڵ دامەزراوە سیاسییەکان لە هاوپەیوەندییەکی ڕەخنەگرانە و دێمۆکراتیکدا بن، ئەوا دامەزراوەکان وێران ناکەن بەڵکوو بەرەو هاوسەنگییەکی نۆێیان دەبەن. بەم چەشنە و لە کۆتاییی ئەم وتارەدا بەم ئاکامە دەگەین کە: “باشترین پێشمەرج بۆ بەرگرتن لە ڕکوودی سیاسی، کۆتایی هێنان بە ڕوانینی کۆنترۆڵ و بێمتمانەییە و هەروەها گرتنەپێشی هاوپەیوەندی لەگەڵ دیاردەی فرەهاوسەنگییە کە پارادایمی بێنەزمی وەک زەروورەتێکی سەردەمیانە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی”.
پەراوێزەکان
1.Political Stagnation
2.Late Modernity
3.Risk Society
4.variable
5.Accumulation
6.Complexity Theory
7.Chaos Theory
8.Olderly Disorder
9.TRIZical Creanovatology
سەرچاوەکان
- Adorno W. Theodor & Horkheimer Max (1947). ”Opplysningens Dialektikk”. Oversatt av Lars Petter Storm Torjussen (2011). Spartacus.
2- Giddens, Anthony. (1997). ”Modernitetens konsekvenser”. Oslo. Pax forlag
3- Goffman, Erving (1974). ”Vårt rollespill til daglig”: en studie i hverdagslivets dramatikk, Dreyer.
4- Hayles N. Katherine (1990). “Chaos Bound: Orderly Disorder in Contemporary Literature and Science”. Ithaca: Cornell University Press, 1990.
5- Moghaddam, Fathali M. (2022). “Revolution and Psychology” in How Psychologists Failed. Cambridge University Press.
6- Rokkan S. (1970), ”Citizen, Election Political Parties”, Approaches to the Comparative Study of the Processes of Development . Antologi av artikler (med Angus Campbell, Per Torsvik og Henry Valen). Oslo, 1970.
7- Beck Ulrich (1999). ” World Risk Society”, Polity Press 1999.
سەرچاوە فارسییەکان
١– کاتوزیان، محمد علی همایون (١٣٩٠). “ایران، جامعە کوتاه مدت”. ترجمە عبداللە کوثری. نشر نی.
٢– گلستان هاشمی، سید مهدی (١٣٨١). “سیستم حل مسئلە ابداعی و خلاقیت و نوآوری نظام یافتە”. TRIZ مجلە مدیریت (انجمن مدیریت ایران)، شمارە ٥٩–٦٠ فروردین– اردیبهشت ١٣٨١.