گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
ژنانی ڕەش: داڕشتنی تیۆریی فێمێنیستی
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
هووکس، ن. بێل (٢٠٢٥): ژنانی ڕەش: داڕشتنی تیۆریی فێمێنیستی. وەرگێڕان: موورەشین کوردستانی. گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٣٩١–٣٧٦. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
فێمینیزم لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژنانێک کە قوربانییانی سەرەکیی سێکسیزمن و ئەو ژنانەی کە ڕۆژانە لە ڕووی جەستەیی، ڕەوانی و مەعنەوییەوە ئازار دەدرێن و هێزی گۆڕینی بارودۆخی ژیانی خۆیان نییە، سەری هەڵنەداوە. ئەو ژنانە زۆرینەیەکی بێدەنگن. نیشانەی قوربانی بوونیان ئەوەیە کە بەبێ هیچ پرسیارێک، ناڕەزایەتی دەربڕینێک یا خود تووڕەیییەکی بەکۆمەڵ، چارەنووسی ژیانی خۆیان قەبووڵ کردووە. نووسراوەکەی بێری فریدەن1 ، ودمی ژنانە،2 کە ئێستاش وەک ڕێگەخۆشکەرێک بۆ بزاڤی فێمێنیستیی هاوچەرخ دەناسرێ، وا دەنوێنێ وەکو ئەوەی کە ئەو ژنانە هەر نەشبن. دەستەواژە بەناوبانگەکەی فریدەن، “کێشەیەک کە هیچ نێوێکی نییە”3، زۆرجار بۆ تاوتوێی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەکار دەبرێ کە ڕاستییەکەی ئاماژەیە بە کێشەی ژنانی خوێندەوار، بەمێرد، سپی لە چینی مام ناوەند و سەرەوەی کۆمەڵگا. ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوە لە چنگ ماڵداری و منداڵ بەخێوکردن و کڕینی شتومەک وەڕەز بوون و شتی زۆرتریان لە ژیان دەوێ. فریدەن بڕگەی یەکەمی کتێبەکەی ئاوا کۆتایی پێ دێنێت: “ئێمە چی دی ناتوانین ئەو دەنگە لەنێو ژناندا کپ بکەین کە دەڵێ: من شتێکم زۆرتر لە ماڵومنداڵ و مێردەکەم دەوێ”. فریدەن ئەم “زۆرتر”ە وەک کار و کەسابەتێک بە ئێمە دەناسێنێ، کەچی باسی ئەوە ناکات کێ ئاگای لە ماڵومنداڵیان دەبێت ئەگەر ئەو ژنانەی زۆرتر وەک خۆی لە کاری ناوماڵ ڕزگاریان بێت و وەک پیاوانی سپی دەرفەتی کاری یەکسانیان بۆ بخوڵقێ. ئەو ژنانی غەیری سپی و ژنانی سپی هەژار نابینێت و بە خوێنەرانی ناڵێت گەلۆ کرێکاربوون، خزمەتکاربوون یا لەشفرۆشبوون، لە ژنێکی ماڵەوە4 سەر بە چینی دەوڵەمەند باشترە یا نا.
فریدەن گیر و گرفتەکانی خۆی و ژنانی وەک خۆی لەگەڵ کێشەی هەموو ژنانی ئەمریکا یەکسان دادەنێ و بۆ ئەو مەبەستەش سەرنجی لەسەر چینایەتی5، نەژادپەرەستی6 و سێکسیزم7 دوور خستووەتەوە. فریدەن لە ناو کتێبەکەیدا زۆر بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکا، ئەو ژنانەی کە ئەو وەک قوربانییانی سێکسیزم دیتوونی، ژنانی سپیی خوێندەوار بوون کە بەزۆریی سێکسیزم لە ماڵەوە ماونەتەوە. ئەو دەڵێ:
زۆر پێویستە بزانین ژنی ماڵبوون چۆن دەتوانێ بۆشایی و هەستی هیچ نەبوون لە ژناندا ساز بکات. ژنی ماڵ بوون لایەنگەلێکی هەیە کە پاراستنی شوناسێکی ئینسانی بۆ ژنانی وریا ئەستەم دەکاتەوە. شوناسێک کە ناوەرۆکی خۆبوونە و بەبێ ئەو، مرۆڤ -چ ژن و چ پیاو- بەڕاستی هەست بە زیندووبوون ناکات. بۆ ژنانی توانا لە ئەمڕۆی ئەمریکادا، من بەو قەناعەتە گەیشتووم کە شتێکی مەترسیدار لە ژنی ماڵبووندا هەیە.
کێشە و پرسگەلی ژنانی سپی و دەستڕۆیشتوو کە ماڵ بەڕێوە دەبەن، شایەنی سەرنج و گۆڕان بوون، بەڵام کەڵکەڵەی سیاسیی زۆرینەی ڕەهای ژنان نەبوون. زۆربەی ژنان دڵەڕاوکێی بەڕێچوونی ئابووری، هەڵاواردنی نەژادی و ئیتنیکی و … هتد یان هەبوو. کاتێک فریدەن “ودمی ژنانەی” نووسی یەک لە سێی ژنان لە بازاری کاردا وەک هیزی کار8 دەهاتنە ئەژمار. ئەگەرچی زۆربەی ژنان ئاواتەخوازی ئەوە بوون ژنی ماڵەوە بن، لە ڕاستیدا تەنیا ئەو ژنانەی کە کات و پووڵی زۆریان بوو، دەیانتوانی شوناسی خۆیان بەپێی ئەوەی کە فریدەن وەک ودمی ژنانە باسی دەکات، داڕێژن. ئەوان ئەو ژنانە بوون کە بە گوتەی فریدەن, لە لایەن پێشکەوتووترین بیرمەندانی ئەو سەردەمەوە پێیان گوترابوو بگەڕێنەوە وەک نۆرا9-10 بژین و بە دەمارگرژییەکی ویکتۆریایییانە لە سووچی ماڵە بووکەڵەیییەکانیاندا قەتیس بکرێن.
لە نووسراوەکانی پێشوویدا دەردەکەوێ کە فریدەن هەرگیز بۆی پرسیار نەبووە گەلۆ کەڵکەڵەی ژنانی سپیی زانکۆدیتوو کە لە ماڵەوە کار دەکەن دەشێت بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی سێکسیزم و ستەمی سێکسیستی لە کۆمەڵگای ئەمریکادا بکرێتە پێوەر. فریدەن هەروەها بۆ بەدەستهێنانی گۆشەنگایێکی بەرینتر بۆ ژیانی ژنان لە ئەمریکا، لە ئەزموونی ژیانی خۆی تێنەپەڕی. من ئەوە بۆ بێبایەخکردنی کارەکەی ناڵێم. نووسراوەکەی وەک باسێکی دەوڵەمەند لەمەڕ کاریگەریی هەڵاواردنی سێکسیستی سەبارەت بە گرووپێکی تایبەتیی ژنان دێتە ئەژمار. تەنانەت ئەگەر لە ڕوانگەیێکی دیکەوە چاوی لێ بکەی، وەک لێکۆڵینەوەی نموونەیی11نارسیسیزم12، دڵڕەقی، سانتیمانتالیزم و شاییبەخۆ بوونە13. فریدەن لە بڕگەی “لە مرۆڤایەتی خستنی پێشکەوتووانە14 دا“، بەراوردێکی سەیروسەمەرە لە نێوان ژنانی سپیی ماڵەوە و زیندانییانی ئۆردوگاکانی نازی دەکات. گۆیا دۆخی دەروونی و گۆشەگیریی ئەو ژنانە لەگەڵ بوون لە ئۆردوگاکانی نازی لێکچوونی هەیە.
فریدەن داڕێژەری سەرەکیی بیرۆکەی فێمێنیستی هاوچەرخ بوو. ڕوانگە تاک ڕەهەندییەکەی لەسەر واقعی ژنان، بوو بە تایبەتمەندییەکی دیاریکراوی بزووتنەوەی فێمێنیستیی هاوچەرخ. ژنانی سپی کە ئەمڕۆ بەسەر گوتاری فێمێنیستیدا زاڵن هەر وەک فریدەن، بەدەگمەن ئەو پرسیارە لە خۆیان دەکەن گەلۆ ڕوانگەی ئەوان لەسەر دۆخی ژنان تا چ ڕادەیەک لەگەڵ ئەزموونی ژیانی توێژی ژنان تەبایە. ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا وشیاریەکی زیاتر لەسەر لاگری15 سێکسیستی و چینایەتی پەرەی سەندووە، بەڵام ئەوان ئاگاداری ئەوە نین کە ڕوانگەیان تا چ ئاستێک ڕەنگدانەوەی لایەنگرییەکی وەهای پێوە دیارە.
نەژادپەرەستی لە نووسراوەی فێمێنیستە سپییەکاندا16 یەکجار زۆرە. بەجۆرێک کە پەرە بە سەروەریی سپییەکان دەدەن و نکۆڵی لە ئەگەری خۆ ڕێکخستنی سیاسیی ژنان بەپێی نەژاد و ئەتنیک دەکەن. چاوپۆشیی فێمینیزم لە پلەبەندیی17 نەژادی و دژایەتیی ئەو پێکهاتەیە، پەیوەندیی نێوان چین و نەژادی پساندووە. کۆمەڵگای ئەمریکا لە سیاسەتی سەروەریی نەژادیی سپییەکان پێک هاتووە؛ بۆیە تەنیا بە شیکردنەوەی نەژادپەرەستی و کارکردەکەی لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداریدایە کە دەتوانرێت تێگەیشتنێکی تۆکمە لە پەیوەندییە چینایەتییەکان بەدەست بێت. خەباتی چینایەتی بە شێوەیێکی دانەبڕاو بە خەبات بۆ بنبڕکردنی نەژادپەرەستی بەستراوەتەوە.
ریتا می براون18 لە نووسراوەیێکی19دا ئاوا ژنان هان دەدات کە لە واتای چەمکی چین بکۆڵنەوە:
واتای چین زۆر زیاترە لە پێناسە مارکسییەکەی کە پێی وایە چین بریتییە لە پەیوەندیی شێوەکانی بەرهەمهێنان. چین هەڵسوکەوت و پێشگریمانە سەرەکییەکان سەبارەت بە ژیان دەگرێتە خۆی. ئەزموونی تۆ( کە چینە کۆمەڵایەتییەکەت دیاری دەکات) ئەو گریمانانە پشتڕاست دەکاتەوە. چین پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن فێری هەڵسوکەوت دەکرێیت، چاوەڕوانی چی لە خۆت و لە کەسانی چواردەورت دەکەیت، تێگەیشتنت لە داهاتوو چییە، چۆن لە کێشەکان دەگەیت و چارەسەریان دەکەیت، چۆن بیر دەکەیتەوە، هەست دەکەیت و چۆن مامەڵە دەکەیت. هەر ئەم ئاکارانەن کە ژنانی چینی مامناوەند دانی پێدا نانێن. هەرچەندە ڕەنگە پێیان خۆش بێت چین بەو واتایەی مارکس باسی لێوە دەکات قبوڵ بکەن. بەڵام ئەوە فێڵێکی زیرەکانەیە کە یارمەتییان دەدات هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەوتە چینایەتییەکانیاندا نەدەن. ئەم شێوە ڕەفتارانەیە کە دەبێت دانی پێدانرێت، فام بکرێت و بگۆڕدرێت.
ژنانی سپی کە بەسەر گوتاری فێمێنیستیدا زاڵن و تیۆریی فێمێنیستیان داڕشتەوە، تێگەیشتنێکی زۆر کەمیان لە سەروەریی سپییەکان وەک سیاسەتێکی نەژادی، کاریگەریی چین لەسەر دەروون و پێگەی سیاسیی خۆیان لە حکومەتێکی نەژادپەرەست، سێکسیست و سەرمایەداریدا هەیە. نەبوونی وشیارییەکی وەهایە کە بۆ نموونە دەبێتە هۆکاری ئەوەی لیا فریتز20 لە نووسراوەیێکیدا21 لەسەر بزووتنەوەی هاوچەرخی ژنان بڵێت:
ڕەنجی ژنان بەهۆی ستەمی سێکسیستییەوە خاڵی هاوبەشی هەموو ژنانە، وە ئەو فۆڕمە جیاوازانە لە زوڵم کە دەسەڵاتێکی زۆردار بەسەر کۆمەڵگایدا سەپاندووە، تێدەپەڕێنێت. ئازار بە شێوەیێکی چەندایەتی پێوانە و بەراورد ناکرێت. ئایا بەتاڵی و تەنبەڵیی داسەپاو بەسەر ژنێکی دەوڵەمەند، کە هەندێک جار تووشی شێتی یا خۆ کوشتنی دەکا، زۆرتر یا کەمتر جێگای سەرنجە لە ئازاری ژنێکی هەژار کە بەسەختی خۆی بە سیستەمی دەوڵەتی بەڕێوە دەبات، بەڵام کەرامەتی خۆی نەدۆڕاندووە؟ هیچ ڕێگایێک نییە کە ئەو جیاوازییانە پێوانە بکرێن. بەڵام ئەگەر ئەو دوو ژنە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پیاو/باوک سالارییەکی چینایەتییانە ڕەنجی یەکتر پێوانە بکەن، ڕەنگە بتوانن خۆیان لە کڵۆڵی و زوڵملێکراویدا هاوبەش ببیننەوە.
وتەکەی فریتز نموونەیێکی دیکەی خۆش خەیاڵییە کە بەئانقەست تارمایی دەخاتە سەر جیاوازیی کۆمەڵایەتیی نێوان ژنان کە دەربڕینی22 فێمێنیستی لێ پێک هاتووە . ئەگەرچی ئەوە ئاشکرایە زۆرینەی ژنان لە ستەمی سێکسیستی ئازار دەبینن، بەڵام ئەمە بە تەنیا پەیوەندییەکی هاوبەش لەنێوان هەموو ژناندا دروست ناکات. لە حاڵێکدا بەڵگەی زۆر هەن کە نیشان دەدەن پێناسەی چینایەتی و نەژادی جیاوازیی زۆر لە شێوازی ژیان و پێگەی کۆمەڵایەتیدا ساز دەکەن کە لەو ئەزموونە هاوبەشەی ژنان کە تەنیا بەهۆی ستەمی سێکسیستییەوە دەیچێژن گرینگترە. دەبێ پێداگریی ژنانی سپیی خوێندەوار بە دەرفەتی کاری زۆرەوە لەسەر ئەوەی کە پێوەرێک بۆ ئازارکێشان نییە، بدرێتە بەر ڕەخنە. ئەوەش بزانین فریتز هەوەڵ فێمێنیستێکی سپی نییە کە ئەو قسەیە دەکات. ئەوەی ڕاستی بێ، من ئەو قسەیەم لە زاری هیچ ژنێکی هەژاری هیچ نەژادێکی دیکە نەبیستووە. ئەگەرچی من کێشەی زۆرم لەگەڵ ڕەخنەی بێنیامین باربێر23 لە بزووتنەوەی فێمێنیستی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەو بۆچوونەی هاوڕام کە دەڵێ:
ئازاربینین ئەزموونێکی گشتگیر و نەگۆڕ نییە کە پێوەرێکی یەکسانی هەبێ، بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ خولیا و پێداویستی و بارودۆخی مرۆڤەکان هەیە. پێویستە هەندێک پێوەری مێژوویی و سیاسی بۆ بەکاربردنی ئەو وشەیە هەبێت, بۆ ئەوەی بزانین کام کێشەی سیاسی وەپێش بخرێت و فۆڕمە جیاوازەکانی ئازارکێشان سەرنجی شایەنی خۆیانی پێ بدرێت.
بنەمای سەرەکیی بیری فێمێنیستیی مۆدێڕن جەخت لەوە دەکاتەوە کە “هەموو ژنان ستەمیان لێ دەکرێت 24”. لەم بۆچوونەدا وا دەردەکەوێ ژنان دۆخی هاوبەشیان هەیە و فاکتۆرگەلێک وەک چینی کۆمەڵایەتی، نەژاد، باوەڕی ئایینی، حەزی سێکسی و … هتد هەمەڕەنگییەک لە ئەزموونی مرۆیی ساز ناکەن کە دیاری بکات سێکسیزم تا چ ڕادەیێک دەتوانێت لە ژیانی ژناندا عامڵێکی ستەمکار بێت.
سێکسیزم وەک سیستەمێکی باڵادەستی25 دامەزراوەیی دەکرێت. بەڵام هەرگیز سەداسەد چارەنووسی هەموو ژنانی ئەو کۆمەڵگایەی دیاری نەکردووە. ستەملێکران26 بە واتای نەبوونی بژاردەیە27 . ئەوە سەرەکیترین خاڵی جیاوازیی نێوان ستەمکار و ستەملێکراوە. زۆرێک لە ژنان لەو کۆمەڵگایەدا بە هەموو کەموکووڕییەکانەوە بژاردەیان هەیە. کەواتە چەوساندنەوە28 و هەڵاواردن29 وشەگەلێکن کە باشتر وەسفی کۆمەڵانی ژنان لە ئەمریکا دەکەن. زۆربەی ژنان پەیوەستی خەباتی ڕێکخراوەیی دژی سێکسیزم نابن، چون ئەگەر وردتر بۆی بڕوانین سێکسیزم بە مانای نەبوونی ڕەهای بژاردە نییە. ڕەنگە ئەو ژنانە بزانن کە بە هۆی جۆری جنسییانەوە هەڵداواردرێن، بەڵام ئەوە لەگەڵ ستەملێکران و نەبوونی هیچ بژاردەیێک جیاوازە. لە سێبەری سەرمایەداریدا، باوک/پیاوسالارییەک پێک هاتووە کە سێکسیزم لە هەندێک شوێندا لەمپەر بۆ هەڵسوکەوتی ژنان ساز دەکات، بەڵام لە لایێکی دیکەوە ئیزن دەدات ژنان هەندێک سنوور تێپەڕێنن. نەبوونی بەربەستی زۆر گەورە وادەکات ژنان ئەو بوارانە کە تێیدا دەچەوسێنەوە یا هەڵداوێردرێن، پشتگوێ بخەن. تەنانەت دەتوانێت ئەو باوەڕە لایان ساز بکات کە هیچ ژنێک ستەمی لێ ناکرێت.
ژنانی ستەملێکراو لە ئەمریکا هەن. هەم پەسند و هەم پێویستیشە کە ئێمە بەرهەڵستی ئەو ستەمە ببینەوە و قسەی لەسەر بکەین. کریستین دێلفی30 لە گۆتاری“ بۆ فێمینیزمێکی مەتریاڵیستی31” ئەو خاڵەی بەجوانی پێکاوە کە بەکارهێنانی وشەی ستەم بۆیە گرینگە کە خەباتی فێمێنیستی لە چوارچێوەیێکی سیاسیی ڕادیکال پۆلێن دەکات:
ژیانەوەی دووبارەی فێمینیزم هاوکات بوو لەگەڵ بەکارهێنانی وشەی ستەم. بیردۆزی زاڵ32 لەجیاتی ستەم باس لە “دۆخی ژنانە” دەکات. ئەوە لە خوێندنەوەیەکی ماتریالیسی سەرچاوە دەگرێت کە پێی وایە : لەبەر سنوورداربوونی سروشت، مرۆڤ ناتوانێ گۆڕانکاری لە واقعی دەرەکیی33 دا بکات. بەپێچەوانەوە، وشەی ستەم و ستەمی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە بۆ بژاردەیێک، ڕوونکرنەوەیێک و دۆخێکی سیاسیی تایبەت. کەواتە ستەم و ستەمی کۆمەڵایەتی هەر یەکن یا بە واتایێکی دیکە ستەمی کۆمەڵایەتی دووپاتکردنەوەیێکی تێدایە، چون کۆمەڵایەتیبوون بەشێکی دانەبڕاوی ستەمە.
بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، جەختی فێمێنیستەکان لەسەر “ستەمی هاوبەش”34 لەم وڵاتە بە مەبەستی سیاسیکردنەوەی خەباتی فێمێنیستی نەبوو. پێم وایە چەمکی ستەمی هاوبەش زۆرتر دەستبەسەرداگرتنی ئەم دەستەواژە سیاسی و ڕادیکاڵە لە لایەن هەندێک لە ژنانی کۆنەپارێز35 و لیبراڵ بوو بۆ ئەوەی بناغەکانی بزووتنەوەی فێمێنیستی پێ دابڕێژن و بەرژەوەندیی چینی کۆمەڵایەتی خۆیانی تێدا بەدی بکەن.
ئەگەرچی تەبایی36 و یەکدڵی37 ناوەرۆکی چەمکی “ستەمی هاوبەش” بۆ سازکردنی هاوپشتی38 بوو، بەڵام دروشمگەلێک وەک “بۆ ئەو زوڵمەی لێت دەکرێ ڕێک بخە39” ئەو بیانووەی بۆ زۆرێک لە ژنانی خاوەن ئیمتیاز ڕەخساند کە جیاوازییەکانی پێگەی کۆمەڵایەتیی نێوان خۆیان و جەماوەری ژنان لەبەرچاو نەگرن. ئەوەی کە ژنانی سپی سەر بە چینی مامناوەند توانیان خولیاکانی خۆیان بکەن بە کەڵکەڵەی سەرەکیی بزووتنەوەی فێمێنیستی و ناوی ستەمیان لە دۆخی کۆمەڵایەتی خۆیان نا، نیشانەیێکە لە ئیمتیازاتی نەژادی و چینایەتی و هەروەها ئازادیی ڕادەربڕین لە بابەت زۆرێک لەو بەربەستانەی سێکسیزم بۆ ژنانی چینی کرێکاری ساز کردووە. ژنانی سپی توانییان رێتۆریکێک لە کەڵکەڵەی هاوبەش ساز بکەن کە ئەو بارودۆخەی تێیدا بوون، بە ستەمیان قەبڵاند. کێ لەو کاتەدا لەوێ بوو کە داوای گۆڕانکاری لەم دەستەواژانەدا بکات ؟ کامانە گرووپی دیکەی ژنان لە ئەمریکا دەستیان لە زانکۆکان، دەزگای ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان دەڕۆیشت؟ ئەگەر ژنانی ڕەشی سەر بە چینی مامناوەند بزووتنەوەیەکیان ڕێک خستبا کە خۆیان وەک ستەملێکراو پێناسە کردبا، کەس بە هێندی نەدەگرتن. ئەگەر بۆ نموونە دانیشتنێکی گشتییان ساز دابا و گوتاریان لەسەر ستەم پێشکەش کردبا، لە هەموولایەکەوە ڕەخنەیان لێ دەگیرا و هێرشیان دەکرایە سەر. بەڵام هەمان شت بۆ ژنانی فێمێنیستی سپی بورژوا بەسانایی بەڕێوە دەچوو و بەردەنگێکی زۆریان بۆلای خۆیان ڕادەکێشا کە لە دوای گۆڕینی چارەنووسیان هەڵوەدا بوون. ئەو مەودایەی لەنێوان ئەوان و ژنانی سەر بە ئێتنیک و چینە جیاوازەکان ساز ببوو، دەرفەتی بۆ بەراوردکردنی گریمانەی “ئێمە ستەمی هاوبەشمان هەیە” نەدەڕەخساند. لە سەرەتاوە، بەشداربووە ڕادیکاڵەکانی بزووتنەوەی ژنان داوایان دەکرد کە ژنانی تر دزە بکەنە نێو بزاڤی فێمێنیستی و فەزایێک بۆ پەیوەندی ساز بکەن. کۆمەڵە نووسراوەیێک وەک “ئێستا سەربەستی40 “، “ئازادیی ژنان: گەڵاڵەیێک بۆ داهاتوو41 ”، “چین و فێمینیزم”42, “فێمینیزمی ڕادیکاڵ 43” و “خوشکایەتی بەهێزە”44 کە هەموویان لە سەرەتای حەفتاکان لە چاپ دراون، بابەتگەلێکیان تێدایە کە هەوڵ دەدەن بەردەنگێکی بەرفراوانتر لە ژنان بگرنە خۆ، بەردەنگێک کە تەنیا سپی، سەر بە چینی مامناوەند، زانکۆدیتوو و گەورەساڵ نەبوون (زۆربەی بابەتەکان لەسەر مێرمنداڵان نووسراون). سووکی ستامبلێر45 ئەم ڕۆحە ڕادیکاڵە لە پێشەکیی بابەتی “ئازادیی ژنان: گەڵاڵەیێک بۆ داهاتوو” ئاوا تەتەڵە دەکات:
ژنانی چالاکی نێو بزووتنەوە، بەردەوام لەو پێویستییەی مێدیا بۆ سازکردنی کەسانی بەناوبانگ و ئەستێرە وەڕەز بوون . ئەمە لە دژی فەلسەفەی بنەماییمانە. ئێمە ناتوانین پەیوەندیمان لەگەڵ کەسانێک بێت کە بە بۆنەی ناوبانگ و پرێستیژەوە خۆیان بەسەرمانەوە دەگرن. ئێمە بۆ بەرژەوەندیی تاقەژنێک یا تەنیا گرووپێک لە ژنان خەبات ناکەین. ئێمە ئەو کێشانە دەکەینە ئامانج کە کەڵکەڵەی هەموو ژنانە.
ئەم بۆچوونانە کە لەلایەن زۆربەی فێمێنیستەکان لە سەرەتای بزاڤی فێمێنیستییەوە لایەنگریان بوو، درێژەی پێ نەدرا. هەرچی ژنانێکی زۆرتر لە ڕێگای چالاکیی فمێێنیستی سەبارەت بە “یەکسانیی دۆخی کار” گەیشتنە ناوبانگ و داهات، خەباتی بەکۆمەڵ جێی خۆی بە هەلپەرستیی تاک دا. ئەو ژنانەی خۆیان وەک فێمێنیست پێناسە دەکرد کە دژی باوک/پیاوسالاری، سەرمایەداری، چینگەرایی یا نەژادپەرەستی نەبوون. چاوەڕوانیی ئەو دەستەیە جیاواز بوو. ئەو ژنانەی کە خاوەن ئیمتیاز بوون، یەکسانیی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ پیاوانی چینی خۆیان دەویست. هەندێکیان خوازیاری داهاتی یەکسان بوون و هەندێکیش ئەزمونی شێوەژیانێکی جیاوازیان دەویست. زۆرێک لەو کەڵکەڵە بەجێیانە بەسانایی لە لایەن پیاوسالاریی سەرمایەدارانەی سەردەستەوە قەپات کرابوون. فێمێنیستی فەڕەنسی ئانتوانێت فووک46 دەڵێت:
ئەو کردەوانەی لەلایەن گرووپە فێمێنیستەکانەوە پێشنیار کراون، سەرنجڕاکێش و ورووژێنەرن. بەڵام ورووژاندن تەنیا هەندێک لە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان47 دەخاتە بەرچاو و ئەوەی ڕاستی بێ دژبەیەکییە ڕادیکاڵەکان لەنێو کۆمەڵگادا ئاشکرا ناکات. فێمێنیستەکان دەڵێن ئێمە یەکسانیمان لەگەڵ پیاوان ناوێت، بەڵام ئاکاریان پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێ. فێمێنیستەکان هەندێک بوورژوای نوێخوازن کە بەها زاڵەکان دەپارێزن و ئەوەش بەستێنێک بۆ جۆرە پێکهاتەیێکی دیکە مسۆگەر ناکات. ڕیفۆرمخوازی هەموو کەسی جێ دەبێتەوە. نەزمی بوورژوایی، سەرمایەداری و فاڵۆسێنتریزم48 ئامادەن کە هەرچەندە فێمێنیست پێویست بێ، وەپاڵ خۆیانی بدەن. چون ئەو ژنانە لە کۆتاییدا هەر دەبن بە پیاو، ئەوەش بە مانای زیادبوونی چەند پیاوی دیکەیە. جیاوازیی نێوان ڕەگەزە جنسییەکان بەوە نییە کە کەسێک ئەندامی نێرینەی هەبێت، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا ئەو کەسە بەشێکی دانەبڕاوی ئابوورییەکی نێرینەیە یا نا.
فێمێنیستەکان لە ئەمریکا ئاگاداری ئەو ناکۆکییانە هەن. کارۆڵ ئێرلیچ49 لە گوتارەکەی بە ناوی “گەلۆ هاوسەرگیریی ناسەرکەوتووی نێوان مارکسیزم و فێمینیزم ڕزگار دەکرێت ؟50“ بەو شێوەیە ئاماژە بەم کێشەیە دەکات کە “وێدەچێت فێمینیزم چاوی خۆی نووقاندبێ و ڕوانگەیێکی بێمەترسی و ناشۆڕشگێڕانەی ڕەچاو کردبێت” وەک ئەوەی “ڕادیکالیزمی فێمێنیستی جێی بۆ فێمینیزمی بوورژوایی چۆڵ کردبێت” و جەخت دەکاتە سەر ئەوە کە “ ئێمە نابێ بێڵێن ئەوە درێژەی پێ بدرێ”:
ژنان دەبێ بزانن (و بە شێوەیێکی بەرچاو ڕێگا لە بەرزبوونەوەی ئەو هۆشیارییە دەگیرێ) کە فێمینیزم باسی ئەوە نییە کە خۆت بۆ سەرکەوتنەکان بڕازێنییەوە، یا ببی بە جێبەجێکەری کۆمپانیایێک، یا لە هەڵبژاردنێکدا بیبەیەوە. فێمینیزم ئەوە نییە لەگەڵ هاوسەرەکەت بەسەختی کار بکەن و دەرفەتتان بێت بچنە سەفەر و کاتێکی زۆر لەگەڵ منداڵە ژیکەڵەکانتان تێپەڕ بکەن، چون کرێکاڕێک کاری ماڵەوەتان بۆ دەکات. لەحاڵێکدا هەمان کرێکار کات و پارەی ئەوەی نییە بە ماڵی خۆی ڕابگات. فێمینیزم ئەوە نییە کە بانکی ژنان بکرێتەوە یا ئاخری حەوتوو لە وانەیێکی گران بەشدار بیت کە فێرت بکەن چۆن متمانەبەخۆ و پێداگر بی( نەک شەڕانگێز)، لە هەمووان زۆرتر ئەوە نییە کە ببیتە پۆلیسی نهێنی یا مەئمووری سیا یا ژەنەڕاڵی هێزی دەریایی.
بەڵام بەشێکی هەڵەی خۆمانە کە ئەو بیرۆکە بەلاڕێداچووانە، زۆرتر لەوانەی ئێمە باسیان دەکەین، وێنای فێمینیزم دەکەن. ئێمە بە ڕادەی پێویست هەوڵمان نەداوە خوێندنەوەی بەمانا و ڕوون کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، بخەینە ڕوو. هەروەها لە سازکردنی گرووپی بەردەست و چالاک کە ئەو ئەرکانە بەڕێوە ببەن، کەمتەرخەم بووین.
ئەوە هەڵکەوت نییە کە خەباتی فێمێنیستی زۆر بەسانایی بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی فێمێنیستە لیبراڵ و کۆنەپارێزەکان بەلاڕێدا چووە. چون فێمینیزم لە ئەمریکا تا ئێستا بیردۆزێکی بوورژوایی بووە. زیلا ئێسێنشتەین51 لە پێشەکیی بابەتەکەی بەناوی “داهاتووی ڕادیکاڵی فێمینیزمی لیبراڵ52” ئاوا باس لە بنچینە لیبراڵەکانی فێمینیزمی ئەمریکای باکوور دەکات:
یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕۆڵی بیردۆزی تاکگەراییی لیبراڵ53 لە بنیاتنانی تیۆریی فێمێنیستیدایە. فێمێنیستەکانی ئێستا یان باس لە تیۆریی تاکایەتی54 ناکەن یان نائاگایانە بیردۆزی کێبەرکێکار55 و ئەتۆمیستیکی56 تاکگەراییی لیبڕاڵ دەگرنەبەر. لەم تیۆرییە فێمێنیستییەی ئێمە باسی دەکەین، سەرلێشێواوییەکی زۆر لەمەڕ ئەم بابەتە هەیە. تیۆریی تاکایەتی کە گرینگیی تاک لە کۆمەڵگادا بەفەرمی دەناسێ لەگەڵ بیردۆزی تاکگەرایی کە خەسلەتی کێبەرکێی تاک بە گریمانە دەگرێت، هاوتا نین. تا ئەوکاتەش جیاوازییەکی ئاگامەند لەنێوان ئەو دوو چەمکە دروست نەبێت، شرۆڤەیێکی وامان لەبەردەست نییە کە بەڕاستی کۆمەڵگای ڕۆژاواییی ئێمە دەبێ بۆلای کام تیۆریی فێمێنیستیی ڕزگاریخوازانە بشکێتەوە.
بیردۆزی “تاکگەرایی لیبراڵی کێبەرکێکارانە و ئەتۆمیزە بوو” وەها دزەی کردووەتە ناو بیری فێمێنیستییەوە کە پۆتانسییەلە ڕادیکاڵەکانی خەباتی فێمێنیستی کاڵ کردووەتەوە. ئەوەی تا ئێستا بۆمان دەرکەوتووە ئەوەیە کە دەستبەسەرداگرتنی ژنانی بوورژوا بەسەر فێمینیزم بۆ پشتیوانی لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان، تا ئاستێکی زۆر لە لایەن تیۆریی فێمێنیستییەوە پاساوی بۆ هێندراوەتەوە (بۆ نموونە بیرۆکەی “ستەمی هاوبەش”). هەموو بزووتنەوەیێکی فێمێنیستی دەبێ لە دژی ئەو قەپات کردنە بوەستێتەوە و بە ناساندنی ڕوانگەیێکی جیاوازی فێمێنیستی دەست پێ بکات. تیۆرییەکی نوێ، نێرینێک کە لەژێر کاریگەریی بیرۆکەی تاکگەرایی لیبڕاڵدا نەبێت.
ئەو ژنانەی کە بەسەر گۆتاری فێمێنیستیدا زاڵن بەڕادەی پێویست وەخۆگرانە ناجووڵێنەوە و ئەوەش لە کردەوەدا بووەتە بەربەست بۆ سەرهەڵدانی تیۆریی نوێ و جیاواز. فێمینیزم هێڵی حیزبیی57 خۆی هەیە و ئەو ژنانەی کە دامەزراندنی بناغە و ستراتێژییەکی جیاواز بە پێویست دەزانن، بە گشتی بێدەنگ دەکرێن و دەخرێنە پەراوێزەوە. ڕەخنەگرتن لە بیری فێمێنیستی و پێشنیاری جێگرەوە، پێشوازی لێ ناکرێت. مشتومڕی ئەو دوایییانە لەسەر بەرفراوان کردنی باسوخواسی سێکسوالیتە دەرخەری ئەم ڕاستییەیە. بە هەموو ئەوانەشەوە، ئەو ژنانەی کە هەست دەکەن لە گوتار58 و کرداری59 فێمێنیستی دەرهاوێژراون، دەتوانن شوێنێک تایبەت بە خۆیان ساز بکەن. بەڵام تەنیا بەو مەرجەی کە لە سەرەتاوە ڕەخنەگرانە هۆشیارییەک لەسەر ئەو هۆکارانە دروست بکەن کە ئەوانی لا تەریک خستووە. زۆربەی ژنانی سپی چارەسەرێکی ڕزگاریخوازانەیان لەناو بزووتنەوەی ژنان بۆ دووڕێیانە کەسییەکان60 دۆزیوەتەوە. دیارە ئەو ژنانەی کە بزووتنەوەی فێمێنیستی لە بەرژەوەندییاندایە کەمتر حەز دەکەن ڕەخنەی لێ بگرن. بەپێچەوانەوە ئەو ژنانەی کە وادەزانن ئەم بزووتنەوەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ژیانی خۆیان و زۆربەی ژنانی تری ناو کۆمەڵگا نییە، زۆتر گەرەکیانە پێکهاتەی بیری فێمێنیستی بخەنە بەر تاقیکردنەوەیەکی هەمەلایەنە.
بە هەمان شێوە، وێدەچێ ئەو ژنانەی کە سپی نین، بەڵام هەست دەکەن لەناو بزووتنەوەی فێمێنیستی دانیان پێدا نراوە (تەنانەت کاتێک کە گرووپێکی سەربەخۆش ساز دەکەن)، پێناسەی خۆیانیان لە هێڵی حیزبی، چ لەسەر کێشەی فێمێنیسمی ڕەش و چ لەسەر کێشەکانی تر، پێ تەنیا گوتاری ڕەوا بێت. وەکو زۆرێک لە ژنانی سپی، لەجیاتی هاندان بۆ فرەدەنگی و پەرەپێدان بە ڕوانگەی ڕەخنەگرانە و دژبەیەک، هەوڵ دەدەن ئەو ناکۆکییانە کپ بکەن و دایانمرکێنن. وەک نووسەران و چالاکانی بەناوبانگی ئەو بوارانە، جۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن وەک بڵێی ئەوان لە هەمووان لێهاتووترن بۆ ئەوەی بڕیار بدەن کە ئایا دەبێ دەنگی ژنانی تر ببیسترێ یان نا. سوزان گریفین61 لە بابەتێکدا بە نێوی “ڕێگای هەموو بیردۆزێک62 ”، دژ بەو مەیلە بۆ چەقبەستوویی هوشیاری دەدات:
کاتێک تیۆرییەک دەبێتە ئایدیۆلۆژی(بیردۆز)، دەست بە لەناوبردنی خۆ63 و زانستی خۆ64 دەکات. لەگەڵ ئەوەی کە لە هەستەوە سەرچاوەی گرتووە، وا خۆی دەنوێنێ کە لە سەرووی هەستەوەیە. بەم شێوەیە ئەزموونی مرۆیی بە نیسبەت لەگەڵ خۆی ڕێک دەخات. هەر بە حوکمی ئەو خۆبوونە، زانیاریشی هەیە. ئایدۆلۆژیا دەبێتە پێوەری ڕاستی. کەس ناتوانێ شتێکی نوێ بە ئایدۆلۆژیا زیاد بکات. ئەزموونەکان چی دی ئاگای ناکەنەوە، ڕایناچڵەکێنن و گۆڕانکاری بەسەردا ناهێنن. بە هەر وردەکارییەک کە لەگەڵ ڕێبازی ئەو نەگونجێ وەڕەزە. ئەگەرچی وەک هاوارێک دژ بە نکۆڵیی ڕاستییەکان دەست پێ دەکات، ئێستاکە بۆخۆی حاشا لە هەر ڕاستییەک دەکات کە لە چوارچێوەی ئەودا نەگونجێ. ئەگەرچی لە سەرەتاوە خۆی وەک ڕێگایێک بۆ گەڕاندنەوەی هەستی واقعییەت بۆ مرۆڤەکان پيشان دەدات، کەچی ئێستاکە هەوڵ دەدا مرۆڤە ڕاستەقینەکان بێنێتە سەر ڕێ، کە هەبوونە سروشتییەکان بە پێی پێوەری خۆی وێنا بکاتەوە. هەر شتێک کە لە عۆدەی شیکردنەوەی نەیێت، وەک دوژمن پێناسەی دەکات. ئەگەرچی وەک تیۆریی سەربەستی دێتە گۆڕەپانەوە، لە لایەن تیۆرییە نوێیەکانی سەربەستییەوە هەست بە مەترسی دەکات و بەندیخانەیەک بۆ زەین ساز دەکات.
ئێمە بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە تیۆریی فێمێنیستی لە حاڵی دروستبووندایە و دەبێ ڕەخنەی لێ بگرین، بیبەینە ژێر پرسیار، دووبارە ئەزموونی بکەینەوە و بۆ دەرفەتە نوێیەکان بگەڕێین، لە بەرانبەر زاڵبوونی هەژمۆنیکی بیری فێمێنیستی ڕادەوەستین. ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی من لەژێر کاریگەریی پێگەی کۆمەڵایەتیم وەک ئەندامی گرووپێکی ستەملێکراو، ئەزموونی هەڵاواردەبوون و چەوساندنەوەی ڕەگەزی و لاوازیی شرۆڤەی فێمێنیستیی باو بۆ داڕشتنی هۆشیاریی فێمێنیستی دروست بووە. ئەوە سەبارەت بە زۆرێک لە ژنان ڕاستە. ژنانێکی سپی هەن کە هەرگیز بەرهەڵستی زاڵبوونی پیاوانە نەدەبوونەوە تا ئەوکاتەی کە بزووتنەوەی فێمێنیستی ئەو هۆشیارییەی ساز کرد کە ئەوان دەتوانن و دەشبێ ئەو کارە بکەن. بەڵام هۆشیاریی من دەربارەی خەباتی فێمێنیستی لەژێر کاریگەریی دۆخی کۆمەڵایەتیم ساز بوو.
گەورەبوون لە خێزانێکی کرێکار، باوکسالاری، ڕەش لە ویلایەتێکی باشووری ئەمریکا، منی لە جۆرە جیاوازەکانی ستەمی پیاوسالاری ئاگادار کردەوە (بە هەمان شێوە دایکم و خوشکەکانم و براکەشم بەر ئەم ستەمە کەوتن) و ئەوە هەموومانی تووڕە کرد. تووڕەیی بوو بە هۆکاری ئەوەی کە زاڵبوونی پیاوانە ببەمە ژێر پرسیار و ئەو توانایییەی پێ بەخشیم لە بەرانبەر بەکۆمەڵایەتیبوونی سێکسیستی65 ڕابوەستمەوە. فێمێنیستە سپییەکان زۆر جاران وا هەڵسوکەوت دەکەن دەڵێی تا پێش ئەوەی ئەوان باسی ڕوانگەی فێمێنیستییان نەکردبوو، ژنانی ڕەش نەیاندەزانی ستەمی سێکسیستی چییە. فێمێنیستە سپییەکان پێیان وایە ئەوان شرۆڤە و پلانی ڕزگاری دەدەن بە ژنانی ڕەش. ئەوان لەمە ناگەن و تەنانەت ناتوانن بیریشی لێ بکەنەوە کە ژنانی ڕەش و گرووپەکانی تری ژنان کە بە دایمە لە دۆخێکی سەرکوتکراودا ژیاون، لە ئەزموونی ژیانی خۆیان هۆشیارییەک لەمەڕ سیاسەتی نێرسالارانە بەدەست دەهێنن. بەهەمان شێوە پەرە بە ڕێگاگەڵێکیش دەدەن بۆ بەرخۆدان ( تەنانەت ئەگە بە شێوازێکی ڕێکخراوەیی و بەردەوامیش خۆڕاگری نەکەن).
ئەو ژنە ڕەشانە دەیاندی کە فێمێنیستە سپییەکان بە جۆرێک جەخت دەکەنە سەر ستەمکاریی پیاوانە و ژێرچەپۆکەبوونی ژنان وەک ئەوەی ئیلهامێکی نوێیان پێ کرابێ. کەچی ئەوەی ڕاستی بێ ئەم تەرکیزە کاریگەرییەکی زۆر بچووکی لەسەر ژیانی ئەو ژنانە بوو کە سپی نەبوون. بۆ ئەو ژنانە، ئەمە تەنیا نیشانەیێکی دیکەی خاوەن ئیمتیازبوونی ژنانی سپی سەر بە چینی مامناوەند و سەرێی کۆمەڵگایە کە بۆ ئەوەی ئاگادار ببنەوە ستەمیان لێکراوە، پێویستییان بە تیۆرییەکە. واتاکەی ئەوەیە، ئەو کەسانەی بەڕاستی ستەمیان لێ دەکرێت، دەزانن چییان بەسەر دێت، هەرچەندە ڕەنگە بە ڕێکخراوەیی بەرخۆدان نەکەن یان نەتوانن سروشتی ستەمەکەیان لە فۆڕمی نووسیندا شرۆڤە بکەن.
ئەم ژنە ڕەشانە هیچ شتێکی ڕزگاریخوازانەیان لە شیکارییەکانی ڕەهەندی حیزبی سەبارەت بە چەوساندنەوەی ژنان نەدەبینی.
ئەو ڕاستییە کە ژنانی ڕەش کاری ڕێکخراوەیییان بۆ باسی فێمینیزم نەکردوە و هەروەها ئەوەی کە ئێمە دەستڕاگەیشتنمان بە دەزگای دەسەڵات وا نەبووە کە یاریدەمان بدات، شرۆڤەکانمان دەربارەی جێندێر لەگەڵ جەماوەی گشتیدا هاوبەش بکەین، ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە لە ژیانماندا کێشەی لەم جۆرە هەبووە. یا خود بمانخاتە پێگەیێکی وابەستە بە ژنانی سپی و غەیری سپیی فێمێنیستەوە کە بەردەنگێکی زۆرتریان هەبووە. تێگەیشتنێک کە من لە تەمەنی سیانزدە ساڵان لە سیاسەتی باوک/پیاوسالارانە هەمبوو، جۆرە چاوەڕوانییەکی لە مندا سەبارەت بە بزووتنەوەی فێمێنیستی دروست کرد کە بەتەواوی لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ژنانی گەنجی سەر بە چینی مامناوەند و سپی جیاواز بوو. کاتێک بۆ هەوەڵ جار لە سەرەتای حەفتاکاندا لە زانکۆی ستەنفۆرد چوومە پۆلی لێکۆڵینەوەی ژنان، ژنانی سپی لە خۆشیی ئەوەی پێکەوە بوون، شاگەشکە بوون. لایان ڕووداوێکی گرنگ و مێژوویی بوو. بەڵام من ژیانێکم پێ شک نەدەهات کە تێیدا ژنان پێکەوە نەبن، یارمەتیی یەکتر نەدەن، ئاگایان لە یەک نەبێ و لە قووڵاییی دڵیانڕا یێکیان خۆش نەوێت.
هەروەها ئەو ژنە سپییانەشم نەدەناسی کە نکۆڵی لە کاریگەریی نەژادی و چینی کۆمەڵایەتی لەسەر پێگە و هۆشیارییان ( ژنانی سپیی باشوور بە بەراورد لەگەڵ ژنانی سپیی شوێنەکانی تری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوانگەیێکی واقعبینانەنەتریان لەسەر نەژادپەرەستی و چینگەرایی هەیە) بکەن. من هەستم بە هاوسۆزی لەگەڵ ئەو هاوتەمەنە سپییانەم نەدەکرد کە پێیان وابوو ناتوانم چاوەڕێی ئەوە بکەم کە ئەوان زانیاری و تێگەیشتنیان لە ئەزموونی ژیانی ژنانی ڕەش ببێت. سەرەڕای پێشینەی ژیانی خۆم لە کۆمەڵگایێک کە لە ڕووی نەژادییەوە جیا کرابووەوە66(سپی و ڕەشەکان شوێنی ژیان و فەزای گشتییان جیاواز بوو) , زانیاریم لەبارەی ژیانی ژنانی سپییەوە هەبوو. وە ئەمەش لە حاڵێکدا بوو هیچ ژنێکی سپی لە گەڕەکەکەماندا نەژیا بوو، هاتوچۆی قوتابخانەکانمانیان نەدەکرد و لە ماڵەکانیشماندا کاریان نەدەکرد.
کاتێک لە گرووپە فێمێنیستییەکاندا بەشدار دەبووم، هەستم بەوە دەکرد کە ژنانی سپی بە بەزەیییەوە لەگەڵ من و بەشداربووە غەیری سپییەکانی تر هەڵسوکەوتیان دەکرد. ئەو ڕوانگە بە بەزەیییەی کە لە حەنا ژنانی ڕەش هەیانبوو، یەکێک لەو ڕێگایانە بوو کە تێمانگەیێنن بزووتنەوەی ژنان هی ئەوانە، کە ئێمە دەمانتوانی بەشدار بین، چون ئەوان ڕێگەیان پێ دەداین و تەنانەت هانیشیان دەداین. پاشی هەموو ئەوانە، پێویست بوو ئێمە بە بوونی خۆمان لەو کۆڕانە ئەم پرۆسەیە ڕەوا بکەین. ئێمەیان پێ لە ئاستی خۆیاندا نەبوو و یەکسان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەدەکردین. ئەگەرچی چاوەڕوانییان لە ئێمە هەبوو کە ئەزموونێکی دەستە ئەوەڵیان لە ڕەشبوون بخەینە بەردەست، بەڵام هەستیان دەکرد ئەوان دەشێ بڕیار لەسەر ڕەسەنایەتیی ئەو ئەزموونانە بدەن. زۆر جاران، ژنانی ڕەش لە کۆلێژەکان ( تەنانەت ئەوانەی کە سەر بە چینی کرێکار و هەژار بوون) وەک کەسانێکی لاساییکەرەوە دەبینران و دوور دەخرانەوە. بەشداریمان لە چالاکییەکاندا نەدەهاتە هەژمار، چون ژنانی سپی وا تێگەیشتبوون کە ڕەشبوونی ڕاستەقینە یانی قسەکردن بە زاراوەی پەتوا67، نەخوێندەواربوون، گەورەبوون لە کۆڵان و کۆمەڵێک کلیشەی لەم جۆرە.
ئەگەر بە خۆمان پەرمیاباین و ڕەخنەمان لە بزووتنەوەکە گرتبا یا خود بەرپرسیارییەتییەکمان لەمەڕ داڕشتنەوەی هزری فێمێنیستی و ناساندنی بیرێکی نوێ لە ئەستۆ گرتبا، ئەوە دەنگمان کپ دەکرا. تەنیا کاتێک دەنگمان دەبیسترا کە وتەکانمان دەنگدانەوەی هزریی گوتاری سەردەست بووایە. زۆر بەدەگمەن سەبارەت بە هەوڵی فێمێنیستە سپییەکان بۆ بێدەنگ کردنی ژنانی ڕەش بەرهەمێک نووسراوە. زۆربەی ئەو هەوڵانە لە ژووری کۆنفرانسەکان، پۆلەکان، یا لە دانیشتنێکی تایبەتی بوون کە ژنێکی ڕەش بەرەوڕووی نەژادپەرەستیی تۆخی گرووپێک لە ژنانی سپی دەبووەوە.
هەر لەو کاتەوە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان دەستی پێکرد، ژنانی ڕەش تاقولۆقە بەشدارییان لەو گرووپانەدا دەکرد. بەڵام زۆربەیان لە جارێک زۆرتر بەشداریان نەدەکردەوە. ئانیتا کۆرنواڵ68 لە بابەتی “ یادداشتگەلێک لەلایەن فێمێنیستێکی ڕەشی گەی69” بەجوانی ئەو خاڵە دەپێکێ و دەڵێت “ … زۆر بەداخەوە، وێدەچێ ترس لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەژادپەرەستی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بێ کە زۆربەی ژنانی ڕەش70 حەز ناکەن پەیوەستی بزووتنەوەی ژنان بن”. تەرکیزی ئەم دوایییانە لەسەر نەژادپەرەستی گۆتارێکی پێک هێناوە، بەڵام کاریگەریێکی زۆر بچووکی بووە لەسەر هەڵس و کەوتی ژنانی سپی لەگەڵ ژنانی ڕەش. زۆربەی کاتەکان ژنانی سپی کە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی وتارەکانیانن لەسەر “لەبیرخۆبردنەوەی نەژادپەرەستی71 ” لە سەرەوە دەڕوانن بۆ ژنانی ڕەش و بە بەزەیییەوە لەگەڵیان دەجووڵێنەوە.
ئەمەش شتێکی سەیر نییە چون زۆرجار ئاراستەی گوتارەکانیان تەنیا بۆ بەردەنگی سپییە و سەرنجیان لەسەر گۆڕینی هەڵوێستە ڕەواڵەتییەکانە نەک نەژادپەرەستی لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و سیاسیدا. ئێمە دەکەن بە ئۆبژەی گوتاری زاڵ لەسەر نەژاد. ئێمەش وەک ئۆبژە، ژێردەستە و نابەرابەر دەمێنینەوە. تەنانەت ئەگەر بەجیدی کەڵکەڵەی نەژادپەرەستییان ببێت، مێتۆدۆلۆژییان وا دەگەیێنێت کە هێشتاش نەیانتوانیوە خۆیان لەژێر کاریگەریی ڕوانینی لە سەرەوە و بیردۆزی سەروەریی سپییەکان قوتار بکەن. هەندێک لەو ژنانە خۆیان لە پێگەی ئەو دەسەڵاتدارانەدا دەبینن کە دەبێ لەنێوان ژنانی سپیی نەژادپەرەست (کە پێیان وایە بە شێوەیێکی سروشتی نەژادپەرەستییان لە خۆیاندا چارەسەر کردووە) و ژنانی ڕەشی قەڵس کە وادەزانن توانای گوتارێکی عەقڵانییان نییە، ناوبژی بکەن. بەڵێ بەدڵنیایییەوە ئەگەر لەسەر ئەوە بن کە پێگەی دەسەڵاتداریی خۆیان ڕابگرن، نەژادپەرەستی، چینایەتی و نوخبەگەرایی وەک خۆی دەمێنێتەوە.
لە ساڵی ١٩٨١ ، لە پۆلێکی تیۆریی فێمێنیستی ناوم نووسی. لە کۆی ئەو بابەتانەی کە دەمانخوێندەوە، نووسراوەی ژنان و پیاوانی سپی و یەک پیاوی ڕەشی تێدا بوو، بەڵام هیچ کامێک لە بابەتەکان نووسراوەی ژنانی ڕەش، ئەمریکایییە خۆجێییەکان، هیسپانیکەکان و ئاسیایییەکان نەبوون و سەبارەت بە وانیش وانەیێک بۆ خوێندنەوە بەدی نەدەکرا. کاتێک من ڕەخنەم لەو ڕەوتە گرت، ژنانی سپی وەها بەڕوومدا هاتنەوە کە ئیتر زۆر بۆم ئەستەم بوو بەشداریی ئەو پۆلە بکەمەوە. کاتێکیش دەنگم هەڵبڕی کە مەبەستی ئەو تووڕەیییە لەحاست قسەکەی من ساز کردنی جەوێکە کە لە ڕووی دەروونییەوە بەرگەی قسەکردن و بەشداری نەگرم، بەسانایی حاشایان لێ کرد و گوتیان کە تووڕە نەبوون؛ بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوە من بووم کە قەڵس بووم. دوای چەن حەفتە کە کلاسەکە کۆتایی پێ هات نامەیێکم لە خوێندکارێکی سپی بەدەست گەیشت کە دانی بە تووڕەیییەکەی دانابوو و لەو شاڵاوەی بۆی هێنابووم، پەشیمان بوو. ئاوای بۆ نووسیبووم:
تۆم نەدەناسی، تۆ ڕەش بوویت. پاش ماوەیێک لە پۆلەکە سەرنجم دا دیتم من وڵامی هەر شتێک کە تۆ بیڵێی دەیدەمەوە. وە زۆربەی جارەکانیش ئەوەم تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵت دەکرد. تەنانەت جاری وابوو بەڵگەهێنانەوەکەم هەر سەبارەت بە نەژادپەرەستی نەبوو. بەڵام وا بیر دەکەمەوە کە لۆجیکی شاراوە ئەوە بوو کە ئەگەر بۆ یەک شت بیسەلمێنم تۆ هەڵەیت ، ئەوە قەت بۆ هیچ شتێکی دیکە حەق بە تۆ نابێت.
لە بەشێکی دیکەی دەقەکەدا دەڵێت:
ڕۆژێک لە پۆلەکەماندا گوتم هەندێک کەس کەمتر کەوتوونەتە داوی جیهانبینیی ئەفلاتوونەوە72. کوتم پێم وایە ئێمە دوای پازدە ساڵ پەروەردە لەژێر کاریگەریی چینی باڵادەست ڕەنگە زۆرتر لە کەسانی دیکە کە ژیانیان تا ئەو ڕادە لە شەیتانەوە73 نزیک نەبووە، وەدوا کەوتبێتین. هاوپۆلەکەم کە زەمانێک هاوڕێ و خوشک و هاوکارم بوو، لەو کاتەوە قسەم لەگەڵ ناکات. پێم وایە هێنانە بەرباسی ئەوەی کە ڕەنگە ئێمە باشترین وتەبێژ بۆ هەموو ژنان نەبین، ترسێکی خستە گیانی سەبارەت بە بڕوانامەی دوکتۆراکەی و هەستی شاییبەخۆبوونی.
زۆربەی جاران کاتێک فێمێنیستە سپییەکان بەتووڕەیییەوە هێرش دەکەنە سەر ژنێکی ڕەش، خۆیان بە قوربانی دەزانن. لە گەرمەی گفتوگۆ لەگەڵ خانمە خوێندکارێکی سپی لە گرووپێکی تێکەڵی نەژادی کە من ڕێکم خستبوو، پێی گوتم کە بیستوویەتی من چۆن خەڵکم لە پۆلی تیۆریی فێمێنیستی تەفروتونا کردووە و ئەویش ترساوە کە تووشی هەمان چارەنووس بێت. پێم گوت زۆر زەحمەتە کە من بەسەر ئەواندا زاڵ بووبێتم، چون لەوێ تەنیا کەسێک بووم ڕووی قسەم لە کۆمەڵێک بەشداربووی تووڕە و دڕ بوو. ئەوە من بووم کە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە پۆلەکەم جێ هێشت نەک هیچ یەک لەوانەی کە گوایە من ئەوانم تەفروتونا کردووە.
ئەم کلیشە نەژادپەرستانەیەی کە ژنانی ڕەش بەهێز و سەروو مرۆڤن74, ئەفسانەیێکی کارایە لە مێشکی زۆربەی ژنانی سپی کە ڕێگایان بۆ خۆش دەکا چاو داپۆشن لەوەی کە ژنانی ڕەش لەو کۆمەڵگایەدا تا چ ئاستێک دەکرێ قوربانی بن و هەروەها ڕۆڵی خۆیان لە بەردەوامیی ئەو قوربانیبوونە پشتگوێ بخەن. لیلیان هێڵمان75 لە ژیاننامەکەی76 دا دەنووسێت :
هەموو ژیانم هەر کە لەدایک بووم، ژنانی ڕەش دەستووریان پێ داوم، هەم دەمویستن هەم لێشیان دڵگیر دەبووم. ئەو چەند جارەش کە لە قسەیان دەرچووم، سەرم لێشێوا بوو.
هێڵمەن مەبەستی لەو ژنە ڕەشانەیە کە خزمەتکاریان بوون و قەت لە پێگەیێکی وەک یەکدا نەبوون. تەنانەت وەک منداڵیش ئەو کاتانەی بردراوەتە ژێر پرسیار، نسحەت یا ڕێنماییش کراوە، پێگەیێکی باڵادەستی هەبووە. ئەگەر دەستوورێکیشیان دابێت بەهۆیەوە بووە کەسایەتییەکی بە دەسەڵاتی سپی لە خێزانەکەدا ڕێی پێ دەدان. هێڵمان لە جیات ئەوەی دان بە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ژنە ڕەشانەدا بنێت، ئەوان وەک خاوەن دەسەڵات پێناسە دەکات و تارمایی دەخاتە سەر سروشتی ئەو دەسەڵاتە لە پەیوەندییەکەیاندا. ژنانی سپی بە گوتنی ئەوەی کە ژنانی ڕەش خاوەن دەسەڵات و هێزێکی ئەفسانەیین، هەم خۆیان وەک قوربانییەکی بێدەسەڵات وێنا دەکەن و هەم سەرنج لەسەر تووڕەیی، دەسەڵات و خولیایان بۆ زاڵبوون بەسەر کەسانی تردا لا دەبەن (ئەگەرچی ئەم بابەتانە لە دۆخێک کە پیاوان و سپییەکان سەردەستە بن، سنووردار دەبێتەوە). ئەم لایەنە دانپێدانەنراوانەی پێگەی کۆمەڵایەتیی زۆربەی ژنانی سپی ڕێگا لە تێپەڕاندنی نەژادپەرەستی دەگرێت و تێگەیشتنیان لە پێگەی گشتیی ژنان لە ئەمریکا سنووردار دەکات.
فێمێنیستە خاوەن ئیمتیازەکان تا ڕادەیێکی زۆر لە قسەکردن بۆ گرووپە جیاوازەکانی ژنان، دووان لەگەڵیان و نوێنەرایەتییان سەرکەوتوو نەبوون. چون یا بەتەواوی لە پەیوەندیی نێوان ستەمی نەژادی، سێکسیستی و چینایەتی نەگەیشتوون یا ئەو تێکهەڵکێشە بە هێند ناگرن. شرۆڤە فێمێنیستییەکان بە هەڵاواردنی لایەنەکانی تر تەنیا جەخت دەکەنە سەر جێندەر و بناغەیێکی قایم بۆ سازکردنی تیۆریی فێمێنیستی ڕۆ نانێن. لایەنگری لە عەقڵییەتی باوک/پیاوسالاری ڕۆژاوایی تێیاندا ڕەنگ دەداتەوە و بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە جێندەر تەنیا دیاریکەری چارەنووسی ژنانە، تارمایی دەخەنە سەر واقعی دۆخی ژنان. بە دڵنیایییەوە بۆ ئەو ژنانەی ستەمی چینایەتی و نەژادی ناچێژن وا هاسانترە تەنیا تەرکیزیان لەسەر جێندەر بێت. ئەگەرچی فێمێنیستە سۆسیالیستەکان جەخت دەکەنە سەر چینی کۆمەڵایەتی و جێندەر، باسێک لە نەژاد ناهێننە گۆڕێ. تەنانەت ئەگەر بە نابەدڵی ئاماژە بە گرینگبوونی نەژاد بکەن، لە ئاکامدا لە تاوتوێکانیاندا ڕەنگ ناداتەوە.
ژنانی ڕەش گرووپێکن لەو کۆمەڵگایەدا کە لە پێگەیێکی زۆر نائاساییدان. چون ئێمە نەتەنیا بە گشتی لە پلەی خوارەوەی کار و کەسابەتداین، بەڵکو لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتیشەوە لە هەموو گرووپەکانی تر خوارترین. لە پێگەیێکی وەهادا ئێمە بەرگەی ئازاری ستەمی نەژادی، چینایەتی و سێکسیستی گرتووە. لە هەمان کاتدا ئێمە گرووپێکین کە ڕانەهاتووین بە چەوساندنەوە و زوڵم و ڕێگەمان پێ نەدراوە بەدامەزراوەیی ئەویتری خۆمان بکەینە ژێردەستە. ( منداڵانیش ئەویتری بەدامەزراوەیی77 کراو نین. ئەگەر تەنانەت لە لایەن دایک و باوکیشیانەوە بچەوسێنەوە). ژنانی سپی و پیاوانی ڕەش دەکرێ هەم زوڵمیان لێ بکرێت و هەم زوڵمیش بکەن. پیاوانی ڕەش ڕەنگە قوربانیی نەژادپەرەستی بن، بەڵام سێکسیسزم لایان بۆ شل دەکا ببنە چەوسێنەری ژنان. ژنانی سپیش ڕەنگە قوربانیی سێکسیسزم بن، بەڵام نەژادپەرەستی ڕێگەیان پێ دەدا کە زوڵم لە خەڵکی ڕەش بکەن. هەردووکی ئەو گرووپانە سەرکردایەتیی بزووتنەوەیێکی ئازادیخوازانە دەکەن کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بێت و هاوکات پاڵپشتی درێژەدان بەو زوڵمەش دەبن کە بەرانبەر بە گرووپەکانی تر دەکرێ. سێکسیسزمی پیاوانی ڕەش خەباتی بۆ بنبڕکردنی نەژادپەرەستی لاواز کردووە. بە هەمان شێوە نەژادپەرەستیی ژنانی سپی خەباتی فێمێنیستی لاواز کردووە. تا ئەوکاتەی ئەو دوو گرووپە یا هەر دەستەیەکی دیکە، ئازادی بە واتای یەکسانیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوانی سپی سەر بە چینی باڵادەست دادەنێن، ئەوە بەرژەوەندیی تایبەتیان لە درێژەپێدان بە چەوساندنەوەی کەسانی تردا هەیە.
ژنانی ڕەش بەبێ هیچ ئەویترێکی بەدامەزراوەییکراو کە هەڵیانباوێرن و ستەمیان لێ بکەن, زۆر جار ئەزموونگەلێکیان لە ژیانیاندا هەیە کە ڕاستەوخۆ بەرەنگاری پێکهاتە کۆمەڵایەتییە چەوسێنەرەکان و بیردۆزە هاوتەریبەکانیشی دەبنەوە. ئەو ئەزموونەی ژیانی ژنانی ڕەش ڕەنگە بتوانێ هۆشیاریی ئێمە بەرەو ئاقارێک بگۆڕێ کە نێرینمان لەو کەسانەی کە جۆرێک لە بەرتەرییان هەیە، جیاواز بکات (بەڵام لە هەر حاڵدا خزمایەتییەکیان لەناو سیستەمی هەنووکەییدا ببێت). زۆر پێویستە کە ژنانی ڕەش بۆ درێژەپێدان بە خەباتی فێمێنیستی ئەو ڕوانگە تایبەتەی کە ژیان لە پەراوێز78 پێی داون، بەفەرمی بناسن. ئەوان پێویستە لەو دەلاقەیەوە ڕەخنە لە هەژمۆنیی سێکسیزم، چینگەرایانە و نەژادپەرەستانە بگرن و هەروەها دژەهەژمۆنی٧٩ وێنا بکرێن. من باوەڕم وایە ئێمە ڕۆڵێکی ناوەندیمان لە سازبوونی تیۆریی فێمێنیستی هەیە و دەتوانین ڕوانگەیێکی بەنرخ و تایبەت پێشکەش بکەین. داڕشتنی تیۆری و کرداری فێمێنیستیی ڕزگاریخوازانە، ئەرکێکی بەکۆمەڵە کە دەبێ دابەش بکرێت. من زۆرجار ڕەخنەی توند لە لایەنەکانی ئەو بزووتنەوە فێمێنیستییەی کە تا ئێستا دەیناسین دەگرم، بەڵام ئەوە بۆ کەم بایەخکردنی خەباتی فێمێنیستی نییە، بەڵکو بۆ بەپێزکردن و بەشداربوونە لە سازکردنی بیردۆز و بزووتنەوەیێکی ڕزگاریخوازانە.
سەرچاوەی سەرەکی وتار بە زمانی ئینگلیسی:
*Hooks, Bell (1984) Feminist Theory from margin to center. Chapter 1: Black Women: Shaping Feminist Theory. United states: South End Press.
پەراوێزەکان
- Betty Friedan
- The Feminine Mystique
- The problem that has on name
- Housewife
- Classism
- Racism
- Sexism
- Work force
- نۆرا کاراکتێری سەرەکی نمایشنامەی «ماڵی بووکەڵەیی» لە دەرهێنانی هێنریک ئیبسێنە کە لە ژێر زەختی پیاوسالاری و ژیانی هاوسەرگیری و لە ماڵەوە دا قەتیس کراوە.
- Nora
- Case study
- narcissism
- self-indulgence
- Progressive Dehumanization
- Bias
- Whit Supremacy
- Hierarchy
- Rita Mae Brown
- The Last Straw
- Leah Fritz
- Dreamers and Dealers
- Expression
- Benjamin Barber
- All women are oppressed
- System of domination
- Oppression
- choice
- Exploitation
- Discrimination
- Christine Delphy
- For a Materialist Feminism
- Ruling Ideology
- Exterior Reality
- Common Oppression
- Conservative
- Unity
- empathy
- Solidarity
- Organize around your own oppression
- Liberation Now
- Women’s liberation: Blueprint for the Future
- Class and Feminism
- Radical Feminism
- Sisterhood is Powerful
- Sookie Stambler
- Antoinette Fouque
- Social contradictions
- Phallocentrism
- Carol Ehrlich
- The Unhappy Marriage if Feminism and Marxism: Can It Be Saved?
- Zillah Eisenstein
- The Radical Future if Liberal Feminism
- Liberal Individualism
- Individuality
- Competitive
- Atomistic
- Party line
- Discourse
- Praxis
- Personal dilemma
- Susan Griffin
- The Way of All Ideology
- self
- self-knowledge
- Sexist Socialization
- Segregated Communities
- Patois
- Anita Cornwal
- Three for the price of one: Notes from a Gay Black Feminist
- Womyn
- Unlearning Racism
- Plato
- Monster
- Superhuman
- Lillian Hellman
- Pentimento
- Institutionalized other
- Marginality
- Counter-hegemony