گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠
وەرگێڕان
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024
عەلی، جاڤاراشا وەرگێڕان: ئەمینئاوا، کامران (٢٠٢٤): کورد لە شەڕی گەورەی نیشتمانیدا. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٣٩٤–٣٩٠ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/
کورد لە شەڕی گەورەی نیشتمانیدا
(یەکیەتیی سۆڤییەتی ١٩٤٥-١٩٤١)
٩ی مای ساڵڕۆژی سەرکەوتن لە شەڕی گەورەی نیشتمانیدایه!
نووسەر:جاڤاراشا عەلی
وەرگێڕانی لە ڕووسیەوە: کامران ئەمین ئاوە
پێشەکیی وەرگێڕ
دابەشبوونی خاکی کوردستان لە سەرەتای سەدەی ١٦، لە نێوان تورکە عوسمانییەکان و سەفەوییەکانی ئێران، شەڕە بێکۆتاکان، سەرکوت و کوشتنی بەکۆمەڵی گەلی کورد لە لایەن پاشاکانی ئێران و سوڵتانەکانی عوسمانییەوە، بووە هۆی کۆچکردنی بەکۆمەڵی ژمارەیەکی زۆری کورد بۆ وڵاتانی ئەوبەری قەفقاز.
بوونی کورد لە ئەوبەری قەفقاز، چارەنووس و داهاتووی کوردانی ئەو خاکەی بە سیاسەتەکانی حکوومەتی تزاری ڕووسیا و دواتر یەکێتیی سۆڤیەتی سۆسیالیستی و گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی ئەو وڵاتەوە گرێ دا.
دامەزراندنی ناوچەی خودموختاری “کوردستانی سوور” لە کۆماری ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٢٣ بە وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی کورد دادەنرێت. بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا مافی پێکهێنانی حکوومەتی نەتەوەیی بە کورد درا و منداڵانی کورد لە کۆمارەکانی سۆڤیەت – و بە تایبەتی لە ئازەربایجان و گورجستان و ئەرمەنستان- دەستیان کرد بە خوێندن بە زمانی دایکی کرد و ڕۆژنامە، گۆڤار و کتێبەکان بە زمانی کوردی چاپ کران. یەکەمین فیلمی کوردی، “زارا”، کە ماوەی ٦٩ خولەکە لە ساڵی ١٩٢٦ لە ئەرمەنستان بەرهەم هێنرا و دووەم فیلمی پەیوەندیدار بە ژیانی کوردانی ئێزیدی لە ساڵی ١٩٣٣ لە وڵاتی گورجستان بەرهەم هات و هتد.
سەرەڕای ئەمەش، لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤیەتدا ڕوویان دا، کوردیش بەر سەرکوتەکانی سەردەمی ستالین کەوت. “کوردستانی سوور” هەڵوەشایەوە و زۆربەی ئەو ئاسانکاری و دەسەڵاتانەی پێیان درابوو وەرگیران. زۆرێک لە بنەماڵە کوردەکان بۆ کازاخستان و ئاسیای ناوەڕاست دەربەدەر کران، بەشێک لە کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانیان زیندانی و دوور خرانەوە و زۆرێکیان بە تاوانی “دوژمنی گەل” گوللـهباران کران. سەرەڕای ئەمەش، دوابەدوای هێرشی سوپای فاشیستی ئەڵمان بۆ سەر یەکێتیی سۆڤیەت لە ٢٢ی ژوئەنی ١٩٤١، کورد وەک یەکێک لە گەلانی نشتەجێی ئەم وڵاتە، بەشداریی شەڕی نیشتمانی و دژەفاشیستیی کرد.
بە بۆنەی ٧٩ ساڵەی سەرکەوتن بەسەر فاشیزم لە ٩ی مای ١٩٤٥ و ناسینی گۆشەیەک لە ژیانی ئەو کوردانەی دوور لە نیشتمانی مێژووییی خۆیان، بەشدارییان لە گەورەترین شەڕی خوێناویی سەدەی بیستەمدا کرد، وەرگێڕانی ئەم بابەتە بڵاو دەکرێتەوە.
هەموو گەلانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو بە کوردیشەوە وێڕای ڕێزگرتن لە یادی ئەو کەسانەی بە بەهای گیان، بەرگرییان لە نیشتمانی خۆیان کرد، ڕۆژی سەرکەوتن [لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا] جێژن دەگرن. ئی. خ. باقرامیان[1] مارشاڵی یەکیەتیی سۆڤیەت لەو بارەیەوە نووسیویەتی:
“لە ساڵانی شەڕی گەورەی نیشتمانیدا، کاتێک ئەو وڵاتەی گەلی کورد بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ڕزگاریی نەتەوەییی ڕاستەقینە و بەختەوەریی تێدا بەدەست هێنابوو، ڕووبەڕووی مەترسییەکی کوشندە بووەوە، کورد وەک هەموو گەلانی برای دیکە، نیشتمانپەروەریی سۆڤیەتی لە خۆی پیشان دا. هەموو سەربازە سۆڤییەتەکان کە ڕەگەزی کوردیان هەبوو و منیش دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا لە بەرەکانی شەڕدا لەگەڵیان [دژ به دوژمن] شەڕ بکەم، ئەرکە سەربازییەکانی خۆیان بە شێوەیەکی شایان بەجێ هێنا”.
و ئەمەش سەرەڕای سەرکوتی بێ پاساوانەی ستالینی لە کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە ساڵانی ١٩٣٦ و ١٩٤٤دا بوو. سەربازە کوردەکان لە زۆر بەرەدا دژی سپای فاشیستەکانی ئەڵمان شەڕیان کرد: لە بەرگریکردن لە شارەکانی مۆسکۆ، لێنینگراد، ستالینگراد، لە شەڕ بۆ قەفقاز و ئازادکردنی کریمه؛ لە پێکهاتەی هێزەکانی بەرەی ئۆکراین، بیلاڕووس و وڵاتانی ناوچەی دەریای بالتیک، لە شەڕی ڕزگاریخوازیی بێلگراد و وەرشۆ، بوداپێست و ڤیەن، لە شکستپێهێنانی سپای فاشیستەکانی ئەڵمان لە پرۆسی ڕۆژهەڵات، لە تێپەرین لە ڕووباری ئودر و لە شەڕی قارەمانانە بۆ بەرلین، زۆرێک لە کوردەکان بەشدارییان کرد.
سەربازە کوردەکان بەشێک بوون لەو یەکانەی وا بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی سپای کوانتونگی ژاپۆن کرد. هەروەها لە ڕیزەکانی تۆڵەسەندنەوەی جەماوەری لە ئۆکراین و فەرەنسادا شەڕیان کردووە.
زۆرێک لە کوردەکان بە ناوونیشانی ئازەربایجانی و ئەرمەنی و تورکمانی لە شەڕدا بەشدارییان کرد و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش زۆرێک لە ناوەکانیان لە لیستی گشتیی ئەو گەلانەدا ون بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کارە قارەمانانەیە یارمەتیی دا به سەرکەوتنی گەلانی سۆڤیەت لە خوێناویترین شەڕێک کە تا ئێستا مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیویەتی.
لە ژێر ڕۆشناییی هەوڵی زۆری زانای کۆرد خ. م. چاتۆیڤ[2] دەرفەتێک بۆ دیتنەوەی ناوی بەشێک لە کوردە سەربازەکان و هەندێک لە چالاکییه قارەمانییەکانیان لە بەرەکانی شەڕدا پێکهات:
ب. ب. ئاننامالیڤ (خەڵکی گوندی باقر لە ناوچەی عیشق ئابادی تورکەمنستان) بەشداریی لە شەڕی ٩ی ژوئیەی ١٩٤١ی دژ بە داگیرکەرانی ئەڵمانی لە نزیک پۆلتاڤا لە ئۆکراین کرد. لە ١٣ی ئاگوستی ١٩٤١ بە سەختی بریندار بوو، بەڵام بەرەکانی شەڕی بەجێ نەهێشت و میدالیای شەڕی نیشتمانیی پلە دووی پێ بەخشرا.
س. ش. مورادۆڤ، شاعیری بەناوبانگی هاوچەرخ، لە ٢١ی ژوئیەی ١٩٤١ لە ناوچەی سمۆلێنسک بە سەختی بریندار بوو.
جاڤۆ ئامارۆویچ مامۆیان، خەڵکی گوندی پامپ لە ناحیەی کوردنشینی ناوچەی ئاپارانی ئەرمەنستان، لە 10ی ئاگوستی ساڵی 1941، لە شەڕەکانی نزیک گوندی ئوشاکۆڤ کە دەکەوێتە ناوچەی سمۆلێنسک، بە سەختی بریندار بوو.
سەرگورد س. ع. سیابەندۆڤ[3] لە هێزەکانی بەرگریی تولا، لەشکری ٢١٧ی پیادە خزمەتی دەکرد. بەهۆی قارەمانێتی و ئازایەتیی، نازناوی قارەمانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێ بەخشرا.
سەرگوردی خزمەتگوزاریی پزیشکی س. ک. جافارۆف، خەڵکی گوندی فیروزە هەڵکەوتوو لە ناوچەی عیشق ئابادی تورکەمنستان، لە کاتی بەرگریکردن لە شاری مۆسکۆ، سەرەڕای سەرمابردوویی و زەبری مێشکی، ئەرکەکانی بەرپرسی نەخۆشخانەی گەڕۆک بۆ گواستنەوەی بریندارەکان و دواتر بەرپرسی نەخۆشخانەی بەشی سەرەکیی گواستنەوەی[4] پزیشکیی مۆسکۆی سەربەرزانه بەجێ گەیاند.
گرووبان یەکەم ئو. ئا. ئازمانۆڤ لە شەڕ بۆ بەرگریی لە مۆسکۆ بە سەختی بریندار بوو.
ڕ. ئا، داورێشیان خەڵکی گوندی قۆڵی بیکلوی ناوچەی ئێچمیازین لە ئەرمەنستان لە ئۆکتۆبری ١٩٤١ەوە لە هەنگی[تابووری] ٢١٠ی پیادەی هەرێمی ڕۆژئاوا لە بەرگریکردن لە شاری مۆسکۆ بەشداریی کرد.
قەنناس بەدەستی بەناوبانگ گرووبان یەکەم ع. ش. شاویشیان لە ڕیزی ئەو هێزانەدا بوو کە لە شەوی ٢٨ تا ٢٩ی نوامبری ١٩٤١ شاری ڕاستۆڤ لە نزیک دۆنیان ڕزگار کرد. عەلی شاویشیان بۆ یەکەمجار لە شەڕی نزیک تاگانرۆگ بریندار بوو. دوای چاکبوونەوەی بەشداریی لە ڕزگارکردنی وارۆنێژ کرد و بۆ جاری دووەم بریندار بوو.
لە کاتی بەرگریکردن لە سواستۆپۆل، پزیشکی سپا، داراب جابارۆویچ سوڵتانۆڤ خەڵکی گوندی عەین لە ناوچەی زەنگلان لە ئازەربایجان ئازایەتییەکی تایبەتی لە خۆی پیشان دا.
گرووبان یەکەم ف. س. ئەحمەدۆڤ خەڵکی ناوچەی قوباتلی ئازەربایجان لە مارسی ١٩٤٢ لە پێکهاتەی هەنگی ٩٢٧ی هێزی پیادە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوڕێکانی، ٩٨ سەرباز و ئەفسەری دوژمنیان کوشت (١٧ کەسیان بە دەستی ئەو کوژران).
سەرجووخهی قەنناس بهدەست ن. ئا. نەورۆزۆڤ خەڵکی گوندی مۆللابورون سەر بە ناوچەی قوباتلی 30 سەرباز و ئەفسەری دوژمنی کوشت.
سیویک عەلییۆویچ سلۆیان، گرووبان سێیەم لە ڕیزی سەربازانی لەشکری ٨٩ی پیادەی سپای ئەرمەنستان؛ بەشداریی لە ئازادکردنی زۆرێک لە شار و ناوچەکانی باکووری قەفقازدا کرد. لە نێو سەربازانی ئەم سپایەدا، هەروەها چاچۆ تامۆیویچ کاچۆیان (خەڵکی گوندی کالاکۆت، ناوچەی تالین)، کەرەم کالاشێویچ ئەسەدیان (خەڵکی گوندی میراک لە ناوچەی ئاپارانی ئەرمەنستان) و چەندین کەسی دیکە لێهاتووییەکی بەرچاویان پیشان دا.
ک. ک. ئاسیان، سەربازی گروهانی ٧ی هەنگی ٤٠٠ی پیادە، لە نێوان ١ی سپتامبر تا ٤ی ئۆکتۆبری ١٩٤٣دا، ٢٧ سەرباز و ئەفسەری ئەڵمانی کوشت.
ئامه سالدۆویچ شاویشیان لە هەموو سپای ٦٥ دا کەسێکی ناسراو بوو. تەنیا لە مانگی مای تا ژوەنی ساڵی ١٩٤٣دا ٤٥ کەس و لە ١ تا ١٣ی نوامبری ئەو ساڵەدا ١٨ کەسی کوشت، کە کۆی گشتیی ٦٣ سەرباز و ئەفسەری ئەڵمانی بوون.
زۆرێک لە سەربازانی کورد لە یەکە پارتیزانییەکاندا شەڕیان کرد: جەماڵ جانگۆیان (لە ئۆکراین)، یوسف تایارۆویچ نگۆیان (لە فەڕەنسا).
نووسەری بەناوبانگی کورد عەلی عەبدوڕەحمانۆویچ مەمەدۆڤ لە ١ی ئۆکتۆبر ١٩٤٣ تا ١٣ی ژوئیەی ١٩٤٤ لە یەکەی گەورەی پارتیزانیی ئە. کاراسایڤ، قارەمانی یەکیەتیی سۆڤیەت (لە پارێزگای والینی ئۆکراین) شەڕی کرد.
لە بەرەکانی شەڕی نیشتمانیدا، ستوان فیۆدۆر خاتۆیڤ کالویان خەڵکی گوندی جارجاریس و سلۆ باکیرۆویچ جافارۆڤ خەڵکی گوندی کوردنیشینی پامپ کە دەکەوێتە ناوچەی ئاپارانی ئەرمەنستان، قارەمانانە کوژران.
گرووبان سەعید ئاگیتۆویچ کاسۆیان خەڵکی گوندی کاروانسەرا لە ناوچەی ئارتیکی ئەرمەنستان تانگی “بەبر”ی لەناوبرد و ٧ سەربازی فاشیستی کوشت و گیانی خۆیشی بەخت کرد.
بنەماڵەی کورد هەن کە چەندین ئەندامی خۆیان لەدەست داوە. ئەحمەد ئوسۆیان، دانیشتووی گوندی کوریبوگاز، ٣ کوڕی لەدەست دا؛ گۆرانیبێژی فۆلکلۆری کورد ئامه چولۆ (گوندی ئەلاگیاز) – ٢ کوڕ؛ حەسۆی ماخسۆ – دوو کوڕ و شارۆی سمۆ (گوندی چۆبانماز) – دوو کوڕی لەدەست دا؛هەروەها ٣ کوڕ لە بنەماڵەی برایانی چێرکیز و کایماز محۆ (گوندی بایسیز) کوژران؛ خودۆیان چارکاز خودۆیویچ خەڵکی ناوچەی ئاشتاراکی ئەرمەنستان دوو کوڕی لەدەست دا؛ هەروەها ٢ کوڕی هاوگوندییەکەی، تیمۆرۆڤ برۆ تەیمورۆویچ، کوژران و٣ کوڕی ئەسعەد حەسەنۆڤ خەڵکی گوندی ئاغجاکەند کە دەکەوێتە ناوچەی کەلبەجاری ئازەربایجان کوژران.
ن. سەفاریان، سەرتیپی پێشووی لەشکری ٨٩ی پیادەی سپای تامان، ئاماژەی بەوە دا “…سەربازانی کورد لە کاتی ئەرکە سەربازییەکانیاندا نموونەی قارەمانێتی و بوێری بوون و بە فیداکاری ئەرکەکانیان ئەنجام دەدا”. ئەمەش پێزانینێکی شایانی سەربازانی کوردە و ڕێزلێنانێکە بۆ ئازایەتییەکانیان.
بێگومان خەساری[گیانی] و کردەوەی قارەمانانەی سەربازانی کورد بەراورد ناکرێت لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتی فرەنەتەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت. نابێت له هیچ حاڵەتێکدا لەبیرمان بچێ کە باری قورسی شەڕەکە لەسەر شانی ڕووسەکان، ئۆکراینییەکان، بێلاڕوسییەکان و فرە نەتەوەی دیکەی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو بوو. بەڵام پێویستە لە بیرمان بێت کە ژمارەی دانیشتووانی کورد [لە یەکیەتی سۆڤیەت] پێش شەڕ لە پەنجا هەزار کەس تێنەدەپەڕی و نزیکەی ٧٠٪یان به هۆی سەرکوت کرانیان[لە لایەن هێزی ئاسایشی یەکیەتیی سۆڤیەتەوە]، بۆ خزمەتکردن لە هێزە چەکدارەکان بانگ نەکرابوون. بهڵام وێڕای ئەوەش، ئهوانهی له بهڕهکانی شەڕدا ئاماده بوون، ئهرکی سهربازیی خۆیان سەربەرزانه بهڕێوه برد: تەنانەت یهک حاڵهتی ترسەنۆکی، ترس و وازهێنان یان خیانهت له نێو سهڕبازه کوردهکاندا بهدی نهکرا. ئەوان بەرگرییان لە زێدی خۆیان کرد و ئەمڕۆش چەک بەدەست ئامادەن بۆ درێژەپێدان بە خەباتی پڕلە شانازیی باوک و باپیرانیان.
تێبینی: ئەم بابەتە لەسەر بنەمای کتێبی خ. م. چاتۆیڤ، “بەشداریی کوردانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە شەڕی گەورەی نیشتمانیی ساڵی ١٩٤١-١٩٤٥”، یەریڤان، ١٩٧٠، ئامادە کراوە.
سەرچاوەکان:
گۆڤاری “دۆستی”، مۆسکۆ، ٢٠٠٢، ژمارە ١٦ و ١٧، ل ٦٨-٦٧
Журнал «Дружба (Dostanî)». Москва. 2002 г. №№16-17. С. 67-68.
سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی:
مای ساڵی ٢٠١٠
Курды в Великой отечественной войне, http://kurdist.ru
ژێدەرەکان
[1] Ива́н Христофо́рович Баграмя́н, Ivan Khristoforovich Bagramyan
ئیوان خریستۆفۆرۆویچ باقرامیان(١٩٨٢-١٨٩٧)، بە ڕەچەڵەک ئەرمەنی، سپاسالار[سهردار]، دەوڵەتمەرد، مارشالی یەکیەتیی سۆڤیەتی(١٩٥٥)، دووجار قارەمانی یەکیەتیی سۆڤیەتی (١٩٧٧ و ١٩٤٤)، جێگری وەزیری بەرگریی یەکیەتیی سۆڤیەتی(١٩٦٨-١٩٥٨، ١٩٥٦-١٩٥٥)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤیەتی(١٩٨٢-١٩٤١).
[2] Халит Мурадович Чатоев, Khalit Muradovich Chatoev
خالیت مورادۆویچ چاتۆیڤ(١٩٧٧-١٩١٣)، نووسەری کتێبی”بەشداریی کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتی لە شەڕی گەورەی نیشتمانی لە ساڵەکانی ١٩٤٥-١٩٤١” و ” کوردەکانی ئەرمەنستانی سۆڤیەتی-ڕیپۆرتاژێکی مێژوویی(١٩٤٠-١٩٢٠)”یه.
[3] Саманд Алиевич Сиабандов, Samand Aliyevich Siabandov
سەمەند عەلییەویچ سیابەندۆف(١٩٩٨-١٩٠٩) نووسەری سۆڤیەتی، ئەفسەری سپا، سیاسەتوان، دەوڵەتمەرد، ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی، نوێنەری شورای باڵای یەکیەتیی سۆڤیەت، نووسەری کتێبی: فەرهەنگی ئەرمەنی-کوردی، سیامەند و خەجێ و ژیانی بەختەوەرانە – یە.
[4] Эвакуационный пункт (An evacuation point)
ناوەندەکانی چۆڵکردن دامەزراوەیەک بوون بۆ وەرگرتن و خەواندنی بریندارەکان لە بارودۆخێکی نائاساییدا و لەلایەن ناوەندێکی فەرماندەییەوە بەڕێوەدەبرا.
لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا به کۆمەڵێک دامەزراوەی پزیشکی دەگوترا که لە کاتی شەڕ بۆ یارمەتیی پزیشکیی تایبەت، ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی نەخۆش و بریندارەکان لە ناوچەی شەڕ دامەزرابوون. لە سەردەمی شەڕی گەورەی نیشتمانیدا، ناوەندەکانی چۆڵکردن[گواستنەوە] بریتی بوون لە: سەرکردایەتی، نەخۆشخانەی گەڕۆک بۆ گواستنەوەی بریندارەکان، ئەمبولانس، تیمەکانی جلشۆر-گەمابەر[ضدعفونی کنندە]، کۆگاکان و کۆمیسیۆنە پزیشکییە-سەربازییەکان.