گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠
هەڵسەنگاندن
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024
کەریمی، کاوە (٢٠٢٤): کۆدامین، ژیاننامەیەک بە تامی کۆدەکان. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٣٩٩–٣٩٦ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/
کۆدامین، ژیاننامەیەک بە تامی کۆدەکان
کاوە کەریمی
مرۆڤ کەی بەو ئاکامە دەگات ژیاننامە بنووسێت؟ چی وا دەکات قسەکردن لەسەر ژیانی تاکەکەسی لە چوارچێوەی باسێکی هاوڕێیانە تێپەڕێت و ببێتە دەقێکی درێژ و بڵاوکراوە؟ ئایا “لە کوێوە بۆ کوێ”ی مامۆستا هێمن و “کوردبوون”ی کاپتن حەمەدی مەولوودی، تاقانەی ئەدەبیاتی کوردین و بەدەرن لەو ڕێسا نەنووسراوەی دەڵێت نووسەر لە دەقە کۆمەڵایەتییەکەیشیدا بەسەرهاتی خۆی لە چەقی نووسینەکەیدایە، بۆیە بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو نووسراوەیە، قۆناغی ئەوکاتی ژیانی بناسە؟ یان ئەوەتا ژیانی مامۆستا هێمن و کاپتن حەمەد دوای سەقامگیریشیان پڕاوپڕ بووە لە دڵەڕاوکێ و خەم؟ یان نا، ئێمەی خوێنەری کورد بەهۆی بێدەوڵەتی و ئاوارەییمانەوە تا ئێستا دەتوانین زۆر خێرا خۆمان بخەینە جێی مامۆستا هێمن و کاپتن حەمەد؟ یان هەدووکیان؟!
هۆکاری ئاماژەم بەو دوو شاکارەی ئەدەبی مۆدێرنی کوردی، هەم کاریگەرییانە لە سەرم دوای خوێندنەوەیان و هەمیش هاوخەمییەک کە تێمی سەرەکیی ژیاننامەکەمە و لەو دوو کتێبەوە سەرچاوە دەگرێت. کۆدامین بەم دواییانە و لە لایەن بڵاوکراوەی “یونایتد پی سی” لە وڵاتی ئوتریش بڵاو کراوەتەوە. ژیاننامەکە لە ڕۆژانی قاچاخبوونم لە ڕۆژهەڵاتەوە دەست پێ دەکات. لە ساڵی ٢٠١٠، ئەوکاتەی دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندان لە زانکۆکانی کوردستان دژ بە لەسێدارەدانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی خۆم لە ماڵێکدا حەشار دابوو، تاکە دیمەنی گیانداری بەرچاوم لە ژوورێکدا شارەمێروولەیەک بوو. شارەمێروولەیەک کە یەکەیەکە زەردەواڵە و مێشی مردارەوەبوویان پەلکێشی کونەکەیان لە سووچی تاقی پەنجەرەکەدا دەکرد و بووە دوا دیمەنی کۆمەڵایەتیی من لە ڕۆژهەڵات! لەوانەیە هۆکاری ئەو وردبوونەوەیەم لە شارەمێروولەی سووچی تاقەکە حەزێک بووبێت بۆ هاوپشتیی و یەکێتییان کە لەنێو کورددا بە دەگمەن ڕوودەدات! لەوانەشە تەنیا بێتاقەتیم بووبێت لەو ژوورەی چەند ڕۆژ دەبوو خۆمی تێدا حەشار بدەم و لە چاوەڕوانیی دەرەتانێکدا پەنا ببەمەبەوە بەر ماڵێکی تر، ژوورێکی تر و دیمەنێکی تر. هەرچی بوو بەهۆی ئاگاداربوونم لە دەنگی حەوشە و دەرەوەی ماڵەکە، نەدەبوو گوێ بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ڕابگرم؛ هەرچیش هەیە بە هەموو ئەو ئازار و هەڵبەزودابەزانەی لە زیاتر لە دە ساڵی دواییدا بە سەرمدا هاتن، ئەو دیمەنە لە مێشکمدا مایەوە.
کۆدامین وشەیەکی تێهەڵکێشە لە دوو وشەی کۆد و دۆپامین. دۆپامین یەکێکە لە گرنگترین هۆرمۆنەکانی مێشکی مرۆڤ کە هەم پەیوەندیی نێوان نۆرۆنەکان (خانەی عەسەبەکان) ڕێک دەخات و هەمیش هۆرمۆنی شادییە. هۆکاری تێکهەڵکشێکردنی دۆپامین لەگەڵ وشەی کۆد بۆ سیستەم و پلانێک دەگەڕێتەوە کە من لە دوای گەیشتنم بە ئورووپا هەستم پێ کرد. لە ڕاستیدا لە دنیای ئەمڕۆدا، مرۆڤ بەدەر لەوەی پەنابەر بێت یان خەڵکی خۆجێیی، ژن یا پیاو یان ڕەگەزی تر، هەژار یا دەوڵەمەند، لە کۆتاییدا لە ژێر کاریگەریی ئەو سیستەمە ئابوورییەدایە کە بە کۆد و ڕێککەوتنی بازاڕ نرخی بۆ دادەنێن! ئەمە هەواڵێکی خەمناکە کە تۆ وەک تاکەکەس کەمترین ڕۆڵت هەیە لەسەر ئەو نرخەی هەتە! خەمناکتر ئەوەیە کە تۆ لەو چوارچێوەیەدا ڕەگەز و مرۆڤ و ژمارەی پەڕاوێز بیت. ئیتر ئاگایانە بێت یان بێ ئاگا، دڵخواز بێت یان بەناچار، ئەستەمە بتوانیت کاریگەری لەسەر ئەو نرخە دابنێیت. کۆدامین بەسەرهاتی هەوڵی منە بۆ ناسینی ئەو دۆخە.
لەدوای شارەمێروولەکە (بەشی یەکەمی کۆدامین) و ئەزموونی پێشمەرگایەتییەک کە خەون و خولیای ساڵانێکی زۆرم بوو، دەکەومە “تراویلکەی ئانکارا”وە، واتە بەشی دووەمی ژیاننامەکە. لەڕاستیدا هۆکاری ئەو هەڵبژاردنە و چوونم بۆ تورکیە هیوا یا حەزم بۆ پەنابەری نەبوو، بەڵکوو بێهیواییم بوو لەو دۆخەی ساڵانێک خۆم پێوە ماندووکردبوو. بێهواییم لە سەرکردایەتی و دۆخێکی سیاسی کە پێکیان هێنابوو. ئەو دۆخەی زۆر زیاتر لەوەی هێز و کەسی لاوی ڕاکێشابا، پەراوێزی دەخست و پاڵی پێوە دەنا بۆ ناو تراویلکە گەورەکە، تراویلکەی ڕێگەکەی ئێژە. بەڵام جگە لەو لایەنەی ناوی “تراویلکە”، ئانکارا بۆخۆی تراویلکەیەکی گەورە و گۆڕستانێکی سیاسیی کوردییشە! لەوانەیە تا پێش چوونم بۆ ئانکارا و ژیانم لەگەڵ کورد و چەپەکانی ئەوێ، نەمتوانیبا بەو ڕاشکاوییە ناوی “تراویلکە” لە پێکەوەژیانی کورد و تورک بنێم. ئەگەر پێکەوەژیان و هەوڵ بۆ بە دێموکراتیک کردنی تورکیە تراویلکە نەبا، چۆن دەبوو هەر لە شارۆچکەی سلۆپی و دەروازەی باکوورەوە تا دواخاڵەکانی سەرحەد، وەک شارەمێروولە جەندەرمە و هێزی پانتورک ڕژابێتن و بەربووبێتنە هەر ئاوەدانی و هێمایەکی کوردستانی؟ ئەمە ئەگەر تراویلکەی دێموکراسی و پێکەوەژیان نەبا چی بوو؟
دوای ڕزگاربوون لە تراویلکەکەی ئانکارا و پەڕینەوە لە ئێژە و هەموو ئەو چیرۆکە خەمناکانەی ڕێگای پەنابەری کە بێ کۆتایی و قووڵن، دیمەنە ڕەنگینەکانی ناو جەرگەی ئورووپا دەردەکەون. ئەو دیمەنانەی بێ ئەوەی بتهەوێت قووڵاییی ناخت فێنک دەکەنەوە. ئەوی بتناسێت و هەواڵی زانیبێتیت کە لەو ڕێیەدایت و ملی سەفەری هات و نەهاتت گرتووەتە بەر، ئۆخەیت بۆ دەکات. دایک لە خۆشیدا فرمێسکت بۆ دەڕێژێت و خەونی هاوتنەوە و باوەشێکی ترت پێوە دەبینێت، شانازییەکی سەیر بە خۆتەوە دەکەیت! ئەمە سەرەتای دیمەنە ڕەنگین و نەبینراوەکەی ناو جەرگەی ئورووپایە؛ ئەو شوێنەی ترسی دیپۆرتکردنەوەی زۆر کەمترە و لێرە هەست بە بوون دەکەیتەوە. ئێرە سەرەتای هەستکردن بەو بۆنانەیە تا ئێستا نەتکردوون. بۆنی ئەو گوڵ و گیایەی بەرگەی تینی تیژ و ڕۆژی درێژی کوردستان ناگرن، ڕەنگی ئەو گژوگیایەی سەوزێکی کاڵن و وەک دار و دەوەنی شاخەکانی کوردستان بە بەر خۆرەوە کەسک و ڕەشیان تێکەڵ نەکردووە. لێرە، کە سەر لە پەنجەرەی شەمەندەفەر دێنیتە دەرەوە و خۆت بەر خۆر دەدەیت، هەست بە سووتاوی ناکەیت؛ هەست دەکەیت خۆری نیوەڕۆی ئێرە تەنیا تاوی زەردەپەڕی بەرەبەیانی کوردستانە. ئەم ناسکی و شێنەییە بێهۆشکەرە!
لە ناوجەرگەی ئورووپاوە دێمە ناو جەرگەی ژیاننامەکە: “لە قاڵبدان و گۆشەنشینی”. دوای گیرسانەوە و ڕاهاتنی سیەکان بە تەمومژ و بارانی زۆر، بۆنی گیای تەڕ و ئاوی زۆری ڕووبارەکان، خەونەکانیش دەشێ باڵا بکەن؛ دەشێ ئەم خەونانەش وەک ڕووبارەکانی ئێرە سەرڕێژ و وەک سنەوبەرەکانی بەرز بن! بەڵام لێرە، لە ئورووپای هەستکردنەوە بە ئازادی، خەمێکی تر بەرۆکم دەگرێت، خەمی لەدەستدانی برای لاوم، هێمن. هێمن ماوەیەک بوو دەیویست بەو ڕێگەیەی من پێیدا دەرباز بووم بگاتە ئورووپا و لای من، بەڵام بەداخەوە ڕێگەکان وا داخرابوون بە ئەستەم کەسی لێ دەربچێت. هێمن تاقەتی ئەو ڕێگەیەی نەبوو. گەڕایەوە و لەوپەڕی بێ دەرەتانی و بێ ئاسۆییدا گیانی لەدەست دا. بێگومان بۆ مرۆڤێک کارەساتی زۆری بەسەردا هاتووە و خۆی لە تراویلکەی زۆردا بینیوەتەوە، دەبێ قبووڵکردنی مەرگی ئازیزان ئاسانتر بێ، بەڵام ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر تەمی ئەم خەمەی بەسەر هەموو ژیانمدا کێشا، دەرنەچوونی تەواو لە تراویلکە و بێ ئاسۆیییەک و کەوتنە ناو تراویلکە و بێ ئاسۆییەکی تر بوو.
لە بەشی “جەستە، خەیاڵ، خود” کە وێستگەی کۆتاییی ئەو بەشەیە، هەوڵم داوە کاریگەریی خەمەکە و هەوڵەکانم بۆ دەرچوون لێی بنووسمەوە. لێرەدا هەوڵم داوە جەستە تەنیا لە چوارچێوە هەبوونییەکەیدا بنووسمەوە: ئەو ئاراستەیەی بوون کە ئێمە هیچ کاریگەرییەکمان لەسەری نییە، لە سەر ڕەنگی قژ و پێست، باڵاو کێش، نەتەوە و شوێنی لە دایکبوونمان، کەچی زۆربەی کات نوێنەرایەتیی هەموو ئێمە دەکەن! بە ملوێن کەس هەن لە جیهاندا کە تەنیا بە هۆی ڕواڵەت و ڕەنگی پێست و شوێنی لە دایکبوونیانەوە زۆر باش یان زۆر خراپ دەژین! باش گەشەیان کردووە یان لەناو چوون! لە سەر پردی سەرەکیی ناوشاری بازڵ لە سویس، دیمەنی چەند کەس کێشراونەتەوە کە لە سەردەمی چاخی ناوەڕاستدا بە هۆی ناپەسەندبوونی دەموچاو و شێوازیانەوە کوژراون و لە سەر ئەو پردە فڕێدراونەتە خوارەوە! ئەو دیمەنانە کە بە بەرد کێشراونەتەوە، ئەو بەردە هەڵکەنراوانەی بەردەم ماڵی جووەکانی سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەم لە ئاڵمان بە بیری مرۆڤ دێننەوە، کە تەنیا بە هۆی جوو بوونیانەوە براونەتە کوورەخانەکانی ئاشۆیتس و لەوێ سووتێنراون. ئەم بێبەشکردنی مرۆڤە لە ژیان بەداخەوە تا ئێستەش درێژەی هەیە و تۆ دەتوانیت لە ژیانی پەنابەریدا بە زۆری و ڕۆژانە بیبینیت: کاتێک بێ ئەوەی هۆکارێکی لۆژیکیت بۆ بهێننەوە لە یارییەکی وەرزشی بێبەشت دەکەن، یا ئەوەی لە ناو شەمەندەفەر و پاسدا بێ ئەوەی هیچت کردبێت مۆڕەت لێ دەکەن! من لەم بەشەی ژیاننامەکەمدا هەوڵم داوە “خەیاڵ” بەدەر لەم جەستەیە و لە ناو ئەم باڵاو پێستەیدا بفڕێنم و بەدەر لەوەی لە ناو چ باڵاو پێستێکدان، پەیوەندی لەگەڵ خەون و خەیاڵە هاوشێوەکانم بگرم. سەفەری سێ قۆڵیی “جەستە، خەیاڵ، خود” سەفەرێکی جادوویییە، کەچی بە پێچەوانەوە من لەگەڵ دارستان دەکاتە هاوڕێ، تا لە گەڵ تاک و کۆڕێکی مرۆیی! خەمناکە، کە سەرەڕای خەیاڵ فڕینت، خەیاڵی تر نادۆزیتەوە… . “خود” بەشە وشیارەکەی هەبوونە، کە هەم ڕاستیی دەورووبەر دەناسێت و هەمیش لە کۆتاییدا باڵانسی نێوان جەبری جەستە و ئایدیای خەیاڵ ڕادەگرێت. ئەو خودناسییە ڕێنوێنێکی سەرەکیم بووە لە بەستنی پەیوەندییەکان و لە کۆتاییشدا بە زاڵبوونی “لەقاڵبدان و گۆشەنشینییەک” کە زۆر پەنابەر لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەزموویانە، پەیوەندییەکان یاخۆ پاراستن لە پەیوەندییەکانی بۆ ڕێکخستووم.
لە بەشی چوارەمدا بەرانبەر بە مردنی زگماکی (مردنی کۆرپەلە) مردنی مۆراڵم داناوە. بەڵام بۆ مردن؟ لەوانەیە بەشێکی بە هۆی کاریگەریی تراژیکی مەرگی هێمنی برام لەسەرم بووبێت؛ بەڵام بەشی تری بەهۆی بێوێنە بوونی مردنە و کاریگەریی لەسەر ژیان، لەڕاستیدا کۆتایی هاتنی ژیان. بەدەر لەوەی خودی مردنی کەسەکە لەلات گرنگ بێت یا نا، بە باشی بزانی یا خراپ (بۆنموونە مردنی دوژمن باشە و مردنی دۆست لەڕووی دەروونییەوە خراپە) مردن، هەر وەک لەدایکبوونی کەسێک، لە ناو پرۆسەیەکی کاتی و هەستیاری ژیانتدا چەندهێندە کاریگەری دادەنێت! لەوانەیە ئەمە بەهۆی هەستیاربوونی زیاترت بێت کە لێرەوە زیاتریش لە جاران هەست بە هاوخەمی دەکەیت! هەرچی هەیە ئەم خەمەیش، وەک تراویلکە و خەمەکانی پێشووتر، نیچە وتەنی، نامکوژێت، بەهێزترم دەکات.
کۆدامین ژیاننامەیەکە بە تامی کۆدەکان؛ بۆ تێگەیشتن لە کۆدەکانیش دەبێت بیانناسین. لە شارەمێروولەکەی سووچی تاقەکە لە ماڵێک لە مەریوان تا ڕێگە بە جەندەرمە چێندراوەکەی بۆتان بۆ سەرحەد لە باکووری نیشتمان، تا تراویلکە بوونی دێموکراسییە پەرلەمانییەکەی تورکیە بۆ کورد و بۆنی ئەو گژ و گیایەی لەگەڵ قووڵاییی هەناسەکانتدا بەتەواوی نایەنەوە! هەموو کۆدن کە دەبێت بە جۆرێک بگوازرێنەوە، دەنا بۆ هەتاهەتایە لە سەر دڵتدا دەمێننەوە. ئەم ژیاننامەیە هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی ئەو گۆشە و تام و بۆنانەی لەوانەیە کەمتر گێڕدرابێتنەوە.
بەشی پێنجەم و کۆتاییی کۆدامین “نامۆبوون”ە. نامۆبوون واتە خۆنەدیتنەوە لەو شوێنەی لێی دەژیت، گەرچی بە جەستەش باش بیت و بە خەیاڵ بتوانی بەرز بفڕیت، هەر وەک پێشتر فڕیویت! بەڵام خود ی بوون ونە. لەم بەشەدا هەوڵم داوە ئەم ونبوونە بنووسمەوە: خەیاڵەکانی ئێمە ئێستە زۆرجار دەرهەستن، بۆیەش زۆربەی گرووپ و هەوڵ و خەیاڵ و خەونەکانمان، بە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیەوە گرێ دراون. هەست دەکەم لەم بەشەدا ئاوێنەیەکی باڵانوێنی ئەم دۆخەم نووسیوەتەوە. لەوێدا کە نموونەی چەند هەوڵم لە گەڵ کۆڕ و گرووپی کوردیی دێنمەوە کە (وەک تاکە ڕێگەی مومکین) بە ڕێگەی ئینتێرنێت یەکمان دۆزیوەتەوە و پەرەمان بە پەیوەندییەکەمان داوە، کەچی هەر بەو ساکارییەی یەکمان دۆزیوەتەوە، ئاواش بیرۆکەکە هەڵوەشاوەتەوە و یەکمان بزر کردووە! لێرەدا هەوڵم داوە هۆکاری ئەم بەشە نەک بە تەواوی بۆ دەرهەستبوونی ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بگێڕمەوە، بەڵکوو نامۆبوونی ئێمە بەو دۆخە و بازدانمان بەسەر زۆر ڕووداوی کۆمەڵایەتیدا، کە دەبوو ئامادەمان بکەن بۆی! هەروەها کە زۆر پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و دڵداریش لە سەر ئینتێرنێت دەرهەست و کاڵن.
ناسنامە:
کۆدامین بە زمانی ئاڵمانی نووسراوە و مانگی جۆزەردانی ٢٠٢٤ لە ئوتریش بڵاوبووەتەوە.
ژمارەی لاپەڕەکان: ٤٣٧
نووسینی: کاوە کەریمی