گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

تیۆری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

محەمەد، پیشڕەو  (٢٠٢٤): ڕەچەڵەکناسیی بەدێوکردن. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ١٢١–٩٨ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

بۆ زیاتر لە ڕەوایەتیخستنی پرسی کوردستان، پێشخستنی پرسی فەڵەستین و پەرەدان بە ئایدیۆلۆژیای زیاتری ئەنتیسێمیتیزم، دەباشی لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوێکی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی دەبینێت، بەڵام هەرگیز بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەگەر ئیسرائیل کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی، بەتایبەت بریتانی دروستی کردبێت، کەواتە هیچ ڕەوایەتییەکی نییە، بەڵام عێڕاق و سوریاش کۆلۆنیالیزمی بریتانی و فەڕەنسی دروستی کردن و تورکیاش هەر بە بڕیاری کۆلۆنیالیزمی بریتانی دروست بوو. بۆ ئەم دروستکراوە کۆلۆنیانە ناخرێنە ژێر پرسیارەوە و ڕەوایەتیان هەیە، بەڵام ئیسرائیل لە ڕەوایەتی دەکەوێت

ڕەچەڵەکناسیی بەدێوکردن

سەرەتایەک بۆ تیۆریزەکردنی پەیوەندیی ناوەکیی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم

نووسەر: پێشڕەو محەمەد

پێشەکی

ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە، پوختەیەکی خێرای کتێبە تازەکەمە بە زمانی ئینگلیزی دەربارەی ئەم پرسە کە ڕەهەندە مێژوویی، سیاسی، کولتووری و ئابوورییەکانی بەسەر دەکەمەوە. لێرەدا دەمەوێت هەندێک بنچینەی خێرای تیۆری بۆ تێزەکەم دابمەزرێنم سەبارەت بە فەنتازیای پیلانگێڕی، بەستنەوە و یەکسانکردنی کورد و جوو، بینینی کوردستان وەک «فیتنە و پیلانێکی زایۆنیستی» هەم وەک ڕێگەیەک بۆ لە ڕەوایەتی خستنی پرسی مێژووییی کوردستان و هەم لە ڕەوایەتی خستنی دەوڵەتی ئیسرائیل و بینینی جووەکان لە پشتی هەموو ئەو شتانەی فەنتازیای پیلانگێڕی بە خراپیان دەبینێت. ئەم فەنتازیای پیلانگێڕییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنێو ڕەوتە ئایدیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکاندا خۆی دەر خستووە کە هەمیشەش لە مەیدانی کردەکیدا ڕۆڵی خۆی گێڕاوە: لە ئیخوان موسلمینەوە بگرە بۆ هەردوو لقە مۆدێرنەکانی: حەماس و داعش (یەکەم پەلاماری بۆسەر ئیسرائیل و دووەم بۆسەر کوردستان) بۆ بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی بانعەرەبیزم و وەرگێڕانی بۆ دەسەڵات لە سوریا و عێڕاقدا: بەعسیزم، تا دەگاتە چەپی ئێرانی و تورکی. جگە لەوە، لەم نووسینەدا هەروەها بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەشدا دەگەڕێم: بۆ چەپی جیهانی بە مەرج و لە ئاستی زۆر کەمدا پشتیوانی لە پرسی کوردستان دەکات بەڵام بۆ فەڵەستین، نەک پشتیوانیی بێ‌مەرج، بەڵکو هەموو فەنتازیاکانی پیلانگێڕیش لە بەرگێکی نوێدا زیندوو دەکاتەوە؟ هەروەها دەمەوێت ئەم بابەتەش شی بکەمەوە: فەڵەستین وەک کۆدێکی کولتووری. بۆ تێگەیشتن لەم پەیوەندییانە، بەتایبەت ئەو هاوپەیمانێتییە تیۆری و پراکتیکییەی لەنێوان چەپ، ڕاست، ئیسلامیزم و تیۆریزەکاران و ڕۆشنبیرانی پۆست-کۆلۆنیالیزمدا دروست بووە، بەتایبەت لە پەیوەندیدا بە پرسی فەڵەستین و پرسی کوردستانەوە، خوێنەر پێویستە لە دوو دیاردەی زۆر بنچینەیی تێ بگات: فەنتازیای پیلانگێڕی و ئەنتیسێمیتیزم[1]. لێرەدا دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ناتوانم بە دوورودرێژیی ئەم بابەتە شی بکەمەوە و لەم ڕووەشەوە بابەتێکی وەهای کەمتر ناسراو لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، پێویستی بە زۆرترین لێکۆڵینەوە هەیە، بە دوو هۆکار، یەکەم ئەنتیسێمیتیزم نەک تەنها بزووتنەوەیەکی دژە-جووەکانە، بەڵکو لە ناوەرۆکی خۆیدا بزووتنەوەیەکی سیاسیی دژە-دیموکراتی، دژە-لیبراڵیزم، دژە-سۆسیالیزم، دژە-مۆدێرنیتە و دژە-ڕۆشنگەرییە و دووەم، بەتایبەت بۆ ئێمە لە کوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە خەباتی کورد بۆ نەتەوەبوون و دەوڵەتدارییەوە هەیە. هەرچۆنێک بێت هەوڵ دەدەم لەم وتارەدا سەرەداوەکان شی بکەمەوە، بەڵام بەڵێن بە خوێنەر دەدەم لە زووترین مەودادا کتێبێکی فراوانی من لەو بارەیەوە دەخوێنێتەوە.  

فەنتازیای پیلانگێڕی چییە و چۆن جووەکان دەکاتە ئامانج؟

لە ئینگلیزیدا بەردەوام بە فەنتازیای پیلانگێڕی دەگوترێت «تیۆریی پیلانگێڕی» (Conspiracy Theory)، بەڵام بەگشتی لە ئەڵمانیا، بەتایبەت کە تێیدا تیۆریی ڕەخنەیی نیوسەدە باڵادەستی هەیە، بەگشتی وەک «فەنتازیای پیلانگێڕی» (Verschwörungsfantasie) یان «خەیاڵ/وێنای پیلانگێڕی» (Verschwärungsvorstellung)، یاخود «فەنتازیای پیلانگێڕیی جیهانی» (Weltverschörungsfantasie) ناوی دەبرێت و هۆکاری ئەمەش دەکرێت بۆ ئەوە بگەڕێنینەوە کە لە پشتی تیۆرەوە دونیا و ئاراستە یان لێکدانەوەیەکی عەقڵانی وەستاوە، واتا تیۆر بنچینەی خۆی لەسەر شیکاریی عەقڵانی بۆ دیاردەکان دادەمەزرێنێت، لەکاتێکدا «پیلانگێڕی» لە دەرەوەی لێکدانەوە و شیکاریی عەقڵانییەوەیە، لەکاتێکدا فەنتازیای پیلانگێڕی پشت بە خەیاڵ و بیرۆکە یاخود بونیادێکی گێڕانەوە دەبەستێت کە هەڵسوکەوتێک، پیلان و فیتنەیەکی خەیاڵیی وا پیشان دەدات وەک بڵێیت لە ژیانی ڕاستەقینەدا ڕوو دەدات و ساڵانێکی زۆریشە لەئارادایە و بەدوای دەرفەتی گونجاودا دەگەڕێت پیلانەکانی جێبەجێ بکات[2].

فەنتازیای پیلانگێڕی بەگشتی وا دەری دەخات ڕێگەیەک بێت بۆ لێکدانەوەی جیهان (Welterklärung)، یان جۆرێک جیهانبینی (Weltanschauung) بێت کە توانای ڕاڤەکردنی ئەو دیاردانەی هەیە لە جیهاندا ڕوو دەدەن. هەمیشەش پشت بەوە دەبەستێت و ئاماژە بەوە دەکات ئەو ڕووداو و هەلومەرجانەی تێی کەوتووین لە ئەنجامی پیلانگێڕیی گرووپێکی نهێنی، دەستێکی نادیاری، بەگشتی شەڕانگێزەوە دێن، کە هەم بەدەسەڵاتن و هەم نهێنی دەجووڵێنەوە. بەگشتیش فەنتازیا پیلانگێڕییەکان هەندێک گرووپی دیاریکراو دەکەنە ئامانج، هەموو شکستەکانی خۆیانی پێ هەڵدەواسن و ئەو گرووپە دەکەنە بەرپرسی هەموو کەموکورتی، چارەڕەشی، بەڵا و ئەو نەخۆشییانەی بەسەریاندا هاتوون. تەنانەت ئەگەر ئەو گرووپە لە لاوازترین دۆخی خۆشیاندا بن، هێشتا وا دەبینرێت، لاوازییەکەیان تاکتیکێکی نهێنی، پیلانێکی شاراوەی دیکەیانە بۆ ئەنجامدانی کاری خراپ و تێکدەرانەی زیاتر. بۆ نموونە لە سەردەمی کۆنەوە تا ئەمڕۆ، هیچ گرووپێکی مرۆیی، گەل و نەتەوەیەک هێندەی جووەکان ڕووبەڕووی ئەم تۆفانی فەنتازیا پیلانگێڕییە نەبووەتەوە. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٥دا جووەکان لە لاوازترین دۆخی خۆیاندا بوون و نزیکەی شەش ملیۆن جوو بەدەستی نازییەکان قڕ کرا بوون، و نیوەی جیهان کەوتبووە بەردەستی ئەڵمانیای نازی، هێشتا نازییەکان پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد، کە جووەکان خەریکی پیلانگێڕیی جیهانین دژی مرۆڤایەتی، لێرەدا مەبەستیان لە مرۆڤایەتی، ئەڵمانیای نازی بوو. لەم ڕووەوە، بەگشتی فەنتازیا/تیۆریی پیلانگێڕی بە هەموو ڕێگاکاندا دەچێتەوە سەر بە ئامانجگرتنی جووەکان[3]. یاخود وەک تیۆدۆر ئادۆرنۆ ئاماژەی پێدەکات سەبارەت بە فەنتازیای پیلانگێڕی و ئەنتیسێمیتیزم: «ئەنتیسێمیتیزم بڵاوکردنەوەی دەنگۆیە سەبارەت بە جووەکان»[4].

لە سەردەمی نوێدا هیچ نووسراوەیەک هێندەی «تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن» (The Protocols of the Elders of Zion)، کە بۆ یەکەم جار بە ڕووسی لە ١٩٠٣دا بڵاو بووەتەوە، ڕۆڵی لە ڕادیکاڵیزەکردن و پەڕگیرکردنی تیۆر و فەنتازیای پیلانگێڕیدا نەبووە، کە بووەتە هۆی نەک قڕکردنی جووەکان، بەڵکو هەروەها جەنگی دووەمی جیهانیش، پاڵنەرێک بووە بۆ جەنگ لەسەر جووەکان و لەناوبردنیان لەپێناوی نەهێشتنی خراپە لە جیهاندا. ئەم دەقە گوایە تۆمارنامەیەکی نهێنیی کۆنگرەی زایۆنیستەکانە دزەی کردووەتە دەرەوە، لە بنەڕەتدا دەقێکی ساختەکراوی پۆلیسی نهێنیی ڕووسیا بووە و پاشان بە فراوانی ئاشکرا بوو. لەکاتێکدا کۆنگرەی زایۆنیستەکان بە ڕابەرایەتیی تیۆدۆر هێرتزل لە نێوان ٢٩-٣١ی ئۆگۆستی ١٨٩٧دا لە شاری بازلی سویسرا بەستراوە، کۆنگرەیەکی ئاشکرا بووە نەک نهێنی و بە بەرچاوی ڕۆژنامەوانان و چاودێرانی جیهانەوە بووە، پرۆتۆکۆل (تۆمارنامەی کۆبوونەوە) باس لەوە دەکات ئەم ناوەرۆکانەی ناو ئەم کتێبە پشت پەردەی زایۆنیستەکان پیشان دەدات بۆ ئامادەکردنی جووەکان بۆ حوکمردنی جیهان. پرۆتۆکۆلەکان (تۆمارنامەکان) دوای شۆڕشی بەلشەڤیی ١٩١٧ دەهێنرێنە ئەڵمانیا، بەتایبەت دوو ئەفسەری باڵای سوپای تزاری، پیۆتر بیکۆلاێڤیچ شابێلسکی-برۆک و فیۆدۆر ڤیکتۆرۆڤیچ ڤینبێرگ، دوو دژە-جووی توندڕەو، ڕا دەکەن و بە شەمەنەفەرێکی ئەڵمانی دەگەنە بەرلین. کاتێک دەگەنە ئەڵمانیا، وردە وردە شۆڕشی کۆمۆنیستەکان بە ڕابەرایەتیی ڕۆزا لۆکسمبورگ، ژنەجوویەکی سۆسیالیست، شارەکانی ئەڵمانیای تەنی بووەوە، بووە هۆی لە تاج داماڵین و لە دەسەڵات داماڵینی قەیسەر ڤیلهێلمی دووەم و ڕاکردنی بۆ هۆڵەندا. هەردوو ئەفسەرە باڵا ڕووسییەکە لە تریبونی کۆنزەرڤاتیڤ و ڕاستڕەوەکاندا خێرا دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی بۆچوونەکانیان دەربارەی هەردوو شۆڕشەکەی ڕووسیا و ئەڵمانیا، و بەوەدا سەرکردە دیارەکانی هەردوو شۆڕشەکە جوو بوون، دەبێتە دەرفەتێک خێرا لە هەموو نووسراوەکانیاندا بڵێن پیلانی داگیرکردنی جیهان لەلایەن جووەکانەوە لە «تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن»دا هاتووە. ئەوان لەگەڵ خۆیاندا نوسخەیەکی ڕووسیی تۆمارنامەکان دەهێننە ئەڵمانیا و دەیدەن بە کەسێک بەناوی لودڤیگ مولەر فۆن هاوزن، دامەزرێنەری ڕێکخراوێکی نهێنی و ژێرزەمینیی ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئەڵمانیا، کە پێش جەنگی یەکەمی جیهانی ناوەکەی بەم جۆرە بوو: کۆمەڵەی دژە-باڵادەستیی جووەکان. بە پشتیوانیی داراییی ئەریستۆکراتە بەجێماوەکان و ئەندامانی ئێستا لە دەسەڵات داماڵڕاوی خێزانی پاشایەتی، نامیلکە ساختەکراوە ڕووسییەکە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئەڵمانی و لە جێنیوەریی ١٩٢٠ چاپەمەنییەکەی مولەر فۆن هاوزن چاپ و بڵاوی دەکاتەوە[5].

دوای شکستی خوێناویی شۆڕشی نۆڤەمبەری ئەڵمانیا و دامەزراندنی کۆماری نیمچە دیموکراتیی ڤایمار لە ئەڵمانیا، قەیران دوای قەیران بەرۆکی ئەڵمانیا دەگرێت، لە قەرەبووکردنەوەی وڵاتانی زیانلێکەوتووەوە بگرە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی و بۆ قەیرانە ئابوورییە یەک لە دوای یەکەکان و بۆ داکشانەوەی پیشەسازیی ئەڵمانی. هەموو ئەمانە دەرفەتی گرنگ دەبن بۆ سەرهەڵدانی هێزە توندڕەوە ڕاستڕەو و فاشیستەکان لە ئەڵمانیا. لە هەموو ئەم شتانەشدا جوو تۆمەتبار دەکرێن کە لە پشتی یەک بەیەکی ئەم قەیرانانەوە وەستاون و سەرچاوەی سەرەکیی ئەم تۆمەتانەش هەمیشە بریتییە لە پرۆتۆکۆلەکان. لە کۆتاییی ساڵی ١٩٢٠دا نزیکەی ١٢٠ هەزار نوسخەی نامیلکەکە دەفرۆشرێت. تا ساڵی ١٩٣٣ و بە ماوەیەکی کەم پێش هاتنی هیتلەر بۆ دەسەڵات، دەگاتە سی و سێ چاپ و بە نزیکەی تا ١٠ ملیۆن فرۆش دەڕوات. وەک فۆلکە ئولریش، یەکێک لە کاریگەرترین و ناسراوترین مێژوونووسانی ئەڵمانی و بە نزیکەی دوایین ژیننامەنووسیی هیتلەر، دەڵێت «لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پرۆتۆکۆلەکانی سەرانی زایۆن لە ئەڵمانیا و بە زمانی ئەڵمانی… تیۆریی پیلانگێڕی بووە ڕەگەزی هەرە سەرەکیی پروپاگەندەی ئەتنیکی-شۆڤینیستیی ئەڵمانی»[6]. هانا ئارنت لە کتێبە کاریگەرەکەیدا، سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزم (١٩٥١) تۆمارنامەکان وەک دەقی سەرەکیی نازیزم دەبینێت و دەڵێت نازییەکان ئەم دەقەیان وەک «کتێبی وانەیی» بەکار هێناوە[7]. نۆرمان کۆهن، مێژوونووس و دەروونشیکاری بریتانی، لە کتێبە بەناوبانگ و کلاسیکەکەیدا فەرمانی جینۆساید: ئەفسانەی پیلانگێڕیی جیهانیی جوو و تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن (١٩٦٧)، ئەم نامیلکەیە وەک «فەرمانی جینۆساید» لەقەڵەم دەدات و دەڵێت ئەم دەقە بووە «دەربڕین و پاڵنەری باڵا و سەرەکی بۆ ئەفسانەی پیلانگێڕیی جووی جیهانی. مێشک و زەینی هیتلەری بە قووڵی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و دەقەکە بووە ئایدیۆلۆژیای سەرەکیی توندڕەوترین و شێتانەترین لایەنگرانی هیتلەر لە ناوخۆ و لە دەرەوە – و دەقەکە یارمەتیدەر بوو لە ئامادەکردنی ڕێگەکە بۆ بە نزیکەیی قڕکردنی سەرتاپای جووەکانی ئەوروپا»[8]. ڕۆبەرت ویستریش، بەناوبانگترین مێژوونووسی بواری ئەنتیسێمیتیزم دەڵێت ئەم دەقە ڕاستەوخۆ هۆلۆکۆستی لێ کەوتەوە[9]. سێرگی نیلوس، قەشە و ئەریستۆکراتیی ڕووسی، لە ساڵی ١٩٠٥دا دەقەکە بەناوی «مەزن لە بچووکدا: هاتنی دژە-مەسیح و حوکمی شەیتان لەسەر زەوی» چاپ دەکات، بە دیاریکراوی لە سەروبەندی شۆڕشی ١٩٠٥ی ڕووسیادا، کە جووە لیبراڵ و سۆسیالیستەکان ڕۆڵی چالاکانەیان هەبوو لە شۆڕشەکەدا و شکستی شۆڕشەکەش، هاوکات کوشتار و ڕاوەدوونانی بەکۆمەڵی جووەکانی لێ کەوتەوە.

کەواتە دەکرێت بپرسین چۆن دەکرێت دەقێکی بچکۆلەی ڕووسی، لە ماوەیەکی کەمدا هێندە بە ئاسانی جیهان بتەنێتەوە و لەگەڵ ئەوەی هەر زوو هەم بەلشەڤییەکان و هەم ئەمریکییەکان، بریتانییەکان و فەڕەنسییەکان ئاشکرایان کرد کە دەقێکی ساختەکراوی پۆلیسی نهێنیی ڕووسییە، بتوانێت هۆلۆکۆست و قڕکردنی سەرتاپاگیری جووەکان بخوڵقێنێت؟ دەروونشیکارەکان و مێژوونووسانێکی زۆر و بیرمەندان لەسەر ئەوە کۆکن کە فەنتازیا پیلانگێڕییەکان و درۆ و پروپاگەندەکان بەئاسانی دەتوانن کار لە هۆش و زەین و دڵ و دەروونی جەماوەر بکەن و بیجووڵێنن. ئەم دەقە هاوکات کاریگەریی لەسەر کەسایەتییە دیارەکانی جیهان و سەرمایەداران و بەدیاریکراویش بە فراوانی لەسەر کۆمەڵگەی ئیسلامی داناوە. بۆ نموونە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، لە خۆراوا ئەم دەقە بەتەواوی لە ڕەوایەت کەوت، کەچی لە ساڵی ٢٠٠٣ تەلەڤزیۆنی ئەل-مەناری حزبوڵا دەقەکە دەکات بە زنجیرەفیلمێکی ٢٩ بەشی بەناوی «دیاسپۆرا» (الشتات). بۆ نموونە بەڵگەنامەی ڕاگەیاندنی حەماس لە ١٩٨٧دا تۆمارنامەکان وەک بەڵگەیەکی ڕەسەن و ڕاستەقینە لەقەڵەم دەدات و لەم ڕێیەوە دەڵێت بوونی ئیسرائیل بۆ حوکمی جیهان و تێکدانی جیهانی ئیسلامی، پێشتر لە تۆمارنامەکاندا هاتووە. لەگەڵ ئەوەی تۆمارنامەکان لە پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەرگێڕدڕاوە بۆ فارسی، بەڵام لە سەردەمی خومەینییەوە تا ئەمڕۆ یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گوتاری فەرمیی دژە-جووی کۆماری ئیسلامی.

بەکورتی، لەگەڵ ئەوەی نووسەری دەقەکە زانراو نییە، بەڵام ئەوە بە فراوانی ناسراوە کە دەقەکە لە دەزگای نهێنیی پۆلیسی ڕووسیادا دروست کراوە و لە ٢٤ بەش پێک هاتووە، واتا بە گریمانەیی لە ٢٤ خولەکی دیداری زایۆنیستەکان، کە لە ڕوانگەی دەقەکەوە، دیدارێکی نهێنی بووە و وەک «پلانە نهێنییەکان»ی جووەکان بۆ حوکمی جیهان ناو براوە کە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی ئابووری، کۆنتڕۆڵکردنی میدیا، بەشەڕدانی وڵاتان و نەتەوەکان و هەڵگیرساندن و وروژاندنی جەنگە ئایینییەکان، ئامانج و پیلانی خۆیان بۆ باڵادەستبوون بەسەر جیهاندا بەدی دەهێنن. بەڵام بێگومان چەندین سەرچاوەی سەرەکی بۆ نووسینی ئەم دەقە بەکار هاتوون کە ڕیشەی ڕاستەوخۆیان لە دژە-جووایەتیی فەڕەنسا و ئەڵمانیای سەدەی هەژدە و نۆزدەدا هەیە و دیارە لێرەدا ئێمە ناتوانین بە وردی هەڵوەستە لەسەر ڕەگوڕیشەکانی ئەم دەقە بکەین و بەدڵنیایی‌یەوە هەڵی دەگرین بۆ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ[10].

دەتوانین بڵێین هیچ نووسراوەیەک لە مێژووی مرۆڤدا هێندەی ئەم دەقە ساختەکراوە نەیتوانیوە بنچینەی فەنتازیای پیلانگێڕی پێک بهێنێت. هۆکارە سەرەکییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوی جووەکان کە دەیانەوێت حوکمی جیهان بکەن، بەوەدا جیهان پێشتر بەدرێژاییی دوو هەزار ساڵ دەستوپەنجەی لەگەڵ دژە-جووایەتییدا نەرم کردووە. ئەم دەقە ئەو بیروباوەڕەی لای فەنتازیسازانی پیلانگێڕیی بەهێز کردووە کە جووەکان بکاتە بەرپرسی هەموو کارەساتەکانی سەر زەوی و هەموو دیاردە مۆدێرنەکان، تەنانەت دژبەیەکەکانیش: کۆمۆنیزم و سەرمایەداری. بۆ نموونە جوو دەتوانێت ستالین و ڕووزەڤێلتی سەرۆکی ئەمریکا بکاتە هاوڕێ. وەک باس کرا، ئەم دەقە دوای جەنگ لە جیهانی خۆراوادا باوی نامێنێت، تەنها لە بازنەیەکی بچووکی گرووپە ژێرزەمینییە نیۆنازییەکاندا نەبێت، بەڵام ئەمڕۆ کاریگەریی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ جیهانی ئیسلامی و تەنانەت بۆ سیکۆلارترین ڕەوتەکانی ئەم جیهانە: ناسیۆنالیزمی پانعەرەبی واتا بەعسیزم و چەپ گواستووەتەوە و ئەم جارە ڕەهەندێکی دیکەش بۆ سەر ئەم فەنتازیا پیلانگێڕییە زیاد کراوە: کورد.

ئەنتیسێمیتیزم چییە؟ ڕاست، چەپ، ئیسلامی

ڕقبوونەوە لە جووەکان (Judenhass)، جووبێزی (Judenfeindseligkeit)، دژە-جووایەتی (Anti-Judaismus) و دژە-سامی (Antisemitismus) کۆمەڵە دەستەواژەیەکن لە دەوری یەک تێما دەخولێنەوە: دوژمنایەتی بەرانبەر جووەکان (Judenfeindschaft) و ئەمەش بەشێکە لە کۆدە کولتوورییەکانی مرۆڤ بە درێژاییی دوو هەزار ساڵ بێ پچڕان بووە بە بەشێک لە یادەوەری و توانا و ڕێچکەی پەیوەندیگیریی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ، لە کۆمەڵگەی خۆراوایی‌یەوە بگرە تا کۆمەڵگە موسڵمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای لاتین، ئاسیای ناوەڕاست و دوور. دژایەتیکردنی ئەم دیاردەیەش نە پەروەردە و نە زانایی و زیرەکی چارەسەر نین.

ساڵی ٢٠١٤ ئەنجومەنی ناوەندیی جووەکان لە ئەڵمانیا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی بڵاو کردەوە کە هەم بە ئیمەیل بۆی هاتوون و هەم کۆمێنتی فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرامی کۆ کردبوونەوە و بڵاوی کردنەوە تێیدا هاتبوو: «هەی جوو، هەی جوو، هەی بەرازی جەبان، وەرە دەرەوە و دووبەدوو بجەنگە»، «ئیسرائیلی منداڵکوژ»، «تیرۆریزمی جوو بوەستێنن»، و هتد ئەم جۆرە دەربڕینە بەئاشکرا دژە-جووانە لە پەیوەندیدا بە ناکۆکیی غەزە-ئیسرائیل بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم دەربڕینانەی سەرەوە تەنها لە ئاستی کۆمێنت و ئیمەیلدا نەما بوونەوە، بەڵکو ببوونە نووسراوی سەر لافیتەکان لە خۆپیشاندانی شاری ئێسن، بەرلین، کۆڵن و چەندین شاری دیکەی ئەڵمانیا. هەروەها بە بەردەوامی لە پۆستی فەیسبووک، ئینستاگرام و تویتەردا دەبینین جووەکان بە نازییەکانی ئەمڕۆ ناو دەبرێن و غەزە بە گیتۆی وارشۆ. هەروەها ڕۆژانە کونسوڵخانەی ئیسرائیل و سەرجەمی دامەزراوە و ناوەندە جووەکانی ئەڵمانیا ئیمەیلیان بۆ دەچێت، تێیاندا دەوڵەتی جوو وەک گەورەترین و پیسترین زبڵدانی سەر زەوی و جووەکان بە هەمان شێوە و بە یەکسان وەک منداڵکوژان دەبینرێن و وەک تاوانبار و دڕندە و ئاژەڵی کێوی لەقەڵەم دەدرێن. هەڕەشەی کوشتن لە جووەکان وەک کوشتنی سەرجەمی ئیسرائیلییەکان و فەنتازیای قڕکاری وەک بە چەکی ئەتۆمیی بۆمبارانکردنی «دەوڵەتی تاوانکاری ئیسرائیل» و سڕینەوەی لەسەر زەوی، بووە بە گوتاری بەردەوامی وڵاتان و خەڵکانی جۆراوجۆر و ئەمڕۆ چی تر هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل بە چەکی ئەتۆمی وەک گوتارێکی فەناتیکی ئێران نەماوەتەوە و بووە بە بەشێک لە کۆمێنتنووسانی ئەڵمانیش. لە شاری ڤوپەرتال بە مۆلۆتۆڤ و ئامرازی ئاگرکەرەوە هێرش دەکرێتە سەر پەرستگای جووەکان (سیناگۆگەکان). لە سەرجەمی ئەڵمانیادا خۆپیشاندەران هەم ئاڵای ئیسرائیل و هەم کیپا (کڵاوی سیمبولیی ئایینیانەی جووەکان، یارمولکە) وەک نیشانەی نەخۆشی پیشان دەدرێن و جوێنیان پێ دەدرێت، و ئەوانەی کیپایان لەسەر کردبێت، هێرشیان دەکرێتە سەر[11].

ئەنتیسێمیتیزم لە ڕووی مێژوویی‌یەوە ڕیشەیەکی قووڵی دوورودرێژی هەیە و ڕیشەکەی بۆ یەکەم جار دەگەڕێتەوە سەر میسرییە کۆنەکان. بۆ نموونە فلاڤیوس ژۆزێفوس (٣٧-١٠٠ی زایینیی) مێژوونووس و ڕابەری میلیتاریی ڕۆمانی-جوو، دوای شکستی یوریشەلایم بەدەستی ڕۆمانەکان، دەچێتە پاڵ ڕۆمانەکانەوە و پۆست و پلەی باڵا بەدەست دەهێنێت، و پاشان دەبێتە لێکۆڵەری فەلسەفە و تیۆلۆژیا و مێژوونووسی، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی «دژی ئاپیۆن» یاخود بە وەرگێڕانی مۆدێرن: «دژی یۆنانییەکان دەربارەی کەوناراییی گەلی جوو»، دەڵێت: «یەکەم جار میسرییەکان دەستیان پێکرد جوێنمان پێ بدەن»[12]. دژە-جووایەتی پاشان دەپەڕێتەوە ناو مەسیحایەتی، بەتایبەت بە دوو هۆکار: یەکەم حەوارییەکانی مەسیح بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە ئایینی تازەی مەسیحی بدەن دەبوو جووەکان بەدێو بکەن، لە ڕەوایەتی دایان بماڵن و لە بنەڕەتدا خودی ئایینی جوو، پێش سەرهەڵدانی مەسیحایەتیش وەک ئایینێکی ڕەتکراوە ببینن. دووەم، لەقەڵەمدانی جووەکان وەک «خواکوژ». نزیکەی دوو هەزار ساڵ لە کۆمەڵگەی مەسیحیدا، بەتایبەت لە خۆراوا، جووەکان وەک «خواکوژان» دەبینرێن، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی سەرجەمی دەنگۆکان دەربارەی جووەکان: منداڵکوژان و خواردنەوەی خوێنیان، ژەهراویکردنی کانیاوەکان، و ئەمانەش هەروەها جووەکان وردە وردە بەرەو کەنارەکان و پەراوێزەکانی کۆمەڵگە پاڵ دەنێن و دەیانکەن بە مرۆڤانی پەراوێزنشین و سەرجەمی کارە شایستەکانیان لەسەر قەدەغە دەکەن. ڕێگەیان پێنادەن بەشداریی کۆمەڵگەی خانەخوێ بکەن، لە خوێندنگاکانیان بخوێنن، سەردانی شوێنە پیرۆزەکان بکەن و هتد[13].

یەک: ئەنتیسێمیتیزمی ڕاستڕەو

لەگەڵ ئاوابوونی دەسەڵاتدارێتیی مەسیحی و سیکۆلاریزەبوونی کۆمەڵگە خۆراوایی‌یەکان، ئەنتیسێمتیزمی ئایینی هەر دەمێنێت، بەڵام ئەم جارە سیکۆلاریزە و بەدونیایی دەبێت. لەپاڵ بینینی جووەکان وەک خواکوژان، ئەم جارە وەک داهێنەرانی ئایدیا و ئایدیۆلۆژییە مۆدێرنەکان دەبینرێن بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگەی قووچەکێتی و هایرارکیی ئەریستۆکراسیی خۆراوایی: ڕۆشنگەری، مۆدێرنیتە، لیبراڵیزم، سۆسیالیزم، سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەکان. لێرەوە ئەنتیسێمیتیزمی ڕاستڕەو دەست پێدەکات. هەڵبەت ئەم ئەنتیسێمیتیزمەش ڕیشەی قووڵی لەنێو نەریتی دوور و درێژیی مێژوویی و هەروەها زڕە-زانستی ڕەگەزیی سەدەی نۆزدە و ئایدیۆلۆژییە ڕەگەزی و شۆڤینییەکانی کۆتاییی سەدەی هەژدەدا هەیە. لە ئەورووپا وەک باسمان کرد، ئەنتیسێمیتیزمی کلاسیک، فۆرمێکی ئایینی هەیە و بەستراوەتەوە بە ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی مەسیح و بینینی جووەکان وەک خواکوژان، ئەمەش هۆکاری ڕاوەدوونان، جیاکاری، توندوتیژی، ئازاردان و چەندین کوشتاری لێ کەوتووەتەوە. ئەم فۆرمەی توندوتیژی بەرانبەر بە جووەکان و سیکۆلاریزەبوونی لە هۆلۆکستدا دەگاتە لوتکە. یەکێک لەو بۆچوونە باو و هەڵانەی سەبارەت بە ئەنتیسێمیتیزم لە خوێندنەوەی مارکسیستیدا هەیە ئەوەیە ئەنتیسێمتیزم وەک فۆرمێکی بێگانەبێزی (xenophobic) و ڕاسیزم دەبینێت کە دەڵێت نازییەکان جووەکانیان وەک ڕەگەزی نزمتر و خەڵکانێکی بچووکتر دەبینی. بەپێچەوانەوە لە ئایدیۆلۆژیا و فەنتازیای دژە-سامیی نازییەکاندا و بەگشتی ڕاستڕەوەکاندا، جووەکان فۆرمێکی ترسناک وەردەگرن بەوەدا دەسەڵاتدارترینن و توانای هەموو جۆرە کارێکیان هەیە.

لە گێڕانەوەی نازییەکاندا و هەروەها ڕاستڕەوی ئەمڕۆشدا جووەکان کۆنتڕۆڵی داراییی جیهان، میدیا و سیاسەتیان کردووە. پێشتر باسی «تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن»مان کرد، ئەم گێڕانەوەیە دەڵێت بەڵگەی ئەم کۆنتڕۆڵەی جوو بەسەر سیاسەت و دارایی و میدیای جیهانیدا پێشتر لە تۆمارنامەکاندا هاتووە. هەموو ڕەوتە ڕاستڕەوەکان و ئایدیۆلۆژییەکان لە نازییەکانەوە بۆ ڕاسیستە سپیپێستە ئەمریکییەکانی ئەمڕۆ کۆکن لەسەر ئەوەی جووەکان خەریکی پیلانگێڕین لە دژی جیهان و کولتووری خۆراوا. هەر لەبەرئەوە بوو هیتلەر دەیگوت بە لەناوبردنی جووەکان «مرۆڤایەتی ڕزگار دەکەم» و لە ساڵی ١٩٣٩دا بە ماوەیەکی کەم پێش داگیرکردنی پۆڵەندا، لە ڕایشتاگی ئەڵمانیدا، هیتلەر دەڵێت: «ئەگەر جووایەتیی ئەنتەرناسیۆنالی دارایی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەورووپا بیەوێت جارێکی دیکە گەلان بگلێنێتە نێو جەنگێکی دیکەی جیهانییەوە، دەرەنجامەکە ئەم جارە بە بەلشەڤیکردنی زەوی و لەگەڵیدا سەکەوتن و بردنەوەی جووایەتی نابێت، بەڵکو بریتی دەبێت لە قڕکردنی سەرتاپای ڕەگەزی جوو لە ئەورووپا»[14].

لێرەدا ئێمە دەبینین هیتلەر نەک تەنها جوو بۆ جەنگی یەکەمی جیهانیش تۆمەتبار دەکات، کاتێک دەڵێت «جەنگێکی دیکەی جیهانی»، واتا جەنگی یەکەمیش هەر جوو هەڵگیرسێنەری بووە، هەروەها پێداگری لەسەر ئەو فەنتازیایە دەکات کە جووەکان بەهێزترین «ڕەگەز»ن و لە پشتی هەموو ڕووداوەکانەوە وەستاون. شولامیت ڤۆلکۆڤ، بیرمەند و مێژوونووسی ئیسرائیلی، لە تێزە ناوازەکەیدا بەناوی «ئەنتیسێمیتیزم وەک کۆدی کولتووری»، لە سەدەی نۆزدەدا لە ئەڵمانیا ئایدیۆلۆژییەک دەر کەوت:

«خۆی لەنێو مێتالیتییەکی ڕادیکاڵی دژە-مۆدێرندا پیشان دەدا کە لیبراڵیزم، سەرمایەداری و سۆسیالیزم ڕەت دەکاتەوە و جۆش و خرۆشێکی بەتینی نۆستالژییانەی بۆ جیهانێکی لەمێژ لەدەستچوو هەیە. ئەمەش زنجیرەیەکی ڕوانگە سیاسییەکان پیشان دەدات، بە خودی دژایەتیکردنی دیموکراسی و بانگەواز بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی کۆمەڵەیەکی نەتەوەیی چوونیەک و هارمۆنی. ئەمەش چوو بووە پاڵ ناسیۆنالیزمی پەڕگیر، پاڵنەرێکی کۆڵۆنیالی و ئیمپریالی، جۆش و خرۆشێک بۆ جەنگ و بانگەشەکردن بۆ کۆد و ڕێسا و یاسایەکی ئەخلاقیی پێش-پیشەسازی، هەمووی تێکەڵبوو بە زیاتر لە تەنها ئاسەوار و شوێنپێیەکی دووڕووی و ڕیاکاری. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم ڕەوتە هەمیشە و سەتاپا ئاوێتە بوو بە ئەنتیسێمیتیزم»[15].

ئەم جۆرە بینینەی جوو لەنێو بزووتنەوە ڕاستڕەوەکاندا دوای ١٩٤٥ بەتەواوی کۆتایی پێ نەهات و ئەمڕۆ لە فۆرمی جۆراوجۆردا دەر کەوتووەتەوە. بۆ نموونە دەتوانین باس لە ئەنتیسێمیتیزمی ڕاستڕەوی نوێ بکەین کە دیسان پێداگری لەسەر پیلانگێڕیی جووی جیهانی دەکات. بۆ نموونە ئێستا جووەکان لەپشتی ئەجێندا جیهانییەکانەوە وەستاون، وەک سیاسەتەکانی کۆچبەری و پەنابەری تا سەروەریی نەتەوەیی وڵاتانی خۆراوا لاواز بکەن، یاخود ئەجێندا ئابوورییەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن. کەسانی وەک جۆرج سۆرۆس، جوویەکی ملیاردێر بەگشتی وەک هێمای کاریگەری و هەژموونی جوو دەبینرێت کە هەم دەیەوێت بە کردنەوەی سنوورەکانی ئەورووپا بەڕووی پەنابەراندا هێزی کاری هەرزانی دەست بکەوێت و هەم هەستە نەتەوەیی‌یەکانی ئەورووپییەکان لاواز بکات و ڕاستڕەوەکان ئەوەش ناشارنەوە کە ئەم پیلانگێڕییەی جوو وەک جۆرێک تۆڵەکردنەوە لە ئەورووپا بۆ هۆلۆکۆست ببینن. تەنانەت کتێبێکی تازە، لە نووسینی مات پالومبۆ، ڕاستڕەوی ئەمریکی، سۆرۆس وەک «پیرهەڤۆک»، دێو، و دەستی شاراوە لەپشت هەموو سیاسەتەکانی ئەمریکا و جیهانەوە دەبینێت[16]. لە هەموو ئەم داڕشتنانەدا، پارە، سامان، سەرمایە، بازرگانی و … هتد هیچ ترسێکی لەسەر نییە، تەنها ئەو کاتە ترسناک دەبێت ئەگەر ئەو سامانە لەدەستی جووەکاندا بێت.

دوو: ئەنتیسێمیتیزمی چەپڕەو

ئەنتیسێمیتیزم پێکهێنەری ناوەکیی ئایدیۆلۆژیای چەپ نییە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستیدا ئەنتیسێمیتیزم نەبوو بێت. ئێمە جارێ باسی ئایدیۆلۆژیای ئەنتیسێمیتیزمی چەپڕەو دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ناکەین، بەڵکو باس لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست دەکەین. هەموو ڕەخنەکان لە جووەکان ڕەخنەی دژە-سامییانە نەبوون، یاخود سەرجەمی ڕەخنەکان و هێرشەکان بۆسەر زایۆنیزم لەلایەن چەپەوە لە ئەنتیسێمیتیزمەوە نەدەهاتن، بەڵکو لە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆژیی ئەم بزووتنەوەیە دەهات بەرانبەر بە دەوڵەت-نەتەوەکان. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا دووبارەکردنەوە و بگرە لە زۆر شوێندا ڕادیکاڵیزەکردنی زیاتری ئەنتیسێمیتیزم لەبەرەی چەپ هەبووە. کارل مارکس، لەگەڵ ئەوەی قووڵ بڕوای بە ڕزگاریی جووەکان هەبووە، هاوکات هەندێک تێما و ناوەرۆک لە نووسینەکانیدا هەن دەری دەخەن هێشتا قووڵ لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای شۆڤینیستی و مەسیحیی کۆتاییی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدەدا بووە، بەتایبەت وتارە بەناوبانگ/بەدناوەکەی «دەرپارەی پرسی جوو» (Zur Judenfrage)[17]. لەم نووسینەدا مارکس هەوڵ دەدات گەشە بە پێناسەیەکی جووایەتی، سروشتەکەی و مانا مێژوویی‌یەکەی بدات. ئایدیاکانی بەهیچ شێوەیەک تازە نەبوون: ئەو هەروا بەسانایی بەشێکی زۆری ئەو ناوەرۆک و بۆچوونانەی هەڵگرتبوونەوە پێشتر لای فۆیەرباخ هەبوون – جووایەتی وەک ئایینی ئیگۆییزم – و زۆر گشتیتر لای هێگلییە لاوەکان ئامادە بوون، بۆ نموونە یەکسانکردنی جوو بە پارە وەک لای مۆزس هێس هەبوو. مارکس دەنووسێت: «بناغەی سیکۆلاری بۆ جووایەتی چییە؟ پێداویستیی پراکتیکی، خود-بەرژەوەندی. ئایینیی دونیایی‌یانەی جوو چییە؟ بازرگانیی گەڕۆک. (Händler). ئەی خوای دونیاییی جوو چییە؟ پارە. کەواتە زۆر باشە! ڕزگاربوون لە بازرگانیی گەڕۆک و لە پارە، دواجار لە جووایەتیی پراکتیکی و ڕاستەقینە، دەبێتە خۆڕزگاربوونی ڕۆژگاری ئێمە»[18]. ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی جووایەتیی «پراکتیکی، ڕاستەقینە» – پارە و بازرگانی – ئێستا ئیتر ببوونە بناغەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی. نەتەوایەتیی خەیاڵی و وەهمی (chimärische Nationalität)ی جوو، «مرۆڤی پارە» یاخود «مرۆڤە-پارە» (Geldmensch) لە جیهانی سەرمایەدا خۆی هەڵوەشاندبووەوە؛ لەم ڕووەوە، مەسیحییەکان چەندە «ببوونە جوو»، جووەکانیش بەو ڕادەیە خۆیان ڕزگار کردبوو[19]. مادام بەهاکانی جووایەتی ڕیشەیان لەنێو کۆمەڵگەی مەسیحیی بۆرژوازیدا داکوتا بوو و لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا بڵاو ببوونەوە، ڕزگاریی مرۆیی، تێپەڕاندنی سەرمایەداری و تێپەڕاندنی جووایەتیی تێکەڵی هەمان پرۆسە ببوون. هەرکە «بازرگانی» تێپەڕێنرا، جووایەتیش لە ڕەوایەتی هەبوونی خۆی دەکەوێت:

«هەرکە کۆمەڵگە سەرکەوتوو بوو لە هەڵوەشاندنەوەی جەوهەری ئەزموونگەریی جووایەتی – واتا ‘بازرگانیکردنی گەڕۆک'(Händler)  و پێش مەرجەکانی – جوو مەحاڵ دەبێت (der Jude wird unmöglich)، چونکە وشیارییەکەی چی تر بابەت و ئۆبژێکتێکی نەبووە، چونکە بناغەی خودێتیی (بکەرێتیی) جووایەتی، پێداویستیی پراکتیکی بەمرۆیی کراون، و چونکە ململانێی نێوان بوونی تاکگەری-هەستەوەریی مرۆڤ و بوونی جۆرایەتیی خۆی لەناو چووە و نەماوە. ڕزگاریی کۆمەڵایەتیی جوو بریتییە لە ڕزگاربوونی کۆمەڵگە لە جووایەتی»[20].

بینینی جووەکان وەک «مرۆڤە-پارە» (Geldmensch) یاخود «گەلی بازرگانپیشە» (Handlsvolk) لەلایەن مارکسەوە، پیشانی دەدات بیرمەندە شۆڕشگێڕە سۆسیالیستەکە دابڕاو نەبووە لە تێگەیشتنی باوی ئەو سەردەمە و پەیوەندی بە ئەنتیسێمیتیزمەوە، ئەگەرچی مارکسی پیرتر، بەتەواوی خۆی لەم ئایدیایانە دادەبڕێت، بەتایبەت کاتێک ئەم جارە ستایشی بۆرژوازی و سەرمایەداری دەکات بە هەڵگەڕاندنەوەی پەیوەندییە کۆنەکان و ڕزگارکردنی مرۆڤ لە کۆتوبەندی زەوی و بیرکردنەوە لە سەرهەڵدانی سەرمایەداری نەک وەک دیاردەیەکی بازرگانی، بەڵکو مۆدێلی بەرهەمهێنان و تێیدا ئەم جارە نەک جووەکان (کە ئێستا وەک پەراوێزنشین دەبینرێن) بەڵکو بۆرژوازیی ئەورووپی بەرپرسن لە سەرهەڵدانی سەرمایەداری. هەموو ئەمانەش نەبوونە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بەتەواوی خۆی لە ئەنتیسێمیتیزم داببڕێت.

دوو بیرمەندی هەرەڕادیکاڵی ناو سۆسیالیزم کە هەڵگری گوتاری قڕکارین بەرانبەر بە جووەکان، ژۆزێف پرۆدۆن و میخایل باکۆنین، دوو ڕابەری سۆسیالیزمی ئەنارشیستی، بوون. ساڵی ١٨٤٧ ژۆزێف پرۆدۆنی ئەنارشیستی فەڕەنسی دەڵێت: « دەبێت لە دژی ئەم ڕەگەزی جووە بجەنگین کە هەموو شتێک ژەهراوی دەکات، لە هەموو شوێنێک دەر دەکەوێت بێ‌ئەوەی خۆی تێکەڵی گەلانی دیکە بکات… دەبێت ئەم ڕەگەزە یان بنێردرێتەوە بۆ ئاسیا یاخود بەتەواوی قڕ بکرێت». تەنانەت پرۆدۆنی ئەنارشیست و ئەتاییست خۆی لەوە بەدوور ناگرێت نەریتی مەسیحی دووبارە بکاتەوە و جووەکان بە «خواکوژ» لەقەڵەم بدات و دەنووسێت «ڕقبوونەوە لە جوو هاوشێوەی ترس لە ئینگلیز دەبێت بنچینەی باوەڕی سیاسیی ئێمە بێت»[21].

هەڵوەستەکردن و لێکۆڵینەوەی قووڵ لە ئەنتیسێمیتیزمی چەپ پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە. بەڵام ئەگەر لێرەشدا بە کورتی ئاماژە بە هەندێک سەرەقەڵەم بکەم، دەبێت ئاماژە بەوە بکەم تەنانەت لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدە کاتێک ئەنتیسێمیتیزم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی لە بەرەی ڕاست لە ئەڵمانیا دەر دەکەوت و خۆی وەک ئایدیۆلۆژییەکی دژە-سەرمایەداری دەبینی و بنکە جەماوەرییەکەشی جووتیاران بوون، دژی بەپیشەسازیکردن دەوەستایەوە و لەمەشدا بەردەوام جووەکانی بە بەرپرسی سەرهەڵدانی سەرمایەداری دەزانی، بەشێکی زۆری سیاسەتمەداران و بیرمەندانی ناو بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەڵمانیا، ئەگەر ڕاستەوخۆش پشتیوانییان لەم بزووتنەوە دژە-سەرمایەدارییە دژە-سامییە نەکرد بێت، بەرانبەری بێدەنگ بوون، چونکە پێیان وابوو بەم جۆرە دەتوانن لە داهاتوویەکی نزیکدا دەنگی جەماوەری جووتیار ببەنەوە. هەر لەبەرئەمە، بیرمەند و ڕابەری مارکسیستی سۆسیال دیموکراتیی ئەڵمانی، ئۆگۆست بیبل ناو لەم ڕەوتەی ناو چەپ دەنێت «سۆسیالیزمی گەمژەکان» (Sozialismus des dummen Kerls)[22]. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی زایۆنیستیدا وەک بزووتنەوەیەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی جوو لە فەڵەستین، مارکسیستە ئەڵمانییەکان دژی بزووتنەوەکە دەوەستنەوە، بەتایبەت لەنێویاندا کارل کاوتسکی. هەڵبەت ناتوانین ڕەخنەکانی کاوتسکی وەک دژە-سامی لەقەڵەم بدەین، بەڵام ڕەخنە کلاسیکەکانی ئەو ئەمڕۆ لەنێو چەپدا دووبارە سەریان هەڵداوەتەوە، کە لە زمانی دژە-زایۆنیستی و دژە-ئیسرائیلیی خۆیدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ زمانی ڕاستڕەوەکان و ئیسلامییەکاندا نییە.

ئەگەر زۆر کورتتر بنچینەکانی ئەنتیسێمیتیزمی چەپ هەڵ بدەینەوە، دەبێت بڵێین بەگشتی خۆی لەژێر ناوی ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداری و ئیمپریالیزمدا دەر دەخات. وەک چۆن لە سەدەی نۆزدەدا بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی جووەکانی وەک هێماکانی سەرمایەداریی بۆرژوازی دەبینی، بەتایبەت لە ئەورووپا، کە جووەکان ڕۆڵیان لە سەرمایەی داراییدا هەبووە. ئەمەش وای کرد جووەکان وەک سەرمایەدارانی چاوچنۆک ببینرێن، لەناو بزووتنەوەیەکدا کە وا دەر دەکەوت دژی ڕاسیزم و جیاکاری بێت: بزووتنەوەی کۆمۆنیستی. لە ڕۆژگاری هاوچەرخیشدا، ئەنتیسێمیتیزمی چەپڕەو، بەگشتی خۆی لەژێر ناوی ڕەخنە لە ئیسرائیل و زایۆنیزمدا دەر دەخات. لەکاتێکدا دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە کە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئیسرائیلی بە ڕەهایی ڕەوایە و دژە-سامییانە نییە، وەک چۆن ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە حکومییەکانی دەوڵەتانی دیکەش ڕەوایە، بەڵام بەگشتی ئەمڕۆ چەپ لە خۆیەکخستن و خۆیەکسانکردنی لەگەڵ بزووتنەوەی فەڵەستینیدا زمانێکی قڕکارانەی ڕاستڕەوەکانی هەڵگرتووەتەوە لە لە ڕەوایەتی خستنی دەوڵەتی ئیسرائیل و بینینی وەک «تەنها دەوڵەتی خراپەکار»ی سەر زەوی و «هەڕەشە لەسەر ئاشتیی جیهانی»[23].

ڕەخنەی چەپ لە ئیسرائیل تەنها لە ئاستی ڕەخنەدا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ خۆڕێکخستنی سەربازی و میلیشیاییش بەرانبەر بە ئیسرائیل و جووەکان تا دەگاتە ڕفاندن و تیرۆرکردنی جووەکان لە ئەڵمانیای خۆراوا. بۆ ڕەوایەتیدان بەمەش، چەپی ئەنتی-ئیمپریالیست و ئەنتی-کۆلۆنیال ئیسرائیل وەک پڕۆژەیەکی چێنراوی کۆلۆنیالیستیی ئیمپریالیزمی خۆراوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت و خۆبەخۆش جووەکان دەبنە چەوسێنەرانی سەرمایەداریی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەمەشدا چەپ جووەکان وەک یەکەیەکی کۆلەکتیڤ و کۆیی دەبینێت و دەیانکاتە بەرپرسی سیاسەتە حکومییەکان و هاوکات دەیانکاتە دەرەوەی بوار و بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانەوە. ئەمڕۆ جووەکان شوێنی نازییەکان و ئیسرائیل شوێنی ئەڵمانیای نازی و نەتانیاهو شوێنی هیتلەری گرتووەتەوە. لەم هێرشانەشدا بۆ سەر ئیسرائیل، لە دوای ١٩٦٧ەوە چەپ چووەتە پاڵ هەموو ئەو هێزانەی ئامانجیان لەناوبردنی ئیسرائیل بووە، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستینییەوە بۆ حەماس و حزبوڵا، لە حزبی بەعس و سەدام حوسێنەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سێ: ئەنتیسێمیتیزمی ئیسلامی

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلامیزمی سیاسیی ڕادیکاڵ لەم سێ دەیەی ڕابردوودا ئەنتیسێمیتیزم پلاتفۆرمێکی دیکەی بەفراوانی بەجیهانیکراو و هێرشبەری وەرگرتووە، یاخود بوارێکی دووەمی سیاسیی سەروو-نەتەوەیی لە جیهانی هاوچەرخدا. ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ لە ئایدیالەکانی خۆیدا هاوبەشە لەگەڵ بەرەی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵی ئێتنۆ-شۆڤینیست، لە ستایشکردن و پیرۆزکردن و شکۆمەندکردنی ڕێکخستنی دەسەڵاتخوازانەی نالیبراڵ، نۆستالژیا و تاسەی بەتین بۆ ناسنامەیەکی کۆیی پاککراوە کە ڕزگاریی خۆی تەنها لە ڕێگەی لەناوبردنی توندوتیژانەی هەموو ئەوانە دەبینێتەوە کە ئیسلامیزم وەک دوژمن لەقەڵەمیان دەدات؛ و لێرەدا ئەنتیسێمیتیزمی ئیسلامی دەر دەکەوێت[24]. ئەم فۆرمە تازەیەی ئەنتیسێمیتیزم لە جیهانی ئیسلامیدا فۆرمێکی هاوردەکراوی پروپاگەندەی نازیزمە، بەڵام هاوکات ڕادیکاڵیزەکردنی زیاتری دژە-جووایەتیی نێو ئیسلام، قورئان و حەدیسە و هەروەها خوێندنەوەی هەڵبژاردەیە بۆ قورئان و حەدیس. بەو مانایە وەک چۆن ئەنتیسێمیتیزم لەگەڵ سیکۆلاریزەبوونی کۆمەڵگاکان لە ئەورووپا، ئەویش سیکۆلاریزە دەبێت، ئەنتیسێمیتیزم بە هەمان شێوە لە جیهانی ئیسلامیدا لە فۆرمی کلاسیکی دژە-جووایەتیی موسڵمانانەوە بەرەو ئەو شتە دەڕوات کە من پێی دەڵێم «ئیسلامیزەکردنی ئەنتیسێمیتیزم».

زۆرێک پێیان وایە ئەم فۆرمە توندڕەوە ئیسلامییەی ئەمڕۆ بەرانبەر بە جووەکان هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و شکستی جیهانی عەرەبی لە جەنگدا بەرانبەر بە ئیسرائیل. لە نەریتی کۆنی ئیسلامیدا موسڵمانان براوە بوون و محەممەدی پەیامبەری ئیسلام هۆزە جووەکانی لە مەدینە بەزاند و وەدەری نان و کوشتاری بەکۆمەڵی تێدا کردن. ئەمەش بووە گێڕانەوەی باڵادەست لە جیهانی ئیسلامیدا کە جووەکان لە خوارەوەی موسڵمانانەوەن، بەڵام شکستی شەش ڕۆژەی وڵاتانی عەرەبی بەرانبەر بە ئیسرائیل، سەرتاپای ئەم وێنەیەی هەڵگەڕاندەوە. ئێستا جیهانی عەرەبی-ئیسلامی لە شۆکی ئەوەدا دەژیت چۆن گەلێکی بچکۆلەی ٧ ملیۆنی و وڵاتێکی بچکۆلەی وەک ئیسرائیل بتوانێت سەدان ملیۆن موسڵمان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی یەک بەدوای یەکدا بشکێنێت. لێرەدا جووەکان ئیتر فۆرمی فیتنە و پیلانگێڕی وەردەگرن، نەک وەک پاڵنەری ئەنتیسێمیتیزم بەڵکو وەک میکانیزمێکی قەرەبووکردنەوەی دەروونییش بەرانبەر بە دۆڕانی موسڵمانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی جوودا. هەموو ئەمانە تا ئێرە ڕاستن. بزووتنەوەی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە جووەکانی وەک داهێنەری مۆدێرنیتە، سەرمایەداری، لیبراڵیزم و کۆمەڵگەی کراوە دەبینی. زۆر پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، کۆچی جووەکان بۆ فەڵەستین و کاردانەوەی ئیسلامییەکان بەر لەوەی کاردانەوەیەکی نەتەوەیی بێت، کاردانەوەی نەریت و مۆدێرنیتە بووە. ئەمین ئەلحوسەینی، موفتی گەورەی یوریشەلایم کە دواتر دەبێتە هاوپەیمانی سەرەکیی هیتلەر و ڕابەری سوپای موسڵمانانی نازی، لە کۆتاییی بیستەکان و لە بڵندگۆی مزگەوتەکاندا بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە هاتنی جووەکان بۆ ناوچەکە و هەبوونی کچانی تەنوورەلەبەر دەبێتە هۆی تێکدانی ئەخلاق و مۆڕاڵی لاوەکانمان و لاوازبوونی هەستی ئایینی و لاوازبوونی جیهاد و خووگرتن بە ژیانی مەدەنییەوە، واتا لەبری خۆشویستنی مەرگ و جیهاد لەپێناو خوادا لاوانی موسڵمان لەسەر دەستی جووەکان فێری خۆشی و خۆشویستنی ژیان دەبن و دەستبەرداری جیهاد دەبن. بۆ نموونە لە یادەوەرییەکانیدا لەنێوان ١٩٣٩-١٩٤٥ (واتا سەردەمی هاریکاری لەگەڵ نازی) ئەلحوسەینی بەڕاشکاوی ساڵی ١٩٣٣ بە کونسوڵی ئەڵمانی لە یوریشەلایم، پشتیوانیی خۆی بۆ نازییەکان دەر دەبڕێت و دەڵێت ئێمەش هاوشێوەی ئێوە دژی دیموکراسین[25]. هەروەها لە نامەیەکیدا بۆ فرانتز فۆن پاپن، پێش هیتلەر ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ئێستا کونسوڵی ئەڵمانیای نازی لە تورکیا، ئەلحوسەینی پشتیوانیی موسڵمانان لە فەڵەستین بۆ جەنگی ئەڵمانەکان و خەبات دژی دیموکراسیی دەر دەبڕێت و دەڵێت زۆر پێش ئێوە، ئێمە لە فەڵەستین جەنگمان «دژی دیموکراسییەکان و جووی جیهانی» بەگەڕ خستووە[26].

لێرەدا بۆمان دەر دەکەوێت جەنگی موسڵمانەکان دژی جووەکان زۆر پێش دەوڵەتی ئیسرائیل، هیچ پەیوەندییەکی بەو شتەوە نییە کە پێی دەگوترێت ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستین. سەید قوتب، ڕابەری سەرەکیی ئایدیۆلۆژیی ئیخوان موسلمین، لە نامیلکە بەناوبانگەکەیدا بەناوی «خەباتی ئێمە دژی جووەکان» (١٩٥٠) جگە لەوەی سەدانجار وشەسازیی هیتلەر دووبارە دەکاتەوە و ستایشی هیتلەر دەکات، ئەنتیسێمیتیزم زیاتر ڕادیکاڵیزە و ئیسلامیزە دەکات و دەنووسێت:

«جووەکان بەردەوامن لە پیلانگێڕیی دژی ئیسلام و کۆمەڵی موسڵمانان لە ڕۆژگاری سەرهەڵدانی ئیسلامەوە… لە مێژووی نوێدا جووەکان لە پشتی هەموو ئەو کارەساتانەوەن بەسەر کۆمەڵی موسڵماناندا لە هەموو قوژبنێکی دونیادا باریوە»[27].

لای قوتب هاتنی ئایدیاکانی هەرسێ بیرمەند: کارل مارکس، زیگموند فرۆید و ئێمیل دۆرکهایم، سێ بیرمەندی بە ڕیشە جوو، بۆ جیهانی ئیسلامی، نیشانەی پیلانگێڕیی جووەکانە دژی کۆمەڵی ئیسلامی، مارکس وەک تێکدەری سیستەمی خێزان، فرۆید وەک ئاوەژووکردنەوەی پەیوەندییە سێکسوالییەکان و دۆرکهایمیش وەک لەناوبەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگایی‌یەکان. هەرسێ بیرمەند بەشێوەی نهێنی لەلایەن تۆڕی جووەکانەوە بە یارمەتیی موسڵمانانی مێشک کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن جووەکانەوە، هێنراونەتە جیهانی ئیسلامی تا هەم باوەڕی ئیسلامی لەناو بەرن و هەم کۆمەڵێک سەرکردەی بەناو موسڵمان لە لوتکەی دەسەڵاتی جیهانی ئیسلامی دابنێن بۆ ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی جووی جیهانی بکات.

لێرەشدا دەبینین ئەوەی پێی دەگوترێت سەرهەڵدانی ئەنتیسێمیتیزم لە جیهانی ئیسلامیدا پەیوەندی بە ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستینەوە هەیە، دوورە لە ڕاستییەوە. با نموونەیەکی دیکە بهێنینەوە: شێخی سەلەفی، محەممەد حوسەین یەعقوب، بانگخوازی سەلەفیی ئیسلامی، خەڵکی میسر زۆر ڕاشکاوتر لە ئەوانی دیکە باس لەوە دەکات کە ڕق و کینەی ئیسلامییەکان بەرانبەر بە جووەکان هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسرائیلەوە نییە:

«ئەگەر جووەکان واز لە فەڵەستین بهێنن و بۆ ئێمەی بەجێ بهێڵن، ئایا ئێمە ئیتر ئەوانمان خۆش دەوێت؟ بێگومان نەخێر. هەرگیز جووەکانمان خۆش ناوێن. بە ڕەهایی نەخێر. جووەکان کافرن – نەک لەبەرئەوەی من وا دەڵێم، و نەک لەبەرئەوەی ئەوان موسڵمانان دەکوژن، بەڵکو لەبەرئەوەی… ئەوە ئەڵایە دەڵێت ئەوان کافرن… بیروباوەڕتان بەرانبەر جووەکان سەرەتا دەبێت، یەکەم ئەوان کافرن و دووەم ئەوان دوژمنن. ئەوان دوژمنی ئێمەن نەک لەبەرئەوەی فەڵەستینیان داگیر کردووە. ئەوان هەر دوژمنمانن و هەر دوژمن دەمێننەوە تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکیش داگیر نەکەن… جەنگی ئێمە دژی جووەکان جەنگێکی ئەبەدییە، و ئەم جەنگەش هەرگیز کۆتایی نایەت تا دوایین جەنگ…، تا ئەو کاتەی یەک جوو لەسەر زەوی نامێنێنت… هۆ ئێوەی جوو، نەفرەتی خواتان لێ بێت، ئێوەی بەرازی سەر زەوی»[28].

هەروەها لەنێو جیهانی ئیسلامیدا، نووسین و لێکۆڵێنەوە سەبارەت بە جووەکان بە ستایلی هیتلەر ئێجگار باڵادەستە. بۆ نموونە کتێبی «گەلی ئیسرائیل لە قورئان و حەدیس»دا لە نووسینی شێخ محەممەد سەید تەنتاوی، سەرۆکی زانکۆی ئەلئەزهەری میسر، سەرەکیترین دامەزراوەی ڕۆحیی ئیسلامی سوننی، کە نامەی دکتۆراکەیەتی لە ساڵی ١٩٦٧دا و لە ١٩٩٧دا چاپ بووە، دەڵێت جووەکان لە پشتی هەموو شۆڕشەکانەوە بوون. بۆ نموونە شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩ و شۆڕشی بەلشەڤیی ١٩١٧. تەنانەت لە کتێبەکەیدا گوتە لە خەباتی منی هیتلەر دەگوازێتەوە «لە دژایەتیکردنی جووەکاندا من فەرمانی خوا جێبەجێ دەکەم». تەنتاوی هەروەها لە کتێبەکەیدا ستایشی تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن دەکات کە هەموو نهێنیی جووەکانی بۆ دەر خستوون و خۆشحاڵانە دەنووسێت «دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارنامەکان لە ڕووسیا ١٠ هەزار جوو کوژران»[29].

بەکورتی، ئیسلامیزم لە ڕووبەڕووبوونەوەی جوودا جیهادی ئیسلامی، هاوشێوەی نازیزم هەوڵێکە بۆ کۆنتڕۆڵی جیهان و ئەنجامدانی دوایین خەبات دژی جوو. بۆ نموونە کاتێک ١١ی سێپتێمبەر ڕووی دا، دوو لە ئەنجامدەران و ڕێکخەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە لە ئەڵمانیا، لە شاری هامبورگ جگە لەوەی لە دادگای هامبورگ لە ساڵی ٢٠٠٢دا دان بەوەدا دەنێن کە زۆر شت لە نازیزمی ئەڵمانییەوە فێر بوون و هیتلەر مرۆڤێکی مەزن بووە بۆ جیهانی ئیسلامی، هەردوو تیرۆریست، محەممەد عەتا و مونیر ئەلموسەدەق دان بەوەدا دەنێن کە «نیویۆرک وەک سەنتەری جووی جیهانی» دەبینن و هەڵبژاردنی نیویۆرک بۆ هێرشەکانیان، هێرشکردنە سەر جووی جیهانی و ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی بووە لە جووەکان[30]. گوتاری قڕکردنی جووەکان لەلایەن نازییەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەبێت. بۆ نموونە پروپاگەندەی نازی لە ١٩٣٩ تا ١٩٤٥ لە بەرلینەوە بۆ جیهانی عەرەبی، هەمیشە هاندانی عەرەب و موسڵمانان بووە بۆ نەهێشتنی ڕەگوڕیشەی جووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حەماس، حزبوڵا، حوسییەکان و لەگەڵیدا ئێران، هەروەها کۆمەڵگەی ئیسلامیستی تورکی و سەرجەمی بزووتنەوە ئیسلامییە شیعە و سوننەکان، بۆ نموونە داعش، ئامانجیان قڕکردنی جووەکان و نەهێشتنی ئیسرائیلە لەسەر نەخشەی زەوی. تەنانەت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەدانپێدانانی ئەحمەدی‌نەژاد، بۆ هەبوونی چەکی بەهێزە بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی ئیسرائیل. ساڵی ٢٠٠٥ لە تاران کۆنفرانسی ڕەتکردنەوە و بەدرۆخستنەوەی هۆلۆکۆست بە سەرپەرشتیی ئەحمەدی‌نەژاد دەبەسترێت. هۆلۆکۆست بەدرۆ بخرێتەوە، واتا ئیسرائیل لە ڕەوایەت دەکەوێت. ساڵی ٢٠٠١ عەلی ئەکبەر ڕەفسنجانی بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا ئاماژە بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکات کە بە یەک چەکی ئەتۆمی سەرجەمی ئیسرائیل وێران دەکەن[31]. گوتاری وێرانکردن و سڕینەوەی ئیسرائیل گوتاری فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ. ئێستا ئەگەر بپرسین، هۆکار چییە ئێران دەیەوێت ئیسرائیل لەناو بەرێت، لەکاتێکدا هیچ سنوورێکی ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل و هەروەها کێشەی کۆچبەر و پەنابەری فەڵەستینیشی نییە؟ وەڵام: ئەنتیسێمتیزمی ئیسلامی. خوێنەری ئەم نووسینە باش ئاگای لەوەیە تەنانەت هەر ناکۆکی و ناڕەزایەتییەکی ناوخۆی ئێران و کوردستان بە «ڕژێمی زایۆنیستیی»یەوە دەبەسترێتەوە. تەنانەت عەلی خامەنەیی لە تویتێکدا، شۆڕشی ژیناش بە فیتی زایۆنیزم ناو دەبات.

کوردستان و ئیسرائیل: ڕیفراندۆم و حەوتی ئۆکتۆبەر

ئێستا، دوای گەشتێکی کورتی بەسەرکردنەوەی فەنتازیا پیلانگێڕییەکان و ئەنتیسێمیتیزم لە ئاست و ڕەهەندە سیاسی و کولتوورییە جۆراوجۆرەکانیدا، جێی خۆیەتی ئاوڕ لەو تێزە بدەمەوە کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکەم: بەناویەکداچوونی ئەنتیسێمیتیزم و ئەنتیکوردیزم. بۆ یەکەم جار ئەم تێزەم لە وتارێکمدا بە زمانی ئەڵمانی، بەناوی «هاوپەیمانیی ناپیرۆز: هاوپەیمانیی نێوان چەپ، پۆستکۆلۆنیال و ئیسلامیستەکان»[32] ڕاستەوخۆ دوای هێرشی تیرۆریستیی حەماس بۆسەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا پەرە پێدا. ئەمەش دوای ماوەیەک ڕامان و وردبوونەوە لە بەناویەکداچوونی گوتاری ئیسلامیزم، پۆستکۆلۆنیالیزم و چەپ و لە زۆر شوێندا یەکگرتنەوەی لەگەڵ گوتاری ڕاست، هەوڵم دا وەڵامی ئەم پرسیارە بدۆزمەوە: وێنەی کورد چییە؟ پاشان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ و لە کتێبێکی دیکەی هاوبەشدا بە ئەڵمانی بەناوی «٧ی ئۆکتۆبەری بیست و سێ: دژە-زایۆنیزم و سیاسەتی ناسنامە»[33] لە بەشێکدا دەربارەی «کۆتاییی سەردەمی دژە-ڕاسیزم» و ڕووداوە پەیوەستەکان بە بزووتنەوەی چەپ و فەڵەستینی و هەروەها هێرشی ڕاستڕەوە تورک و ئیسلامیستەکان بۆسەر کۆچبەرانی کورد و بێدەنگبوونی بەرەی دژە-ڕاسیزم، زیاتر ئەم تێزەم فراوان کرد. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو زوو لە ئاستێکی فراواندا پێشوازی لێکرا، لە پەیمانگای تەل ئەڤیڤەوە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەڵمانیا و تا ئەم دوایی‌یانەش بۆ زانکۆی واشینگتن و پەیمانگای پاول پیکۆل تیلۆس و وەرگێڕانی وتارەکە بۆ ئینگلیزی[34]. لێرەدا بەباشی دەزانم بە زمانی کوردی هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە و تێزەکانی بکەم.

لەم تێزەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم هۆکار چییە لە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە (ئیخوان موسلمین) بۆ پانعەرەبیزم و تەنانەت بۆ ڕاست و چەپی ئێرانی، ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی دژە-ئیمپریالیستیی تورکی، هەمیشە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دەبەستنەوە بە زایۆنیزمەوە، یاخود بە جووەوە؟ مێژووی ئەم دوو سەد ساڵە پیشانی داوە کە هەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بزووتنەوەیەکی خۆجێیی و لەسەر خاکی خۆی بووە و هەمیش وشیاری و هەوڵی داڕشتنەوەی ناسنامەی نەتەوەییی کورد تەنانەت زۆر پێش سەرهەڵدانی زایۆنیزم دەکەوێت. زایۆنیزم بزووتنەوەی زیندووکردنەوە و گەڕاندنەوەی جووەکانە بۆسەر خاکی مێژوویی فەڵەستین کە دوای ڕووخانی پەرستگای زایۆن یاخود پاشایەتیی دووەمی یەهودا، لەسەر دەستی ڕۆمانەکان، لە ساڵی ٧٠ی زایینیدا، جووەکان ئاوارە بوون و بەدونیادا بڵاو بوونەوە. بەپێچەوانەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایدیا و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و هەوڵ بۆ داڕشتنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد، هەمیشە لەسەر خاکی خۆی بووە و لەناو دڵی کۆمەڵگەشەوە لەدایک بووە. لەگەڵ ئەوەی نزیکەی سەد ساڵ بەشێوەی پچڕ پچڕ خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد هەیە و لە ڕووی ڕۆشنبیریشەوە نزیکەی چوارسەد ساڵ لە ئەحمەدی خانییەوە بۆ مەلای جزیری و فەقێ تەیران و نالی و پاشان حاجی قادری کۆیی، هێشتا ئایدیا و بیرۆکەی دەوڵەتی جوو و زایۆنیزم بە خەیاڵی هیچ جوویەکدا نەهاتووە. زۆریش بە درەنگەوە زایۆنیستەکان دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەگشتی ئامادەیی و تەرکیزی زایۆنیستەکان لەسەر فەڵەستین بووە و یەکەم ئامادەبوون و تێبینیکردنی زایۆنیستەکان لە ئێستای باشووری کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٣، بەڵام ئەم سەردەمە سەردەمی پێکدادانە ئایدیۆلۆژییەکان بووە و زایۆنیستەکانیش بۆ ئەوەی فەنتازیای پیلانگێڕی پێی دەڵێت، لەوێ نەبوون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، کە هێشتا دەوڵەتی ئیسرائیل بوونی نەبووە، بەڵکو زیاتر بۆ هاندانی کۆچی جووەکان بووە و ژمارەی هەبوونی زایۆنیستەکانیش لەوێ لە پەنجەی دەست تێ نەپەڕیوە[35].

بەو جۆرەی پێشتر بینیمان ئامادەییی جووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە هۆی هەوڵی قڕکردنی بەردەوام و سەرهەڵدانی دەیان فۆرمی ئەنتیسێمیتیزم لە ئیسلامیزمەوە بۆ بەعسیزم و بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی. بۆ یەکەم جار جەمال ئەلحوسەینی، برای ئەمین ئەلحوسەینی، دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی کۆمیتەی جێبەجێکاری کۆنگرەی عەرەبی فەڵەستینی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای موسڵمانان، لە وتارێکی بەناوبانگیدا لە لەندەن و پاشان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست «چوونیەک لە ڕەگەزدا» (homogeneity in race) بۆ جیهانی عەرەب دەبینێت[36] و دەڵێت ناوچەکە لە ڕووی ڕەگەزییەوە چوونیەکە بۆ نەتەوەی عەرەب و بە بۆچوونی ئەو هەبوونی دەوڵەتێکی جوو لە ناوچەی «ڕەگەزییانە چوونیەک»ی نەتەوەی عەرەب، شێواندنی ڕەسەنێتی و یەکدەستبوون و چوونیەکبوونی نەتەوەی عەرەب و پاشان هەڕەشەیە لەسەر ئایینی ئیسلام و دروستکردنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی فرەچەشن و فرەئاراستەیە و ئەمەش واتا ئاوابوون و نەمانی نەتەوەی عەرەب و ئیسلام. جەمال ئەلحوسەینی، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی باڵای ئەنجومەنی موسڵمانان بووە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بزووتنەوەی بەعس هەبووە.

ئەوەی لێرەدا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرسوڕهێنەرە، بەناویەکداچوونی ئایدیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکانە: ئیخوان موسلمین لە میسرەوە بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی فەڵەستینی، پاشان بۆ حەماس، (وەک لە بەڵگەنامەی دامەزراندنی حەماس لە ١٩٨٧دا بەندی دووەم هاتووە: «لەم بەڵگەنامەیەدا حەماس خۆی وەک ‘بزووتنەوەیەکی جیهانی’ و ‘یەکێک لە لقەکانی ئیخوان موسلمین لە فەڵەستین’ پێناسە دەکات»)[37] تا دەگاتە داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)، بۆ بەعسیزم وەک بزووتنەوەیەکی ناسیۆنال-سۆسیالیستیی جیهانی عەرەبی، بەتایبەت لە عێڕاق و سوریا تا دەگاتە حزبە کۆمۆنیستییەکانی عێڕاق و چەپی ئێرانی و تورکی. ئەم بزووتنەوانە هەمووی لەسەر خاڵێک کۆکن: زایۆنیزم یارمەتیی کوردەکان دەدات بگەن بە دەوڵەت.

یەکەم جار بەعسییەکان ڕاستەوخۆ باسی هاریکاریی زایۆنیزم بۆ کورد دەکەن. عەبدولعەزیز ئەلعوقەیلی، وەزیری بەرگریی عێڕاق لە ساڵی ١٩٦٦دا هەوڵی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی دەچوێنێت بە «دووەم ئیسرائیل» لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکات «خۆراوایی‌یەکان و خۆرهەڵاتییەکان پشتیوانی لە یاخیبووان[ی کورد] دەکەن بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێکی نوێ لە باکووری نیشتمان [مەبەست باشووری کوردستان، پ.] وەک ئەوەی لە ١٩٤٨ کاتێک ئیسرائیلیان دروست کرد، ئەنجامیان دا. وەک بڵێیت مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە»[38]. هەروەها بە ڕاشکاوی هەوڵی کورد بۆ نەتوانەوە و مانەوە وەک کورد، وەک جۆرێک لە ئایدیۆلۆژیای چێنراوی زایۆنیستی-جوویی دەبینێت کە ئامانج لە ڕێگەی کوردستانەوە گەیشتنەوەیە بە ڕووباری فورات و ئیسرائیلی گەورە، بەو جۆرەی ئەو دەڵێت لە تەلمود و تەوراتدا هاتووە. ئایدیۆلۆژیای بەعس لەسەر بنەمای «یەکێتیی نەتەوە و نیشتمانی عەرەبی» دامەزرا بوو. بەڵام ئیسلام بڕبڕەی نیشتمان و یەکێتیی نەتەوەی عەرەبی بوو. بۆ نموونە میشێل عەفلەق، دامەزرێنەری بەعسیزم، بیرمەندی سۆسیالیست-ناسیۆنالیستی سوری، بە ڕیشە مەسیحی، دەرچووی زانکۆکانی پاریس و بەرلین لە سەردەمی نازیزمدا، لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٤٣ی خۆیدا بەناوی «یادکردنەوەی محەممەد، پەیامبەری عەرەب» دەنووسێت:

«بە سروشت هیچ مرۆڤێک، جا چەندەش مەزن بێت توانای ئەوەی نییە بەو شتە بگات محەممەد پێی گەیشتبوو… محەممەد بەدیهێنەری نەتەوەی عەرەبە»… «لەبەرئەوە تا ئەو کاتەی پەیوەندیی نێوان ئیسلام و عەرەبیزم بەهێز بێت، دەبێت ئێمە هەمیشە بڵێین عەرەبیزم وەک جەستە و پەیکەرە شوێنی ڕۆحی ئیسلامە. نابێت هەرگیز ترسمان لەوە هەبێت کە عەرەبەکان لە ناسیۆنالیزمەکەیاندا توندڕەو و پەڕگیز بن… دەبێت بڵێین عەرەبەکان هەرگیز ناتوانن ئەرکێکی وەهای بەهێزبوون ئەنجام بدەن تاوەکو نەتوانن وەک نەتەوەیەکی بەهێز دەر بکەونەوە و زیندوو ببنەوە. یەکەم ئەرک و فەرمانی مرۆڤگەرییانەی ئیسلام ئەوەیە: عەرەبەکان دەبێت بەهێز بن و سەروەرانی نیشتمانی خۆیان بن»[39].

میشێل عەفلەق بە هەمان شێوە، ئەگەرچی کەمترین قسەی لەسەر کورد کردووە و تەنها لە یەک وتاریدا نەبێت بەناوی «پرسی کورد و شۆڕشی عەرەبی» لە ساڵی ١٩٦٩دا، نکوڵی لە بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد ناکات، بەڵام تەنها تا ئەو شوێنە ڕەوایە بەشێک بێت لە شۆڕشی عەرەبی «بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد بەشێکی ڕەوا و ڕاستەقینەی شۆڕشی عەرەبییە دژی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم، دژی چەوساندنەوەی چینایەتی، دواکەوتوویی و دابەشکردن». بەڵام هەر زوو باس لەوە دەکات کە زایۆنیزم دەیەوێت بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردی لە شۆڕشی عەرەبی دوور بخاتەوە و بیخاتە باوەشی چینی فیودال و بەکورتی، کورد لە خەباتی دژە-ئیمپریالیستیی و دژە-زایۆنیستیی دوور بخاتەوە[40]. پاشان بە فراوانی گوتاری بەعس بەتایبەت لە عێڕاق دەگۆڕێت بۆ بینینی کورد وەک یەکەیەکی زایۆنیستیی. شکستی بەعس لە تواندنەوە و ئاسیمیلەکردنی کورد لە عێڕاق، دەبێتە دەرەنجامی گرتنەبەری کردەی جینۆساید کە لە هەڵەبجە و پاشان لە ئەنفالدا دەگاتە لوتکە. لە سەرجەمی گوتاری بەعسدا وەک بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی دژە-ئیمپریالیست و دژە-زایۆنیست، هەموو جووڵەیەکی خەباتی نەتەوەییی کورد، بە دابڕاو لە عەرەب، وەک لاوازکردنی یەکێتیی نەتەوەی عەرەب دەبینرێت و لەبەرئەوەش بەعس خۆی وەک گەڕاندنەوەی سەروەریی یەکێتیی نەتەوەییی عەرەب و نیشتمانی عەرەب دەبینی و بە ئەرکی مێژووییی خۆی دەبینی ئیسرائیل لەناو بەرێت، هەوڵی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد بە پلەی یەک لە عێراق و بە ڕادەیەکی کەمتر لە سوریا، وەک ئەو هاریکارییە نهێنییەی جووەکان بۆ کوردەکان دەبینرا بۆ ئەوەی خەونی عەرەب لەگۆڕ بنێن و خەونی ئیسرائیلی مەزن بە بەکارهێنانی کورد، بەدی بهێنن.

گوتاری دژە-زایۆنیزم و بینینی کورد وەک سەربازێکی زایۆنیستی بە فراوانی دەپەڕێتەوە ناو داعش. دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام-یش بە هەمان شێوە لە منداڵدانی ئیخوان موسلمینەوە لەدایک بوو، بەڵام لە عێڕاق بە فراوانی بەجێماوانی سوپای بەعس، ئەفسەران و سەربازانی شارەزا لە گرتنی موسڵ، هێرش بۆسەر شەنگال و هەرێمی کوردستان، هاوکار بوون بە دوو هۆ: شارەزای جەنگی و میلیتاری و هەروەها شارەزای ناوچە لاوازەکان بۆ پرسی سەربازی. ئەگەر ئێمە تەنها سەیری کردەی داعش و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤا بکەین، و بەراوردی بکەین بە گوتاری ئایدیۆلۆژییان تێدەگەین، داعشیش هەڵگر و درێژەپێدەری هەمان میراتە لە گەشە و هەڵکشانی وشیاریی نەتەوەیی، خاک و پانتاییی کوردستان وەک یەکەیەکی زایۆنیستی. لە گۆڤاری دابقی داعشدا بە زمانی ئینگلیزی، جگە لەوەی بە ئاشکرا دەڵێت ئامانجیان گەڕاندنەوەی کوردە بۆ نێو ناوچەکانی پێش ٢٠٠٣، لەبیری ناکەن پێشمەرگە و گەریلا بە «شەڕڤانی زایۆنیستی» (Zionist Fighters) ناو ببەن. لە هەر شوێنێکدا ناوی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت، وەک دوو حزبی سیکۆلار-مارکسیستی کاریگەر بە ئایدیۆلۆژیای زایۆنیزم ناو دەبرێن. تەنانەت پەکەکە، ئەگەرچی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە وەک پارتێکی مارکسیست-لینینیست و لە ڕووی پراکتیکیشەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە شەڕدا بووە، هێشتا نابێتە هۆیەک بۆ داعش، پەکەکەش وەک بەکرێگیراوی زایۆنیزم ناو نەبات. لەلای داعشیش هاوشێوەی حەماس، بەعسیزم و ئیخوان موسلمین، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە کارگەی زایۆنیزمدا دروست دەکرێت بۆ لەناوبردنی جیهانی ئیسلامی و نەتەوەی عەرەبی، ئامانجەکەش گەیشتنە بە ئیسرائیلی گەورە لە ڕووباری نیلەوە بۆ ڕووباری فورات.

لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر دەرکەوتنی ئەم گوتارەیە لە گوتاری ئایدیۆلۆژیی چەپی ئێرانیدا. پێشتر لە لێکۆڵینەوە ئەڵمانی و ئینگلیزییەکەمدا بەوردی هەڵوەستەم لەسەر حەمید دەباشی کردووە. دەباشی، نووسەری ئێرانی، خۆی بە مێژوونووسی کولتووریی چەپ و دژە-زایۆنی ناو دەبات و دەکرێت بڵێین ڕادیکاڵتر لە بەعسیزم و لە گوتاری داعش، کوردستان لە ڕەوایەت دەخات و دەیخاتە باوەشی زایۆنیزمەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بە پوختی جارێکی دیکە بگەڕێمەوە سەر ئەم پرسە. لە سەروبەندی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا، دەباشی لە ئەلجەزیرەی ئینگلیزی، وتارێک بەناوی «دەربارەی پرسی کورد» دەنووسێت و بەم جۆرە دەست پێدەکات: «دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ کارەساتە بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، بە کورد خۆشیانەوە»[41]. دەباشی بە هەمان شێوە لە گوتاری ڕیتۆریکی دژە-خۆراواییی خۆیدا کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ نابینێت، بەڵکو وەک نەتەوەیەکی کۆچەری جیهان -نیشتمان، بەڵام دروستبوونی چەمکی «کورد» وەک دروستکراوێکی زایۆنیستی و کارگەی جووەکان دەبینێت و لێرەوە کورد دەبێتە «دووەم جوو» (second jew) و دامەزراندنی کوردستان وەک «دووەم ئیسرائیلی کۆلۆنیالیزمی نیشتەجێکەر» بەناو دەکات. تەنانەت هەوڵی کورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەییی کورد وەک «بەئیسرائیلیکردنی جیهانی عەرەبیی و جیهانی ئیسلامی» لەقەڵەم دەدات[42]. لێرەدا دەبینین چۆن ئەنتیسێمیتیزم، ئەنتیکوردیزم و شۆڤینیزم لە گوتاری چەپدا یەک دەگرن[43]. هەڵبەت هەمان دەباشی، هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل و دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبیی فەڵەستینی وەک چارەسەر و بنچینەی پرسی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت.

دەباشی ئیسرائیل و زایۆنیزم وەک دوژمنی بنچینەیی فرەکولتووری و جیهان-نیشتمانی دەبینێت، هەر لەبەرئەوەشە ئیسرائیل دەیەوێت پشتیوانی لە دەوڵەتێکی کوردی بکات بۆ لەناوبردنی فرەکولتووری و جیهان-نیشتمانیی جیهانی عەرەبی، تورکی و ئێرانی. دەباشی بەزمانێکی ڕەوانبێژانە بۆ ڕەوایەتیدان بە بۆچوونە شۆڤینیستی-دژە-سامی دژە-کوردییەکەی خۆی باس لەوە دەکات ئەو ئازاری کوردەکان لەلایەن دەوڵەتە حاکمەکانەوە چەشتوویانە هەموو مافێکی ئەخلاقیان پێدەدات داوای ئۆتۆنۆمی بکەن[44]. لێرەدا دەباشی پرسی کوردستان بۆ ڕەوایەتییەکی ئەخلاقی کورت دەکاتەوە، بەڵام ماف و ڕەوایەتییە سیاسی و قەڵەمڕەوییەکەی (تێریتۆریال واتا پرسی خاک)ی لێ وەردەگرێتەوە. کورد تەنها ئەو کاتە ئەخلاقییانە مافی هەیە داوای ئۆتۆنۆمی بکات، ئەگەر ئەوانی دیکە ئازاری بدەن. لێرەدا پرسی داگیرکاریی خاک لەلایەن ئێران، تورکیا و عێڕاق و سوریاوە بابەتی قسە لەسەر کردن نییە. ئەوەشمان نابێت بیر بچێت تەنانەت خودی ئەم هەستە ئەخلاقییەش دەکرێت زایۆنیزم لە کارگەکانی خۆیدا دروستیان بکات بۆ لەناوبردنی «پلورالیزمی دیموکراتی» لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئایا پلورالیزمی دیموکراتی کوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە وا جووەکان بە هاندانی کورد دەیانەوێت لەناوی بەرن بۆ حوکمی خۆیان بەسەر هەموو ناوچەکەدا؟ بەلای دەباشییەوە کورد لەبری جیابوونەوە دەبێت خەبات بۆ ئەم پرسە بکات، پرسی پلورالیزمی دیموکراتی و ئەم ئەگەر و توانایەش تەنها دەکرێت لەناو ئێران، عێڕاق، تورکیا و سوریادا هەبێت. ڕێک هەر چوار دەوڵەت کە هەر یەکەیان بەشێکی خاکی کوردستانیان داگیر کردووە.

بۆ زیاتر لە ڕەوایەتیخستنی پرسی کوردستان، پێشخستنی پرسی فەڵەستین و پەرەدان بە ئایدیۆلۆژیای زیاتری ئەنتیسێمیتیزم، دەباشی لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل بە دروستکراوێکی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی دەبینێت، بەڵام هەرگیز بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەگەر ئیسرائیل کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی، بەتایبەت بریتانی دروستی کردبێت، کەواتە هیچ ڕەوایەتییەکی نییە، بەڵام عێڕاق و سوریاش کۆلۆنیالیزمی بریتانی و فەڕەنسی دروستی کردن و تورکیاش هەر بە بڕیاری کۆلۆنیالیزمی بریتانی دروست بوو. بۆ ئەم دروستکراوە کۆلۆنیانە ناخرێنە ژێر پرسیارەوە و ڕەوایەتیان هەیە، بەڵام ئیسرائیل لە ڕەوایەتی دەکەوێت و لە ڕێگەی لە ڕەوایەتی خستنی ئیسرائیلەوە، ئامانج لە ڕەوایەتیخستنی خەباتی ڕزگاریخواز و سەربەخۆییخوازیی کوردستانە. هەرچۆنێک بێت، دەباشی زیندووبوونەوەی خەباتی فەڵەستینی وەک دەرفەتێک دژی کۆلۆنیالیزم بۆ هەموو گەلانی دونیا دەبینێت، تەنها لێرەشدا کوردی لێ بەدەر دەکات: «ڕاپەڕینی فەڵەستینی دژی داگیرکاریی کۆلۆنیالیستیی نیشتمانەکەیان بنچینە و سەرچاوەی هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە نەتەوەیی‌یەکانە لە جیهاندا. وەک چۆن ئەوروپییەکان کۆلۆنییەکی نیشتەجێکەری زایۆنیستییان لە فەڵەستین چاند، بە هەمان شێوە ئەو کۆلۆنیالیستە ئەورووپییانە دەیانتوانی لە ناوچەکەدا کوردستانێکیش دروست بکەن»[45]. بەڵام ئێستا کە بەرژەوەندیی زایۆنیستی لەوەدایە، کەواتە ئەو کوردستانە بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیلی مەزن و بەئیسرائیلیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی و تێکدانی ئێران و تورکیا، دروست دەکەن.

هاوپشتی یان ئەنتیسێمیتیزم؟ چەپ، فەڵەستین و کوردستان

یەکێک لەو پرسیارانەی بەردەوام دەخرێتە ڕوو: چی وا دەکات چەپ، کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە سیکۆلار، ئەتایست و لە هەندێک بڕگەی مێژووییشدا دژی دامودەزگا دینییەکان بووە، ئێستا بە فراوانی پشتیوانیی بێ‌مەرج لە هەموو بزووتنەوە فەڵەستینییەکان دەکات، تەنانەت بە خودی حەماسیشەوە؟ چۆن چەپ توانی پرسی فەڵەستین بە جیهانی بکات و ئامانجەکانی چی بوون لەم بابەتەدا؟ ئەی بۆ هەمان کار لەگەڵ پرسی کوردستاندا ناکات؟ چۆن چەپ هەوڵ دەدات کەمپینێکی گەورەی جیهانی وەک «BDS» (بایکۆست، لە سەرمایەگوزاری خستن، ئابڵوقە)ی ئیسرائیل دابمەزرێنێت، لە کاتێکدا بچووکترین ڕەخنەی بنچینەیی لە دەوڵەت-نەتەوەی تورکی، ئێرانی، سوری و عێڕاقی نییە و بگرە لە هەندێک قۆناغی مێژووییدا بووەتە هاوپەیمانی ئەم دەوڵەتانەش: شۆڕشی کۆماری ئیسلامی و سەدام حوسێن. ئەی ئەگەر بڕیار بێت ئایدیۆلۆژیای چەپ واتا پشتیوانی لە گەلانی ژێردەستە و چەوساوە و پشتیوانی کردنیان لە خەباتیاندا بۆ ڕزگاری، ئەی چۆنە ئەم پشتیوانییە لە کورد ناکرێت؟ پرسیارێکی دیکە ئەمە دەبێت: ئایا ئەوان لە بنەڕەتەوە کورد وەک گەل و نەتەوەیەکی سەربەخۆ دەبینن، یاخود وەک چەوساوە و داگیرکراو سەیری دەکەن؟ بەڵێ لە هەندێک گوتاری ئایدیۆلۆژیای چەپدا ئێمە ئەمە بە ڕوونی دەبینین. لەگەڵ ئەوەشدا چەپی جیهانی لێرە و لەوێ داوای سەربەخۆییی کوردستانی کردووە، بەڵام هەرگیز ئەمە نەبووەتە هەمان ئەو پرەنسیپەی بۆ فەڵەستین هەیەتی. وەڵامەکە لە دوو شوێندایە: بینینی ئیسرائیل وەک تەنها «دەوڵەتی خراپەکار»ی سەر زەوی کە چێنراوی ئیمپریالیزمە و بینینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لە بلۆکی باشووری جیهان، کە بە بلۆکی دژە-ئیمپریالیستی و دژە-کۆلۆنیالیستی دەبینرێت و هەر چوار دەوڵەتە سەرکوتکارەکەی کوردستانیش لەناو ئەم بلۆکەدان.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا و بەدیاریکراوی لە دەیەی ١٩٦٠دا چەپی جیهانی چاوی خۆی لەسەر سەرمایەدارییە خۆراوایی‌یەکان لا برد و ئێستا ڕووی کردوەتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چەپ پێی وابوو چینی کرێکار لە خۆراوا ئاوێتەی سیستەمی سەرمایەداری بووە و کەواتە گەندەڵ بووە و توانای شۆڕشی نەماوە، ئێستا هێزە شۆڕشگێڕەکان لە جیهانی سێیەمدا (ئەمڕۆ باشووری جیهان) هەن و مەرجیش نییە کرێکار یان پرۆلیتاریا بن، دەکرێت ئیماندارێکی فەندەمێنتالیستی ئیسلامی بن. ئەمە یەکێک لە خاڵەکان، خاڵێکی دیکە ئەوە بوو ئیسرائیل وەک جەستەیەکی نامۆی چێنراوی ئیمپریالیزمی خۆراوا لەنێو دڵی باشووری جیهاندا چێنراوە بۆ لێکترازاندنی هێزە شۆڕشگێڕەکان. کەواتە مادام ئێستا نوێنەری ئیمپریالیزم لەو ناوچەیە هەیە و هێزێکی ئامادەش هەیە جیهاد بکات دژی هەبوونی دەوڵەتی جوو، بۆ چەپ هەوڵ نەدات سەرمایەداری لە ئەڵقە لاوازەکانی خۆیدا بشکێنێت؟ واتا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لێرەدا گوتاری چەپ بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل لە گوتارێکی کۆنی لینینیستیی دژە-ئیمپریالیستییەوە دێت. تا دەیەی ١٩٦٨ کە چەپ بەتایبەت لە ئەڵمانیا هێشتا دەیویست شۆڕشگێڕانە «سەری ماری ئیمپریالیستی» ئیدانە بکات، کەوتبووە بەردەم مەتەڵێکەوە: قورس بوو بە «ویژدانە دژە-فاشیستییەکەیەوە» هێندە بەهێز دەهۆڵ بەتایبەت دژی ئیسرائیل بکوتێت کە خۆی وەک دەوڵەتی بەجێماوانی ئاوشڤیتز پێناسە دەکرد.

بەڵام لە دوای ١٩٦٨ەوە چەپ ئیتر ئەو ئەنتیسێمیتیزمە چەپێنراوەی هەیبوو، وردە وردە دەریخستەوە و تەنانەت کەوتە گومانکردنیش لە هۆلۆکۆست و ئاوشڤیتز. بۆ نموونە چەپی ئەڵمانی بەردەوام خۆی لەوە بەدوور دەکرد یادی ئاوشڤیتز وەک کردەوەیەکی تۆقێنەرانەی جینۆساید بکاتەوە. لە ١٩٧٩دا دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەفیلمی ئەمریکیی هۆلۆکۆست لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئەڵمانی بە سەرکەوتنێکی گەورەوە، کە چیرۆکی قڕکردنی جووی دەگێڕایەوە، کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئەڵمانیای خۆراوا (Kommunistischer Bund Westdeutschlands) ئەم فیلمەی تەنها وەک «پرۆپاگەندەی زایۆنیستی» لەقەڵەم دەدا[46]. کۆمیتەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی کۆمەڵەکە لە هایدلبێرگ هۆشداری لە دژی «ئەم هەوڵە نهێنییە بۆ ڕەوایەتیدان بە سەری ماری ئیمپریالیستیی ئیسرائیل» دەدا[47] – لای ئەوان پیلانگێڕیی ئیمپریالیستی-زایۆنیستی تا قووڵایی هۆڵیوود ڕۆیشتووە.

لە دەیەی حەفتا و دەیەی هەشتادا، چەپی ئەورووپی بەشداریی کردەی تیرۆریستیی دژی جووەکان و دژی دەوڵەتی ئیسرائیلی دەکرد، لەوانە ئەوەی پێی دەگوترێت «خانە شۆڕشگێڕییەکان» لە ئەڵمانیا، هێڵی ئاسمانیی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٧٦ دەڕفێنێت و لە ئێنتێبەی ئۆگەندا دەینیشێنێتەوە. دوای ئەوەی سەرنشینە ناجووەکان لە جووەکان جیا دەکاتەوە و ئازادیان دەکات، دەیەوێت ئیسرائیل ناچار بکات گیراوانی فەڵەستینی ئازاد بکات. کاتێک هێزێکی مۆساد خۆی دەگەیەنێتە ئێنتێبە، و پێکدادان ڕوو دەدات، سەرجەمی جووە بەدیلگیراوەکان لەلایەن چەپی ئەڵمانییەوە تیرۆر دەکرێن[48]. بۆ یەکەم جار دوای ئاوشڤیتز، ئەڵمانی، ئەم جارە چەپ نەک ڕاست، چەک بەڕووی جوودا دەر دەهێنێت و تیرۆری بەکۆمەڵی دەکات. ئەمڕۆ ئەگەر ئەنتیسێمیتیزمی چەپڕەو چی تر لە قۆناغی تیرۆریزمدا نەما بێتەوە، پەڕیوەتەوە بۆ مەیدانی کولتووری و خەباتی بایکۆتکردنی سەرجەمی کاڵای ئیسرائیل، بۆ نموونە «BDS»، کە ساڵانێک بانگەشەی ئەوە دەکرا لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنیی فەڵەستینییەوە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر سیاسەتی داگیرکاری دامەزرابێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دەر کەوت لەلایەن چەپی بریتانی و لە لەندەن دامەزراوە. دەیڤد هیرش، مێژوونووس و کۆمەڵناسی بریتانی، لە مانگی مای ساڵی ٢٠١٦ لە کۆنفرانسی قوتابخانەی لێکۆڵینەوە خۆرهەڵاتی و ئەفریقییەکاندا دەڵێت:

«بزووتنەوەی بایکۆت، لە سەرمایەگوزاری خستن، ئابڵوقەدانی ئیسرائیل نە لەلایەن فەڵەستینییەکانەوە، واتا چەوسێنراوانەوە دەستپێشخەری بۆ کراوە نە لەلایەن ئەوانیشەوە داهێنراوە. بەڵکو لە بریتانیا، لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی بریتانییەوە داهێنرا، کە دەیانویست بایکۆتی ئیسرائیل بکەن. ئەوان لەنێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٥ بەردەوام دەچوونە فەڵەستین و هەندێک چالاکی فەڵەستینییان بەوە ڕازی کرد کە BDS ستراتیژییەکی زۆر گونجاو دەبێت. ئەوان ئەوەشیان ڕوون کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ بەگەڕخستنی ئەم ستراتیژییە ئەوەیە کەمپینەکە وا پیشان بدەن کە لە فەڵەستینەوە سەرچاوەی گرتووە و بڵێن ئەمە بانگەوازێکی ڕەسەنە لەلایەن چەوسێنراوانەوە بۆ بەتەنگەوەهاتن و هاوپشتی. پاشان هەمان چالاکە بریتانییەکان گەڕانەوە بۆ بریتانیا، کەمپینەکەیان لە زانکۆکانی بریتانیا بۆ زانکۆکانی فەڵەستین و کەمپینی فەڵەستینی بۆ بایکۆتکردنی کولتووری و ئەکادیمیی ئیسرائیل، بەگەڕ خست»[49].

پێویست بەوە ناکات بڵێین کەمپینی BDS شتێکی نوێ نییە، بەڵکو لە سەردەمی نازیزمدا بە هەمان شێوە هەبووە و ئەوە نازییەکان بوون بۆ یەکەم جار داوایان دەکرد: بازنە ڕۆشنبیرییەکان، کتێبی جووەکان، بازاڕ و کەسابەتیان، گەڕەک و شوێنی نیشتەجێبوونیان و … هتد بایکۆت بکرێن.

یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە پێشتر من، ئەو کاتەی هێشتا لەنێو چوارچێوەی مارکسیزمدا بیرم دەکردەوە، پێم دەگوت «پشتیوانیی هەڵبژاردە» (Selective Solidartiy)ی چەپ لەگەڵ کورد بەراورد بە فەڵەستین، بەڵام ئێستا پێی دەڵێم «لە هاوپشتی خستنی مەبەستدارانە» (Deliberate Desolidarisation) دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتن و ئایدیۆلۆژیزەکردنی ئەوەی چەپ پێی دەڵێت «باشووری جیهان» کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیدا بەشێکییەتی. چەقبەستنێکی هەڵکشاوی نەریتێکی بیری چەپڕەوی دوای جەنگی جیهانیی دووەم سەر هەڵدەدات و دەچێتە نێو چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیانەی بیرکردنەوەی یەک-ئاراستەبینییەوە، یاخود دانانی نەیاری و ناکۆکییەکان لە بەرانبەر یەکتر، ڕوونتر، ڕەش و سپیبینین، بۆ نموونە دوو ڕەنگی مرۆڤ هەن ڕەش/سپی، ڕەشپێست یاخود ئەمرۆ دەگوترێت ڕەنگی یان ئەسمەر نوێنەرایەتیی بیری پێشکەوتووخواز و فیمینیستی و چەپ دەکەن، سپیپێست خۆبەخۆ گوزارشتە لە فاشیزم، سەرمایەداری، کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم؛ باکوور/باشوور، باشووری جیهان بریتییە لە وڵاتانی لە ڕووی ئابوورییەوە دواکەوتوو بەهۆی داگیرکاریی کۆلۆنیالییەوە، بەڵام لە ڕووی کولتووری و سیاسییەوە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتوو، هەر لەبەر ئەوەیە حەماس و حزبوڵا و حوسی و ئێران وەک بەشێک لەم بەرە شۆڕشگێڕییە دەبینرێن، باکووری جیهانیش خۆبەخۆ واتا خۆراوای دژە-دیموکراتی، ئیمپریالیزم، دژە-شۆڕشگێڕ و ناڕەنگاوڕەنگ؛ چەوساوە/چەوسێنەر، لێرەشدا باشووری جیهان شوێنی چەوساندنەوەی دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانی سەر بە باکووری جیهانە؛ ئیمپریالیست/دژە-ئیمپریالیست؛ دیسان لێرەشدا ئێرانی خومەینی، تورکیای ئەردۆغانی بەتایبەت لەو سەردەمەی بڕیاری ڤیتۆی لە دژی هاتنی فینلاند و سوید بۆ ناو ناتۆ دا، عێڕاقی سەدام حوسەین، لیبیای مەعمەر قەزافی، و … هتد وەک بەرەی دژە-ئیمپریالیست دەناسێنرێن؛ و دواجار سەدا ١/ سەدا ٩٩؛ واتا باکووری جیهان سەدا یەکە و باشووری جیهان سەدا ٩٩ پێک دەهێنێت بەخودی ئەوانەش کە لە باکووری جیهان لە بەرەی سەدا ٩٩ دەوەستن، واتا چەپەکان، کۆچبەران، ڕەشپێستەکان، پۆستکۆلۆنیالەکان و … هتد.

لەم چوارچێوە ئایدیۆلۆژییە چەپگەری-پۆستکۆلۆنیالییەدا، بێگومان جووەکان لە باشووری جیهاندا جەستەیەکی نامۆن و هەبوونی ئیسرائیل هاوکێشەی پێشکەوتنخوازیی دژە-ئیمپریالیستیی باشووری جیهانی لاواز کردووە. لەبەرئەوە چەپ دەبێت بە هەموو هێزی خۆیەوە لەپاڵ باشووری جیهان بوەستێت بۆ نەهێشتنی دەوڵەتی ئیسرائیل کە وەک «دەوڵەتی فیتنە، خراپەکاری سەرزەوی، سپیپێست، ئیمپریالیست، چێنراوی کۆلۆنیالیزم» و … هتد دەیبینێت. لێرەدا ئێمە نزیک دەبینەوە لەو تێزەی پێشتر بەرزم کردووەتەوە: «لە هاوپشتی خستنی مەبەستدارانە». لەبەرئەوەی کورد لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە ناو بلۆکی باشووری جیهانەوە، بەڵام لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە نەک سەر بەو بلۆکە نییە، بەڵکو لەلایەن هەر چوار دەوڵەتی ئەم بلۆکەوە دەچەوسێنرێتەوە، هەروەها لە ڕووی ئایدیۆلۆژیشەوە کورد بەدرێژاییی لانیکەم ٨٠ ساڵی ڕابردوو ئەوەی پیشان نەداوە لە بەرەی «بلۆکی بەرەنگاری» (axel of resistance) دەوەستێت، واتا دژی خۆراوا، ئەوا ئەمە بەئاسانی «سیاسەتی هەڵوێستگەرایی» (politics of position)ی چەپی بەرانبەر بە کورد بەرهەم هێناوە. بێ هۆ نییە، چەپ کاتێک لە ڕووی زمانی ڕەوانبێژییەوە پشتیوانی لە کوردستان دەکات، هەمیشە خۆی لەنێو ئەم زاراوانەدا دەر دەبڕێت: چینی کرێکاری کورد، سۆسیالیزم لە کوردستان، هەڵوێستی دژە-ئیمپریالیستی و دژە-زایۆنیستی، دوورکەوتنەوە لە خۆراوا و ئیسرائیل. ئەمانە لە ڕوانینی یەکەمدا وا دەر دەکەون چەپ بیەوێت پشتیوانی لە کوردستان بکات، بەڵام لە بنەڕەتدا هۆشداریدانە بە کورد: ئێوە لە بەرەی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم وەستاون. هەر لەبەر ئەوەیە هەر خەباتێکی کورد دژی ئێران، تورکیا، عێڕاق و سوریا لەلایەن پۆستکۆلۆنیالیزم و چەپی پۆستکۆلۆنیالەوە وەک لاوازکردنی بلۆکی باشووری جیهان دەبینرێت، ئەمەش بێگومان بە هاندان و دەست لە پشتدانی زایۆنیزم. تەنانەت کەسێکی وەک ئێدوارد سەعید لە ساڵی ١٩٩١دا نکوڵی لەوە دەکات سەدام حوسێن هەڵەبجەی کیمیاباران کردبێت و ئەمە وەک درۆیەکی پروپاگەندەی خۆراوا بۆ لاوازکردنی بلۆکی دژە-ئیمپریالیستی دەبینێت[50].

بەڵام لە هیچ شوێنێکی حیکایەت و خەباتی چەپدا لەگەڵ فەڵەستین ئێمە بەر ئەوە ناکەوین مەرج بۆ پشتیوانییەکان ببینین. واتا چەپ ناڵێت من پشتیوانی لە دەوڵەتێکی سۆسیالیستیی فەڵەستینی دەکەم، بەپێچەوانەوە، حەماسیش وەک بەشێک لە چەپی جیهانی دەبینێت. لەلایەکەوە ئاڵای وڵاتان (بە ئاڵای کوردستانیشەوە) وەک هێمای ناسیۆنالیزم و ڕەتکراوە دەبینێت، بەڵام ئاڵای فەڵەستین، کە لە بنەڕەتدا ئاڵای پانعەرەبیزم بووە و یەکەم جار بەعسییەکانی سوریا و پێشتریش بۆ عێڕاقی پاشایەتی دانراوە، وەک هێمای ئەنتەرناسیۆنالیزم و خەباتی جیهانیی دەبینێت. هەر لەبەر ئەوەیە لە سەردەمی شەڕی دژە-داعشدا چەپەکان ڕەتیان دەکردەوە کورد چەک لە ئەمریکا و ناتۆ وەربگرێت، لەکاتێکدا دونیا دەیزانی کورد کەوتووەتە بەردەم جەنگی مان و نەمانەوە، بەڵام وەرگرتنی ڕاکێت و هاژەک لەلایەن حەماسەوە لە ئێران، وەک ڕاکێتی سۆسیالیستی و دژە-ئیمپریالیستی دەبینن. بەکورتی، لە گێڕانەوەی ئێستای چەپدا کورد و جوو دەبنە دوو پەیکەرە و جەستەی نامۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناو بلۆکی باشووری جیهان، فەڵەستینییەکان دەبنە بکەر/سەبژێکتە تازە شۆڕشگێڕییەکان لە حیکایەتی چەپدا و شوێنی پرۆلیتاریا دەگرنەوە. کوردەکان و جووەکانیش وەک هێزە چینە ناوەڕاست یان لە خراپترین حاڵەتدا لومپەن پرۆلیتارە دژە-شۆڕشگێڕەکان دەبینرێن.

[1] ئەنتیسێمیتیزم وەک ناو بە دەربڕینە ئینگلیزییەکەی بەکار دەهێنم، کە بە وشە بە وشە بە مانای «دژە-ڕەگەزی سامی» دێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەنتیسێمیتیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی مۆدێرن جیاوازە لە «دژە-جووایەتی»ی کلاسیکی مەسیحی و ڕق و کینە بەرانبەر بە جوو لە ئیسلامدا و فۆڕمگۆڕینی ئەنتیسێمیتیزم لای چەپ و بوونی بە دژە-زایۆنیزم، و هەروەها لەبەرئەوەی عەرەبە موسڵمانەکانیش یاخود عەرەبە چەپەکان بۆ ئەوەی ئەنتیسێمیتیزمی خۆیان بشارنەوە، بیانووی ئەوە دەهێننەوە و دەڵێن «ئێمەی عەرەبیش هەر سامین، چۆن دەکرێت دژی ڕەگەزی سامیی خۆمان بین»، دەبێت پێداگری لەسەر بەکارهێنانە لاتینییەکە بکەینەوە و پاشان ناوەرۆکەکەی شی بکەینەوە. لە ڕابردوودا دژە-جووایەتیم لەبری ئەنتیسێمیتیزم بەکار دەهێنا، بەڵام ئەمڕۆ وەک خۆی بەکاری دەهێنمەوە.[2]

بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ:

Samuel Salzborn, Antisemitismus seit 9/11: Ereignisse, Debatten, Kontroversen, Nomos Verlagsgesellschaft, Baden-Baden, 2019, s.308-320.

[3] Stephen Eric Bronner, A Rumor about the Jews Conspiracy, Anti-Semitism, and the Protocols of Zion, Palgrave/St. Martin’s Press, 2019.

[4] Theodor W. Adorno, Minima Moralia: Reflexionen aus dem beschädigten Leben, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2016, s.125.

[5] Richard Evans,  The Hitler Conspiracies: The Third Reich and the Paranoid Imagination. Allen Lane Publishing House, 2020, p.25-26.

[6] Volker Ullrich, Adolf Hitler: Die Jahre des Aufstiegs 1889—1939, Fischer Verlag, Frankfurt am Main, 2013, s.93-94.

[7] Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism, Penguin Classics, London, 2017, p. xix.

[8] Norman Cohn, Warrant for Genocide: The Myth of the Jewish World­ Conspiracy and the Protocols of the Elders of Zion, London, 1967, p.13.

[9] Robert Wistrich, A Lethal Obsession. Anti­Semitism from Antiquity to the Global Jihad, New York, 2010, p.158.

[10] خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێتەوە بۆ کتێبە کاریگەر و باشەکەی مێژوونووسی ئەڵمانی، ڤۆلفگانگ بێنتز: تۆمارنامەکانی سەرانی زایۆن: ئەفسانەکانی باڵادەستی جیهانیی جوو:

Wolfgang Benz, Die Protokolle der Weisen von Zion: Die Legende von der jüdischen Weltverschwörung, C.H.Beck, München, 2017.

[11] بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە هەڵکشانەوەی ئەنتیسێمیتیزم لە ئەڵمانیا لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بگەڕێنەوە بۆ:

Monika Schwarz-Friesel, Judenhass im Internet Antisemitismus als kulturelle Konstante und kollektives Gefühl, Bundeszetrale für politische Bildung Verlag, Bonn, 2020.

[12] Flavius Josephus, Against Apion, translated by William Whiston, https://www.gutenberg.org/cache/epub/2849/pg2849-images.html

[13] بۆ لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ دەربارەی نەریتی دژە-جووایەتی لە خۆراوا بگەڕێنەوە بۆ کتێبە زۆر گرنگەکەی دەیڤد نیرنبێرگ بەناوی: دژە-جووایەتی: نەریتی خۆراوایی:

David Nirenberg, Anti-Judaism: The Western Tradition, W. W. Norton Publishing House, New York, 2014.

[14] Adolf Hitler, Verhandlungen des Reichstags, Stenographische Berichte für die Wahlperiode 1939-1942, Band. 460, zitiert nach: Eberhard Jäckel: Hitlers Herrschaft, 3. Aufl. Stuttgart, 199, s.94.

[15] Shulamit Volkov, Interpreting Antisemitism: Studies and Essays on the German Case, Walter de Gruyter GmbH, Berlin/Boston, 2023, p.68.

[16] Matt Palumbo, The Man Behind the Curtain: Inside the Secret Network of George Soros, Liberatio Protocol, 2022.

[17] Karl Marx, Zur Judenfrage, in Karl Marx und Friedrich Engels, Gesamtwerke, Karl Dietz Verlag, Berlin. Band 1, 1976, s.347-377.

[18] مارکس، پرسی جوو، بەرگ، ل.٣٧٢.

[19] هەمان سەرچاوە، ل.٣٧٣.

[20] هەمان سەرچاوە، ل.٣٧٧.

[21] Pierre Joseph Proudhon, On the Jews, https://www.marxists.org/reference/subject/economics/proudhon/1847/jews.htm

[22] Peer Jürgens, Antisemitismus: Sozialismus des dummen Kerls? Sozialdemokratie und Antisemitismus im Deutschen Kaiserreich, Diplomica Verlag, 2013.

[23] بۆ ڕەخنەیەکی جددیی سەرتاپاگیر لە ئەنتیسێمیتیزمی چەپڕەو بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەی ڕۆبەرت ویستریش:

Robert S. Wistrich, From Ambivalence to Betrayal: The Left, the Jews, and Israel, University of Nebraska Press, Lincoln and London, 2012.

[24] Matthias Küntzel, “Islamic Antisemitism: Ist Genesis ,Meaning, and Effects,” Antisemitism Studies 2, no.2 (2018): 235–253.

[25] بڕوانە:

مذكرات الحاج محمد أمين الحسيني، إعداد وتصنيف: عبد الكريم العمر، الأهالي للطباعة والنشر والتوزيع الطبعة الأولى، 1999.

[26] Joseph B. Schechtman, The Mufti and the Fuehrer: The Rise and Fall of Haj Amin el-Husseini, New York, Thomas Yoseloff, 1965, p.104.

[27] سيد قطب، معركتنا مع اليهود، دار الشرق، القاهرە، ١٩٩٣، ص٢٠.

 [28] محمد حسين يعقوب، هل أنت يهودي، ٢٠٠٩، https://www.youtube.com/watch?v=GtczRFGKPNM

[29] محمد سيد طنطاوي، بنو إسرائيل في القرآن والسنة، دار الشرق، القاهرە، ٢٠٠٠، ص.٧١٣.

[30] بۆ تۆمارنامەی دادگای هامبورگ بگەڕێنەوە بۆ

Christian Eggers, Die Juden werden brennen‘ – Die antisemitischen Wahnvorstellungen der Hambruger Al-Qaida-Zelle um Mohammed Atta, in Matthias Küntzel, Islamischer Antisemitismus und Deutsche Politik, LIT Verlag, Berlin, 2007, s.161-163.

[31] بڕوانە هەمان سەرچاوە.

[32] Peshraw Mohammed, Eine unheilige Allianz: Das Bündnis zwischen Linken, Postkolonialen und Islamisten, 21.12.2023 https://jungle.world/artikel/2023/51/linke-postkoloniale-und-islamisten-eine-unheilige-allianz

[33] Vojin Saša Vukadinović (hrs), Siebter Oktober Dreiundzwanzig: Antizionismus und Identitätspolitik, Querverlag, Berlin, 2024.

[34] Peshraw Mohammed, Left and Islamism: Antisemitism and Antikurdism, translated by Russell Berman, https://www.telospress.com/author/pmohammed/

[35] بۆ زانیاری سەبارەت بە هاتنی زایۆنیستەکان بۆ کوردستان، بگەڕێنەوە بۆ

Scott Abramson, Early Zionist-Kurdish Contacts and the Pursuit of Cooperation: the Antecedents of an Alliance, 1931-1951, University of California, 2019.

[36] Jeffrey Herf, Israel’s Moment: International Support for and Opposition to Establishing the Jewish State, 1945-1949, Cambridge University Press, Cambridge, 2022, p,66.

[37] المادة ٢ تعرف من ميثاق حماس بأنها «حركة عالمية» و«أحد فروع الإخوان المسلمين في فلسطين»: ميثاق حركة المقاومة الإسلامية، مجلة الدراسات الفلسطينية، المجلد ،٤ العدد ١٣ (شتاء ١٩٩٣)، ص ١٤٦.

[38] محمود حسن الدرة، القضية الكردية والقومية العربية في معركة العراق، دار الطليعة، الطبعة الثانية منقحة، منشورات دار التعالیە، بیروت، ١٩٦٦، ص.٣٨٨.

[39] ميشيل عفلق، ذكرى الرسول العربي،  http://albaath.online.fr/Volume%20I-Chapters/Fi%20Sabil%20al%20Baath-Vol%201-Ch33.htm

[40] ميشيل عفلق، المسألة الكردية والثورة العربية، في سبيل البعث – الجزء الخامس، بغداد، ١٩٨٧، ص.٣٦.

[41] Hamid Dabashi, “On the Kurdish Question,” Al Jazeera, November 27, 2017. https://www.aljazeera.com/opinions/2017/11/27/on-the-kurdish-question

[42] هەمان سەرچاوە.

[43] بڕوانە:

Peshraw Mohammed, Left and Islamism: Antisemitism and Antikurdism, translated by Russell Berman, https://www.telospress.com/author/pmohammed/

[44] دەباشی، دەربارەی پرسی کورد، سەرچاوەی پێشوو.

[45] هەمان سەرچاوە.

[46] Kommunistische Volkszeitung v. 29.1.1979.

[47] Zitat nach Martin Kloke, Israel und die deutsche Linke. Zur Geschichte eines schwierigen Verhältnisses, Schriftenreihe des Deutsch-Israelischen Arbeitskreises für Frieden im Nahen Osten, 2. Aufl, Frankfurt am Main 1994, s.94.

[48] بڕوانە:

Jeffrey Herf, Three Faces of Antisemitism: Right, Left, Islamist, Routledge, London and New York, 2024, p.135.

[49] David Hirsh, Contemporary Left Antisemitism, Routledge, London and New York, 2018, p.103.

[50] Edward Said, an American and an Arab, writes on the eve of the Iraqi-Soviet peace talks, https://www.lrb.co.uk/the-paper/v13/n05/edward-said/edward-said-an-american-and-an-arab-writes-on-the-eve-of-the-iraqi-soviet-peace-talks

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!