گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠
وەرگێڕان
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024
کوورتساپۆڤا، سڤێتڵانا وەرگێڕان: سدقی، منصور (٢٠٢٤):کورد لە “ڕۆسڵاڤڵ. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٣٨٩–٣٨٠ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/
کورد لە “ڕۆسڵاڤڵ” *
سڤێتڵانا کوورتساپۆڤا
وەرگێڕ: مەنسوور سدقی
لە کتێبە ناسراوەکەی “س.س. ڕاکۆچێڤسکی” بە ناوی “ئەزموونی کۆکردنەوەی بابەتە مێژوویییەکانی شاری ڕۆسڵاڤڵ” ئاماژە بە بابەتی “دیلە تورکەکانی کوردستان” کراوە. نووسەر لەم بابەتەدا باسی لەخۆبوردووییی ئەو دیلە کوردانە دەکات کە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنە کارەساتبارەکەی ئەم شارە لە ١٨ی جوولای ساڵی ١٨٥٥دا، چالاکییان نواندووە.
هەڵبەت نووسەری ئەم وتارە باسی چۆنیەتیی پەیدابوونی ئەو پاڵەوانە ڕۆژهەڵاتییانە لە قووڵاییی وڵاتی ئێمەی نەکردووە. دیارە ئەم بابەتە تەنیا سەرنجی منی بۆ لای خۆی ڕانەکێشاوە، بەڵکوو مێژوونووس “ئا.ف. گاڤریلێنکۆڤا” هەر لەو سەردەمیدا، بەدوای بابەتەکەدا چووە و لێکۆڵینەوەیەکی کورت، بەڵام زۆر سەرنجڕاکێشی بڵاو کردووەتەوە. “ئا.ڤ. تیخەنۆڤ”، مێژوونووسی “سمۆلێنسک”یش گرنگییەکی زۆری بە “دیلە تورکەکان” داوە. بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژووییی دیکە کە لەسەر ئەم پرسە بەدەستم کەوتوون (هەم فەرمی و هەم تاکەکەسی)، منیش ویستم بەم ئاراستەیە بدوێم.
لە میانەی شەڕی “کریمە” لە ساڵانی ١٨٥٣-١٨٥٦دا، لە کەنار نەیارانی ئینگلیزی، فەڕانسەیی و ساردێنیایی[1]، تورکەکانیش بەشداری شەڕ بوون. بەشێک لە خاکی دەوڵەتی تورکەکان (هەروەها دەوڵەتەکانی عێراق و ئێران و سووریا) کوردستانە و کورد دانیشتووی خۆجێییی وێندەرێیە. هەندێک لە دیلەکانی شەڕی عوسمانی، کورد بوون و پەرتەوازەی “ڕۆسڵاڤڵ” کرابوون. چیرۆکی من باسی ئەم ڕووداوە دەکات.
بەهۆی ژمارەی زۆری دیلەکانی جەنگ کە لە قۆناخی سەرەتاییی جەنگی کریمەدا لە ڕووسیا ڕاگیرابوون، “نیکۆلای یەکەم” لە مانگی نۆڤەمبەر-دیسەمبەری ساڵی ١٨٥٣، لە ڕێگەی وەزیری جەنگەوە، یەکەم فەرمانی سەبارەت بە شوێنی جێگیرکردنی هەمیشەییی دیلەکان دەرکرد، کە بەناوی “ڕێوشوێنی تایبەت بە دیلەکان” لە ١٦ی مارسی ساڵی ١٨٤٥ پەسند کرا. بەپێی بڕگەی ٢٣ی پەسندکراوەکە ئەم شارانەی خوارەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی دیلەکانی جەنگ دەستنیشان کران: “تولا”، بۆ فەرماندە و ئەفسەرانی پلەبەرزی بەڕەگەز تورک و موسڵمان؛ “ئۆرێل”، بۆ موسڵمانە پلەنزمەکان؛ “کوورسک”، بۆ کریستیانە پلەنزمەکان.
لە سێپتەمبەری ساڵی ١٨٥٤دا، دەست بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کرا. یەکەم دەستەی دیلە تورکەکان (پلەنزمەکان) کە ژمارەیان ١٠٤ کەس بووە لە ٢ی فێبریوەری ساڵی ١٨٥٥ لە شارستانی “ڕۆسڵاڤڵ” سەر بە پارێزگای “سمۆلێنسک” جێگیر دەکرێن. لە ٨ی مارچیشدا دەستەیەکی ٦٣ کەسیی سەربازی تورک کە لە شەڕەکانی دەوروبەری “ئەلێکساندرۆپۆل”[2] بە دیل گیرابوون، ڕەوانەی “ڕۆسڵاڤڵ” کراون.
زانیاری سەبارەت بە دیلە تورکەکانی شەڕ، تەنیا لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا نەنووسراون، بەڵکوو ڕۆژنامەی “سێڤرنایا پچڵا” لە ساڵی ١٨٥٥، وتارێکی “ک. میکێشین”ی بە ناوی “کورد لە پارێزگای سمۆلێنسک” بڵاو کردووەتەوە کە نووسەر بەگوێرەی زانیاریی ناسیاوێکی لە شاری “ڕۆسڵاڤڵ”، باسی ژمارەیەک دیلی تورکی کردووە کە “پاش «کارەساتی باشکەدیکلەر»” لەم شارە جێگیر کراون (لە شەڕی گوندی “باشکەدیکلەر”[3]دا، پتر لە ٦ هەزار سەربازی تورک کوژرابوون). وتارەکە خێرا لە ڕۆژنامەی “فەرمانگەکانی پارێزگای سمۆلێنسک”دا (ساڵی ١٨٥٦، ژمارە ٢) دیسان بڵاو بووەتەوە. نووسەرەکەی مامۆستا “کۆنستانتین ئۆسێپەڤیچ میکێشین” لەدایکبووی ساڵی ١٨١٨، ڕەنگە برای “م.ئۆ. میکێشین” بووبێت کە یەکێکە لە هاوشارییە بەناوبانگەکانمان لە بواری پەیکەرسازی و کەلتووریدا.
لێرەدا بەکورتکراوەیی زۆربەی نێوەڕۆکی ئەم وتارە کە ئێمە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕووداوەکانی ١٦٦ ساڵ پێش ئێستا[4]، دەخەمە بەر دەستی خوێنەرانی ڕۆژنامەی “ڕۆسڵاڤسکایا پڕاڤدا”.
شەڕی “باشکەدیکلەر”
١٩ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٥٣
نووسەر: “ب.پ. ڤیللێڤاڵدە”
“پێویست بوو هەموو هاووڵاتیان بە چاوی خۆیان ئەو چارەڕەشانە ببینن کە بە چ سەروسەکوتێک گەیشتنە شارەکەمان. زۆربەیان کوردن”، واتە دانیشتووانی ئاشووریای کەونارا کە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە هەڵکەوتووە. “کوردەکان لە جێگەی مێزەر، بە هەندێک پەڕۆ و پاڵ سەری خۆیان داپۆشیبوو، بە دەموچاوێکی ڕەشهەڵاتووی وەک قیر، پتر وەک دەرۆزکەرانی بێخانومان دەچوون، نەک جەنگاوەرانی دەروازەی باڵای بەکەبکەبە و دەبدەبە. خانوویەکی گەورە بۆ مانەوەیان تەرخان کرابوو کە بەپێی داب و نەریتی گەلانی ڕۆژهەڵات، لە ژوورەکانیدا ڕاخەری ئەستووری حەسیریی بۆ دانیشتن ڕاخرابوون”.
سی ڕۆژ دواتر “ناسیاوێکی خەڵکی ڕۆسڵاڤڵ” سەردانیان دەکات و دەگەڵ زۆربەیان ئاشنا دەبێت. “زۆربەی کوردەکان باڵا بەرزن، جەستەیەکی ڕێکوپێکیان هەیە بە شانێکی پان، بەڵام کەمەریان باریکە، سیمایەکی ڕێکیان هەیە و زۆربەیان خوێن شیرینن”.
لە باسکی چەپی زۆربەی کوردەکان “ودمێکی لێ بەستراوە کە لە شەڕدا ڕێگری لە کوژرانیان دەکات”[5]. کوردێک گوتوویەتی، تورکێک ٨٠٠ “پیاتر”ی پێ داوە (بەرامبەرە بە ٤٠ ڕووبڵی زێو) بەڵکوو لێی بکرێت، بەڵام کوردەکە پێ گوتووە “ژیان بەنرخترە لە پارە”. زۆربەیان بە بەرۆکیانەوە لە جزدانێکی چەرمیدا، قورئانیان پێ بووە. قورئانەکە بریتی بووە لە کتێبێکی بچووک کە لەسەر لاپەڕە ڕەنگاوڕەنگەکانی بە ڕەنگی زێڕین، یاساکانی محەممەدی لێ نووسراوە. “لەسەر هەندێک لە لاپەڕەکانی، لێو و چاوی محەممەد کێشراونەتەوە. کوردێک لە جزدانەکەیدا قورئانێکی دەرهێنا کە لە کاغەزێکی مۆمیدا پێچرابوو”. ئینجا چەند جارێک “بەتایبەت لێو و چاوە زێڕینەکانی محەممەد ماچ دەکات”. جگە لەوەش هەموویان تەسبیحێکیان پێ بووە، کاتێکیش لە گفتوگۆی گشتیدا بەشدارییان نەکردبا، بەردەوام خەریکی گێڕانی تەسبیح و چرپاندنی نزا بوون.
“پاییز بوو. بەفر دەباری، دیلەکان [کوردەکان] دەرکەوتنە سەر شەقامەکان و دەگەڵ نەوای سازێکی ژێتار ئاسن، دەستیان کرد بە هەڵپەڕێن و سەما کردن. دەستیان لەنێو دەستی یەکتر نا و نیو بازنەیەکیان پێک هێنا و بەیەکەوە دەستیان کرد بە گۆرانی گوتن و گەڕ گێڕان و دەجووڵان: دوو هەنگاویان بۆ پێشەوە هەڵ دەگرت و پاشان بازیان دەدا. بەڕاستی ناتوانم چۆنیەتیی هەڵپەڕکێکەیان بنووسمەوە، پێویستە مرۆڤ بۆخۆی بیبینێت، پێنووس و کاغەز ناتوانن بازدان و لەنجە و لار و جووڵە جۆراوجۆرەکانی ئەو مرۆڤانە وێنا بکە. بەتایبەت لە هەڵپەڕکێ و سەمای ڕۆژهەڵاتییەکاندا جووڵە و هەنگاوگەلێک باوە کە بە پەیڤی ئەورووپایی بەیان ناکرێن”.
“ناسیاوەکە” بەتایبەت بە یاریی “چەهاردا”[6]ی [کوردەکان] سەرسام بووە. کوردێک لە گۆڕەپانەکەدا، قیت ڕاوەستاوە، ئینجا لە دوورەوە بەهەڵاتن ٥٠ هاوڕێی بەسەریدا بازیان دەدا. دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە باڵای کوردەکان گەلێک بەرز بووە و ئەو کەسەش ڕاست و ڕێک ڕاوەستاوە. “من نەمدیت تەنانەت یەک کەسیش لەو ٥٠ کەسە بە ناڕێکی باز بدات. لەو یارییەدایە گشت لێهاتوویی و چالاکیی کورد و تەکنیکەکانی دەر دەکەوێت”.
“لە هاویندا [کوردەکان] بەردەوام ژیانیان لە دەرەوە بەسەر دەبرد، یان لەسەر شەقامی دەرەوەی خانووەکە دادەنیشتن، یان لە پەنجەرەی ژوورەکانیانەوە قاچیان بۆ دەرەوە شۆڕ دەکردەوە. هەندێک جاریش لە ڕۆژە گەرمەکاندا، دوو یان سێ کەسیان بەبێ جووڵە لەسەر زەوی نزیک چەپەرەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەچاوی داخراوەوە ڕووبەڕووی خۆر دادەنیشتن و تەنێ زەردەخەنەی سەر ڕوخسارە سووتاوەکانیان، هەڵسوکەوتی دڵگیری موسڵمانێکی دەردەخست”.
“زۆر جار دیلەکان بەکەڵک وەرگرتن لە ئازادییەکی تەواو کە هەیانبوو، دەچوونە نێو کێڵگەکەی دەرەوە و بە نێو چۆڵەوانییەکاندا تا درەنگانی ئێوارە دەسووڕانەوە، یان لە کەناری ڕووبارەکە دادەنیشتن و پێیان لە ئاودا نوقم دەکرد و سەبارەت بە خۆیان و نیشتمانە دوورەکەیان گفتوگۆیەکی خۆمانەی درێژخایەنیان دەگەڵ یەکتر دەکرد. هەندێک جار دەچوونە مەلەوانی لە دەریاچەیەکی دەوروبەر و هەر جارێکیش بە چەپکە گوڵەوە لەم پیاسانە دەگەڕانەوە”. سەرنجڕاکێش ئەوە بووە کە هەرگیز ئەم چەپکە گوڵانە فرە ڕەنگ نەبوون، هەر کام لە کوردەکان تەنیا یەک جۆر گوڵیان کۆ کردووەتەوە و لە سەر دارێکیان بەستووە و زۆر بەپارێزەوە هێناویانەتەوە ماڵەوە. “ئەم هەڵسوکەوتەی کوردەکان دەگەڵ گوڵ هەیانە، لەنێو گەلانی باکووریدا زۆر دەگمەن دەبینرێت”. کوردەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە گوڵەباخ پیرۆزە. “باوەڕیان بەوە بوو کە پێش محەممەد گوڵەباخ هیچ بۆنێکی نەبووە. ڕۆژێک محەممەد لە باخەکەیدا دانیشتووە و بەوپەڕی بیرکردنەوە بەسەر بنچکێک گوڵەباخدا سەری شۆڕ کردووەتەوە، ئینجا ڕەنگدانەوەی خەمێکی قووڵ سەبارەت بە بێهوودەییی ئەم دونیایە دایگرتووە و دەستی کردووە بە گریان، دڵۆپی فرمێسکەکانی بەسەر گوڵەکاندا ڕژاوە. هەر لەو کاتەوە گوڵەباخەکان بۆندار بوون”.
کوردەکان زۆر خوداپەرست و میهرەبان و خاکەڕا بوون. پێش خۆرهەڵات و پاش دەستنوێژ، دەستیان کردووە بە لە خودا پاڕانەوە. لە کاتی نوێژکردندا بەتەواوەتی نوقمی نزاکردن دەبوون. هیچ بارودۆخێکیش ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکەیان نەکردووە.
کوردەکان زۆر کەم خەوتوون و زۆر خەوتنیان بە گوناهـ زانیوە و پێیان وا بووە کە خەو، مرۆڤ لە خزمەتکردن بە پەروەردگار و چاکە دوور دەکاتەوە. کوردەکان کەمخۆر بوون، لەو ٩ کۆپێکەی[7] ڕۆژانە بۆ پێداویستییەکانییان پێیان دراوە، یەک لەسەر سێیان بۆ کڕینی تووتن خەرج کردووە و بەوەی تر، پەرداخێک شیر و نانێکی سپییان پێ کرێوە و بەمەش تەواوی ڕۆژ تێر بوون. هاوکات گەلێک بەخشندە بوون و هەرگیز دڵی هەژارانیان نەشکاندووە. کاتێک نان یان کوللێرەیان پێ بووە ئەگەر هەژارێک داوای لێ بکردنایە، کوردە، پێخۆرەکەی خۆی بەش بەش نەدەکرد، بەڵکوو هەمووی بە هەژارەکە بەخشیوە. لە کاتی جەژنەکاندا، کوردەکان خوانی گشتییان پان کردووەتەوە و هەژارانیان لە سەرووی خۆیان داناوە. چەندین جار ڕووی داوە کوردێک کە لە بازاڕ سێوی بۆ خۆی کڕیوە، لە ڕێگای ماڵەوە هەمووی بە هەژاران بەخشیوە.
ناسراوەکەمان دەیگێڕاوە کە “ڕۆژێک بەیەکەوە دەگەڵ کوردێک لە ماڵی ئێمە دانیشتبووین، گەدایەک لێمان وە ژوور کەوت و داوای یارمەتیی لە من کرد، منیش گوتم، بڕۆ ئاشپەزخانە، خواردنت پێ دەدەن. کوردە بە سەرسووڕمانەوە سەیری کردم و گوتی، پارەت پێ نییە؟ منیش گوتم وردەم پێ نییە. کوردە بەپەلە چەند وردەیەکی لە گیرفانی دەرهێنا و بەدزی، نەکات گەداکە بیبینێت، دای بە من و گوتی، بیدەیە! دواتر کوردە بۆمی ڕوون کردەوە، ئەگەر کەسێک داوایەکی لێ کردی دەبێت خۆت یارمەتیی بدەیت، نەکات ڕەوانەی کەسێکی دیکەی بکەیت، لاوانەیە ئەویش بێ دڵیی بکات”.
گەلێک جار بینیویانە کە لە سەر شەقامەکان کوردێک تووشی ژنان بووە کە خەریکی ئاوکێشان بوون و کوردە سەتڵی ئاوەکەی لێ وەرگرتوون و بۆی بردوونەتەوە ماڵەوە و نەتەنیا چاوەڕوانی پێزانین نەبووە، بەڵکوو بە پێویستیشی نەزانیوە سوپاسگوزاریی بکەن.
لە هاویندا کە کار لە سەر زەوی دەستی پێ کردووە، کوردەکان چوون بۆ دروێنە، خەڵکی ناوچەکە دەبینن لەچاو کرێکارەکانی خۆیان، گەلێک خێراتر و ڕێکوپێکتر کار دەکەن (یەک کەس لەجیاتی سێ کەسی ئەوان)، بۆیە دوو هێندەی کرێکارەکانی خۆیان پارەیان پێ داون”.
“پاش ماوەیەک هەر کام لە کوردەکان بە کەوایەکی کورت و سووری گوڵینگەداری چنراو لە داوی زێو و زێڕین دەرکەوتن، هەروەها خۆیان کڵاوێکی ئەرخەوانییان ساز کردبوو کە گوڵینگەیەکی ئاوریشمی شینی درێژی پێوە ئاوێزان بوو. بەگشتی تاکوو کۆتاییی هاوین، جلوبەرگەکانیان لە هەموو بارێکەوە باشتر بووبوو. بەو پارەیەی لە کارکردن پەیدایان کردبوو، خۆیان کوتاڵ و کەرەستەکانی دیکەیان کڕیبوو و هەر خۆیان بڕیبوویان و درووبوویان”. دەبێت ئەوەش بڵێین کە گشت ئەو کارەیان زۆر شارەزایانە و بە زەوقەوە کردووە. بە درێژاییی ساڵێک، ئەوەندەی “ناسراوەکەمان” ئاگاداری کاروباریان بووە “کوردەکان بەئاشتی و بەدۆستایەتییەکی لەڕادەبەدەر لە نێوان خۆیاندا هەڵسوکەوتیان دەکرد. ناکۆکییە بچووکەکانی نێوانیان، لە ڕۆژێک زیاتری نەدەخایاند”. ئەوان گوتوویانە ناتوانن لە ڕۆژێک زیاتر تووڕە ببن، ئەوە گوناهە و “چاوت دەتەقێت”. “کوردەکان خاوەن ڕەوشتێکی بەرزی پیاوسالارانەن. باشترین پێوەری سەلماندنی ئەم ڕاستییەش، بریتییە لە پێزانین و بەرزنرخاندنی کۆمەڵگەی شاری ڕۆسڵاڤڵ لە کاتی ئاگرکەوتنە کارەساتبارەکەی شارەکە لە ساڵی ١٨٥٥ کە لە ماوەی سێ کاتژمێردا، نێوەی شاری شەوتاند.
گەرمای نائاسایی پێش ئاگرکەوتنەکە و زریانە کتوبڕەکەی کاتی ئاگرکەوتنەکە، ئەوەندە خێرا بووە کە هیچ هێزێکی مرۆیی توانای پێشگرتنی نەبووە و لە ماوەی چەند خولەکێکدا هەرچی لە ڕێڕەوی ئاگرەدا هەبووە، بووەتە خۆڵەمێش و نابوود بووە. لەم سات و وەختە ترسناکەدا، کوردەکان چاونەترسانە، لێزانانە و خۆنەویستانە کارستانیان پێشان داوە و بەوپەڕی خێرایییەوە وە سەربانی خانووەکان کەوتوون و بە پەتووی تەڕ و هەرچی لەبەر دەستیان بووە، ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە و بەم شێوەیە لە ڕزگارکردنی گەلێک لە خانووبەرەکانی شاردا بەشدار بوون. کاتێک ئاگر گەیشتووەتە قووببەکانی کڵێسای شار، کوردەکان بۆ ڕێزگرتن لە پیرۆزییەکانی کڵێسا، پێڵاو و جامانەکانیان فڕی داوە و زۆر بەڕێزەوە چوونەتە نێو کڵێسا و ئایکۆن و وێنەکانی نێو کڵێسایان بۆ شوێنی سەلامەت گواستووەتەوە. پەرۆشی و نەترسیی کوردەکان، کاریگەریی قووڵی لەسەر گشت هاووڵاتییان دانابوو و هەموویان دڵسۆزانەترین پێزانین و ڕێزیان بۆ ڕەوشت بەرزیی ئەو مرۆڤانە و بۆ خزمەتی خۆنەویستانەیان دەربڕیبوو، تەنانەت ئەگەر دوژمنیش بووبن.
لێرەدا وتاری “سەبارەت بە دیلە کوردەکانی شاری ڕۆسڵاڤڵ”، کۆتایی پێ هاتووە.
پاش بڵاوبوونەوەی وتارەکەی “ک. ئۆ. میکێشین”، ئەکادیمیای زانستیی یەکێک لە باشترین ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسیا، واتە “پیۆتێر لێرخ” (١٨٢٨-١٨٨٤)، بەربژێری دکتۆرای زانستیی زانکۆی سانت پیتربورگی بۆ کۆڵینەوە لە زمانی کوردی و مێژووی هۆزەکانی کورد ڕەوانەی شاری “ڕۆسڵاڤڵ” دەکات.
لێرخ لە ٧ی مارسی ساڵی ١٨٥٦ گەیشتووتە شارەکەمان و هەر هەمان ڕۆژ بە هاوکاریی شارەوانی، پەیوەندیی بە کوردەکانەوە کردووە و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەی دەست پێ کردووە. نیشتمانی ئەم کوردانە پانتاییی سەرووی دیجلە و فورات لە “ڕۆژاوای کوردستان بووە کە بریتی بووە لە ناوچەکانی “مێردین”، “جەزیرە”، “دێرسم”، “مووش”، “دیاربەکر” ، “ئورفا”، “بیرەجیک”، “خارپووت”، “بەگەسنە”، “مەلاتیە”، “ماردین”، “عەرەبگیر” و “ئەرزەڕۆم”.
لێرخ دەگەڵ فێربوونی زمانی کوردی، کەڵکی لەو هەلەش وەرگرتبوو کە بۆیان ڕەخساندبوو تاکوو کۆمەڵێک بابەتی ئیتنۆگرافیاییی ئەو گەلە کۆ بکاتەوە.
بەگوێرەی تێبینییەکانی بێت، لێرخ سەرسام بووە لە جیاوازیی جەستە و ڕوخساری زۆربەی کوردە ڕاگیڕاوەکانی “ڕۆسڵاڤڵ” دەگەڵ دیلەکانی دیکە. قژی زۆربەی کوردەکان ڕەشی وردە لوول بووە و شانی هەندێکیان بە پرچێکی پڕ و لوولیان داپۆشرابوو. بیچمی دەموچاویان هێلکەیی و چاوەی زۆربەیان ڕەش یان کاڵ و درەوشاوە بووە و بەڕوونی مۆرکی هۆزە هیند و ئەورووپایییەکانی پێوە دیار بووە. کوردەکان زۆر بایەخیان بە ڕواڵەتی خۆیان داوە. بۆ نموونە حوسێن خوشکەزای سەرۆکهۆزێکی کورد، هەمیشە لە ڕۆژە گەرمەکاندا بە جلێکی سپییەوە پیاسەی کردووە و بەردەوامیش لە ڕووباردا شووشتوویەتی. حوسێن لە ژێر چاکەتێکی سپیی تا ڕادەیەک تەنگدا، کەوایەکی ڕەشی جوانی دەبەر کردووە و پشتێنێکی چنراو لە داوی زێو و ئاوریشمی بەستووە و لە ڕۆژانی سارددا بە پاڵتۆ ناقۆڵا سەربازییەکەی، خۆی داپۆشیوە. تەنانەت پاڵتۆکەشی بە شێوازێکی ڕێکوپێک و تایبەت لەبەر کردووە.
لێرخ لە “ڕۆسڵاڤڵ” تووشی هیچ کوردێک نەبووە نووسین بزانێت، تەنیا چەند کەسێکیان تا ڕادەیەک خوێندنەوەیان زانیوە. بەڵام ئەم کەماسییە لێرخی لە توێژینەوەکانی سەبارەت بە کورد دڵسارد نەکردبووەوە.
لە ماوەی ١١ مانگ هاموشۆی دەگەڵ کوردەکاندا، لێرخ بۆی سەلماوە کە “ئەو تایبەتمەندییە باشانەی گەشتیارە ئەورووپایییەکان سەبارەت بە هۆزە کوردەکان باسیان کردووە” زێدەڕۆیی نەبوون. لێرخ لەو ماوەیەدا بە چاوی خۆی بینیویەتی کە کوردەکان “دڵپاکن، سوپاسگوزارن بۆ ئەو چاکەیەی بۆیان دەکرێت، خاکەڕان، ڕاستگۆ و ڕوو ڕاستن؛ قسە خۆش و شادن و جۆرێک تێڕوانینی ڕاستەقینەیان هەیە بۆ هەموو شتەکانی دەوروبەریان”.
لێرخ بەدەگمەن بینیویتی کوردێک بەتەنیا و بە بێ هاوڕێیەکی پیاسە بکات. لەو ژوورانەی بۆ ٨ تا ١٢ دیلی (کورد و تورک) تەرخان کرابوون، شادی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە باڵا دەست بووە. دیلەکان زۆر جار سەردانی یەکتریان کردووە و کاتێک چەند کەسێکیان کۆ دەبوونەوە و گۆرانیبێژێکیان لەنێودا با، ئیتر کۆبوونەوەکەیان بە گۆرانیی نیشتمانی پڕ بووە لە شادی و خۆشی؛ وشەکانیش هەمیشەش لێواولێو بوون لە سۆزی ئاگرینی شانازی بە خاک و زێد و جوانیی دۆڵ و شاخ و تاڤگە و چەم و گوڵ و چەک و ئەسپ و ئازایەتی و پاڵەوانێتی.
ڕۆژێک لێرخ بەڕێکەوت دیمەنێکی تەواو جیاواز دەبینێت. دوو لە ناسیاوە کوردەکان بە شمشێر و سپەر ” لەناکاو دەرکەوتنە گۆڕەپانەکە” و دەستیان کرد بە هەڵپەڕکێ. دیارە کوردەکان بۆ وەدەستهێنانی ئەو دوو کەرەستەیە ئەویش لە “ڕۆسڵاڤڵ”، زۆر شتیان لە پێناویدا بەخشیبوو: شەترەنجێکیان بە سەبیلەیەک[8] و پێڵاویان بە سپەر گۆڕیبووەوە. لێرخ لە بەرانبەر “لێزانی و جووڵە جۆراوجۆرە هاوکات و خێراکانی” ئەم دوو کوردە گەلێک سەرسام بووە.
لێرخ کاتێک توانیویتی بە ڕەوانی دەگەڵ کوردەکان بە کورمانجی بدوێت، لە گفتوگۆکاندا تەنیا لە زێد و بژێوی گەلەکەیانی نەپرسیوە، بەڵکوو باسی چەمکە ئاکارەکانیشی دەگەڵیاندا کرووە. لە ڕاوێژی کوردەکان لەم بارەیەوە، “تاقە پەیڤێکی نالەبار و یان بە دەنگی بەرزی” لێیان نەبیستووە. بەم نموونەی ژێرەوە بۆ لێرخ سەلماوە کە ئەوە هەستێکی زگماکی و ڕاستەقینەی کوردەکانە: دوو عەرەب لە دیلەکانی “ڕۆسڵاڤڵ” چەند جار دزییەکی بچووکیان کردبوو. کوردەکان عەرەبێکیان لە کاتی دزینی چەند دار و پەردووییەکی نەخۆشخانەی شار گرتبوو و بەتاوانی “دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و سامانی ئەو دامەزراوە خێرخوازییە، هەموو ڕق و تووڕەیییان بەسەر شان و شەپیلک و ڕدێنی عەرەبەکەدا بەتاڵ کردبوو”.
دیلەکانی کورد حەزیان لە ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانی ئەورووپا بووە، بەتایبەتی “محەممەد”ی تەمەن ٢٥ ساڵ کە کوڕی دووەمی سەرۆکهۆزێکی پێشووی نزیک شاری [9]“Cöərek” بووە و لە سوپای عوسمانی خزمەتی کردبوو “حەزی دەکرد زمانی ڕووسی فێر ببێت” و زۆر پرسیاری لە ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی و باوەڕی ئایینیی ئێمە کردووە.
لێرخ پاش گەڕانەوەی بۆ سانت پیترزبورگ، ئاکامی توێژینەوەکانی خۆی لە سێ بەرگدا بە ناوی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان” تەواو دەکات[10] و خەریکی ڕێکوپێککردنی ڕێزمانی کوردی دەبێت. لە فەرهەنگی بایۆگرافیای ڕووسیدا، بەم شێوەیە باسی “پ.ئی. لێرخ” کراوە: “لەم بوارەدا زانیاریی بەرفراوان، ورد و سەرنجڕاکێشی تۆمار کردووە کە لەو سەردەمدا نە لە ڕووسیا و نە لە دەرەوەی وڵات، هیچ کەس هاوتای نەبووە”.
چارەنووسی دیلەکانی “ڕۆسڵاڤڵ” جیاواز بووە؛ زۆربەیان بۆ باشووری وڵات ڕاگوازراون و دەگەڵ دیلەکانی ئێمە ئاڵوگۆڕیان پێ کراوە، ژمارەیەکی کەمیش هاتوونەتە سەر ئایینی کریستیان و لە ڕووسیا ماونەتەوە.
لە جەنیوەریی ساڵی ١٨٥٦دا مێژوونووس “ئا.ف. گاوڕیلێنکۆ” لە کتێبی “ڕۆسڵاڤڵ لە مێژووی شەڕی کریمەدا ١٨٥٣-١٨٥٦”، باسی دوو دیلی تورک، “مەحموود جومعە” و “ئیسماعیل حوسێن” دەکات کە ڕەگەزنامەی ڕووسییان وەرگرتووە و بەنهێنی لە کڵێسا “ئاوەمۆر”[11] کراون و بوونەتە کریستیان. “مەحموود جومعە” لەسەر دەستی کەشیشێک کە دەوری “کریڤ”[12]ی بۆ هەر دوو گێڕاوە، بووەتە “نیکۆلای ئەلێکساندرێڤیچ” و “ئیسماعیل حوسێن” بەپێجەوانە، بووەتە “ئەلێکساندر نیکۆلایەڤیچ” و بەهۆی باوەڕهێنانیان بە ئایینی ئۆرتۆدۆکسی سڵاڤیانی، هەر کامیان بە بڕی سێسەد ڕووبڵ لە لایەن خودی ئیمپراتۆری ڕووسیاوە خەڵات کراون.
مێژوونووس “ئا.ڤ. تیخەنۆڤ” لە تێزی دکتۆراکەیدا (لە بەشی “ئاوڕێک لە دانیشتووانی بیانی ئیمپراتۆریای ڕووسیا لە ساڵانی ١٨٠١- ١٨٦١”) دوو نموونەی دیکەی هێناوەتەوە. بەگوێرەی ئەم نووسراوەیە لە خشتەی دیلە تورکەکان کە بریتی بوون لە ١٦١ کەس، یەکێکیان بە ناوی “مەحموود بەلی” داخوازی بۆ وەرگرتنی هاووڵاتینامەی ڕووسیا و مانەوەی لە شاری “ڕۆسڵاڤڵ” بەرز کردووەتەوە. هەروەها بەپێی ئاماژەی “تیخەنۆڤ”، کەسی دووەم بریتی بووە لە “ئەحمەد محەمەدۆڤ ئۆغڵی” کە وازی لە ئایینی ئیسلام هێناوە و لە ڕێژەی دەستەی دووەمی ئەو دیلانە بووە کە بۆ شاری ئۆدێسا گوازراونەوە. لە مانگی جوولای ساڵی ١٨٥٦، “ئەحمەد” سوێندی وەفاداری بە ڕووسیای خواردووە و باوەڕی بە ئایینی ئۆرتۆدۆکسی سڵاڤیانی هێناوە و لە شاری “ڕۆسڵاڤڵ” ماوەتەوە.
بێجگە لەمانە، نووسەری ئەم وتارە لە خشتەی “خێزانەکانی دانیشتووی شاری ڕۆسڵاڤڵ بۆ ساڵی ١٨٦٩”دا، دوو ناوی: “ئیڤان ئاکیمۆڤ” و “نیکۆلای ئەلێکساندرۆڤ”ی دۆزیوەتەوە کە ئاماژە بە ناونیشان و پێناسەی پێشوویان نەکراوە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە ڕێژەی مردن لەنێو دیلە تورکەکان، لە ماوەی مانەوەیان لە شاری “راسلاڤل”، ٦ کەس بووە. ئەم غەریبانە لە “گۆڕستانی تورچانەکان”[13] نێژراون کە ئێستا خانووی لێ ساز کراوە.
لە بەڵگەنامە ئەرشیڤکراوەکانی شاری “ڕۆسڵاڤڵ”دا، تەنیا دوو یادەوەری لە چارەنووسی سەربازانی عوسمانی کە ڕاکێشی شەڕ کرابوون و لە شاری ئێمەدا وەک دیل ڕاگیرابوون، ماونەتەوە؛ ئەوانیش بریتین لە “شەقامی تورک” و “کۆڵانی تورک” کە ئێستا هیچکام لەم ناوانە لەسەر شەقام و کۆڵانەکە نەماون. ڕەنگە “شەقامی تورک” بەشێک بووبێت لە شەقامی “لۆبیرێڤسکایای خواروو” کە ئێستا بە ناوی “پ. لوکسەمبورگ” کراوە و ناوی “کۆڵانی تورک”یش کە کاتی خۆی لە لای ڕاستی شەقامی “ئوریتسکایا” بە کەنار ڕووباری “ستانۆڤکا” تاکوو شەقامی “لۆبیرێڤسکایای خواروو” درێژ کراوەتەوە، لە ساڵی ١٩٢١دا، کراوەتە “کۆڵانی ستانۆڤکا”. ئێستاش بووەتە “کۆڵانی ژمارە ٢ی پ. لوکسەمبورگ”.
پاشکۆی وەرگێڕ [14]
سەبارەت بە پیۆتێر ئیڤانۆڤیچ لێرخ (١٨٢٨-١٨٨٤)
“پیۆتێر ئیڤانۆڤیچ لێرخ” لە ساڵی ١٨٢٨ لە شارۆچکەیەکی نزیک لە شاری هامبوورگی ئەڵمانیا، لەدایک بووە. خوێندنی باڵای لە ساڵی ١٨٥١ لە زانکۆی پیترزبورگ تەواو کردووە و پلەی بەربژێریی بۆ دکتۆرا لە وێژەی ڕۆژهەڵاتی وەرگرتووە. لە سەرەتای پەنجاکاندا، خەریکی بەدواداچوون بۆ پرسی کورد دەبێت کە لە ژێر کاریگەریی شەڕی ڕووسیا و تورک لە ساڵانی ١٨٥٠-١٨٥٣دا لە ڕووسیا گرنگیی پێ درابوو و سەرنج دەخاتە سەر زمانی کورد و مێژووەکەی و سێ ساڵ کاتی ئازادی خۆی بۆ کۆکردنەوەی بابەتی هەمەلایەنە و پەیوەست بەم بوارە تەرخان کردووە. بەشێکی ئەم توێژینەوەیە بە بڕیاری ئەکادیمیا وەک بەرگی یەکەم بە ناوی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان” لە ساڵی ١٨٥٦دا بڵاو بووەتەوە. هەر لەم ساڵەدا بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەکادیمیا، “پیۆتێر لێرخ” سەردانی شاری “ڕۆسڵاڤڵ” دەکات تاکوو لە نزیکەوە بە هاموشۆ دەگەڵ ژمارەیەک کورد کە لەوێندەرێ ڕاگیرابوون و لە شەڕی ڕووسیا و عوسمانیدا لە ناوچەی کافکاز بەدیلی گیرابوون، توێژینەوە لەسەر زمانی کوردی بکات. لە ئاکامدا، “لێرخ” کۆمەڵێک بابەت سەبارەت بە زمانی کوردی کۆ دەکاتەوە و دوو بەرگی دواتری توێژینەوەکانی تەنیا بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکات و ئەکادیمیا لە ساڵی ١٨٥٧و ١٨٥٨، هەر بە ناوی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان” چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. “لێرخ” هاوکات هەر سێ بەرگەکە (٤٥٠ لاپەڕە)، لە دوو بەرگدا (٣٨٠ لاپەڕە) بە زمانی ئەڵمانی وەردەگێڕێت و ئەکادیمیای ڕووسیا لە ساڵی ١٨٥٨ هەر دووکیانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە[15].
لە ساڵانی ١٨٥٨-١٨٦٠ لێرخ تێکەڵ بە چالاکیی مەیدانیی ئەکادیمیا بووە و لە گەشتێکی زانستیدا بە سەرپەرشتیی “ن.پ. ئیگناتێیەڤ” کە بە مەبەستی کۆڵینەوە لە مێژوو، جوگرافیا و زمانی دانیشتووانی ناوچەکانی “بووخارا”، “خیوە”، “ئۆڕێنبوورگ” و کۆکردنەوەی کەلوپەلی شوێنەواری و دەستنووسە ڕۆژهەڵاتییەکان ڕێک خرابوو، بەشدار بووە. لێرخ دیسان لە ساڵانی ١٨٦٧- ١٩٦٨دا بۆ لێکۆڵینەوەی شوێنەوارەکانی شارێکی وێران کە لە کۆتاییی ڕێژراوی ڕووباری “سیر دەریا” بۆ نێو گۆلی “خوارەزم” هەڵکەوتبوو، ڕەوانەی ناوچەی ئاسیای نێوەڕاست دەکرێت.
لێرخ لە ساڵانی ١٨٦٩ و ١٨٧٤ لە کۆنگرەی نێونەتەوەییی شوێنەوارناسان لە سویسرا و دانیمارک بەشدار بووە.
بە بۆنەی بەڕێوەبردنی ئەرکە میرییەکانی سەر شانی، هەروەها بەشداریی دڵسۆزانە و لێهاتوویی لە دەستەبەرکردنی ئاکامە گرنگەکانی لە بواری کوردناسی و کۆڵینەوە لە مێژوو، شوێنەوارناسی، جوگرافیا، ئیتنۆگرافیا و زمانی گەلانی ئاسیای نێوەڕاست، (لە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاراندا) ئەندامی “فەخری” و دواتر پلەی ڕاوێژکاری میریی پێ دراوە.
لێرخ بەهۆی کاری کتێبداری لە کتێبخانەی کتێبە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئەکادیمیا، تەواوی سەرچاوەکانی خوێندبووەوە، بۆیە وەک “شارەزاترین کەس لە زمانە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی” و “کاتالۆگی زیندووی بیبلیۆگرافیای ڕۆژهەڵات” بەناوبانگ بووە.
لێرخ لە ساڵی ١٨٧٦، بەهۆی نەخۆشی خانەنشین و بۆ نوێژداری ڕەوانەی ئەڵمانیا کراوە و هەر لەوێندەرێ لە ساڵی ١٨٨٤ و لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دواییی کردووە”.
کارەکانی لێرخ سەبارەت بە کورد
بێجگە لە سێ بەرگە ڕووسییەکەی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان” و دوو بەرگە ئەڵمانییەکەی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە هاوڕەچەڵەکەکانیان”، “پیۆتێر لێرخ” ئەم بەرهەمانەشی نووسیون:
لێرخ لە دوو وتاردا باسی لە چەند دەقی وێژەی کوردی کردووە کە بریتین لە: پێداچوونەوە بە بۆچوونی “ئا. ژابا” سەبارەت بە وێژەی کورد و هۆزەکانی کورد”؛ پێداچوونەوە بە پوختەی “ئا. ژابا” سەبارەت بە هەڵبەستە کوردییەکەی ئەحمەدی خانی”؛ پێداچوونەوە بە فەرهەنگەکانی کوردی-فەڕانسەیی و فەڕانسەیی- کوردی (کە لەنێو دۆسیەی دەستنووسە کوردییەکانی “ژابا”دا، پارێزراون).
دوایین بەرهەمی لێرخ سەبارەت بە زمانی کوردی (دەستنووسێکی ٤٢ لاپەڕەییی مەزنە و چاپ نەکراوە)، ئاستێکی بەرزی زانستیی هەیە. مەبەست کۆڵینەوەیەکی ناتەواوی “لێرخ”ـە سەبارەت بە ڕێزمانی کوردی کە ڕەشنووسەکەی (بە زمانی ئەڵمانی) لە کتێبخانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستی و کتێبخانەی ڕۆژهەڵاتیی زانکۆی لێنینگراد پارێزراوە. لێرخ گەرەکی بووە ئەو بەرهەمەی بۆ توێژینەوەیەکی مەزن سەبارەت بە ڕێزمان و “فۆنۆتیک”ی زمانی کوردەکان تەرخان بکات، بەڵام مەرگ مەودای پێ نەداوە.
پیۆتێر لێرخ کتێبێکی دیکەیشی هەبووە بە ناوی “گەشتێکی شوێنەوارناسی بۆ ناوچەی تورکستان لە ساڵی ١٨٦٧”. س. پیتربورگ. ١٨٧٠”.
ژێدەرەکان
* ئەم وتارە لە ٢٣/٠٤/٢٠٢١ لە ڕۆژنامەی “ڕۆسڵاڤسکایا پڕاڤدا” بڵاو بووەتەوە و وەرگێڕ کورتی کردووەتەوە.- وەرگێڕ.
[1] مەبەست پاشایەتیی “ساردێنیا” یان “پاشایەتی پیۆمۆنت و ساردێنیا”یە (١٧٢٠-١٨٦١) کە دواتر وڵاتی ئیتاڵیا پێک دێنن.- وەرگێڕ.
[2] ناوی کۆنی “کومایری” و دواتر ” گیومری” بووە (لە وانەیە “قومری” ڕاست بێت) ساڵی ١٨٣٧ “نیکۆلای دووەم” تزاری ڕووس سەردانی وێندەرێ دەکات و وەک ڕێزلێنان لە هاوسەرەکەی “ئەلێکساندرا”، ناوی ” ئەلێکساندرۆپۆل”ی لێ دەنێت. لە ساڵی ١٩٢٤ لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت بە ناوی “لێنین” دەکرێت و دەبێتە “ڵێنینەکان”. لە ساڵی ١٩٩٠ پاش تێکچوونی یەکێتیی سۆڤیەت، دیسان دەبێتە “کومایری”، لە ساڵی ١٩٩٢ دواجار ناوی “گیومری” لەسەر دادەنرێتەوە. ئێستا دووەم شاری گەورەی کۆماری ئەرمەنستانە و لە باکووری ڕۆژاوای ئەم وڵاتە هەڵکەوتووە.- وەرگێڕ.
[3] ئێستا گوندێکە لە ڕۆژهەڵاتی شاری قەرس لە باکووری کوردستان نزیکی سنووری ئەرمەنستان، لە ڕۆژاوای “گیومری”ی ئەرمەنستان هەڵکەوتووە. ئەم شەڕە لە ١ی دیسەمبەری ١٨٥٣ ڕووی داوە و بەگشتی شکست و پاشەکشەی هێزەکانی عوسمانی لە ناوچەی کافکازی لێ کەوتووەتەوە.- وەرگێڕ.
[4] ئەم وتارە ساڵی ٢٠٢١ نووسراوە.- وەرگێڕ.
[5] مەبەست گوللەبەندە.- وەرگێڕ.
[6] بە ڕووسی “Чехарда́” کە وەک “چەخاردا/واتە چەهاردا” گۆ دەکرێت، بە ئینگلیزی یاری “Leapfrog”.- وەرگێڕ.
[7] ١٠٠ کۆپێک = ١ ڕووبڵ.- وەرگێڕ.
[8] سەبیلەی تەماکۆ لەم ناوچەیە درێژ و سەرێکی قەبەی هەبووە.- وەرگێڕ.
[9] Sêwreg ئێستا شارێکی پارێزگای “ئورفا”یە لە باکووری کوردستان.- وەرگێڕ.
[10] پیۆتێر یان پیتر لێرخ پاشان هەر سێ کتێبەکەی (چاپکراوی ١٨٥٦، ١٨٥٧، ١٨٥٦) لە دوو بەرگدا دەکاتە زمانی ئەڵمانی (چاپکراوی ١٨٥٧، ١٨٥٨). وەرگێڕی ئەم وتارە سێ بەرگە ڕووسییەکەی لێرخی بە بەراورد و هەڵسەنگاندنی دەگەڵ دوو بەرگە ئەڵمانییەکە، کردووە بە کوردیی نێوەندی و هەندێک زیادکراوی دەقە ئەڵمانییەکەشی وەک پاشکۆ لەم وەرگێڕانەدا گونجاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ و بڵاو دەبنەوە.- وەرگێڕ.
[11] ئاوەمۆر = “غسل تعمید”، Baptism .- وەرگێڕ.
[12] کریڤ = بە فارسی “پدرخواندە”، بە ئینگلیزی Godfather .- وەرگێڕ.
[13] بە زمانی ڕووسی، بە دانیشتوانی عوسمانییان گوتووە “تورچان (بۆ نێر) و “تورچانکا” (بۆ مێ)”.- وەرگێڕ.
[14] سەرچاوەی ئەم پاشکۆیە:
Курдоев К.К. Труды П.И. Лерха по курдоведению (к вопросу изучения истории курдов в России). Очерки по истории русского востоковедения. сборник IV, Москва 1959.
(قەناتێ کوردۆ. بابەتی: “کارەکانی پ.ئی. لێرخ لە بواری کوردناسیدا. سەبارەت بە پرسی کۆڵینەوە لە مێژووی کورد لە ڕووسیا”، گۆڤاری پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستی یەکێتیی سۆڤیەت. بەرگی چوارەم، مۆسکۆ ١٩٥٩).
[15] وەرگێڕ هەرسێک بەرهەمە ڕووسییەکەی لێرخی بە بەراورد و هەڵسەنگاندن دەگەڵ دەقە ئەڵمانییەکە کردووەیەتە کوردی نێوەندی کە چاوەڕوانی چاپ و بڵاوکردنەوەیە.- وەرگێڕ.