گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

وەرگێڕان 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

فۆکۆ،میشل – وەرگێڕان: سەعیدی،فاتح (٢٠٢٤):ڕەخنە چییە؟. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٣٧٩–٣٦٠ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

بۆ ئەم پرسیارەی کە ئەمڕۆ دمەوێت لەبارەیەوە قسەتان بۆ بکەم، هیچ ناونیشانێکم دانەناوە. بەڕێز گوئیە بە چاوپۆشی کردنەوە ویستی پێتان بڵێت کە سەفەری من بۆ ژاپۆن هۆی ئەم کارە بووە. لەڕاستیدا، ئەمە شێوەیەک لە تەنک کردنەوەی نەرمونیانی هەقیقەتە. دەبێ بڵێم هەتا ئەم ڕۆژانەی دوایی، بەدژواری دەمتوانی ناونیشانێک بۆ بابەتەکە پەیدا بکەم؛ یان بە واتایەکی وردتر، یەک ناونیشان مێشکی منی بە خۆیەوە گیرۆدە کردبوو، بەڵام نەمدەویست هەڵیبژێرم. دواتر دەبینن کە بۆچی ناونیشانەکە نابەجێ بوو.

ڕەخنە چییە؟

وانەوتاری ئەنجوومەنی فەڕەنسیی فەلسەفە (١٩٧٨)

میشێل فوکۆ

وەرگێڕان: فاتح سەعیدی

 هانری گوئیە: بەڕێزان و خۆشەویستان، سەرەتا دەمەوێت سوپاسی سەیدا میشێل فوکۆ بکەم کە ئەم دانیشتنەی لەناو بەرنامە کارییە پڕ و چڕەکەی خۆی بۆ ئەمساڵ گونجاندووە، بەتایبەت بۆ ئەوەی کە نزیکەی دوو ڕۆژ دوابەدوای گەڕانەوەی لە سەفەرێکی دوورودرێژ بۆ ژاپۆن، لەم کۆبوونەوەدا بەشداری کردووە. ئەم ئاماژەیە نیشانی دەدات کە بۆچی داوەتنامەی ئەم کۆڕە هێندە کورت و پوخت ئامادە کراوە. وتارەکەی فوکۆ لەڕاستیدا چاوەڕوان‌نەکراوە و دەکرێ وایدابنێین کە بۆ ئێمە تەواو سەرنجڕاکێشە؛ کەواتە بۆ بیستن و چێژ وەرگرتن لەم بابەتە، هێندەی تر چاوەڕوان ناتانهێڵمەوە.[1]

میشێل فوکۆ: زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم کە بۆ ئەم کۆڕە و بۆ بەردەم ئەم ئەنجوومەنە بانگهێشتتان کردووم. وا بزانم پێشتر، نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر، هەر لێرە و سەبارەت بە نووسەر چییە؟[2] قسەم کردووە.

بۆ ئەم پرسیارەی کە ئەمڕۆ دمەوێت لەبارەیەوە قسەتان بۆ بکەم، هیچ ناونیشانێکم دانەناوە. بەڕێز گوئیە بە چاوپۆشی کردنەوە ویستی پێتان بڵێت کە سەفەری من بۆ ژاپۆن هۆی ئەم کارە بووە. لەڕاستیدا، ئەمە شێوەیەک لە تەنک کردنەوەی نەرمونیانی هەقیقەتە. دەبێ بڵێم هەتا ئەم ڕۆژانەی دوایی، بەدژواری دەمتوانی ناونیشانێک بۆ بابەتەکە پەیدا بکەم؛ یان بە واتایەکی وردتر، یەک ناونیشان مێشکی منی بە خۆیەوە گیرۆدە کردبوو، بەڵام نەمدەویست هەڵیبژێرم. دواتر دەبینن کە بۆچی ناونیشانەکە نابەجێ بوو.

لەڕاستیدا ئەو پرسیارەی کە دەمویست لەبارەیەوە قسەتان بۆ بکەم و هەتا ئێستاش خوازیاری ئەوەم، ئەمەیە: ڕەخنە چییە؟ بەجێگەیە باس لە چەند بیرۆکەیەک سەبارەت بەم بەرنامەیە بکەم؛ ئەو بەرنامەیەی کە لە سنوورە دوورەکانی فەلسەفەدا، تەواو لە نزیکیدا، تەواو دژ بە ئەو، بە ئەندازەی نرخەکەی، لە ڕێڕەوی فەلسەفەی دواڕۆژدا و ڕەنگە لەجیاتی هەر فەلسەفەیەکی گونجاو، بێوچان بیچم دەگرێت، پەرە دەستێنێت و سەر لە نوێ لەدایک دەبێتەوە. لەنێوان بەرنامەیەکی ترەنسێندێنتاڵی [بەرزی] کانتیی و ئەو وردەچالاکییە مشتومڕهەڵگڕ و لێهاتووانە کە ڕەخنەیان ناو لێناوە؛ وا بۆی دەچم کە لە دنیای ڕۆژئاوای مۆدێرندا (بە شێوەیەکی ئەزموونی، کەم تا زۆرێک لە سەدەکانی پانزە ـ شانزە بەدواوە) شێوازێکی دیاریکراو لە بیرکردنەوە، قسەکردن و ئەنجامدان، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو شتەی کە هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەیزانین، لەگەڵ ئەوەی ئەنجامی دەدەین لە ئارادا بووە؛ پەیوەندییەک لەگەڵ کۆمەڵگا، لەگەڵ کولتوور و هەروەها پەیوەندییەک لەگەڵ ئەوانی دیکە هەبووە کە دەکرێ بە واتایەک هەڵوێستەیەکی ڕەخنەگرانەی پێ بگووترێت. هەڵبەت، ئێوە لە بیستنی ئەم گووتەیە سەرتان سووڕ دەمێنێت کە شتێک وەکوو هەڵوێستەیەکی ڕەخنەگرانە هەبێ کە تایبەت بە ژیاری مۆدێرن بێت، لە کاتێکدا فرەیەک هەڵسەنگاندن و زۆر بابەتی مشتومڕهەڵگر و لەم چەشنە هەبووە و تەنانەت ئاخێزگەکانی کێشە کانتییەکان بێگومان بۆ زۆر پێشتر لە سەدەکانی پانزە و شانزە دەگەڕێنەوە. هەروەها لەو هەوڵەی کە هەمە هەتا لەم ڕەخنەدا یەکیەتییەک بدۆزمەوە ڕەنگە سەرتان سووڕ بمێنێت؛ لە کاتێکدا وا دێتە بەرچاو ئەم ڕەخنەیە لەبەر سروشت، کارکرد، هەروەها ڕەنگە بتوانم بڵێم، لەبەر ئەو لێهاتووییەی کە هەیەتی ناچار بە پرشوبڵاویی، پاشکۆبوون و ئەویدیسالاریی پەتی دەبێت. لەگەڵ هەمووی ئەمانەدا، ڕەخنە تەنیا لە پەیوەندی لەگەڵ شتێک جگە لە خۆی بوونی هەیە: ڕەخنە ئامرازە، کەرەسەیە بۆ دواڕۆژ یان بۆ هەقیقەتێک کە ڕەخنە نازانێت چۆن ڕوو دەدات و هەروەها ڕەخنە ئەم دواڕۆژ یان هەقیقەتەش نییە، ڕەخنە تێڕوانینێکە بەسەر ئەو هەرێمەی کە دەیەوێت تیایدا وەک پۆلیس بێت، بەڵام ناتوانێت بەڕێوەی ببات. لەبەر هەمووی ئەمانە، ڕەخنە وەک کارکردێکی لێ دێت کە بە بەراورد لەگەڵ ئەو شتانەی کە فەلسەفە، سیاسەت، ڕەوەشت، یاساکان، ئەدەبیات و هتد، بە شێوازێکی ئەرێنی پێکی دێنن، کارکردێکی ژێردەست و ناسەرەکی هەیە. هەروەها لە هەمان کاتدا، دەستکەوتە خۆشەکان یان قەرەبووکردنەوەی هاوڕێ لەگەڵ ئەم چالاکییە پەیجورەی ڕەخنە هەر چییەک بن، وا دێتە بەرچاو کە ڕەخنە هەتا ڕادەیەک بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، و زۆربەی کات هەمیشە، نە تەنیا هەڵگری ئەو شێوە وشکی و قسەڕەقییە بەکەڵکەیە کە داخوازی لێ دەکات، بەڵکوو هەروەها لەڕێگەی جۆرێک حوکمی گشتییەوە ـ زۆر گشتیتر لە سڕینەوەی هەڵەکان ـ پشتگیری لێ دەکرێت. لە ڕەخنەدا شتێک هەیە کە لە بایەخ [فەزیلەت] دەچێت. بۆیە ئەو شتەی کە دەمویست لەبارەیەوە قسەتان بۆ بکەم، لە لایەنێکەوە، هەر ئەم هەڵوێستە ڕەخنەگرانەیە کە بە شێوەیەکی گشتی وەکوو بایەخ [فەزیلەت] دەردەکەوێت.

ڕێگەگەلێکی فرە بۆ قسەکردن لەسەر مێژووی ئەم هەڵوێستە ڕەخنەگرانە بوونی هەیە. تەنیا دەمەوێت ئەم ڕێگایە کە لەنێوان زۆر ڕێگای تردا ڕێگەیەکی گونجاوە، بە ئێوە پێشنیاز بکەم. پێشنیازەکەی من ئەمەیە: شوانکارەیی مەسیحی، یان کڵێسەی مەسیحی، لەبەر ئەوەی هەڵسووکەوتێکی بەتایبەت و ڕێک سەپانانەی بڵاو دەکردەوە؛ هەروەها ئەم بیرۆکەیە کە بە بڕوای من بیرۆکەیەکی تاک و تەواو جیاواز لە کولتووری کۆن بوو، پەرەی سەندبوو: دەبێ بەسەر هەر تاکێک لە سەرەتای لەدایکبوونیەوە هەتا کۆتایی ژیان، جا لە هەر تەمەن یان پێگەیەکدا بێت، هەروەها بەسەر هەموو وردەکارەکانی ژیانیدا حکومەت بکرێت و دەبێ ئەم تاکە بهێڵێت کە بەسەریدا حکومەت بکرێت؛ واتە لە لایەن کەسێکەوە کە تاک پەیوەندییەکی هەمەلایەنە و لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی زۆر ورد پەیوەندییەکی گوێڕایەڵانەی لەگەڵدا هەیە، بەرەو ڕزگاربوون ڕێنوێنی بکرێت. دەبێ ئەم کرداری ڕێنوێنی بە مەبەستی ڕزگاربوون کە پەیوەندییەکی گوێڕایەڵانەی لەگەڵ کەسێکدا هەیە، لە پەیوەندییەکی سێیانە لەگەڵ هەقیقەتدا سەیر بکریت: [١] هەقیقەت وەکوو دۆگما [ڕێساگەلێکی ئیمانی]؛ [٢] هەروەها هەقیقەت لەم لایەنەوە کە ڕێنوێنی‌کردن هەڵگری شێوەیەک لە زانینی تایبەت و بەتاککردنی تاکەکانە؛ و لە ئاکامدا [٣] هەقیقەت لەم لایەنەوە کە ئەم ڕێنوێنی‌کردنە وەکوو ئەو تەکنیکە ڕامانکراوە پەرەی سەندووە کە لە ڕێساگەلێکی گشتی، زانینی تایبەت، فەرمانەکان و مێتۆدەکانی ئەزموون، دانپیانان، چاوپێکەوتن و هتد پێکهاتووە. لە دوای هەمووی ئەمانە، نابێ لە بیرمان بچێت کە ئەو شتەی بۆ چەندین سەدە لە کڵێسەی یۆنانی technè technôn [تەکنیکی تەکنیکەکان] و لە کڵێسەی ڕۆمەن لاتینی ars atrium [هونەری هونەرەکان] پێ دەگووترا، ڕێک ڕێنوێنی ویژدان بوو؛ هونەری حکومەت کردن بەسەر مرۆڤەکان. بەدڵنیاییەوە، ئەم هونەری حکومەتکردنە هەتا ماوەیەکی درێژخایەن پەیوەندی بە کردارگەلێکی هەتا ڕادەیەک سنووردارەوە هەبووە؛ تەنانەت لە کۆمەڵگای سەدەکانی ناوەڕاستدا پەیوەندی بە ژیانی ناو پەرستگاکانەوە هەبووە؛ هەروەها بەتایبەت، گرێدراوی شێوازی ڕاهێنانی هەتا ڕادەیەک بەستراوەی ناو دار و دەستە مەعنەوییەکانەوە هەبووە. بەڵام بە باوەڕی من دەکرێ بگووترێ لە سەدەی پانزەیەم بەدواوە و بەر لە بزاڤی چاکسازی ئایینی، تەقینەوەیەکی ڕاستەقینە لە هونەری حکومەتکردن بەسەر مرۆڤەکاندا ڕوویداوە. ئەم تەقینەوەیە بە دوو مانا بووە: یەکەم لەڕێگەی جێگۆڕکێی ئەو پەیوەندییەی کە بە ناوەندی ئایینیی هونەری حکومەتکردنەوە لە ئارادا بووە، یان ئەگەر دەتانەوێ دەتوانین بڵێین بە شێوەی ئایین‌جیاکردنەوە (سێکۆلارکردن) ، پەرەپێدانی هەوێنی هونەری حکومەتکردن بەسەر مرۆڤەکان لەناو کۆمەڵگایەکی مەدەنی و [هەڵبژاردنی] چەند مێتۆدێک بۆ ئەنجامدانی ئەم هونەرە بووە. دووەم، تەشەنەکردنی ئەم هونەری حکومەتکردنە بۆ ڕووبەری جۆراوجۆر: چۆن حکومەتکردن بەسەر منداڵان، چۆن حکومەتکردن بەسەر هەژاران و سواڵکەرەکان، چۆن حکومەتکردن بەسەر یەک بنەماڵە، یەک ماڵ؛ چۆن حکومەتکردن بەسەر سوپاکان، چۆن حکومەتکردن بەسەر دار و دەستە جیاوازەکان، شارەکان، دەوڵەتەکان، چۆن حکومەتکردن بەسەر جەستە و مێشکی خۆت. بە باوەڕی من چۆن حکومەتکردن یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئەو شتە بوو کە لە سەدەی پانزەیەم یان شانزەیەم ڕووی دا. پرسیارێکی بنەڕەتی کە لەڕێگەی تەشەنەکردنی تەواوی هونەرەکانی حکومەتکردن ـ هونەری پەروەردە و فێرکاری، هونەری سیاسی و هونەری ئابووری ـ و تەشەنەکردنی تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت وەڵام درایەوە؛ حکومەت بەو مانا بەرینەی کە ئەم زاراوە لەو سەردەمەدا بوویەتی.

بەڵام وا بۆی دەچم کە ناکرێت لەم حکومەتمەندسازییە، کە بە باوەڕی من هەتا ڕادەیەک تایبەتمەندی بەرچاوی کۆمەڵگاکانی ئەوروپای ڕۆژئاوای سەدەی شانزەیەمە، پرسیاری غچۆن حکومەت‌ بەسەردا نەکران؟” بەڕوونی جیا بکەینەوە. مەبەستم ئەمە نییە کە لە جۆرێک بەرەوڕووبوونەوەدا، ئەم دەربڕینە دژبەیەکەی “ئێمە نامانەوێت حکومەتمان بەسەردا بکرێت، ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت حکومەتمان بەسەردا بکرێت” ، دژایەتی لەگەڵ حکومەتمەندسازیدا هەبێت. بەڵکوو مەبەستم ئەمەیە کە لە توێی ئەم سەرقاڵییە لە ڕادە بەدەرە سەبارەت بە شێوازی حکومەتکردن و توێژینەوە لەمەڕ شێوازی حکومەتکردن، پرسیارێکی هەمیشەییمان بۆ دەردەکەوێت: “چۆن بەم شێوەیە، لەڕێگەی ئەمەوە، بەناوی ئەم ڕێسایانەوە، بە مەبەستی ئەم ئامانجانە و بەم مێتۆدانە بەسەرماندا حکومەت نەکرێت؛ نە بەم شێوەیە، نە بۆ ئەمە، نە لەڕێگەی ئەوانەوە”؛ هەروەها ئەگەر بەم بزاڤی حکومەتمەندسازییەی هەم کۆمەڵگا و هەم تاکەکان، ڕەهەندی مێژوویی و پانتاییەک کە بە بڕوای من هی خۆیەتی بدەین، وا دێتە بەرچاو کە دەتوانین لەنزیکەی ئەو بابەتەدا جێگایەک بۆ ئەو شتەی کە هەڵوێستەی ڕەخنەگرانەی پێ دەڵێین، بکەینەوە. لەبەرامبەر و وەکوو لایەنی بەرامبەر، یان بە واتایەکی وردتر، وەکوو هەم شەریک و هەم دژکارییەک لەگەڵ هونەرەکانی حکومەتکردن، وەکوو بەرهەڵستی کردنی ئەم هونەرانە، پەسەند نەکردنیان، سنووردار کردنیان، دۆزینەوەی پێوەرێکی گونجاو بۆیان، گۆڕاندنیان، گەڕان بە شوێن ڕێگەی دەربازبوون لەم هونەری حکومەتکردنانە، یان هەر چۆنێک بێت، جێبەجێ کردنیان لەژێر ناوی گومانکردنێکی بنەڕەتی لێیان، بەڵام هەروەها و هەر لەسەر ئەم بنەمایە، تەنانەت وەکوو هێڵی گەشەکردنی هونەرەکانی حکومەتکردن، شتێک هەیە کە لەو سەردەمەدا لە ئەوروپا لەدایکبوو، جۆرێک فۆرمی کولتووریی گشتی، هەڵوێستەیەکی هەم ئاکاریی و هەم سیاسی، شێوازی بیرکردنەوە و هتد؛ هەروەها ئەو شتەی کە دەتوانم بەئاسانی هونەری حکومەت‌ بەسەردا نەکران یان هونەری حکومەت بەسەردا ‌نەکران بەم شێوەیە و بەم نرخە باسی لێ بکەم. کەواتە ئەم تایبەتمەندیدانانە گشتییە وەکوو پێناسەیەکی تەواو سەرەتایی لە ڕەخنە پێشنیار دەکەم: هونەری ئێجگار زۆر حکومەت‌ بەسەردا نەکران.

دواتر بە من دەڵێن کە ئەم پێناسەیە هەم زۆر گشتییە، هەم زۆر ناڕوون و نەمەییوە. بەدڵنیاییەوە! بەڵام هێشتا لەو باوەڕەدام کە ئەم پێناسەکردنە دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت کە بتوانین چەند خاڵی ڕوونی سەرەکی لەو بابەتەدا پەیدا بکەین کە من هەوڵمداوە هەڵوێستەی ڕەخنەگرانەی پێ بڵێم. لێرەدا ئەم خاڵە ڕاگرە مێژووییانە بەم شێوەیە دیاری دەکرێن:

[١.] یەکەم خاڵی ڕاگر: لە سەردەمێکدا کە هونەری حکومەتکردن بەسەر مرۆڤەکان لە بنەڕەتەوە هونەرێکی مەعنەوی، یان لە بنەڕەتەوە کردەوەیەکی ئایینی گرێدراو بە دەسەڵاتی کەڵێسە و پەیڕەوی فەرمانەکانی کتێبی پیرۆزەوە بوو، ویستی حکومەت بەسەردا ‌نەکران بەمگوێرەیە لە بنەڕەتەوە بە شوێن کارکردێکی تر لەگەڵ کتێبی پیرۆزەوە بوو؛ کارکردێک جگە لەو کارکردەی کە پەیوەندی بە فێرکارییەکانی خوداوە هەبوو. ویستی حکومەت بەسەردا ‌نەکران شێوازێکی دیاریکراو لە ڕەتکردن، پەسەندنەکردن و (بە واتایەک) سنووردارکردنی دەسەڵاتی تایبەتیی کڵێسە بوو. هەروەها بە مانای گەڕانەوە بۆ کتێبی پیرۆز و گەڕان بە شوێن ئەو شتانەی کە تیایدا ڕاستن بووە؛ ئەو بابەتانەی کە بەڕاستی لە کتێبی پیرۆزدا نووسراون، پرسیار سەبارەت بەوەی کە کتێبی پیرۆز باس لە چ جۆرە هەقیقەتێک دەکات، ڕەنگە لەگەڵ ئەوەیدا کە کتێبی پیرۆز بە شێوەی نڤیسارە چۆن دەکرێ تیایدا بە هەقیقەتی کتێبی پیرۆز بگەین؛ هەتا لە ئاکامدا بەم پرسیارە سادەیە دەگەین: ئایا کتێبی پیرۆز ڕاستە؟ هەروەها، بەکورتی، لە جان ویکلیفەوە [3]هەتا پییەر بێڵ[4]، ڕەخنە هەتا ڕادەیەک، و وا بۆی دەچم هەتا ڕادەیەکی زۆر و هەڵبەت نە بە شێوەیەکی تایبەت، لە پەیوەندی لەگەڵ کتێبی پیرۆزدا گەشەی سەند. بە واتایەک ڕەخنە بە شێوازێکی مێژوویی پەیوەندی بە کتێبی پیرۆزەوە هەیە.

[٢.] ویستی حکومەت بەسەردا ‌نەکران دووەمین خاڵی ڕاگرە، ویستی بەم شێوەیە حکومەت‌نەکرانە، ویستی پەسەندنەکردنی ئەم یاسایانە، لەبەر ئەوەی ناعادڵانەن؛ چونکە لەژێر کۆنبوونی یاساکان یان لەژێر ئەو دەسەڵاتە کەم تا زۆر مەترسیدارەی کە حاکمی ئەمڕۆیی پێیان دەدات، ناڕەوابوونێکی بنەڕەتی دەشارنەوە. کەوابوو لەم ڕوانگەوە، ڕەخنە لەبەرامبەر حکومەت و فەرمانبەردارییەکدایە کە حکومەت بەمەرج دایناوە؛ لەهەمبەر ئەو مافە گشتییانەدایە کە تێپەڕبوونی زەمەن لەخۆ ناگرن و هەر حکومەتێک، هەر چییەک بێت، چ پاشا، ج حاکم، چ ڕاهێنەر، چ باوکی بنەماڵە دەبێ لەبەرامبەریاندا ملکەچ بن. بەکورتی، لێرەدا دیسانەوە کێشەی یاسا سرووشتییەکان دەبینینەوە.

بەدڵنیاییەوە یاسا سرووشتییەکان داهێنانی ڕێنێسانس نییە، بەڵام لە سەدەی شانزەیەمەوە، کارکردێکی ڕەخنەگرانەیان پەیدا کردووە کە هەنووکەش هەر هەیانە. یاسا سرووشتییەکان بەم شێوەیە بە پرسیاری “چۆن حکومەت‌ بەسەردا نەکران” وەڵام دەدەنەوە: سنوورەکانی مافی حکومەتکردن کامانەن؟ دەبێ بڵێم کە لێرەدا ڕەخنە لە بنەماوە مەسەلەیەکی یاساییە.

[٣.] لە کۆتاییدا بەدڵنیاییەوە “ویستی حکومەت‌ بەسەردا نەکران” ئەمەیە: دەتوانم بەخێرایی باس لەم ویستە بکەم کە ئەو شتەی دەسەڵات پێتان دەڵیت ڕاستە وەکوو بابەتێکی ڕاست وەرمەگرن، یان لانیکەم لەو سۆنگەوە کە دەسەڵاتێک پێتان دەڵێت ڕاستە پەسەندی مەکەن؛ بەڵکوو تەنیا لە حاڵەتێکدا پەسەندی بکەن کە خۆتان بایەخ بۆ هۆکارەکانی پەسەندکردنەکەتان دابنێن و بە ڕاستیان بزانن. ئەم جارەیان ڕەخنە خاڵی ڕاگری خۆی لە کێشەی دڵنیایی لەهەمبەر دەسەڵاتدا دەبینێتەوە.

[ئەم دەسەڵاتە بریتییە لە] کتێبی پیرۆز، ماف، زانست، کەلام، سروشت، پەیوەندی لەگەڵ خۆت؛ سەروەرییەکی زاڵ، یاسا، ئەتۆریتەی ڕێسا دۆگماکان [ئیمانییەکان]. دەبینین کاریگەرییەکی دوولایەنە کە لەنێوان حکومەتمەندسازی و ڕەخنەدا هەیە، بووە بە هۆی ئەو دیاردانەی کە بە باوەڕی من لە مێژووی کولتووری ڕۆژئاوا گرنگ و بنەڕەتی بوون: گەشەی زانستەکانی زمانناسی، هزری فەلسەفی، شیکاری یاسایی و تێڕامانی مێتۆدیانە. بەڵام بەتایبەت دەبینین کە ناوەندی ڕەخنە لە بنەماوە کۆبەندێک لەو پەیوەندییانەیە کە دەسەڵات، هەقیقەت و سوژە، یەکێکیان بە ئەویتر یان یەکێکیان بە دووانەکەی تریانەوە گرێ دەدات. هەروەها ئەگەر حکومەتمەندسازی لەڕاستیدا بزاڤێک بێت کە ئامانجەکەی بریتییە لەوەی کە لەڕێگەی بابەتێکی ڕاستەقینەی کردارێکی کۆمەڵایەتی لەخۆیدا، و بە یارمەتی سازوکارەکانی [مێکانیزم] دەسەڵاتی خوازیاری هەقیقەت، تاکەکان سوژەـملکەچ بکات؛ کەواتە دەبێ بڵێم ڕەخنە ئەو بزاڤەیە کە ئەم مافە بە خۆی دەدات لە هەقیقەت لەسەر بنەمای کاریگەرییەکانی دەسەڵاتەکەی و دەسەڵات لەسەر بنەمای گوتارەکانی هەقیقەتەکەی پرسیار بکات؛ کەوابوو ڕەخنە هونەری یاخیبوونێکی خۆویستە، هونەری سەرکێشییەکی ڕامانکراو. کارکردی ڕەخنە لە بنەڕەتدا ملکەچنەهێشتنی سوژە لە بەستێنی ئەو شتەدایە کە دەکرێت لە یەک وتەدا ناوی سیاسەتی هەقیقەتی لێ بنێیت.

هێندە لەخۆباییم کە وا بیر بکەمەوە ئەم پێناسەیە لەگەڵ ئەو تایبەتمەندییە ئەزموونییەی کە هەیەتی و هەروەها لەبەر ئەو مەودا نزیک و گونجاوەی کە لە ئاستی وردبوونەوەیەکی مێژوویی هەیەتی، زۆر لەو پێناسەیەی کە کانت بەدەستیەوە دەدات جیاواز نییە: مەبەستم پێناسەی ڕەخنە نییە، بەڵکوو ڕێک پێناسەی شتێکی دیکەیە. ئەم پێناسەیە لەڕاستیدا زۆر لەو پێناسەیەی کە کانت لە ڕۆشنگەری[5] هەیەتی دوور نییە. لێرەدا سەیری ئەم تایبەتمەندییانە دەکەین کە کانت لە دەقی ١٧٨٤ خۆی سەبارەت بە ڕۆشنگەری چییە؟ باسی لێکردووە؛ [یەکەم] ڕۆشنگەری وەکوو دۆخێکی دیاریکراو لە پێنەگەیشتوویی پێناسە دەکات، بارودۆخێک کە بەزۆر و لەڕێگەی ئۆتۆریتەیەکەوە مرۆڤبوونی تیایدا دەهێڵنەوە. دووەم ئەوەی کە کانت ئەم پێنەگەیشتووییە پێناسە دەکات و بە بەراورد لەگەڵ شێوەیەک لە بێ‌توانایی دیاریکراو کە مرۆڤبوونی تیایدا هێشتراوەتەوە تایبەتمەندییەکانی ئەژمار دەکات، بێ‌تواناییەک لە بەکارهێنانی تێگەیشتنی خۆت بێ ئەو شتەی کە ڕێک ڕێنوێنی کەسێکی دیکەیە؛ کانت وشەی leiten [ڕینوێنی] بەکار دێنێت کە مانایەکی ئایینی تەواو پێناسەکراوی لەباری مێژووییەوە هەیە. سێیەم، من وا بیر دەکەمەوە کە کانت ئەم بێ‌تواناییە لەڕێگەی هاوپەیوەندییەکی دیاریکراو پێناسە دەکات؛ ئەم هاوپەیوەندییە لە لایەکەوە لەنێوان زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی دەسەڵاتێکدایە کە مرۆڤایەتی لەم دۆخی پێنەگەیشتوویەتیدا دەهێڵێتەوە و لە لایەکەوە ئەو شتەیە کە وەک نەبوونی بڕیاردان و بوێری سەیری کردووە و ناوی لێناوە. لە دەرەنجامدا، ئەم شێوە پێناسەیە لە ڕۆشنگەری تەنیا جۆرێک لە پێناسەیەکی مێژوویی و هزری نییە. لەم پێناسەیەی ڕۆشنگەرییەدا شتێک هەیە کە بێگومان کەمێک گاڵتەجار دەبێت ئەگەر وەک ئامۆژگاریکردن باسی لێبکەین، بەڵام هەر چۆنیک بێت بانگهێشتێکە بۆ بوێری کە ئەو لەم پێناسەی ڕۆشنگەرییەدا بەو شێوەیە وەسفی دەکات. نابێ لەبیری کەین کە ئەم باسە وتارێکە بۆ ڕۆژنامە نووسراوە. بەجێگەیە توێژینەوەیەک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان فەلسەفە و ڕۆژنامەگەری لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم بەدواوە بکرێت… مەگەر ئەوەی ئەم جۆرە توێژینەوە ئەنجام درابێت، بەڵام من دڵنیا نیم… زۆر سەرنجڕاکێشە ببینین کە لە چ قۆناغێک بەدواوە، فەیلەسوفەکان هاتوونەتە ناو رۆژنامەکانەوە هەتا شتێک بڵێن کە لەباری فەلسەفییەوە سەرنجیان بۆ لای ڕاکێشراوە و لەم ڕێگەوە کەوتوونەتە ناو پەیوەندییەکی دیاریکراو لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک کە کاریگەری بانگهێشتێکی هەبووە. هەروەها لە ئاکامدا ئەم تایبەتمەندییانە دەردەکەوێت کە لە دەقی سەبارەت بە ڕۆشنگەری، کانت ڕێک باس لە ئایین، یاسا و ناسین وەک چەند نموونەیەک لە هێشتنەوەی مرۆڤ لەناو دۆخی پێنەگەیشتووی دەکات و لە دەرەنجامدا قسە لەسەر چەند نموونەیەک لەو شوێنانە دەکات کە ڕۆشنگەری دەبێ ئەم بارودۆخی پێنەگەیشتووییان تیادا نەهێڵێتەوە و بە شێوەیەک مرۆڤەکان پێبگەیەنێت. ئەو بابەتەی کانت ڕۆشنگەری پێدەڵێت، لەڕاستیدا هەمان ئەو شتەیە کە من کەمێک لەمەوبەر هەوڵمدا وەک ڕەخنە وەسفی بکەم؛ ئەم هەڵوێستەی ڕەخنەگرانە وەکوو هەڵوێستەیەکی تایبەتیی لە جیهانی رۆژئاوادا دەردەکەوێ کە بە باوەڕی من دەستپێکەکەی، بە شێوازێکی مێژوویی، لە پرۆسەی گەورەی حکومەتمەندسازی کۆمەڵگادا بووە. کانت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ڕۆشنگەرییەدا (کە درووشمەکەی هەر وەک دەزانن و کانتیش وەبیرمان دەهێنێتەوە، “sapere aude”یە [بوێر بە و بزانە] و هەڵبەت هاوڕێ لەگەڵیدا دەنگی فرێدێریکی دووەمە[6] کە دژ بەوە دەڵێت: “هەرچەندە دەیانەوێت با بیرکەنەوە، بەو مەرجەی ملکەچ بن.”)، چۆن ڕەخنە پێناسە دەکات؟ هەرچەند ئەم داخوازییەم نییە کە شێوازی وردبوونەوە و دژوارییە فەلسەفییەکەی پرۆژەی ڕەخنەی کانتیم بە هی خۆم داناوە و بە خۆشم ڕێگەی ئەوە نادەم لە بەرامبەر ئەم بیسەرە فەیلەسوفانەدا ئەو کارە بکەم، چونکە بۆ خۆم فەیلەسوف نیم و بەئاستەم ڕەخنەگرم… بە هەر شێوەیەک بێت، چۆن دەکرێ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ڕۆشنگەرییەدا، جێی ڕەخنە لەناو ئەو مانا وردەی کە لێی مەبەست دەکرێ بکەینەوە؟ ئەگەر لەڕاستیدا کانت بانگهێشتی تەواوی ئەم بزاڤی ڕەخنەیە دەکات کە لە ڕۆشنگەری لەپێشترە، چۆن جێگایەک بۆ ئەو شتەی کە لە ڕەخنە مەبەستیەتی دەکاتەوە؟ هەرچەند تەواو منداڵانەیە، بەڵام دەبێ بڵێم لە ڕوانگەی کانتەوە، ڕەخنە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆشنگەریدا، ئەو شتەیە کە کانت بە زانایی ناوزەدی دەکات: بەڕاستی دەزانی هەتا کوێ دەتوانی بزانی؟ هەرچەندە دەتهەوێت بەڵگە بهێنەوە، بەڵام بەڕاستی دەزانی هەتا کوێ بێ‌مەترسی، بەڵگە بهێنیتەوە؟ بەکورتی، ڕەخنە دەبێژێت کە ئازادیمان کەمتر لە هەڵسووکەوتی کەم تا زۆر بوێرانەی ئێمە دایە و زیاتر لەو بیرۆکەدا [ئایدیا] خۆی دەبینێتەوە کە لە زانینمان و سنوورەکانی هەمانە؛ و لە ئەنجامدا لەجیاتی ئەوەی کە بهێڵین ئەویدی پێمان بڵێت کە “ملکەچ بن”، و لە هەمان کاتدا کە بیرۆکەیەکی بەجێ لە زانینمان و سنوورەکانی پێک دێنین، دەتوانین ڕێسای سەربەخۆیی بدۆزینەوە و ئیتر نابێ ببیستین کە ملکەچ بن؛ یان بە واتایەکی وردتر، ملکەچ بن لەسەر بنەمای سەربەخۆیی بۆخۆی دادەمەزرێت.

من هەوڵ نادەم دژایەتییەک نیشان بدەم کە لەنێوان شیکاری کانت بۆ ڕۆشنگەری و پرۆژەی ڕەخنەکەیدا هەیە. بە بۆچوونی من سادەیە کە نیشانی بدەین کە بە بڕوای کانت، بوێری ڕاستەقینەی زانین کە ڕۆشنگەری پشتی پێ دەبەستێت و هەر ئەم بوێری زانینە بۆخۆی، بریتییە لە دووبارەناسینەوەی سنوورەکانی زانین؛ هەروەها ئاسانە نیشانی بدەین کە بۆ کانت، سەربەخۆیی دژایەتییەکی لەگەڵ ملکەچی لە ئاستی حاکماندا نییە. بەڵام بەمانەشەوە، کانت ناسینی زانین لەگەڵ هەوڵی ڕەخنە بۆ ملکەچنەهێشتنی سوژە لە بەستێنی دەسەڵات و هەقیقەت، و هەروەها وەکوو ئەرکێکی سەرەکی و پێشەکییەک بۆ هەر ڕۆشنگەرییەک لە ئێستا و داهاتوودا گرێ دەدات.

نامەوێت لەمە زیاتر پێداگری لەسەر ئەو دەرەنجامانە بکەم کە لە مەودای نێوان ڕۆشنگەری و ڕەخنەدا هەیە و کانت دەیویست دەستنیشانیان بکات. من تەنیا دەمەوێت لەسەر لایەنی مێژوویی کێشەکە پێداگری بکەم کە بۆمان دەگێڕێتەوە لە سەدەی نۆزدەیەم چی ڕووی داوە. مێژووی سەدەی نۆزدەیەم دەرفەتێکی هەراوتری بۆ درێژەدان بە بەرنامەی ڕەخنەگرتن پێشنیار کرد کە زیاتر لەو ئاستە بوو کە ئاراستەی بەرنامەی ڕۆشنگەری کردبوو؛ بە هەمان شێوە کە کانت ڕەخنەی وەکوو جۆرێک دەستنیشانکردنی مەودا لەگەڵ ڕۆشنگەری دادەنا. بە واتایەکی دیکە، وا دێتە بەرچاو کە مێژووی سەدەی نۆزدەیەم ـ و بەدڵنیاییەوە تەنانەت لە سەدەی بیستەمدا ئەم ڕەوتە زۆر زیاتر بووە ـ ئەگەر لایەنی کانتیش نەگرێت، لانیکەم دەبێ پشتگیرییەکی بەرهەست بۆ ئەم هەڵوێستە ڕەخنەگرە نوێیانە دابین بکات، بۆ ئەو هەڵوێستە ڕەخنەگرانەی کە لە ئاست ڕۆشنگەری پاشگەزبووەنەتەوە؛ هەڵوێستەیەک کە کانت دەرفەتی بۆ ڕەخساند.

ئەم پشتگیرییە مێژووییە کە وا دیارە ڕەخنەی کانتی زۆر زیاتر لە بوێریی ڕۆشنگەری کەڵکی لێ وەرگرت، تەنیا ئەم سێ تایبەتمەندییە بنەڕەتییە بوو: یەکەم، زانستێکی پۆزێتیڤ، واتە زانستێک کە لە بناخەوە متمانەی بە خۆی هەبێت، هەرچەندە ڕەخنەیەکی وردی لە ئاست هەر یەک لە دەرەنجامەکانیدا هەبێت؛ دووەم، گەشەی یەک دەوڵەت یان یەک سیستەمی دەوڵەتی کە خۆی وەک ئەقڵ یان ئەقڵانییبوونێکی قووڵی مێژوو ئاراستە کردووە و هەروەها لە لایەکی ترەوە ڕووبەرەکانی ئەقڵانیسازیی ئابوور و کۆمەڵگای وەک ئامرازەکانی خۆی هەڵبژاردووە؛ هەر لەم شوێنەوە و لە خاڵی پێکگەیشتنی ئەم پۆزێتیڤیسمە زانستییە و گەشەی دەوڵەتەکان، تایبەتمەندی سێیەم بەدی دەکرێت کە بریتییە لە زانستی دەوڵەتی یان دەوڵەتباوەڕی. لەنێوان ئەم سێ تایبەتمەندییەدا، تەنراوەیەکی چڕ لە پەیوەندییەکان چنرا هەتا ئەو ڕادەیە کە زانست دەورێکی زیاتری لە گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکاندا گێڕا؛ لە لایەکی دیکەوە، زیاتر لە جاران ئەم شێوە دەسەڵاتانەی کە لە چەشنی دەوڵەت بوون لەڕێگەی کۆبەندێک لە تەکنیکە بژارکراوەکانەوە بەکار دەبران. بەمگوێرەیە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە ساڵی ١٧٨٤، پرسیاری ڕۆشنگەری چییە؟، یان بە واتایەکی وردتر، شێوازێک کە کانت هەوڵ دەدات جێگایەک بۆ بەرنامە ڕەخنەگرانەکەی لە ئاست ئەو پرسیار و وەڵامەی کە پێی دەداتەوە بکاتەوە: ئەم پرسیارکردنە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان رۆشنگەری و ڕەخنە بە شێوەیەک بوونە جێی پەسەند کە گومانێک ببزوێنن، یان هەر چۆنێک بێت، زیاتر لە جاران پرسیارکردنێکی گوماناوی ساز بکەن؛ هەر ئەم ئەقڵە بۆخۆی بەشێوەیەکی مێژوویی بەرپرسی کام یەک لە زێدەڕۆییەکانی دەسەڵات و کامە شێوازی حکومەتمەندسازییە کە هەر چەندە پاساوی ژیرانەی بۆ بهێنیتەوە هێشتا ناکرێ لێی دەرباز ببیت؟

بەڵام بەپێی بیرۆکەی من گۆڕانکاری ئەم پرسیارە لە ئاڵمان و فەڕەنسە تەواو وەک یەک نییە و ئەمە لەبەر هۆکارگەلێکی تەواو مێژوویی بووە کە دەبێ شیکارییان بۆ ئەنجام بدرێت، چونکە هۆکانی ئاڵۆزکاون.     

بەشێوەیەکی گشتی، دەتوانین بڵێین کە ڕەنگە گەشەی دەوڵەتی باش، تەواو نوێ و ئەقڵانی لە ئاڵمان کەمتر لەو پابەندییە درێژخایەنەی کە زانکۆکان بە Wissenschaft [زانست] بوویانە و پشتیان بە پێکهاتە ئیداری و دەوڵەتییەکان بەستووە دەوری هەبووە، ئەم ڕەوتە بە هۆی ئەم گومانەوە ساز بووە کە شتێک لە ئەقڵانیبوون و تەنانەت لە ئەقڵ بۆخۆیدایە کە بەرپرسی زێدەڕۆیی دەسەڵاتە؛ وا بزانم ئەم گومانە بەتایبەت لە ئاڵمان گەشەی سەندووە و ئەگەر بمانەوێت بەکورتی لەبارەیەوە بدوێین، بەتایبەت لەو شتەدا گەشەی سەندووە کە دەکرێ چەپی ئاڵمانی پێ بگووترێت. هەر چۆنێک بێت، لە چەپی هێگڵییەوە هەتا قوتابخانەی فرانکفۆرت، ڕەخنەیەکی هەمەلایەنە لە پۆزیتیڤیسم، ئۆبژێکتیڤیسم، ئەقڵانیبوون، لە تێخنە و تەکنیکی‌کردن لە ئارادا بووە، ڕەخنەیەکی هەمەلایەنە لە پەیوەندییەکانی نێوان پرۆژەی بنەڕەتی زانست و پرۆژەی بنەڕەتی تەکنیک. ئامانجی ئەم ڕەخنەیە دەرخستنی پەیوەندییەکانی نێوان پڕکێشی ساویلکانەی زانست لە لایەکەوە و شێوازەکانی زاڵبوونی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخی تایبەت لە لایەکی دیکەوە بووە. ئەگەر باس لە کەسێک وەک نموونە بکەین، کە بێگومان دوورترین کەس لەو بابەتە بێت کە دەکرێ ڕەخنەی چەپی پێ بگووترێت، دەبێ ناوی هوسێرل بهێنینەوە کە لە ساڵی ١٩٣٦، قەیرانی هاوچەرخی مرۆڤایەتی ئەروپایی بۆ شتێک گەڕاندەوە کە تیایدا پرسیار لە پەیوەندییەکانی نێوان زانین و تەکنیک لەڕێگەی ئێپیستێمەوە بۆ تێخنە ئاراستە دەکرا.

لە فەڕەنسە، هەلومەرجەکانی بەکارهێنانی فەلسەفە و تێڕامانی سیاسی زۆر جیاواز بووە. هەروەها بەمگوێرەیە وا سەیر ناکرێ کە ڕەخنە لە ئەقڵی لافلێدەر و کاریگەرییە تایبەتەکانی دەسەڵاتەکەی بەشێوەیەکی یەکسان بەرەو پێش بردرابێت. هەروەها من بەم شێوەیە بیر دەکەمەوە کە لە ئاستی بیرکردنەوەیەکی ڕاستدا کەسێک دەتوانێت ئەم بیرۆکەیە ڕێک بخات کە لە سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم ئەم تاوانبارکردنە مێژووییەی ئەقڵ یان ئەقڵانیکردن لەژێر ناوی ئەو کاریگەرییانەی دەسەڵاتدا بەدی دەکرێن کە ئەقڵ لەگەڵ خۆی دەیهێنێت. بە هەر شێوەیەک بێت، بەرەیەک کە بزاڤی ڕۆشنگەری و شۆڕش دایانمەزراند، بێگومان بە شێوازێکی گشتی بەربەستێکیان ساز کرد کە ئەم پەیوەندییەی نێوان ئەقڵانیکردن و دەسەڵات بەشێوەیەکی ڕاستەقینە و قووڵ نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە؛ هەروەها ڕەنگە ئەم ڕاستییە کە بزاڤی چاکسازی ئایینی، واتە ئەو شتەی کە بە باوەڕی من، لە ڕیشە قووڵەکانیدا، یەکەمین بزاڤی ڕەخنە وەکوو هونەری حکومەت بەسەردا نەکران بوو، لە فەڕەنسە ئەو پەرەسەندنە و سەرکەوتووییەی نەبوو کە لە ئاڵماندا هەیبوو؛ هەر ئەمە بەڕوونی دەریدەخات کە لە فەڕەنسە ئەم تێگەی ڕۆشنگەرییە لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەیدا کە پیشانی دابوو، بەشێوەیەکی گشتی پەسەند نەکرابوو و سەرەڕای ئەمە، ئەم تێگەیە هەرگیز وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی لێ دەرنەهات هەتا وەک کاریگەرییە گرنگەکەی لە ئاڵماندا دەرکەوێت. دەبێ بڵێم کە ئێمە لە فەڕەنسە بە بایەخدانانی سیاسی بۆ فەیلەسوفەکانی سەدەی هەژدەیەم بەسەندەمان کرد، لە هەمان کاتدا تەنانەت لێنەهاتوویی هزری بزاڤی رۆشنگەری وەکوو بڕگەیەکی کەم بایەخ لە مێژووی فەلسەفەدا ڕەچاو کرا. بەپێچەوانەوە لە ئاڵمان ئەو شتەی کە ڕێک لە Aufklärung فامدەکرا، چاک یان خراپ، گرنگییەکی کەمی پێدەدرا، بەڵام وەکوو دەرکەوتەیەکی پڕشنگداری چارەنووسی قووڵی ئەقڵی ڕۆژئاوایی، بەدڵنیاییەوە، وەک بڕگەیەکی گرنگ سەیر دەکرا. لە رۆشنگەریدا و لە تەواوی ئەم قۆناغەدا کە بەسەر یەکەوە لە سەدەی شانزەیەم هەتا هەژدەیەم وەکوو سەرچاوەیەک بۆ تێگەیەی ڕۆشنگەری سەیر دەکرا، هەوڵێک بۆ شفرە دۆزینەوە و دووبارەناسینەوەی بەرچاوترین ڕووبەری ئەقڵی ڕۆژئاوایی لە ئارادا بووە؛ لە کاتێکدا سیاسەت کە لەگەڵ ئەم ڕووبەرە لە پەیوەندیدا بوو، وەک بابەتی تاقیکرنەوەیەکی گوماناوی لێ دەرهات. بە شێوەی گشتی، ئەم بابەتە کەندەڵانێکی هەراو نیشان دەدات کە تایبەتمەندییەکانی شێوازی کێشەی ڕۆشنگەری لە فەڕەنسە و ئاڵمان لە سەدەی نۆزدەیەم و سەرتانسەری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم دەردەخات.

بە باوەڕی من لەم ساڵانەی دواییدا و لە فەڕەنسە دۆخەکە تووش گۆڕان هاتووە؛ و لەڕاستیدا، وا دێتە بەرچاوم کە لە فەڕەنسە بە سەردەمێک دەگەین کە دەستپێکردنەوەی سەرلەنوێی ئەم کێشەی رۆشنگەرییە (بە هەمان شێوە کە بۆ بیرمەندە ئاڵمانییەکان لە مێندێڵسۆن و کانت هەتا هێگڵ، نیچە، هوسێرل، قوتابخانەی فرانکفۆرت و ئەوانی دیکە گرنگ بووە) ڕێک لە نزیکایەتییەکی هەتا ڕادەیەک مانادار لەگەڵ بەرهەمەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا گونجاوە. هەروەها دەبێ بەکورتی باس لەوە بکەم ــ و ئەمە مایەی سەرسووڕمان نییە ــ کە دیاردەناسی و ئەو کێشانەی ئاراستەی دەکردن توانییان ئێمە بۆ پرسیاری ڕۆشنگەری چییە بگەرێننەوە. ئەم پرسیارە لەڕاستیدا لەسەر بنەمای پرسیار لە مانا و پرسیار لەو شتەی کە دەتوانێت مانا پێک بێنێت، بۆ لای ئێمە گەڕایەوە. چۆن دەکرێت مانا لە بێماناوە سەر هەڵبدات؟ چۆن مانا پێک دێت؟ پرسیارێک کە بەڕوونی دەیبینین تەواوکەری ئەم پرسیارەی ترە: چۆن وای لێهات کە بزاڤی مەزنی ئەقڵانیکردن ئێمەی بەرەولای ئەم هەموو هەراوهۆریایە، ئەم هەموو شەیداییە، ئەم هەموو بێدەنگی و ئەم هەمو سازوکارە خەمبارە ڕێنوێنی کرد؟ دوابەدوای هەموو ئەمانە، نابێت لەبیری کەین کە هێڵنج [La Nausée: سارتر] نزیک لە قەیران [ی زانستی ئەروپایی (Krisis) هوسێرل] نووسرابوو. هەروەها دوابەدوای شەڕ [دووەمی جیهانی]، لەسەر بنەمای ئەم شیکارییانە و لەڕێگەی کورتەڕێیەکی سەیرەوە، کێشەی نێوان ratio [ئەقڵ] و دەسەڵات دیسانەوە دەرکەوت: شیکاری ئەوەی کە مانا تەنیا درووستکراوی سیستەمە زۆردارەکییە بەتایبەتمەندیکراوەکانی ماشینی ئاماژەپێکراوە؛ لەسەر بنەمای شیکاری ئەم ڕاستییە کە مانا تەنیا لەڕێی کاریگەرییەکانی زۆرەملی تایبەتیی پێکهاتەکان بوونی هەیە. هەروەها بەم شێوەیە بیر دەکەمەوە (و بەدڵنیاییەوە دەبێ لەمبارەوە توێژینەوەیەک ئەنجام بدرێت) کە شیکارییەکانی مێژووی زانستەکان، هەموو ئەم کێشەسازکردنەی مێژووی زانستەکان (کە بێگومان ئەم کێشەیەش لەو دیاردەناسییەدا ڕیشەی هەبوو کە لە فەڕەنسە و لەرێگەی کاڤایە، باشلار، ژۆرژ کانگیلێم، درێژەی بە مێژووییەکی تەواو جیاواز دا) و کێشەی میژوویی مێژوومەندی زانستەکان، هەندێک پەیوەندی و لێکچوونیان لەگەڵ کێشەی درووستکردنی مانادا هەیە و هەتا ڕادەیەک دووبارەیان دەکەنەوە: چۆن ئەم ئەقڵانیبوونە لەدایکبووە؟ و لە شتێکی تەواو جیاوازەوە بیچمی گرتووە؟ و بەم شێوەیە هەڵگەڕاوە و بەپێچەوانەی کێشەی ڕۆشنگەری: چۆن ئەقڵانیکردن بەرەو شەیدایی بۆ دەسەڵات ڕێنوێنی دەکرێت؟

کەواتە، چ ئەم بابەتە چەند لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە درووستکردنی مانا بێت و  بۆمان دەرکەوێ کە مانا تەنیا درووستکراوی پێکهاتە زۆرەملییەکانی ئاماژەیە؛ چ چەند لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی مێژووی ئەقڵانیبونی زانستیی بێت و هاوکات بزانین کە کاریگەرییە زۆردارەکییەکان پەیوەندییان لەگەڵ بەدامەزراوەکردنی ئەم ئەقڵانیبوونە و درووستکردنی مۆدێلەکانەوە هەیە؛ من پێموایە هەموو ئەمانە، هەموو ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییانە، تیشکێک لە ڕووناکی بەربەیان بوون کە لەڕێگەی جۆرێک دەلاقەی ئەکادێمیکەوە دەرکەوتبوون و لەگەڵ تەواوی تەوژمی بنەڕەتی مێژوومان لە سەدەیەک لەمەوبەرەوە دەگونجان. چونکە لەڕێگەی ئەم داخوازییەوە کە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی یان ئابورییەکەمان ئەقڵانیبوونی تێدا نییە؛ هەر چۆنێک بێت بەدڵنیاییەوە ــ نازانم ئەم وتەیە زۆر ئاقڵانەیە یان بە شێوەیەکی پێویست ژیرانە نییە ــ لەگەڵ زۆربوونی دەسەڵات بەرەوڕوو دەبینەوە؛ بە گوشاری بیستنی پیاهەڵگووتنی بەڵێنەکانی شۆڕش (نازانم لەو شوێنەدا کە ئەم شۆڕشە لەڕاستیدا سەری هەڵداوە باش بووە یان خراپ)، بەرەوڕووی مەندییەکی دەسەڵات دەبینەوە کە بەشێوەیەکی بێسنوور خۆی هێشتووەتەوە؛ هەروەها لەڕێگەی بیستنی داخوازی پێکناکۆکی لەنێوان ئایدیالۆژییەکانی توندوتیژی و بیردۆزەی بەڕاستی زانستیی لەمەڕ کۆمەڵگا، پرۆڵتاریا و مێژوو، لەگەڵ دوو شکڵ لە دەسەڵات ڕووبەڕوو بووینەوە کە وەکوو دوو برا لە یەک دەچن: فاشیزم و ستانیلیزم. کەوابوو پرسیاری ڕۆشنگەری چییە؟ دیسانەوە دەگەڕێتەوە. بەمگوێرەیە، ڕیزێک لە کێشەکان دەردەکەونەوە کە شیکارییەکانی ماکس ڤێبێر نیشان دەدەن: ئێمە لەگەڵ ئەم ئەقڵانیبوونەی کە دەکرێ لەبارەیەوە بڵێین نە تەنیا بەتایبەتمەندیکردنی هزر و زانستی ڕۆژئاوایی لە سەدەی شانزە و بەرەو ئەملایە، بەڵکوو هەروەها بەتایبەتمەندیکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان، کاروبارە ئابوورییەکان و ڕەنگە تەنانەت ڕەفتاری تاکە کەسەکانیشە، چ پەیوەندییەکمان هەیە؟ ئێمە لەگەڵ ئەم ئەقڵانیبوونە لە توێی کاریگەرییە ناچارەکییەکانی و ڕەنگە لەناو کاریگەرییە لێڵکەرەکانی، یان ئەو کاریگەرییانەی کە سەقامگیرییەکی ڕوو لە گەشە و بەربڵاوی سیستەمێکی بەرینی زانستی و تەکنیکییان هەیە (ئەو سەقامگیرییەی هیچ کات بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ پرسیاری لێنەکراوە)، چ پەیوەندییەکمان هەیە؟

سەبارەت بەم کێشەیە، کە بەڕاستی لە فەڕەنسە ناچارین دووبارە بە ئەستۆی گرین، واتە پرسیاری ڕۆشنگەری چییە؟ دەتوانین لە چەند ڕێگای جیاوازەوە بۆچوونمان لەبارەیەوە هەبێت. ئەو ڕێگایەی کە دەمەوێت لەم کێشەیە نزیک ببمەوە، بە هیچ شێوەیەک (و دەمەوێت ئێوە باوەڕم پێ بکەن) لەڕووی بۆچوونێکی ڕەخنەگرانە یان مەشتومڕهەڵگرەوە نییە. کەواتە، دوو بابەت دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە من بە شوێن شتێک جگە لە نیشاندانی جیاوازییەکانەوە نەبم و بەشێوەیەک بەدوای بینینی ئەوەوە بم کە هەتا کوێ دەکرێ شێوازەکانی شیکاری ئەم کێشەی ڕۆشنگەری چییە؟ پەرە پێ بدرێ، لە یەکتر هەڵاواردە بکرێ و تەنانەت لەجێی خۆی ڕابگوێزرێت؛ کێشەیەک، کە لەگەڵ هەمووی ئەمانەدا، ڕەنگە کێشەی فەلسەفەی مۆدێرن بێت.

بەنزیکبوونەوە لەم کێشەیە کە ئێمە لەگەڵ قوتابخانەی فرانکفۆرت دەکات بە دەستەبرا، دەمەوێت دەستبەجێ نیشان بدەم کە لە هەر حاڵدا ئەوەی کە ئێمە ڕۆشنگەری وەک پرسیاری ناوەندی سەیر دەکەین، بەدڵنیاییەوە چەند مانایەک لەخۆ دەگرێت. سەرەتا بەم مانایە گیرۆدەی کردارێک دەبین کە دەکرێ ناوی کردارێکی مێژوویی ـ فەلسەفی لێ بنێین کە هیچ پەیوەندییەکی بە فەلسەفەی مێژوو و مێژووی فەلسەفەوە نییە. ڕێک کردارێکی مێژوویی ـ فەلسەفی و من ئەم مەبەستەی لێ دەکەم: مەودایەک لە ئەزموون کە ئەم کارە فەلسەفییە سەرچاوەی پێ دەدات، بە هیچ شێوەیەک مەودایەکی تر ناسڕێتەوە. ئەم کردارە ئەزموونێکی دەروونی نییە، پێکهاتە بنەڕەتییەکانی زانینی زانستی نییە، کۆمەڵەیەک لە ناوەڕۆکگەلێکی مێژوویی لە شوێنێکی دیکەشدا نییە کە بەوردکارییەوە لە لایەن مێژوونووسەکانەوە ئامادە کرابێت و وەکوو چەند بابەتێکی ڕاستەقینەی حازر ـ بەدەست پەسەند کرابێت. لەڕاستیدا، لەناو ئەم کرداری مێژوویی ـ فەلسەفییەدا، دەبێ مێژووییەکی تایبەت بەخۆمان بهۆنینەوە؛ دەڵێی بەهۆی خەیاڵکردنەوە، مێژوویەک بەرهەم دێت کە لەڕێگەی پرسیار لە پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانی ئەقڵانیبوون (کە گوتاری ڕاستەقینە و سازوکارەکانی سوژەـ‌ملکەچییەک کە پەیوەندییان پێوە هەیە چێ دەکات) خۆی تێدەپەرێنێت. پرسیارێک کە بەڕوونی دەیبینین ئەوەیە کە بۆ مێژوونووسەکان جێگۆڕکێ بە بابەتە مێژووییە ناسراوەکان بەرەو لای کێشەی سوژە و هەقیقەت دەکات کە ئەوان زۆربەی کات ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە. هەروەها دەبینین کە ئەم پرسیارە کاری فەلسەفی، هزری فەلسەفی و شیکاری فەلسەفی لەناو ئەو ناوەرۆکە ئەزموونیانەدا بەخزمەت دەگرێ کە ڕێک ئەم پرسیارە نیشانیان دەدات. کەوابوو مێژوونووسەکان لەهەمبەر ئەم کارە مێژوویی یان فەلسەفییە دەبێژن: “بەڵێ، هەڵبەتە؛ بەڵێ، ڕەنگە وا بێت.” هەر چۆنێک بێت، ئەم کارە هیچ کاتێک بەم شێوەیە نییە؛ چونکە ئەم تیکەڵپێکەڵییە لە دەرەنجامی جێبەجێییەک بەرەو سوژە و هەقیقەت ڕوو دەدات کە پێشتر قسەم لەبارەیەوە کرد. هەروەها فەیلەسوفەکانیش تەنانەت ئەگەر ڕواڵەتی باڵندەیەکی شاخدار بە خۆوە نەگرن کە سووکایەتی پێکراوە، بە شێوەی گشتی وا بیر دەکەنەوە کە “لەگەڵ هەمووی ئەمانەشدا، فەلسەفە لەڕاستیدا شتێکی دیکەیە”، و ئەمە لەبەر کاریگەری کەوتنەخوارەوەیە، لەبەر گەڕانەوە بۆ ئەزموونمەندییە کە تەنانەت ئەزموونی دەروونیش پشتیوانی لێ ناکات.

بۆ ئەم دەنگە لاوەکییانە هەموو ئەو گرنگییەی کە هەیانە دایبنێین و لەڕاستیدا گرنگییەکی زۆریشیان هەیە. ئەم دەنگانە لانیکەم بەشێوازێکی نەرێنی نیشانیان داوە کە ئێمە لەڕێگایەکی دروستدا هەنگاومان هەڵهێناوە، واتە لەڕێگەی ئەو ناوەرۆکە مێژووییانەوە کە ئامادەیان دەکەین و لەگەڵیاندا پەیوەندیمان هەیە؛ چونکە ئەم ناوەڕۆکانە ڕاستەقینەن یان لە ئاستی ڕاستەقینەدا بایەخیان بۆ دادەندرێت؛ لێرەوە ئەم پرسیارە ئاراستە دەکەین: “کەواتە من چیم؟”، ئەو منەی کە ئەندامێک لەم مرۆڤبوونەیە، ڕەنگە لەم کەمایەتییە بێت، لەم کاتوساتە، لەم چرکەساتەی مرۆڤایەتی کە سوژە‌ بەشێوەیەکی تایبەت ‌ملکەچی دەسەڵاتی هەقیقەت و بەشێوەیەکی گشتی ‌ملکەچی دەسەڵاتی هەقیقەتەکانە؟ سوژەسڕینەوە لە پرسیاری فەلسەفی لەڕێگەی دەستەوداوێنبوون بە ناوەڕۆکی مێژوویی، هەروەها ئازادکردنی ناوەڕۆکە مێژووییەکان لەڕێگەی پرسیارکردن دەربارەی کاریگەرییەکانی دەسەڵات (کە بەگوێرەی پێشگریمانە، هەقیقەت لەگەڵ ئەم کاریگەرییانە پەیوەندی هەیە) بەشێوەیەک یەکەمین تایبەتمەندی ئەم کردارە مێژوویی ـ فەلسەفییە پێک دێنن. لە لایەنێکی دیکەوە، ئەم کردارە مێژوویی ـ فەلسەفییە بەڕوونی لەگەڵ ئەو سەردەمەی کە بەشێوەیەکی ئەزموونی دیاریکراوە، پەیوەندییەکی درەوشاوەی هەیە: تەنانەت ئەگەر ئەم سەردەمە هەتا ڕادەیەک و بەشێوەیەکی پێویست ناڕوون و نادیار بێت، سەردەمی ڕۆشنگەری بەدڵنیاییەوە وەکوو قۆناغی بیچمگرتنی مرۆڤایەتی مۆدێرن دیاری دەکرێت. ڕۆشنگەری لە مانای بەربڵاوی ئەم زاراوەدا کە کانت، ڤێبێر و کەسانی دیکە سەرچاوەیان پێ دەدا، سەردەمێکە بێ ڕێکەوتێکی دیاریکراو، بە ڕێگای چوونەژوورەوەی فرەڕەهەند؛ چونکە دەکرێ بەم جۆرانە پێناسە بۆ ئەم سەردەمە بکرێت: لەڕێگەی بیچمگرتنی کاپیتالیزم [سەرمایەداری] ، درووستبونی جیهانی بورژوازی، سەقامگیری سیستەمەکانی دەوڵەت، دامەزراندنی زانستی نوێ لەگەڵ هەموو هاوپەیوەندییە تەکنیکییەکانی، لەڕێگەی ڕێکخستنی بەرنگاربوونەوەیەک کە لەنێوان هونەری حکومەتکرانەوە هەیە لەهەمبەر بە هەمان ئەندازە هونەری حکومەت بەسەردا نەکران. لە دەرەنجامدا، سەردەمێکی درەوشاوە بۆ کاری مێژوویی ـ فەلسەفی دەڕەخسێت، چونکە لەم سەردەمەدایە کە بەشێوەیەک ئەم پەیوەندییانەی نێوان دەسەڵات، هەقیقەت و سوبژە لەسەر ڕووبەری گۆڕانکارییە بەرچاوەکاندا دەردەکەون و دەمێننەوە. بەڵام هەروەها ئەم سەردەمە درەوشاوەیە، ئەم مانایە لەخۆ دەگرێت کە دەبێ بۆ هێڵی تێپەڕبوونی تەواوی ڕیزبەندەکانی مەودا گونجاوەکانی دیکە، منداڵدانێک لێی پێک بێنیت. دەبێ بڵێین لەبەر بەدرەوشاوەدانانی سەدەی هەژدەیەم و خۆشەویستییەک کە بۆیمان هەیە بەرەوڕووی کێشەی ڕۆشنگەری نابینەوە؛ دەبێ لەجیاتی ئەم بابەتە بگووترێت کە بەهۆی ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەبنەڕەتەوە کێشەی رۆشنگەری چییە؟ ئاراستە بکەین لەگەڵ نەخشەبەندی مێژوویی مۆدێرنیتەکەمان بەرەوڕوو دەبینەوە. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەمە نییە کە بڵێین یۆنانییەکانی سەدەی پێنجەم [بەر لە زایین] کەمێک لە فەیلەسوفەکانی سەدەی هەژدەیەم دەچن یان سەدەی دوانزەیەم پێشەنگی ڕێنێسانس بووە، بەڵکوو دەبێ هەوڵ بۆ بینینی ئەوە بدەین کە لە توێی چ بارودۆخێک و بە نرخی کامە گۆڕانکاری یان گشتاندنێک، دەکرێ ئەم پرسیاری ڕۆشنگەرییە، واتە پرسیار لە پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات، هەقیقەت و سوژە سەبارەت بە هەر چرکەیەک بەکار بێنین.

بەم شێوازەیە کە من چوارچێوەی گشتی ئەم توێژینەوە بە مێژوویی ـ فەلسەفی ناوزەد دەکەم. هەنووکە دەبینین کە چۆن دەکرێ ئەم توێژینەوە بەڕێوە بەرین.

پێشتر گووتم کە دەمەوێ هەر چۆنێک بێت شوێن پێی ڕێگا گونجاوەکانی دیکە بەشێوەیەکی تەواو ناڕوون هەڵبگرم، ئەمانە جگە لەو ڕێگایانەن کە وا دێتە بەرچاوم هەتا ئێستا خۆویستانە ڕوون کراونەتەوە. هەروەها ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕێگاکانی دیکە بەوە تۆمەتبار کەین کە بە شوێنێک ناگەن یان دەرەنجامێکی بایەخداریان لێ ناکەوێتەوە. من تەنیا دەمویست بڵێم و پێشنیاز بکەم کە وا تێدەگەم لە کانت بەملاوە و لەبەر کانت و بەشیمانەوە لەبەر جیابوونەوەیەک کە ئەو لە نێوان ڕۆشنگەری و ڕەخنە باوی کرد، ئەم پرسیار لە ڕۆشنگەرییە لەبنەڕەتەوە لە چێوەی زانیندا سەری هەڵداوە، واتە بە دەستپێک لەو شتەی کە چارەنووسی مێژوویی زانین لە کاتی درووستبونی زانستی مۆدێرندا هەیبووە؛ هەروەها واتە بە پشکنینی ئەو شتەی لەم چارەنووسەدا پێشتر نیشانەی کاریگەرییە نادیاریکراوەکانی دەسەڵات بووە و ئەم پرسیارە ناچارەکیانە لەڕێگەی ئۆبژێکتیڤیسم، پۆزێتیڤیسم، تەکنیکباوەڕی و هتد لەگەڵیاندا پەیوەندی هەبووە؛ هەروەها لەڕێگەی ڕۆنانی پەیوەندی ئەم زانینە لەگەڵ هەلومەرجەکانی درووستکردن و ڕەوابوونی هەر زانینێکی گونجاو و لە ئەنجامدا لەگەڵ پشکنینی ئەوەی کە چۆن لە مێژوودا، تێپەربوون لە ڕەوابوونەوە (وەهم، هەڵە، لەبیرچوونەوە، بووژاندنەوە و هتد) ئەنجامی گرتووە. لە یەک قسەدا، ئەمە شێوازی شیکارییەکە کە بەڕای من بەشێوەیەکی قووڵ لەڕێگەی جیاوازی و کەڵێنێک کە کانت لە نێوان ڕەخنە و ڕۆشنگەری داینا، بەدی دەکرێت. بە باوەڕی من لەم سەردەمە بەدواوە، شێوازێکی شیکاریمان هەیە کە زۆربەی کات پەیڕەوی لێکراوە؛ دەکرێ ئەم شێوازە شیکارییە وەک لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەمەڕ ڕەوابوونی شێوە مێژووییەکانی زانین دابندرێت. هەر چۆنێک بێت، تێگەیشتنی ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفەکانی سەدەی هەژدەیەم و هەروەها دیڵتای، هابێرماس و ئەوانی تر لەم شێوازی شیکارییە بەم جۆرەیە. بە واتایەکی زۆر سادەتر: زانین کامە ئایدیای هەڵەی لە خۆی پێکهێناوە و بەرەوڕووی کامە بەکارهێنانی زێدەڕۆیانە لەخۆی بووەتەوە و کەوابوو لەگەڵ کامە زاڵبووندا پەیوەندی هەیە؟

زۆر باشە! ئێستاکە لەجیاتی ئەم شێوازە کە شکڵی لێکۆڵینەوەکە سەبارەت بە ڕەوابوونی شێوە مێژووییەکانی زانین بەدی دەکات، ڕەنگە بکرێت شێوازێکی جیاواز ڕەچاو بگرین. ئەم شێوازە بۆ چوونەژوورەوە بۆ ناو پرسیاری ڕۆشنگەری، دەتوانێت لەجیاتی کێشەی زانین، کێشەی دەسەڵات ڕەچاو بگرێت؛ ئەم شێوازە نە وەکوو لێکۆڵینەوەیەک لەمەڕ ڕەوابوون بەڵکوو وەکوو ئەو شتەی کە من دەمەوێت ناوی تاقیکردنەوەی ڕووداوچێکردنی لێ بنێم، بەرەو پێش دەڕوات. لەبەر ترسناکی ئەم وشەیە داوای لێبوردنتان لێدەکەم! دەی کەوایە، مانای ئەم وشەیە چییە؟ مەبەستی من لە شێوازی ڕووداوچێکردن (ڕەنگە مێژوونووسەکان لە داخ و خەفەتدا هاوار بکەن) ئەمەیە: سەرەتا سەرنجی چەند کۆمەڵەیەک لە توخمەکان بدەین کە لەم کۆمەڵانەدا دەکرێ لە بواری یەکەمدا بەشێوەیەکی تەواو ئەزموونی و کاتی، چەند پەیوەندییەک لەنێوان سازوکارەکانی زۆرەملی و ناوەرۆکەکانی زانین پێناسە بکرێت. سازوکارە [مێکانیزم] جۆرە جیاوازەکانی زۆرەملی و هەروەها ڕەنگە توخمەکانی یاسادانان، ڕێساکان، شێوەکانی ڕێکخستی مادی، دیاردەی دەسەڵاتێکی بەزۆر و هتد؛ ناوەڕۆکەکانی زانین کە بەشێوەیەکی یەکسان لە جۆراوجۆری و جیاوازییەک کە لە نێوانیاندا هەیە ڕەچاو دەکرێن و لەڕووی بەستێنی ئەو کاریگەرییانەی دەسەڵاتەوە سەیر دەکرێن کە ئەم ناوەڕۆکانە هەڵگریانن و هەر بەمگوێرەیە وەکوو بەشێک لە سیستەمێکی زانین بایەخیان پەیدا کردووە. کەواتە ئێمە هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ئەوە نادەین کە بزانین چ شتێک ڕاست یان هەڵەیە، شیاوە یان نەشیاوە، ڕاستەقینەیە یان وەهمییە، زانستییە یان ئایدیۆلۆژیکە، ڕەوایە یان نابەجێیە. بەڵکوو هەڵوەدای زانینی ئەمەین کە پەیوەندییەکان کامانەن،  ئەو پەیوەندییانەی کە دەکرێ لەنێوان سازوکارەکانی زۆرەملی و توخمەکانی زانین بیاندۆزینەوە و پێناسەیەکیان بۆ پەیدا بکەین کامانەن، کایەکانی نێوان گەڕاندنەوە و پشت پێ بەستن کە یەکتر گەشە پێ دەدەن، کامانەن، هەروەها ئەو شتە کامەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی فڵانە توخمی زانین بتوانێت کاریگەرییەکانی دەسەڵات لە هەمان سیستەمدا بدۆزێتەوە کە توخمێکی ڕاستەقینە، شیمانەیی، نادیاریکراو یان هەڵەی بۆ دانراوە؛ هەروەها ئەو شتە کامەیە کە دەبێ بە هۆی ئەوەی فڵانە شێوازی زۆرەملی شکڵ و پاساودانەوەیەک بەدەست بهێنێ کە توخمێکی ئاقڵانە، تاوتوێکراو و لە لایەنی تەکنیکییەوە کارامەی هەبێت.

کەوابوو لەم ئاستە یەکەمەدا، نزیکبونەوە لە بابەتی ڕەوابوون و دیاریکردنی خاڵی هەڵە و وەهم لە ئارادا نییە.

هەروەها بەمگوێرەیە وا دەزانم کە لەم ئاستەدا دەکرێ لە دوو وشە کەڵک وەربگرین کە کارکردەکەیان ناولێنانی بوونەوەرەکان، هێزەکان یان شتێک وەکوو بابەتە ترەنسێندێنتاڵەکان [فراژۆکان، بەرزەجێکان] نییە، بەڵکوو تەنیا ئەوەیە لەو مەودایانەدا کە ئەم دوو وشەیە سەرچاوەیان پێ دەدەن، بەرتەسک کردنەوەیەکی سیستەماتیک لە بایەخ [فەزیڵەت] ئەنجام بدەن؛ بە واتایەکی تر، کاریگەرنەمانی ڕەوابوون و ئاشکراکردنی ئەو شتەی کە ئەم کاریگەرییانە لە کاتێکی تایبەتدا وا لێ دەکات کە پەسەند بکرێن و ببێتە هۆی ئەوەی کە لەڕاستیدا وەربگیرێن. کەوابوو سەرەتا وشەی زانایی بەم شێوەیە بەکار دێت کە ئاماژە بۆ هەموو شێوازەکان و هەموو کاریگەرییەکانی زانین دەکات کە لە کاتێکی دیاریکراودا و لە مەودایەکی تایبەتدا ئەگەری پەسەند کردنیان هەیە؛ هەروەها لە بابەتی دووەمدا زاراوەی دەسەڵات کە تەنیا ڕیزبەندێکی تەواو لە سازوکارە تایبەتەکان کە پێناسە دەکرێن و دیاریکراون لەخۆ دەگرێت. ئەو سازوکارانەی کە وا دێنە بەرچاو توانای ئەوەیان هەبێت ڕەفتارەکان یان گوتارەکان هانبدەن. ڕێک لەم کاتەدا دەبینین کە ئەم دوو زاراوەیە تەنیا سازوکارێکی مێتۆدۆلۆژیانەیان هەیە: مەرج نییە لەڕێگەی ئەم دوو زاراوەوە، ڕێسا گشتییەکانی بابەتی ڕاستەقینە پێناسە بکەین، بەڵکوو لەڕێگەیانەوە دەمانەوێت بەشێوەیەک مەودای شیکارییەکە بەوردی دەستنیشان بکەین؛ دیاریکردنی ئەو جۆرە توخمەی کە دەبێ بۆ شیکردنەوە گونجاو بێت. بەمگوێرەیە، دەبێ لە هەمان سەرەتاوە ڕێ لە ڕەچاو گرتنی بەرجەوەندی ڕەوابوون، بەو جۆرەی کە زاراوەکانی زانین یان زاڵبوون بەکاری دێنن، بگرین. هەروەها گرنگە کە لە هەر قۆناغێکی شیکارییەکەدا بتوانین بە هەر کام لەم دوو زاراوەیە، زانین و دەسەڵات، ناوەڕۆکێکی ورد و دیاریکراو بدەین: فڵانە توخمی زانایی، فیسارە سازوکاری دەسەڵات؛ هەرگیز نابێ وا بیر بکەینەوە کە یەک زانایی یان یەک دەسەڵات بوونی هەیە، یان لەمە خراپتر، زانایی یان دەسەڵاتێک کە لەناو یان لەناوخۆی خۆیاندا کاریگەرییان هەیە. زانایی یان دەسەڵات تەنیا شەبەکەیەکی شیکارین. هەروەها دەبینین کە ئەم شەبەکەیە لە دوو کەتیگۆری ئەو توخمانەی کە لە یەک بێگانەن پێک نەهاتووە، واتە لە لایەکەوە لەو شتانەی کە لە زانایییەوە دێن و لە لایەکی ترەوە لەو شتانەی کە هی دەسەڵاتن (بە هەمان شێوە کە پێشتر باسم لەبارەیانەوە کرد ئەوان بۆ یەکتر وەک بابەتێکی دەرەکییان لێ دێت)؛ هەروەها ناکرێت شتێک وەکوو توخمێک لە زانایی نیشان بدرێت مەگەر ئەوەی کە لە لایەکەوە لەگەڵ کۆبەندێک لە ڕێساکان و ناچارەکییە تایبەتییەکان بۆ نموونە فڵانە جۆر لە گوتاری زانستی لە قۆناغێکی دیاریکراودا بێتەوە؛ هەروەها مەگەر لە لایەکی ترەوە، هەڵگری کاریگەرییە زۆردارەکییەکان بێت یان تەنیا وەک هاندەر خۆی دەربخات. ئەم کاریگەرییانە تایبەت بەو شتەن کە وەکوو بابەتێکی زانستی یان تەنیا وەک بابەتێکی ژیرانە یان تەنیا بە شێوەیەکی گشتی و هتد پەسەند دەکرێن. بەپێچەوانەوە، هیچ شتێک ناتوانێت وەکوو سازوکاری دەسەڵات کارێک ئەنجام بدات، مەگەر ئەوەی گونجاو لەگەڵ مێتۆدەکان، ئامرازەکان، کەرەسەکان و ئەو ئامانجانەی کە بتوانن لە سیستەمە کەمتازۆر گونجاوەکانی زانایی جێگایەک بۆخۆیان بکەنەوە. کەواتە نابێ ئەو شتەی زانایییە و ئەو شتەی کە دەسەڵاتە و هەروەها ئەوەی کە چۆن یەکێکیان ئەوی دیکەیان سەرکوت دەکا یان ئەوەی کە چۆن یەکێکیان ئەوی دیکەیان خراپ بەکار دێنێت، وەسف بکرێت؛ بەڵکوو دەبێ وەسفی شەبەکەیەک لە زانایی ـ دەسەڵات بکرێت کە ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنێت: لەو شتەی پەسەندکراوەیی سیستەمێک پێک دێنێت تێبگەین، جا چ ئەم سیستەمە سیستەمی نەخۆشێکی دەروونی بێت، یان وەک سیستەمێکی سزایی، سیستەمێکی تاوانی منداڵان، سیستەمێکی سێکسوالیتە و هتد ئەژمار بکرێت.

بەکورتی، وا دێتە بەر چاو کە ڕێگای بینراویەتی ئەزموونیی کۆبەندێک بۆ ئێمە، هەتا ئەو پەسەندکراوییە مێژووییەی کە لە هەمان قۆناغدا هەیەتی و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سەیر دەکرێت، لە ڕێڕەوی شیکارییەک لە شەبەکەی زانین ـ دەسەڵاتەوە تێدەپەڕێت. هەروەها ئەم شەبەکەیە لەڕێگەی دەستپێکردن لەم ڕاستییەوە کە ئەم کۆبەندە پەسەندکراوەی سەرلەنوێ دەست دەکەوێتەوە پشتیوانی لێ دەکات؛ هەڵبەتە، نەک بە شێوەیەکی گشتی بەڵکوو تەنیا لەو شوێنەدا کە وەردەگیرێت وای لێ دەکا کە پەسەند بکرێت. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە دەکرێ لەڕێگەی سەرلەنوێ دەستکەوتنەوەی بابەتە ئەرێنییەکەی، تایبەتمەندییەکانی بۆ ئەژمار بکرێت. کەواتە جۆرێک لە مێتۆدمان هەیە کە لە دەرەوەی ئاوڕدانەوە لە ڕەواییبوون یان لە دەرەنجامدا بە دوورکەوتنەوە لە بەرجەوەندی بنەڕەتی یاسا، بە بازنەی ئەرێنیەتییەکەیدا پیاچوونەوەیەک ئەنجام دەدات. ئەم پیاچوونەوەیە لەڕێگەی بەردەوامبوون لە بابەتێکی ڕاستەقینەی پەسەندکراوەبوون هەتا ڕۆیشتن بەرەو سیستەمێکی پەسەندکراوەیە و لەڕێگەی تێپەڕبوون لە یارییەکی زانایی ـ دەسەڵات شی دەکرێتەوە. دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ئاستی دێرینەناسی لەنزیکەی هەر ئەم شوێنەدایە.

دوویەم، دەبینین کە بەتێپەربوون لەم جۆرە شیکارییە، چەند مەترسییەک دەردەکەوێت کە ڕەنگە وەکوو دەرەنجامەکانی نەرێنی ئەم شیکارییە خۆی دەربخات کە زۆر لەسەری دەکەون.

ئەم ئەرێنییانە چەند کۆبەندێکن کە هیچ کاتێک بەئاشکرایی دەرناکەون، واتە هەر چۆنێک بن دەتوانین باس لەم کۆبەندانە بکەین: وەک عادەت یان ڕۆتینێک وان کە ئێمە لەگەڵ ئەم بابەتە ئەرێنییانە ئاشنا دەکەن، هێزی کوێرکەری سازوکارەکانی دەسەڵاتێکن کە ئەم ئەرێنییانە بەکاری دێنن، یان ئەو پاساوهێنانەوانەن کە ئەم ئەرێنییانە پەرەی پێدەدەن و وەک مافێکی بنەچەیی و سەرەتایین کە ئەم ئەرێنییانەیان وا لێ نەکردووە کە پەسەند بکرێن؛ هەروەها بۆ تێگەیەشتنێکی دروست لەو شتەی کە ئەم ئەرێنییانە وا لێ دەکات کە پەسەند بکرێن، ڕێک دەبێ هەر لەم خاڵە ورد ببینەوە کە ئەم ئەرێنییانە ئاشکرا نین، لە هیچ بابەتێکی پێشەکیدا [پێشئەزموونی] جێگیر نەبوون و هیچ پێشتربوونێک ئەوان لەخۆ ناگرێت. دوو کارکردنی پێکگرێدراو کە دەبێ ئەنجامیان بدەین بریتین لە: خستنەڕووی بارودۆخەکانی پەسەندکراویەتی سیستەمێک و بەدواداچوونی هێڵە پچڕاوەکان کە نیشانەی دەرکەوتنی ئەم سیستەمەن. ئەوەی کە شێتی و نەخۆشی دەروونی لە سیستەمی سەقامگرتوو و زانستیی دەروونپزیشکیدا کەوتوونەتە سەر یەک، بە هیچ شێوەیەک ئاشکرا و ڕوون نییە؛ ئەوەی کە جومگەکانی سزادان، خستنە بەندیخانە و دیسیپلینی تۆبەکاری لە سیستەمێکی سزاییدا پێکەوە بەستراونەتەوە، بە هیچ شێوەیەک ئاشکرا نییە؛ هەروەها ئەوەی کە مەیل، هەوەس و شاوەتپەرەستی و ڕەفتاری سێکسی کەسەکان دەبێ لە سیستەمێکی زانایی و بەهاداریدا کە سێکسوالیتەی پێدەگووترێت جومگەبەندی بکرێت، ئاشکرا نییە. ناسین و نیشاندانی پەسەندکراوەیی سیستەمێک لە ناسینی ئەو بابەتەی کە قەبووڵ کردنەکەی دژوار دەکاتەوە جیا ناکرێتەوە: ئەم دژوارییە لە سروشتی سەرەڕۆییەکەیدایە کە لە چێوەی زانیندا خۆی دەبینێتەوە و توندوتیژییەکەی لە چێوەی دەسەڵاتدایە کە بەکورتی وەک وزەکەی سەیر دەکرێت. کەوابوو پێویستە بەرپرسیارەتی ئەم پێکهاتەیە بە ئەستۆ بگرین هەتا بتوانین فڕوفێڵەکانی ڕوون بکەینەوە.

دووەمین دەرەنجام کە ئەویش نەرێنییە و زۆری لەسەر دەکەوێت ئەمەیە کە ئەم کۆبەندانە وەکوو بابەتگەلێکی گشتی کە مێژوو لەگەڵ دۆخە تایبەتەکانی چەند ئاڵوگۆڕێکیان تێدا دەکات، شیکارییان بۆ ناکرێت. هەڵبەت ڕەنگە لە پشت زۆربەی توخمە پەسەندکراوەکانەوە و فرەی مەرجەکانی پەسەندکراویەتی، مێژوویەکی دوورودرێژ هەبێت؛ بەڵام ئەو شتەی کە دەبێ سەرلەنوێ لە شیکاری ئەم ئەرێنییەتیانەدا بەدەستیان بهێنیتەوە، بە شێوەیەک چەند تەکنیکێکی پەتین کە نە وەک ئەوە وان زاتێک بەدی بهێنن یان وەک ڕەگەزێک تاکمەندی بکەنەوە: تاکیەتی شێتیی لە جیهانی مۆدێرنی ڕۆژئاوا، تاکیەتی ڕەهای سێکسوالیتە، تاکیەتی ڕەهای سیستەمی یاسایی ـ ئاکاریی سزادانی ئێمە.

بێگومان یەکێک لە گرنگترین و مشتومڕهەڵگرترین لایەنەکانی ئەم بۆچوونە مێژوویی ـ فەلسەفییە ئەمەیە کە هیچ چارەیەکی دامەزرێنەر و هیچ دەربازبوونێک بە شێوازێکی پەتی بوونی نییە. ئەگەر ئەم بۆچوونە نایەوێت بکەوێتە ناو فەلسەفەی مێژوو یان بخزێتە ناو شیکارییەکی مێژوویی، دەبێ خۆی لەناو بەستێنێکی خۆهەرمان لە تاکیەتییە پەتییەکاندا بهێڵێتەوە. کەواتە چی؟ لێکدابڕان، پچڕپچڕبوون، تاکیەتی، وەسفکردنی پەتی، تابلۆیەکی مەند، بێشرۆڤە، کوێرەـ‌کۆڵان، ئێوە هەموو ئەمانە دەناسن. ڕەنگە بگووترێت کە شیکاری ئەم ئەرێنییەتیانە پەیوەندی بەو مێتۆدە شرۆڤەییانەوە نییە کە گونجاو لەگەڵ سێ مەرجدا بایەخێکی هۆکاریمان بۆیان هەیە:

١. تەنیا بۆ ئەو شرۆڤانە بایەخی هۆکاری دادەنێین کە دوایین ئەتۆریتی [سەرچاوەی مافدان] بە ئامانج دەگرێت، ئەتۆریتییەک کە وەک بریکارێکی قووڵ و تاک بایەخی هەیە؛ کە بۆ کەسانێک زانستی ئابوورییە و بۆ کەسانێکی دیکە زانستی سەرژمێری دانیشتووانە [دێمۆگرافی]؛

٢. تەنیا بۆ ئەو شتە بایەخی هۆکاری دادەنێین کە لە ڕۆنانی قووچەکێک پەیڕەوی دەکات کە ڕووی لە هۆکار یان ناوەندی هۆکاری، واتە بنەچە و ئاخێزگەیەکی تاک، هەیە؛

٣. هەروەها، لە ئاکامدا، تەنیا بۆ ئەو شتە بایەخێکی هۆکاری دادەنێین کە جۆرێکی بەرچاو لە دوورەپەرێزی نەکردن، یان لانیکەم، ئەو شتەی کە لە ناچارەکیبوون نزیکە، دادەمەزرێنێت.

شیکاری ئەرێنیەتییەکان سەرنج بۆ لای تاکیەتییە پەتییەکان ڕادەکێشێت؛ ئەم تاکیەتییانە پەیوەندییان بە یەک ڕەگەز یان زاتێکەوە نییە، بەڵکوو لەگەڵ دۆخە سادەکانی پەسەندکراویەتی پەیوەندییان هەیە. بەمگوێرەیە، ئەم شیکارییە پێویستی بە گەشەسەندنی شەبەکەیەکی هۆکاری ئاڵۆز و چڕ هەیە، بەڵام بێگومان ئەم شەبەکەیە لە جۆرێکی دەیکەیە. ئەم شەبەکەیە لە پێویستییەک بۆ پاراوبوون لە ڕێسایەکی قووڵ، بە شێوەیەکی تاک بەقووچەککراو و ناچارەکی پەیڕەوی ناکات. ئێمە دەبێ شەبەکەیەک دابمەزرێنین کە ئەم تاکیەتییە وەکوو کاریگەرییەک ڕوون بکاتەوە. هەر لێرەوەیە کە پێویستی بە فرەڕەهەندبوونی پەیوەندییەکان، جیاوازیدانان لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی پەیوەندییەکان، جیاوازیدانان لە نێوان فۆرمە جیاوازەکانی ناچارەکیبوونی بابەتەکانی گرێدان، دۆزینەوەی شفرەکانی کاردانەوە و کردارە بازنەییەکان و ئاوڕدانەوە لە پێکگەیشتنی پرۆسە ناگونجاوەکان، دەردەکەوێت. کەواتە، لەم شێوە شیکارییە هیچ شتیک پتر لە ڕەتکردنەوەی هۆکاریەتی بێگانە نییە. بەڵام بابەتی گرنگ ئەمەیە کە لەم شێوە شیکارییانەدا، گەڕانەوەی دەستەیەک لەو دیاردانەی کە لە یەک هۆکارەوە سەریان هەڵداوە مەبەست نییە، بەڵکوو زیاتر مەبەست ئەوەیە ئەو ئەرێنیەتییە تاکیانە وا لێ بکات کە لەو چێوەدا کە بە شێوەی تاکیەتی دەردێن بەروونی لێیان تێبگەین.

بە ئاوڕدانەوە لەم بابەتانە دەتوانم بڵێم بەپێچەوانەی پێکهاتنێک کە ڕووی لە تاکیەتیی هۆکارێکی بنەڕەتی کردووە و لێوانلێوە لە بنەچەگەلێکی فرەڕەهەند، ئەوەی لێرەدا مەبەست بووە ڕەچەڵەکناسییە، واتە شتێک کە هەوڵ دەدات بارودۆخی دەرکەوتنی تاکیەتییەک لەسەر بنەمای توخمە فرەڕەهەندە یەکلاییکەرەوەکان سەرلەنوێ ببووژێنێتەوە؛ ئەو توخمانەی ئەم تاکیەتییە نەک وەکوو بەرهەمەکەیان، بەڵکوو وەک کاریگەرییەکەیان دەردەکەوێت. کەواتە مەبەست ئەوەیە ئەم تاکیەتییە وای لێ بێت کە لێی تێبگەین. بەڵام دەبێ بەڕوونی دەربکەوێ کە ئەم جۆری تێگەیشتنە لەسەر بنەمای ڕێسای داخران کار ناکات. لێرەدا ڕێسای داخران لەبەر هەندێک هۆکار مەبەست نییە.

یەکەم هۆکار ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییانە ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنن هەتا ئەم کاریگەرییەی تاکیەتییە ڕوون بکەینەوە، هەرچەند لە گشتی‌بوونیاندا سەیر ناکرێن، بەڵکوو لانیکەم هەتا ڕادەیەکی بەرچاو لەنێوان تاکەکان یان دەستەکاندا پەیوەندییگەلێکی کاردانەوەییان هەیە؛ بە مانایەکی تر، ئەم پەیوەندییانە سوژەکان، جۆرەکانی ڕەفتار، بڕیاردانەکان و هەڵبژاردنەکان لەخۆ دەگرن… ئەوەی کە ئێمە بتوانین بەشیمانەوە پشتیوانێک بدۆزینەوە لەناو سروشتی شتەکاندا نییە؛ پاڵپشتی ئەم شەبەکەی پەیوەندییە ژیرانەییانە، لۆجیکێکی تایبەتە کە لە بەستێنە کاردانەوەییکاندایە و چەند پەراوێزێکی فرەتر بگۆڕی ناـ‌دڵنیاکەرەوە لەگەڵیدا بوونی هەیە.

هەروەها داخراوبوونێک لە ئارادا نییە، چونکە ئەم پەیوەندییانەی کە هەوڵیان بۆ دەدەین دایان بمەزرێنین بۆ ئەوەیە وەکوو کاریگەرییەک شرۆڤەیەک بۆ تاکیەتی بکەین؛ هەروەها ئەم شەبەکەیە لە پەیوەندییەکان نابێ تەنیا یەک نەخشە پێک بێنێت. ئەوە پەیوەندییەکانن کە خەریکی دابڕانی هەمیشەیی لە یەکترن. لە ئاستێکی دیاریکراودا، لۆجیکی کاردانەوە لە نێوان تاکەکاندا یارییەک ئەنجام دەدات، ئەو تاکانەی کە دەتوانن هەم لەڕێگەی ڕێساکانی یارییەکە و هەم لەڕێگەی تایبەتبوونیەکەی، کاریگەرییەکانی تاکیەتی بپارێزن و لە هەمان کاتدا چەند کاردانەوەیەک لەگەڵ توخمەکانی دیکە ساز دەکەن کە لە ئاستێکی تردا یاری پێ دەکرێت، بە شێوەیەک کە لەم لایەنەوە، هیچ کام لەم کاردانەوانە سەرەتایی یان بەشێوەیەکی ڕەها پاوانخواز دەرناکەون. ڕەنگە هەر کام لەم کاردانەوانە لە بەستێنی یارییەکدا جێگایان بێتەوە کە ئەو ئاستە تێپەڕینێت؛ هەروەها بەپێچەوانەوە، هیچ کام لەم کاردانەوانە هەرچەندەش ناوچەیی بن، بێ‌کاریگەری یان بێ‌ئەوەی کە دەرفەتی کاریگەرییان لەسەر کاردانەوەیەک هەبێ دەرناکەون؛ ئەو کاردانەوەش بۆخۆی وەک بەشێک لەمەی دوواییانە و لەخۆی دەگرێت. کەواتە بەکورتی، جووڵەیەکی هەمیشەیی، بەرگەنەگرییەکی زاتی، یان بە واتایەکی وردتر، تێکئاڵانێک لەنێوان ئەو شتەی کە هەمان پرۆسە دووپات دەکاتەوە و ئەو شتەی کە پرۆسەکە دەگۆڕێت لە ئارادایە. بەپوختی مەبەست لە باسەکە پێشەوبردنی تەواویەتی فۆرمی ئەو شیکارییانەیە کە دەکرێت ناوی ستراتێجیکیان لێ بنێیت.

مەبەستی من لە دێرینەناسی، ستراتێجی و ڕەچەڵەکناسی سێ ئاستی دوابەدوای یەک نییە کە لە یەکترەوە سەر هەڵبدەن، بەڵکوو تایبەتمەندیدانانی سێ ڕەهەندیی لە یەک شیکارییە کە بە شێوەیەکی ناچارەکی لەگەڵ یەکتردا هاوکات بوون؛ ئەم سێ ڕەهەندە لە هاوکاتبوونیاندا دەبێ دەرفەتی سەرلەنوێ بەکارهێنانەوەی ئەو شتانەی کە ئەرێنیانەن بڕەخسێنن، واتە کامە بارودۆخ تاکیەتییەک وا لێ دەکات کە پەسەند بکرێت؛ هەر ئەو تاکیەتییە کە لە تێگەیشتن لەڕێگەی ناسینی کاردانەوەکان و ستراتیجییەکانەوە ڕێک دەخرێت کە ئەم تاکیەتییە لەنێوانیاندا تێکەڵاو بووە. ئەم شێوە توێژینەوە ڕوونکردنەوەیەکە بۆ… [چەند ڕستەیەک لە کاتی تۆمارکردنی شریتەکەدا فەوتاوە]… وەکوو کاریگەری بەرهەم دێت، هەروەها لە ئاکامدا ڕووداوچێکردن بەم مانایە دێت کە لەگەڵ شتێک سەروکارمان هەیە کە نەگۆڕبوونی، ڕیشەداکووتانی و بنەماکەی هەرگیز بە شێوەیەک نییە کە ئەگەر نەتوانین پەرتەوازەبوونەکەی بناسین، لانیکەم بە شێوازێک پێناسە بۆ ئەو شتە بکەین کە دەرفەتێک بۆ پەرتەوازبوونەکەی دەڕەخسێنێت یان لەسەر چ بنەمایەک بزربوونەکەی دیاری دەکات.

پێشتر باسم لەبارەیەوە کردووە، بەجیاتی ئەوەی کێشەکە لەناو چێوەی زاراوەکانی زانین و ڕەوابوون پێناسە بکەین، پێویستە لە پرسیارەکە لەڕێگەی زاراوەکانی دەسەڵات و ڕووداوچێکردنەوە نزیک ببینەوە. بەڵام هەر وەک سەیر دەکەن مەبەست ئەوە نییە کە لە دەسەڵات وەک  زاڵبوون، دەست بەسەردا ڕۆشتن، وەک بابەتێکی بنەمایی، ڕێسایەکی یەکتا، شرۆڤەکردن یان یاسایەکی نەگۆڕ کە بەرتەسک ناکرێتەوە تێبگەین؛ بەپێچەوانەوە، دەبێ هەمیشە لەناو پەیوەندییەک کە لەگەڵ بەستێنی کاردانەوەکاندا هەیەتی لە دەسەڵات وردببینەوە، دەبێ لەو پەیوەندییە جیانەکراوە کە لەگەڵ فۆرمەکانی زانستدا هەیەتی لە دەسەڵات وردبینەوە. هەروەها دەبێ هەمیشە بە شێوەیەک سەرنج لە دەسەڵات بدەین کە وەکوو هەرێمێک لە دەرفەت و لە دەرەنجامدا وەکوو هەڵگەڕانەوە و ئاوەژوویی ئەو دەرفەتە بیبینین.

کەواتە دەبینن کە ئیتر پرسیار ئەوە نییە کە بە کامە هەڵە، وەهم، لەبیرکردن و یان ناڕەواییەک زانین بە شوێنێک گەیشتووە کە ئەو کاریگەرییانەی زاڵبوون بەرهەم بێنێت کە لەڕێگەی هێژمونیی [ئەم وشەیە لە شریتەکەدا بەر گوێ ناکەوێ] لە جیهانی مۆدێرندا دەردەکەوێت؟ بەڵکوو پرسیار ئەوەیە: چۆن دابەش‌نەکراوەیی زانایی و دەسەڵات لە یاری کاردانەوەکان و ستراتێجییە فرەڕەهەندەکان دەتوانێت هەم ئەو تاکیەتییانە بەرهەم بێنێت کە لەسەر بنەمای دۆخەکانی پەسەندکراوەیی ڕێک دەخرێن، هەم هەرێمێک لە دەرفەتەکان، کراوەییەکان، بڕیارنەدانەکان، گۆڕانکارییەکان و ئەو جێبەجێکردنە شیمانەییانە چێ دەکەن کە بابەتەکە پارچە پارچە دەکەن و بە شێوەیەکی کاتی دەریان دەهێنن و ئەم کاریگەرییانە بە ڕووداوەکان دەگۆڕن (نە شتێک زیاتر و نە شتێک کەمتر لە ڕووداوەکان)؟ بە چ شێوەیەک دەکرێت کاریگەرییە ناچارەکییە تایبەتەکانی ئەم ئەرێنییەتیانە نە لەرێگەی گەڕانەوە بۆ چارەنووسی ڕەوای زانین و هەروەها نە لەڕێگەی تێڕامان لەبارەی بابەتی ترەنسێندێنتاڵ [فراژۆ یان بەرزەجێ] یان نیمچەـ‌ترەنسێندێنتاڵ کە ئەم چارەنووسە ڕێکی دەخات بزر کەین، بەڵکوو لەناو بەستێنێکی ستراتێجیک و بەرهەست (لەناو ئەم بەستێنە ستراتێجیک و بەرهەستەدا کە ئەم کاریگەرییانە دەسەلمێنێت) و بەدەستپێک لە بڕیاری حکومەت بەسەردا نەکران ئەم کاریگەرییانە ئاوەژوو بکەین یان گرێکانیان بکەینەوە؟

لە ئاکامدا، بزاڤ و جووڵەیەک لە ئارادا بووە کە بووە بە هۆی ئەوەی ئاقاری هەڵوێستەی ڕەخنەگرانە لە پرسیاری ڕەخنەدا بگۆڕێت، یان بە واتایەکی باشتر، جووڵەیەک هەبووە کە بووە بە هۆی سەرلەنوێ وردبوونەوە لە بەرنامەی ڕۆشنگەری لەناو پڕۆژەیەکی ڕەخنەگرانەدا ـ پڕۆژەیەک کە دەبێ بە شێوەیەک کاری بکردایە کە زانین بتوانێت ئایدیای گونجاوی خۆی درووست بکات ـ ئایا ئێستا نابێ هەوڵی ئەوە بدرێت کە ڕێگایەکی ئاوەژوو بگرینە بەر، ئاوەژووی ئەم بزاڤەی کە ئاقارەکەی گۆڕیوە، جێبەجێی کردووە و بەپێچەوانەی ئەو شێوازەی کە پرسیار لە ڕۆشنگەری لەناو ڕەخنەدا بەلاڕێدا بردووە؟ ئایا ئێمە ناتوانین هەوڵی ئەوە بدەین کە ئەم ڕەوەندە لە ڕێگایەکی پێچەوانەوە بپێوین؟ هەروەها ئەگەر پرسیار سەبارەت بە زانین پێویستە لەگەڵ ئاستی پەیوەندی بە زۆرداری و دەست بەسەردا ڕاگرتنەوە ئاراستە بکرێت، ئەم پرسیارە دەتوانێت سەرەتا و بەر لە هەموو شتێک لە جۆرێک خواستی یەکلاییکەرەوەی حکومەت بەسەردا نەکرانەوە دەست پێ بکات، ئەم بڕیار و خواستی یەکلاییکەرەوە بریتییە لە هەڵوێستەی هەم تاکیانە و هەم بە کۆمەڵ؛ بە وتەی کانت، بۆ دەربازبوون لە پێنەگەیشتوویی. پرسیار لە هەڵوێستە. دەبینن، لە کاتێکدا دەکرا، بۆچی نەمتوانی و نەموێرا سەردێڕی کۆنفرانسەکەم بەم شێوەیە ناو بنیم: ڕۆشنگەری چییە؟

[1] سەرچاوەی وەرگێڕان:

Michel Foucault (2007), “What is critique?”, Translated by Lysa Hochroth, In the Politics of Truth, Edited by Sylvère Lotringer, Los Angeles: Semiotext, pp. 41-83.

[2] What is an author? First published in the Bulletin de fa Societe francaise de philosophie, was translated from the French by Josue V. Harari in Textual Strategies: Perspectives in Post-Structuralist Criticism, and edited by Josue V Harari (Ithaca, New York: Cornell University Press, 1979). It was reprinted in Foucault Reader, ed. Paul Rabinow (New York: Pantheon Books, 1984).

[3]   John Wycliffe (1320 – 1384): فەیلەسوف، بیرمەندی ئایینی و چاکسازیخوازی ئینگلیزی کە بۆ یەکەم جار کتێبی پیرۆزی (The bible) بەتەواوی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕا. ویکلیف وەک پێشەنگی بزاڤی ڕێفۆرمی پرۆتێستان سەیر دەکرێ و بەڕوونی باسی لەوە کردووە کە قەشەکان پەیوەندی نێوان خودا و خوڵقێنراوەکانی ساز ناکەن، دژ بە رێوڕەسمی عێشای ڕەبانی بووە و پێیوابووە دانپیانان بە گوناهەکان لە کڵێسەدا کارێکی ڕەوا نییە.

[4]  Pierre Bayle (1647 – 1706): فەیلەسوف و نووسەری فەڕەنسی کە بە هۆی نووسینەکانیەوە لە فەرهەنگی ڕەخنەیی و مێژووییدا (Historical and Critical Dictionary) ناوی دەرکردووە. ئەم فەرهەنگە لەڕووی وردبینی زانستیی و مێتۆدی گومانکردنەوە کاریگەرەییەکی زۆری لەسەر بیرمەندەکانی بزاڤی ڕۆشنگەری داناوە.

[5] زۆربەی کات فوکۆ لە قسەکردن و نووسینیدا وشەی ڕۆشنگەری [Enlightenment (ئینگلیزی)] بە هەمان شێوە ئاڵمانییەکەی واتە Aufklärung بەکار دینێت.

[6]  Frederick II: پاشای پرۆس (١٧٤٠ـ١٧٨٦) کە نازناوی فرێدێریکی مەزنی (Frederick the Great) هەبوو.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!