گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
کورد، په‌نابه‌ر و که‌متوانا؛ چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی چه‌ندلایەنه
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
جەهان میهەن، فەرهاد (٢٠٢٥): کورد، په‌نابه‌ر و که‌متوانا؛ چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی چه‌ندلایەنه . گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٢٠٩–٢٠٠. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
له‌م و‌تارەدا هه‌وڵ ده‌دەم باسی کێشه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه کوردانه بکه‌م، که مناڵی که‌متوانایان هه‌یه، یان خۆیان وه‌کو گه‌نج که‌متوانان یان ئەوەتا له کاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا که‌متوانا بوون. ئەو کەسانە ساڵانێکی زۆره وه‌کو پەنابه‌ر له سوید دەژین؛ ژیان و ماڵ و کاریان لەو وڵاتەیە، هه‌روه‌ها هه‌مووشیان هاووڵاتیی سویدین. ده‌توانین بڵێین که ئه‌و پەنابه‌ره کوردانه و که‌متوانایانه که ساڵانێکه له سوید وه‌کو هاووڵاتیی ئەو وڵاتە ده‌ژین، به‌ڵام به شێوازی جیاواز و چه‌ندلایەنه له کۆمەڵدا ده‌چەوسێنرێنه‌وه.
پێشه‌کی
بەپێی ئاماری سوید لە ساڵی ٢٠٢٣ که زیاتر له ٢ میلیۆن پەنابه‌ری هه‌بوو، که له ده‌رەوه‌ی سوید لەدایک بوون. بەپێی ئه‌و ئاماره، “٢٠%”ی دانیشتووانی سوید پەنابەرن. (www.scb.se)
بە گوێرەی هەندێک ئامار، لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هه‌زار له‌م پەنابه‌رانه که له سویددا ده‌ژین، که‌متوانان. هه‌رچه‌ندە من پێم وایه، که زیاتر له ٢٠٠ هه‌زار که‌س ده‌بن. بو نموونە ئه‌و که‌سانه‌ی که له وڵاتا‌نی جەنگەوە هاتوون و کێشه زۆری ده‌روونییان هه‌یه، یان له وڵاتا‌نی خۆیان ئه‌شکه‌نجه و ئازاریان چێشتووه یان بینیویانه، ده‌بوو هه‌موویان وه‌کوو که‌متوانا هەژمار کرابان.
به‌ڵام له سیستەمی سویدیدا و بەپێی یاسا نابێت ڕه‌گه‌زی هیچ مرۆڤێک له لیستدا تۆمار بکرێت. هه‌ر بۆیه ڕاستییەکەی زه‌حمه‌ته بزانین چه‌ند لەسه‌دی پەنابه‌ران که‌متوانان، به‌تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ی کورد هه‌ر زۆر زەحمه‌تتر ده‌بێت بەهۆی ئه‌وه‌ی کوردەکان له سوید وه‌کو ئێرانی، عێراقی، سووری و تورکی تۆمار کراو‌ن، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد وڵات (دەوڵەت)ی خۆی نییە. واته ئه‌و که‌سانه وه‌کو که‌متوانا له سیستەمی سویددان و یارمه‌تییان وه‌رگرتووه و، بەپێی سیستەمی سوید وه‌کوو که‌متوانا تومار کراو‌ن، یان ڕه‌نگه هەندێ که‌س که هاتوونەتە سوید باسی که‌متواناییی خویان نەکردووه، بۆیە وەکو که‌متوانا حیساب ناکرێن. هه‌روه‌ها زۆرینه‌یان که کێشه‌ی ده‌روونیان بۆ دروست بووە، بەهۆی جەنگ، کوشتار و ئه‌شکەنجه‌وه، له سیستەمی که‌متوانایاندا به‌داخه‌وه نابیندرێن.
مێتۆد
ئه‌و مێتۆدەی کارم لەسه‌ر کردووه، گێڕانه‌وەیە، واته باسکردن به شێوه‌ی بیرەوه‌ریی ژیانی خۆیان هه‌م له کوردستان، هه‌م له ده‌ره‌وه، کێشه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵانە، ئه‌و گه‌نجانه، هەروەها ئەو پێشمه‌رگه که‌متوانایه له سوید. مێتۆدی بیره‌وەری لەناو کومه‌ڵناسه‌کان له ئامریکادا بەکار ده‌هێندرا، به‌ڵام دوایی ئه‌و مێتۆده وەلا نرا، به‌ڵام له شێسته‌کاندا “مێتۆدی بیره‌وەری” لەلایەن فێمێنیسته‌کانه‌وه دیسان په‌ره‌ی پێ درا و وه‌کو مێتۆدی چاوپێکه‌وتن لەگه‌ڵ خه‌ڵک و کۆکردنەوە‌ی ئه‌و بابەتانەی که که‌سی لێکۆڵەر دەیویست بەده‌ستی بێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له دواییدا به شێوه‌ی ئاکادێمی، شیکاریی ئه‌و بابەتە بکات، که به مێتۆدی بیره‌وەری بەده‌ستی هیناوه. Goodson, I.F., & Sikes, P. (2001)
من مێتۆدی بیرەوه‌ریم بەکار هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی لەسه‌ر ژیانی ئه‌و پەنابه‌ره کورد و که‌متوانایانه بزانم کە چۆن باسی ژیان و گرفتی خۆیان له سویددا ده‌كه‌ن وه‌کو کورد، پەنابه‌ر و که‌متوانا بەواتا‌یه‌کی تر ئه‌و پەنابه‌رە کوردانه باسی ئه‌زموونی ژیانی خۆیان کردووه. به قه‌ولی کومه‌ڵناسی فەڕەنسی پییەر بۆردیوو ده‌ڵێت: “ڕاستی ده‌بێ لەلایەن ئه‌و که‌سانەوە بگوترێت، که ئه‌زموونیان هه‌یە.” Bourdieu (1999)
منیش هه‌وڵم داوه ئه‌زموونی ژیانی ئه‌و بنه‌ماڵانه، ئه‌و گه‌نج و پێشمه‌رگه که‌متوانایانه بە شێوه‌ی بیوگرافی بنووسمه‌وە. دوای گوێگرتن و نووسینەوەی هه‌موو چاوپێکه‌وتنه‌کان که زۆربه‌یان زیاتر له دوو کاتژمێر ده‌بوون، هه‌موویانم چه‌ند جار خوێندنه‌وه و، له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و چاوپێکه‌وته‌نانەدا توانیم چه‌ند “سووژه” (پرس) ببینمه‌وه، که هاوبه‌ش بوو لەنێوان ئه‌و بنه‌ماڵانه، گه‌نجانە و پێشمه‌رگه که‌متواناکاندا. (Jahanmahan 2007, Jahanmahan, Persson & Sheikmous 2021)
دوو چه‌مکی تیۆری
له‌م و‌تارەدا زۆر بە کورتی که‌لکم له دوو چه‌مکی تیۆری ئه‌ویش چه‌مکی “ئینترسێکشۆنالیتی” (intersectionality) و زانستی “په‌روەردەییی نێوان کەلتووری” (intercultural education) وەرگرتووە. ئینترسێکشۆنالیتی زیاتر وه‌کو کەرەسەی شیکاری بەکار دەهێندرێت. هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، ئینترسێکشۆنالیتی لەناو لێکۆڵینه‌وەی فێمێنیستی و د‌ژی ڕاسیستیدا گه‌شەی کرد. چه‌مکی ئینترسێکشۆنالیتی بۆ بەرە‌نگاریی ڕاسیزم و سێکسیزم گه‌شه‌ی کردووه. ئینترسێکشۆنالیتی باسی ئه‌وه ده‌كات، که چۆن “category” وه‌کو ڕه‌گه‌ز، ته‌مه‌ن، که‌متوانایی، هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ یەکتردا ده‌که‌ن و، بۆ بەهێزکردنی چه‌وساندنه‌وه و هه‌ڵاواردنی که‌سی یان گرووپی لە مرۆڤەکان.
ڕوانگه‌ی ئینترسێکشۆنالیتی وه‌کو کەرەسەی شیکاری ده‌توانێت چه‌وساندوه و هه‌ڵاواردنی چه‌ندلایه‌نه لێک بداته‌وه بۆ نموونە، وه‌کو ژن، به‌ڵام ئه‌و ژنه له چینی هه‌ژار و ڕه‌گه‌زی ڕه‌ش و گه‌نج، بەواتایەکی تر هه‌ماهه‌نگی و هاوکاری لەنیوان ئه‌و کاتێگۆرییانەدا هه‌یه بۆ بەهێزبوونی هه‌ڵاواردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان. لەناو هه‌ر یەکێک له‌م کاتێگۆرییانەدا شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات لە نێو ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، که هیچیان له سه‌ره‌وەی هیچیان نین، به‌ڵام بۆ بەهێزکردنی هه‌ڵاواردن و نایه‌کسانی بەیە‌که‌وه هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی ده‌که‌ن. De los Reyes, P & Mulinari, D (2005).
له و‌تارێکی تیۆریدا که لەسه‌ر “په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووری” نوسیبووم، هه‌وڵم داوه، که زانستی په‌روەرده‌یی نێوان کەلتووری وه‌کو چه‌مکێکی تیۆری پێناسه بکه‌م. من له وتاره‌که‌مدا ئه‌م تیۆرەم وا پێناسه کردووه، که په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووری، ئه‌و په‌روەرده‌یه نییە، که ته‌نیا له لێکنزیکبوونه‌وه و هه‌ڵسوکه‌وتی نێوان کەلتووره‌کاندا خوی ببینێته‌وه، به‌ڵکو له قۆناغی یەکه‌مدا ئه‌وه‌یه که ئێمه چۆن لەگه‌ڵ ئینسانه‌کان و خوێندکاره‌کاندا هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین، که ئه‌زموونی جیاواز، ڕه‌گه‌زی جیاواز و زمانی جیاوازیان هه‌یه. یان ئایینی جیاواز و له ته‌مه‌نی جیاوازدا، کە هەندێکیان ساخن و هەندێکیان که‌متوانان، هەندێکان په‌لکه‌زێڕینه‌بوون، واته ئه‌و هه‌موو جیاوازییەی که لەنێوان تاکه‌کاندا هه‌یه، چۆن ده‌توانن له‌م هه‌موو ئه‌زموونانه که‌لک وه‌رگرین بەبێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵاوارن لەنێوان تاکه‌کاندا دروست ببێت. له هه‌ڵسوکەوتدا ده‌بێت ئینسانێکی کراوه بین و مرۆڤێک که ڕێز بۆ جیاوازییەکاندا بنێت و بڕیاری پێشوەختە نەدات و زوویش بڕیار نەدات.
به واتا‌یەکی دیکه من په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووری وه‌کو هاومرۆڤبوون ده‌بینم. هەروەها پهروەردەی نێوان کەلتووری به چاوێکی ڕەخنه‌گرانەوە ده‌ڕوانێته مێژوو و کەلتوور بۆ گه‌شەپێدانی مرۆڤی. ڕەخنه‌گری وریا و زیرەک بۆ ئه‌وەی توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت پێوەرەکانی کۆمه‌ڵگە بباتە ژێر پرسیارەوە، هه‌روەها بۆ باسکردن و ناساندنی ئه‌و هه‌موو ئیمتیازەی که گرووپێک هه‌یه‌تی بۆ نموونە: سپیسه‌روەری، کۆلۆنیالیزم، ڕاسیزم و سێکسیزم به نیسبه‌ت پەنابه‌ر یان ژنی ڕه‌شپێست و که‌متوانا ..هتد. په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووری ڕەخنه له میژوو و ئیمتیازی سپیسه‌روه‌ری ده‌گرێت. به‌ها بنه‌مایی‌یه‌کان به‌شێکی گرینگی په‌روەرده‌ی نێوان کەلتوورین. به‌ها بنه‌مایی‌یه‌کان وه‌کو یه‌کسانیخوازی، دیموکرات، ژینگه‌پارێز، ڕەخنه‌گر، ئاشتیخواز و هاوخه‌باتیی نیشان دەدات لەگه‌ڵ چه‌وساوه‌کان، زوڵملێکراوه‌کان و د‌ژی زاڵمانە. (Jahanmahan 2012)
هه‌ڵاواردن لەلایەن ئیداراتی دەوڵه‌تییەوە
له زۆرینه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌کاندا باسی هه‌ڵاواردن لەلایەن ئیداراتی دوڵه‌تییەوە، که کاروباری که‌متوانایانیان لەده‌ستدایه، ده‌کرێت. زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌کان، گه‌نجه‌کان و پێشمه‌رگه که‌متواناکان پێیان وایه، که هه‌ڵاواردن لەلایەن ئه‌و ئیدارانه‌وه بەهۆی پەنابه‌ریی ئه‌و بنه‌ماڵا‌نەوە هەیە. بنه‌ماڵه‌ی “ده‌لال” که له باشووری کوردستانەوە هاتوون، دەڵێت:
“ئێمه زۆر بەباشی ده‌زانین که تووشی هه‌ڵاواردن ده‌بین ته‌نیا لەبەر ئه‌وه‌ی ئێمه پەنابه‌رین. من زۆر دڵنیام ئه‌گه‌ر ئێمه بنه‌ماڵه‌یه‌کی سویدی باین، هه‌موو یارمه‌تی و که‌رەسه‌یه‌کیان ده‌داینێ، به‌ڵام بەهۆی پەنابه‌ری و هەڵاواردن “ده‌لال”ی که‌متوانا، هیچ یارمه‌تییەک نەدراوه، چونکه کارمه‌ندی ئیداره‌که ده‌زانێت، که ئێمه هیچ دەربارەی یاساوڕیسای سوید نازانین، ئه‌ویش به مه‌یلی خۆی لەگه‌ڵ ئێمه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. زمانی سویدی گرینگه بیزانی، به‌ڵام له‌ویش گرینگتر یاساوڕیسای سویده. گه‌لێک یاسا هه‌ن که ئێمه نازانین هه‌یه، هەروەها ناشتوانین لەسه‌ر هه‌موو شتێک لەگه‌ڵ کارمه‌ندانی ئیداره بیکه‌ین به شه‌ڕ و هه‌ڵڵا. چونکە ئه‌و کارمه‌ندانه ده‌سه‌ڵاتیان زۆره؛ ده‌سه‌ڵاتیان بەسه‌ر ژیانی داهاتووی مناڵه‌کانمانه‌وه هه‌یه. ڕیسک زۆره، ئه‌وان تووڕه بن و بڕیارێک بده‌ن، کارتێکەریی خراپی بۆ داهاتووی مناڵه‌کانمان دەبێت. ئێمه له چه‌نگی دیکتاتۆر هه‌ڵاتووین و داوای پەنابه‌ریمان کردووه بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێکی شایسته بۆخۆمان و مناڵه‌کانمان دابین بکەین، به‌ڵام بیرۆکراتیی سوید و هه‌ڵاواردنی سیستماتیک، خه‌ریکه تێکمان ده‌شکێنێت.”
هەستی هه‌ڵاواردن وا له‌و بنه‌ماڵانه ده‌کات، که پەیوەندیی خۆیان لەگه‌ڵ ئه‌و ئیداراتانه کۆتایی پێ بێنن و، هه‌وڵ ده‌دن خۆیان ئاگایان له مناڵه که‌متوانایه‌که‌یان بێت. بنه‌ماڵه‌یەک که له چینی هه‌ژار بوون بەهۆی هه‌ژاری گه‌لێک کێشەیان له سوید بۆ دروست ببوو. باوکی “ده‌لال” ده‌ڵێت:
“باری ئابووریمان زۆر خراپ بوو، بەڕاستی له باری ده‌روونییەوە حاڵمان زۆر خراپ بوو. پەیوەندیمان به ئیدارەی سۆسیالەوە گرت بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی داراییمان بده‌ن، به‌ڵام هیچ یارمه‌تییان نه‌داین، تەنانەت گوتیان “ده‌توانن بچن له کەنیسە داوای یارمه‌تی بکه‌ن.” پێیان وا بوو ئێمه سواڵکەرین. چه‌ندان جار لەگه‌ڵ کارمه‌ندانی ئیداراتی سوید کۆ بووینەوە بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین یارمه‌تیی که‌رەسه بۆ مناڵه که‌متواناکه‌مان وه‌رگرین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ژیانێکی ئاسایی‌یان هه‌بێت، به‌ڵام هیچ سوودێکی نه‌بوو. هه‌ر بۆیه پەیوەندیمان لەگه‌ڵ زۆربه‌ی ئیدارات بڕی. ئه‌وه‌یه بیرۆکراتی لە سوید.”
زۆرینه‌ی هه‌ڵاوارد‌نه‌کان ئه‌و بنه‌ماڵانه یان گه‌نجه که‌متواناکان هه‌ستی پێ ده‌کەن، کاتێک ده‌یانبینی ئه‌و که‌متوانایانه هیچ که‌رەسه و یارمه‌تییان وه‌رنەگرتووه کە مناڵی که‌متوانای سویدی وەری دەگرن. “شه‌نگه” کچە گەنجێکی که‌متوانایه، دەڵێت:
“من هەست بە هه‌ڵاواردن و گاڵته‌پێکردن لەلایەن کومه‌ڵگەوه ده‌که‌م. وه‌کو تۆپی تۆپێن (فووتباڵ)م لێ هاتووه، ئیدارەیەک ده‌منێرێت بۆ ئیدارەیەکی تر. ئیداره‌ی کار ده‌ڵێ که‌رەسه‌ی تۆ ده‌بێ ئیداره‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی بیدا، ئه‌وانیش ده‌ڵێن نا. من بۆ ده‌بێ ئه‌و هه‌موو ئازار و هه‌ڵاواردن و گاڵته‌پێکردنە ببینم ته‌نیا لەبەر ئه‌وەی گه‌نجێکی کوردی پەنابه‌ر و که‌متوانام؟ لەگه‌ڵ ئه‌و ئیداراتانه شێت بووم. نازانم بۆ به من ڕاده‌بوێرن و گاڵته به ژیانمەوە ده‌که‌ن. من ماندووم، بۆ وا له منی گه‌نج ده‌که‌ن؟ پێویستیم به یارمه‌تی و که‌رەسه‌ی تایبه‌ت هەیە. حه‌ز ده‌که‌م دەرس بخوێنم، کار پەیدا بکه‌م و بژیم. بۆ وه‌کو تۆپی تۆپێن یاریم پێ دەکەن؟”
هه‌ڵاواردن بەهۆی ژینگەوە
هەندێک لەو گه‌نجه که‌متوانایانه ته‌نیا بەهۆی پەنابه‌رییەوە هه‌ڵناواردرێن، به‌ڵکو هەندێک جار که دێنه ناو کۆمه‌ڵگە هه‌ست به که‌متوانایی و هه‌ڵاواردن ده‌که‌ن. پێم وایه هه‌ڵاواردن به نیسبه‌ت “ئاسکۆڵ” که کچێکی گه‌نجه، ته‌نیا بەهۆی ژینگەوە نییە، به‌ڵکو بەهۆی پەنابه‌ری و که‌متواناییی “ئاسکۆڵ”یشەوەیە. ئه‌و ده‌ڵێت:
“کاتێ لەگه‌ڵ دۆستان، هاوڕێکانم و دۆستەکانیان بۆ خۆشی و سەیران ده‌چمه ده‌رەوه، هیچ کێشه‌م لەگه‌ڵ ئه‌و دۆستانەدا نییە، به‌ڵام خاوەنی ڕە‌ستووران یان “لێخوڕ” (شۆفێر)ی پاس گه‌ورەترین کێشەن بۆ منی پەنابه‌ری که‌متوانا. زۆر جاران که ده‌چینه ده‌رەوە، چه‌ند کاتژمێرێک ده‌گه‌ڕێن تا شوێنێکی گونجاو د‌ه‌بینینه‌وه که به چه‌رخه‌که‌م بتوانم بچمه ژووره‌وه. دوای کاتژمێرێک وه‌ستان له سڕەی چوونه ژووره‌وه، پێشم پێ ده‌گرن و ڕێگە نادەن بچمه ژووره‌وه ئەویش به بیانووی ئه‌وه‌ی ڕه‌ستوورانه‌که خه‌ڵکێکی زۆری تێدایه، واته خه‌ڵکی زۆر لێیه و شوێنه‌که ته‌نگه و به چه‌رخەوە ناتوانی هاتوچۆ بکه‌ی و کێشه بۆ ئێمه دروست ده‌بێت، هه‌ر بۆیه شه‌رم لە خۆم ده‌که‌م و ده‌ڕۆم. خه‌ڵکێکی زۆر لەپشت منه‌وه وه‌ستاون، حه‌ز ناکه‌م گوێیان لێ بێت که چۆن لەگه‌ڵ من هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن. زۆر جاران ده‌پاڕێمه‌وه، که من خه‌ڵکی ستۆکهۆڵم نیم، چەندان کاتژمێر گه‌ڕاوین تا ئێره‌مان دۆ‌زیوه‌ته‌وه، لێمان گه‌ڕێ با بێینه ژوورەوە، به‌ڵام به‌داخه‌وه ناهێڵن.”
پێشمه‌رگه‌یه‌کی که‌متوانا که لەسه‌ر چه‌رخه و له پێشمه‌رگایه‌تیدا که‌متوانا بووە، پێی وایه هه‌ڵاواردن بۆ ئه‌و وه‌کو کورد و پەنابه‌ر و که‌متوانا، شتێکی ڕۆژانه‌یه. “قادر” ده‌ڵێت:
“بێ‌شک من هه‌ڵاواردنم چێشتووە. ڕۆژانه هه‌ڵاواردن به هه‌موو له‌شم هەست پێ ده‌که‌م. کاتێک به چه‌رخه‌وه ناتوانم بچمه ناو ڕە‌ستووران تا خواردن بخۆم. ئه‌وه‌ش شێوەیەکە له هه‌ڵاواردن. کاتێک ناتوانم پاره له بانک ده‌رهێنم. وه‌کو که‌متوانا هه‌موو کات و به هه‌موو شێوەیەک هەڵداوێرێم. ڕووی داوه که داوای کارم کردووه، به‌ڵام بەهۆی که‌متوانایی و پەنابه‌رییەوە کاریان پێ نەداوم. هه‌ڵاواردن به من کراوه به هۆی ناوه‌که‌مه‌وه. هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسم کردن، هه‌ڵاواردنن. وه‌کو که‌مایه‌تی و که‌متوانا، هه‌موو کات دەچه‌وسێیه‌وه و هەڵداوێرێی.”
ژنێکی پێشمه‌رگه که له پێشمه‌رگایه‌تیدا که‌متوانا بووە، باس له ئه‌زموونی هه‌ڵاواردن ده‌کات له پەیوەندی لەگه‌ڵ ئه‌و ده‌روونناسەی که له سوید ده‌چووە لای. “شادی” ده‌گێڕێته‌وه:
“كاتێک ده‌چوومه لای ده‌روونناسه سویدیه‌که، هەستم بە هه‌ڵاواردن ده‌کرد، چونکە من پەنابه‌ر بووم. مرۆڤ ده‌چێت بۆ لای ده‌روونناس بۆ ئه‌وه‌ی هەست بەئارامی بکات و ئه‌وه‌ی له دڵیدایە باسی لێوە بکات. به خواستی خۆم نەچوومەوە لای ده‌روونناسەکە. ئه‌و ده‌روونناس بوو، به‌ڵام ئه‌و منی هه‌ر وه‌کو پەنابه‌ر و سه‌رڕه‌ش ده‌بینی. ئه‌وه وای ده‌کرد له جیاتی ئه‌وه‌ی حاڵم باش بێت، ڕۆژ به ڕۆژ حاڵم خراپتر ده‌بوو. هه‌ر بۆیه ئیتر نه‌چوومه‌وه لای ئه‌و ده‌روونناسه سویدییە.”
هه‌ڵاواردن و بڕیاری پێشوەختانەی ڕەگه‌زی
دایکی “ئه‌سرین” زۆر جاران هەستی بە هه‌ڵاواردن کردووه. هەستی کردووه که هه‌ڵسوکه‌وتی خراپی لەگه‌ڵدا کراوه وه‌کو دایکێکی پەنابه‌ری کورد، ئەوکاتەی تازه هاتبوونە سوید. دایکی “ئه‌سرین” ده‌ڵێت:
“بۆ کارمه‌نده‌کانی نەخۆشخانە من ژنێکی پەنابه‌ری کوردی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، نه هیچ ده‌زانم و نه هیچ حاڵی ده‌بم. کاتێک زانیم مناڵه‌که‌م وه‌های به‌سه‌ر هات، داوام له سه‌رۆکی دکتۆرەکان کرد، بۆم باس بکات چی ڕووی داوە؟ دکتۆر گوتی: به‌داخه‌وه بێ‌شانسییە، بە ڕێکه‌وت و به ڕووداوی لەناکاو. من ئه‌وه‌م بۆ قبووڵ نەکرا. کاتێک پرسیارم کرد، ئێستا چاره‌نووسی مناڵه‌که‌م چی به‌سه‌ر دێت؟ دکتۆر گوتی: مناڵه‌که‌ت نه ده‌بێت به پاکه‌تی گوشت و نه ده‌بێت به منداڵێک که هه‌ڵات هه‌ڵاتێن بکات. دکتۆرێک که به‌م شێوەیە باسی منداڵی من ده‌کات …. دوایی چه‌ند ڕۆژێک منیان گواسته‌وه بۆ به‌شێکی تری نەخۆشخانە. به ته‌نیا له دیوێکی سارد و ته‌نیا، نازانم چاره‌نووسی مناڵەکه‌مان به کوێ ده‌گات. له ته‌نیاییی خۆمدا ده‌گریام کاتێ پەرەستار پرسیارم لێ ده‌کات: که من بۆیه ده‌گریم، چونکە کچم بوو؟ ئایا ئه‌مه هه‌ڵاواردن نییە؟ ته‌نیا لەبەر ئه‌وه‌ی ژنی کورده و ڕه‌نگ و ڕووی له خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌چێت و بۆیه ده‌گریت چونکە کچی بووه.
ئه‌وه بڕیاری پێشوەختەی ڕه‌گه‌زییە کە لەسه‌ر ئه‌و دایکه دەدرێت ته‌نیا لەبه‌ر ئه‌وه‌ی پەنابه‌ر کورده، ژنه، موسڵمان و خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاسته. ئه‌و بڕیاری پێشوەختەی ڕه‌گه‌زی فۆرمێکی ترە لە ڕاسیزم و هه‌ڵاواردن.
نه‌بوونی زانیاری و کێشه‌ی زمانی
هەندێک له‌م پیاوه که‌متوانایانه‌ی که له پێشمه‌رگایه‌تیدا که‌متوانا بوون، هەروەها کێشه‌ی ئه‌و دایک و باوکانەی که منداڵی که‌متوانایان هه‌یه، کێشه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پرسی نەزانینی زمانی سویدی، هه‌روه‌ها هەندێکیان که هاتوونەتە سوید، هیچ جۆره خوێندوارییەکیان نه‌بوو. ساڵانێکی زۆری ویستووه هه‌تا تۆزێ فێری زمانی سویدی بوون، بەڵام تا ئێستایش کێشه‌یان هه‌یه لەگه‌ڵ زمانی سویدیدا. له هەندێک له‌م گێڕانه‌وانەدا کێشه‌ی چینایه‌تی زۆر زه‌قه. کورد، که‌متوانایه و چینی هه‌ژارە و هیچ جۆره خوێندەوارییەکی نییە. زۆربه‌ی ڕێگاکانی لێ گیراوه، زمان نا‌زانێت، سەبارەت بە یاساوڕیسای ئه‌و وڵاتەی لێی ده‌ژیت، هیچ نا‌زانێت و نا‌توانێت زانیاری به زمانی سویدی بەدەست بێنێت، تەنانەت زمانی دایکیی خۆیشی نا‌زانێت بخوێنێته‌وه، بۆیە کێشه‌که و هه‌ڵاوارد‌نه‌که دیارتر ده‌بێت. هه‌رچه‌ندە ئه‌وکات زانیاری به زمانە بیانییه‌کان که‌م بوو، به‌ڵام هەندێک له‌م که‌متوانایانه بەهۆی نه‌خوێنده‌وارییەوە نەیانتوانیوه که‌لک له زمانی دایکیش وه‌ربگر‌ن.
باوکی “ده‌لال” و دایکی “سارا” وه‌کو پەنابه‌ر وه‌ها باسی كێشه‌ی نه‌زانینی زمانی سویدی ده‌که‌ن. کێشه‌ی زمانی سویدی ببوو به ڕێگر بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی مناڵه که‌متواناکه‌یان.
باوکی “ده‌لال” ده‌ڵێت: “زانینی زمانی سویدی گه‌لێک گرینگه. که زمانه‌که نه‌زانی، نازانی و ناتوانی مافی مناڵه که‌متواناکه‌ت چییە؟ هه‌ر بۆیەیش ناتوانی داوای مافی مناڵه‌کەت بکەی. وایه یان نا؟ “دایکی “سارا” ده‌ڵێت:” بۆ ئێمه‌ی پەنابه‌ر چه‌ندان کێشه‌مان هه‌یه له سوید. کێشه‌یه‌کی گرینگ ئه‌وه بوو که ئێمه زمانی سویدیمان نه‌ده‌زانی، هه‌روه‌ها هیچمان لەبارەی یاسای سویدیش نه‌ده‌زانی. که تۆ زمان نه‌زانیت، ناشتوانی زانیاریت لەسه‌ر یاسای سوید هه‌بێت و ئاخۆ چ یاسایەکی هه‌یه بۆ مافی مناڵانی که‌متوانا. کێشه‌یه‌کی تریش، ئێمه پەنابه‌رین.”
شارده‌نه‌وەی که‌متوانایی له ترسی هه‌ڵاوارن و هۆکار‌ی تر
له چاوپێکه‌وتنه‌کاندا دوو ژنی پێشمه‌رگه و دوو کچی گه‌نجی که‌متوانا بەهۆی هەندێک هۆکار‌ی جیاواز، که‌متواناییی خۆیان شاردووەته‌وه. کاتێک ئه‌و دوو ژنه پێشمه‌رگه‌یه دێنه سوید، ڕاوێژ به چه‌ند که‌سی کورد ده‌که‌ن، که ساڵانێکه له سوید ژیاون. به‌ڵام ئه‌وانی ئه‌و ڕاوێژی پێ کردبوون، بەباشیان نه‌زانیبوو که ئه‌و ژنانه باسی که‌متواناییی خۆیان بکه‌ن. “زێنەب” زۆر بەناڕەحه‌تی ده‌گێڕێته‌وه: “قاچه‌کانم لە دۆخێکی زۆر خراپدان. کاتێک هاتمه سوید، نەمگوت که له شه‌ڕدا قاچم بریندار بووه. پێشنیارم پێ کرا باسی نه‌که‌م، که له شه‌ڕدا بریندار بووم و که‌متوانام، چونکە ئه‌گه‌ر بزانن که‌متوانام، کارم ده‌ست ناکه‌وێت. من که ژن و پەنابه‌رم، هه‌ردووکیان بۆ من “نەرێنی” (نێگه‌تیف) بوو له سوید. ئه‌گه‌ر گوتبام که‌متوانای شه‌ڕم، بۆ داهاتووی خۆم و مناڵه‌کانم خراپ ده‌بوو. به‌داخه‌وه هیچ ئیداره‌یەک له سوید نه‌یزانی من له شه‌ڕدا که‌متوانا بووم.”
به‌ڵام ئه‌و دوو ژنه ئه‌زموونی هه‌ڵاواردنیان له ئێران‌دا وه‌کو ژن و کورد لەناو سیستەمێکی داگیرکه‌ری فارس‌دا هه‌بوو. به‌داخه‌وه هه‌مان ژن ئه‌زموونی چه‌وساندنه‌وه و هه‌ڵاواردنیان لەناو خه‌باتی شاخیشدا هه‌بوو. “شادی” دەڵێت: “ئێمه ته‌نیا له ئێران لەگه‌ڵ ڕژیمی داگیرکه‌ر نه‌چەو‌سابووینه‌وه. وه‌کو کورد و ژن، له ناو شۆڕشیشدا لەگه‌ڵ پیاوه فەرماندەکانیش کێشه‌مان هه‌بوو. ئه‌و پیاوه فه‌رماندانه له کاتی چوون بۆ عه‌مه‌لیات، ئێمه‌یان به سه‌ربار ده‌زانی. له کاتی کارکردن له پیاوه‌کان زیاتر کارم ده‌کرد. هەندێک به‌ردم هه‌ڵده‌گرتن زۆر زۆر قورس بوون، به‌ڵام ته‌نیا بۆ ئه‌وەی بەو پیاوانه‌ی ناو شۆڕش و فه‌رمانده‌کان پیشان بده‌م، هه‌رچه‌ندە که ژنم، به‌ڵام بەهێزم.”
بەواتا‌یه‌کی تر ئه‌و ژنانه بەهۆی هه‌ڵاواردن و چه‌ساندنه‌وه وه‌کو ژن و کورد ده‌چنه ناو شۆڕش، به‌ڵام له شۆڕشیشدا هه‌مان کێشه، یانی به هۆی ژنبوونیانەوە ده‌چه‌وسێندرانەوە. ئه‌و ژنانه ته‌نیا شۆڕ‌شیان به د‌ژی داگیرکەری ئێرانی نەده‌کرد، به‌ڵکو ده‌بوو به د‌ژی پیاوسالاریی فه‌رمانده‌کانی نێو حیزبه‌که‌شیان شۆڕش بکه‌ن. ئه‌و چه‌وساندنەوە و هه‌ڵاوارد‌نه بەهۆی ژنبوونەوە زۆر بەزه‌قی له کتێبی سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد لەسه‌ر ئه‌ڵمانه و تاڵه‌سوار(٢٠٢٣) له نووسینی مه‌له‌که‌ی مه‌ستەفا سوڵتانیدا ده‌ر ده‌که‌وێت.
بەپێی قسه‌ی ئه‌و ژنه پێشمه‌رگه کەمتوانایانه له سویدیش تووشی هه‌مان هه‌ڵاواردن ده‌بن وه‌کو ژن، پەنابه‌ر و که‌متوانا. به‌ڵام دوو کچه گه‌نجه که‌متواناکان به هۆکار‌ی تر باسی که‌متواناییی خویان نەکردووه. دیاره ئه‌و دوو کچه‌ی له بنه‌ماڵه‌ی فه‌قیر و مامناوه‌ندیدا گه‌وره بوون.
“ته‌وار” ده‌ڵێت: “من زۆربه‌ی قوتابخانەی سه‌رەتاییم ته‌واو کرد بێ‌ئه‌وەی دایک و باوکم بزانن. من گوێم گران بوون، هاوپۆلەکانم تووڕه ده‌بوون و پێیان وا بوو، من گوێیان لێ ناگرم، به‌ڵام ڕاستییەکەی من گوێم لێ نه‌ده‌بوون.”
“شه‌نگه” ده‌ڵێت: “ڕه‌نگه هەندێک که‌س بزانێت گوێم گرانه، به‌ڵام تا ئێستا هیچ که‌س نا‌زانێت که‌متوانایی‌یه‌کی تریشم هه‌یه، هیچ که‌س نازانێ هه‌تا ئه‌و کوڕه‌ی مێردیشم پێ کردووه.”
دیاره کاتێک من له‌م کچه گه‌نجانم پرسی، به چ هۆکارێک ئێوه باسی که‌متواناییی خۆتان ناکه‌ن، ئایا شه‌رم ده‌که‌ن که ئه‌و که‌متوانایی‌یه‌تان هه‌یه؟ ئه‌و کچه گه‌نجانه هۆکار‌ی خۆیان هه‌بوو که باسی ئەو که‌متواناییی خۆیان نه‌که‌ن و بیشارنه‌وه. یه‌که‌م هۆکار وه‌کو گه‌نج دەیانویست وه‌کو هه‌موو مناڵانی تر بن. هۆکار‌ی تر ئه‌وه بوو، که ئه‌و گه‌نجانه لەناو کوردان و گه‌نجاندا که‌سیان نەدیتبوو که ئه‌و که‌متواناییی ئه‌وانی هه‌بێت، بەواتا‌یه‌کی تر ئه‌و گه‌نجانه هیچ کچێکی تری کوردیان نەدیبوو که ئه‌م که‌متوانایی‌یەیان هه‌بێت. واتە ئه‌و گه‌نجه که‌متوانایانه هیچ گه‌نجێکی کوردیان نه‌دیوه‌ته‌وه هه‌تاکو خۆیانی تێدا ببیننەوە.
ئاکام
ڕوانگه‌ی ئینترسێکشۆنالیتی و پهروەردەی نێوان کەلتووری بۆ شیکردنەوە و لێکدانه‌وه گرینگه. هه‌وڵم داوه ڕوانگه‌ی ئینترسێکشۆنالیتی وه‌کو کەرەسەیەکی شیکاری بۆ شیکردنەوەی ژیانی ئه‌و کورده پەنابه‌ر و که‌متوانایانه بەکار بێنم. ئه‌وه‌ی که له‌و چاوپێکه‌وتنانەدا ده‌بینین که چۆن پەنابه‌ری، موسڵمانبوون، کوردبوون، ژن‌بوون، گه‌نجبوون، کێشه‌ی زمانی سویدی، پرسی چینایه‌تی وه‌کو کاتێگۆری هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی یەکتر ده‌که‌ن بۆ بەهێزکردنی چه‌وسانه‌وه، نایه‌کسانی و هه‌ڵاواردنی ئه‌و که‌متوانا کوردانه له سوید. ئه‌وه‌ی کە ده‌بینین ئه‌و ژن و پیاوه که‌متوانایانه ته‌نیا لەبه‌ر ژن‌بوون و پیاوبوون ناچه‌وسێنه‌وه، هەر وه‌کو که لە چاوپێکه‌وتنه‌کاندا ده‌بیندرێت، ئه‌و ژن و پیاوانه هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی چه‌ندلایەنه‌یان لەسه‌رە وه‌کو ژن، پەنابه‌ر، که‌متوانا، گه‌نج، موسڵمان …. هتد، هه‌روه‌ها بۆمان ڕوون دەبێتەوە که ئه‌و کاتێگۆرییانه چۆن هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی ده‌که‌ن بۆ بەهێزکردنی هه‌ڵاواردن، چه‌وسانه‌وه و نایه‌کسانیی ئه‌و پەنابه‌ره کورد و که‌متوانایانه.
له ڕوانگه‌ی پهروەردەی نێوان کەلتووری وه‌کو ڕوانگه و تیۆری، هه‌وڵ ده‌دا ئه‌زموونی هه‌موو کاتێگۆرییەک به گرینگ بزانی و ده‌بێ که‌لک له هه‌موو ئەو ئه‌زموونانه وه‌رگیرێ و ڕێزیان لی بگیرێت. ئه‌و ئه‌زموونانه بەکار بهێندرێت وه‌کو ئه‌زموونی پەنابه‌ری، ژن‌بوون، لاوبوون، په‌لکه‌زێڕینه‌بوون، جیاوازیی زمانه‌کان، کەلتوورکان و ئایینەکان ده‌بێت وه‌کو سامان ببیندرێن بۆ ئه‌و جڤاکەی لێی ده‌ژین. هه‌روه‌ها ده‌بێت ڕەخنه له‌و نۆڕمانه بگیرێت که ده‌بنە هۆکار‌ی هه‌ڵاواردن، چه‌وسانه‌وه، ڕاسیزم و سێکسیزم.
پێم وایە په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووری ده‌توانێت بژارده‌ی زۆر باش و بەجێ بێت د‌ژی ڕاسیزم، سێکسیزم، هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌ر که‌مایه‌تییەک له کۆمەڵدا. جا ئه‌و که‌مایه‌تییە چ که‌متوانا بێت، پەنابه‌ر، ژن یان هه‌ر که‌مایه‌تییەکی تری ناو جڤاک. له ڕێگەی پهروەردەی نێوان کەلتوورییەوە ده‌توانین هه‌وڵ بده‌ین جڤاکێکی یه‌کسان بەده‌ر له هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه که مافی تاکه‌کان ده‌پارێزێت، دروست بکەین. په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووری د‌ژی هه‌موو شێوه هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه‌یه‌که. هه‌روه‌ها په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووری د‌ژی هه‌موو ڕوانگه‌یه‌کی کۆلۆنیالیستی و سپیسه‌روەری ده‌وستێته‌وه و له ئه‌زموونی هه‌موو تاک و که‌مایه‌تیی ناو جڤاک بۆ دروستکردنی کۆمەڵێکی یه‌کسان و دوور له هه‌ڵاواردن و چه‌وسانه‌وه که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ها بنه‌مایی‌یه‌کانی ناو جڤاک، گرینگیی زۆری له په‌روەرده‌ی نێوان کەلتووریدا هه‌یه.
لایه‌کی گرینگی تری کێشه‌ی ئه‌و که‌متوانایه کوردانە ئه‌وەیە، که ئه‌و که‌متوانا کوردانه، پەنابه‌رن و له سویددا ده‌ژین، ئه‌وانه نەته‌نیا که‌مایه‌تین لەنێو سوید‌ییه‌کاندا، به‌ڵکو که‌مایه‌تیشن لەناو که‌مایه‌تیی خۆیاندا. واته کورد له سوید وه‌کو پەنابه‌ر که‌مایه‌تییەکی بچووکه و، ئه‌و کورده که‌متوانایانه که‌مایه‌تییەکی بچووکترن لەناو دیاسپۆڕای کورد له سویددا.
سەرچاوەکان
Bourdieu, P (1999) (Red) . The Weight of the world. Cambridge: Polity Press.
De los Reyes, P & Mulinari, D.( 2005) .Intersektionalitet: Kritiska reflektioner över (o)jämlikhetens landskap, Malmö,
Jahanmahan, F, Persson, C & Sheikmous, O. (2021). Den som inte talar finns inte. Kurdiska krigsskadade flyktingars livsberättelse. Lund. Ekström & Garay
Jahanmahan, F. (2012). Interkulturell pedagogik, inkluderande pedagogik- forum för motstånd? Den interkulturella blicken i pedagogik: inte bara goda föresatser / [ed] Katrin Goldstein-Kyaga, María Borgström & Tobias Hübinette, Huddinge: Södertörns högskola , 2012, 1, s. 117-134
Jahanmahan, F. (2007). Dörren ska vara öppen för alla. Funktionshindrade kurdiska ungdomar och föräldrar om attityder, rättigheter och möjligheter i det svenska samhället. Mångkulturellt Centrum. Botkyrka.
Goodson, I.F., & Sikes, P. (2001). Life history Research in Educational Settings Learning from Lives. Philadelphia: Open University Press
Mostafa-Soltani, M. (2023) In the shadow of Qalabard peak. Gothenburg. 49 plusbooks. / سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد. ڵه‌سه‌ر ئه‌ڵمانه و تاڵه‌سوار. بیره‌وه‌رییه‌کانی مه‌له‌که مه‌سته‌فا سوڵتانی