گۆڤاری تیشک ژمارە ٧١ 

سەروەری، دەوڵەت، شارومەندبوون، بێدەوڵەتی و کورد: خوێندنەوەیەکی سەرەتایی

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 17.02.2025

خەیاتی، خالید  (٢٠٢٥):سەروەری، دەوڵەت، شارومەندبوون، بێدەوڵەتی و کورد: خوێندنەوەیەکی سەرەتایی . گۆڤاری تیشک، ٢٦، ٧١، ل. ٢٩–١٠. https://doi.org/10.69939/TISHK0071

DOI 10.69939/TISHK0071

لەوانەیە بە پێی هێندێک بۆچوون، دیسانیش مۆدێلی فێدڕاڵی وەکوو باشترین ئالترناتیڤ بۆ دابەشکردنی سەروەری و هەروەها دەستەبەرکردنی دیمۆکڕاسی و دەوڵەتی یاسا بەم پێیەش وەکوو مۆدێلێک بۆ چارەسەری پرسی شوناس لە وڵاتانی فرەنەتەوە ئاماژەی پێ بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، لە فەزا گشتییەکاندا زۆر جار وڵاتگەلی وەکوو سویس و بێلژیک وەکوو نموونەی سەرکەوتووی دیمۆکڕاسی باسی لێ دەکرێت کە هەم مەجالی دابەشکردنی دەستەڵاتی سیاسی و دەستەبەرکردنی دەوڵەتی یاسا و هم ئیمکانی بنیاتنانی سیستەمێکی کانتۆنی یان فێدڕالی بۆ چارەسەری دۆخی فرەنەتەوەیی و فرەزمانی خۆیان پێشکەش دەکەن. چاوەڕوانیی دووپاتبوونەوەی ئەزموونی سویس و بێلژیک لە کۆنتێکستی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت لە وڵاتگەلی وەکوو ئێران، تورکیا، سووریا و عێڕاق، بە هۆکاری ئەوەی کە ئەم وڵاتانە هەتا ئێستاش قۆناغی پەیمانی کۆمەڵایەتییان دەستەبەر نەکردوە، چاوەڕوانییەکی نامێژووییە. لە هەمان کاتدا زۆر گرینگە کە لە ڕوانگەی تاکی نەتەوەی ژێردەستەوە بە گومان سەیری دیمۆکڕاسی بکرێت. کاتاڵانەکان و باسکەکان لە سپانیا، سەرەڕای ئەو پێگە بەهێزە ئابوورییەی کە هەیانە، هەتا ئیستاش ڕێگایان پێ نەدراوە کە لە پێناو گەیشتن بە سەروەریی سیاسی، وەکوو کێلسێن دەڵێت بە ڕێگای پەنابردن بۆ دەنگدانی گشتی تەعبیر لە ئیڕادەی خۆیان بکەن.

سەرەتا

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، چەمکگەلی وەکوو حاکمییەتی سیاسی، سەروەریی سیاسی و حقووقی، سەروەریی نەتەوەیی، سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی لە نێو توێژی سیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری کورد، بە تایبەت لە نێو بیرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە گەشەکردن و پەرەسەندنی بەردەوامدا بوون. بە وردبوونەوەیەکی سەرەتایی دەکرێت ئەو چالاکییە هزرییە و ئەم ڕەوتی پەرەسەندنە کە ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی بەرچاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتۆتەوە، بە سێ ئامانجی گرینگەوە ببەستینەوە:

 یەکەم: ئامانجی هزرپەروەرانی کورد لە بەرجەستەکردنەوەی چەمکی سەروەریی سیاسی/نەتەوەیی دەستەبەرکردنی ئالترناتیڤێکی تیۆریکە کە بتوانێت هەم وەکوو گوتارێکی ئابستراکت و هەم وەکوو مودێلێکی بەرهەمهێنەر بۆ پڕاکتیکی سیاسی و نەتەوەیی لە بەرانبەر دیاردەی کۆڵۆمێنتالیزم١  و پرۆژەی کۆڵۆنیالدا کە دەوڵەتە سەردەستەکان بە سەر کوردیاندا سەپاندووە، ڕۆڵی ئانتیتێزی ڕزگاڕیدەر بگێڕێت. ئامانجی دووهەم بەرپەرچدانەوەی کۆی ئەم ئاڵترناتیڤە نەریتییە مێژوویی و سیاسییانەن کە لە فۆڕمگەلی وەکوو ئۆتۆنۆمی، فیدیڕالیزم، کۆنفێدڕالیزمی دیمۆکڕاتیک، برایەتی گەلان، ناناوەندی/لامەرکەزی و تەنانەت بەشداری/موشارکەتی ڕێفۆڕمیستی کە بە هۆی ئەوەی لە بیست یان سی ساڵی ڕابردوودا لای سەرەوەی ئاجێندای حیزبی و سیاسیی کوردیان لەدەستدا بووە، نەك هەر نەیانتوانیوە بە هۆی خۆڕزگارنەکردنیان لە ئاجێندا و ئاکتی سیاسیی نەتەوە باڵادەستەکان ببنە بنەمایەکی گوتاریی بەهێز لەپێناو دەسنیشانکردنی ئاسۆیەکدا بۆ چارەسەری، بەڵكوو بە هەمان هۆکار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بەرهەمهێنانەوەی دیاردەی پەروەردە و ڕاهێنانی کۆڵۆمێنتالیزمدا بەشدارن. ئامانجی سێهەم کە خۆی لە ڕاستیدا پێشمەرجی ئامانجەکانی یەکەم و دووهەمە، بەئاجێنداییکردن و مسۆگەرکردنی گوتاری دابڕانە لە ئۆنتۆلۆژیی ئێرانی و مەعریفەی بالادەستی ئێرانشار؛ مەعریفەیەک کە هێشتنەوە و پاراستنی هاوكێشەی کۆڵۆنیالیستی لە بەرانبەر کوردان و بەم پێیەش توانەوە و ئاسیمیلەکردنی کۆی شوناسی کورد بە ئامانج دەگرێت. ئەم مەعریفە باڵادەستە لە فۆڕمی ڕادیکاڵی خۆیدا لە دەستبردن بۆ کەرەستەی شەڕ و بەکارهێنانی هێزی ڕەق لە بەرانبەر کورداندا هیچ دوودڵی نانوێنێت. لە کاتێکدا لە فۆڕمی خاوی خۆیدا، حەول دەدات کوردبوون و ئێرانیبوون وکوو چارەنووسێکی لەیەکدانەبڕاو و پرۆژەیەکی سیاسیی یەکانگیر پێناسە بکات کە ئاسۆی چارەسەرییەکەی لە پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنێکی “هاوبەشی ئێرانی” و فۆرمپێدانی کۆمەڵێک پڵاتفۆڕمی پەیوەندیداردا دەبینێت کە بۆ نموونە لە چوارچێوەی بوارگەلێکی وەکوو مافی مرۆڤ، یەکسانیی جێندێری، خەباتی چینایەتی، دیمۆکڕاسی، دەستەڵاتی یاسا، مافی شارومەندیی یەکسان و لامەرکەزیی ئوستانیدا دەتوانن خۆیان بەرجەستە بکەنەوە.

یاساناسی ئینگلیسی ویلیام بلاکستۆن (William Blackstone 1723-17802) کە یەک لەو یاساناسانەیە کە لە ڕوانگەیەکی مۆدێڕنی دەوڵەت-تەوەرانەوە سەروەری تاوتوێ و ڕاڤە دەكات و، پێی وایە کە سەروەری بریتییە لە دەستەڵات یان ئۆتۆریتەیەکی هەرەباڵا، کۆنترۆڵنەکراو و ڕەها کە لە هەیبەتی سەروەردا، چ وەک شەخش، پادشا و سەرۆک یان لە فۆڕمێکی دامەزراوەیی وەکوو دەوڵەتدا خۆ دەنوێنێت. ئەم شێوەتێگەیشتنە کە سەروەری وەکوو نیشانەیەک لە دەستەڵاتی ڕەها دەبینێت، لە لای کۆمەڵناسی ناسراوی ئاڵمانی ماکس وێبر(Max Weber 1864-19203) بە واتەی دەوڵەتی مودێڕن دێت، کە لە هەموو فۆڕمەکانی ئەزموونکراوی خۆێدا (نەرێتی، کاریزماتیک و دامەزراوەیی) لە ڕەوتی داسەپاندن و زاڵکردنی دەستەڵاتی سیاسی و حقووقیی خۆیدا بە سەر سووژەکانی نێو خاکێکی دیاریکراو، تەنیا ئۆتۆڕیتەیەکە کە مافی بەکارهێنانی زەبروزەنگی خستۆتە ژێر پاوانی خۆیەوە. لە فۆڕمی دامەزراوەیی و دیموکڕاتیکی دەوڵەتداریدا کە بە دەوڵەتی یاساش ناسراوە، ئەم پاوانە و “تاکەمافە” بە ڕێگای کۆمەڵیک میکانیزمی دامەزراوەیی تایبەت و شێوازگەلی توندوتیژیی ناڕاستەوخۆ مسۆگەر دەستەبەر دەکرێت. لە کاتێکدا ئەم پاوانە لە فۆڕمی نەریتی دەوڵەتداریدا، وەکوو زەبروزەنگی ڕاستەوخۆی جەستەیی خۆ دەنوێنێت.

سەورەریی نێوخۆیی و سەروەریی دەرەکی (یاسای نێونەتەوەیی): پێناسەی چەمک

لە سەرەتای ئەم بەشەدا پێویستە ئاماژە بکرێت کە ئامانجی ئەم نووسراوەیە ئەوە نییە سەرجەم ئەو دەقە ئاکادیمییانە تێك هەڵكێشێت، کە سەرەڕای ژمارەی زۆر و هاوڕایی و تەبابوونیان لە سەر بنەما گشتییەکانی چەمکی سەروەری (Sovereignty)، هاوکات پێداگرن لە سەر هێندێک جیاوازی یان ناکۆکیی وردەکارییانەی پەیوەندیدیدار بە لایەنی سیاسی، حقووقی یان مێژوویی ئەم ئەم بابەتە. ئاماژەی ئەم نووسراوەیە بەم جیاوازییانە تەنیا لەم چوارچێوە سنووردارەدا دەبێت کە فۆنکسیۆنی ڕاستەوخۆی بۆ ئەم باسە هەیە. لە پەیوەندی لەگەڵ پێناسەکردنی چەمکی سەروەری و هەروەها دەستنیشانکردنی چەند جیاوازییەکی نێوان بیرمەندانی ئەم بوارە، دەتوانین بۆ نموونە ئاماژە بە کەسایەتیی بواری فەلسەفەی حقووقی جۆن ئۆستین (John Austin 1790-18594) بکەین کە لە پێناسەکردنی خۆیدا، سەرەڕای سەلماندن و دانپێدانانی کە سەروەری چەمکێکی تەواو یاسایی/حقووقییە، بەڵام دیسانیش ڕێگا بە بوارگەلی وەکوو مۆڕاڵ، زانستی کۆمەڵایەتی و زانستی سیاسیش دەدات کە لە پڕۆسەی گەڵاڵەکردنی پێناسە و دەستنیشانکردنی ناوئاخنی ئەم چەمکەدا بەشدار بن و ڕۆڵ بگێڕن. بۆچی؟ هۆکارەکە ڕوونە. ئۆستین لە سەردەمێکدا دەژیا کە بە هۆی هەژاری و پەریشانیی مرۆڤ، هەبوونی جیاوازیی قووڵی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، سیستەمی مۆڕاڵیی مەسیحییەت تووشی داڕمان ببوو، هەر بەم هۆکارەش بیرمەندانی سەردەم بە دوای مۆڕاڵێکی جێگرەوەدا دەگەڕان کە خۆشیان بەرهەمهێنەری بوون. ئەم فەیلەسووفەش وەکوو زۆرێکی دیکە لە بیرمەندانی سەردەم، نەیدەتوانی چاو لەو هەمووە بێدادگەرییە بپۆشێت کە هەموو کەلێن و کولێنی کۆمەڵگەی تەنیبوو. لێرەدا، کاریگەریی بیرۆکەی فەلسەفی یۆتیلیتاریزم (Utilitarism) کە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و ئەهوەنکردنەوەی ئازاری مرۆڤ بوو، بە ڕوونی بە سەر بیرۆکەکانی ئۆستینەوە دیارە. لە حاڵەتی پێچەوانەدا، فەیلەسووفی مافناسی (ئوتریشی/مەجاری جاران و چێکی دواتر) هانس کێڵسێن (Hans Kelsen 1881-19735) هەیە کە لە خوێندنەوەی خۆیدا، چەمکی سەروەری لە هەر چەشنە کارتێکەرییەکی بوارەکانی دیکەی هزری و زانستی وەکوو سیاسەت، ئایدۆلۆژی، مۆڕاڵ و کۆمەڵناسی بە دوور ڕادەگرێت. ئامانجی کێڵسێن ئەوەیە کە پێناسەیەکی تەواو حقووقی پێشکەشی ئێمە بکات. بەڵام هەردوو بیرمەند لەسەر ئەوە کۆکن کە سەروەی لە ڕووی واقیعییەوە وەکوو دیاردەیەکی سیاسی و حقووقی هەم(١) فۆنکسیۆنێکی نێوخۆیی و هەم (٢) کارکردێکی دەرەکیی هەیە.

لە ئاستی نێوخۆیی، سەروەری بریتییە لە هەبوونی پۆلیتی (Polity) یان یەکەیەکی سیاسی و حقووقی (مۆنارک بێت یان دەوڵەت) کە لە ئاستی هەرەبەرزی دامەزراوەییدا مومارسەی دەستەڵات لە فۆڕمێکی ڕەهادا دەکات. ئامانجی کۆتایی ئەمەش دەستەبەرکردن یان سەروەرکردنی یاسایە لە نێو جوگرافیا و لە سەر خاکێکی دیاریکراوی تایبەت، بێ ئەوەی ئەم دەستەڵاتە ڕەهایە لە بەرانبەر هیچ ئۆتۆریتەیەکی دامەزراوەیی دیکەدا وەڵامدەرەوە بێت. هەر دیسانیش لە ئاستی نێوخۆییدا، سەروەری لە هەموو فۆڕمێکی دەوڵەتداریدا (بە واتەی وێبرییەکەی) ئاماژە بە زاڵبوونی ئۆتۆریتەیەکی بێسنوور و خاوەن مەشرووعییەتە کە چ لە هەیبەتی تاک، جەستە یان دامەزراوەییدا بە سەر ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا مومارسەی دەستەڵات دەکات. لە ئاستی دەرەکیدا، سەروەری ئاماژە بە ئەسڵێک دەکات کە بە پڕەنسیپی یەکسانیی حقووقی (Le principe de l’égalité juridique) ناسراوە ، کە فۆنکسیۆنەکەی ڕاگرتنی باڵانسی هێز و دۆزینەوەی میکانیزمی یاساییە بۆ پاراستنی مافی هەر نەتەوەیەکی سەروەر کە لە ئاستی یاسای نێودەوڵەتی و لە کۆنتێکستی سیاسەتی نیونەتەوەییدا ناسراوە و ئیعتیڕافی پێ کراوە. واتەی ئەم پڕەنسیپە بە زمانێکی ساکار بریتییە لەوەی کە تەنانەت وڵاتانی بچووک و لاوازیش دەتوانن لە ئاستی پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا خاوەن مەشرووعییەتی حقووقی بن، هەتا بتوانن بەرژەوەندیی سیاسی، سەربازی، ئابووری و شوناسی خۆیان بپارێزن و لە ساتەوەختی ئەستەمدا نەكەونە بەر هەرەشەی پەلامار و داگیركاریی وڵاتانی بەهێزتر. بە گوێرەی هانس کێڵسێن، فۆنکسیۆنی نێوخۆیی و دەرەکیی سەروەری، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ئۆڕگانیکیان پێکەوە هەیە. کێڵسێن دەڵێت، دەستوور یان یاسای بنەڕەتیی وڵاتێکی سەروەر و هێندێک جارانیش ئاکتی حقووقیی نێوخۆیی وەکوو ‌هەڵبژاردنی گشتی و ڕێفڕاندۆم دەتوانن لە پەیوەندی لەگەڵ نۆڕمەکانی سەروەری و بە تایبەت دەستبەرکردنی مەشڕووعییەت و هۆکاری هەبوونی (Raison d’être) دەوڵەتی سەروەر لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەبێت، چونکە ئەم ئاکتە سیاسی و حقووقییانە نەتەوەی سەروەر لە پەیوەندی لەگەڵ داخوازیی مافی هاوشان و یەکسان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا دەکاتە خاوەن دەنگ و، پێگەی حقووقی بەهێز دەکات. دیارەدەی ئەوەی کە هێندێک جار ژمارەیەک لەم نەتەوانەی کە بە نەتەوەی بێدەوڵەت ناسراوان، بە مەبەستی خۆیان لە گیرخواردوویی و مانەوە لە چوارچێوەی هێندێک دەوڵەت/نەتەوەی باڵادەستی دیکە ڕزگار بکەن، پەنا بۆ دەنگدان و ڕێفڕاندۆم دەبەن (نموونەی کاتاڵۆنەکان لە ئیسپانیا، کوردەکان لە عێڕاق، سکۆتلەندییەکان لە بریتانیا و کێبەکەکان لە کانادا) دەکرێت لە هەر لە ژێر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنەی کێلسێنی لێک بدرێنەوە.

ئامانج و سنووری باسەکە

لێرەدا پێویستە سەرەتا ڕابگەیەندرێت کە ئامانجی ئەم نووسراوەیە ئەوە نییە کە بکەوێتە هەڵسەنگاندنی وردەکارییەکانی ئەم مودێلە سیاسییانەی کە لە ڕووی مێژووییەوە لە نێو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانیدا باو بوون و کە لەگەڵ چەمکی سەروەری ناتەبان یان ناکۆکی ڕێژەییان هەیە. بۆ نموونە هەر وەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا، لێرەدا مودێلگەلی وەکوو ئۆتۆنۆمی، فێدڕالیزم، کۆنفێدڕالیزمی دیمۆکڕاتیک، برایەتیی گەلان و تەنانەت بەشداری/موشارکەتی ڕێفۆڕمیستی ناکەونە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەوەیش نەک بە هۆی ئەوەی کە هێندێك لەوانە لە ڕووی تیۆریکەوە لاوازن و بەم پێیەش شرۆڤەهەڵگر نین، بەڵكوو لە بەر ئەوەی لەگەڵ ئامانجی سەرەکیی باسەکە کە بریتییە لە ئاوڕدانەوەیەک لە پێگەی سەرەوەی لە مێژووی تیۆریی سیاسیدا و هەروەها لێکدانەوەیەک لە پەیوەندیی ئەم چەمکە لەگەڵ دیاردەی شارومەندی و دەوڵەت، ناگونجێت. ئەم مودێلانە تەنیا هەتا ئەم جێگایە ئاماژەیان پێ دەکرێت کە لەگەڵ ئامانجی سەرەکیی ئەم دەقە بگونجێن. شایانی باسە بگوترێت کە هەروەها ئەم پێناسە جۆربەجۆرانەی کە لە سەر چەمکی سەروەری لە بەردەستدان و گەلێک جاران وەکوو سەردێڕگەلی جۆربەجۆر خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە، بۆ نموونە، سەروەریی سیاسی، سەروەریی نەتەوەیی، سەروەریی حقووقی، سەروەریی نیشتمانی و … ناکەونە بە تیشکی هەڵسەنگاندنی ئەم دەقە. دەسنیشانکردنی ئەوەی کە بڕیار بدرێت کام یەک لەو دەستەواژانە بۆ دۆزی کورد گونجاوترن، یان ئەوەی لە ڕووی ئیتیمۆلۆژیکی و سێمانتیکی کام سەردێڕ لە بەستێنی تیۆری و پڕاكتیکدا هەڵگری بایەخی زیاترە یان کەمتر، ناكەونە چوارچێوەی ئەم نووسراوەیە. هەنگاوێکی لەم چەشنە دەتوانێت چەند ڕیسکی هەبێت کە لەم قۆناغەدا زەروورەتی دەرکەوتنیان نییە. یەک لەم ڕیسکانە ئەوەیە کە ئەم نووسراوەیە لە گۆڕەپانی ڕۆشنبیریی کوردیدا ببێتە هۆکار یان ماتریالێک بۆ ئانالیزی گوتاری، لێکدانەوەی دەقناسانە و میتۆدی هەڵوەشێنەرەوانە و پێکهاتەشکێنانەی دریدایی (Jacques Derrida 1930-2004)، یان بە شێوەیەکی گشتی ببێتە مادەیەک بۆ شرۆڤەکاریی پۆستمۆدێڕنیستی کە بۆ نموونە ئامانجی هەنگاوێکی شرۆڤەکارانەی لەم چەشنە دەسنیشانکردن یان دۆزینەوەی کۆمەڵێک ئاماژە، نیشانە، کەلێن و چڕژ و پەیامی شاراوەی ناو دەقەکە بێت کە لە ئاکامدا باسەکە بە لای پۆلیمیکێکی نەزۆک و بێئەنجام ڕابکێشێت. هەر بۆیەش مەبەستی ئەم دەقە بە هیچ شێویەک ئەوە نییە کە ببێتە هۆکارێکی نوێ بۆ بەشداری لە پۆلیمیکی نەریتیی نێوخۆیی کە پشت بە بنەما تیۆرییەکان و میتۆدگەلی پۆستمۆدێڕنیستی ببەستێت چونکە ئەو شێوە مەناقشەیە هەم ڕووخێنەر، هەم دژەپێکهاتە و دژەپڕاكتیک و هەم نەزۆکە و لە کۆتاییدا زیان بە خەباتی سیاسیی کوردی دەگەیەنێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم نووسراوەیە پێشوازی لە هەر هەنگاوێکی پێکهێنەر دەکات کە بتوانێت، بە ڕێگای کەڵکوەرگرتن لە تیۆری سیاسی، هەڵە و کەموکورتییەکانی ڕاست کاتەوە، بەم پێیەش باسەکانی پەیوەندیدار بە چەمکی سەروەری دەوڵەمەند بکات.

هەر بەو هیوایەش، لەم نووسراوەیەدا چەمکی سەروەری (تەنانەت ئەگەر بەبێ دەستەواژەی پێشگر یان پاشگر بەکار بێت)، هەڵگری واتەیەکی نەتەوەیی، دامەزراوەیی، حقووقی و سیاسییە و لە سەر ئەو ڕێچکەیەش حەول دەدرێت کە هەم پێشینەی مێژوویی ئەم چەمکە لە تیۆری سیاسیدا (بە شێوەیەک کە لە مەجالی نووسینەکە دابێت) و هەم پێناسەیەکی سەرەتایی لەم دەستەواژەیە بخرێتە بەردەستی خوێنەری کورد. لەم پێناوەدا، ئەم نووسراوەیە، وەک ئاماژەی پێ کرا، ئاوڕێکی کورت لە چەمکی سەروەری لە مێژووی تیۆری سیاسیدا دەداتەوە هەتا بە مەبەستی تێگەیشتنی باشتر، باسەکانی پەیوەندیدار بە چەمکی سەروەری و هۆکارەکانی زەروورەتی سەروەری لە کۆنتێکستێکی مێژوویی و سیاسیی تایبەتدا، بەم شێوەیەی کە لە دەقەکانی تیۆری و فەلسەفی ڕابردوو، بۆ نموونە ئەوانی یۆنانی کۆن، بیرۆکەکانی سەردەمی شارستانییەتی ئیسلامی و پەیمانی کۆمەڵایەتیدا ئاماژەی پێ کراوە، بخرێتە بەرباس. لە هەنگاوی دووهەمدا، حەول دەدرێت کە بە پشتبەستن بە تیۆری سیاسیی هاوچەرخی پەیوەندیدار بە دیاردەی شارومەندی و شارومەندبوون و دەوڵەت، خوێندنەوەیەکی سەرەتایی لە چەمکی سەروەری (سیاسی، حقووقی و نەتەوەیی) پێشکەش بکرێت. لە کۆتاییدا، دۆزی کورد هەم وەکوو دۆزی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، بەڵام زیاتر وەکوو دۆزی تاکی کوردی بێ دەوڵەت لە پەیوەندی لەگەڵ چەمکی سەروەریدا بەرجەستە دەکرێتەوە.

سەروەری لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیدا

ئەفلاتوون (Plato 428/348 B.C6) لە سەردەمێکدا دەژیا کە بە گوێرەی وی سیستەمی دەستەڵاتداریی سیاسی و چوارچێوەکانی مؤڕاڵی گشتیی کۆمەڵگەی ئاتێن و بناغەکانی ئەم شارستانییەتە لە هەموو لایەکەوە تووشی قەیران ببوو. دیاردەگەلی وەکوو هێرشی دەرەکی (ئاماژە بە پرشییەکان) و لێکەوتە کارەساتبارەکانی ئەم هێرشانە، بەرژەوەندیخوازی و قازانجپەرەستیی تویژی بازرگان، پەرەسەندنی کۆچ و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری بیانی و لە هەموو ئەوانەش کێشەخوڵقێنتر هەبوونی گەندەڵییەکی سیستەماتیک لە سەر بنەمای پەیوەندیی بنەماڵەیی و خزمایەتی (Nepotism) کە سەرانسەری جومگەکانی ئیداری و بەڕێوبەرایەتیی وڵاتی داگرتبوو، هەوەها لە تەنیشت ئەمانەوە مەرگی تڕاژیکی مامۆستای فەیلەسووفەكەی واتە سوقڕات، کە لە خۆیدا دەرهاویشتەی دۆخی دەوڵەتی ئیفلیج (Dysfunctional State) بوو، ئەفلاتوونی هێنابووە سەر ئەو باوەڕە کە ئەگەر بێت و مودێلێکی سیاسیی جێگرەوە بە سیستەمێکی مۆڕاڵی و فەزیلەتی پایەدارەوە ( Cardinal Vertues) نەیەتە ئاراوە، ئەوە شارستانییەتی یۆنانی ئاتێنە کە سەروەریی خۆی لە دەست دەدات و دەبێت بۆ هەمیشە دەستی لێ بشۆی. لە مودێلی جێگرەوەی ئەفلاتوونیدا کە دروستکردنی خەونەشار یان مەدینەیەکی فازیلەی (Virtuous Polis) دادپەروەر بە ئامانج دەگرێت، ئەوە فەیلەسووفەکانن کە دەبێت بە هۆی بلیمەتی و پیتۆڵیی خۆیان و بەهرەی خوێندنەوە و ڕاڤەی واقیعییەكان، دەستەڵاتی سیاسی و ئیداریی وڵات بە دەستەوە بگرن. ئەم فەیلەسووفانە کە لە ڕووی زاوزێ و لە ئاکامی زەماوەندی بەکۆمەڵ هاتوونەتە سەر دنیا، بە دوای تێپەڕکردنی پڕۆسەیەکی بارهێنان و پەروەردەیی هزری و جەستەیی دەیان ساڵە، کاتێک کە ئامادەی بەدەستەوەگرتنی ئەرکەکانی سیاسی و ئیداری دەبن، چونکە نە باوکیان هەیە و نە برا، نە تەنیا نابنە سەرچاوەی گەندەڵیی خزمایەتی لە سیستەمی سیاسیی وڵاتدا، بەڵكوو هەر ئەوانیش دەبنە دامەزرێنەری سەروەرییەکی دادپەروەرانە کە لەوێدا مۆدێلی ڕێکخراوەیی دەوڵەت کە لە سەر سێ توخمی بیرمەندی (Visdom)، ئازایەتی (Courage) و دیسیپلین (Disciplin) دامەزراوە و سیاسەت لە ساتوسەودا و معاملە (Nomos) ڕا دەکاتە سروشت (Physis)، لە نموونەی خۆی شارومەندێکی دادپەروەر بەرهەم دێنێتەوە کە لە ئاكامی ڕاپەڕاندنی ئەرکی ڕۆژانە و ملکەچبوونی لە بەرانبەر سەروەیی وڵات و دەستەڵاتدارییەتی سیاسی، خۆی و شارستانییەتەكەی بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

خەونەشار(مەدینەی فازیلە) و فۆڕمی دەستەڵاتداریی سیاسیی ئەرەستوو (Aristoteles 384-322 B.C7) هەرچەند ڕێگا بە کۆیلە و ژنان نادات کە لە پڕۆسەی سیاسەتدا بەشداری بکەن، بەڵام دیسانیش لەوەی ئەفلاتوون باڵكێشتر و بەرینترە. لەو فۆڕمی ئەرەستووییدا مرۆڤ وەکوو ئاژەڵی سیاسی (Zoon Politikon) پێناسە دەکرێت کە لەچاو هەموو ئاژەڵێک، بە هۆی بەهرەمەندبوونی لە توانایی زمان و عەقڵ (Logos) بۆتە خاوەن ئامانجێکی ( Telos) دیاریکراو کە هێڵی کۆتاییەکەی دەستەبەرکردنی مافی شارومەندییە لە دەوڵەتێکی دادپەروەردا کە تێیدا بە ڕێگای بەشداری لە پرۆسەی سیاسەتدا، بە بەختەوەری و سەروەری بگات. خاڵی هەرە گرینگی مۆدێلی ئەرەستوویی ئەوەیە کە پێداویستیی مرۆڤ بۆ ئەوەی لە سیستەمێکی سیاسیی دەستەڵاتداری یان دەوڵەتێکدا ببێتە ئەندام یان شارومەند، ڕەوتێکی سروشتی و بێگەڕانەوەیە چونکە تایبەتمەندیی مادە (مرۆڤیش لەگەڵ) کە لە حاڵەتی سەرەتایی خۆی‌ڕا بەرەو فۆڕمێکی تایبەتی دیاریکراو هەنگاو بنێت. مرۆڤی بیدەوڵەتیش هەر هەمان حاڵەتی سەرەتاییە کە بە ڕێگای گەیشتن بە پلەی شارومەندی، فۆڕمی تازە بەخۆیەوە دەگرێت. بە بۆچوونی ئەرەستوو، بنیاتنانی دەوڵەت و گەیشتن بە مافی شارومەندی لە چوارچێوەی هەمان دەوڵەتدا پرۆسەیەکی سروشتی و بێگەڕانەوەیە کە هەموو مرۆڤێک پێیدا تیپەڕ دەبێت. بە وتەی ئەرەستوو ئەوە تەنیا خودا یان جانەوەرە کە پێویستییان بە دەوڵەت و مافی شارومەندی نییە.

پرسی بنیاتنانی دەوڵەتێک، قەوارەیەکی سیاسی یان هەمان مەدینەی فازیلە (Virtuous Polis) کە ببێتە مەکانێک بۆ دادپەروەری و پێگەیەک بۆ بەختەوەری و سەروەریی مرۆڤ، لای فەیلەسووفەکانی شارستانییەتی ئیسلامیی سەردەمی خەلافەتی عەبباسیش (749–1258) لە سەرەوەی هەموو پرسیارەکان بوو. نیۆپلاتۆنیزم (Neo-Platonism) کە پێناسەی پێگە و چوارچێوەی مەکتەبی و فەلسەفی ئەم فەیلەسووفانەیە، ئاماژەیەکە بەوەی کە ئەم ڕەوتە بەردەوامیی فەلسەفەی یۆنانی کۆنە و لە ژێر کارتێکەریی بەهێزی ئەفلاتوون و ئەرەستوویە. هەر ئەوانەشن کە دەبنە هۆکاری ئەوەی کۆی دەقە فەلسەفییەکانی یۆنانی بخرێنە سەر زمانی عەڕەبی، هەتا چەند زەمەنێک دواتر بە نۆرەی خۆیان وەربگێڕدرێنەوە سەر زمانی لاتین و ببنە بنەما سەرەکییەکانی گەشەی هزری و ماددیی جیهانی ڕۆژئاوا. ئیسحاق ئەلکیندی (Al-Kindi 800-873)، فــاڕابی (8Alpharabus 872-950)، ئیبن سینا (Avicenna 980-1037) و ئیبن ڕوشد (Averroës 1126-1198) کە ناویان لە نێو ئەو ڕەوتە فەلسەفییەدا دەدرەوشێتەوە، هەرچەندە لە نیزیکبوونەوەیان لە بابەتەکە هەڵگری جیاوازیی بەرچاون و هەروەها بە پێچەوانەی ئەرەستوو کەمتر سەرنج دەدەنە سەر دنیای ماتریال، بەڵام دیسانیش لە سەر ئەو بنەمایە کۆکن کە باسی ئۆنتۆلۆژیک کە بریتییە لە داڕشتنی بیرۆکەیەکی فەلسەفی لە پێناو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نۆیی دادپەروەردا، پێویستی بە چەمک و دەستەواژە یان ئیــپیستێمـــۆلـــۆژی (Epistemology) جیاواز هەیە . هەر بۆیەش، ئەوانە لە یەکەم هەنگاودا، زمانی ئایین و زمانی فەلسەفە لە یەک جیا دەکەنەوە، بۆ نموونە فاڕابی لەم ڕەوتی گەشەپێدانەدا، دابەشکارییەکی نوێ بۆ چەمکی لۆگۆسی (Logos) ئەرەستوویی دەخاتە ڕوو. لەم پەیوەندییەدا، فاڕابی لۆگۆس بە سەر بوارگەلی ئایینی، سیاسی، جوانناسی و فەلسەفەدا دابەش دەکات، کە هەڵبەتە لێرە ئەوە زمانی فەلسەفەیە کە لە سەرەوەی هەموو لۆگۆسەکانی دیکە ئەرکی دەسنیشانکردنی بنەما هزرییەکانی مەدینەی فازیلە و سەروەری و بەختەوەریی مرۆڤ دەگرێتە ئەستۆ.

ئیبنی خلدوون (Ibn Khaldoun1332-14069) کە نیزیکەی سەدە و نیوێک دوای بیرمەندانی نیۆپلاتۆنیستی دێتە مەیدان، ئەرەستوو بە مامۆستای یەکەم ناو دەبات. نیشانەکانی ئەو کارتێکەرییە لەو لێکۆڵینەوە مەیدانییانەدا (Emprical research) دەبیندرێن کە ئەو کۆمەڵناس و مێژووناسە بلیمەتە لە سەر هەڵکشان و داکشانی قەوارە سیاسییەکان یان بە گشتی حاکمییەتەکانی شارستانیەتی ئیسلامی بەڕێوەیان دەبات. پرسی سەرەکی لای ئیبنی خەلدوون ئەوەیە: حاکمییەتی سیاسی بۆچی پێک دێت، بەڵام سەر ناگرێت و لە کۆتاییدا و دەڕووخێت و سەروەریی خۆی لە دەست دەدات؟ ئەو بیرمەندە یەکەمین کەسە کە پرسی سەروەری بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دیالیکتیکی بە دیاردەی هەستی گشتیی پێکەوەبوون (Group feeling) و شوناسەوە دەبەستێتەوە و لەم پەیوەندییەدا، داوامان لێ دەکات کە سرنج بدەینە چەمکی عەسەبییە (Assabiyya) کە لە ڕاستیدا واتای جەوهەرێکی شوناسخوازانە دەگەیەنێت کە لە خۆیدا هۆکاری بنەڕەتیی زیندوومانەوە، سەرکەوتن و بەردەوامیی هەر سیستەمێکی دەستەڵاتداری سیاسییە. لە کاتێکدا کە بۆ نموونە ناوەندێکی شارستانییەت دەکەوێتە بەر هێرشی دەرەکی و توانای خۆڕاگریی نییە، بە خوێندنەوەی ئیبنی خەلدوون ئەوە توانایی مادی و سەربازی نییە کە لە هەنگاوی یەکەمدا بڕیاردەرە، بەڵكوو ئەوە هێزی یەکگرتوویی و هاوچارەنووسییی پشتبەستوو بە عەسەبییەکی بەهێزە، کە چارەنووسی ناوەند دیاری دەکات. لەم هاوكێشە دیالیکتیکییەدا، کە لە سەر بنەمای ناکۆکی و ئانتاگۆنیزمی نێوان حاکمییەتی شارنشین (Hadhara) و خەڵکی بیاباننشین (Badoua)ـدا دێتە ئاراوە، ئەوە خەڵک و تیرەی عەشیرەیی و خێڵەکی و چۆڵگەردن، کە بە هۆی عەسەبییەی بەهێز ناوەند داگیر دەکەن. شایانی باسە کە لایەنی سەرکەوتووش، کە ئێستا سەروەریی وڵات دەکات، وردە وردە عەسەبییەی خۆی لە دەست دەدات،ـ هەتا لە پرۆسەیەکی زەمەنیی چل/پەنجا ساڵەدا کۆتایی دەستەڵاتی سیاسیی خۆی ببینێت و لە ئاکامی ئەوەی کە ئیبنی خەلدوون پێی دەڵێت بازنەی عەسبییە (Cycle of Assabiyya) بڕووخێت و جێگای خۆی بدات بە عەسەبییەکی جێگرەوە. ئیبنی خەلدوون پێی وایە، ئەو بازنەی عەسەبییە، ئەگەر چارە نەکرێت و بە بارێکی دیکەدا نەکەوێت، لە کۆتاییدا لەناوچوونی کۆی شارستانییەتی ئیسلامی و سەروەریی سیاسیی حاکمییەتەکانی نێو ئەو شارستانییەتەی لێ دەکەوێتەوە. چونکە بە گوێرەی ئەو بیرمەندە هەر قەوارەیەکی خاوەن سەروەریی سیاسی، لە ناخی خۆیدا هەڵگری توخمی ڕووخانی خۆیەتیك کە ئەویش دەرهاویشتەی لاوازی یان نەمانی هەستی پێکەوەبوونن، هاوچارەنووسی و شوناسی هاوبەشە: شوشناسێكی هاوبەش کە بە خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانە دەکرێت بە هەمان چەمک پێناسە بکرێت کە بێنێدیکت ئاندێرسۆن (Benedict Anderson) وەکوو کۆمەڵگەی خەیاڵی (Imagined Community10) ناوی دەبات. دیسانیش بە گوێرەی ئیبنی خەلدوون، هەر یەکەیەک یان هەر ناوەندێکی سیاسی کە تێیدا پرسی سەروەری و حاکمییەت بە سەر ژمارەیەک خەڵکدا لە ئارادایە، لە پێناو زیندوومانەوە و گەشەدان بە دەستەڵاتی سیاسی و شارستانییەتی خۆی پێویستی بە عەسەبییە یان کۆمەڵگەی خەیاڵی هەیە، بەڵام بە مەرجێک کە ئەمجارەیان ئەم شوناسە هاوبەشە نەک لە سەر بنەمای عەسەبییەی عەشیرەیی، بەڵكوو بە ڕێگای عەسەبییە یان شوناسی دامەزراوەییەوە بنیات بندرێت. شایانی باسە کە پڕۆسەی داڕمانی سیستەمە دەستەڵاتدارییەکانی نێو جوگرافیای سیاسی و کولتووریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا و هەروەها قەیرانەکانی پەیوەندیدار بەم مودێلە دەستەڵاتدارییانە، کە لە سەرەتای بەهاری عەرەبییەوە دەستی پێ کردووە، زۆر بە ڕوونی ئۆتۆریتەی تیۆرییەکانی ئیبنی خەلدوون نیشان دەدەن. لەم پەیوەندییەدا، کاتێک کە هەواڵنێری (CNN) لە سەرووبەندی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا، پرسیاری هۆكارەكانی ئەم ڕووخانە لە محەمەد جۆلانی (ئەحمەد شەرع) سەرۆکی کاتیی سووریا دەکات، لە وەڵامیدا دەڵێت: “توخمی داڕمانی ڕژێم لە ناخی خۆی‌دایە”. گەلۆ ئەو سەرکردە ئیسلامییە، شارەزای ئیبنی خەلدوونە یان واقیعی دەوروبەری خۆی دەناسێت یان هەر دووی؟

سەروەی و بێدەوڵەتی

بە گەڕانەوە بۆ لای هانس کێڵسێن (Hans Kelsen11) و ئەو دابەشکارییەی کە ئەو یاساناسە لە ڕووی کارکردەوە بۆ چەمکی سەروەری دەیکات، سەرەتا پێویستە لایەنی فۆنکسیۆنی نێوخۆیی ئەم چەمکە نەک تەنیا لە ڕووی تیۆرییەوە بەڵكوو لە ڕووی ئەزموونی نەتەوە و تاکی بێدەوڵەتیشەوە لە بەستێنێکی فراوانتردا بخرێتە بەر باس، بەڵام کاتێک کە کێلسێن ڕێگا نادات چەمکی سەروەری لە دەرەوەی پێناسەیەکی بێخەوش و تەواو حقووقییەوە، پشت بە هیچ بوارێکی زانستی دیکە ببەستێت، چارەیەک نامێنێت کە جارێکی دیکە دوای نیزیک دووسەد ساڵ دەستەوداوێنی جۆن ئۆستین (John Austin12) ببینەوە، چونکە ئەم یاساناسە ڕێگامان پێ دەدات لەپێناو بەهێزکردنی پێناسەی سەروەریدا پشت بە تیۆرییەکانی کۆمەڵناسی و زانستی سیاسی ببەستین.

لە پەیوەندی لەگەڵ تاکی بێدەوڵەتدا، یانی ئەو تاکەی کە بە پێی ئێتیکی ئەرەستوویی و بۆچوونی فەیلەسووفەکانی سەردەمی بیرۆکەی لیبێڕال لە هەموو مافە گەردوونییەکانی خۆی بێبەش کراوە، ئەرکی ئەم باسە قورستر دەبێت. ئەویش بەو مانایە، کە گەلێک زیاتر لە سەردەمی جۆن ئۆستین پێویست دەبێت کە بە ناچاری، لە باسەکانی پەیوەندیدار بە مافی شارومەندی و دەوڵەت و بە تایبەت بە هۆویەت و شوناس وردتر ببینەوە و قووڵتر لێیان بكۆڵینەوە. لەم پەیوەندییەدا، مافی شارومەندیی پەیوەست بە تاک کە لە فۆڕمێکی یاسایی و دامەزراوەیی و لە چوارچیوەی خاکێکی یاسایی ناسراو و لە ژێر چەتری دەوڵەتێکی دەستەڵاتداردا دەستەبەر دەکرێت، لە خۆیدا واتەی هەمان سەروەری پەیدا دەکات کە لەم نووسراوەیەدا باسی لێ دەکرێت. بە واتەیەکی دیکە، مافی شارومەندییش کە بریتین لە (١) مافی مەدەنی (Civil Rights)، (٢) مافی سیاسی ((Political Rights و (٣) مافی کۆمەڵایەتی (Civil Rights) پێکهێنەری بنەما سەرەکییەکانی سەروەرین کە لە هەمانکاتدا وەکوو ئەفلاتوونیش دەڵێت، ڕەنگدانەوەیان بە پێکهاتە و فۆڕمی ڕێکخراوەیی دەوڵەتەوە دیارە.

 هاننا ئارێنت دەڵێت: بێدەوڵەتی تەنیا کێشەیەکی حقووقی نییە، کە لە ڕووی یاساییەوە پێش بە تاکی بێدەوڵەت بگرێت کە نەتوانێت تەعبیر لە مافەکانی خۆی بکات. بەڵكوو کێشەکە کێشەیەکی هۆویەتییە، دەنا خۆ ئەو یاسایەی کە لە وڵاتێکدا سەردەستە، بانگەشە و ئیدیعای موعاملەکردنی یەکسان لەگەڵ هەموو لایەک دەکات. لە ڕاستیدا ئەوە یاسای سەردەستی ئەم وڵاتە دیاریکراوە نییە کە ئەو تاکە بێدەوڵەتە ناچار دەکات لە بێمافیدا بمێنێتەوە. بەڵكوو هۆکارەکەی ئەو دۆخەیە کە بە هۆی شوناس و هۆویەتی تاکی بێوڵاتەوە هاتۆتە ئاراوە. هەر بۆیەش لە حاڵەتی بێدەوڵەتیدا، تاکی بێدەوڵەت هیچ کاتێک ڕەنگی ئاسوودەیی و حەسانەوە بەخۆیەوە نابینێت. ئارێنت هەروەها دەڵێت، کێشەکە تەنیا پەیوەندیی بە یاسای یەکسانەوە نییە. جاری وایە هەر هیچ یاسایەکی لەو چەشنە بۆ تاکی بێدەوڵەت نییە، تەنانەت جاری وایە یاسەیەک بۆ لێدان، سەرکوتکردن و ئەشکەنجەدانیشی نییە. لە سایەی دەوڵەتی غەریب و نامۆدا، تاکی بێدەوڵەت، دیسان وەکوو ئارێنت باسی دەکات، فڕێ دەدرێتە دەرەوەی یاسا، بۆ ئەوەی بە ناچاری لە دۆخی ساوایی و سروشتیدا بمێنێتەوە، یانی جگە لە مرۆڤێکی ڕووت و قووت کە ئەویش بوونەوەرێکی هەڵاوەسراو و ئابستڕاکتە، هیچ شتێکی دیکە نەبێت.١٣لە ڕووی خوێندنەوەی ئارێنتەوە دەتوانین بڵێین، کە تاکی کورد بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن مافە گەردونییەکانی خۆی، هیچ ڕێگایەکی دیکەی نییە جگە لەوەی ماڵئاوایی لە دۆخی سروشتی و مرۆڤبوونی خۆی بکات و بە جێگای ئەوە بیر لەوە بکاتەوە کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی حقووقیی ناسراودا مافی شارومەندی بۆخۆی دەستەبەر بکات. ئەو مافانەش لە ڕووی حقووقییەوە هەروەک لە سەروە ئاماژەی پێ کرا، بریتین لە مافی مەدەنی، مافی سیاسی و مافی کۆمەڵایەتی. بەڵام ئارێنت دەڵێت، کە شارومەندبوون و سەروەری و لە ئاکامدا دەستەبەرکردنی ماف بۆ تاکی بیدەوڵەت لە ژێر دەوڵەتێکی بێگانە و نامۆ دا مومکین نییە.

پێش ئەوەی لە ئارێنت بپرسین بۆچی مومکین نییە، وا باشە لە پێشدا ئاوڕێکی سەرەتایی لە بنەماکانی شارومــــەنــــدی و ســـەروەری بــدەینەوە.

 پەیمــانی کـۆمەڵایەتی و مافی مەدەنیی شارومەندی: بنەمای یەکەمی سەروەری

پەیوەندیی نێوان مافی مەدەنی و شارومەندبوون و سەروەریی دەوڵەت بە شێوازێک دەکرێت بە فەیلەسووفانی سەردەمی پەیمانی کۆمەڵایەتی (Social Contract) بە تایبەت فەیلەسووفی ئینگلیزی تۆماس هابز (Thomas Hobbes1588-1679١٤)وە ببەسترێتەوە. هابز ئەو سەردەمە بە سەردەمی “شەڕی هەموو کەس لەگەڵ هەموو کەس” پێناسە دەکات. بە پێی ئەم پێناسەیە مرۆڤ کە ئێستاش لە دۆخی سروشتیدا دەژیت، وەکوو”گورگێکی بێبەزەیی مرۆڤخۆر” تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی شەخسی و دەستەیی و دامرکاندنەوەی حەزە خۆپەرەستییەکانی خۆی دەکاتەوە. لەم دۆخەدا، یاسای سروشتی، واتە یاسای جەنگەڵ زاڵە. ئەوەی هێزی هەیە، ئەو مافە بە خۆی دەدات کە ماڵ و موڵکی ئەوی لاواز یان لاوازتر داگیر بکات و گیانیشی لێ بستێنێت. بێگومان، ئەم وێنە تڕاژیک و خوێناوییەی کە هابز لە دۆخی سروشتی (State of Nature) و یاسای سروشتی (Laws of Nature) وێنای دەکات، هەڵقوڵاوی خەون و خەیاڵ نییە. هابز لە سەردەمێکدا دەژیا کە شەڕی نێۆخۆیی ئینگلیز (1642-1951) و شەڕی سی ساڵەی ئورووپا ( 1618-1648) حەشری بە خەڵکی مەدەنی کردبوو و، وڵاتانی ئورووپا ئاداریان لە سەر پاداریان نەمابوو. هەر بۆیەش هابز خەونی بە سیستەمێکی تایبەتی دەستەڵاتداری و سەروەرییەوە دەدێت کە بە سەر تەواوی جمگەکانی کۆمەڵگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زاڵ بێت، هەتا ئەو جێگایەی بەشەر نەوێرێت بڵێ لەل. بەم پێیەش، ئەو فەیلەسووفە بە مەبەستی تێپەڕاندنی دۆخی سروشتی بە شێوەیەکی مێتافۆریک و هەروەها بە ئیلهاموەرگرتن لە بوونەوەرێکی ترسناکی نێو کتێبی پیرۆز بە ناوی دێو/درنج (Leviathan)، دەست بە گەڵاڵەکردنی مودێلێکی دەستەڵاتداریی سیاسی دەکات، کە لە ڕاستیدا بریتیە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەشرووع کە لەوێدا ئەندمانی کۆمەڵگە یان شارومەندانی وڵات بە هۆی پەیمانی کۆمەڵایەتییەوە ئیتاعەت و ملکەچیی خۆیان بۆ سەروەر ڕادەگەیەنن و لە بری ئەو ملکەچی و ئیتاعەتە، سەروەر یان هەمان دەوڵەتی ڕەوا، کە ئێستا دەستەڵاتی ڕەهای هەیە، دەستەبەر(زەمانەت)ـی پاراستنی گیان و ماڵی ئەوان بە ڕێگای پاوانی یاسایی و دامەزراوەیی زەبروزەنگ لە ئەستۆ دەگرێت. لەمەودوا، ئیدی ئەوەی ‌هێزی هەیە لە ترسی سزای قانوونی ناوێرێت دەستدرێژی بكاتە سەر موڵک و ماڵ و گیانی هاووڵاتیان. ئیتر ئاسایشی گیان و ماڵ کە بە سەرەتاییترین مافی یاسایی و دامەزراوەیی شارومەندی هەژمار دەکرێت و هاووڵاتیان دەستەبەری دەکەن، بە ناوی مافی مەدەنی (Civil Rights) پێناسە کراوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ تاکی کورد و ئەو مافە مەدەنییانەی کە ئەم تاکە لە ژێر چەتری سەروەریی تورکی، ئێرانی، عێڕاقی و سووری هەوڵیان بۆ دەدات و كاریان پێ دەكات، ئەزموونە میژوویی، حقووقی و سیاسییەکانی ڕابردوو و ئەمڕۆیی دەری دەخەن، کە تاکی کورد لەم وڵاتانەدا ئێستاش لە سەردەمی شەڕی سی ساڵەی ئورووپا و شەڕی ناوخۆی ئینگلیز، یان بە گوێرەی هابز لە دۆخی سروشتیی چاخی “گورگی مرۆڤخۆر”دا ماوەتەوە. لە ڕووی ئەم لێکدانەوەیە، دەتوانین پرسیار بکەین کە کوردێک کە لە ژێر سەروەریی سیاسی و حقووقیی تورکی، ئێرانی، عێڕاقی و سووری‌دا ژیان بە سەر دەبات، هەتا چەندە توانایی بڕیاڕی بە سەر چارەنووسی تاکەکەسی یان گیان و ماڵی خۆیدا هەیە؟ ئەم دامەزراوە و دەزگایانەی کە بۆ نموونە لە ئێران بە خوێندنەوە وێبێرەکەی (Max Weber)، مۆنۆپۆلی زەبروزەنگیان بە دەستەوەیە تا چ ڕادەیەک کاریگەریی خودی کوردیان لە سەرە؟ کێن ئەوانەی کە بە حوکمی جەوهەرییەتی ئۆنتۆلۆژیکی خۆیان سووژەی کورد لە سێدارە دەدەن، یان سزای گرتووخانەی درێژخایەنیان بە سەردا دەسەپێنن، یان لەوەش خراپتر، ڕێک بە پێی دۆخی سروشتی یان وەکوو هاننا ئارێنت (Hanna Arendt) دەڵێت، لە دەرەوەی یاساکانی خۆیان، لە سەر ئەو سنوورانەی کە کورد هیچ ڕۆڵێکی لە دروستکردنیاندا نەبووە، لە هەیبەتی کۆڵبەردا تەقەیان لێ دەکەن، گیانیان لێ دەستێنن و ماڵیان زەوت دەکەن؟ دیسانیش پرسیار ئەوەیە، تاکی کوردی ژێر سەروەریی ئێرانی هەتا چەندە مافی وەبەرهێنانی لە سەر خاکی خۆی هەیە؟ چ چەشنە مافێكی بریاڕی بە سەر سەرچاوە ئاوییەکان، سامانە سروشستییەکان، ژێرخانی ئابووری، ئاسەواری مێژوویی و ژینگە و سروشتی خۆیدا هەیە؟ لە تورکیای ئەمڕۆدا کە کورد مافی ئەوەی نییە تەنانەت ناوی ڕەسەن و سروشتیی گوند و باژێڕ، ڕووبار و چیا، کوڕ و کچ و دۆڵ و کانییەکانی خۆی هەبێت، یان تەنانەت ئێستاشی لەگەڵ بێت بە هۆی دەنگهەڵبڕین و گۆرانیچڕین لە فەزا گشتییەکاندا تووشی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە دەبێتەوە، هەتا چ ڕادە یان ڕێژەیەک دەتوانین باسی پەیمانی کۆمەڵایەتی و مافی مەدەنی وەکوو سەرەتاییترین پێشمەرجی سەروەری بۆ کورد بکەین؟ هەر دەڵێی کورد لەم وڵاتە مافی ئەوەی نییە کە تەنانەت لە دۆخی سروشتیشدا بمێنێتەوە، چ بگات بە پەیمانی کۆمەڵایەتی و بەم پێیەش پاراستنی گیان و ماڵ، کولتوور، زمان و ناسنامەی خۆی بە پێی ئەم یاسایانەی کە لە سەر بنەمای پڕەنسیپەکانی سەروەری دەبێت خۆی گەڵاڵەیان بکات و هەر خۆشی موئەسەساتی پەیوەندیداری بۆ دابمەزرێنێت. دۆخی پەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ کورد لە سووریاش، سەرەڕای ڕواڵەتی شتەکان و هەبوونی قەوارەیەکی دەستەڵاتی ئیداری، سەربازی و سیاسی زۆر ڕوون نییە. هەربۆیە لێرەش پێویستە لە خۆمان بپرسین، گەلۆ لە کاتێکدا کە سروشتی سیستەمی هاوکێشەی دەستەڵات لە نێوان وڵاتانی هەرێمی، جەوهەرەی ئایدۆلۆژیکی دژەکوردی هێندێك وڵاتان وەکوو تورکیا و هەروەها ناڕوونی داهاتووی پڕۆسەی سیاسەت لەم وڵاتە و لە هەموو ئەوانەش گرینگتر مانەوەی مێژوویی ژمارەیەکی زۆر لە کوردان لە دەرەوەی فەرمییەتی حقووقیی دامەزراوەی شارومەندی، چۆناوچۆن دەکرێت باسی ئاسۆی داهاتووی کورد و مافە مەدەنییەکانی و گەیشتنی ئەم نەتەوەیە بە پەیمانی کۆمەڵایەتی بکەین؟ هەتا ئەم جێگایەی باسەکە مۆدێلی سەروەریی سیاسی و حقووقیی عێڕاقی و پێگەی کورد لە ڕەسمییەتی یاسایی ئەم وڵاتەدا دەگرێتەوە، دیارە کە لە ڕوویەکی بەراواردکارانە کۆمەڵێک جیاوازیی بەرچاو دەبیندرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانین کە کورد لەوێ سەرەڕای هەبوونی پێگەیەکی فەرمیی دەستووری و دامەزراوەیی کە لە سەر بنەمای دابەشکاریی هاوبەشانەی سەروەریی سیاسی و حقووقی و ئەویش لە فۆڕمی فێدڕاڵیدا خۆی دەنوێنێت، دیسانیش لە مومارسەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانیدا یان بە شێوەیەکی بەرینتر لە هەڵسوکەوتی سیاسی و حقووقیی خۆیدا، لە چوارچێوەکانی پەیمانی کۆمەڵایەتی سەردەستدا معاملەی یەکسانی لەگەڵ ناکرێت. بە هۆی ئەوەی کە کوردانی ئەوێ نەیانتوانیوە ببنە بەشێک لە سیستەمی یاسایی نێونەتەوەیی و بەم پێیەش سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە لە بنیاتنانی قەوارەیەکی سیاسی و حقووقین ئێستاش لە دەرەوەی پڕەنسیپی یەکسانی حقووقی (Le principe de l’égalité juridique) ماوەنەتەوە، بە هەمان شێوەش کێشە و گرفتەکانیان وەکوو کێشە و گرفتی نیوخۆیی عێڕاقی هەژمار دەکرێن. ئەگەریش، دەستەڵاتی کوردی لەم وڵاتەدا بەردەوامیی هەیە، ئەوە نەک بە هۆی پێگەی یەکسانی حقووقی و یاساییە، بەڵكوو هۆکارەکەی زیدەتر پەیوەندیی بە باڵانسی هێز و فۆڕمی هاوپەیمانێتیی ناوچەیی سنووربەزێنە (بۆ نموونە لەگەڵ ئەمریکا یان نیزیکایەتی لە وڵاتانی هەرێمی) کە بەردەوامی و هۆکاری هەبوونی (Raison d’être) ئەم قەوارە هەرێمییەی مسۆگەر کردووە. هەربۆیەش لە غیابی پێگەی سەروەری لە یاسای نێونەتەوییدا، ئەم هەرێمە فێدڕاڵییە بە گوێرەی هەڵکشان و داکشانی باڵانسی هێزەکەی، ئەوا دەستەڵاتی ناوەندیی عێڕاقێش لە بەرانبەر بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردی هەڵكشان و داكشان بەخۆیەوە دەبینێت. دەستەڵاتێکی ناوەندیی شێعەتەوەر و سەر بە ئاجێندای دەرەکی کە هەر ڕۆژەی بە بیانووی جۆربەجۆر، بۆ نموونە بابەتی مووچە، گومرک، نەوت و گاز و هەروەها ناوچەكوردستانییەكانی مادەی 140 بەردەوام بەزمیان پێ دەگرێت. ئەم شێوازە ژیانە سیاسییە، لەگەڵ بناماکانی چەمکی سەروەریی سیاسی بەم شێوەیەی ئۆستین و کێلسێن پێناسەی دەکەن نامۆ و ناتەبایە.

 مافی سیاسیی شارومەندی

بنەمای دووهەمی سەروەری مافی سیاسی (Political Rights) وەکوو بنەمای دووهەمی سەروەری کە لە پەیوەندی لەگەڵ پێگەی مەدەنی و سیاسیی تاکی شارومەنددا واتە پەیدا دەکات، سنووری هاوبەش و تێکهەڵکێشێکی بەرچاوی لەگەڵ مافی مەدەنی هەیە، هەتا ڕادەیەک کە جاروبار ئەستەمە لێک جوێ بکرێنەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە سەردەمی تۆماس هابز (Thomas Hobbes 1588-1679)ـدا، مافی مەدەنی لە پەیوەندی لەگەڵ پێگەی یاسایی شارومەند، تەنیا لە فۆرمێکی گشتیی وەکوو پاراستنی گیان و ماڵ بە ڕێگای دامەزراوەی زەبروزەنگ و یاسا باسی لێ دەکرا، هەر هەمان بابەت دواتر لە ڕەوتی سەرهەڵدانی هزری لیبڕالیستیدا، هەم لە ڕووی واقیع و هەم لە ڕوانگەی بایەخی سێمانتیکی (Semantic) وشە مەیدانەکەی فراوانتر بووە، وەردەکاریی زیاتری لەخۆ گرت و لەگەڵ مافی سیاسی ئاوێتە بوو. ئەمجارەیان، نەتەنیا گیان و ماڵ بە شێوەی گشتی بەڵكوو بوارگەلی وەکوو ئازادیی تاک لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی سەروەر، پاراستنی کەرامەتی تاک، ئاسایشی تاک، مافی بەهرەمەندبوون لە موعاملەی یەکسان لە بەرامبەر یاسا، پاراستنی تاک لە بەرامبەر مەترسیی هەڵاواردن بە هۆی بیروهزر، باوەڕ، گوتار و ئایینی جیاواز، مافی کۆبوونەوە و وەگەڕخستنی بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، مافی سازکردنی ڕێکخراوەی سیاسی و مەدەنی و هەروەها مافی دەنگدان بوون بە ناوەرۆکی گوتاری لیبڕالیزم و لە کۆمەڵگەکاندا دەنگیان داوە. لەم ئاراستەیەدا، نە تەنیا دەستەواژەکان و بوارەکانی پەیوەندیدار بە مافی مەدەنی و سیاسیی شارومەند لە ئاستی تیۆری و گوتاریدا بەردەوام لە گەشەکردندا بوون، بەڵكوو لە سەر هەمان بنەما، واقیعی سیاسی و ناوئاخنی موئەسەساتی وڵاتانیش یان بە واتەیەکی جیاوازتر فۆرمەکانی سەروەریی سیاسی و حقووقی تووشی گۆڕانگاریی خێرا دەبوون. هەر لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەوە، ژمارەیەک جاڕنامە و چارتی تایبەت بە مافی مەدەنی و سیاسی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی پەسەند کران و شارومەندان کەڵکیان لێ وەرگرت. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە ژمارەیەک لەم دەستکەوتانە بۆ نموونە کۆیاسای ئینگلیسی بۆ مافەکان (English Bill of Rights 1689)، کۆیاسای ئەمریکا بۆ مافەکان (U.S Bill of Law 1789) و جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ (Universal Declaration of Human Rights 1948) بکەین کە نیشاندەری خێرایی پرۆسەی دەستەبەربوونی مافی سیاسین، پرۆسەیەک کە لە ڕەوتی پێشچوونی خۆیدا تەنیا بە مافی دەنگدان بۆ ژنان ڕازی نەبوو، بەڵكوو ساڵ بە ساڵ گەشەی زیاتری کرد، هەتا جێگایەک کە بزووتنەوەی مەدەنیی بۆ نەهێشتنی نەژادپەرەستی و دواتر مافی فرەجێندیریشی نۆڕماڵیزە کرد و خستینە چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی وڵاتانەوە.

لە پەیوەندی لەگەڵ مافی سیاسیدا، نەک تەنیا وەکوو بنەمای دووهەمی سەروەری بەڵكوو وەکوو نیشانەیەکی دیکە لە دەستەبەربوونی پەیمانی کۆمەڵایەتی، فەیلەسووفی ئینگلیزیی سەردەمی گەشەی هزری ڕۆشنگەری و بیرۆکەی لیبڕالیستی واتە جان لاک (John Locke 1632-170415) وێنەیەکی جیاوازتر لە مرۆڤ بەرجەستە دەکاتەوە. مرۆڤی لاک، بە پێچەوانەی مرۆڤی هابز گورگێکی خوێنخۆر نییە، بەڵكوو بوونەوەرێکە هەر چەند لە قۆناغی سەرەتایی پەیمانی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی سیاسەتدا وەکوو وەرەقەیەکی سپی (Tabula Rasa) وایە و لە هەژاری زانستی دا دەژیت، بەڵام دیسانیش بە هۆی بەهرەی عەقڵی، توانایی ئەوەی هەیە دادگەری و نادادگەری لێک بکاتەوە. هەر هەمان مرۆڤ، لە ڕەوتی دەستەبەرکردنی شارومەندی لە چوارچێوەیەکی حاکمییەتی سیاسی و حقووقیی دیارکراو، توانا زانستییەکانی خۆی بەهێز دەکات، کەسایەتیی خۆی بە پەروەردەی لیبڕال تەیار دەکات و بەم پێیەش دەبێتە خاوەن پێگەیەکی بەرزی مۆڕاڵی، کە ئێمکانی ئەوەی پێ دەدات ڕێز لە ئازادی و مافی جیاوازی ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگە بگرێت. ئەو مرۆڤە، بە خوێندنەوەی جان ستوارت میل (John Stuart Mill 1806-1873) چونکە مرۆڤێکی ئازادە “مافی هەموو شتێکی هەیە بەو مەرجەی ڕاستەوخۆ مافی کەسی دیکە پێشێل نەکات”.١٦دیسانیش هەمان مرۆڤیش، بە گوێرەی جان لاک (John Locke) بە ڕێگای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە خۆی دایمەزراندوون، دەستپێشخەری دەکات و لەگەڵ دەستەڵاتی سیاسیی وڵات، لە پێناو بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا دەکەوێتە دانوستاندن، هەتا خۆی لەوێدا وەکوو شارومەندێکی ئازاد تەعبیر لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خۆی بکات.

لە پەیوەندی لەگەڵ مافی سیاسیی کورداندا، وەکوو یەک لە بنەما سەرەکییەکانی سەروەری لە ژێر مودێلی دەستەڵاتداری سیاسیی تورکیا و ئێران دەکرێت ئەوە بڵێین کە چالاکی سیاسیی سووژەی کورد لە تورکیا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە چوارچێوەی فۆڕمێکی تایبەت لە سەروەریدا دێتە ئاراوە، کە یاسا و دامەزراوەکانی بە هیچ شێوەیەک لە سەر بنەمایەکی مۆڕاڵی لیبڕالی بێلایەن شکڵیان نەگرتووە، بەڵکوو بەرهەمی نەوعێک لە جەوهەرییەتی هۆویەتی یان ئیدیۆلۆژێکی جەهەرگەرایانەن کە بە تورکبوون ناسراوە. لە فەزا گشتییەکانی ئەم نەوعە سەروەرییە تورکییەدا سیاسەتی قانوونی و ئەوەی کە لەوێ پێی دەڵێن سیاسەتی لێگاڵ (Legal Politics) کورد ناچار دەکات کە لە چوارچێوەی هەمان نەوعییەتی ناسنامەی زاڵدا چالاکی بکات و لە ڕاستیدا هەمان فۆڕمی چالاکیی داسەپاو دووبارە بکاتەوە. هەر بۆیەش نە تەنیا مەجالی ڕزگاربوونی لە دیاردەی کۆلۆمێنالیزم (Colomentalism)ی نییە، بەڵكوو لەوەش خراپتر خۆشی زۆر جار نائاگایەنە و بگرە ئاگایانەش بایەخ و نۆڕمەکانی هەمان شوناس و ناسنامەی سەردەست بەرهەم دێنێتەوە. لە مۆدێلی سەروەریی ئێرانیدا، سیاسەتی کورد و ڕێکخراوی کوردی وەکوو هاننا ئارێنت دەڵیت، تەنانەت یاسای وڵاتەکەش نایانگرێتەوە، کە بەم هۆکارە تەنانەت ئاواتەخوازی ئەوە بن کە بکەونە بەر زەختی زەبروزەنگی یاسایی ئێرانی. بە پێچەوانە پارتی و ڕێکخراوەی سیاسیی کورد لە ئێران، لە دیسکۆرسی زاڵ و لە دەروەی هەموو چوارچێوەیەکی یاسایی ئەم وڵاتە، پێگەی شەیتان و جڕوجانەوەریان پێ دەبخشرێت، هەر بۆیەش وەکوو ئەرەستوو دەفەرموێ، هەستی پێوستیان بە بنیاتنانی دەوڵەت و گەیشتن بە شارومەندی سەروەر لە دەست دەدەن، چونکە لەوەتەی هەن بە دوور لە هەر چەشنە فۆڕمێكی دامەزراوەیی یان شارومەندیی یاسایی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو جوگرافیا سیاسییە ماونەتەوە.

 مــافی کــــۆمــەڵایەتیی شارومەندی وەکوو بنەمای سێهەمی سەروەری

کۆمەڵناسی بریتانیایی: تۆماس هامفری ماڕشاڵ (Thomas Humphrey Marshall 1893-198117) لە بەرجەستەکردنەوەی مافی کۆمەڵایەتی وەکوو بنەمایەکی سەرەکی لە پڕاكتیک و مومارسەی شارومەندبووندا ڕۆڵی سەرەکیی هەیە. بە گوێرەی ماڕشاڵ، مافی مەدەنی، لە یەکەمین مافەکان بوون کە لە پەیوەندیی لەگەڵ شارومەنداندا بە فەرمی ناسران و کۆدی یاساییان پێ درا. بە دوای مافی مەدەنی، مافی سیاسیش بە هەمان ڕێبازدا ڕۆیشت، هەتا ئەم جێگایەی کە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەڵێن دەوڵەتی یاسا نە تەنیا جارنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ (Universal Declaration of Human Rights 1948) پەسند کرا، بەڵكوو بە مەبەستی بەهێزکردنی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی شارومەندانی وڵات، کۆیاسای زیاتریان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام ماڕشاڵ پێی وایە کە تەنیا مافی مەدەنی و مافی سیاسی بەش ناکات. بەڵكوو لە پێناو بەردەوامیی سەروەریی تاک، پێویستە دەوڵەتی یاسا بەهێز بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش ماڕشاڵ بە پێویستی دەزانی کە مەودای مافی شارومەندی فراوانتر بکرێتەوە و بەوپێیەش ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیی لێ زیاد بکرێت. ماڕشاڵ بەردەوام دەبێت و دەڵێت، لە ئاکامی ئەم فراوانکردنەوەیە و زیادکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکان لە مافی شارومەندی، مەودای کۆمەڵایەتیی نێوان دەوڵەمەند و هەژار کەمتر دەبێتەوە. ئەم هەنگاوە یاساییە لە ڕوانگەی ئەو کۆمەڵناسەوە هەم دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و هەمیش لە بەرژەوەندیی دەوڵەتدایە کە لە تەنیشت شارومەندی مەدەنی و سیاسی، شارومەندی کۆمەڵایەتیش بخوڵقێنێت. هەڵبەتە بەخشینی مافی کۆمەڵایەتی بەم شێوەیە کە پێگەی دەوڵەت و یاسا و فۆڕمی سەروەرییەکەی بەهێزتر دەکات، منەتی نییە. چونکە مافی کۆمەڵایەتی کە بە خوێندنەوەیەکی جیاوازتر بریتییە لە هەمان دەوڵەتی خۆشبژیو (Welfare State) پشت بە باجی ڕاستەوخۆی خودی شارومەندانی وڵات دەبەستێت و ئەو باجەش لە فۆڕمی جیاوازدا، بۆ نموونە وەکوو مەسرەفی خوێندن، بەشی تەندروستی، ئیدارەی زیندان و دەزگاکانی زەبروزەنگ، ڕێگاوبان، ژێرخانی گشتی، بیمەی گشتی، پاداشتی جۆربەجور…بە ڕێگای کۆمەڵێک میکانیزمی تایبەت و فرەڕەهەند بەرەو شارومەندان شۆڕ دەبێتەوە. یەک لە قازانجە گرینگەکانی دیکەی بنیاتنانی مافی کۆمەڵایەتیی شارومەندی بە ڕێگای باج ئەمەیە، کە ئەم جارەیان ئەوە شارومەندانی وڵاتن کە دەوڵەت بەخێو دەکەن. لە جیاتی ئەوەش، دەوڵەت جگە لە گەڕاندنەوەی ئەم پارانە بە ڕێگای خزمەتی گشتی ناچارە لە وڵاتدا پلۆرالیزمی سیاسی و سیستەمی دیمۆکڕاسیی پێشکەتوو بۆ شارومەندان دەستەبەر بکات. ئەو مۆدێلە دەستەڵاتدارییە سیاسییەی کە مافی کۆمەڵایەتی بە شارومەندانی دەخشێت، لە ئاستی مۆڕاڵی گشتیشەوە دەستکەوتی تایبەتی دەبێت. بۆ نموونە، شارومەندی دەوڵەتی خۆشبژیو، چونکە شارومەندێکی یەکسانیخواز و ئاشتیپەروەرە و لە ڕاستیدا کاراکتەری مۆڕاڵی ئەو شارومەندەش، وەکوو ئەفلاتوون دەڵێت هەر هەمان کاراکتەری مۆڕاڵی دەوڵەتەکەیەتی، خودی ئەوەش لە ئاستی فۆنکسیۆنی نێوخۆیی نە تەنیا دەبێتە هۆکاری مەشرووعییەت و پتەوکردنی بنەماکانی سەروەریی سیاسی و حقووقی دەوڵەت، بەڵكوو لە ئاستی دەرکەیش یانی سیاسەتی نێونەتەوەیی دەبێتە سەرچاوەی ئاشتی، سەقامگیری و پەیوەندیی تەندروست و گەشەی ئابووری.

مۆدێلی ماڕشاڵی کە ساڵەکانی سەرەتایی دوای شەڕی جیهانیی دووهەم هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسییەوە، کارتێکەرییەکی گەورەی لە سەر پرۆسەی دروستکردنی دەوڵەتی خۆشبژیو و بەم پێیەش بەهێزکردنی پێگەی شارومەند وەکوو شارومەندی کۆمەڵایەتی دانا. ئەم کارتێکەرییە هەتا جێگایەک ڕۆیشت، کە فەیلەسووفی ئەمریکایی جان ڕاوڵز (John Rawls 1921-2001) بە ڕێگای نووسینی پەڕتووکی (A Theory of Justice 1971) حەولی دا پێناسەیەکی گەردوونی بەم دیاردەیە بدات. لیبڕالیزم کە بە خوێندنەوەی ڕاوڵز بۆتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی دادپەروەر لە ئاستی جیهانیدا، تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت بایەخە گەردوونییەکانی خۆی بپارێزێت کە هەڵگری پەیامی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش بێت. ١٨هەتا ئەو جێگایەی فۆڕمی سەوەریی ئێرانی، تورکی، سوورییەی و عێڕاقی دەگرێتەوە، یانی ئەم دەوڵەتانەی کە لە ڕوانگەی هاننا ئارێنتەوە دەکرێت لە پەیوەندی لەگەڵ کورددا بە دەوڵەتی بێگانەیان پێناسە بکەین، دەتوانین بگەینە ئەم ئەنجامە کە کورد چونکە ئێستاشی لەگەڵ بێت، لە قۆناغی دەستەبەرکردنی یەکەمین بنەمای سەروەری یانی مافی مەدەنی و پەیمانی كۆمەڵایەتیدا ماوەتەوە، باسکردن لە شارومەندی کۆمەڵایەتی شتێکی زەحمەت دەبێت.

 هۆویەت/شوناسی شارومەند وەکوو بنەمای چوارەمی سەروەری: بەشی کۆتایی

بە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئامانجە سەرکییەکەی ئەم باسە، یەک لە دەرهاویشتەکان ئەوەیە کە باسکردن لە مافی شارومەندی کە لە فۆڕمگەلی وەکوو مافی مەدەنی، سیاسی و كۆمەڵایەتیدا خۆی دەنوێنێت لە ژێر سەروەری ئەو دەڵەتانەی کە نەگەییشتوونەتە قۆناغی دەوڵەتی یاسا، پڕۆسەیەکی زەحمەتە. بە ڕێگای باسکردن سێ بنەماکانی سەروەری و بەستنەوەی ئەزموونی کورد لە ژێر سەروەریی ئێران، سووریا، عێڕاق و تورکیا بەم بنەمایانە، ئەم نووسراوەیە پێی وایە کە تاکی کورد لەم وڵاتانە ئێستاش لە ململانێی ئەوەدایە کە بتوانێت دۆخی سروشتی تێپەڕ بکات و بکەوێتە قۆناغی پەیمانی کۆمەڵایەتی؛ حەولێک کە بە هۆی سروشتی تایبەتیی مۆدێلی دەستەڵاتداری و نؤڕم و فۆرمە نامۆکانی سەروەریی ئەم دەوڵەتانە وەکوو ئەوە وایە کە بەردەوام لە نێو بازنەیەکی داخراودا بسووڕێتەوە.

لێرەدا ئەگەر لە ڕووی گریمانەیەک پرسیارێک بکرێت کە گەلۆ ئەو دەوڵەتانە و هەروەها سووژەکانی باهاتوو و پەروەردکراوی ژێر ئەو پێکهاتە سیاسییانە، ڕۆژێک لە ڕۆژان توانایی یان ویستی ئەوەیان دەبێت، کە بە مەبەستی گەشەکردن و هەنگاونان بەرەوە دەوڵەتی یاسا، گۆڕانکاری بەسەر خۆیاندا بێنن و لەم ڕەوتەدا سەرلەنوێ چوارچێوەکانی ناسنامەی خۆیان پێناسە بکەنەوە؛ پێناسەیەکی نوێ کە لە خۆیدا خوێندەویەکی جیاواز و لەخۆگر بۆ سەروەریی سیاسی و حقووقی لێ بکەوێتەوە و بەم پێیەش یاسا و دامەزراوەی جیاواز دەستەبەر بکرێن کە بەدوور لە هەر ناوئاخنێکی شوناسی و هۆویەتی بتوانن لە فۆڕمێکی تەواو سیڤیلدا نوێنەرایەتیی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵەگەیانە بکەن؟ لە حاڵەتێکی ئاوادا، ئەو کاتە سەروەریی سیاسی و نەتەوەیی دەبێتە دامەزراوەیەکی تەواو مەدەنی و بێ لەبەرچاوگرتنی سنووری جیاوازی کۆمەڵایەتی و هۆویەتی لە خاڵی سیفر یان وەکوو جان ڕاوڵز دەڵێت لە پشت پەردەیەکی بێخەبەرییەوە (Veil of Ignorance) بەرەوە کۆمەڵگە شۆڕ دەبێتەوە، هەتا لە ڕەوتی نۆڕمالیزەبوونی خۆیدا شارومەندانی وڵاتیش هێدی هێدی لە ناخی خۆیاندا بیچەسپێنن. لە گریمانەیەکی لەم چەشنەدا، پڕۆژەگەلی وەکوو ئۆتۆنۆمی، فیدیڕالیزم، کۆنفێدڕالیزمی دیمۆکڕاتیک، ناناوەندی/لامەرکەزی و بەشداری/موشارکەت چیدیکە وەکوو نیشانەی ئانۆمالی یان هەڕەشە لە بەرانبەر یەکگرتوویی خاک و پێکهاتەی دەوڵەت سەیر ناکرێن، بەڵكوو بە پێچەوانە لە لای نوخبەی سیاسی و ڕای گشتیدا قەبووڵ دەکرێن و لە پەیوەندی لەگەڵ دابەشکردنی سەروەریی سیاسی و نەتەوەیی وەکوو بنەمایەکی هاوبەش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆیان دەبێت. شایانی باسە کە کۆمەڵگەیەکی ئیدەئالی لەم چەشنە بە هیچ شێوازێک ناتوانێت بەرهەمی ڕاستەوخۆی گۆڕانکاریی ژیۆپۆلیتیکی ناوچەیی بە هۆی دەستوەردانی دەرەکی (لە نموونەی عێڕاق دوای شەڕی کەنداو) یان ڕیئالپۆلیتیزمی پەیوەندیدار بە باڵانسی هێزەوە بێت. بەڵكوو بە پێچەوانە، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی لەم شێوەیە، وەکوو ئەفلاتوون دەڵێت، پێویستی بە بنەمایەکی مۆڕاڵیی بەهێز هەیە کە لەوێدا کۆمەڵگەی مەدەنی و جیلی ڕۆشنبیری سەر بە نەتەوەی باڵادەست پێکەوە ڕۆڵ بگێڕن و فەزیلەت بخوڵقێنێن.

پرسیار ئەوەیە کە گەلۆ لە وڵاتێکی وەکوو تورکیا یان ئێران، توێژێکی ڕووناکبیری لەو نموونەیە هەیە، کە هەم فەزاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەدەستدا بێت و هەم هاوکات بە پێوەری ویژدانی و مۆڕاڵییەوە حەز بکات کە بە مەبەستی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی هاوبەش یان ئەوەی کە ئاندێرسۆن پێێ دەڵێت کۆمەڵگەی خەیاڵی (Imagined Community) دەست لە مەعریفە و ئۆنتۆلۆژیی خۆی هەڵبگرێت و بە جێگای شتێکی نوێ بەڵام نامۆ قەبووڵ ىکات؟ لە پەیوەندی لەگەڵ نموونەی ئێرانییەکی دیسان دەتوانین لە خۆمان بپرسین داخوا لە کوێن ئەو ڕۆشنبیرە ئێرانییانەی کە دابڕانی دڵخوازانە لە شوناسی هەنووکەیی ئێرانیبوون کە ناوئاخنەکەی دوو توخمی ئایینی (شیعە) و مێژوویی/کولتووری (فارس)ە قەبووڵ بکەن هەتا ئەو جێگایەی کە ئامادەبوونی ئەوەیان هەبێت کە بۆ نموونە ئەوەی پڕۆژەی دەوڵەت/نەتەوەی ئێرانی لە عەڕەبەکانی وڵاتی زەوت کردووە، سەرلەنوێ بۆیان بگەڕێندرێتەوە؟

لەوانەیە بە پێی هێندێک بۆچوون، دیسانیش مۆدێلی فێدڕاڵی وەکوو باشترین ئالترناتیڤ بۆ دابەشکردنی سەروەری و هەروەها دەستەبەرکردنی دیمۆکڕاسی و دەوڵەتی یاسا بەم پێیەش وەکوو مۆدێلێک بۆ چارەسەری پرسی شوناس لە وڵاتانی فرەنەتەوە ئاماژەی پێ بکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، لە فەزا گشتییەکاندا زۆر جار وڵاتگەلی وەکوو سویس و بێلژیک وەکوو نموونەی سەرکەوتووی دیمۆکڕاسی باسی لێ دەکرێت کە هەم مەجالی دابەشکردنی دەستەڵاتی سیاسی و دەستەبەرکردنی دەوڵەتی یاسا و هم ئیمکانی بنیاتنانی سیستەمێکی کانتۆنی یان فێدڕالی بۆ چارەسەری دۆخی فرەنەتەوەیی و فرەزمانی خۆیان پێشکەش دەکەن. چاوەڕوانیی دووپاتبوونەوەی ئەزموونی سویس و بێلژیک لە کۆنتێکستی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت لە وڵاتگەلی وەکوو ئێران، تورکیا، سووریا و عێڕاق، بە هۆکاری ئەوەی کە ئەم وڵاتانە هەتا ئێستاش قۆناغی پەیمانی کۆمەڵایەتییان دەستەبەر نەکردوە، چاوەڕوانییەکی نامێژووییە. لە هەمان کاتدا زۆر گرینگە کە لە ڕوانگەی تاکی نەتەوەی ژێردەستەوە بە گومان سەیری دیمۆکڕاسی بکرێت. کاتاڵانەکان و باسکەکان لە سپانیا، سەرەڕای ئەو پێگە بەهێزە ئابوورییەی کە هەیانە، هەتا ئیستاش ڕێگایان پێ نەدراوە کە لە پێناو گەیشتن بە سەروەریی سیاسی، وەکوو کێلسێن دەڵێت بە ڕێگای پەنابردن بۆ دەنگدانی گشتی تەعبیر لە ئیڕادەی خۆیان بکەین. نموونەی ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە وڵاتی کاتالان لە ساڵی 2017 و هەڵوسکەوتی سەرکوتکارانەی دەوڵەتی ناوەندی، ناتوانییەکانی دیمۆکڕاسی و دەوڵەتی یاسا لەم بوارەدا بە ڕوونی دەردەخات. مەترسییەکی دیکەی دیمۆکڕاسی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم نەتەوانەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی یاسا لە دۆخی ناسکدا (دیسانیش باسک و کاتاڵان وەکوو نموونە) دەژین، دیاردەی گەشتیاری بەکۆمەڵ و بە تایبەت کۆچی بەلێشاوی نیوخۆییە کە ئاکامەکەی دەتوانێت بەکەمینەکردن یان لە ناوچوونی تەواوەتی زمان و کولتووری ئەم نەتەوانەی لێ بکەوێتەوە.

شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، هاننا ئارێنت، فەیلەسووفی ئاڵمانی بە ڕەگەز جوو، کە خۆی قوربانیی ڕاستەخۆی هۆلۆکۆست و ژێنۆسایدی خەڵکی خۆی بووە، هەروەها وکوو شاهیدی زیندووی گۆڕانکارییەکانی دوای شەڕی جیهانیی دووهەم، ئاگاداری چارەنووسی پەنابەران، بێوڵاتان و بێدەوڵەتان بە ژمارەی سەدان هەزار دەبێت، تەنانەت باوەڕی بە دەوڵەتی یاساش نییە و ئەم بێباوەڕییەش بە دوو هۆکاری بنەڕەتییەوە دەبەستێتەوە: یەکەم هۆکار ئەوەیە کە ئارێنت پێی وایە ماف هیچ پەیوەندیی بە مرۆڤبوونەوە نییە. چونکە بە بۆچوونی ئەم فەیلەسووفە، مرۆڤ تەنیا کاتێک ماف دەستەبەر دەکات کە لە چوارچێوەیی دەوڵەتێکی یاسایی (دەوڵەتی خۆی هەڵبەتە) ببێتە شارومەند و بەم پێیەش سەروەری دەستەبەر بکات. دووهەم هۆکار ئەوەیە کە بە خوێندنەوەی ئارێنت تەنانەت دەوڵەتی یاساش و سەرجەم دامودەزگاکانی پەیوەندیداری بە هۆی ئەوەی خۆی نوێنەرایەتیی کولتوور و هۆویەتێکی تایبەتی سەر بە ئیتنێکێکی باڵادەست دەکات، ناتوانێت و ناخوازێت مافی یەکسان و موعاملەی یەکسان لە چوارچێوەی دامەزراوەی شارومەندی پێشکەشی هەموو هاووڵاتیان بکات. باشە چارە چییە و لەم پەیوەندییەدا ئارێنت دەڵێت چی؟ چارە هەر ئەوەیە کە ئەرەستوو دەیڵێت: “مرۆڤ بە هۆی ئەوەی ئاژەڵێکی سیاسییە ناتوانێ هەر وەک مرۆڤیکی ئابستراکت و بێدەوڵەت بمێنێتەوە و لە چوارچێوەیی پڕاتیکی مافی مرۆڤدا، چاوەلەدەستی دەوڵەتانی خێرخواز دەستەونەزەر دانیشێت. بەڵكوو چونکە ئامانجە کۆتایییەکەی (Telos) ئەوەیە کە بە ڕیگای بەشداری لە پرۆسەی سیاسەت و لە پێناو گەیشتن بە بەختەوەری تەنیا چارەی ئەوەیە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دادگەر و فەزیلەتمەنددا پێگەی شارومەندی بۆخۆی دەستەبەر بکات”. ئارێنت قسەی ئەرەستوو دەسەلمێنێت و دەڵێت، “ڕاستە دەبێت ببی بە شارومەند، بەڵام دەبێ شارومەندی خۆت بی و لە ژێر چەتری سەروەریی خۆتدا بەم ئامانجە بگەی”.

دەرەنجام

لە کۆتاییدا، پێویستە بگوترێت کە جیهانی ئەمڕۆ لە سەد و نەوەد و حەوت (١٩٧) دەوڵەت/نەتەوەی سەربەخۆ بە فۆڕمی سەروەریی جیاوازەوە پێک دێت. بە دەستپێشخەرەی ئەم دەوڵەتانە و هەر لە پێناو بەرژەوەندی ئەم دەوڵەت/نەتەوانە هێندێك پێکهاتەی هاوبەشی وەکوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئوڕووپا دروست کراون. بەڵام سەرەڕای بنیاتنانی ئەم پڕۆژە هاوبەشانە یان تەنانەت هەبوونی هێندێک بزووتنەوەی کۆزمۆپۆلیت، لە سیستەمی ئەمرۆکەی پەیوەندیی نێونەتەوەیی، لە دەرەوەی دەوڵەت/نەتەوە هیچ مەکانێک لە سەرانسەری ئەم جیهانە دەست ناکەوێت کە مرۆڤ مافە مەدەنی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی تێدا دەستەبەر بکات. بە واتەیەکی دیکە ئەوەی هەیە دەوڵەت/نەتەوەی و هیچی دیکە. ئەو تاکەش کە هەیە شارومەندی دەوڵەتێکە نەک مرۆڤی بێ ناونیشان.

لەم ڕوانگەیەوە، فەیلەسووف، دیپلۆمات و سیاسەتمەداری کۆنسێڕڤاتیڤی فەڕانسی ژۆزێف دۆ مێتر (Joseph de Maistre 1753-182119) لە پێناو دەستنشانکردنی جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤ و شارومەند دەڵێت: “مرۆڤی ئابستراکت، بەم شێوەیەی لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی 1789دا هاتووە، هەر بوونی نییە. “لە ژیانی خۆمدا، فەڕانسەوی، ئیتالیایی، ڕووسیم دیتووە. لە سایەی سەری مۆنتێسکیۆ دەزانین کە فارسیش هەیە، بەڵام هەتا ئەو جێگایەی پەیوەندیی بە مرۆڤەوە هەیە، لە ژیانمدا تووشی نەبووم”. هەر بەم پێیەش کورد ناتوانێت چاوەڕوان بێت کە ئێران، تورکیا، سووریا و عێڕاق لەم بازاڕە ئاڵۆزەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پێگەی مرۆڤبوونەوە لێی نیزیک بنەوە و وەکوو مرۆڤ مافی پێشکیش بکەن. کورد ئەگەر دەیەوێت ئاسیمیلە نەبێت، زیندوو بمێنێتەوە، ناسنامەی خۆی بپارێزێت و هەروەها لە چوارچێوەی شارستانییەتدا، دەنگی لە لاپەڕەکانی مێژوودا ببیسترێت، تەنیا ڕێگای ئەوەیە وەکوو ژۆزێف دۆ مێتر دەڵێت کورد بێت، وەکوو ئەرەستوو دەڵێت ببێتە شارومەند لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەروەردا و وەکوو ئارێنێت دەڵێت، بەڵی ببە بە شارومەندی خۆت و لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەروەریی خۆتدا، دەوڵەتێک کە وەکوو ئۆستین و کێلسێن دەڵێن، سەروەرییەکەی لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوییدا بە ڕەسمی ناسرابێت.

سەرچاوەکان

  1. Ejeh, Paulinus C. (2021) “Colomentalism: A Critical Analysis of the Effects of Colonization in Nigeria.” AMAMIHE Journal of Applied Philosophy 19.1.

 ئەم چەمکە کە لە لایەن ئاکادیمیسییەکانی کورد بێهروز شوجاعی و کەماڵی سولەیمانی فۆڕموڵەکراوە و گەشەی پێدراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێک لە هۆکاری مانەوەی کوردستان لە دۆخی کۆڵۆنیاڵ دەگەڕیتەوە بۆ مێشک و هزر داگیرکراوی ژمارەیەک لە کورد، بە تایبەت ئەوانەی لە ئاستی باڵای بەرپرسیاریەتیی سیاسیدان، کە نائاگایانە یان ئاگایانە، ئێستاش لە چوارچێوەی مەعریفەی دەستەڵاتی کۆڵۆنیاڵدا بیر دەکەنەوە و بەهەمهێنەرەوەی هەمان بایەخی فەرهەنگی کۆڵۆنیاڵ و پارێزەرەی هەمان پێکهاتەن. بۆ زنیاری زیاتر تەماشای مەقالەی پەڕاوێزی یەکەم بکەن.

  1. Blackstone, William. (1966) Commentaries on the Laws of England: 1765-1769. London: Dawsons.
  2. Weber, Max. (1919) “Politik als Beruf”, 28 February 1919, Munich.
  3. Austin, John. (1995) The Province of Jurisprudence Determined, ed. by Wilfrid E. Rumble (Cambridge: Cambridge University Press.
  4. Kelsen, Hans. (2018) “Sovereignty and international law.” Relocating Sovereignty. Routledge, 2018: 267-280.
  5. Bloom, Allan. (1968) “The republic of Plato.” Basic BooksInc., Ublishers.
  6. Vergnières, Solange. (1995) Éthique et politique chez Aristote : physis, êthos, nomos. FeniXX.
  7. Al-Farabi, Abu Nasr (870-950), Muslimphilosophy, https://www.muslimphilosophy.com/ip/rep/H021.htm,
  8. Spickard, James V. (2001) “Tribes and cities: Towards an Islamic sociology of religion.” Social Compass 48.1: 103-116.
  9. Anderson, Benedict. (1991) Imagined communities: Reflections on the origins and spread of nationalism (Rev. ed.). London : Verso.
  10. Kelsen, Hans. (2018) “Sovereignty and international law.” Relocating Sovereignty. Routledge, 2018: 267-280.
  11. Austin, John. (1995) The Province of Jurisprudence Determined, ed. by Wilfrid E. Rumble (Cambridge: Cambridge University Press.
  12. Arendt, Hanna. (1976) The Origins of Totalitarianism, Harocurt Brace Jovanovich, San Diego, New York, London.
  13. Hobbes, Thomas. (1985) Leviathan. London: Penguin Books
  14. Grant, Ruth. W. (1991) John Locke’s liberalism. University of Chicago Press.
  15. Hamburger, Joseph. (2001) John Stuart Mill on liberty and control. Princeton University Press.
  16. Marshall, Thomas، H. (2013) Citizenship and social class, 1950.” The Anthropology of Citizenship: A Reader. Malden: Wiley Blackwell (2013): 52-9.
  17. Nagel, Thomas. (1973) “Rawls on justice.” The Philosophical Review: 220-234.
  18. Philip, Loïc. (1998) Histoire de la pensée politique en France : de 1789 à nos jours. FeniXX.

وتارەکانی تر

Publication Info

    Publication Info

      Publication Info

        Publication Info

          Publication Info

            Publication Info

              Publication Info

                Publication Info

                  Publication Info

                    Publication Info

                      Publication Info

                        لۆگۆی ناوەند

                        ئەم وتارە هاوبەش بکە!

                        Publication Info