گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

تیۆری 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

بەهرامی، گۆران (٢٠٢٤):کوردستان و بەرهەمە دامەزراوە یی‌یەکانی. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ١٥٥–١٣٨ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەکان کە کوردستانیان داگیر و پارچەپارچە کردووە، ئەرکی چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵ و ڕاڤەکردنی ئایین لە کوردستان کەوتە ئەستۆی ئەوان. هەرچەند دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە کوردستانی گەورە لە یەک ڕەهەندەوە شرۆڤە بکەین، بەڵام مۆدێلی بەڕێوبەری و هاوپێوەندی سازکردنی دامەزراوەی ئایین لە جۆگرافییای کوردستاندا، دەکەوێتە ڕیزی مۆدێلی سێیەم، واتە دامەزراوەی دەرەکی کە بە هزری دەرەکی لە کۆمەڵگای کوردستاندا جێبەجێ کراوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت ئەو کەسانەی ئەم مۆدێلەیان پێشنیار کردووە، دان بەوەدا دێنن کە ئەم تیۆرییە دەتوانێ ببێتە هۆی سادەکردنەوەی بەراوردکارییانە و ئاڵۆزیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئاکامی لێکۆڵینەوەکان وا دەردەخەن دامەزراوەی خۆجێیی کە بە هێزی خۆجێیی بەڕێوە دەچێت، زیاتر بەردەوام دەبێت

کوردستان و بەرهەمە دامەزراوەیی‌یەکانی

گۆران بەهرامی

پێشەکی

لە سەدەی ڕابردوودا، یەک لە سەرەکیترین مشتومڕەکانی بواری سیاسی-ئابووری و هەروەها تیۆریی هەڵبژاردنی گشتی[1]، لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی دامەزراوە بووە. بۆ چەمکی دامەزراوە پێناسەی جۆراوجۆر هەیە و لە مانا بەرفراوانەکەیدا، بە ناوەندێک دەڵێن دامەزراوە یان ئەنیستیتۆ کە یاسای پێوەندیی نێوان ئەندامەکانی دیاری دەکات و بڕیاریان پێ جێبەجێ دەکات. دامەزراوە بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک یاسا کە لە لایەن دامەزراوەوە پەسەند کراوە و چونکە ئەم یاسایانە دەستکردی مرۆڤن و بەپێی جێگا و کات لەنێوان ئەنداماندا سەلمێندراوە و هەروەها پێڕەو دەکرێن، زۆر جار چەمکی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی[2]  دەکار دەکرێت. لەنێو زانایانی بوارە جیاوازەکاندا پێناسەیەکی گشتی بۆ دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لەئارادا نییە و هەر بەم هۆکارە بە جێگای ئەوەی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی پێناسە بکرێت، پێویست دەکات کاراکترایز بکرێت و لە ڕەهەندی جیاوازەوە شرۆڤە بکرێت. هەرچەند چەمکی کۆمەڵگە[3] چوارچێوەیەکی تەواوتر و هەروەها ئاڵۆزترە، بەڵام لەم وتارەدا باس لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، چونکە لە دەرەوی دەسەڵات و ئیرادەی مرۆڤەوە بەرهەم نەهاتوون. کەوایە مەبەست لە چەمکی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لەم وتارەدا ئاماژەیە بۆ کۆی یاسا فەرمی و نافەرمییەکان (نۆڕمی کۆمەڵگە) کە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی پێک دەهێنن.

لە درێژەی ئەم وتارەدا، سەرەتا پێناسەکانی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەی زانستیی جیاوازەوە دێنە بەر باس، بەڵکوو خاڵی هاوبەشی ئەم پێناسانە بو ناسینی کاراکتێری دامەزاوەی کۆمەڵایەتی دیاری بکەین. لە بەشی دووهەمدا هەوڵ دەدرێت ڕەهەندی جیاواز و جۆرەکانی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی شرۆڤە بکرێت بۆ ئەوەی کارکرد و ئامانجی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و هەروەها مکانیزمی کارکردن و بەریەککەوتنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان ڕوون ببێتەوە و بەشی کۆتاییی وتارەکەش کۆبەندی باسەکە پێک دەهێنێ کە لە چوارچێوەی کوردستان، کاراکتێر و میکانیزمەکانی دامەزراوە بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە. ئەم وتارە هەوڵ دەدات سوود لە ڕوانگەی ئابووری-سیاسی لەمەڕ دامەزراوەی کۆمەڵایەتی وەربگرێت و چەمکە پێوەندیدارەکان بە پرسی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لە کانتێکستی کوردستاندا شرۆڤە بکات کە بێگومان گۆتارێکی نوێ پێشکەش ناکات. لە ڕوانگەی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسییەوە خوێندنەوە بۆ دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان کراوە، بەڵام بواری ئابووری-سیاسی کەمتر باسی لێ دەکرێت. لەم سۆنگەوە، ئەم وتارە هەوڵ دەدات یارمەتیدەر بێت بەڵکوو «نرخ» وەک بەرهەمی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆنتێکستی کوردستاندا بەرجەستە بکاتەوە، هەروەها باسی بارودۆخی کورد وەک نەتەوە کە خاوەن چەندین دامەزراوەی جیاوازە بکات، بەڵکوو لەم ڕوانگەیەشەوە تیشک بخرێتە سەر کەموکووڕی و خاڵە بەهێزەکانیان.

سێ گریمانەی سەرەکی کە لەم وتارەدا بە بنەما گیراوە بریتین لە: یەکەم، ئابووری کە زانستی لێکدانەوەی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکانە و لەباری ڕەفتارییەوە تەک ڕەهەندانە نییە. واتە گشت کەسەکان بەرانبەرن و بۆ بەدەستهێنانی نرخی جیاواز ڕەفتاری جیاوازیان دەبێت. دووهەم، دامەزراوە ڕەفتارییەکانە کە مرۆڤ سنووردار دەکات، واتە لە هێندێک یاسای فەرمی-نافەرمی و هێزی داسپاندن پێک هاتووە کە چوارچێوەیەک دیاری دەکات بۆ ڕەفتارەکانی مرۆڤ و خۆی یاسای یاریکردن دیاری دەکات. سێهەم، کولتوور و شێوازی ژیانە کە بە هۆی تێپەڕینی کات و هەروەها لە پڕۆسەیەکی لێکدانەوەیی لەمەڕ  هەڵە و چاککارییەوە پێک هاتووە، واتە پێشتر دیزاین نەکراوە.

پێناسەی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی

هەرچەند لای زانایانی بوارە جیاوازەکانی زانستدا یەک پێناسەی گشتی بو شرۆڤەکردنی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لەئارادا نییە، بەڵام دەکرێت خاڵە گرینگەکانی هەر کام لەو پێناسانە جیا بکەینەوە، بەڵکوو پێناسەیەک کە نزیکتر بێ لە هەمووان، وەک خاڵی هاوبەش دیاری بکەین و لە ڕێگای کاراکتێزەکردنی[4] دامەزراوەی کۆمەڵایەتییەوە بگەین بە پێناسەیەکی هاوبەش. زۆر لە زانایان، لەوانە «ویلیام ڕیکەر»[5] (Ricker, 1982: 155) لەسەر ئەوە کۆکن کە بەبێ تێگەیشتن لە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی ئێمە ناتوانین لەسەر نرخ[6]  بدوێین. کەواتە نرخ یان بەها، بە مانا بەرفراوانەکەی، لێرەدا بەرهەمی سەرەکیی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات. لەم پێوەندییەدا نرخ بە واتای دەرئەنجامی ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی ڕەچاو کراوە کە سوود یان زیانی بو یەک کەس، چەند کەس و یان کۆی کۆمەڵگە دەبێت، کەواتە دەکرێ باش یان خەراب بێت و نرخەکان بە پێی ئەوەی چەند کەس سوودیان پێ دەگات و ئەم سوودە تا چەندە بەردەوام دەبێت، لەبەرچاو دەگیرێت. بۆ نموونە سیستەمی ئاودێری لە کشتوکاڵدا کە سەرچاوەکەی یەک کانی بووە، لە ڕێگای ڕێککەوتن لەنێوان باخدارەکانەوە کەسێک وەک “میراو” دیاری دەکەن، بەڵکوو ئەرکی دابەشکردنی ئاو لەنێوان باغەکان وەئەستۆ بگرێت. خاڵی سەرنجڕاکێش لەم ڕێککەوتنەدا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نەریتی ئاگای لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی ئاو بووە و هەنووکەش یەک لە بنەما گرینگەکانی ئابووری لە دنیای مۆدێرندا ئەوەیە کە سەرچاوەکان سنووردارن[7] ، لە هەمان کاتدا بە ڕەچاوکردنی تیۆریی یاری توانیویانە پێوەندییەکی ئۆرگانیک پێک بێنن، بەڵکوو هەموو لایەنەکان سوودی لێ ببینن و ئەم سوودە تەنیا لە خزمەت جیلێکدا نەبێت. ئەم پێوەندییە ئۆرگانیکە هۆکارێک بوو کە هەم سەرچاوەکان و هەم باخەکان بۆ جیلی دوای خۆیان بە میرات بەجێ بهێڵن. کەواتە لەم پێوەندییەدا، نرخ بەرهەم هاتووە و لە ڕێگای میکانیزمەکانی بەردەوامبوون، خۆی بەرهەم هێناوەتەوە (Lofthous, 2019).

«چارڵز پڵات»[8] لە بواری تیۆریی هەڵبژاردنی گشتییەوە[9] هاوکێشەیەک دادەڕێژێت و دەڵێت؛ دامەزراوەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵە یاسایەکن کە دیاری دەکەن تاک لە کۆمەڵگەدا چۆن خۆی دەربخات، پیوندی ساز بکات و مافی بەرایی[10] خۆی هەڵبژێرێت (Plott, 1979: 160).واتە:

دامەزراوە + مەجال + مافی بەرایی = ئەنجام

ئەنجام یان ئەو شتەی دواجار وێنا دەکرێت، لەم فۆرموڵەدا کۆبەندێک لە مەجال و مافە بەرایی‌یەکان پێک دەهێنێت کە لە دامەزراوەیەکدا بەدی دەکرێن. واتە دەرئەنجام دەبێ لە لایەن دامەزراوەوە پەسەندکراو بێت، چونکە ئەوە دامەزراوەیە کە دەرئەنجامەکان دەنرخێنێت و دیاری دەکات کام یەک لە دەرئەنجامەکان قەدەغە یان ڕێگەپێدراون. ئەگەر دەرئەنجامێک بە پێی یاساکانی دامەزراوە و بڕیاری بژاردە بەردەستەکان دیاری کرابێت کە پەسەندی دامەزراوە نەبێت، ئەوا دەبێتە جێی پرسیار و گومان. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەیەکی داگیرکراودا هەرچەند بە پێی یاسا کۆمەڵایەتییەکان گشت کەسێک مافی ئەوەی هەیە مۆڵکی خۆی بفرۆشێت و دەسەڵات بۆی دیاری ناکات بە کێی بفرۆشێت، بەڵام ئەگەر هاوڵایەتییەکی بیانی بێت ئەوا دامەزراوە ڕێگای پێ نادات، چونکە پەسەندکراو نییە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە مافی خاوەندارێتیی گشتیی کۆمەڵگە (وڵات) لە سەرەوەی مافی تاکە کەسییەوەیە. بەم هۆیەوە لە وڵاتێکدا کە سەروەریی سیاسی هەیە، سەرەڕای یاسای کۆمەڵایەتی یاسای حکوومیش ڕۆڵی سەرەکی دەبێت، بەڵکوو چاوەدێریی پڕۆژەی کڕین و فرۆشتنی موڵکی هاوڵاتییان بکات و ڕێگە نەدات ئەو جۆرە سەودایانە هەڕەشە لە سەروەریی سیاسیی نەتەوەیەک بکەن. بۆ نموونە ئەو یەهودییانەی لە خاکی فەڵەستیندا نیشتەجێن و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیسڕائیل دەژین، هەرچەندە ئەو شوێنانە لە پڕۆسەیەکی داگیرکاریدا لە لایەن یەهوودییەکانەوە کڕدراون، بەڵام بە پێی یاسای ژمارە ٤۹ی پەسەندکراوی ژنێڤ، گواستنەوەی شارۆمەندانی داگیرکەر بو خاکی داگیرکراو قەدەغە کراوە (Geneva Convention, 1949: 23).

ئەم هاوکێشەیە جەخت لە کەرتە تایبەتەکان دەکاتەوە و ئەنجام بەو کەرتانەوە دەبەستێتەوە، واتە کەرتەکان دەبێ عەقڵانی[11] بیر بکەنەوە و پارسەنگی قازانجەکانیان وەها ڕابگرن کە زەرەری بۆ بەرژەوەندیی گشتی نەبێت. بۆ نموونە، لە زۆر ناوچەی کوردستان سەبارەت بە شاخاوی بوونیان، مەجالی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ کەم بووە و خەڵک ڕوویان لە ئاژەڵداری و باخەوانی کردووە، لە دۆخێکی وەهادا کۆمەڵگە بڕیاری داوە لە ڕێگای هەناردەکردنی بەرهەمەکانیانەوە ساتوسەودا لەگەڵ ئەو ناوچانە بکەن کە بەرهەمی کشتوکاڵیان زۆرتر بووە. ئەم شێوە بازەرگانیکردنە لەسەر بنەمای پسپۆڕبوون [12] ئەنجام دراوە. واتە بە ئەزموون و لە ڕێگای تاقیکارییەوە کەرتە تایبەتەکان هەڵیان بژاردووە کە بازرگانیکردن دەتوانێ سوود بە هەر دوو لا بگەیەنێت، هەروەها ئەم پێوەندییە ئابوورییە توانیویەتی کولتوورێکیش دابهێنێ بە ناوی «کاروان کردن». سیستەمی بازرگانی لە دنیای مۆدێڕنیش هەر لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە، وەها کە پێویست ناکات کۆمەڵگایەکی مرۆیی هەموو شتێک بەرهەم بێنێت، بەڵکە دەشێ لە ڕێگای ئاڵوگۆڕەوە نیازەکانی خۆی دابین بکات. بۆ ڕوونتربوونەوەی ئەم بەشە، بە پێویستی دەزانم پێناسەیەک بۆ تێرمی «تێچووی دەرفەتی جێگرەوە»[13] بکەین، واتە تێچووی هەڵبژاردنەکانمان دەبێ تا چەند لە قازانجی ئێمە بێت، بەڵکوو ناچار نەبین جێگرەوەی دیکە هەڵبژێرین. بۆ نموونە ناوچەیەک کەشوهەواکەی گۆنجاو نییە بۆ بەرهەمهێنانی گەنم، بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی سێو گونجاوترە، واتە بەراورد بکەین کە بۆ بەرهەمهێنانی یەک فەردە گەنم دەبێ چاوپۆشی لە بەرهەمهێنانی چەند کیلۆ سێو بکرێت. دیارە کۆمەڵگای کۆن چ لە کوردستان و چ لە ناوچەگەلی جیاوازی جیهان، بەبێ ئەوەی ئاگاداری تێورییەکانی ئادام ئیسمیت و ئابووریناسەکانی دیکە بن، لە ڕێگای ئەزموون و تاقیکارییەوە فێری تێچووی دەرفەتی جێگرەوەکان بوون و بەو یاسایە کاریان کردووە.

بە پێی ئەو دوو پێناسەیە کە ئاماژەیان پێ درا، دامەزراوە و یاساکانیان ڕۆڵیان هەیە لە کولتوور و شێوەی پێوەندییەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا، بەڵام «ئەندروو سکاتێر»[14] باوەڕی وایە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بە پێی یاسای یاری کار ناکەن بەڵکە هەڵقوڵاوی بڕوای گشتین. بە بڕوای ئەندروو بە پێی ماوە و هەروەها شێوازی هاوپێوەندیی ئەندامانی دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی، باشترین یان عەقڵانیترین ستراتیژی دادەڕێژرێت و بە هۆی تێپەڕینی کات و دووپاتکردنەوەی ئەزموونەکان، لە کۆمەڵگەدا گشتگیر دەبن (Schotter, 1981: 155). مەبەست لەم وتانە ئەوەیە کە زانست بە تەنیا ڕۆڵی نییە، بەڵکە ئەزموونی کردەیی و کولتوور باشترین ڕێگاچارەکان دەدۆزنەوە. بۆ نموونە هۆکاری ئاوەدانکردنەوەی بەشێکی زۆر لە گوندەکانی کوردستان لە ناوچە سەخت و شاخاوییەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ دابینکردنی تەناهی، واتە بە پێی ئەزموونی گشتی بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بۆ پاراستنی خۆیان لە هێرشی دەرەکی، باشترین شوێن بۆ ژیان بەرزایی‌یەکانە. لێرەدا دەتوانین بەدڵنیایی‌یەوە بڵێین کە دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و کولتوور دوو یەکەی جیا، بەڵام گرێدراوی یەکترن و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. بە گۆتەی «دان لافوی»[15] کولتوور چوارچێوە یان کانتێکستی تاک لە کۆمەڵگەیەک دیاری دەکات کە هەموو جۆرە کردارێکی تاک واتادار دەکات و هەروەها ئەوە کولتوورە کە مەجال بۆ تاکەکان دەڕەخسێنێ و یارمەتی دەدات لە هەڵبژاردن و بەهەندگرتنی بڕیارەکاندا سەرپشک بن (Lavoie, 1991). کەواتە کولتوور گرینگیی تایبەتی هەیە بۆ کارایی دامەزراوە و هەروەها دامەزراوەکان بە پێی یاسا و ڕێساکانی پیوەندی گرتنەوە دەتوانن کولتوور بەرهەم بێنن یان کولتوورێکی تایبەت بگۆڕن. بۆ نموونە کولتووری ڕاو لە کوردستاندا شتێکی باو بووە و لە سەدان چیرۆک و بەند و گۆرانیدا وەک کولتوورێکی ئەرێنی باسی ڕاو کراوە و لە پاڵ ئەم شێوە ژیانەدا هونەر و هێندێ جاریش میتۆلۆژیی تایبەت بەرهەم هاتووە. بۆ نموونە لە چلوپێنج شەو دوای زستاندا ئەڵێن “ئەمشەو کۆڕی سەیاد (ڕاوچی) چووە بۆ ڕاو” کە ئاماژەیە بۆ گەرم بوونی زەوی و کۆتاییهاتنی سەهۆڵبەندان. بەڵام دامەزراوە زانستی و ژینگەیی‌یەکانی پاش سەدەی بیستەم، چی دیکە داکۆکی لە پیشەی ڕاوکردن ناکەن و لە پێناو پاراستنی ئێکۆسیستەم و ژینگەدا؛ ئەم جۆرە کولتوورە باوی نامێنێت و کولتووری ژینگەپارێزی جێگای دەگرێتەوە و زۆرتر بەهەند دەگیرێت. لەم سۆنگەوە و لە چوارچێوەی گوتاری ژینگەپارێزیدا، دیسان دامەزراوە یاسا و نۆڕمێکی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە و کۆتایی بە کولتوور و پیشەیەک دەهێنێت کە سەدان ساڵە لای مرۆڤ بەهەند گیرابوو.

هەڵبەت بە درێژی سەبارەت بە هاوردەکردن و کاریگەرییەکانی دامەزراوە دەرەکییەکانیش لەسەر ژینگەی کوردەواری قسە دەکەین، بەڵام بەر لە کۆتاییی ئەم بەشە بە پێویستی دەزانم شرۆڤەیەکی زیاتر لەمەڕ ڕۆڵی یاسا[16] بکرێت. بۆ کردنەوەی ئەم باسە خۆ لە مانای لەکسیکاڵی یاسا دەبوێرم، چونکە زۆر یارمەتیدەر نابێت، ئەو بابەتەی کە جێگای سەرنجی ئەم وتارەیە مانای ستراتیژیکی یاسایە، واتە ئەو ڕێسایانەی تاک لە کۆمەڵگەدا ملکەچیان دەبێت و بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیار و لە کاتێکی دیاریکراودا کاری پێ دەکەن. لەم گۆشەنیگایەوە ئەوە یاساکانن کە دیاری دەکەن ئەندامانی دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی دەتوانن چی هەڵبژێرن، چی یاساغە و چ ئەنجامێک دەتوانێ لە کۆمەڵگەدا مەشرووعییەتی هەبێت. یاساکانی دامەزراوە ئەگەر لەگەڵ کولتووری گشتیشدا ناتەبا بن، بەڵام توانای گۆڕینی ڕەفتاری خەڵکیان هەیە بە مەرجێک ئەندامانی کۆمەڵگە پەیڕەوی لێ بکەن. بۆ نموونە لە کۆنەوە، بەبێ ئەوەی سیستەمی دەوڵەت بوونی هەبوو بێت، سنووری گۆندەکان دیاری کراون و هەر گۆندێک ئاژەڵی خۆی لەنێو سنووری لەوەڕگاکانی خۆیان بەخێو کردووە. لێرەدا ڕۆڵی یاسا لە ڕەفتاری خەڵکی گوندەکاندا بەرچاو دەکەوێت کە بەپێی ڕەزامەندیی لایەنەکان مافی خاوەندارێتیی یەکتریان بە فەرمی سەلماندووە. ئەوەی ڕاستی بێ، رێککەوتنێکی  وەها هەمان یاسای مافی خاوەندارێتییە[17] کە لە سەردەمی مۆدێڕندا پارێزگاری لە نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگە دەکات.

بە کورتی دامەزراوەی کۆمەڵایەتی ناوەندێکی ئینتزاعی یان واقعییە کە یاسا، ماف و مەجال دیاری دەکات بۆ کۆمەڵە خەڵکێک بەڵکوو بگەن بە ئەنجامێکی تایبەت. کاراکتێرەکانی دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی بریتین لە: یەکەم، نرخ (ئەرێنی و نەرێنی) بەرهەم بێنن، دووهەم؛ جۆرێک لە نەزم و ڕەفتار دابهێنن و هەروەها مافی خاوەندارێتی بە فەرمی بناسێنێت. ئەم سێ کاراکتێرە زۆر گرینگن، چونکە لە چوارچێوەی مافی خاوەندارێتیدا، نەزمی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیش دەتوانێ نرخ بەرهەم بێنێت و بیپارێزێت. لە ڕوانگەی زانستی جیاوازەوە، بۆ نموونە کۆمەڵناسی و سیاسەت، کاراکتێری جیاواز بو دامەزراوە دیاری کراوە و لە بواری ئابووری سیاسیشدا دەتوانین سێ لە سەرەکیترین کاراکتێرەکانی دامەزراوە بەم چەشنە دیاری بکەین:

  1. خۆ بەرهەمهێنانەوە یان بەرهەمهێنانی نرخ
  2. پارێزگاریکردن لە مافی خاوەندارێتی
  3. داهێنانی نەزمی ڕەفتاری لە کۆمەڵگەدا، واتە شارستانییەت

مۆدێلەکانی دامەزراوە

لە سەردەمێکەوە کە مرۆڤ ژیانی بەکۆمەڵی هەڵبژاردووە، دامەزراوەش دەستی پێ کردووە. بۆ نموونە لە سەردەمی ڕاوچییەتیدا کە مرۆڤ بێجگە لە ڕاوکردن داهاتی دیکەی نەبووە، دامەزراوە لەئارادا بووە. واتە پیاوان چوون بو ڕاو و ژنانیش ئەرکی پاراستنی منداڵانیان لە ئەستۆ بووە، لە دۆخێکی وەهادا جیاکاریی هێزی کار دروست دەبێت و ئەم بەرپرسیارەتییانە نەزمێکی بە ژیان بەخشیوە. بە گشتی بۆ هەر کۆمەڵگەیەک و بە پێی سەردەم، دامەزراوەی فرەچەشن وێنا دەکرێت کە لەم وتارەدا ئاماژە بە پێنج دامەزراوە دەکرێت کە لە گشت کۆمەڵگایەکدا تا رادەیەک بەدی دەکرێن: ١- دامەزراوەی ئایین، ٢- دامەزراوەی بنەماڵە، ٣- دامەزراوەی پەروەردە، ٤- دامەزراوەی حکوومی یان بەڕێوەبردنی سیاسی  و ٥- دامەزراوەی ئابووری. ئەم دامەزراوانە هەرچەند لە ئەرک و کاراکتێردا جیاوازن، بەڵام کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم بە کورتی دامەزراوەی ئایین، پەروەردە، بنەماڵە و ئابووری شی بکەمەوە و دواتر دامەزراوەی حکوومی یان بەڕێوەبەری بە شێوەی تایبەت شرۆڤە دەکەم کە هەژمۆن و کۆنتڕۆڵی لەسەر دامەزراوەکانی دیکە هەیە.

دامەزراوەی ئایین

یەکەم پرسیار لێرەدا ئەوەیە داخوا ئایین دامەزراوەیە؟ واتە، دەتوانێ لە کۆمەڵگەدا نرخ بەرهەم بێنێت؟ پرسیاری دووهەم ئەوەیە؛ ئەگەر ئایین دامەزراوەیە، چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگە هەیە و لە بواری ئابووری-سیاسی و هەروەها کۆمەڵناسییەوە چۆن پێکهاتە و میکانیزمەکانی کارکردنی دامەزراوەی ئایین پێناسە دەکرێت؟ سەرەتا پێویست دەکات بەکورتی دامەزراوەی ئایین پێناسە بکەین، بەڵکوو بیسەلمێنین کە ئائین دامەزراوەیە، دەتوانێ نرخ بەرهەم بێنێت و لە باری ئابووریشەوە چۆن ئینترۆپینرشیپ [18]، وەک مۆدێلێک بو پێوەندییەکانی دامەزراوە پێک دەهێنێت. ئینترۆپێنرشیپ پڕۆسەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی نرخ کە لە ڕێگای گەشەسەندوویی و ڕێکخستنەوە مسۆگەر دەبێت.  

یەک لە کارکردە گرینگەکانی ئایین دۆزینەوەی وڵامێکە بۆ پرسیارە مێتافیزیکییەکانی مرۆڤ و، هەر ئەم کارکردەش ڕۆڵی ئایین وەک ڕێپیشاندەر بۆ شێوە ژیانێکی تایبەت کە پێوەندی بە داهاتووی مرۆڤەوە هەیە، بەهێز دەکات. لەباری کولتووریشەوە مرۆڤ ئایین وەک بەشێک لە ناسنامەی خۆیان دەسەلمێنن و هەر ئەم ڕەهەندە کولتوورییەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەهێزبوونی باوەڕ و گشتگیربوونی یاساکانی ئایین لە کۆمەڵگەدا کە دواجار کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی مرۆڤ دەبێت. بۆ نموونە کەسێک کە خۆی بە موسڵمان پێناسە دەکات، بەپێی یاسایەک کە ئیسلام بۆ ماڵیات و باج دیاری کردووە، ڕەفتار دەکات. کەوایە دەتوانین  بڵێین ئایین دامەزراوەیە، چونکە ڕۆڵی هەیە لە سازدانی بڕیار و ئەنجامەکان. سەبارەت بە ئابووری، لە زۆر یەک لە کۆمەڵگەکاندا لەسەر ئەم پرسیارە کە داخوا دامەزراوەی ئایین دەتوانێ نرخی ئەرێنی یان نەرێنی لە کۆمەڵگایەکی باوەڕمەنددا دروست بکات، بە بەردەوامی مشتومڕی زۆر لەئارادا هەبووە، بەڵام هەموان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێ تەبایی‌یەک لەنێوان دامەزراوەی ئایین و دامەزراوەی کولتووردا هەبێت، بەڵکوو بەگژ یەکتردا نەچنەوە و نەبنە هۆکارێک بۆ بەرهەمهێنانی دژەنرخ لە کۆمەڵگەدا. هەڵبەت ئەمە ئەرکی دامەزراوەیەکی گەورەترە کە هەژمۆنی هەبێت لەسەر دامەزراوە کولتووری و ئایینییەکان، واتە دامەزراوەی حکوومی، چونکە هەم هێزی پاڵپشتی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئایین و کولتوور، هەم سەرچاوەی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ داهێنانی میکانزمێک کە ئەم دوو دامەزراوە لە کۆمەڵگەدا تەبا و ڕێک بخات.

ئەبوو حەنیفە ئەیوب[19] لە لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە ڕۆڵی دامەزراوەی ئایینی ئیسلام لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا دەڵێت: «ئابووریی نوێی جیهان لە وڵاتە مۆسڵمانەکاندا نەک وڵامی نەداوەتەوە، بەڵکە کاریگەریی نەرێنیشی هەبووە لەسەر سیستەمی ئابووریی کلاسیک. چونکە “بڕیارە” ئابوورییەکان بەپێی مەرجەکانی لیبەرالیزمی ئابووری کار دەکەن کە نامۆیە لەگەڵ مەجال و مەرجە کولتوورییەکانی وڵاتانی موسڵمان» (Ayob, 2019: 649). واتە ئابووریی مۆدێڕن لەم سەردەمەدا و لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا، بەپێی مەجالەکانی سیستەمی ئابووریی جیهان کار دەکات و کارایی‌یەکەی تەنیا ڕاگرتنی ئابووریی وڵاتە نەک بەرهەمهێنانی نرخی ئەرێنی. سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان، شیکاریی پێوەندیی نێوان دامەزراوەی ئایین و ئابووری کارێکی ئەستەمە، چونکە کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە کە لەو پێوەندییەدا لێی بکۆڵێتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێن پێوەندیی دامەزراوەی ئایین و دامەزراوەی کولتوور، ئابووری و سیاسی لە کوردستاندا بە دوو هۆکاری سەرەکی پێوەندییەکی ئاڵۆزە؛ یەکەم، نەبوونی سیستەمێکی بەڕێوبەریی گشتی کە ئەرکی ئایین لە کوردستان ڕوون بکاتەوە و دووهەم، فرەچەشنبوونی ئایینە لە کوردستان کە لە بنەڕەتدا یەک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسیی کوردستانیشە.

تا ئەو جێگایە پێوەندی بە دۆخی کوردستانەوە هەیە، کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی دامەزراوەی ئایین لەسەر شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی کوردستان هەبووە کە دەتوانین ئاماژە بە چەند نموونە بکەین: ڕۆڵی شێخ و کەسایەتییە ئایینییەکان بۆ زیندووکردنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازانە بە دوای سەرکوتکرانی سەرۆک هۆز و میرنشینەکان، بوونی چەکداری کورد لەناو ڕیزەکانی هێزی داگیرکەر بە ناسنامەی ئایینییەوە وەک جاشەکان کە بە ناوی “پێشمەرگەی موسڵمان” و بە دوای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشدارییان کرد لە سەرکوتی خەباتی میللی دێمۆکراتیکی کورد، فەرمانی جیهادی خۆمەینی دژی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێکەڵبوونی سەدان گەنج لەناو ڕیزەکانی داعیش کە دژی نرخەکانی کوردستان شەڕیان دەکرد، خۆ نەبانکردنی پێکهاتە باوەڕمەندەکانی مەزهەبی شیعە لە شۆڕشی ڕزگاریی ڕۆژهەڵات و تەنانەت ڕێکخستنی گرووپگەلی چکۆلە لە ڕۆژهەڵات بە ناوی سەلەفییەت کە دوور نییە بە پاڵپشتیی دەوڵەتی ئیران بە مەبەستی تێکدانی بارودۆخی ڕۆژهەڵات سەریان هەڵدابێ و زۆر نموونەی دیکە کە هەر کام شرۆڤەی تایبەت بە خۆی دەوێت و هەموویان دەگەڕێتەوە بو ڕۆڵی دامەزراوەی ئایین لە کۆمەڵگە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دامەزراوەی ئایین لەمەڕ داڕشتنی بڕیار و جێبەجێکردنی کار و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان، چ لە ئاستی تاک و چ لە ئاستی کۆمەڵگەدا.

سەبارەت بە ڕۆڵی دامەزراوەی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەی ئایین پێویستیمان بە شرۆڤەیەک هەیە، بەڵکوو مۆدێل و میکانیزمەکانی بەریەککەوتنی دامەزراوەکان ڕوون بکاتەوە. واتە مۆدێلێک بۆ دیاریکردنی چۆنیەتیی گرێخواردنەوەی دامەزراوە بە کولتووری گشتیی کۆمەڵگە کە لە وتاری «بۆتێک و ئەوان»[20] ئاماژەی پێ دراوە. ئەم مۆدێلە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بەڵکوو زیاتر لە شێوازی پێوەندیی کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ دامەزراوەی ئایین تێ بگەین. لەم مۆدێلەدا ئاماژە بە دامەزراوەی خۆجێیی کراوە کە بە هۆی کات و بەپێی ئەزموونی کۆمەڵگە، پێک هاتووە و لە لایەن هێزی خۆجێییەوە پشتگری دەکرێت. نموونەیەکی دیکە لە دامەزراوە خۆجێییەکان کە بەرهەمی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگا نین، بەڵکە وەک مۆدێلێکی هاوردە لە لایەن بەشێکی کۆمەڵگاوە بەهەند گیراون و بە دامەزراوە دەرەکییەکان پێناسە دەکرێن. مۆدێلی  یەکەم، خۆڕسکە و لە هەناوی کۆمەڵگەدا و بەپێی ئەزموون پێک هاتووە، مۆدێلی دووهەم، کانستڕاکتە و لە لایەن بەشێکی ئەندامی کۆمەڵگەوە هاوردە کراوە و کار بۆ جێگیرکردنی ئەو دامەزراوە خۆجێییە دەکەن. بەڵام لەم نێوەدا، مۆدێلێکی سێهەمش هەیە کە نەک لە دەرەوەی کۆمەڵگەوە هاتووە، بەڵکە لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە پشتگری دەکرێن و کار بۆ جێگیرکردنیان دەکرێت. بە گشتی دەکرێ سێ مۆدێلی دامەزراوەی خۆجێیی لە کۆمەڵگەدا بەدی بکرێن:

  • دامەزراوەی خۆجێیی کە بەشێکە لە نەریتی کۆمەڵگە و بە هزری خۆجێیی جێبەجێ دەکرێت[21]
  • دامەزراوەی دەرەکی کە بە هێزی خۆجێیی جێبەجێ دەکرێت[22]
  • دامەزراوەی دەرەکی کە بە هێزی دەرەکی جێبەجێ دەکرێت[23] (Boettke& Conyne, 2008).

ئێمە دەزانین کە کۆمەڵگای کوردستان سەرچاوەی ئایینی ئیسلام نەبووە و کەچی زیاتر لە سەتا نەودی نەتەوەی کورد مۆسڵمانن. هەر چەند تاڕادەیەک کولتوورێکی سیکۆلار چ لە دامەزراوەی کولتوور و چ لە شۆڕشە ڕزگاریخوازانەکانی کوردستاندا بەدی دەکرێت، بەڵام ڕێژەی باوەڕدارانی ئیسلام لە تاکەوە بۆ تاک و لە کۆمەڵگەیەکەوە بو کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە. واتە دامەزراوەی ئایینی ئیسلام وەکوو دامەزراوەیەکی دەرەکی لە کوردستان هەیە و بەدرێژاییی مێژوو جێگیر بووە و بەڕێوەبەری، ڕێکخستن و وەرگیڕانی یاساکانی ئایین لە ئەستۆی ئەم دامەزراوە دەرەکییەوە بووە. لە سەردەمی پێش دەوڵەت-نەتەوەکان بە هۆی لامەرکەزیبوونی دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتی حکوومەتەکان لەسەر کوردستان سنووردار بووە کە پێوەندی بە سیستەمی ئیمپڕاتووری و نەبوونی هاوپێوەندیی ڕاستەوخۆ لەو سەردەمەدا هەیە. لە دۆخێکی وەهادا ئەرکی ڕێکخستن، وەرگیران و بەڕێوەبەری لە کوردستاندا زیاتر لە ئەستۆی شێخەکان و کەسایەتییە ئایینییەکانی کورد بووە، واتە مۆدێلی یەکەمی دامەزراوەی خۆجێیی کە ئەگەرچی دامەزراوەی ئایین دامەزراوەیەکی دەرەکییە، بەڵام بە هۆی تێپەڕینی کات، دەبێت بە بەشێک لە نەریتی کوردان و بە هزری خۆجێیی جێبەجێ کراوە.

لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەکان کە کوردستانیان داگیر و پارچەپارچە کردووە، ئەرکی چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵ و ڕاڤەکردنی ئایین لە کوردستان کەوتە ئەستۆی ئەوان. هەرچەند دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە کوردستانی گەورە لە یەک ڕەهەندەوە شرۆڤە بکەین، بەڵام مۆدێلی بەڕێوبەری و هاوپێوەندی سازکردنی دامەزراوەی ئایین لە جۆگرافییای کوردستاندا، دەکەوێتە ڕیزی مۆدێلی سێیەم، واتە دامەزراوەی دەرەکی کە بە هزری دەرەکی لە کۆمەڵگای کوردستاندا جێبەجێ کراوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت ئەو کەسانەی ئەم مۆدێلەیان پێشنیار کردووە، دان بەوەدا دێنن کە ئەم تیۆرییە دەتوانێ ببێتە هۆی سادەکردنەوەی بەراوردکارییانە و ئاڵۆزیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئاکامی لێکۆڵینەوەکان وا دەردەخەن دامەزراوەی خۆجێیی کە بە هێزی خۆجێیی بەڕێوە دەچێت، زیاتر بەردەوام دەبێت و دامەزراوەی دەرەکی کە بە دەستی دەرەکی جێبەجێ دەکرێت، کورت‌ماوەترن. بە ڕەچاوکردنی ئەم مۆدێلە لەمەڕ ئانالایزکردنی هاوپێوەندیی دامەزراوەکان و کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێخۆشکەرە بۆ خوێندنەوەی دامەزراوەکانی دیکەی کوردستان، بۆ نموونە دامەزراوە بەڕۆژەڤەکانی وەک ژینگەپارێزی، مافی مرۆیی، سەندیکالیستەکان و …هتد کە جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ دامەزراوە کولتووری و ئایینییەکانی کوردستان هەیە. لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەم خاڵە گرینگەش بدەم کە ئایین وەک سیستەمێکی باوەڕمەند بە تەنیا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا نابێ، بەڵکە وەک گشت دامەزراوەکانی دیکە، کاریگەری لەسەر کولتوور و یاسا نافەرمییەکانی کۆمەڵگەش دەبێت. بە گشتی پێوەندی و کاریگەریی دوو دامەزراوە، دوو لایەنەیە و تەنیا هێز دیاری دەکات کە کام لایەن کاریگەرییەکەی زۆرتر بێت.

دامەزراوەکانی بنەماڵە و پەروەردە:

هەرچەند لە گشت کۆمەڵگایەکدا بە شێوەی سرووشتی ئەم دوو دامەزراوەیە بەدی دەکرێن، بەڵام هاوشێوەی دامەزراوەی ئایین، دامەزراوەی حکوومیش کاریگەریی زۆری لەسەریان هەیە و هەمیشە لە هەوڵدایە بەڵکوو ئەو دوو دامەزراوەیە لە پاوانی خۆیدا ڕابگرێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەم دوو دامەزراوەیە گرینگترین بنەمان بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی هاوڵاتییان. دامەزراوەی پەروەردە کە ئەرکە سەرەکییەکەی پەروەردەی هێزی مرۆییە لە کۆمەڵگەدا، ڕاستەوخۆ پێوەندی بە نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگاشەوە هەیە. واتە ئاراستەی ئابووری، ڕوانگەی کولتووری و جۆری قوتابخانە هزرییەکانی کۆمەڵگە، سەرەتا لە دامەزراوەی پەروەردەدا ڕادەهێندرێن و لە نەبوونی دامەزراوەی پەروەردەدا، قەت مەجال بۆ بەرهەمهێنانی نرخ ناڕەخسێت. کەوایە یەکێ لە ئەرکەکانی دامەزراوەی پەروەردە بەرهەمهێنانی سەرمایەی مرۆییە لە کۆمەڵگادا، بەڵکوو نرخ بەرهەم بێنن، بەڵام دامەزراوەی پەروەردە لە درێژماوەدا کاریگەری لەسەر دامەزراوەی حکوومیش دەبێت، چونکە دامەزراوەی حکوومی لە ڕێگای دامەزراوەی پەروەردەوە خۆی نوێ دەکاتەوە و لە ڕاستیدا قوتابخانەکان کانگای پەروەردەی کارگێڕانی حکوومیشە.

دامەزراوەی بنەماڵە لە زۆر ڕەهەندەوە خاڵی هاوبەشی هەیە لەگەڵ دامەزراوەی پەروەردە و دامەزراوەی کولتوور، چونکە بە شێوەیەکی ڕێژەیی هەمان ڕۆڵی هەیە کە دامەزراوەی پەروەردە بۆ دامەزراوەی حکوومی هەیەتی، واتە دامەزراوەی بنەماڵە یەکەم قوتابخانەی ڕاهێنانی کولتوور و نۆڕمەکانە. نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە فۆڕمی بنەماڵە بەپێی قۆناغە مێژوویی‌یەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەم گۆڕانانە لەژێر سریمەی بەرهەمهێنان و ڕەوەندی دیالیکتیکی مێژوو جێبەجێ کراوە. بۆ نموونە پێش گەشەکردنی ئابووریی سەرمایەداری، فۆڕمی مەزن-بنەماڵە لەئارادا بووە کە لە چەند جیلی جیاواز پێک هاتووە. لە سەردەمی سەرمایەداریدا بنەماڵەکان سلولی و چکۆلەتر دەبنەوە، واتە لە دایک و باوک و یەک دوو منداڵ پێک هاتوون. وەک دەبینین دامەزراوەی ئابووری ڕۆڵی هەبووە لە گۆڕانی فۆڕمی بنەماڵەدا. هەڵبەت زانستی کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی لەم گۆڕانکارییەدا خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام تا ئەو جێگایەی پێوەندی بە ئابووریی سیاسییەوە هەیە، گۆڕان لە ڕۆڵ و ئەرکە پیشەیی‌یەکانی ئەندامانی بنەماڵە، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. بۆ نموونە لە کۆمەڵگە نەریتییەکان پیاوان کاری دەرەوەی ماڵیان لە ئەستۆ بووە وەک؛ ڕاوکردن و چوونە کاروان، بەڵام کاری نێو ماڵ لە ئەستۆی ژناندا بووە و لە هەمان کاتدا بەشێک بوون لە هێزی کاریی کشتوکاڵیش. بەڵام لە سەردەمی مۆدێڕندا ئەرک و ڕۆڵە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت و ژنانیش دەبن بە بەشێکی گرینگ لە بازاڕی کار، ئەم گۆڕانکارییە نەدەهاتە دی ئەگەر ئاقاری بەرهەمهێنان و سەرمایە، گۆڕانی بەسەردا نەهاتبا.

بە گشتی دامەزراوەی پەروەردە و بنەماڵە هەروەک هەموو دامەزراوەکانی دیکە لە پێوەندیی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و بە گشتی کار لە یەکتر دەکەن.

دامەزراوەی ئابووری:

سەرەتا بە پێویستی دەزانم ئاماژەیەکی کورت بە جیاوازیی نێوان دامەزراوەی ئابووری و هەروەها زانستی ئابووری بکەم. زانستی ئابووری چۆنایەتیی بڕیاردانی بنەماڵە یان تاک لەسەر کەرتە ئابوورییەکان لێک دەداتەوە و، هەروەها لێکۆڵینەوە لەمەڕ مەجالە ئابوورییەکان دەکات، بەڵکوو بگات بە ئەنجامێکی دڵخواز، بەڵام چانگ[24] باوەڕی وایە کە دامەزراوەی ئابووری سیستەمێکی حکوومییە بۆ پشتیوانی و پاراستنی مافی خاوەندارێتیی هاوڵاتییان و بازاڕی سەرمایە (Chang, 2011: 475). بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاماژە کورتە، هەوڵ دەدەم شرۆڤەیەک بۆ دامەزراوەی ئابووری لە ڕەهەندە جیهانییەکەیەوە بکەم کە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە یەک لە نمادەکانیەتی و هەڵبەت کانتێکستی کوردستان وەک وڵاتێکی بێ‌دەوڵەت، ئامانجی سەرەکیی ئەم بەشە لە وتارەکە دەبێت.

لەمەڕ ڕەهەندی جیهانیی دامەزراوەی ئابووری، دامەزراوە جیهانییەکانی وەک بانکی جیهانی و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و … هتد، لەنێو دەوڵەت-نەتەوەکاندا لقی تایبەت بەخۆیان هەیە و وێڕای ڕێزگرتن لە سەروەریی سیاسیی یەکتر کاریگەرییان لەسەر دامەزراوەی ئابووریی ئەو وڵاتانە هەیە، بەڵکوو ڕێگا بۆ ئاڵوگۆڕی کالا و خزمەتگۆزاری و گەشەی ئابووری خۆش بکات. دامەزراوەی ئابووری هەمیشە لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێریی دامەزراوەی حکوومییە و، سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتەکان نابن بە بەربەست لەمەڕ ئەرکی دەسەڵات بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی، بازاڕی سەرمایە و گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەکەیان.

لە بابەت کارتێکەری و ئاکامەکانی دامەزراوەی ئابووریی ئێران لەسەر دۆخی کار و بازاڕی سەرمایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێکدانەوە و شرۆڤەیەکی زۆر کراوە، بەڵام ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیۆریی کۆمەڵگای کرێخواز[25] بە بنەما بگرێت، بەڵکوو لە ڕەهەندێکی دیکەوە ئاوڕ لەو کێشانە بداتەوە کە بەرەوڕووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتەوە. لە زمانی فارسیدا کۆمەڵگای کرێخواز کە چەمکێکی ئابووری-سیاسییە، بە ڕانت وەرگێڕدراوەتەوە و ئاماژە بە گەندەڵیی ئابووری دەکات، بەڵام ئەم چەمکە پێوەندیی بە گەندەڵییەوە نییە، بەڵکە ئاماژە بە هاوپەیوەندیی نێوان کەرتە ئابوورییە تایبەتەکان و دەسەڵاتی سیاسی دەکات. لەمەڕ تیۆریی کەرتە ئابوورییەکان کە پێشتر لە لایەن گۆردن توولۆک[26] وەک تیۆریی هەڵبژاردنی کۆلێکتیڤ پێناسە کرابوو، دواتر ئانا کروگر[27] (Krueger, 1974) یەک لە ئابووریناسەکانی ئەمریکا، لە حەفتاکانی زایینی و لە وتارێکدا ئاماژەی بە چەمکی کۆمەڵگای کرێخواز کردووە. دواتر توولۆک و هاوکارەکانی تیۆریی کۆمەڵگای کرێخواز و تیۆریی هەڵبژاردنی گشتی دەکەن بە بنەما بەڵکوو شرۆڤەیەکی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە ببیننەوە کە بڕیارە سیاسییەکان چ پێوەندییەکیان بە گەشەسەندوویی کەرتە تایبەت و گشتییەکانەوە هەیە. مەبەست لە کاری کۆلێکتیڤ (کاری هەرەوەز) سازدانی بەستێنێکی مامەڵەگەرایانەیە بەڵکوو کەرتە تایبەتەکان و دامەزراوەی حکوومی بگەن بە بڕیارێکی هاوبەش لەمەڕ وەدیهێنانی ئامانجێکی ئابووری-سیاسی کە خێری بۆ هەردوو لا هەبێ و هاوکات بەرژەوەندی و گەشەسەندوویی کۆمەڵگاش مسۆگەر بکات. ڕۆڵی حکوومەت وەک جێبەجێکار لەم پێوەندییەدا دیارە، چونکە ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە ئەستۆیە و لەهەمان کاتدا پاراستنی بەرژەوەندیی کەرتە تایبەتەکانیش مەشروعییەت بە دەسەڵاتی سیاسیش دەدات. بۆ نموونە لە وڵاتانی دێمۆکراتیکدا گشت یاسا و بڕیارنامەکانی حکوومەت لەمەڕ سیاسەتی ئابووری وەها تەکووز دەکرێن کە خێری بۆ کۆمەڵگە و هەروەها کەرتە ئابوورییە تایبەتمەندەکانیش هەبێت کە سەرچاوەی داهاتی وڵاتن. هەڵبەت ئەم هاوپێوەندی سازکردنەش لە ڕێگای لابیکردن و هەروەها بە لۆژیکی هاوڵاتیبوون دەڕواتە پێش، بەڵکوو حکوومەت ڕازی بکەن کە پڕۆژە ئابوورییەکانیان چەندە خێری بۆ گشت لایەک دەبێت (Tollock, 1980: 1304).

چۆن ئانالایزکردنی پڕۆژەی ئابووریی کەرتە تایبەتەکان و هەروەها ڕوانگەی دەسەڵاتی سیاسی لەمەڕ بەرژەوەندییە گشتییەکان، لە ڕاستیدا پێوەندی بە مۆدێلی سەروەریی سیاسییەوە هەیە. بۆ نموونە سیستەمی دێمۆکراتیک لە وڵاتانی ڕۆژاوا تێبینی و لێکدانەوەکانیان لەسەر بنەمای سوود و زیانی کەرتە جیاوازەکانە، واتە هەماهەنگییەک هەیە لەنێوان حکوومەت وەک جێبەجێکار، کۆمەڵگە وەک دەنگدەر و کەرتە ئابوورییەکان کە کار و سەرمایەی وڵات دەخەنە گەڕ و ماڵیاتی حکوومەت دابین دەکەن. کەوایە ڕانتی حکوومی دەتوانێ بەرژەوەندیی گشتی بپارێزێت، ئەو کەرت و پڕۆژانەی کە لە ڕێگای ڕانتی حکوومەتییەوە هەوڵ بۆ سوود دەدەن، دەتوانن ببن بە پاڵنەر بۆ گەشەسەندوویی کۆمەڵگا و لە ئەنجامدا گشت لایەک خێری لێ دەبینن. ئەم پڕۆسەیە وەک ڕانتی باش دێتە ئەژمار، چونکە هۆکارێکە بۆ دیاردەی «پوختەیی ئەرێنی»[28]. بۆ نموونە کۆمەڵەی دەروونناسانی کەنەدا لە ساڵی ۲٠۲۳ داوای لە حکوومەت کرد ماڵیات نەچێتە سەر نرخی ڤیزیتی ئەو کەسانەی بۆ پشکنینی دەروونی سەردانی دوکتورەکانی بەشی دەروونناسی دەکەن، چونکە لەبەر گرانبوونی ڤیزیت خەڵک کەمتر سەردانی دەروونناسان دەکەن. کەوایە پێوەندییەکی کاوزاڵێتی لەنێوان سڵامەتیی دەروونیی هاوڵاتییان و هەرزانکردنی پارەی ڤیزیت هاتە ئاراوە و حکوومەتی بە قەناعەت گەیاند کە لە پێناو تەندروستیی هاوڵاتییان، ماڵیات نەخاتە لەسەر پارەی ڤیزیت.

کۆمەڵگەی کرێخواز چۆن دەبێت بە هۆکار بۆ گەندەڵی و تێکچوونی سیستەمی ئابووری؟ وڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بو هاوپێوەندیی نێوان کەرتە سوودخوازەکان و حکوومەت و هەروەها چۆنیەتیی دابەشکردنی سەرچاوەکانی داهات. کاتێک حکوومەت ڕەچاوی بەرژەوەندیی گشتی نەکات و سەرچاوەکانی داهات بە جۆرێک ڕێک بخات کە تەنیا ئەو کەرت و گرووپانە سوودی لێ ببینین کە لە خزمەت مانەوەی دەسەڵاتی سیاسین (بۆ نموونە سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی) ئەوا گەندەڵیی ئابووری سەرهەڵدەدات. لە دۆخێکی وەهادا سەرمایەی گشتیی کۆمەڵگە ڕوو لە کەمبوون دەکات و بەشێک لە بژاردە و کەرتە تایبەتەکان لەمەڕ قەرەبووکردنەوەی کەسادبوونی بازاڕی سەرمایە، هەوڵ دەدەن خۆیان لە ناوەندی بڕیاردانی حکوومەت نزیک بکەنەوە، بەڵکوو دەستیان بەو ڕانتە حکوومییانە ڕابگات. لە دۆخێکی وەهادا لەنێوان حکوومەت و کەرتە کرێخوازەکاندا مامەڵە لەسەر خوانی سەرمایە و ئابووریی گشتیی وڵات دەکرێت و خێرەکەی دەچێتە گیرفانی حکوومەت و ئەو کەرتە کرێخوازانە. دەرکەوتەی گەندەڵییەکی وەها نایەکسانی، گرانی، هەڵاوسانی ئابووری و هەژارییە و لە باری کۆمەڵایەتیشەوە کۆمەڵێک کێشەی چاوەڕواننەکراوی لێ دەکەوێتەوە.

دامەزراوەی ئابووری و کوردستان:

یەک لە گرفتەکانی شرۆڤەی دامەزراوەی ئابووری لە کوردستان، ئەوەی ڕاستی بێ، پێوەندی بە نەبوونی سەروەریی سیاسیی کوردەوە هەیە. کاتێ سەروەریی سیاسی لەئارادا نەبێت، بەدڵنیایی‌یەوە دامەزراوەی بەڕێوەبەریش لەئارادا نابێت کە کار بۆ هاوسەنگیی نێوان بەرژەوەندیی گشتی، سەرمایە و هەروەها مەشرووعییەتی دەسەڵاتی سیاسی بکات. واتە زەروورەتی کەرت و گرووپە تایبەتەکان لەئارادا نابێت، بەڵکوو لە ڕێگای ڕانتی پۆزیتیڤەوە یارمەتیی گەشەسەندوویی کوردستان بکات. هەڵبەت هێندێک کەرتی تایبەت و بەشێک لە سەرمایەدارەکانی کورد و هەروەها کەسانی کرێخواز لە کوردستان هەن کە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان و هەروەها دابینکردنی تمووعی کەسیییەوە هەوڵ بۆ وەرگرتنی ڕانتی حکوومەت دەدەن، بەڵام بە هۆی دۆخی جوگرافی-سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەت ناتوانن ببن بە بەشێک لە کۆمەڵگای کرێخواز و لە ئەنجامدا کاریگەرییان لەسەر مەشرووعییەتی دامەزراوەی حکوومی هەبێت. ڕێژیمی سیاسیی ئێران لە ڕێگای ڕانت و تمووعی ئابوورییەوە ئەم کەرت و گرووپانە وەک پڕۆژەیەک بۆ کۆنترۆڵ و سەرکوتی بزاڤە نەتەوەیی‌یەکانی کورد و هەروەها نامۆکردنی دێمۆگرافیای کوردستان بە پڕۆژە خۆبژێوییەکانیان و لە ئەنجامدا لاوازکردنی سۆلیدارێتیی نەتەوەیی لەبەرچاو دەگرێت. یەک لە نموونەکانی ئەم پرۆژانە سیاسەتی بەنداو سازکردن بوو لە کوردستان، بەتایبەت بەنداوەکانی ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ماوەی چوار ساڵاندا ئاوی سیروانیان لە ڕێگای تۆنێلەوە ڕەوانەی ناوەندی ئێران کرد بە مەبەستی بووژاندنەوەی پڕۆژە ئابوورییەکانی ئەو ناوچانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاوی سیروان سەدان ساڵە سەرچاوەی ئاوەدانی و بژێو و سەرمایەی شار و گوندەکانی دوو سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بووە. کاراییی نێگەتیڤی پرۆژەیەکی وەها لەسەر حەشیمەتی ناوچەی هەورامان بە ڕوونی دیارە کە بە هۆی گوندە ئاوەدانەکانییەوە ناوچەیەکی پڕ حەشیمەت بوو و هەنووکە ڕووی لە کەمی کردووە. بۆ نموونە گوندی داریان ۷ هەزار کەس و گوندی هەجیج ٤ هەزار کەس دانیشتووی هەبوو کە بە بەرەکەتی ناوچە شاخاوییەکان و ئاوی سیروان، بە هۆی ئاژەڵداری و باخەوانییەوە هەمیشە ئابوورییەکی سەربەخۆیان هەبوو و بۆ ماوەی سەدان ساڵ لە ڕێگای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی خۆیان و هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە بە هۆی ژینگەی هەورامان بەرهەم نەدەهاتن، بە سەربەستی ژیاون. بە واتایەکی دیکە، هەماهەنگییەک لەنێوان ژیانە کولتووری و دامەزراوە ئابوورییە نەریتییەکەیاندا هەبوو. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، نامۆ نەبوون و تەباییی دامەزراوە کولتووری و ئابوورییەکان هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ کۆمەڵگایەکی زیندوو و دوور لە هەرچەشنە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی.

بە دوای دروستکردنی ئەو بەنداوانە و چەسپاندنی سیاسەتی چەوتی ئابووریی ڕێژیم، هەرچەند بۆ ماوەی سێ چوار ساڵ خەڵکی ئەو دەڤەرە بە هۆی بەنداوسازییەوە کاری کرێکارییان دەست دەکەوت و قەرەبووی زەرەری ئاژەڵداری و باخەوانی بۆ دەکردنەوە، بەڵام دوای ئەوەی پڕۆژەی بەنداوەکە دوایی هات، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو دەڤەرە بێکار بوون و نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ دۆخی ژیانی بەرهەمهێنەرانە و بوون بە سەرمایەی مرۆیی لە خزمەت پڕۆژەی بازاڕی ڕەش بۆ قاچاخ کردنی کاڵا دەرەکییەکان. پیشەی کۆڵبەری کە کێشەگەلی کۆمەڵایەتیی زۆری لێ کەوتووەتەوە و زیانەکەی بۆ ئابووریی ئەو دەڤەرە زۆرتر لە قازانجەکانییەتی، یەک لە بەرهەمەکانی پڕۆژەی کەرتە کرێخوازەکانی کوردستان بوو کە مەجالی بە بازاڕی ڕەش دەدا و تەنانەت بووتەوە هۆی بەرزبوونەوەی ئاماری کوژراو و نوقووستانەکانی کوردستان، هەروەها دێفۆرمە کردنی کولتووری کورد. ئەو نموونانەی باس کران ئاماژە بە سیاسەتی حکوومەتی ناوەندی دەکەن، بەڵکوو کوردستان بەرەو کۆمەڵگایەکی کرێخواز هان بدات و ئەنجامەکەی تێداچوونی سەرچاوە زەوینی و مرۆڤییەکانی کوردستانە و لەوەش داراماتیکتر؛ هێزی کار و بەرهەمهێنانی ئەو دەڤەرەی کرد بە دەستفرۆشی بەرهەمی کارخانە و کەرتە بەرهەمهێنەرەکانی هەمەدان، تاران، ئیسفەهان و … هتد. بەم چەشنە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیران لە ماوەی سەت ساڵی ڕابردوودا، وێڕای بۆچوونەکەی د.کەماڵ سولێمانی[29] لەمەڕ چەمکی دژە_گەشە[30] (Soleimani, 2020)، پەلکێش کردنی کوردستان بەرەو کۆمەڵگایەکی کرێخواز بووە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا نەتوانێ لەباری ئابوورییەوە کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو بێت، چونکە کولتووری کرێخوازی هۆکارێکی گرینگە بۆ ئیفلیج کردنی دامەزراوە سەرەکییەکانی کوردستان و هەروەها سازبوونی تەعامولێکی مێرکەندالیستییانە.

مەبەست لە مێرکەندالیزم[31] شێوازێک لە مامەڵەی ئابوورییە لەنێوان دوو لایەن یان دوو وڵاتی سەربەخۆ بە مەبەستی ئاڵوگۆرکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان. لەم پێوەندییەدا، لایەنێک گشت سەرچاوە زەمینی و سەرەکییەکان بە کەرتە بەرهەمهێنەرەکان دەفرۆشێت، بەبێ ئەوەی نرخی پێوە زیاد بکات. لەبەرانبەردا، لایەنی بەرهەمێنەر هەر ئەو سەرچاوانە دەکات بە کاڵا و لە هەمان کاتدا نرخێکی زیاتری دەخاتە سەر و پێی دەفرۆشێتەوە. ئەم پێناسەیە دەتوانێت دۆخی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران باشتر ڕوون بکاتەوە کە سەرچاوەکانی وەک ئاو، کانزا، کشتوکاڵ و هێزی کار بە ناوەند دەفرۆشێت، ناوەندیش لە ڕێگای کەرتەکانی بەرهەمهێنانەوە دەیکات بە کاڵا و بە کوردستانی دەفرۆشێتەوە و ماڵیاتێکی لەسەر بار دەکات. بۆ هەموومان ڕوونە کە بەشێکی زۆری بودجەی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەر وڵاتێک بە باج و ماڵیات دابین دەکرێت، کەوایە دەستڕەنجی کار، ئاو، کانزا و بەرهەمی کشتوکاڵی کوردستان سەرچاوەیەکی گرینگین بۆ دابینکردنی بودجەی حکوومەتی ناوەندی. لەم مامەڵەیەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ نرخێک بەرهەم ناهێنێتم لە حاڵێکدا ئێرانییەکان نرخ بەرهەم دەهێننەوە و پەرە بە ئابووریی ناوەند دەدەن. کەوایە کۆمەڵگای کرێخواز، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئاستی کرێچی دادەبەزێنێت و ڕەوەندی بەستراوەبوونی کوردستان بە ناوەندی دەسەڵاتەوە بەهێزتر دەکات و؛ لە ئەنجامدا بەرژەوەندیی کۆمەڵگە دەبێت بە فیدای سوودی تاکەکەسی (واتە بژاردە و کەرتە ڕانت-خوازەکان).

دامەزراوەی حکوومەت[32]

هەرچەند دامەزراوەی حکوومەت پێوەندی بە بەڕێوەبردنی وڵاتانەوە هەیە، بەڵام پێویست دەکات شرۆڤەیەک بۆ دوو چەمکی ئایدیای دامەزراوە و ساختاری دامەزراوە بکەین، بەڵکوو پێوەندیی ساختاری دامەزراوە بە ئایدیای[33] دامەزراوەوە ڕوون ببێتەوە. سەرەتا باشترە دەوڵەت[34] لە ڕوانگەی تۆماس هابز و لە کتێبی لێڤیتاندا[35] کە خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەهایە لەبەرچاو بگرین (Hobbes, 1669) و هەروەها بۆچوونی ڕۆسۆ (Russo, 1755)  لەمەڕ گرێبەستی کۆمەڵایەتی[36] بە بنەما بگرین و وەک چۆن ئیبراهیمی[37] (Ibrahimi, 2020:4) ئاماژەی پێ داوە، دەوڵەت:

١- خاوەنی دەسەڵاتی گشتییە لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیاریکراودا.

۲- خەڵکی نێو ئەو سنوورە سەرچاوەی مەشرووعییەتی دەوڵەتن.

۳- دەوڵەت دەبێ پێداویستی و خۆشبژێویی خەڵک دابین بکات.

بۆ پێناسە کردنی ئایدا بۆچوونی گۆڵدستین و کیوهەین[38] بە بنەما دەگرم: “… ئایدا لە بنەڕەتدا کۆمەڵێ بڕوای باون کە گۆڕانیان بە سەردا دێت و وەک کانتڕاکسێکی مێژوویی لە لایەن ئەجێنت و ئەکتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دادەهێندرێت ” (Goldstein& Keohane, 1993: 185). هەروەها سەبارەت بە ڕەفتار و سیاسەتیش کامپبێل دەڵێ: “نابێ ئایدیا وەک ملکەچی و شوێنکەوتوویی لەبەرچاو بگرین، بەڵکە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی هەیە لە ڕەفتار و بڕیارە سیاسییەکانمان” (Campbell, 2004,3). کەوایە ئایدیا ئاراستەی ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکات و لە نەبوونی ئایدیایەکی تایبەتدا مرۆڤ و کۆمەڵگە لە باری ڕەفتارییەوە تووشی ئاڵۆزی دەبن. ئەم وتارە باوەڕی وایە کە دامەزراندنی دەوڵەت لە ئێرانیش وەک وڵاتانی دیکە ئایدیایەکی لەپشت بووە و ئایدیایەکی وەها لە گشت قۆناغە مێژوویی‌یەکانی ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە ستێفانی کرۆنین[39] ئاماژە بە بۆچوونی «ڕوودی مەتی» دەکات سەبارەت بە مێژووی بیست ساڵەی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی: “سێ ڕەهەندی ئایدیالۆژیک، ڕەزاخانی هان دا بەڵکوو دەوڵەت-نەتەوەی لەسەر بنیات بنێت: مۆدێڕنیزاسیۆن، ناوەندگەرایی و ناسیۆنالیزم” (Cronin, 2003: 9). ناوەندگەرایی واتە دیاریکردنی ناوەندی بڕیار و بۆ ناسیۆنالیزمیش مۆدێلی سەدەی نۆزدەهەمی بە بنەما گرت، واتە “کاتێ گەشەی پیشەسازی دەست پێ دەکات و بۆ ئەوەی دەوڵەت-نەتەوەکان نەبنە هۆی کەمکردنەوەی خێرایی گەشەسەندوویی، بیریان لە یەکدەست کردنی شوناس، زمان و کولتوور کردەوە، بەڵکوو یەک نەتەوە دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لە پێناو یەک ئامانج خەبات بکەن [40]“(  (Gellner, 1998: 377پڕۆژەی تاک زمانی، تاک کولتووری، مێژووسازی، فەرمیکردنی یەک ئایین و جوگرافیا داگیرکارییەکەی ڕەزاخانیش لە خزمەتی پڕۆژەیەکی وەهادا بوو، واتە دەوڵەتەکان لە ئێراندا سیاسەت بە پێی ئایدیای ئێرانییەت بکەن و دەرکەوتەی خەباتێکی وەها سڕینەوەی جیاوازییەکان و ئاسیمیلەکردنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بێت. ئەم پڕۆژەیە بە دوای نەمانی ڕەزاخان و بە ئێستاشەوە بەردەوامە و دەتوانین بڵێین نەوە لە دوای نەوەی ئەتنیکی فارس بەم ئایدیایە ڕاهاتووە و بۆ وەدیهێنانی ئایدیایەکی  وەها خەبات دەکات. بۆ نموونە چەپ لە ئێران، نەتەوەپەرەستە ئێرانییەکان، نەتەوەیی مەزەبییەکان، لیبەڕاڵ و کۆماریخوازەکان و تەنانەت کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە ئایدیایەکی وەها ڕاهاتوون و کاری بۆ دەکەن. هەڵبەت لە بابەت پرسی کوردەوە هیچ کام لەم دامەزراوە حیزبی و سیاسییانە، جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و تەنیا لە ڕیتۆریکدا جیاوازییان پێکەوە هەیە.

دامەزراوەی بەڕێوەبەری (Administration)

دامەزراوەی بەڕێوەبەری دامەزاوەیەکی کاتییە کە لەگەڵ گۆڕانی دەوڵەتەکاندا ئاڵوگۆڕیان تێدا دەکرێت و ئەرکەکەی ڕێکخستن و جێبەجێکردنی کاروباری بێرۆکراسیی وڵاتە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەیەکی وەها، سەرپەرەشتیکردنی دامەزراوەکانی دیکەیە لە چوارچێوەی سنوورەکانی یاسای بنچینەییی وڵاتدا، بۆ نموونە چاوەدێری و سەرپەرەشتیکردنی دامەزراوەی ئایین، ئابووری، پەرەوەردە و .. هتد. دامەزراوەی بەڕێوەبەری لە دوو ئاستدا کار دەکات: یەکەم ئاست، پێوەندیی بە ئایدیاوە هەیە کە زۆرتر مێتافیزیکییە و ئاستی دووهەم، دیاردە مادی و عەینییەکانن. واتە ڕۆڵی دامەزراوەیەکی دایک دەگێڕێت بۆ گشت دامەزراوەکانی دیکە.

کۆبەند و دەرئەنجام

لەم وتارەدا کارکردی دامەزراوە لە کۆمەڵگە شی کرایەوە و ڕۆڵی چالاکیی کۆلێکتیڤ بە هەند گیرا. لە درێژەی بابەتەکەدا هەوڵ درا تیشک بخرێتە سەر هاوپێوەدندیی دامەزراوەکان و کاریگەریی ئایدیا وەک چەسپێکی کۆمەڵایەتی لە پێناو لکاندن و هەماهەنگکردنی دامەزراوەکان. ئامانجی سەرەکیی وتارەکەش ئەوە بوو کە تاک لە کۆمەڵگەدا ناتوانێت ببێت بە ئەجێنت، ئەگەر لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکدا چالاک نەبێت. لە ڕەهەندی کۆلێکتیڤیشەوە ئاماژە بەو ڕاستییە درا کە کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆ، ئازاد و چالاک نایەتە دی ئەگەر ئامانج و ئایدیا و دامەزراوەی کارای نەبێت. کوردستان بەدرێژاییی مێژوو، لە قۆناغە سەرەتایی‌یەکانی کۆمەڵگەوە تا ئەمڕۆش، بە هێندێ جیاوازییەوە، وەک کۆمەڵگەکانی دیکە دامەزراوەی هەبووە. بەڵام ئەو شتەی کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، نەبوونی دامەزراوەی حکوومییە، بەڵکوو گشت جومگەکانی کۆمەڵگای کوردی بەیەکەوە بلکێنێت و هەماهەنگیان بکات. یەک لەو ئەلێمانانەی کە کوردستانی لە دۆخێکی وەهادا هێشتووەتەوە، نەبوونی ئایدیایەکە بۆ وێناکردنی کوردستانێکی یەکپارچە، بەڵکوو گشت لایەنەکان بیسەلمێنن و لە ئەنجامدا تێکڕا بیکەن بە ئەجندای کاری هاوبەش. یەک لە زەروورەتە هەنووکەیی‌یەکانی کورد دامەزراوەیەکی سەرانسەرییە کە پشت بە ئایدیایەکی ڕوون و دیاریکراو دەبەستێ  بۆ سازدانی کۆدەنگییەک، بەڵکوو خەبات بۆ چارەسەریی کێشەکانی کورد بکات، دواتر سیاسەتێکی ڕەفتاری دیاری بکات بۆ کۆمەڵگەی کوردی و دواجار وێنەیەکی واقعیش لە کورد ساز بکات ڕوو لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان. هەڵبەت لەم وتارەدا نکۆڵی لە ڕۆڵی دیاردەی دەوڵەت-نەتەوە لە گەمەی سیاسەتی جیهانیدا نەکراوە و پڕ ئاشکرایە کە سیاسەتێکی سەلمێندراو و داننان بە نەتەوەکان بەبێ دامەزرادنی دەوڵەت-نەتەوە دوور لە چاوەڕوانییە. هەر ئەم پرسە گرینگە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ چاوپۆشیکردن لە کورد وەک نەتەوەیەک و جۆگرافیایەکی نەتەوەیی و، لە ئەنجامدا کورد وەک نەتەوە بووە بە سووژەی سیاسەتی چوار وڵاتی داگیرکەر کە خاوەنی ئایدیای خۆیانن و سرووشتییە ئایدیاکانیان دژی سەلماندنی کورد وەک نەتەوەن.

پێویست بوو گشت دامەزراوەکانی کوردستان شی بکرێنەوە و لێک بدرێنەوە کە بەدوای دامەزراندنی دەوڵەت_نەتەوەکان سەریان هەڵداوە، بەڵام بە هۆی سنوورداربوونی وتارەکە ئەو دەرفەتە نەڕەخسا. کە باس لە دامەزراوەی کوردستانی دەکەین، ئەوەی ڕاستی بێ، دەبێ ئاماژە بە دەیان حیزبی سیاسی بکەین کە لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و… هەر کامەیان ژێردامەزراوەی خۆیان هەیە. سەرەڕای حیزبەکان، دەیان دامەزراوەی مەدەنی وەک دامەزراوە ئەدەبی، زمانناسی، فێرکاری، مێژوویی، ئاکادێمیک، ژینگەپارێزی، مافی مرۆڤ، مافی ژنان و… لە کوردستان چالاکن کە چاوپۆشی لە هەوڵ و خزمەتگوزارییەکانیان ناکرێت، بەڵام یەک لە گرفتەکان بۆ دامەزراوەگەلی وەها، تەنانەت بە حیزبەکانیشەوە ئەوەیە کە چالاکییەکانیان کورتخایەنن و بە هۆی کەمبوونی سەرچاوە هزری و ماددی، بە هۆی کاریگەریی دامەزراوەکانی داگیرکەر و هەروەها بە هۆی ناتەبایی و لێکدابڕانی دامەزراوەکانی کوردەوە، زۆرجار چالاکییەکانیان سڕ دەبێت و سرووشتییە لە ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگە وەدوا بکەون. تەنانەت چالاکترین و کاریگەرترین دامەزراوەکانی کوردستان لە بری ئەوەی هۆکاری داگیرکاری لە کوردستان نەهێڵن، کارکردەکەیان تەنیا ئەوەیە کە خێرایی ئاسیمیلەکردنی کورد کەم بکەنەوە.

لەم وتارەدا ئاماژە بە سێ خاڵی جوهەری بۆ دامەزراوەی حکوومەتی کرا:

  1. دەستڕاگەیشتن بەسەر گشت سەرچاوەکان و ئەرکی دابەشکردنیان، وێڕای ڕەچاو کردنی سنوورداربوونی سەرچاوە.
  2. داڕشتنی ئایدیایەکی گشتی کە گشت دامەزراوەکانی وڵات بخاتە ژێر چەتری خۆیەوە.
  3. داهێنانی مکانیزمێک بۆ کارکردنی دامەزراوەکان و چارەسەرکردنی بەرکەوتن و کێشەی نێوان دامەزراوەکان.

هەڵبەت دەبێ لە دوو ڕەهەندی سەرەکییەوە سەیری بنیاتنانی دامەزراوەی حکوومەتی بکەین: یەکەم؛ ئەو دامەزراوەیە دەبێ بە ویست و ئیرادەی نێوخۆیی‌یەوە دامەزرا بێت و دووهەم؛ ئەو دامەزراوەیە دەبێ لە دەرەوەی وڵاتیش بسەلمێندرێت و دانی پێدا بنرێت. ئەرکی ڕەنگدانەوەی خواستی ناوخۆیی دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوەکانی کوردستان، بەڵکوو ببێت بە خواستێکی نەتەوەیی و ڕێککەوتن لەسەر ئایدیاییەکی گشتکیریش بۆ دامەزراوەیەکی وەها، دیسان لە ئەستۆی دامەزراوەکانی کوردستانە و هەر ئەوان دەتوانن ببن بە میدیۆمێک بۆ گشتگیرکردنی سیمبول، خوێندنەوەی مێژوویی و دیسکۆرس(وێژمان)ی نەتەوەیی.

لەم وتارەدا ئاماژە بە چێبوونی پێوەندیی دوولایەنە کرا کە لە ڕێگای هەستی نەتەوەیی یان هێزەوە دێتە دی. دیارە لە وتارەکەدا پێشفەڕز یان پێشنیارێک بۆ سازدانی پێوەندییەکی وەها دیاری نەکراوە، بەڵام دەتوانین بیر لە تیۆریی گەمە بکەینەوە، واتە بەرژەوەندیی لایەنێک بە مانای بەرژەوەندیی گشتی نییە و پێویستیمان بە پێوەندییەکی ئۆرگانیک هەیە کە سەرەڕای ئەوەی کە یاریزانەکان سنووردار دەکات، بەڵام بەرژەوەندیی هەمووان باشتر دەپارێزێت. لە کوردستاندا حیزبی سیاسیی زۆرمان هەیە، بەشێکیان لە باری جەماوەرییەوە نفووزیان هەیە و بەشێکیش کەمتر، لە ڕووی دامەزراوەیی‌یەوە بەشێکیان کاریگەرتر و بەشێکیان کەمتر، بەڵام بە هۆی جیاوازی لە ئایدیادا و لە ئەنجامدا ڕەفیاری سیاسیی جیاواز، زۆر جار ڕەخنەیان لێ گیراوە و هێندێ جاریش بەوە تاوانبار کراون کە بەرژەوەندیی حیزبیی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی‌یەوە. لەوانەیە ئەم ڕەخنە و ئیددعایانە هەڵە بن، ئەگەر پێناسەیەکی ڕوونمان بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەبێت، سەرەتا ئێمە دەبێ پرسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێناسە بکەین و بۆ ئەم مەبەستە پێویستیمان بە وێژمانێکی گشتی هەیە کە پشت بە ئایدیایەکی ڕوون ببەستێت. نەبوونی ئایدیایەکی گشتگیر لەمەڕ دامەزراوە، بووەتە هۆی ئەوە کە لە چەند ڕەهەندەوە بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێناسە بکەین. کۆتا پرسیاری ئەم وتارە ئەوەیە کە «ئەم وێژمانە یان ئایدیایە دەبێ چۆن و چی بێت، و چ لایەنێک دەتوانێت پێشنیاری بکات؟».

سەرچاوەکان :

  • Lofthouse, J. K. (2019). Culture and Native American economic development. Journal of Entrepreneurship and Public Policy, 9(1), 21–39. https://doi.org/10.1108/jepp-06-2019-0050
  • Ansari, A. M. (2005). Review: The Making of Modern Iran: State and Society under Riza Shah, 1921-1941. Journal of Islamic Studies, 16(1), 91–93. https://doi.org/10.1093/jis/16.1.91
  • Ibrahimi, S. Y. (2018). Violence-producing dynamics of Fragile States: How state fragility in Iraq contributed to the emergence of Islamic State. Terrorism and Political Violence, 32(6), 1245–1267. https://doi.org/10.1080/09546553.2018.1463914
  • Lavoie, D., & Chamlee-Wright, E. (2002). Culture and Enterprise: the development, representation and morality of business. http://ci.nii.ac.jp/ncid/BA51127534
  • Soleimani, K., & Mohammadpour, A. (2020). Life and labor on the internal colonial edge: Political economy of kolberi in Rojhelat. British Journal of Sociology, 71(4), 741–760. https://doi.org/10.1111/1468-4446.12745
  • 973. Geneva Convention relative to the Protection of Civilian Persons in Time of War. Signed at Geneva on 12 August 1949. (2000). In Treaty series/Treaty series – United Nations (p. 379). https://doi.org/10.18356/e4dda425-en-fr

[1] Public Choice Theory

[2] Social Institution

[3] Society

[4] Characterization

[5] William Ricker

[6] Value

[7] Resources Scarcity

[8] Charles Pollat

[9] Public Choice

[10] Preference

[11] Rational

[12] Specialization

[13] Opportunity Cost

[14] Andrew Schotter 

[15] Don Lavoie

[16] Rule

[17] Property Right

[18] Entrpreneurship

[19] Abu Hanifah Ayob

[20] Petter J Boettke, Cheistopher J. Coyne and Peter T. Leeson

[21] indigenously introduced endogenous (IEN) institutions.

[22] indigenously introduced exogenous (IEX) institutions,

[23] foreign-introduced exogenous (FEX) institutions

[24] Ha- Joon Chang

[25] Rent-Seeking Society

[26] Gordon Tullock, Robert D. Tollison and James M. Buchanan

[27] Anna O. Krueger

[28] Positive Sum Up

[29] Kamal Soleimani in the “Life and labor on the internal colonial edge

[30] D-Development

[31] Merchandalism

[32] Government Institution

[33] Idea

[34] State

[35] Levaiatan

[36] Social Contract 

[37] Said Yaqub Ibrahimi

[38] Judith Goldstein; Robert Keohane

[39] Stephanie Cronin

[40] Ernest Gellner

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!