گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١
کوردی وەک زمانێکی بێدەوڵەت لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025
خزری، حەیدەر (٢٠٢٥): کوردی وەک زمانێکی بێدەوڵەت لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. وەرگێڕان: دانا کۆنەپۆشی. گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٣٥٥–٣٢٨. https://doi.org/10.69939/TISHK0071
DOI 10.69939/TISHK0071
پێشەکی
١. یەکتربڕین و زمانە بێدەوڵەتەکان
ئەنجومەنی زمانە کەمتر فێرکراوەکان لە بەستێنی پەروەردەی زمانی بیانی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، بۆ زمانە پەڕاوێزخراوەکان دیاری کراوە کە زمانی ئینگلیسی و چوار زمانی زۆرتر فێرکراوی فەڕەنسی، ئاڵمانی، ئیتالی و سپانی ناگرێتەوە(Johnson,1998). بەپێچەوانەی زمانە زۆرتر فێرکراوەکان، لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا زمانە کەمترفێرکراوەکان بەشێوەیەکی بەردەوام لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا فێرناکرێن. دۆخی زمانە کەمتر فێرکراوەکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، دەتوانێت لەگەڵ دۆخی کەمینەکان لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا هەڵسەنگێنرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، زمانگەلێک هەن کە دووجار یان زیاتر دەستەبەندیی کەمینەیی دەکرێن. زمانە بێدەوڵەتەکان ڕوونترین وێنەی ئەمجۆرە دەستەبەندییەیە. دۆخی زمانە بێدەوڵەتەکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، دەکرێت لەگەڵ دۆخی تاکە دووجار یان زۆرتر لە دووجار کەمینەکانی کۆمەڵگای ئەمریکیدا هەلسەنگێنرێت. زمانە کەمتر فێرکراوەکانیش، هاوشێوەی زمانە بێدەوڵەتەکان بەردەوام لە هەموو ئاستەکانی پەروەردە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا فێر ناکرێن. ئەگەرچی بەپێچەوانەی زمانە کەمتر فێرکراوە خاوەن دەوڵەتەکان کە بەستراونەتەوە بە دەوڵەت یان وڵاتێکی دیاریکراوەوە، زمانە بێدەوڵەتەکان هیچ چەشنە بڕەودان و پشتگیرییەکی دامەزراوە فەرمی و نیوەفەرمییەکانی نەک دەوڵەتە یەکگرتووەکان، بەڵکوو وڵاتانی خۆیشیانیان نییە. ئەمانە و تەوەرەکانی تری پەڕاوێزخران، زمانە بێدەوڵەتەکانیان خستووەتە دۆخێکی تایبەتی یەکتربڕەوە، کە هاوچەشنە لەگەڵ ئەو پێگە تایبەتەی ژنانی ڕەشدا کە لە بەستێنی دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، لەناو چوارچێوەی یەکتربڕیندا باسی لێ دەکرێت.
یەکتربڕین لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠ کاندا و وەک چوارچێوەیەکی شیکارانە دەرکەوت کە لە هەر دوو قانوونی مافی مەدەنی و لەناو بزووتنەوەی مافی مەدەنیدا توانی سەرنج بخاتە سەر پێگەی تایبەتی ژنانی ڕەش و ژنانی ڕەنگی تر. “چەمکی یەکتربڕین، کە لە ١٩٨٩دا لەلایەن کیمبێرلێ گرینشاو بەکار برا، بوو بە چوارچێوەی شیکاریی سەرەکی کە لەڕێگایەوە لێکۆڵەرە فێمینیستەکانی بوارە جیاجیاکان، باس لە شوناسە پێکهاتەییەکانی تۆرەمە، چینەکان، جێندەر و سێکس دەکەن” (Cooper, 2015). لەسەر بنەمای کاری ئەو لێکۆڵەرانە، کووپر(2015) چەمکی یەکتربڕینی “بۆ باسکردن لە سیستەمە پێکەوەتەنراوەکانی دەسەڵات و سەرکوت بەکار برد، کە باسی لەوە دەکرد یەکتربڕین پەیوەندیی بە شوناسی تاکەکەسییەوە نییە بەڵکوو پەیوەستە بە دەسەڵاتەوە”. ئەو تەنانەت باسوخواسەکانی پەیوەندیدار بە یەکتربڕین لە ناو زانستە کۆمەڵایەتییەکانی وەک شێوازناسیی (methodology) توێژینەوە دیاری کرد. یەکتربڕین وەک “تیۆرییەکی گەڕۆک” و ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی “سەرکوتی فرەچەشن” و “تەوەرە فرەچەشنەکانی شوناس و تاقمە پەڕاوێزخراوەکان”، لە بوار و جوگرافیای جیاوازدا بەکار براوە، بۆ ئەوەی پێشان بدات کە ئەم چەمکە جیا لە بەکارهێنانی لە وێنەی ژنانی ڕەشدا، نەک تەنیا وەک تیۆری بەڵکوو وەک کردەوەیش کەڵکێکی بەربڵاوتری لێ وەردەگیرێت(Smith, 1998). لەم وتارەدا، من لە چوارچێوەی یەکتربڕین کەڵک وەردەگرم بۆ ئەوەی باشتر لەو کۆسپە فرەچەشن و فرەتوێژە تێبگەین کە لە فێربوون و فێرکردنی زمانی بێدەوڵەتی کوردیدا بەرەوڕووی دەبینەوە. ئەم ڕێبازە بە دیاریکراوی یارمەتیمان دەدات، نەک تەنیا بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ زمانە زۆرتر فێرکراوەکان، بەڵکوو تەنانەت بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ زمانە کەمتر فێرکراوە مافپێدراوەکانی خاوەن دەوڵەت بەگشتی و ئەوانەی ناوچە وەک: عەرەبی، فارسی و تورکی، لە پێگەی زمانی بێدەوڵەتی کوردی تێبگەین. هەروەها، ئامرازێکی بەکەڵکە بۆ پێشاندانی ئاکاری پێکهاتە پەروەردەییەکانی دەسەڵات کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر زمانە بێدەوڵەتەکان لە ماڵەوە و لە دەرەوەدا دەبێت.
وتارەکە لە سەرەتادا وێنەیەکی خێرا لە پێگەی هەنووکەییی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەخاتە بەردەست. دواتر باس لە مێژوو و ئەو پاڵنەرانە دەکات کە بوون بە هۆی ئەوەی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا قسەی پێ بکرێت. وتارەکە رووناکی دەخاتە سەر ئەوەی چۆن هەڵاواردنە حکوومی، دامەزراوەیی و وانەیییەکان و ئاستەنگەکانی ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا هەڵکەوتووە، کاریان کردووەتە سەر پێگەی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا. ئەوەی چۆن پرسی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا مانای بەربڵاوتری زمانە بێدەوڵەتەکان ڕوون دەکاتەوە و لەکۆتاییدا دەگاتە بواری بەربڵاوتری خوێندنەوەکانی دیاسپۆرای رۆژهەڵاتی ناوین؟ لە کۆتاییدا وتارەکە مەبەستیەتی تێبگات کە بەشەکانی وەک خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، فەرهەنگ و زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، بەشی ئۆراسیای ناوەندی و خوێندنەوەکانی ئێرانی، عەرەبی و تورکی و هتد .. و هەروەها ئەنجومەن و ناوەندەکانی وەک ACTFL و NCOLCTL لەناو ڕێکخراوە هاوچەشنەکانی تریاندا، دەتوانن تا چ ئاستێک یارمەتیدەر بن بۆ بردنەسەر و هێشتنەوەی پێگەی زمانی کوردی و زمانە بێدەوڵەتەکانی تر لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا. ئایا چوارچێوەی “تاک-تەوەر”ی NCOLCTL (کە بۆ وێنە هەموو زمانەکانی دنیا، جیا لە ئینگلیسی، سپانی، فەڕەنسی، ئەڵمانی و ئیتاڵی لەژێر چەترێک بەناوی زمانە کەمتر فێرکراوەکاندا کۆ دەکاتەوە) دەتوانێت ئەزموونی “یەکتربڕین”ی زمانە بێدەوڵەتەکانی وەک کوردی، ئویغوور، بەڕبەڕ/ئامازیق، بەلووچی و ئەوانەی تر باس بکات؟ وتارەکە لە شێوازناسیی جۆراوجۆر و لە وتووێژی تاکەکەسی و پەیوەندیی ئیمەیلییەوە تا شرۆڤەی دەق کەڵکی وەرگرتووە.
٢.نەتەوەی کورد، زمان و ڕێنووس
کوردی زمانی کوردەکانە. کە زۆرتر وا باسیان دەکەن کە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی دنیان(Van Bruinessen,1992). بۆ چەندین سەدە زۆربەی کوردەکان لە نیشتمانی نەریتیی خۆیاندا ژیاون کە پێی دەوترێت کوردستان و لە ناو چوار وڵاتدا هەڵکەوتووە: ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە. کورد لە دەیەکانی کۆتاییدا، لە عێراقدا و دواتریش لە سووریەدا توانیویانە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری خۆیان دابمەزرێنن. نزیکەی ٣٥-٣٠ ملیۆن کورد لە هەموو دنیادا هەن. نزیکەی یەک ملیۆن کوردیش لە قەفقاز(بەتایبەتی لە ئەرمەنستان و ئازربایجان) و ڕۆژئاوادا (بەتایبەتی لە لوبنان و ئیسراییل)دەژین(Sheyholislami & Sharifi, 2016, p.77). ژمارەی کوردان لە کۆمەڵگا دیاسپۆراکانی ڕۆژئاوادا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس خەمڵێنراوە(Hassanpour & Mojab, 2005). فەڕانسە، وڵاتانی سکاندیناوی، بەتایبەتی سوید و ئاڵمان لە ئورووپادا، ئوسترالیا، کانادا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو وڵاتانەن کە میوانداریی کوردیان کردووە.
زمانی کوردی
زمانی کوردی بەشێک لە زمانە هیندۆ-ئورووپاییەکانە کە لە پێنج زاراوەی سەرەکی پێک دێت. کوردیی باکوور(لەمەبەدوا کرمانجی)، کوردیی ناوەندی( لەمەبەدوا سۆرانی)، کوردیی باشوور( کرماشانی، کەلهوڕی، لەکی و ئەوانی تر)، هەورامی/گۆرانی و زازاکی(Haig & Ergin, 2014). کرمانجی و سۆرانی بەهۆکاری زۆرترین ژمارەی ئاخێوەرەکانیانەوە و هەروەها بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری وێژەی کوردیی بەردەست بە ئەم دوو زاراوەیە نووسراون، بوون بە پێوەر بەو مانایە کە چەندین فەرهەنگی یەک-زمانە و چەند-زمانە، ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر، کتێبی ڕیزمان و شێوازیان هەیە و لەو شوێنانەیش کە ڕێگەپێدراون زمانی خوێندنگە و زانستگان(Sheyholeslami &Sharifi. 2016, P.78). گەورەترین یارمەتی بۆ ئەم ڕەوتە کاتێک بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢ دا کورد دەستیان کرد بە خۆبەڕێوەبەریی هەرێمەکەیان لە باکووری عێراقدا. کۆمەڵەکانی دیاسپۆرای ڕۆژئاوا، بەتایبەتی لە وڵاتانی سکاندیناویدا، ڕۆڵێکی گەورەیان بوو لە بەپێوەرکردن و نۆژەنکردنەوەی کرمانجیدا(Kreyenbroek, 2005). ئەمڕۆ هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی سەقامگیرن و پەرە دەسێنن، لە بەرانبەردا زاراوەکانی تر لە کەمی دەدەن و هەورامی و زازاکی بەرەو پێگەی زمانە لە مەترسییەکاندا خزیون.
ئەلفوبێی کوردی و ڕێنووس
جیا لە ئاخافتنی جۆراوجۆر، کورد بۆ کوردی نووسین کەڵک لە ئەلفوبێ و ڕێنووسی جیاوازیش وەردەگرن. دەسەڵاتی دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان لە بەستێنی کۆمەڵایەتی- فەرهەنگیی جیاجیادا ئەم پرسەی ئاڵۆزتر کردووە. کورد لانیکەم لە چوار ڕێنووسی جیاواز کەڵکیان وەرگرتووە. کورد لە ئێران و عێراقدا ڕێنووسێکی دەستکاریکراوی فارسی-عەرەبی بۆ نووسین بە هەموو زاراوە کوردییەکان بەکار دەبەن. بەدرێژاییی مێژوویش، ئەدەبی کوردی لە سووریە و تورکیەدا هەر ئەم ڕێنووسەیان بەکار بردووە؛ بەهەرجۆر بێت لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستدا، لەژێر کاریگەریی چاکسازی لە زمانی تورکیدا کە ڕێنووسی نوێی تورکی لەسەر بنەمای لاتینی بوو خستە جێگای ڕێنووسە عوسمانییە عەرەبی- فارسییەکەی پێشوو، کوردی ئەم دوو بەشەیش ڕێنووسێکی کوردیی لاتینیان هەڵبژارد. نووسینە ڕێزمانییەکانی ڕۆژهەڵاتناسە سەرەتاییەکانیش کاریگەریی لەسەر ئەم پێڤاژۆیە هەبوو(Rhea, 1872/1880, pp. 118-155). ئەوانەی لەو کاتدا لە یەکیەتیی سۆڤیەت دەژیان و کوردەکانی قەفقاز(بۆوێنە ئەرمەنستان)، کە لە نووسینەکانیاندا ڕێنووسی ئەرمەنی و سیریلیکیان بەکارهێنا، دواتر لە ڕێنووسی کوردی لەسەربنەمای لاتین کەڵکیان وەرگرت. لە ئێستادا گەورەترین جیاوازی لە نووسینی کوردیدا لەنێوان ئەو دوو شێوەیەدایە کە لەلایەک ( بەهەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی) لە ئێران و عێراقدا کوردیی پێ دەنووسرێت، کە لەسەر بنەمای ئەلفوبێی دەستکاریکراوی عەرەبی-فارسییە و لەلایەکی ترەوە شێوەیەکە کە لە سووریە و تورکیە و ئەرمەنستاندا کوردیی پێ دەنووسرێت و لەسەر بنەمای لاتینە. جیاوازی لە سیستەمی نووسیندا، هاوکات لەگەڵ جیاوازی لە هێندێک تایبەتمەندیی دیاریکراو لە نووسین و سیستەمی دەنگدا، ئاریشە بۆ فێرکاریی زمانی کوردی لە ناوخۆ و بەتایبەت لەناو ئەو کۆمەڵە دیاسپۆراییانەدا دروست دەکات کە کوردی هەموو بەشەکانی تێدا کۆبوونەتەوە (Sheyholeslami, Sharifi, 2016, p 79). دانانی پۆلی فێرکاریی کوردی بۆ یەک زاراوە یان هەردوو زاراوەکە ئاریشەکانیان جیاوازن. لە وێنەی یەکەمدا کێشەکانی یەکزاراوەخوازی، بەپێوەرکردن و بە فەرمیکردنی زاراوە کوردییەکان لەناو پرسی کورددا دەردەکەون(Chyet, 2018). وێنەی دووهەم پێویستیی بە سەرچاوەی زیادە، ئامرازەکانی فێرکاری و وانەبێژ هەیە.
٣.پێگەی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
لە تورکیەدا، لەسەرەتادا بەکارهێنانی زمانی کوردی بە هەموو جۆرێک ڕێگەپێنەدراو بوو. لە تورکیەدا لەئاکامی چەندین دەیە زمانکوژیی زبر و نەرمدا، کوردەکان ناتوانن بە زمانی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە، ئەوانەیش کە دەتوانن لە دەرەوەی خوێندنگە فێری نووسین بوون، کە زۆربەی کات مەترسی لەسەریشیان هەبووە(Hassanpour, Skutnabb-Kangas & Chyet, 1996). دوای هەفتا ساڵ لە قەدەغەبوون، زمانەکە لە شوێنە گشتییەکاندا لە کۆتاییی سەدەی بیستدا کەمێک لەگەڵیدا هەڵکرا. لە ١٩٩٢ دا، قەدەغەبوونی زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا خاوتر بوویەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا، زانستگای ئارتووکڵووی ماردین، خولی زمانی کوردی و زمانە کەمینەکانی تری لە ئاستی زانستگادا ڕاگەیاند. لە ساڵی ٢٠١٢دا، وانەکانی زمانی کوردی وەک زمانێکی هەڵبژێردراو و بەو مەرجەی کە پشتگیریی ماڵی و ژمارەی پێویستی فێرخوازی بۆ دابین ببێت، لە خوێندنگاکاندا ڕێگایان پێ درا. لە ساڵانی دواییدا، هێندێک پۆلی تایبەتی زمانی کوردی پێشنیار دەکرێن. هێندێک لە زانستگاکان چەند یەکەیەکی خوێندنی زمان و وێژەی کوردی و هێندێک خوێندنگەی دواناوەندییش لە ناوچە کوردییەکاندا خولی زمانی کوردی وەک زمانی هەڵبژێردراو دەخەنە بەردەست. بڵاڤۆکی کوردی، وەک ئاڤێستا لە ئیستانبوڵ سەریان هەڵداوە و وێستگەیەکی تەلەفزیۆنیی دەوڵەتیی ٧ کاتژمێرەیش بەناوی تی ئار تی کوردی هەیە. ئەگەرچی، سیاسەتی توندکردنەوەی تورکیە لەدوای کوودەتاوە، زمانی کوردیی کردووەتە ئامانج و خوێندنگا تایبەتە کوردییەکان داخران. تا ئەمڕۆیش، زمانی کوردی لە تورکیەدا وەک زمانێکی دووجار کەمینە ماوەتەوە کە هیچ پێگەیەکی فەرمی، مافی پەروەردەیی، یان هیچ چەشنە بڕەوپێدان و پشتگیرییەکی دەوڵەتیی نییە (Zeydanlioglu,2012; Arslan, 2015).
لە ئێراندا و لەماوەی ژیانی کورتی کۆماری خۆبەڕێوەبەری کوردستاندا (لە ژانویە تا دێسامبری١٩٤٦) کوردی زمانی فەرمیی کۆمارەکە بوو و زمان و وێژەی کوردی بە باشی مامەڵەی لەگەڵ کرا و بەڕاستی ئازادیی زمانیی هەبوو و بڕەوی پێ درا. لە ڕووخانی کۆمارەوە تا ساڵی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ [لە ئێراندا]، دەربڕینی شوناسی کوردی بە توندی بەری پێ دەگیرا(Sheyholislami, 2019). لە شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ەوە زمانی کوردی دەکەوێتە دۆخێکەوە کە شێخولئیسلامی(٢٠١٢) بە “لەگەڵداهەڵکردنی بەرتەسک و دەستبەسەرداگیراو” ناوی دەبات. لە ١٤ی جوولای ٢٠٢٠ دا، مامۆستایەکی زمانی کوردی لەلایەن دادگەی شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تاوانی فێرکردنی زمانی دایکی دە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا(Khezri, 2020). تا ئەمڕۆیش، زمانی کوردی پێگەیەکی فەرمیی نییە و هیچ بڕەوپێدان و پشتگیرییەکی دەوڵەتییشی نییە. تەنانەت قانوونی بنگەهیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زمانەکانی جیا لە فارسی لە ئێراندا، بە چەمکە کۆلۆنیالیستییەکانی وەک ” زمانی ناوچەیی و هۆزی” ناو دەبات(هەمان). بەڕای زۆربەی لێکۆڵەرانی ئەم بوارە وەک جیم کوومینز، تاڤ سکووتناب کانگاس و شێخولئیسلامی، زمانی کوردی لە ئێراندا لە مەترسیدایە، لەبەر ئەوەی بەتایبەتی لە سەرەتاکانی پەروەردەدا ئامرازی فێرکردن نییە(see: Kalan 2016, Sheyholislami 2012). ئەمڕۆکە، زمانی کوردی هێشتا لەژێر مەترسیی تواندنەوە و سیاسەتی نەرمی زمانکوژی لەناو سیستەمی پەروەردەی ئێراندایە (see: Soleimani & Mohammadpour, 2019).
تا دەیە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، کورد لە عێراقدا تەنیا دە ساڵ ئازادیی زمانی و مافە ئەرێنییە زمانییەکانیان ئەزموون کرد، ئەوی تر هەمووی بڕگەبڕگە بووە. ئەمە دوو ساڵ تەمەنی پاشایەتیی کوردستان بە پێشڕەویی شێخ مەحموود بەرزنجی(١٩٥٦-١٨٨٧)، کە لە ١٩٢٢ ەوە تا ١٩٢٤ ی خایاند و قۆناغی دامەزراندنی کۆماری عێراق بە تایبەتی لە ١٩٧٠ تا ١٩٧٧ لەخۆ دەگرێت(Sallih, 2019, p.40). جیاواز لە پرسی بە فەرمی ناسین، عێراقی ژێردەسەڵاتی بەعس سیاسەتێکی درێژخایەنی بەعەرەبکردن و پاکتاوی ئێتنیکیی کوردی گرتە بەر. سیاسەتی نەرمی زمانکوژی لەکۆتاییدا بە زنجیرە هەڵمەتی ئەنفال لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٨٠ دا وەک کۆمەڵکوژیی جەستەیی تەقییەوە(Hassanpou, 1992pp 119-125, Salih, 2019). هەرجۆرێک بێت، لە ساڵی ١٩٩٢دا، دانانی ناوچەیەکی تەناهیی کەم یان زۆر خۆبەڕێوەبەر لە کوردستانی سەر بە عێراقدا، سەرەتا هەلێکی زۆر باش بوو بۆ چالاکییە وێژەیییەکان، کە بەچڕی سەرنجی خستبووە سەر پرسە زمانەوانی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. هەر لەو ساڵەدا، کوردی لە کوردستانی سەر بە عێراقدا بوو بە زمانی فەرمی. لە ساڵی ٢٠٠٥دا، زمانی کوردی لە قانوونی بنگەهیی عێراقدا بە ڕوونی وەک یەکێک لە زمانە فەرمییەکان دانی پێدا نرا. ئەگەرچی لە کوردستانی هەڵکەوتوو لە باکووری عێراقدا زمانی کوردی بە باشی بڕەوی پێ دەدرێت و پشتگیری دەکرێت، بەڵام دانپێدانان بە زمانی کوردیدا، لە قانوونی بنگەهیی ٢٠٠٥، لە ئاستی فیدراڵدا زۆرتر هێماییە تا ئەوەی کردەیی بێت(Sheyholismali, 2019, p.106).
بەکارهێنانی زمانی کوردی بە هەموو چەشنێک لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری عەرەبیی سووریە لە ١٩٤٦ەوە قەدەغە بوو و تەنانەت دوای دامەزرانی حیزبی بەعس لە ساڵی ١٩٦٣ دا زۆرتریش قەدەغە کرا. پەروەردە بە زمانی دایک هیچکات لە هیچ حکوومەتێکی سووریەدا دانی پێدا نەنرا(Hassanpour, Skutnabb-Kangas & Chyet, 1996). زمانی کوردی لە دەوڵەتی ئەسەددا بەرەوڕووی هەردوو جۆری زمانکوژیی نەرم و زبر دەبێتەوە. بەدوای بەهاری عەرەبیدا، کورد دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچە کوردییەکاندا گرت، کە ئێستا زمانی کوردی لەناویاندا ئامرازی پەروەردە، پەیوەندیگرتن و ڕاگەیاندنە. لە ٢٠١٦دا، زانستگای ڕۆژئاوا لە قامیشلی دامەزرا. زانستگاکە بەرنامەی خوێندن بۆ پەروەردەی خوێندنگەی سەرەتایی و زمان و وێژەی کوردی دەخاتە بەردەست. لەئێستادا، کوردی لە هەموو خوێندنگەکانی ناوچە کوردییەکاندا فێر دەکرێت. ژمارەی مامۆستاکانی زمانی کوردی لە جزیرە ١٣٢٥ کەس، لە عەفرین ٩٣٠ کەس و لە کۆبانی ٤٠٠ کەس دەخەمڵێندرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ بەکوردیکردنی سیستەمی پەروەردە، گرفتی نەبوونی سەرچاوەی ماڵی، کتێبی دەق و ئامرازی فێرکاری، مامۆستا و بەرنامەی ڕاهێنانی مامۆستا و دۆخی بەردەوامی شەڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و ناڕوونیی داهاتوو هەیە. ئەوەی لێرەدا لەسەر پێگەی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەتوانین باسی بکەین ئەوەیە کە زمانی کوردی هەرکاتێک کە دەوڵەت بڕەوی پێ داوە و پشتی گرتووە دۆخی باشتر بووە.
لە عێراق و لە ساڵی ١٩٩٢دا، دامەزرانی ناوچەیەکی سەربەخۆ لە کوردستانی سەر بە عێراقدا، ڕووخانی ڕێژیمی سەدام حسێن لە ٢٠٠٣دا و یەکخستنی پارێزگاکان لەژێر ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەلێکی زۆر گەورە بوو بۆ چالاکییەکان لە بواری زمان و فەرهەنگی کوردیدا. لە ئێراندا، زمانی کوردی بەهۆی پشتگیریی کۆماری تەمەنکورتی کوردستان لە١٩٤٦دا گەشایەوە. دوای ڕووخانی کۆمارەکە، پێگەی زمانی کوردی کز بوو. لەم دواییەنەدا و لە ٢٠١٢ وە، دامەزرانی ڕۆژئاوا بوو بە هەلێکی باش بۆ چالاکی لە بواری زمانی کوردی لە سووریەدا. پێڤاژۆیەکی هاوچەشن لە کۆمەڵە کوردییەکانی دیاسپۆرا لە ئورووپا و دەوڵەتە یەکگرتووەکانیشدا بەرچاو دەکەوێت. کۆمەڵە کوردییەکانی دیاسپۆرا لە کۆمەڵەکانی سکاندیناویدا، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەپێوەرکردن و نۆژەنکردنەوەی کرمانجیدا هەبوو. کۆمەڵە کوردییەکە کەڵکی لە پشتگیریی بەرچاوی وڵاتانی ئورووپی، بەتایبەت وڵاتی سوید وەرگرت. بەگشتی، وڵاتانی ئورووپی و ئەمریکای باکوور هەڵسوکەوتی جیاوازیان بووە لەگەڵ زمانی کوردیدا.
٤.زمانی کوردی لە دیاسپۆرادا
وەک ئاکامی مێژوویەکی کەڵەکەبوو لە زمانکوژی، هەڵاواردن و جۆرەکانی تری ڕەتکردنەوە و تواندنەوەی سیستەماتیکی حکوومەتە ناوەندییەکانی ناوچەکە، کورد پەنای بۆ زۆرێک لە وڵاتانی دنیا بردووە، بەو هیوایەی بتوانێت بەبێ ترس لە بەدواداچوون، بەندکران و تەنانەت کوشتن، فەرهەنگی خۆی بەڕێوە ببات و بە زمانی دایکیی خۆی بدوێت(Arpacik, 2019, p.44). کۆمەڵە دیاسپۆراییەکانی ئورووپا، کە لە دەیەی ١٩٥٠ دا و لە فەڕانسەوە دەستی پێ کرد و وڵاتانی تری ئورووپای ( بەتایبەت لە سکاندیناوی) بەدوادا هات، زۆرترین پێشوازییان لە زمانی کوردی کردووە. لەناو هەموو زاراوەکانی زمانی کوردیدا، کرمانجی زۆرترین پشتگری بووە.
وڵاتە ئورووپییەکان هەڵسوکەوتی جیاوازیان لەگەڵ زمانی کوردیدا کردووە. کەمینەیەک لە خوێندکارانی تا پۆلی ١٢ لە هێندێک لەم وڵاتانەدا مافی ئەوەیان بووە کە یەک یان چەند کاتژمێرێک بە زمانی خۆماڵیی خۆیان بخرێنە بەر خوێندن. بەهەرجۆر بێت، لە هێندێک لەم وڵاتانەدا بوودجەکە دەبڕدرێن و پاشڤەڕۆییی دژ بە فرەفەرهەنگی کۆتاییی بەم بەرنامەگەلە هێناوە و هەڕەشە لەو بەرنامانەیش دەکات کە ماونەتەوە. هەروەها، چەندین وڵاتی ئورووپایی خواستی بەهێزی خۆیان بۆ ڕاگرتنی دڵی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشان داوە کە تێچووەکەی کەوتووەتە سەر کوردی دیاسپۆرا. هەر بەوجۆرەی کە کوردانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەناو ئەو وڵاتانەی کە تێیدا هەڵکەوتوون، وەک خەڵکی وڵاتی سەرچاوەیان ئاماژەیان پێ دەکرێت(Hassanpou, Skutnabb-Kangas & Chyet, 1996). هەرچەند زۆرینەی کوردانی ئورووپا لە ئاڵمان دەژین، پێگەی زمانی کوردی لەوێیش بەرچاو نییە و تەنیا چەند خولێکی بەکۆمەڵی زمانی کوردی لە Freie universitat لە بێرلین هەیە. لە کانادادا، پەروەردە لەژێر چاودێریی حکوومەتی پارێزگاکاندایە و یارمەتییەکان زۆربەی کات تەرخان دەکرێن بۆ ڕاهێنانی “زمانی میرات” و کۆن بۆماوەی چەند کاتژمێر لە هەفتەدا. پۆلی زمانی کوردی بۆ خوێندکاری تا قۆناغی ١٢، بەجیا بۆ کۆتاییی هەفتەکان تەرخان کراوە. زۆرێک لەم بەرنامانە مەترسیی بڕینی یارمەتییان لەسەر هەیە یان لانیکەم پێویستیان بە ناونووسینە. بۆ وێنە، کۆمەڵی کوردی کە بە وڵاتێکی بەریندا بڵاو بوونەتەوە، ناتوانن لانیکەم ٢٥ خوێندکاری پێویستی داواکراو بۆ پارێزگای ئۆنتاریۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی داوا لە حکوومەت بکرێت حەفتانە ٢/٥ کاتژمێر فێرکاریی زمانەکەیانیان بۆ دابین بکات(Ibid).
پێگەی زمانی کوردی لە سویددا ئاوارتەیە. پۆلی زمانی کوردی بۆ خوێندکاری تا پۆلی ١٢ بەشێک لە بەرنامەی وانەی خوێندنگایە کە جیاوازە لەوەی تەنیا زمانێکی بەکۆمەڵ بێت یان تەنیا لە کۆتاییی هەفتەدا بێت. بۆیە ئەم پۆلانە لەچاوی خوێندکارەکاندا ڕەوایی و دانپێدانانی زۆرتری هەیە، چونکا بەشێک لە بەرنامەی خوێندنگایە و لە هەر ئەو ژینگەیەی خوێندنگادا و وەک بابەتەکانی تر فێر دەکرێت. دەبێ ئەوەیش زیاد بکەین، کە زمانی دایکیی منداڵانی خوێندنگە کوردییەکان، لەم خوێندنگایانەدا دەنووسرێتەوە و بەمەرجێک بیانەوێت لەبەرانبەر ئەوەی بەزۆر شوناسی عەرەبی، ئێرانی و تورکییان بدەنێ، دەتوانن خۆیان بە کورد بناسێنن(Ibid). پێگەی زمانی کوردی لە سوید لە قۆناغی دواناوەندیشدا هەر ئاوارتەیە. بۆوێنە، زانستگای ئۆپسالا، نەک هەر خولی زمان و وێژەی کوردیی داناوە، بەڵکوو کوردیی وەک مژاری چەندین خولی تریش دیاری کردووە و چەند پۆلێکیش هەن کە بەشێکیان بە زمانی کوردی وانە دەوترێت. هەروەها بەرنامەی خوێندنەوە کوردییەکانیش لە ڕاهێنانی لێکۆڵەری تایبەتکار لە بواری زمان و فەرهەنگی کوردیدا یارمەتی دەدات. چەندین نووسینگەی حکوومەتی یارمەتیی بڵاوکردنەوەی نزیک بە دوازدە کتێبیان کردووە. زۆرێک لە کتێبخانەکان کۆکراوەی کتێب و چەن گۆڤارێک بە زمانی کوردییان هەیە. تەنانەت خاوەن ژمارەیەکی بەرچاو لە چیرۆکی منداڵانن کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. ناوەندی پەرەسەندنی نێونەتەوەییی سویدی یارمەتیی بڵاوکردنەوەی ئەم چیرۆکی منداڵانەی داوە بۆ ئەوەی لە کوردستانی سەر بە عێراقدا بەکار ببرێن. بڕێک یارمەتیش دابین کرا بۆ دووبلەی ڤیدیۆی کارتۆنی منداڵان(Ibid). بە ئەم یارمەتییە کەمەی حکوومەتی سویدەوە، ئەو وڵاتە وەک ناوەندێکی چالاکی فێرکردن و فێربوونی زمانی کوردی، بڵاوکراوەی کوردی و چالاکیی فەرهەنگی دەرکەوتووە. ئەمجۆرە لە پشتگیری سنوورە بەربەستەکانی بڕەوپێدانی کوردیی کرمانجیی لە تورکیە و سووریەی لاداوە و بووە بەهۆی بەپێوەربوون و نۆژەنبوونەوەی ئەو زمانە(Kreyenbroek, 2005). پێگەی زمانی کوردی لە سویددا، پێشان دەدات کە زمانێک تەنانەت لە دیاسپۆرادا کاتێک کە مافە ئەرێنییە زمانییەکان، بڕەوپێدان و پشتگیری لە وڵاتی پێشواز وەردەگرێت، دەتوانێت بەباشی پەرە بسێنێت. لەلایەکی ترەوە، پێگەی زمانی کوردی لە زۆرێک لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوادا پێشان دەدات، کە تەنیا هەڵکردنی(Tolerance) بەبێ بڕەودان و پشتگیری، بۆ پەرەسەندن و مانەوەی پێگەی زمانێکی بێدەوڵەت بەس نییە.
٥.کورد و زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا
کورد لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا
لە دوا چارەکی سەدەی بیستەمەوە، دەوڵەتە یەکگرتووەکان پێنج شەپۆلی کۆچی کوردانی بەخۆیە دیوە. یەکەم شەپۆل لە ١٩٧٦-١٩٧٧ دا و بەدوای هەرەسی شۆڕشی کورد لە عێراقدا گەیشت، کاتێک کە شای ئێران و دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەستیان لە پشتیوانیی شۆڕشگێڕە کوردەکان هەڵگرت و هیچ پشتیوانێکی تریان نەبوو. لەئاکامدا، بە هەزاران خەڵکی کورد بۆ ڕاکردن لە کارەسات، بە لێشاو هەڵهاتن و هێندێکیان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا گیرسانە. زۆرینەی نزیک بە تەواوی ئەم کوردانەی ناو عێراق لە تێنێسی، تێگزاس، کالیفۆڕنیا، واشنگتن دی سی و داکۆتا جێگیر بوون(karimi, 2010). دووهەم شەپولی کۆچکردن لە ١٩٧٩ دا و لە کاتێکدا بوو کە شۆڕشی ئێران ڕووی دا. زۆرینەی کوردانی ناو ئێران بەرەوڕووی ڕێژیمی تیۆکراتیکی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بوونەوە. لە ٢٠ی ئاگۆستی ١٩٧٩دا، ئایەتوڵڵا خومەینی فەتوای سەرکوتێکی هۆڤانەی خەڵکی کوردی ناو ئێرانی دەرکرد. هاوکات شەپۆلی کوشتوبڕ و بۆمبارانی شارەکانی کوردستان دەستی پێ کرد. لە ئاکامدا، زۆرێک لە کوردەکانی ناو ئێران ئاوارە بوون و هێندێکیان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا گیرسانەوە. نزیکەی تەواوی ئەم کۆچبەرانە لە لۆس ئانجلێس و کالیفۆرنیا جێگیر بوون. سێهەمین و گەورەترین شەپۆل بەجێماوانی هەڵمەتی کۆمەڵکوژیی ناسراو بە ئەنفال بوون کە سەدام حسێن بۆ بنبڕکردنی کورد لە باکووری عێراقدا دەستی پێ کرد. ئەم هەڵمەتە لە ساڵی ١٩٨٨دا و بە بۆمبارانی کیمیاییی شاری کوردیی هەڵەبجە گەیشتە لووتکە. بەگوێرەی چاوەدێری مافی مرۆڤ(١٩٩٣)، ٥٠٠٠٠ تا ١٠٠٠٠٠ کورد لەم هەڵمەتەدا کوژران. هێندێک لە کاربەدەستانی کورد بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم ژمارەیە تا ١٨٢٠٠٠ کەس دەگات. هەزاران کورد لە پێناو دۆزینەوەی پەناگەیەکدا سنووریان بڕی. لەنێوان ساڵەکانی١٩٩٢-١٩٩١ دا نزیکەی ٩٠٠٠ کەس لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا جێگیر بوون. شەپۆلی چوارەم لەنێوان ساڵەکانی٩٨-١٩٩٦ دا ڕووی دا، زۆرینەی ئەم شەپۆلەو وەرگێڕانە بوون کە لەگەڵ سوپای دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کاریان دەکرد و دواتر بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ سوپای دەوڵەتە یەکگرتووەکان و پشتگیریی ئاژانسەکانی وڵاتانی تری ڕۆژئاواوە، ژیانیان لەلایەن سەدام حسەینەوە کەوتبووە مەترسییە. نزیک بە ٦٠٠٠ کورد لەسنووری تورکیەدا و بە ڕێگای ئاسمانی ڕاگوێزران بۆ گوام بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە پەنابەرییەکەیان بکرێتەوە و دوای چەند مانگێک گەیشتنە وڵاتی سەرەکی(Talmadge, 1997; Pedigo, 2009). ئەم تاقمە بە زۆری لە تێنێسی و ڤیرجینیا جێگیر بوون. پێنجەمین و دوایین شەپۆلی کۆچ بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکان، بەدوای کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) بەدژی کوردانی کرمانج-ئاخێوی ئێزیدی ڕووی دا. نزیکەی ٣٠٠٠ کەس لەوان لە نێبراسکا جێگیر بوون.
پێگەی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا
میسیۆنێرە مەسیحییەکان یەکەم تاقمی ناو ئەمریکییەکان بوون کە سەرنجیان بۆلای زمانی کوردی ڕاکێشرا و ئەم زمانەیان خوێندەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ مەسیحییە خۆجێیە کوردەکانی هەرێمەکەدا پەیوەندی دروست بکەن، ئینجیل وەرگێڕنەوە و بیگەیەننە دەستی کوردەکان. لە ١٨٥٦دا، بەشێک لە ئینجیل وەرگێڕدرایە سەر کرمانجی(Bagster, 1848, p.69). لەو کاتەوە، خوێندنەوەکانی ئینجیل بە کوردی بەردەوام بووە و لەلایەن میسیۆنێرە ئەمریکییەکانی وەک “ساموێل ڕییا” و “ئێل فۆسم”ەوە ڕێوشوێنی بۆ دیاری کراوە، چونکە ئەمانە هەڵوەدای ئەوە بوون کە پەرە بە کتێب و وشەنامەی کوردی بدەن. لە ١٨٦٩دا، ڕییا، میسیۆنێری A.B.C.F.M لە کوردستاندا، “ڕێزمان و وشەنامەی کورتی زمانی کوردی”ی (a brief grammar and vocabulary of the Kurdish language) خستە بەردەستی کۆمەڵگای ئەمریکیی ڕۆژهەڵات. لە ١٩١٩دا، فۆسم “ڕێزمانی کردەییی زمانی کوردی”ی (a practical Kurdish grammar) نووسی، کە کۆمەڵێک ڕێنوێنیی گشتگیری ڕێزمانیی، وێنەی شیعر و چیرۆکی کورت، تاقیکردنەوەی وەرگێڕانێکی ئینجیل بۆ سەر زمانی کوردی و وشەنامەیەکی لەخۆ دەگرت. لە ١٩٥٨دا، ئێرنێست مەک کارۆس “ڕێزمانی کوردی”ی (A Kurdish grammar) بڵاو کردەوە. لە ١٩٦٧دا، زانستگای میشیگان پێنج بەرگی لە وتار، ڕۆژنامە، ڕێزمان، چیرۆکی کورت، فەرهەنگێکی کوردیی عەبدوڵڵا و مەک کارۆس بڵاو کردەوە. هەر لە ١٩٦٧دا، مارگارێت کان، تێزی دۆکتۆراکەی لەسەر زمانناسیی کوردی لە زانستگای میشیگاندا نووسی(Kahn, 1976;Gunter, 2018). لە دەستپێکی سەدەی بیست و یەکەمەوە ، هێندێک چالاکی لەسەر زمانی کوردی و بەزۆری لە بواری بڵاوکردنەوەدا بووە(see:Thackston undated; Chyet 2002; Ekici 2009; Khezri 2022).
ئەم چالاکییانە لە بواری بڵاوکردنەوەدا بەدوایاندا کۆمەڵێک دەستپێشخەری لەبواری فێرکردنی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتتوەکاندا هاتووە، بەگشتی لە بواری ئاخافتندا، دوو جۆر پۆلی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا هەیە: ئەو پۆلانەی لە ناو کۆمەڵەکاندا و وەک کاری خێرخوازانە (بێدەسکەوتی مادی) دانراون و ئەو پۆلانەی لەلایەن دابینکارییە فیدراڵەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵاوە پێشنیار و پشتگیری کراون. وێنەیەکی تاقمی یەکەم خولێکی کۆمەڵ- تەوەر لە “سان دیێگۆ”دایە کە لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠ەکاندا بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو(Sheyholislami & Sharifi, 2016, p.88). ئەم پۆلانە لە شەوان یان کۆتاییی هەفتەکاندا لەبەردەستدان، بە زۆری وەک پۆلی کوردیی بێ-کرێدیتن و یارمەتی لە حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا وەرناگرن. هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم جۆرە پۆلانەدا، دەبێت بوترێت کە چ لە ماوەی ساڵی خوێندندا و چ وەک وۆرکشۆپی هاوینەی زمان، زمانی کوردی لە هێندێک لە دامەزراوەکان و زانستگاکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا فێر کراوە. بەگوێرەی ناوەندی توێژینەوەی پێشکەوتوو لەسەر فێربوونی زمان(CARLA)، لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا سێ بەرنامەی زمانی کوردی بۆ قۆناغی دوا ناوەندی هەبووە: زانستگای کالیفۆرنیا، لۆس ئانجلێس(UCLA)، دامەزراوەی زمانی بەرگری(DLI)، لە مۆنتێری سی ئەی و زانکۆی دەوڵەتی کۆمەڵی لە نەشڤیل. لە ٢٠٠٦دا، زانستگای هیندیی بلوومینگتۆن(IUB)، بوو بە یەکەمین زانستگا لە باکووری ئەمریکادا کە پۆلی زمانی کرمانجی دەخاتە بەردەست. لە ٢٠٢١دا، زانستگای فلۆریدای ناوەندی دوایین زانستگا بوو کە خولی زمانی کوردیی سۆرانی دەخاتە بەردەست. بەگشتی، ئەمانە و بەرنامە هاوشێوەکانی تر، زۆرتر بەهۆی دابیننەکردن و ناونووسینی کەمەوە ئێستا لەبەردەستدا نین.
هاوکات لەگەڵ ئەوەی دیاسپۆرای کوردی بۆ پێگەیەک بۆ زمانەکەی خۆی لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا دەگەڕێت کە لەپێشدا سیستەمی پەروەردەی خۆی هەبووە، ئاریشە و ئاستەنگی نوێیش ئەزموون دەکەن، کە تایبەتە بە زمانی بێدەوڵەت، کە ئەمە سەرەڕای ئەو ئاریشە تایبەتانە بووە کە لە وڵاتی خۆیاندا بۆ چەندین سەدە ئەزموونیان کردووە. دەقێکی پێشڕەو کە ڕێگای خۆش کرد بۆ ئەوەی یەکتربڕین بە چەمک بکرێت و بناسرێت، خۆژیاننامەی ماری چێرچ تێرێل بوو لەژێر ناوی “ژنێکی ڕەنگین پێست لە جیهانێکی سپیدا” (a colored woman in a white world) لە ساڵی ١٩٤٨دا. یەکەم هێڵەکانی ئاوایە “ئەمە چیرۆکی ژنێکی ڕەنگین پێستە لە جیهانێکی سپی پێستدا. ڕەنگە ئەمە وەک چیرۆکی نووسراوی ژنێکی سپی پێست نەبێت. ژنێکی سپی تەنیا یەک گرفتی هەیە کە بەسەریدا زاڵ ببێت- گرفتی ڕەگەز. من دوانم هەیە، هەم ڕەگەز و هەم تۆرەمە. من سەر بەو تاقە تاقمەم لەم وڵاتەدا، کە دوو ئاستەنگی وەها گەورەی لە ڕێدان کە بەسەریاندا زاڵ ببێت. پیاوە ڕەنگین پێستەکان تەنیا یەکیان هەیە- ئەوەی تۆرەمە“(Terrell, 2005, p.29). تێرێل بە لەبەرچاوگرتنی مافە تایبەتەکانی پیاوی سپی، خۆی لەگەڵ هەردوو ژنی سپی و پیاوی ڕەشدا هەڵدەسەنگێنێت. ئەو باس لەوە دەکات کە “دوو ئاستەنگی وەها گەورە” دۆخی “جووت-نوقسانی”ی (double-handicap) تۆرەمە و ڕەگەز دروست دەکات(p.29). لە ١٩٧٠ دا، فرانسیس بیال بە پەرەپێدانی چەمکی “جووت-نوقسانی”ی تێرێل، باسەکەی بەرەو ئەوە دەبات کە ژنی ڕەش لە جۆرێک لە دۆخی “جووت-مەترسی”دا (double jeopardy) چەقیوە کە لە یەک کاتدا ژنە و ڕەشە. ئەو “ژنی ڕەش لە ئەمریکادا… وەک کۆیلەی کۆیلە” دەنوێنێت(Beale, 1995, p..148). لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٨٠دا، دێبۆرا کینگ بە چەمکی جووت مەترسیی بیال و مەترسیی سیانەی “بێڤێرلی لیندسەی”دا دەچێتەوە، کە روونتر پێ لەسەر چینە کۆمەڵایەتییەکان دادەگرێت. کینگ باسی ئەوە دەکات کە ئەم چوارچێوەگەلە دەکەونە داوی “ڕێبازێکی ڕوو لە گەشە” (additive approach) کە “ئەو ڕاستییە لەبەر چاو ناگرێت کە تۆرەمەخوازی(ڕاسیزم)، ڕەگەزخوازی(سێکسیزم) و چینخوازی( کلاسیسیزم) سێ سیستەمی ڕاگرتنی سەربەخۆ دادەمەزرێنن”، هێندێک شت هەن زۆرتر لە چەمکگەلی وەک “چەند مەترسی”دا (Multiple jeopardy) باشتر ڕەنگ دەدەنەوە. ئەو دەڵێت “چەند مەترسی”، “تەنیا هەڵناگەڕێتەوە بۆ چەندین سەرکوتی هاوکات، بەڵکوو پەیوەندیی یەک بە یەکیشیان لەگەڵ یەکتردا دەردەخات”(1987, p.47).
هاوچەشنی ئەزموونی ژنانی ڕەش، وێنەی زمانی کوردیش ڕەنگە وەک وێنەی زمانە کەمتر فێرکراوەکان نەبێت کە خاوەن مافی تایبەتی خاوەن دەوڵەتبوونن. چەندین نوقسان و توێژ لە بێمافی بوونیان هەیە کە لە بابەتی زمانی بێدەوڵەتی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا کەڵەکە دەبن. بەزۆری، پرسی کورد لە سەرەتادا بە چاویلکەی سیاسی، مێژوویی و لەم دواییانەیشدا خوێندنەوە جێندەرییەکانەوە لێی نزیک بوونەتەوە. ئەم بەناوەندبوونی سیاسەت و مێژووە، زمان و وێژەی خستووەتە پەڕاوێزەوە. هەموو کەس دەتوانێت سەدان سەرچاوەی ئاکادێمی لەسەر سیاسەت و مێژووی کورد بدۆزێتەوە بەڵام لە دۆزینەوەی ئەو ژمارە کەمەی سەرچاوەگەلی پەیوەندیدار بە زمان و وێژەی کوردیدا تووشی کێشە دەبێت. تەنانەت ئامرازە سنووردارەکانی فێرکردنی زمانی کوردی، کێماسیی جۆراوجۆریان هەیە. یەکێک لە مامۆستا بەئەزمووونەکانی زمانی کوردی کە لە دە ساڵی دواییدا لە دامەزراوە جیاجیاکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا وانەی وتووەتەوە دەڵێت:” لە کاتێکدا کتێبە ڕێزمانە ماوەبەسەرچووەکان ئامانجی سەرەکیی ئەو زمانناسانەیە کە هۆگری زمانناسیی هەڵسەنگاندن و شیکاریی ڕێزمانی و زمانناسانەی زمانی کوردی و ئێتنۆگرافین، کتێبە دەقە نوێکانیش بەدەست گرفتی جیاجیاوە دەناڵێنن، کە بەرچاوترینیان بریتین لە بوار و پێکەوەگرێدراویی مژارە ڕێزمانییەکان و هەروەها باوبوونی مژارە فەرهەنگییەکان و وشە پەیوەندیدارەکانی” (Ekici, 2018). بێدەوڵەتبوون، زمانی کوردیی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا تووشی گرفتگەلێک کردووە کە لە وڵاتی خۆیشیاندا بەرەوڕووی دەبوونەوە؛ وەک جیاوازیی نێوان زاراوەکان و ئاستی دیاریکراوی بەپێوەربوون و نۆژەنکردنەوە، ڕێنووسێک کە بەکاری دەبەن و لەبەردەستبوونی فێرکاریی زمان و ئامراز و تێکنۆلۆژیی فێرکاریی شیاو، کە ئەمانە لەگەڵ زۆرێک بابەتی تردا ئەو ئاستەنگانە بوون کە لە وڵاتی خۆیان و لە دیاسپۆرایش بەرەوڕووی فێرکاریی زمانی کوردی بوونەتەوە. پەرەسەندنی تێکنۆلۆژی لەلایەکەوە بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بووە و لەلایەکی ترەوە ئاستەنگی نوێی دروست کردووە. خوێندکارێکی زمانی ئینگلیسی چۆن دەبێت کاتێک کە بۆ پەیوەندیگرتن و نووسین بە زمانی ئینگلیسی کەڵک لە تەختەکلیلی فەڕانسی وەربگرێت؟ هەتا ئەمڕۆژە و بەهۆی کەمبوونی تێکنۆلۆژیی شیاوەوە، زۆربەی خوێندکارانی زمانی کوردی، پێویستیان بە تەختەکلیلی عەرەبی و فارسی و تورکی هەیە.
دەبێت ئەوەیش زیاد بکەین کە، تایبەتمەندیی زەقی کۆمەڵی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، کاریگەریی لەسەر پێگەی فێرکردنی زمانی کوردی هەبووە. کۆمەڵی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا نەک هەر لەباری دانیشتووانەوە بچووکە، بەڵکوو هۆکارە پاڵنەرەکانی بوونیشیان لەناو ئەو وڵاتەدا، دوورە لە بەدواداچوونی خەونی ئەمریکی. ئەم پەنابەرە کوردانە بەزۆری بەجێماوی توندوتیژی، سڕینەوەی ئێتنیکی، هەڵمەتە کۆمەڵکوژی و شیمیاییەکانی حکوومەتە ناوەندییەکانی هەرێمەکەن. لەناو دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، یەکەمین و گرینگترین سەرقاڵییان بەر لە دەستڕاگەیشتن بە بابەتە پەروەردەییەکان، هەمووی دەگەڕێنەوە سەر شوێنی مانەوە، کارکردن و باری ماڵی. لە ئاکامدا فێرکردنی/فێربوونی زمانی کوردی وەک بابەتێکی پلە دوو دەمێنێتەوە(pitkänen, Kalekin-Fishman, & Verma, 2002; Bostwick, 2014). پێگەی زمانی کوردی لە دیاسپۆرای دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، کاریگەریی لەم پێگە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەی کورد لە ماڵی خۆیدا وەرگرتووە. پەنابەرە کوردەکان لە پێگەیەکی پەڕاوێزخران، بێمافی، بێبەشبوونی پەروەردەیی و ئابوورییەوە هاتوون، هەر بەو جۆرەی لەناوخۆدا لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکانی وڵاتانی سەرچاوەی خۆیانەوە بەکۆلۆنی کرابوون. تەنانەت هێندێک لە کوردەکان خۆیان بە کورد ناناسێنن. لەنێوان هۆکارگەلی زۆردا، یەکێکیان کە زۆر ڕوونە پێگەی کۆمەڵایەتی-ئابووریی تاقمە زاڵەکانە(Sheyholislami & Sharifi, 2016). بۆوێنە، ئەم پێگە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەی کورد بەپێچەوانەی ئەندامە مافپێدراوەکانی تری تاقمەکە، ئەوان بێبەش دەکات کە بتوانن بەشێوەیەکی بەرچاو یارمەتیی دامەزراندنی بەرنامەی بەردەوام و تەرخانکردنی کورسی بۆ زمان و وێژەی کوردی بدەن. بەپێچەوانەوە، کەسانی وەک بیتا دەریاباری، ئیلاهە ئومیدیار میرجەلالی و هەروا زۆرێکی تر لە ئەندامانی خاوەندەوڵەتی تاقمەکە، یارمەتیی بەرچاویان داوە بە دامەزراندن و تەرخانکردنی کورسی بۆ زمان و وێژەی فارسی، عەرەبی و تورکی. لەنێوان زۆر پرسی تردا، پرسی تۆرەمە، چینی کۆمەڵایەتی و پەروەردە، هاوچەشنی ئەوەی کورد لە وڵاتی خۆیاندا ئەزموونیان کرد، زۆر کاریگەریی لەسەر پێگەی زمانی کوردی لە کۆمەڵی دیاسپۆرادا هەبووە. ئەمڕۆکە زمانی بێدەوڵەتی کوردی لەنێوان زمانە کەمتر فێرکراوەکاندا دیسان “زمانێکی کەمتر فێرکراوە”.
دۆخی یەکتربڕی زمانی بێدەوڵەتی کوردی، هەروەها ئاکامی سیستەمی دەسڕۆیشتووییی حکوومەتداری و پەروەردەییی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆی حکوومەتە ناوەندییەکانی هەرێمەکە و دامەزراوە فەرمی و نیوەفەرمییەکانی ئەوان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندایە. لەکۆتاییەکانی دەیەی ١٩٨٠دا، کۆمەڵێک تیۆریی سەرەتاییی یەکتربڕین، ئەو بیرۆکەیەیان پەرە پێدا کە سیستەمەکانی سەرکوت بەیەکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی زنجیرەیەک لە دۆخی کۆمەڵایەتی بخوڵقێنن کە ژنانی ڕەش و ژنانی ڕەنگەکانی تر، بەشێوەیەکی نەبینراو بەڵام وەک مەترسییەکی کۆمەڵایەتیی بەردەوام، لەناویدا بژین و کار بکەن. گرینشاو کاتێک لە دۆخی قانوونیی ئاڵۆزی ژنانی ڕەش هەڵکەوت، کە ئەوان وەک ژنێکی ڕەش هەڵاواردنیان ئەزموون دەکرد، لە کۆمەڵێک تیۆریی فێمینیستیی ڕەشەوە بە ئەم ئاکامە گەیشت. ئەوەی کە ئەو بە “یەکتربڕین” ناوی برد، کۆمەڵە نووسینێک لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەدا شەنوکەو دەکات کە ژنانی بیرمەندی ڕەش لەگەڵیدا دەستەویەخە بوون و بەشێوازی جۆراوجۆر و بۆماوەی نزیک بە سەدەیەک هەوڵیان داوە ناوێکی بۆ بدۆزنەوە. گرینشاو، لەدوای بیست و پێنج ساڵ لە بڵاوکردنەوەی دوو وتارە سەرەتاییەکەیەوە، بەردەوام بووە لە بەبڕشتترکردنی شیکارییە یەکتربڕانەکەی. کووپر(٢٠١٥)، لەسەر بنەمای ئەو یارمەتییانەی گرینشاو بە [چەمکی] یەکتربڕین کردی، پێی وایە بۆ بڕەودان بە تێکەڵبوونی ژنانی ڕەش لە چەقی یەکتربڕیندا، پێویستە سیستەمە زاڵەکانی دەسەڵات بخرێنە بەر سەرنج و پارچەپارچە بکرێن. ئەو دەڵێت “ئەوەی دەبێت وەک خاڵی ناوەندی و لەپێش هەموو شتەوە دایبنێین، ئەوەیە کە یەکتربڕین لەپەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە جێگیرەکاندا (دادوەری، ئاکادێمیک و کۆمەڵایەتی)، ئامانجێکی کۆتاییی هەیە، لەوەدا کە سیستەمە جێگیرەکانی دەسەڵات دەخاتە بەر سەرنج و لەیەکیان هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە بڕەو بە تێکەڵبوونی ژنانی ڕەش و ژنانی ڕەنگی پێستی تر بدات و ئەو بوارە ناسیاریناسانانەیە بگۆڕێت کە لەناویاندا ئەم دامەزراوەگەلە مانادارە و لێیان تێدەگەین”. ئەم باسە پێشان دەدات کە چۆن سیستەمە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاکادێمیکەکانی دەسەڵات و سەرکوتی حکوومەتە ناوەندییەکانی هەرێمەکە بە یەکەوە و لەگەڵ دامەزراوە فەرمی و نیوەفەرمییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانیشدا کاریان دەکرد و زنجیرە هەلومەرجێکی وەهایان خولقاندووە کە لەژێر سێبەریدا زمانی بێدەوڵەتی کوردی ژیاوە و کاری کردووە، هەموو کاتیش بەجۆرێک نەبینراو و بەڵام وەک مەترسییەکی بەردەوامیش بووە.
هیچکام لەو دامەزراوە فەرمی و نیوەفەرمییانەی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا لەلایەن ئەم حکوومەتانەوە پشتگیری کراون، لە باڵیۆزخانەوە بگرە تا، کۆنسوول، ناوەندە فەرهەنگییەکان و دامەزراوە دینییەکان، هیچ هەنگاوێکی بەرچاویان بۆ بڕەودان بە زمان، وێژە و فەرهەنگی کوردی هەڵنەگرتووە. لەکاتێکدا، هەرئەم دامەزراوەگەلە بەتەواوەتی لە بڕەودان بە زمانی نەتەوەییی/زاڵی خۆیاندا چالاک بوون. سەیری وێنەی تورکیە بکەن: باڵوێزخانەی تورکیە لە واشینگتن دی سی، کۆنسوولیان لە نیۆیۆرک، لۆس ئانجلێس، شیکاگۆ، هوستۆن و بۆستۆن تەنیا بڕەو بە زمان و فەرهەنگی تورکی دەدەن. ناوەندە فەرهەنگییە تورکییەکانی نیۆیۆرک، نیووهەمپشایر، نیووجێرسی، پێنسیلڤانیا، ماساچووسێت، ماین، ڤێرمۆنت، کەنەتیکێت و کارۆڵاینای باشوور وێنەی ئەو سەدان ڕێکخراوە فەرهەنگی و دینییانەی ترن کە تەنیا زمان، فەرهەنگ و وێژەی تورکی بڵاو دەکەنەوە. ئەمانە هەروەها زۆربەیان ئەو ڕێکخراوە گشتییە پەروەردەییانەن کە کۆمەڵ-تەوەر، خێرخوازانە و ڕیزپەڕکراو لە باجدانن و یارمەتی لە دەوڵەتی تورکیە و بەشی گشتی و تایبەت وەردەگرن. ئەم دامەزراوەگەلە چالاکیی جۆراوجۆری وەک شەوە فەرهەنگییەکان، پۆلی مۆسیقای تورکی، پۆلی وێنەکێشانی سەرئاوی تورکی، پۆلی چێشتلێنانی تورکی، پۆلی وێنەکێشان و پۆلی زمانی تورکی(و تەنانەت عوسمانی) ڕێک دەخەن (see for example Turkish cultural center in NYC). تا ئەو جێگەی من ئاگادارم، هیچ یەک لەم ناوەندە فەرهەنگییانە تاقە جارێکیش خولێکی زمان یان فەرهەنگی کوردییان نەخستووەتە بەردەست. ئەمە سەرەڕای ئەو ڕاستییەیە کە زمانی کوردی دووهەم زمانی گەورەیە لە تورکیەدا، کە نزیکەی بیست لە سەدی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەو زمانە قسە دەکەن. لەسۆنگەی پێگە و زمانی شوناسە ژێردەستەکانەوە و لە بەرگریکردن لە چەندزمانە بوونێکی دەستەبژێر لە دەڵەتە یەکگرتووەکاندا، هەموو ئەم ناوەندە فەرهەنگییانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە پشتگوێخستنی زمان و فەرهەنگی نەتەوە بێدەوڵەتە ژێردەستەکاندا، لە ناوخۆ و لە دیاسپۆرادا یارمەتیی پلەمەنیی (هیرارشی) دەسەڵات دەدەن، یارمەتیدەری سەرکوتی زمانە بێدەوڵەت و ژێردەستەکان و سڕینەوەی ئەزموونی ئەوانیشن لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا.
زۆربەی کات، نەک هەموو کات، لەم ناوەندە فەرهەنگییانەدا، فەرهەنگ، مۆسیقا، جوگرافیا و جۆری خواردنی فەرهەنگە ژێردەست و بێدەوڵەتەکان بەناوی سەردەستەکانەوە دەناسێنرێت و بەرهەم دەهێنرێتەوە. لەسەر ئەم پشتگوێخستنە ناڕاستەوخۆ و زمانکوژییە نەرمەی زمانی کوردی لە دیاسپۆرادا، حکوومەتە ناوەندییەکانی ناوچەکەیش لە هەزاران مایل ئەولاترەوە دوودڵ نین لەوەی بانگەشەی زمانکوشتنی زبری زمانی کوردی بکەن. تا ئەمڕۆیش، تورکیە شەڕی ئەوە دەکات مێژوو بنووسێتەوە و ڕەدی دەکاتەوە کە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان و کوشتوبڕی درێرسیم لە سەدەکانی پێشوودا ڕوویان داوە. باڵوێزخانەکانی تورکیە لە ئورووپادا دژی پێگەی زمانی کوردین. “هەوڵدان بۆ پەروەردەی مامۆستای کوردی یان داوای کەمترین مافی پەیوەندیدار بە زمانی دایکەوە و یان تەنانەت ناونووس کردنی کوردی لە زۆربەی بۆنەکاندا لەلایەن باڵوێزخانەکانی تورکیە لە ئاڵمان و دانمارکدا بەرەوڕووی دژایەتی و هەڕەشە بوونەتەوە” (Skutnabb-kangas, 1984,pp.279-280; Hassanpour, Skutnabb-Kangas & chyet, 1996). لەمانگی ئاڤریلی ٢٠١٩دا، زانستگای تۆکیۆ لە ژاپۆن ڕایگەیاند کە لە بەرنامەیاندا پۆلی زمانی کوردییش دەگونجێنن. دواتر هەر لەو مانگەدا، ڤاکاس گۆلاک(Vakkas Golak)ڕاهێنەری زمانی کوردی لە زانستگای تۆکیۆ بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەوڵتی تورکیە هەوڵی داوە پۆلەکە لە زانستگاکەدا دابخات. پێویستی بە وتن نییە کە ئێران، سووریە و عێراقیش لە دەرەوە هەر وەک ناوخۆ هەر ئەو ڕوانگەیەیان بەرانبەر بە زمانی کوردی هەبووە.
پێکهاتە حکوومەتی و پەروەردەییەکانی دەسەڵات و سەرکوت لە وڵاتانی ناوچە کە کوردیان بەسەردا دابەش بووە، نەک هەر لە بێبەشکردنی زمانی بێدەوڵەتی کوردی لە دەرەتانی بەرچاوکەوتندا پێکەوە تەنراون، بەڵکوو ئەم هەوڵەیان لەناو دامەزراوە فیدراڵەکان و دامەزراوەکانی پەروەردەی باڵایشدا دەدەن. دامەزراوەکانی فیدراڵی و پەروەردەی باڵا، بەشی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا و ئەنجومەنگەلی وەک ACTFL ،MESA ،NCOLCTL حەزی خۆیان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی زمانی بێدەوڵەتی کوردی پێشان داوە. گرینگ نییە کوردێک هەڵدەبژێرێت کە چۆن لە سەرژمێریی دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا بناسرێت، ئەو لە پاسپۆرتەکەیدا وەک ئێرانی، عێراقی، تورکی و سووری دەستنیشان دەکرێت، لە سیستەمی زانستگایشدا هەر بەو جۆرەیە. نووسینگەی سەرژمێریی دەوڵەتە یەکگرتووەکان وڵامەکانی “عەرەب”، “عەرەبی”، “کورد” و “بەڕبەڕ”ی هەموو بە عەرەب ڕیزبەند کردووە (Sheiholislami & Sharifi, 2016). حکوومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکان حکوومەتە ناوەندییەکانی لا گرینگترە لە نەتەوە و زمانە بێدەوڵەتەکان. بۆوێنە بڕوانینە یارمەتییە خوێندنییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان بۆ زمانە لە مەترسی کەوتووەکان. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە کوردی لەناو لیستی زمانە لەمەترسی کەوتووەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکاندایە، بەڵام هیچ یەک لە بەرنامە سەرەکییەکانی یارمەتیی فیدراڵ وەک یارمەتیی زمانە لە مەترسی کەوتووەکان، خەڵاتی بۆرێن، بەرنامەی یارمەتیی خوێندنەوەی زمان و ناوچە دەرەکییەکان(FLAS)، بەرنامەی ناوەندەکانی سەرچاوەی نەتەوەیی، STARTALK و فلاگشیپی زمان، یارمەتیی بەرنامە زمانەوانییە کوردییەکانیان نەکردووە. من خۆم ئەم جۆرە لە هەڵاواردنم لە کاتی خۆیدا لە IUB بینیوە. بۆوێنە، دوای دوو ساڵ کاری چڕوپڕی ناونووسین لە IUB دا، لە کۆتاییدا دە داخوازییم بۆ خوێندکارەکانی زمانی کوردی بۆ وۆرکشۆپی زمانی هاوینی ٢٠١٧ پێشکەش کردبوو. من هیوادار بووم بگەم بە ناونووسکردنی لانیکەمی دە خوێندکار کە IUB مەرجی بۆ دانابوو بۆ پاییزی ٢٠١٧ و بە دابینکردنی ئەو مەرجە کە بۆ هەموو زمانێکی نوێی تریش هەیە پێگەیەکی تەواوکات بۆ زمانی کوردی بکەمەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، داخوازییەکە دەبوو ماتڵ ببێت چونکە بەشی ناوخۆییی سەرچاوە نەتەوەییە ئاسیایی و ئورالیکەکان (سەردێڕێک بۆ ناوەندیVI) لەپێشدا داخوازیی خوێندنەوە ناوچەیی و زمانە دەرەکییەکانی (FLAS) بۆ زمانەکانی فارسی و تورکی دەخەمڵاند. ئەگەر پێگەیەک بمایەتەوە، ئەو کات دەچوون بەدوای داخوازکارەکانی زمانی کوردیدا کە شیاوی یارمەتییە دابینکراوەکانیFLAS بوون. شەش کەس لە داخوازکارەکان لە پلانی خۆیان بۆ خوێندنی زمانی کوردی وەک زمانی تر کشانەوە، لەبەرئەوەی نەیانویست مەترسیی کات بەفیڕۆچوون بەبۆنەی FLAS لەئەستۆ بگرن. لە ئاکامدا تەنیا چوار کەس لە ١٠ خوێندکارە سەرەکییەکە توانیان بەدوای بەرنامەکەدا بڕۆن.
هیچکام لە دامەزراوەکانی پەروەردەی باڵا لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا کە پێشتر یان ئێستا زمانی کوردی پێشنیار دەکەن، هیچ پلان و ستراتێژییەکی درێژخایەنیان بۆ هێشتنەوەی بەرنامەکەیان نەبووە. لەکاتی نووسینی ئەم وتارەدا، هیچ زانستگایەکی دەوڵەتە یەکگرتووەکان پێگەیەکی بەردەوامی بۆ زمان و وێژەی کوردی نەبووە. ئەوان ئێستایش، سەدان بەرنامە بۆ زمانە زاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەژێر ناوی قەبەی خوێندنەوە ناوچەییەکاندا پێشنیار دەکەن. بەگوێرەی دامەزراوەی توێژینەوەی پێشکەوتوو لەسەر فێربوونی زمان لە زانستگای مینێسۆتادا، تەنیا لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، زۆرتر لە ٧٨٨ بەرنامەی بەردەوام بە زمانی عەرەبی، ١٠٩ بە زمانی تورکی و ١٠٠ بە زمانی فارسی هەیە، بەڵام هیچ بەرنامەیەک لەسەر زمانە بێدەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نییە. بەگوێرەی ئەنجوومەنی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ٢٢٥ بەرنامەی خوێندنی باڵا لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا هەیە، کە ١٥٩ی بۆ عەرەبی، ٩١ی بۆ عیبری، ٤٩ی بۆ فارسی و ٣٦یش بۆ تورکییە. وەها بەرنامەگەلێکی بەردەوام بۆ زمانە قەیراناوییەکانی وەک زمانی کوردی نییە. ئەم ناهاوسەنگییە زۆر کاریگەریی لەسەر خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا هەبووە، کە تێیدا تاقمە پێدراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نەک هەر لەلایەن هیرارشییەوە بەڵکوو لەلایەن پەڕاوێزەکانیشەوە دەدوێن (Soleimani & Mohammadpour, 2019).
یەکێک لەو ئاستەنگانەی بەرەڕووی زمانێکی بێدەوڵەتی وەک زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا دەبێتەوە، جۆری هەڵسوکەوتی بەشی فەرهەنگ و زمانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژهەڵاتی نزیک لەگەڵ زمان و فەرهەنگە پەڕاوێزەکانی وەک زمانی کوردیدایە. ئەم بەشانە، بەهۆی ئەوەی پێشتر کەوتوونەتە ژێر دەستی لێکۆڵەرانی زمانە زاڵەکانی هەرێمەکە و ئەو لێکۆڵەرە ڕۆژئاواییانەی پەروەردەکەیان بە چوارچێوەی زمانە زاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین وەرگرتووە، ئەگەریش نەڵێین هیچ، بەڵام لانیکەمی هۆگرییان بۆ پشتگیری و بڕەودان بە زمان و فەرهەنگە بێدەوڵەتەکانی وەک کوردی هەبووە. ئەزموونی خوێندنەوە کوردییەکان لە ناو بەشەکانی مرۆڤناسی، زانستە سیاسییەکان و مێژوودا زۆر جیاواز بووە، لەوبەشانەدا کوردی دانی پێدانراوە و دۆخی باشترە. لەماوەی چوار ساڵ وانەوتنەوەی کوردی لە IUB دا و تێکەڵاویم لەگەڵ زۆرێک لە لێکۆڵەرە کوردەکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، من هەڵسوکەوتی زۆر باشم لەم بەشانە بینیوە. بۆ وێنە سەرنجی شێوازی بانگەشە بۆ پۆلەکانی زمانی کوردی لە ڕیزبەندی خولە پێشنیارکراوەکانی بەشی IUB ی خوێندنەوەکانی ئووراسیای ناوەندی بدەن. کوردی ، بەپێچەوانەی زمانە کەمتر فێرکراوە پێدراوە خاوەن دەوڵەتەکانەوە ، لەژێر ناوی زمانەکانی ئووراسیای ناوەندیدا بانگەشەی بۆ کراوە. هاوچەشنی IUB، لە ئێستادا بڕیار وایە خولی زمانی کوردی لە نەشڤیلدا لەژێر ناوی “زمانەکانی تری ١،٢،٣” دا پێشنیار بکرێت. زمانی کوردی کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە، ناتوانێت لەسەرپێی خۆی بوەستێت و بانگەشە بکرێت. لە هێندێک وێنەدا، ڕاپۆرتی هەڵاواردنی ڕوونی ئەم بەشانە لەسەر زمانی کوردی هەیە.
ئەم بەشانە و ناوەندە بەستراوەکان بە ئەوانەوە لە دابەشکردنی سەرچاوە دەرەکی و ناوخۆییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و لەهەمووی بەرچاوتر، لە دابەشکردنی ئەو یارمەتییانەی بۆ خوێندنەوە ناوچەییەکان، زمانە قەیراناوییەکان و فەرهەنگە نەناسێندراوەکانی وەک کوردی دیاری کراون، تووشی ناهاوسەنگین. لە ٢٩ ی ئاگۆستی ٢٠١٩دا، بەشی پەروەردەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان، نامەیەکی بڵاو کردەوە کە ئاماژە بە زانستگای کارۆلینای باکوور لە چاپڵ هیڵ دەکات، کە لە پێداچوونەوەی بەشەکە بە ڕاپۆرتی ساڵانەی پرۆژەکاندا لەلایەن کۆنسرسیۆمی دوک-زانستگای کارۆلینای باکوورەوە لەژێر سەردێڕی VIی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا نێردراوە، باس لە نایەکسانیی بنەڕەتی دەکات: “خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دوک-زانستگای کارۆلینای باکوور لە ناو ئەو ژمارە کەمەی، ئەگەر نەڵێین هیچ، لە بەرنامەگەلەیدا کە چڕبوونەتەوە لەسەر ئەو هەڵاواردنە مێژووییانەی کەمینە دینییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مەسیحی، بەهایی، جوولەکە، ئێزیدی، کورد، دورووزەکان و ئەوانی تر بەرەوڕووی دەبنەوە و دۆخی ئێستای ئەوان، ناهاوسەنگیی پێوە دیارە”. لەسەر بابەتی پاڵنەرە جۆراوجۆرەکان و هۆکارەکانی پشت ئەم نامەیە مشتومڕی چڕ لەنێوان لێکۆڵەرانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بووە. بەهەرجۆرێک بێت، من وەک لێکۆڵەرێک کە لە سەرەتاوە لەژێرناوی VI دا کارم کردووە، ئەو تێبینییە ڕەوایانە دەبینم کە پەیوەندییان بەو ڕاستییەوە هەیە کە زمان و فەرهەنگە پەڕاوێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، وەک کوردی و ئێزیدی لە بەرنامەی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا سەرنجی کەمیان خراوەتە سەر.
لەم ڕوانگە ناهاوسەنگ و ئاڵۆزە بۆ زمانە بێدەوڵەتەکانی ئەمریکای باکووردا ئاماژەیەکی تر ئەوەیە کە بەرنامەکانی خوێندنەوە ناوچەییەکان -کە لەژێر دەستی ئەو دامەزراوە ئاکادێمییانەی دەوڵەتە یەکگرتووەکاندان کە توێژینەوە و فێرکاری لەسەر “ئەوانی تر”ی دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا دەکەن- هێشتا لەناو چوارچێوەی دەوڵەت-(تاقە) نەتەوەدا کار دەکەن، بۆیە ڕەنگە لەناو گێژەنی قەیرانێکی ماڵی و ناسیاریناسانەدان؟ یان ڕەنگە ئەمە بە هۆکاری ئەوە بێت، کە لە ئەمریکای باکووردا، خوێندنەوە پۆست-کۆلۆنیاڵییەکان لەپێشی خوێندنەوەکانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناویندان. لەکاتێکدا لێکۆڵەرە پۆست-کۆلۆنیاڵەکانی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەلایەکەوە دژی پشتگوێخستنی بەربڵاو و توندوتیژانەی نوێنەرایەتیکردنی مێژووییی خەڵکی پەڕاوێزخراو، ئۆتۆنۆمی و مافە زمانەوانییەکانیان لەلایەن ڕۆژئاواوەن، لەلایەکی تریشەوە، دژی ئەوەن کە ڕۆژئاوا ناڕاستەوخۆ لەبیرخۆی دەباتەوە کە دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نوێنەرایەتیی مێژووییی خەڵکە بەزۆر پەڕاوێزخراوەکەی خۆیان، ئۆتۆنۆمی و مافە زمانەوانییەکانی ئەوانیان پشتگوێ خستووە. ئەوان ئەزموونی فەرهەنگ و زمانە بێدەوڵەتە پەڕاوێزخراو و کۆڵۆنیکراوە ناوخۆییەکانیان لە بەرژەوەندیی زمان و فەرهەنگە زاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا و لە ماتریکسێکی دوانەدا سڕیوەتەوە: ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لەبەرانبەر دنیای ئێرانی/ئیسلامیدا. لەم دەلاقەیەوە، دەکرێت تێبگەین چۆنە کە ئیدوارد سەعید هێرشی کیمیاییی ڕێژیمی بەعس بۆسەر شاری کوردی هەڵەبجە ڕەد دەکاتەوە، بەڵام بەرانبەر بە هەڵمەتی قرێژی ئەنفالی هەر ئەو ڕێژیمە بە دژی کورد، کە تێیدا هەزاران کەس بەکۆمەڵ کوژران بێدەنگ دەبێت. سەعید لە پێشانگای کتێبی لەندەن ئاوای وت: “بانگەشەی ئەوەی کە عێراق گازی ڕشتووە بەسەر شارۆمەندەکانی خۆیدا هەموو کات وتراوەتەوە. لە باشترین ئەگەردا، دڵنیا نین لەم شتە”. لێکۆڵەرە پۆست- کۆلۆنیاڵەکانی وەک حەمید داباشی، لەبریی دەستنیشانکردنی ئەم خاڵە تاریکە لە خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نامەکەی بەشی پەروەردەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان بەڕاستی ئاراستە کراوە بۆ ئەوەی دژی تێگەیشتن لە “دەمارگرژیی دژە-ئیسراییلی و دژە-ئیمپریالیستی” لە وەها بەستێنێکی زانستگاییدا بوەستێتەوە. لەباری مێژوویییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا بڕەودان بە زمانی دایکی کەمینەکان بۆ ڕاهێنان لەلایەن دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەستراوەتەوە بە سەهیۆنیزم، ئەمپریالیزم و نەیارانی ئەم دەوڵەتانەوە(Sheyholislami, 2019; Soleimani & Mohammadpour, 2019).
زمانی بێدەوڵەتی کوردی تەنانەت لەناو دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وەک ACTFL و NCOLCTL دا، کە لە بنەڕەتەوە بەمەبەستی نوێنەرایەتیکردنی زمانە قەیراناوی و کەمتر فێرکراوەکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا دامەزراون، تەنانەت لەو دەرفەتانەی کە بۆ ئەندامە پێدراو و خاوەندەوڵەتەکانی ناو تاقمەکە دیاری کراون خۆی بە بێبەش دەبینێتەوە. بە پشتبەستن بە کارەکانی سمیس (smith, 1988, p.xxiii)، کووپر بیرمان دەخاتەوە کە “یەکتربڕین نەک هەر وەک ئامرازی گێڕانەوەی وردەکارییەکانی خۆیەتیی (subjectivity) تاقمە یەکتربڕەکان بەکەڵکە، بەڵکوو زۆرتر یارمەتیدەریشە بۆ پێشاندانی جۆری کاری جووڵەکانی دەسەڵات لەو شوێنانەدا کە ڕەنگە ڕێبازێکی تاک تەوەرانە جۆری کارکردنەکە بشارێتەوە”. (ACTFL لە ساڵی ١٩٦٧ و NCOLCTL لە ١٩٩٠) لە کاتی دامەزراندنیانەوە، زمانی بێدەوڵەتی کوردی مژاری تاقە یەک ناساندنی کۆنفرانسە ساڵانەکانیان نەبووە. بۆوێنە، ساڵنامەی زمانی بیانی و رۆژنامەی NCOLCTL تەنانەت یەک وتاریان لەسەر زمانی کوردی بڵاو نەکردووەتەوە. لەکاتێکدا، هەر ئەو دامەزراوە و ڕۆژنامەکانیان سەرقاڵی زمانە کەمتر فێرکراوە پێدراو و خاوەندەوڵەتەکانن. چوارچيوەی ئێستای ACTFL و NCOLCTL و دامەزراوە هاوچەشنەکانیان زۆربەی کات هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو تاک تەوەرییەی زمانە پەڕاوێزخراوەکان کە بریتییە لە: زمانە کەمتر فێرکراوەکان لە بەرانبەر زمانە زۆرتر فێرکراوەکاندا. بەگشتی، ئەوان ناتوانن یەکتربڕینی پەڕاوێزخران، هەڵاواردن و زمانکوژیی نەرم و زبری زمانە بێدەوڵەتەکان ڕوون بکەنەوە. گرینشاو لە “سڕینەوەی پەڕاوێزخرانی یەکتربڕینی تۆرەمە (race) و ڕەگەز(sex)”دا کاتێک بەرانبەر “فرەڕەهەندبوونی ئەزموونی ژنانی ڕەش” دایاندەنێت، سنوورەکانی ئەم شیکارییە تاک-تەوەرانەیە پێشان دەدات. ئەو باس لەوە دەکات کە “ئەم چوارچێوە تاک تەوەرانەیە”، لە ڕێگای سنووردارکردنی لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو ئەندامانەی تاقمەکە کە بەڕێگایەکی تردا پێبەخشراون، “ژنانی ڕەش لەناو بەچەمککردن، ناسینەوە و چارەسەری کێماسییە فێرکارییەکانی هەڵاواردنە تۆرەمەیی و ڕەگەزییەکاندا دەسڕێتەوە”(1989, p.140). هەربەوجۆرە، ئەم دامەزراوەگەلە بەو چوارچێوە تاک-تەوەرەی ئێستایانەوە -زمانە زۆرتر فێرکراوەکان بەرانبەر بە زمانە کەمتر فێرکراوەکان- ناتوانن ئاریشە فرەتەوەرەکانی زمانە بێدەوڵەتەکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا دەستنیشان بکەن. بە وتەیەکی تر، زمانە بێدەوڵەتەکان لە نێوان یەکتربڕینی زمانە بیانییەکان، زمانە کەمترفێرکراوەکان، زمانە بێدەوڵەتەکان و زۆرێک کێشەی تردا دەمێننەوە کە بەهۆی نەبوونی دەوڵەتەوە سەریان هەڵداوە. ئەم کێشەگەلەی زمانە دوورخراوەکان بەسانایی و تەنیا لەڕێگای هێنانەوە ناو پێکهاتەی شرۆڤەکارانەی پێشتردامەزراوی زمانە کەمترفێرکراوەکانەوە چارەسەر ناکرێت. ئەزموونی یەکتربڕینانەی زمانی بێدەوڵەتی کوردی شتی زۆرتر لەوە لەخۆ دەگرێت کە تەنیا زمانێکی کەمترفێرکراو بێت. گرینشاو (p.386, 1989)، بە سەرنج خستنە سەر ئەو ئاکارەی تێیدا چوارچێوەی تاک-تەوەرانە ئەزموونی ژنانی ڕەش دەسڕێتەوە، ئەو ئاریشە گەورەترەیش پێشان دەدات کە “ئەم کێشەی دوورخستنەوانە بەسانایی و تەنیا لەڕێگای هێنانەوەی ژنانی ڕەش بۆ ناو پێکهاتەیەکی شرۆڤەکارانەی پێشتردامەزراوەوە چارەسەر نابێت”. گرینشاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە “ئەزموونی یەکتربڕینانە، لەکۆی راسیزم و سێکسیزم بەیەکەوە گەورەترە”، ئەمە واتا “هەر شیکارییەک کە یەکتربڕین لەبەرچاو نەگرێت، ناتوانێت بەگوێرەی پێویست ئەو ئاکارە تایبەتە دەستنیشان بکات کە تێیدا ژنانی ڕەش دەبەسترێنەوە”(p.140). ئەم تێڕوانینانە پێویستیان بە “سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بیرکردنەوە”ی گشتیی لە چوارچێوەی سیاسەتە هەنووکەییەکاندا هەیە.
هاوچەشنی ئەزموونی یەکتربڕینانەی ژنانی ڕەش، ئەزموونی یەکتربڕینانەی زمانە بێدەوڵەتەکانیش پێویستیی بە “سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بیرکردنەوە”ی گشتی لە چوارچێوەی سیاسەتە هەنووکەییەکان سەبارەت بە زمانی کوردی و زمانە بێدەوڵەتەکانی تر لە ئاستی فیدراڵ، دامەزراوەکانی پەروەردەی باڵا، بەشەکانی خوێندنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ACTFL و NCOLCTL و ئەوانی تردا هەیە . لەناو سیاسەتی هەنووکەیی لە ئاستی فیدراڵ و نەتەوەییدا، دەبێت کێشەی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەیی ڕوون بکرێنەوە و دەستنیشان بکرێن. لە ئاکادێمیای ئۆرووپادا، لەبوارگەلی وەک خوێندنەوە کوردییەکاندا ( بۆوێنە زانستگای ئێگزێتێر) و بەشەکانی زمانناسی و وشەناسیی زمانە ئێرانییەکان (بۆوێنە زانستگای ئۆپسالا) باشتر لە بەرنامە و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژهەڵاتی نزیکی زانستگاکانی ئەمریکای باکوور دابینکارییان کردووە. لەناو دامەزراوەکانی پەروەردەی باڵادا، زمان و فەرهەنگە بێدەوڵەتەکان و لەناویاندا زمان و فەرهەنگی کوردی، کە مێژوویەک لە سەرکوت و بێدەنگکرانیان لە پشتە، لەجیاتیی ئەوەی تەنیا لەناو خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەبن، دەبێت لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا دابنرێن. وەها هەنگاوێک دەکرێت لاساییی بەرنامەکانی خوێندنەوەی عیبری و جوولەکە بکاتەوە کە لە بەشەکانی زمان و فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە هەر لە کۆنەوە میوانداری ئەو بوون جیای کردووەتەوە. وەها جێگۆڕکێیەک دەتوانێت ئازادی و سەربەخۆییەکی زۆرتر بە زمان و فەرهەنگی کوردی بدات. کوردی و زمانە بێدەوڵەتەکانی تریش دەتوانن بۆ بردنەسەری تێگەیشتن و بەرگری لە پرسەکەیان و سازدانی هەڵمەتە نەتەوەییەکان، لەگەڵ یەکتردا هاوپەیمانی ببەستن. ئەوان دەبێت زۆرتر لەگەڵ ڕاوێژگە نەتەوەییەکانی وەک NCOLCTL دا تێکەڵ ببن، تاکوو دڵنیا ببن لەوەی ئەم ڕاوێژگەیانە وەک دامەزراوەیەک دەبن کە نوێنەرایەتیی هەموو زمانە کەمتر فێرکراوەکان و لەناویاندا زمانە بێدەوڵەتەکان دەکەن. کورد دەبێت بۆ ئەو زاراوە کوردییانەی (وەک هەورام، زازاکی و لوڕی) کە وەک زمانی لە مەترسیکەوتوو لەبەرچاو دەگیرێن، ئارشیڤی دیجیتاڵ دروست بکات و پەرەی پێ بدات و بەدوای ئەو بەرنامانەدا بچێت کە بۆ زمانە لە مەترسیکەوتووەکان دیاری کراون.
لە نەبوونی پشتگیریی دامەزراوەیی و فیدراڵدا، لە یەکەمین خولی زمانی کوردییەوە(IUB in 2006) تا دوایین خول(University of central florida 2021)، دەسپێشخەرییە تاک و بەکۆمەڵەکان زۆرترین یارمەتییان بە بەرنامەکانی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا داوە. بۆ یەکەمین جار، خوێندکارانی کورد بەشداری بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا دەبن و دەسپێشخەریی پێشنیاری پۆلی زمانی کوردی دەکەن. ئەم بەرنامەگەلە زۆر بە کەمی لەقۆناغی خوێندندا بەردەوام دەبن. لە هێندێک وێنەدا(Los angeles and San Diego, CA;Nashville, TN; and Middle East institute, D.C.)، بەڕێوەبەریی بەکۆمەڵ و مەدەنی ئەم دەستپێشخەرییانەی کردووە. هەرچۆن بێت، بەرپرسیارییەتیی ئەم بەرنامانە بەستراوەتەوە بە کەسانێک لە پێگەگەلی کاتیدا. بەشێک لە پۆلەکانی زمانی کوردی (Chicago University, NYC, and Washington D.C.) وەک خولی لاوەکی و لە کاتی ئێواراندا پێشنیار کراون. لەو کاتانەدا کە لە تارانی ئێران، ماردینی تورکیە، دەمەشقی سووریا بووم، خۆم بەشداریم لەم چەشنە پۆلە کوردییە لاوەکییانەی ئێواراندا دەکرد کە بە دەستپێشخەریی ئەو کەسانە ڕێکخرابوون کە هەوڵیان دەدا نەبوونی هیچ جۆرە پشتگیرییەکی حکوومەتی و دامەزراوەیی قەرەبوو بکەنەوە. لە نەبوونی جێگایەکی فیزیکیی دیاریکراو و دامەزراوەیەکی پشتگیردا، سکایپ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و یووتیووب، ڕۆڵێکی سەرەکییان بوو لە فێرکردنی زمانە بێدەوڵەتەکاندا. زمانە بێدەوڵەتەکان دەوڵەتی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دامەزراند. هەموو ئەم وێنانە پێمان دەڵێن کە زۆرینەی خولەکانی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، لە جیاتی ئەو سەدان بەشە پشتیوانە دامەزراوەییانەی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەستراونەتەوە بە دەستپێشخەرییە تاک و بەکۆمەڵەکانەوە.
نەبوونی پاشەکەوتی ماڵی و لانیکەمی ڕێکاری پێویست بۆ ناونووسینەوە، سەرەکیترین ئاریشەیەکە کە بەرنامەکانی زمانی بێدەوڵەتی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا بەزۆری بەدەستیەوە دەناڵێنێت. بەپێچەوانەی زمانە پێدراوە خاوەن دەوڵەتەکانەوە، زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا تەنیا لەگەڵیدا هەڵکراوە و تەنیا ئەوەیە کە قەدەغە و ناقانوونی نەکراوە. ئەمە وەک “مافی نەرێنیی زمان”یش ناوی دەبرێت(Wright, 2004). مافی نەرێنیی زمان بۆ ئەوەی کۆمەڵێکی زمانی لە دنیایەکدا کە ڕۆژبەڕۆژ بە دنیاییتر دەبێتەوە و بە ئابوورییەک لەسەر بنەمای زانیاریدا دەناسرێتەوە، بەشی ئەوە نییە کە بتوانن زمانەکەیانی پێ بپارێزن (Sheyholismami, 2019, p.107). هاوچەشنی هەڵکردنی سنووردار لەگەڵ زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانیشدا، وادیارە هێندێک مافی هەڵبژێردراویان بۆ زمانی کوردی دابین کردووە، کە تەنیا خۆی لە گوتاردانی ساڵانەی زمانی کوردی، بەرنامەی پەرشوبڵاوی هاوینەی زمانی کوردی و ڕووداوە ماوەبەماوەکانی وەک شەوی فیلم و مێزی زماندا دەبینێتەوە. ئەم پشتگیرییە سنووردارە ئاڵۆزە، جاروبار دەبێت بەهۆی کرانەوەی خولێکی نوێی زمانی کوردی، لەگەڵ ئەوەیشدا، بەشی ئەوە نییە کە بەرنامەکەی پێ بپارێزێت و درێژەی بدات. تا ئەمڕۆ، کردنەوەی خولە نوێیەکانی زمانی کوردی، داشکاندنی پۆلە کۆنەکانی زمانی کوردی، دیارترین تایبەتمەندیی بەرنامەکانی زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا بووە. سەرەڕای چوونەسەری دەروەستبوون بە فرەچەشنی لە ئاستی وتارداندا، زمانی بێدەوڵەتی کوردی، لە ئاکادێمیای ئەمریکای باکووردا، کەڵکی لە تاقە یەک پێگەی تەواو- کات وەرنەگرتووە. کووپر(2015) ئاگادارمان دەکاتەوە کە لە کاتێکدا کە دەروەستبوون بە فرەچەشنی لە ئاستی وتارداندا چووەتە سەرەوە، بەڵام دەروەستبوونی بە کردەوە کەمی کردووە و دەبێژێت “پێگەی ئەوانی تری تۆرەمەیی لە نێو بۆشاییەکانی ئاکادێمیادا لەرزۆکە، بەتایبەت لە سەردەمی زانستگا نیۆلیبراڵەکاندا، کە دەروەستییان بۆ فرەچەشنی لە ئاستی وتارداندا چووەتە سەرەوە بەڵام دەروەستییان بۆ دابینکاریی ماڵیی زانکۆ لە بەش و بەرنامەکانی ژنان و خوێندنەوەکانی جێندەر و ئێتنیکدا کەم بووەتەوە. جیم کوومینز، یەکێک لە بەرچاوترین لایەنگرانی پەروەردەی فرەزمانە، سەرنجمان ڕادەکێشێت بۆ پێشڤەچوونێکی ڕواڵەتی، کاتێک دەبینێت “تاقمە زاڵەکان ڕەنگە هێندێک پشتگیریی دەستەبژێر بۆ فێرکردنی زمانە [دووجار کەمینەکان] بکەن، چونکە ئاگادارن ئەم پشتگیرییە دەستەبژێرانە دوورە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان ببێت”. ئەو لە هەڵسەنگاندنی قربۆقێک لەناو ئاودا کەڵک وەردەگرێت: ئەگەر قربۆقێک بخەنە ناو ئاوی لەکوڵەوە، دەمودەست دەپەڕێتە دەرەوە، بەڵام، ئەگەر بیخەنە ئاوێکی ساردەوە و لەسەرەخۆ گەرمی بکەن، قرپۆکەکە لەگەڵ گەرمبوونە ماوەبەماوەکەدا هەڵدەکات و لەکۆتاییدا لەناو ئاوە لەکوڵەکەدا دەمرێت. بەڕای کومینز “ئەگەر تواندنەوەی زمانی لەسەرەخۆ بێت ئەوکات خەڵک ئاگادار نابن کە چی ڕووی داوە” (as cited in Kalan,2016, p.71; Sheyholislami, 2019, 0.123). پێگەی زمانی کوردی لە هەردوو ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، ئاماژەیەکی تەواو ڕاستە کە ئاوەکە پێشتر هاتووەتەکوڵ.
کۆتایی
دۆخی زمانی کوردی وەک زمانێکی بێدەوڵەت لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا، ئاوێنەی سیاسەتەکانی ناوخۆی وڵاتانی سەرچاوەی ئەوانە. لەهەردوو بەستێنەکەدا، زمانەکە هیچ “مافێکی ئەرێنیی زمانی”، پشتگیرییەکی بنەڕەتی و بڕەودانێک لە لایەن حکوومەتە ناوەندییەکانی هەرێمەکە (ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە) و دامەزراوە فەرمی و نیوەفەرمییەکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا (وەک سەفارەت و ناوەندە فەرهەنگییەکان)ی نییە. ئەم پێکهاتەی دەسەڵات و سەرکوتە لە ناوەوە پەلی بۆ دەرەوە هاویشتووە و کۆمەڵە هەلومەرجێکی لێکگرێدانی دروست کردووە کە زمانی بێدەوڵەتی کوردیی تێدا دەژی. لە هەردوو بەستێنەکەدا، زمانی کوردی تەنیا لەگەڵیدا هەڵکراوە، لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا لە ئاستی فیدراڵ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، بەش و بەرنامەکانی وەک زمان و فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژهەڵاتی نزیک و خوێندنەوە ئێرانی، تورکی و عەرەبییەکاندا بڕەوی پێ نەدراوە. لەژێر ئاڵای خوێندنەوە پۆست کۆلۆنیاڵەکاندا، ئەم دامەزراوە و بەشانە زۆربەی کات ئەزموونی زمانی بێدەوڵەتی کوردی کە پەڕاوێزخراو و لەناوخۆدا کۆلۆنیکراوەیان لە ماتریکسێکی دوانەدا و لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا سڕیوەتەوە: ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لەبەرانبەر دنیایەکی ئیسلامیی کۆلۆنیکراو. تەنانەت لەناو دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وەک ACTFL و NCOLCTL دا، کە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە دامەزران کە نوێنەرایەتیی زمانە کەمتر فێرکراوەکان لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا بکەن، زمانی بێدەوڵەتی کوردی خۆی لەو دەرفەتانەی بۆ ئەندامانی پێدراوی تاقمەکە دیاری کراون کە بریتین لە عەرەبی، تورکی و فارسی بێبەش دەبینێت. چوارچێوەی هەنووکەییی ئەم دامەزراوانە، زۆربەی کات ناونیشانی تاک تەوەرانەی زمانە پەڕاوێزخراوەکان بەمجۆرە ئاماژە پێ دەکات: زمانە کەمتر فێرکراوەکان و زمانە زۆرتر فێرکراوەکان. بەڵام، وەها چوارچێوەیەک بۆ باسکردن لە یەکتربڕینی پەڕاوێزخران، سەرکوت، بێدەوڵەتبوون، هەڵاواردن و زمانکوژیی نەرم و زبر لە زمانی کوردیدا بەس نییە.
ئەم دۆخە پێویستی بە “داڕشتنەوە و پێداچوونەوە”ی گشتیی چوارچێوەی سیاسەتە هەنووکەییەکان لەپەیوەندی لەگەڵ زمانی کوردی، لەناو حکوومەتی فیدراڵ، دامەزراوەکانی پەروەردەی باڵا، بەشی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ACTFL و NCOLCTLدا هەیە. هۆکارگەلی وەک تێوەگلانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە شەری کەنداو(1990-1990)، شەڕی عێراق(2003) و دەستێوەردانی سەربازیی نێونەتەوەیی لە دژی داعەشدا(٢٠١٤ تا ئێستا)، پێگەی زمانی کوردییان لەوەوە کە تەنیا زمانێکی بێدەوڵەت بێت گۆڕیوە بۆ زمانێکی بێدەوڵەتی لەمەترسیکەوتوو. سەرەڕای ئەم “لەمەترسیکەوتن”ەی، بێدەوڵەتبوونی زمانی کوردییە کە بێبەشی کردووە لەوەی بە باشی و تەواوەتی ببینرێت و خۆی بناسێنێت.
لە نەبوونی پشتگیریدا، زمانی کوردی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکاندا بۆ مانەوەی خۆی، زۆرجار بەستراوە بووە بە دەستپێشخەرییە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکانەوە. هەلومەرجەکەی لە یەکتربڕینێکی چەشنە-نەبینراندایە، کە بەهۆی ئەوەی زمانەکە مافی زمانیی ئەرێنی، سەرچاوەی پێویست، پشتگیری و یارمەتیی حکوومەتی فیدراڵ، دامەزراوەکانی پەروەردەی باڵا، بەشی خوێندنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها دامەزراوەگەلی وەک ACTFL و NCOLCTL ی دەست نەخستووە، هێشتا بەرەوڕووی مەترسیی جۆراوجۆر دەبێتەوە. ناونیشانی “قەیراناوی بوون” زۆرجار دەبێت بەهۆی کرانەوەی خولی نوێ بۆ زمانی کوردی. دیسانیش “نەبوونی دابینکاری ماڵی و بڕەوپێدان” و “کەمبوونی ناونووسینەوە”، دەبن بە هۆی داخرانی ئەم بەرنامە بێدەوڵەتانە. پێگەی زمانی کوردی لە بەستێنی ئورووپادا، بەتایبەتی لە سویددا، پێشانی دەدا کە زمانەکە دەتوانێت تەنانەت لە دیاسپۆرادا پەرە بسێنێت و پشتیوانیی حکوومەت و دامەزراوەکانی پەروەردەی باڵا وەربگرێت.
*سەرچاوەی سەرەکی وتار بە زمانی ئینگلیسی: Kurdish-as-a-Stateless-Language-in-the-U.S.pdf
سەرچاوەکان
Abdulla, J. & McCarus, E. (1967). Kurdish Basic Course. Ann Arbor: The University of Michigan Press.
Abdulla, J. & McCarus, E. (1967). Kurdish Readers. I. Newspaper Kurdish. Ann Arbor: The University of Michigan Press.
Abdulla, J. & McCarus, E. (1967). Kurdish Readers. II. Kurdish Essays. Ann Arbor: The University of Michigan Press.
Abdulla, J. & McCarus, E. (1967). Kurdish Readers. III. Kurdish Short Stories. Ann Arbor: The University of Michigan Press
Arpacik, D. (2019). Redefining Kurdishness in the U.S. Diaspora: The experiences of Kurdish Students and Their Parents in Nashville Schools. Journal of Ethnic and Cultural Studies. 6 (2), 44-56.
Arslan, S. (2015). Language Policy in Turkey and Its Effect on the Kurdish Language. Master’s Theses. Michigan: Western Michigan University.JNCOLCTLVOL 3092Khezri
Bagster, S. (1848). The Bible of Every Land. A History of the Sacred Scriptures in Every Language and Dialect, Into Which Translations Have Been Made: Illustrated by Specimen Portions in Native Characters; Series of Alphabets; Coloured Ethnographical Maps, Tables, Indexes. London: Samuel Bagster and Sons.
Beale, F. (1995). Double Jeopardy: To Be Black and Female. In Beverly Guy-Sheftall (Ed.), Words of Fire: An Anthology of African American Feminist Thought, (pp. 146–15). New York: New Press.
Bostwick, W.B., Meyer, I., Aranda, F., Russel, S., Hughes, T., Birkett, M., & Mustanski, B. (2014). Mental health and suicidality among racially/ethnically diverse sexual minority groups. American Journal of Public Health, 104(6), 1129-36.
Chyet, M.L. (2002). Kurdish-English Dictionary: Ferhenga Kurmanci-Inglizi. New Haven: Yale University Press.
Chyet, M.L. (2018). Calibrating Kurmanji and Sorani: Proposal for a Methodology. In Michael M. GunterJNCOLCTLVOL 30Kurdish as a Stateless Language93 (Ed.), Routledge Handbook on the Kurds, (pp. 104-109).
Cooper, B. (2015). Intersectionality. In Lisa Disch and Mary Hawkesworth (Eds.), The Oxford Handbook of Feminist Theory, Online version: https://www.oxfordhandbooks.com/view/10.1093/oxfordhb/9780199328581.001.0001/oxfordhb-9780199328581-e-20#oxfordhb-9780199328581-e-20-bibItem-14
Crenshaw, K. W. (1989). Demarginalizing the Intersection of Race and Sex: A Black Feminist Critique of Antidiscrimination Doctrine, Feminist Theory, and Antiracist Politics. University of Chicago Legal Forum, 139–167.
Ekici, D. (2009). Beginning Kurmanji Kurdish DVD-Rom. University of Arizona’s Critical Language Series.
Ekici, D. (2018). Developing Curricular Materials for Kurdish Language Instruction. University of California, Berkeley. Berkeley LanguageCenter.JNCOLCTLVOL 3094Khezri http://blc.berkeley.edu/2018/09/11/developing-curricular-materials-for-kurdish-language-instruction/
Eliassi, B. (2016): “Statelessness in a world of nation-states: the cases of Kurdish diasporas in Sweden and the UK”. Journal of Ethnic and Migration Studies, DOI: 10.1080/1369183X.2016.1162091
Fossum, L.O. (1919). A Practical Kurdish Grammar. Minneapolis: Augsburg Publishing House.
Gunter, M. (Ed.). (2018). Routledge Handbook on the Kurds. London & New York: Routledge
Haig, G., & Öpengin, E (Eds). (2014). Kurdish Linguistics: Focus on Variation and Change. Kurdish Studies, Volume 2, Issue 2.
Hassanpour, A. & Mojab, Sh. (2005). Kurdish Diaspora. In Melvin Ember, Carol R. Ember & Ian Skoggard (Eds.), Encyclopedia of Diasporas, Part I, 214–224.JNCOLCTLVOL 30Kurdish as a Stateless Language95
Hassanpour, A. (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985. San Francisco: Mellen Research University Press.
Hassanpour, A., Skutnab- Kangas, T., & Cyhet, M. (1996). The non-education of Kurds: A Kurdish perspective. International Review of Education, 42 (4), 367-379.
Johnson, J.K. (Ed.). (1989). The Second Language Curriculum. Cambridge, UK: Cambridge University Press.
Kahn, M. (1976). Borrowing and Variation in a Phonological Description of Kurdish. Ann Arbor: The University of Michigan.
Kalan, A. (2016). Who is afraid of multilingual education? Conversation with Tove Skutnab-Kangas, Jim Cummins, Ajit Mohanty and Stephen Bahry about the Iranian context and beyond. Clevedon, UK: Multilingual Matters.
Karimi, H., (2010). The Kurdish Immigrant Experience and a Growing American Community. Kurdish Herald, 2 (1).JNCOLCTLVOL 3096Khezri http://www.kurdishherald.com/issue/v002/001/article04.php
Khaznadar, M. (2001). Mejouy Adabi Kurdi. (Vol. 1). Hewler: Aras.
Khezri, H. (2020). “Iran: How to Kill a Language”. OpenDemocracy. 6, August.
Khezri, H. (2022). Sorani Kurdish: An Elementary Textbook. CELCAR, Indiana University Bloomington.
King, D. (1986). Multiple Jeopardy, Multiple Consciousness: The Context of Black Feminist Ideology. Signs: Journal of Women in Culture and Society, 14, 42–72.
Kreyenbroek, P. G. (2005). Kurdish Written Literature. In Encyclopedia Iranica, online. http://www.iranicaonline.org/articles/kurdish-written-literature (accessed November 18 2017).
McCarus, E. (1958). A Kurdish Grammar: Descriptive Analysis of the Kurdish of Sulaimaniya, Iraq. New York: American Council of Learned Societies.JNCOLCTLVOL30Kurdish as a Stateless Language97
McCarus, E. (1967). A Kurdish-English Dictionary. Ann Arbor: The University of Michigan Press.
Pedigo, W. (2009). Four Waves of Resettlement. Nashville Public Television. http://ndn.wnpt.org/documentaries/little-kurdistan-usa/little-kurdistan-four-waves/
Pitkänen, P., Kalekin-Fishman, D., & Verma, G. K. (Eds.). (2002). Education and Immigration: Settlement Policies and Current Challenges. London & New York: Routledge.
Rhea, S. (1872 – 1880). Brief Grammar and Vocabulary of the Kurdish Language of the Hakari District. Journal of the American Oriental Society, (10), 118-155.
Salih, K. (2019). Kurdish Linguicide in the “Saddamist” State. Genocide Studies International. 13 (1), 34-51.
Sheyholislami, J. (2012). Kurdish in Iran: A Case of Restricted and Controlled Tolerance. International Journal of the Sociology of Language. (217), 19–47.JNCOLCTLVOL 3098Khezri
Sheyholislami, J. (2019). Language as a Problem: Language Policy and Language Rights in Kurdistan-Iran. In Salih Akin (Ed.), Etudes Kurdes. (pp. 95-130).
Sheyholislami, J., & Sharifi, A. (2016). It is the Hardest to Keep: Kurdish as a Heritage Language in the United States. International Journal of the Sociology of Language, (237), 75-98.
Sköld, N. (2019). ‘Mapping a Sociology of Statelessness’.Tilburg Law Review. 24(2) 217–223. DOI: https://doi.org/10.5334/tilr.155
Skutnabb-Kangas, T. (1984). Bilingualism or Not: the Education of Minorities. Clevedon (UK): Multilingual Matters.
Smith, V. (1998). Not Just Race, Not Just Gender: Black Feminist Readings. New York: Routledge.
Soleimani, K. & Mohammadpour, A. (2019). “Interrogating the tribal: the aporia of ‘tribalism’ in the sociological study of the Middle East”. British Journal of Sociology 70(5) 1799-1824.JNCOLCTLVOL 30Kurdish as a Stateless Language99
Soleimani, K. & Mohammadpour, A. (2019). Can Non-Persian Speak? The Sovereign’s Narration of “Iranian Identity”. Ethnicities. 19 (5), 925–947.
Talmadge, E. (1997). Kurds’ First Stop to U.S.: Guam. Seattle Times.
http://community.seattletimes.nwsource.com/archive/?date=19970407&slug=2532708 (accessed June 17 2014).
Terrell, M.C. (2005). A Colored Woman in a White World. Amherst, MA: Prometheus Books.
Thackston, W. (undated). Kurmanji Kurdish: A Reference Grammar with Selected Reading.
Thackston, W. (undated). Sorani Kurdish: A Reference Grammar with Selected Reading.
Van Bruinessen, M. (1992). Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. London: Zed books.JNCOLCTLVOL 30100Khezri
Weissbrodt, D., & Collins, C. (2006). “The Human Rights of Stateless Persons”. Human Rights
Wright, S. (2004). Language Policy and Language Planning: From Nationalism to Globalisation. New York, NY: Palgrave Macmillan.
Zeydanlioğlu, W. (2012). Turkey’s Kurdish language policy. International Journal of the Sociology of Language. (217) 99–125. Quarterly, 28(1), 245-276.