کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
پەرویز شێخی
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار دەخەنە سەر ئەوەی کە سەرکردایەتییەکان بێنە ناو قەرەباڵغی و وردەکاریی هەنگاوەکانیان ببیستن، داوایەک دەخەنە ڕوو کە لە ڕواڵەتدا مافە، بەڵام لە بنەڕەتدا کونکردنی دیواری پاراستنی نەتەوەی بێدەوڵەتی کوردە. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بەگشتی کاتێک سیاسەت بگاتە گوێی خەڵک، ئیتر نێوی سیاسەت نییە و دەبێتە گوتارێکی بازاڕی.
ئەم مەترسییە ڕێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگاتە لوتکە. حیزبی ڕۆژهەڵاتی کە لە نێوان ئاڵۆزیی ناوچەکە و چاوی بێڕەحمی نەیاراندایە، نابێت سیاسەت بکاتە چیرۆک، بەڵکوو دەبێت لە پشت پەردەی نەگوتراوەکانەوە بڕیار بدات. کاتێک کادری باڵای سیاسیی ئەم حیزبانە لە ژێر گوشاری کاتیی شەقامدا، پەنا دەبەنە بەر گێڕانەوەی وردەکارییەکان، لە ڕاستیدا خەریکی داماڵینی هێزی کوردن لەبەردەم چاوی بێبەزەیی دەزگا جەهەنەمییەکان و نەخشەداڕێژەرانی دژەکورددا.
ئەم هەوڵە بۆ ئاشکراکردنی ڕەها، وەک ئەوە وایە مرۆڤ ئەندامە ناوەکی و نهێنییەکانی جەستەی خۆی ئاشکرا بکات. چۆن جەستەی مرۆڤ بەبێ پاراستنی ئەندامە ناوەکییەکانی بەرگەی بچووکترین ڤایرۆسی دەرەکی ناگرێت، سیاسەتیش بەبێ بوونی دیوێکی پارێزراو و دوور لە چاوی بیانی، لەبەردەم تاقیگەی بێبەزەیی دوژمندا هەرەس دەهێنێت و دەبێتە نێچیرێکی ئاسان.
سیاسەت لە ڕەسەنایەتیی خۆیدا، لەناو تەریکیی ژوورە داخراوەکاندا مانا وەردەگرێت؛ ئەو شوێنەی بڕیار وەک کردەیەکی ڕەها و دوور لە چاوی تینووی جەماوەر چەکەرە دەکات. لەوێدا، سیاسەت هێشتا نەبووەتە دەق و نەکەوتووەتە ژێر باری شڕۆڤەی بازاڕ. بەڵام کاتێک ئەم ئیرادەیە ڕادەکێشرێتە بەردەم مایکەکان، سیاسی لە ئەندازیاری مێژووەوە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەری شانۆ. مایک، سیاسەت لە ستراتیژەوە دادەماڵێت و دەیکاتە چیرۆکێکی پۆپۆلیستی بۆ ڕازیکردنی کاتیی شەقام. ئەم گواستنەوەیە لە بێدەنگیی بڕیارەوە بۆ ژاوەژاوی گوتار، جۆرێکە لە خۆکوشتنی هێماین؛ چونکە هێز لەو چرکەساتەدا کۆتایی دێت کە دەبێتە بابەتێکی بینراو و هەراجکراو.
ئەگەر وەکوو دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو بڵێین سیاسەت هونەری مومکینە، دەبێت بپرسین: ئەم مومکینبوونە لە کوێدا چەکەرە دەکات؟ لای ئەو، مومکینبوون بەرهەمی عەقڵێکی ستراتیژییە کە دەزانێت کات و نهێنی دوو ڕەهەندی دانەبڕاوی هێزن. ئەم چەمکە لای تۆی سیاسی بەو مانایەیە کە بزانیت لە ناو ئەم هەموو بەربەست و قەیرانانەدا، چی بۆ وەپێشبردنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد مومکین دەبێت و چۆن ئەو دەرفەتە بچووکانە دەقۆزیتەوە بۆ گۆڕینی واقیع. ئەم تێگەیشتنەی دکتۆر قاسملوو بۆ سیاسەت وەک هونەر، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بکەری سیاسی نابێت تەسلیمی واقیع بێت، بەڵکو دەبێت لە ناو نامومکینەکاندا، ڕێگەیەک بۆ “مومکین”بوون بدۆزێتەوە. بەڵام کێشە کۆمەڵناسییەکە لێرەدا دەست پێ دەکات؛ کۆمەڵگەیەک کە لە ژێر گوشاری بێدەوڵەتیدا تووشی شێواوی بووە، “مومکین” تەنیا لەوەدا دەبینێت کە بیبیستێت و بیبینێت.
ڕێک لێرەدایە کە ڕووبەڕووی جۆرێک لە تیرۆری شەفافیەت دەبینەوە؛ چونکە لە دەربیجەی سیاسیی ئێمەدا، جەماوەر وا ڕاهێنراوە کە نادیاربوونی بڕیار وەک بێدەسەڵاتی یاخود ناپاکی ببینێت، لە کاتێکدا لە زانستی کۆمەڵناسیدا، هێزی هەر بزووتنەوەیەک لەو بۆشاییەدایە کە دوژمن نەتوانێت بیخوێنێتەوە. پاراستنی نەگوتراوەکان لێرەدا، تەنیا تاکتیکێکی ئەمنی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی شکۆیە بۆ سیاسەت وەک بکەرێکی مێژوویی. ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکی بکەرە، نەک تەنیا بگێڕێتەوە؛ چونکە مێژوو بەو چیرۆکانە ناگۆڕدرێت کە لە بازاڕدا دەگوترێنەوە، بەڵکوو بەو مومکینانە دەگۆڕدرێت کە لە بێدەنگییەکی پڕ لە مەعریفەدا دەبنە واقیع.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٠١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
شێخی، پەرویز(٢٠٢٦):کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران
وتار لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ خەرمانانی ٢٧٢٤ی کوردی DOI [...]
ئاڵۆزییە نەناسراوەکانی کۆچبەری
حەسەن قارەمانی، ماستەری باڵای ئابووری نەتەوەیی پێشەکی کۆچبەران هێزێکی دینامیکی و وزەبەخشن کە نەک تەنها سنوورە جوگرافییەکان دەبڕن، بەڵکوو مۆزائیکێکی دەوڵەمەندی کولتوور و نەریت و بەهرە لەگەڵ خۆیان دەهێنن. هاتنی ئەوان نەک [...]
ئایا خانەقای شێخ ئازاد دەتوانێت ببێتە ” خانەقای ڕێبازی ئازادی”؟
چەن سەرنجێک لەسەر تیرۆری شێخ ئازاد و ڕووداوەکانی دواییی نووسەر: مەلا رەئووف ساردەکوێستان ڕووداوی نائاساییی تیرۆری شێخ ئازاد و دوو هەواڵەکەی، دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری لە کوردستاندا هەبووە، بە شێوەیەک کە بیروبۆچوون و شیکاری و گومانی [...]
چەواشەکردنی ئایینی یاری
سارۆ خوسرەوی ئایینی یاری، سەرباری هەندێک پەسنی هاوبەشی لە بواری خوداناسی و میتۆلۆژییەوە لەگەڵ ئایینەکانی تر، لە گەوهەر و نێوەڕۆکدا، ئایینێکی جیاوازە و خاوەن ڕێباز و یاسا و ڕیسای تایبەت بە خۆیەتی. جیاوازیی بنەڕەتیی ئایینی [...]
ساماندهی NGOهای زیستمحیطی در کوردستان
داود رسولی، عضو هیات علمی مرکز مطالعات کوردستان-تیشک و دکترای تخصصی حفاظت آب و خاک دیباچه همکاری بین سازمانهای غیردولتی (NGO) زیستمحیطی در کردستان برای رسیدگی موثرتر به چالشهای زیستمحیطی بسیار مهم است. در [...]
طرح نجات جنگلهای زاگرس
داود رسولی، دکترای تخصصی حفاظت آب و خاک مقدمه جنگلهای زاگرس مهمترین اکوسیستم خاورمیانه را تشکیل میدهند و در کشورهای ایران، عراق و ترکیه گسترده شدهاند. این جنگلها عمدتاً در کردستان ایران یعنی بخش [...]







