بازدان بۆ ناوەڕۆک

وتاری بەردەست

وتووێژ لەگەڵ دوکتور رامین مەفاخری

Interview with dr. Ramin Mafakheri
وتووێژ لەگەڵ دوکتور رامین مەفاخری

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
دوکتور رامین مەفاخری
جۆر
وتووێژ
بڵاوکراوەتەوە لە
گۆڤاری تیشک
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
گۆڤاری تیشک
ڕێکەوت
2026/11/02
زمان
کوردی

پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایش

پرسیاری یەکەم: ئەزموونی مانگەکانی یەکەمی شەڕ نیشانی دا کە هێزە کوردییەکان خۆیان لە نێوان هەڕەشەی ئێران و ناڕوونیی سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بینییەوە. لەم ئەزموونەدا گرنگترین وانەی ستراتیژی چی بووە؟

لە ڕوانگەی منەوە، گرنگترین وانەی ستراتیژیی ئەم ئەزموونە ئەوەیە کە جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی نابێت ستراتیژیی مانەوە و داهاتووی سیاسیی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە کاتییەکان، بەڵێنە ناڕوونەکان یان گریمانەی نەسەلمێنراو دەربارەی ئامانجەکانی هێزە دەرەکییەکان دابمەزرێنێت. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هاوتەریبیی بەرژەوەندییەکان بە مانای یەکسانبوونی ئامانجە ستراتیژییەکان نییە؛ هەروەها هاوکاریی تاکتیکی بە مانای بوونی هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی درێژخایەن نییە. پێش هەموو شتێک، پێویستە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان تاکتیک و ستراتیژی، هەروەها لە نێوان ئامانجە ڕاگەیەنراوەکانی شەڕ و ئامانجە ڕاستەقینە و سیاسەتە جێبەجێکراوەکاندا بکرێت. ئەمە بەتایبەتی لە شەڕە هاوچەرخەکاندا گرنگە؛ چونکە شەڕ تەنها لە مەیدانی سەربازیدا بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو شەڕی دەروونی و زانیاری، کاریگەریدانان لەسەر تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ڕکابەر و دروستکردنی ناڕوونیی ستراتیژی، بەشێکی گرنگ لە ململا‌نێکان پێک دەهێنن. بۆیە، هەموو هەڕەشەیەکی ڕاگەیەنراو یان ئامانجێکی ئاشکراکراو نابێت وەک بەڵگەی بڕیارێکی ستراتیژیی کۆتایی دابنرێت. لە ماوەی شەڕدا، باس لە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران، سنووردارکردنی بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی، گۆڕینی ڕەفتاری ناوچەیی و تەنانەت گۆڕینی ڕژێم کراوە. بەڵام ئەم ئامانجانە لە ڕووی ماهیەت، پێداویستییەکان و ئەنجامە ستراتیژییەکانەوە یەکسان نین. هەر یەکەیان پێویستی بە ئاستێکی جیاواز لە توانایی، پابەندبوونی سیاسی و سەربازی و ئامادەیی بۆ قبووڵکردنی تێچوو و مەترسی هەیە. بۆیە، لە هەڵسەنگاندنی ستراتیژیدا، کردار و سیاسەتە جێبەجێکراوەکان دەبێت پێوانەی سەرەکی بن، نە تەنها گوتار و ئامانجە ڕاگەیەنراوەکان.

دیارە لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستییە ستراتیژییە لەبەرچاو بگرین کە بەرژەوەندی و ئەولەویەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هەموو بارودۆخێکدا یەکسان نین. ئیسرائیل سەرەکیترین ئەولەویەتی خۆی لە چوارچێوەی هاوکێشەی هێز و ئاسایشی ناوچەیی، لاوازکردنی توانای ستراتیژیی ئێران و سنووردارکردنی هەڕەشەکانی ئەو وڵاتەدا دەبینێتەوە؛ ئامانجێک کە بە پێویستی بە گۆڕینی ڕژێم لە تارانەوە گرێ نەدراوە و دەتوانێت سەربەخۆ لە سروشتی ڕژێمی دەسەڵاتدار هەڵبسەنگێنرێت. لە بەرامبەردا، ئەمریکا ناچارە سیاسەتی خۆی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە فراوانترە ناوچەیی و جیهانییەکانیدا دابڕێژێت؛ لەوانە تێچووی سیاسی و سەربازیی شەڕ، سەقامگیریی ئابووریی جیهانی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوسەنگییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی. بۆیە، نابێت هاوتەریبیی کاتیی بەرژەوەندیی ئەم دوو دەوڵەتە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا، بە یەکسانبوونی ئامانجە ستراتیژییەکانیان دابنرێت؛ هەروەها نابێت گریمانە بکرێت کە ئەوان هەمان تێگەیشتن، ئەولەویەت و ئاستی پابەندبوونیان بە داهاتووی سیاسیی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی کورد هەیە.

بە خوێندنەوە و تێگەیشتنی دروست لە سیاسەتی ئەمڕۆی ناوچەیی و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل، ئەوەی تا ئێستا لە ڕەوتی ڕووداوەکان و سیاسەتە جێبەجێکراوەکانەوە دەردەکەوێت، ئەوەیە کە ئامانجی سەرەکی زیاتر لاوازکردنی توانای ستراتیژیی ئێران و ناچارکردنی کۆماری ئیسلامی بە گۆڕینی ڕەفتاری ناوچەیی و ئەمنییەتیی خۆی بووە، نەک گۆڕینی ڕژێم لە تاران وەک ئامانجێکی ستراتیژیی سەرەکی. لە هەمان چوارچێوەدا، ئەگەر باس لە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە ململا‌نێی نێوان ئێران و هێزە دەرەکییەکاندا کرابێت، پێویستە جیاوازییەکی بنەڕەتی بکەین لە نێوان بەکارهێنانی تاکتیکیی پێشمەرگە وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی فشاری کورتخایەن لەسەر تاران و پابەندبوونێکی ستراتیژیی ڕوون و درێژخایەن بە پشتگیری لە ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد. ئەم دووە نە لە ڕووی ئامانجەوە و نە لە ڕووی ئاستی پابەندبوونی سیاسییەوە یەکسان نین و تێکەڵکردنیان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هەڵەیەکی بنەڕەتی لە هەڵسەنگاندنی ستراتیژیدا.

لە وڵامی بەشی کۆتاییی پرسیارەکەدا،

وانەی یەکەم، پێویستیی سەربەخۆییی بڕیاری سیاسییە. جووڵانەوەی کوردی دەتوانێت لە پەیوەندیی دیپلۆماسی و هاوکاریی دەرەکی سوود وەربگرێت، بەڵام نابێت ڕێگە بدات ئەو پەیوەندییانە جێگرەوەی ستراتیژیی نەتەوەییی خۆی ببنەوە. هەر هێزێکی دەرەکی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی خۆیدا بڕیار دەدات و دەتوانێت بە گۆڕانی بارودۆخ، ئامانج و ئەولەویەتەکانی بگۆڕێت. ئەوەی بۆ دەوڵەتێکی دەرەکی دەرفەتێکی تاکتیکیی کورتخایەنە، دەتوانێت بۆ جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی و کۆمەڵگایەکی ناوخۆیی ببێتە سەرچاوەی تێچوویەکی سیاسی، مرۆیی و ئەمنییەتیی درێژخایەن.

وانەی دووەم، جیاکردنەوەی هیوای سیاسی لە توانای ڕاستەقینەیە. لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی بەخۆی بە مانای ڕووخانی حەتمیی ئەو دەسەڵاتە نییە؛ هەروەها لاوازبوونی هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت بەخۆی بەڵگەی توانای سەرکەوتنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان نییە. لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ئەوەی دەمانەوێت ڕوو بدات، ئەوەی ئەگەری ڕوودانی هەیە و ئەوەی بە پشتبەستن بە تواناکان و بارودۆخی واقیعی دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت. ستراتیژییەکی کارا لەسەر بنەمای ئەم جیاوازییە دادەمەزرێت، نە لەسەر بنەمای هەست و چاوەڕوانییەکی یوتۆپیایی. ئەمە بەتایبەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات گرنگە. ئەم هێزانە لە پاراستنی بەردەوامیی مێژوویی و سیاسیی جووڵانەوەی کوردیدا ڕۆڵ و بایەخێکی گرنگیان هەبووە، بەڵام پێویستە بایەخی مێژوویی و سیمبولییان لە توانای سەربازیی ئێستایان جیا بکرێتەوە. نابێت لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە بڕیار بدرێت کە هەر گۆڕانکارییەک لە تاراندا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەرفەتی گۆڕینی هاوکێشەی هێز لە ڕۆژهەڵاتدا دەڕەخسێنێت. توانای ئەگەری و توانای ئێستا یەک شت نین، و هەر هەڵسەنگاندنێک دەبێت ئەم سنووردارییە بە ڕوونی بناسێت.

وانەی سێیەم، پێویستیی ستراتیژییەکی سیاسیی هاوبەش و درێژخایەنە. یەکێک لە لاوازییە بنەڕەتییەکانی جووڵانەوەی کوردی ئەو مەترسییەیە کە حیزبە جیاوازەکان، سەرەڕای هاوبەشیی زۆرێک لە ئامانجە نەتەوەییەکان، لە دۆخە چارەنووسسازەکاندا بە هەڵسەنگاندن و بڕیاری جیاوازەوە مامەڵە بکەن. فرەیی سیاسی لە بنەڕەتدا کێشە نییە؛ بەڵام نەبوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکان، سنووری مەترسییە قبووڵکراوەکان و داهاتووی دامەزراوە سیاسییەکان دەتوانێت لە کاتی قەیراندا ببێتە سەرچاوەی لاوازی و ناهەماهەنگی. لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان یەکگرتووییی ستراتیژی و یەکدەنگیی سیاسی. یەکگرتووییی ستراتیژی بە مانای سڕینەوەی جیاوازییە فکری و حیزبییەکان نییە؛ بەڵکوو بە مانای ڕێککەوتن لەسەر بنەما و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە، بە تایبەتی پاراستنی ژیانی خەڵک، مافە نەتەوەییەکان، سەربەخۆییی بڕیاری سیاسی و ڕێگری لە ململا‌نێی ناوخۆیی.

پرسیاری دووەم: هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕووی ژمارە، ڕێکخستن، لۆجستیک و پشتیوانیی ناوخۆییەوە تا چەند توانای کاریگەربوودانانیان لە ناو ئێراندا هەیە؟

لە هەڵسەنگاندنی پێشمەرگەدا دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان بایەخی مێژوویی و سیمبولی، توانای ڕێکخراوەییی ئێستا و توانای سەربازیی کارا. پێشمەرگە لە پاراستنی بەردەوامیی جووڵانەوەی کوردیدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە؛ بەڵام ئەو ڕۆڵە بەخۆی مانای ئەوە نییە کە هێزەکانی ئێستا دەتوانن لە ڕووی ژمارە و ئامرازەوە هاوسەنگییەکی سەربازی لەگەڵ دەوڵەت دروست بکەن. گەڕانەوەی ئەگەری بۆ ڕۆژهەڵات و فراوانبوونی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەکرێت وەک سیناریۆیەک لێک بدرێتەوە، نە وەک ئەنجامێکی مسۆگەر. بۆیە بەڕێوەبردنی چاوەڕوانییەکان گرنگە: نابێت وێنایەکی یوتۆپیایی لە تێکشکاندنی دەسەڵاتی ناوەندی جێی هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینە بگرێتەوە.

پرسیاری سێیەم: هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە خاکی خۆی بۆ هێرش بۆ سەر دراوسێکان بەکارناهێنێت. ئەم سنوورە سیاسی و ئاسایشییە چ کاریگەرییەکی لەسەر بژاردەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە؟

هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی سیاسی و حوکمڕانی، بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی دانیشتووان، سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی خۆی هەیە. بۆیە، ئەو سنوورە سیاسی و ئەمنییەتییەی کە بۆ بەکارهێنانی خاکی هەرێم دانراوە، دەبێت وەک واقیعێکی سیاسی و یاسایی لە هەڵسەنگاندنە ستراتیژییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا لەبەرچاو بگیرێت.

لە ڕوانگەی ڕیالیزمی سیاسییەوە، هیچ ستراتیژییەکی کارا نابێت لەسەر بنەمای دەرفەت و سەرچاوەیەک دابمەزرێت کە لە دەسەڵاتی بڕیاردانی خۆیدا نییە. هەروەها، هیچ بڕیارێکی سیاسی یان سەربازی نابێت ئاسایشی دانیشتووانی هەرێم و سەقامگیریی ئەو قەوارەیە بخاتە مەترسییەکی ناپێویستەوە. لەم چوارچێوەدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نابێت داهاتووی سیاسی و ستراتیژیی خۆیان بە بارودۆخی هەرێمی کوردستانەوە گرێ بدەن. لێرەدا بڕیار و بەرپرسیارێتیی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی خودی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. ئەوان پێویستیان بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە پێگە، امکانیات و بژاردە سیاسییەکانی خۆیان هەیە، بە شێوەیەک کە هەم نەبنە سەرچاوەی مەترسی بۆ هەرێم و هەم ئەوەی نابێت داهاتووی خۆیان بە میوانداری و بڕیارەکانی قەوارەیەکی دیکەوە گرێ بدەن. هەروەها، سەربەخۆییی ستراتیژی تەنها بە مانای سەربەخۆیی لە هێزە نێودەوڵەتییەکان نییە؛ بەڵکوو بە مانای کەمکردنەوەی وابەستەیی بەو بارودۆخ و بڕیارانەشە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی خۆماندان. ئەمەش پێویستی بە واقیعبینی، ستراتیژییەکی تۆکمە و هەڵسەنگاندنی وردی تواناکان، سنووردارییەکان و پۆتانسیەڵە بەردەستەکان هەیە. بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیای سەربازی سروشتی هاوکێشەی هێز دەگۆڕن، جووڵانەوەی ڕۆژهەڵات پێویستە لە تەنها پشتبەستن بە توانای سەربازی تێپەڕێت و بە بەکارهێنانی سەرجەم سەرچاوە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی هێز، لەوانە توانای سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، تەکنەلۆژی و کۆمەڵایەتی، پێگەی ستراتیژیی خۆی بەهێز بکات. بۆیە، توانای کاریگەریی ئەم جووڵانەوەیە نابێت تەنها بە پێوانەی هێزی سەربازی هەڵبسەنگێنرێت؛ بەڵکوو بەو ئاستەش کە دەتوانێت بە بڕیاری سیاسیی سەربەخۆ، ڕەواییی سیاسی، پشتگیریی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی هاوئاهەنگی ئامرازە جیاوازەکانی هێز، کاریگەری لەسەر هاوکێشە سیاسی و ستراتیژییەکان دابنێت و لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیدا ڕۆڵێکی چارەنووسساز بگێڕێت.

پرسیاری چوارەم: مەترسیی گەورەی میلیتاریزەبوونی گۆڕانی سیاسی چییە؟ چۆن دەتوانرێت ڕێگری لەوە بکرێت هێزی چەکدار لە قۆناغی گواستنەوەدا ببێتە سەرچاوەی ململا‌نێی ناوخۆیی؟

لە ڕوانگەی منەوە، گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە گۆڕانی سیاسی، لە پرۆسەیەکی نەتەوەیی و مەدەنییەوە، بگۆڕێت بۆ ململا‌نێی دەسەڵات لە نێوان هێزە چەکدارەکاندا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، فرەیی حیزبی بۆخۆی کێشە نییە؛ بەڵکوو دەتوانێت، لە بارودۆخێکی تایبەتدا، ببێتە بنەمای پلورالیزمی سیاسی و دیموکراسی. بەڵام کاتێک هەر حیزبێک هێزی چەکدار و فەرماندەییەکی سەربەخۆی هەبێت، لە قۆناغی گواستنەوە و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندیدا، ئەم فرەییە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی پێشبڕکێی سەربازی و ململا‌نێی دەسەڵات. لێرەدا چەمکی دڵەڕاوکێی ئەمنییەتی گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەو کردارەی لایەنێک بە مەبەستی پاراستنی خۆی ئەنجامی دەدات، دەتوانێت لەلایەن هێزێکی دیکەوە وەک هەڕەشە لێک بدرێتەوە. ئەمەش دەتوانێت زنجیرەیەک لە بێمتمانەیی، پێشبڕکێی چەکداری و ناسەقامگیری دروست بکات و لە دۆخێکی مەترسیداردا تەنانەت ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆیی و کارەساتی نەتەوەیی. گرنگ ئەوەیە ئەم مەترسییە تەنانەت کاتێکیش هەیە کە هیچ لایەنێک لە سەرەتادا خوازیاری شەڕی ناوخۆیی نەبێت؛ چونکە میکانیزمی ململا‌نێ دەتوانێت لە خودی فرەیی فەرماندەییە چەکدارە سەربەخۆکان و نەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسیی هاوبەشدا سەر هەڵبدات.

بۆیە، لە ڕوانگەی ڕیالیزمی سیاسییەوە، نابێت داهاتووی ئاسایشی ڕۆژهەڵات تەنها بە نیازپاکیی سەرکردە سیاسییەکان یان دروشمی یەکگرتوویی بسپێردرێت. متمانەی سیاسی گرنگە، بەڵام دامەزراوە و ڕێسای هاوبەش ئەوەیە کە دەتوانێت نیازپاکی  و متمانە بگۆڕێت بۆ میکانیزمێک کەوا سەقامگیری و ئاسایش بەردەوامی لێ بکەوێتەوە. بۆیە پێویستە پێش هەر گۆڕانکارییەکی چارەنووسساز، بنەماکانی ڕێکخستنی دەسەڵاتی ئەمنییەتی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ڕێگەی سیاسی و چاودێریی مەدەنی ڕوون بکرێنەوە. هەروەها، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە پاراستن و بەهێزکردنی توانای بەرگریی کورد و ڕێگری لە فرەییی ناوەندە سەربەخۆکانی دەسەڵاتی چەکداری، دوو ئامانجی دژبەیەک نین؛ بەڵکوو دوو پێداویستیی تەواوکەری ئاسایشی نەتەوەیین. مەترسیی بنەڕەتی تەنها لە لاوازیی توانای سەربازیدا نییە، بەڵکوو لەو ئەگەرەشدایە کە هێزی چەکدار، لە نەبوونی چوارچێوەیەکی سیاسی و یاساییی هاوبەش و دەسەڵاتێکی مەدەنیی ڕەوادا، لە ئامرازی پاراستنی کۆمەڵگا و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە بگۆڕێت بۆ ئامرازی پێشبڕکێی حیزبی و سەرچاوەی ململا‌نێی ناوخۆیی. ئەمە یەکێکە لە مەترسیدارترین سناریۆکانی قۆناغی گواستنەوە کە دەتوانێت نەک تەنها دەسکەوتەکانی جووڵانەوەی کوردی بخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو بنەماکانی یەکگرتوویی و ئاسایشی کۆمەڵگاش لاواز بکات. بۆیە، ڕێگری لەم ئەگەرە دەبێت یەکێک لە ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بێت.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە وتاری بەردەست

هەمووی ببینە
وتاری بەردەست

مانیفێستی ژنوشیاریی

ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت چونکە ئەزموونی ژینکراوی ئەو هیچکات تەنیا لە یەک ستەم، واتە ستەمی ڕەگەزیی پێک نەهاتووە و لە چوار بەشی کوردستان بەردەوام بە دوو فاکتۆری نەگۆڕی شوناسی خۆی واتە ڕەگەز و نەتەوە…

پۆدکاست

فاشیزم و کۆنترۆڵی گێڕانەوە

بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم، پێویست بەوە ناکات کە ئێمەش فاشیست بین. فاشیزم بەرەنجامی هەژارییەکی کولتوورییە کە کۆمەڵگەکانی گیرۆدەی ستەمکاری و دیکتاتۆری تووشی دەبن. فاشیزم نەخۆشییەکی ئایدیۆلۆژیکە کە لەبەر چێژێکی ساختەی خۆبەزلزانی بنەما سەرەکییە ڕەوشتییەکان، بەتایبەتی مرۆڤدۆستی پێشێل دەکات. فیدریکۆ فیلینی، دەرهێنەری بەناوبانگی ئیتالیایی،…

وتاری بەردەست

دەرئەنجامە ژینگەیییەکانی شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران

لە میانەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦، بە هۆی گەرموگوڕیی پێشهاتەکانەوە، ئەنجامە ژینگەیییەکانی لە پەراوێزدا ماونەتەوە. هاوکات لەگەڵ زیانە مرۆیی و سیاسییەکان، ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین قەیرانە ژینگەیییەکانی مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادا بێت کە بە…