نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی

وتار

نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی

بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

محەممەدی، ئاسۆ(٢٠٢٥):نەسەبی مێژووی دیلێک؛ نەوە لە دوای نەوە دەربەدەری و دیاسپۆرای ملیۆنی. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

پوختە

ئەم وتاره لە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا، ڕەوتی شەپۆلەکانی کۆچی زۆرەملێی خەڵکی کوردستان دەخوێنێتەوە و هەوڵ دەدات بە پێداچوونەوە بە خەبات و مێژووی تایبەتی ڕووداوەکان، پەیوەندییەکی مێژووییکۆچبەری لە نێوان ئەم دوو پرسەدا دابمەزرێنێت. ئەم پرسیارە کە بۆچی دوای دەیان ساڵ بەرخۆدان و بۆ زیاتر لە سەدەیەک خەبات، کۆچی زۆرەملێ و ژیان لە دەربەدەریدابووەتە یەکێک لە ئەنجامە نەخوازراوەکانی ئەم خەباتانە، بینەر ناچار دەکات زیاتر بیر لەم دوو گەڵاڵەیە بکاتەوە. بە شیکردنەوەی زیاتری ئەم پرسیارە و ئەو ڕاستییەی کە کۆچی زۆرەملێبووەتە میراتێک بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ، ئەگەرەکانی ئەم ڕەوەندە ملیۆنییە ڕوون دەکاتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، پێویستی بە تێڕوانینێکی مێژووییی وردتر هەیە، بەڵام ئامانجی ئەم وتارە تیشک خستنەسەر چرکە مێژوویییەکان و شوێنەکانی کۆچکردنە بە بەکارهێنانی وێنەی ئەو قۆناغە زەمەنییە، هاوتەریب لەگەڵ خەبات و بزووتنەوەی ئازادی لە سەرانسەری جوگرافیای کوردستاندا.

.

.

  • شێوازی بڵاوکردنەوە: PDF

  •  کۆپی ڕایت: CC-BY-NC 4.0

  • ڕێکخراو: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: ئاسۆ محەممەدی

  • وەرگێڕ: 

  • ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە: 08.02.2025

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

وشە کلیل: کۆچی ناڕەزایەتی ، کۆچی زۆرەملی، پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ترکیه ، دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرن ، مەریوان، عەفرین

                                                                                                                                                      

پێشه‌كی

لە دەیەکانی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک بووە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پەنابەران و پەناخوازان لە جیهاندا. وڵاتانی وەک سووریا، تورکیا، عێراق، فەلەستین و ئەفغانستان، ناوەندە سەرەکییەکانی کۆچی بەکۆمەڵ و پەنابەران لە جیهاندا بوون. هەروەها دانیشتووانی ئێران، پاکستان و یەمەن لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕێگەی داوای مافی پەنابەرییەوە دەستیان کردووە بە کۆچکردن بۆ وڵاتانی دیکە. بەڵام بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەم وڵاتانە کوردن، کە لە مێژوودا ئامانجی کۆچکردن بوون.

ئەم وتاره لە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا، ڕەوتی شەپۆلەکانی “کۆچی زۆرەملێ”ی خەڵکی کوردستان دەخوێنێتەوە و هەوڵ دەدات بە پێداچوونەوە بە خەبات و مێژووی تایبەتی ڕووداوەکان، پەیوەندییەکی مێژوویی-کۆچبەری لە نێوان ئەم دوو پرسەدا دابمەزرێنێت. ئەم پرسیارە کە بۆچی دوای دەیان ساڵ بەرخۆدان و بۆ زیاتر لە سەدەیەک خەبات، “کۆچی زۆرەملێ و ژیان لە دەربەدەریدا” بووەتە یەکێک لە ئەنجامە نەخوازراوەکانی ئەم خەباتانە، بینەر ناچار دەکات زیاتر بیر لەم دوو گەڵاڵەیە بکاتەوە. بە شیکردنەوەی زیاتری ئەم پرسیارە و ئەو ڕاستییەی کە “کۆچی زۆرەملێ” بووەتە میراتێک بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ، ئەگەرەکانی ئەم ڕەوەندە ملیۆنییە ڕوون دەکاتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، پێویستی بە تێڕوانینێکی مێژووییی وردتر هەیە، بەڵام ئامانجی ئەم وتارە تیشک خستنەسەر چرکە مێژوویییەکان و شوێنەکانی کۆچکردنە بە بەکارهێنانی وێنەی ئەو قۆناغە زەمەنییە، هاوتەریب لەگەڵ خەبات و بزووتنەوەی ئازادی لە سەرانسەری جوگرافیای کوردستاندا.

_یەکێک لە گەورەترین شەپۆلەکانی کۆچی زۆرەملێی ئاوارەکانی کورد لە باشوور (عێراق) دروست بووە؛ دوابەدوای هێرشی سەدام حوسێن بۆ سەر شارەکانی کوردستان لە عێراق، گەلی کورد پەنایان بۆ شاخەکانی باکوور برد. لەو ماوەیەدا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. زستانی ١٩٩١. سەرچاوە: چاپخانەی کوسکون ئاراڵ. سیپا.

_یەکێک لە گەورەترین شەپۆلەکانی کۆچی زۆرەملێی ئاوارەکانی کورد لە باشوور (عێراق) دروست بووە؛ دوابەدوای هێرشی سەدام حوسێن بۆ سەر شارەکانی کوردستان لە عێراق، گەلی کورد پەنایان بۆ شاخەکانی باکوور برد. لەو ماوەیەدا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. زستانی ١٩٩١. سەرچاوە: چاپخانەی کوسکون ئاراڵ. سیپا.

لە سەدەی ڕابردوودا یەکێک لە بێ‌وێنەترین و گەورەترین شەپۆلەکانی کۆچی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێڕن لە کوردستان ڕووی دا؛ ئەو کۆچکردنەی لە هەر چوار بەشی ڕۆژهه ڵات(ئێران)، باکوور (تورکیا)، باشوور(عێراق) و ڕۆژاوا(سووریا) ڕووی دا. ئێستا کوردستان خاوەنی یەکێک لە گەورەترین گرووپە مرۆییە دەربەدەرەکانی جیهانە و شەپۆلی نوێی کۆچبەران، ئەم ڕەوەندەی لە جیهاندا گەورەتر و فراوانتر کردووە. پێدەچێت ئەمە کۆتاییی مەسەلەکە نەبێت و لەم ڕۆژانەدا بە دڵنیایییەوە دەتوانین بڵێین پرسی کۆچ بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵکی کوردستان تەنانەت لە بچووکترین شارۆچکە و گوندەکانیشدا. شەپۆلەکانی کۆچ ناوەستن و بە شێوەی جیاواز و لە ئاراستەی جیاوازەوە بەردەوامن. ئەم ئاوارەبوونە مرۆیییە، کە درێژەپێدەری شەپۆلە مێژوویییەکانی کۆچی زۆرەملێ و سیاسەتی کۆلۆنیالیزمە کە بەسەر کورددا سەپێنراوە، دوای چەندین نەوە لە پاشەکشە، گەیشتووەتە سەردەمی مۆدێڕن.

بە درێژاییی مێژوو و پێشتر، بەزۆری سەرکردە سیاسییەکان، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، مامۆستایانی زانکۆ، شاعیر، سینەماکار، هونەرمەندان، چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەندامانی ڕۆژنامەگەری، بوونەتە ئامانجی کۆچکردنی زۆرەملێ و ڕاگواستن. بەڵام لەم ڕۆژانەدا، لە هەرزەکارانەوە بۆ کەسانی تەمەن ناوەڕاست هەریەکەیان بە هۆکارێک بۆ کۆچی زۆرەملێ کراونەتە ئامانج. شوێنی مەبەستی کۆچەکان لە کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا، زیاتر لە چوارچێوەی ئەم چوار وڵاتەدا بوو کە  جوگرافیای کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە و هەروەها دراوسێکان و سنووری ناوچەکانی دەوروبەری ئەم وڵاتانە. بەڵام لەم دەیان ساڵەی دواییدا مەبەستی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان بووە و بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و ژاپۆن.

کۆچی زۆرەملێ و پەیوەندییەکەی بە پرسی کورد

کۆچکردن فۆرمێکی نائومێدکەر و ئاشتییانەی ناڕەزایەتییە لە وڵامی سیاسەتی نادروستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و بێگومان ژینگەپارێزیدا. لەم ڕۆژانەدا لە سنوورەکانی جیهان ڕووبەڕووی جووڵەی زۆری خەڵک دەبینەوە کە لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵە، بە دوای مافی سیاسی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، کەرامەتی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێن؛ لەگەڵ پێکهێنانی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان کە تێیاندا ئۆرگانێکی سیاسی، مافی سەروەریی لە “خاکێکی دیاریکراو”دا هەیە و دەتوانێت بە دەسەڵاتی سەربازی و هەروەها پشتگیریی ئەم مافە بکات. دوای دابەزینی دەسەڵاتی کڵێسا لە ئەوروپای ڕۆژئاوا، یەکەم دەوڵەتی نەتەوەیی دروست بوو، ئەمەش لە ئەنجامی واژۆکردنی پەیماننامەی وێستفالیا بوو لە ساڵی ١٦٤٨، بەڵام لوتکەی لە ساڵی ١٧٨٩ بوو، کاتێک لە ئەنجامی شۆڕشی گەلی فەرەنسا، سیستەمی پاشایەتی ڕووخا و بۆ یەکەمجار دەوڵەتی نەتەوەیی و بنەمای مافی هاووڵاتیبوون لە فەرەنسا هاتە ئاراوە. [١]

ماکس وێبەر، (١٨٦٤-١٩٢٠)، کۆمەڵناس و مێژوونووس و یاساناسی ئەڵمانی، دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرن بە “پێکهاتەیەکی سیاسی کە مافی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی شەرعی لە خاکێکی دیاریکراودا” پێناسە دەکات. لە ڕاستیدا دیاردەیەکی مۆدێڕنە کە عەقڵانیکردنی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئیداری و ئابووری و کەلتووری و کۆمەڵایەتی جیای دەکاتەوە لە پێکهاتە سیاسییەکانی پێشووی وەک ئیمپراتۆرییەت و حکوومەتە خێڵەکییەکان. لە لایەکی ترەوە لە سەردەمی مۆدێرنی پۆست کۆلۆنیالیزم و کێشانی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لە دوای داڕمان و شکستی ئیمپراتۆرییەتەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، ئەمجارە پرسی ئەو گەلانەی بێ دەوڵەت و بێ وڵات مابوونەوە، لە جوگرافیا جیاوازەکاندا لە ئەوروپا و بەڵکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا دەرکەوت. [هەمان سەرچاوە]

ئەم دۆخەی کوردستانیش بەشێکە لەم ڕەوتە کۆچە نێودەوڵەتییە، بەڵام بناغەی سیاسی-مێژووییی جیاواز لە بەشەکانی دیکەی جیهان هەیە و چەند سەدەیەک لەمەوبەر دەستی پێ کردووە. بە واتایەکی تر کۆچی زۆرەملێی کورد دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا و ئەم فۆرمەی کۆچکردن بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە سەردەمی پێش مۆدێرن لە قۆناغە مێژووییەکاندا ڕووی داوە، کە پێویستە بە وردی لەسەری بنووسرێت. بۆیە گواستنه وه و کۆچکردنی کورد بۆ ڕۆژهەڵات و باکووری ئێران لە سەردەمی سەفەوی یان شەپۆلی کۆچکردن بۆ ڕووسیا و ناوچەی قەفقاز (جۆرجیا، ئازەربایجان و ئەرمینیا) پێش جەنگی جیهانیی یەکەم ناگرێتەوە.

لە مێژوودا و تەنانەت لە سەردەمی هاوچەرخیشدا زۆر حاڵەت هەن کە گەلانی بێ سەروەریی سیاسی و نەتەوە جیاوازەکان هەوڵیان داوە و لۆبییان کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی و سەرکەوتوو بوون (لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا)، بەڵام کاتێک ئەم پرسە به کوردستان دەگات، هەموو شتێک جیاواز دەبێت و زیاتر لە سەدەیەک هەوڵ و تێکۆشان شکستی هێناوە. هەرچەندە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی هەردوو بەرەکە، بە تێچووی گەورەی مرۆیی، توانیویەتی سەرکەوتنێکی ڕێژەیی بەدەست بهێنێت؛ هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق و ڕۆژاڤا لە باکووری سووریا؛ شوێنێک کە ئەمڕۆ لەگەڵ هێرشە ناوبەناوەکانی تورکیا بۆ سەریان بووەتە شوێنی ململانێ بۆ ئەکتەرە ناوچەییەکان؛ دۆخێک کە لە مێژوودا بووەتە هۆی سووتەمەنیی شەپۆلەکانی کۆچبەری لە سەردەمی مۆدێرندا.

لە ڕاستیدا مەحاڵە لەسەر کۆچ بنوسرێت بەبێ ئەوەی باس لە پرسی کوردستان بکرێت. خەڵک و جوگرافیایەک کە بە دوای سیاسەتی کۆلۆنیالیزم و هەروەها پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بوون. لە نێو ئەو پەیمانانەدا تەنیا دوو پەیمان هەبوون کە بڕیار بوو داکۆکی لە مافە نەتەوەیییەکانی کورد بکەن، لەوانە “چواردە بنەمای ویڵسن” و ڕێککەوتنی “سێڤەر”.

لە ٨ی ژانویەی ١٩١٨، تۆماس وودرو ویلسۆن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشنیارەکانی خۆی بۆ جیهان لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) ڕاگەیاند. ئەم پێشنیارانە کە بە جاڕنامەی چواردە خاڵیی ویڵسن ناسراوە، چ لە ڕووی کۆتاییهێنان بە شەڕ و چ لە ڕووی دیاریکردنی جیهانی دوای جەنگەوە، گرنگییەکی زۆریان هەبوو. یەکێک لە پاڵنەرەکانی قبووڵکردنی ئاگربەست بڕگەکانی بەیاننامەی ویڵسن بوو کە ئاماژەی بە مافی چارەنووسی گەلان دەکرد.[٢]

لە نێو ئەو پرەنسیپانەدا یەکێکیان مادەی ١٤ بوو کە ئاماژەی بە “دامەزراندنی کۆمکاری گەلان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەکۆمەڵ و سەربەخۆییی سیاسی و یەکپارچەییی خاکی هەموو دەوڵەتە بچووک و گەورەکان” و مادەی ١٢ سەبارەت بە “سەربەخۆییی ناوخۆیی گەلانی ژێردەستە بوو، بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لەوانەش کورد و ئەرمەنی و ئاشوورییەکان”. ئەم پرەنسیپە بۆ ئەرمەنەکان جێبەجێ کرا، بەڵام بۆ کورد و ئاشوورییەکان جێبەجێ نەکرا و دواتر ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی حکوومەتی تورکیا بووەوە. [هەمان]

دوای ئەم پرەنسیپانە، پەیمانی سیڤەر کە سێ ساڵ پێش پەیمانی لۆزان لە ئابی ١٩٢٠ واژۆ کرا، ڕێگەی بە کورد دا کە لە مافی دایاریکردنی چارەنووس بەهرەمەند بێت. پەیماننامەی سیڤرێس (بە فەڕەنسی: Traité de Sèvres)، (بە ئینگلیزی: Treaty of Sèvres) یان پەیماننامەی سێڤرێس، پەیمانێک بوو کە لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ لە شارێک بە هەمان ناو لە فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٢٠ واژۆ کرا.  یه کێک له بڕگەکانی پەیماننامەکە بەم شێوەیە بوو: “ناوچە کوردنشینەکانی باکووری موسڵ بە مەرجی وەرگرتنی ئۆتۆنۆمی لە خاکی ئیمپراتۆریدا مانەوە و مافی ڕەوانەکردنی داواکاریی سەربەخۆیی بۆ کۆمکاری گەلان لە ماوەی یەک ساڵدا دانی پێدا نرا”.[٤]

لە ١٩ی ئایاری ساڵی١٩٢٠، «لۆید جۆرج»، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە کۆنفرانسی «سان ڕیمۆدا» وتی: «کورد بەبێ حکوومەتێکی گەورە لە دوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ناتوانێت بژی. پێویستە کوردستان لەلایەن هەموو لایەنەکان و حکوومەتی تورکیاوە قبوڵ بکرێت». دواجار لە ساڵی ١٩٢٣دا ئەو مافە سیاسییانەی کە لە پەیمانی سیڤەردا بە کورد درابوون لە پەیمانی “لۆزان”دا لە سویسرا لابران و لە لوتکەی بێهیوایی لە شوباتی ١٩٢٥دا گه لی کورد بە سەرکردایەتیی «شێخ سەعید پیران» ڕووی له خەبات و شۆڕش کرد. [٥]

باکوور لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا- یەکەم شەپۆلی کۆچی زۆرەملێی کورد

دوای ئەم پشتگوێخستنانە لە ڕێککەوتننامەی لۆزان، یەکەم شۆڕشی بەرفراوانی بزووتنەوەی کورد لە تورکیا، شۆڕشی «شێخ سەعیدی پیران» بوو، کە دوای دوو مانگ لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢٥دا سەرکوت کرا و شێخ سەعید و سەرکردەکانی دیکە تا ٢٩ مانگی حوزەیران له سیداره دران.

لە سێدارەدانی شێخ سەعید بە مانای کۆتاییی خەبات نەبوو. پاشان لە ساڵی ١٩٢٧ شۆڕشی “ئیحسان نووری پاشا” کە بە “شۆڕشی ئارارات” ناسرا، کۆماری ئاراراتی لە باکوور (کوردستانی تورکیا) دامەزراند، کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی فراوانی خاکی کوردستان کرد و لە کۆتاییدا ئەم شۆڕشه تا ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن سوپای تورکیاوە سەرکوت کرا و دوای ئەوە لە ١٣ی تەمموزی ١٩٣٠ جینۆسایدی “دۆڵی زیلان” ڕووی دا. هەرچەندە هیچ ئامارێکی ورد به رده ست نییه، بەڵام لەو کاتەدا، نزیکەی ٥٠ هەزار کەسی کورد کە لە هەرێمی “ئارشیش” هەبوون و پشتیوانیی نووری پاشایان دەکرد، لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆمەڵکوژ کران. دوای ئەوە نووری پاشا لە ئێران دەبێتە پەنابەر و ئەم پەنابەرییە بۆ ماوەی ٤٦ ساڵ (١٩٣٠-١٩٧٦ز) بەردەوام بوو. هەموو ژیانی لە دەربەدەریدا بەسەر برد و لە دەربەدەریدا کۆچی دواییی کرد.[هەمان]

لە ڕاستیدا پێشبینییەکەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا تا ڕادەیەک ڕاست دەرچوو. جینۆسایدی “دۆڵی زیلان” یەکێک بوو لە دەرەنجامە یەکەمەکانی پشتگوێخستنی مافەکانی کورد لە ڕێککەوتننامەی سیڤەردا.

دوای ئەم جینۆسایدە، یەکەم شەپۆلی کۆچی زۆرەملێ ڕووی دا. سوپای تورکیا گوندە کوردییەکانی وێران کرد و ملیۆنان هاووڵاتیی مەدەنیی کوردی ئاوارە کرد.

کۆچی زۆرەملێ لە دوای جینۆسایدی “دێرسیم”

ئەم دۆخە بەردەوام بوو و لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٧ تا ١٩٣٨ شاری دێرسیم شایەتی ڕووداوێکی پڕ لە ئازار بوو کە بە “کۆمەڵکوژیی دێرسیم” ناو دەبرێت و لەو ساڵەدا لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ هەزار کوردی عەلەویی دێرسیم لەلایەن تورکەکانەوە کۆمەڵکوژ کران. هەروەها هەزاران کەس کە لەو سەردەمەدا لەم ڕووداوە ڕزگاریان بووە، ناچار بوون بەرەو شارەکانی “مانیسا”، “دەنیزلی”، “ئەسکیشاهیر” و “بەڵک ئەسیر” کۆچ بکەن و لە غوربەتدا بژین.[٦]

لەو ماوەیەدا گەلی کورد لە سەر زەویی باوباپیرانی خۆی دەرکرا و ناچار بوو گوند و شارەکانی خۆی بەجێ بهێڵێت. هێزەکانی تورکیا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا ئەم بەرنامەیەیان جێبەجێ کرد، هەرچەندە هیچ سەرچاوە و ئامارێکی ورد و متمانەپێکراو لەبەردەستدا نییە، لەو ماوەیەدا نزیکەی ٧٠٠ هەزار کوردی کرمانج و زازا ناچاربوون ڕوو لە ناوچەکانی دیکەی تورکیا و هەندێک وڵات لەوانەش ڕووسیا و یۆنان، بکەن.[٨][٩] .

سەربازانی تورکیا لە کاتی جینۆسایدی دێرسیم و ڕاگواستنیان بۆ ناوچەکانی تر (١٩٣٨) لەگەڵ منداڵانی کۆچبەری کورد وێنە دەگرن. سەرچاوە:kurdshop.net

سەربازانی تورکیا لە کاتی جینۆسایدی دێرسیم و ڕاگواستنیان بۆ ناوچەکانی تر (١٩٣٨) لەگەڵ منداڵانی کۆچبەری کورد وێنە دەگرن. سەرچاوە:kurdshop.net

عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ لە دەربەدەرییەوە تا زیندانی ئیمرالی

بەڵام لە ساڵی ١٩٧١ لەگەڵ سەرهەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەشێکی نوێ لە سیاسەتی باکووردا دروست بوو. ئەم پارتە لە ساڵانی حەفتاکان وەک ڕێکخراوێک سەری هەڵدا و لە کۆتاییەکانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا زۆربەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا گۆڕەپانی ململانێی سەربازیی نێوان ئەم گرووپە و سوپای تورکیا بووە.

دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەم پارتە، “عەبدوڵڵا ئۆجالان”، سیاسەتمەدار و تیۆریستێکی کوردە کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دوای ساڵانێک خەبات، لە زیندانێکی دورگەی ئیمرالی نزیک ئەستەنبوڵ سزای هەتاهەتاییی بەسەردا سەپێنراوە. ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی خۆی بە دەربەدەری لە سووریا و ئاوارەیی لە وڵاتانی دیکە بەسەر بردووە و دوای ڕفاندنی لە کینیا و گواستنەوەی بۆ زیندان، لە غیابی ئۆجەلان، پەکەکە درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا و تا ئێستاش گرنگترین ئۆپۆزسیۆنی کوردە لە تورکیا.

کۆچی زۆرەملێی کورد لە تورکیە تا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوام بووە. لە ڕاستیدا ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا شەپۆلێکی گەورەی تری کۆچی زۆرەملێ لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕووی دا. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١١ی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە و چاودێریی کۆچ و پەنابەران “چوکرۆڤا گۆچ دێر”، سێ ملیۆن کورد بەتایبەتی لە پارێزگاکانی  باکووری کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٥ بە زۆر ئاوارە بوون، لەکاتێکدا تەنها ٣٠٠ هەزار کەس لەوان لە ناوچەی چۆکورۆڤا نیشتەجێ بوون. بە زیادکردنی نەوەی دووەمی خێزانە کۆچبەرەکان بۆ ئەم ژمارانە، مەزەندە دەکرێت کە زیاتر لە یەک ملیۆن کورد لە ئێستادا لەم ناوچەیەدا دەژین.[٢١]

لە وتووێژێکدا لەگەڵ “سەلاحەدین گۆڤانچ”، پسپۆڕی کۆچبەری کورد لە تورکیا، هاوسەرۆکی چوکرۆڤا جەختی لەوە کردەوە:

“کۆچی کورد کە لەسەر بنەمای “پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ترکیه” یان (Şark Islahat Planı) دامەزراوە، وەک توخمە بنەڕەتییەکانی ئاسمیلەکردن و ڕاگواستنی بەکۆمەڵ و کوشتنی بەکۆمەڵ وەسف کراوە”.[هەمان سەرچاوە].

_ئاوارەکردنی زۆرەملێی کورد لە تورکیە؛ لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەزاران خێزان ناچاربوون لە گوندەکانیان کۆچ بکەن سەرچاوە: Medya News

_ئاوارەکردنی زۆرەملێی کورد لە تورکیە؛ لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەزاران خێزان ناچاربوون لە گوندەکانیان کۆچ بکەن سەرچاوە: Medya News

باشوور؛ بەهێزترین شۆفێری ڕەوتی جیۆپۆلەتیکی لە کوردستان

لە ناوەڕاستی ئەم ساڵانەدا باشوور (کوردستانی عێراق) دژی کۆلۆنیالیزم خەریکی شەڕ بوو. لەگەڵ شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، باشووری ئیمپراتۆریەتەکە بوو بە کۆلۆنیی بریتانیا و هێزەکانی بریتانیا شاری موسڵی دەوڵەمەند بە نەوتیان گرت. لە پاییزی ساڵی ١٩١٥ و لە گەرمەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا کە لە لایەکی شەڕدا بوون، بڕیاریان دا ئەگەر لە شەڕەکەدا سەر کەون، ئەوا ئیمپراتۆریەتی عوسمانی (کە لایەنێکی دیکەی شەڕەکە بوو) لە نێوان خۆیدان دابەش بکەن. نوێنەرێک لە بریتانیا و نوێنەری فەرەنسا بۆ ماوەی چەند مانگێک بە نهێنی دانوستانیان کرد و ڕووسەکانیان لە پێشکەوتنی کارەکە ئاگادار کردەوە. لە کۆتاییدا لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٦ هەمووان ڕازی بوون و بە نهێنی بەڵگەنامەیەکیان بە ناوی “ڕێککەوتنی ئاسیای بچووک” واژۆ کرد، کە هەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە جوگرافیای سیاسی و تەنانەت چارەنووسی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیاری کردووە.[١٧]

ئەم ڕێککەوتنە زیاتر بە “ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ” ناسراوە. لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨، فەرەنسا و بریتانیا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد کە ئیرادەی هاوبەشی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی تەواو و کۆتایی گەلان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و دامەزراندنی حکومەتی نیشتمانی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازادی دانیشتووانی ڕەسەن لە خاکە دۆڕاوەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەربڕی. بەڵام ڕێککەوتننامەی ئاسیای بچووک و ئەو نەخشەیەی سایکس و پیکۆ واژۆیان کرد، دوای دامەزراندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٢٠، کاتێک دەستەی جێنشینی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدارەی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕادەستی حکومەتی بریتانیا و فەرەنسا کرد، بە کردەوە جێبەجێ کرا.

واتە بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەوە. بەڵام “شێخ مەحموود بەرزنجی”، یەکێک لە سەرکردەکانی کورد لەو سەردەمەدا، ڕاپەڕینێکی دژ بە دەسەڵاتی ئینگلیز ڕاگەیاند و دواتر “شانشینی کوردستان”ی پێک هێنا، کە پایتەختەکەی شاری سلێمانی لە باکووری عێراق بوو. ئەم شانشینە کە نزیکەی چوار ساڵ بەردەوام بوو، لە ئەیلوولی ١٩٢١ دەستی پێ کرد و لە تەمموزی ١٩٢٤ لە لایەن هێزی ئاسمانیی شاهانەی بریتانیاوە شکستی هێنا و لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٢٦ کۆمەڵەی گەلان ئەم خاکەی گەڕاندەوە بۆ عێراق.[٤]

دوای شێخ مەحموود، بزووتنەوەی کوردستان بە چالاکییەکانی مەلا مستەفا بارزانی (یەکێک لە سەرکردەکانی دیکەی کوردستان لەو کاتەدا) ڕەنگێکی نوێی وەرگرت. مەلا مستەفا بارزانی ساڵی ١٩٣١ و ١٩٣٢ لەگەڵ برا گەورەکەی شێخ ئەحمەد بارزانی، یەکێک بوو لە سەرکردەکانی بەرخۆدان و خەباتی بزووتنەوەکە، بەڵام لەگەڵ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ئازادی لە ساڵی ١٩٣٥، لە ساڵی ١٩٤٢دا هاوکات لەگەڵ هەزاران کەس لە لایەنگرانی و بنەماڵەکانیان، بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی کرد و لە مهاباد پەیوەندیی بە “کۆماری کوردستان”ی تازە دامەزراو کرد و بوو بە جەنەڕاڵ لە “کۆماری کوردستان” بە ڕێبەریی قازی محەممەد. دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ڕووی کردە دەربەدەرییەکی دیکە و چووە مۆسکۆ لە ڕووسیا. لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦، پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێراق لە بەغدا دامەزرا و بارزانیش (بە غیابی) وەک یەکەم سەرۆکی ئەم حزبە هەڵبژێردرا، بەڵام سەرکردایەتیی ئەو حزبە لە ڕاستیدا لە ئەستۆی ئیبراهیم ئەحمەد بوو، کە پشتگیریی لە دامەزراندنی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ حزبی شیوعیی عێراق دەکرد.

دوابەدوای کودەتاکەی «عەبدولکەریم قاسم» لە ساڵی ١٩٥٨، لە دەستووری نوێی عێراقدا، مافی نەتەوەییی کورد  بە فەرمی ناسێنرا و پارتی دێموکڕاتی کوردستان بوو بە پارتێکی فەرمی و بزووتنەوەکە ڕێگایەکی نوێی لە بەرخۆداندا گرتەبەر. دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بۆ عێراق ململانێکان لە ساڵی ١٩٦١ دەستیان پێ کردەوە و ئەم پرۆسەیە بووە هۆی دەست پێ کردنەوە شەڕی کورد لەگەڵ ڕێژیمی بەعس و دواجار لە ساڵی ١٩٧٠ بە ڕێککەوتنی ئاشتی کۆتایی هات کە ئۆتۆنۆمیی بە کورد بەخشی. ئەم ڕێککەوتنە زمانی کوردیی وەک زمانێکی فەرمی ناساند و بەشێک لە دەستووری عێراقی بەم شێوەیە هەموار کردەوە: “گەلی عێراق لە دوو نەتەوە پێک دێت، نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی کورد”. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە شکستی هێنا و بووە هۆی ناکۆکی و شەڕ لە ساڵی ١٩٧٤. لە ئەنجامی ئەو شەڕ و ململانێیانەی لە کوردستانی عێراق ڕوویان دا، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە سنووری ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە چوونە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەروەها دوای ڕێککەوتنی ئێران و عێراق لە جەزائیر، شەپۆلێکی دیکەی گەورەی پەنابەران لە ماوەیەکی کورتدا هاتنە ناو کوردستانی ئێران (رۆژهەڵاتی کوردستان).[١٥]

دوای ساڵێک و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥، “جەلال تاڵەبانی”، یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی پارتی دێموکڕاتی کوردستان، پێکهێنانی “یەکێتیی نیشتمانی”ی لە دیمەشق ڕاگەیاند و لەگەڵ دروستبوونی، لێکترازان لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا دەرکەوت. خەبات بەردەوام بوو و بزووتنەوەکە ڕێگەی خۆی دۆزیبووەوە. تا ساڵی ١٩٧٩ مەلا مستەفا بارزانی کۆچی دواییی کرد و مەسعوود بارزانیی کوڕی، سەرکردایەتیی حیزبەکەی گرتە ئەستۆ. دوای چەند ساڵێک و لە ناوەڕاستی شەڕ و سەرەتای ساڵی ١٩٨٣، ئێران بەرەیەکی نوێی لە باکووری عێراق و لە ناوچە کوردنشینەکان کردەوە. هێزەکانی ئێران بە پشتیوانیی ئەندامانی پارتی دێموکڕاتی کوردستان، ناوچەی گرنگی حاجی ئۆمەرانیان گرت و سەربازانی سوپای عێراق لە دەڤەری بارزان، زێدی سەرۆکی پارتی دێموکڕاتی کوردستان، ٨ هەزار پیاو و کوڕی منداڵ و مێرمنداڵیان کوشت.[١٦]

لە ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ کە شەڕی ئێران و عێراق خەریک بوو کۆتاییی پێ بێت، ڕێژیمی سەدام حوسێن ئۆپەراسیۆنێکی دڕندانەی دژ بە کورد دەست پێ کرد. لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کە هەوڵێکی سیستماتیکی حکومەتی عێراق بوو بۆ لەناوبردنی بەرخۆدانی کورد، نزیکەی ١٨٢ هەزار کەس کوژران و زیاتر لە چوار هەزار گوندیش وێران بوون. سیاسەتی “بەعەرەبکردن”ی سەدام، هەزاران کەسی ناچار کرد ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن و عەرەب لە شوێنی ئەوان دابنێن.  لە 16ی ئازاری 1988 بەغدا لە دژی شاری هەڵەبجە چەکی کیمیاییی بەکارهێنا و لەم ئۆپەراسیۆنەدا ٥ هەزار کوردی کوشت.[١٦]

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩١ خەڵکی کوردستان ڕاپەڕین و ڕێژیمی بەعسیان لە ناوچەکە ڕاماڵی. دوابەدوای ئەم ڕاپەڕینە، ڕێژێم بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چڕوپڕ بەشێک لە خاکی کوردستانی کۆنترۆڵ کردەوە، لە ئەنجامدا هەزاران کەس لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتی بەعس، بەرەو ناوچە شاخاوییەکان و سنوورەکان کۆچیان کرد.

_نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کورد پێش هێرشی هێزە عێراقییەکان هەڵاتن، بەڵام تورکیا سنوورەکانی داخست و سەدان هەزار کەس لە ٣١ی ئازاری ١٩٩١ پەنایان بۆ شاخەکان برد. سەرچاوە: Alamy

_نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کورد پێش هێرشی هێزە عێراقییەکان هەڵاتن، بەڵام تورکیا سنوورەکانی داخست و سەدان هەزار کەس لە ٣١ی ئازاری ١٩٩١ پەنایان بۆ شاخەکان برد. سەرچاوە: Alamy

ئۆپراسیۆنە سەربازییە چڕەکان و دوژمنایەتییەکانی ڕێژیمی بەعس لە دژی ناوچە کوردستانییەکان، لە ٣١ی ئازاری ١٩٩١ بووە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی گەلی کورد  بۆ شاخ و پاشان بۆ ئێران و تورکیا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا. ئەم ڕووداوە کارەساتبارە ناخ هەژێنە کە بۆ یەکەم جار ویژدانی جیهانی هەژاند، بە گەورەترین کۆچی ئەو کەسانە پێناسە کرا کە ئازادییان دەویست و ستەم و ستەمکارییان ڕەت دەکردەوە. دوای دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەسند کرانی بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دیاریکردنی ناوچەی دژەفڕین بۆ ڕێگریکردن لە فڕینی فڕۆکە عێراقییەکان بەسەر ئاسمانی کوردستاندا، خەڵک دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ شار و گوندەکانی خۆیان.[٩]

دواجار (باشووری) کوردستان لە دوای شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ بە کردەیی بوو بە خۆبەڕێوەبەری. زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و به تایبه ت بڕیتانیا به سەڕۆکایەتیی جۆن مەیجێر، ناوچه ی دژەفڕینیان دامەزراند بۆ پاراستنی کورد له هێرشی زیاتری هێزه کانی سه دام، که به هۆیانەوه بە هەزاران کەس کوژرابوون و کۆچکردنی بەناچاریی ملیۆنان کەسیس بۆ وڵاتانی دراوسێی لێ کەوتبووەوە. دواجار لە ساڵی ١٩٩٢، کورد یەکەم پەرلەمانی هەڵبژارد و حکومەتی هەرێمی کوردستانی دامەزراند. [١١]

بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣دا گۆڕانکارییەکی تری چارەنووسساز بە قازانجی هێزە سیاسییەکانی ناوچەکە ڕووی دا. لەگەڵ داگیرکردنی بەغدا و ڕووخاندنی سەدام، بە کردەوە گەورەترین دوژمنیان لەناو چوو و ئەمجارەش دەرفەتێک بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە حکوومەتە تازە دامەزراوەکە ڕەخسا. هەرێمی کوردستان نەک هەر بەپێی دەستوور وەک حکوومەتی فیدراڵی ناسێنرا، بەڵکوو ١٧%ی داهاتی نیشتیمانییشی گرتە دەست. داهاتی داراییی هەرێم تەنها بەو پارەیە سنووردار نەبوو کە لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە دەدرا. بەهۆی هەبوونی بەرەی عەلمانیی زیاتر بە بەراورد لەگەڵ شیعە و سوننەکانی عێراق، کوردیش سوودی لە یارمەتیی دارایی و سەربازیی ئەمریکا وەرگرت. جگە لەوەش، بە سەرکردایەتیی مەسعوود بارزانی، کورد وردە وردە مەیلی زیاتری بۆ هەڵسوکەوتی سەربەخۆ لە بەغدا هەبوو، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە بیانییەکان، بەتایبەتی تورکیا، بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی ناوەند فراوانتر کرد، تەنانەت نەوتیشیان بە تورکیا دەفرۆشت بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق [هەمان].

_ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئایەندە سەبارەت بە هاتنی پەنابەرانی کورد لە ساڵی ١٩٧٤.

_ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئایەندە سەبارەت بە هاتنی پەنابەرانی کورد لە ساڵی ١٩٧٤.

ڕۆژهه ڵات؛ لە ناوەڕاستی جەنگی جیهانیی دووەمدا

لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەمدا پێشهات و بزووتنەوە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەنگدانەوەی لە ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاست و باشووری کوردستان، بوونەتە هەوێنی زنجیرەیەک ڕووداوی مێژوویی. لە سەدەی ڕابردوودا هیچ دەیەیەک بە بێ شەڕ و خوێنڕشتن و خۆپیشاندان و ململانێی سیاسیی نێوان گەلی کورد و حکوومەتە ناوەندییەکان تێنەپەڕیوە. لە بەشێکی کوردستاندا هەمیشە پرسێک هەبووە و هەیە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین کە خەڵک و لایەنە سیاسییەکان و سەرکردەکان ناچار دەکات کار بکەن. به ڵام له ئێراندا یەکه م کردەوەی یەکگرتوو و گرنگ له مێژووی ڕێکخراوه سیاسییه کوردییەکاندا دەیان ساڵ دواتر ڕووی دا؛ لە ناوەڕاستی جەنگی جیهانیی دووەم و کاتێک ئێران لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەت و بریتانیاوە داگیرکرا و حکوومەتی ناوەندیی ڕەزاشا لە شەوێکدا ڕووخا.

عەباس وەلی، مامۆستای زانکۆ و تیۆریستێکی کورد لە کتێبەکانی “پرسی کورد لە ئێران: ساڵانی لەبیرکراو” و “کورد و حکوومەت لە ئێران”، پێی وایە بۆشاییەکی نزیکەی نیو سەدە لە بواری ناسیۆنالیزمی کورد لە نێوان کورددا هەیە لە ئێران و باقیی کوردەکان… دەنووسێت: “ئەوەندەی پەیوەندیی بە پرسی ناسیۆنالیزم و ناسنامەی نەتەوەییەوە هەیە، سەرچاوەی ئەم بۆچوونە و دواتریش بزووتنەوەی ناسیۆنالیزم، لە دەیەکانی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە”. هەر لەوێشدا یەکەم بڵاوکراوەی ناسیۆنالیستیی کوردی بڵاو کرایەوە و فراکسیۆن و گرووپی ناسیۆنالیستی کورد دروست بوو. بزووتنەوەیەکی لەو شێوەیە لەو کاتەدا لە کوردستانی ئێراندا نەبینرا.”[١٠] هەرچەندە ئەم پرسە درەنگ لە کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد، بەڵام ڕەهەندی جددیتری بەخۆیەوە بینی. ساڵی ١٩٤٢ [١٣٢١] یەکەمین ڕێکخراوی سیاسیی کورد لە شاری مهاباد لە ژێر ناوی “کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان” دامەزرا، کە بە ژ.کاف ناسرا. [١١] دوو ساڵ دوای دامەزراندنی ئەم گرووپە، یەکێک لە کەسایەتییە هەرە گرنگەکانی شاری مهاباد، واتە “قازی محەممەد” لە بنەماڵەیەکی کۆنی ئەو شارە، پەیوەندیی بە کۆمەلەێ ژ.کاف کرد و لە ١٦ی ئابی ١٩٤٥، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، دامەزراندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ڕاگەیاند.. ئامانجەکانی حیزب لە چوارچێوەی داواکارییەکانی وەک ئۆتۆنۆمی و بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی و دامەزراندنی هێزی ڕەسەن بوو. [١٢] حیزبی دێموکڕات هەروەها دواتر فراوانبوونی خەباتی کوردانی ئێران و پەیوەندییەکەی بە خەباتی گەلی ئێران بۆ دێموکراسیی لە لوتکەی پلانەکانی دانا و لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٩٤٦ [٢ ڕێبه ندان ١٣٢٤]، قازی محەممەد پێکهێنانی کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند و مەجلیسی نیشتیمانیی کوردستانی ئەوی بە سەرۆک کۆمار هەڵبژارد. کۆماری تازە دامەزراو لە ١١ مانگ زیاتری نەخایاند و لەگەڵ هێرشی حکوومەتی ناوەندی بۆ مهاباد، قازی محەممەد بۆ پێشگرتن لە کۆمەڵکوژی خەڵک بەبێ بەرەنگاری خۆی تەسلیمی کرد و لە سێدارە درا. [١٣]

کاک فواد و بیرۆکەی کۆچی ناڕەزایەتی؛ ڕاپۆرتێکی مێژوویی لە کۆچێکی بەکۆمەڵ

لەم نێوەندەدا و دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران و دوای “نەخێر”ی مێژووییی زۆرینەی دانیشتووانی شارەکانی کوردستان لە [١٢ی پووشپەڕی ١٩٥٨] بە دامەزراندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، شارەکان بە تایبەت سنە و مهاباد بوونە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی و ململانێ. یەکێک لە ململانێ هەرە گرنگەکان شەڕی “نەغه دە” بوو کە بەهۆی ناکۆکیی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و حکوومەتی نوێی کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕادەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ناوەندی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا بوو. ماوەیەک دوای ڕووخانی حکوومەتی پەهلەوی و دامەزراندنی حکوومەتی کاتی لە تاران، عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و سەربەخۆیی لە کاروباری ناوخۆی ناوچە کوردستانییەکانی کرد و دواتر، لەگەڵ ناڕەزایەتیی زۆر لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە، هێزەکانی حیزبی دێموکڕات، لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ) و کوردستان(سنە)، چەند سەربازگەیەکیان گرت. لە لایەکی دیکەوە ناکۆکی و ململانێ لە سنە و مەریوان توندتر بووبوو و هێزەکانی حیزبی کۆمەڵەیش دەستیان بەسەر ئەو شارانەدا گرتبوو. لەم نێوەندەدا خەڵکی شاری مەریوان بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەنگاوێکی مێژووییدا، لە ٣١ی گەلاوێژ تا ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٨ شارەکەیان چۆڵ کرد و بە دووریی چەند کیلۆمەترێک لەو شارە لە شوێنێک بە ناوی “کانیمیران” نشتەجێ بوون. ئەم نافەرمانییە مەدەنی و ناڕەزایەتییە مۆدێڕنە بە سەرپەرشتیی فواد مستەفا سۆڵتانی، ڕێبەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی کۆمەڵە بوو. ڕەنگە ئەگەر ئەم پلانە نەبووایە شاری مەریوان لە خوێندا نوقم بووبا و جینۆسایدێکی تر لە کوردستان ڕووی بدابا.

_ڕۆژنامەی ئایەندەگان لە ٢١ی تەمووزی ١٩٧٩ کە هاوتایە لەگەڵ ڕۆژی شەممە ٣٠ی تەمموزی ١٩٧٨، ڕاپۆرتێکی زۆر گرنگی لەبارەی وردەکاری و بڕیاری ئەم هەنگاوە سیاسییە لەخۆ گرتبوو.

_ڕۆژنامەی ئایەندەگان لە ٢١ی تەمووزی ١٩٧٩ کە هاوتایە لەگەڵ ڕۆژی شەممە ٣٠ی تەمموزی ١٩٧٨، ڕاپۆرتێکی زۆر گرنگی لەبارەی وردەکاری و بڕیاری ئەم هەنگاوە سیاسییە لەخۆ گرتبوو.

مستەفا چەمران، نوێنەری ڕوحوڵڵا خومەینی، ڕێبەری شۆڕشی ئێران، لە دوایین دیدار و وتووێژی خۆیدا لەگەڵ کاک فوئاد ڕایگەیاندبوو: «ئێمە بۆ شەڕ هاتووین نەک بۆ ئاهەنگگێڕان.»[14] بێگومان ئەم تاکتیکە زیرەکانەیە شەڕی سەپێنراوی فاشیزمی ئیسلامیی خومەینی بۆ ماوەیەکی کورت خەڵکی کوردستانی پاڵدا. بەڵام شۆڕشگێڕانی مەریوان ئەم دروشمەیان بە پیتی قەڵەو لەسەر دەروازەی ئۆردوگای «کانی میران» نووسیبوو: «ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێکدا لە شەڕدا نین، بەڵام ئێمەش تەسلیمی چەوساندنەوەی ڕێژیم نابین».  لەو ڕۆژانەدا پەیامنێری ڕۆژنامەی “ئایەندگان” لە تاران لە ڕاپۆرتێکی مێژووییدا قسەی لەسەر ئەم کۆچکردنە ناڕەزایەتییە زۆرەملێیە دەکرد. بەشێک لەم ڕاپۆرتە کە لە بەرواری ٢١ی تەمموزی ١٩٧٩ وەرگیراوە و هاوتایە لەگەڵ ڕۆژی شەممە ٣٠ تەمموزی ١٣٥٨دا هاتووە: بە پێی دوایین ڕاپۆرت کە شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٢١:٣٠ لە “کۆمەڵگەی پاراستنی ئازادی و شۆڕشی کوردستان”ەوە پێمان گەیشتووە، خەڵکی مەریوان بڕیاریان داوە ئەگەر سوپای پاسداران یان هێزە نیزامییەکان بە هەر شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ئەو شارە بکەن، ئەم شارە بەجێبهێڵن و هەر کە سوپای پاسداران گەیشتە شارەکە، بەکۆمەڵ کۆچ بکەن. شەوی ڕابردوو شۆرای شاری مەریوان لەو پێوەندییەدا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لە هەموو دانیشتووانی ئەو شارە کرد بۆ ئەگەری چۆڵکردنی شار، خۆیان کۆبکەنەوە. نووسینگەی « کۆمەڵگەی کوردانی دانیشتووی تاران» ڕۆژنامەی ئایاندەگانی لە بارەی بڵاوەپێکردنی سپای پاسداران بۆ مەریوان و ناڕەزایەتیی ئەنجومەنی شاری مەریوان ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند خەڵکی مەریوان وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر به جێگیرکردنی سوپای پاسداران، شار بەجێ دەهێڵن.

نوێنەری پێکهاتەی کوردی دانیشتووی ئەو ناوەندە گوتی: «پێشتر بە دوای ڕووداوەکانی شاری مەریوان، ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە ئەو شارە بە هاوبەشی لە لایەن سوپای پاسداران و دانیشتووانی کوردەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجومەنی شاری مەریوان ئاگادار دەکەنەوە کە بڕیار دراوە سوپای ڕەوانەکراو بە شێوەیەکی سەربەخۆ کۆنترۆڵی شارەکە بکات.» ئەنجومەنەکە دژی ئەم بڕیارە وەستایەوە و بە گرتنی بڵندگۆ و خوێندنەوەی ئاگادارییەک لە سەرتاسەری شارەکەدا، داوای لە خەڵک کرد کەلوپەلەکانیان کۆبکەنەوە.[١٤]

نائارامییه کان له شاره کان به ڕده وام بوون تا له ١٩ی ئابی ١٩٧٩ [ ١٣٥٨]، به هۆی فەتوای ڕوحوڵڵا خومه ینی سه باره ت به جیهاد دژ به کوردستان، دۆخه که گۆڕا بۆ شه ڕ، کوردستان گەمارۆ درا و ژمارەیەک هێزی پێشمەرگە و سوپای پاسداران لە شار و گوندەکانی کوردستان لە ململانێدا کوژران. لەو کاتەدا کاک فوئاد کە وەک بەرپرسی حزبی کۆمەڵه لە بانە کاری دەکرد، لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی کۆمەڵه، لەگەڵ جەلال تاڵەبانی (سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق)، عەبدولڕەحمان قاسملوو و شێخ عێزەدین حوسێنی، چووە ناو گفتوگۆیەکەوە و بەو ئاراستەیە دەستی بە چالاکییەکان کرد. بەڵام لە ڕێگای گەڕانەوەی لە بانەوە بۆ مەریوان، لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٧٩ [١٣٥٨]، لە نزیک گوندی بەستەم، لەگەڵ نوێنەری ڕێکخراوی چریکی فەدایی گەلی ئێران، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژرا.[١٣]

_کۆچی ناڕەزایەتیی بە زۆرەملێی مەریوان بۆ گوندی کانی میران لە ٣١ی گەلاوێژ تا ١٤ی ئابی ١٩٩٨. سەرچاوە: سایتی کۆمەڵه.

_کۆچی ناڕەزایەتیی بە زۆرەملێی مەریوان بۆ گوندی کانی میران لە ٣١ی گەلاوێژ تا ١٤ی ئابی ١٩٩٨. سەرچاوە: سایتی کۆمەڵه.

عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە دەربەدەرییەوە تا تیرۆر

فەتوای خومەینی بووە هۆی کارەسات لە کوردستان؛ لەکاتێکدا “حێزبی دێموکڕاتی کوردستان” بە سەرۆکایەتیی “عەبدولڕەحمان قاسملو” بە دروشمی “دێموکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” و “حیزبی کۆمەڵە” بە ڕێوشوێنی پێکهێنانی ئەنجومەنی خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی شارەکان چالاک بوون، میدیاکان چییان لەو بارەیەوە گوتووە، ئەوەی ڕەنگدانەوەی هەبوو تەنها جیابوونەوە و شەڕ بوو.

خومەینی قاسملووی قەدەغەی کرد کە سەرەتای مانگی ئابی ١٣٥٨ وەک نوێنەری مەجلیسی شارەزایان لە بازنەی هەڵبژاردنی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەڵبژێردرا و لە کۆتاییدا گەڕایەوە ئەوروپا. دوای ساڵانێک لە ژیان لە دەربەدەریدا، لە ١٣ی گەلاوێژی ١٩٨٩ لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا لەلایەن بریکارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کرا.[١٣]

ڕۆژاڤا؛ دوایین شەپۆلەکانی کۆچی زۆرەملێ؟

لە ڕۆژاڤا ئەو بزووتنەوەیە بەردەوامە و وەک پارچەکانی تری کوردستان خەبات و بەرخۆدانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و چیرۆکی زۆری هەیە بۆ گێڕانەوە. یەکەم بزووتنەوەی کوردەکانی سووریا لە ساڵی ١٩٢٨ بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی خۆی نیشان دا. هاوتەریب لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە، کورد لە هەنگاوی یەکەمدا داواکارییەکانی خۆی پێشکەش بە پەرلەمان کرد. یەکێک لەم داواکارییانە ئەوە بوو کە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردستانییەکان بخوێنرێت و لە فەرمانگەکاندا بە فەرمی بناسرێت و کورد کاروباری خۆی بەڕێوەببات، بەڵام وەک هەمیشە ڕووبەڕووی دژایەتی بوونەوە.[١٨]

دوای چەند ساڵێک حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی سووریا وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسیی کورد لەم بەشەی کوردستان لە ساڵی ١٩٥٧ دامەزرا. لەو ساڵانەدا عوسمان سەبری، عەبدولحەمید حاجی دەروێش، دەهام میرۆ، هیزا دێوران و هەندێک سیاسەتمەداری دیکەی کورد، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی سووریایان دامەزراند. به ڵام ئه م پارتییه له ژێر سایەی سەرکوتی قورس له سووریا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و به هۆی دووبەرەکیی زۆرەوه لاواز بووە و دەسەڵاتی پێشووی نەماوه. بەڵام گەورەترین و هەمەلایەنترین ڕێکخراوی کوردی ئامادەی سووریا، “پارتی یەکێتیی دێموکڕاتی” لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٠٣ لەلایەن چەپەکانی کورد لە باکووری ئەم وڵاتە دامەزراوە و لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ [ئەمە خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی کوردەکانی سووریا] بە پێکهاتنی بۆشاییی دەسەڵات لە باکووردا، کورد بە پێکهێنانی هێزی سەربازیی سەربەخۆ لە ژێر ئیدارەی پارتی یەکێتیی دێموکڕات، کە توانیویانە تۆڕێکی یەکگرتوو و بەرفراوان لە میلیشیا ڕاهێنراوەکان ساز بکەن، دەرفەتی ئەوەی دۆزییەوە دەست بەسەر ئیدارەی کوردستانی سووریادا بگرێت

“ساڵح موسلیم” کە هاوکات لەگەڵ “ئاسیە عەبدوڵڵا” هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دێموکڕات بوو، بۆ سێهەم خولی لەسەریەک لە کۆنگرەی حەوتەمی ئەم حیزبەدا درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی قەبووڵ نەکرد و پۆستەکەی بە سەرکردە نوێیەکانی ئەو حیزبە ” شاهۆز حەسەن” و “عایشە حەسۆ” بەخشی. دوای دوو ساڵ لە ململانێ، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ کوردستان بە شێوەی دیفاکتۆ خۆبەڕێوەبەریی بەدەست هێنا و کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای دێموکڕاسیی ڕاستەوخۆ و یەکسانیی جێندەری لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانی سووریادا دامەزرا. هەرچەندە لەلایەن حکومەتی سووریاوە وەک خۆبەڕێوەبەر دانپێدانراو نییە.[٢٠]

لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشی داعش بۆ سەر شاری کۆبانی و بەرخۆدانی سەرنجڕاکێشی کورد لە دژی ئەوان بووە هۆی ئەوەی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا جەماوەر و ناو و ناوبانگێکی زۆر بەدەست بێنێت. لەم قۆناغە بەدواوە کوردەکانی سووریا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر، لە لایەن زلهێزە نێودەوڵەتییەکانەوە (لەوانە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا) سەرنجی زیاتریان پێ دراوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە پشتیوانیی ئەمریکا بۆیان دەستی پێ کرد و بە تێپەڕبوونی ساڵێک ئەم پشتیوانییە گۆڕا بۆ هاوپەیمانییەکی سەربازی و هاوکاریی نێوان سوپای ئەمریکا و کورد، لە بەرەکانی شەڕی سەربازیی سووریا.[هه مان]

بەڵام دوابەدوای شەڕی ناوخۆی سووریا کە لە مانگی مارسی ٢٠١١ (ئازاری ١٣٨٩) دەستی پێ کرد و دوای زیاتر لە دە ساڵ نائارامیی بەردەوام، لە ساڵی ٢٠١٥ گەیشتە لوتکە و ملیۆنان کەسی ئاوارە کرد. جارێکی تر شەپۆلێکی کۆچی زۆرەملێ کوردستانی گرتەوە. لەم نێوەندەدا، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەی ٤ ملیۆن و ٩٠٠هزار که س له پەنابەرانی جیهانی پەنابەری سووریا بوون. ڕادەی ئەم کۆچکردنە وای کردووە کە ببێتە یەکێک لە گەورەترین کۆچە زۆرەملێکان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە. تا ئێستا زیاتر لە ٦ ملیۆن پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێی سووریا بە تایبەتی لە ئوردن و تورکیا و عێراق تۆمار کراون و بە دەیان هەزار پەنابەری سووری هەن کە لە هیچ شوێنێک ناویان تۆمار نەکراوە. کوردەکانیش بەشێکن لەم پەنابەرانە، هەرچەندە ژمارەی وردیان نازانرێت.[٢١]

_ژنێکی خەڵکی شاری عەفرین لەگەڵ کۆرپەکەی لە کەمپی پەنابەران لە شارۆچکەی سنووری سوروچ لە پارێزگای شانلی ئۆرفا بە پێ دەڕۆن. سەرچاوە: ڕۆیتەرز

_ژنێکی خەڵکی شاری عەفرین لەگەڵ کۆرپەکەی لە کەمپی پەنابەران لە شارۆچکەی سنووری سوروچ لە پارێزگای شانلی ئۆرفا بە پێ دەڕۆن. سەرچاوە: ڕۆیتەرز

لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ئەنجامی دابەشبوونی کورد بە پێی پلانی سایکس-پیکۆ، یەکێک لە تەحەددیات و پرسە گرینگەکانی ئەو وڵاتانە، پرسی کورد بووە و ئێستاش هەر ماوە. ناوچە کوردنشینەکانی ئەم سێ وڵاتە هەمیشە وەک بێزارکەرێک لە لایەن حکوومەتی ناوەند و دەرەوەوە تەماشا کراون و بوونیان لە ناوچە بەپیتەکانی دەوڵەمەند بە سامانی سروشتی، ئەم دۆخەی خراپتر کردووە. ئەوەی ڕوونە لە سەردەمی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە تا کۆتاییی دەسەڵاتی حزبی بەعس لە عێراق و شەڕی ناوخۆی سووریا، بەشێکی هاوبەشی هەموو کوردەکانی ئەو چوار وڵاتە، نکۆڵیکردن لە مافەکانیانە لە فۆڕمی سەرکوتکردن، خنکاندن، لەسێدارەدان، کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکانی عێراق، سووریا، ئێران و تورکیاوە.

ئەگەرەکانی ڕەوەندی ملیۆنان کەسی

ئاوارەیی و مەنفا(تبعید)ی زۆرەملێ یان خۆبەخشانە، بە زۆری بەهۆی سەرکوتکردنی بیر و باوەڕ، سەرکوتکردنی ڕەگەزی، سەرکوتکردنی سیاسی، سەرکوتکردنی نەتەوەیی و ئایینی، یان بەهۆی نەبوونی لێبوردەیی و قەبووڵ نەکردنی بیرۆکە دێموکڕاسییەکان و قەبووڵ نەکردنی گروپێک یان چەند گروپێکی کۆمەڵایەتییه. لە جوولەکە ئاوارەکانی سەردەمی هیتلەرەوە تا دەگاتە تبتییەکانی چین، فەلەستینییەکان، کوردەکان، دەربەدەرەکانی پێشووی ئەفغانستان لە دوای کودەتاکە بە پاڵپشتیی سۆڤیەت تا ئێستا، هەموویان قوربانیی چەوساندنەوە، نایەکسانی، سەرکوتکردن و خنکاندنی سیاسی بوون و هەن. کۆچکردن یان هەر جۆرە ڕزگارکردنی ژیان لە مردن، دوور لە ئەشکەنجە و هەڕەشە، هەروەها لە هۆکاری ستەم لە خاکێکدا سەرهەڵدەدات.

بنەمای کۆچی زۆرەملێ لەسەر دوو بابەتی بنەڕەتی واتە فاکتەرە سیاسی و ئابوورییەکان دامەزراوە کە بە ڕوونی خۆیان لە ڕەوەندی کوردیدا دەرخستووە. لە چوارچێوەی سیاسیدا کۆچبەران و ئاوارەکان ڕەخنە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە هەموو ئەو سیستەمەی بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێیان. کۆچبەر و ئاوارە مافی ژیانی ئازادانە لە خاکەکەیدا زەوت کراوە، بەڵام هێشتا مافی ئەوەی هەیە لە دەربەدەریدا شەڕ و ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرانبەر بەو شتانەی لە خاکەکەیدا دەگوزەرێت. ئەم ناڕەزایەتی و خەباتانە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر جۆری نزیکبوونەوە و بڕیاردانی وڵاتانی ئازاد و گەلەکەیان بەرانبەر بە سەروەری و دانپێدانانیان هەبێت.

لە لایەکی ترەوە دەتوانین هیوامان بە ململانێی ئابووری بێت. لەم ڕۆژانەدا تەوەری رمیتنس ( Remittance-حەواڵەی کۆچبەران بۆ لای بنەماڵەکانیان لە وڵاتی ڕەسەن) زۆر وروژێنراوە. بابەتێک کە یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی بواری ئابووری و کۆچبەری، کە گرنگییەکەی زۆری لە لای بیرمەندان و دەوڵەتمەدارانی وڵاتانی لە چەند دەیەی ڕابردوودا بووە. بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچکردن، حەواڵەکردن بریتییە لە: “گواستنەوەی پارەی کەسی، لە سنوورەوە یان لە ناو هەمان وڵاتدا، لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ ئەو کەسانە یان کۆمەڵگایانەی کە کۆچبەرەکە پەیوەندییان لەگەڵیدا هەیە.”[٢٢] بە واتایەکی تر گواستنەوەی سەروەت و سامان و سەرمایەی دارایی لەلایەن کۆچبەرانەوە بۆ کۆمەڵگە ڕەسەنەکانیان، کە بێگومان مەبەستمان حەواڵەی نێودەوڵەتییە، نەک گواستنەوەی سەروەت و سامانی کۆچبەرانی ناوخۆییی وڵاتێک.

کۆچبەران لە کۆمەڵگەی مەبەستدا زانیاری و لێهاتوویی و بەها و شێوازی نوێی ژیانی کۆمەڵایەتی فێر دەبن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان دەبێت. تا ئاستی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی کۆچبەر لە کۆمەڵگەی مەبەستدا بەرزتر بێت، گۆڕانکاریی بنەڕەتیی زیاتر لە سەرمایە کۆمەڵایەتییەکەیدا ڕوودەدات.

لە لایەکی دیکەوە پێشهاتە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییەکان بۆ کۆچبەران تەنیا لە ژیانی کەسیی خۆیان لە وڵاتی نوێدا سنووردار نین و ئەم پێشهاتانەش ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی پێشووی کۆچبەران هەبێت. ئەو کۆچبەرانەی وڵاتەکەیان بەجێ دەهێڵن و لە وڵاتێکی دیکەدا نیشتەجێ دەبن، بەزۆری هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتی خۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر بپارێزن. ئەم پاراستنی پەیوەندییە دەتوانێت لە شێوەی گواستنەوەی سەرمایەی دارایی یان لە شێوەی گواستنەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتیدا ڕوو بدات. لە لایەکی ترەوە ئەم ڕەوەندە لە ڕەهەندی کولتووریدا بە پاسیڤ نامێنێتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین بەرهەم لە بواری ڕۆشنبیریدا بەرهەم هاتوون، کە دەتوانرێت لە پۆلی ئەدەبی تاراوگە، مۆسیقای تاراوگە، هونەر، شانۆ و سینەمای تاراوگەدا پۆلێن بکرێن.

هەمیشە ئاوارەیی وەک ئامرازێک بۆ نەهێشتنی دژایەتی لە نێوان حکوومەتەکاندا بەکارهاتووە. «دەربەدەری بە بزمارێک لە دڵمدا چەقێندرا. بە زۆر خۆمم لەو خاکە دەرهێنا کە لە سەری وەستابووم و دەمارەکانم وەک دارێک لە دڵی ئەو خاکەدا گیر بوون. خۆمم لە زەوی دەرهێنا، بەڵام دەمارەکانم دڕان». سینۆهە، پزیشک و ڕەخنەگری ڕێژیمی فیرعەون، کە بە یەکەم دەربەدەری جیهان ناوزەد کرا. ئەمە بەشێکە لە قسەکانی لە کتێبی “سینۆهە پزیشکی فیرعەون”. بۆ دانیشتووانی خاکێک، هەر جۆرە کۆچکردن و دەربەدەرییەک، چ دەربەدەریی زۆرەملێ بێت یان خۆبەخشانە، هەڵبژاردنێکی سادە نییە، وەک چۆن سینوهە بە پچڕانی خوێنبەرەکانی لێک دەداتەوە.[٢٣]

لە کۆتاییدا پێویستە گرنگی بەو ڕاستییە بدەین کە لە پشت هەموو ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پاشخانێکی مێژوویی و کولتووری هەیە کە هیچ ڕووداوێک ناتوانێت ڕوو بدات بەبێ ئەوەی لەژێر کاریگەریی ئەو پاشخانە مێژووییانە بێت. لەم ڕوانگەیەوە مێژوو تەنها زانینی لێکدانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ئاماژەی گرنگ لەبارەی ئەمڕۆ و سبەینێشەوە دەدات. ڕاستییە مێژووییەکان تەنیا پەیوەندییان بە ڕابردووەوە نییە. بە واتایەکی تر، مێژوو، گۆڕستانی مردووەکان و گێڕانەوە وادەبەسەرچووەکان نییە؛ بەڵکوو ئەوە زانستە کە بە ئاستی هۆشیاری و فێربوون لێی، دەتوانین بە ڕوونی شیکاریی ئەمڕۆ و داهاتوو بکەین. ئەوەی دەتوانرێت لەم ڕووداو و داتا مێژووییانە دەربخرێت ئەوەیە کە سیاسەتی سیستماتیکی کۆچی زۆرەملێ، کێشەیەکە پەیوەندیی بە پرسی کوردستانەوە هەیە و چارەسەرەکەی پەیوەستە بە چارەسەری پرسی کورد. حکوومەتەکان نایانەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکەن و سەرکوتکردنی داواکاریی ناسنامە و مافە سیاسی- کولتوورییەکان بە توندوتیژی بەردەوامە. ئەم کێشەیە تا بە ڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر نەکرێت هەر بەردەوام دەبێت.

لە کۆتاییدا لە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد دەربەدەر کران و یان لە سێدارە دران یان تیرۆر کران، زیندانی کران یان لە تاراوگەدا درێژەیان بە ژیانیان دا و دەرئەنجامی ئەو هەموو ساڵە خەبات و خۆڕاگرییە، هیچ نەبوو جگە لە تێچووی قورسی مرۆیی و کۆچی زۆرەملێ بۆ گەلی کورد. وا دیارە ئەو ڕێگایەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان هەڵمان بژاردووە، زیاتر لە پێشەوە دەمانباتەوە دواوە. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بیرکردنەوەیەکی قووڵی بنەڕەتی لە فۆڕمەکانی خەبات و شێوازەکانی بەرخۆدانی خۆمان بکەین؟

سەرچاوەکان:

١. عصر مهاجرت؛ جابجایی بین المللی جمعیت در دنیای مدرن، استفن کاستلز، مارک ج. میلر، نشر جامعه شناسان، ١٣٩٦.

 ٢. ریچارد گاف و دیگران؛ تاریخ مختصر قرن بیستم، نشر زلال. ١٣٧٢.

 ٤. کردستان و کرد در اسناد محرمانه بریتانیا، ترجمه بهزاد خوشحالی، همدان، نورعلم، ١٣٧٨.

٥. نقیب زاده، احمد، تاریخ دیپلماسی و روابط بین‌الملل از پیمان وستفالی تا امروز. قومس، تهران، ۱۳۸۵.

٧. اشنویی‌محمودزاده، رحیم، ژنرال احسان نوری پاشا، چاپ یکم، انتشارات اشنوئی‌، ١٣٨٦.

٩.  هفتاد و هفتمین سالگرد قتل‌عام مردم زازا علوی در درسیم، خبرگزاری فرات، ٢٠١٤.٥.٥.

١٠. ولی، عباس، ملی‌گرایی کردی در ایران: سالهای فراموش شده، انتشارات پالگریو مکمیلان، نیویورک سال ۲۰۱۹.

١١. کریس کوچرا، جنبش ملی کرد، ترجمه ابراهیم یونسی، تهران ١٣٧٣.

١٢. قاضی محمد و جمهوری در آینه اسناد، بهزاد خوشحالی، همدان ١٣٨٠.

١٣. قاسملو، عبدالرحمان، چل سـال خه ‌بات له پـیناوی ئازادی: کورته یه ک له میژووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئیران، ج ١،،١٣٦٧.

١٤. روزنامه‌ی آیندگان، شماره٢٤٠٥، سال دوازدهم، شنبه ۳۰ تیر ۱۳۵۸.

١٥. گزارشی از توافق الجزایر که ٤٥ ساله شد، اعتمادآنلاین، در ۱۳۹۹/۰۳/۲۶.

١٦. سیداحمدی، شایان، عملیات انفال کردستان عراق در ترازوی حقوق بین‌الملل، چاپ یکم، ١٣٩٥.

١٧. صد سالگی یک قرارداد، ۷ نکته در باره توافق‌نامه سایکس-پیکو، ۱۷ مه ۲۰۱۶.

١٨. احزاب کُرد سوریه، فراتاب، ۲ اسفند ۱۳۹۴.

١٩. ویکیپدیا، نیروهای دموکراتیک سوریه(قسد)

٢٠. کردهای سوریه: از انکار هویت تا ایجاد فدراسیون روژاوا در شمال سوریه. الوقت، ٥ تير ١٣٩٥.

٢١. گزارش رسمی کمیساریای عالی پناهندگان سازمان ملل متحد (UNHCR)، بی بی سی. مارس ۲۰۱۵.

٢٢. روزنامه دنیای اقتصاد، رمیتنس اجتماعی؛ مفهومی مهم در گذار به توسعه، شماره ۵۹۴۲، شماره خبر:۴۰۴۳۱۸۷، ۱۴۰۲/۱۱/۱۵.

٢٣. والتاری، میکا،  سینوهه پزشک مخصوص فرعون، ترجمه ذبیح الله منصوری، نگارستان و زرین، ١٣٨٧.

English References:

  1. 3. Broich, John (6 November 2019). “Why there is no Kurdish nation”. The Conversation. Retrieved 2019-11-07.
  2. 6. David Mc Dowall, A modern history of the Kurds, London 1996; Archibald Roosevelt, For lust of knowing: memoirs of an intelligence officer, Boston 1988.
  3. 8. Benjamin Smith. Land and Rebellion: Kurdish Separatism in Comparative Perspective.P.10. “The Kurds of Iran: Opportunistic and Failed Resistance, 1918.
  4. 9. Remembering the exodus of the people of KurdistanKurdistan03:41 PM – 2022-04-02.
  5. 21. Forced displacement and the evacuation of Kurdish villages by the Turkish state forces’, Medya News, 21/06/2021.