گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠
شیکاری
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024
فەڕشی،برایم (٢٠٢٤):ڕێکخراوی مەدەنی “NGO“ و کورد!. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٢٥٩–٢٥٠ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/
ڕێکخراوی مەدەنی “NGO” و کورد!
نووسەر: برایم فەڕشی
[١]
ڕێکخراوی مەدەنی، دەزگایەکی ناده‌وڵه‌تیی سه‌ربه‌خۆیە و له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه بۆ پاراستنی مافی هەمەلایەنەی ئینسان، مافی زیندەوەران، ژینگە و باشترکردنی ژیان ساز دەکرێ. ئه‌م ڕێکخراوانه له ڕێگای پارەی ئه‌ندامه‌تی، یارمه‌تیی ماڵی، خۆیان بەڕێوە دەبەن. هه‌رچه‌ند لێره و له‌وێ پێوه‌ندیی کاری و ئیداری و دەوڵەتی و پشتگیریی ماڵی هه‌بێ، بە مانای ژێر سوڵتەبوونی ڕێکخراوەکە نییە و قانوون پشتگیریی ماڵی بەو ڕێکخراوانەی سەلماندووە!
ڕێکخراوی مه‌ده‌نی دوور لە گرێدراویی حزب، کڵیسه، ئایین، ئیدئۆلۆژی دەمێنن و ناکەونە ژێر ئاتۆریته‌ی ئەوان. ته‌نیا به‌و چه‌شنه ده‌توانن کاری سه‌ربه‌خۆ و دوور له ده‌ستتێوه‌ردان به‌ڕێوه به‌رن. ئه‌وان خۆیان پلان داده‌ڕێژن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و داهات و خه‌رجییان له ئه‌ستۆی خۆیانه و ده‌زگای ماڵی و ئابووری بۆ قازانجی ماڵی و مادی نین. ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی به‌شداربووان چی بێ و له چ بازنه‌یه‌کی فکری‌دا بن، بڕیاری خۆیانه، به‌ڵام ئه‌وکاته‌ی که‌وتنه ژێر بیر و ئیدئۆلۆژی و سیاسه‌تی هه‌ر لایه‌نێک، له بازنه‌ی ڕێکخراوی مه‌ده‌نی ده‌رده‌چن. چالاکیی ئه‌وان بواری فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی، فێرکاری، وه‌رزشی، به‌ڕێوه‌بردنی سمینار، ورکشاپ و فره کاری تر دەگرێتەوە. بوونی ڕێکخراوی مەدەنی بۆ کۆمه‌ڵگا گرنگە و زۆربوونیان هێزێکە، ده‌توانێ کارتێکردنی له‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌ر وڵاتێک هه‌بێ.
[٢]
ئەو ڕێکخراوانە کاتێک بکرێنە پاژگەڵی دەوڵەت، حکومەت، حزب، ئایین و ئیدئۆلۆژی، مەترسی بۆ خەڵک و کۆمەڵگا دەخوڵقێنن، هەروەک چۆن لە ئاڵمانی سەردەمی نازی بوونە هاودەستی حزب، حکومەت و بەشدار لە جێبەجێکردنی سیاسەت و ویستی حزبی ناسیۆناڵ سۆسیالیست و حکومەتی هیتلێر.
بەرەی کرێکارانی ئاڵمان die Deutsche Arbeitsfront (DAF) ، یەکیەتیی ژنان، ڕێکخراوی خزمەتگوزاری Reichsarbeitsdienst (RAD) ، ڕێکخراوی ناسیۆناڵ‌سۆسیالیتی ئاڵمان بۆ خزمەتگوزاری Nationalsozialistische Volkswohlfahrt ((NSV، ڕێکخراوی ناسیۆناڵ‌سۆسیالیستی لێخوڕانی ماشێن Nationalsozialistisches Kraftfahrerkorps (NSKK)، ڕێکخراوی لاوانی هیتلێر Hitlerjugend (HJ)، ڕێکخراوی کچانی ئاڵمانی Bund Deutscher Mädel (BDM) بەشێک لەو “ڕێکخراوە مەدەنی”یانە بوون، کە وەک دەزگاکانی فاشیسم بەکارهێندران.
[٣]
سازکردنی “ڕێکخراوی مەدەنی” بە مەبەستی ڕێکخستنی چین و توێژی ناو کۆمەڵگا پاش دامەزراندنی بلۆکی سۆسیالیستی په‌ره‌ی ستاند و سیسته‌مێکی ژێر کۆنتڕۆڵی حزبی کۆمۆنیست و حکومه‌ت بوو. حزبی کۆمۆنیستی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا ئەم چه‌شنه له “ڕێکخراوی مه‌ده‌نی”یان هێنایە ناو کوردستان. یەکەم حزبی کورد که لەژێر کارتێکەریی حزبی توودەی ئێران دەزگایەکی لەو چەشنەی له شاری مه‌هاباد ساڵی ١٣٢٩(١٩٥٠) دامەزراند، حزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کە ڕۆژنامە و گۆڤاری حزبی توودەی ئێرانیان دەفرۆشت و لەژێر ئاتۆڕیتە و بەرنامەی ئەواندا کاریان دەکرد.
حزبەکانی کورد له مرۆڤی ژێر سیسته‌می “په‌روه‌رده”، فه‌رهه‌نگ، ئه‌خلاق، سیاسه‌ت و تێگەیشتنی هەر کام لە وڵاتانی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا پێک هێندراون. ئه‌وان له‌و سیسته‌مانه دانه‌بڕاون و سیسته‌می تێگه‌یشتنی جیاواز له‌وانیان پێک نه‌هێناوه . قەیرانی فکری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی ناو ئەو وڵاتانە و قه‌یرانی حزبه‌کانیان، بەسەر ئەوانیشدا زاڵه و سازکردنی بەناو دامودەزگای مەدەنی لە لایەن ئەوانەوە، جیاوازیی بنه‌ڕه‌تیی فکری و تێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه نییه، هه‌ربۆیه ڕێکخراوی حزبی و “مه‌ده‌نی”ی ئه‌وان، نه‌بوونه هۆی به‌خه‌ڵکیبوونی داموده‌زگاکانیان له کوردستان.
[٤]
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی١٩٥٠ هەتا ساڵی ١٩٧٩ کۆڕ و کۆمەڵی هونەری لە شارەکانی کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەر، کاخ و خانەی جەوانان، کانوونی کودەک و نەوجەوان، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و وەزارتی ئاموزش و پەروەرشدا بوون. کۆڕ و کۆمەڵی وەک تیپی شانۆی لاو کە لە شاری بۆکان ساڵی ١٩٧٣ پێک هات، کارێکی دەگمەن بوو کە بەردەوام تووشی کێشە لەگەڵ ئیدارەی فەرهەنگ و هونه‌ر، ئاموزش و پەروەرش و ساواک ده‌هاتن و ساڵی ١٩٧٥ کەوتنە بەر هێرشی ساواک.
پاش مەرگی عەزیز یۆسفی و خۆپیشاندانی کاتی ناشتنی لە بەهاری ساڵی ١٩٧٨ کوردستان بارودۆخێکی نوێی پەیدا کرد و چالاکیی هونەری، ئەدەبی، خوێندکاری، سیاسی، پیشەیی دوور لە ده‌ستێوه‌ردانی حکومەت و دامودەزگاکان و حزبی ئێرانی و کوردی (کە حزووری ئاشکرا و نهێنییان نەبوو) لە شاری ورمێ-وه هەتا ئیلام پەره‌ی ستاند.
لە بواری ئەدەبی و شانۆ لە ساڵی ١٩٧٥ بە دواوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان پێوەندیی نووسەران و هونەرمەندان دوور لە چاوی ساواک و ئیدارەکانی فەرهەنگ و هونەر و ڕادیۆ تەلەڤزیۆن لە بازنەی بوونی فستیواڵ و جەشنوارە سەری دەگرت و کارگەلێک دەکرا، وەک فستیواڵی شانۆی ساڵی ١٩٧٥ لە مەهاباد و شەوی شیعر لە شاری سەقز، هەرچەند ڕێکخەری ئەو شەوە شیعرە کارمەندی ئیدارەی فەرهەنگ بوو و حەولی لکاندنی شەوەکەی بەو ئیدارە و سیستەمەوە دا، کە زیندەیاد جەلال مەلەکشا ئاگاداری ئەم فێڵه بوو، بەشداریی کۆڕەکەی نەکرد. هەروەها دانشسەرای هونەریی شار سنە کە بۆ یەکەم جار لە ئێران لەم شارە دامەزرا و ڕادیۆ تەلەڤیزیۆنی کرماشان کە ببووە مەکۆی نووسەران و هونەرمەندانی کورد، سەرەڕای کۆنتڕۆڵی تەواوی ساواک، شوێنگەلی پێوەندیی نووسەران و هونەرمەندان دوور لە بۆچوون و سیستەمی ڕژیم بوون، کە ئەم هێزانە ساڵی ١٩٧٨ لە زۆربەی شارەکان بوونە مایەی سازبوونی کۆڕ و کۆمەڵی سەربەخۆی ئەدەبی، فەرهەنگی، هونەری، مۆسیقا، شانۆ و پاش ڕووخانی ڕژیم ڕێکخستنی فستیواڵ و جەشنوارە و کۆنگرەی لێکەوتەوە و هەتا کۆتاییی ساڵی ١٩٨١ درێژەی کێشا و دواتر لەگەڵ دەستێوەردانی حزبەکان و داگیرکردنەوەی شارەکان لە لایەن ڕژیم، هەڵوەشانەوە و گۆڕان و، ڕژیم کۆڕ و کۆمەڵی ژێر سەیتەرەی خۆی پێک هێنا. ئه‌م کۆڕ و کۆمه‌ڵانه، له بازنه‌ی شاره‌کاندا قەتیس مانەوە و نه‌بوون به ڕێکخراوی مه‌ده‌نیی خاوه‌ن ده‌ستوور، به‌رنامه و سیسته‌م و ڕێکخراوی مه‌ده‌نیی کوردستانی لێ نه‌که‌ته‌وه، هه‌رچه‌ند حه‌ولی بۆ درا!
پاش ڕووخانی ڕژیمی په‌هله‌وی، حزبەکان کۆڕ وکۆمەڵی ژێر سێبه‌ری خۆیان پێک هێنا، لەوانە یەکەم کۆنگرەی نووسەران و هونەرمەندان لە شاری مەهاباد. ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌م کۆنگره‌یه که‌سانی وه‌ک که‌ریم حیسامی، هێمن موکریانی له حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون. له‌م کۆنگره‌یه‌دا زۆر که‌س له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌شدار بوون و له ناو هۆڵی کۆنگره که‌سانی لایه‌نگری هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی سیاسی و که‌سانی دوور له حزب و سیاسه‌ت به‌شدار بوون. ئه‌م کۆنگره ده‌کرا سه‌ره‌تای پێکهێنانی ڕێکخراوی مه‌ده‌نیی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی، دوور له ده‌ستێوه‌ردانی حزبه‌کان بێ، به‌ڵام هیچی لێ شین نەبووەوە. ڕه‌نگه هۆی سه‌ره‌کیی سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌م کۆنگرەیە، نه‌بوونی تێگه‌یشتن له ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و تێگه‌یشتنی زاڵی حزبی و ئاتۆریته‌ی حزبه‌کانی ئه‌وکاتی کوردستان، حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی چریکی فه‌دایی و ئه‌وانی تر بووبێ.
بە دەستپێشخەریی لایەنگرانی کوردی حزبی توودە کە ئه‌ندام و لایه‌نگری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بوون و به‌ر له ڕووخانی ڕژیم بۆ حزبی دێموکرات کاریان ده‌کرد، هه‌رئه‌وان هاوینی ساڵی١٣٥٧(١٩٧٨) به‌رنامه‌ی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان به زمانی کوردی به کاسێتی ده‌نگ بڵاو کرده‌وه، ڕێکخراوی لاوانی دێموکراتیان پێک هێنا و خۆیان سەر بە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەناساند، کە پاش دووله‌تبوونی ئه‌و حزبه، ئه‌م ڕێکخراوه‌ش لە لایەن حزبی دێموکراتەوە هەڵوەشێندرایەوه و سەرلەنوێ لەژێر چەتری ئەم حزبەدا ڕێکخراوی لاوان ساز کرایه‌وه.
هەر لە سەردەمی بەر لە ڕووخانی ڕژیمی پەهلەوی، کۆمەڵێک له لاوانی شارەکانی مەهاباد، سەقز، سنە، مەریوان، بۆکان لە ماڵان کۆ دەبوونەوە و مەیلی سازکردنی کۆمەڵەیەکی هەمەچەشنیان هەبوو و خۆیان وه‌ک کۆڕ و کۆمه‌ڵێکی هه‌مه‌لایه‌ن نیشان ده‌دا، که هه‌ر که‌س ده‌یتوانی به‌شدار بێ. کۆبوونەوەی شەوانی ئه‌وانه و به‌شداریی هه‌ڵسوڕاوانی سه‌ره‌کییان له ئەنجومەنی عیلمی و ئەدەبیی ڕۆژانی هەینی لە شاری بۆکان و کۆبوونەوەکانی سیاسی و خۆپیشاندانی شارەکانی بانە، سەردەشت، مەهاباد و شارە ئازەرییەکان، ڕه‌وتێکی دێموکراتیکی هه‌مه‌لایه‌نەی ناحزبی ده‌نواند. ئەم کۆمەڵە کەسە هەمەجۆر بوون و خۆیان لە ئەنجومەن و کۆمەڵێکی دیاریی مه‌ده‌نیدا نەدیتەوە و دوای ڕووخانی ڕژیم لەژێر ناوی “جمعیت دفاع از زحمتکشان”، “کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان” بوونی خۆیان ڕاگه‌یاند و پاش شه‌ڕی سێ مانگه حزبێکی سیاسیی چه‌پی لێده‌رهات. ئەم ڕەوتە هەر لە سەرەتاوە نەدەکرا لە بازنەی ڕێکخراوی مەدەنیدا حیسابیان بۆ بکرێ، هەروەک زۆر لەو کۆڕ و کۆمەڵانەی کە لە لایەن ڕێکخراوی چریکە فیدایی‌یەکان بە ناوی کرێکار، جووتیار، خوێندکار، ژنان، لاوان لە کوردستان ساز کران. هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوانه فڕیان بەسه‌ر ڕێکخراوی مه‌ده‌نییه‌وه نه‌بوو.
سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی بۆ مەستی هەمەجۆری هونەری، کۆمەڵایەتی، خوێندکاری ساز کران، فڕیان بەسەر ڕێکخراوی مەدەنییەوە نەبوو. دواتر کە حزبه‌کان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوور خرانەوە و لە باشوور نیشتەجێ بوون، ئەم ڕێکخراوانه ئاسەواریان لە ڕۆژهەڵات نەما، بەڵام وەک ناو و ڕێکخراوی حزبەکان تا ئێستا ماونەتەوە.
لە سەروبەندی ساڵی ١٩٧٩ و ٨٠ چەند کەسی سەر بە خەتی کۆمەڵە لە مەریوان و سنە حەولی دەزگایەکی هونەرییان دا کە سەری نەگرت و لە چوارچێوەی حزبەکە نەترازا. ئەمه هەمان ویست بوو کە پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی ١٩٩٦ و ٩٧ لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بە بەشداریی گەلێک هونەرمەند کۆنگرەی بۆ ساز کرد و لە چوارچێوەی ئەو حزبە دەرنەچوو.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاش دەرچوونی حزبەکان کەوتەوە سەر هەمان دۆخی سیستەمی شاهەنشاهی و سەرجەم ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەی بە ناوی هونەر، زانست، فەرهەنگ، ئەدەبیات، ڕۆژنامەوانی و کاری کۆمەڵایەتی و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا ساز کران، لەژێر سەرپەرەستی و چاوەدێریی ڕاستەوخۆی ڕژیمدا بوون. نووسه‌ری ئه‌و دێڕانه به‌رده‌وام پێوه‌ندی له ته‌ک هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و گۆڤاره‌کانی کوردیی چاپی ورمێ، سنه و تارانه‌وه هه‌بوو، به ناوی خوازراو بابه‌تم بۆ ده‌ناردن و چاپ ده‌کرا. له پێوه‌ندی لەگه‌ڵ به‌رپرسانی سروه پێیان ڕاگه‌یاندم که هه‌رچی بگاته ده‌ستمان، ده‌بێ هه‌ڵگه‌رێندرێته‌وه سەر زمانی فارسی و بدرێ به قاتی سه‌ره‌وه. ئه‌وه هه‌مان سیاسەتە که له ڕادیۆکانی کوردیی ڕژیمی په‌هله‌وی به چه‌شنێکی تر ده‌کرا و بابه‌ت به فارسی ده‌نووسرا و وێژه‌ر به کوردی ده‌یخوێنده‌وه، لەو ڕێگایەوە زمانی کوردی وێران دەکرا. کۆنتڕۆڵکردن له سه‌ره‌وه له ڕژیمی شاهی و ئیسلامی کاری دەزگای ئه‌منییه‌تی له بواری هونه‌ر، نووسین، وه‌رگێڕان بوو.
لە بیست ساڵی ڕابردوودا، هەرچەند کۆنتڕۆڵی توندوتیژ بەسەر ڕێکخراوەکانی مەدەنی-دا هەیە، بەڵام گلۆبالیسم و بوونی ئینترنێت و تێکه‌ڵاویی جیهانی و تێگه‌یشتنی چێکه‌رانی ڕێکخراوی مه‌ده‌نی، ئه‌و ئیمکانه‌ی ڕه‌خساندووه، کاری مه‌ده‌نی بکرێ، هه‌رچه‌ند زیندان و کوشتن و دوورخسته‌نه له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه، به‌رده‌وامه.
گرفتێکی ڕێکخراوی مەدەنی کە کاری گرنگ لە بواری ژینگە، فێربوونی زمان، فێربوونی مۆسیقآ، وەرزش، هونەر، ئەدەبیات و فیلم و شانۆ دەکەن، بوونی تاکی لایەنگری حزبەکانە کە حزبی و ئیدئۆلۆژیک دەجووڵێنەوە و ئەم ناوەندانە دەخەنە مەترسییەوە. گەلێک هونەرمەند، شاعیر، نووسەر، ئاکادیمیسیەن و کارسازی ناوخۆی وڵات زۆر جار ئەم بابەتەیان لای نووسەری ئەم دێڕانە باس کردووە. ئه‌م دیارده‌یه له ڕاپه‌ڕینی ژینا زه‌ق و به‌رچاو ده‌رکه‌وت، که پڕۆپاگه‌نده بۆ حزب و که‌سایه‌تییه‌کانی گرنگتر له ڕاپه‌رینێکی مه‌ده‌نی خەڵک هاتە بەرچاو. تێنه‌گه‌یشتن له خه‌ڵک، مافی خه‌ڵک، بوار و بارودۆخی سیاسی و به‌رپرسیاره‌تی، ناتەبایە لە تەک تاکڕه‌ویی و حزبایه‌تیی ناو ڕێکخراوی مه‌ده‌نی!
[٥]
ساڵی ١٩٩٤ وەک وەڤدی ئاڵمانی سەردانی باکوور و باشووری کوردستان‌مان کرد، لە باشوور یەکیەتیی مامۆستایان، ژنان، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و کۆڕ و کۆمەڵی هونەری کە ئێمە لەگەڵیان دانیشتین، نەک ڕێکخراوی مەدەنی نه‌بوون، بەڵکوو ڕێکخراوی گرێ‌دراو بە پارتی دیموکراتی کوردستان ، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، حزبی شیوعی و ئەوانی تر بوون. ئێمە لە کوردستان ئەو ساڵە هیچ ڕێکخراوێکی مەدەنی، مێدیا، گۆڤار، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ناحزبی و ناحکومه‌تیمان بەرچاو نەکەوت. سەرجەم هونەرمەند، ڕۆژنامەنووس ومامۆستای فێرگە و زانستگا سەر بەم حزب و ئەو حزب بوون. ئەم دیاردەیە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ئێمە کە سەردانی کوردستان‌مان کردەوە، زۆر بەرچاوتر لە ساڵی ١٩٩٤ بوو.
[٦]
ساڵی ١٩٩٤ لە ئەستانبوڵ بووینە میوانی کۆمەڵێک چالاکی مەدەنی، هەر ئەو ساڵە لە شارەکانی ئامێد، جەزیر و بۆتان تووشی کەسانێک بووین کە هەست و بوونی کوردانەیان دەردەخست. ساڵی ١٩٩٧ لە ڕێگای وەکیلێکی ناوداری کورد کە دەفتەری وەکالەتی لە نزیک مەیدانی تەقسیم هه‌بوو، لەگەڵ کەسانی شارەزا و لێزانی بواری چالاکیی مەدەنی و ڕێکخراوە سەربەخۆکان ئاشنا بووم. دەستەیەک لەوان لە بواری ڕۆژنامەگەری و چاپی کتێب چالاک بوون و سەردانی دەفتەرەکەیان و چاپخانەکەیانم لە شاری ئەستانبوڵ کرد. هەر لە ڕێگای ئەوانەوە چووینە شوێنی کاری پرۆفسۆرێکی کورد کە چەشنێک ئەنستیتۆی بۆ زمانی کوردی دامەزراندبوو و ڕایگەیاندبوو لە کاتێکی دیاریکراودا کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی دەست پێ بکات. ئەو ڕووبەڕوو بە ئێمەی گوت، گەر دەوڵەت ئیزنیش نەدات، ئەو خۆی دەست پێ دەکات. ئه‌و ئه‌نستیتۆ و ڕێکخراوانه سه‌ربه‌خۆ و مه‌ده‌نی بوون.
هەر ئەو ڕۆژانە لەگەڵ لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە پێی ڕاسپاردەی پێشوو لە ئاڵمانەوە، پێوەندیم گرت و سەردانی ناوەندێکی بڵاوکردنەوەی مۆسیقای کوردیم کرد. دوو کەس لەوان لەژێر ناوی ستۆدیۆ شوێنێکیان هەبوو کە بەرهەمی مۆسیقای کوردیان بە شێوەی کاسێت و سی‌دی ئامادە دەکرد و لە مەیدانەکانی شاری ئەستانبوڵ لە زۆر شوێن دەفرۆشران و ئەو ساڵە لە زۆر شوێن گۆرانیی کوردی دەبیسترا. ناوەندی مێزۆپۆتامیا بە ڕواڵەت ڕێکخراوێکی مەدەنی بوو، بەڵام لایەنگرانی پارتی کرێکاران بەڕێوەیان دەبرد، لێرە تیپی هەڵپەرکێ، شانۆ، مۆسیقا چالاک بوون.
ساڵی ٢٠٠٥ چالاکیی ڕێکخراوەکانی مەدەنیی گرێ‌دراو و سەربەخۆ نەتەنیا پەرەی ستاندبوو، بەڵکە ڕەسمییەتی پەیدا کردبوو. ئەو ساڵە لە شارەداریی ئامێد بینەری شانۆنامەیەک بە زمانی کوردی لە لایەن تیپی شانۆی شار‌داریی ئامێده‌وه بووم. ئەم پڕۆسەیە ساڵانی دواتر گەیشتە ئەو ئاستەی فستیواڵ بە بەشداریی کوردی باشوور و ڕۆژهەڵات بەرپا بکەن. ئەم هەنگاوەی باکوور کە ڕێکخراوی مەدەنی و کەسانی بواری جۆراوجۆر کاری هاوبەش بکەن، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیش دەبیندرێ و جاربەجار لە ئورووپا بیندراوە، کار و هەنگاوێکی پێویست و گرنگە و ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە کاری هاوبەش خۆش دەکات و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و وڵامدانه‌وه به نیازی بوونی ڕێکخراوی مه‌ده‌نی ده‌کێشێ!
“ڕێکخراوی مەدەنی” لە سەد ساڵی ڕابوردوو لە کوردستان بە دەگمەن سەربەخۆ و گرێ‌دراو لەگەڵ خەڵک و کوردستانی بووه و ئێستاش داموده‌زگا و ڕێکخراوی کوردستانی بوونی نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه رێکخراوی شار و ناوچه‌ی به‌رته‌سک و سیستەمی ناکارا و نادێموکراتیک بووە. کورد چ بخوازێ و چ نه‌خوازێ هه‌م کوردستانی و هه‌م جیهانییه و ئه‌وه‌ش ئه‌رکی نوێ بۆ کورد و کوردستانی ده‌هێنێ و تێگه‌یشتن له حزب و ڕێکخراوی مه‌ده‌نی ده‌گرێته‌وه، که چۆن بێ و چ جێگایه‌کی له کۆمه‌ڵگادا هه‌بێ و تاک و کۆ چ ده‌ورێکی تێدا بگێڕن. هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرێدراوی تێگه‌یشتنی کورد له خۆی، له وڵاته‌که‌ی و ده‌ور و ڕۆڵی له ناوچه و جهیانه. هه‌تا ئه‌م پرسیارانه وڵام نه‌درێنه‌وه، پرسی کورد وه‌ک سه‌ده‌کانی ڕابوردوو ده‌مێنێ و ئه‌و ڕێکخراوانه‌ش له بازنه‌ی شار و ناوچه‌ی خۆیاندا ده‌خولێنه‌وه!
[٧]
لە دەرەوەی وڵات به ده‌ستپێشخه‌ریی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، عیسمەت شەریف وانلی و کەسانی تر ساڵی ١٩٥٦ له شاری به‌ڕلین یەکیەتیی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا KSSE دامه‌زرێندرا. ئەم ڕێکخراوە خوێندکارییە، وه‌ک باڵوێزخانه‌ی کورد پێناسه ده‌کرا و کوردی هه‌ر چوار به‌شی کوردستان تێیدا چالاک بوون و له هه‌مان کاتدا، وێنەیەکی تەواوعەیاری دەستێوەردانی حزب لە کاری “ڕێکخراوی مەدەنی” بوو. بە پێی ئاڵوگۆڕی سیاسیی حزبەکان و مەیلی ئەوان ئەم “ڕێکخراوەیە” ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و چەند جار تووشی لێک‌دابڕان هات و چەند لقی لێ بووەوە و دڕدۆنگیی نێوانیان زۆرتر لەوە بوو ده‌نگی خوێندکار و کورد لە دەرەوەی وڵات بن، جگە لە ساڵانی سەرەتا و چەند ساڵی نەوەدەکان.
پاش کارەساتی هەڵەبجە حزبەکانی باشوور بەرەیەکیان پێک هێنا و بە دوای ئەوەدا لقه‌کانی KSSE سەر بە هەر سێ حزبی شیوعی و پارتی و یەکیەتیی نیشتمانی لە پاییزی ساڵی ١٩٨٨ لە بەڕلین کۆنگرەی یەکگرتنەوەیان ساز کرد. ئەم کۆنگرەیە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی حزبەکان پێک هات و بەڕێوە چوو. لەناو کۆنگرە ئاتۆریتە و دیکتاتۆریی حزبی زاڵ بوو. ئەوان لە دەرەوەی KSSEپێک هاتبوون و کۆنگرە، دانشتنێکی ڕواڵەتی بوو بۆ بەفۆڕمیکردنی یەکگرتن. کۆنگرەی یەکگرتنەوە، له‌ژێر ناوی یه‌کگرتنه‌وه، بوو به کۆنگره‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و بێده‌نگ له‌ناو چوو.(ورده‌کاریی ئه‌م کاره‌ساته‌م پێشتر بڵاو کردووە‌ته‌وه.)
پارتی کرێکارانی کوردستان نه‌ورۆزی ساڵی ١٩٨٧ له بازاڕی شه‌قامی “به‌ڕلین”ی شاری کۆڵن ده‌نگی ده‌هۆڵ و زۆڕنایان به‌رز بووه‌وە، له‌م ڕۆژه به‌دواوه که‌وتنه سازکردنی خۆیان گوته‌نی، رێکخراوی خه‌ڵکی، ئه‌و کاره‌ی به‌ر له‌وان له ساڵانی حه‌فتا پارتی سۆسیالیست و دێموکراتی باکوور ده‌ستیان پێ کردبوو وه‌ک کۆمکار، KKDK و دواتر جه‌ڤاتا کورد.
حه‌ولی ئەوان ئەوە بوو ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا بگرن که هه‌بوون، وه‌ک ڕێکخراوی مامۆستایان، ئه‌نستیتۆی کورد له بۆن و ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی جیاواز، گرێ‌دراو به حزبه‌کانی تر ساز کرابوون. ئه‌م سیاسه‌ته له‌ناوچوونی ئه‌و شوێنانه‌ی لێکه‌وته‌وه. پارتی کرێکاران بۆ کرێکار، خوێندکار، کارساز، نووسه‌ر، فیلمساز، شانۆکار، فەرهەنگیکار، هونەرمه‌ند، موسڵمان، عه‌له‌وی، زازا ڕێکخراوی ساز کرد و پاش دامەزراندنی مەد تی وی ئه‌م ڕه‌وته په‌رەی ستاند و دامه‌زراندنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی لێکه‌وته‌وه، کە له سه‌ره‌تا گەلێک به‌شدارییان تێدا کرد. ئه‌م ڕه‌وته له بواری سازکردنی ڕێکخراوی ده‌ستکردی حزب، ده‌ستپێک و کۆتاییی جیاواز له حزبه‌کانی تریان نه‌بوو.
پاش دامه‌زراندنی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵکه‌ندنی مرۆڤی کورد له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات بوو به خه‌سارێکی نه‌ته‌وه‌یی بێ‌وێنه له مێژووی کورددا. شاره‌کانی ئورووپا له‌گه‌ڵ شاڵاوی په‌نابه‌ری کورد ڕووبه‌ڕوو بوون که ئه‌مڕۆ ژماره‌یان به دوو ملیۆن مه‌زنده ده‌کرێ. حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور، دوور له بیرکردنه‌وه له بوون له ده‌ره‌وه و دوور له پێداچوونه‌وه له کۆچبه‌ری کورد پاش شه‌ڕی دووهه‌م بۆ ئورووپا، ده‌ستیان کرد به سازکردنی “ڕێکخراوی مه‌ده‌نی” و “حزبی”، وه‌ک ئه‌وه‌ی له کوردستان بن. ئه‌وان کۆمیته‌ی شار و ناوچه و وڵاتیان له‌ناو میلله‌تانی ئاڵمانی، هوله‌ندی، سوئیدی، فه‌ڕانسی، بریتانی ساز کرد. ئه‌وەش لاساییکردنه‌وه‌ی ده‌قاوده‌قی تێگه‌یشتنی حزبی ئێرانی وه‌ک ڕێکخراوی چریکه فیدایی‌یه‌کانی ئێران”ئه‌کسه‌ریت، ئه‌قه‌لییه‌ت” و به‌ره‌ی شاهی و میللی و کۆمۆنیست بوو.
له ده‌یه‌ی هه‌شتا و نه‌وەد کۆڕ و کۆبوونه‌وه و فستیواڵی سیاسی، خۆپیشاندانی ده‌یان هه‌زار که‌سی و مانگرتنی به‌رده‌وامی چه‌ند حه‌فته و مانگ، ساز ده‌کران و یه‌کگرتوویی‌یه‌کی کوردستانی له زۆربه‌ی بواره‌کاندا هه‌بوو، که ئه‌وه KSSE، کۆمکار، KKDK، ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر، مه‌دره‌سه‌یه‌ک بۆ کوردستان و ڕێکخراوه‌کانی کوردی سکاندیناوی، هوله‌ند و شوێنی تر ده‌گرێته‌وه. شه‌ڕی ئێران و عێراق، هه‌ڵه‌بجه، کۆچڕه‌وه‌که، خۆپیشاندانی خوێناویی نەورۆزی ١٩٩٢ی باکوور و گه‌لێک کاره‌ساتی تر، تاکی کورد و ڕێکخراوەکانی بەرەو کۆکردنه‌وه‌ی پاره و شتومه‌ک، پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان و پڕۆژه‌ی تر هان دەدا، کە ئورووپییەکانیش هاوکارییان دەکرد. له چه‌ند ساڵی ڕابوردوو لێره و له‌وێی شاره‌کانی ئورووپا چالاکیی هونه‌ری، کۆمه‌ڵایه‌تیی کاتی، دوور له حزبه‌کان ده‌بیندرێ، که له بازنه‌ی دیاریکراودا ده‌خولێنه‌وه و ئه‌و به‌رده‌وامییه که بوونی ڕێکخراوی مه‌ده‌نێ ده‌گه‌یینێ، نابیندرێ. بابه‌تی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بوارێکی گرنگه که پێویستی به لێکۆڵینه‌وه و ئانالیزی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه.
حزب و “ڕێکخراوی مه‌ده‌نی” ئه‌و کاته ما‌نایان هه‌یه که له‌ناو خه‌ڵک و له‌ناو وڵات بن. حزب که له ده‌ره‌وه‌ی سنووری وڵات بێت، نه ده‌زگایه‌کی نێوان خه‌ڵک و حکومه‌ته، نه بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات تێده‌کۆشێ. بوونی حزب و داموده‌زگا و ئه‌ندامانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌گه‌ڵ مه‌نتقی بوونی حزب نه ته‌نیا ناته‌با، به‌ڵکوو لاڕێیە له تێگه‌یشتنی بوونی حزب.
ئه‌و که‌سانه‌ش به ناوی لایه‌نگر و ئه‌ندام له ناوخۆ و ده‌ره‌وی وڵات، له‌ناو “ڕێکخراوی مه‌ده‌نی”، یان له‌ناو خۆپیشاندان، کوردستانی نه‌جووڵانه‌وه و هه‌ڵڵای سه‌ره‌کیان ده‌رخستنی ناوی حزب و هێمای حزبی بوو، له کاتێکدا ئامانجی ڕاپه‌ڕینی ژینا و به‌شداربووان، له درووشمه‌کانیاندا ڕوون و ئاشکرا بوو، زیانی گه‌وره‌یان له ناو و ده‌ره‌وه به‌و جووڵانه‌وه‌یه و خه‌ڵکی کورد گه‌یاند. حزبه‌کان له خۆپیشاندانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌وه‌نده‌ی ئاڵای حزب و هێمای حزبیی خۆیان هه‌ڵدا، ئه‌وه‌نده هێما و دروشمی ڕاپه‌ڕینی ژینایان پێ نه‌بوو. ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی لایه‌نگرانی حزبه‌کان، ئه‌وانی وه‌ک تاکڕه‌و و که‌مینه له‌ناو خەڵکدا ناساند و لەم ڕووەوە، جیاوازیی ئه‌وتۆیان له ته‌ک تاکڕه‌ویی حزبه‌کانی باشوور و باکوور نییه و هێشتا ئه‌و حزبانه له بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا دەسووڕێنەوە و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی نەبووەتە مەبەستی سەرەکیی حزبی و کاری کادر و لایەنگرانیان!
باسی تێگه‌یشتنی حزبه‌کان و ئاکاریان له ڕاپه‌ڕینی ژینادا، لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت هه‌ڵده‌گڕێ، به‌ڵام ئه‌وه ڕوونه حزبی کوردی وڵامی ئه‌م پرسیارانه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه، که بۆ له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن؟ بۆ “ته‌شکیلاتی” حزبیان له ئورووپا دامه‌زراندووه؟ بۆ به ناوی ڕێکخراوی مه‌ده‌نی، حزبایه‌تی ده‌که‌ن؟ بۆ تا ئێستا له‌ناو خه‌ڵکی وڵاتانی ئورووپا، حکومه‌ت و حزبی ئورووپی و مێدیا هیچ ده‌ستکه‌وتێکیان نه‌بووه؟ ئاکام و بوونی ده‌یان ساڵه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چی بووه؟
[٨]
تێگه‌یشتنی چه‌وتی حزبی، مێدیاش له‌خۆ ده‌گرێ، به تایبه‌ت ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن که به هۆی کارایی‌یان له‌ناو خه‌ڵک و ده‌ورێکی که له شه‌ڕی دووهه‌م بۆ حزب و حکومه‌ته‌کان به‌تایبه‌ت له ئیتالیا و ئاڵمان و وڵاتانی تر گێڕایان، ئیزن نادرێ، حزب، ئیدئۆلۆژی، کلیسا، ئایین و زانستگا مێدیای گشتی ده‌نگ و ڕه‌نگیان هه‌بێ.
حزبی کوردی هه‌ر چوارپارچه میدیایان کردووەته حزبی که لای ئه‌وان بە کارێکی ئاسایی ده‌زاندرێ و هه‌ر ئه‌وان له‌و ڕێگایه‌وه کۆمه‌ڵگای کوردستانیان دابه‌ش کردووه. له باشوور له ڕێگای مێدیای حزبی، ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی کۆمه‌ڵگای کورد دووچاری گێژاوی خۆناسین و خۆدیتنه‌وه هاتووه و وێرانیی که‌سایه‌تیی کۆمه‌ڵگای له‌به‌ر یه‌ک ترازاندووه.
مێدیای کورد جار هه‌یه بووەته بڵیندگۆی سیاسه‌ت و ویستی ده‌وڵه‌تان و جار ئه‌وان بڕیارده‌ر بوون. ده‌رهێنه‌رێکی باشوور ساڵی ١٩٩٦/٩٧ له‌گه‌ڵ تیپی شانۆ، شانۆنامه‌یه‌ک له دوو په‌رده ئاماده ده‌کات که ناوه‌رۆکی سیاسی هه‌بووه و باسه‌که له‌سه‌ر داگیرکاریی چوار ڕژیمی ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا بووه. له کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ، عه‌بدوڵا ئوجه‌لان له سوریاوه ته‌له‌فوون ده‌کات و شانۆکه ڕاده‌گێرێ، ئه‌وه‌ش به پێی ناڕازیبوونی به‌رپرسێکی ئێرانی، که ئەوکاتە میوانی بووه. ئه‌م وێنانه بۆیه باس ده‌کرێن، بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی حزبی کورد له ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و مێدیا ده‌رکه‌وێ.
سەردەمێک کورد بە هەموو شێوە لە مێدیای ئورووپا به تایبه‌ت ئاڵمان، بۆ باسی مەسەلەی کورد، دیار بوون. لە سی ساڵی ڕابوردوو کە حزبەکان لە ئورووپا بوونەتە خاوەنی بە ناو ڕێکخراوی مەدەنی و مێدیا، دەنگی کورد لە مێدیای وڵاتان نابیسترێ ، هەرچەند کوردی ژۆڕنالیست و پسپۆڕ لە مێدیای ئورووپی و دامودەزگای سیاسی، دەوڵەتی، هونەری و زانستی وڵاتانی ئورووپا کار دەکەن، کە ئەمە پێوەندی بە کەسایەتیی مرۆڤی کوردەوه هه‌یه و جێگای بیرلێکردنه‌وه‌یه.
[٩]
ئەگەر سەیری گەشەی ڕێکخراوی مەدەنی پاش کۆتاییی شەڕی دووهەمی جیهانی لە ئورووپا بکەین، هەم سەربەخۆییی ڕێکخراوی مەدەنی، هەم چەشنی نوێی ڕێکخراوی مەدەنی دەبینین، کە ئازاد و دێموکراتیک و خەڵکیتر لە شێوەی کلاسیک ده‌نوێنن. نووسەری ئەم دێرانە ئەندامی ” یەکیەتیی شانۆپێداگۆگەکانی ئاڵمان”، “ناوندەی لێکۆڵینەوە و ئارشیوی کورد”، “یەکیەتیی خوێندکارانی کورد لە ئورووپا”، “ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر”، “فێرگەیەک بۆ کوردستان” و هاوکاری “فستیواڵی جیهانیی شانۆی منداڵان”، ” فستیواڵی جیهانیی فیلم ئاڵمان”، ” ڕێکخراوی مێزی خڕ”،” ڕێکخراوی کارگای نووسەران، شاعیران و هونەرمەندان”، “ڕێکخراوی خوێندنەوەی کتێب” و کۆمەڵێک ڕێکخراوی مەدەنیی کورد و ئاڵمان بووم و دەتوانم بڵێم سه‌ره‌ڕای چه‌ند چه‌شنیبوونی ڕێکخراوه‌کان(سەربەخۆ بە پاڵپشتی ماڵیی دەوڵەت، سەربەخۆ بە پاڵپشتی ماڵیی حزب- دەوڵەت، سەربەخۆ بە پاڵپشتی ماڵیی بانک، گرێدراوی تەواو حزبی، ته‌واو سه‌ربه‌خۆ) لە هەموویاندا گرفتی هەمەجۆری ئینسانی، ماڵی، کاری، سیاسی، پیشەیی، بەڕێوەبردن، خۆویستی و… هەبووە و هه‌یه!
ئەوەی ئەمڕۆ زۆرتر گەشە دەکات، فۆڕمی دێموکراتتری ڕێکخراوی مەدەنییە، کە گرێ‌دراو نییە و لە کۆی کەسان بۆ کاری ئەدەبی، هونەری، کۆمەڵایەتی، ژینگە، لاوان، ژنان، منداڵان و کاری فێرکاری و خزمەتی گەڕەک، گوند و شار پێک دێت. لەم گشت کەسییەدا، ئەندامبوون شەرت نییە، هەڵبژاردن بە شێوەی کلاسیک نییە، حەقی ئەندامەتی نییە و یارمەتیدان دڵخوازە. کاری چەند ساڵی دواییی من لەو چەشنە ڕێکخراوانە، ئەوەی دەرخست کە بنەمای دروست بۆ کاری مەدەنی، ئازادیی هەمە لایەنی بەشدارابووانە، دوور لە هەر چەشنە ئاتۆریتە، هەرچەند لێرەش خوو و تایبەتمەندیی کەسان کە ڕەنگدانەوەی “سیستەمی کۆمەڵگا” و کاردانەوەی ئایین، بنەماڵە، سیستەمی سیاسی، فێرگە، شوێنی کار و ژیانە، کارتێکەریی لەسەر کاری گشتی دەبێ.
فۆڕمێکی تری کاری هاوبەش و ڕێکخراوی مەدەنی لە هێندێک گوند و شاری گچکەی ئورووپا هەیە کە هەموو خەڵکی گوند و گەڕەکەکانی شار تێیدا بەشدار دەبن و هەڵبژاردن دوور لە ناونووسکردنی کەسی دڵخوازە. لەم شێوەدا هەر کەس و هەموو کەس دڵخواز ئامادەی کار بۆ گەڕەک، گوند و شارە و هەر کەس و هەموو کەس دوور لە ئاگابوونی خۆی هەڵدەبژێردرێ و لەم سیستەمەدا هەڵبژێردراون بۆ ڕاپەڕینی ئەو کارانەی خۆیان شارەزایی‌یان لێی نییە، لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ دەگێڕنەوە. کاری پسپۆڕان لە بەرانبەر حەقدەست ئەنجام دەدرێ.
تێگەیشتنی نوێ له ڕێکخراوی مەدەنی و ئه‌رک و ده‌وری له کۆمه‌ڵگای پڕ له گۆڕانه خێراکان پێویسته ، کە سەرجەم دنیای داگرتووە و ئەم ترسە هەیە کە کۆمەڵگا لە ڕێگای “لێهاتووی دەستکرد- KI-AI” و پەرەستاندنی دەسەڵاتی هەرچی زۆرتری کۆنسێرنەکان، ئەم دێموکراسییە ڕواڵەتییەی ئەمڕۆ، کەمڕەنگتر بکرێ و ئاتۆڕیتەی کۆنسێرن و ماشێن زاڵ بکرێ و دەوڵەت و پاڕلەمان بکه‌وێته دەست کۆنسێرنەکان، کە هەر ئێستاش زۆرترین دەوری سیاسیی شاراوە و ئاشکرا دەگێڕن. ڕێکخراوی مه‌ده‌نی له‌م به‌ستێنه‌دا ئه‌گه‌ر نه‌که‌ونه ژێر سه‌یته‌رەی لایه‌نه‌کانی جیهانی و ناوچه‌یی، ده‌توانن پارێزه‌ری مافی هه‌مه‌لایه‌نی مرۆڤ و ژینگه و دێموکراسی بن! وێنه‌ی جیهانیی ئه‌و چه‌شنه له ڕێکخراوی مه‌ده‌نی له ده ساڵی ڕابوردوودا په‌ری ستاندووه و کاریگه‌ریشیان هه‌بووه! کورد زۆرتر له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێویستی به ڕێکخراوی مه‌ده‌نیی کوردستانی و جیهانیی خۆی هه‌یه. ئه‌وه په‌یامی ئه‌م سه‌ده‌یه بۆ ئێمه‌ی کورده، گه‌ر ڕزگاریی مه‌به‌ست بێ، ئه‌وه‌ش به‌ر له هه‌ر که‌س ئه‌رکی جیلی نوێ به تایبه‌ت ژنان و لاوانه، که هێزی سه‌ره‌کیی گۆڕان له جیهانی ئه‌مڕۆن!