گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٠ 

وتووێژ 

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 02.10.2024

وتووێژ لەگەڵ: هاشم ئەحمەدزادە (٢٠٢٤):ئەدەبیات، تاراوگە و ناسنامە. گۆڤاری تیشک، ٢٥، ٧٠، ل. ٣٢١–٣٠٤ . https://tishk.org/ku/2024/09/26/tishk-magazine-summer-2024-vol-25-no-70/

DOI 10.69939/TISHK3853

ژیاننامەیەکی کورت

دکتۆر هاشم ئەحمەدزادە دوای وەرگرتنی بەکالۆرێس لە زمانی ئینگلیسیدا لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئێران، خوێندنی لە وڵاتی سوێد درێژە پێ دەدا و لە ساڵی ١٩٩٥ لە زانکۆی ئوپسالا بەکالۆرێسێکی تر لە ڕۆژهەڵاتناسیدا وەردەگرێت. لە ١٩٩٦ لە هەمان بوار و لە هەمان زانکۆدا پلەی ماستەر وەردەگرێت. لە ساڵی ١٩٩٩ لە زانکۆی ئوپسالا لە بوارەکانی مێژوو و سیاسەت لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و زمان و ئەدەبیاتی فارسی و زمانە ئێرانییەکان دەست بە وانەگوتنەوە دەکات و تا ساڵی ٢٠٠٥ لەم کارەدا بەردەوام دەبێت. هاوتەریب لەگەڵ وانەگوتنەوە خەریکی لێکۆڵینەوە و نووسینی تێزی دکتۆراکەشی دەبێت. ساڵی ١٩٩٦-١٩٩٧ساڵی یەکەمی دەورەی دکتۆراکەی لە زانکۆی لەندەن (مەدرەسەی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی و ئافریقاناسی) تێپەڕ دەکات. کتێبی ڕۆمان و نەتەوە: ڵێکۆڵینەوەیەک لەسەر گوتاری گێڕانەوەیی فارسی و کوردی، لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن زانکۆی ئوپسالاوە چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە دواتر وەرگێڕدرایە سەر زمانەکانی تورکی و فارسی و چاپ و بڵاو کراوە. چەند بەشی ئەم کتێبە وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی کوردی.

     لە نێوان ساڵانی  ٢٠٠٥ تا ٢٠١٢، سەرەتا وەک مامۆستا و دواتر وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە زانکۆی ئێگزێتری بریتانیا کاری کردووە. لە ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ وەک لێکۆلەرەوە لە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان ـ کوردستان  کە ناوەندەکەی لە هەولێرە، دەست بە کار دەکات. لەم ساڵانەدا لە زانکۆی فەڕەنسی لوبنانیدا مامۆستای زمان و ئەدەبی ئینگلیسی بووە. لە مانگی سێپتامبری ٢٠١٥ دیسانەوە لە زانکۆی ئوپسالا دەستی بە وانەگوتنەوە و لێکۆڵینەوە کردووەتەوە. لە ٢٠١٦ تا ٢٠١٨ لە مەدرەسەری وەرگێڕانی سوێد وانەبێژ بووە.  ئێستا پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی زمانناسی و لیکۆلینەوەی زانکۆی ئوپسالا.

 لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کتێب و وتارگەلێکی زۆری بە زمانەکانی فارسی، کوردی، سویدی و ئینگلیزی بڵاو کردووەتەوە. لە دەیان کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی بەشدار بووە و لە زۆر بەرنامەی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنیدا بەشداریی کردووە و لەسەر زۆر بواری ئەدەبی، فەرهەنگی و زانستی سیاسی و پرسگەلی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باس و قسەی کردووە.

لەنێو بەرهەمە چاپکراوەکانی دکتۆر ئەحمەدزادەدا دەکرێ ئاماژە بە ئەم کتێبانەی خوارەوە بکەین:

نەتەوە و ڕۆمان بە هەر سێک زمانی ئینگلیسی، تورکی و فارسی چاپ بووە. دوو جار بە فارسی چاپ کراوەتەوە و لە پێشەنگای نێونەتەوەییی کتێب لە تاران لە ساڵانی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە ڕیزی کتێبە پڕفرۆشەکاندا بووە.

زمان، ئەدەب و ناسنامە (هەتا ئێستا چوار جار لە کوردستان و دەرەوەی وڵات چاپ کراوەتەوە.)

ڕۆمان و ناسنامە بە کورمانجی (دوو جار چاپ کراوەتەوە)

جیهانی ڕۆمان (دوو جار چاپ کراوە)

گێڕانەوەناسی (دوو جار چاپ کراوە)

مێژوو بە ڕاوێژی ئەدەب (دوو جار چاپ کراوە)

هەرچی هەیە ڕاڤەیە، ٢٠٢١

فەرهەنگ و ڕزگاری، ٢٠٢٤

لە وەرگێڕدراوەکانی دکتۆر ئەحمەدزادە دەکرێ ئاماژە بەم بەرهەمانەی خوارەوە بکەین:

هونەری داستان

دەفتەری سوور

هیچ دۆستێک جگە لە چیاکان

کوردەکان و ئەوانی دیکەیان

کورد و کۆمەڵگەی مەدەنی

مێژوونووسیی کوردی و ڕەچەڵەکناسیی کورد

سەردانی پزیشکی تایبەت

دەیان وتاری ئەدەبی، ڕەخنەیی و تیۆریکی بە زمانەکانی ئینگلیسی، سوێدی، فارسی و کوردی بڵاو کردووەتەوە.

تازەترین بەرهەمەکانی بریتین لە دوو وتاری ئینگلیسی لەسەر ڕۆمانی مێژوویی و ڕۆمانی سیاسی

ئەدەبیات، تاراوگە و ناسنامە

پێناسە و تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی تاراوگە؟ ئایا تەنیا شوێنی نووسینی بەرهەمەکە، ئەدەبی تاراوگە دەستنیشان دەکات یا تایبەتمەندیی دیکەشی هەیە؟

وەڵام: نازم حیکمەتی شاعیر لە شیعری ‘تاراوگە’ی خۆیدا لە ساڵی ١٩٥٦ باس لە شۆفێری ئامبولانسێک دەکات کە بە گۆڕستانێکی جوولەکەکان لە پراگدا گوزەر دەکات و هاواری لێ بڵیند دەبێت کە ‘ئاخ گوڵم/ئاخ گوڵم/لە مەرگ خراپترە تاراوگە’. پرس ئەوەیە بەرهەمی نازم حیکمەتی شاعیر بە شیعری تاراوگە دادەندرێت یان ئاوارەییی ئەو لە تاراوگەی لە مەرگ خراپتر؟ نووسەری بەرهەمی ئەدەبیی واڵا دواجار نوێنەرایەتیی جۆرێک لە نامۆیی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا دەکات. گەر ئەدیبێک لە وەڵاتی خۆیدا دەرفەتی ئازادانەی خۆدەربڕینی نەبێت ئەو بۆ ئافراندنی بەرهەمی ئەدەبی ئەگەر بە جەستەش لە وەڵاتەکەی بێت، ئەوە بە هزر و بیر لە دونیای ئازادی زەینکردی خۆیدا دەژیت. ئەگەریش ڕۆژێک ناچار بێت لە دەرەوەی وەڵاتی خۆیدا بژیت، ئەوە هەمدیسان جەستەی لە دەرەوەیە و زەینی لە کۆڵانەکانی وەڵاتەکەیدا دەسووڕێتەوە. ئەدەبی تاراوگە/مەنفا/تەبعید/دوورەوەڵات بە پلەی یەکەم بەو ئەدەبە دەگوترێت کە لە دەرەوەی وەڵاتی نووسەرکەیدا بەرهەم هاتبێت. بەڵام دیالێکتیکی دوورکەوتنەوە لە وەڵات و بەرهەمهێنانی ئەدەبی، لانیکەم بۆ ئێمەی کورد، گرێدراوی بەرهەمهێنانی ئەدەبێکی بەرەنگاری و بەرخۆدانە لە دژی ئەو هێز و دەسەڵاتانەی بوونەتە هۆکاری تاراندنی بەشێک لە کوردەکان لە وەڵاتی خۆیان. کاتێک مرۆڤ وردتر سرنج دەداتە ئەم باسە، کۆمەڵێک کێشەی پێناسەیی لێ قوت دەبێتەوە کە ڕێ لەبەردەم ساکارکردنەوەی سنوورەکانی ناساندنی چەمکەکە دەگرێت. ئایا دیاسپۆرای کورد دیاردەیەکی مۆدێرنی گرێدراوی هاتنە کایەی دەوڵەت نەتەوە تازەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەمە؟ یاخود دەگەڕێتەوە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکان و بۆ نموونە ڕاگواستنی کوردەکان بۆ خۆراسان و گیلان لەسەر دەستی سەفەوییەکان و قاجارەکان؟ ئایا کوردانی دانیشتووی پێتەختەکانی دەوڵەت نەتەوە تازەکان، بۆ نموونە، ئەستەمبوڵ، شام، بەغدا و تاران بە کوردانی تاراوگە دەژمێردرێن؟ هەر کام لەو پێناسانە لێکەوتەی سیاسی و فەرهەنگیی تایبەتی خۆی هەیە.

لێرەدا بۆ سنووردارکردنی باسەکەمان دیاسپۆرای کورد بەو کۆمەڵە کوردانە دەڵێین کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا و دەکرێ بڵێین لە پەنجاکانی سەدەی ڕابرووەوە بە هۆکاری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی نیشتەجێی وەڵاتانی ئەورووپایی و ڕۆژاوایی بوونە. بەڵام وەک دەزانین ئەم ڕەوتە هەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە لەئارادا بووە و یەکەم جموجۆڵەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەگەڕێتەوە سەر چالاکییە ڕووناکبیرییەکانی نوخبەی کوردی لە ئەستەمبوڵی پێتەختی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. کە باس لە دیاسپۆرای کورد لە ئێستادا دەکەین، هەمدیسان ڕەنگە بە پلەی یەکەم پشکی شێر وەبەر کوردانی باکووری کوردستان بکەوێت و دوای کوردانی باشووری کوردستان نۆرە و پلە بگاتە کوردانی ڕۆژهەڵات و بەم دوایی‌یانەش کوردانی ڕۆژاوای کوردستان. بەم جۆرە ئەدەبی بەرهەمهاتوو لە لایەن نووسەران و شاعیرانی سەر بەم کۆمەڵە کوردانە دەچێتە خانەی ئەدەبی تاراوگەوە. لێرەدا پرسی زمانیش دێتە ئاراوە. گەلۆ دەبێ زمانی ئەم بەرهەمانە کوردی بێت یان زمانی وەڵاتی خانەخوێ؟ ئەگەر لەم لایەنە تەکنیکییانە بگوزەرێین عەقڵی سەلیم و بەشێک لە پێناسە هزرییە تیۆریکەکان ئەدەبیاتی بەرهەمهاتوو لەنێو ئەم کۆمەڵە کوردە دیاسپۆراییانەدا بە ئەدەبی تاراوگە دەناسێنێت. ئەی باشە ئەمە بە میلیۆنان کۆمەڵگەی تورکی، چینی، ویەتنامی و خەڵکانی سەر بە گەل و نەتەوەگەلی دیکەش دەگرێتەوە؟ بۆ هەر لایەنێکی ئەم فاکتەرانە دەکرێ مرۆڤ باسێکی تێروتەسەل ئاراستە بکات. دیسانەوە لێرەدا ئێمە باس لە ئەدەبێکی بەرهەمهاتووی کوردی دەکەین کە نەکراوە و نەهێشتراوە لە کوردستان بەرهەم بێت. دیارە ئەدەبێکی لەم چەشنە بە شێوەیەکی زەق سیاسییە و تەنانەت ئەگەر لەبەر پێوەری ئەدەبی و جوانیناسانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش ئاراستە بکرێت هەر ئامانجی سیاسیی لەپشتە و دەکەوێتە خانەی هەوڵی مرۆڤی کورد بۆ ڕزگاری. ئەدەبێک کە مۆرکی وەڵاتی ونبووی پێوە دیارە و حەسرەتی گەڕانەوە بۆ ئەم وەڵاتە تێیدا پەنگ دەخواتەوە.    

ئەگەر بەرهەمێک تایبەتمەندیی ئەدەبی تاراوگەی نەبێ، بەڵام لە تاراوگە بنووسرێ، چۆن پێناسە دەکرێ؟

وەڵام: هیچ جۆرەیەکی ئەدەبی، پێناسەیەکی هێندە دیاریکراو و بەرتەسککەرەوەی نییە کە دەرفەتی لادانی لە سنوورەکانی خۆی نەبێت. خۆ ئەگەر پێناسەکان ئاوا بکەن، ئەوە هونەر هەر بەرهەم نایەت. بەرهەمی ئەدەبی دواجار شتێک نییە جگە لە ئافرێندراوێکی زەینی کە لەبەردەم بێ‌ئەژمار خوێندنەوەدا کراوەیە. چیرۆکی ماریای نابەکۆڤ بە ڕواڵەت چیرۆکی ژیاننامەییی ئەوە، بەڵام لە هەناوی خۆیدا ڕاڤەیەک بە پانتایی چارەنووسی دەربەدەریی یەکەم شەپۆلی ڕووسە ئاوارەبووەکانی دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر هەڵ دەگرێت. پاڵەوانی چیرۆکەکە سەرەڕای چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ گەیشتنی دەزگیرانەکەی، واتە ماریا، لە ساتەوەختی گەیشتنی ئەو بۆ وێستگەی شەمەندەفەر، پشتی تێ دەکات و نایەوێت بیبینێت. ئایا ئەمە دەستپێکی باوەڕهێنان بە ئاوارەیی‌یەکی ناچاری و ونکردنی وەڵات نییە؟ ئایا ئەوە دەستپێکی دۆزەخی تاراوگە نییە؟ بەم جۆرە دەکرێ بڵێین جگە لە شوێنی بەرهەمهاتن دیسانەوە ئەوە دەبێ ئەدەبییەتی ئەدەب بێت کە شانازیی ناونانی نووسێنێک بە نووسینی ئەدەبی ببەخشێت. سەرەڕای ئەمەش ڕەنگە جۆرێک لە تێمای دووپاتبووەوە لە ئەدەبی تاراوگەدا وەک خاڵێکی سەرەکیی جیاکەرەوەی ئەم ئەدەبە لە ئەدەبی ناوخۆ بێت. ئەویش بەداخەوە تێمای مەرگە. لە زۆر ڕۆمانی تاراوگەیی هەموو نەتەوەکاندا، یان باشترە بڵێم لە زۆر ڕۆمان کە باس لە کۆچبەری و تاراوگە دەکەن، تێمایەکی هەردەم ئامادە مەرگە. بڕوانە ڕۆمانی چواربەرگیی ڤیلهێلم مووبەریی سوێدی لەسەر کۆچبەرانی سوێد بۆ ئامریکا لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمدا. چارەنووسی تاڵی کریستینای جوان و دووگیان لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا کۆتایی بە هەموو نەهامەتییەکانی ژیانی دێنێت، ئەم چارەنووسەش شتێک نییە جگە لە مەرگ. لە ڕۆمانی کوردییشدا ئەم تێمایە نموونەی بەرچاوی هەیە. ڕۆمانی کۆمەڵە شاخێ بەرز و …ی کەریم دانشیار و کووژرانی هەناری کچ بە دەست فەخرەی باوک، هەمدیسان دووپاتبوونەوەی پارادایمی تراژێدیای مەرگە لە ژیانی تاراوگەییدا. لەبیرمان بێت فەخرە ڕۆژگارێک پێشمەرگە بووە و بۆ ئازادیی وەڵاتەکەی شەڕی کردووە و ئێستا لەگەڵ هەناری کچی پەنابەرە لە شارێکی ئالمان. دوای چەند ساڵیک ژیانی ئارام و هیواداریی بە داهاتوویەکی ڕوون، فەخرە تەقە لە تفەنگێک دێنێت و ئەم جارەیان نەک دووژمن بەڵکوو کچەکەی خۆی دەنگێوێت. ئاخر هەنار پشتی دە نەریتی کوردەواری کردووە و دۆستی کوڕی ئالمانیی هەیە. ڕاوەماسیی فازل کەریم ئەحمەدیش هەر تێمایەکی ئاوا ناهومێدانەی لێ دەبارێت. لە ئاستی جیهانیدا نووسەرێکی ئوتریشی بە ناوی ستێفان زوینگ کە لەدەست نازیسمی هیتلێر ناچار دەبێت وەڵاتی خۆی بەجێ بێڵێت و لە وەڵاتی بڕازیل بگیرسێتەوە، هەم وەک بەرهەمی ئەدەبی و هەم وەک ژیانی تاکەکەسی نموونەیەکی هەرە ناسراوی ئەدەبی نووسەرێکی دوورخراوە لە وەڵاتی خۆیەتی. زوینگ ساڵی ١٩٤٢ لەگەڵ ژنەکەی خۆیان دەکووژن. لە ڕۆمانەکەشیدا کە تەنێ چەند مانگ بەر لە خۆکوژییەکەی بڵاوی کردەوە بە ناوی گەمەی شایانە، ئێمە لەگەڵ کاراکتەرێکی غەریبە ڕووبەڕوو دەبینەوە کە لە لە ژوورە تاکەکەسی و بێ‌پەنجەرەکەی خۆیدا خەریکی یاریی شەترنجە لەگەڵ خۆیدا. لەخۆڕا نییە کە سەلمان ڕووشدی و پۆل وایت لە ناساندنی ئەدەبی کۆچبەری/تاراوگەدا باس لەوە دەکەن کە زۆر جاران کۆچ وەک خوازەیەک بۆ مەرگ بەکار دێت و مرۆڤی کۆچبەر تژییە لە دڕدۆنگی و دوودڵی. هەڵبەت، لەبیرمان نەچێت ئامادەیی تێمای مەرگ لە باسی ژیانی کۆچبەریدا پێویست ناکات تەنێ لەلایەن نووسەری تاراوگەیی‌یەوە بنووسرێت. ئەم کارە دەکرێت لەلایەن نووسەری ناوخۆیشەوە بنووسرێت. بڕوانە بەسەرهاتی کۆچبەرانی ڕۆمانی هێشووەکانی تووڕەییی جان ستێین بێک یان ڕۆمانی کاتی چڕینی ئاوازی داری ستراتیس هاڤیاراس، یاخود ڕۆمانەکەی ڤیلهێلم مووبەریی سوێدی بە ناوی کۆچبەران.

یەک شت کە دەبێ لێرەدا جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە دەبێ تاراوگەی کوردی هەڵگری تۆوە دیاریکراوەکانی پێناسەی تاراوگە/دیاسپۆرا بێت هەتا بەرهەمە ئەدەبییەکەشی بە ئەدەبی تاراوگە دابندرێت. سێ تۆوی سەرەکیی پێناسەی جەماوەرێک بە جەماوەری دیاسپۆرایی، بەو جۆرەی کە ویلیام سافران دەستنیشانی دەکات، بریتین لە: ١. بە هۆکارگەلی جیاوازی ئێتنیکی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسی ناچار کرابن وەڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن و لە شوێنێکی دیکە نیشتەجێ بن. ٢. دەورەیەکی بەرچاو لە ژیانی ئەم جەماوەرە لە دەرەوەی وەڵات تێپەڕ بووبێت و ئەوان لە پاراستنی تایبەتمەندییە زمانی و نەتەویی‌یەکانی خۆیاندا شێلگیر بووبن. ٣. ئیرادە و ویستی گەڕانەوە بۆ وەڵاتی سەرەکیی خۆیانیان تێدا هەبێت.   

 ئەدەبی تاراوگەی کوردی لە کەیەوە دەست پێ دەکات؟

تۆ بڵێی لەو قەسیدەیەوە دەست پێ نەکات کە نالی لە شامەوە بۆ سالمی دەنێرێت و خۆی بە قوربانی تۆزی ڕێگای بادی خۆش مروور دەکات؟ نا، لەوێوە دەست پێ ناکات. ئاخر خۆ ئەم شیعرە لە کاتی خۆیدا وەک کتێب چاپ نەکراوە. تۆ بڵێی لە دەستنووسە مێژوویی‌یە ونبووەکەی مەلا مەحموودی بایەزیدییەوە کە بۆ ئەلێکساندر ژابای دەنووسێت و قەرار بوو لە سەنت پیترزبۆرگ چاپ بکرێت، دەستی پێ نەکردبێت؟ نا، لەوێشەوە دەست پێ ناکات. ئاخر ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم دەستنووسە سەروشوێنی نەدۆزراوەتەوە. بۆیە دەبێ چاوەڕوانی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستانی بەدرخانییەکان بین لە قاهیرە و چاومان بە دیداری بەشگەلێک لە مەم و زینی خانیی بەچاپکراوی ڕوون ببێتەوە و بڵێین فەرموو ئەمەش ئەدەبی تاراوگەی کورد. بۆ نا؟ تۆزێک سەیرە، بەس شتی سەیر لە مێژووی ئێمەدا زۆرە. ئەمەش با یەکێک بێت لە وان. گەلۆ ناکرێت پەنا بۆ ڕۆژنامەکانی ڕۆژی کورد و هەتاوی کورد لە ساڵانی بەر لە شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئەستەمبۆل بەرین و بۆ نموونە یەکەم چیرۆکی کوردیی فوئاد تەمۆ بە بەرهەمی ئەدەبی دیاسپۆرایی دانەنێین و لە کەسایەتیی شەوێشی هەتیودا چاڕەڕەشی و دەربەدەریی کوردان وێنا نەکەین؟ ئەی لەگەڵ هاوار و ڕووناهی و ڕۆژا نووی میر جەلادەت و کاموران بەدرخان لە شامی سییەکانی سەدەی بیستەمدا ناکرێت قۆناغێکی دیکەی ئەدەبی دیاسپۆرامان هەبووبێت؟ باشە بۆ پەنا نەبەینە بەر ڕۆماننووسانی کوردی ئێزیدی کە لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە لەدەست هەڕەشەی عوسمانی و تەنانەت کوردە موسوڵمانەکان پەنایان بۆ ڕووسییە بردبوو؟ ئەوانیش بە جۆرێک دەکرێت وەک ئەدەبی دیاسپۆرای کوردی دەژمێر بێن. ئەگەرچی هەڵگری سەرەکیترین تایبەتمەندیی دیاسپۆرا نەبوون کە ئەویش بریتییە لە ئیرادە و ئاواتی گەڕانەوە بۆ وەڵاتی خۆیان واتە کوردستان. گەلۆ ڕۆژنامەی ڕیا تەزە (Riya Teze) کە لەنێوان ساڵانی ١٩٣٠ هەتا ٢٠٠٣دا لە سۆڤیەتی پێشوو بە ئەلفبێی لاتین، ئەرمەنی و کریلیک ٤٨٠٠ ژمارەی لێ بڵاو بووەوە، بەشێک نییە لە میراتی ئەدەبیی ڕۆژنامەگەری و بەرهەمی تاراوگەی کوردی؟ یان لەو چەند دەیەی ڕابردوودا بەرهەمەکانی دەیان ڕۆماننووسی کورد، بۆ نموونە، مەمەد ئوزون، فیرات جەوەری، حەسەنێ مەتێ، یاکوب تیلەرمەنی، حەلیم یوسف و جان دۆست درێژەی هەمان ڕێچکەی گێڕانەوەی کوردی لە یەرەڤانی ئەرمەنیا نین؟

وەک دەبینین دەکرێ قۆناغگەلی جیاواز بۆ بەرهەمی ئەدەبیی کوردیی لە تاراوگە دەستنیشان بکرێت. ئەمەش دیسانەوە تایبەتمەندییەکی تاراوگەی کوردییە کە کۆمەڵێک پێناسەی جیاواز لە سەردەمی جیاوازدا هەڵ دەگرێت.     

قەبارەی ئەدەبی تاراوگە بەراوەرد بە کۆی ئەدەبی کوردی چەندەیە؟

وەڵام: هەتا سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی بیستەم کە تێیدا باشووری کوردستان لەژێر دیکتاتۆرییەتی سەددام حوسێن ڕزگار دەبێت، ئەدەبی بەرهەمهاتوو لە تاراوگە شوێنپێیەکی گرنگی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا هەبوو. دوای ئەم ڕێکەوتە ئەوە چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ناوخۆی بەشێک لە وەڵات خێرایی و قەبارەیەکی بێپێشینە بەخۆیەوە دەبینێت و وەپێش ئەدەبی تاراوگە دەکەوێتەوە. هەڵبەت لە سێ دەیەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب لە ئێران، تورکیا و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانیش پێشكەوتێکی بەرچاوە بە خۆیەوە دەبینێت و لەم ساڵانەی ڕابردووشدا شوێنەواری چاپی کتێب لە ڕۆژاوای کوردستانیش دێتە سەر خەرمانی ئەدەبی کوردییەوە. بەم جۆرە دەکرێ لە ئێستادا بڵێین کە قورساییی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە نێوخۆی وەڵاتدایە، هەرچەند هێشتا چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە دیاسپۆراش، بۆ نموونە لە وەڵاتانی وەک سوێد و ئاڵمان، ئاشی لە گەڕاندایە و بەرهەمی بەپێز چاپ و بڵاو دەبێتەوە. 

بەرهەمی وەکوو “ناڵەی جودایی”ی مامۆستا هێمن توخمی سەرەکیی ئەدەبی تاراوگەی هەیە، بەڵام لە پارچەیەکی تری کوردستان نووسراوە، ئەو جۆرە بەرهەمە چۆن پێناسە دەکەن؟!

وەڵام: هەندێک دەڵێن مامۆستا هێمن ئەم شیعرەی لە بەغدا نووسیوە. ئەگەر ئەم گریمانەیە ڕاستیش نەبێت و لە باشوور نووسرابێت ئەوە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ناسنامەی کوردی، ناسنامەیەکی ئاڵۆزە و دابەشبوونی جوگرافیای کوردستان، پێکهاتن و دابەشبوونی وردە ناسنامەشی لێ کەوتووەتەوە. کاتێک لە چارەنووسی ئاوارە سیاسییەکانی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان دەڕوانین و بەتایبەت سرنج دەدەینە باشووری کوردستان و هەڵسوکەوتی تەیارە سیاسییەکانی کورد لەگەڵ یەکتر و بەشەکانی دیکەی کوردستان، بۆمان دەر دەکەوێت کە چۆن ئەم ئاڵۆزییە سیاسییە دەتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەدەبیشی هەبێت. ئەمە لەسەر مامۆستا هەژاریش، هەڵبەت بە شێواز و لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، تەواو ڕاستە. بەڵام بەرزیی شیعرییەتی ناڵەی جودایی ئەوەندەیە کە مرۆڤ بە حەدیسی نەفسی هەموو کوردانی دابنێت کە ئاواتی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ نیشتمانی خۆیانیان هەیە.

قەدەغەبوونی زمانی کوردی یان نەخوێندنی زمانی کوردی لەسەر خاکی کوردستان چ کارتێکەرییەکی لەسەر ئەدەبی تاراوگە بووە؟!

وەڵام: کارتێکەرییەکی یەکجار زۆری هەبووە. ئەگەر تاراوگە نەبوایە، بێبەشیی کوردان لە مافی خوێندن بە زمانی خۆیان دەیتوانی ببێتە هۆکاری فەوتانی ئەم زمانە بەتەواوی. سرنج بدەینە سیستەمی تواندنەوەی زمانی لە باکووری کوردستان و بێنینە بەرچاوی خۆمان کە بەدرخانییەکانی کۆتاییی سەدەی بیستەم و دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم و نووسەرانی تاراوگەی کوردیی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم نەبوایەن، لە تورکیا و باکووری کوردستان هەلومەرج لەوەی کە هەشە خراپتر دەبوو. جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژەیەک بە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیی بەختیار عەلی بکەم کە لەو پەڕی وێناسازی و خەیاڵدا بەسەرهاتی سیاسەتی زمانکووژیی لە باکووری کوردستاندا کردووەتە بابەتی سەرەکیی خۆی.

ئەدەبی تاراوگەی کورد و ئەدەبیاتی ناوخۆی کوردستان چەندە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە؟

وەڵام: کەس ناتوانێت حاشا لە کارتێکەریی شیعری پەشێوی شاعیر لەسەر ئەدەبی کوردی و نەستی کوردی بکات. ئەو شاعیرەی شەو نەبووە خەون بە وەڵاتەکەیەوە نەبینێت، بێگومان وەڵات لەبەر چاوی هاووەڵاتییەکانی شیرینتر لە هەمیشە دەکات و باندۆڕی لەسەر ڕەوتی شیعری نوێی کوردی دەبێت. بەڵام خۆ خودی پەشێویش بەدوور نییە لە کارتێکەریی شیعری نێوخۆی کوردستان. نموونەی پەشێو دەکرێت لە زۆر شاعیری دیکەشدا سۆراغ بکرێت. بەختیار عەلی کە بە شێوەیەک نووسەری تاراوگەیە و بەردەوام لەنێوان وەڵات و تاراوگەدا لە هاتوچۆدایە، هەم کارتێکەریی لەسەر وەچەیەکی نووسەرانی کورد هەبووە و هەمیش کارتێکەریی وەرگرتووە. ئەگەر نووسەرانی هەردووک بەرە بەرهەمی یەکتر بخوێننەوە، بێگومان دەکەونە ژێر کارتێکەریی یەکتر. کاڵبوونەوەی سنوورەکانی تاراوگە و ناوخۆ بە هۆکاری تەکنۆلۆژیای ئەم سەردەمە زۆر زیاتر لە جاران تێکەڵاویی و کارلێکی ئەدەبیی لەنێوان دەرەوە و ناوەوە لێ دەکەوێتەوە.    

ئەو بەرهەمانەی نووسەرانی کورد لە تاراوگە بە زمانی دیکە نووسیویانن، دەچێتە خانەی ئەدەبیاتی تاراوگەوە؟

وەڵام: ئەمەش پرسیارە هەردەم ئامادە و دووپاتبووەوەکەی ئەدەبی کوردییە کە نازانێت لەگەڵ ئیبراهیمی یونێسی و سەلیم بەرەکات و یاشار کەمال و محیەددین زەنگەنە چی بکات کە بە زمانگەلی دیکە دەنووسن. وەڵامە کلاسیکەکەش هەر ئەوەیە: مادام ئەوان باسی کورد دەکەن بەرهەمەکانیان دەچێتە خانەی جۆرێک لە ئەدەبی کوردییەوە. یاخود چونکە بە کوردی نانووسن، فڕیان بەسەر ئەدەبی کوردییەوە نییە. ئەم وەڵامانە هەردووکیان کێشەیان هەیە و دەبێ مرۆڤ بڕێک وردتر و هەمەلایەنەتر لەم بابەتە بڕوانێت. مرۆڤی ڕەخنەگر هەرگیز فریوی وەڵامە لە قالبدراوەکان ناخوات و لە گەڕان بەشوێن بنجوبنەوان و تایبەتمەندییە پێشتر نەبووەکان ماندوو نابێت. دەکرێ مرۆڤ بیر لە دیاردەی ئەدەبی کوردی بە زمانی غەیری کوردی بکاتەوە. لە نیگای یەکەمدا ئەم دەربڕینە هەڵگری کۆنتراستێکە لە هەناوی خۆیدا. بەڵام کە سەیری پێوەندیی زمان و ئەدەبی دیاریکراوی نەتەوەیی دەکەینەوە، شەرت نییە یەک زمان تەنێ یەک ئەدەبیاتی لێ بکەوێتەوە. ئەدەبی ئینگلیسیی ئەمریکی و بریتانیایی وەک میسیۆن دوو ئەدەبی جیاوازن، ئەگەرچی هەردووک بە زمانی ئینگلیسیین. ڕەنگە سەربەخۆیی ئامریکا ئەوەندەی دەینداری سیاسەتە هەر ئەوەندەش دەینداری ئەدەبی ئەمریکایی بێت کە بێگومان بە زمانی ئینگلیسی نووسراوە. ئەمە دیالێکتیکێکی ئاڵۆزە و دەکرێ مرۆڤ زیاتر سرنجی بداتێ و لە لێکەوتە ناسنامەسازەکانی ورد بێتەوە. دیاردەی زمان و ناسنامە و کوێیبوونی نووسەر و هەڵبژاردنی زمانێک کە پێی دەنووسێت زۆر باڵکێشە. بۆ نموونە ئەدەبی دژە کۆلۆنیالیی ئەفریقییەکان بە زمانی ئینگلیسی و فەڕەنسی و سپانیۆلی دەچێتە چ خانەیەکی نەتەوەیی‌یەوە؟ ئەمە لەسەر زۆر نووسەری ئەفریقی، بۆ نموونە جزایری و تونیسی کە بە زمانی فەڕەنسی دەنووسن، ڕاستە. مادام کەسانی وەک یونێسی و بەرەکات و کەمال خۆیان بە کورد دەزانن، ئەوە ئیتر زۆر زەحمەت نییە بڵێی بەرهەمەکانیان بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەنگدانەوەی جیهانیی کوردیی ئەوانە. گەلۆ دەکرێت و ڕەوایە مرۆڤ ئەدەبی کوردی لە ئینجە مەمەد و یارباقی دیدار باقی و کۆیلەکانی شەنگال بێبەش بکات؟ هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی بەرچاوی زمان لە بەرهەمهێانی ئەدەبیدا و ئەو ڕاستییە کە لە هەلومەرجی دیاریکراوی کورداندا زمان ڕۆڵێکی بڕیاردەری هەیە، مرۆڤ دەتوانێت لە دڕدۆنگیی کەسانێک لە بەرانبەر ئەم نووسەرانەدا تێ بگات. گرنگە ئێمە لە پانتاییی ئەدەبی کوردیدا چۆن دەڕوانینە بەرهەمی ئەم جۆرە نووسەرانە کە لەبەر زۆر هۆکار نەیانتوانیوە بە کوردی بنووسن، بەڵام کوردیان بە جیهان ناساندووە. بە باوەڕی من کۆیلەکانی شەنگالی سەلیم بەرەکات زیاتر لە هەر بەرهەمێکی ئەدەبیی کوردی توانیوێتی پەردە لەسەر جینایەتی دەوڵەتی ئیسلامی هەڵگرێت لەسەر ئەو تاوانەی دەرحەق بە گەلی کوردی ئێزیدی کرا. حەمەدۆکی یاشار کەمالیش لەو یاسایە لا نادات و هەزار ساڵی تورکانی شۆڤینیست حاشا لە کوردان بکەن، ئەوە هەبوونی کوردان لە وەڵاتی خۆیان بە هۆی ئەم ڕۆمانەوە سەلمێندراوە. مرۆڤ دەکرێت پرسیار بکات گەلۆ کامە ڕۆمانی کوردی دەتوانێت شان لە شانی ڕۆمانەکەی ئیبراهیم یۆنسی بدات لە بەمێژووییکردنی بەسەرهاتی بنەماڵەی موعینییەکاندا؟

ئاخۆ ئەدەبیاتی کوردانی خۆراسان وەک ئەدەبی تاراوگە دێتە ئەژمار؟

وەڵام: بۆ نا؟ بەڵام ئایا کۆمەڵگەی کوردانی خۆراسان هێشتاش تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیاسپۆرایی‌یان تێدا هەیە؟ ئایا ئەوان بەڕاستی دەیانەوێت بگەڕێنەوە کوردستان؟ ئایا شتی ئاوا هەر دەکرێت؟ بە باوەڕی من نا. ئەوان ئیتر لەوێ نیشتەجێ بوونە و ڕەنگە هەر ئەوەی کە توانیویانە تایبەتمەندییە زمانی و فەرهەنگییەکانی خۆیان تا ڕادەیەکی زۆر بپارێزن شایانی ڕێز و بەسەرکردنەوە بن. ئەوان ئیتر نیشتەجێی خۆراسانن و دەکرێ مرۆڤ بیر لە مافە زمانی و نەتەویی‌یەکانیان بکاتەوە لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان.

ئەدەبیات و شوناس دوانەی لێکدانەبڕاون، ئەدەبیاتی تاراوگە چ کارتێکەرییەکی لەسەر شوناسی نەتەوەی کورد هەبووە؟!

وەڵام: ڕاستییەکەی ئەوەیە ناکرێت ڕادەی کارتێکەریی بەرهەمی ئەدەبی لە خەمڵاندن و داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو (ئۆبجێکتیڤ) ئەندازە بگیرێت. ئەگەر گریمانەی کاریگەریی ئەدەب لە ئافراندن و سازکردنی ناسنامەی نەتەوەیی دروست بێت، کە بە باوەڕی من دروستە، ئەوە بەشداریی کارای ئەدەبیاتە لە داڕشتن و ئاراستەکردنی گوتارێکی بەربڵاو کە تێیدا زەینی خوێنەران دەکەوێتە ژێر باندۆڕی ئەم گوتارە و ئاکامەکەی دەبێت بە سازبوونی ناسنامەیەکی جیاواز لە ئەوانی دیکەی ئەو ناسنامە سازکراوەیە. بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی کورتی دیاسپۆرای کورد لە سەردەمی نوێدا ئەستەمە مرۆڤ بتوانێت ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە بەرهەمگەلێکی ئەدەبی بکات کە پاڵنەری سازبوونی ناسنامەی نەتەوەیی کوردی بووبن. لەبیرمان نەچێت کە هەتا بەرهەمگەلی ئەدەبی لە ڕەوتێکی دیاریکراودا نەبن بە گوتارێکی ناسنامەساز، ناکرێت لە ئامادەبوونی ئەدەبیاتی تاراوگەی کوردی لەم ڕەوتەدا قسە بکەین. من دەزانم دەیان ڕۆمانی کوردی، بەتایبەتی کورمانجی، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە دیاسپۆرا چاپ بوونە. بەڵام نازانم ئەم ڕۆمانانە چەندە خوێندراونەوە و چەندە کاریگەر بوونە لەسەر سازبوونی ناسنامەی نەتەوەیی کوردی لانیکەم لە بەشێکی کوردستاندا. بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێ لێکدانەوەی جیهانی ئەم گێڕانەوانە یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە هەلومەرجی زەین و سووژەی کورد و گۆڕانکارییەکانی لە ڕەوتێکی مێژووییدا. بە واتایەکی دیکە بەرهەمی ئەدەبی دەتوانێت بۆخۆی ئەو بەستێن و گوتارە بێت کە تێیدا ڕەوتی وەبەریەککەوتنی ناسنامەکان نیشان بدرێت و چەمکەکانی ژین سیاسەت و ژین هێز ئامادەیی خۆیان لە گۆڕەپانی سازکردنی زەینییەتی کوردیدا دەر بخەن. کاتێک دەڵێین نەتەوە دواجار بریتییە لە زەینییەت و ئیرادەیەکی هاوبەش، ئەوە بێگومان ئەدەبیات و گێڕانەوەی ئەدەبی پشکی شێری لە بیچمپێدانی ئەم زەینییەتە بەر دەکەوێت. ئەدەبی تاراوگەش لەو پڕەنسیپە بەدوور نییە.

هەندێک بەرهەمی گێڕانەوەی ئەدەبی لە فۆڕمی بیرەوەریدا کارتێکەرییەکی بەرچاویان لە خۆناسینی کوردەکان لە تاراوگەدا هەبووە. کوردبوونی کاپیتان حەمەدی مەولوودی، سێبەری قەلەبەرد لەسەر ئاڵمانە و تاڵەسواری مەلەکە مستەفا سوڵتانی، مانای ژیانمی کوبرا عەزیمی، دەچمەوە سابڵاغی شیلانی حەسەنپوور و هتد. لێکدانەوەی ئەم دەقانە دەتوانێت یارمەتیدەری تێگەیشتن لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەی کورد بێت بۆ سەقامگیرکردنی جۆرێک لە سەروەریی سیاسی لە چەند دەیەی ڕابردوودا. ئەو ڕاستییە کە ئێستا ئیتر بەرهەمگەلی چاپکراو لە دیاسپۆرای کوردی بە هاسانی لە ناوخۆی وەڵاتیش بە چاپکراوی یان بە پی دی ئێف دەتوانن بەردەست بن، سنوورەکانی ئەدەبی تاراوگە و ناوخۆ زۆر کاڵ دەکاتەوە. هەر بۆیە زۆر گرنگە لە پێناسەی چەمکییانەی ئەدەبی تاراوگە و ناوخۆدا زیاتر لە جاران هەستیار بین.  

ئێمە لە تاراوگە نەوەی سێمان هەیە، ئەدەبی تاراوگە چ کارتێکەرییەکی لەسەر شوناسی کوردانی تاراوگە داناوە؟!

وەڵام: ئەزموونی زۆر کۆمەڵی دیاسپۆرایی نیشانی داوە کە لە جیلی سێهەم و چوارەمەوە هێدی هێدی دیاردەی ئاوارەیی ئەو گڕوتینەی نامێنێت کە جیلی یەکەم و دووهەم هەیانبووە. جیلی سێهەم و چوارەم لە باری زمانی و شێوازی ژیانەوە سەرقاڵی پرسگەلێکی دیکە دەبێت. دیاسپۆرای بەهێزی سوێدییەکان لە ئامریکا هیچ ئاسەوارێکی نەماوە. ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا بۆ نموونە لە مینێسوتای ئامریکا خەڵکانێک دەژین کە چەند جیل لەوە پێشتر بە زمانی سوێدی ڕۆژنامەیان دەر دەکرد و لە کەنیسەکانی خۆیاندا بە سوێدی عیبادەتیان دەکرد. هۆکاری ئەم دیاردەیە تەنێ پرسی جیل و نەوەی سێهەم و چەندەم نییە. ئەگەر دیاسپۆرای یەهوودی، ئەرمەنی، یۆنانی و ئیرلەندی لەبەرچاو بگرین، دەبینین کە هێشتا ئەم کۆمەڵە دیاسپۆرایی‌یانە بە جۆرێک برەویان هەیە و وەک جۆرێک لە لۆبی بۆ وەڵاتەکانی خۆیان تێدەکۆشن. من گومانم نییە کە پرسی ئەدەب و زمان لە نێویاندا هێشتا باوی ماوە و گرنگیی پێ دەدرێت. ئەمە لە کاتێکدایە دیاسپۆرای کوردی لە باری زمانی و داهێنانی ئەدەبییەوە هەر لە جیلی دووهەمەوە تووشی جۆرێک لە شەکەتیی بووە. ئەگەرچی ئەم بوارە پێویستیی بە لێکۆلینەوەی ورد هەیە، بەڵام ئاماژەکان زۆرن بۆ ئەوەی ماندوویی کۆمەڵی دیاسپۆرایی کوردی لە وەڵاتانی ڕۆژاواییدا بە سانایی ببینین. چاو لە ژمارەی ئەو کوردانەی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەدەبین، بکەین و بزانین لە چ ڕەوشێکداین. من نامەوێت لێرە تۆزی خەم بەبا بکەم و بە ڕەشبینییەوە بڕوانمە هەلومەرجەکە. بەڵام ناتوانم غەمبار نەبم، کاتێک بەشی کوردیی ڕادیۆ سوێد دادەخرێت دەنگ لە ئاسنەوە بێت، دەنگ لە کۆمەڵگەی کوردیی سوێدییەوە نایە. ناتوانم غەمبار نەبم کە ژمارەی بینەرانی گرتەیەکی گرنگی زمانی و ئەدەبی لە سۆسیال مێدیادا بە زەحمەت دەگاتە ٢٠٠ کەس. ناتوانم غەمبار نەبم کە ژمارەی چاپی کتێبی کوردی لە دەرەوەی وەڵات بە زەحمەت دەگاتە ١٠٠ دانە. تێبینییەکانی خۆم لەم بارەیەوە نیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کتێبخانەکانی سوێد کتێبی کوردی وەردەگرن هێندە کەمە، کە کتێبخانەکان ئیتر بەدەگمەن کتێبی کوردی دەکڕن. ژمارەی ئەو مناڵانەی دەچنە خوێندنگە و زمانی کوردی دەخوێنن، هێندە کەمە مرۆڤ تووشی خەمۆکی دەبێت. ژمارەی ئەو کەسانەی گرنگی بە زمانی کوردییەوە دەدەن و لە ئاستی باڵادا دەیخوێنن هەمدیسان هیوابەخش نییە. ئەمە لە کاتێکدایە دەرەتانی تایبەت بۆ ئەم کارانە لە وەڵاتی سوێد بەتەواوی بەردەستە. جا ئەگەر ئێستا ئاوا بێت، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە نەوەی سێهەم و چوارەم چۆن دەبن. ئەگەر بێتوو تێکەڵاوییەکی بەرچاو لەنێوان کۆمەڵی دیاسپۆرای کوردی و وەڵاتەکەیاندا نەبێت، ئەوە ئەستەمە باوەڕ بکەین کە ئەوان بتوانن لە چەند دەیەی داهاتوودا زمان و ناسنامەی خۆیان بپارێزن. ئەمەش پرسێکە سرنجی تایبەت و تێگەیشتنی هەمەلایەنەی دەوێت.    

ئەدەبیاتی دیاسپۆرا چۆن یارمەتیی پاراستنی شوناسی کولتووریی نەتەوە بندەستەکان دەدات؟

وەڵام: ناباکۆڤ و سۆلژێنیتسین کاتی خۆی بوون بە دەنگی ئەدەبیانەی هاواری دژە تۆتالیتاریستی لە یەکییەتیی سۆڤیەتیی پێشوودا. ئەوان بە داهێنانی ئەدەبی، سنوورەکانی جیهانیان خستە ژێر کارتێکەریی جیهانە خەیاڵییەکانی گێڕانەوەکانیان. جەیمز جۆیسی ئیرلەندی لە پاریس دابلین دەکاتە ئەو شارەی کە هەموو جیهانی پێوە سەرقاڵ بکات و جۆیسناسیی ببێتە جۆرێک لە دیسیپلینی ئەدەبی. ئەگەر لە سەردەمی کلاسیکدا دانتێ لە زەمهەریری دوورەوەڵاتیدا توانیی بە کۆمێدی ئیلاهییەکەی نەک هەر مانا بە بوونی خۆی بدات، بەڵکوو زمانی دواڕۆژی نەتەوەکەشی بئافرێنێت ئەوە لە باری هزری و تیۆرییەوە ئەو ئیمکانەی بۆ هەمیشە زیندوو ڕاگرتووە کە پەڕجوو تەنێ کاری نێردراوانی خودا نییە و ئەدیبانیش دەتوانن بە پەرجووی ئەدەب ناسنامە و بوونی نەتەوەکانیان بپارێزن. ڕەنگە ڕێک لێرەدا بێت کە هەست بکەین بەرهەمی ئەدەبیی سەرکەوتوو چۆن لایەنی جیهانی و ناوچەیی لێک گرێ دەدات و دابلینی جۆیس دەبێت بە شاری هەموو خوێنەرانی جیهان و لە هەمان کاتدا پێناسەی ئیرلەندییەکان و پێتەختی ئیرلەند. تۆ بەسەرهاتی خۆت ئەوەندە ئەدیبانە بگێڕەوە و شار و گوندی خۆت واها ئەدیبانە بئافرێنەوە کە هیچ کەس نەتوانێت لە زەینی تۆدا بیسڕێتەوە. لێرەدا دوو پێداویستیی سەرەکی دەبێ ئامادە بن: ١. نووسەری توانا، ٢. خوێنەری زانا. ئەم توانایی و زاناییە کەی دەبن بە خاوەن گوتاری زاڵی دونیای ژین و گێڕانەوەی کوردی؟ ئەگەر بە ئاگایی‌یەوە قۆڵ بۆ دابینکردن و وەدیهێنانی ئەم پێداویستییانە هەڵ نەکەین، ئەستەمە بە شانس و بەخت و هەڵکەوت بە مراد بگەین.   

ئەدەبیاتی دیاسپۆرا لە چ ڕوویەکەوە وەکوو کەرەستەیەک بۆ بەرگری و تواناسازی لەنێو نەتەوە بندەستەکان کار دەکات؟

گێڕانەوەی سەردەستەکان و گێڕانەوە باڵادەستەکان ویستوویانە چارەی نەتەوەی بندەست بە گوێرەی ویستی خۆیان بنووسنەوە. پێچەوانەی ئەم ڕەوتە دەتوانێت ببێتە ئەرکی پیرۆزی بەرچاوڕوونکەرەوەی ئەدەبی ناوخۆیی و تاراوگەیی. کە تۆ توانیت ‘شتەکان هەڵ دەوەشێنەوە’ی چینۆڤا ئاچێبێ بەرهەم بێنی، ئەوە پشتی باڵادەستیت شکاندووە و بەژنی بندەستیت ڕاست کردووەتەوە. ئەدەبی دیاسپۆرای سەرکەوتوو و پەرەگرتوو و ئاوڕلێدراوە دەتوانێت وزەی شاراوەی مرۆڤی کورد بخاتە نێو ڕووباری خرۆشانی هاواری مافی لەدەستچوو. ئەم هاوارە دەبێ دواجار ببیسرێت. پرس ئەوەیە هەتا بۆخۆمان یەکدەنگ هاوار نەکەین، کەس گوێبیستمان نابێت. ئەگەر کوردانی ناوخۆ ڕۆژێک بیستیان کە دەنگی کپکراوی ئەوان لە دوورەوەڵاتەکاندا دەبیسترێت، ئەوە هەنگاوی پێویست لەم ڕێرەوەدا هەڵێندراوەتەوە. ئەمەش کاتێک دەکرێت کە مرۆڤی تاراوگەیی ئەرکی ڕزگاریی وەڵات و نەتەوەی، فەرامۆش نەکردبێت و بۆ وەدیهێنانی ئاواتی دەمکوتکراو چرکەیەک لە خەبات نەوەستێت. لە کاتێکی ئاوادا ئەزموونی گەلانی دیکە و وەڵاتی خانەخوێ دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت.  

ئایا ئەدەبیاتی دیاسپۆرا دەتوانێ درز و کەلێنی نێو ئەزموونی نیشتمان و ئالێنگارییەکانی بەردەم کۆمەڵگای دیاسپۆرا پڕ بکاتەوە؟

ئەگەر باوەڕمان بە ئەدەبییەتی ئەدەب هەبێت و بەرهەمی ئەدەبیاتی کوردیی چ لە ناوخۆ و چ لە تاراوەگە دەتوانێت ئەرکێکی ئاوا بەجێ بێنێت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا جێگۆڕکێی ئەدەبی تاراوگە و ئەدەبی ناوخۆ زۆر بەسانایی بەڕێوە دەچێت. منی تاراوگەیی بۆ گۆڤارێکی ناوخۆی وەڵات دەنووسم و نووسەرێکی ناوخۆییش بۆ گۆڤارێکی دەرەوەی وەڵات دەنووسێت و هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کورتترین زەمەنی مومکیندا دەیخەنە بەر چاو و گوێی خوێنەر لێرە و لەوێ. پرس ئەوەیە ئەم چاو و گوێیە بە گوێرەی پێویست خەبات دەکات و ئاوڕ لە چارەسەرکردنی دەردەکورد دەداتەوە یان نا؟ ئەزموونی من دەڵێت گۆمی مەند و قووڵی دیاسپۆرای کوردی هێشتا بە ئاوایەکی ئەوتۆ نەشڵەقاوە کە شەپۆلەکانی بگەنە کەنارە بێنازەکانی وەڵات. بێتوو ئەو پێداویستییە ببێتە مەلەکەی هەردەم ئامادەی زەینی ئەدیبی کورد، ئەوە ئەدەبی تاراوگە دەتوانێت لە عۆدەی ئەم ئەرکە ئاڵۆزە بێتە دەر. 

ئەدەبیاتی دیاسپۆرا چۆن گێڕانەوەی زاڵی نەتەوە بندەستەکان بەرەوڕووی پرسیار و ئالێنگاری دەکاتەوە؟

ئەگەر تۆ مەجالی ئەوەت نەبووبێت لە ناوخۆی وەڵاتێکی داگیرکراودا بە ئەوی سەردەست بڵێێ ‘دە بڕو بەرۆکم بەر دە’، ئەوە هەندەرانی دوور لە زەفەرپێبردنی نەیارەکانت ئەو دەرفەتەت دەداتێ هاواری کپکراوی خۆت بە گوێی عالەم بگەیەنی. کاتی خۆی لە کۆتایی‌یەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا تورکەکان و ئێرانییەکانی دیاسپۆرا خەریکی بونیادنانی سیستەمێک بوون کە لە ناوخۆی ئیمپراتۆرییەکانی قاجار و عوسمانیدا بۆیان نەدەلوا بیکەن. ئێستا ئێمەی کورد زیاتر لە سەدەیەک دواتر دەبێ هەوڵێکی هاوشێوە بدەین. جوولەکەکان نموونەیەکی هەرە سەرکەوتووی دیاسپۆران بۆ گەڕان بە شوێن چارەسەریی هەرمانی برینی قووڵی ئاوارەیی و دەربەدەری. ئەوان دوای سەدان و بگرە هەزاران ساڵ دواجار لە سەردەمی مۆدێرندا هەموو ئەو هەنگاوە پێویستانەیان هەڵێنا کە کۆتایی بە چەرمەسەرییەکانی بندەستەیی‌یان بێنن. گەلۆ بەرهەمی تاراوگەیی ئێمە لە ئاست کاری بە بڕستی جوولەکەکانی دیاسپۆرای کلاسیکی یەهوودیدایە؟ بە دڵنیایی‌یەوە نا. ئەو ڕۆژەی ئێمە توانیمان نەک ئەوانی دیکە، بەڵکوو تەنانەت خۆمان بێنینە سەر ئەو یەکدەنگییە کە چۆن دەنگی کپکراوی بندەستەییمان چارەسەر بکەین، ڕەنگە دیاسپۆرای کورد توانیبێتی یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی بپێکێت و یەک لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەنەتەوەبوونی خۆی ببەزێنێت. جگە لە هەندێ بەرهەمی تاک و تەرای لێرولەوێ، هێشتا هەتا ئافراندنی گوتارێکی ئاوا ڕێگەیەکی درێژمان لەبەرە. بواری زمان و ئەدەبیات بێ هیچ گومانێک ئەو بوارە سەرەکی و پێویستانەن کە ڕێگەی ڕزگاریی نەتەوەییمان هەموار دەکەن. ئەو کاتەی تۆ هەستت کرد و تێ گەیشتی کە زەینییەتێکی شۆڕشگێڕ دەبێ بە کەرەسەی ئاگایی و باوەڕبەخۆیی‌یەوە تەیار بکرێت، ئەوە دەستەودامێنی ئەدەبی گێڕانەوە دەبی و چیرۆکی خۆت بەسەر گێڕانەوەی ئەوی دیکەی سەردەستدا زاڵ دەکەی، یان لانیکەم لەژێر هەیمەنەی گێڕانەوەی داگیرکەر دێیە دەر.

پرسی ئاوارەبوون لە ئەدەبیاتی دیاسپۆرادا لە چ ڕێگەیەکەوە وێنا دەکرێت و چۆناوچۆن ڕاستی و واقعییەتەکانی کۆمەڵگای نەتەوە بندەستەکان تێیدا ڕەنگ دەداتەوە.

وەڵام: لە دونیای گێڕانەوەی نوێدا گەر ڕۆماننووسێک بتوانێت حەدیسی تاکێکی ئاوارەبووی هەندەران لە چوارچێوەی گێڕانەوەیەکدا وێنا بکات ئەوە پرسیارەکەی ئێوە وەڵامی دیاریکراوی خۆی دەدۆزێتەوە. بەرهەمێکی لەم چەشنە شەرت نییە لەلایەن نووسەرێکی دیاسپۆرایی‌یەوە بنووسرێت. باشترین ژیننگاریی دیاسپۆرای بەربڵاوی سوێدییەکان لە وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمدا لەلایەن نووسەرێکی سۆسیال دێمۆکراتی سوێدییەوە لە خودی سوێد و لە سەدەی بیستەمدا نووسراوە. ڤیلهێلم مووبەری (١٩٧٣-١٨٩٨) بە نووسینی ڕۆمانێکی چوار بەرگی بەسەرهاتی سرنجڕاکێشی ئەو سوێدییانە دەگێڕێتەوە کە لە برسان و لەبەر قاتوقڕی، وەڵاتی خۆیان بەجێ دێڵن و دەچنە ئامریکا. هەڵبەت بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە مووبەری لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچێتە ئامریکا و چەند ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە و لێکۆلینەوەیەکی چڕ لەسەر سوێدییەکان و بەسەرهاتەکەیان دەکات و تەنانەت چەند بەرگی کتێبەکەش هەر لەوێ دەنووسێت. وەک لەو زنجیرە ڕۆمانەدا دەبینین ئەوە نووسەرێکی دیاسپۆرایی نییە کە ئەم کارەی کردووە، بەڵکوو نووسەرێکی نیشتەجێی سوێدە کە بۆ وەدەستهێنانی کەرەسە و سەرچاوەی پێویست بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی ڕوو لەو وەڵاتە دەکات و بەسەرهاتی زیاتر لە یەک میلیون و دووسەد هەزار هاووەڵاتیی خۆی کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا ئاوارەی ئامریکا بوونە، دەکاتە تێمای سەرەکیی شاکارێکی کەموێنەی ئەدەبی. مووبەری، بەم شاکارەی، تاڵیی ئاوارەیی هاووەڵاتییەکانی بۆ هەمیشە لە دڵی مێژوودا بە زیندوویی ڕاگرتووە. بۆ زانیاریی خوێنەرانی ئەم دیمانەیە، دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە لەسەر بنەمای ئەم ڕۆمانە ئێریک پۆپ لە ساڵی ٢٠٢١ فیلمێکی هەتا بڵێی هونەریی لە چوار بەشدا ساز کردووە کە بینینی بۆ ئێمەی کوردیش یەکجار زۆر گرنگ و بەسوودە.[1] هەڵبەت لە سوێدیش هەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە چەندان فیلم و سێریال و شانۆنامە لەسەر بنەمای ئەم ڕۆمانە چوار بەشییە ساز کراوە و مووبەری بە یەک لە مەزنترین نووسەرانی ئەم وەڵاتە دادەندرێت و بەبەردەوامی یادی بەرز ڕادەگیرێت. تەنانەت بۆ ئەو خوێندکارانەی بیانەوێت لەسەر کارەکانی مووبەری لێکۆڵینەوە بکەن یارمەتیی ماددیی تایبەتی پێشکەش دەکرێت. کێ دەزانێت ئەو ڕۆژەی مووبەریی خەمۆک لە ٨ی ئاگۆستیی ساڵی ١٩٧٣دا دەچووە نێو ئاوەکانی کەناری ڕۆسلاگێن لە ١٠٠ کیلۆمێتریی باکووری ستۆکهۆلم و بڕیاری خنکاندنی خۆی دابوو و دەیزانی هەرگیز ناگەڕێتەوە، بە دەست چ ئازارێکەوە دەتلایەوە؟ ئەو بڕیاری دابوو کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت و بێگومان ئەو بڕیارە بێ پێوەندی بە ڕابردووی ئەوەوە نییە. ڕابردوویەک کە تێیدا ئەو حەدیسی ئاوارەیی کارل ئۆسکاری بەشمەینەت و کریستینای جوانی هاوسەری، واها وێنا دەکات کە زۆر کەس دەپرسن گەلۆ ئەمە گێڕانەوەیەکی خەیاڵی بووە یان بەسەرهاتێکی ڕاستەقینە؟

ڵە گێڕانەوەی کوردیدا ڕەنگە چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە هیچ ڕۆمانێک نەگاتەوە وێنای ژیانی شارێ و پەریزاد و ئاسەواری شکانی خانۆی لەپزێڕین لە قەڵای دمدمدا کە لە ڕۆمانی بەردینەی سەید قادر هیدایەتیدا بەو پەڕی دیالۆگی ئەدەبییەوە ئافراندراوە. دۆزەخی ئاوارەیی تاکی کورد لەو دیو سەدەکاندا گڕ دەگرێت و سپاهان دەبێتە جەهەننەمێک کە دوورکەوتووەکەی دمدم تێیدا بسووتێت و دواتر هەڵبەت وەک قەقنەس بژییەتەوە و بگەڕێتەوە واری باوان. هەر بەم جۆرەش ئەوە عەتای نەهایی بانەیی‌یە کە تراژێدیای ئاوارەیی هەڵاڵە لە ستۆکهۆلمی سوێد دەئافرێنێتەوە تاکوو پەردە لەسەر دەردی ئاوارەیی و دوورەوەڵاتی لا بدات. هیدایەتی و نەهایی دەبنە وەگێڕی دەردی دووریی هاونیشتمانییەکانیان لە ڕەوتی سەدەکاندا. تۆ بڵێی هیچ نووسەرێکی دیاسپۆرایی بتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ هیدایەتی و نەهاییدا بکات بۆ کێشانەوەی نیگاری دەروونی غەمباری تاکی تاراوی کورد؟ کاتێک مەمەد ئوزون پەنا بۆ گێڕانەوەی ڕابردووی کوردان دەبات و بەسەرهاتی کاموران بەدرخان و مەمدوح سەلیم و میری گەورە دەکاتە هەوێنی بەشێک لە ڕۆمانەکانی، مرۆڤ دەتوانێت بەسانایی دەردی ئاوارەییی خۆی و هەزاران هاووەڵاتییە کوردەکانی ببیینێت.   

با هیواخواز بین ئەدەبی تاراوگەی کوردی بپرژێتە سەر پێداویستیی داهێنانی لەم چەشنە بۆ زیندووڕاگرتنی سیما و نەوای تاکی ئاوارەبووی کورد لە هەڵبەزدابەزەکانی مێژووی هاوچەرخدا.    

چ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی یان ڕووداوێکی مێژوویی کاریگەریی لەسەر پەرەسەندنی ئەدەبیاتی دیاسپۆرا هەبووە؟

وەڵام: دەکرێ بە دیاریکراوی ئاماژە بە بۆردومانی شیمیایی هەڵەبجە و کۆڕەوەکەی باشووری کوردستان لە دوا ساڵەکانی سەدەی بیستەمدا بکەم. ئاوڕێک لە بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی ئەو سەردەمە لە دیاسپۆرا نیشان دەدات کە ئەم کارەساتانە چۆن و چەند هزر و هەستی کوردانی دیاسپۆرای جووڵاندووە. هەر وەک چۆن چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لەو سەردەمەدا شەقام و کۆڵانەکانی ئەورووپایان دەتەنییەوە هەر ئاواش ئەدیبان و شاعیران و هونەرمەندانی کورد قەڵەمیان بۆ چارەنووسی نەتەوەکەیان دەگرتە دەست و بەسەرهاتی گەلەکەیان دەگێڕاوە. هۆنراوەکەی ڕەفیق سابیر و گۆرانییەکەی شیڤان پەروەر و ڕۆمانەکەی ڕێبوار ڕەشید سێ بواری جیاوازی نووسین و هونەرن بە بۆنەی کارەساتە دڵتەزێنەکەی هەڵەبجەوە. ترۆری ڕێبەرانی کوردی وەک دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی و ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ڕووداوی تاڵی سیاسی لەگەڵ دژکردەوەی کوردانی دیاسپۆرا ڕووبەڕوو دەبوونەوە و ئەدیبان و شاعیران ڕۆڵی خۆیان لەو بوارەدا کەم یان زۆر دەنواند. لێکۆلینەوە لەسەر دەرکەوتەکانی ئەم ڕووداوگەلە لە جیهانی ئەدەبی کوردیدا بۆ تێگەیشتن لە بەستێنی ناسیۆنالیزمی کوردی و ناسینی تایبەتمەندییەکانی، پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

ئایا نووسەرانی دیاسپۆرا هاوسەنگیی نێوان بابەتی جیهانی و خەباتی نەتەوەی کورد دەورووژێنن؟

وەڵام: وەڵامێکی گشتگیر بەو پرسیارە زەحمەتە. ئەرکی پاراستنی دیالێکتیکی هاوسەنگیی نێوان بابەتی گلۆبال و لۆکال، یاخود جیهانی و ناوچەیی، پرسێکی هەستیناسانە و جوانیناسانەی ئەدەبییە و دەبێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی بەرهەمهێنانی بەرهەمی ئەدەبی، هەردەم لەبەرچاو بگیرێت. هیچ بەرهەمێکی ئەدەبیی سەرکەوتووی جیهانی ناتوانێت لە دەرەوەی تایبەتمەندییە لۆکالییەکانی خۆیەوە پێناسە بکرێت. من زۆر جار گوتومە و دووپاتی دەکەمەوە کە تەنیا بەرهەمێکی تەواو لۆکالییە کە دواجار دەبێتە بەرهەمێک لە ڕیزی ئەدەبی جیهانیدا. ماکاندۆی مارکێز ڕێک ئەو گوندە جیهانییەیە کە کاتی خۆی مارشال مەکلوهانی کانادایی لە شێستەکانی سەدەی پێشوودا بانگەشەی بۆ دەکرد. مەکلوهانی فەیلەسووف لە سەردەمانێکدا ئەم چەمکەی هێنا ئاراوە کە هێشتا هەواڵێک لە ئینترنێت و سۆسیالمێدیا نەبوو. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە ئاماژە بە چەمکێکی دیکەی مەکلوهان بکەم کە ڕاستەوخۆ دیاردەی نەتەوەسازیی دەگرێتەوە. دیاردەیەک کە ناسینی هەموو کەلێن و قوژبنەکانی بۆ ئێمەی کورد لە نانی شەوێ پێویستترە. مەکلوهان پێی وابوو سازکردنی نەتەوە ڕەوتێکی ئەندازیارانەیە و کەرەسە و ئامرازی تایبەتیی خۆی دەوێت. دیاردەی چاپ و ڕۆژنامە دوو لەو کەرسە سەرەکییانەی بەردەستی ئەندازیارانی نەتەوەن. ئەگەر چەمکی سەرمایەداریی چاپی میشێل فووکۆیش لە دوا دەیەکانی سەدەی بیستەم لەو چەمکە ببەستینەوە زیاتر لە میکانیزمی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و ڕەوتی نەتەوەسازی دەگەین.  

ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە بەرهەمی ئەدەبیی کوردی لە دیاسپۆرا نیشان دەدات کە پرسی لۆکالیی ئەم ئەدەبە لە پلەی یەکەمدا بووە. ڕۆمانە کوردییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە سۆڤیەتی پێشوو، بۆ نموونە شیڤانێ کۆرمانجای عەرەب شەمۆ و ڕۆمانە تاکوتەراکانی نیوەی دووهەمی هەمان سەدە لە خودی سۆڤیەت و شوێنی دیکەی تاراوگە گوزارە لەو ڕاستییە دەکەن کە نووسەری تاراوگەیی بە نۆستالژیا و سووژەی ڕابردوویەوە سەیری گێڕانەوە و ئافراندنی کردووە. پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی و دیسانەوە کەڵا دمدمێی شەمۆ نموونەی باڵانوێنی ئەم دیاردەیەن. کارتێکەریی ڕێئالیزمی سۆسیالیستی وەک گوتاری فەرمی و باو، پێشی بە ناوەڕۆکی لۆکالییانەی ڕۆمانەکانی عەرەب شەمۆی گەنجی ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەت نەگرت. لە ڕۆژگاری ئێستادا و لەبەر زۆر هۆکاری مێژوویی و تەکنیکی دەکرێ بابەت و ناوەڕۆکی زۆر گێڕانەوەی تاراوگەیی کوردی گۆڕانیان بەسەردا هاتبێت. شاری مۆسیقارە سپییەکانی بەختیار عەلی لە فڕۆکەخانەی سکیپهۆلی ئامستردامەوە دەست پێ دەکات و لە دڵی تاریکیی مێژووی ئەنفالدا ڕەچەڵەکی خۆی دەدۆزێتەوە. مەنسوور تەیفووری لەسەر ڕەچەڵەکناسیی ئەنفال تێزی دکتۆرا لە پاریس دەنووسێت و سلاڤۆی زیزەکی یوگوسلاویی پێشوو لە لەندەن پێشەکیی بۆ دەنووسێت و وەرگێڕانیی کوردیی کتێبەکە لە سلێمانی چاپ و بڵاو دەبێتەوە. دەبینین کە تێکسڕماویی ئەم جیهانە ئاسەواری سەیروسەمەرەی هەیە و چەمک و دیاردەکان بە شێوەیەکی نوێ و جیاواز لە ڕابردوو دەخاتە نێو کایەی مرۆڤەکانەوە. شێوەی هەڵسوکەوتی نووسەران لەگەڵ پێوەندیی ئاڵۆزی بابەتگەلی لۆکال و گلۆبال تەنێ پرسێکی دیاسپۆرایی نییە و زۆر لقوپۆپی شایانی باسی لێ دەبێتەوە.        

زمان لە ئەدەبیاتی دیاسپۆرادا، بەتایبەت لە پاراستنی کولتوور و پرسی شوناس لە بەرانبەر یەکسان‌سازیدا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟

وەڵام: ڕەنگە باسکردن لە ڕۆڵی دیاسپۆرا لەسەر بیچمگرتن و خەمڵینی زمانی کوردی، زۆر ساناتر بێت لە باسکردنی ئەدەبیاتی دیاسپۆرای کوردی. لێرەدا مەبەستم ڕەوتی گەشە و نەشەی زمانی کوردییە کە تا ڕادەیەکی زۆر گەراکەی لە دیاسپۆرادا ئەنگووتووە. ئەو کاتەی برایانی بەدرخان دوو ساڵ بەر لە وەرچەڕخانی سەدەی نۆزدەهەم و چوونە نێو سەدەی بیستەمەوە قاهیرەیان کرد بە مەکۆی چاپ و بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ئەوە دیاسپۆرای کورد بوو کە بۆ هەمیشە مۆرکی خۆی لەسەر دەستپێکی قۆناخێکی هەرە گرنگی خەمڵینی زمانی کوردی بەجێ هێشت. ڕەنگە ناوی پڕ لە ڕەمز و ڕازی وەڵات بۆ ئەم ڕۆژنامەیە زایەڵەی ئەو هاوارە نەبیستراوە بووبێت کە دامودەزگای عوسمانی و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی تورکی لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەیویست خۆی بۆ سڕینەوەی هەر چەشنە جیاوازییەکی نەتەوەیی و زمانی لە ئیمپراتۆریا نەخۆشەکەی خۆیدا ئامادە بکات. کردەی بوێرانە و ژیرانەی بەدرخانییەکان دەستپێکی داڕشتنی ناسنامەیەکی تازەی کوردییە بە هۆی زمان و دیاردە هەرە نەتەوەسازەکەی سەردەمی مۆدێرن واتە ڕۆژنامە. ئەوان دەتگوت وانەی مامۆستاکەی خۆیان، حاجی قادر کۆییان بەجوانی ڕەچاو کردبوو و بە کردەوە نیشانیان دابوو کە ئیتر سەردەم سەردەمی ڕۆژنامەیە. ئەو دیاردەیەی هێگل گوتەنی جێگەی عیبادەتی بەیانیانی گرتبووە و بووبووە میوانی توێژی خوێندەواری نەتەوەکان و کەرەسەیەک بۆ ڕێکخستن و گۆشدان و ئافراندنی نەتەوە. ئەمە لەخۆڕا نییە کە عوسمانییەکان دەسەڵاتدارانی میسر ناچار دەکەن پێش بە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆژنامەیە لە قاهیرە بگرن و برایانی بەدرخان هەمدیسان ئاوارەی لەندەن و فۆلکستۆنی ئینگلستان و ژنێڤ بن و لەوێوە درێژە بە چاپ و بڵاوکردنەوەی سەرجەم ٣١ ژمارەی ‘کوردستان’ی ڕۆژنامە بدەن و بەم کارەیان بنەماکانی ‘کوردستان’ی وەڵات بونیاد بنێن.

کاتێک لە دەیەی سێهەمی سەدەی بیستەمدا میر کامران بەدرخان ‘هاوار’ێکی تازە لە شامەوە ئاراستە دەکات دیسانەوە ئەوە دیاسپۆرایە کە بە فریای زمانی ئێستا ئیتر حاشالێکراوی کوردی لە باکووری کوردستانەوە دێت و پێش بە توانەوە و مردنی زمانی نەتەوەیەک دەگرێت کە ویستی ڕزگاری تێیدا چرۆی کردووە.

چارەنووسی تایبەتیی جوگرافیایی کوردستان و جیاوازیی سیاسەتی زمانیی لە بەشە جۆراجۆرەکانیدا وای کردووە دەستنیشانکردنی سنوورەکانی دیاسپۆرای کورد ببێتە کارێکی ئەستەم. ئەگەر ئەوەی لە بارەی ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڤاری هاواری بەدرخانییەکان پڕ بە پێستی پێناسەی دیاسپۆرا بێت، ئەی تۆ چی لە چالاکانی ئەدەبیی کوردی بەشێکی کوردستان لە بەشێکی دیکەدا دەکەی. ئایا گیوی موکریانی و حوسێن حوزنیی برای کە لە ڕەواندز و دواتر هەولێر چاپخانە دادەمەزرێنن و ‘زاری کورمانجی’ بڵاو دەکەنەوە، کوردانی دیاسپۆران و بەرهەمی دیاسپۆرایی بەرهەم دێنن؟ ئێستا ئیتر کوردستان موکریانیی کچی مامۆستا گیو لە هەولێر فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەی باوکی چاپ دەکاتەوە و ناسنامەی وەڵاتێکی هەیە کە لەگەڵ ناسنامەی باوکی لە باری یاسایی و حقوقییەوە تەواو جیاوازە. ڕاستییەکەی ئەوەیە خەونی باوک و كچ کە تەواو کوردییە لەگەڵ تاڵیی داسەپێنراوی حاشاهەڵنەگری دوو دەوڵەت نەتەوەی عیراق و ئێران تەواو جیاوازە. سەدەیەک دوای خەونی مامۆستا حوزنی و مامۆستا گیو بۆ وەدیهاتنی ئاواتێکی کوردانە، هێشتا، سەرەڕای هەندێک گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، کوردستان نەبووەتە قەوارەیەکی سیاسیی حقوقیی نەتەوەیی. هەر بۆیە ئەگەر کوردستان موکریانی بیهەوێت سەردانی شارەکەی باوکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، دەبێ پاسپۆڕتی عیراقی نیشانی کاربەدەستانی سنووری ئێران بدات و خۆی بگەیەنێتە مهاباد. پرس ئەوەیە گەلۆ مامۆستا حوزنی و گیو لە زومرەی پیاوانی دیاسپۆرا بوون؟ ئەمە هەڵبەت جیلی دوای ئەوانیش دەگرێتەوە و زۆر ناوداری ئەدیبی کوردی دیکەی وەک مامۆستا عەلائەدین سوجادی، مامۆستا هێمن و زەبیحی و هەژاریش دەگرێتەوە.

وەک دەبینین بەدرخانییەکان و بەشێک لە پێشەنگی ئەدەبیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێک لە دەرەوەی مەڵبەندی خۆیان بوونەتە هۆکارێک بۆ گەشە و پێگەیاندنی زمانی کوردی. ئەگەر بوونی بەدەرخانییەکان لە شام دیاسپۆرایی بوونی ئەوان زەقتر دەکاتەوە، بوونی کەسانی وەک هێمن و هەژار لە بەشێکی دیکەی وەڵاتی پارچەکراویاندا پێناسەی دیاسپۆرایی ئەوان تووشی گرفت دەکات. ئەمەش شایانی ئاوڕلێدانەوەیە و دەبێ وەک تایبەتمەندییەکی خەسارساز لێک بدرێتەوە و ئاسەوارەکانی تاوتوێ بکرێن و هەڵسەنگێندرێن.

ئەگەر لێرەدا بچمەوە سەر پرسیارەکەی ئێوە لەمەڕ دەوری زمان لە ئەدەبی دیاسپۆرا و کارتێکەریی لەسەر ناسنامە و فەرهەنگی کوردی، دەتوانم بڵێم کە جیاکردنەوەیان لە یەکتر زۆر ئەستەمە. بە واتایەکی دیکە ئەگەر بەرهەمی ئەدەبی، هەڵگری پێوەرە ئەدەبییەکان بێت و ئەگەر چەمکی هەردەم لە گۆڕانی فەرهەنگ دەورێکی ناسنامەساز بگێڕێت، ئەوە بە پلەی یەکەم خودی زمانە کە ئەم دەستکەوتانە دەستەبەر دەکات و پەرەیان پێ دەدات. کە واتە زمانێکی دیاریکراو و ئەدەب و فەرهەنگێکی دیاریکراو لە ڕێڕەوی بیچمپێدانی ناسنامەیەکی نەتەوەییدا وەک دوو ڕووی یەک پەڕی کاغەزن کە ئەستەمە لێک جیا بکرێنەوە.

دوا قسە:

حەز دەکەم ئاماژە بە شتێکی گرنگ لە کۆتاییی ئەم دیمانەیەدا بکەم و ئەویش پێداویستیی خوێندنەوەیە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی بەشێکی زۆر لەو قسانەی لەسەرەوە کردمن وەڕاست بگەڕین یاخود وەدی بێن. ئەگەر باشترین بەرهەمەکانی ئەم جیهانە لە تاراوگەی کوردیدا بنووسرێن یان با بڵێین لە ناوخۆی وەڵات بنووسرێن هەتا نەخوێندرێنەوە، هیچ کارتێکەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی، نابێت. پێشتر لە وتاری دیکەدا ئاماژەم بە گرنگیی خوێندنەوە کردووە و حەز ناکەم خۆم دووپات بکەمەوە. بەس لێرە پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرمەوە ئەوە خوێندنەوەیە کە دەبێتە هۆکاری گۆڕینی زەینییەتەکان. بە واتایەکی دیکە مرۆڤ دەبێتە ئەو شتە کە دەیخوێنێتەوە. سەیری بەسەرهاتی مادام بووڤاری و دۆن کیخۆتێ بکە ئەو دەم دەزانی ئەم دوو کەسایەتییە ناوبەدەرەوەی جیهانی ئەدەب چۆن لە ئاکامی خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی پێش سەردەمی خۆیان ناتوانن لەگەڵ واقیعی سەردەمی خۆیان هەڵسوکەوتی دروست بکەن. دۆن کیخۆتێ لەژێر کارتێکەریی ئەو ڕۆمانسانەی دەیانخوێنێتەوە ناتوانێت لە واقیعی گۆڕاوی سەردەمی خۆی تێ بگات. مادام بووڤارییش لەژێر کارتێکەریی ئەدەبی ڕۆمانتیکدا سەردەمی ڕێئالیستییانەی خۆی لێ وەندا بووە و زەمینەی کارەساتی مەرگی خۆی بە دەستی خۆی فەراهەم دەکات. ئێمەی کورد پێویستیمان بە دوو ڕۆمانی ئاوا هەیە. ئەگەر ئێمە بتوانین ڕۆحی دۆن کیخۆتانە بگوێزینەوە جیهانی گێڕانەوەی کوردی، ئەوە چارەسەریی کێشە هەستیناسانە و ناسنامەخوازانەی خۆمان کردووە. کاتێک دەبینین کەسایەتیی سانسۆن کاراسکۆی خوێندکار دەتوانێت ببێتە ئاڵنگارییەکی کاریگەر لە بەرانبەر دونیابینیی دۆن کیخۆتێدا، ئەوە دۆن کیخۆتێ لە جیهانی ناواقیعی و شێتانەی خۆی واز دێنێت و دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی، لا مانچا، و بە نووسینی وەسیەتنامەکەی، ماڵاوایی لە جیهانی عەییاران و پاڵەوانان دەکات و دەبێتە مرۆڤێکی ئاوەزمەند کە دواجار بە هێزی ئاوەز ڕووبەڕووی ڕابردووی خۆی دەبێتەوە و تێ دەگات کە لە چ سەردەمێکدا دەژیت و دەبێ چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ سەردەمی خۆیدا بکات. کاراسکۆی خوێندکار بۆ ئەم ئامانجە جارێک وەک شیڤالیەی ئاوێنەکان و جارێکیش وەک شیڤالیەی سپی مانگ ڕووبەڕووی دۆن کیخۆتێ دەبێتەوە و دواجار بە چۆکیدا دێنێت و ناچاری دەکات شەرتەکانی ئەو ڕەچاو بکات کە شتێک نین جگە لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ بنەما فەلسەفییەکانی کەڵکوەرگرتن لە ئاوەز و دەکارهێنانیان بە شێوازێکی مۆدێرن. سێرڤانتێس لەم ڕۆمانەیدا هەموو گوتاری عەقڵانی و هزریی مۆدێرنی دیکارتیانە و ئیراسموسیانە بە شێوازێکی گێڕانەوەیی و تەنزئامێز دەر دەخات و پێوەندیی هەمەلایەنەی ڕۆمان بە گوتاری سەردەمی خۆیەوە نیشان دەدات. بەڵام هەر ئەوە بەس نییە کە ڕۆمانێکی ئاوات هەبێت. دەبێ وەک مرۆڤی تینووی زانینی سەردەمی مۆدێرن بخوێنییەوە و بیر بکەیەوە و بە شێوازێکی ڕەخنەیی لەگەڵ خۆت و دەوروبەرت ڕووبەڕوو ببییەوە، ڕێک بەو جۆرەی دۆن کیخۆتێ لەگەڵ ڕابردووی خۆی هەڵسوکەوت دەکات. دەمەوێت بڵێم پێداویستیی ئێمە بە ڕۆمانێکی لەم چەشنە هەموو ئەو شتە نییە کە ئێمەی کورد دەبێ بەدوایەوە بین؛ لەمەش گرنگتر ئەوەیە کە ڕۆمانێکی ئاوا نووسرا و دۆن کیخۆتێی کورد لەگەڵ ڕابردووی خۆی ڕووبەڕوو بووەوە و بە شێوەیەکی هەمە لایەنە هەڵی سەنگاند، تازە ئەودەم نۆرەی خوێنەری کورد دێت کە دەبێ ئەم بەرهەمە بخوێنێتەوە. ئەوەندەی بخوێنێتەوە کە وشیارییەکی بەکۆمەڵی کورد وەدی بێت کە بتوانێت خاڵی کۆتایی لەسەر شەڕی مان و نەمانی خۆی وەک نەتەوە دابنێت. گەر توانیمان ڕۆحی فەلسەفی و گوتارییانەی سەردەمی خۆمان بخەینە نێو چوارچێوەی گێڕانەوەیەک و گێڕانەوەکەمان لە ڕێی خوێندنەوەوە کردە مەلەکەی زەینمان، ئەوە توانیومانە کەرەسەی پێوییستی هزری و کردەوەیی بۆ هەڵسەنگاندنی وردی زیاتر لە سەدەیەک خەبات و شۆڕشی کوردانە بەرهەم بێنین و کۆتایی بە زنجیرەی شکستەکانمان بێنین.      

 

 [1] بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم ڕیزە فیلمە بڕاونە ئەم لینکەی خوارەوە:

https://www.imdb.com/title/tt4697290/mediaviewer/rm204259329/

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!